پرسی کورد لە نەتەوەیی-ناسیۆنالیستییەوە بۆ شارستانیی-دیموکراتیی
گەورەترین لایەنی پۆزەتیڤی پارادایمی (ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی) ئەوەیە کە ئاسۆیەکی نوێ و فراوانتر لە (ڕزگاری نەتەوەیی) دەکاتەوە.

جەبار ئەحمەد
پرسی کورد لە نەتەوەیی-ناسیۆنالیستییەوە بۆ شارستانیی-دیموکراتیی
پرسی کورد لە تورکیا بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەکە یەکێکە لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین پرسە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ تێگەیشتن لەو پرسە پێویستە بە شێوەیەکی هزریى و لەمیانەى تێزی (ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی)ـەوە هەڵوەستە بکەین، هاوکات سەرنجێکى ڕەخنەیی بخەینە سەر چەمکی ناسیۆنالیزم وەک بیروباوەڕ و کردەیەکی سیاسیی. پرسی کورد لە تورکیا بێجگە لەوەى دۆزێکى سیاسی و یاساییە، بەڵام هاوکات و لە بنەڕەتدا پرسیارێکی قووڵی فەلسەفییشە سەبارەت بە سرووشتی دەوڵەت، نەتەوە، سەروەریی و دادپەروەریی. ئەم پرسە لە سەروبەندی ڕووخانی ئیمپراتۆرێتیی عوسمانیی و سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیدا هاتە ئارا. دەوڵەتى نوێی تورکیا لەسەر بنەمای (یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ناسنامە) دامەزرا، بوونی هەر پێکهاتەیەکی جیاواز لەدەوڵەتدا ڕەت کرایەوە، و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی وڵات سەیر کرا. واتا یەکەم بنەماى مەترسیی بۆ سەر کورد و کەمینەکان لە تورکیا، بوونى ناسیۆنالیزمى فاشیانەى تورکیی بوو کە لە دەوڵەت نەتەوەى تورکیادا ڕەنگڕێژ بووە، ئەمەش سەرنجمان بۆ ڕەخنەکردنى ناسیۆنالیزم ڕادەکیشێت، بە تایبەت کاتێک ناسیۆنالیزم لە بیروباوەڕەوە وەردەچەرخێت بۆ کردە، واتا سەرەتا ڕەخنەکردنى تیۆریی و پاشان پراوەی چەمکەکە. لەلایەنى تیۆریی و لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە، ناسیۆنالیزم بە گشتیی بەر لەوەی بیروباوەڕێکی سیاسیی بێت، جۆرێکە لە ئایینی مەدەنیی. بیرمەندانی وەک (بێنێدیکت ئەندرسۆن) باسیان لە (کۆمەڵگە خەیاڵییەکان) کردووە، کە تێیدا ناسیۆنالیزم نەتەوە وەک چیرۆکێکی هاوبەشی خەیاڵیی دادەهێنێت، کە بۆ یەکخستنی گرووپگەلێکی هەمەچەشن لە ژێر یەک ئاڵا یان ڕەمزەتێکدا بەکار دێت. لەم چوارچێوەیەدا، هەر جیاوازییەک وەک هەڕەشە دەبینرێت. هەروەها (ئێرنێست گێلنەر)ـیش ئاماژەی بەوە داوە کە ناسیۆنالیزم بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنە (مۆدێرنێتەى سەرمایەداریى)ـیە و پێویستی بە ڕێکخستنەوەیەکی تۆکمە و یەکدەستی کەلتوورییە بۆ پشتگیریی ئابووریی پیشەسازیی، ئەمەش بە ناچاریی دەبێتە هۆی سڕینەوە و پەراوێزخستنی کەمینەکان. لەلایەنى پراکتیکییەوە و لە چوارچێوەی تورکیادا، ئەم بیروباوەڕە لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیای کەمالیزمەوە خۆی دەرخستووە. دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی سیستماتیک بوونی نەتەوەی کوردی ڕەت کردەوە و سیاسەتی توندی ئاسیمیلەکردنی بەرانبەر کورد جێبەجێ کرد، بە تایبەت لەمیانەى قەدەغەکردنی زمانی کوردییەوە. ئەم ناسیۆنالیزمە تورکییە بووە هۆی سەرەکیی درووستبوون و قووڵبوونەوەی پرسی کورد. بەم شێوەیە، چارەسەری پرسەکە ناتوانێت لەسەر بنەمای ئەو ئایدۆلۆژیایە بێت وا خۆی هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکەیە. هەوڵی چارەسەر لەو چوارچێوەیەدا تەنیا دەبێتە دووبارە درووستکردنەوەی هەمان کێشە بە شێوەیەکی نوێ. لێرەوە پڕۆژەی (ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی) وەک بەدیلێکی ڕادیکاڵ بۆ دۆزەکە دەبێتە پێویستییەکى گردەبڕ.
لە بەرانبەر ئەم مۆدێلە شکستخواردووەى ناسیۆنالیزمى دەوڵەت نەتەوەدا، ئۆجالان تێزى (ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی) وەک بەدیلێکی ستراتیژیی و فیکریی و فەلسەفیی پێشنیار کرد. بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی تەنیا داواکارى نییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵکوو پڕۆژەیەکی فراوانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە و ئامانجی گۆڕینی چەمکی دەوڵەت و نەتەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە لە بنەڕەت و بناغەوە. ئۆجالان دەڵێت: (ئاشتیی گرنگە، بەبێ ئاشتیی وڵات و گەل ناتوانن ئازاد بن، بەبێ ئاشتیی، دیموکراسیی، ئازادیی و سۆسیالیزم پێک نایەن). ئەم پڕۆژەیە خۆی لە مانیفێستۆیەکی فراواندا دەبینێتەوە و تێیدا باسی لە قۆناغێکی نوێ و شێوازی نوێی چارەسەری بۆ پرسی کورد و کێشەکانی ناوچەکە کردووە. لەمیانەى پارادایمى کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتییەوە. واتا بناغە فەلسەفییەکەی پڕۆژەی (ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی) تێزى (کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی)ـە. ئەم تێزە لە نووسینەکانی ئۆجالاندا گەشەی پێ دراوە، چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی ڕەت دەکاتەوە و لەبری ئەوە پێشنیازی سیستەمێکی نادەوڵەتیی دەکات. ئامانجی سەرەکئی ئەم مۆدێلە، بنیادنانی (نەتەوەیەکی دیموکراتیی)ـە وەک جێگرەوەى دەوڵەتی نەتەوەیی و لەجیاتی ڕکابەریی و ململانێ بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت، جەخت لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاسۆیی و خۆجێییکردنی دیموکراسیی دەکاتەوە. لە پراکتیکدا میکانیزمەکانی جێبەجێکردنى مۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی بریتییە لە خۆسەرىی دیموکراتییانە و دەسەڵات لە خوارەوە دەست پێ دەکات، لە ئاستی کۆمۆنەکان و گەڕەکەکانەوە بەرەو سەرەوە دەگوازرێتەوە و دیموکراسیی ڕاستەوخۆ، واتا هاووڵاتییان ڕاستەوخۆ بەشداریی لە بڕیارداندا دەکەن، نەک لە ڕێگەی نوێنەرانەوە. هەروەها ئازادیی ڕەگەزیی و ژینگەپارێزیی (ئیکۆ فیمینیزم)، واتا یەکسانیی تەواوی ژنان و پاراستنی ژینگە دوو کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم مۆدێلەن و بوونى ئابووریی هاوبەش و پڕۆژەی فرە کەلتووریی، واتا جۆرێک لە ئابووریى کە خزمەت بە کۆمەڵگە بکات، نەک سەرمایەداریی و داننان بە مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکاندا.
پڕۆژەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پرۆسەی ئاشتییی نێوان دەوڵەتی تورکیا و بزووتنەوەی کوردییەوە هەیە. ئەم بانگەوازە دوای ساڵانێک شەڕ و ناسەقامگیریی هات و وەک پاڵنەرێک بۆ سەقامگیریی و خۆشگوزەرانیی لە تورکیا و ناوچەکە دەبینرێت. دیدگای ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا تەنیا لە ڕێی داننان بە مافەکانی کورد و بەشدارییەکی ڕاستەقینەیان لە پێکهاتەی سیاسی وڵاتدا دێتە دی، نەک لە ڕێگەی جیاخوازیی یان درووستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. بە وتەی (باسکار سونکارا)، سەرنووسەری گۆڤاری جاکۆبین، بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ڕێگایەکی جێگرەوەیە بۆ ناسیۆنالیزمى دەوڵەت-نەتەوە و ڕێگایەکە جەخت لە سەر دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت و پێناسەکردنەوەی هاووڵاتییبوون وەک پڕۆژەیەکی هاوبەشی سیاسیی و دەستووریی دەکاتەوە. ئەم ڕێگا نوێیە بۆ دەستەبەرى مافەکان و بنیادنانى کۆمەڵگەیەکى دیموکراتى مۆدێرن جێگەی مشتومڕی بەرچاوە، ئەم پڕۆژەیە چەندین خاڵی بەهێز و گرنگی لەخۆیدا هەڵگرتووە، وەک تێپەڕاندنی پاردایمی دەوڵەت-نەتەوە، ئەم مۆدێلە بە ڕادیکاڵترین شێوە چوارچێوەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە ڕەت دەکاتەوە و لە جێگەیدا ڕێگە بۆ درووستبوونی ناسنامەی سیاسیی هاوبەش دەکاتەوە و بەپێی هاووڵاتییبوون دامەزراوە نەک ڕەگەز. پەیوەستکردنی پرسی کورد بە دیموکراسیکردنی تورکیا، ئەم پڕۆژەیە تەنیا پڕۆژەى چارەسەری پرسی کورد نییە، بەڵکوو ڕێگایەکە بۆ ڕزگاربوونی هەموو گەلانی تورکیا لە چنگی دەسەڵاتێکی ناوەندیی و دەسەڵاتخواز، واتا چارەسەری پرسی کورد پێویستی بە دیموکراتیبوونی تورکیایە، و دیموکراتیبوونی تورکیاش پێویستی بە چارەسەری پرسی کوردە. سوودوەرگرتن لە میراتی فکری جیهانیی، ئۆجالان لە پڕۆژەکەیدا سوودی لە تیۆریستە مەزنە ئەقڵمەندەکانی جیهان وەرگرتووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پرۆژەکە بەرهەمی هزرێکى ناوخۆیی تەسک نییە، بەڵکوو گفتوگۆیەکی جیهانییە لەگەڵ سۆسیالیزم، ئانارشیزم، فێمینیزم و ئیکۆلۆژیزم. پڕۆژەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی دەکرێت ببێتە ئەلتەرناتیڤێکى ئەقڵانیى و دیموکرات بۆ پرسی کورد بەرانبەر تێزەکانى ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرەستىی، هەردوو پارادایم لە هەندێک خاڵى بنەماییدا جیاوازن، جا دەکرێت لەم خاڵانەدا کورتیان بکەینەوە، وەک بنەمای سەروەریی: سەروەریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاک یان پێشەنگایەتىی کۆمەڵایەتیی و دیموکراسیی ڕاستەوخۆ لەسەر بنەمای کۆمەڵگا فرەییەکان. بنەماى ناسنامە: ناسنامەی یەکگرتوو و دەستکرد (هاوشێوەسازیی) یان ناسنامەی فرە و پێکهاتەیی، کە لە سەر بنەمای هاووڵاتییبوون و بەشداریی دامەزراوە. بنەماى دەسەڵات: ناوەندیی و هەرەمی (هیرارکیی) لە لووتکەوە بۆ بنکە یان ناناوەندیی و ئاسۆیی لە بنکەوە بۆ سەرەوە. بنەماى ئامانج: یەکخستنی دەسەڵات و پاراستنی دەوڵەت یان دابەشکردنی دەسەڵات و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیی. بنەماى پەیوەندیی بە دەوڵەتەوە: پەرەستن و پاراستنی دەوڵەت وەک ئامانجی کۆتایی یان بینینى وەک ئامرازێکی کاتیی و پێویست بۆ ڕێکخستنی ژیانی هاوبەش، بەرەو نەمانی دەوڵەت. هەروەها بنەماى چارەسەری پرسی کورد: لە باشترین دۆخدا مافی کەمینەی کەلتووریی، لە خراپترین دۆخدا ئاسیمیلەکردن یان کۆنتڕۆڵکردنی سەربازیی، یان دانپێدانانی پێکهاتەیی، ئۆتۆنۆمی دیموکراتیک و هاوبەشیی دەسەڵات لە چوارچێوەیەکی نەتەوەیی-دیموکراتییدا. واتا ئەوەى کۆمەڵگەى دیموکرات لە ناسیۆنالیزم جیا دەکاتەوە، کۆمەڵێک جەوهەرى پێکهاتەیین و ئاڕاستەى کۆمەڵگە بۆ دوو دۆخى جەنگ و کوشتن یان ئاشتیى و پێکەوەژیان وەردەچەرخێنن، مسۆگەر دۆخى ئاشتىی و فرەیی و پێکەوەژیان بژاردە ئەقڵانىی و گونجاوەکەیە.
لێرەوە پرۆژەی (ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی) و (کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی) دەبنە ئەو بژاردەیەى ڕەهەندێکی مۆدێرن و پێشکەوتووانە بە گفتوگۆکانی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەبەخشن. ئەم پڕۆژەیە ناسیۆنالیزم وەک تەنیا چوارچێوە بۆ تێگەیشتن و چارەسەری کێشە نەتەوەییەکان ڕەت دەکاتەوە و لەبری ئەوە پێشنیازی دیدگایەکی ئازادیخوازانە و دیموکراتییانە دەکات و ڕەخنەی ڕادیکاڵ لە دەوڵەتی نەتەوەیی دەگرێت و ئەوە دەردەخات کە چۆن دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی بەرهەمهێنەری کێشە نەتەوەییەکانە. بۆیە پێشنیازی بەدیلێکی فرەلایەنە دەکات، واتا ئەم پڕۆژەیە تەنیا پرسێک چارەسەر ناکات، بەڵکوو کۆمەڵێک کێشەی پێکەوەگرێدراوی وەک ناسیۆنالیزم، سەرمایەداریی، پیاوسالاریی و وێرانکاریی ژینگەیی دەخاتە بەر ڕەخنە و چارەسەر. ئەمەش لەمیانەى جەختکردنەوە لەسەر دیموکراسیی بەئاکام دەگەیەنێت و چارەسەری پرسی کورد بە دیموکراتیککردنی هەموو تورکیا و ناوچەکەوە دەبەستێتەوە.
لێرەدا بەر پرسیارێک دەکەوین، ئەویش بۆچی باسی (شکستی ستراتیژیی) پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی کوردیی لە سەد ساڵی ڕابردوودا ڕەوایە؟ ئەم پرسیارە تەنیا بەرئەنجامى بۆچوونێکی سیاسی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامێکی تیۆریی و مێژووییە. ناسیۆنالیزمی کوردیی لە سەدەی بیستەمدا، سەرەڕای ئەوەی توانی بوونی نەتەوەی کورد وەک یەکەیەکی سیاسیی ڕابگەیەنێت، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە گیری خوارد و لەنێوان چەندین پارادۆکسی چارەسەرنەکراودا چەقی بەست و مایەوە، وەک پارادۆکسی دەوڵەتی نەتەوەیی، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیی ویستی ئەوەی هەبوو لە چوارچێوەیەکدا ڕزگاری بەدەست بهێنێت و لە بنەڕەتدا ئیمپریالیستیی و ناسیۆنالیستتی بوو. هەوڵی درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی بە پێناسە و میکانیزمی هەمان ئەو سیستەمە بوو وا کوردی تێدا سەرکوت کردبوو. ئەمە وای لێ کرد بەردەوام لە هەمان ئەو یارییەدا بێت وا بەرانبەرەکەی یاساکانی دانابوو. پارادۆکسی جوگرافیی و ژیۆپۆلەتیکیی، کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتی نەتەوەییدا دابەش کراوە، هەر هەوڵێک بۆ سەربەخۆیی لە یەک بەشدا، ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییە ئەمنیی و ژیۆپۆلەتیکییەکانی دەوڵەتانی دیکە و هێزە نێودەوڵەتییەکان دەخاتە مەترسییەوە. هەر ئەمەش وای کردووە کە پرسی کورد بووە بە بەشێک لە کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەک چارەسەرێک بۆی. پارادۆکسی ناسنامە و دەسەڵات ، پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی، لە هەوڵی یەکخستنی ناسنامەدا، بەشێکی زۆری مێژووی پێکهاتەیی و فرەچەشنی کۆمەڵگەی کوردی پشتگوێ دەخست یان بە هەڕەشەی دادەنا. ئەم پڕۆژەیە لەوانەیە لە کۆتاییدا هەمان ئەو ستەمکارییە دووبارە بکاتەوە وا خۆی قوربانیی بوو، بەرانبەر کەمینە ناکوردەکان یان تەنانەت بەشە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردیی خۆی. واتا پڕۆژەکە نەیدەتوانی مافی چارەی خۆنووسینی کورد مسۆگەر بکات، چونکە لەناو ئەو پاردایمەدا گیری خواردبوو کە چارەنووس بە دەوڵەتەوە دەبەستێتەوە، لەم باکگراوندە مێژوویی و فکرییەوە، پارادایمی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی وەک وەڵامێکی پێویست و ستراتیژیی بۆ ئەم پارادۆکسانە دەردەکەوێت، کە چەندین ڕەهەندى پۆزەتیڤى لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، وەک تێپەڕاندنی ڕادیکاڵانەی دیالەکتیکی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی، کە بنەڕەتیترین و گرنگترین لایەنی پۆزەتیڤی ئەم پڕۆژەیەیە، و لەڕێگەیەوە ئۆجالان هەوڵ دەدات بە تەواویی لە سندووقی ڕەش و چەقبەستوویی ویستڤالیایی دەوڵەتی نەتەوەیی دەربچێت. لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە پرسی کورد لە پرسی نەتەوەوە دەگۆڕێت بۆ پرسی دیموکراسیی، ئەمە گۆڕانکارییەکی زانستیی و فەلسەفییە، و لەبری ئەوەی پرسیار لەسەر (چۆن دەوڵەتێکی کوردیی درووست دەکەین؟) بێت، ئەوا پرسیار لەسەر ئەوە دەبێت کە (چۆن کۆمەڵگەیەک ڕێک دەخەین کە تێیدا ناسنامە جیاوازەکان بتوانن بە ئازادیی و یەکسانیئ پێکەوە بژین؟)، ئەمەش وەڵامە بۆ پرسیارێکی بنەڕەتیی تر، ئایا ئامانج دەوڵەتە یان ئازادیی؟ پارادایمی نوێ، ئازادیی وەک ئامانج دادەنێت و دەوڵەت تەنیا وەک ئامرازێکی مێژوویی و ڕێکخەر کە دەبێت لە کۆتاییدا لەناو ببرێت. هەرچەندە لەم قۆناغەدا ئەمە بە واتای هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی تورکیا و وێرانکردنی پێکهاتە کارگێڕییەکانی نییە، بەڵکوو بە واتای دیموکراتیزەکردنی ڕیشەیی دەوڵەت و ناناوەندییکردنەوەی دەسەڵاتە. پرۆژەکە دان بەوەدا دەنێت کە دەوڵەتی تورکیا وەک پێکهاتەیەکی سیاسیی بوونی هەیە، بەڵام هەوڵ دەدات سرووشتە ناسیۆنالیستیی و ناوەندگەراییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە. بەم شێوەیە، هەڕەشەی جیاخوازیی و دابەشبوونی خاکی وڵات لەناو دەبات و ڕێگە بۆ چارەسەرێکی سیاسی دادەنێت کە لە چوارچێوەی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی ئێستادا بێت.
یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانى نەتەوەی دیموکراتیی گۆڕانە لە نەتەوەی ڕەگەزییەوە بۆ نەتەوەی سیاسیی، ئەمە هەر تەواوکەری ڕەخنەگرتنە لە دەوڵەتی نەتەوەییە و پارادایمی نوێ و پێشنیازی جۆرێکی تەواو نوێی ناسنامەی هاوبەش دەکات، هەروەتر ڕەخنە لە نەتەوەگەرایی دەگرێت، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی ڕەخنە لەوە دەگرێت کە نەتەوە وەک پێکهاتەیەکی سرووشتیی، زیندەوەرزانستیی (biological) و یەکپارچەی خەیاڵی (خەونی هاوبەش، ڕەچەڵەکی هاوبەش و خوێنى پاک و… هتد) دەبینرێت. ئەمە وەک بەرهەمی خەیاڵی ئایدۆلۆژیی ناسیۆنالیزم گوزارشت لێ دەکات و لەجیاتى ئەو وێنایە هەوڵ دەدات نەتەوە وەک پڕۆژەیەکی سیاسیی و ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتیی گوزارشت لێ بکات، واتا نەتەوەی دیموکراتیی وەک بەدیلى نەتەوەى ڕاسیست دەبینێت، ئەم چەمکە (نەتەوەى دیموکراتیی) بریتییە لە یەکێتییەکی سیاسیی لە سەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان و بەشداریی ئازاد، نەک لە سەر بنەمای ڕەگەز و زمان و ئایینی هاوبەش. بەم شێوەیە، کورد و تورک و عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی تر لە تورکیا دەتوانن پێکەوە نەتەوەیەکی دیموکراتیی پێک بهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ کام لە ناسنامە تایبەتەکانیان لەدەست بدەن. ئەمەش چارەسەرێکی زۆر پێشکەوتووانەیە بۆ ململانێی نێوان ناسیۆنالیزمی تورک و ناسیۆنالیزمی کورد و هیچ لایەنێک ناچار ناکات ناسنامەکەی ڕەت بکاتەوە، بەڵکوو ناسنامەیەکی سێیەمی هاوبەش درووست دەکات کە هەمووان لەخۆ دەگرێت. لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە، ئەم فۆرمەى پێکهاتن جۆرێکە لە نەتەوەبوونى مەدەنیی و لە چەمکە ئاساییەکانی خاک و خوێن تێپەڕیوە و لەسەر بەها هاوبەشە سیاسییەکان دامەزراوە.
بوونى بەهاى هاوبەش لە کۆنفیدرالیزمى دیموکراتییدا تەنها لە ئاستى سیاسییدا درووست نابێت و هەر لەو ئاستەشدا ناوەستێت، بەڵکوو هەم درووستبوون و هەمیش فراوانبوونەکەى، پانتایی جڤات دەگرێتەوە و چاند و کەلتوورێکى نوێی فرەیی دەخوڵقێنێت، واتا کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی تەنیا تیۆرییەکی سیاسی نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی تەواوە بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە کە تایبەتمەندییە ستراکچەرییەکانى لە چەندین ڕەهەندەوە دەردەکەون، وەک چەسپاندنیی دیموکراسیی لە پنتەکانى خوارەوەى کۆمەڵگە لەجیاتی سیستەمی باڵادەستیی نوێنەرایەتیی کە دەسەڵات لە ناوەندێکدا (پایتەخت) کۆ دەکاتەوە، ئەم مۆدێلە پێشنیازی هەرەمێکی پێچەوانەی دەسەڵات دەکات. یەکەی بنەڕەتیی کۆمۆن (گەڕەک)ـە، دواتر شارۆچکە، شار، هەرێم و لە کۆتاییدا کۆنفیدڕاڵی گشتیی. بڕیارەکان لە ئاستی نزمترین یەکەدا دەدرێن و بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێن، نەک بە پێچەوانەوە. ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی کەلتووری سیاسیی بەشداریخواز و هەستی خاوەندارێتیی ڕاستەقینەی هاووڵاتیی بەرانبەر بە ژیانی سیاسیی، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی سەرمایەداریی و وێرانکاریی ژینگەیی، ئەم پڕۆژەیە شیکارییەکی پێکهاتەیی بۆ کێشەکانى ئابووریى و ژینگە دەکات، سەرمایەداریی و دەوڵەتی نەتەوەیی وەک دوو ڕووی هەمان دراو دەبینێت کە یەکتر بەهێز دەکەن، بۆیە پێشنیازی (ئابووریی هاوبەش) دەکات کە خزمەت بە پێویستییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات نەک کۆکردنەوەی سامان. هاوکات جەخت لە سەر (ئیکۆلۆژیای ئازادیخوازانە) دەکاتەوە کە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سرووشت بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە دەبینێتەوە و داوای ژیانێکی هاوسەنگ و گونجاو لەگەڵ سرووشتدا دەکات، نەک زاڵبوون بەسەریدا. دواجار گرنگترین تایبەتى ستراکچەریی لە لایەنی ئەرێنیی بۆ پرسی کورددا دەردەکەوێت، ئەم مۆدێلە ڕێگە بە کورد دەدات کە (خۆی بەڕێوەبەر بێت) بەبێ پێویستیی بە دەوڵەت. مافە زمانیی، کەلتووریی و سیاسییەکانی لە ڕێگەی ئەم پێکهاتە خۆجێییە دیموکراتییەکانەوە مسۆگەر دەکات، نەک لە ڕێگەی متمانە بە دەوڵەتێکی ناوەندیی. ئەمە وەڵامێکی پۆزەتیڤە بۆ ئەو پرسیارەی کە (باشتر نییە خۆمان دەوڵەتی خۆمان هەبێت؟) وەڵامەکەی ئەوەیە (باشترە کۆمەڵگەی خۆمان ڕێک بخەین و بەڕێوەی ببەین، بەبێ ئەو بەربەست و تێچوونە گەورانەی دەوڵەتی نەتەوەیی هەیەتی).
خاڵێکى ترى جەوهەریى لە کۆنفیدرالیزمى دیموکراتییدا پرسی پێشەنگایەتیى ژنانە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی (پیاوسالاریی) وەک کۆنترین و قووڵترین شێوازی دەسەڵاتداریی هیرارکیی دەبینێت. بۆیە ئازادیی کۆمەڵگە ناتوانێت بەبێ ئازادیى ژنان بەدەست بێت. بەم شێوەیە، سیستەمی (هاوسەرۆکایەتیی) پێشنیاز دەکات و هەموو پۆستێکی بەڕێوەبەرایەتیی لە هەموو ئاستێکدا لەلایەن یەک ژن و یەک پیاوەوە پڕ دەکرێنەوە. ئەمە کۆتای ژنان نییە، بەڵکوو داننان بە ڕۆڵی یەکسان و پێویستی ڕوانگەی ژنانەیە لە بڕیارداندا. لایەنی ئەرێنیی ئەم بابەتە بۆ پرسی کورد و ناوچەکە لەوەدا دەردەکەوێت کە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا کاتێک ناسیۆنالیزم و شەڕ بۆ ناکۆکیی و ململانێ پاڵ بە پیاوانەوە دەنێن، ئەوا بەرزکردنەوەی ڕێبەرایەتیی ژنان وەک هێزێکی ئاشتیخواز و ئاوەدانکەرەوە، ڕاستەوخۆ دژایەتیی کەلتووری شەڕ دەکات و وادەکات پرۆژەی ئاشتیی، پڕۆژەیەکی فیمینیستیش بێت و تەنیا ڕێککەوتنێکی سیاسی نێوان پیاوانی چەکدار و سیاسەتمەدارە پیاوەکان نەبێت. هەروەها ئەم پارادایمە ئاشتیی وەک نەبوونی شەڕ پێناسە ناکات، بەڵکوو وەک شێوازێکی نوێی ژیان و پرۆسەیەکی بەردەوامی درووستکردنی کۆمەڵگە گوزارشت لێ دەکات، واتا هەڵگرى فۆرمى (ئاشتىی پۆزەتیڤ)ـە بە پێودانگى (یۆهان گالتۆنگ)، گالتۆنگ فۆرمى ئاشتیى بۆ نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ وێنا دەکات، ئاشتی نێگەتیڤ واتا نەبوونی توندوتیژیی ڕاستەوخۆ و ئاشتیی پۆزەتیڤ واتا نەبوونی توندوتیژیی پێکهاتەیی و کەلتووریی. پارادایمی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی بە ڕوونیی خواستی ئاشتیی پۆزەتیڤە. کە تەنیا لە کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکدارییدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو هەوڵە بۆ لەناوبردنی ئەو ستراکچەرەى بەرهەمهێنەری نادادپەروەریی و ستەمە، وەک دەوڵەتی ناسیۆنالیستیی و سەرمایەداریی و پیاوسالاریی. هەروەها ئەم پاردایمە دیموکراسیی وەک پێویستیی بنچینەیی بۆ ئاشتیی دەبینێت و بەپێی پارادایمى ئۆجالان بۆ ئاشتیى و کۆمەڵگەى دیموکراتیی، ئاشتیی بەردەوام تەنیا لە ڕێگەی دیموکراتیزەکردنێکی ڕاستەقینەوە دێتە دی. واتە ئاشتیی تەنیا ئامانجێک نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە و لەگەڵ پرۆسەی دیموکراتیزەکردندا یەک دەگرێتەوە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە پرۆسەی ئاشتیی ناتوانرێت تەنیا گفتوگۆی نێوان ئەکتەری چەکداریی و دەوڵەت بێت، بەڵکوو دەبێت گفتوگۆیەکی کۆمەڵایەتیی فراوان بێت و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بگرێتەوە.
لەگەڵ چارەسەرکردنى پرسی کورد، هاوکات ئامانجى ئەم مانیفێستۆیە ڕاکێشانی هێزە دیموکراتییەکانی تورکیایە، ئەم پڕۆژەیە تەنیا پرۆژەی کورد نییە. بەڵکوو باس لە کۆماری دووەم و دیموکراسیی بۆ هەموو تورکیا دەکات. کە دەتوانێت سۆسیالیستەکان، لیبراڵەکان، ژینگەپارێزەکان، فێمینیستەکان و هەموو ئەو گرووپانەی تورکیا ڕابکێشێت وا خوازیاری دیموکراسییەکی ڕاستەقینەن و لە ژێر دەسەڵاتێکی ناسیۆنالیستیی و ئایدۆلۆژییدا سەرکوت کراون. بەم شێوەیە، پرسی کورد لە پرسی کەمینەیەکی جیاخوازەوە دەگۆڕێت بۆ پرسی ناوەندی خەباتی دیموکراتیی هەموو گەلانی تورکیا. مانیفێستۆکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە قۆناغی خەباتی چەکداریی بۆ سەربەخۆیی تێپەڕیوە و دەبێت قۆناغێکی نوێی سیاسیی دەست پێ بکات. ئەمە هەڵسەنگاندنێکی ستراتیژییە و دەڵێت ئێمە بە چەک نەمانتوانی دەوڵەتی کوردیی دابمەزرێنین و زیانەکانی بەردەوامی شەڕ لە قازانجەکانی زیاترە. لەبری ئەوە، وزەکان ئاڕاستەی بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیی دەکرێت، ئەمەش لە مەیدانی سیاسەت و کۆمەڵایەتییدا دەبێت نەک مەیدانی شەڕ. هەروەها بە ڕەتکردنەوەی جیاخوازیی و سەربەخۆیی، ئەم پڕۆژەیە بیانووی ئەو دەوڵەتانە لەناو دەبات وا بە ناوی پاراستنی یەکپارچەیی خاکەوە ستەم و سەرکوتکاریى دەکەن و بیانووی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەناو دەبات کە لەوانەیە پرسی کورد وەک کارتێک و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دژی تورکیا بەکار بهێنن، لەلایەکى ترەوە سەرکەوتنی ئەم مۆدێلە لە تورکیا دەتوانێت ببێتە نمونەیەک بۆ چارەسەری کێشە هاوشێوەکانی ناوچەکە (ئێراق، سووریا، ئێران) و تەنانەت جیهان. مۆدێلێک کە تێیدا کۆمەڵگە فرەنەتەوەییەکان بتوانن بەبێ پەنابردنە بەر جیاخوازیی و شەڕی ناوخۆیی، لە چوارچێوەیەکی دیموکراتییدا پێکەوە بژین.
گەورەترین لایەنی پۆزەتیڤی پارادایمی (ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی) ئەوەیە کە ئاسۆیەکی نوێ و فراوانتر لە (ڕزگاری نەتەوەیی) دەکاتەوە. ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە بنەڕەتییەکانی سەردەمەکەمان، چۆن ناسنامەکان دەتوانن پێکەوە بژین بەبێ ئەوەی یەکتر بسڕنەوە؟ چۆن دەتوانین کۆمەڵگە ڕێک بخەین بەبێ ئەوەی دەسەڵات لە دەستی کەمینەیەکدا چڕ ببێتەوە؟ چۆن دەتوانین ئابوورییەک بنیاد بنێین کە خزمەت بە مرۆڤ و سرووشت بکات، نەک بە پێچەوانەوە؟ چۆن دەتوانین پەیوەندییەکی تەندرووست لە نێوان مرۆڤ و ژینگەدا بنیاد بنێین و چەندان پرسیاری تر. پڕۆژەى ئاشتیى و کۆمەڵگەى دیموکراتیی بە هۆکاری ئەم لایەنە پۆزەتیڤانە دەتوانرێت وەک وەرچەرخان و گواستنەوەیەکی مێژوویی لە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی-ناسیۆنالیستییەوە بۆ پڕۆژەیەکی شارستانیی-دیموکراتیی دەستنیشان بکرێت. جا تەنیا ڕێگەچارەى پرسی کورد نییە، بەڵکوو پێشنیازێکە بۆ ڕێکخستنەوەی هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای ئاشتیی، دیموکراسیی، یەکسانیی ڕەگەزیی و پاراستنی ژینگە. ئەم پڕۆژەیە سەرەڕای هەموو ڕەخنە و سەرنجەکان، هێشتاش یەکێکە لە باشترین و پێشکەوتووترین تیۆرە سیاسییەکانی سەدەی بیستویەکەم و هەوڵ دەدات وەڵامی پرسیاری دێرینی (چۆن پێکەوە بژین؟) بداتەوە.



