گوتار

ئایدیۆلۆژیا؛ هەوێنی ئازادیی، هەبوون و یەکبوونە

جەمیل بایک

داگرتنی فایلی PDF

شەڕی سێهەمی جیهانیی بەوپەڕی دژوارییەوە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمەکەمان بەردەوامە. دەرەنجامە ڕووخێنەرەکانی ئەم شەڕە، کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر هەموو مرۆڤایەتیی و بە تایبەت لە سەر منداڵان، گەنجان، ژنان، ڕەنجدەران و زەحمەتکێشان و توێژی بێکاری کۆمەڵگا دادەنێن. ئەو چەکە کیمیاییانە، ئەو ئاگر و سووتانەی لە ئەنجامی بەکارهێنانی بۆمب و سارووخی بالیستی و چەکی جۆراوجۆر بەرپا دەبن، سرووشت و ژینگەکەمان وێران و کاول دەکەن. لە قۆناغێکی وادا ڕەنگە چاوەڕوانییەکی وەها هەبێت کە مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکە، زیاتر لە سەر بابەتی سەربازیی، هاوسەنگیی سیاسیی و ستراتیژ و تاکتیک بنووسێت. ڕەنگە زۆر نامۆ بێت ئەگەر مرۆڤ لە کاتێکی وادا بێت و لەسەر ئایدیۆلۆژیا، گرنگیی و کاریگەرییەکانی ئایدیۆلۆژیا لە سەر کوردستان، کاریگەرییەکانی ئایدیۆلۆژییە داگیرکاریی (کۆڵۆنیاڵیی)ـیەکان لە سەر تاک و کۆمەڵگا،  بۆچوونی مرۆڤی کورد سەبارەت بە ئایدیۆلۆژیا و بابەتی هاوشێوە بنووسێت. بەڵام بۆ تێگەیشتنێکی ڕاست سەبارەت بەم قۆناغە پڕ لە شەڕ و ئاڵۆزییە و لە پێناو گرتنەبەری هەڵوێستێکی ڕاستی شۆڕشگێڕانە، دیموکراتیی و نیشتمانپەروەرانەدا، پێویستە تێگەیشتنێکی ڕاستی ئایدیۆلۆژییمان هەبێت. چونکە لە بنەڕەتدا، ئەو فاکتەرانەی ئاڕاستەی هەموو ئەم ڕووداو و  پەرەسەندنانە  دیاریی دەکەن، هەمان ئەو ئایدیۆلۆژیانەن وا توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، لە دەسەڵاتدارەکانەوە بگرە تا چینی ناوەند و  چەوساوەکان و گرووپە دینیی و ئاینییەکان، خاوەندارییان لێ دەکەن.

هەروەها قەڵەمفرۆشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، بە تایبەت دوای هەڵوەشانەوە و ڕووخانی سۆسیالیزمی واقعیی (یەکێتیی سۆڤێت)، بە شێوەیەکی بەربڵاو و بەردەوام هەزاران شێواز و ئامڕازی جۆراجۆر بۆ بچووکاندن، سووکایەتیپێکردن، ڕەشکردن و بێخۆ و بێواتا نیشاندانی ئایدیۆلۆژیا بەکار دەهێنن. ئەم هێرشانە تا ئێستاش هەر بەردەوامن. هەربۆیە بە گرنگ و پێویستم زانی لە سەرەتای ئەمساڵدا، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەهێز پێشوازیی لە ساڵی نوێ بکەین، نووسینێکی وا بنووسم. بابەتی ئایدیۆلۆژیا گرنگە. شتێک نییە مرۆڤ بتوانێت تەنیا بە نووسینی بابەتێک لە ناو گۆڤارێکدا بە شێوەیەکی تێروتەسەل گوزارشتی لێ بکات و هەموو ڕەهەندەکانی شی بکاتەوە.

دوای دەرکەوتنی هێزی تیۆریی و ئەبستراکتیی (abstraction) لە مرۆڤدا یاسای “سەرەتا هزر، پاشان کردەوە” پەسەند دەکرێت. واتە، مرۆڤ سەرەتا بیر دەکاتەوە، پاشان بەگوێرەی بیر و هزرەکەی دەجووڵێتەوە. جووڵەی بێ هزر، نەک هەر هیچ ئەنجامێکی لێ ناکەوێتەوە، زیانیش دەدات. یان مرۆڤ هیچ کاتێک ناگاتە ئەو ئەنجام و ئامانجانەی ئارەزووی دەکات. ئەگەر ئەمە بۆ مرۆڤ ڕاست بێت، ئەو کاتە بۆ گەلان، ژنان، چینە چەوساوەکان و گرووپە باوەڕمەندەکان زیاتر ڕاستە. ئەگەر گەلێک، چینێک، ڕەگەزێک یان گرووپێکی باوەڕمەند سەبارەت بە داهاتووی خۆی نەبێتە خاوەن بیر و هزرێکی هاوبەش و سیستەماتیک، ناتوانێت خۆی لە هەڵوەشانەوە و لەناوچوون ڕزگار بکات. بەم سیستەمەی بیر و هزر دەگوترێت ئایدیۆلوژیا.

بە گشتی ئایدیۆلۆژیا وەک زانستی هزر و بیر پێناسە دەکرێت. لە بواری ڕەگوڕیشەی ئێتیمۆلۆژیدا، ئەم دەستەواژەیە لە یەکگرتنەوەی دوو وشەی “ئایدیا” و “لۆگۆس”  پێک هاتووە.  تا ئەو جێگایەی دەزانین چەمکی ئایدیۆلۆژیا سەرەتا لەلایەن ” دیستوت دی ترەیسی” (Destutt de Tracy) بەکار هێنراوە. ئەم کەسە فەیلەسووفێکی سکۆتلەندییە. پەرتووکێکیشی هەیە بەناوی “پێکهاتەکانی ئایدیۆلۆژیا”. لە نێوان ساڵەکانی “١٧٥٤-١٨٣٦” ژیاوە. نووسەرێکی دیش بە ناوی لویس ئاڵتۆسێر (Louis Althusser) پەرتووکێکی نووسیوە بە ناوی “ئامڕازە ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەت” و ئەم بابەتانەی لەوێ شی کردووەتەوە. ڕەنگە وەک ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، دەستەواژەی ئایدیۆلۆژیی  سەرەتا لە سەدەی ١٨ـدا بەکار هێنرابیت. بەڵام ئایدیۆلۆژیا و ڕەگوڕیشەی ئایدیۆلۆژیا هێندەی مێژووی مرۆڤایەتیی کۆن و دێرینە. ئەگەر لە مێژووی ئایدیۆلۆژیا بکۆڵینەوە، ئەمە دەمانباتەوە قۆناغە سەرەتاییەکانی بەمرۆڤ‌بوون.

مرۆڤەکان سەرەتا نەیانتوانیوە کردەوەکانی خۆیان پێناسە بکەن، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، هەوڵیان داوە کردەوەکانی خۆیان بە شێوەی جۆراوجۆر بهێننە زمان و ناوی لێ بنێن. مرۆڤەکان بەو ڕێژەیەی کە توانیویانە، پێداویستییە ڕۆژانەییەکانیان دابین بکەن، دەستیان کردوە بەوەی ئیتر سەبارەت بە سبەڕۆژ و ڕۆژانی پاشتریش دۆخی بەردەمی خۆیان ببینین و سەبارەت بەوەش پلان دابڕێژن. ئەوەی بنەمای هەستی هاوبەش، هزری هاوبەش و ئایدیۆلۆژیای هاوبەش پێک دەهێنێت، بەسەربردنی ژیانە لە هەلومەرج و دۆخی یەکسان و هاوبەشدا.

ڕێبەر ئاپۆ هەر لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٧٠ بە شێوەیەکی زۆر ڕژد لە سەر بابەتی ئایدۆیۆلۆژیا ڕاوەستەی دەکرد. پەرەدان بە ئایدیۆلۆژیایەک کە ئازادیی گەلێک مسۆگەر بکات لای ئەو  خاوەن نرخ و گرنگییەکی ژیانیی بوو. هەر بۆیە شەو و ڕۆژی خستبووە سەر یەک و  لە سەر ئەم بابەتە خەریکی لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ بوو. بەرەبەرە، دەستی کرد بە گواستنەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بۆ ژمارەیەکی سنووردار لە کەسانی جێمتمانەی دەوروپشتی خوی، ئەوانیشی ڕاکێشی هزراندن و قاڵبوونەوەیەکی لەم چەشنە کرد.

ڕێبەر ئاپۆ ئەو پەرتووک و گۆڤارانەی لەو کاتەدا سەبارەت بەم بابەتە چاپ و بڵاو کرابوونەوە، هەموویانی خوێندەوە و لێکۆڵینەوەی لە سەر کرد. ڕێبەر ئاپۆ بە واتادان بە ژیانی گوند، دۆخی بنەماڵەکەی، ساڵانی قوتابخانە، ژیانی شار، ڕاستینەی دەوڵەتی داگیرکەر، ژیانی ئەو کرێکارە وەرزییانەی پەموویان دەچنییەوە، کێشەکانی سەردەمی خوێندن لە زانکۆ و هەروەها بە ئەزموون وەرگرتن لە دیالۆگ و گفتوگۆ ئایدیۆلۆژییەکان، بنەڕەتی ئایدیۆلۆژییەکی نوێی دانا. ئەم فاکتەرانە هەموو خاوەن ڕۆڵێکی بنچینەیی بوون لە داڕشتنی ئایدیۆلۆژییدا. پەرتووکی “ئایدیۆلۆژیا-سیاسەت چییە؟ چۆن دەرکەوتووە؟”ـی ڕێبەر ئاپۆ سەرەتا لە ساڵی ١٩٧٨ چاپ و بڵاو کرایەوە، یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەم لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و گفتوگۆیانە. لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی زۆر پوخت و بە زمانێکی زۆر سادە، باسی دەرکەوتنی ئایدیۆلۆژیاکان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتداران و داگیرکەران چۆن بە درێژایی مێژوو ئایدیۆلۆژیایان بەکار هێناوە و ئەم ئایدیۆلۆژیایانە چ کاریگەرییەکی ڕووخێنەریان لە سەر کۆمەڵگای کوردستان و تاکی کورد داناوە. هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کاریگەرییە ڕووخێنەرانە، گرنگیی و پێویستیی پەرەدان بە ئایدیۆلۆژیای سەربەخۆ، زەرورەت و واتای کارێکی لەم شێوەیە دەخاتە ڕوو و لە سەر پەیوەندیی نێوان ئایدیۆلۆژی و سیاسەت و بابەتی هاوشێوە ڕاوەستە دەکات. لەم پەرتووکەدا ئایدیۆلۆژیا بەم شێوەیە پێناسە دەکات: زئایدیۆلوژیا، کۆی ئەو  بیر و هزرانەیە وا بە شێوەیەکی سیستەماتیک  لە بەرژەوەندیی یان لە دژی بەرژەوەندیی گرووپێک، چینێک، کۆمەڵگایەک دادەڕێژرێن و پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانە و داهاتوویانەوە هەیە.س ئەمە پێناسەیەکی گشتی ڕێبەر ئاپۆ بوو سەبارەت بە ئایدیۆلۆژیا. هەڵبەت، داهێنان و داڕشتنی “کۆی سیستەمێکی هزریی بۆ ژیانی ڕۆژانە و داهاتووی” گەلەکەمان، بە تایبەت لە نیشتمانێکدا کە نکۆڵیی لێ کراوە و تەنانەت ناوهێنانی تاوانە و قورسترین سزای بەدواوەیە، شتێکی ئاسان نییە. چونکە ئەگەر تۆ گرنگییەکی ژیانیی بدەیتە پێویستی هەبوونی ئایدیۆلۆژیا، ئەوا پێویستیش دەکات بە هەمان گرنگییەوە کار بۆ داهێنانی ئایدیۆلۆژیایەکی وەها بکەیت. ئەگەر کەسێک خەمی ئایدیۆلۆژیایەکی نەبێت، خەم لە داهێنان و داڕشتنەکەشی ناخوات. بە تایبەت، خۆی لەگەڵ ئەو ئایدیۆلۆژیایە و ئەو ئایدیۆلۆژیایەش لەگەڵ خۆی یەکانگیر ناکات و نایکاتە شووناسی خۆی. ئەگەر کەسێک ئایدیۆلۆژیا دەرخواردی کەسایەتیی خۆی نەدات، واتە کەسایەتیی خۆی بەگوێرەی ئەو ئایدیۆلۆژیایەی درووستی کردووە، دانەڕێژێت، نە لە بواری ڕێکخستن و نە لە بواری چالاکییدا ناتوانیت ئەو ئایدیۆلۆژیایە بخاتە واری کردارییەوە. ئەگەریش بتوانێت، ئاستی هەوەسێکی کورتماوە تێپەڕ ناکات. لە مێژوودا نموونەی کەسی وامان زۆرە کە بۆچوونێکی بەم شێوەیەیان سەبارەت بە ئایدیۆلۆژیا هەبووە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ، هەر لە دەستپێکەوە خەمی داهێنانی ئایدیۆلۆژیایەکی ڕزگاریی هەبووە و هەر لەم پێناوەشدا هاوتەریب و هاوشان لەگەڵ داهێنانی ئایدیۆلۆژیی، کەسایەتیی خۆیشی درووست کردووە و دایڕشتووە.

ڕێبەر ئاپۆ بە سەرنجدان لە ژیانی ناو گوند و بە تایبەت بەسەرهاتی خوشکە گەورەکەی، لە نزیکەوە دۆخی چەوساندنەوە، داگیرکاریی و سووکایەتیی دژ بە ژنانی بینی. لە ساڵانی دواتردا، چ لە ناو ژیانی کۆمەڵایەتییدا بێت چ لە ناو ژیانی حزبیدا، لە قووڵاییەوە دەرک و هەستی بەو کێشانە کردووە وا ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە. لەسەر ئەم بنەمایە لە ساڵی ١٩٩٨ بە پەرەدان بە “ئایدیۆلۆژیای ڕزگاریی ژن”، خزمەتێکی گەورەی بە هەموو ژنانی جیهان، بە تایبەت ژنانی کوردستان کرد. ئەو درووشمەی کە ڕێبەر ئاپۆ وەک “ژن، ژیان، ئازادیی” دایڕشت، بوو بە  سەرنجڕاکێشترین گوزارشتی گەردوونیی لەم ئایدیۆلۆژیایە.

 لە پەرتووکی “ڕێگای شۆڕشی کوردستان”ـدا، ڕێبەر ئاپۆ هەتا مۆخی ئێسک هەست بەو وێرانکارییانە دەکات کە بیر و ئایدیۆلۆژیای داگیرکەر لەسەر نیشتمان و گەلەکەمان دایناوە، ئیدی هەڵوێستی شۆڕشگێڕیی بەرانبەر ئەمانە وەردەگرێت.

ڕێبەر ئاپۆ بە تایبەت بە شێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش ئاماژە بە گرنگیی سەربەخۆیی هزریی و ئایدیۆلۆژیا دەکات. دەڵێت: زئایدیۆلۆژیای کەمالیستی تا ئێستاش سەرقاڵی پەرەدانە بە نەتەوەپەرەستیی تورک لە کوردستاندا، تەنیا بە پێگەیاندنی توێژێکی گەنجی نۆکەر و خۆبەدەستەوەدەر بەسەندەی نەکردووە، بەڵکوو بڕیاری کۆتایی داوە دەست بە سەر هەموو نرخ و بەها نەتەوەییەکانی کورددا بگرێت و بیانگۆڕێت بۆ نرخ و بەهای نەتەوەیی تورک. لە کوردستاندا جەماوەرێک هەیە کە بەهۆی  ئەوەی لە ژێر چەپۆکی دەسەڵاتی داگیرکەردایە، تا ڕادەیەک بێدەنگیی بەرانبەر ئەمە هەڵبژاردووە. ڕەنگە مرۆڤ بتوانێت بە جۆرێک لە بیانووی ئەم جەماوەرە تێبگات کە بۆ کەوتنە ژێر کاریگەرییە هزرییەکان دەیهێننەوە. بەڵام بۆ ئەو هێزانەی لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەیی سەریان هەڵداوە، گرێدراوبوونی هزریی، تەنانەت هێندە نووکی دەرزییەکێش بێت، یەکسان و هاوتایە لەگەڵ ناپاکیی نەتەوەیی. ئەوانەی نەتوانن لە گۆڕەپانی هزرییدا سەربەخۆیی بەدەست بهێنن، ئەوانەی نەتوانن بۆ ئەو نیشتمانەی لەپێناویدا تێکۆشان دەکەن، هزر و بیر بەرهەم بهێنن، جێگەیان لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستاندا نابێتەوە. ئەو کەسانەی کەمالیزم، سۆسیال شۆڤێنیی، ڕیفۆرمیزم و خۆبەدەستەوەدانی بۆرژوازیی و وردەبۆرژوازیی لەگەڵ خۆیان بهێننە نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، ئەمانە  لە هزر و چالاکییدا دوژمنی سەرسەختی ئێمەن. دیارترین ئامانجی تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی و ئایدیۆلۆژیی ئێمە ئەوەیە ئەمانە لە گۆڕەپانی هزرییدا لەناو بەرین.

هێشتا لەو ساڵانەدا ڕێبەر ئاپۆ ئایدیۆلۆژیای هەم بۆ خۆی و هەم بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازیی کوردستان وەک بابەتێکی بنەڕەتیی هەڵسەنگاندووە و پێی وابووە مسۆگەر پێویستە چارەیەک بۆ پرسی ئایدیۆلۆژیا بدۆزرێتەوە؛ هەربۆیەش بەردەوام لەمەڕ بابەتی پەرەپێدان و پێشخستنی ئایدیۆلۆژیا قاڵ بووەتەوە. چونکە ئایدیۆلۆژیا بابەتێکە هەم هێزە داگیرکەرەکانی سەر کوردستان و هەم پشتیوانەکانیان لە ناو سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا زۆر بە چڕوپڕیی ڕاوەستەی لەسەر دەکەن. ئەگەر خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ئەم قۆناغە مێژووییەی ئەمڕۆمان بکەین، دەبینین هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەگەر لەپاڵ هێزی سەربازییدا، پەرە بە هێزی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی و کەلتووریی خۆیان نەدەن، ئەوا ناتوانن هەژموونی خۆیان بەسەر دنیادا بسەپێنن و بەردەوامیی پێ بدەن. بە هەمان شێوە هێزە داگیرکەرەکانی خاوەن دەسەڵات لە سەر کوردستان بە تایبەتیش تورکیا، ئەوەندەی گرنگیی بە بابەتی سیاسیی و سەربازیی دەدەن، گرنگیی بە بابەتی ئایدیۆلۆژیی و کەلتووریش دەدەن. واتە پاش پاکتاوکردنی هێزی خۆڕاگریی کورد و داگیرکردنی سەربازیی و سیاسیی کوردستان، ئەو بابەتەی زۆرترین گرنگییان پێ داوە، بابەتی هەژموونی ئایدیۆلۆژیی و کەلتوورییە. بۆ نموونە، دەوڵەتی داگیرکەر و تەوکوژی (ژینۆسایدکەر) تورکیا پاش ئەنجامدانی تەوکوژیی جەستەیی لە سەر دێرسیم، هێشتا  ئاگر و دووکەڵی گوند و باژێڕە سوووتێنراوەکان دانەمرکابوو، مۆستەفا کەمال بانگی مامۆستایەک دەکات بە ناوی سەدیقە ئاڤار و پێی دەڵێت: “ئەرکی تۆ ئەوەیە پەرە بە تورکێتیی و ئایدیۆلۆژیای فەرمیی تورک بدەیت، بۆ ئەم کارەش سەرەتا لە منداڵانی کچەوە دەست پێ بکە”. چونکە باش دەزانن ئەگەر لە بواری هزریی و دەروونییەوە ڕەوایەتیی بە دەسەڵاتی داگیرکەریی خۆیان نەدەن، ئەوا ناتوانن بۆ درێژمەودا لە دێرسیمدا بمێننەوە. هەربۆیە گرنگییەکی تایبەت بە پرسی ئایدیۆلۆژیی و کەلتووریی دەدەن.

هەر دەوڵەتێکی داگیرکەر خاوەن ئایدیۆلۆژیایەکی دامەزراوەییە و نکۆڵیی لە هەبوونی کوردستان دەکات. هەموو شتێک بەگوێرەی ئەم ئایدیۆلۆژیا فەرمییە پلانی بۆ دادەڕێژرێت و جێبەجێ دەکرێت. ئارمانجی ئەم ئایدیۆلۆژیا فەرمییانە لە بنەڕەتدا ئەوەیە تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردیی لە مێژوو، کەلتوور، زمان و ئیرادەی سیاسیی خۆی بێگانە ببێت، نکۆڵیی لە خۆی بکات و بگۆڕدرێت بۆ ئەو تاک و کۆمەڵگایەی دەوڵەتی دەسەڵاتدار دەیەوێت و ئارەزووی دەکات. ئەگەر ئەم تاک و کۆمەڵگای کوردییە لە ژێر هەژموونی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا بێت، پێویستە ببێتە تورک، ئەگەر لە ژێر هەژموونی دەوڵەتی ئێراق و سووریادا بێت، پێویستە ببێتە عەرەب و ئەگەر لە ژێر هەژموونی دەوڵەتی ئێراندا بێت، ئەوا پێویستە ببێتە فارس. هەڵبەت هەر دەوڵەتێکی هەژموونگەر، بەگوێرەی بارودۆخی خۆی لە شێوازی جێبەجێکردنی ئەم پلانە ئایدیۆلۆژییەدا گۆڕانکاریی دەکات، بەڵام هیچ گومانێکی تێدا نییە کە ئارمانجی هەموویان یەکە.

 هەربۆیە دەمانەوێت لە سەر مێژووی پێکهاتن و درووستبوونی ئەو ئایدیۆلۆژیایانە ڕاوەستە بکەین کە گەلێک و نیشتمانێک لە هەموو تایبەتمەندییە گەوهەرییەکانی بوون بە گەل و بوون بە نیشتمان دادەماڵن و لە خۆی بێگانەی دەکەن. هەڵبەت ئایدیۆلۆژیا بەرهەمی سەدەی ڕابردوو نییە. پێشتریش ئایدیۆلۆژیا هەر هەبووە. هەربۆیە بێ ئەوەی بکەوینە ناو وردەکارییەکانیەوە، با هەوڵ بدەین هێڵە گشتییەکانی مێژووی پەرەسەندنی ئایدیۆلۆژیا ڕاڤە بکەین.

 درووستبوونی مرۆڤ ئەنجامی پرۆسەیەکی مێژووییە. لەگەڵ تێپەڕبوون بۆ قۆناخی بەمرۆڤبوون، گرووپە بچووکەکان بەر لە هەموو شتێک کەوتوونەتە لێگەڕینی ئەوەی چۆن خۆیان لە سەرما و گەرما بپارێزن، چۆن خۆیان بەخێو بکەن و چۆن هەژماری خۆیان زیاد بکەن. لەگەڵ بەردەوامیی ژیان و گەشەسەندنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، هێدی هێدی سەبارەت بە ئەزموونە جیاوازەکانی ناو ژیان، بیر و هزر درووست دەبن و ئەم بیر و هزرانە دێنە سەر زمان. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ئەو بیر و هزرانەی سوودیان هەبووە، ئاڕاستەی ژیان دیاریی دەکەن. ئیتر مرۆڤەکان بە خواردن و خواردنەوە، بە پەنا و پاراستن، بە زاوزێ و زیادبوون بەسەندە ناکەن. ئیتر بە دوای شتێکدا دەگەڕێن پاڵنەر و بزوێنەریان بێت،  یەکێتیی نێوانیان درووست بکات و مەعنەویاتیان بۆ دابین بکات. ئەم مەعنەویاتە لە کەڵەکەبوونی ئەم بیر و هزرانەوە بەرهەم دێت. ئەم جۆرە لێگەڕینانە هێدی هێدی دەبنە خاوەنی سیستەم و سامانێک. لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکان دەریانخستووە مرۆڤەکان، سەد هەزار ساڵ لەمەوبەر، کاتێک منداڵەکانیان، ئەندامانی کڵانەکەیان و کەسە گرنگەکانیان ئەسپەردەی خاک کردووە، مەراسیمیان بۆیان ڕێک خستوون و لەگەڵ ئەم مردووانە هەندێک خواردن و ئامێر و کەرەستەشیان ناشتووە. بۆ نموونە؛ لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە تەنیشت ئەو کەسەی لە ئەشکەوتی شانەدەری باشووری کوردستان ٤٥ هەزار ساڵ لەمەوپێش ئەسپەردەی خاک کراوە، بە ڕێوڕەسمێک گیای دەرمان و گوڵیش نێژراوە. لێرەدا دەبینین لەو سەردەمەدا هەوڵدانێک هەبووە بۆ ئەوەی مردن پێناسە بکەن و واتای پێ بدەن. لە هەمان سەردەمدا تەنیا خواردن و گوڵیان لەگەڵ مردووەکاندا نەناشتووە، هەندێک جار چەکی تایبەتمەندیی ئەو سەردەمەشیان لەگەڵیان ناشتووە. ئەگەر بۆ مردووەکان مەراسیم بەڕێوە دەبەن و هێندە  شت لەگەڵیان دەنێژن، ئەمە بەو واتایە دێت مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە بڕوایان وا بووە مردووەکان جارێکی دی زیندوو دەبنەوە یان ئەگەر جەستەشیان جووڵە نەکات، گیان و ڕۆحیان زیندووە؛ هەر بۆیە وەک تەگبیرێک بەرانبەر ئەگەری مەترسییەکان، بۆ ئەوەی مردووەکان خۆیان بپارێزن، هەندێک شتیان لا داناون. لە قۆناغەکانی پاشتریش دەبینین تەرمی پادشاکان مۆمیا دەکرێن، یان پارێزوان و هاوڕێکانیشیان لەگەڵیان دەنێژرێن. ڕاستییەکەی ئەم کردەوانە جێبەجێکردنی هەمان ئەو شتانەن وا لە میتۆلۆژییەکانی ئەو سەردەمانەدا هەبوون.

تەوتەم سەرەتای ئایدیۆلۆژیایە، گوزارشت لە درگای چوونەژوورەوە بۆ ئایدیۆلۆژیا دەکات. هەموو کڵانێک سیمبۆلێکی پیرۆزی هەیە بۆ خۆی. لە کەسایەتیی ئەم  سیمبۆلانەدا، هێز، سەرکەوتن، یەکێتیی، بەختەوەریی و باشیی بەدی دەکەن، هەربۆیە پیرۆزییان پێ دەبەخشن. ئەگەر کڵانێک لە سەر شوێنی مانەوە و پەناگە، لەسەر گۆڕەپانی نێچیر یان هەر شتێکی دی لەگەڵ کڵانێکی دی بکەوێتە نێو شەڕ و پێکدادانەوە و لەم شەڕەدا بدۆڕێت، ئیتر بڕوایان بە خوداکانی خۆیان نامێنێت. بەرەبەرە ئەزموونەکان و هەستی خۆیان لە چەند وێنەیەکی زۆر سادەدا دەنەخشێنن یان لە هەندێک شوێندا بە ڕەنگڕێژیی گوزارشتی لێ دەکەن. مرۆڤەکان لەم ڕێگایەوە واتا بە شتی دەرەوەی خۆیان دەبەخشن. کڵانێک چەندە واتا بە خۆی ببەخشێت، تەوتەمەکەشی هەر ئەوەندەیە. لە میزۆپۆتامیا و شوێنەکانی دیکەی دونیا زۆر وێنە دەبینرێت کە بەم شێوەیە نەخشێنراون. واتابەخشینی مرۆڤ یان کۆمەڵەی مرۆڤەکان بە شت یان ماددەیەکی دەرەوەی خۆیان یەکێکە لە قۆناغەکانی داهێنانی ئایدیۆلۆژیا، گوزارشت لەم پرۆسەیە دەکات.

لەگەڵ دەرکەوتنی شۆڕشی نیۆلیتیک (شۆڕشی کشتوکاڵ) پێگەی ژن بۆ ئاستی خوداوەند گەشە دەستێنێت و پیرۆزیی پێ دەبەخشرێت. ئەمە بۆ دەوری چارەنووسسازی ژن لە ناو ژیاندا دەگەڕێتەوە. تایبەتمەندییەکانی ژن وەک زاوزێ، بەخێوەکردنی منداڵان، زانیاریی لە سەر گیا و ڕووەکەکان، دەستەمۆکردن و ماڵیکردنی ئاژەڵەکان و هتد… وا دەکات ژن بە شێوەیەکی سرووشتیی وەک کەسێکی پیرۆز ببینرێت. بەڵام کاتێک ڕۆڵی پیاو لە کاتی نێچیروانیی یان قۆناغەکانی شەڕ و پێکداداندا زیاتر دەردەکەوێتە پێش، حیساباتی سەر بەرهەمی زیدە وردەوردە بنەمای چینایەتیی دادەڕێژن. لەگەڵ ئەمەش، کەسە بە تەمەنەکان و شامانەکان بە پشتبەستن بەو ئەزموونە کەڵەکەبووەی لایان کۆ بووەتەوە، گەنجەکان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن و لە دەوری خۆیان کۆیان دەکەنەوە. کاتێک پیاوی بەتەمەن ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە موڵکی تاکەکەسیی خۆی، دۆخێک دێتە ئاراوە کە لە بەرژەوەندیی پیاو و دژی پێگەی ژنە. لە بەردەوامیی ئەم پرۆسەیەدا، شامان و ڕاهیبەکان دەردەکەون. کاتێک فەرماندار و پاشاش دێنە نێو پرۆسەکەوە، هەر ئەم سێ توێژە پێکەوە ناوکی دەوڵەت درووست دەکەن. دەبینین لەم قۆناغەدا دیاردەی بەموڵککردن پەرە دەستێنێت. لەگەڵ دەرکەوتنی تیجارەت و بازرگانیی ڕێگە لە بەردەم درووستبوونی چینایەتیی، شارنشینیی و دەوڵەتبوون دەکرێتەوە، ئەمەش سەرەتایەکە بۆ سەردەمی کۆیلایەتیی. کۆی هەموو ئەم پرۆسەیە گوزارشت لە تێپەڕبوون بۆ سەردەمی شارستانیی دەوڵەتگەرا دەکات.

چینی سەردەست هەروا بە ئاسانیی نەیدەتوانی سیستەمی کۆیلایەتیی بەڕێوە ببات. ئەزموونەکانی ئەم چینە ئەوانی گەیاندە ئەو ئەنجامەی سیستەمی کۆیلەداریی تەنیا بە پشتبەستن بە ستەم بەڕێوە نابردرێت. هەربۆیە بە ئاشکرا دەبینرێت بەڕێوەبەرانی ئەم سیستەمە لە دەستێکیاندا قامچی هەیە و لەدەستی دیکەشیاندا گەزەر (شەکر). بە کورتیی، پێویستە  کۆیلەکان و هەموو ئەو چین و توێژانەی لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت و دەسەڵات ماونەتەوە، ڕازیی و ملکەچ بکرێن. ئەی باشە، ئەم مرۆڤانە چۆن ڕازیی دەکرێن، بە چ ڕازیی و ملکەچ دەبن؟ پێویست بوو کەسێک یان چینێکی تایبەت کاری ڕازیکردنی مرۆڤەکان ئەنجام بدات. ئەمەش مەگەر ڕاهیبەکان بیانکردبایە. ئەو زانیاریی و داتایانەی ئێستا کەوتوونەتە بەر دەست، ئەو ڕاستییەمان پێ نیشان دەدەن کە ڕاهیبەکانی سۆمەر، بە ئامانجی ملکەچکردنیان بۆ ئەم سیستەمە، کاری ڕازیکردنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و بە تایبەت کۆیلەکانی دەرەوەی دەسەڵات-دەوڵەتیان گرتووەتە ئەستۆ. زیگۆراتەکان شوێنی ڕێکخستن، بەڕێوەبردن و چاودێریی ئەم سیستەمەن. واتە شوێنی داهێنان و جێبەجێکردنی شێوازی نوێی ڕازیکردنی مرۆڤن، یەکەم کاری ڕاهیبەکانی دانیشتووی ئەم زیگۆراتانە، داهێنانی میتۆلۆژیی یان ئەفسانەیە، هەمان ئەو شتەی دەتوانین پێ بڵێین دایکی ئایدیۆلۆژیا. لەم چوارچێوەیەدا خودا-پاشاکانیان پێناسە کرد و خۆیشیانیان وەک ئەو مرۆڤانە پێناسە کرد وا لەگەڵ خوداکان چاوپێکەوتن دەکەن و تێڕوانین و فەرمانەکانی ئەوان جێبەجێ دەکەن.  وەک دەزانرێت، پیاوەکان لە ئەنجامی کاری نێچیروانییدا بە باشیی فێری فێڵ و تەڵەکەبازیی ببوون. لە خۆیدا، هەبوونی ژن لەناو ئەم ڕاهیبانەدا بەدی ناکرێت. ئەم پیاوە پیرانە لەو سەردەمەوە کە گەنجەکانیان لە دەوروبەری خۆیان کۆ دەکردەوە، فێر ببوون گەنجەکان چۆن و بە چی دەخرێنە ژێر کاریگەرییەوە. ئەمە بوو بە ئەزموونێک بۆ ئەوان تا چۆن بتوانن هەموو کۆمەڵگا بخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە و بەڕێوەی ببەن. ئەمانە بە کەڵکوەرگرتن لە سادە و ساکاربوونی کۆمەڵگای سرووشتیی، دەستیان کرد بە داهێنانی ئەفسانە و میتۆلۆژییەکان. ئەم ڕاهیبانە بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی مرۆڤەکان لە ئەبستراکتکردندا (abstraction) لۆژیکی گوتنەکانیان دادەڕێژا، ئەمەش دەورێکی گرنگی لە ڕازیکردنی مرۆڤەکاندا هەبوو. نووسراوی زۆر دۆزراونەتەوە کە ئەم خاڵە پشتڕاست دەکەنەوە.

لەم پەیوەندییەدا پاشماوەکانی گوندی خەرابەڕەشکێ (Göbekli Tepe) کە مێژووەکەیان بۆ ١٢ هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، ئەوەمان پێشان دەدەن بەر لە ڕاهیبەکانی سۆمەر ڕاهیبی دیش هەبوون. هەڵکۆڵین و داتاشینی ئەو بەردە مەزن و قورسانە و گواستنەوەیان لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی دی، پێویستی بە هەبوونی کارێکی زۆر ڕژدی ڕێکخراوەیی هەیە. وا دەردەکەوێت لێرەشدا بە هەزاران مرۆڤ کاریان کردووە، توندوتیژیی دەوڵەت بەکار هێنراوە، هاوکاتیش  سەرداکێشان (ڕازیکردن) و ملکەچکردنیش هەبووە. چونکە وەک دەبینرێت لە گۆڕەکاندا لە پاڵ تەرمی پاشاکان، تەرمی دەیان کەسی هاوڕێ و دارودەستەکەیان هەیە. ئەمەش ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات، گەشەسەندنی گوتە و هزر و دووبارەبوونەوە و سیستەماتیزەکردنی ئەم گوتە و هزرانە، دەتوانێت چ کاریگەرییەک لەسەر مرۆڤەکان دابنێت.

هەموو ئەمانە ئەنجامی ئەو ژیریی و ئەقڵ و ئەزموونانەن وا لە ناخی کار و کردەوەکانی ژیاندا بەرهەم هاتوون. بۆ ئەوەی مرۆڤەکان، کۆمەڵگا، ژنان، گوندەکان، گوندنشینەکان بۆ پەسندکردنی ئەم سیستەمە ڕازیی بکرێن، پێویستی بە جۆرێک لە ژیریی، لۆژیک، شێواز و ڕێکار هەبوو. ئەمەش پێویستی بە دەستنیشانکردنی هەندێک مرۆڤ دەکرد تواناکاریی تایبەتییان لەم بوارەدا هەبێت. ئەوانەی دەستیان بە سەر بەرهەمی زێدەدا گرت، یەکەم کەس بوون ئەم تواناکارییەیان بەدەست هێنا.

 ئەو شتەی پێ دەڵێین میتۆلۆژیی یان ئەفسانە، شێوازی هزر و ڕاڤەکردنی سرووشت، کۆمەڵگا و مرۆڤەکانە. ئەم شێوازی بیر و هزرە یەکەم شێوازی چارەنووسسازی هزراندن و بیرکردنەوە بووە. لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە شێوازێکی تەواو سیستەماتیک لەخۆ دەگرێت. سەردەمی خودا-پاشاکان دەست پێ دەکات. بەڵام ڕێگە نادرێت مرۆڤەکان بە هیچ جۆرێک ئەم خودا-پاشایانە ببینین. لێ نوێنەرەکانی ئەم خودا-پاشایەنە لەسەر زەوی بە جۆرێک وەسفیان دەکەن و دەیانگێڕنەوە کە هەموو کەس بڕوایان پێ بکات. هەموو شتێک لەسەر بنەمای شێوازی گێڕانەوە و ڕاڤەی ڕاهیبەکان دادەڕێژرێت. ئیتر ڕاهیبەکان هەریەکەو دەبن بە ئایدیۆلۆژیستێک.

ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە چۆنێتیی وەرگرتنی ڕەزامەندیی مرۆڤەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی دەوڵەت و شارستانیی سۆمەر و شێوازی ڕەوایەتیدان بە دەوڵەت ئەم خاڵانە دەستنیشان دەکات:

میتۆلۆژیی سۆمەر هەژموونێکی ئایدیۆلۆژیی وەهای درووست کردووە، کە ڕاهیب-پاشاکان بۆ خۆشیان  لە باڵاترین ئاستدا پێویستییەکانی ئەم میتۆلۆژییەیان وەک یاسایەکی خودایی بەجێ هێناوە. لە بنەڕەتدا، ئەو شتەی بەرهەم هێنراوە، هەمان ئەو هەژموونی ئایدیۆلۆژییەیە و بەرژەوەندییەکانیان بۆ هەتاهەتایی مسۆگەر بکات. بەڵام بڕواکردن بەمە و بڕواپێکردنی، لە هەمان کاتیشدا بە باشترین شێوە پێشکەشکردنی وەک ڕەنگدانەوەی سیستەمی خودایانی ئاسمان لەسەر زەوی، هونەرێکی مەزن و سەرسووڕهێنەری داهێنانی کۆمەڵایەتییە.

لە ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین تا ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین، دۆخی کۆیلەکان بە تەواوی وەک سێبەر و عەبدە. لەم سیستەمەی لە پەرستگادا بەرهەم هێنراوە، لە ڕاهیب-خوداوە بگرە تا ڕەنجدەرانی ناو کێڵگەکان، هەموو کەسێک بەگوێرەی ئەو پێگەیەی وەک یاسایەک بۆی دیاریی کردووە جموجووڵ دەکات. هەروەک چۆن جموجووڵی ئەستێرەکانی ئاسمان خاوەن سیستەمێکی نەگۆڕە، پێویستە سیستەمی سەر زەویش وەها نەگۆڕ بێت. کەس بۆی نییە بیر لە شتێکی جیاواز بکاتەوە. لە چەمکی ئەم سیستەمەدا واتای هەموو هەستەکان بەگوێرەی ویستی خودایان دیاریی دەکرێت.س

ڕاهیبەکان بە وردیی چاودێریی سرووشت، کۆمەڵگا و مرۆڤیان کردووە و لەم واتایەدا نەخشەی هزر و هەستی مرۆڤەکان و کۆمەڵگایان وێنا کردووە. بەگوێرەی ئەمەش سیستەمێکی هزرییان درووست کردووە تا بتوانێت مرۆڤەکان ڕازیی و ملکەچ بکات و هەست و بیری ئەوان بە بەردەنگ بگرێت. بۆ هەموو شتێک خودایەک درووست کراوە و گەورە خودایەکیش بۆ درووستکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان هەموو ئەم خودایانە بەرهەم هێنراوە. بە مرۆڤەکانیش گوتراوە پێویستە گوێڕایەڵیی فەرمانەکانی ئەم خودایانە بن.

 کاتێک کۆمەڵگا ئیدی لە بوارەکانی وەک ڕەوشت، کەلتوور، سیاسەت، دادوەریی، سەربازیی، ئابووریی، بازرگانیی و تەکنیکدا پێشکەوت، ئیتر ئەو ئەفسانە و میتۆلۆژییانەی لە زیگۆراتەکاندا بەرهەم هێنرابوون، تێری ئەوەیان نەدەکرد بە شێوەیەکی بەردەوام باوەڕ بە کۆمەڵگا بهێنن، بەڕێوەی ببەن، چاودێریی بکەن، کاری پێ بکەن و بیڕەتێننەوە. چونکە مرۆڤەکان ئیتر توانای ئەوەیان هەبوو ئەو شتانەی دەیبینن و ئەزموونی دەکەن، لەگەڵ ئەو شتانەی پێیان دەگوترێت، بەراوردی بکەن. ئەمەش لەخۆوە دەبوو بە هۆکاری ناکۆکیی و مرۆڤەکانی هان دەدا تا لێپرسینەوە بکەن. هەرچەندە میتۆلۆژییەکان پشت بە جۆرێک لە لۆژیک و ژیریی دەبەستن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمانە هەموویان چیرۆکن؛ مسۆگەر نین و هیچ کامیان نرخ و بەهای  یاسایەک یان حقوق و دەستوورێکیان نییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بوون بە دەسەڵات و گەشەسەندنی ڕێکخراوی دەوڵەت، خاوەنەکانی ئەم دامەزراوەیانە ناچار دەکات تا ڕوو لە داگیرکەریی بکەن و شێواز و فۆرمێکی دی بیر و هزر بەرهەم بهێنن کە بتوانێت کۆمەڵگا بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی ئەمانە بەڕێوە ببات. دین وەک بەرهەمی پێویستییەکی بەم ڕەنگە دێتە مەیدان. ئیدی سەردەمی چیرۆک بەسەر چووە و مسۆگەرێتیی، فەرمان و یاسای نەگۆڕی زۆرەملێ شوێنەکەی دەگرێتەوە. ئەگەر کەسێکیش بەگوێرەی ئەم یاسایانە هەڵسوکەوتی نەکرد و پێشێلیانی کرد، ئەوا لە لایەن خوداکانەوە بە قورسترین شێوە سزا دەدرێت و لەو دونیاشدا قانوون و ئەشکەنجە و ئازارەکانی جەهەننەم چاوەڕێی دەکەن. لە بنەڕەتدا، ئەو خودا و خودا-پاشایانە و ئەو پلەبەندیی (هیرارشی)ـەی خودایان لە میتۆلۆژیادا بەرهەم هێنراون، زەمینەی پەرەسەندنی دین ئامادە دەکەن. ئیدی پێویستە هەموو خوداکان ببنە شتێکی ئەبستراکت (abstract).

 دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەکان چەندە گەشە بکەن، ئەوەندەش ناوەندگەرایی فرەتر دەسەپێنن. فرەخودایی پشت بە تەوتەم دەبەستێت و لەگەڵ گەشەکردنی تەوتەمدا پەرە دەستێنێت، لە هەمانکاتدا ڕێگە لە بەردەم  گەشەسەندنی مەیلی دوورکەوتنەوە لە ناوەند (چەق‌ڕەوێن، ناوەندڕەوێن) و جۆرێک لە سەربەخۆیی دەکەنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەت-دەسەڵات ئەگەر ناوەندێکی نەبێت، ئەوا ناتوانێت بەردەوامیی بە خۆی بدات. لە دۆخێکی وەهادا تاکە خودایەک پێویستە کە هەموو هۆزەکان تێپەڕ بکات و هەموویان پێکەوە گرێ بدات. دەرکەوتنی ئایینە تاکخودا ئیبراهیمییەکان زادەی پێویستییەکی وەهایە. دەگوترێت حەزرەتی ئیبراهیم سەرەتا گاڵتەی بە پەیکەری خودایان کردووە. لەو کاتە بەدواوە ئیتر ناچارکردنی خەڵک بە پەسندکردنی پەیکەرەکان وەک خودا ئەگەردار (مومکین) نییە. بەم شێوەیەش ڕێگە لە بەردەم بەدامەزراوەبوونی ئایینە تاکەخوداییەکان دەکرێتەوە. لەم  قۆناغەدا ئیتر سەردەمی میتۆلۆژیی و ئەفسانە بەسەر دەچێت و  سەردەمی  ئایینی تاکخودایی دەست پێ دەکات.

ئایینە تاکخوداییەکان لە بنەڕەتدا وەک پێویستییەکی بەناوەندبوون، یەکلاکردنەوە، بەردەوامیپێدان و بەدامەزراوەکردنی دەسەڵات هاتوونەتە مەیدان. چونکە هێزە دەسەڵاتدارەکان ئیتر لە بەڕێوەبردنی کارەکانیان لە ڕێگای پشتبەستن بە میتۆلۆژیی و ئەفسانەوە تووشی دژواریی و زەحمەتیی دەبن. دەرکەوتنی حەزرەتی ئیبراهیم وەک دامەزرێنەری ئایینە تاکخوداییەکان و دواتریش درووستکردنی ئایینی یەهوودیی لەلایەن حەزرەتی مووساوە، ئایینی مەسیحیی لەلایەن حەزرەتی عیساوە و ئایینی ئیسلامیش لەلایەن حەزرەتی موحەمەدەوە، هەموویان گوزارشت لە وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو دەکەن. هەر لەبەر ئەوەیە پەڕتووکی پیرۆزی ئیسلام، واتە قورئان، هەموو ئایینەکانی دی بە ڕەوا دەزانێت. چونکە ئەمانە هەموویان وەک ئەڵقە و کەمەکانی یەک زنجیرن.

لە ڕۆژهەڵاتی دوور، ئەگەرچی بە شێوەی ئایینی تاکخوداییش نەبێت،  ئایینەکانی وەک بوودایی و براهمایی زیاتر گرنگی بە لایەنی فەلسەفیی و ئەخلاقیی (ڕەوشت) دەدەن. لەسەر ئەم بنەمایانە ئەوانیش هەوڵ دەدەن ژیان، سرووشت، کۆمەڵگا، دەسەڵات و مرۆڤ ڕاڤە بکەن. هەموو ئایینەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خۆیاندا وەک وەڵامدانەوەییەک بۆ داواکاریی چەوساوەکان بۆ ئازادیی و یەکسانیی دەرکەوتوونەتە مەیدان و هەڵسوکەوتیان کردووە.

حەزرەتی ئیبراهیم دژی نەمروودەکانی ڕحا (ئۆرفا)، حەزرەتی مووسا لە دژی فیرعەونەکانی میسر، حەزرەتی موحەمەدیش لە دژی بازرگان و سەرمایەدارانی ئەو سەردەمە و دژی ئیمپراتۆری بیزانس و ساسانی سەری هەڵداوە. هەر هەموویان، لە سەردەمی مێژوویی خۆیاندا، لە دژی زوڵم و بێدادیی، دژی بێڕەوشتیی و بێبەزەیی دەسەڵاتداران، دژی سەرمایەداریی و نایەکسانیی و زێدەڕۆیی سەریان هەڵداوە و داوای داد و یەکسانیی و ئاشتییان کردووە. دە فەرمانی حەزرەتی مووسا، ئینجیلی حەزرەتی عیسا و قورئان و حەدیسەکانی حەزرەتی موحەمەد، هەموویان وەک پەیڕەو و پڕۆگرامی ئازادیخوازی چەوساوەکانن.

فەلسەفە چەمکێکە لە دوو وشەی یۆنانیی sophie (ژیریی، زانست) و phylos (خۆشەویستیی) پێک هاتووە. واتە خۆشەویستیی بۆ زانست. لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی بەمرۆڤبوون، هەموو مرۆڤەکان هەمیشە و هەردەم بە تاسە و تامەزرۆ بوون تا شتێکی نوێ ببینن، بزانن و تێبگەن. هەڵە نابێت ئەگەر بڵێین ئەم دۆخە لە خۆشەویستی مرۆڤ بۆ سرووشت و تامەزرۆیی ئەو بۆ زانین سەرچاوە دەگرێت، ئەو مرۆڤەی هێشتا خۆی وەک بەشێکی سرووشت دەزانێت و بێگانەی نەبووە. مرۆڤ هەمیشە تامەزرۆی ئەوە بووە لە ئاسمان و زەوی، لە ڕووەک و گیا و ئاژەڵەکان، لە باران و بەفر، لە تاریکیی و ڕووناکی و خۆر، لە ئەستێرەکان، لە چیا و ڕووبارەکانی دەورپشتی خۆی، لە ژیان و لەدایکبوون و مردن و هتد… تێبگات. ڕێک وەک چۆن منداڵێک تامەزرۆی فێربوونە. کاتێک مرۆڤ زۆر پرسیاری بێوڵام لە مێشکیدا کەڵەکە دەبن، هەوڵی زۆرتری داوە بۆ ئەوەی فێر بێت و بەم شێوەیە ڕاڤەی بابەتەکان بکات. مرۆڤەکان یەکەم جار هەوڵیان داوە لە ڕێگەی چیرۆک و میتۆلۆژییەوە هەموو شتێک ڕاڤە بکەن. کاتێک ئیتر ئەمەش تێری نەکردووە، ئایین هاتووەتە مەیدان. کاتێک ئیتر ئایینیش تێری شرۆڤەکردنی ڕووداو و دیاردەکانی نەکردووە، فەلسەفە هاتووەتە گۆڕێ.

لەگەڵ پەرەسەندنی دەوڵەت، دەسەڵات و چینایەتی و دەرکەوتنی دیاردەکانی وەک شارنشینیی، بازرگانیی و ئامێرەکانی بەرهەمهێنان، ئیتر کێشەکانی نێو کۆمەڵگا قورستر دەبنەوە و میتۆلۆژیی و ئایین ناتوانن شرۆڤەی ڕووداو و پێشهاتەکان بکەن. یان شرۆڤە و ڕوونکردنەوە کۆنەکانیان ئیتر تووشی پاشەکشێ دەبن و ناتوانن پەرەسەندنە نوێیەکان ڕاڤە بکەن. ئەمە قۆناغێکی قەیراناوییە. لەم قۆناغە قەیراناوییەدا فەلسەفە لە زۆر شوێنی دونیادا تا ڕادەیەک بە شێوەیەکی هاوکات دەردەکەوێت. لە سەدەکانی شەشەم و پێنجەمی پێش زایین لە میزۆپۆتامیادا بە پێشەنگایەتیی زەردەشت، لە یۆناندا تالیس، لە هیندستاندا بوودا و لە چیندا بە پێشەنگایەتی کۆنفۆشیوس، فەلسەفە دێتە مەیدان.

ئەم فەیلەسووفانەی ناومان هێنان، درک بە کێشەکانی کۆمەڵگا دەکەن و دەست بە لێپرسینەوە لەو تێڕوانینانە میتۆلۆژیک و ئایینیانە دەکەن وا خودایان بۆ شرۆڤەی هەموو شتێک بەکار دەهێنا، مرۆڤ و ئیرادەی مرۆڤیان نەدەبینی و نکۆڵییان لێ دەکرد. پاش ئەمە ئیتر ئەو تێڕوانینانە دەردەکەونە پێش کە مرۆڤ و ئیرادەی مرۆڤیان بە بنەما وەردەگرت و هەوڵیان دەدا ڕووداوەکانی ناو سرووشت و کۆمەڵگا بە پشتبەستن بە هێزی ئەزموون و زانیاریی شرۆڤە بکەن. هەوڵیشیان دەدا بەگوێرەی ئەو فەلسەفەیەی دایانهێناوە، واتا بدەن بە ژیان و ڕێکی بخەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا لە ژیانی خۆیانەوە دەستیان پێ کردووە. ڕێبەر ئاپۆ ئەم دۆخە بە شێوەی “خۆناسین بنەمای هەموو ناسین و زانستەکانە” شرۆڤە دەکات.

بەگوێرەی فەلسەفەی زەردەشت، ئەوەی چارەنووسی تاک و کۆمەڵگا دیاریی دەکات، تێکۆشانە لە نێوان ڕووناکیی و تاریکییدا، لە نێوان باشیی و خراپییدا. زەردەشت بە ئاماژەکردن بەوەی ئەم تێکۆشانە هەمیشە بەردەوام دەبێت، ڕاستی و جوانی و ڕەوشتی باش، ڕێزگرتن و هەڵسوکەوتی یەکسانخوازانە بەرانبەر بە ژن، ڕێزگرتن لە سرووشت و ئاژەڵەکان و خەریکبوون بە کشتوکاڵەوە بەبنەما وەردەگرێت. ئەم ئاستە فەلسەفیی و ئایدیۆلۆژییە کادیر و ڕێکخستنی خۆیشی بەرهەم هێناوە. ئەمە ڕێکخستنێکی وەهایە کە کادیرانی زەردەشتیی، واتە ماگەکان، پاش ڕووخانی ئیمپراتۆری میدیاش توانیویانە بۆ ماوەیەکی درێژ ڕێکخراوبوونی خۆیان بپارێزن؛ بە شێوەیەک تەنانەت بۆ شکاندنی هەژموونی ئیمپراتۆری پارسیش کەوتوونەتە جووڵە. بەڵام کەموکورتییان لە بواری ڕێکخستندا بوو بە هۆی ئەوەی سەرنجام لەلایەن پارسەکانەوە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە بکوژرێن. دەگوتریت هێرشی پارسەکان تا کوژرانی دوایین ماگ بەردەوام بووە. (لە سەر ئەم زانیارییە مێژووییە هێشتا مشتومڕ هەیە. دەگوترێت بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی لە نێوان ماگەکاندا، ئاوێتەبوونیان بە دەوڵەت و دەسەڵات وای کردووە بۆ خۆیان پاکتاو ببن. ڕێبەر ئاپۆ لە چەند شوێنێکدا ئاماژە بەمە دەکات). کوردەکان لێرەدا گورزێکی گەورەی ئایدیۆلۆژییان بەر دەکەوێت، ئەمە بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ، واتە تا ساڵەکانی ١٩٧٠ و دەرکەوتنی پەکەکە بەردەوام بووە. بێگومان لەم ماوە درێژە مێژووییەدا گەلی کورد بۆ ئەوەی بتوانێت لە بواری ئایدیۆلۆژییدا جارێکی دی گەشە بسەنێت و خۆی بەهێز بکات، کەوتووەتە نێو زۆر لێگەڕین و هەوڵدانی هێژا و بەنرخەوە، بەڵام ئەمانە هێندە بەهێز نەبوون بتوانن  خۆڕاگریی بکەن، باوەڕ  بە گەل بهێنن و وەک شتێکی هەمیشەیی بمێننەوە.

میتۆلۆژیی و ئایین و فەلسەفە ئەو شێوازانەی هزراندن و بیرکردنەوەن کە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا تەریب لەگەڵ پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان، دەرکەوتوونەتە مەیدان. هەریەکەو لە قۆناغێکی پڕ لە کێشە و تەنگەژەی مێژووییدا هاتوونەتە ئاراوە و پشکێکی گرنگیان لە پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە، بەڵام لەگەڵ هەرچی زیاتر قووڵبوونەوەی چاودێرییەکانی مرۆڤ سەبارەت بە سرووشت و کۆمەڵگا و  گەشەسەندنی ئەزموونەکانی لە ناو ژیاندا، پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا و زیادبوونی بەرهەم، ئیدی میتۆلۆژیی و ئایین و فەلسەفە نەیانتوانیوە لە بەرانبەر ئەو کێشانەی لە سیاسەت و حقووق و ڕەوشت و بابەتەکانی دیکەی گرێدراوی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگا ڕوو دەدەن، ببنە هێزی  چارەسەر و لەم بوارەدا تووشی کەموکورتیی بوون. ئیدی دیاردەی شارنشینیی گەشەی سەندووە و تیجارەت و بازرگانیی لە نێوان هەرێمەکان، وڵاتان و تەنانەت کیشوەرەکان پەرە دەستێنێت. لە دۆخێکی وەهادا ئیدی مومکین نییە ئیش و کار و کێشەکان تەنیا بە فەرمان و فەرموودەی ڕۆتین و دووپاتەی خودا-پاشاکان، بە چیرۆکە میتۆلۆژییەکان، بە دۆگما ئاینییەکان، یاخود بە فەلسەفە شرۆڤە بکرێن، چارەسەر بکرێن یان گەشەیان پێ بدرێت. ئیدی مرۆڤەکان بەریەککەوتنێکی زیاتریان لەگەڵ ڕووداوەکانی نێو سرووشت و کۆمەڵگا هەیە و بەدواداچوون و لێپرسینەوەیەکی زیاتر سەبارەت بەم ڕووداوانە دەکەن.

ئیتر مرۆڤەکان بەبێ ئەوەی بۆ وەڵامی پرسیارەکانیان پێویستییان بە بیستنی دەنگێکی سەروومرۆڤ، دەنگێک لە هێزێکی دەرەکیی یان دەنگێک لە غەیبەوە بێت، دەست دەکەن بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هۆکار و چۆنێتیی درووستبوونی کۆمەڵگا، تاک، سرووشت و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، لەم بوارانەدا  بۆ خۆیان بە دوای وەڵامی پرسیارەکانیاندا دەگەڕێن. بە تایبەت، لێکۆڵینەوەیەکی ورد و ڕیشەدار لە سەر هەر سێ شێوازی پێشووتری بیرکردنەوە و هزراندن دەست پێ دەکات و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی یاساکانی درووستبوونی هەموو بوونەوەر و پێکهاتەکانی ناو سرووشت و کۆمەڵگا دەدات. لە دنیای ڕۆژئاوادا، بە تایبەت بەو درز و کەلێنانەی پرۆتستانیزم لە بواری ئایدیۆلۆژییدا خستییە نێو دەسەڵاتی کڵێسە، تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگە لە بەردەم بیرکردنەوەی زانستیی و شرۆڤەی ئازاد کرایەوە. ئەمەش وای کرد ئاستەنگەکانی بەردەم بیرکردنەوەی زانستیی تا ڕادەیەکی زۆر تێپەڕ ببن. ئەم پێشکەوتنانە وایانکرد ئیرادەی مرۆڤ لە ئاستێکی گرنگدا ئازاد ببێت. ئەم قۆناغە وەک ڕیفۆرم، ڕێنیسانس و ڕۆشنگەری پێناسە دەکرێت، وایکرد هەم لە بەرەی بۆرژواییەکان و هەم لە بەرەی چەوساوەکاندا، قۆناغێ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئایدیۆلۆژیی بەگوێرەی ئەم دۆخە نوێیە دەست پێ بکات.

گرنگی ئایدیۆلۆژیا لە نێو تێکۆشاندا

تا ئێستا هەوڵمان دا بە پشتبەستن بە سەرچاوە مێژووییەکان ئایدیۆلۆژیا شرۆڤە و ڕاڤە بکەین. ئایدیۆلۆژیا قسڵەگڵ و چیمەنتۆی بنەڕەتیی چینێک، ڕەگەزێک، کۆمەڵگایەک، گەلێک یاخود کەلتوورێکە. ئەگەر گەلێک، چینێک، ڕەگەزێک، کۆمەڵگایەک، کەلتوورێک نەبن بە خاوەن زیهنییەت، بیر و هزر یاخود ئایدیۆلۆژیایەکی هاوبەش، ڕێکخستنی پێویست بە جێبەجێکردنی ئەم ئایدیۆلۆژیایە دانەمەزرێنن و ئیرادەی پێویست نەنوێنن، هیچ داهاتوویەکیان نییە. ئەمانە چەندە هێزی ماددیشیان هەبێت، چەندە خاوەن چەک و جبەخانەش بن، چەندە بە ڕێوڕەسمی جۆراجۆر بەژن و باڵای سوپاکەی خۆیان نمایش بکەن، لەم چارەنووسە ڕزگاریان نابێت. ئەو ئایدیۆلۆژییەی هەیانە واتاکەی خۆی لەدەست دەدات، چونکە ئیتر ناتوانێت ببێتە وەڵام بۆ پێویستییەکانی سەردەم. ئەو ئایدیۆلۆژیایە واتای خۆی لەدەست داوە و وەڵامی بۆ هیچ پرسیارێک نەماوە، ئیدی ناتوانێت یەکگرتوویی کۆمەڵگا و دەوروبەری بپارێزێت. ئەو دەرەنجامەی چاوەڕوانی ئەم ئایدیۆلۆژیایە دەکات، هەڵوەشانەوەیە. ئەو ئایدیۆلۆژیایەی نەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە، نەتوانێت لە مێشک و دڵی گەلدا جێگەیەک بۆ خۆی بکاتەوە و ئەم تایبەتمەندییانەی خۆی لەدەست بدات، ئەو گەلەی سەردەمانێک خاوەنداریی لەم ئایدیۆلۆژیایە دەکرد، ئیتر پشتی لێ دەکەن و بەجێی دەهێڵن. کاتێک ئەمە ڕووی دا، ئەوەی دەمێنێتەوە، کۆمەڵێک گوتەی بێناوەڕۆکن و لە کردەوەدا هیچ واتایەکیان نەماوە.

لەم بوارەدا دەتوانین یەکێتیی سۆڤێت وەک نموونەیەکی مێژوویی بهێنینەوە. یەکێتیی سۆڤێت سەردەمانێک نیوەی دونیای خستبووە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و ببوو بە خاوەنی دووەم هێزی چەکدار و سوپای مەزنی دونیا. بەڵام لە جیاتی ئەوەی سۆسیالیزم لەسەر بنەمای دیموکراسی دابمەزرێنن، لە سەر بنەمای دەسەڵات و دەوڵەتگەرایی دایانمەزراند؛ خۆیانیان لە زیهنییەتی پیاوسالاریی ڕزگار نەکرد، نەیانتوانی زیهنییەتی دەوڵەت-نەتەوە تێپەڕێنن و گرنگییان بە پرسی ژینگە نەدەدا. هەر ئەمانە بوون بە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤێت. ئەم کردەوانە وای لە یەکێتیی سۆڤێت کرد وەک ئایینزایەکی سەرمایەداریی بمێنێتەوە و نەتوانێت خۆی لێی ڕزگار بکات. کاتێک یەکێتیی سۆڤێت لە بنەما ئایدیۆلۆژییەکانی سوسیالیزمی دیموکراتیی دوور کەوتەوە، ئیدی لە ناوەوە تووشی پووکانەوە و داڕزان بوو. پاش حەفتا ساڵ نەیتوانی خۆی لە هەڵوەشانەوە ڕزگار بکات. هەڵوەشانەوە و داخورانی ئایدیۆلۆژیی هەڵوەشانەوە و داخورانی پراکتیکیش لەگەڵ خۆی دەهێنێت، چونکە ئایدیۆلۆژیاکەی نەیتوانی ڕەوایەتیی خۆی بپارێزێت و باوەڕ بە گەلان، ئایینەکان، ژنان و گەنجانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بکات.

با لە دۆخی هەنووکەیی ڕژێمی بەعسی سووریا بڕوانین. ناتوانین داڕووخانی ئەم ڕژێمە تەنیا بە گەلەکۆمە و هێرشی هێزە دەرەکییەکانەوە شرۆڤە بکەین. لەگەڵ ئەوەی گەلەکۆمە و هێرشی  هێزە دەرەکییەکان لە داڕووخانی ئەم ڕژێمەدا ڕۆڵیان هەیە، بەڵام ئەمانە چارەنووسساز نین. دەوڵەت-نەتەوەی سووریا هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستینەی گەلان و ئایینەکانەوە نەمابوو. ئەم ڕژێمە هەر لە سەرەتاوە بە زیهنییەتێکی وەهاوە داڕێژرا و دامەزرێنرا بوو. ئەو درووشمانەی جێی پەسەند و ڕەزای  کۆمەڵگا نەبوون، ئەو ڕێوڕەسمە بریقەدارانەی ساز دەکران، نەیانتوانی ڕێگریی لە پووکانەوە و ڕزانی ناوخۆیی ڕژێم بگرن. لە کاتێکدا خاوەنی دەیان هەزار سەرباز و پێشکەوتووترین تەکنولۆژیای سەربازیی بوو، بەڵام لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بەبێ ئەوەی بچووکترین خۆڕاگریی و تەقەیەک بکات، پایتەختی وڵاتەکەی ڕادەست کرد و بە شپرزەیی و پەلەپەل هەڵات. بۆ ماوەی ٦٢ ساڵ نە توانییان ئایدیۆلۆژیایەک دابهێنن کە کۆمەڵگا پەسەندی بکات، نە توانیشیان ئەم ئایدیۆلۆژیایە ڕۆژانە و نوێ بکەنەوە. وای لێ هات وەک چەو و لمی  بێ چیمەنتۆ داڕووخا و هەڵوەشایەوە، چونکە ئایدیۆلۆژیای دامەزراوەیی دەوڵەت-نەتەوەی بەعسی ئیتر جێپەسەندی گەلانی سووریا نەبوو. لە دۆخێکی وەهادا ئیدی خەڵک بۆ چەک هەڵگرن، شەڕ بکەن و مەترسی شەهادەت و یەخسیریی بگرنە بەر چاو؟ ئاشکرا بوو ئەگەری شتێکی وا لە ئارادا نییە، چونکە ئەو ئایدیۆلۆژیایەی دەوڵەت و دەسەڵات لە سووریا هەر لە بنەڕەتەوە هەڵە بوو، لە کردەوەدا  ناکۆک و ناسازگار بوو. ئەمەش وای کردبوو ئەم ئایدیۆلۆژیایە ببێتە جێی مشتومڕ و لێپرسینەوە. ئەگەر ئایدیۆلۆژیایەک واتای خۆی لای جەماوەر لەدەست دا، ڕەنگە وەک ڕواڵەت بمێنێتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئیدی مردووە.

کاتێک لە شۆڕشە مەزنەکانی دنیا، ئەو شۆڕشانەی مۆرکی خۆیان لە مێژوو داوە، ورد دەبینەوە، ئەو ئایدیۆلۆژیانە بەدی دەکەین کە ڕێنیشاندەری ئەم شۆڕشانە بوون و دەبینین ئەم ئایدیۆلۆژیانە بە چ شێوەیەک کۆمەڵگاکانیان وریا کردووەتەوە و خستوونیانەتە سەر پێ، چۆن سنووری دەوڵەتان و کۆمەڵگاکانیان تێپەڕاندووە و کاریگەرییان لەسەر هەموو دنیا  داناوە. کاتێک ڤیکتۆر هۆگۆ دەڵێت “هیچ هێزێک ناتوانێت بەر لەو بیر و هزرانە بگرێت وا ئیدی پێگەیشتوون و کاتیان هاتووە” لە بنەڕەتدا ئاماژە بە واتا، گرنگیی و هێزی ئایدیۆلۆژیا دەکات.

ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە ئایدیۆلۆژیا دەڵێت:  “دەتوانرێت ئایدیۆلۆژیا وەک پاکێجی ئەو بیر و هزرە هاوبەشەی بووە بە ئیرادە، پێناسە بکەین. ناوێکی تری ئایدیۆلۆژیا ڕەوشتی کۆمەڵایەتییە. کارکردی بنەڕەتیی ڕەوشتی کۆمەڵایەتی مسۆگەرکردنی هەبوونی کۆمەڵایەتییە. هەبوونی کۆمەڵایەتیش تەنیا لە ڕێی خاوەندارێتیی، واتە بوون بە هێزی ئایدیۆلۆژیی، دێتە ئاراوە… سەرکەوتنی ئایدیۆلۆژیا دایکی هەموو سەرکەوتنەکانە. لێهاتوویی و توانا و زوڵاڵیی لە بواری ئایدیۆلۆژییدا، سەرەتای ئازادبوونە، بڕیاری ژیانی ئازادە، دڵنیایی ژیانی ئازادە. ئایدیۆلۆژیا تەنیا ڕەوانکردنی هەندێک شت لە ئاستی بیر و هزر یان تێگەیشتن لە هەندێک ڕاستیی نییە. ئایدیۆلۆژیا، لە بنەڕەتدا، بڕیاری ژیانی ئازادە. زوڵاڵبوون و مسۆگەربوونە لە بابەتی ژیانی ئازاددا.”

کەوابوو، لاوازبوون لە ئایدیۆلۆژیادا یان مانەوە بەبێ ‌ئایدیۆلۆژیا، بە تایبەتیش کەوتنە ژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیای دی یان ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدارەکان، ڕێک وەک ئەوەیە گەلێک بە دەستی خۆی خۆی بۆ قۆناغی لەناوچوون ئامادە بکات.

لە مێژووی تێکۆشانی ئێمەدا هەڵوێستی ئەو نموونە جەنگاوەرانە و شۆڕشگێڕانەی سەلمێنەری هێزی ئایدیۆلۆژیان، ئەوەندە زۆرن، هەژمار ناکرێن. لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەین. لە زیندانی ئامەددا  ڕێهەڤاڵانی وەک مەزڵۆم دۆغان، فەرهاد کورتای، کەمال پیر، محەمەد خەیری دورموش، عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک، وێڕای هەموو ئەشکەنجە و ئازارێکی دڕندانەی دوژمن، بەبێ ئەوەی بچووکترین دوودڵیی بنوێنن و پاشگەز ببنەوە، خۆڕاگرییەکی مێژوییان تۆمار کرد. ئەم هەڤاڵانە تا دوایین هەناسە پێداگرییان لە ئایدیۆلۆژیای پەکەکە کرد. ئەمڕۆش لە دژوارترین هەلومەرجدا،  وێڕای بەکارهێنانی چەک کیمیایی و بۆمبی بۆشایی و  هەموو تەکنۆلۆژیایەکی سەربازیی پێشکەوتوو لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەر و تەوکوژی تورکیاوە، سەرەڕای هەموو شەڕێکی دەروونیی و ئایدیۆلۆژیی، کادیرانی پەکەکە لە تۆنێلەکانی شەڕدا خۆڕاگریی دەنوێنن و بوونەتە هێما و نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش و باڵای هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە. هەروەها چالاکیی گیانبازیی ڕێهەڤاڵانمان “ئاسیە عەلی” و “ڕۆژگەر هێلین” لە دژی TUSAŞ، ئەو ناوەندە پێشکەوتووە تەکنۆلۆژیایەی لە باڵاترین ئاستدا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەر و تەوکوژی تورکەوە پارێزگاری لێ دەکرا، نیشاندەر و گەواهی هێزی بێسنووری ئایدیۆلۆژیایە.

لە هەمان کاتدا، ڕێبەر ئاپۆ، کەموکورتییەکانی گۆڕەپانی تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیی بەم شێوەیە دەستنیشان دەکات: ئێوە تووشی شپرزەیی، پشێویی، ڕاکەڕاک و هەرایەکی زۆر بووون. چییە ئەم پشێویی و هەرایەی ئێوە؟ ئەگەر هەڵوێستێکی تۆکمە و جێگیرتان هەبووایە، هێندە تووشی شپرزەیی و هەرا نەدەبوون.  ئەگەر تا ئێستاش لە سیاسەتدا، لە هەڵوێستی ڕێکخراوەییدا، تا ئەم ڕادەیە تووشی پشێویی و تەنانەت کەموکورتی دەبنەوە، مسۆگەر یان ئایدیۆلۆژییەکەتان پاشماوەی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدارانە یان هێشتا نەبوونەتە خاوەنی ئایدیۆلۆژیا و دۆخی دژواری بێ ئایدیۆلۆژییتان تێپەڕ نەکردووە. مرۆڤی بێ ئایدیۆلۆژیا هەم بێ ئارمانج و بێ پڕگارە (ڕێپشاندەر، قیبلەنما)، هەم بێ پارێزڤان و بێ سەنگەرە. ئەم مرۆڤە ناتوانێت هەنگاو بنێت و بڕوات، ئەگەر هات و هەنگاوی نا و بە ڕێگەدا ڕۆیشت، ڕۆیشتنەکەی هەڕەمەکییە، بێ پلانە، ناسەقامگیر و بێ‌بڕیارە. ئایدیۆلۆژیا لە بنەڕەتدا بڕیاری ژیانی ئازادە. زۆڵاڵبوون و مسۆگەربوونە لە بابەتی ژیانی ئازاددا.  ئەمە لە ئێوەدا نییە، تەنانەت ئەگەر هەشبێت زۆر لاوازە. ئایدیۆلۆژیا پاشکەوتووەکان هیچ کارێکیان لێ ناوەشێتەوە. هەرکەسێک خاوەن ئایدیۆلۆژیای پاشکەوتوو بێت، لەناو دەچێت و پاکتاو دەبێت. بێ ئایدیۆلۆژیابوون هەڵوەشانەوەیە. لە سەر ئەم بنەمایە دەڵێم؛ پێویستە ئێوە بڕوا بە ئایدیۆلۆژیا بهێنن و بە لێهاتووترین شێوە گوزارشتیی لێ بکەن. ئەگەر ئەمانە پشتگوێ بخەین، هەم وەک گەل، هەم وەک کۆمەڵگا، جگە لە کۆمەڵکوژیی و لەناوچوون، هیچ چارەنووسێکی دی چاوەڕوانمان ناکات.س  ئەگەر تاکێک، گەلێک، چینێک، کەلتوورێک، ڕەگەزێک لە دۆخێکی وادا بێت، ناتوانێت خۆی و نیشتمانەکەی لە دەستی داگیرکەران ڕزگار بکات.

زوڵاڵبوونی دەسەڵاتداران لە ئایدیۆلۆژیای خۆیاندا

لە شامان و ڕاهیبەکانی سۆمەر بەدواوە دەسەڵاتەکانی کۆیلەداریی، فیوداڵیی و سەرمایەداریی  لە پێناو ئەوەی بتوانن کۆیلە، گوندیی، کارگەر و ڕەنجدەر و بە تایبەتیش ژنان بۆ درێژخایەن لە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی خۆیاندا بهێڵنەوە، بە بەردەوامیی ئایدیۆلۆژیایان بەرهەم هێناوە. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم ئایدیۆلۆژیایانە ئەوەیە؛ ئەگەر ئەم ژێردەستانە تەنانەت کەیفیشیان بەو دەسەڵاتەی وا دامەزرێنراوە، نەیەت، وایان لێ بکرێت مسۆگەر پەسەندی بکەن و بە شتێکی ڕەوای بزانن. بۆ ئەم ئارمانجەش، بە لەبەرچاوگرتنی زیهنییەتی کۆمەڵگا و دابونەریتە سۆسیۆلۆژیی سایکۆلۆژیی ئابووریی و کەلتوورییەکانی، فۆرمیلەی جۆراوجۆری ئایدیۆلۆژیی بەرهەم دەهێنن.

بانگەشەی ئەوە بۆ ئەم چین و توێژانە دەکەن، ئەگەر بەو چارەنووسەی لەلایەن پاشا-خوداوە بۆیان دیاریی کراوە، ڕازیی بن، تەنانەت ئەگەر لەم دنیایەدا تووشی هەندێک ئێش و  ئازار و نەهامەتیش ببن، لە دنیای دیکەدا خەڵات دەکرێن و ژیانێکی زۆر ئاسوودە بەسەر دەبەن. بەڵام ئەگەر ڕووبەڕووی دەسەڵاتداران ببنەوە و ڕەخنەیان لێ بگرن، ئەمە دەبێتە واتای نکۆڵیی لە خودا، کفر و خودادڕیی؛ سزای ئەم گوناهانەش هەزارویەک جۆرە؛ کە لە گوشار و هەڕەشەیەکی ئاساییەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ئەشکەنجە و زیندان و لەسێدارەدان. ئەگەر کۆیلە بێت، گوندیی بێت، یاخود ژن بێت، ئەوەیان پێ تەڵقین دەکەن و دەیخەنە مێشکیانەوە کە پێویستە گوێڕایەڵ و ملکەچی دەسەڵاتداران بن و ئەو سنوورانە پێشێل نەکەن وا هەم لە بواری ماف و دادوەریی هەم لە بواری ئایینییی و هەم لە بواری ئایدیۆلۆژیای فەرمیدا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆیان کێشراوە. عیبادەت و ڕاز و نیازیش پێویستە لە سەر ئەم بنەمایە بێت.

بۆ پێکهێنانی ئەم ئارمانجەش لە لانکەوە بگرە تا گۆڕستان، بە بەردەوامیی پەروەردەیان پێ دەدرێت. دەستوورەکان، یاسا و ڕێساکان، پەیڕەو و پرۆگرامەکان چوارچێوەی ئەم پەروەردەیە دیاریی دەکەن. بە تایبەت لەگەڵ هاتنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، میدیا و چاپەمەنیی لە دەستی دەسەڵاتداراندا وەک ئامڕازێک بۆ وشککردنی دڵەکان،  لەکارخستنی مێشکەکان و سووک و بێبایەخکردنی هەستەکان، بەکار دەهێنرێت. ئەمە پوختە و کورتکراوەی ئەو شتەیە وا ئەم دەسەڵاتە بە کۆمەڵگای دەڵێت: “دوێنێ لە بیری خۆت ببەرەوە، بیر لە سبەینێش مەکەوە، تەنیا ئەم ئانوساتە و ئەمڕۆت بژی. ئەم ژیانە کورتە شیاوی ئەوە نییە لە پێناویدا فیداکاریی، شەڕ و تێکۆشانی گەورە بکەی”. لەسەر ئەم بنەمایە هێرشی ڕەوشت و کەلتووری مرۆڤ دەکەن. هەرکاتێک کەلێن و درزێک کەوتە نێو ڕەوشت و کەلتوورەوە، ئیدی بابەتەکانی دی وەک دۆمینۆ لەبەر خۆیانەوە دادەڕمێن. هەوڵ دەدەن کۆمەڵگا وەک ڕەوە و مێگەل لێ بکەن و مرۆڤێش بکەنە تاکێکی نێو  ئەم مێگەلە. دەسەڵاتی بایۆدەسەڵات (biopower) دەرخواردی هەموو بوارەکانی ژیان دەدەن؛ تاک و کۆمەڵگا تووشی دۆخێک دەکەن کە لە بەرانبەر خۆی، گەلەکەی، نیشتمانەکەی و داهاتووی، هەست بە هیچ بەرپرسیارێتییەک نەکات.

ئیدی تاک وای لێ هاتووە ڕۆژانە بە شێوەیەکی مامناوەند ٥-٦ کاتژمێر لەگەڵ تابلێت و تەلەفۆنەکەی ژیان بەسەر دەبات. ئیدی ئەم تابلێت و تەلەفۆنە چاودێریی هەست و هزری ئەو دەکات، چاودێریی ناونیشانەکەی دەکات و بەگوێرەی ئەو داتایەنەش کە لەسەری کۆی دەکاتەوە، ژیانی ئەو ئاڕاستە دەکات. ئەم تاکە بۆ قازانجکردنی پارەیەکی زۆرتر، بۆ ژیانێکی لۆکستر، بۆ ئەوەی ببێتە جێپەسەند و لایکی زۆرتر، شت نامێنێت نەیکات. دۆخێک هاتووتە ئاراوە منداڵان هەر لە ٣-٥ ساڵییەوە تا تەمەنی گەنجیی، دەکەونە داوی ئەم گەمارۆیەوە و بە تەواویی بەگوێرەی ئەم سیستەمە پێ دەگەن. ئەو پیاو و ژنانەی بەم شێوەیە دەبنە کۆیلە و عەبدی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، سیستەم بەگوێرەی تایبەتمەندیی کەسایەتیی و تواناکانی ئەو کەسە چی بوێت بە سەریدا دەیهێنێت. هەرکاتێک ویستی دەیکاتە سیخووڕ، دەتوانێت بیکاتە لەشفرۆش، دەتوانێت بە ژەهری ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرەستیی و فاشیستیی دەرمانخوارد بکرێت و بیکاتە کوژەرێکی بەکرێگیراو بۆ هێرشکردنە سەر گەلان، ژنان و ئازادییەکان، دەتوانێت بیکاتە ئامرازێکی شەڕی نوێنەرایەتیی. ئێمە ڕۆژانە لە هەموو وڵاتەکاندا بە ئاستی جیاواز دەبینە گۆڤان و گەواهیدەری هەموو ئەم شتانە.

چونکە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی تەنیا لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی ئایدیۆلۆژیی-کەلتووریی لەم شێوەیەوە دەتوانێت بەردەوامیی بە هەژموونی خۆی بدات و مایندەی بکات. پێویستە ئەوەش بزانین هێزی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە چەکەکەی، هێزە ئابوورییەکەی یاخود تەکنۆلۆژیاکەیەوە سەرچاوە ناگرێت. هێزی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لەوەدایە توانیویەتی هزر و هەستی ئاپۆڕای جەماوەر، واتە کەسایەتییەکەیان، دابڕێژێت. ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی زوڵاڵتر ئاماژەی پێ بدەین، ئەوا دەتوانین بڵێین هێزی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە توانیویەتی  لە مێشکی مرۆڤەکاندا هزری هەڵە و چەواشەکارانە لەمەڕ خۆی درووست بکات. هەربۆیە دەتوانین بڵێین گەورەترین کارەسات بۆ تاکێک یان کۆمەڵگایەک ئەوەیە، پەروەردەی خۆی، بە تایبەت پەورەردەی مێژوویی، لە دوژمنەکانیەوە وەربگرێت و کەسایەتیی خۆی بەگوێرەی ئایدیۆلۆژیای دوژمنەکەی دابڕێژێت. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و ئەو دوژمنەی دەیەوێت پلانی تەوکوژیی و داگیرکەریی لە سەر کوردستان جێبەجێ بکات، زۆرترین هەوڵیان بۆ ئەوەیە ئەم کارەساتە بە سەر کورددا بهێنن. هەرجارەو بە شێوەیەک و لە ژێر ناوێکی جیاوازدا ئەم کارە دەکەن. هەندێک جار لە ژێر ناوی سیکۆلاریزم و عەلمانییەت، هەندێک جار لە ژێر ناوی ئایین و تەریقەت، هەندێک جاریش لە سەر ناوی ئەم ئایدیۆلۆژیا و ئەو ئایدیۆلۆژیا. پێویستە بنکۆڵکاریی بۆ هەموو ئەم ئایدیۆلۆژیایانە بکەین و بۆ ڕەواندنەوە و نەهێشتنی کاریگەرییەکانیان لە سەر خۆمان و کۆمەڵگاکەمان، تێبکۆشین، تێکۆشانێکی ڕێکوپێکی هەمەلایەنە، پشوودرێژ، کاریگەر و شێلگیرانە.

 ئایدیۆلۆژیاکانی کورد لە مێژوودا

گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانەی بۆ یەکەم جار پرۆسەی بەگەلبوون و بوون بە خاوەن ئایدیۆلۆژیای ئەزموون کردووە. ئەگەر هزر و بیرێکی هاوبەش، بڕوای هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش نەبا، ئەوا ئەگەری ئەوە نەبوو ئەم گەلە بتوانێت بە درێژایی ٣٠٠ ساڵ دژی زوڵم و ستەمی کۆیلەداریی ئاشوور خۆی ڕابگرێت. ڕەنگە ئەمڕۆ زانیاریی و بەڵگەی پێویستمان سەبارەت بە چۆنییەتی پەرەسەندن و گەشەسەندنی  ئایدیۆلۆژییەکان، هزرەکان و هەستەکان و کاریگەریی ئەمانە لە درێژایی ئەو ٣٠٠ ساڵەدا، لەبەردەست نەبێت، بەڵام گریمانەکردنی ئەو ئایدۆلۆژیایەی بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە ئەمانەی پێکەوە گرێ داوە، شتێکی زەحمەت نییە. هەریەکە لەمانە ساڵانێکی درێژ بەردەوامییان بە بوونی خۆیان داوە. پێویستە جەخت لەو ڕاستییە بکەینەوە کە کۆمەڵگا پێشینەکانی کورد بە درێژایی ئەم ساڵانە ‘چیمەنتۆ’ـیەکیان هەبووە تا بتوانێت هەموویان بە درێژایی ئەم ساڵانە لە دەوری یەک ڕابگرێت. گۆردۆن چایڵد (Gordon Childe) لە پەرتووکە بەناوبانگەکەی خۆی بە ناوی “چی لە مێژوودا ڕووی دا؟” ئاماژە بەوە دەکات کە لەو سەردەمەدا ئەگەر منداڵێک بمردایا، لە سەر مەزارەکەی ئێشکیان دەگرت و خواردن و کەرەستە و ئامێری جۆراجۆریان لا دادەنا و تەرمی مردووەکانیان بە ڕەنگێکی سوور ڕەنگ دەکرد. گۆردۆن چایڵد هەموو ئەمانە وەک ئایدیۆلۆژیایەک هەڵدەسەنگێنیت. کەواتە هەڵە نییە ئەگەر بڵێین دایک و باوکی کوردەکان بە درێژایی سەدان ساڵ سیستەمێکی بەهێزی ئایدیۆلۆژییان داڕشتووە.

 فەلسەفە و ئایینی زەردەشتی هەم جیهانی ڕۆژئاوا و هەم جیهانی ڕۆژهەڵاتیشی بە شێوەیەکی زۆر قووڵ خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. بەگوێرەی بەڵگەکان زەردەشت ئایدیۆلۆگێکی کورد بووە و ئەو شتانەی ئەو سەبارەت بە سرووشت، ژن، کۆمەڵگا، ڕەوشت، ئاژەڵەکان و بەرهەمهێنان گوتوویەتی، دەتوانرێت وەک ئایدیۆلۆژیایەک پێناسە بکرێت. ئەمڕۆش ئەم ئایدیۆلۆژیایە سیستەمێکی هزریی تایبەت بە دابونەریت و کەلتوور و نیشتمانی کوردە و هێشتاش وەک  ڕێپێشاندەرێک ماوەتەوە. ئەو گوتەی زەردەشت کە دەڵێت “بیری باش، گوتاری باش و کرداری باش”، سەرپاک پێناسەکردنی پارادایمێک لەخۆ دەگر‌ێت. دەتوانین بێژین لە سەردەمێکدا کە خودا و پاشاخواکان مێشکی مرۆڤەکانیان داگیر کردبوو و نکۆڵییان لە ئیرادەی مرۆڤ و کۆمەڵگا، بە تابیەتیش ئیرادەی ژن دەکرد، زەردەشت وەک یەکەم فەلسەفە و یەکەم ئایدیۆلۆژیا دەرکەوتووەتە مەیدان. لە بەرانبەر پارادایمێک کە بانگەشەی ئافراندنی مرۆڤی لە پەراسوو یان پیسایی خوداکانەوە دەکرد، زەردەشت پارادیمێک دادەڕێژێت و ئازادیی و سەربڵندیی بە مرۆڤ دەبەخشێت. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین زەردەشت وەک پێشەنگێکی خاوەن ئەم پارادایم و تێڕواینانە وایکرد دەرگای ئازادیی بە ڕووی میزۆپۆتامیا و لێرەشەوە بە ڕووی هەموو جیهاندا بکرێتەوە. گەورەترین کرانەوەی ئایدیۆلۆژیی زەردەشت، لە بابەتی ژندایە. زەردەشت خاوەنی پارادایمێکە کە ژن وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە و هاوتا و یەکسان لەگەڵ پیاو دەبینێت. لەلایەکی تریشەوە، گرنگییەکی زۆری داوە بە ژیان لە ئامێزی سرووشتدا، کارکردن لە سەر خاک و خۆشەویستی بۆ خاک و پاراستنی ئاژەڵ؛ ئەم بابەتانەش بنەمای چەمکی ژینگەپارێزییان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا داڕشتووە. هەروەها زەردەشت تایبەتمەندییە کۆمیناڵەکانی کۆمەڵگای سرووشتیی وەک پرەنسیپی ئەخلاق و ڕەوشت کردووەتە پێوەر؛ پێی وایە چارەنووسی مرۆڤ گرێدراوی شەڕ و تێکۆشانی نێوان چاکە و خراپەیە. پێی وایە ئەهریمەن گوزارشت لە خراپە دەکات و هورموزیش گوزارشت لە چاکە. دزیی، درۆ، کوشتنی مرۆڤ، بێدادیی، دەستدرێژیی و هەڵسوکەوتی لەم شێوەیە، وەک خراپە و بێڕەوشتیی هەڵدەسەنگێنێت.

لە میژووی کورددا ئەو ڕێبەرانەی بە پشتبەستن بە فەلسەفەی زەردەشت، تێکۆشانیان کردووە، بەرانبەر هێزە داگیرکەرەکان خۆڕاگرییان نواندووە و ئایدیۆلۆژیای ئەم خۆڕاگرییەیان ئافراندووە. بەڵام ئەم ڕێبەرانە نەیانتوانیوە کۆمەڵگای سەردەمی خۆیان بە شێوەیەک ڕێک بخەن، کە ئەم خۆڕاگرییانە بە شێوەیەکی هەمیشەیی بەردەوام بێت.

لە پەڕتووکی “مەم و زین”ـی ئەحمەدی خانی لە سەدەی حەڤدە، مرۆڤ دەتوانێت ئایدیۆلۆژیایەک بەدی بکات کە لە گەوهەردا پشت بە یەکێتیی نەتەوەیی کورد دەبەستێت و ئارمانجەکەی ئەوەیە دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کورد درووست بکات. ئەحمەدی خانی بە وریایی و ناسک‌بینی و وردبینییەکی هونەرمەندانەوە ئەم ئایدیۆلۆژیایەی لە نێو داستانێکدا جێگیر کردووە. لە پێشەکی پەرتووکەکەدا ئاماژە بە هۆکاری نووسینی مەم و زین دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرد و خەمی ئەو گێڕانەوەی خۆشەویستیی نێوان مەم و زین نییە، بەڵکوو هێنانەزمانی پێویستی یەکگرتووی کوردان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە. ئەحمەدی خانی ئازادیی کورد لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردییدا دەبینێتەوە. لەم واتایەدا دەتوانین بڵێین ئەحمەدی خانی توانیویەتی بە شێوەیەکی پێشوەختە ئایدیۆلۆژیایەکی سەردەمییانەی نەتەوەیی بۆ کورد بئافرێنێت.

لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠ـدا، زۆر پێشەنگ و ڕێبەر سەریان هەڵداوە و پێشەنگایەتی سەرهەڵدانی هۆزێک، پارتێک یان گرووپێکیان کردووە. هەروەها ئەو چین و توێژە چەوساوانەی لە ژێر کاریگەریی شرۆڤەی سووننەی ئایینی ئیسلامدا بوون، هەستیان بەوە کردووە نەیاران دەیانەوێت پاشەکشێ بە ناسنامەی کوردیی بکەن و لەناوی بەرن؛ هەربۆیە پشتبەست بە تەریقەتەکان پەرەیان بە جۆرە بۆچوونێکی ئایدیۆلۆژیی داوە و لەم ڕێگەیەوە هەوڵیان داوە ناسنامەی کوردیی بە زیندوویی بهێڵنەوە. لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٧٠شدا، بە ڕێبەرایەتیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئایدیۆلۆژیایەکی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستیی دەئافرێنرێت.

کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای هێزە داگیرکەرەکان لە سەر کۆمەڵگای کوردستان

لە مێژوودا، داگیرکەریی لەگەڵ بەدەوڵەتبوون دەستی پێ کردووە. بە کورتیی و بە پوختیی، دەتوانین دەوڵەت وەک ڕەنگدانەوەی داگیرکەریی ناوخۆیی بۆ دەرەوە پێناسە بکەین. هەرکاتێک هێزە دەسەڵاتدارەکانی ناو دەوڵەت وا هەست بکەن ئیدی هەژموون و داگیرکەریی ناوخۆیی تێریان ناکات، چاو دەبڕنە دەوڵەمەندیی، خاک و مرۆڤی گەلی دراوسێ. ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتی کۆیلەداریی بەم جۆرەیە. ئەو بەڵگانەی دۆزراونەتەوە، زۆر شت لەبارەی سەرەتای دەرکەوتنی داگیرکەریی لە میزۆپۆتامیا ئاشکرا دەکەن. داگیرکەران بۆ هەر وڵاتێک ڕۆشتبن، یەکەم کاریان ئەوە بووە خۆڕاگریی ئەو وڵاتە بشکێنن. پاش شکاندنی خۆڕاگریی ئەو وڵاتە، دەستیان کردووە بە تاڵان و بەدەستخستنی کۆیلەکان؛ پاش ئەمەش پەرەیان بە درووستکردنی پەرستگا داوە. بۆ ئەوەی داگیرکاریی بکەنە شتێکی هەمیشەیی، سیستەمێکی ئایدیۆلۆژی-سیاسیی، سەربازیی، ئیداریی، ئابووریی، حقوقیی، پەروەردەیی و باجیان دامەزراندووە. بێگومان هەموو ئەم کردەوانە بە ئامانجی هەمیشەییکردنی هەبوون و هەژموونی وڵاتی داگیرکەر ئەنجام دراون، ئەو وڵات و گەلەشی داگیرکاریی بە سەردا سەپێنراوە، تووشی زیان بووە.

پاش ئەوەی دەوڵەتی ماد لەبەر ناپاکیی ناوخۆیی پاکتاو بوو، ئیدی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە کەوتە قۆناغێکی سەربەرەوژێر. مەترسیدارترینی ئەم سەربەرەوژێرییەش، لە بواری ئایدیۆلۆژییدا دەستی پێ کرد. هەرچەندە لە جیاتی هەژموونی مادەکان، هەژموونی پارسەکان دامەزرێنرا، مادەکان توانییان لە ناو ئیمپراتۆریای پارسەکاندا وەک گەلی دووەم درێژە بە هەبوونی خۆیان بدەن. بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە ئەوەی بووە خاوەن دەسەڵات و هەژموون، بۆ بەردەوامیی هەژموونی خۆی، ئەوەی پێویست بێت، کردوویەتی.

ماگەکان، واتە کادیرەکانی زەردەشت، هەژموونی پارسەکانیان پێ قووت نەدەدرا و نەیاندەتوانی پەسەندی بکەن. ئەم ماگانە بەگوێرەی ئەخلاق و ڕەوشتی ئازادیخوازانەی زەردەشت کەسایەتیی خۆیانیان داڕشتبوو، لەبەر ئەوەی هەژموونی پارسەکانیان پێ هەرس نەدەکرا، دەستیان کرد بە ڕێکخستن و خۆڕاگریی. پاش ماوەیەک بۆ ئەوەی بتوانن بەڕێوەبەرایەتیی بەدەست بخەنەوە، دەستیان بە ڕاپەڕین کرد. تەنانەت دەگوترێت توانیویانە بۆ ماوەیەکی کورت دەست بە سەر دەسەڵاتدا بگرن، بەڵام دەسەڵاتدارانی داگیرکاریی پارس، ئەم ڕاپەڕینەیان کردە بیانووی کوشتوبڕی هەموو ماگەکان، بەم شێوەیە کادیرە ئایدیۆلۆژییەکان و ڕێکخراوەبوونی مادەکانیان بە تەواویی پاکتاو کرد. ئەمە کۆمەڵکوژییەکی هەروا ئاسایی نەبوو. بەم کۆمەڵکوژییە کوردیان لەو کەسانە بێبەش کرد وا دەیانتوانی نوێنەرایەتیی ئایدیۆلۆژیی کورد بکەن و جارێکی دی ئایدیۆلۆژیا بەرهەم بهێننەوە. بەمجۆرە دەسەڵاتدارانی پارس بوونە خاوەن ئیمکانی ئەوەی بتوانن لە بواری هزر و بیردا کوردەکان بکەنە کۆیلەی خۆیان.

پاش لەشکرکێشیی ئەسکەندەری مەزن بەرەو ڕۆژهەڵات، ئیمپراتۆری پارس، کە بەرانبەر ئەم پەلامارە خۆڕاگریی کرد، پاکتاو بوو، بەم شێوەیەش فەرهەنگ و ئایدیۆلۆژیای هێلینیزم لە هەرێمەکەدا بڵاو بووەوە. کوردیش بە شێوەیەک لە شێوەکان کەوتە ژێر کاریگەریی ئەم فەرهەنگە. لە سەردەمی ڕۆم و ساسانییەکاندا  کوردستان ببووە مەیدانی شەڕی نێوان ئەم دوو ئیمپراتۆریەتە. لەم سەردەمەدا کورد جارێک دەکەوتە ژێر هەژموونی ساسانییەکان و جارێکیش دەکەوتە ژێر هەژموونی ڕۆمەکان. گەورەترین برینێک لەم سەردەمەدا بەر جەستەی کورد کەوت، ئەوە بوو دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکانی کورد بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا لەگەڵ هێزە هەژموونگەراکان بوون بە یەک، جا بۆ ئەوەی لای دەوڵەتە داگیرکەرەکان جێگایەک بۆ خۆیان پەیدا بکەن، بوون بە نۆکەری خۆبەخشی ئەم دەوڵەتانە. گەلیش پەنایان بردە چیاکان و لە شوێنی دوور لە شار، بە ئایدیۆلۆژیا و کەلتووری خۆیان ژیانیان بەسەر دەبرد و هەوڵیان دا وەک گەل درێژە بە هەبوونی خۆیان بدەن.

بنەڕەتیترین دابڕانی کورد لە ئایدیۆلۆژیای خۆی، لەگەڵ هاتنی دەسەڵاتی ئیسلامییەت بۆ کوردستان هاتە ئارا. لێرەشدا جارێکی دی چینە سەردەست و دەسەڵاتدارەکانی کورد هەمان ئەو شتەیان کرد وا پێشتر لە سەردەمی ڕۆمەکان، پارسەکان و یۆنانییەکان کردبوویان، تەنانەت بە شێوەیەکی قووڵتریش بوون بە بەکرێگیراوی دەسەڵاتی ئیسلامیی. چاوپۆشییان لە زمان و کەلتووری خۆیان کرد؛ بە کورتیی، ئەو نرخ و پیرۆزییانەی پێکهێنەری ناسنامەی کوردیی بوون، بە جارێک هەموویان وەلا خست. هەوڵیان دا بەرگی ناسنامەی زاڵی عەربی بپۆشن. لێرەدا، عەرەباندن و فیوداڵیزم و ئیسلامیبوون شانەوشان پەرەیان سەند.

ڕێبەر ئاپۆ، بەم شێوەیە باسی کاراکتەری بەکرێگیراو و خەیانەتکاری چینی باڵادەستی کورد دەکات: چینی باڵادەست هەمیشە بە باشترین شێوە خۆی لەگەڵ هێزی داگیرکاریی بێگانە و داگیرکەردا گونجاندووە، کەلتووری خۆیی قەبیلە-گەل ئیدی لای ئەوان وەک شتێکی بێکەڵکی لێ هاتووە و خراوەتە پلە دووەمەوە، تەنیا لە پەیوەندییە ناوخۆییەکاندا بە شێوەیەکی زۆر سنووردار بەکاریان هێناوە. [ئەم چینە باڵادەستە] لە دامەزراندنی شارستانییەتەکاندا دەوریان هەبووە یان بۆ خۆیان شارستانییەتیان دامەزراندووە، بەڵام بۆ باڵادەستبوونی زمان و کەلتووری خۆیان، هیچ هەوڵێکیان نەداوە، یان زۆر کەم هەوڵیان داوە. لە گۆتییەکانەوە تا سەردەمی ئەیووبییەکان، هەر بەم شێوەیە بووە. ئەم چینە باڵادەستە شارنشین و دەوڵەتییە دەورێکی وەها نەرێنییان بەرانبەر دابونەریت و هەبوونی کەلتووری کورد گێڕاوە، کە لە هیچ کۆمەڵگایەکی دیکەدا نموونەی نییە. بێگومان لێرەدا بەرژەوەندیی باڵای بنەماڵەیی و چینایەتیی وەک هۆکاری توانەوە لە زمان و کەلتووری بێگانە، دەورێکی چارەنووسسازیان لەم دۆخە نەرێنییەدا گێڕاوە. بەم شێوەیە، کەلتووری قەبیلەیی و بنەماڵەیی ‘کورتی چیایی’ [واتە، کوردی چیایی] و چینە ژێردەستەکانی [کورد] کە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بە سەردا نەهاتبوو، خۆیان گۆشەگیر کرد و تەنیا لە ڕێگەی دوورەپەرێزییەوە توانیان بە درێژایی هەزاران ساڵ خۆیان لە توانەوە ڕزگار بکەن و خۆیان بگەیەننە ڕۆژگاری ئەمڕۆ. دروستبوونی چیایەک جیاوازیی و کەلێن لە نێوان ئەم دوو چینە کەلتوورییەدا، ڕێگەی لە بەردەم جیابوونەوەیەکی ڕیشەداری نێوان ‘کوردی ڕاستەقینە’ و ‘زڕەکورد’ـدا کردووەتەوە. ئەم ڕاستییە مێژووییە هۆکاری بنەڕەتیی درووستنەبوونی بۆرژوازییەکی بەهێزی نەتەوەیی کوردە لە سەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا.”

بەرانبەر ئەم دۆخەی چینی باڵادەست و بەکرێگیراو، هۆشیاریی کوردبوون، چەندە کەموکورتیشی تێدا هەبێت، لە نێو گەلدا هەر بەردەوام بووە. پێکهاتە عەشیرەیی و قەبیلەییەکان لەم بابەتەدا بۆ پارێزگاریی لە کەلتووری ڕەسەنی کوردیی، ڕۆڵی قەڵغانێکیان گێڕاوە. ئەم خۆڕاگرییەی کۆمەڵگای دیموکراتیی کە بە تایبەت لە پەناگەی چیاکاندا بەردەوام بووە، لەم سەردەمەی ئێستادا بناغەی نەتەوایەتیی کورد دادەڕێژێت.

بێگومان وا نەبووە لەو سەردەمەدا هیچ ڕێگەچارەیەک لە بەردەمماندا نەبووبێت جگە لە عەرەباندنی چینە سەردەستەکانی کورد و پەسەندکردنی ئیسلام بەبێ هیچ خۆڕاگرییەک. لە هەمان سەردەماندا، گەلانێک هەبوون کە ئایینی ئیسلامیان بەگوێرەی دابونەریتی خۆیان پەسەند دەکرد، یان ئیسلامیان لە شێوەی مەزهەبێکدا دادەڕشتەوە و بەم شێوەیە خۆڕاگرییان بەرانبەر ئیسلام دەنواند. بەڵام چینە باڵادەستەکانی کورد لە جیاتی ئەوەی ئەم ڕێبازانەی خۆڕاگریی بگرنە بەر، هاتن و بەبێ هیچ خۆڕاگرییەک ئیسلامیان پەسەند کرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، لە کوردستان، لە ناو بنکەی جەماوەر و گەلدا، مەزهەبی عەلەویی توانی پەرە بە خۆی بدات. هەروەها تەریقەتی جۆراوجۆر بە شێوەی نهێنیی هەوڵی خۆڕێکخستنیان دا. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەمەوییەکاندا دەتوانین ئەم خۆڕاگرییانە وەک خوڕاگریی سوننە لە ناو سوننەدا پێناسەی بۆ بکەین. لیرەدا، کوردەکان لە سەر بنەمای پەرەدان بە مەزهەبی عەلەویی و ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکانی تەریقەت توانییان خۆیان لەسەر پێ ڕابگرن. چونکە ئەگەر ئایدیۆلۆژیایەک، باوەڕێک یان تێڕوانینێک نەبێت گرووپ و کۆمەڵگا لە دوەری یەکدی کۆ بکاتەوە و قانع و ملکەچیان بکات تا پێکەوە بن و ئەمەش بۆ ناو ژیانی کۆمەڵایەتی شۆڕ نەبێتەوە، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە ژیانێکی درێژخایەنی نابێت. لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە، دەتوانین بڵێین ئەو بیر و هزرە جیاوازانەی دژی هەژموونی ئیسلام لە ناو کورددا پەرەیان سەند و بوونە خاوەن چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژیی، توانیان  هەبوونی گەلی کورد مسۆگەر بکەن.

تا سەدەی نۆزدە لە زۆربەی شوێنەکانی کوردستاندا میرنیشینی سەربەخۆ دامەزرێنرابوون. لە هەر میرنشێنێکی سەربەخۆشدا بیر و هزرێک هەبوو کە هەموو پێکهاتەکانی ئەم قەوارانەی لە دەوری یەک کۆ دەکردەوە. لە نێو ئەم میرنیشینانەدا تەمەنی هەندێکیان ١٠٠ ساڵ و  هەندێکی تریشیان زیاتر لە سەد ساڵی خایاند. بەڵام ئەمانە زیاتر گرێدراوی ئیمپراتۆرێک و گرێدراوی ئایدیۆلۆژیای ئیسلام، واتە گرێدراوی خەلیفە ژیانیان بە سەر بردووە. لێرەدا هەندێک میرنشینی وەک بەتلیس، بۆتان، مەروانیی، بابانیی و هتد… لەگەڵ ئەوەی گرێدراوی دەرەوە، واتە گرێدراوی خەلیفە یان  گرێدراوی تورک و فارس و عەرب بوون، بەڵام لە  خۆیاندا هەمیشە ویست و ئاراستەیەکی ئازادیخوازییان هەبووە. بەڵام ئەو کەسانەی وەک سەرۆکی ئەم میرنیشینانە دەستنیشان کرابوون، دژی ویستی ئازادیخوازی گەل هەڵوێستیان وەرگرتووە و نەیانهێشتووە ئەم مەیلە لە ناو کورددا بڵاو ببێتەوە. هەوڵ و لێگەڕینەکانی ئەحمەدی خانی بۆ یەکێتیی و ئازادیی لە چوارچێوەی پاشایەتییەکی ناوەندییدا وەڵامێکی ئەوتۆیان وەرنەگرت. دابەشبوونی کورد لە نێوان ئیمپراتۆرییەکانی سەفەویی و عوسمانیی (پەیمانی قەسری شیرین) لە هەمانکاتدا شکستێکی تری گەورەی ئایدیۆلۆژیی بوو.

ئیمپراتۆری عوسمانیی یاووز سوڵتان سەلیم، بۆ ئەوەی لەگەڵ کورد هاوپەیمانیی پێک بێنێت، داوایان لێ دەکات لە نێو خۆیاندا نوێنەرێک هەڵبژێرن. دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی کورد بۆ ئەم مەبەستە لە ناو خۆیاندا گفتوگۆ دەکەن، بەڵام ناتوانن نوێنەرێک دەستنیشان بکەن. هەربۆیە پاش ماوەیەک لە وەڵامی ئیمپراتۆری داگیرکەری عوسمانیدا دەڵێن: ئێمە نەمانتوانی لەناو خۆماندا نوێنەرێک هەڵبژێرین. وەرە تۆ لەناو ئێمەدا کەسێک دەستنیشان بکە. هەر کەسێکت دەستنیشان کرد، ئێمەش جێگەی پەسەندمانەس. ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە لە پاش ڕووخانی مادەکانەوە تا ئێستا، چینە دەسەڵاتدارەکانی کورد ئایدیۆلۆژیای خۆیانیان لەدەست داوە و بە ئاسانیی ڕوو لە ئایدیۆلۆژیای بێگانە دەکەن. ئەگەر ئایدیۆلۆژیایەکی چینی دەسەڵاتداری کورد هەبووبێت، بێگومان خیانەت و بەکرێگیراویی بووە بۆ داگیرکەرەکان، ئەویش لە پێناو بەرژەوەندیی درێژخایەنی خۆیان.

سەدەکانی ١٩ و ٢٠ سەدەی دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەکانن. لە هەندێک وڵاتدا، چینی ناوەند، سەرۆک عەشیرەتەکان، چینی بۆرژوا یان ڕۆشنبیرەکان، بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوڵیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی خۆیان داوە و تا ڕادەیەکیش سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. چینە سەردەستەکانی کوردیش لەم قۆناغەدا کەوتوونەتە ناو لێگەڕین و تەنانەت ڕاپەڕین و سەرهەڵدانیشیان کردووە. بەڵام زۆربەی ئەم سەرهەڵدانانە ئامانجێکی وەک سەربەخۆییان نەبووە، بەڵکوو زیاتر بۆ ئەوە بووە ئیمپراتۆرییەت هەندێک ئیمتیازات و بەشی زیاتریان بداتێ یان ئەوەی سەردەستیی و دەسەڵاتی خۆیان زیاتر مسۆگەر بکەن. ئەگەر جگە لەمانە هەندێک هەوڵی هەڵاواردراو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆش هەبووبێت، ئەمانەش لە ئەنجامی خیانەتی ناوخۆیی یان پشتیوانی هێزە ئیمپریالیستەکان بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی، نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

ئەو هەلومەرجەی لە سەرەتای سەدەی بیستەم و جەنگی جیهانیی یەکەم هاتە گۆڕێ، دەرفەتی گونجاوی بۆ بەدەستخستنی سەربەخۆیی ڕەخساند. بەڵام چینە سەردەستەکانی کورد لە زیهنییەتدا بەکرێگیراو بوون، توانای ئەوەیان نەبوو بە شێوەیەکی سەربەخۆ بیر بکەنەوە، پشتیان بە هێزی خۆیان نەدەبەست و لەجیاتی ئەمە لە لێگەڕینی ئەوەدا بوون پاڵ بە هەندێک هێزی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە بدەن، هەربۆیە جارێکی دی مەحکومی شکست بوون. بە تایبەت، وێڕای ئەوەی ئایدیۆلۆژیایەکی وەک سۆسیالیزمی زانستیی ڕێنیشاندەری شۆڕشی سۆڤێت لە بەردەستدا بوو، ئەمانە  لەبەر ئەوەی نەیاندەتوانی زیهنییەتی تەنگی عەشیرەتیی تێپەڕێنن و بە ئاسۆیەکی فراوانەوە بیر بکەنەوە، سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا. ئەو میر و پیر و شێخانەشی سەرۆکایەتیی چەندین سەرهەڵدانیان کرد، فکر و ئایدیۆلۆژیاکەیان لەو ئاستەدا نەبوو بتوانن هەموو نەتەوەکە لە باوەش بگرن، بەڵکوو تەنیا بە عەشیرەت و هەرێمی خۆیانەوە سنووردار مانەوە. لە بەر ئەم هۆکارەش نەیانتوانی ئاستی نەتەوەپەرەستیی سەرەتایی تێپەڕ بکەن. ئەم ڕاستییەش ئاستی ئەو کاریگەرییە ئایدیۆلۆژیی و کەلتوورییە نیشان دەدات وا دەسەڵاتی بێگانە لە سەر کۆمەڵگا و چینە سەردەستەکانی کورد داینابوو.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕێککەوتنەکانی وەک سایکس-پیکۆ، لۆزان و ئەنقەرە و کۆنفرانسی قاهیرە، بڕیارێکی ڕیشەداریان لە سەر ژینۆسایدی کورد دا. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەگەر بیانەوێت لە کیشوەرێکدا، لە هەرێمێکدا، یان تەنانەت لە وڵاتێکدا، سەبارەت بە هەر پێکهاتەیەکی ئەتنیکیی یان ئایینیی بڕیار بگرن، لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دەدەن، پاشان بڕیار وەردەگرن. پاش ئەوەی بڕیاریشیان وەرگرت، بەبێ ئەوەی هیچ پێوانێکی مرۆڤایەتیی، ئەخلاقیی و حقوقیی ڕەچاو بکەن، پلانەکەیان لە کردەوەدا بەجێ دەهێنن.

دەوڵەتانی وەک تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریا لە سەر بنەمای دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار پارچە داڕێژران، بە شێوەیەکی فەرمیی ئایدۆلۆژیای دەوڵەت-نەتەوەیان بە بنەما وەرگرت. لەم ئایدیۆلۆژیایەشدا، یەک دەڵەت، یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک کەلتوور، یەک ئاڵا وەک ئایەتی قورئان پیرۆزییان پێ دەبەخشرێت. واتە هەموو ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی دامەزرێنران، نکۆڵییان لە کورد و کوردستان کرد. کوردستانیان کردە گۆڕەپانی عەرەباندن و تورکاندن فارساندن و گۆڕەپانێک بۆ بڵاوبوونەوەی نەتەوایەتیی عەرەب و تورک و فارس. ڕەنگە لە شێوازی پێکهێنانی ئەم سیاسەتەدا جیاوازییان هەبێت، بەڵام ستراتیژەکەیان هەمان شتە. هەر بۆیە لە سیاسەت و کردەوەدا کورد بە نەبوو هەژمار دەکەن، نکۆڵیی لە کوردستان دەکەن، زمان و کەلتووری کوردیی ڕێبەند دەکەن و سووکایەتی پێ دەکەن. سیستەمی پەروەردەش، هەر لە دایەنگەوە بگرە تا زانکۆ، لە سەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای فەرمیی داگیرکەران دادەڕێژرێت و بەڕێوە دەبردرێت. بە شێوەیەک، کە هەر منداڵێکی کورد ناچار دەکرێت سروود و درووشمی نەتەوەیی دەوڵەتە داگیرکەران بە شێوەیەکی ڕۆژانە وەک ڕێوڕەسمێکی ئایینیی دووپات بکاتەوە. تا دێت منداڵی کورد، گەنجی کورد، ژن و پیاوی کورد، لە نرخە نەتەوەیی، کەلتووریی، زمانیی و ئایینییەکانی خۆیان دادەبڕێن و ئیدی هەر یەکەو لە ڕێگای فارسبوون، عەرەببوون و تورکبوونەوە دەست بە پێشکەوتن دەکەن. قۆناغی  خۆتواندنەوە (auto-assimilation)  و  تێکەڵبوون و یەکانگیربوون لەگەڵ کۆمەڵگای داگیرکەر بە خێرایی بۆ پێشێ مل دەنێت.

پاش سەرهەڵدانەکانیش، ئەم دەوڵەتە داگیرکەرانە بە ترس و سەرلێشێواوییەکی زۆرەوە دەست بۆ کردەوەی تەوکوژیی و سەرکوتکردن و تۆقاندن دەبەن؛ بە شێوەیەک، هەموو پیرۆزییەکانی گەلی کورد پێشێل دەکرێن  و سووکایەتییان پێ دەکرێت. پاش ئەمەش ئەو کوردەی شکۆی شکێنراوە و کەسایەتییەکەی وردوخاش بووە، وەک هەویرێکی لێ دێت بۆ شێلان. ئیدی دەست پێ دەکەن، لەم هەویرە تورک، فارس، یان عەرەب بەرهەم بهێنن. هەموو سیاسەتە ئابوورییەکان بەگوێرەی ئەم ئامانجە دادەڕێژرێن. بەڕێوەبەرایەتیی، پاراستن و هەواڵگریی بە تەواوەتیی بەگوێرەی ئەمە ڕێک دەخرێن. ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی، هونەر و کەلتوور بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دیزاین دەکرێن. ئیدی نەتەوەیەک بە ناوی کورد و نیشتمانەکەشی، کە ناوی کوردستانە، ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە. بە تێپەڕبوونی کات ئیدی کەس ناوی کورد و کوردستان و نرخ و پیرۆزییەکانی کورد ناهێنێتە سەر زمان، یان بە ترس و دڵەڕاوکێوە دەیهێنێتە سەر زمان. لە دۆخێکی وەهادا چینە سەردەستەکانی کورد جارێکی دی لە بواری ئایدیۆلۆژییدا دەچنە ڕیزی داگیرکەرانەوە. وا نیشان دەدەن لە تورک تورکتر، لە فارس فارستر و لە عەرەب عەرەبترن. هەروەک چۆن لە نموونەی کرمی داردا دەبینرێت، داری کورد لە ناوەوە ئەکرۆژرێت و تووشی ڕزاندن دەکرێت. ئیدی تاکی کورد وای لێ دێت، تەنانەت لە هزر و بیری خۆیشیدا لە نیشتمان و زمان و کەلتووری خۆی هەڵدێت. ئاپۆڕای مەزنی خەڵک ئیدی ئارەزووی تورکبوون، فارسبوون یان عەرەببوون دەکەن. وەک ئەوانبوون، وەک ئەوان جلوبەرگ پۆشین، وەک ئەوان قسەکردن و وەک ئەوان هەستکردن. لە خۆی هەڵدێت، شەرم لە خۆی دەکات، بەم شێوەیە لە کوردبوون و کوردستانیبوون دادەبڕێت. هەموو ئەم پلان و سیاسەتانە ڕاستییەکی بەم شێوەیە لە نێو کورددا دەهێننە ئاراوە.

ڕێبەر ئاپۆ دەڵێیت: “ئەم گوشار و داگیرکەرییە دەرەنجامی ئەو سیاسەتە تەوکوژییەیە وا دەیەوێت کورد لە ڕاستیینەی نەتەوەیی، نیشتمانیی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و کەلتوورییەکەی خۆی دوور بخاتەوە. ڕاستیینەی کۆمەڵایەتیی و سۆشیالی کورد کەوتووەتە بەر سیاسەتێکی وەهای خاپوورکردن کە لە دنیادا نموونەی نییە. تا ئەو کاتەی سرووشتی ئەم سیاسەتانە شی ‌نەکرێنەوە، تێگەیشتن لە دیاردەی کورد نەکردەنییە، تێگەیشتنێکیش هەبێت، پڕ دەبێت لە هەڵە و کەموکورتیی.  دەرەنجامی ئەمە کوردێکە لە خۆی دەترسێت، لە خۆی هەڵدێت، نکۆڵیی لە خۆی دەکات، پێی وایە چەندە نکۆڵیی لە خۆی بکات، هێندەش دەبێتە خاوەن ناسنامەیەکی مۆدێرن، غافڵ و بێهۆشە، ساختەکارە، جاهیل و نەزانە، لەخۆباییە، بێشەرم و ڕووهەڵماڵراوە، مافخوراوە، لە سیاسەت بێئاگایە، نائاساییە، هیلاک و ماندووە. مرۆڤ دەتوانێت ئەمە وەک کوردی پەراوێزخراو (مارژیناڵ)ـیش ناودێر بکات. ڕەنگە لەبەر ئەوەی هێشتا هیچ نۆرم و شێوەیەکی لەخۆ نەگرتووە، وەک دیاردەیەکی لێ هاتووە تەنانەت ناتوانرێت پێناسەش بکرێت”.

گەلی کوردیان تووشی دۆخێک کردووە ئیدی لە مێشکی ئەودا داگیرکاریی، واتە تورکێتیی، فارسێتیی و عەرەبچێتیی، هەروەها کۆماری تورکیا، کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆماری عەربیی سووریا و کۆماری ئێراق ڕەوا بووە. ڕێبەر ئاپۆ لەو مانیفێستۆیەی ساڵی ١٩٧٨ نووسی، ئاماژە بەوە دەکات “هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو داگیرکارییە بڕووخێنێت وا لە مێشکەکاندا ڕەوایەتی پێ دراوە”. ڕاستییەکەی ئەو داگیرکارییەشی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان مەبەستی بوو، داگیرکاریی مێشک بوو. ئامانجی بنەڕەتیی ئەوان ئەوە بوو شوێنەواری ئایدیۆلۆژیا لە مێشکی گەلی کورددا نەهێڵن. هیچ سیاسەتێکی تەوکوژیی و ژینۆساید هێندەی ئەم سیاسەتی بەمانکورتکردنە (mankurt-کۆیلەی بێمێشک) دڕندانە نییە. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتانەدا ئیدی وای لێ هاتووە تەنانەت ئەگەر گوشاری دەوڵەتیش نەبێت، کورد لە نێو ماڵ و عەشیرەتەکەی خۆیدا بە تورکیی و فارسیی و عەرەبیی قسە دەکات، ئەمەش وەک پێشکەوتوویی و سەردەمیانەبوون دەبینێت. ئیدی چەمکی نیشتمانپەروەریی پەیوەندیی بە کوردستان و خاکی کوردانەوە نامێنیت. بەڵکوو لە شێوەی نەتەوەپەرەستیی تورک، نەتەوەپەرەستیی یان نیشتمانپەروەریی نەتەوەی گەورەی فارس یان عەرەب گوزارشت لە خۆی دەکات.

 لەگەڵ دەستپێکردنی تێکۆشانی ئازادیخوازیی پەکەکە و لە ماوەی ٥٠ ساڵ کار و خەباتدا، گۆڕانکاریی زۆر گرنگ لەم بوارەدا هاتوونەتە گۆڕێ، بەڵام هێشتاش کاریگەرییەکانی سیاسەتی داگیرکەریی لە سەر کەسایەتیی کورد بە شێوەیەکی ڕژد بەردەوامە. بینینی ئەم کاریگەرییانە لە ناو خەباتی سیاسیی و کەلتووریی، تەنانەت لە ناو تێکۆشانی شۆڕشگێڕییشدا جێی داخێکی گەورەیە، هاوکات ئەوەشمان بە بیر دەهێنێتەوە، هێشتا زۆر ئەرکی گرنگ و گەورە ماون کە پێویستە جێبەجێیان بکەین. بۆ نموونە؛ هێشتاش بۆچوونی وەک پشتبەستن بە هێزی خۆ، دوودڵیی لە سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای سەربەخۆ، پشتبەستن بە هێزی دەرەکیی، چاوەڕوانیی چارەسەر و هاوکاریی لە هێزی دەرەکییدا بەدیار دەکەون.

هەروەها هەندێک کەسایەتیی هێشتا  لە بواری ئایدیۆلۆژیدا پێداگریی لە سەر ئەو بۆچوونەی خۆیان دەکەن گوایە کێشەی کورد بە چەند هەمووار و ڕیفۆرمی سادە و سنووردار چارەسەر دەکرێت، یان ‘سیاسەتکردن’ بەوە تێدەگەن مرۆڤ بتوانێت لەو قازانجەی داگیرکەرەکانی سەر کوردستان لە ژێر ناوی سەرمایەگوزاریی و لە ئەنجامی تاڵان و وێرانکردنی سرووشت و ژینگەکەمان دەستیان کەوتووە، بەشێکی دەست بکەوێت.

چینی ناویین و ئەو چین و توێژانەی لە کۆمپێرادۆری فیوداڵییەوە تێپەڕی چینی بۆرژوا بوون، لە کوردستان دەستیان بە نواندنی کوردچێتییەکی ساختە کرد و لە سەر بنەمای وەبیرهێنانەوەی کوردبوونی خۆیان، سیاسەت دەکەن. ئەم توێژانە لە گەوهەری خۆیاندا گرێدراوی داگیرکەرانن، بە مێشک و دڵ و گەدە گرێدراوی ئەوانن. ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن ئەدەبییاتی کوردچێتییەکی ساختە و دەستکردە. تاکە ئەرکی ئەوان ڕەوایەتیدانە بە داگیرکەران. بە تایبەت  پاش ئەوەی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و داگیرکەران لەوە تێگەیشتن وێڕای هەموو هێرشە گڵاو و چەپەڵەکانیان، ناتوانین بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان پاکتاو بکەن، دەستیان کردووە بە پێدانی تەندەر (tender) و قەرز (credit) و جۆرەها دەرفەتی ئابووریی بەم چین و توێژانە.

ئەو سیاسەتەی نکۆڵیی لە هەبوونی کورد کە لەلایەن تورکێتیی سپی پشتقایم بە CHP جێبەجێ دەکرا، ئیدی تووشی شکست ببوو، هەر بۆیە ئەو هێزانەی لە تورکیا لە ژێر ناوی ئیسلام سیاسەتیان دەکرد، لە سەر بنەمای سەنتێزی تورک-ئیسلام  دەسەڵاتیان گرتە دەست. ئەم هێزانە هەوڵ دەدەن ئایدۆلۆژیای تورک-ئیسلام لە کوردستان پەرە پێ بدەن. لەبەر ئەوەی زۆرینەی گەلی کورد موسوڵمانن، ئەم هێزانە دەیانەوێت ئیسلام بکەنە پاڵپشتی ئایدیۆلۆژیای داگیرکەریی و بەم شێوەیە دوایین بەختی خۆیان لە کوردستاندا تاقی بکەنەوە. دەسەڵاتی AKP-MHP هەوڵ دەدات لە ژێر ناوی HÜDA-PARـدا ڕەوایەتیی بدەن بە  هەندێک پێڕ و تاقمی پاشەڵپیسی وەک حزب-الکۆنترا و بەرگی یاساییان لە بەر هەڵکێشن. بە تایبەت لەم هەڵبژاردنەی دواییدا ئەم گرووپەیان هێنایە ناو “هاوپەیمانیی کۆمار (Cumhur İttifakı)”، بەم ڕەنگە دەیانەوێت لە سەر بنەمای پاکتاوی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان پێگەی ئەمانە هاوشێوەی حەماس لە کوردستاندا بەهێز بکەن. ئەم حزب-الکۆنترایە دەستی بە خوێنی هەزاران مرۆڤی نیشتمانپەروەر و دیموکرات سوورە، لە سەر بنەمای پلانێکی ستراتیژیی جووڵەی پێ دەکرێت.

بنەماڵەی ناپاکی پارتی-بارزانیش بە پێشوازیی و میوانداریی حزب-الکۆنترا لە هەولێر، هەم لە بواری ئابووریی و داراییدا پشتیوانیی لە سیاسەتی تەوکوژیی حکومەتی فاشیستی AKP-MHP دەکەن، هەم بە چاوپۆشیی لە کارنامەی دڕندانەی حزب-الکۆنترا لە بواری کۆمەڵکوژیی مرۆڤە نیشتمانپەروەرەکاندا، هەوڵ دەدەن لە ناو گەلی کورددا ڕەوایەتیی سیاسی بدەنە ئەم حزبە. ئەمانە دەیانەوێت ئایدیۆلۆژیای چینە ئیسلامییە دەسەڵاتخواز و دەوڵەتگەراکان لەگەڵ تورکچێتیی یەکانگیر بکەن و بەم شێوەیە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی پارادایمی گەلی کورد بدەن، کە پارادایمی دیموکراتیی، ئیکۆلۆژیی و ئازادیی ژنە. کاکڵە و کرۆکی ئایدیۆلۆژیاکە تورکچێتییە، بەڵام هەوڵ دەدەن لە ڕێی بەکارهێنانی ئایینی ئیسلامەوە پەردەپۆشی بکەن و ڕەوایەتیی پێ ببەخشن.

لەم قۆناغەی ئێستاشدا، لەگەڵ ئەوەی دان بە هەبوونی کێشەی کورددا دەنێن، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بیانەوێت کێشەکە بە شێوەیەکی دیموکراتیی چارە بکەن، هەوڵ دەدەن پەکەکە پاکتاو بکەن، بەم شێوەیەش دەیانەوێت لە سەدەی داهاتووشدا بەردەوامیی بە هەمان بۆچوونی ئایدیۆلۆژیی خۆیان بدەن. بە پاڵپشتیی کردەوە خیانەتکارانەکانی پەدەکە-بنەماڵەی بارزانیی نەک تەنیا لە باکوور و باشوور، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش، هەوڵ دەدەن پاشەکشێ بە ڕێبازی ئازادیخوازیی کورد بکەن و بێکاریگەری بکەن.

ئایدیۆلۆژیای فەرمیی دەوڵەتی داگیرکەریی ئێران شیعەیە. هەروەها ئەم دەوڵەتە لەبەر ئەوەی میراتگری ئیمپراتۆریەتێکە، پڕە لە گەل و ئایینی جیاواز و فرەڕەنگ. هەربۆیە، دەوڵەتی ئێران، هەرچەندەش وەک دەوڵەت-نەتەوەیەک داڕێژراوە، بەڵام لەبەر ئەم پێکهاتە سۆسیۆلۆژییەی خۆی، وشک و سەختگیر نەبووە، تەنیا فارسی بە بنەما نەگرتووە و هەوڵی نەداوە هەموو گەل و نەتەوەیەک بکاتە فارس. ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت-نەتەوەی ئێران بە ڕووکەش فارس بە بنەما دەگرێت، بەڵام ناڵێت ئازەریی نییە، کورد نییە، بەلووچیی نییە و سیاسەتی نکۆڵیی لە هەبوونی گەلە جیاوازەکانی ئێرانی نەگرتووەتە بەر، ئەم نکۆڵییەی وەک ئایدیۆلۆژیای فەرمیی نەسەپاندووە. بەڵام هاوکات هەوڵی داوە بە نەرمیی، بە وردیی و درێژیی سیاسەتی فارساندن بەڕێوە ببات. ڕێگە بە پەروەردەی زمانی دایک نادرێت. خۆسەریی هەرێمیی و فیدراسیۆن ڕێگەپێدراو نییە. پێکهاتەی ناوەندیی دەوڵەت بە بنەما وەردەگیردرێت. کورد و کێشەی کورد تەنیا لە چوارچێوەی هەبوونێکی کەلتوورییدا دەبینێت و هەوڵ دەدات لە درێژخایەندا، لە نێو کەلتووری فارسدا بیتوێنێتەوە. پاش هاتنە سەر دەسەڵاتی خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩، سیاسەتی ڕادەستبوون و شکاندنی ئیرادەی ئازادی کورد تاوێک بە فشار و توندوتیژیی، تاوێکیش بە نەرمیی هەر بەردەوام بووە. بە گوتارێکی ئایدیۆلۆژیی زۆر ناسک و پڕ لە وردەکاریی کوردیان دابەش کردووە. بە گوتنی ‘ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کورد نییە، دژی کورد شەڕ ناکەین، لە بنەڕەتدا، ئێمە دژی کوفر دەجەنگێین (ما با کفر می‌جنگیم، نە با کرد)’ لە سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠ هەموو بزووتنەوە کوردییەکانیان پاکتاو کرد. دەوڵەت-نەتەوەی ئێران هێشتا دانی بە ئیرادەی ئازادی کورددا نەناوە. تەنیا دانانی ناوی ئەیالەتی کوردستان لە سەر چەند شارێکی کوردیی، نایەتە واتای ئەوەی دانی بە هەبوونی کوردستاندا ناوە. ناوی کوردستان هەیە، بەڵام ئیرادەی سیاسیی نییە. بەم شێوازە زۆر نەرم و پڕ لە وردبینییە، هەوڵ دەدەن بەردەوامیی بە هەژموونی  ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی خۆیان بدەن.

ئەم ڕێکخستنە کوردییانەی ڕۆژهەڵات کە پاکتاو کران، لەبەر بۆچوون و تایبەتمەندیی کەسایەتیی وردەبورژوایی، یان ژیانی پەنابەرێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا و کەنەدایان هەڵبژارد یان ژیان لە ژێر چەتری پاراستن و بەڵێنەکانی بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە. لەجیاتی ئەوەی پشتبەست بە هێزی خۆیان بۆ شۆڕشی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێبکۆشن، پشتبەست بە ئەمریکا و ئەورووپا و لەژێر پەڕوباڵی بنەماڵەی بارزانیی، لە چاوەڕوانی دەستێوەردانێکی دەرەکیی بۆ سەر ئێران، ژیان بەسەر دەبەن.

لە باشووری کوردستان، چینە سەردەستەکانی کوردستان ویستیان بە پاڵپشتیی ئیگلیز دەوڵەت-نەتەوەیەک درووست بکەن، بەڵام لەمەدا سەرکەوتوو نەبوون. پاش شەڕی جیهانیی یەکەم ئینگلیزەکان و پاش شەڕی جیهانی دووەمیش ئەمریکییەکان، بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی نەوت، مسۆگەرکردنی پاراستنی ئیسرائیل، لە هەمووشی گرنگتر  بەکارهێنان و کۆنترۆڵ و لە کاتی پێویستیشدا پاکتاوی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، بنەماڵەی بارزانییان وەک ڕێکخستنی سیخووڕ بەکار هێنا. بنەماڵەی بارزانیی، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە، وەک ڕێکخستنێکی نەتەوەپەرەستیی سەرەتایی، لە پێناو بەرژەوەندیی تەنگی بنەماڵە، عەشیرەتی بارزان و هەرێمی بارزان، دەرکەوتووەتە مەیدان. لە بواری ئایدیۆلۆژییدا، سەرمایەداریی بە بنەما وەردەگرێت، نەتەوەپەرەستیی سەرەتاییە، دەوڵەتگەرایە، دوژمنی ژنە، بنەماڵەپەرست و عەشیرەتپەرەستە، ئایینپەرەستە، بڕوای بە خۆی نییە و بۆ ڕزگاریی کورد چاوی لە دەستی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. ئەمانە وەک لق و مەڵبەندێکی پاشڤەڕۆ و کۆنەپەرەستیی جموجۆڵ دەکەن. ئەم بنەماڵەیە پاشڤەڕۆترین و دەسەڵاتخوازترین و دەوڵەتخوازترین شڕۆڤەیان بۆ ئایینی ئیسلام هەیە، بە ئەم مەبەستەش چەندین ڕێکخستنی ئیسلامگەرایان درووست کردووە و پاڵپشتی داراییان لێ دەکەن. هەربۆیە پشتبەست بە هێزە داگیرکەر و هەژموونگەراکانی سەرمایەداریی، دژی سەرپاکی ئەو بزووتنەوە دیموکرات و ئازادیخواز و بەئیرادە و شۆڕشگێر و سۆسیالیستانەی پشت بە هێزی خۆیان دەبەستن، شەڕیان کردووە، هەم لە هزر و هەم لە کرداردا، هەبوون و مانەوەی خۆیانیان بە پاکتاوی ئەم هێزە ئازادیخوازانەوە گرێ داوە. ئەمانە هەوڵیان داوە کوردی بەشەکانی تری کوردستانیش پەلکێشی هەمان ڕێبازی ناپاکیی بکەن، تا بەم شێوەیە ئەو ئەرکەی لەلایەن  ئەربابەکانیانەوە بۆیان دیاریی کراوە، پێکی بهێنن و وەک گرێ و لوویەکی شێرپەنجەیی لە نێو جەستەی کوردستاندا درێژە بە بوونی خۆیان بدەن.

لەگەڵ ئەم ڕابردووەی تۆماریان کردووە، لە ٥-٦ ساڵی دواییشدا هەندێک ڕووداو هاتوونەتە ئاراوە کە دنیای ئایدیۆلۆژیی و زیهنییەتی بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە بە باشترین شێوە دەخەنە ڕوو. بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە دژی تێکۆشانی ئازادیخوازیی کوردستان چوونەتە ڕیزی دەوڵەتی داگیرکەر و داگیرکەریی تورکەوە و شەڕێکی خائینانە، بە واتای ڕاستەقینەی وشەکە، بەڕێوە دەبەن. بۆ ئەوەی داگیرکەرانی تورک بتوانن گەریلاکانی ئازادیی کوردستان شەهید بکەن، هەموو ئاسانکارییەک دەکەن: دەستبەجێ زانیاریی بە سوپای داگیرکەری تورک دەدەن، ڕێگا بۆ تانک و زرێپۆشی داگیرکەران درووست دەکەن تا خۆیان بگەیەننە سەنگەرەکانی بەرگری گەریلا، کۆسپ دەخەنە سەر هەموو ڕێگایەکی ناردنی خواردەمەنیی و چەک و جبەخانە و پشتیوانیی لە گەریلا، هەرکاتێک بۆیان بلوێت خۆیان گەریلا شەهید دەکەن، هەموو جۆرە پێداویستییەکی هاتووچۆ، لۆجستیک  و خواردەمەنیی بۆ دوژمن دابین دەکەن، وەک ڕێزان دەکەونە پێش سەربازانی سوپای داگیرکەر، ڕێگریی لە ئاشکرابوونی چەکی کیمیایی و هەموو ئەو تاوانانەی شەڕ دەکەن وا لەلایەن سوپای تورکیاوە ئەنجام دەدرێن، کوژراو و برینداری دوژمن دەگوازنەوە، ئاستەنگ بۆ هەوڵەکانی یەکێتیی نەتەوەیی دەسازێنن، لە ڕێی میدیایەکی کۆنترا و چەتەوە هەموو چەشنە چەواشەکاریی و گێرەشێوێنییەک دەکەن، ئەو نیشتمانپەروەرانەی یارمەتیی گەریلا دەدەن، بە قورسترین شێوە ئەشکەنجەیان دەدەن، سزای قورسی زیندانییان بەسەردا دەسەپێنن، تەنانەت بە شێوازی جیاواز شەهیدیان دەکەن. هەموو ئەم کردەوانە ئایدیۆلۆژیا و دنیای هزر و زیهنییەتی بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا دەخەنە بەر چاوان.

ئەم ئایدیۆلۆژیا و زیهنییەتە نە پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوە بە بنەما دەگرێت، نە بەرژەوەندیی نیشتمان. تەنیا لە هەوڵی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی تەنگی بنەماڵەییدایە و لە سەر بنەمای پاکتاوی بزووتنەوەکانی بەشەکانی دی کوردستان درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات. لەبەر ئەم تایبەتمەندییە، وەک شمشێرێکی تیژی لێ هاتووە و بە دەستی ئەم هێز یان ئەو هێز، هەموو کاتێک ئامادەیە بۆ لێدان لە تێکۆشەرانی ئازادیی کوردستان بەکار بهێنرێت. چونکە هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی هەرێمەکە بەگوێری نەزمی نوێی جیهانیی (New World Order)، پشتبەست بە بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە، پاشڤەڕۆترین شڕۆڤەکانی ئیسلامی سوننە و نەتەوەپەرەستیی سەرەتایی کورد، دەیانەوێت بارەگایەکی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە هەرێمەکەدا درووست بکەن. لە ڕێگەی ئەم ناوەند و بارەگایەوە دەیانەوێت ڕێگریی لە پێشکەوتنی ئەو پارادایمە بکەن کە ئازادیی ژن، نەتەوەی دیموکراتیی و ژینگەپارێزیی بە بنەما وەردەگرێت. سەرچاوەی ئەمەش ئەو ئایدیۆلۆژیایەیە وا بنەماڵەی بارزانیی بە کاکڵە و توێکڵەوە پەسەندیان کردووە و پەرەی پێ دەدەن.

ئەم پێکهاتە ئایدیۆلۆژیایە وەک چۆن لە ڕۆژهەڵات و لە باشووری کوردستان ڕێگەی لە بەردەم پاکتاوی بزووتنەوە نێشتمانپەروەرەکان کردەوە، ئێستاش لە پێناو سەرکوتکردنی ئیرادە و هەڵوەشاندنەوە و پاکتاوی بزووتنەوە شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەرەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، هەرچییەکی لە دەست بێت، بەبێ هیچ کەموکورتییەک ئەنجامی دەدات. لەم ساڵانەی  دواییشدا،  گرووپێکی وەک ENKS بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پەرتەوازە بکات و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خزمەت بە ئامانجەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بکات.

لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕژێمی بەعس (پارتی سۆسیالیستیی ژیانەوەی عەرەب) بە درێژایی ٦٠ ساڵ، سیاسەتێکی داگیرکاریی لە سەر ئەم بەشەی کوردستان پەیڕەو کرد. دەوڵەت-نەتەوەی سووریا وەک دەوڵەت-نەتەوەیەکی عەرەبیی خۆی ڕێک خستبوو، وێڕای ئەوەی لە بواری ئایدیۆلۆژییدا پارێزگاریی لە یەکێتیی و ئازادیی و سۆسیالیزمی عەرەب دەکرد، دژی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی بە سیاسەتی پشتێنەی عەرەبیی کرد. بۆ عەرەباندنی کورد و پەرەدان بە ئایدیۆلۆژیای پینەوپەڕۆی بەعسیی، سیستەمی قوتابخانەی کردەوە، بە بیانووی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیڵ، بەردەوام باری نائاسایی درێژ دەکردەوە، بەم شێوەیەش هەموو جۆرە ڕێکخستنێکی دیموکراتی ڕێبەند دەکرد. بە نکۆڵیکردن لە هەبوونی هاووڵاتییانی کورد و هەموو مافەکانیان، تاکی کوردی لە گشت دەرفەتێک بێبەش دەکرد.

لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەستی نیشتمانپەروەریی کورد هەمیشە بە زیندوویی ماوەتەوە. خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵەی “خۆیبوون” لە لوبنان و سووریا، تێکۆشانی عوسمان سەبریی، کار و خەباتی کەسایەتییەکی وەک جگەرخوێن، ئارام و نووریی دێرسیمیی لە بواری زمان و مێژوو و ئەدەبییاتدا وای کردووە، هزر و هەستی نیشتمانپەروەریی بە زیندوویی بمێنیتەوە. بەڵام پاش ساڵانی ١٩٥٠، بە دەستێوەردانی بنەماڵەی بارزانیی، بۆچوونی نەتەوەپەرەستیی سەرەتایی بەرەبەرە خۆی نیشان دەدا. هەم  کاریگەرییە ئایدیۆلۆژییەکانی بەعس هەبوو، هەم کاریگەریی ڕیفۆرمیستیی و ڕیاڵ سۆسیالیستیی پارتی کۆمۆنیستی سووریاش. مرۆڤ دەتوانێت هەموو ئەمانە وەک ڕەوت و کاریگەریی ئایدیۆلۆژیی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەڵبەسەنگێنێت.

تا سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠ ئەم ئایدیۆلۆژییانە بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەرییان لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان دادەنا. بەڵام پاش ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ دوای ساڵی ١٩٧٩ چووە کۆبانێ، کاریگەریی ئایدیۆلۆژیی-ڕێکخستن و سیاسیی پەکەکە لە ماوەیەکی کورتدا پەرە دەستێنێت. لێرەدا، ڕێبەر ئاپۆ لە بواری ئایدیۆلۆژیی، ڕێکخستن و سیاسییەوە کار و خەباتی زۆر گرنگ و چارەنووسسازی ئەنجام دا. ڕێبەر ئاپۆ خۆی لە ناو گەلدا کاری دەکرد، خۆی سەرپەرەشتیی کاری دانە بە دانەی کۆمیتەکانی دەکرد. ئەم هەوڵانەی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەرییەکی چارەنووسسازیان لە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هەبوو.

بۆچوونەکان سەبارەت بە ئایدیۆلۆژیا لە باشووری کوردستاندا

هەڵوێستی خیانەتکارانەی بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەو پێلانگێڕییە نێودەوڵەتییەی دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام درا. شەڕی یەکەمی کەنداو هاوکات سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سێهەمی جیهانییە. لەم ساڵانەدا بوو بۆ یەکەم جار ئەو شتەی پێ دەڵێن نەزمی نوێی جیهان (New World Order) کەوتە سەر زاران. دوای داڕووخانی سۆسیالیزمی واقعیی (یەکێتیی سۆڤێت)، هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پەکەکەیان وەک یەکێک لە گەورەترین دوژمنەکانی خۆیان و لەم چوارچێوەیەشدا وەک گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم نەزمی نوێی جیهانیی (New World Order)ـدا دەستنیشان کرد. هەربۆیە هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٢ لە ڕێی بەکارهێنانی  پەدەکەوە هێرشیان کردە سەر پەکەکە. بەگوێرەی ئەم هێزانە پاش پاشەکشێپێکردنی ڕژێمی ئێراق بۆشاییەک هاتبووە ئارا و پێویست بوو ڕێگە نەدرێت پەکەکە وەک هێزێکی جێگرەوە کە پێداگریی لە سەر سۆسیالیزم دەکات، ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەتی تەوکوژ و داگیرکەری تورک دەیانزانی بە هێرشی ڕاستەوخۆی خۆیان بۆ سەر پەکەکە، ناتوانن ڕێگریی لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکان لەلایەن ئەم هێزەوە بکەن، هەربۆیە بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکەیان هێنایە مەیدان. لەم ڕێگەیەوە ویستیان گورز لە پەکەکە بوەشێنن و پاشەکشێی پێ بکەن و لە شوێنی پەکەکە ڕێگە لە بەردەم بنەماڵەی ناپاکی بارزانیی-پەدەکە بکەنەوە. بەڵام ئەم پلانە لەو قۆناغەدا سەرکەوتوو نەبوو. هەربۆیە لە ڕێکەوتی ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩ ڕێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕیی هێزە هەژموونگەراکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، دەستگیر کرا.

پاش ئەوەی تێگەیشتن پەکەکە پاکتاو ناکرێت و لەناو ببردرێت، ویستیان بە درووستکردنی دەوڵەت-نەتەوەیەکی ساختە بۆ کورد، بە ئەنجام بگەن. ویستیان بە پاکتاوی ئایدیۆلۆژیای سەربەخۆ و ڕێبازی سیاسیی و کەلتووریی هەڵقوڵاوی ئەم ئایدیۆلۆژیایە، لە ژێر ناوی دەوڵەتێکی فیدراڵ لە باشووری کوردستان، کۆمەڵگایەک درووست بکەن کە سەرپاک لە ژێر هەژموونی ئایدیۆلۆژیا و کەلتوور و شێوازی ژیانی لیبراڵی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و ئایینپەرەستیی پاشڤەڕۆدا بێت. واتە، بە هێرشکردنە سەر  ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت و کەلتووری بەرهەمهێنراوی پەکەکە، ویستیان لە کەسێتیی باشووری کوردستاندا، پێکهاتە و کەلتوورێکی بێ ڕەگوڕیشە و ساختە درووست بکەن و لە هەموو کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی پێ بدەن؛ کەلتوورێک، کە چاولێکەر و ئارەزوومەندی بێگانەیە، لە ناسنامەی خۆی هەڵدێت، ملکەچ و کاسەلێس و گوێڕایەڵی داگیرکەریی تورکە، لە هزر و هەستدا کەلتووری هەرزە و تڕۆکەر و ئابڕووبەری ئەمریکا بە بنەما دەگرێت. بە سیستەمی پەروەردە، دراماکان، تابلۆکانی ڕیکلامی نێو بازاڕ، شێوازی جلوبەرگ، بۆچوونی هەڵە سەبارەت بە ژن، نەشتەرگەریی جوانکاریی، هۆتێل، هۆڵی لەشجوانیی، ڕیکلام و پەرەدان بە کەلتووری بەکاربەریی کۆمەڵگای باشوری کوردستانیان گەمارۆ داوە. خەون و خەیاڵی گەنجان سەردەمانێک ئەوە بوو لە خوێندنگە و کۆلێژ و زانکۆکانی پێڕی گولەن بخوێنن، ئێستاش هەمان خەون و خەیاڵ بۆ زانکۆی ئەمریکیی و زانکۆی ئەم وڵات و ئەو وڵات دەبینن. ساڵانی ١٩٩٠ بە هەزاران گەنجی باشووریان بردە ئەمریکا، بە شێوەیەکی تایبەت پەروەردەیان کردن و پاشان گەڕاندنیانەوە بۆ باشوور.

هەروەها هەژماریەکی بەرچاوی خەڵک لە لێگەڕینی ئەوەدان کورتترین ڕێگا بۆ دەوڵەمەندبوون و بەدەستخستنی پارە بدۆزنەوە. هەربۆیە لە سیخووڕیی بۆ هەموو هێزە دەرەکییەکان، بە تایبەت بۆ هەواڵگریی دەوڵەتی داگیرکەری تورک سڵ ناکەنەوە.

 دەوڵەتی تورک لە چیاکانی باشووری کوردستاندا بە سەدان بارەگای لێ داوە و لە ناو شارەکانیش بە سەدان ماڵی شاراوەی هەیە و کۆمەڵگەیەکی پێکهاتوو لە هەزاران سیخووڕی درووست کردووە. بەرانبەر پارەیەکی زۆر کەم، زانیاریی لە سەر گەریلا و وڵاتپارێزانی باکووری کوردستان دەدەن بە دوژمن. ئەگەر دژی ئەم کردەوانە تێکۆشانێکی ڕژد و بەردەوامی ئایدیۆلۆژیی، سیاسیی و ڕێکخراوەیی بەڕێوە نابرێت و کاردانەوەیەک لەگۆڕێ نییە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە بەزین و داڕزانێکی زۆر پێکۆڵ هەیە، هەموو ئەمانەش وەک دۆخێکی ڕەوا و ئاسایی دەبینرێن. لەوە دڵنیام گەلی باشوور لە دڵ و دەروونی خۆیاندا لەم کردەوانە تووڕەن، چونکە ئەم گەلە لە پێناو ئازادییدا خۆڕاگرییەکی زۆری نواندووە، خوێنی خۆی  ڕشتووە، ئەنفال و هەڵەبجەی بەسەردا هاتووە. جاروبار، کەسایەتییەکان، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، ڕۆشنبیران، کەسانی ئەکادیمیی، گرووپی بچووکی گەنجان و ژنان و هەندێک لە بەڕێوەبەرانی پارتە سیاسییەکان، دژی ئەم کردەوانە دەنگ هەڵدەبڕن و خاوەنداریی لە شەهیدان دەکەن، بەڵام کاتێک بەراوردێک لە نێوان ئەم کاردانەوانە و قەبارەی هێرشەکان دەکەین، دەبینین زۆر کەموکورتیی هەیە. هەڵبەت حزبە دەسەڵاتدارەکان، بە تایبەت زیهنییەت و سیاسەت و کردەوەکانی بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە، ڕۆڵێکی گرنگییان لە هێنانەئارای ئەم دۆخەدا هەیە.

گەنجەکان یان چاویان لە دەرەوەیە، چوون بۆ ئەورووپا و ئەمریکا ڕەچاو دەکەن یان لە دەوری حزبە دەسەڵاتدارەکان کۆ بوونەتەوە و خۆیانیان ڕادەستی ئایدیۆلۆژیا و زیهنییەت و کەلتووری ئەم حزبانە کردووە. ئەم گەنجەی گەوهەری خۆی لەدەست داوە و بە کوردایەتیی و نەتەوەپەرەستییەکی ساختە دەرمانخوارد کراوە، لە دەرەوەی بەسەربردنی ژیانێکی ڕۆژانە، خاوەن هیچ لێگەڕینێکی دی نییە. لە کاتێکدا بەشێکی مەزنی خاکی باشووری کوردستان لە ژێر داگیرکاریی دەوڵەتی داگیرکەر و تەوکوژی تورکدایە، نەبوونی هەڵوێستی کرداریی نیشتمانپەروەرانە دژی ئەم داگیرکارییە، کێشەیەکی زۆر ڕژدە. لە خۆیدا، ئەمە هەمان ئەو کۆمەڵگا و ئەو گەنجەیە وا هەژموونی سەرمایەداریی دەیەوێت بەرهەمی بهێنێت.

پێوانی ئازادیی یان پێشکەوتوویی کۆمەڵگایەک، بۆچوونی ئەو کۆمەڵگایەیە سەبارەت بە ژن. دەگوترێت لە باشووری کوردستاندا، بە سەدان، تەنانەت بە هەزاران مەزاری بێناونیشان و بێکەسوکاری ژنان هەن. کەس نازانێت ناویان چییە و کەی و لەلایەن کێوە کوژراون. هیچ دیار نییە. لە هەر کوێ هێندە ژن کۆمەڵکوژ بکرێت، هێندە دوژمنایەتیی ژن بکرێت و زیهنییەتی پیاوسالاریی زاڵ بیت، کەلتووری دیموکراتیی و هەڵوێستی دیموکراتیی بە هیچ شێوەیەک گەشە ناکات. لە باشووری کوردستاندا، ڕێ لە بەردەم پەرەسەندنی هەموو جۆرە بێڕەوشتیی، ژیان و کەلتوور و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە تا دوایی کراوەتەوە، ئەویش بەو مەرجەی زیان لە بەرژەوەندیی حزبە دەسەڵاتدارەکان نەدات. ئەم دۆخە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە لیبراڵیزم بە  شێوەیەکی چەندە قووڵ و ڕیشەدار دەرخواردی کۆمەڵگا، گەنجان و ژنان دراوە. هەربۆیە، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بۆ ئەوەی بەرانبەر پەکەکە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ساڵی ١٩٩٢، تەنانەت پێش ئەوەش، بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکەی هان دا تا هێرش بکاتە سەر پەکەکە. ئامانجەکەیان ئەوە بوو لەپێناو زاڵکردنی ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزمدا  پەکەکە پاکتاو بکەن، ئەگەریش بە تەواوی پاکتاو نەکرا، پاشەکشێی پێ بکەن. ئەمەشیان کرد. هەربۆیە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو کاریگەرییانەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە سەر ژنان و گەنجان دایانناوە، پێویستە بە پشوودرێژیی و پێداگرییەکی زۆرەوە، بە بڕوایەکی تەواو بە سەرکەوتن،  تێکۆشانێکی ئایدیۆلۆژیی زۆر ڕژد بەڕێوە ببردرێت. بۆ ئەمەش پێویستە  سۆسیۆلۆژیا و مەعنەویاتی هەنووکەیی باشوور، واتە ئەو خاڵە گشتییانەی دنیای زیهنییەتی باشوور کە لە پەراگرافەکانی پێشتردا دەستنیشانمان کردن، تێپەڕێنین و زیاتر لە بابەتەکە قاڵ ببینەوە. ساڵی ١٩٩١ بە دوا، واتە بە درێژایی ٣٤ ساڵ، گۆڕانکاریی زۆر ڕیشەدار لە باشووری کوردستان هاتووەتە ئارا. پێویستە چۆنێتیی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە لە سەر کۆمەڵگای باشووری کوردستان، بە تایبەتیش کاریگەریی لە سەر دنیای زیهنییەتی کۆمەڵگا، باش شی بکەینەوە.

بنەماڵەی بارزانیی دەستی بە سەر هەموو کەرتەکانی ژیاندا گرتووە، بە تایبەت کەرتەکانی وەک نەوت، باج و گومرک، بە ملیاران دۆلار داهاتی هەیە. ئەم داهاتانەش بۆ درووستکردن و بەردەوامیدان بە سیستەمێکی وا خەرج دەکرێن. پێویستە ڕەهەندەکانی ئەم سیاسەتە باش شی بکرێنەوە و بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکرێن. لە هەموویان گرنگتر، کاتێک لە ئەنجامی ناپاکیی و سیخووڕیی لەڕادەبەدەری بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە بۆ دەوڵەتی تەوکوژ و داگیرکەری تورک بە سەدان گەریلای ئازادیی کوردستان شەهید دەبن، دەبینین کۆمەڵگای باشوور، گەنجان، ژنان و ڕۆشنبیران بەرانبەر ئەم کردەوانە بێدەنگیی هەڵدەبژێرن و تەنیا تەماشاکەرن، ئەگەر کاردانەوەیەکیش هەبێت، زۆر سنووردارە. ئەمە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە سیاسەتی بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە بە چ شێوەیەک تایبەتمەندییە باشەکانی کۆمەڵگای باشووری وێران کردووە، تایبەتمەندیی وەک ئەخلاق و ویژدان و پشتیوانیی چەوساوەکان. سەرچاوە و هۆکاری ئەم دۆخە ئەوە نییە خەڵکی باشوور خراپ بێت یان زۆر خراپ بێت. بەڵکوو ئەم دۆخە دەرەنجامی ئەو هەژموونە ئایدیۆلۆژیایەیە وا دەوڵەتە داگیرکەرەکان، سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بە سەر گەلی باشووردا سەپاندوویانە. ئەمە وێنەیەکە. ئەوەی ئەم وێنەیەی نەخشاندووە، بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکەیە. ئەگەر بە تێگەیشتنێکی قووڵ لەم ڕاستییانە خەباتێکی ئایدیۆلۆژیی بەهێز بەڕێوە بچێت، بێگومان گەلی باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە سەر گەوهەرە مێژووییەکەی خۆی و بەرانبەر هەر چەشنە داگیرکاریی،  داگیرکاریی و تەوکوژییەک چالاکیی سەرکەوتووانە ئەنجام دەدات.

ئەو خاڵانەی دەستنیشانمان کردن، هاوکات ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی کۆمەڵگای باشوور، ڕەنجدەران، ژنان، گەنجان و ڕۆشنبیرانیش دەستنیشان دەکات. چونکە ئەگەر مرۆڤ تۆزێک لە سەر دۆخی کۆمەڵگای باشوور قاڵ ببێتەوە، ئەوا ئاستی لەخۆنامووبوون و کەوتنە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیا و زیهنییەتی بێگانە دیار دەکەوێت. لە کاتێکدا ئەم خاڵانە دەستنیشان دەکەین، پێویستە ئاماژە بەوەش ‌بکەین کە لە باشووری کوردستاندا نیشتمانپەروەری مەزن، شۆڕشگێڕی مەزن، ڕێبەرانی مەزنی ژنان، ڕێبەرانی گەنجان و سەرکردەی مەزنی شەڕ هەڵکەوتوون. شەهید ڤیان سۆران، شەهید ئارام، شەهید دکتۆر سیروان، شەهید مامەڕیشە، شەهید هەڵمەت، شەهید لەیلا قاسم، شەهید گەنجۆ گەرمیانیی، شەهید دکتۆر خالد، شەهید خاڵە شەهاب، شەهید ئەنوەر، شەهید عەلی عەسکەریی نموونەی سەدان شۆڕشگێڕی مەزنن کە شوێنپەنجەیان لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیخوازی باشووردا دیارە. ئەگەر بە خاوەندارێتیی لە بیرەوەرییەکانی ئەم شەهیدە مەزنانە تێکۆشانێکی ئایدیۆلۆژیی مەزن بەڕێوە ببردرێت، ئەوا دەتوانین ئەم قۆناغە تێپەڕ بکەین. هەلومەرج و دەرفەتەکان بۆ بەجێهێنانی ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییە لەبارن.

تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیی دژی لیبراڵیزم و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی

بنەمای ئایدیۆلۆژیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە سەر سێ کۆڵەکە بەندە: سیستەمی پیشەسازیی (industrialism)، دەوڵەت-نەتەوە (nation-state) و زۆرترین قازانج (profit maximization). مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بۆ ڕەوایەتیدان بە خۆی بە دوورودرێژیی باسی ئەوە دەکات ئەم سێ بنەمایە چەندە پێویستییەکی ژیانیین بۆ کۆمەڵگا، پێویستە بۆ دابینکردنی ئەم پێویستییانە چ کارێک بکرێت، چۆن کار بکرێت، تاک و کۆمەڵگا چۆن لە ڕێی پشتبەستن بەم سێ کۆڵەکەیەوە پێشکەوتن تۆمار دەکەن و دەگەنە ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی؛ هەروەها ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم پێشکەوتن و خۆشگوزەرانییە چین و پێویستە چۆن تێپەڕ بکرێن. هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ئەم هەلومەرجانەوە لیبراڵیزمیش بە گوتنی “ڕێگر مەبن،  بهێڵن با تێپەڕ بن، بهێڵن با کار بکەن” فۆرمیلە دەکرێت. گەوهەری ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم ئەوەیە لە ناوخۆدا ڕەوایەتی دەدات بە گوشار تا ئاستی داگیرکەریی و فاشیزم، لە دەرەوەشدا دەیەوێت داگیرکاریی بە سەر هەموو وڵاتانی دونیادا بسەپێنێت و هەموو سەرچاوە و دەوڵەمەندییەکانی ئەم وڵاتانە بباتە ناوەند، ئەم داگیرکاریی و تاڵانە بە ماف و ئەرکی ڕەوای خۆی دەزانێت و بە سەر هەموو کەسێکیشدا دەیسەپێنێت و ڕازیی و ملکەچیان دەکات. هەرچەندە لە ئاڵای لیبراڵیزمدا یەکسانیی، ئازادیی، برایەتیی و دیموکراسییش نووسرابێت، بەڵام لە گەوهەری ئەم ئایدیۆلۆژیایەدا نە یەکسانیی هەیە، نە برایەتیی و نە ئاشتیی، نە دیموکراسیی و نە ئازادیی. ئەم نرخ و بەهایانە بە ناو هەن، بەڵام لە ناوەڕۆک داماڵراون.

لەم سیستەمەدا، هەموو دەسەڵات و مافەکان دەدرێت بە پەرلەمان (یاسادانان) و دەوڵەت (بەڕێوەبردن) و دادوەریی. لە دەستوورە بنەڕەتییەکاندا زۆر بانگەشەی ئەوە دەکرێت هەموو کەسێک بەرانبەر یاسا یەکسانە، ئازادییەکان و مافی مرۆڤ پارێزراون. بەڵام لە کردەوەدا دۆخێک هەیە ڕێک پێچەوانەی ئەم بانگەشەیانەیە. لە دەرەوەی دەسەڵات و تاقمێکی قۆرغکار، هەموو کەسێک دەکەوێتە نێو کێبڕکێی بەبازاڕکردنی ڕەنجی خۆی، بەم شێوەیەش بنەما ڕەوشتییەکان بۆ خەرەندی لەناوچوون سەرەولێژ دەبنەوە. مسۆگەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بۆ ئەوەی بتوانێت بە ملیاران مرۆڤی ڕەنجدەر، هەژاران، بێکاران، ژنان و گەنجان جڵەو (کۆنترۆڵ) بکات، بەر لە هەموو شتێک دامەزراوە و پێکهاتە ئایدیۆلۆژییەکان ڕێک دەەخات و جووڵەیان پێ دەکات. هەموو ئەم میکانیزمانە ٢٤ کاژێر  کار دەکەن و بە کۆکردنەوەی زانست و تەکنۆلۆژیای گەیاندن و میدیای بینراو و نووسراو و بیستراو، هەموو لە یەک تەلەفۆندا، هەوڵ دەدرێت  پەیوەندیی و گەیاندن بە خێراییەک لە ئاست خێرایی ڕووناکیدا دابین بکرێت. ئیدی ژیریی دەستکرد هاتووەتە مەیدان. کۆمەڵگا بە شێویەک لە زیندانی شارستانیی ماددیی ئاخنراوە و هیچ شتێک بە ناوی ڕەوشت و مەعنەویات نەماوە. بەم شێوەیە لە نێو ئەم ڕاکەڕاکە چڕوپڕەدا، مرۆڤەکان بەرهەمدارترین ساتەکانی ژیانی خۆیان لەسەر تەلەفۆن و تابلێت بەسەر دەبەن و لە هەوڵی ئەوەدان ‘با ئەم ڤیدیۆیەش، ئەو سایتەش، ئەم ڕۆژنامەیەش، ئەو گۆڤارەش، ئەم پەیجەش، ئەو پەیجەش سەیر بکەم’. لە کۆتاییدا خۆشیان لە بیریان دەچێتەوە بۆ چی گەڕاون و سەیری چییان کردووە. لە ناو ئەو بژاردانەی تەلەفۆنێکی بچووک پێشکەشیان دەکات، دێن و دەڕۆن، تیایاندا ون دەبن، ماندوو دەبن و ڕۆژی پاشتریش دیسان لە دووبارەکردنەوەی هەمان شت سڵ ناکەنەوە، سەرەنجام کەسایەتییەکی گیرۆدەی تەلەفۆن درووست دەبێت. کەسایەتییەکی وەها ئیدی خەمی گرێدراوێتیی بە نرخ و بەها بنەڕەتییەکانەوە نییە. ئەگەر گرێدراوێتییش بمێنێت، کاتی ئەوەی نامێنێت خۆی پێوە خەریک بکات. چەمک و زیهنییەتەکەی تا ئەو ڕادەیە گۆڕاوە بڵێت: “ئەگەر ئەم نرخ و بەهایانە بمێنن، خۆ باشە، بەڵام ئەگەریش نەبن، هەر ئاساییە”. فۆکۆیاما هەروا لە خۆڕا نەیگوتووە “لیبراڵیزم ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێت”. ئەم ڕاستییە سۆسیۆلۆژییەی بینیوە بۆیە وای گوتووە.

 دەوڵەت-نەتەوە و هێزە هەژموونگەراکان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەست لە درووستکردنی شەڕکەری وەکیل و بەڕێوەبردنی شەڕی نوێنەرایەتیی هەڵناگرن، هەربۆیە ئایدیۆلۆژیای نەتەوەپەرەستیی بە توندیی لەئامێز دەگرن. ئیدی نەتەوەپەرەستیی وەک ئایینێکی لێ هاتووە. ئایینپەرەستیی یەکێکە لەو ئامرازە ئایدیۆلۆژییە کاریگەرانەیەی بە ئامانجی ڕازیی و ملکەچکردنی کۆمەڵگا بۆ سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بەکار دەهێنرێت. بە تایبەت لە ناو دنیای ئیسلامدا ڕێکخستنی وەک ئەلقاعیدە و داعش لە ژێر ناوی اللە و قورئاندا، پیرۆزیی و قودسیەت بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەبەخشن و جارێکی دی بەرهەمی دەهێننەوە. ئەمانە لە گەوهەری خۆیاندا بەرهەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریین، بەڵام سۆسی ئایینپەرستییان بەسەردا ڕژێنراوە. هەر ئەوەندە.

 هەڵاواردنی ڕەگەزیی (ڕەگەزگەرایی) یەکێکی ترە لەو بۆچوونانەی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پەرەی پێ داوە. سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پیاوسالارە، شکۆ و هێز دەدات بە پیاو  و ئامانجی ئەوەیە تا دواڕادە سووکایەتیی بە ژن بکات. بەڵام وێڕای هەموو ئەم ڕاستییانە، ژن دەکەوێتە نێو ئەو خەیاڵەی گەیشتووەتە ئازادیی و  بە وەهمی “ئیدی ئازادم” دەبێت بە هەرزانترین هیزی کاری مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و مەکینەی زاوزێ و وەچەخستنەوە بۆ بەردەوامییدان بەم سیستەمە و ئامرازێک بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی پیاو. وێڕای هەموو ئەم ڕاستییانە، ئەم سیستەمە بە درووستکردنی وەهمی ئازادیی ژن لە ژێر ناوی مافی ژنان، یەکسانیی ڕەگەزیی، یەکسانیی ژن و پیاو بەرانبەر یاسا و هتد… کۆیلایەتیی ژن قووڵتر و قووڵتر دەکاتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی ئەو ژنانەی هەموو ساڵێک لە سەرانسەری دنیادا دەکوژرێن، هەراسان دەکرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، دەبینین مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی نەک بەهەشت، بەڵکوو دۆزەخە بۆ ژنان.

زانست و زانستپەرەستیی دوو شتی لێک جیاوازن. زانست بەرهەمی ڕەنجی هەموو مرۆڤایەتییە، نرخ و بەهای هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتییە. مێژووی زانست دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغە سەرەتاییەکانی درووستبوونی مرۆڤایەتیی. زانستپەرەستیی یەکێکە لە چوار ئایدیۆلۆژیا بنچینەییەکەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی. پشت بە دیاردەگەرایی (phenomenalism) و زانستی پۆزیتیڤیزم دەبەستێت. زانستپەرەستیی گوزارشت لە بۆچوونێک دەکات کە هەوڵ دەدات ژیانی کۆمەڵایەتیی بەگوێرەی یاساکانی زانستی سرووشتیی؛ وەک کیمیا و فیزیا و زیندەوەرناسیی شڕۆڤە بکات. زانست لە ئەخلاق و فەلسەفە جیا دەکاتەوە. واتە، زانستێکی دابڕاو لە کۆمەڵگا. تەنیا لە خەمی ئەوەدایە زانست و تەکنەلۆژیا لە پێشکەوتندا بن، ئیدی گوێی لێی نییە داخۆ ئەم زانستە بەگوێرەی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگایە یان نا؟ بەگوێرەی ئەخلاق و فەلسەفەیە یان نا؟ زیانی بۆ سرووشت هەیە یان نا؟ ئەگەر سەرەنج بدەین، دەبینین هەر کاتێک بابەتەکە خۆپەرەستیی زۆرترین قازانج (profit maximization) و سەرنجڕاکێشیی لەڕادەبەدەری هەژموون و دەسەڵات بێت، دەسەڵاتدارەکان هەموو جۆرە ڕەوشت و ویژدان و فەلسەفەیەک پێشێل دەکەن. تاکپەرەستیی، فشار و گوشار لە سەر کۆمەڵگا، تەوکوژیی، پەرەسەندنی بەرەڵایی سێکسیی، مەسرەفی لەڕادەبەدەر، کاولبوونی سرووشت و کۆنترۆڵکردنی بێسنووری کۆمەڵگا لەلایەن دەسەڵاتەوە، هەموویان لە زانستپەرەستییەوە سەرچاوە دەگرن.

مرۆڤ دەتوانێت باسی زۆر ڕەوتی تری ئایدیۆلۆژیی بکات، بەڵام دەتوانرێت هەموو ئایدیۆلۆژییەکان لە ژێر ناوی ئەم چوار سەردێڕەدا کۆ بکرێنەوە. مرۆڤ دەتوانێت لە سەر هەر ڕەوتێکیش چەندین پەرتووک بنووسێت. لێرەدا تەنیا بە چەند پێناسەیەکی کورت بەسەندە دەکەین.

فۆکۆیاما لە پەڕتووکی ‘کۆتایی مێژوو، دواهەمین مرۆڤ’ کاتێک دەڵێت “ئیدی ڕکابەرێکی پێکۆڵ بۆ دیموکراسیی لیبراڵ نەماوە”، لە بنەڕەتدا ئاهەنگی سەرکەوتنی ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم دەگێڕێت. کاتێک دەڵێت؛ ئیدی سەردەمی ئایدیۆلۆژییەکان بەسەر چووە، لە بنەڕەتدا سیستەمێکی سەرتاپا ئایدیۆلۆژیی بە سەر مرۆڤایەتییدا دەسەپێنێت. دەیەوێت بڵێت: زئەگەر دەتانەوێت بژین، ناچارن ئەمە پەسەند بکەن، ڕێچارەیەکی ترتان لە بەردەمدا نییە”. گوتەکانی فۆکۆیاما چەندە لە گوتە میتۆلۆژییەکانی ڕاهیبەکانی سۆمەر دەچێت! ئەمە هێرشێکی ئایدیۆلۆژیی زۆر ڕژدە. مرۆڤایەتیی، ڕۆژهەڵاتی ناویین و کورد کەوتوونەتە بەر هێرشێکی ئایدیۆلۆژیی. ئەگەر ئەو هەرێمانەی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە داگیر کراون، هەروەها هەرێمەکانی ژێر دەستی دەوڵەتی ئێراق و هەرێمە ئازادەکان (مەبەست هەرێمەکانی پاراستنی میدیایە- وەرگێڕ)ـی لێ دەر بکەین، باشووری کوردستان تەنیا چەند شار و شارۆچکەیەکی لێ ماوەتەوە. بەڵام دەبینین لە مەزنترین دەوڵەتەکانی دنیاوە بگرە تا بچووکترینیان، هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان مسۆگەر پەیوەندیی تایبەتیان بە بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکەوە هەیە. ڕۆژ نییە سەرۆکوەزیرێک، وەزیرێک، سەفیرێک، کونسوڵێک یان سەرۆکێکی هەواڵگریی سەردانی ئەمانە نەکات. تاکە ئامانجی هەموو ئەم پەیوەندیی و سەردانانە ئەوەیە باشووری کوردستان بکەنە ناوەندێکی دژەشۆڕش بۆ پاکتاوی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتیش بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان.

ئەم دۆخە پێویستیی تێکۆشانێکی ئایدیۆلۆژیی سیستماتیک بەرانبەر ئایدیۆلۆژییەکانی لیبراڵیزم، واتە هەڵاواردنی ڕەگەزیی، نەتەوەپەرەستیی، ئایینپەرەستیی و زانستپەرەستیی، دەخاتە ڕوو. سەرکەوتنی ئەم تێکۆشانەش پێویستی بە کەسایەتییەک هەیە تێپەڕاندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و کاریگەرییە ئایدیۆلۆژییەکانی لەسەر دنیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین، بە تایبەتیش لە سەر کوردستان، بکاتە خەم و ئامانجی سەرەکیی خۆی. ئەگەر خەمێکی وامان نەبێت، ئامانجێکی وامان نەبێت، ئەو شتانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردن، هیچ واتایەکیان نامێنێت. ئەو شتانەی لەم نووسراوەیەدا ئاماژەمان پێ کردن، کاتێک واتا پەیدا دەکەن، خەم لەو کێشانە بخۆین وا مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە نیشتمانەکەمان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو دنیا درووستی کردووە  و بۆ تێپەڕین لێیان سەرەتا لە خۆمانەوە تێکۆشانی هزریی و ئایدیۆلۆژیی دەست پێ بکەین و لە ناو هەموو چین و توێژەکاندا پەرەی پێ بدەین، جا لەم چوارچێوەیەدا واتا بدەینە ژیانی خۆمان.

سیستەمی پیاوسالاریی دەسەڵاتپارێز-دەوڵەتپارێزی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ڕۆڵێکی چارەنووسسازی هەیە لە هێنانەئارای هەموو ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی نیشتمانەکەمان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو دنیا بوونەتەوە. دەست بۆ هەر کێشەیەک ببەین، دەبینین دواجار لە بنەڕەتەکەیدا هەژموونی ئایدیۆلۆژیی ئەم سیستەمە هەیە.  هەموو ئان و ساتێک، هەموو ڕۆژێک، کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەم هەژموونە ئایدیۆلۆژییە دەبینین. ئەم سیستەمە بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە هەژموونی خۆی بدات، پێویستی بە ئامرازی وەک توندوتیژیی، ئابووریی، حقووق، سیاسەت و کەلتوورە. لێرەدا مەبەستمان کەمکردنەوەی گرنگیی ئەم دامەزراوانە نییە، بەڵام پێویستە بزانین لە ناوەندی ئەو هێزەی هەموو ئەمانەی درووست کردووە و ئاڕاستەیان دەکات، ئایدیۆلۆژیا هەیە. ئەم ئایدیۆلۆژییە لە سۆنگەی بەکارهێنانی هەزار و یەک ئەمراز خۆی دەکاتە جێگای پەسندی هەمووان. هێزی سیستەم لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. کەوابوو، پێویستە ئیمەش بەرانبەر ئەم ئایدیۆلۆژیایەی هەموو ڕۆژ و ئان و ساتێک کاریگەریی نەرێنیی لە سەر کۆمەڵگاکەمان دادەنێت، تێکۆشانێکی پێداگر، پشوودرێژ و بەردەوام بەڕێوە ببەین.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...