جیهان لە غیابی ئێمەدا
خوێندنەوەیەکی فیکری بۆ ئاوابوونی واقیع و تێکشکانی سوبێکتی مرۆیی لە ژێر سێبەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا بەپێی تێزەکانی بۆدریار و ژیژەک.

ئالان فەرمان
جیهان لە غیابی ئێمەدا
بە کۆمەکی دوو جیهانبینیی (سڵاڤۆی ژیژەک و ژان بۆدریار)
هەموو قسەکردنێک لە سەر ئاوابوون، نەمان، فەوتان و سڕانەوەی شتەکان، بایەخ و تاسەیەکی نهێنیی هەیە. کاتێک دەگوترێت زەمەن ئاوا بووە… کاتێک دەڵێین مرۆڤ، بەختەوەریی، دۆستایەتیی، دڵگەرمیی و پێکەنین ئاوا بووە، هێمایە بۆ پەژارە و سەرگەردانیی ڕۆحی ئێمە لە دنیا و ساتەکانی ناوی. ڕاستیی و درووستیی ئەو ئاوابوونانە گرینگ نین، ئەوەی گرینگە، دڵشکان و بێدەربەستیی ئێمەیە لەو دنیایەی تێی کەوتووین. گلەیی ئێمەیە بۆ شتێک کە پێمان وایە ئاوا بووە و نەدەبووایە ئاوا بێ.
واقع(reality) یەکێکە لەو چەمکانەی تووشی دەردەسەریێکی لەم جۆرە بووە. ئاوابوونی واقع لەوەدا ڕووداوێکی پڕ مەترسییە، ئاوابوونی مرۆڤیشی مسۆگەر کردووە. واقع شوێنی سەرجەم ڕەمز و ڕاز و نمایشەکانی مرۆڤە. شوێنی دەرکەوتنی سوبێکتە لە ڕسکانی زمان و بڕیارە دەروونییەکانی. سەکۆی ڕەمزیی حەڕام و حەڵاڵ و هەموو قەدەغە و حەزەکانی مرۆڤە. کاتێک قسە لەسەر ئاوابوونی واقع دەکەین، قسە لەسەر (ئێمە)؛ قسە لەسەر لەمس و بینینەکانی خۆمان دەکەین لەگەڵ دەوروبەر و شتەکانی. مرۆڤی کۆمەڵگای مۆدێرن لەوسەری نائومێدیی و نیگەرانییەوە تەماشای گەردوونەکەی خۆی دەکات، مرۆڤ چیتر هەست بەو هارمۆنییەتەی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و سرووشت، مرۆڤ و کیمیای شتەکان ناکات. هۆی ئەوەی بەردەوام هەست دەکەین لە ڕابردوودا، لە ساڵە خۆشەکاندا، لەو ڕۆژگارەی بەفر زۆر دەباری و دنیا جوانتر و ناسکتر بووە، پەیوەندیی بەو دابڕانە بنیادیەی ئێمەوە هەیە بە واقعەوە. ڕابردوو کە سەردەمی ساڵە درەوشاوەکان بوو، ئەفسانەیەکە دەستکردی نەستی دەستەجەمعییە دژ بەو عەزابەی ساتەوەخەتەکانی ئێستا درووستیان کردوون. فەزای دیجیتاڵیی کە فەزای سەرتاسەری مرۆڤی ئەمڕۆیە، گۆڕانێکی زۆر بنەڕەتیی لە جەوهەری شتەکان درووست کردووە. دنیا و واقع وەرگەڕاونەتە سەر ماترێکسێکی ترسناک و چیتر ئەو دنیا و ئەو واقعە نییە وا جاران لەشمان تێیدا لەسەر حوکم بوو. ژیژەک زۆر سەرنجڕاکێش وەسفی کردووە.ئەو پێی وایە کە ئەمڕۆ خەڵکانێک دەبینین لەشی خۆیان دەدڕن و جەستەیان بریندار دەکەن، هۆیەکەی ئەوەیە وەک لەشێکی واقعیی هەست بە لەشی خۆیان ناکەن. ئەو دەیەوێت خوێنەکە ببینێت تا دڵنیا ببێتەوە خاوەنی لەشە، یەقینێک درووست بکات کە مرۆڤێکە لەدەمار و گۆشت و خوێن. ئەو پرسیارەی زۆرجار پلاتفۆرمەکان لێمانی دەکەن (دڵنیا بەرەوە ڕۆبۆت نیت بۆ ئەوەی داخڵ بی) دەرخەری ڕەهەندە ترسناکەکانی ئاوابوونە. گومانە لەسەر بوونە کۆنکرێتیی و بوونە پێش مەجازییەکەمان کە چیتر خاوەنی نین.
ژان بۆدریار لەو بیرمەندانەیە تێزێکی زۆر سەرنجڕاکێشی لە سەر واقع هەیە. ئەو پێی وایە بە جۆرێک نوقمی دەردەسەرییەکانی دنیای (نێت و فەزای مەجازیی) بووین، چیتر لەناو فەزا واقعییەکەی جاراندا نین. ئەوەی هەیە وێنەیەکی زڕ و کۆپی واقعە لەبەردەستمان نەک واقع. لای بۆردیار دنیای مۆدێرن دنیای نیشانە و وێنە و سیمبولەکانن کە چیتر نوێنەرایەتیی واقعەکە ناکەن. هەموو نیشانەکان بەتەنیشت یەکترەوە دەڕۆن و بەبێ مەرجەع و نواندەنەوەیەک. ڕەمز بەتەنیشت ڕەمزەوە بەبێ هیچ نواندەوەیەکی هەقیقیی واقعێکی ئەسڵ و ڕەسەن. ئەو نیشانانە نوێنەرایەتیی واقعێکی تایبەت ناکەن بەڵکوو کۆپیێکی مەجازیی واقعیان لێ درووست بووە بەبێ نوسخە ئەسڵەکەی. مرۆڤ لە فەلسەفەی هیومانیزمدا کە سەنتەری هەموو کایەکان و لەحزەکانە لای بۆدریار لەئاوابوندایە. ئەو پێی وایە؛ لەمەودوا شتەکان (ئۆبێکتەکان) کۆنتڕۆڵی شمولیی مرۆڤەکان دەکەن و مرۆڤ لە سەرەتای سەفەرێکی یەکجاری ئاوابووندایە. ئاوابوونی واقع خۆبەخۆ ئاوابوونی مرۆڤیشە. وەک بۆدریار خۆی دەڵێت؛ ئاوابوونەکە پەیوەندیی نییە بە دیاردەیەکی سرووشتیی وەک ئینقراز و فەوتانی هەتاهەتایی. بەڵکوو جۆرێک لە ئاوابوونە کە هیچ پەیوەندییەکی بە کارەساتە سرووشتییەکانەوە نییە، چەشنێک هونەرە مرۆڤ دایهێناوە تا لە غیابی خۆی بڕوانێت. هۆی هەرە زاڵ و ڕۆشنی ئەو دەردە لەدەستچوونی واقعە. سوبێکت بە تەواویی سوبێکتێکی بێ نەفەسە و شتەکان دەور و خولی سەرجەم ژیانی سوبێکتی داوە. (Hyper reality) لای بۆدریار دەقاودەق بە مانای دنیای ستۆدیۆ و سیناریۆ نایە. بەڵکوو تێکچڕژانی کایەکان و شتەکانە بەناو یەکدا، کورتبوونەوەی سەرجەمی ژیانە بۆ یەک ڕەهەندی مەجازیی و شاشەیی، دنیای بۆدریار زۆر نزیکە لە دنیا سینەماییەکەی چارڵی کاوفمان. لە فیلمی (Synecdoche, New York 2008) شاکەس (کادێن کۆتارد) لە فیلمەکەدا دەرهێنەری شانۆییە و کۆمەڵێک شانۆیی یەک بەدوای یەک درووست دەکات. کادێن عەزابی دنیا و کێشە دەروونییەکانی و بیرکردنەوەی زیاد و ترس و مەلەل لە مردن وای لێ دەکەن، بە تەواویی نوقمی جیهانە شانۆییەکە بێ. بە ڕادەیەک داوا لە ئەکتەرە شانۆکارەکانی دەکات کۆمەڵێک ئەکتەر بەکرێ بگرن تا ڕۆڵی ئەوان بگێڕن لەناو شارێکی دەستکرددا کە لە نیویۆرک بچێت. نیویۆرکە ساختەکە تەواو هاوشێوەی نیویۆرکە ئەسڵەکەیە.
دوو جیهانەکە بە رادەیەک تێکەڵی یەک دەبن، بە ئەستەم واقعە ئەسڵەکە دەدەۆزییەوە.
ئەکتەرێک بەکرێ گیراوە بۆ ئەکتەرێکی تر، کە بەکرێ گیراوە تاڕۆڵی یەکێکی تر بگێڕن. کادێن لە واقعە ڕاستەقینەکەدا کام ژنی خۆش دەوێ، ئەکتەرێک دەگرێ هەمان ڕۆڵی ئەو ببینێت. تێکچڕژانی ژیان و کایەکان و مرۆڤەکان بەناویەکدا، وا لە بینەر دەکات نەتوانێت بزانێت کام بەشەی شانۆیە و کام بەشە واقعە. واقعە دەستکردەکە تەواو دەبێتە زڕەوێنەی واقعە ڕەسەنەکە کە ئیدی لەبەین چووە. کاتێک یەکێک لە کارەکتەرەکان خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی دێنێت، کادێن لەسەر تەرمەکەی زۆر توڕە دەبێ و هاوار دەکات و دەڵێت: ڕاستە ڕۆڵی من دەبینیت، بەڵام من لەو دیمەنەدا تەنیا هەوڵم دا خۆم بکوژم، کەچی خۆم نەکوشت!
لای ژیژەک هەمان پاشەکشەی واقع ڕێگا و هەلومەرجی جیاوازتر هەیە. سڵاڤۆی ژیژەک لەو ئەقڵ و تێزە تازانەیە پێی وایە ئاوابوونی واقع بە ئاوابوونی مرۆڤ دەست پێ دەکات. ئەگەرچی ژیژەک ڕاستەوڕاست قسە لەسەر ئاوابوونی هیچ شتێک ناکات، بەڵام لە جەوهەردا ئیشی ژیژەک لە پەلوپۆ خستنی سەنتەری مرۆڤ و واقعە. ژیژەک باوەڕێکی دێرینی ئێمە تووشی گرفت دەکات کە پەیوەستە بە نیگای ئێمە بۆ واقع. ئایدۆلۆژیا جەوهەری هەموو بینینەکانی ئێمەیە. ئایدۆلۆژیا وەک مارکس لە سەرمایەدا پێناسەی دەکات (نازانن چیە، بەڵام هەر دەشیکەن!) لێرەدا دەبێتە ئەو سیستم و کارکردە زەینییەی وادەکات واقع بەو شێوەیە نەبینین کە هەیە، بەڵکوو میدیۆمێک، چاویلکەیەک دەبێتە بەربەستی بەردەم بینینی ئێمە و دنیا. ژیژەک تەجاوزێکی سەرنجراکێشی ئەو تێزە دەکات و ئەو مەنتقە تووشی خەلەلی بنچینەیی دەکات. ژیژەک پێی وایە مەسەلەکە بەتەنیا فرێدانی چاویلکە ئایدۆلۆژیەکە نییە تا دنیا وەک ئەوەی هەیە ببینین، بەڵکوو واقع خۆبەخۆ لەسەر ئەو نیگایە ڕاوەستاوە و هەیە. واقعی کۆمەڵایەتیی تەنیا لەو شێوەیەدا ئامادەیە کە ئێمە نیگای هەڵەی بۆ دەکەین. ئەو پێی وایە لە ناوەڕۆکدا کانزا و کیمیای واقع بەهۆی ئەو کوێردکرنە ئایدۆلۆژییەوە هەیە. وەک خۆی دەڵێ «دەمامکی ئایدۆلۆژیی تەنیا دۆخی ڕاستەقینەی شتەکان ناشارێتەوە، بەڵکوو ئەم شێواندنە لە جەوهەری شتەکان خۆیان هەڵکۆڵدراوە» لای ژیژەک نە سوبێکت ئەو سوبێکتە پڕ و بێ غەل و غەشەیە نە واقعیش ئەو سەرزەمینە ئۆتۆنۆمەیە کەم کەم پێویستی بە خۆمان بێت. لای ژیژەک مرۆڤ تەکوینێکە پڕە لە نائازادیی بچووک بچووک و گرێدراوی کۆمەڵێک پێشمەرجی قووڵن. تەنانەت ئەگەر چاویلکەکەش فڕێ بدەین، هێشتا واقع بۆ سوبێکت سیرەتێکی ئاڵۆز و پڕ لە لوغزە.
ژیژەک پێی وایە پێگەی سوبێکتی ئایدۆلۆژیست تەنیا پێگەیەکی زەینیی نییە بەڵکوو تەواو پێگەیەکی پڕاکتیکییە. (ئەوان دەزانن لە ساتی چالاکییەکەیاندا دوای وەهمێک کەوتوون، بەڵام ئەنجامیشی دەدەن. بۆ نموونە دەزانن تێڕوانیان بۆ ئازادیی دەمامکێکە بەسەر فۆڕمێکی تایبەتی چەوساندنەوەدا، بەڵام هەردوای ئەو تێڕوانینە دەکەون بۆ ئازادیی. واتا ئەو ئازادییەی کە رەوایەتیی بە چەوساندەوەی کار دەدات.) (ژیژەک، ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا، لاپەرە ٧٢.) ئەو بە یارمەتی سلۆتەردایک تێکستەکەی مارکس وا لێ دەکات (دەزانن چییە بەڵام هەر دەشی کەن)
لای ژیژەک مرۆڤ تێکەڵەیەکە لە هۆشیاریی هەڵە و جۆرێک لە چاوەکراوەیی، دەزانێت فڵانە ئایدۆلۆژیا قسەی هیچە، بەڵام هەر پشتیوانییەتی. ئێمە دەزانین بەپێی میکانیکی ئیشکردن بانکەکان هەموویان بەتاڵن، چونکە دوای هەر پارەیەک دایدەنێین، پارەکە دەرواتە ناو وەبەرهێنان و قەرز و قۆڵی تر، بەڵام هەرگیز وا مامەڵە ناکەین کە بانکەکان بەتاڵن. بۆیە لای ژیژەک بابەتەکە تەنیا لەناو بیر و زینی سوبێکتدا نییە، بەڵکوو جەوهەری بابەتەکە پراگماتیکییە و واقع خۆبەخۆش وەک ئەوەی پێمان وایە هەیە بوونی نییە، واقع بۆ ئەوەی هەبێ پێویستی بەو تەماشاکردنە خوار و خێچەی ئێمەیە. لای ژەیژەک ئەوە نیگای چەوت و فەنتازیای ئایدۆلۆژی ئێمەیە واقع درووست دەکات، بەبێ ئەو هەڵە بینینە سەرجەمی واقع لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە.
“کەوتنی ئیماراتەکانی واقیع، خۆبەخۆ کەوتنی ئەفسانەی مرۆڤیشە لە هەمان کاتدا. سوبێکتی ئەمڕۆ لە شەلەل و قەیرانێکی شێلگێریی جووڵەدایە؛ چیتر مرۆڤ ئەو مەخلوقە نییە بتوانێت دەستکاریی شتەکانی دەوروبەری بکات، بە پێچەوانەوە ئەوە شتەکانن دەستکاریی بینین، حەز و تەماحەکانمان دەکەن.”
کەوتنی ئیمارەتەکانی واقع خۆبەخۆ کەوتنی ئەفسانەی مرۆڤە لەهەمان کاتدا. سوبێکتی ئەمڕۆ لە شەلەل و قەیرانێکی شێلگیری جووڵەدایە، چیتر مرۆڤ ئەو مەخلوقە نییە بتوانێت دەستکاری شتەکانی دەوروبەری بکات، بە پێچەوانەوە ئەوە شتەکانن دەستکاریی بینین و حەز و تەماحەکانمان دەکەن. ئەگەرچی ژیژەک بە توندیی دژی ئەو تێزە دەوەستێت کە واقع وەک جۆرێك سیناریۆ تەماشا بکرێت، ئەو پێی وایە ئایدۆلۆژیست ئەگەرچی پێگە و پراکتیكیی ئەبەدیی مرۆڤە، بەڵام بەو مانەیە نایەت کە زەبر و کۆنکرێتیکی واقع نەمابێت. ئەو پێی وانییە واقع وەک ستۆدیۆکانی ناو هۆڵیود بێ و ئێمە تەنیا بینەرێکی پاسیڤی ئەو فەزایە بین. ئەو دیمەنە بۆ ژیژەک زۆر سوڕیاڵیی و پارادۆکسە وەک نیگارەکەی (مۆریس ئیشەر) دەیبینێت کە دوو دەست وێنەی یەکتر دەکێشن! بۆ ئەو هێشتا چەمکی (ڕیاڵ بە مانا لاکانییەکەی) ئەو توندیی و سفتییەی هەیە کە ڕام نەکرێت و نەگیرێت. بەشێک هەیە لە واقع دوڕگەیەکی توندوتیژ، ئینسان دەم دەم بەری دەکەوێت.
بەڵام ئەو قەیرانەی ژیژەک درووستی دەکات، قەیرانێکە زۆربەی سیفاتە سەرەکییەکانی مرۆڤ، وەک زانین و ئازادیی و هەڵبژاردن و باوەڕ و سەنتەریزمی ئەقڵ تووشی گومان و ڕارایی گەورە دەکات. نیگای مرۆڤ لای ژیژەک هیچ نییە جگە لە نیگایەکی چەوت بۆ شتەکان و دیاردەکانی ناوی. لێرەوە مرۆڤ دەست بە یەکەم گەشتی ئاوابوون دەکات وەک مرۆڤی ئازاد، وەک سوبێکتی باوەڕ و ئەقڵ سەنتەر. سەفەری سوبێکت دەچێتە ناو سووڕێکی ئەبەدیی لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا. بۆ من ژیژەک هێندەی قسەکردنە لەسەر ئاوابوونی مرۆڤ و واقع، قسەکردن نییە لەسەر فام و نەفامی، سۆسیالیزم و بەربەریزم. ژیژەک پەیوەندییە دێرینەکانی مرۆڤ بە ئازادیی و باوەڕ و سەربەستییەکانی دەخاتە نێو گومانی گەورەوە. واقع وەک یارییەک لێ دەکات تەنیا لە چاوی ئێمە و هێما و بینینە خوار و چەوتەکانی ئێمەوە هەبێ. مرۆڤیش بە توندیی گرێدراوی ئەو واقعەیە تەنیا وەک دەستکرد و چنینێکی ناو نەزمی ڕەزمی هەیە نەک وەک بابەتی ئەقڵ و پۆست ئایدۆلۆژیست و شتە پڕوپووچەکانی تر. لە دۆڵابی هەردووک فیکردا ئەو سەنتەرەی مرۆڤ دەمرێت کە ئەفسانەی ئازادیی، دەسەڵات، هەڵبژرادن و پەیڕەوکردنی ئەقڵ و توانستەکانمانە.
نابێ هەمیشە کۆتایی بەوەدا کۆتایی بێ کە ئەستێرەیەک بەر زەوی بکەوێت، قیامەت هەستێت و زەوی ببێتە لافاوی خوێن. ئەو کۆتاییە قیامەتی و ئەپۆکالیپسی نییە، پێکهاتێکە لە کۆتایی بچووک بچووک و لە دواجاردا وێنەیەکی کۆگیری کۆتایی پیشان دەدەن. لێرەوە مرۆڤەکان دەکەونە دنیایەکی ترسناکی مەجازییەوە. چیتر مرۆڤ ئەو قارەمانە نییە لەناو دڵی واقع و سەنتەرەکانی ئەقڵ و ئازادییدا بخوێنینەوە. مرۆڤ ئەفسانەیەکە ڕووەو پێشەوە پاشەکشە دەکات. هەر داهێنانێک لە دنیای شاشە و فەزای گریمانەیدا سیرەتی مرۆڤ وەک مرۆڤی واقعی زیاتر بەرەو ئاوابوون غلۆر دەکاتەوە. وەک بۆدریار لە دەستپێکی دەربارەی ئاوابووندا دەنووسێت: دەکەواتە وەرن با قسە لەسەر دنیایەک بکەین کە مرۆڤ تێیدا ئاوابووە.



