گۆشەی ئازد

ڕێبەر ئاپۆ: دیموکراسیی خۆجێیی شادەماری ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتییە

ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی بەڕێوەبەرییە خۆجێیە دیموکراتیکەکان نارد و ڕایگەیاند، دیموکراسیی خۆجێی شادەماری ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکە

ڕێبەر ئاپۆ: دیموکراسیی خۆجێیی شادەماری ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتییە

ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی بەڕێوەبەرییە خۆجێیە دیموکراتییەکان نارد و ڕایگەیاند، دیموکراسیی خۆجێیی شادەماری ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتییە و هەوڵ دەدەین لە پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتییدا پێکی بهێنین، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیی تەنیا بە دیموکراسیی خۆجێیی واتادار دەبێت.
ئەمڕۆ، لە هۆڵی کۆنفرانسی چاند لە ئامەدی باکووری کوردستان، لیژنەی ئیدارە خۆجێییە دیموکراتییەکانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە درووشمی “کۆمۆن شارەوانییە و شارەوانییش کۆمۆنە” دەستی بە کۆنفرانسێک کرد و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
وتاری دەستپێك لەلایەن تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتییەوە پێشکەش کرا، پاشان پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆنفرانسەکە خوێندرایەوە.

دەقی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە:
“بۆ نوێنەران و بەشدارانی کۆنفرانسی ئیدارە خۆجێیەکانی دەم پارتی؛
لە بەشێکی گەورەی مێژوودا، دیاردەی بەڕێوەبردن لەسەر بناغەی هەرێمیی و خۆجێیی، یان با بڵێین، لە سەر بناغەی خۆبەڕێوەبەریی دامەزرابوو. تەنانەت لە نەریتی دەوڵەتدارییشدا، بە شێوەیەکی سەرەکیی بەڕێوەبردنی خۆجێیی بنەما و بنچینە بوو، دەسەڵاتی ناوەندییش تەنیا دۆخێکی ئاوارتە بوو. یاسای کارپێکراو، هەر یاسای هەرێمیی و خۆجێیی بوو.
ئەم نەریتە، لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندگەرا و هاوچەشن-یەکپارچە-ڕەقی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە تێک درا. سەرچاوەی سەرەکیی هەموو کێشە و بنبەستەکانیش، سەپاندنی ئەم مۆدێلە بوو بە سەر جیهاندا.
دوای هەردوو جەنگی جیهانیی، تەواوی جیهان و بە تایبەتیش وڵاتانی ئەورووپا، کە خۆیان داهێنەری ئەم ئەقڵییەتە بوون، بە شێوازێکی دڵڕەقانە و توند، ژانی دەستی فاشیزمیان چێشت و هێشتاش تێیدا دەژین. لە ساڵانی ١٩٥٠ـکانەوە، یاسای خۆجێیی، نەتەوەیی و کەلتووریی، ئەگەرچی بە شێوەیەکی سنوورداریش بووبێت، سەرلەنوێ پێناسە کرایەوە و خرایە نێو دەستوور و یاسا بنەڕەتییە دیموکراتییەکانەوە. «پەیماننامەی سەربەخۆیی ئیدارە خۆجێییەکان»، کە لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە پەسەند کراوە، درێژەپێدەری ئەم پرۆسەیەیە. گەڕانەوە بۆ دیموکراسیی خۆجێیی بووەتە مایەی ڕزگاربوونی وڵاتان و هەناسەدانەوەی کۆمەڵگەکان.
له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست، كه‌ توركیا ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیی تێدا ده‌گێڕێت، ئه‌گەر چانسی ده‌ربڕینی دیموكراتیک بۆ بنیاد و یەکە خۆجێییه‌كان بڕەخسێندرێت، ئه‌وا زۆربه‌ی كێشه‌كان بە شێوازێكی ئاسانتر چاره‌ ده‌بن. به ‌تایبه‌ت لادانی ئه‌و كۆت و به‌ندانه‌ی خراونه‌ته‌ سه‌ر دیموکراسیی خۆجێیی، ده‌کرێت ئەمە لە سه‌ده‌ی دووه‌میدا توركیا له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌هێز بكات. بۆ چاره‌سه‌ری دیموكراتیی؛ سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بنیادنانەوە، هه‌م بۆ كۆمه‌ڵگاكان و هه‌میش بۆ ده‌وڵه‌تەكان مه‌رجێكی پێویسته‌. ڕه‌وتی گشتیی و پێداویستیی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش به‌نده‌ به‌ کاڵکردنەوەی ناوه‌ندگه‌رایی و گه‌شه‌پێدانی ئیدارە خۆجێییه‌كان. ملنه‌دان و بەگژداچوونەوەی ئه‌م ڕه‌وته‌؛ قه‌یرانی سیاسیی، ئابووریی و ژینگه‌یی (ئێكۆلۆژیی) ئێستا قووڵتر ده‌كاته‌وه‌. خۆی لە خۆیدا سەدەیەک به‌م شێوه‌یه بە فیڕۆ چوو ‌و هه‌موو لایه‌كیش دۆڕاو و زیانمه‌ند بوون.
پێویستە نەکەوینە ئەو هەڵەیەوە و چاوەڕێ بین سیستەمە ناوەندپارێزە دژەدیموکراتییەکان خۆیان بگۆڕێن. تێکۆشانی ڕێکخراو و بەردەوامی پێکهاتە کەلتووریی و هەرێمییە دیموکراتییەکان، بۆ خێراکردنەوەی گۆڕانکارییەکان بووەتە شتێکی یەکلاکەرەوە. دیموکراسیی ناوچەیی و یاسا سەرەکییە دیموکراتییەکانیش لە ئەنجامی تێکۆشانی لەم شێوەیەدا، برەویان پێ دراوە.
فۆرمولەی ‘دیموکراسیی ناوچەیی و دەستووری دیموکراتیی’، هاوکات فۆرمولەی چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتیی پرسی کوردە. شادەماری ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیییش، کە ئێمە هەوڵ دەدەین لە پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتییدا برەوی پێ بدەین، بریتییە لە دیموکراسیی خۆجێیی. ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیی تەنیا بە دیموکراسیی خۆجێیی مانای خۆی دەدۆزێتەوە. سەرچاوەی سیاسەتی قەیوومەکانیش، کە لە ساڵانی ڕابردوودا دەسەپێندرا، لەناوچوونی دیموکراسیی ناوچەییە. لە وڵاتێکدا کە دەتوانرێت بە ئاسانیی نکۆڵیی لە دیموکراسیی بکرێت، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت و هەر خۆی دیاریشە چارەسەر نەکراون.

پرسی کورد لە ئاستی ئیدارەی خۆجێییدا گەیشتووەتە قۆناغی چارەسەر. نەک تەنیا لە چوارچێوەی پرسی کورددا، بەڵکوو بۆ تەواوی تورکیا ڕێی ڕزگاربوون لە کێشە هەنووکەییەکانی ئیدارە خۆجێییەکان، بریتییە لە دیموکراسیی خۆجێیی بەهێز. ئەو دیموکراسییە خۆجێییەی لەژێر سەقامگیریی یاسادایە، تاکە فۆرمولە و ڕاستەقینەترین فۆرمولەی چارەسەرە. بۆ سووریا، ئێراق و ئێرانیش ئەوەی پێویستە، بریتییە لە سەپاندنی تەواو و بێ کەموکوڕیی دیموکراسیی ناوچەیی. دژەژەهری هەموو نەرێنییەکان، سیاسەتی دیموکراتیی و دیموکراسیی ناوچەییە. گەیشتن بە کۆمەڵگەی دیموکراتیی، تەنیا بەم شێوەیە ڕێی تێدەچێت.
بۆ برەودان بە دیموکراسیی خۆجێیی ڕۆڵی ئیدارە خۆجێییەکان گرنگ و پێشەنگە. یەکەم هەنگاوی دیموکراسیی و کۆمۆنە دیموکراتییەکانیش بریتییە لە هەرێم. پەرەپێدانی شارەوانیی کۆمۆناڵ و دیموکراتیی گەل، ڕێنیشاندەری ئەم ڕێگەیەیە. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە لەسەر بنەمای گەل مۆدێلی ئەڵتەرناتیڤ [شوێنگرەوە]ـی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و ئیکۆلۆژیی پەرەی بدرێتێ نەک بە پێودانگی ناوەندیی و دەسەڵات و تاکدەسەڵات. گەورەترین سەرمایەی ئیدارە خۆجێییەکان بریتییە لە گەل؛ ئەگەر ڕەنجی گەل ببێتە یەک، هیچ کێشەیەک نامێنێت مرۆڤ پێی چارەسەر نەکرێت.
پێویستە مامەڵەی شارەوانیی دیموکراتیی پەرەی پێ بدرێت. بزاوتی شارەوانیی دیموکراتیی، وەکو تۆڕێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتیی، لە کۆمۆنی گوند و گەڕەکەکانەوە بیگرە تا دەگاتە هەرەوەزییەکان، لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بیگرە تا دەگاتە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە تێکۆشانی ئازادیی ژنەوە تا دەگاتە داکۆکیکارانی مافی منداڵ و ئاژەڵان، لە گەنجانەوە تا ئیکۆلۆژیستەکان، پێویستە لە هەموو شوێنێک ڕیکخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیی دابمەزرێنێت. پێویستە سەرنج بخرێتە سەر کارەکانی منداڵ، گەنج، خوێندن، زمان، کەلتوور، هونەر، تەندرووستیی، ئابووریی و ئیکۆلۆژیی و لە سەرووی هەمووانەوە ژنان. پێویستە گۆڕەپانەکانی بەرهەمهێنان زیاد بکرێن و ببێتە چارەسەر بۆ ئەو بێکارییەی ڕۆژ بە ڕۆژ فراوان دەبێت. پێویستە بە پێشەنگایەتیی ژنان گۆڕەپانی نوێی ژیان بڕەخسێنرێن.
دەبێت بەشداریی گەل لە بەڕێوەبردن و بەشدارییان لە تەواوی بڕیارەکاندا وەک بنەمای سەرەکیی وەربگیرێت. با کۆنسەی شار و ئەنجوومەنی شارەکان دابمەزرێن؛ هاووڵاتییان دەتوانن لەوێ کۆ ببنەوە، گفتوگۆ لە سەر هەموو جۆرە پرسێکی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی خۆیان بکەن و بڕیاری لێ بدەن. ئەگەر شارەوانیی دیموکراتیی گەل پەرەی پێ بدرێت، گەل خۆی خاوەندارێتیی لە شارەوانییەکەی دەکات؛ بەم شێوەیە، نزیکایەتییە دژەدیموکراتییەکانی وەک سەپاندنی قەیووم ناتوانن بە ئاسانیی سەر هەڵبدەن.
شارەوانی، دەوڵەتگەرایی بچووک نییە، بەڵام ئەو سیستەمەی ئێستا دەسەپێنرێت، دەوڵەتێکی مایکرۆیە. پێویستە مرۆڤ هەم لە ڕووی فەلسەفیی و هەم لە ڕووی کردەییشەوە لەم بیرکردنەوەیە ڕزگاری بێت. شارەوانییەکان دەوڵەتی میکرۆ (بچووک) نین، بەڵکوو کۆمۆنن. لە ئەورووپا بنەمای شارەوانیی کۆمۆنە. لای کوردیش واتای “کۆمبوون” دەدات؛ ڕەگی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و لەم خاکەوە تا ئەورووپا درێژ بووەتەوە.
دەوڵەت بە شێوەیەکی میکرۆ بیر دەکاتەوە و نزیک دەبێتەوە، بەڵام کۆمۆن چارەسەری میکرۆ دەدۆزێتەوە؛ لە نێوان ئەم دووانەشدا دیالۆگ، دانوستان و پێشبڕکێ درووست دەبێت، بەڵام پێکدادان درووست نابێت. بەم شێوەیە کۆمەڵگەی مەدەنیی دەبێتە خاوەنی کارامەیی و دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەی ڕاستەقینەی کەلتووریی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی. دەبێت لە شارەوانییەکاندا، کە زەمینە و دەرفەتی هەموو ئەمانەی تێدایە، ڕۆحی کۆمۆن پەرەی پێ بدرێت و تەواوی کارەکان بەم ڕۆحەوە بەڕێوە بچن. تەنیا گفتوگۆ بەس نییە، ئێستا کاتی بنیادنان و جێبەجێکردنە.
ئێمە لە مانیفێستۆی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتییدا لەبری چین، کۆمۆنمان دانا. گفتوگۆی بەهێزیشی لە سەر کرا. ئێمە نکۆڵیی چین و دەوڵەت ناکەین. بەڵام دەوڵەت وەک گرێیەک گەورە دەبێت. سەنتێزمان بۆ دەوڵەت و کۆمۆن، وەک وەڵامێک پەرە دەسەنێت بۆ ئەو شەڕە سارد و بێواتایانەی دەبنە هۆی ئاڵۆزیی گەورە و ئایدیاڵکردنی ڕادەبەدەری چینایەتیی. ئەم بابەتە ڕۆژبەڕۆژ نەرمتر دەکەینەوە. دژەژەهری ئەمەش، گۆڕینی پەیوەندیی نێوان کۆمۆن و دەوڵەتە بەرەو تێکۆشان و پێشبڕکێیەکی دیموکراتیی.
ئەو شتەی لەم دواییانەدا لە سووریا دەخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی بکرێت، لەم ڕووەوە گرنگە؛ لە ئێراقیشدا دەبێت ئەمە جێبەجێ بکرێت. هەڵبژاردنی پارێزگارێکی تورکمان لە کەرکووک نموونەیەکە؛ تورکمانەکان لەوێ دەوڵەتێکی میکرۆ نین، بەڵکوو دەتوانن ببنە کۆمۆنێک و ناوەڕۆکی خۆیان دیاریی بکەن.

دەبێت شارەوانییەکان بە هۆشیاریی و گرنگیپێدانی دیموکراسیی هەرێمیی بەڕێوە ببرێن؛ نابێت شارەوانییەکان بە ئەقڵییەتی بیرۆکراسیی بەڕێوە ببرێن. لە پاکو‌خاوێنییەوە تا بەرهەمهێنانی هەرزان، لە پەروەردەوە تا تەندرووستیی، لە هاتوچۆوە تا ئیکۆلۆژیی، دەکرێت بە نزیکایەتیی کۆمۆن چارەسەر بۆ گشت پێداویستییەکانی شارەکان بدۆزرێتەوە. هەر ئەوندە بەسە مرۆڤ بە نزیکایەتیی “شارەوانییەکان کۆمۆنن” مامەڵە بکات و ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدات.
لە پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتییدا، سەرکەوتن لە ئیدارە خۆجێییەکان و شارەوانییەکاندا دەبێتە هۆی پێشهاتی نوێ؛ هێزێکی زیاتر دەداتە دۆخ و زەمینەی گفتوگۆی دیموکراتیی.
بەو شێلگیرییەی ئەم پرۆسەیە پێش دەخات، هیوای سەرکەوتن بۆ هەر کەسێک دەخوازم تا لە کارەکانی جێبەجێکردنی شارەوانیی دیموکراتیی گەلدا بەشدار دەبێت. هیوادارم کۆنفرانسی ئیدارە خۆجێییەکانیش بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت، سڵاو و خۆشەویستیی بێکۆتام پێشکەش دەکەم.”

٢٤ـی ئایاری ٢٠٢٦
عەبدوڵڵا ئۆجالان
دوڕگەی ئیمڕاڵیی

سەرچاوە
rojnews
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.