گوتار

خەباتی ئۆجالان، خەباتی منە

تا کۆتایی هاوسۆزی ئۆجالانم، تەنانەت پێشم وایە دەبێت هەنگاوێک زیاتر لە هاوسۆزیش بڕۆین.

سڵاڤۆی ژیژەک

لە ئینگلیزییەوە؛ شادیار شۆڕش

بە سێ هۆکاری سەرەکیی من هاوسۆزیی خۆم بۆ ئۆجالان دەردەبڕم:

یەکەم: لە ئاستە گشتییەکەدا، ئەوەی لە تورکیا بە سەر کورداندا دێت، هەمان ڕەوشی موسوڵمانانە لە کشمیر و بەشەکانی تری جیهان. بە واتایەکی دیکە، حکومەتە دەسەڵاتگەرەکەی ئەردۆغان لە تورکیا و حکومەتەکەی نارێندرا مۆدی لە هیندستان، هیچ کۆمەڵەیەکی بەرخودێر پەسەند ناکەن و دەیانەوێت هەرچی زووە تەواوی ئەندامانی ئەو کۆمەڵانەی خەباتی پارتیزانیی دەکەن، چەک بکەن. دۆخی ئەم کۆمەڵانە بۆ حکومەتە دەسەڵاتگەرەکان پەسەند نییە. ئەوان ئەم کۆمەڵە دیموکراتخوازە دژبەرانەی خۆیان بە تیرۆریست ناودێر دەکەن. لەوانەیە ئێستا بپرسیت بۆچی وا دەکەن؟ وەڵامی منیش تەنێ هەر ئەمەیە؛ بۆ پاساودانی دەسەڵاتگەرێتیی خۆیان.

چرکەساتی ڕۆشنگەریی

هۆکاری دووەم؛ لەسەر ئاستی قۆناغێکی تایبەت سەرنجدانە لە چارەنووسی کوردان بە شێوەیەکی گشتی نەک تەنێ لە تورکیا. کوردان لە تەواوی جیهاندا تاکە نوێنەری پەردەهەڵماڵینن لە بێواتایی و پووچێتیی دەوڵەت. ئەوان لە نێو چوار دەوڵەتدا دابەش کراون؛ ئێران، ئێراق، سووریا و تورکیا. لێ لەم دوو سێ دەیەی ڕابردوودا، مێژوو لە باکووری سوریا و باکووری ئێراق گۆڕاوە. سات لە دوای سات کوردەکان سەلماندووییانە، کە هەر کاتێک هەلێکیان بۆ هەڵکەوێت تا دۆخی کۆمەڵایەتییان پێش بخەن، یان خۆسەرییەکی تەواویان هەبێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەیان ڕێک بخەن، ئەوا هەنگاوی سەرکەوتووانە هەڵێنن. بۆ ئەمەش با دۆخی ئێستای باکووری ئێراق و باکووری سووریاتان لەیاد بێت. کوردەکان کۆمەڵەیەکی کەمینەی سەرەتایی و بەربەر نین، بەڵام بەشی هەر پێشکەوتنخوازی ئەو چواردەوڵەتەن وا لە سەرێ ئاماژەمان پێ کردن. ئەوان نوێنەرایەتیی گەردوونێتیی مرۆڤ دەکەن، هەر بۆیەشە بوونەتە تاعوونی دەوڵەت-نەتەوەکانی ئەمڕۆ. گشت ئەو کارەساتەنەش بە سەر کوردەکاندا دێت، دەرخەری ئەوەیە؛ کە ئێمە بۆ گێژاوی نەژادپەرەستییەکی دەسەڵاتگەرای تازە دادەکشێێن.

ئێمە لەپێناو ئازادییماندا دەجەنگێین

تا لە تێکڕای جیهان ڕەوتەکە بەرەو ناسیۆنالیزم گێژ دەخوات، دڵسۆزییمان بۆ کوردەکانیش هەڵدەکشێت. هاوسۆزیی ئێمە تەنیا بۆ کۆمەڵە خەڵکێکی بچووک نییە. بەڵكوو ئەمە هەمووان دەگرێتەوە. چەندێک دەستی هاوکاریی بۆ کوردەکان ڕاهێڵین لە خەباتیاندا بۆ ئازادیی، ئەوەندەش بۆ ئازادیی خۆمان تێکۆشاوین.

ئۆجالان ئایدیاڵێکی دەرەباوەڕە

جا لە کۆتایدا، کات کاتی قسەکردنە دەربارەی چرکەساتە هەڵاوێردەکە: با ئەوە لە بیر نەکەین ئۆجالان تەنێ نوێنەرایەتیی پڕۆژەیەکی مەزنی سیاسیی ناکات؛ وەک ‘کوردی ئازاد’. نابێت بیرمان بچێتەوە، ئەو هاوکات تاکێکی گۆشەگیرکراوی نێو زیندانە کە وەک جولیان ئاسانج پەیوەندییەکی کەم یاخود هەر هیچ پەیوەندییەکی بە پارێزەرەکانییەوە نەماوە. هەروەها تا ئەو شوێنەی ئاگادارم، گەشەسەندنە ڕووناکبیریی و هزرییەکانی ئۆجالان لە زینداندا لە ڕادەبەدەر ناوازە بووە، ئەو لە زینداندا لێگەڕینەکانی بۆ بوارەکانی وەک فێمێنیزم و دەروونشیکاریی و تیۆری مۆدێرن پەرەی سەندووە. بە واتایەکی تر، ئەو ئایدیاڵێکی دەرەباوەڕە، بەو واتایەی ئەو تێكۆشانی کۆمەڵەیەکی چەوساوەی ئاوێزانی تێکۆشانی ئێمە کردووە لە خۆرئاوا، ئەمە بە دەساوێژی تیۆرە هاوچەرخەکانی سەردەمەکەمان، لە وێنەی فێمینیزم و دەرخستنی شێوە نوێکانی چەوساندنەوە.

ئۆجالان بەشێکی نەپساوەیە لە ئێمە

دووپاتی دەکەمەوە، ئۆجالان کەسێکی جیهانی سێیەم نییە کە ئێمە بەزەییمان پێیدا بێتەوە لەو سۆنگەوە هاوسۆزیی بین، نەخێر؛ ئەو سەرپاک بەشێکە لە ئێمە. لە ڕووی ڕۆحییەوە بە کەسێکی نزیک لە خۆمانی دەزانین. ئێمەی خۆرئاوایی دەبێت لێوەی فێر بین. ئەو شێوەیەکی نوێی خەباتمان لە پێناو فێمینیزم و پرسەکانی تر بۆ پێشنیار دەکات، ئەمە بەدەر لەوەی ئۆجالان ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەمانە تا تەرێز لە لە تەڵەی گفتوگۆی سڕینەوەی ئەوی تر بگرین. هەروەتر ئۆجالان کارێک دەکات کە خەباتی ئێمە لە ئەورووپا وەرگەڕێتە سەر خەباتی ئازادیی جیهانیی.

ئەو دەوڵەتە تورکییەی ئاشتی ڕەت دەکاتەوە

هەروەها هەرگیز نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە لە کەسایەتیی ئۆجالاندا ئێمە لەگەڵ سیمبولێکدا ڕووبەڕوو نین. هەرگیز نابێت ئەوە لەبیر بکەین ئێمە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤێکی ڕاستەقینەدا دەکەین کە وەک ئەوانی دی ترپەی دڵی لێ دەدات، بەڵام ئۆجالان مرۆڤێکی زیرەک و لە ڕادەبەدەر تێگەیشتووە، بیرمەندێکە و نادادپەروەرانە ئازار دەدرێت. ئۆجالان دەستی ئاشتیی بۆ دەوڵەتی تورکیا درێژ کردووە و بانگەشە بۆ ئاشتی دەکات نەوەک تێکۆشانی چەکداریی. دەوڵەتی تورکیا نایەوێت دەست بۆ ئەم هەوڵە درێژ بکات، هەروەها پێویستیشی بەوەیە ئۆجالان بە تیرۆریست بیناسێنێت، تا هەڵسوکەوتە دەسەڵاتگەرەکانی پاساو بدات.

تا کۆتایی من هاوسۆزم

بۆیە دیسانەوە دەیڵێمەوە؛ تا کۆتایی هاوسۆزی ئۆجالانم، تەنانەت پێشم وایە دەبێت هەنگاوێک زیاتر لە هاوسۆزیش بڕۆین. لە شوێنێکدا ئەکرێت هاوسۆزی کەسێک بیت کە ئازار دەدرێت، لێ نەخێر؛ ئێمە پێشنیاری زیاتر دەکەین. ئۆجالان کەسێک نییە تەنێ لە دوورەوە هاوسۆزی بیت، ئەو کەسێکە لە ئێمە، کاتێک لە پێناو ئەودا دەجەنگێین، ئەوا لەپێناو خۆماندا دەجەنگێین.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...