گوتار

مێژووی ململانێ و شەڕی ئێران و ئیسرائیل

تاران بە دەنگی مووشەکەکانی ئیسرائیل چاوی لە خەو هەڵهێنا، ئەمە لە کاتێکدا بوو، کە تاران لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی لە گفتگۆدا بوون و جاربەجارەش هەردوولا وا نیشانیان دەدا کە گفتوگۆکان باشن و پێ دەچێت بگەنە ڕێککەوتن.

سیروان هۆرامی

 

بەربانگی ١٣ـی ئەم مانگە تاران بە دەنگی مووشەکەکانی ئیسرائیل چاوی لە خەو هەڵهێنا، ئەمە لە کاتێکدا بوو، کە تاران لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی لە گفتگۆدا بوون و جاربەجارەش هەردوولا وا نیشانیان دەدا کە گفتوگۆکان باشن و پێ دەچێت بگەنە ڕێککەوتن. ئەمەش وای کرد نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران بێتە خوارەوە و جارێکی دیکە دوای ئەو هەموو گەمارۆیەی سەر ئێران، بازاڕ جووڵەی تێ کەوێت. بەڵام وەک ئەڵێن؛ بەراوردی ماڵ و بازار یەکی نەگرت. ئەوەی بەراورد دەکرا وا دەرنەچوو. ئیسرائیل لە بنی هەنبانەکەی دا و دۆخەکەی بەرەو ئاراستەیەکی تر برد. لەلایەکی دیکەشەوە بە بەشداریی ئەمریکا بۆشەڕەکە ئاگرەکەی زیاتر کرد و ئێستاش لە پرۆسەی ئاگربەستدان، بەڵام ئاخۆ جارێکی دیکە ئەو ئاگرە کڵپە دەکاتەوە یاخود نا، ئەوە لە داهاتوودا بۆمان ڕوون دەبێتەوە.

 

مێژووی ناکۆکیی ئێران و ئیسرائیل

 ئێرانیبەر لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ و هاتنە سەر دەسەڵاتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیوەندییەکانی زۆر جیاواز بوون لەگەڵ ئەو ئێرانەی کە لە سەردەمی شا کرابوو بە مۆڵگەی مووساد و سیا، بەجۆرێک کە هەموو چالاکییەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە نێو خاکی ئێرانەوە بەرێوە دەبرد. هەروەها یەک لەو وڵاتانە بوو کە پشتگیری درووستکردنی ئیسرائیلی دابوو. هەڵە نییە ئەگەر بڵێین شۆڕشی گەلانی ئێران (بەر لەوەی ویلایەتی فەقیە دەستی بە سەردا بگرێت) لە بنەڕەتدا شۆڕشێکی دژە ئیمپریالیستی بوو، هەروەها شۆڕش بوو دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری کە کرابوو بە بووکەڵەیەک لەبەر دەستی زلهێزانی ئەو سەردەمە. ڕۆژئاواییەکان و لە پێش هەمووشیان ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە شۆڕشی دیموکراتیکی گەلانی ئێران بۆ درووستکردنی کەمەربەندی سەوز لە بەرانبەر شۆڤیەت (ڕووسیای ریال سۆسیالیست) وەکوو ئاڵتەرناتیڤ خومەینیان هێنایە گۆڕەپانی سیاسەت و هەوڵیاندا گووتاری دینی لەسەر بنەمای شیعەی دوازدە ئیمامی لە بەرانبەر گووتاری چەپ و دژە ئیمپریالیست زاڵ بکەن.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران هەروەها بە وتاری نە شەرقی و نە غەربی کۆماری ئیسلامی هەوڵیدا خۆی وەکوو هێزێکی سەربەخۆ نیشان بدات و ببێتە ناوەندی شۆڕشێکی جیهانی. لەسەر ئەم بنەمایەش لە هەمان سەرەتاوە هەوڵیدا شۆڕش هەناردەی دەرەوە بکات.

ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیدا بوون و تەنانەت بەشێکی زۆر لە جبەخانەکەیان بۆ دابین کرد. ئەم پەیوەندییانە نەبوونە هۆکاری ئەوەی کۆماری ئیسلامی بکەوێتە نێو ئەو چوارچێوەیە کە بۆیان دەستنیشان کردبوو و هەوڵیداوە هەژموونگەرایی خۆی بەرفراوان بکات و خۆی وەکوو نوێنەری جیهان ئیسلام بەرجەستە کرد. هەبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلی ڕەتکردووەتەوە و وەکوو داگیرکەر پێناسەی کرد. خومەینی ساڵی ١٩٧٩ـی زاینی لە سەرەتای دەستگرتنی دەسەڵات دواهەمین هەینی ڕەمەزانی وەکوو ڕۆژی قودس پێناسە کرد و هەوڵی دا ئەم ڕۆژە بکاتە پلاتفۆرمێک بۆ یەکگرتنی هەموو موسڵمانانی جیهان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و مژاری فەلەستینی کردووەتە بنەمایەک بۆ ڕێکخستنکردنی خۆی لە وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت لە لوبنان، فەلستین. پێکهێنانی کەوانی شیعی ستراتێژی مەودا درێژی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە نیو سەدە تەمەنی خۆیدا کاری بۆ کردووە.

 

دەرکەوتەکان و بەرکەوتەکانی ئەم سیاسەتە

کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای تەمەنی خۆی هەوڵی داوە هەژموونی خۆی داسەپێنێت. بۆ ئەم ئامانجەش دەستی کردووە بە پاکتاوکردنی هێزە دژبەرەکانی خۆی. سەرەتا ئەم هەنگاوەی بە هێرش بۆ سەر ئەو هێزانە دەستپێکرد کە بەشێک بوون لەو پێکهاتەیە کە شۆڕشی گەلانیان هەڵگیرساند.

١- لە ٨ـی ئاداری ساڵی ١٩٧٩ـی زاینی ژنان یەکەم هێزی دینامیکی شۆڕش بوون کە هێرش کرایەسەریان و تا ئەمڕۆ بە سیاسەتی پەرتەوازەکردن و دوورخستنەوەیان لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەوڵدراوە پراوێز بخرێن.

٢- دوای ئەوەی گفتوگۆکانی شاندی دەوڵەتی کاتی ئێران لەگەڵ هێزە کوردییەکان بە ئەنجام نەگەیشت، ڕژێم هێرشی لەشکەری خۆی بۆ کوردستان دەستپێکرد و داخوازی ڕەوای گەلی کوردی لە ژێر ناوی جووداخوازی پێناسە کرد و لە لایەن خومەینییەوە ٢٨ـی گەلاويژی ساڵی ١٣٥٨ـی کۆچی هەتاوی فەرمانی جیهادی دژی گەلی کورد و تێکۆشانەکەی درا. لەو سەردەمە بەندی ئەبوولحەسەن بەندی سەدر سەرۆککۆماری ئەوکاتەی ئێران وتی: تا ئاژاوەگێڕی کوردستان (کە مەبەستی سەرهەڵدانی گەلی کورد بوو) کۆتایی نەیەت بەندی پۆستاڵەکانمان ناکەینەوە. بەم جۆرە هێرشێکی چڕکرایە سەر گەلی کورد لە پاوە و هۆرامان و مەریوان، سەقز بانە و سنە و مەهاباد و بە هەزاران ڕۆڵەی کورد شەهیدکران و بەرخۆدانی ٢٣ ڕۆژەی شاری سنە بووە چیرۆکی قارەمانی گەلی کورد.

٣- بە کۆتاییهاتنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراق، هێرش کرایە سەر زیندانەکان و زیاتر لە سێهەزار کەس کە ئەندامی ڕێکخستنە بەرهەڵستکارەکانی وەک ڕژێم وەک؛ پارتە کوردییەکان، موجاهیدینی خەلق و چەپەکان، بێ ئەوەی پرۆسەی دادگاییان بەڕێوە بچێت، کۆمەڵکوژ کران.

٤- لە سەردەمی سەرۆککۆماری هاشمی ڕەفسەنجانیی، کە وەک دەوڵەتی چاکسازیی دەناسرا، لە ژێر ناوی سیاسەتی کرانەوە بەرەو دەرەوە، دیپلۆماسی خۆی لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان پێش خست و لە بەرانبەردا چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە دەستی بە تێرۆری دژبەرەکانی کرد. لەم سەردەمەدا دوکتور قاسملۆ، شەرەفکەندیی و شاپوور بەختیار تیرۆر کران، هاوکات زیاتر لە دوسەدوپەنجا کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی پارتە کوردیەکان لە باشووری کوردستان تیرۆر کران. بە تایبەت لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و ڕانیە و پێنجوين و هتد…

٥- بە هاتنەسەرکاری خاتەمی وەک سەرکۆماری دەوڵەتی ڕێفۆرمخوازەکان، هیوا بۆ کرانەوەی کەشی سیاسی ئێران زۆرتر بوو، لەو کاتەدا زیاتر لە بیست ملیۆن کەس بە هیوای ڕیفۆرم دەنگیان دا، بەڵام لە شەڕی نێوان پاوانخوازان و ڕیفۆرمیستەکان و ئەو زەنجیرە کوشتارەی پێشتر بە هونەرمەندان و ڕووناکبیران دەستی پێ کرد، پاکتاوکاری ناوخۆیی سیاسی بوو و بەم جۆرە بە هاتنی مەحموود ئەحمەدی نەژاد پرۆسەی ڕیفۆرم شکستی هێنا.

٦- ١٧ـی جۆزەردانی ١٣٧٨ (٩ـی تەمووزی ١٩٩٩) هێرش کرایە سەر شوێنی حەوانەوەی خوێندکارانی زانکۆی تاران کە بە (کووی دانشگاە) دەناسرا، زیاتر لە ٧ کەس کوژران و ٢٠٠ کەسیش بریندار کران. هەروەها تیرۆری داریووش و پەروانە فرووهەر، جەعفەر پوویەندە و هتد… هەروەها داخستنی ڕۆژنامەکانی وەک (سەلام) کە بە دوای خۆیدا زۆرێک لە گۆڤار و ڕۆژنامەی ڕیفۆرمخوازەکان داخران و لە سۆنگەی بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین وڵات بەرەو داخران چوو.

٧- ساڵی ٢٠٠٩ جارێکی دیکە شەپۆليکی نوێی ڕیفۆرمخوازیی بە پێشەنگایەتی میرحسەین مووسەوی و کەڕووبی لە ژێر ناوی بزووتنەوەی سەوز بە ئامانجی گۆڕانکاریی هاتنە گۆڕپانی سیاسی. لەم هەڵبژاردنەدا بەشێکی زۆری کۆمەڵگە هاتنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەشداریی کارایان لە هەڵبژاردندا کرد. بەڵام دەستەی باڵای هەڵبژاردن بێ گوێدان بە داخوازیی گەل، مە‌حموود ئەحەمەدی نەژادی وەک سەرکۆمار دەستنیشان کرد. لەم کاتەدا بە درووشمی (دەنگی من لە کوێیە) زیاتر لە یەک مانگ بە پێشەنگایەتیی مووسەوی و کەڕووبی، ئەوانەی لە پرۆسەی دەنگدان بەشداریان کردبووە هاتنە سەر شەقام. ئەم بەرهەڵستکارییە لە تاران بەرفراوانتر بوو و بۆ یەکەم جار پێگەی خامنەیی وەک وەلایەتی فەقی کەوتە بن پرسەوە و دەتوانین بڵێین پیرۆزیەکەی شکا. خامنەیی و پاوانخوازەکان ئەم سەرهەڵدانەیان وەک فیتنەی ئاڕاستەکراوی دەرەوە پێناسە کرد و هێرشێکی توندیان کردە سەری و سەرکوتیان کرد. مووسەویی و کەڕوویبیان وەک سەرکردەی سەرهەڵدان خستە زیندانی ماڵ و تاکوو ئێستاش بەردەوامە.

٨- پاش گەلەکۆمەی ١٥ـی شووبات و گیرانی ڕێبەر ئاپۆ، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خاوەنداریی لە ڕێبەر ئاپۆ ڕژانە سەر شەقام و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی. لە شاری سنە ڕژێم هێرشی کردە سەر خەڵك و شەڕ هاتە ئاراوە و بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ٣٠ هاوڵاتی مەدەنیی، بەم جۆرە ڕۆژی سێی ڕەشەمێ وەک ڕەشەمێی ڕەش ناسێندرا و بووە هەوێنی سەرهەڵدانی گەنجانی کورد و لێگەڕین بەدوای تەڤگەرێکی نوێ. تێکۆشانی گەلی کورد لە نەوەتەکاندا بە هۆی شەپۆلی تیرۆر و سیاسەتی تێکەڵکردن لەگەڵ ڕژێم، هەروەها نەبوونی ستراتێژی ڕوونی پارتە کلاسیکەکان سەبارت بە تێکۆشان و پاسیفبوونیان لە باشووری کوردستان. تەڤگەری ئازادیی کورد بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ توانی لە ساڵانی نەوەدی زایینی لە نێو گەنجانی ڕۆژهەڵات خۆی ڕێک بخات. بە تایبەت ساڵی ١٩٩٥ و دامەزراندنی مەدتیڤی گەلی ڕۆژهەڵات تێکەڵاوییەکی زۆری لەگەڵ هزری تەڤگەری ئازادیی بۆ درووست بوو. لە زانکۆکان لە ژێر ناوی بزاڤی یەکێتیی دیموکرایی ڕێکخستنێکی بەهێزی خوێندکاران ساز بوو، جا ساڵی ٢٠٠٤ وەک پارتی ژیانی ئازاد خۆی ڕێک خست.

٩- کۆماری ئیسلامی ئێران لە جێی ئەوەی بەرەو ڕێفۆرماسیۆن بروات و گۆڕانکاری بکات دوای هەر بەرهەڵستکارییەک هەوڵی داوە بازنەی خۆی و دەرەوەی خۆی تەنگتر بکاتەوە. بۆ سەرکووتکردنی بزاڤی سەوز چەند هەنگاوی هەڵگرت، سەرەتا بۆ چاوترساندن هەڤاڵان شیرین عەلەمهوولی و فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلیان و عەلی حەیدەریانی کە بە هۆی خەباتی ڕێکخستنی گیرابوون لە ١٩ـی گوڵانی ١٣٨١ لە بەندیخانەی ئەڤین لەسێدارە دا و بەم جۆرە هەموو پێشەنگانی بزاڤی سەوزی هێنایە سەر شاشە و داوای لێبووردیان کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە لە لایەنە هێزە دەرەکییەکانەوە خەڵەتێنراون. گرتووخانەی ئەڤین یەکێک لەو گرتووخانانەیە کە مێژوویێکی کۆنی هەیە و ساڵی ١٣٥٠ـی هەتاوی بە دەستی ساواک لە باکووری شاری تاران ساز کراوە و ساڵی ١٣٥٨ گووللەباران کران. بەندی ٢٠٩ـی ئەڤین بۆ زیندانییانی سیاسی بەندێکی ناو ئاشنایە و زۆرێک لە زیندانییانی سیاسی کورد لەوێ ئەشکەنجە کراون و لەسێدارەدراون. هەرە دوایی ڕەزبەری ١٤٠١ـی کۆچی هەتاوی لە سەردەمی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئاگر لەو زیندانە بەردرا و ئێستاش لە سەروو بەندی شەڕی ئێران-ئیسرائیل هێرش کراوەتە سەر دەرگای زیندانی ئەڤین.

١٠– لە دەیەی نەوەدی هەتاوی کە دەکاتە دەیەی سێهەمی کۆمار بەرهەڵستکارییەکان دژی ڕژێم زۆرتر بوونەوە و مەودای نێوان بەرهەڵستکارییەکان لە ١٠ساڵ جارێک کەم بوویەوە بۆ سێ ساڵ جارێک. هاوکات بە هۆی سیاسەتە زیادەخوازەکانی لە دەرەوەی سنوورەکان و بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ڕۆژئاواییەکان بۆ تەمێکردنی ڕژێم و بە چۆکهێنانی ئابلۆقەی ئابووری درا. لە کاتێکدا بەرپرسانی ڕژێم لە ژیانێکی شاهانەدا بوون و هەوڵ بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەو ئابلۆقانە دەرفەتێکی زێڕینی بۆ بەرپرسان ساز کردبوو کە سەروەت و سامانی وڵات هەڵووشن، کۆمەڵگە لەو پەڕی نەداری و هەژاریدا ژیانی دەکرد بە جۆرێک کە هێڵی هەژاری بەرز بوویەوە و کۆمەڵگە دابەش بوو بە دوو بەشی هەژار و دەوڵەمەند. لەو سەردەمەدا چەندین کەسایەتی وەکوو ڕەزای زەراب بوونە بازرگان و بە ئابلۆقەکانی ڕژێمی بوونە ملیاردێر و پارەیەکی زۆریان لە وڵات دەرخست. هەروەها کەسانێک دەرکەوتن نازناوی سوڵتانی سکە و ورکەنان و چای و هتدیان پێدرا چوون هەموو هەرجۆرە بازرگانی بەو کاڵایانە لە پاوانی ئەو کەسانە بوون کە لەگەڵ بەرپرسانی ڕژێم پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان هەبووو. لەم کاتانە بوو کە تەنانەت محەمەد باقر قاڵیباف بۆ دابین کردنی جلی منداڵە تازە لەدایکبووەکەی چوو لە ئەستەنبوول شتی کڕی و بووە ڕۆژەڤ. هەروەها ڕۆژانە ژیانی شاکانە و لاکچری ئاقازادەکان ڕۆژەڤی سەرەکی خەڵکی ئێران بوو کە لە نەداریدا دەژیان. ئەمەش وای کرد گەل تووڕە بکات و شۆرش لە داخوازی هزری و ئازادی بیرورا و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ژنان و نەتەوەکان و باوەڕییەکان پەلکێش بکرێت بۆ بەشە بندەستەکانی کۆمەڵگە و ببێتە شۆڕشی (نان). لە بەفرانباری ١٣٩٦ـی کۆچی هەتاوی (دیسەمبەری ٢٠١٧-٢٠١٨) و نارەزایەتییەکانی گەڵارێزانی ١٣٩٨ـی هەتاوی (نۆڤەمبەری ٢٠١٩) کە بە هۆی گرانی بەنزین دەستی پێکرد زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێرانی گرتەوە و نزیکی ١٥٠٠ کەس کوژران. ئەمانە جیا لەو بەرهەڵستکارییانەن کە بە هۆی بواری ئابووری و هەڵاواردنی ئاینی و نەتەوەیی لەم ماوەیەدا لە لایەن گەلی کورد و عەرەب ڕوویان داوە . بە هۆی خراپی لە ئیدارەدانی سەرچاوە ئاوییەکان چەندین قەیرانی ژینگەیی ڕوویانداوە هەرە دوایی پایزی ١٤٠٠ (٢٠٢١) بە هۆی وشکبوونی چەمی زایندەروود لە ئەسفەهان شەپۆلێک لە بەرهەڵستکاری دژی بەرپرسانی ئەو پارێزگایە ڕوویاندا.

١١- ساڵی٢٠٢٢ دوای کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی بەناو ئەخلاق لە تاران. شەپۆلێک لە نارەزایی سەریان هەڵدا کە لە ژێر درووشمی ژن ژیان ئازادیدا بووە شۆرشێکی سەرتاسەری ئێران و بووە پلاتفۆرمێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو هێزە بەرهەڵستکارانە دژی ڕژێم. ئەمە یەکەمجار بوو کە هەموو کۆمەڵگە و چین و توێژەکان لە دژی ڕژێم کۆبوونەوە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی توانی سنووری نەتەوەیی، ڕەگەزیی و چینایەتی بشکێنێت و ببێتە شۆڕشی هەموو گەلانی ئێران و بۆ یەکەم جار بوو کە شۆرشی گەلانی ئێران ئاستی جیهان بە خۆیەوە گرت و پشتیوانی دەرەکی لە دەوری خۆی کۆکردەوە. هاوکات یەکەم جار بوو لە دوای چوار دەیە لە بەرانبەر دەسەڵاتداری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئەڵتەرناتیڤ پێش بکەوێت. ڕژێم بە هاوکاری سەڵتەنەت تەڵەبەکان و نانەوەی دووبەرەکی لەنێو ئۆپۆزسیۆن توانی شۆڕش کۆنترۆڵ بکات و بە پڕۆپاگەندەی جیاخوازی و میلیتاریزەکردنی کوردستان و بەلووچستان شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە داخوازی گۆڕانکاری دیموکراتیکی بەڕێوەبەری ئێران بگۆڕێت و بۆ گۆڕانکاری لە چوارچێوەی داخوازی نەتەوەیی و ئاینی کورت بکاتەوە. لە کوردستان بە ڕێگای هاندانی پارتە کلاسییکەکان شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کردە شەڕ بۆ جیاخوازی و زاڵکردنی گوتاری پیاوسالاری و دەوڵەتگەرای نەتەوەپەرەست. بەمجۆرە لە بەرانبەر پيشەنگایەتی گەلی کورد لەو شۆڕشە ئاستەنگی ساز کرد. بە هەمان شێواز لە بەلووچستان گووتاری ئاینی-سوونەی زەق کردەوە و ڕەوایی هێرشی چەکداری بۆ ئەو دوو هەرێمەی بەدەست هێنا و دەستی کرد بە کووشتار و گرتنی پێشەنگانی شۆڕشی ژن ژیان ئازدی کە ئێستا شۆڕشگێڕانێک وەکوو پەخشان عەزیزی و وریشەی مورادی و زەینەب جەلالیان و هتد لە ژێر مەترسی پەتی سێدارەدان.

١٢- شۆرشی ژن ژیان ئازادی دوای چوار دەیە شۆڕشی دیموکراتیکی گەلانی ئێران بووە کە زۆرێک ئەم شۆڕشەیان وەکوو بەردەوامی شۆڕشی مەشرووتەی ئێران دەزانی، هاوکات بە هۆی پەیوەستبوونی بە تەڤگەری ئازادی و بەرخۆدانی کۆبانێ هیوا و هێزێکی زۆری دەدایە کۆمەڵگە و دینامیکی بەهێز بوو. بەڵام ئەم شۆڕشە بە هۆی ئەوەی پەیوەست بە دەرەوە نەبوو و نەدەکەوتە ژێر کاریگەریی گووتاری ڕۆژئاوایی نە تەنیا پشتگیری نەکرا بەڵکوو بە هاوکاری هێزە ڕۆژئاواییەکان بە تایبەت ئەمریکا و ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە دەستەمۆیان کردبوو بە بەستنی کۆنفرانسگەلی وەکوو (جۆرج تاون) بناغەکانی بەلارێبردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و پاسیفکردنی دینامیکی ناوخۆییان فەراهەم کرد کە هەمووی لە بەرژوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران شکایەوە و دەستی ناوەندە هەواڵنێرییەکانی ئەو ڕژێمە لە سەرکووتکردنی گەل بەهێز کرد.

١٣- ڕۆژی ١٣ـی ئەم مانگە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە بەردەوامی ئەو سیاسەتە بوو کە دەیان ویست ڕژێم بخەنە نێو قاوغی خۆی. بە تایبەت دوای تێکشکانی هێرشی تۆفانی ئەقسا لە لایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل و تێکشکاندنی حزبۆڵا و ڕووخانی ڕژێم ئەسەد هەنگاو بە هەنگاو هێزەکانی سەر بە ئێرانیان لە نێو بردن و هەرە دوایش بەو هێرشانەی کە کردنیانە سەر یەمەن و حووسییەکان، ئێران بە تەواوی لە دەست و پا کەوت. ئێستاش نۆرەی سەری مارەکە بوو. ئیسرائیل بەم هێرشەی هەوڵ ئەدات کۆماری ئیسلامی ئێران دەستەمۆ بکات. تاکوو ئێستا سیاسەتەکان بە تەواوی دیار نین کە ئایا هەوڵ لە گۆڕینی کەتواری ڕژێمە یان گۆڕینی خۆدی ڕژێم. بەشداری ئەمریکا لەم هێرشانە و لێدان لە ناوەندە ئەتۆمییەکان بەشێک لە وەزارەتەکان و دەنگوڕەنگی کۆماری ئيسلامی و زیندانی ئەڤین شیمانەی ئەوەی کە دەیانهەوێت دەرفەتی ڕاپەڕینی گەل فەراهەم بکەن و ڕژێم بەرەو ڕووخان ببەن زۆرتر بووە. بە تایبەت وەک دەزانین ئیسرائیل هاوکات کە هێرشی کردووەتەسەر ناوەندە لەشکەرییەکانی ڕژێم، هەندێک ناوەندی دەوڵەتیشی بە ئامانج گرتووە وەکوو وەزارەتەکان و دەزگای دەنگوڕەنگی ڕژێم، ئەمەش پەیامێکە بۆ گۆڕانی سیاسەت لە گۆڕانی کەتوار بۆ ڕووخانی ڕژێم. ئەوان دەیانەوێت کۆتایی بە دەوڵەتی شۆڕش بێنن و تێپەڕی دەوڵەتی مەدەنی ببن. ئەوەی کە تاکوو ئێستا بەدی دەکرێت، تا هەنووکە هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی بۆ دوای ڕژێم دەستنیشان نەکراوە، هاوکات دیاریش نییە کە ئایا ڕژێم دوای ئەو هێرشانە لایەک لە کۆمەڵگە دەکاتەوە و دواهەمین دەرفەتەکانی خۆی بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی بەکار دێنێت یان نا؟! ڕاستە کۆمەڵگەی ئێران بە پێ ڕابردووی چەند هەزار ساڵە خۆی دژی دەستێوەردانی دەرەکییە و ئەمەی وەکوو چارەسەری دیموکراتییانە نەبینووە بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەو ڕژێمە ڕازی نییە. ئەمەش دەرفەت بە دوو گریمانە دەدات یەکەم؛ ڕژێم لە ناوخۆدا گۆرانکاری بکات و دەست لە زیادەخوازی و هەژموونگەرایی بەردات و ڕێگا بۆ دیموکراتیککردن بکاتەوە و ئێران لە داڕمانێکی مەزنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و لەشکەری ڕزگار بکات. یان ملکەچی سیاسەتی دەرەوە بێت و لە دەست و پێ بکەوێت و قڵیشی نێوان گەل و خۆی زیاتر بکاتەوە و وەکوو هێزێکی دەستەمۆی دەرەوە لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە.

هەمان کات ئەمەش بۆ هێزەکانی دەرەوە جێگای ئاماژەیە کە ئایا دەرفەت بۆ بەڕێوەبەرییەکی دیموکراتیک دەرەخسێنن کە کۆمەڵگە خۆی بتوانێت بڕیاری خۆی بدات و ئێران وەکوو یەکەی سیاسی تێپەڕی ڕژێم و شێوازێکی بەرێوەبەری ناناوەندی هەنگاو هەڵگرێت و دەرگا بۆ دیموکراتیک بوون بکرێتەوە یان ئەوانیش بە ئامانجی دەستەمۆکردنی ڕژێم هێرش دەکەن و لەگەڵی ڕێکدەکەون. لە وەها دۆخێکدا دەکرێت ڕژێم بێکاریگەر بکەن بەڵام کۆمەڵگە دەکەنە دژبەری خۆیان و بەردەوام مەترسی سەرهەڵدانی گەورەتر ساز دەبێت و ناسەقامگیری هەرێمەکە زۆرتر دەبێتەوە.

لەم دۆخەدا، گرنگە ئەوە بەرچاو بخرێت کە پیلانی هێزە دیموکراتیکخوازەکانی کۆمەڵگە چۆن سەیری ئەم دۆخە دەکات، ئایا ئامادەیە دەست لەو تێگەیشتنەی ئێراشاری بەربدات و ئێرانێکی چەند نەتەوەیی(گەل) فەرەڕەنگی پەسەند بکات و سیستەمێکی ناناوەندی دارێژێت و دەرفەتی پێکهێنانی نەتەوەی دیموکراتیک فەراهەم بکات یان نا؟ لەم بوارەدا بە پێ ئەزموونی ڕابردوو زۆرترین ڕۆڵ دەکەوێتە سەر هێزە ناوخۆییەکان و ئەو بەڕێوەبەرییانەی کە لەنێو کۆمەڵگەدا پێشەنگایەتی دۆخەکە دەکەن و وەکوو بەڕێوەبەریی گۆڕەپانی شۆڕش خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...