دەروازەیەك بۆ دیالەكتیك
دیالێکتیک وەک میتۆدێکی زیندووی بیرکردنەوە بۆ تێپەڕاندنی وەهمەکانی پۆزەتیڤیزم و گەیشتن بە کرۆکی ئۆبێکتەکان.

تیۆدۆر ئەدۆرنۆ[1]
و: ڕوشدی جەعفەر
دەروازەیەك بۆ دیالەكتیك
ئەم باسەمان دەربارەی چەمكی دیالەكتیك دوور و نزیك پەیوەندیی بەو تێگەیشتنە بەربڵاوەوە نییە گوایە دیالەكتیك جۆرە بیركردنەوەیەكی دابڕاوە لە شتەكان و قەتیسبوونە لەناو كۆمەڵێك كەرەستەی چەمكییانەی[2] تایبەتدا. ڕاستییەكەی لە یەكەمین چركەساتی ڕسكانی چەمكی دیالەكتیك لە فەلسەفەدا، لای ئەفلاتوون، كتومت پێچەوانەی ئەمەی دەگەیاند: دیالەكتیك بە شێوازێكی ڕێكخراوی بیركردنەوە دادەنرا كە لە فرتوفێڵ و قۆستنەوەی سۆفستاییانە دەمانپارێزێت. بە بڕوای ئەفلاتوون، تەنیا ئەودەم دەتوانین بە ئەقڵانیی دەربارەی شتەكان بدوێین، كە كەمتازۆر لە بابەتەكە تێبگەین (هەردوو دیالۆگی گۆرگیاس و فایدرۆس). كەواتە لە سەرەتای پەیدابوونییەوە، دیالەكتیك تەقەلایەكە بۆ زاڵبوون بە سەر هەر كەرەستەیەكی چەمكییانەی ئەرگۆمێنتسازیی ساختەدا، لەجیاتیدا دەربڕینی بیركردنەوەی چەمكییانەیە بە دارەت[3]ێكی بەهەق ورد-داڕێژراو. ئەفلاتوون بە هەمان تفاقی خۆیان ڕووبەڕووی نەیارە سۆفستاییەكانی دەبێتەوە.
بە هەمان شێوە، چەمكی دیالەكتیك وەك ئەوەی لە هزری كلاسیكییەوە پێمان گەیشتووە، زۆر جیاوازە لە مانای ئەم چەمكە لای من. چونكە چەمكە دێرینەكەی دیالەكتیك وەك میتۆدێكی فەلسەفیی دەیخاتە ڕوو. كەمتازۆر هەمیشەش ئاواهی ماوەتەوە. دیالەكتیك هەردووكێتی: میتۆدێكی بیركردنەوەیە، بەڵام زیاترە لەوەش. با بڵێین دیالەكتیك بنیادێكی تایبەتە كە بە شتەكان خۆیانەوە گرێ دراوە. هەروابێتەوە لە سۆنگەی كۆمەڵێك هۆكاری بنەڕەتیی فەلسەفییەوە دەبێت دیالەكتیك ببێتە پێوەری تێڕامانی فەلسەفییش.
دیالەكتیك لای ئەفلاتوون مانای ئەوەی دەگەیاند كە بیركردنەوەی فەلسەفیی هەروا بە سادەیی لەوێدا گیر ناخوات كە تیایدا وەستاوە، بەڵكوو بەردەوام دەبێت لە ژیان كاتێك دنەی ئاگاییمان دەدات بەبێ ئەوەی خۆیشمان پێی بزانین. [بە دەربڕینێكی دیكە، دیالەكتیك ماهیەتێكی چالاك و بزۆكی هەیە و كاریگەریی بە سەر بیركردنەوە و چی وتن و چۆن وتنیشەوە هەیە].
دیالەكتیكی ئەفلاتوونی ڕێ و ڕیباز (دۆكترین)ـێکە بواری ڕێكخستنی چەمكەكانمان بە درووستیی پێ دەدات، واتە هیی بەرزبوونەوە لە ئاستی بەرهەست (كۆنكرێتی)ـەوە بۆ باڵاترین و گشتەكیترین (یونیڤێرسال) ئاست. لە بناوانەوە، “ئایدیاكان” چەمكە گشتییە هەر باڵاكانن كە بیركردنەوە پێیان بگات. لە لایەكی دیكەشەوە، دیالەكتیك توانستی ڕیزبەندیی و پۆڵێنی ئەم چەمكانەیە بە درووستیی. پرسی پۆڵێنی ڕاستی چەمكەكان ئەو كێشەیە لای ئەفلاتوون زەق دەكاتەوە كە چۆن چەمكەكان بە شێوازێكی وەها دابڕێژین لەگەڵ شتەكان جووت بێنەوە – ئەو شتانەی كە ئەم چەمكانە لەخۆیان دەگرن.
لە سەرێكەوە، پێویستمان بە داڕشتنی لۆژیكییانەی چەمكەكانە، بەڵام ئەمە بە بەزۆرەملێ بەپێی ئەم یان ئەو نەخشە بەدی نایەت، بەڵكوو پێویستە چەمكەكان بە شێوەیەك دابڕژرێن كە لەگەڵ شتی بەرباسدا جووت بێنەوە. دەكرێت ئەمە بەراورد بكەین بە سیستەمە ڕووەكناسییەكەی كارڵ لینایۆس و سیستەمە سرووشتییەكەش كە بەگوێرەی بنیادی ڕووەكەكان داڕێژراوە. كەوابێ چەمكە نەریتییەكەی دیالەكتیك لە بنجوبناوانەوە میتۆدێكی ڕێكخستنی چەمكەكان بوو.
“ئەمەیە ئەزموونی بنەڕەتیی دیالێکتیک: شێوازی بەرەوپێشبردنی چەمکەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو شتەی گوزارشتی لێ دەخەن.”
لە سەرێكی دیكەشەوە، ئەفلاتوون خۆیشی ئاگادار بوو ئێمە هەروا بە سادەیی نازانین ئاخۆ ئەو ڕیزبەندییە چەمكییەی ئێمە بۆ شتەكانی دادەنێین هەمان ئەو ڕیزبەندییە وا ئۆبێكتەكان خۆبەخۆ هەیانە یان نا. ئەفلاتوون و ئەرستۆش جەختیان لە گرنگیی لەچێوەدانی چەمكەكانمان بەگوێرەی سرووشت دەكردەوە، بۆ ئەوەی ئەم چەمكانە بە درووستیی گوزارشت لەوە بكەن وا فامی دەكەن. بەڵام ئایا ئێمە دەتوانین شتێكی ئەوتۆ لەبارەی بوونی نا-چەمكییەوە (non-conceptual being) بزانین كە لەودیوی چەمكەكانن؟ ئێمە ئاگامان لەوەیە چەمكە دیاریكراوەكانمان تووشی ئاستەنگ دێن، بۆیە لە سۆنگەی ئەم گرفتانەوە، ناچارین پەرە بە زنجیرەیەك چەمكی گونجاوتر بدەین. ئەمەیە ئەزموونی بنەڕەتیی دیالەكتیك: شێوازی بەرەوپێشبردنی چەمكەكان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو شتەی گوزارشتی لێ دەكەن. دەبێت هەوڵ بدەین و بەراورد بكەین ئاخۆ پێدراو [یان دەربڕاو] هاوتایە لەگەڵ چەمكە پەیوەستەكەی یان نا.
دیالەكتیك بەكردەیی میتۆدێكە ئاماژە بە پرۆسەی بیركردنەوە دەكات، بەڵام جیاوازیشە لە میتۆدەكانی دیكە، بەو پێیەی دیالەكتیك بەردەوام تێدەكۆشێت تا چەق نەبەستێت، بەردەوام بە حسێبكردن بۆ شتەكان خۆی ڕاست دەكاتەوە. ئاواهی دەتوانین دیالەكتیك بەو جۆرە بیركردنەوەیە دابنێین وا تەنها بە ڕێكخستنی چەمكەكان داناسەكنێت، بەڵكوو ڕێكخستنە چەمكییەكە ڕاست دەكاتەوە، ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ بوونی ئۆبێكتەكان[4]. شادەماری بیركردنەوەی دیالەكتیكیش هەر لێرەیە، واتە لە چركەساتی دژیەكیدا. دیالەكتیك پێچەوانەی ئەوەیە كە بە گشتیی دەدرێتە پاڵی: لەباتی ئەوەی تەنها تەكنیكێكی چەمكییانەی هەمەلایەن بێت، هەوڵێكە بۆ زاڵبوون بە سەر قۆستنەوەی چەمكییانەی ڕووتوقووت، بۆ پاراستنی گرژیی نێوان بیركردنەوە و ئەو شتەی فام دەكرێت لە هەموو ئاستێكدا. دیالەكتیك میتۆدێكی بیركردنەوەیە و زیاترە لە میتۆدێك، هەوڵێكە بۆ زاڵبوون بە سەر خەسڵەتی سەپێنەر[5]ـی میتۆد و چەمكاندنی ئەو شتەی خۆی چەمك نییە.
سەبارەت بە پرسی “زیادەڕۆیی (موبالەغە)ـش”[6]: وتراوە گوایە پێویستە هەقیقەت هەمیشە ئاستە سادە یان بەرایییەكە بنوێنێتەوە، لە كاتێكدا ئەوەی نابەردەست و دوورترە تەنها وەك زیادەیەكی سەپێنراو هەیە. بەپێی ئەم تێڕوانینە، جیهان هەمان ئەو ڕووكارەیە وا دەینوێنێتەوە. ئەركی فەلسەفەیە لە بنەڕەتەوە دژی ئەم ئایدیایە بوەستێتەوە. ئەو جۆرە بیركردنەوەیەی خۆی دەبوێرێت لە هەوڵی زاڵبوون بە سەر ئایدیا چەسپاوەكان، هیچ نییە جگە لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو شتەی سەرپێیانە دەیڵێین و بیری لێ دەكەینەوە. فەلسەفە دەبێت یارمەتیمان بدات نەبینە كەسانی گەمژە. جارێكیان هیگڵ، لە گفتوگۆیەك لەگەڵ گۆتەدا، دیالەكتیكی وەك “ڕۆحی ڕێكخراوی ناكۆكیی – ‘the organized spirit of contradiction” پێناس كردووە. هەر بیرکردنەوەیەک، كە ڕووكار یان وەهمی پێویست[7] كە ئایدیۆلۆژیایە، پێشێل دەكات، زیادەڕۆییەكە. مەیلی دیالەكتیك بۆ بزوان بەرەو ئەوپەڕگیریی[8] ڕێكوڕاست ئەمڕۆ بە كەڵكمان دێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو فشارە لەڕادەبەدەرە ببینەوە وا لە دەرەوەڕا دەخرێتە سەرمان.
خەسڵەتی بیركردنەوەی دیالەكتیكیی تەنها ئەقڵمەندیی[9] نییە، چونكە كتومت هەوڵی بیركردنەوەیە بۆ ناسینی سنوورەكانی بە گەڕانەوە بۆ پرسی بەرباس. ئایا بیركردنەوە بە چ شێوازێك، لە چوارچێوەی خەسڵەتپێدانە-هزرییەكەیدا، سەركەوتوو دەبێت لەوەی هەق بە پرسی بەرباس بدات؟ هیگڵ لە فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا دەڵێت؛ بێنێوانگیریی (یان ڕاستەوخۆیی)[10] لە هەموو ئاستێكی ئەو ڕەوتەی بیركردنەوە دەیگرێتە بەر، دەگەڕێتەوە. جار لە دوای جار بیركردنەوە ڕووبەڕووی ئەم یان ئەو دژیەكیی دەبێتەوە كە دەتوانین بە سرووشت[11] ناوزەدی بكەین. تەنها بە دەرگیربوونێكی بەردەوام لەگەڵ كێشەی پۆزەتیڤیزمدا دەتوانین دەروازەیەك بۆ دیالەكتیك دەست بخەین. دەروازەیەكی ئاواهی ناڕسكێت ئەگەر پێوەرەكانی پۆزەتیڤیزم نادیدە بگرین. بەپێچەوانەوە، دەبێت لە بەرانبەر خۆیاندا هەڵیان بسەنگێنین و بەم جۆرەش بچینە ئەودیوی چەمكی خۆیانەوە. پۆزەتیڤیزم “جیهانبینیی” نییە، بەڵكوو توخمێكی دیالەكتیكە!
هەوڵم دا كێشە یان ئاستەنگێکتان پێ بناسێنم كە ئەگەر بمانەوێت سەرمان لە چەمكی دیالەكتیك دەربچێت، گرنگە لە سەرەتای سەرەتاوە لێی تێبگەین. ئاستەنگەكەش ئەمەیە: لە لایەكەوە، دیالەكتیك میتۆدێكی بیركردنەوەیە، لە لایەكی دیكەشەوە، هەوڵێكە بۆ ئەوەی هەق بە خەسڵەت[12]، چۆنێتیی یان تایبەتمەندییەكی بابەتیی بەرباس بدەین. هیگڵ لە پێشەكیی فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا پەنجە دەخاتە سەری، كاتێك بە ڕوونیی دەربارەی “جووڵە یان ڕەوتی چەمك”[13] دەدوێت، لەوێدا “چەمك- كۆنسێپت” ئەم مانا دووسەرەی هەیە: لە لایەكەوە، ئەو چەمكەیە وا بە سەر شتەكاندا جێبەجێی دەكەین، یان با بڵێین ئەو میتۆدە پیادەكراوەی لەڕێیەوە لە “چركەسات”ـە چەمكێنراوەكان تێدەگەین، وێڕای ئەوە، لە لایەكی دیكەوە ژیانی ئەم بابەتەشە. چونكە لای هیگڵ، وەك دواتر دەیبینن، چەمكی شتێك[14] تەنها ئەوە نییە كە لە شتەكانەوە هەڵدەكێشرێت، بەڵكوو كرۆكی شتەكەش پێك دەهێنێت. سەرەتا ئاستەنگی نزیكبوونەوە لە چەمكی دیالەكتیك، بە تایبەت لای كەسانەی نائاشنان بەم بوارە، هەروەتر ئاستەنگیی دیاریكردنی مانای ڕێتێچووی هەر ئایدیا یان تێگەیشتنێك، كەوتووەتە هەناوی ئەو خاڵەی پێشتریش ئاماژەم پێ دا: ئەو ڕاستییەی وەها دیارە وەك بڵێی لە سەرێكەوە دەربارەی ڕێكارێكی بیركردنەوە دەدوێین كە دەتوانین فێری بین، لە كاتێكدا لە سەرێكی دیكەوە دەربارەی ئەوە دەدوێین وا لە شتەكە خۆیەوە دەكەوێتەوە.
بەم جۆرە گوێبستی قسەوباس دەبن لەمەڕ میتۆدی دیالەكتیكیی وەك ڕێكارێك بۆ ڕوونكردنەوەی بابەتێك بەگوێرەی جووڵەی پێویستی ناكۆكییەكانی خۆی. بەڵام دواتر گوێتان لە باسی “دیالەكتیكێكی ڕاستەقینە”ـش دەبێت، ئەگەر دەربڕینێك بەكار بێنین كە كەمتازۆر بووەتە قسەی سەر زاران، بە تایبەت لە هێرمان واین بەولاوە. مەبەستمان لەمەش ئەو دیالەكتیكەیە وا لە هەناوی شتەكە خۆیەوە دەردەكەوێت، كە وادادەنرێت بە ناكۆكییەكانەوە دەجووڵێت بەگوێرەی چەمكەكەی. ڕەنگە یەكسەر بە بیستنی ئەم ڕوونكردنەوەیە، وەك بەرەنجامێكی لۆژیكیی نەبوێردراو، پێتان وابێت پێویستە گریمانەی چەشنە یەكبوون و هاوتاییەك لەنێوان بیر و بوون بكەین، ئەمەش ئەگەر بمانەوێت لە چەمكی دیالەكتیك تێبگەین بەو جووتماناییەی هەوڵم دا بیخەمە ڕوو…
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥٠، [ھاوینی–٢٠٢٥] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە
دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت
سەرچاوە:
An introduction to dialectics, Theodor W. Adorno, Polity Press, 2017.
[1] ئەدۆرنۆ لە ساڵی ١٩٥٨ زنجیرە وانەوتارێكی لە زانكۆی گۆتە بە ناونیشانی “دەروازەیەك بۆ دیالەكتیك” لە فرانكفۆرت پێشكەش كرد، كراوەتە كتێبیش. لێرەدا وانەوتاری یەكەم و سەرەتای وانەوتاری دووەم بەردەستن.
[2] conceptual devices
[3] شێوە
[4] the being of the objects
[5] arbitrary
[6] exaggeration
[7] necessary illusion
[8] extremes
[9] intellectualist
[10] immediacy
[11] nature
[12] determination
[13] the movement of the concept
[14] the concept of a thing



