بۆکچین: میراتی زیندووی شۆڕشگێڕێکی ئەمریکی
مورای هەموو ژیانی خۆی بە لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان بەسەربردووە و مێژووی ئەوانی لە بەرهەمی چوار بەرگی «شۆڕشی سێیەم»دا باسکردووە.

وەرگێڕانی لە ڕووسییەوە: عەلی ئەحمەد
هەڤپەیڤینێک لەگەڵ دێبی بۆکچین سەبارەت بە بەشدارییەکانی باوکی لە تیۆری شۆڕشگێڕانە و وەرگرتنی بیرۆکەکانی لەلایەن تەڤگەری ئازادیی کوردەوە.
تێبینی سەرنووسەر: ئێمە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ دێبی کچی مورای بۆکچین بڵاودەکەینەوە، مورای بۆکچین کە لە ساڵی 2006 کۆچی دوایی کرد. بۆکچین ژیانی خۆی لەنێو بازنەی چەپە شۆڕشگێڕەکاندا بەڕێکردووە: لە تەمەنی نۆ ساڵییدا پەیوەندیی بە یەکێتی کۆمونیستیی گەنجانەوە کردووە، لە نزیکی چل ساڵییدا بووبە ترۆتسکیست (شوێنکەوتووانی بیری لێڤ ترۆتسکی)، دوای ئەوە سەرگەرمی تیۆری ئەنارشیستیی دەبێت و لە کۆتایی ژیانیدا خۆی وەک «کۆمونالیست» دەبینی و بیرۆکەکانی «شارەوانی خۆبەڕێوەبەریی ئازاد» (Libertarian municipalism) پەرەپێدا.
بۆکچین چەندە فیگۆرێکی کاریگەر بوو (هەرواش دەمێنێتەوە)، ئەوەندەش مشتومڕی لەسەر بوو. ڕەخنە ڕادیکاڵەکانی وی لە تیۆری «ئیکۆلۆژیای قووڵ» و «ئەنارشیزم وەک ستایلێکی ژیان» کۆمەڵێک مشتومڕی گەرمیان ورووژاند کە تا ئەمڕۆش بەردەوامن. ئێستا، کاتێک بیرۆکە شۆڕشگێڕییەکانی وی لەلایەن بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردەوە وەرگیراون و سوود لە کارەکانی وی بۆ ئاواکردنی کۆمەڵگەیەکی دیمۆکراتیک، ئیکۆلۆژیا (ژینگەناسی) و یەکسانیی جێندەریی لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەردەگرن، ئێمە خولیایەکی نوێ بۆ ژیان و بیرۆکەکانی ئەم بیرمەندە مەزنە دەبینین.
هەر بۆیە گۆڤاری (ROAR) بە خۆشحاڵییەوە هەڤپەیڤین لەگەڵ دێبی بۆکچین بڵاودەکاتەوە، کە نە تەنێ لەمەڕ چەمکە زۆر بەنرخەکانی میراتی سیاسیی باوکی خۆی، بەڵکو دەربارەی ژیانی مرۆڤێکیش دەگێڕێتەوە کە لە پشتی هەموو ئەم بیرۆکانەوە وەستاوە.
فێدریکۆ ڤێنتورینی: وەشانخانەی (Verso Books) ماوەیەک پێش ئێستا پەرتووکی «شۆڕشی داهاتوو: ئەنجوومەنی گەلان و پەیمانی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ» ــ کۆبەرهەمی وتارەکانی باوکتان ــ مورای بوکچینی بڵاوکردەوە. دەتوانن کەمێک دەربارەی ئەم پەرتووکە قسەبکەن؟ بۆچی ئێوە بڕیارتاندا بڵاویبکەنەوە؟
دێبی بۆکچین: سەبارەت بە چێکردنی ئەم پەرتووکە، ئێمە لەناو شتەکانی دیکەدا ئیلهاممان لەو مشتومڕە سیاسییەی ئێستا وەرگرتووە کە چەپ لە ڕووی ڕێکخستنەوە گەرەکە چ ئاراستەیەک بگرێتەبەر. وەشانخانەکەمان (Verso) هەروەها کارەکانی سلاڤۆی ژیژەک و سیمۆن کریتچلی بڵاودەکاتەوە. بە کورتی، ژیژەک، بە قەرزکردن لە تیۆری مارکسیستیی، بیرۆکەی شۆڕشێک بەرەوپیش دەبات کە لە ئەنجامدا دەسەڵات دەگوازرێتەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندیی. هاوکات کریتچلی بانگەشە بۆ ئەو گۆڕانە کۆمەڵاتییانە دەکات وا لەناو کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن. مورای پێیوابوو ئەم دوو بژاردەیە وەڵامێکی گونجاو نین بۆ پرسیاری چۆنییەتی پەرەپێدانی فۆرمە ڕادیکاڵەکانی حوکمڕانی کە دیمۆکراتیی بن و لە هەمان کاتدا بتوانن لە بنەڕەتەوە کۆمەڵگە بگۆڕن. ئێمە پێمانوابوو کە ئەم کۆمەڵەوتارە لەسەر دیمۆکراتی نامەرکەزیی (ناناوەندێتی) دەتوانن بژاردەی سێیەم لەمەڕ ئەم مشتومڕە سیاسییە پێشکەش بکەن. و ویستمان ئەوانە لەگەڵ هەندێک ماتریاڵی پێشتر بڵاونەکراوەدا پێشکەشی نەوەی نوێی چالاکوانان بکەین.
بۆکچین چۆن لە چەمکی دیمۆکراتی نامەرکەزیی (ناناوەندێتی) نزیکبووەوە؟
مورای هەموو ژیانی خۆی بە لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان بەسەربردووە و مێژووی ئەوانی لە بەرهەمی چوار بەرگی «شۆڕشی سێیەم»دا باسکردووە. لێکۆڵینەوە لەم بزووتنەوانە ئەو باوەڕەی خۆی دووپات کردەوە کە گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە ناکرێت لە ڕێگەی ئەو چالاکییانەوە ڕووبدات کە لە پەراوێزی کۆمەڵگەدا دەمێننەوە (بۆ نموونە، بە درووستکردنی ڕێکخراوە جێگرەوەکان، وەک هاوکاریی خۆراک و قوتابخانەی ئازاد، هەر وەک کریتیچلی پێشنیاری دەکات). ئەم گۆڕانکارییە لە ڕێگەی درووستکردنی دەوڵەتێکی گەورەی سۆسیالیستییشەوە بەدینایەت ـــ ئەم بیرۆکەیە ئیدی بەتەواوەتی بێناوبانگ کراوە و هەرگیز ناتوانێت ناوبانگێکی جەماوەریی بەدەست بهێنێت.
لەبری ئەمە مورای پێیوابوو کە ئێمە گەرەکە لەو فۆرمانەی ڕێکخستن کەڵک وەرگرین کە لەسەر باشترین نەریتەکانی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان دامەزراون ـــ وەک کۆمونەی پاریس لە ساڵی ١٨٧١دا و ئەو گرووپانەی کە لە سەردەمی شۆڕشی ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٣٦دا پێکهێنراون. ئەمە نەریتێکی لەبیرکراوە کە بڕیاردان لەسەر ئاستی شارەوانی خۆبەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی گەڕەکەکاندا دەچەسپێنێت و زیاتر ئاڵنگاری هەژموونی دەوڵەت-نەتەوە دەکات. هەروەها لەبەر ئەوەی مورای ئەمریکیی بوو، ئەو نەریتانەی لەبەرچاودەگرت وا زایەڵەیان لەگەڵ خەڵکی ئەمریکادا هەبوو ـــ شتگەلێکی وەک کۆمیتەکانی شۆڕشی ئەمریکیی یان نەریتە دیمۆکراتییەکانی جڤاتی شارەکان لە “نیو ئینگلاند” کە تا ئەمڕۆش لە ژیاندان، بۆ نموونە لە ڤێرمۆنت. ئەمە ئەو بیرۆکانەن کە ئەو لە وتارەکانی ئەم پەرتووکەدا باسیان دەکات.
بۆکچین بە نووسینەکانی لەسەر ئیکۆلۆژیا (ژینگەناسی)، هیرارشی (پلەبەندیی) و سەرمایەداری ناسراوە، ـــ ئەمانەش لەژێر چەتری ئەو چەمکەدا کۆکراونەتەوە کە خۆی ناوی لێنابوو «ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی». بیرۆکەکانی ناو پەرتووکەکە چۆن لەم چەمکەوە سەرهەڵدەدەن؟
یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکان کە بۆکچین تیۆری چەپی پێ دەوڵەمەند کرد، بریتییە لەوەی هەر لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠ ڕایگەیاند کەکێشە ژینگەییەکان کێشەی کۆمەڵایەتیین. ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی لەم بنەڕەتەوە دەست پێدەکات: ئێمە هەرگیز ناتوانین بە ڕاستی چارەسەری گۆڕانی کەشوهەوا، ژەهراویبوونی زەوی و ئەو کێشە بێشومارانەی دیکە بکەین کە سەقامگیری ئیکۆلۆژیای هەسارەکەمان تێکدەدەن، تا ئەو کاتەی نەتوانین چارەسەری پرسە بنەڕەتییەکانی باڵادەستی (domination) و هیرارشی (پلەبەندیی) بکەین. ئەمەش پرسەکانی باڵادەستی لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ئاراستەی سێکسیی و هەروەها جیاوازی چینایەتی دەگرێتەوە.
بنبڕکردنی ئەم جۆرە ستەمکارییانە یەکسەر پرسیارێک دەورووژێنێت کە چۆن کۆمەڵگەیەک بە شێوەیەک ڕێکبخرێت بۆ ئەوەی زۆرترین ئازادی تێدا بێت. بۆیە بیرۆکەی ئەنجومەنی گەل (خەڵک) کە لە پەرتووکەکەدا خراوەتەڕوو، بە شێوەیەکی سرووشتیی لە فەلسەفەی ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو بیرۆکەیە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە چۆن گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە بەرەوپێش ببەن بۆ گەیشتن بە ئازادیی ڕاستەقینەی تاک و لە هەمان کاتدا ڕێگە بدرێت ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی (پێویست) بە هاوئاهەنگی لە نێوان مرۆڤەکان و جیهانی سرووشتییدا بوونی هەبێت.
ئەنجومەنەکانی گەل لە بەشێکدا بە ڕێکخستنی شارەوانی خۆبەڕێوەبەرییەوە گرێدراون، کە بۆکچین گرنگییەکی تایبەتی پێدەدات. کەی و بۆچی بۆکچین دەستیکرد بە گرنگیدان بەم پرسانە؟
مورای لە ساڵانی ١٩٦٠ـەوە دەستی کردووە بە بیرکردنەوە لەم پرسانە. بەتایبەتی لە وتارەکەی «فۆرمەکانی ئازادیی»دا لە ساڵی ١٩٦٨دا هەوڵیدا بەرسڤی ئەم پرسیارانە بداتەوە. لێ مورای لە ٢٠ ساڵی کۆتایی ژیانیدا بەتایبەتی خەریکی پرسی ڕێکخستنی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بووە ـــ واتە کاتێک ئەو وتارانەی نووسیوە کە لەم پەرتووکەدا هاتوون. کاتێک مورای ئەو ڕەوشە سەختەی بینی کە بزووتنەوەی گۆڕانکاریی جیهانیی و هاوشێوەکانی تێی کەوتبوون، ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا بەشداریکردن لە «فێستیڤاڵەکانی ستەملێکراوان» چوارچێوەیەکی بنەڕەتیی بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی نایاکسانیی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی پێشکەش ناکات.
ئەو زیاتر لە سێ دەیە لە چوارچێوەی نەریتی ئەنارشیستییدا کاریکرد، لێ دواتر هەستیکرد کە ئەنارشیزم ناتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو پرسەکانی دەسەڵات و ڕێکخستنی سیاسیی چارەسەربکات. لەبری ئەمە مورای بانگەشەی بۆ فەلسەفەیەکی کۆمەڵایەتیی دیمۆکراتیی لۆکاڵیی و بنەڕەتیی کرد، کە ناوی لێنا «کۆمونالیزم» (Communalism). دەربڕینە سیاسییەکەی ئەم فەلسەفەیەی بە «شارەوانی خۆبەڕێوەبەریی ئازاد» (Libertarian Municipalism) ناوبرد. ئەو پێیوابوو کە بە پەرەپێدان و بەدامەزراوەییکردنی ئەنجوومەنە گشتییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی دەتوانین وەک هاوڵاتییەکی چالاک خۆمان بەهێز بکەینەوە، ڕێڕەوێک بۆ کۆمەڵگە و ئابوورییەکەمان دابڕێژین و لەگەڵ ئەنجوومەنە لۆکاڵییەکانی دیکەدا لە کۆنفێدراسیۆنێکدا یەکبگرین. ئەم جۆرە خۆبەڕێوەبەرییە، وەک ئەو پێشبینی دەکرد، بەهێزتر دەبێت کاتێک دەگۆڕێت بۆ «جووتهێز»ێک (dual power) ـــ لە سەرەتاوە ئاڵنگاریی دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوە دەکات و دواتر لە کۆتاییدا نایهێڵێت. مورای زۆر جار ئاڵوگۆڕی بە زاراوەکان «کۆمونالیزم» و «شارەوانی ئازاد» دەکرد، لێ بەگشتی «کۆمونالیزم» وەک چەتری فەلسەفەیەکی سیاسیی دەبینی و «شارەوانی ئازاد»ی بە لایەنە پراکتیکە سیاسییەکەی [ئەم فەلسەفەیە] دادەنا کە بریتییە لە بەڕێوەچوونی کاندیدەکان لەسەر ئاستی شارەوانی خۆبەڕێوەبەریی، بەشارەوانیکردنی ئابووری و هتد.
وا دیارە بزووتنەوە تازەکانی وەک «داگیرکردنی وۆڵ-ستریت» «ئیندیگنادۆس» ڕەنگدانەوەی هەندێک لە بیرۆکەکانی وی بن. بۆکچین چۆن سەیری ئەم بزووتنەوانەی دەکرد، بەتایبەتی دیاردەیەکی وەک «پۆدێمۆس» لە ئیسپانیا؟
مورای بە بینینی بزووتنەوەی ئیندیگنادۆس (Indignados) دڵخۆش دەبوو، لە بەشێکدا بەهۆی سەرسامییەکەی بە شۆڕشی ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٣٦دا، لە پەرتووکەکەی «ئەنارشیستە ئیسپانییەکان»دا ڕەنگدەداتەوە. و ئەو بێگومان ئەو پاڵنەرانەی لە پشتەوەی بزووتنەوەی داگیرکردن “Occupy” و ڕاپەڕینە مەدەنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون بەرز دەنرخاند. بەڵام پێموایە پێشبینیی زۆرێک لەو کێشانەشی دەکرد کە دەبوو بزووتنەوەی داگیرکردن “Occupy” ڕووبەڕووی ببنەوە. بۆ نموونە، ئەو کێشانەی پەیوەستن بە گەیشتن بە کۆدەنگی، و ئەو بۆچوونه هەڵەیەی وا بۆ زۆرێک لە بەشداربووانی بزووتنەوەکە هاوبەشە، کە گوایە ڕێکخستنی کەمپی ناڕەزایەتی یەکسانە بە گەڕانەوەی ڕاستەقینەی دەسەڵات بۆ خەڵک (گەل)ـێک، کە بە گوتەی مورای، گەرەکە لە ئەنجوومەنە لۆکاڵییەکانی ناوەوەی کۆمەڵگەدا خۆیان بەدامەزراوەیی بن، بۆ ئەوەی دواتر هێزی سیاسیی ڕاستەقینە درووست بکەن.
و من باوەڕم وایە مرۆڤ ناتوانێت سەرسام نەبێت بە ڕووداوە سیاسییەکانی یۆنان و ئیسپانیا کە ئێستا پارتە تازەکان و بە پلەی یەکەم دیمۆکراتییەکان دێنە سەر کورسی دەسەڵات. بەڵام مورای هۆشداری دەدا ئەم پارتە نەتەوەییانە بە کردەیی هەمیشە ناچارن سازش بکەن و قووربانی بە ئایدیاڵەکانی خۆیان بدەن تا ئەو ڕادەیەی چیتر ناتوانن ببنە نوێنەری گۆڕانکارییەکی سیاسیی بەرچاو. ئەو لەو بارەیەوە هۆشدارییدا کاتێک پارتە سەوزەکانی ئەڵمانیا لە سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠دا دەسەڵاتیان گرتە دەست، وەک دەرکەوت ڕاستیش بوو. ئەو پارتانە لە سەرەتاوە خۆیان بە «پارتی نا-پارتی» ناوبرد، لێ تەنێ بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، لە کۆتاییدا هاوپەیمانیان لەگەڵ پارتی کۆنسێرڤاتیڤی CDU (یەکێتی دیمۆکراتی کریستیان)دا بەست.
هەر بۆیە ئەو جیاوازی دەخاتە نێوان «دەوڵەتسازی» (statecraft)، وەک خۆی بەو حوکمەتە نوێنەرایەتیی نەریتییە ناویبردووە کە هەرگیز بەڕاستی دەسەڵات بۆ هاوڵاتی ئاسایی ناگوازێتەوە، و «سیاسەت» (politics) ـــ زاراوەیەک کە وەک ئەو دەیگوت، پێویستە بیگەڕێنینەوە بۆ ئەوەی واتای خۆبەڕێوەبەریی دیمۆکراتیی ڕاستەوخۆی ئەنجوومەنەکانی گەل بدات، کە بەستراوەتەوە بە تەونێکی یەکگرتووەوە بۆ بڕیاردان و کاریگەریی لەسەر هەرێمەکان بە گشتی. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ئێستا ئێمە دڵخۆش دەکات بە بڵاوبوونەوەی ئەم پەرتووکە؛ ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی پاڵنەرەکانی میلیۆنان کەسە لە سەرانسەری جیهاندا کە داوای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ، نەک نوێنەرایەتی دەکەن. و ئەم پەرتووکە دەبێت یارمەتی هەموویان بدات بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
بەو پێیەی داواکاری «دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ» بووەتە دروشمێکی یەکگرتوو، کارەکەی باوکت دیسانەوە لەدایکدەبێتەوە. بەڵام جگە لەوەش، بە یەکێک لە کاریگەرتریین بیرمەندە ئەنارشیست و ئازادیخوازەکانی سەدەی ڕابردوو دادەنرێت. کچەکەی دەبێ چۆن بێت؟
پێموایە زیاتر لە یەک وەڵام هەیە بۆ ئەم پرسیارە. یەکێکیان سیاسەتە، ـــ بەشێکی زۆری ژیانی پێگەیشتووم وەک ڕۆژنامەنووسێکی لێکۆڵەر تێپەڕاندووە، بەڵام پاش کۆچی دوایی باوکم لە ساڵی ٢٠٠٦دا، هەستمکرد ئەرکی من ئەوەیە بیرۆکەکانی وی پێشبخەم، چونکە هیچ کاتێک بە زەقی وەک ئەم سەردەمە پێویستی بە گۆڕانکاریی سیاسیی نەبووە و کارەکانی ئەویش بەشدارییەکی سەرەکیی لە تیۆری چەپدا دەکەن.
وەڵامێکی دیکە بۆ پرسیارەکە زیاتر کەسییە: من منداڵییەکی نائاساییم هەبوو، چونکە هەردوو دایک و باوکم چالاکوان بوون و هۆگری بیرۆکەی جیاواز بوون. مورای خۆپەروەردەکار بوو، هەرگیز نەچووە کۆلێژ، لە هەموو شتێک، لە فیزیاوە بیگرە تا فەلسەفە خۆی فێردەکرد، بەتایبەتی شارەزاییەکی باشی لە دیرۆک هەبوو. ئەو ئارەزوویەکی ناوەکیی هەبوو بۆ ئەوەی هەموو شتێک بخاتە ناو چوارچێوە (کۆنتێکست)ـی خۆیەوە، ئەمەش ئەوی زۆر سەرنجڕاکێش کردبوو. دایکیشم، بیا، بیرکاریزان بوو، ڕاستییەکەی دەکرێت بە بیرمەندێکی دیالێکتیک هەژمار بکرێت. بەهۆی ڕۆشنبیریی و هەستەکانییەوە بۆ مورای ببووە هەڤاڵێکی ڕاستەقینە و هاوکاری وی دەکرد گەشە بە بیرۆکەکانی بدات.
ئەوان لەیەکەوە نزیک بوون، هەرچەندە تەنیا بۆ ماوەی ١٢ ساڵ هاوژین بوون، بەڵام بۆ دەیان ساڵ پێکەوە ژیاون ــ تا سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠. بەهۆی وتوێژە بێکۆتاکان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییە فکریی و سۆزدارییەکان، ماڵباتەکەمان شوێنێکی نایاب بوو بۆ پەروەردە و قۆناغی گەورەبوونی منیش لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ بوو ــ لە ڕووی سیاسییەوە ئەمە کاتێکی زۆر چالاک بوو، بۆیە ماڵەکەمان بە بەردەوامی پڕ بوو لە کەسانی سەرنجڕاکێش، ئەمە بۆ منداڵیی من خۆشبەختییەکی زۆر بوو.
لە کۆتاییدا ئەو شتەی کە من لەبارەی هەردوو دایک و باوکمەوە دەینرخێنم، خۆشەویستییە گەورەکەیانە بۆ بیرۆکەکان ـــ پابەندبوونی بەردەوامیانە بەو بیرۆکە مەزنانەوە کە لە بنەڕەتەوە ئەگەری گۆڕانکاری سیاسیی پێکدەهێنن ــ و ئارەزووی وان بۆ بەرجەستەکردنی ئەم بیرۆکانەش بەرز دەنرخێنم.
دەتوانن پێمان بێژن مورای بۆکچین چۆن کەسێک بوو؟
هەرچەندە کاتێک بابەتە مشتومڕسازەکانی دەخوێنینەوە، سەختە باوەڕ بەمە بکرێت، لێ مورای زۆر گەرموگوڕ و خاکەڕا بوو و گرنگیی بە کەسانی دەوروبەری دەدا. ئەو یارمەتی خوێندکارانی خۆی دەدا لە پەیمانگەی ئیکۆلۆژیا و مرۆڤێکی زۆر کۆمەڵایەتیی بوو ـــ ئەو حەزی لە هاودەمی باش بوو.
لە زۆرێک لە نووسینەکانی خۆیدا، بەتایبەتی لە کارە سەرەتاییەکانیدا، وەک وتارەکانی «ئەنارشیزمی پاشکورتهێنان» و بێگومان «ئابووری ئازاد»، لێ هەروەها لە وتارەکانی دواتردا، وەک «ئەنارشیزمی کۆمەڵایەتیی یان ئەنارشیزمی شێوازی ژیان»، دەتوانین درک بە چڕی ڕوانگەی یوتۆپیی وی بکەین، واتە ئەو باوەڕەی کە خەڵک شایەنی ئەوەن لە جڤاکێکدا بژین زۆرترین داهێنان و ئازادی فەراهەم بکات. ئەو بۆ ژان و ئازارە مرۆییەکان گەلەک هەستیار و هاوسۆز بوو، تەنانەت هەندێک جار دەورووژا. لە هەمان کاتدا عەقڵانییانە بیری دەکردەوە و بە تووندیی هەستی بەوە دەکرد کە مرۆڤ ئەرکی ئافراندنی کۆمەڵگەیەکی عەقڵانیی لەسەرە.
وەک هەموو بیرمەندان کە بە درێژای دەیان ساڵ کاریان کردووە، بیرۆکەکانی باوکت بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاون. چۆن ئەمە ڕووندەکەیتەوە؟
مورای بە بەردەوامی لێگەڕینی دەکرد و پێداچوونەوەی بە ڕوانگەکانیدا دەکرد. ئەو ڕێگەی دا تیۆرییەکانی بە شێوەیەکی ئۆرگانیی و دیالێکتیکیی گەشەبکەن و خۆی بە دۆکترینی تیۆرییەوە نەچەسپاند ـــ جا ئەنارشیتیی بن یان مارکسیستیی. لە لایەکی دیکەشەوە، مورای لە هەڵە بێبەری نەبوو. کەواتە، هەرچەندە من هاوڕام لەگەڵ ڕەخنەی وی لە ئەنارشیزمی «شێوازی ژیان» (لە پەرتووکی «ئەنارشیزمی کۆمەڵایەتیی یان ئەنارشیزمی شێوازی ژیان: خەرەندی بێ پرد کە لە ساڵی ١٩٩٥ بڵاوکرایەوە)، بەڵام پێموایە هەڵەی ستایلیستیی هەبووە کە تۆنێکی تووندی ناپێویستیان پێبەخشیوە ـــ لە ئەنجامیشدا زۆرێک لە ئەنارشیستە بێبڕیارەکان ڕوانگەی ئەویان بە ئەستەم قەبووڵ دەکرد.
بەڵام ئێستا پێموایە، دوای بیست ساڵ، ڕەخنەکانی وی نەک تەنیا سەبارەت بە ئەنارشیزمی «ستایلی ژیان»، بەڵکو لە پەیوەندیی بە خودی ئەنارشیزمیشەوە ئەزموونی کاتیان وەستاندووە. هەروەها دەتوانین بێژین، کۆمونالیزم لەم چوارچێوەیەدا دەبێت وەک پێشکەوتنێکی لۆجیکیی سەیربکرێت کە بۆشایی ڕێکخراوەیی لە ئەنارشیزمدا پڕدەکاتەوە. هیوادارم ئەو ئەنارشیستانەی کە ئەم کۆمەڵەوتارە دەخوێننەوە، کۆمونالیزم وەک دەرئەنجامێکی سرووشتی ئەنارشیزم ببینین و ڕەخنەی مورای لە شکستەکانی ئەنارشیزم لە کۆنتێکستی گەڕانەکانیدا بەدوای ئامرازێکی بەهێزدا بۆ گۆڕانکاریی شۆڕگێڕانە سەیربکەن.
لە ڕوانگەی ئێوەوە، بۆچی بە بۆچوونی زۆرێک لە خوێنەران مورای لە پەرتووکی «ئەنارشیزمی کۆمەڵایەتیی یان ئەنارشیزمی شێوازی ژیان»ـدا تۆنێکی هێندە تووندی وەرگرتووە؟
مورای بە درێژا ژیانی ئەوەی ڕووندەکردەوە کە بۆچی تەنیا لە ڕێگەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوەوە دەتوانرێت بەرەنگاریی ناعەقڵانیی سەرمایەداری بکرێت، لێ گرووپێکی ئەنارشیت ئەم ئامانجەیان لە بەرژەوەندیی سیاسەتێکی تاکگەرایی، دژەتەکنۆلۆژیا و سەرەتاییگەرایی ڕەتکردەوە کە مورای هەر وەک سەرمایەداری بە ناعەقڵانیی دەزانی.
کەواتە، گەر تۆنەکەی هێندە تووند بووبێت، ئەوا لەبەر ئەوەیە کە بە نائومێدییەوە هەوڵیدەدا ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی ئەنارشیزم ڕزگاربکات. هەروەها مورای بێبەزەییانە ڕەخنەی لە تیۆری «ئیکۆلۆژیای قووڵ» (deep ecology) دەگرت، ـــ بۆ نموونە، زۆر پێش ئەوەی کەسانی دیکە بوێرن جەختی لەسەر بکەنەوە، بە ڕوونی ڕایگەیاندبوو، کە «ئیکۆلۆژیای قووڵ» لە بنەڕەتەوە فەلسەفەیەکی سیاسیی خراپەکار و دژە-عەقڵانییە. لەناو ئەنارشیستەکان و لایەنگرانی «ئیکۆلۆژیای قووڵ»ـدا خەڵکێکی زۆر هەبوون توانایان نەبوو بەرسڤی ڕەخنەکەی وی لەسەر ئەو بیرۆکانە بدەنەوە. هەر بۆیە دەستیانکرد بە هێرشکردن لەسەر ژیانی کەسیی مورای.
ئاندی پرایس لە زانکۆی شێفیڵد هالام لە ئینگلتەرا لە پەرتووکەکەی خۆیدا «دووبارە خوێندنەوەی بۆکچین: ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی و قەیرانەکانی سەردەمەکەمان» بە شێوەیەکی نایاب ڕەخنەی مورای لە ئەنارشیزم و «ئیکۆلۆژیای قووڵ» شیدەکاتەوە و هەوڵەکانی لایەنگرانی ئەم بزووتنەوانە بۆ گاڵتەکردن بە وی پووچەڵدەکاتەوە. پەرتووکەکەی پرایس بە شێوەیەکی ناوازە ئەم پرسانە شیدەکاتەوە، و تەنانەت دەتوانین بە دەروازەیەک بۆ تیۆرییەکانی مورای دایبنێین.
کام لە بیرۆکەکانی مورای بە گرنگتر دەزانیت؟
پێویستی بیرکردنەوەی دیالێکتیکیی: بۆ ئەوەی شتێک بەڕاستی بناسین، پێویستە لە پرۆسەی گەشەسەندندا بیبینین، ـــ نەک لە فۆرمی وەستاودا (statically)، نەک بەو شێوەیەی کە «هەیە» (is)، بەڵکو بەو شێوەیەی کە توانا و ماتەوزەی بۆ «بوونبە» (become) هەیە. واتە هیرارشی (پلەبەندی) و سەرمایەداری دەرئەنجامێکی ناچارەکیی گەشەسەندن نەبوون؛ میراتێکی ئازادیی هەمیشە شانبەشانی میراتی باڵادەستی بوونی هەبووە. ئەوە ئەرکی ئێمەیە وەک مرۆڤ کە توانای بیرکردنەوەی عەقڵانییمان هەیە، هەوڵبدەین ئاکار و بونیادێکی کۆمەڵایەتیی پەرەپێبدەین کە زۆرترین ئازادی فەراهەم بکات.
ئەی لە ئێستادا زیندووتریین دەستکەوتەکانی وی چین؟
لە بنەڕەتیتریین ئاستدا، ناساندنی ئیکۆلۆژیا (ژینگەناسی) وەک کاتیگۆرییەکی سیاسیی لەڕادەبەدەر گرنگە. ئەو پەنجا ساڵ پێش سەردەمی خۆی کەوتووە کاتێک بە ڕاشکاویی ڕایگەیاند کە سەرمایەداری لەگەڵ ژیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سرووشتدا ناگونجێت. ئێستا ژمارەیەک لە چالاکوانان، وەک نوامی کلاین، ئەم چەمکەیان گرتووەتەبەر و لەناو خەڵکدا بەناوبانگیان کرد. ئەو هەروەها پێش سەردەمی خۆی کەوتبوو لەوەی لە ڕوانگەی چەپەوە ڕەخنە لە چەپ بگرێت، و پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە پێویستە مارکسیزمی نەریتیی کە گرنگی بە پرۆلیتاریا وەک چینێکی هەژموونگەر و کورتکردنەوە ئابوورییەکەی دەدات، ڕەتبکرێتەوە لەپێناو فراوانکردنی بازنەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی.
بەڵام پێموایە لەوەش گرنگتر، ئارەزووی ئەو بوو بۆ پەرەدان بە تیۆرییەکی کۆمەڵایەتیی یەکگرتوو کە لەسەر بنەمای فەلسەفە دامەزراوە. بە واتایەکی دیکە، بەدوای بناغەیەکی بابەتیی بۆ کۆمەڵگەیەکی ئاکاریی دەگەڕا. بۆیە ئەمەش وای لێ کرد بەردەوام خۆی نووقم بکات لە دیرۆک، ئەنترۆپۆلۆژیا (مرۆڤناسی) و تەنانەت لە بایۆلۆژیا و زانستەکاندا، ـــ هەموو ئەمانەش لەپێناو پێشخستنی ئەو بیرۆکەدایە کە هاوکاریی، تەواوکەریی و لایەنەکانی دیکەی پەرەسەندنی سرووشتیی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مرۆڤەکان توانایان هەیە بە شێوەیەکی عەقڵانیی ژیانی خۆیان ڕێکبخەن، ـــ بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتر و جیهانی سرووشتییدا بژین؛ بۆ ئەوەی ئێمە ئەوە چێ بکەین کە ئەو بە «سرووشتی ئازاد» ناویبرد. و لەم واتایەشدا من لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام کە ئەو یەکێک بوو لە بیرمەندە ڕەسەنەکانی سەدەی بیستەم.
لەم دواییانەدا ناوی بۆکچین لە پەیوەندیی لەگەڵ بزووتنەوەی ئۆتۆنۆمی کورددا هاتووەتە ئاراوە. دەتوانن کەمێک باسی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی وی لەسەر بەرخۆدانی کورد و فۆرمەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییان بکەن؟
لە ئێستادا کوردان لە هەندێک ناوچەی تورکیا و باکووری سوریا سەرقاڵی یەکێک لە بوێرتریین و داهێنەرتریین پرۆژەن و لەسەر بنەمای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ گەشە بە سیستەمێکی سیاسیی و بڕیاردان دەدەن. مورای دوو ساڵ پێش مردنی لە ساڵی ٢٠٠٦دا پەیوەندیی بە عەبدوڵڵا ئۆجالان ـــ ڕێبەری زیندانیکراوی بەرخۆدانی کوردەوە کرد. هەرچەندە هەرگیز دەرفەتی گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان نەبوو، بەڵام ئۆجالان دەستیکرد بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە کارەکانی مورای، ـــ بە تایبەتی بەرهەمە سەرەکییەکانی، وەک «ئیکۆلۆژیای ئازادیی» و «لە شارنشینییەوە بۆ شارەکان».
لە ئەنجامدا ئۆجالان وازی لە ڕێبازی مارکسیستی-لینینیستی بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتیی هێنا و ڕێبازی شارەوانی خۆبەڕێوەبەریی ئازادی نادەوڵەتیی مورای پێشخست. ئۆجالان بیرۆکەکانی مورای وەرگرت و ئەو چەمکەی خۆی پەرەپێدا کە بە «کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک» ناوی دەبات. و ئێستا ئێمە دەبینین کە چۆن ئەم بیرۆکانە لەناو پێکهاتە کوردییەکان لە تورکیا و لە هەرێمی ڕۆژئاڤا لە باکووری سوریا کاردەکەن، لەوانەش لە شاری کۆبانێ کە تێیدا هێزە کوردییەکان شەڕیان کرد و دوای ١٣٤ ڕۆژ لە شەڕکردن دەوڵەتی ئیسلامییان لە شارەکە دەرکرد.
ئەم شارانە جێگەی سەرنجن کە تێیاندا شتێکی وەک ئەنجوومەن لەسەر بنەمای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ ڕێکدەخەن و هەموو ئەندامێکی جڤاک بەبێ گوێدانە نەتەوە، ئایین و ڕەگەزەکەی بەهێز دەکەن. ئەوان هەموو بنەماکانی بڕیاردانیان دامەزراندووە، وەک دیمۆکراتی، بەڕێوەبردنی ئیکۆلۆژیا (ژینگەناسی)، یەکسانی و نوێنەرایەتی بۆ کەمینە ئێتنیکییەکان و ژنان کە لە ئێستادا ٤٠٪ی ئۆرگانەکانی بڕیاردان پێکدەهێنن. ئەوان بنەماکانی ئازادیی قسەکردن (ڕادەربڕین)ـیان دامەزراندووە و تا ڕادەیەکی زۆر ئابووری خۆیان لە چوارچێوەی شارەوانی خۆبەڕێوەبەریی بەرجەستەکردووە. و ئەوەش گرنگە کە ئەوان ئۆتۆنۆمی کورد بە دانەبڕاو لە پرسی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ڕزگاریخواز و نا-سەرمایەدار بۆ هەمووان دەبینن و ناوچەیەکی سەربەخۆیان درووستکردوو کە ئێستا وەک ئاڵنگارییەکی ڕاستەقینە لە هەمبەر دەوڵەت-نەتەوە وەستاوە.
ئەم جۆرە خۆبەڕێوەبەرییە مۆدێلێکە نە تەنێ بۆ هەرێمێکی دیاریکراو، بەڵکو بۆ هەموو جیهانیش. خۆزگە مورای کە نەک هەر تەنیا بڕوای بە مۆدێلی شارەوانی خۆبەڕێوەبەری ئازاد هەبوو، بەڵکو بڕواشی بە خەبات و ململانێی کورد لەپێناو سەربەخۆیی هەبوو، تا ئەم ڕۆژە بژیبایە و هەموو ئەمانەی بە چاوی خۆی ببینیایە.
لە پێشەکی پەرتووکەکەدا ئاماژەتان بەوە کردووە کە کاریگەری مورای لەسەر سیاسەت و پراکتیکی تەڤگەرە کۆمەڵایەتییە تازەکانیشدا دەبینرێت. ڕاتان چییە لەسەر میراتەکەی وی بۆ تەڤگەرە کۆمەڵایەتییەکان و ئامانجانتان لە چاپکردنی ئەم پەرتووکە چییە؟
من پێموایە دەتوانین بەشێک لە بیرۆکەکانی مورای لە زۆرێک بەرهەمە تیۆرییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکاندا ببینین، بۆ نموونە لە کارە تیۆرییەکانی وەک دەیڤید هارڤی و مارینا سیترین. هاوسەرنووسەرەکەم بلێر تایلۆر، کاندیدی دکتۆرا لە قوتابخانەی نوێی کۆمەڵناسی لە بەشی سیاسەت، پسپۆڕ لە مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە تازەکان، تێبینی ئەوەی کردووە کە زۆرێک لەو بزووتنەوانە پێشتر بیرۆکەکانی موراییان وەرگرتووە، تەنانەت ئەگەر هەندێک جار بێئاگاییش بێت. ئەمە دەتوانین لە بەکارهێنانی گرووپە نزیکەکان (affinity groups)دا [بریتییە لە کۆمەڵێک تاکەکەس کە لە دەوری بەرژەوەندیی هاوبەش یان ئامانجێکی هاوبەش پێکهاتوون. و. کوردی]، وتەبێژ-ئەنجوومەنەکان و فۆرمەکانی دیکەی ڕێکخستنی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆدا ببینین؛ بەتایبەتی لە پرسەکانی وەک باڵادەستی و ئەنارشیدا دیارە؛ لە تێگەیشتن لە سیاسەتی پێشوەخت وێناکراو (pre-figurative politics)دا، ـــ واتە ئێمە دەبێت بەو بەهایانەی بزووتنەوەکەمان بژین کە دەخوازین پێیان بگەین لە کۆمەڵگەیەکی تازەدا.
مورای هەموو ئەم چەمکانەی لە ساڵانی ١٩٧٠دا ناساندووە. و ئێوە ئەوەش دەبینن کە چۆن ئەم بیرۆکانە لەناو تەڤگەرە شارییەکان و تەنانەت لە شەقامەکانیشدا کاردەکەن، ـــ کاتێک پەیامنێران لە خۆپیشاندەران دەپرسن: «ئێوە چیتان دەوێت؟»، ئەوانیش وەڵامدەدەنەوە: «دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ». هەروەها جێگەی سەرنجە کە بیرۆکەکانی مورای لەلایەن کەسانی وەک دەیڤید هارڤی و دەیڤید گرێبەرەوە باس دەکرێن و نەوەی نوێ بە شێوەیەکی تازە دەیانخوێننەوە. من هیوا دەخوازم ئەو تەڤگەرە کۆمەڵایەتییانەی ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا شێوەیان گرتووە، بیرۆکەکانی ئەم پەرتووکە وەک ڕێگەیەک بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی خەڵک (گەل) لە ئاستی شارەوانی خۆبەڕێوەبەرییدا سەیربکەن ـــ بۆ ئەوەی بتوانین ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانە بەدامەزراوەیی بکەین کە پێویستن بۆ گواستنەوە لە بەرهەڵستی (ناڕەزایەتی)ـیەوە بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە، ـــ بۆ کۆمەڵگەیەکی خۆبەڕێوەبەر و داهاتوویەکی ئازاد.
- ئەم هەڤپەیڤینە بە زمانی ئینگلیزیی لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٥ لە سایتی (ROAR) و بە ڕووسیی لە ٣١ ئازاری ٢٠١٥ لە سایتی (Ру Рабкор.) بڵاوبووەتەوە. سەرچاوەی وەرگێڕانەکە:
Букчин: живое наследие американского революционера. https://rabkor.ru