ئۆجالان و ئەکادیمیا
هەر بۆیە جێی سەرسووڕمانە کە بیرمەندە هاوچەرخەکان ناتوانن و نازانن بە چ شێوازێک مامەڵە لەگەڵ ئایدیاکانی ئۆجالان بکەن.
دەیڤد گرەیبەر
لە ئینگلیزییەوە؛ شادیار شۆڕش
دەیڤید گرەیبەر بیرمەند و مرۆڤناسی دیاری جیهان، ساڵی ١٩٦١ لە ئەمریکا لەدایک بووە، ساڵی ٢٠٢٠ بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە. گرەیبەر بە یەکێک لە بیرمەندە دیارەکانی زانستی مرۆڤناسیی بە تایبەت مرۆڤناسیی ئابووریی دادەنرێت. گرەیبەر سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و لە نزیکەوە ئاشنای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان بووە.
لە ڕۆژگاری ئێستادا وا چاوەڕوان دەکرێت هەر کارێکی فکری و ڕووناکبیریی، دەبێت لە زانکۆکاندا شوێنی خۆی بکاتەوە، لە کاتێکدا خودی زانکۆکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دووبارە وا پێناسە دەکرێنەوە کە دامەزراوەگەلێک نین بۆ بەدەسخستنی زانست و زانیاریی. لە بەرانبەردا ئەوە ڕوون و ڕەوانە کە ئەکادیمیستەکان خوازیاری ئەوە نین ببنە بەشێک لە سیاسەت. زۆربەی ئەکادیمیستەکانی دەرەوەی زانستە سرووشتییەکان، خۆیان لە نێو دوو بەشی جیاوازدا دەبیننەوە. یەکەمیان ئەوانەن وا پێیان دەوترێت دیسپیلینەکانی هێز، ئەمە ئابووریی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە، ئەمانە ئەو کەسانەن وا بوونەتە بەشێک لە بیرۆکراسییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. لە وێنەی وەزیرەکان، دامەزراوە سیاسییەکان، بانکەکان یاخود کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان و دامەزراوە جیهانییەکانی وەک UN و IMF، ئامانج لە درووستکردنی ئەمانە پاڵپشتی ڕەگەزە درووستکەرەکانی هێزن.
لقی دووەم، بە دیسپیلنە ڕەخنەییەکان ناودێر دەکرێت؛ لە تیۆرە ئەدەبییەکانەوە بۆ توێژینەوە جێندەرییەکان دەست پێ دەکات تا دەگاتە مرۆڤناسیی. ئەوانەی لە نێو دیسپیلینە ڕەخنەییەکاندان خۆیان وەک چەپ یان زۆربەی کات وەک ڕادیکاڵ پێناس دەکەن، ئەمانە پێچەوانەی ڕەگەزەکانی هێزن، لێ تا زیاتر لەم چوارچێوەیەدا بمێننەوە، زیاتر بەرانبەر بەشداریی سیاسەتی جیهانیی خانەگومان دەبن. ئەم جۆرە پرسانە گرێدراوی ترس و تاوانباریی ناکۆتان. ئەوانەی لە نێو ئەم چوارچێوەیەدان، بڕوایان وایە، هەر کەسێک باندۆری خستە سەر سیاسەتی جیهانیی، مەرج نییە بشتوانێت باندۆر بخاتە سەر بیرکردنەوە و هزری مرۆیی.
ئەمانە لە باشترین دۆخیاندا ئامرازی شڕۆڤەکردنن، ناکرێت وا ببینرێن کە دەتوانن ببنە بەشێک لە گەشەسەندنی ئایدیاکان.
هەر بۆیە جێی سەرسووڕمانە کە بیرمەندە هاوچەرخەکان ناتوانن و نازانن بە چ شێوازێک مامەڵە لەگەڵ ئایدیاکانی ئۆجالان بکەن.
لە ڕووکەشدا دەکرێت ئۆجالان کەسایەتییەکی دیار بێت، ئەمەش بەوپێیەی لە مێژووی بیرمەندیی خۆیدا، ڕێبەری پارتێکی مارکسیستی بووە. مارکسیزم تاکە جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە بونیادنەرەکانی خودان بیرکردنەوەی مەزن بوون، هەمیشە ئەو جووڵانەوەیە بووە کە ڕێکخستنی بەگوێرەی تیۆریی کۆمەڵێک بیرمەندی مەزن داڕشتووە (لە دۆخێکی هەڵاوێردا ڕێگەیەکیش بووە بۆ پەرچدانەوەی خوێندنەوەی مێژوو لە ڕوانگەی پاشا و پاڵەوانەوە)، مرۆڤ دەتوانێت لە ڕایەدارانییانەوە تەماشای ئەمە بکات؛ لە وێنەی لینینستیەکان، ماویستەکان، ترۆتسکییستەکان، ستالینستییەکان، ئەمانە لە پێگە باڵاکانی دەوڵەت و پارتە پێشڕەوەکاندا بوون، یان نموونەی کەسایەتییە ڕۆشنییرییەکانی وەک؛ گرامشییەکان و ئاڵتۆسێرییەکان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی مارکسیزم لە ڕێی گفتوگۆ و تێرمینۆلۆجییە ئاڵۆزییەکانییەوە، چەشنە فۆرمێکی ڕووناکبیریی جێگرەوەی تایبەت بە خۆی پێک هێناوە، کە تەنێ لە چەند خاڵێکی دیاریکراودا لەگەڵ ئەکادیمیا یەکتری دەبڕن.
ئۆجالان لە نێو ئەم جیهانەوە دازاوە، لێ تێی پەڕاندووە و سەرپاک بەجێی هێشتووە. ئۆجالان نەوەک تەنێ ڕەگەزە هەرە گرنگەکەکانی ڕێ و ڕێبازی مارکسیستیی پەرچ داوەتەوە، بەڵکوو تیۆرییەکانی لە بنەوەڕا بەرەنگاریی بەرانبەر ئەو هەوڵانە دەنوێنن وا گەرەکیانە ئەو بابەتانە بەرەو جۆرێک لە دۆکترین بگەڕێننەوە. ئایدیا هەرە سەرەکییەکانی ئۆجالان بریتین لە پێشنیار، لێکهەڵوەشاندنەوە، ناساندن، گێڕانەوە، کە ڕەتی دەکاتەوە لە هەر جۆرە چوارچێوەیەکەی پیرۆزاندندا بخوێنرێتەوە. بەهۆی ئەو گێژاو و نائارامییەی گەڵاڵەی دەکات، زۆربەی خەڵک تەنیا تا نیوەی ڕێ لەگەڵ ئۆجالان دەچن، بەڵام تەڤگەری ئازادییخوازی کورد وەک ڕێبەر دەیبینن. ئۆجالان ڕۆڵی شەهیدێکی زیندوو دەگێڕێت، ڕێبەرێکی بەتەمەنی نێو بەستێنە سیاسییەکان. وێنەکەی ئەو هەمیشە هەیە، ئەویش لە ناو جیهانێکی سیاسییدا کە لێوانلێوە لە پاڵەوانی مردوو.
ئەو ڕێبەر و بیرمەندێکە و ئاواش ئامۆژگاری شوێنکەوتووانی دەکات، ئەو دڵنیایییە ڕەت بکەنەوە وا لە ڕۆڵی ڕێبەر و بیرمەندێکی وەک خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، وەک پیاوێک داوا لە پیاوانی گەلەکەی دەکات پیاوێتیی لە خۆیاندا بکوژن، ڕێبەرێک، کە دەسەڵاتگەرێتیی لە ئەودا کۆتایی دێت، هانی گەنجان دەدات تا ئەو کەسانە بدەنە بەر ڕێژنەی پرسیار وا بانگەشە دەکەن لەوان باشترن.
لەم پێواژۆیەکدا ئۆجالان چوارچێوەیەکی تیۆریی وای بونیاد ناوە کە ناکەوێتە نێو هیچ چەشنە کاتیگۆرییەکی هزرمەندییەوە، تێزەکانی ئەو تێهەڵکێشی بیرمەندە سیاسیی و ئەکادیمیستەکانی هاوشێوەی بوکچین و فۆکۆو واڵتەرشتاین و فێدریچین. تا ڕادەیەک گەر وەک ڕێسایەک لێی بڕوانین، ئەمەی ئۆجالان کردووێتی، لە وێنەی نییە، چوارچێوەی تێز و پارادیگمای ئۆجالان لە کۆمەڵناسی گرێدراو بە میکانیزمییە کوانتەمییەکانەوە دەست پێ دەکات تا میکانیزمەکانی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ، ئینجا بەرەو ئەو مێژووییە پانوپۆڕەی جیهان پەل دەکێشێت وا شاسەرنجی لە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
مرۆڤ بەو ئاستە وردبیینیەی ئۆجالان سەری دەسووڕمێ، کاتێک دەبینین ئەم کەسە لە زینداندا زۆربەی کارەکانی نووسیوە، بەبێ ئەوەی دەستی بە ئینتەرنێتدا ڕا بگات، ئەوەشی وەک سەرچاوەی توێژینەوە بەکاری دەبات، تەنها ئەو سێ کتێبە بوون وا لە کاتێکی دیاریکراودا پارێزەرەکانی بە سەختیی توانیویانە پێی بگەیەنن، دواجار نووسینەکانی خۆشی پارێزنامە بوون و پێشکەشی دادگای کردوون.
ئەکادیمیا سەلماندووییەتی کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هیچ کام لە ڕوانگە تیۆریی و فیکرییەکانی ئۆجالاندا نییە، ئەوان تەنیا وەک وتاربێژێک لێی دەڕوانن، بە جۆرێک نەیانتوانیوە لە بوارە ئەکادیمییە لاوەکییەکانی نێو توێژینەوە کوردیی و تورکییەکانیشدا بیکەنە ئامرازی شڕۆڤەکردن، ئەمە سەرەڕای هەموو ئەو کاریگەرییە ڕوونەی بە سەر ڕووداوەکانی جیهانەوە هەیەتی.
لێرەوە گەرەکە لاپرەسەنانە بپرسین، جیهان چەند سات و ساڵی تری پێویستە تا ڕووناکبیر و ڕۆشنبیرەکانی بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئایدیاکانی ئۆجالان بکەن، بە هەمان ئەو شێوەی مامەڵە لەگەڵ ئایدیاکانی واڵتەر بینیامین و جۆرج باتای و سیمۆن دیبوڤار و فرانسز فافۆن و کۆمیدییەکی وەک سلاڤۆی ژیژەک دەکەن، هیچ یەکێک لەمانە سەرکردەیەکی سیاسیی یان ئەکادیمیست نین.
ئەکادیمیا، بە تەواویی ژیانی بیرمەندانی هەڵمژیوە، ئەکادیمیستەکانیش وا فێر کراون خۆڕسکانە بسڵەمێنەوە و (بە شیوەیەکی ڕووکەش سووکایەتیی) بەو بیرۆکانە بکەن وا گۆڕانکاریی لە جیهاندا چێ دەکەن، لێرەوەڕا بە دۆخێک دەگەین کە ناتوانین لێی دەرباز بین.