گوتار

بۆچی سۆسیالیزمێکی نوێمان گەرەک؟

خوێندنەوەیەکی فیکری بۆ مێژووی سۆسیالیزمی دەوڵەتگەرا و پێویستیی بنیادنانی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەیی دیموکراتیک لەسەر بنەمای پارادایمی ڕێبەر ئۆجالان.

بۆچی سۆسیالیزمێکی نوێمان گەرەک؟

زەکیی بایهان[1]

لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداغیی

ئۆجالان، بەو پێیەی لە ستراتیژی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت دوورە، دژی ئەوە دەوەستێتەوە کە ماتەوزەی شۆڕشگێڕیی بۆ وێرانکاریی تەرخان بکرێت. بەو پێیە، دەبێت وزەی شۆڕشگێڕانە ڕاستەوخۆ بەرەو بنیادنانی سۆسیالیزم لە ئێستا و بۆ هەنووکە، ئاڕاستە بکرێت. سۆسیالیزمی کۆمەڵگەیی، دژی ناوەندگەرایی دەسەڵاتە لە نێو دەوڵەت و ڕێکخراوە دەوڵەتئاساکاندا، تەنانەت ئەگەر بە ناوی سۆسیالیزمیشەوە بێت!

“بۆ ئەوەی بزانین چی دەکەین، دەبێت سەرەتا بزانین ئێمە چیین.” — پ. وایس

بەکارهێنانی چەمکی سۆسیالیزم مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە، بەڵام وەک چەمک واتای کۆمەڵگەبوون دەگەیەنێت. بۆیە دەکرێت وەک هەموو ئەو خەبات و پێکهاتە کۆمەڵایەتییانە بخوێندرێتەوە وا لە پێناو کۆمەڵگە و بۆ کۆمەڵگە پەرەیان سەندووە. لەم چوارچێوەیەدا، مێژووی خەباتی سۆسیالیستیی، مێژووی هەموو ئەو تێکۆشانانەیە کە دژی کەلتووری سەروەریی و باڵادەستیی پەرەیان سەندووە. جا چ ئابووریی بێت یان ڕەگەزیی و کەلتووریی؛ هەموو ئەو تێکۆشانانەی دژی چەوسانەوە و سەپاندنی هەژموون ئەنجام دەدرێن، خەباتی سۆسیالیستیین. هەر بۆیە، سنووردارکردنی سۆسیالیزم بە ٢٠٠-٣٠٠ ساڵی ڕابردووی مۆدێرنە و تەنیا بە مارکسیزم، خوێندنەوەیەکی ناتەواوە.

بێگومان تیۆر و خەباتە سۆسیالیستییەکانی ٢٠٠-٣٠٠ ساڵی ڕابردوو، لە سۆسیالیستە یۆتۆپییەکانەوە تا مارکسیزم، پێگەیەکی ستراتیژییان لە فکری سۆسیالیستییدا هەیە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەزموونی وەک قەرمیتییەکان پشتگوێ بخرێت کە لە نێوان سەدەکانی ٩ و ١٠ـی زاینییدا سیستەمێکی کۆمۆناڵیان دامەزراند. چونکە قەرمیتییەکان توانیان پێکهاتەیەک درووست بکەن کە تەمەنی لە سۆڤێت درێژخایەنتر بێت. ئەم نموونەیە بۆیە دەهێنینەوە تا بڵێین: سۆسیالیزم نابێت و ناکرێت تەنیا لە نوێنەرایەتیی قۆناغێکی دیاریکراودا (بە مارکسیزمیشەوە) قەتیس بکرێت. قەرمیتییەکان گوزارە لە ئەقڵ و ڕێکخستنێکی کۆمەڵگەیی دەکەن و دژی سیاسەتی باڵادەستیی ئیسلامیی ڕاوەستان.

نابێت وا بزانرێت بەمە مارکسیزم بچووک دەکەینەوە. مارکس یەکێکە لە گەشاوەترین مێشکە سۆسیالیستەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی. ئێمە هێشتاش وانە لە مارکسیزم وەردەگرین و بەردەوام لە مارکس فێر دەبین. ئەو خاڵەی دەمانەوێت بە گرنگییەوە جەختی لێ بکەینەوە ئەوەیە: مارکسیزم هەرچەندە خاوەن دیدگایەکی گەشاوەیە و تا ئێستاش ڕێگاکەمان ڕووناک دەکاتەوە، بەڵام لە دوایین شیکارییدا، لێکدانەوەی سەردەمێکە. شیکارییەکی  بەرجەستەیە بۆ بارودۆخە بەرجەستەکانی سەدەی نۆزدە. ئەگەر ٢٠٠ ساڵ بەسەر ئەو بارودۆخانەدا تێپەڕی بێت و گۆڕابن، ئەوا شیکارییەکەش دەگۆڕێت. گۆڕانی شیکارییش، پێویستییەکی فرەڕەهەند بۆ گۆڕانکاریی لە ئایدۆلۆژیاوە تا ڕێکخستن و ستراتیژیی خەبات دەهێنێتە گۆڕێ. مارکس خۆشی لە ساڵی ١٨٤٨ کە مانیفێستی کۆمۆنیستی نووسی، تا کاتی کۆچی دوایی، بەردەوام پێداچوونەوەی بە بیرۆکەکانیدا کردووە.

سۆسیالیزم لە دوای ڕووخانی سیستەمی سۆڤێتەوە، تا ڕادەیەکی زۆر بۆ ئاستی مشتومڕی ڕۆشنبیریی پاشەکشەی کرد. لە کایەی ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکانەوە گوازرایەوە بۆ سەر کورسییەکانی زانکۆ و هۆڵەکانی کۆنفڕانس. ئەم مشتومڕانەش زۆربەی کات شوێنەواری ئەو خەمۆکییە توندەی پێوە دیارە وا جیهانی سۆسیالیستیی دوای ڕووخانی سۆڤێت تووشی بوو. بە واتایەکی تر، پاش لەدەستدانی سۆسیالیزم، چەقینێک هاتە ئارا.

لە کاتێکدا دەبوو لە ڕێگەی شیکارییەکی ڕەخنە-ڕەخنەدانی درووستەوە، وانە لە ئەنجامەکانەوە وەربگیرێت و خەباتی سۆسیالیستیی دووبارە هەڵکشێتەوە. بەڵام کەسانێک پەیدا نەبوون خەمی ئەمەیان بێت، ئەوانەشی پەیدا بوون، لە نێو سنوورە کەسەکیی و پێڕایەتییەکاندا قەتیس مان.

ڕاستییەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی ١٩٦٨ـدا، دەرکەوت پارادایمی مۆدێرنیست، بە هەردوو بەرەی چەپ و ڕاستی، هەرەسی هێناوە. ئەوەی پێی دەڵێین قەیرانی سیستەماتیک هەر ئەمەیە. هیچ یەکێک لەو پێکهاتە ڕاست و چەپانەی لە ئاسۆ فکرییەکانی مۆدێرنیزمدا شێوەیان گرتووە، لە دەرەوەی ئەم قەیرانە نابینرێن. هەر بۆیە بزووتنەوەی ٦٨ بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستیی کلاسیک نەبوو. بزووتنەوەی ٦٨ دەیگوت لیبرالیزم و ئەزموونەکانی سۆسیالیزمی بنیادنراو وەک یەک نەیانتوانیوە ئەو یۆتۆپیایانەی بەڵێنیان دابوو، بەدی بهێنن و لەوەش گرنگتر، ناتوانن بەدییان بهێنن.

مۆدێرنیستە سەرمایەدارەکان درکیان بەم ئاڕاستەیە کردبوو، هەر بۆیە کەوتنە گەڕان بەدوای دەرچەی نوێدا، لە سەرووی هەمووشیانەوە سیاسەتی جیهانگیریی بوو.

جیهانی سۆسیالیستیی بە گشتیی بزووتنەوەی ٦٨ـی وەک ڕاپەڕینێک دژی جیهانی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا دەبینی. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەی زیاتر لە تەنگەژەدا بوو و لە ژێر مەترسیی گەورەتردا بوو، سیستەمی سۆڤێت بوو. ئەگەر پێواژی نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تا ١٩٩٠ـی سیستەمی سۆڤێت بە باشیی لێک بدرێتەوە، ئەم دۆخە بە ڕوونیی دەبینرێت.

سۆسیالیزم و ڕەخنە – ڕەخنەدان

تیۆری مارکسیستیی تیۆرییەکی ڕەخنەگرانەیە و هەر لە سەرەتاوە ڕەخنەی لێ گیراوە. دەکرێت گفتوگۆکانی نێوان (مارکس-پرودۆن) بەبیر بهێنرێنەوە، گفتوگۆی زۆر بەپیت و بەرهەمدار بوون. بەڵام کاتێک بزووتنەوە مارکسیست-سۆسیالیستەکان گەیشتنە دەسەڵات، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کەلتووری ڕەخنەگرتندا بینرا. یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی سیستەمی سۆڤێتی بەرەو وێرانکاریی برد، ئەو شکانە بوو وا لە کەلتووری ڕەخنە و ڕەخنەداندا ڕووی دا. چونکە لە سۆڤێتی دوای شۆڕشدا، ڕەخنەکان ڕوویان لە دەرەوە بوو. تەنانەت ڕەخنەگرتن لە سیستەمی سۆڤێت وەک دژەشۆڕش تەماشا دەکرا. سیستەم لە ڕەخنە و بەو هۆیەشەوە لە ڕەخنەدان دوور خرایەوە. ئەو دەنگەی لە ڕەخنەکانەوە دەهات، دەخنکێنرا. پێکهاتەیەکیش ڕووی خۆی لە ڕەخنە وەرگێڕێت، مەحاڵە بتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە یان لە لایەنە کەموکووڕ و کێشەدارەکانی پاک ببێتەوە.

ئەزموونە سۆسیالیستییەکان، چ مارکسیست بن و چ لینینست و ماویست، سەدەی بیستەمیان بە بێئومێدییەکی گەورەوە بەجێ هیشت. ئەزموونە سۆسیالیستییەکان بە پێشەنگی سۆڤێت، هەرچەندە لە یەک لەسەر سێی جیهاندا بە گوێرەی ستراتیژی شۆڕشی مارکسیستیی دەسەڵاتیان گرتبووە دەست، بەڵام هەرەسیان هێنا. بۆچی؟

هەڵوێستێکی کێشەداری هاوشێوە بەسەر زۆربەی بزووتنەوە سۆسیالیستییەکاندا زاڵە. بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان خۆیان لە ڕێگەی ڕەخنەی سیستەمی باڵادەستەوە، بوونی خۆیان بەدی دێنن. خودی خۆیان بزووتنەوەی ڕەخنەگەرانەن. ئەم تێگەیشتنە وا دەکات هەر ڕەخنەیەک کە ئاڕاستەی بزووتنەوە سۆسیالیستییەکان بکرێت، خۆبەخۆ کراسی ‘دژەشۆڕش’ـی لەبەر هەڵدوورێت. ئەم ئەقڵییەتە لە حزبی کۆمۆنیستی سۆڤێتەوە وەک میرات بۆ بزووتنەوە سۆسیالیستییەکانی جیهان ماوەتەوە. ئەم تێگەیشتنە ئەوەندە ڕەقە (دەبێت بڵێین دۆگما)، کە بزووتنەوەگەلێک هەن زیاتر لە ١٠٠ ساڵە بانگەشەی خەباتی سۆسیالیستیی دەکەن و هەنگاوێکیش پێش نەکەوتوون، کەچی هێشتا هەست بە پێویستیی لێپرسینەوە و نوێکردنەوەی خۆیان ناکەن و سەرەڕای ئەو هەموو شکستە، لە فەتوادان و دەربڕینی هەڵوێستی باڵادەستانە بەردەوامن.

لە سیاسەتی شۆڕشگێڕانەدا، واقیعگەرایی هەم تەڵەیە و هەم پەیژە. ئەگەر خۆت بە واقیعگەراییەوە سنووردار بکەیت، ئەوا لە کۆتایی ڕۆژدا لە بەندەری سیاسەتی کۆنەپارێزییدا لەنگەر دەگریت و دەکەویتە تەڵەوە. بەڵام ئەگەر واقیع وەک “شیکارییەکی بەرجەستە-کۆنکرێتیی بۆ بارودۆخە بەرجەستەکان” بخوێنیتەوە و لەوێوە پردی پتەو بەرەو ئامانجە شۆڕشگێڕییەکان هەڵبەستیت، ئەوا ڕێبەرایەتیی بۆ پێواژۆیەکی سەرکەوتووی شۆڕش دەکەیت، ئەو کاتە واقیعگەرایی دەبێتە پەیژەیەک و خەباتی شۆڕشگێڕانە بەرەو پێش دەبات.

نابێت بکەوینە ئەو هەڵەیەی وا بزانین ئەم ڕووخانە تەنیا سنووردارە بۆ ئەو ئاستەنگییانەی وا هەموو ئەزموونێک ڕووبەڕووی دەبێتەوە. بێگومان هەر ئەزموونێک بەپێێ تایبەتمەندیی خۆی هەڵە و کەموکووڕیی هەبووە و دەبێت ئەوانەش لێک بدرێنەوە. بەڵام ئەگەر لە هەموو شوێنێک هەمان ئەنجامی لێ بکەوێتەوە، کەواتە دەبێت ئەو ‘بنەما هاوبەشانە’ـی پشتی پێ بەستراوە، بخرێنە ژێر پرسیار و ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی بکرێنەوە: وەک شیکاری سیستەم، ستراتیژی شۆڕش، سیاسەتی دەسەڵات و دەوڵەت و هتد…

ئەمڕۆ جیهان لە جیهانی سەدەی بیستەم تاریکترە: بۆ کرێکاران، بۆ کەلتوور و نەتەوە چەوساوەکان، بۆ ژنان، بۆ سرووشت و بوونەوەرە زیندووەکانی نێو سروشت… لە ٤٠-٥٠ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی سیاسەتەکانی جیهانگیرییەوە، نەک تەنیا کرێکاران، بەڵکوو خودی گۆی زەویش بێپەروا تاڵان کراوە و دەکرێت. لە کاتێکدا کۆمپانیا جیهانییەکان قەڵەو دەبن، ڕۆژانە ژمارەی ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە فراوانانەی لە نێو نەداریی و هەژارییدا دەژین، هەڵدەکشێت. تەریب لەگەڵ جیهانگیریی، گێژاوی شەڕ و توندوتیژیی بەردەوام لە هەڵکشاندایە. لە ئێستادا ژمارەی کۆچبەران، بە دەیان ملیۆن دەخەمڵێنرێت.

با سەیری تورکیا بکەین. هەرگیز لە تورکیا بێکاریی و هەژاریی هێندەی ئێستا قووڵ نەبووەتەوە. بیروباوەڕ، ناسنامە، کەلتوور و شێوازەکانی ژیان هێندەی ئێستا بە بێپەروایی نەخراونەتە ژێر فشار. مەودای نێوان کۆمەڵگە و سەرمایە هێندەی ئێستا فرەوان نەبووە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئایا بزووتنەوەیەک هەیە بە ناوی سۆسیالیزمەوە چووبێتە نێو کۆمەڵگە، ڕێکی خستبێت و بنکەیەکی جەماوەریی درووست کردبێت؟ ئایا ئەم تابلۆیە هیچ پەیامێکی پێ نییە؟

بە کورتیی؛ ئەزموونەکانی خەبات و دەسەڵاتی سۆسیالیستیی سەدەی بیستەم هەڵوەشاونەتەوە، ئابووریی سیاسیی سیستەمی باڵادەست گۆڕاوە، چەوسانەوەی ڕەنج قووڵتر بووەتەوە، سیاسەتەکانی جیهانگیریی کۆمەڵگەیان تووشی وێرانکارییەکی فرەڕەهەند کردووە و قەیرانی ژینگەیی گەیشتووەتە ئاستێک، کە هەڕەشە لە ژیان دەکات… لەم بارودۆخەدا، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە کە جیهانی سۆسیالیستیی، لە ڕێگەی خوێندنەوەیەکی خۆڕەخنەکردنەوە بۆ مێژووی تێکۆشانە کۆمەڵایەتییەکان (بە مارکسیزمیشەوە)، وانە وەربگرێت و بەپێی شیکارییەکی کۆنکرێتیی بۆ بارودۆخی ئەمڕۆ، لە ڕێی تیۆر و پراکتیکەوە ڕێگەیەکی نوێی دەرچوون بئافرێنێت.

هەڵوەشانەوەی پێشەنگایەتیی سۆسیالیستیی و میسیۆنی ئۆجالان

لە دوای هەڵوەشانەوەی سیستەمی سۆڤێت، لە کاتێکدا هەندێک کەس شیوەنیان دەگێڕا و هەندێکی تریش تووشی خەمۆکییەکی قووڵ ببوون، ئۆجالان بە گوتنی “سووربوون لە سەر سۆسیالیزم، سووربوونە لە سەر مرۆڤبوون”، ڕایگەیاند لە داهاتوودا لە کوێدا دەوەستێت. ئەوە سەرەتای نەوەدەکان بوو.

ئەمە هاوکات ڕاگەیاندنی بڕیاری دۆزینەوەی ڕێگەیەک بوو. ئەم گەڕانە، یەکێک لە ستراتیژییترین ڕەهەندەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانەی ٣٥ ساڵی ڕابردووی ئۆجالان پێک دەهێنێت. چونکە ئەو قەیرانەی سۆسیالیزم تێی کەوتبوو، زیاتر لەوەی کێشەیەکی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، قەیرانێکی جیهانیی بوو.

دەکرێت بوترێت ئۆجالان لەو گەڕانەیدا، دەرچەیەکی لە سۆسیالیزمدا دیتەوە، بێجگە لە ماتەوزەکانی ڕێبەرایەتیی، خاوەنی دوو دەرفەت و سوود بوو. یەکەمیان؛ وەک سۆسیالیستێک دەستی بە تێکۆشان کردبوو. لە کەسایەتیی ماهیر چایاندا کاریگەریی بزووتنەوەی سۆسیالیستی تورکیای لە سەر بوو و سۆزێکی بەهێزی بۆیان هەبوو. پاش دامەزراندنی پەکەکەش لە نزیکەوە چاودێریی سۆڤێتی دەکرد و پەیوەندیی لەگەڵ دەوروبەرانی وەک حزبی شیوعیی ئێراق و حزبی شیوعیی بولگاریا پەرە پێ دابوو. لە ڕووی تیۆرییەوە سۆسیالیزمی وەک بنەما دەگرت و هاوکات لەگەڵ نوێنەرایەتییە سیاسییەکانیشدا لە پەیوەندییدا بوو. ئەمەش سەروەرییەکی تیۆریی و پراکتیکیی بۆ درووست کردبوو.

دووەمیان؛ ئۆجالان ڕاستیی و واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیی و مۆدێلی کۆمەڵایەتیی لە تورکیا، سووریا، ئێراق و ئێرانی بە باشیی شیکار کردبوو. لە پشت مانەوە و گەشەی ڕۆژانەی بزووتنەوەی ئازادیی کورد بۆ ماوەی نیو سەدە لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو ستراتیژیی تێکۆشانە هەیە وا بە ئەزموونە ئایدۆلۆژیی و سیاسییەکانی ئۆجالان چنراوە.

گێژاو داهێنەرە، دایکی هەموو بەرهەمەکانە. ئەو بارودۆخی قەیران و گێژاوەی سۆسیالیزم تێی کەوتووە، هەم بەرپرسیارێتیی بیرکردنەوە و هەم دەرفەتی بیرکردنەوەی ئازادیش دەئافرێنێت. جگە لەوەش، ئەو دەرفەت و سوودانە هەبوون وا لە وانەکانی تێکۆشانی سۆسیالیستییەوە فێر ببووین، ئەمانە بە باجێکی گەورە گەشەیان سەندبوو، چونکە هەڵە بەقەد ڕاستیی فێرکەرە.

لە کاتێکدا مێژوو بە شەپۆلدانی کات، کایەی خۆی دەکاتەوە، هەندێک جار هەندێک کەس وەک شاکەس دەخاتە نێو کایەکەوە. ئۆجالان ڕابەرایەتییەکە و بۆ چارەسەری کێشەی کورد بە دیدگایەکی سۆسیالیستیی دەستی بە تێکۆشان کرد و بە خێرایی مەودای بڕی. کاتێک گەیشتە ساڵانی نەوەدەکان، قەیرانی سۆسیالیزمی بینی کە توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگەی لە سەر ئاستی نەتەوەیی و ناوچەیی و جیهانیی داگرتبوو. ئەو یەکێک بوو لەو ڕێبەرە دەگمەنانەی لە لایەکەوە دەیتوانی بەرپرسیارێتیی هەڵبگرێت و لە لایەکی تریشەوە ناچار بوو هەڵی بگرێت. چونکە سۆسیالیست بوو، نوێنەرایەتیی بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستیی دەکرد کە لە هەڵکشاندابوو و پشتگیریی کۆمەڵایەتیی بەردەوام بەهێزتر دەبوو، هەروەها خاوەنی ئەو دەرفەتانە بوو وا ئاماژەیان پێ درا. ئەمە بەرپرسیارێتییەک بوو، مێژوو خستییە بەردەم ئۆجالان، ئەویش ئەو هێزەی نیشان دا.

چەمکی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەیی

ئەم چەمکە تاڕادەیەک بێزارکەرە. چونکە سۆسیالیزم خۆی هەر بە واتای کۆمەڵگەییبوون دێت. ئەی کەواتە بۆچی دەوترێت ‘سۆسیالیزمی کۆمەڵگەیی’؟ چونکە سۆسیالیزم هەمیشە لەگەڵ دەوڵەت و دەسەڵاتدا ناوی هێنراوە، ئەمەش بووەتە جۆرە تێگەیشتنێک. لە پشت ئەمەشەوە ستراتیژی شۆڕشی مارکسیستیی بەپێی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت و گەیشتن بە سۆسیالیزم بە دەساوێژی کرێکاراندن هەیە.

ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تەوەری تێکۆشانی سۆسیالیستیی، لە ئامانجی دەسبەسەراگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە گۆڕدراوە بۆ بنیادنانی کۆمەڵایەتیی. ئۆجالان بەم چەمکە تەنیا ئامانجی ئەوە نییە سۆسیالیزم بە جەوهەرە فەلسەفییەکەی خۆی ئاشنا بکاتەوە، بەڵکوو هاوکات ئاڕاستەیەک بۆ ڕێکخستن و سیاسەتی سۆسیالیستیی دیاریی دەکات. بەوپێیە، هەموو ڕێکخستنە سیاسیی، ئابووریی و کەلتوورییەکان، کۆمەڵگە دەکەنە بنەما.

هەندێک لایەن ڕەخنەی ئەوە دەگرن و دەڵێن؛ لەم تێزەدا دیدگای دەسەڵات بوونی نییە. ئەگەر دەسەڵات وەک دەوڵەت و هێزی سیاسیی ناوەندگەرایانە پێناسە بکرێت، ئەوا ڕەخنەکە درووستە. بەڵام ئەگەر دەسەڵات وەک هێز و ئیرادەی کۆمەڵایەتیی پێناسە بکرێت، ئەوا ڕەخنەکە درووست نییە. چونکە ئەو دیدگایەی دەسەڵات وا لەم ئارگیۆمێنتەدا بنەمایە، بریتییە لە گواستنەوەی دەسەڵات لە دەوڵەت و ناوەندەکانی هێزی سیاسییەوە بۆ کۆمەڵگە و بنکە جەماوەرییەکە. لە شوێنێکدا گەر هەمووان خاوەنی دەسەڵات بن، ئەوا ناتوانرێت بوترێت دەسەڵات بوونی نییە، بەڵکوو ناوەندەکانی دەسەڵات بوونیان نییە. ئەمە دەکرێت وەک دیدگای جێگرتنەوەی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی لەبری دەسەڵاتی سیاسیی ناوەندیی پێناسە بکرێت.

سۆسیالیزمی کۆمەڵگەیی، دژی ناوەندگەرایی دەسەڵاتە لە نێو دەوڵەت و ڕێکخراوە دەوڵەتئاساکاندا. تەنانەت ئەگەر بە ناوی سۆسیالیزمیشەوە بێت!

ڕەخنە و بنیادنانی سیستەم هەمان شت نین

لە مارکسیزمدا ئەزموونە سۆسیالیستییەکان بەردەوام ڕەخنەیان لێ گیراوە. ئەنارکیزم لە ڕووی ناوەندگەرایی دەسەڵات (دەوڵەت) و پلەبەندییەوە، فیمینیزم لە ڕووی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ چەوسانەوەی ڕەگەزیی، بزووتنەوە ئیکۆلۆژییەکان لە ڕووی چەوسانەوەی سرووشت و پەسەندکردنی پیشەسازییگەرایی، بزووتنەوە کەلتوورییەکانیش لە ڕووی سیاسەتی ناسنامەوە ڕەخنەیان گرتووە. دەبێت ڕەخنە هەمەلایەنەکانی پۆستمۆدێرنیزمیش بۆ ئەمانە سەربار بخەین.

ڕەنگە هەموو ئەم ڕەخنانە بەهۆی دیدگاکانیانەوە لایەنی تاکڕەهەندییان تێدا مابێت، بەڵام ئەم ڕەخنانە ئاماژەن بۆ کەموکووڕیی و گرفتەکان. بەڵام بنیادنانەوەی سۆسیالیزم وەک سیستەم شتێکی جیاوازە. بۆ نموونە؛ ئەگەر تیۆر و ئەزموونە مارکسیست-سۆسیالیستەکان کێشەی ڕەگەزیی لەسەر ئەو بنەمایەی فیمینیزم دەیەوێت، چارەسەر بکەن، ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕەخنەکانی تر وەڵام دراونەتەوە.

قوتابخانەی فرانکفۆرت و پۆستمۆدێرنیزم، ڕەخنەی فرەڕەهەندیان ئاڕاستەی مارکسیزم و ئەزموونە سۆسیالیستییەکان کردووە. کەچی هەم لە قوتابخانەی فرانکفۆرت و هەم لە فەلسەفەی پۆستمۆدێرنیشدا، دەمارێکی مارکسیستی بەهێز هەیە. بەڵام سەرەڕای ڕەخنە ئاسۆبەخشەکانیان، سەبارەت بە بنیادنانەوەی سیستەماتیک و نوێی سۆسیالیزم، هیچ قسەیەکیان نییە.

بنیادنانەوەی سۆسیالیزم

بنیادنانەوەی سۆسیالیزم، لە چوارچێوەی فەلسەفیی، ئایدۆلۆژیی و مۆدێلی ڕێکخستندا، پێویستی بە هەمەگیرییەکی سیستەماتیکییانەیە. چونکە تا هەمەگیرییەکی سیستەماتیکییانە بەدی نەیەت، دیالەکتیکی بەش- گشت جێگیر نابێت.

ئەو فۆرمۆڵەیەی ئۆجالان بە ناوی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەیی دیموکراتیک پێی گەیشتووە، هەمەگیرییەک نیشان دەدات و ئەم تایبەتمەندییانە لەخۆ دەگرێت. چونکە لەم فۆرمۆڵەدا؛ لە ئاستی فەلسەفییدا دیدگای دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازیی ڕەگەزیی و لە ئاستی ئایدۆلۆژییدا سۆسیالیزمی کۆمەڵگەیی دیموکراتیک و لە ئاستی ڕێکخستنیشدا، کۆنفیدراڵیزم بە جۆرێک داڕژراون، کە وەک سیستەمێک تێهەڵکێشن.

ا- چوارچێوەی فەلسەفیی: دیدگای دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازیی ڕەگەزیی لەسەر سێ ئاست بنیاد دەنرێت:

١- شیکاریی سیستەم:

ئۆجالان سیستەمی سەرمایەداریی تەنیا وەک سیستەمێکی چەند سەدەی ڕابردوو نابینێت، بەڵکوو وەک قۆناغی کۆتایی و قۆناغی قەیرانی شارستانییەتی دەوڵەت-تەوەریی پێنج هەزار ساڵە شیکاری دەکات.

لە شیکارییەکەدا، لە جیاتی تەنیا کێشەدارکردنی سەرمایەداریی، کێشەدارکردنی شارستانییەتی دەوڵەت گوزارە لە گۆڕانکاریی پارادایم دەکات. ئەو شیکارییەی تەنیا سیستەمی سەرمایەداریی دەکاتە کێشە، دژی دەسەڵات و دەوڵەتی سەرمایەدار دەوەستێتەوە. بەڵام ئەو شیکارییەی شارستانییەتی دەوڵەت دەکاتە کێشە، دژی خودی ڕێکخستنی دەوڵەت دەوەستێتەوە. ئەم جیاوازییەش، ڕاستەوخۆ زۆرێک لە پێکهاتەکانی تیۆری شۆڕش هێڵکێش دەکات، لە شیکاری دەسەڵاتەوە تا ستراتیژی شۆڕش و مۆدێلی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی.

بە تێڕوانینی ئۆجالان، شیکارییەکی درووستی سەرمایەداریی تەنیا کاتێک دەکرێت کە سەرمایەداریی لەگەڵ شارستانییەتی دەوڵەتگەرایی و وەک قۆناغێکی ئەو شارستانییەتە هەڵبسەنگێندرێت، چونکە کۆدەکانی ئابووریی سیاسیی سەرمایەداریی، لە بەرەبەیانی شارستانییەتی دەوڵەتگەراوە بنچینەیان بۆ دانراوە.

هەندێک ناوەندی سۆسیالیستیی دژی ئەو پێشنیارەی ئۆجالانن و ڕەخنەی لێ دەگرن کە دەڵێت: “لە جیاتی ناکۆکیی چینایەتیی مارکسیستیی، دەکرێت ناکۆکیی (کۆمۆن-دەوڵەت) جێکەوتە بکرێن”.

گەر ڕوونتر بەرباسی بدەین؛ لە پشت شیکاریی مێژوو-کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ناکۆکیی و ململانێی (کۆمۆن-دەوڵەت)، ئەو شیکارییە سیستەماتیکە هەیە وا سەرمایەداریی وەک قۆناغێکی شارستانییەتی دەوڵەتگەرا دەبینێت. ئەگەر ئەو دیاردەیەی دەکرێتە کێشە، شارستانییەتی دەوڵەتگەرا بێت، ئەوا بەبنەماگرتنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و ئەو ‘کۆمۆناڵێتیی’ـیەی (ژیانی هەرەوەزیی) وا دەوڵەت تێکی شکاندووە و دژی دەوڵەت تێ دەکۆشێت، ئەنجامێکی گردەبڕی خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژییە. جگە لەوەش، لە تیۆری مارکسیستییشدا ئەو بەرگرییە هەیە وا پێی وایە دەوڵەت لە ڕێی تێکشکاندنی ژیانی کۆمەڵگەی کۆمۆناڵەوە گەشەی سەندووە. کارەکانی ئەنگڵس لەم بارەیەوە ناسراون.

خوێندنەوەی مێژوو-کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ناکۆکیی کۆمۆن-دەوڵەت، دژایەتیی چینایەتیی ڕەت ناکاتەوە. چەمکی کۆمۆن وەک دەستەواژە، بریتییە لە ڕەتکردنەوەی هەموو پەیوەندیی و پێکهاتە چەوسێنەرەکان، جا چ چینایەتیی بن یان ڕەگەزیی و کەلتووریی و هاوشێوەکانیان. دەوڵەت وەک دامەزراوەی دەسەڵاتی ناوەندیی و سیستەمی چەوسانەوە، تەنیا لە سەر پەیوەندیی چینایەتیی بنیاد نەنراوە. ڕێکخستنی دەوڵەت خاوەنی کاراکتەرێکی نێرانەیە و لە بنەوەڕا چەوسانەوەی ڕەگەزییشی تێدایە. تەنانەت ئەوە ڕاستییەکی زانراوە لە ڕووی مێژووییەوە چەوسانەوەی ڕەگەزیی پێش چەوسانەوەی چینایەتیی کەوتووە.

چونکە کۆمۆن، پێکەوە مامەڵە لەگەڵ بزوێنەرە فرەڕەهەندەکانی کەلتووری ئازادیی کۆمەڵایەتیی دەکات، بۆیە بەراورد بە چین، بۆ شیکاریی مێژوو و کۆمەڵگە، پێکهاتەیەکی زۆر بەپیتترە و بۆ سۆسیۆلۆژیای مێژووییش گونجاوترە و واقیعییترە.

دامەزراوەییبوونی پەیوەندییەکانی چەوسانەوە لە بوارەکانی دیموکراسیی، ئیکۆلۆژیی و ڕەگەزدا، بەرهەمی پێکهاتەی شارستانییەتی دەوڵەتگەرایە. ئەو تێڕوانین و دیدە سۆسیالیستییەی پێشبینیی تێکۆشانێکی سەرتاپاگیر و گشتگیر لەم بوارانەدا دەکات، لە ڕێگەی ئەم شیکارییەی سیستەمەوە شێوە دەگرێت.

٢- ڕەخنە لە مارکسیزم

ئێمە دەڵێین سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیی. کەچی سۆسیالیزم وەک خەسڵەت، وەک چۆن کۆمەڵگەییە، بەو شێوەیەش دیموکراتییە. بەڵام ئەم ناونانە لە ڕووی سیاسییەوە پێویستە، چونکە ئەزموونە سۆسیالیستییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە سۆڤێت، نەیانتوانی ئەزموونێکی سەرکەوتووی دیموکراسیی پراوە بکەن.

جەوهەری ئەم کێشەیە ئەوەیە کە ستراتیژی شۆڕشی مارکسیستیی، دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بنیادنانی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا، دەخاتە پێش هەموو شتێک. کاتێک ستراتیژەکە بەم شێوەیە داڕێژرا، پێش دیموکراسیی، دەسەڵات بووە ئامانج. پاش بەرپاکردنی شۆڕشیش، وەک لە نموونەی سۆڤێتدا بینرا، لەپێشینەیی درا بە بەهێزکردنی دەوڵەت. بۆیە کەموکووڕیی دیموکراسیی لە ئەزموونە مارکسیست-سۆسیالیستییەکاندا وەک ئەو لایەنە دەردەکەوێت وا گورزی لە سۆسیالیزم وەشاندووە.

یەکێک لە زەقترین کەموکووڕییەکانی تیۆری مارکسیستیی و ئەزموونە سۆسیالیستییەکان، لە پرسی چەوسانەوەی ڕەگەزییدایە. بێگومان مارکس درکی بە چەوسانەوەی ڕەگەزیی کردبوو و وەک کێشەیەک دەیبینی، ناکرێت بیر لە پێچەوانەکەی بکرێتەوە. بەڵام بەهۆی شیکاریی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای چینایەتیی، مارکس وای پێشبینیی دەکرد کە لەگەڵ ڕاماڵینی چەوسانەوەی چینایەتییدا، چەوسانەوەی ڕەگەزییش دەڕەوێتەوە. بۆیە چەوسانەوەی ڕەگەزیی لە تیۆری مارکسیستییدا، بە شێوەیەکی بابەتیی بۆ ئاستێکی لاوەکیی داکشێنرا، ئەمەش تیۆرییەکەی بە نیوەچڵ هێشتەوە.

سەبارەت بە بواری ئیکۆلۆژیی، ناتوانرێت نکۆڵیی لەوە بکرێت کە فەلسەفەیەکی بەهێزی سرووشت لە تیۆری مارکسیستییدا هەیە. بەڵام ستایشکردنی گەشەپێدانە پیشەسازییەکان لەلایەن مارکس و ئەنگڵس و پێداهەڵگوتنیان وەک ‘پێشکەوتن’، بووە هۆی ئەوەی لە نێو سۆسیالیستەکاندا پرسی ‘پیشەسازیگەرایی’ بە شێوەیەکی ڕووکەش وەربگیرێت. ئەمەش هەم ڕێگەی بۆ چەوسانەوەی سرووشت لەلایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە خۆش کرد، هەم تیۆری مارکسیستییشی لە ڕووی دیدی ئیکۆلۆژییەوە بە کەموکووڕیی هێشتەوە.

ئەو تێگەیشتنەی تا ڕادەیەکی زۆر جێگیر بووە و ئێستاش بە بەهێزیی ماوەتەوە و دەڵێت: “لە وێرانکارییە ئیکۆلۆژییەکاندا ئەو دەسەڵاتەی بەکاری دەهێنێت، بەرپرسیارە نەک گەشەپێدانی پیشەسازیی”، دەرەنجامی ئەو مامەڵە ڕووکەشانەی تیۆری مارکسیستییە لەگەڵ گەشەپێدانە پیشەسازییەکاندا، بەڵام گەشەپێدانە پیشەسازییەکان هێندەش بێتاوان نین.

بە کورتیی، دیموکراسیی، ئیکۆلۆژیی و ڕەگەز، گرنگترین لایەنە کەموکووڕەکانی تیۆری مارکسیستیین. لە کاتێکدا گەرەکە دید و چالاکیی سۆسیالیستیی ئازادیخواز، خاوەنی خەسڵەتێکی دیموکرات، ئیکۆلۆژ و ئازادیخوازیی ڕەگەزیی بێت. بۆیە ئەمە هاوکات بە واتای کامڵکردنی دیدی مارکسیست-سۆسیالیست دێت.

٣- جیهانی ئەمڕۆ

لە جیهانی ئەمڕۆدا، دیموکراسیی، ئیکۆلۆژیی و ڕەگەزی کۆمەڵایەتیی، پێکڕا ئاوێتەیەکن لە بەسوێترین بوارە کۆمەڵایەتییەکان. بەوپێیەی شارستانییەتی دەوڵەتگەرا لە سەر چەوسانەوەی ئەم بوارانە بنیاد نراوە و سەرمایەدارییش لووتکەی ئەم بنیادنانەیە، ئەم ئەنجامە مایەی سەرسووڕمان نییە.

لە زانست و فەلسەفەی سیاسیی باودا، یەکێک لەو بابەتانەی زۆرترین مشتومڕی لێ دەکرێت و نووسینی لەمەڕ بڵاو دەکرێتەوە، دیموکراسییە. لەم چوارچێوەیەدا، نزیکەی هەموو شیکارییەکان بەوە دەست پێ دەکەن کە دیموکراسی پێکهاتەیەکی نێو شارستانییەتی دەوڵەتگەرایە. کەچی لە سیستەمی شارستانییەتی دەوڵەتدا، نە باس لە دیموکراسیی چینایەتیی دەکرێت، نە کەلتووریی و نە سیاسیی و ڕەگەزیی. چونکە دەوڵەت لەسەر بنەمای نکۆڵیی لە دیموکراسیی بنیاد نراوە. ‘دەوڵەتی دیموکرات’ چەمکێکی پووچەڵە. دیموکراسیی بریتییە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگە. لە هەر شوێنێکیش خۆبەڕێوەبەریی هەبێت، پێکهاتەی دەوڵەت کار ناکات.

لە جیهانی سەرمایەداریی ئەمڕۆدا گەلان تا سەر مۆخی ئێسک دەچەوسێنرێنەوە و لە نێو برسێتیی و نەدارییدا دەتلێنەوە، لێرەدا ناتوانرێت باسی دیموکراسیی بکرێت. قەیرانی ئیکۆلۆژیی گەیشتووەتە ئاستێک کە هەڕەشە لە ژیان دەکات. لەم سەردەمەدا، یەکێک لە گەورەترین ئەو کێشانەی مرۆڤایەتیی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، قەیرانی ئیکۆلۆژییە.

لە بواری ڕەگەزی کۆمەڵایەتییدا، ناکۆکییەکان قووڵتر بوونەتەوە. ژنان لە بوارەکانی ئابووریی، کەلتووریی، سیاسیی، دەروونیی، زایەندیی و هەموو بوارەکانی تردا بە ئاستێکی بێوێنە دەچەوسێنرێنەوە و بوونیان فەرامۆش دەکرێت.

بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی و سیاسیی سۆسیالیزمە تا چارەسەر بۆ ئەم بوارە کێشەدارانە بدۆزێتەوە وا ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئازادییەکان لەناو دەبەن. تێپەڕاندنی ئەم کێشانەش تەنیا بە ڕوانگەیەکی ڕوون و قووڵ بەدی دێت.

لێرەدا با ئەم جیاوازییە دەستنیشان بکەین: ئەم بوارە کێشەدارانە، لەلایەن دەوروبەرانی دیموکرات، فێمینیست و بزووتنەوەی ئیکۆلۆژیەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێت، بەڵام جیاوازیی دیدی دیموکرات، ئیکۆلۆژ و ئازادیخوازیی ڕەگەزیی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان لەوەدایە، کە ئەم بوارانە بە شێوەیەکی ئاوێتە و تێکهەڵکێش لەگەڵ یەک شیکار دەکات و دەیانکاتە بنەمای دیدگای سۆسیالیزمی کۆمەڵگەیی. بەو پێیە؛ دیدی ئیکۆلۆژیی و دیدی ئازادیخوازیی ڕەگەزیی و دیدی دیموکراتیی لێک جیا نابنەوە. ئەوەی سۆسیالیست بێت و خاوەنی دیدێکی دیموکرات بێت، پێویستە لە هەمان کاتدا ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ڕەگەزییش بێت. سۆسیالیست ناتوانێت دژی ڕەتاندنی ڕەنج بێت و لە ئاست کێشەی ژن و سرووشت/ژینگەدا بێدەنگ بێت. ئەگەر بێدەنگ بێت، تووشی ناتەبایی دەبێت و لە ناسنامەی سۆسیالیستیی دادەماڵرێت.

لە پشت هەموو ئەم کێشانەوە، زهنییەت و کەلتووری باڵادەستیی شارستانییەتی دەوڵەتگەرا هەیە. ڕەنج، ژن، سرووشت و ناسنامە دەڕەتێنرێن، بەڵام میکانیزمی ڕەتاندنەکە هەمان شتە. لە بەرانبەردا، ناکرێت تێکۆشانی سۆسیالیستیی تەنیا بە یەک بوارەوە سنووردار بکرێت. سۆسیالیستەکان دەبێت بە ڕەچاوکردنی ئەم کاراکتەرەی سیستەمی باڵادەست، لەسەر بنەمای هەمەگیریی ئەو بوارانە، تێکۆشانێکی فرەڕەهەند بەڕێوە ببەن.

ب- چوارچێوەی ئایدۆلۆژیی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیی

سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیی، پێی وایە ناکۆکیی بنەڕەتیی لە نێوان کۆمۆن و دەوڵەتدایە و مێژووی کۆمەڵایەتیی بەپێی ئەم ناکۆکییە شێوەی گرتووە. کۆمۆن لەم ڕوانگەیەوە بریتییە لە کۆی ئەو بەها گشتگیرانەی کۆمەڵایەتیبوونێکی ئازاد پێک دەهێنن و لەسەر بنەمای پرەنسیپی یەکسانیی-ئازادیی دامەزراوە. دەکرێت بڵێین پشت بە دیالێکتیکی یەکسانیی و ئازادیی دەبەستێت. چونکە یەکسانیی و ئازادیی دوو خەسڵەتی تەواوکەری کۆمەڵایەتیین و جیابوونەوەیان کاری نەکردەیە. یەکیان بەبێ ئەوی تریان مانای نییە. ئەم پرەنسیپە لە هەموو بوارەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییدا بنەمایە، جا لە پەیوەندیەکانی ڕەنج و سیاسەتەوە تا ڕەگەز و کەلتوور و سرووشت. چینیش یەکێکە لە بوارە بنەڕەتییەکانی ناکۆکیی و بە پێچەوانەی پرەنسیپی یەکسانیی-ئازادیی گەشەی سەندووە و لە نێو خودی کۆمۆندا جێگیر بووە. بەڵام کۆمۆن چینایەتیی نییە، بەڵکوو کۆمەڵایەتییە؛ کۆمەڵایەتیبوونێکە و چینایەتیی تێدەپەڕێنێت.

ئەم شیکارییە، لە وەچەرخانی کۆمەڵایەتییدا، هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ڕەتاندن ناخاتە پێش ئەوانی ترەوە. لە ڕووی کەلتووری ژیانی ئازادەوە، چەوسانەوە و ڕەتاندنی ڕەنج هیچ جیاوازیی و باڵادەستییەکی بەسەر چەوسانەوەی ڕەگەزییەوە نییە و چەوسانەوەی ڕەگەزییش لە چەوسانەوەی بەهاکان جیا نییە. لە ڕوانگەی ئەخلاقی ئازادییەوە، نابێت بوارەکانی چەوسانەوە بۆ سەرەکیی و لاوەکیی پۆلێن بکرێن.

لەبەر ئەم هۆکارە، لە دیدی سۆسیالیستی کۆمەڵگەی دیموکراتییدا، بکەری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی تەنیا پرۆلیتاریا و ژنان نین، بەڵکوو بکەری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی، بریتیین لە ڕەنجدەران، ژنان، ئیکۆلۆژیستەکان، ناسنامە و کەلتوورە چەوساوەکان و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تر. دەکرێت ئەمە وەک ئەو دەوروبەرە کۆمەڵایەتییانەش پێناسە بکەین وا داکۆکیی لە بەهاکانی کۆمەڵگەی کۆمۆناڵ دەکەن و پیادەی دەکەن و دەیهێڵنەوە.

ستراتیژی شۆڕشی مارکسیستیی، بەوپێیەی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە، گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی یان بە واتایەکی تر بنیادنانی کۆمەڵگەی سۆسیالیستیی بۆ داهاتوو دوادەخات. بە جۆرێک تا دەست بەسەر دەسەڵاتی دەوڵەتدا نەگرێت، سەرەی بنیادنانی کۆمەڵگەی سۆسیالیستیی نایەت.

  • ئەزموونەکانی سۆسیالیزمی بنیادنراوی سەدەی بیستەم دەریانخست کە ئەم ستراتیژەی شۆڕش کاری پێ ناکرێت، ئەمەش تەنیا ڕەخنە نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی مێژووییە. جیهانی سۆسیالیستییش ئەو شایستەییەی نییە تا چاوی خۆی لە ئاست ئەم ڕاستییەدا دابخات.
  • سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیی، ئەو ستراتیژییەی شۆڕش وا پشت بە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەستپێکردنی خەبات بۆ ئەو مەبەستە دەبەستێت، پەرچ دەداتەوە. شیکار و ئاماژەکان، نیشانی دەدەن، بەپێی دیاردەی دەوڵەت وەک خەسڵەتێک، کە لەسەر بنەمای دژایەتیی ئازادییەکان بنیاد نراوە و دامەزراوەیەکی دژەئازادییە، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە ئازادیخوازەکان بەدی نایەت. ستراتیژی گۆڕانکاریی لە سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتییدا خۆبەڕێوەبەرییە و بەپێی ئەم پرەنسیپەش پشت بە ڕێکخستنی کۆمەڵگە لە خوارێ بۆ سەرێ دەبەستێت.

ڕێکخستنی کۆمەڵگە لە هەموو بوارەکانی ژیان و لە سەرووی هەمووشیانەوە بواری ئابووریی، لەسەر بنەمای پرەنسیپی خۆبەڕێوەبەریی، پاشەکشەیە بە سیاسەتەکانی دەوڵەت، کە ئامانجەکەی چەوسانەوەی کۆمەڵگەیە. چونکە ئەگەر کۆمەڵگە لە ڕێگەی دەسپێشخەرییە ناوخۆییەکانەوە بگاتە تۆڕێکی ڕێکخستن و بتوانێت پێداویستییە ئابووریی و سیاسییەکانی دابین بکات، ئەوا دەوڵەت بێکاریگەر دەبێت.

لە ڕووی سیاسییەوە، خۆبەڕێوەبەریی، دەوڵەت وەلاوە دەنێت، یان بە پێچەوانەوە. چونکە دەوڵەت بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی ناوەندیی، کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات. لەبەر ئەم هۆکارە، تا چەند دەسپێشخەرییە ناوخۆییەکان لە ڕێی بەشداریی ڕاستەوخۆی گەل وەک بکەری سیاسیی کار بکەن و گەشە بسەنن و میکانیزمەکانی خۆبەڕێوەبەریی بەدامەزراوەیی بن، ئەوا سەرەتا بەڕەکە لە ژێر پێی دەوڵەت ڕادەکێشن و و دواتر دەری دەکێشن. لەم ڕووەوە، نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە لە نێوان خۆبەڕێوەبەریی و ڕێکخستنی دەوڵەتدا دژایەتیی هەیە و ئەم دژایەتییە خەسڵەتێکی بنەڕەتییە. چونکە دەوڵەت لە ڕێگەی ناوەندگەرایی و دەستبەسەرداگرتنی هێزی ئابووریی و سیاسیی بوونی خۆی بەدەست دەهێنێت، لە کاتێکدا خۆبەڕێوەبەریی بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هێز بۆ ناوچە و بنکە جەماوەرییەکان و پشت بەو پرەنسیپە دەبەستێت. بەوپێیەی ئەم ململانێیە پێناسێکی بنچینەییە، تا ئەو کاتەی دەوڵەت هەبێت، ئەوا گرژیی سیاسییش لە نێوان خۆبەڕێوەبەریی و دەوڵەتی ناوەندییدا هەر دەبێت.

لە هەمان کاتدا خۆبەڕێوەبەریی کاریگەرترین فێرگەیە و گۆڕانکاریی خێرا لە نێو گەلدا مسۆگەر دەکات. چونکە کۆمەڵگەی خۆبەڕێوەبەر پێشبینیی ئەوە دەکات کە هەموو پێکهاتەیەک هەم وەک ‘بەڕێوەبەر’ و هەم وەک ‘بەڕێوەبراو’، وەک بکەرێکی سیاسیی دەجووڵێتەوە. پراکتیکیش فێرکەر و گەشەپێدەرە. لەم ڕووەوە، خۆبەڕێوەبەریی ڕێگە خۆش دەکات تا کۆمەڵگە بە پێناسە ئەخلاقیی و سیاسییەکەی خۆی ئاشنا بێتەوە و لە ڕێگەی چالاکبوون لە کایەی گشتییدا ئازاد ببێت.

ڕەهەندێکی تری جیاواز لە ستراتیژی گۆڕانکاریی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتییدا ئەوەیە؛ کە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی بۆ داهاتوو دوا ناخات، بەڵکوو وەک پرۆسەیەک دەیبینێت و هەر ئێستا و لێرە، دەست پێ دەکات. لەم ڕووەوە، بنیادنانی سۆسیالیزم وەک بەرنامەیەک بەرجەستە دەبێت و هەر ئێستا و لێرەدا، دەست بە داڕشتنی دەکرێت.

‘قۆناغبەندیی’، تایبەتمەندییەکی گرنگی ئەم ستراتیژییەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییە. دەتوانین بە سادەیی بێژین؛ هەموو شتێک پێکەوە و لە سەرەتاوە ڕوو نادات، سۆسیالیزم لە هەموو شوێنێک هەنگاوبەهەنگاو دەچنرێت و ئەم هەنگاوانەش لە ڕێگەی تۆڕەکانی ڕێکخستنەوە  و بە هاوکاریی یەکتر سیستەماتیک دەبنەوە.

١- شۆڕشی پۆزەتیڤ

ئۆجالان، بە ئاماژەدان بەم ستراتیژییەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی، قۆناغ بە قۆناغ چەمکی ‘شۆڕشی پۆزەتیڤ’ بەکار دەهێنێت.

وەک دەزانرێت شۆڕش بریتییە لە ڕووخاندن و بنیادنان. سەرەتا ئەوەی کۆنە دەڕووخێنرێت، لە شوێنیشی شتێکی نوێ بنیاد دەنرێت و بەگوێرەی ئەم نوێیەش کۆمەڵگە ڕێک دەخرێتەوە. بە بڕوای من، وێرانکردن لایەنە ‘نێگەتیڤ’ـەکەی شۆڕشە و بنیادنانیش لایەنە ‘پۆزەتیڤ’ـەکەی.

ئۆجالان، بەوپێیەی لە ستراتیژی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت دوورە، دژی ئەوە دەوەستێتەوە کە ماتەوزەی شۆڕشگێڕیی بۆ وێرانکاریی تەرخان بکرێت. بەوپێیە، دەبێت وزەی شۆڕشگێڕانە ڕاستەوخۆ بەرەو بنیادنانی سۆسیالیزم لە ئێستا و بۆ هەنووکە، ئاڕاستە بکرێت. ئەم ستراتیژییەی گۆڕانکاریی وا لە تیۆری شۆڕشدا ڕاستەوخۆ بنیادنان بە بنەما دەگرێت نەک وێرانکاریی، لایەنە پۆزەتیڤەکەی شۆڕش زەق دەکاتەوە. کەواتە دەکرێت ‘شۆڕشی پۆزەتیڤ’ وەک ناونانی شۆڕش و گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتیی بخوێندرێتەوە کە ئاڕاستەکەی ڕاستەوخۆ ڕووی لە بنیادنانە.

٢- نەتەوەی دیموکرات

سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئازادیی ناسنامە و کەلتوور وەک مەرجی بوونی کۆمەڵایەتیبوونێکی ئازاد دەبینێت. کۆمەڵگە لە ڕووی ئۆنتۆلۆژیی (بوونناسیی)ـەوە پشت بە جیاوازییەکان دەبەستێت، بەپێی سرووشتی خۆی هەمەچەشنە. لەبەر ئەوە پاراستنی جیاوازیی ناسنامە و کەلتوور لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتیی، زیاتر لەوەی کێشەی ناسنامە تاکەکەسییەکان بێت، وەک کێشەی هەموو کۆمەڵگە هەژمار دەکرێت.

لە ڕووی ئەخلاقی ئازادیی کۆمەڵایەتییەوە، ئازادیی ناسنامە پێویستی بەوەیە کە ناسنامەکانی تریش ئازاد بن. چونکە ئازادیی چالاکییەکی پەیوەندیدارێتییە، پێویستی بە پەیوەندییە لەگەڵ ئەوی تر. لە هەر بوارێکدا شتەکان یەک و وەک یەک بن، نە پەیوەندیی درووست دەبێت و نە گەشە.

هەر بۆیە، سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیی، لە مۆدێلی نەتەوە-دەوڵەتدا چەمکی نەتەوە ڕەت دەکاتەوە. چونکە ئەم چەمکەی نەتەوە، دەسەڵاتخواز و تاکڕەهەندە، بۆیە پاکتاوکەری ناسنامە و کەلتوورەکانە؛ دژەکۆمەڵگەیە. مۆدێلی چارەسەری سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیی بۆ کێشەکانی ناسنامە و کەلتوور، نەتەوەی دیموکراتییە.

نەتەوەی دیموکرات مۆدێلێکی ڕێکخستنە و هەموو ناسنامە و کەلتوورەکان لە سەر بنەمای کەلتووری خۆبەڕێوەبەریی ڕێک دەخرێن و دەرفەتی گەشەیان هەیە: لە سەر بنەمای پرەنسیپی یەکسانیی-ئازادیی، هاوکاریی و پشتگیریی یەکتر دەکەن. لە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتییدا، پێشبینیی ئەوە دەکرێت کە ناسنامەکان جیاوازییەکانی خۆیان بپارێزن و لەگەڵ ناسنامەکانی تردا لە یەکێتییدا بژین.

سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیی لە ڕووی ڕێکخستنی سیاسییەوە، خۆبەڕێوەبەرە، لەم ڕووەوە دەرفەت بۆ ڕێکخستنی سەربەخۆی هەموو ناسنامەیەک دەڕەخسێنێت.

ج- مۆدێلی ڕێکخستن: کۆنفیدراڵیزم/ یەکێتیی کۆمۆنەکان

ئەو ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێشنیاری دەکات، کۆنفیدراڵیزمە، چونکە کۆنفیدراڵیزم مۆدێلێکە و یەکێتیی هاوکاریی و پەیوەندیی ئاسۆیی تۆڕی ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییە خۆبەڕێوەبەرەکان، دەستەبەر دەکات.

ئۆجالان، وەک خانەی سەرەکیی مۆدێلی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی ئازادیخواز، ئاماژە بە کۆمۆنەکان دەکات. ئەو سیستەمەی وەک ‘یەکێتیی کۆمۆنەکان’ فۆرمۆڵەی کردووە، لە ئەدەبییاتی سیاسییدا، کۆنفیدراڵیزمە.

پشتبەستنی مۆدێلی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی ئۆجالان لە سەر بنەمای کۆمۆن، بەرهەمی تێزی مێژوو-کۆمەڵایەتییەکەیەتی. بەپێی ئەو تێزە، کۆمەڵگە بەپێی سرووشتی خۆی کۆمۆناڵە. کاتێک دەبینین یەکەمین فۆرمەکانی کۆمەڵایەتیبوون بە شێوەی کۆمۆن بووە، ڕێککەوت و بژار نییە، بەڵکوو ئەنجامێکە و گرێدراوی سرووشتی کۆمەڵایەتییبوونە. کۆمۆن خاوەنی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە و تێیدا پرەنسیپی ئازادیی-یەکسانیی کارکردەیە.

ڕێکخستنی دەوڵەت، بەپێی بنەمای لادان لەم فۆرمە ئازادەی کۆمەڵایەتیبوون و شێواندنی بنیاد نراوە. بەم واتایە ناکۆکیی کۆمۆن-دەوڵەت، ناکۆکیی نێوان کۆمەڵگەی ئازاد و دژبەرەکانێتی.

بەهۆی پڕوپاگەندەی دژەسیستەمی سەرمایەداریی و شکستی ئەزموونە سۆسیالیستییەکانەوە، لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، تەنانەت بە هەندێک لە بازنە سۆسیالیستییەکانیشەوە، جۆرە دودڵییەک بەرانبەر بە کۆمۆن درووست بووە. بەڵام خەباتی سۆسیالیستیی ئەرکدار نییە تا بەپێی تێڕوانینە باوەکان بجووڵێتەوە، بەڵکوو دەبێت بەپێی ڕاستیی و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان هەنگاو هەڵێنێت.

سەرەڕای ئەم تێڕوانینە نێگەتیڤە، لە دەیەکانی دواییدا ڕێکخستنە کۆمۆناڵەکان لە جوگرافیا جیاوازەکاندا زیاتر بوونەتە ڕۆژەڤ. مەکسیک/چیپاس، ڤەنزوێلا و بەڕازیل ئەو نموونە یەکەمینانەن وا بە بیرماندا دێن. دیسان ئەزموونی بەڕێوەبەریی خۆجێیی وەک پۆرتۆ ئەلێگری و مۆنتریال هەن و پێشەنگایەتیی دەدەنە خۆماڵییبوون و بەشدارییپێکردنی و ئابووریی سیاسیی. هەروەها ئەزموونی ڕۆژئاڤا هەیە و تانوپۆکەی ڕاستەوخۆ بەپێی دیدی ئۆجالان چنراوە. ئەمانە زیاتر لەوەی ڕێککەوت بن، بەرهەمی هەوڵ و لێگەڕینە سۆسیالیستییەکانن. بە بۆچوونی ئێمە، ئەمانە چالاکگەلێکن کە دواکەوتوون، دەبێت گوڕیان پێ بدرێت و بەرفراوان بکرێن.

ئەوەش دەزانرێت کە مارکس لە قۆناغی کۆتایی تەمەنیدا، بایەخی زیاتری بە خۆبەڕێوەبەریی و کۆمۆنەکان دا، چونکە مارکس پاش شۆڕشەکانی ١٨٤٨ و ئەزموونی کۆمۆنەی پاریس، دەستی بە پێداچوونەوەی ئەو تیۆریانە کرد وا لە قۆناغی سەرەتایدا پەرەی پێ دابوون. هەڵسەنگاندنەکانی بۆ کەلتووری کۆمۆناڵی زاڵ لە گوندەکانی ڕووسیا، کە پێش شۆڕشی سۆڤێت لە ڕێگەی شۆڕشگێڕانی ڕووسیاوە پێی گەیشتبوو، هێشتاش جێی باس و ئاماژەپێدانن.

کۆمۆن نابێت بە تەنیا وەک ڕێکخستنێکی سنوورداری ئابووریی لێی بڕوانرێت. کۆمۆن بریتییە لە تۆڕێکی ڕێکخستنی ئابووریی، سیاسیی و کەلتووریی و لە ڕێی دەسپێشخەرییە ناوخۆییەکانەوە پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکات. ئەمە تۆڕێکی ڕێکخستنی فراوانە و لە میکانیزمەکانی بەرهەمهێنان و دابینکردنەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ئەنجومەنەکانی گەل، ئەمانە بە ئیرادە و بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک کار دەکەن.

بێگومان دەبێت کۆمۆنەکان بە جۆرێک بنیاد بنرێن، کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی سەردەم بن. نابێت دیدگای ڕێکخستن لە سەر بنەمای کۆمۆن بۆ قاڵبی تەسک و تاکڕەهەند کورت بکرێتەوە. ئەوەی بنەڕەتییە، بوونی کۆمەڵە (کۆلەکتیڤ)ـی بەشدارییکەر و هاوکارە کە پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان بە پێودانگی یەکسانیی-ئازادیی دابین دەکەن، هەروەها بوونی ئەو پێکهاتە سیاسییانەیە وا هاوبەشیی نێوان ئەم کۆمەڵانە دەستەبەر دەکەن، وەک پەیوەندیی نێوان کۆمۆن-کۆنفیدراڵیزم/یەکێتیی کۆمۆنەکان.

لە ئەنجامدا، پێویستە بە جیا و بە درێژیی ڕاوەستە لە سەر هەموو ڕەهەندەکانی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیی، بکەین. ئێمە لێرەدا بە تێبینییەکی زۆر کورت لەمەڕ بنەمای فەلسەفیی و دیدگاکانی ڕێکخستنەکەی، هەوڵمان دا بیخەینە ڕوو.

ئەوەی ئێمە پێشکەشمان کردووە، کورتەیەکە و تەنیا هێڵە گشتییەکانێتی. ئاگاداری ئەو ڕاستییەین کە دەکرێت لەم کورتەیەدا پرسیاری نوێ بێنە ئارا. هەرچەندە پرسیارەکان زیاتر بن، وەڵامەکان بەهێزتر و قووڵتر دەبن. ئەوەی زیان بە فکری سۆسیالیستیی دەگەیەنێت، پرسیارەکان نین، بەڵکوو بێدەنگییە. چونکە پرسیار نیشانەی لێگەڕینە و سۆسیالیزم لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە پرسیارە.

[1] زەکی بایهان لە ساڵی ١٩٧٦ لەدایک بووە. خەڵکی جۆلەمێرگی باکووری کوردستانە، دەرچووی بەشی ئابوورییە و لە ساڵی ١٩٩٨ بە هۆکاری سیاسیی دەستگیر کرا. ماوەی ٢٨ ساڵە لە زینداندایە. لە ١٨ـی نیسانی ٢٠٢٥ بۆ زیندانی ئیمڕاڵیی گوازرایەوە تا وەک سکرتێری ڕێبەری کورد عەبدوڵا ئۆجالان کار بکات. لە ١٢ـی ئەیلوول بەهۆی تێکچوونی تەندرووستییەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ژمارە ٢ـی جۆری F لە ئیزمیر. دوایین جار لە ٣٠ نیسانی ٢٠٢٦ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئیمڕاڵیی تا هەمان بەرپرسیارێتیی بەجێ بگەیەنێت. چەندین وتار و پەڕتووکی سەبارەت بە سۆسیالیزمی دیموکراتیی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردووەتەوە.

تێبینیئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥٢، [بەهار٢٠٢٥بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”

بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە 

دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت

بابەتەکانی نووسەر
زەکی بایهان
سەرچاوە
democraticmodernity
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.