چاند

ئەنکیدو! تۆ چۆن بووی بە شارستانیی؟

شیکردنەوەیەکی فیکری بۆ داستانی گلگامێش و دابڕانی مرۆڤ لە سروشت لە سۆنگەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە.

مەحمەد ئەربای

لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداغی

 

داگرتنی فایلی PDF

 

 

ئەنکیدو! تۆ چۆن بووی بە شارستانیی؟

 

بۆچی هێشتا داستانی گلگامێش ئەوەندە سەردەمییە؟

مێژووی نووسراوی ئەم داستانە چوار هەزار ساڵ زیاترە، ئەگەرچی پەرەسەندنی مێژووی زارەکیی زۆر کۆنترە. بۆچی لە سەردەمی ئەتۆمدا، هێشتاش باسی ئەم داستانە دێرینە دەکەین؟ چونکە داستانی گلگامێش یەکەم دەقی جیهانیی پەرەسەندنی مرۆڤایەتییە.

ئەگەر لە مێژووی مرۆڤایەتییدا “لادانێک” هەبێت، ئەوا ڕاستییەکەی وەڵامەکەی لەم داستانەدایە. داستانی گلگامێش دەقێکی زۆر ئاڵۆزە… بە ڕاستیی کاتێک بە وردیی دەخوێندرێتەوە، دەردەکەوێت زۆر شت دەربارەی مرۆڤایەتیی دەگرێتەوە: دەسەڵات، مردن، ژن، هاوڕێیەتی، خۆشەویستیی، سرووشت، کەلتوور و هتد… بۆیە بە دوای هەرچییەکی مرۆڤایەتییدا بگەڕێین، لەم داستانەدا هەیە. بەڵام پێم وایە گرنگترین تایبەتمەندیی ئەم داستانە یان بە شێوەیەکی تر ئەم گێڕانەوە مەزنە لەوەدایە، زۆر پرسیار لای لێکۆڵەر دەورووژێنێت. بۆیە بڕێک کەڕەت پرسیارەکان لە وەڵامەکان گرنگترن.

پرسیارەکەم ئەمەیە: ئەگەر شێوەی ئەو شارستانییەتەی تێیدا دەژین زۆر دەرفەتی ژیان بۆ مرۆڤ و سرووشت فەراهەم ناکات، لە کوێدا بە دوای هۆکارە سەرەکییەکەیدا بگەڕێین؟

ئایا چارەسەری پەیوەندیی نێوان ئەنکیدۆ و ئوروک/گلگامێش، دەرفەتەکانی درووستکردنی شارستانییەتییەکی نوێمان بۆ فەراهەم دەکات؟

ئەنکیدۆ یەکەم کاراکتەری سیمبۆلییانەی جیابوونەوەی مرۆڤە لە سرووشت. چونکە ئەنکیدۆ سەرەتا بوونێکی ناوەکیی سرووشت بووە. ناوەکیی بە چ واتایەک دێت؟ ناوەکیی، واتە هەمەگیریی و یەکگرتوویی لەگەڵ سرووشت. واتە بەبێ پەنابردنە بەر هێز و پلەبەندیی، خرۆشانێکی هەمەگیرانە لەگەڵ سرووشت.

بەپێی داستانەکە، ئەنکیدۆ سەرەتا لەگەڵ سرووشت و ئاژەڵان دەژێت، ئەم خاڵە زۆر گرنگە، چونکە هەر تاکێک یان بوونێک بەپێی ئاستی توانای خۆی لە نێو ژیاندا بوونی هەبووە، بۆیە لە ڕووی چۆنێتییەوە جیاوازیی لە نێوان مرۆڤ و قالۆنچەیەکدا نەبووە، بەڵام کاتێک دانیشتووانی شاری ئوروک بەرەو ڕووی ئەنکیدۆ بوونەوە، لەو کاتەوە شتەکان بەرەو بە گۆڕانکاریی بزوان.

بەهۆی ئەم بەرەوڕووبوونە چەوتەوە، سرووشت و شارستانییەت ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. ڕاستیەکەشی، شارستانییەت چۆن خۆی لە دژی سرووشت بینییەوە. دەڵێم ڕووبەڕووبوونەوەی چەوت، چونکە ئەنکیدۆ دەبووە کۆیلەی ئارەزووی تێرنەبووی گلگامێش بۆ هێز. لایەنی گاڵتەجاڕانە ئەوە بوو ئەنکیدۆ خۆی وەک هاوڕێی کوڕی خوداوەندێک بزانێت. لە کاتێکدا دەبوو ئەنکیدۆ بزانێت هاوڕێیەتی تەنها لە نێوان یەکسانەکاندا پێک دێت.

گلگامێش نوێنەرایەتیی لایەنی زۆردارانەی شارستانییەتی دەکرد. ئەو ستەمکار بوو، پاشایەک بوو گەلەکەی نەیاندەویست.

لە هەمان ئەم خاڵەدا، ئەو پرسیارەی دەبێت بکرێت، ئەمەیە؛ شارستانییەت لە کوێوە دەستی پێ کرد؟ داخۆ لە شوێنی بیناکردنی شوورای شارەکانەوە بوو؟ یان لەگەڵ دۆزینەوەی نووسین (واتە خودی داستانەکە)؟ یان لەو ساتەدا کە مرۆڤێک پەیوەندیی لەگەڵ سرووشت لەدەست دا؟

کاتێک داستانی گلگامێش دەخوێنیتەوە و بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەگەڕێی، لە پێش گلگامێش، ئەنکیدۆ لەبەردەمت قوت دەبێتەوە. ئەو مرۆڤێکە و لە ناوەوەی سرووشتەوە هاتووە، دەڵێم مرۆڤ، چونکە کاتێك تەڵە بۆ کوشتنی ئاژەڵەکان پووچەڵ دەکاتەوە، ئەوا دەمانگەیەنێتە ئەنجامێک کە هۆشیاریی یەکسانخوازیی هەبووە.

ئەنکیدۆ کەسێکە لەگەڵ ئاژەڵان دەژی، ئاویان لەگەڵ بەش دەکرد، تەڵەی ڕاوچیانی پووچەڵ دەکردەوە. بەم ڕەنگە ئەنکیدۆ هێمای دۆخی یەکگرتوویی مرۆڤە لەگەڵ سرووشت.

بەڵام دواتر ژنێک دەردەکەوێت، بێگومان ئەم ژنە خۆڕسکانە دەرناکەوێت، لە چیرۆکەکەدا ئەرکێکی هەیە. ئەم ژنە شاگردێکی پەرستگای ئینانایە. ئەمە یەکێکە لە دۆخە ئاڵۆزەکان. ئینانا وەک چۆن هێمای ئەشق و ئارەزووی زایەندییە، هێمای کەلتووریشە. واتە ئینانا دابەشکەری کەلتوورە. ئەنکیدۆ دەکەوێتە پەیوەندیی لەگەڵی. یەکسەر پاش ئەم پەیوەندییە، ئاژەڵەکان دووری لێ دەگرن.

بە ڕای من، یەکەم و گەورەترین تراژیدیای مرۆڤایەتیی لێرەوە دەست پێ دەکات. زمانی دێرینی یەکگرتووانەی نێوان مرۆڤ و سرووشت تێک دەچێت، جا لەو کاتەوە زمانە تاکەکەسییەکان لە نێوان مرۆڤدا دەست پێ دەکەن. ئەنجامی بەدەستهاتوو: مرۆڤ ئەگەرچی لە سرووشتەوە هاتووە، بەڵام ئیتر لەو کاتەوە دەستی بە بەدیهێنانی خۆی کرد وەک بوونێکی دەرەسرووشت.

بەو مانایە، ژن سیمبۆلییانە نوێنەرایەتیی کەلتوور دەکات، بەڵام کەلتوور بەشێک نییە لە سرووشت، بەڵکوو دەرەوەیەتی. واتە کەلتوور لە دەرەوەی سرووشتە. ئەنکیدۆ بەهۆی ئەو کەلتوورەی ئەو ژنە پێی دەدات، جل لەبەر دەکات، نان دەخوات، قسە دەکات، بەم چەشنە لێرەوە چیرۆکی شارستانییەت دەست پێ دەکات. گۆڕانی ئەنکیدۆ چیرۆکی جیابوونەوەیەکە (یەکێک لە یەکەم کارەکانی لەگەڵ گلگامێش، کوشتنی هومبابای خوداوەندی پارێزەری سرووشت دەبێت). ئەگەر بە شێوەیەکی تر گوزارشتی لێ بکەم، ئەنکیدۆ دۆخی کەسێنراوی چیرۆکی مرۆڤایەتیی ‘لەڕێدەرچوو’ـە لە سرووشت.

گلگامێش بوونێکی یەکگرتووی لەگەڵ سرووشت نییە، بەرهەمی کەلتوورە نەریتییەکەیە، بۆیە ئەو دەیەوێت پەرە بە داگیرکاریی بدات، هێز بەدەست بهێنێت و لە کۆتاییدا نەمر بێت.

دەربڕینەکەم ئاڵۆز بوو، چەمکی شارستانییەت لە ڕادەی خۆی ئاڵۆزترە. چونکە هەمان شارستانییەت هەم شکسپیر، هەم هیتلەری درووست کرد.

لەم خاڵەی پێی گەیشتووین، پەیوەندییمان لەگەڵ سرووشت بیرخەرەوەیە تا بزانین چی بە سەر ئەنکیدۆ هاتووە. نەک تەنها وەک ئەو جلمان لەبەر کردووە، بەڵکوو فێر بووین وەک ئەو قسە بکەین و لە شارەکاندا بژین؛ هەروەها وەک ئەو پەیوەندییمان لەگەڵ سرووشت لەدەست دا. پلەبەندییمان لە نێوان مرۆڤدا دامەزراند، ژنمان کردە مرۆڤی پلەدوو، ڕووبارەکانمان وشک کرد، چیاکانمان کون کرد، دارستانەکانمان سووتاند…

بۆیە ئاژەڵەکان ئیتر لێمان نزیک نابنەوە و سرووشت ئیتر پەیوەندییمان لەگەڵ نابەستێت. لەوانەشە مافدار بن.

“شارستانییەتی دامەزراو لەلایەن مرۆڤی ئوروکەوە بە سەرکردایەتیی گلگامێش، دژی پێکەوەژیانی دیموکراتییانەیە.”

شارستانییەتی دامەزراو لەلایەن مرۆڤی ئوروکەوە بە سەرکردایەتیی گلگامێش، دژی پێکەوەژیانی دیموکراتییانەیە. هەمەگیر نییە، بەڵکوو لە خاڵێکی جیاکەرەوەدایە. چین، ڕەگەز، پلەبەندیی و ڕەتاندنی درووست کردووە و هەموو ئەمانە تا ئەمڕۆش بەڵای سەری سەرپاکی مرۆڤایەتیین.

جێی داخە ئەم گێڕانەوەیە هەزاران ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارەکانەوە دەگێڕدرێتەوە، وەک ئەوەی تاکە ئەگەری شێوە ژیانی مرۆڤایەتییە.

بەڵام خۆشبەختانە زانستی نوێ و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، ئەمە و بیرکردنەوەی هاوشێوەی ئەمە، گریمانە کۆن و بەسەرچاوەکانی وەک شێوەی ئەم گریمانانە، دەهەژێنن. فیزیای کوانتوم، ئیکۆلۆژیی، ژنۆلۆژیی پێمان دەڵێن؛ ئیتر هیچ شتێک بە تەنها ناتوانێت بوونی هەبێت، هیچ شتێکیش بە تەنها ناتوانێت بەردەوامیی بە ژیان بدات.

بوون پەیوەندیی و پێکەوەبوونە. ئێمە تەنیا شارەزای ژیان نین لە سەر ئەم زەوییە. هەرگیز نەبووین. سرووشت و مرۆڤ و ژیان یەکگرتوون.

ئەنکیدۆ کارەکتەرێک بوو کە ئەمەی دەزانی. ئەو هاوبەشی ژیان بوو. ژیان بۆ ئەو هاوبەشییەک بوو کە دەبوو لەگەڵ سرووشت بەردەوامیی پێ بدرێت. ئەمڕۆ ئەوەی پێی دەڵێین یەکگرتنەوە و هاوبەشیی یان یەکێتیی لە سرووشتدا، لە ئەودا بوونی هەبوو، بەڵام ئەویش وەک گلگامێش تووشی دەسەڵاتپەرەستیی بوو.

ئێمە یەکەم جار ئەم گۆڕانکارییەی ئەنکیدۆمان لەبیر کرد، دواتر نکۆڵیمان لێ کرد.

ئێستا، ئەگەرچی درەنگیش بووبێت. دەستمان بە بیرهێنانەوەی کردووە.

بۆیە بیرهێنانەوەی ئەنکیدۆ پرسێکی هەنووکەییە، ئەویش وەک ئەنکیدۆی سەرەتا بیر لەوە بکەینەوە کە ژیان مانای چی دەگەیەنێت، نەک وەک گلگامێش بۆ گەڕان بە دوای نەمریدا، جارێکی فێری ئاوێتەبوون بە سرووشت ببین، ئەمەش بێ ئەوەی شاخ لە شاخی بەرانبەر بگیرێنین.

ڕاستییەکی زۆر سادە هەیە؛ ئەگەر سرووشت نەبێت، ژیانیش نابێت.

لەوانەیە شارستانییەتی نوێ لە دووبارەنەکردنەوەی هەڵەکەی ئەنکیدۆوە دەست پێ بکات. لەوانەشە شارستانییەتی نوێ لە سۆنگەی شیکردنەوەی قووڵی پەیوەندیی نێوان گلگامێش و ئەنکیدۆوە دەست پێ بکات.

ئایا مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دەتوانێت چارەسەر بێت بۆ ئەم شارستانییەتە کۆنەی ئیتر بەڕێوە ناچێت و بەرەو کەندەڵان دەچێت، دەکرێت چارەسەر بێت، ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە، کەواتە دەبێت چۆن بێت؟

پێویستە بیر بکەینەوە، قووڵ بینەوە کە وەڵامەکانی چی دەبن، بەڵام لە هەمووشی گرنگتر، پێویستە پرسیاری نوێ بکەین. سەرەتا گوتم، ئەم چەشنە دەقە مەزنانە، فێری پرسیاری ڕاستمان دەکەن.

سەرەتا و کۆتایی لەم داستانەدا شاراوەن، پێویستە پەردەیان لەسەر هەڵماڵین.

 

تێبینیئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥٠، [ھاوینی٢٠٢٥بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”

بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە 

دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت

بابەتەکانی نووسەر
مەحمەد ئەرباینەجیبە قەرەداخی
سەرچاوە
ئۆزگورپۆلەتیک
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.