گوتار

لە ڕێککەوتننامەی قادشەوە بۆ ئیمراڵی

خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگای ئۆجالان لە نێوان هاوسەنگییە مێژووییەکان و هەژموونخوازیی مۆدێرندا.

ئاوارە پیرۆت

 

لە ڕێککەوتننامەی قادشەوە بۆ ئیمراڵیی

ڕێبەر ئۆجالان بۆچی دەڵێت: ئێمە چارەسەریی خۆمان لە چوارچێوەی ئەناتۆڵیا-میزۆپۆتامیا بنیاد دەنێین؟ کێشەی جەوهەریی کۆماری تورکیا نییە، کێشە ئەو هێزانەن کە لەسەر بنەمای حەزی ئیپستینیزم جیهان دابەش دەکەن.

بە پێچەوانەی تێگەیشتنی هیگڵ بۆ مێژوو، ئۆجالان دەیسەلمێنێت “ئێمە لە مێژوو فێر دەبین، کە لە مێژوو فێر دەبین”.

پەیماننامەی هەتاهەتایی ساڵی ١٢٥٩ـی پ.ز. ‘قادش’

لە پێشەکی دەقە میسڕییەکەدا دەڵێت: ئەم ڕێککەوتننامەیە لە زیو درووست کراوە، بۆ ئەوەی بەرگەی خۆر و باران بگرێت و تاهەتایە بمێنێتەوە. لەبەر ئەم پێشەکییە قادش پێی دەگوترێت ڕێککەوتننامەی زیو. زیو لەو قۆناغەدا توخمێکی کەم و بەهادار بوو، هێما بوو بۆ بەها و پێکهاتەیەکی هەمیشەیی.

دوای پازدە ساڵ جەنگ لە نێوان میسڕ و هاتووسا، لە دوا شەڕی شاری قادش، کە شارێکی ستراتیژیی سووریایە لە ‘پارێزگای حومس’، هەردوولا تێگەیشتن کە چیدیکە نابێت شەڕ بەردەوام بێت، هیچ کامیان نەیاندەتوانی بەرگەی زیانەکانی جەنگەکە بگرن، هەربۆیە هەردوولا دانیشتن و بەڵێنیان دا بۆ تاهەتایە ئاشتیی نێوانیان واژۆ بکەن. شەڕی نێوان میسڕ و هیتی، شەڕی هەژموون بوو بۆ سەر وڵاتی شام و کۆنتڕۆڵی ڕێگا بازرگانییەکان، هەروەها فراوانخوازیی و دەسەڵاتخوازیی هیتی و میسڕیی چەقی پێکدادانەکان بوو، بۆیە لێکیان دەدا. هۆکاری ڕێککەوتننامەکەش: بەهێزیی و مەترسیی گەلە دەریاییەکان بوو لەسەر شام و ئەناتۆڵیا و میسڕ و زاگرۆس و میزۆپۆتامیا.

ئەوەی لە سەرێ نووسیومە، بە دەق هەم لە پەرستگەی کەڕنەک هەیە، هەم هاتووسای پایتەختیی هیتییەکان، کۆنترین و مێژووییترین و یەکەم ڕێککەوتننامەی ئاشتییە لە مێژووی کۆمەڵگاکاندا، تێکستی دیپلۆماسیی و پەیوەندیی نێودەوڵەتییە و بەبێ هیچ گومانێک، ماوەتەوە. باشە ئۆجالان بۆچی دەڵێت: ئێمە چارەسەری خۆمان لە چوارچێوەی ئەناتۆڵیا-میزۆپۆتامیا بنیاد دەنێین؟

“ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی هەمان ڕێککەوتننامەی قادشە، هەر ئەوەشە ئاشتیی هەتاهەتایی دابین دەکات و ڕێ لە هێڵی یەکەمی هەژموونخوازیی دەگرێت.”

یەکەم/ ئۆجالان پێی وایە، هێڵی یەکەمی هەژموونخوازیی ئەمڕۆ ئیسرائیل/ئەمریکا، هەمان هێزیی گەلە دەریاییەکانی چوار هەزار ساڵی پێش زاینن، ئامانجیان کۆنتڕۆڵی ڕێگای بازرگانیی و نەوت و گاز و ڕێڕەوە دەریاییەکانە. وەک گەلە دەریاییەکان کە هەمان ئامانجیان هەبوو، جیاوازییەکە ئەوەیە، ئەوان ئەسپ و بەردی گرانبەها و زیو و زێڕ و دار و تەختەیان دەویست، بەڵام ئەمڕۆ، هورمز و کەنداو و تەواوی دەریای سپیی نێوەڕاستیان گەرەک. ئێستا ئۆجالان دەیەوێت بە دەوڵەتی تورکیا بڵێت: ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی هەمان ڕێککەوتننامەی قادشە، هەر ئەوەشە ئاشتیی هەتاهەتایی دابین دەکات و ڕێ لە هێڵی یەکەمی هەژموونخوازیی ئیسرائیل/ئەمریکا دەگرێت.

دووهەم/ هێڵی ستاتۆپارێزیی ئینگلیز، ئەوە واتای چی؟ واتای ئەوەیە بەریتانیا ئەمڕۆ دەیەوێت پارێزگاریی لە پێگە سیاسیی و ڕێگا بازرگانیی و ڕێڕەوە ئاوییەکانی لە هیندەوە تا ئێراق و دەریای سپی نێوەڕاست وەک خۆی بهێڵێتەوە. ئەو میراتەی ئینگلیز ئەوڕۆ پارێزگاریی لە ستاتۆکەی دەکات، میراتی بنەماڵەی پاشایەتیی ئینگلیزە کاتێک بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان و پارێزگاریی لە ڕێڕەوی هیند، کەوتە ململانێ لەگەڵ بنەماڵەی ڕۆمانۆڤەکان/تزارەکانی ڕووسیا، جەنگی نێوانیان بووە هۆکاری سایکس-پیکۆ، دابەشکردنی پەشتوونەکان لە نێوان پاکستان و ئەڤغانستان کە ئەوڕۆ لێک دەدەن، گەلی بەلووچ و ڕۆژهەڵاتی دوور لە ئاسیا و باشووری ڕۆژهەڵاتی دوور، چین و کۆریا و ژاپۆن، تا جەنگی تلیاک و کێشەی تایوان. ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت ئەو ستاتۆیە بڕووخێنن و هی تر بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان بنیاد بنێن، بەڵام بەریتانیا ناڕازییە، هەربۆیەشە ترامپ گوتی: کیرستارمەر چەرچڵ نییە. مەبەستی ئەوەیە بەریتانیا بەبێ مەرج وەک جەنگی دووەهەم هاوکاریی بێ مەرجی ئەمریکا ناکات. کەوابوو شەڕی هەرە بنەڕەتیی و جەوهەریی لە ڕۆژهەڵاتی نزیک، نێوەڕاست، دوور، شەڕی ستاتۆپارێزیی کۆن و بنیادنانی ستاتۆی نوێ و جۆرێکی دیکەی سایکس پیکۆی نوێیە، ئەویش بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکانی بازرگانیی و کۆنتڕۆڵکردنیان. ئۆجالان دەیهەوێت بە دەوڵەتیی تورکیا بڵێت: ئەگەر دەتەوێت پەراوێز نەخرێیت و کۆتاییت نەیەت، ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی دەتوانێت هەم ستاتۆی کۆن تێک بدات، هەمیش نەهێڵێت ستاتۆی نوێ درووست ببێت، دەڵێت: من دەتوانم ئەوە بکەم.

سێیەم/ کۆتا هێڵ و ژیانیترین هێڵ، خەتیی ژیانی هاوبەش و برایەتیی گەلانە، ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی، هەمان ڕێککەوتننامەی قادشە، بەڵام لە ئیمراڵی نەک لە سووریا. ئۆجالان بە دەوڵەت دەڵێت: چاو لە ئێران بکەن، فریای خۆتان نەکەون دەفەوتێن، جگە لەوەی دیسان هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و نێوەڕاست و دوور، دەبێ تا سەت ساڵی تر لێک بدەن.

چارەسەر:

یەکەم/ بە خێرایی کۆمار دیموکراتیی بکەن.

دوو/  گۆڕانکاریی بەپەلە لە دەستووردا بکەن.

بابەتەکانی نووسەر
ئاوارە پیرۆت
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.