دەربارەی دیاردەی ئیشی پڕوپووچ
پێویستە مۆدێلی کارکردن لە سیستەمی سەرمایەداریدا گۆڕانکاری بنەڕەتی تێدا بکرێت، چونکە ئەم مۆدێلە تەنها بۆ کۆیلەکردنی مرۆڤ و لەناوبردنی ڕوحی جڤاکییە.

دەیڤید گرەیبەر
لە ڕووسییەوە: عەلی ئەحمەد
دەربارەی دیاردەی ئیشی پڕوپووچ
لە ساڵی ١٩٣٠ جۆن ماینارد کینز پێشبینی ئەوەی کرد، تا کۆتایی سەدە ئاستی تەکنەلۆژیا ئەوەندە پێش دەکەوێت؛ کە هەفتەی کارکردن لە وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەمریکا بۆ ١٥ کاتژمێر کەم بکرێتەوە. هیچ گومانی تێدا نییە ئەو ڕاست بوو. لە ڕووی تەکنۆلۆژییەوە ئێمە بە تەواوەتیی توانای ئەمەمان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بەدی نەهات. بە پێچەوانەوە، تەکنۆلۆژیا بەکار هێنراوە تا ناچارمان بکەن زیاتر کار بکەین. بۆ گەیشتن بەمەش، پێویست بوو ئەو پیشانە دابهێنرێن وا لە بنەڕەتەوە بێکەڵک (بێمانا)ـن. خەڵکێکی زۆر، بە تایبەت لە ئەورووپا و باکوری ئەمریکا، هەموو کاتەکانی کارکردنیان بە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە بەفیڕۆ دەدەن کە پێیان وایە پێویست نین. ئەو زیانە ئەخلاقیی و مەعنەویی (ڕۆحیی)ـەی لەم حاڵەتەوە دەکەوێتەوە، قووڵە. ئەمە زامێکە لە سەر ڕۆحی جڤاکەکەمان. بەڵام لەگەڵ ئەوەش هیچ کەسێک باسی ناکات.
بۆچی یۆتۆپیا بەڵێندراوەکەی کینز، کە لە ساڵانی شەستەکاندا بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکرا، قەت بەدی نەهات؟ وەڵامە ستانداردییەکەی ئەمڕۆ ئەوەیە کینز نەیتوانی پێشبینی پەرەسەندنە بەرفراوانەکەی بەکاربەرگەرایی (بەرخۆریی) بکات. گەر لە نێوان کەمترین کاتی کارکردن و زۆرترین ڕابواردن و چێژوەرگرتندا یەکێکیان هەڵبژێرین، ئەوا هەموومان دووەم هەڵدەبژێرین. ئەمە وانەیەکی ئاکاریی باڵکێشە، لێ ئەگەر تەنێ بۆ ساتێک بفکرین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمە لە کرداردا مومکین نییە. بەڵێ، لە ساڵانی ١٩٢٠ـەوە ئێمە شاهیدی هێنانەکایەی ژمارەیەکی ناکۆتای ئیشی جۆراوجۆر و پیشەسازیی نوێین، لێ تەنێ کەمێک لەوانە پەیوەندییان بە بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوەی سووشی، ئایفۆن یان پێڵاوی ڕەنگاوڕەنگی ورزشییەوە هەیە.
کەواتە ئەم کارە نوێیانە کامانەن؟ ڕاپۆرتێکی ئەم دواییە کە گۆڕانکاریی لە بنیادی دامەزراندن لە ئەمریکا لە نێوان ساڵانی ١٩١٠ و ٢٠٠٠ دەخاتە ڕوو، وێنەیەکی زۆر ڕوونمان نیشان دەدات (جەخت دەکەمەوە، دۆخەکە لە بەریتانیاش هاوشێوەیە). لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، ژمارەی ئەو کرێکارانەی وەک خزمەتکاری ماڵەوە و لە پیشەسازیی و کەرتی کشتوکاڵدا کاریان کردووە، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لە هەمان کاتدا ژمارەی «پسپۆڕان، بەڕێوەبەران، کرێکارانی بواری فرۆشتن و خزمەتگوزاریی» سێ هێندە زیادی کردووە. بە واتایەکی دیکە، کارە بەرهەمدارەکان، هەروەک پێشبینیی دەکرا، تا ڕادەیەکی زۆر بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکیی کەم بوونەوە (تەنانەت گەر کرێکارانی پیشەسازییش لە سەرانسەری جیھاندا هەژمار بکەین، لەوانەش خەڵکی زەحمەتکێش لە هیندستان و چین، هێشتا ڕێژەکەیان لە دانیشتووانی جیهاندا زۆر دوورە لەوەی پێشتر هەبووە).
لێ لەبری ئەوەی کاتژمێری کارکردن کەم بکرێتەوە و خەڵک بە ئازادیی مژووڵی پڕۆژەکانی خۆیان بن، چێژ لە ژیان وەربگرن، خەیاڵ و بیرۆکەکانیان بەدی بێهێنن، ئێمە ئاوسانێک نەک لە کەرتی «خزمەتگوزاریی»ـدا، بەڵکوو لە کەرتی کارگێڕییدا دەبینین، وەک درووستکردنی بواری خزمەتگوزارییە داراییەکان و بازاڕگەریی تەلەفۆن، هەروەها فراوانبوونی بێوێنەی کەرتی یاسای کۆمپانیاکان، کارگێڕیی ئەکادیمیا و تەندرووستیی، سامانی مرۆیی و پەیوەندییە گشتییەکان. هێشتا ئەم ژمارانەش ڕەنگدانەوەی ئەو هەموو خەڵکە نییە وا کارەکەیان بریتییە لە مسۆگەرکردنی ئاسایش و پاڵپشتیی کارگێڕیی و تەکنیکیی بۆ ئەم پیشەیانە، یان ئەو کەسانەی کار و پیشەیان یارمەتیدانە (وەک شۆردنی سەگ، گەیاندنی پیتزا بە شەوان)، ئەمانەش تەنێ لەبەر ئەوە هەن کە هەموو ئەوانی تر بە ئەنجامدانی ئەم کارە کاتی زۆری خۆیان بەهەدەر دەچێت.
ئەمە فیتاوفیت ئەوەیە وا من بە ئیشی پڕوپووچ ناوی دەبەم.
وەک ئەوە وایە کەسێک بە ئەنقەست ئەم هەموو ئیشە پڕوپووچانە درووست بکات تەنێ بۆ ئەوەی هەموومان سەرقاڵ بین. نهێنییەکەش ڕێک لێرەدایە. هەر ئەمەشە کە نابێت لە سەرمایەدارییدا ڕوو بدات. بێگومان لە وڵاتە سۆسیالیستییە کۆن و بێکاریگەرەکاندا، وەک یەکێتیی سۆڤێت، کە تێیدا دامەزراندن هەم وەک ماف و هەم وەک ئەرکێکی پیرۆز دادەنرا، سیستەمەکە سەرومڕ ئەوەندە هەلی کاری دەڕەخساند، کە پێویست بوو (هەر بۆیە لە مارکێتەکانی سۆڤێتدا بۆ فرۆشتنی پارچەیەک گۆشت سێ فرۆشیار پێویست بوو). بێگومان ئەمانە ڕێک ئەو کێشانەن وا گەرەکە لە کێبڕکێی بازاڕدا چارەسەر بکرێن. لانی کەم بەپێی تیۆری ئابووریی، دوا شت کە کۆمپانیایەک دەیکات و بەدوای قازانجدا دەگەڕێت، بریتییە لە پێدانی پارە بەو کرێکارانەی وا پێویستیان پێی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێک ئەمە ڕوو دەدات.
کاتێک کۆمپانیا و دەزگاکان بێبەزییانە کرێی کارگەران کەم دەکەنەوە، ئەو کەسانە ئازار دەچێژن وا بە کردەنیی شتەکان دەکەن، دەجووڵێنن، چاک دەکەنەوە یان دەپارێزن. بە ڕێگەی هەندێک دەستکاریی (ئەلکیمی) تایبەتەوە کە هیچ کەسێک ناتوانێت ڕوونی بکاتەوە، ژمارەی کارمەندانی فەرمانگەکان تا بێت زیاد دەکات. زیاتر و زیاتری کارمەندەکانیش (هەر وەک لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤێتدا) درک بەوە دەکەن لە هەفتەیەکدا ٤٠ یان ٥٠ کاتژمێر کار دەکەن، لێ تەنێ ١٥ کاتژمێر بە کردەنیی مژووڵن، وەک چۆن کینز پێشبینیی کردبوو. ئەو کاتەشی دەمێنێتەوە، بە ڕێکخستن یان بەشداریی لە سیمینارەکانی گەشەپێدان، نوێکردنەوەی پەڕەی فەیسبووک یان تۆمارکردنی زنجیرەی فیلمەوە بەسەر دەبەن.
“چینی دەسەڵاتدار دەمێکە بۆیان دەرکەوتووە – کاتێک جڤاکێکی بەختەوەر و بەرهەمدار کاتی زۆری بەتاڵیان هەبێت، بە شێوەیەکی کوشندە مەترسیدارن.”
پرسەکە بە ڕوونیی ئابووریی نییە، بەڵکوو ئەخلاقیی و سیاسییە. چینی دەسەڵاتدار دەمێکە بۆیان دەرکەوتووە – کاتێک دانیشتووانێکی بەختەوەر و بەرهەمدار کاتی زۆری بەتاڵیان هەبێت، بە شێوەیەکی کوشندە مەترسیدارن (بیر لەوە بکەرەوە کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا چی ڕووی دا، کاتێک لەم حاڵەتە نزیک بووینەوە). لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو هەستەی کە کار لە خۆیدا بەهای ئەخلاقیی هەیە و هەرکەسێک ئامادە نەبێت بەشێکی زۆری کاتە چالاکەکەی بخاتە ژێر دیسیپلینێکی توندی کارکردنەوە، شایەنی هیچ نییە لە ژیاندا، تا ئەوپەڕی بۆ وان هەستێکی ئاسوودەبەخش و گونجاوە.
جارێکیان بیرم لە گەشەسەندنی بێکۆتایی پۆستە ئیدارییەکان لە دامەزراوە ئەکادیمییەکانی بەریتانیادا دەکردەوە، ئەوە بە بیرمدا هات کە ڕەنگە دۆزەخ بەم شێوەیە بێت. دۆزەخ کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەسە، کاتێکی زۆر بۆ ئەنجامدانی کارێک بە سەر دەبەن کە حەزیان لێی نییە و تێیدا سەرکەوتووش نین. با بێژین ئەوان وەک وەستای کارامەی کەلوپەلی ناوماڵ بەکرێ گیراون، لێ ئەوان درک بەوە دەکەن کە دەبێ زۆربەی کاتەکەیان بە سوورکردنەوەی ماسییەوە بە سەر ببەن. جگە لەوەش، ئەم ئەرکانە، لە ڕاستییدا، تەنانەت پێویستیان بە ئەنجامدانیش نییە – چونکە بڕێکی دیاریکراوی ماسی بەسە ببرژێنرێت. سەرباری ئەوەش، هەموویان بە هەر هۆکارێک دەست دەکەنە بۆڵەبۆڵ و ناڕەزایەتیی ئەگەر یەکێک لە هاوکارەکانیان کاتی زیاتری بۆ درووستکردنی کەلوپەلی ناوماڵ هەبێت و ئەرکی دادپەروەرانەی خۆی لە سوورکردنەوەی ماسیدا جێبەجێ نەکات، لە ئەنجامیشدا ژمارەیەکی زۆری ماسی بێکەڵک و خراپ ئامادەکراو کەڵەکە دەبێت، ئەمەش تاکە شتە هەموویان سەرقاڵ دەکات.
پێم وایە ئەمە وەسفی ئابوورییەکەمانە کاتێ دەبینین لە ڕووی ئەخلاقییەوە بەرەو کوێ ملی پێوە دەنێت.
من باش تێ دەگەم هەر ئەرگومێنتێکی لەم جۆرە یەکسەر دەنگی ناڕەزایەتیی بەرز دەکاتەوە: «تۆ کێیت تا بتوانیت بڕیار بدەیت چ کارێك “پێویستە”؟ هەر لە بنەوەڕا “پێویست” چ واتایەکی هەیە؟ تۆ پڕۆفیسۆری ئەنترۆپۆلۆژیایت، چ سوودێكت هەیە؟» (بێگومان زۆرێک لە خوێنەرانی ڕۆژنامەکان هەر خودی هەبوونی پیشەکەم وەک نموونەیەکی کامڵ بۆ خەرجییە کۆمەڵاتییە بێکەڵکەکان پێناسە دەکەن). لە لایەکی دیکەوە، ئەم قسانە بە تەواویی ڕاستن. ناتوانین هیچ پێوەدانگێکی بابەتیی بۆ بەهای کۆمەڵایەتیی دیاریی بکەین.
من ڕێ بە خۆم نادەم بە کەسێک بێژم بە کارەکەی شتێکی واتادار بۆ جیهان دەکات، کەچی ڕاستییەکەی وا نەبێت. ئەی چی لە سەر ئەو خەڵکە بێژین وا خۆیان باوەڕیان وایە کارەکەیان بێواتایە. پێش ماوەیەکی کەم چاوم بە هاوڕێیەکی قوتابخانەم کەوت، کە لە تەمەنی ١٢ ساڵییمەوە نەمبینیبوو. سەرم سووڕما کاتێک زانیم لەم ماوەیەدا ئەو سەرەتا بووەتە شاعیر، ئینجا سەرۆکی گرووپێکی میوزیکی ڕۆک. هەندێک لە گۆرانییەکانیم لە ڕادیۆ بیستبوو، بەڵام پێم وا نەبوو ئەو گۆرانیبێژە لە نزیکەوە دەناسم. ئەو کەسێکی بەهرەمەند و ڕەسەن بوو، بێگومان کارەکەی ژیانی خەڵکێکی زۆر لە سەرانسەر جیهاندا باشتر و گەشاوەتر دەکرد. لێ دوای ئەوەی لە دوو ئەلبوومدا شکستی خوارد، گرێبەستەکەی لەدەست دا، ئیدی لە قەرز و گرنگیدان بە کچە تازە لەدایکبووەکەی نووقم دەبێت و لە کۆتاییشدا خۆی گوتەنیی: «ڕێگەی مرۆڤە بێئامانجەکانی هەڵبژارد: کولێژی یاسا». ئێستا پارێزەرێکە لە کۆمپانیایەکی بەناوبانگی نیۆرکدا. یەکەم کەس بوو دانی بەوەدا نا کارەکەی بە ڕەهایی بێواتایە و هیچ سوودێک بە دنیا نابەخشێت، بە گوتەی خۆیشی هەر پێویست ناکات بوونی هەبێت.
لێرەدا دەکرێ زۆر پرسیار سەر هەڵبدەن. بۆ نموونە، بۆچی کۆمەڵگەکەمان خواستێکی زۆر کەمی بۆ میوزیکژەن و شاعیرە بەهرەدارەکان هەیە، کەچی خواست و پێویستیی بێکۆتایی بۆ پسپۆڕانی یاسای کۆمپانیاکان نیشان دەدات. (وەڵام: ئەگەر لە سەتا یەکی دانیشتووانی زەوی کۆنترۆڵی بەشی زۆری سامانی بەردەست بکات، ئەوا ئەوەی ئێمە بە “بازاڕ” ناوی دەبەین، ڕەنگدانەوەی ئەوانە، نەک کەسێکی تر، کە چ شتێک بەسوود و گرنگە). لێ جگە لەوەش، ئەمە نیشانی دەدات کە زۆربەی ئەو خەڵکانەی ئەم کارە بێکەڵکانە ئەنجام دەدەن، خۆیان ئاگایان لەمەیە. ڕاستییەکەی من دڵنیام هەرگیز چاوم بە پارێزەرێکی کۆمپانیا نەکەوتووە کە کارەکەی خۆی بە پڕوپووچ و بێکەڵک نەبینێت. جا ئەمە هەمان شتە بۆ هەموو ئەو پیشەسازییە نوێیانەی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کرا.
چینێکی تەواو پیشەگەر بە مووچەی باشەوە هەیە، ئەگەر لە ئاهەنگێکدا چاوت پێیان بکەوێت و باسی ئەوەیان بۆ بکەیت کە خۆت مژووڵی شتێکی سەرنجڕاکێشیت (بۆ نموونە، ئەنترۆپۆلۆژیا)، ئەوا تەنانەت بە شێوەیەکی گشتییش مەیلی ئەوەیان نییە لەگەڵ تۆدا باسی کارەکانیان بکەن. شتێکیان لەگەڵ بخۆرەوە، دەست دەکەن بە بۆڵەبۆڵ و دەربڕینی قسەی توند کە بە ڕاستیی کارەکەیان چەندە بێمانا و گەوجانەیە.
لێرەدا توندوتیژییەکی قووڵی دەروونیی ڕەگی داکوتاوە. کەواتە چۆن دەتوانیت شانازیی بە کارەکەی خۆتەوە بکەیت، ئەگەر لە قووڵایی دەروونتدا هەست بکەیت کە کارەکەت پێویست ناکات هەبێت؟ ئایا ئەمە هەستێکی تووڕەیی و دڵشکانی قووڵ درووست ناکات؟ بەڵام کۆمەڵگەکەمان بە شێوازی خۆی داهێنەرێکی سەیروسەمەرەیە: ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن، ڕێگەیەکیان هێناوەتە ئاراوە تا تووڕەییەکەمان بە وردیی ئاڕاستەی ئەو کەسانە بکەن وا توانیویانە پیشەیەکی واتادار بۆ خۆیان بدۆزنەوە – وەک نموونەی سوورکردنەوەی ماسی. وەک بڵێیت لە کۆمەڵگەکەماندا ڕێسایەکی گشتیی هەبێت، کاری مرۆڤێک تا زیاتر سوودی ئاشکرا بۆ کەسانی دیکە بهێنێت، لە بەرانبەردا کەمتر پارەی پێ دەدرێت. دیسانەوەش، قورسە پێوەرێکی بابەتیی بدۆزرێتەوە، لێ یەکێک لە ڕێگە ئاسانەکان بۆ هەستکردن بەمە هەیە، ئەویش ئەم پرسیارەیە: چی ڕوو دەدات ئەگەر سەرپاکی ئەم چینە بە سادەیی نەمێنن؟ دەتوانیت چیت پێ خۆشە لەبارەی پەرەستار، زبڵڕێژ یان میکانیککارانەوە بێژی، لێ ئاشکرایە، ئەگەر ئەوان لە نێو هەوری دووکەڵێکدا نەمێنن، دەرئەنجامەکانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کارەساتبار دەبن. جیهان بەبێ مامۆستایان یان کرێکارانی لەنگەرگە هەرزوو تووشی چەرمەسەریی و مەینەتیی دەبێتەوە، تەنانەت بەبێ نووسەرانی خەیاڵی زانستیی یان میوزیکژەنانی سکا[1] تا ڕادەیەکی زۆر هەژارتر و ناخۆشتر دەبێت. بە تەواویی ڕوون نییە کە مرۆڤایەتیی تا چەندە زەرەرمەند دەبێت ئەگەر بەڕێوەبەرانی کاری کۆمپانیا تایبەتەکان، لۆبیستەکان، توێژەرانی پەیوەندییە گشتییەکان، پسپۆڕانی کۆمپانیاکانی بیمە، بریکارانی فرۆشتنی تەلەفۆن، جێبەجێکاران یان ڕاوێژکارانی یاسایی بە هەمان شێوە نەمێنن. (زۆر کەس پێیان وایە ڕەنگە جیهان لەم حاڵەتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بێت). بەڵام جگە لەسەر توێژێکی ڕیزپەڕ (پزیشکان)، ڕێساکە بە شێوەیەکی باش و باڵکێش کاریگەریی دادەنیت.
تەنانەت لەوەش لادەرتر، لەوە دەچێت هەستێکی بەربڵاو هەبێت کە پێویستە شتەکان بەو شێوەیە بن. ئا لێرەدا یەکێک لە نهێنییەکانی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو خۆی مەڵاس داوە. بۆ نموونە، سەرنج بدەن چۆن ڕۆژنامەکان تووڕەیی خۆیان بە سەر کرێکارانی ناڕازیی بۆڕی ژێرزەمینی لەندەن لە کاتی مانگرتنیاندا بەهۆی مەرجەکانی گرێبەستەکانیانەوە، دەڕێژن: هەر ئەو ڕاستییەی کە کرێکارانی ژێرزەمین توانیان لەندەن ئیفلیج بکەن، نیشانی دەدات کارەکەی وان بە ڕاستیی پێویستە، لێ وا دەردەکەوێت هەر ئەمەش خەڵک تووڕە بکات. ئەم دۆخە لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕوونتر بووەوە – کاتێک مامۆستایانی قوتابخانە و کرێکارانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل داوای کرێ و یارمەتیی زیاتریان دەکرد، کۆمارییەکان سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەست هێنا لە کۆکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی و ڕق لە دژیان (نەک لە دژی کارگێڕانی قوتابخانەکان و بەڕێوەبەرانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل کە ڕاستییەکەی هۆکاری کێشەکانن). ئەمە وەک ئەوەیە بێژین: «بەڵام ئێوە زارۆکان فێر دەکەن! یان ئۆتۆمبێل چێ دەکەن! ئیشێکی ڕاستەقینەتان هەیە! لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە ئەوەندە دەوڵەمەند و بوێرن کە وەک چینی ناوەند داوای هەمان ئاستی خانەنشینیی و چاودێریی تەندرووستیی بکەن؟».
ئەگەر کەسێک ڕژێمێکی کارکردنی داڕشتبایە سەرومڕ گونجاو بێت بۆ پاڵپشتیی هێزی سەرمایەی دارایی، سەختە وێنای ئەوە بکەین کە دەکرا ئەمە باشتر ئەنجام بدرایە. لە ڕاستییدا ئەو کرێکارانەی سەرقاڵی ئیشی بەرهەمهێنانێکی ڕاستەقینەن، بەردەوام لە ژێر فشار و و چەوساندنەوە و قۆستنەوەدان. باقی کرێکان بە سەر توێژێکی بێکاری تیرۆریستکراو و سەرکۆنەکراو و توێژێکی گەورەتر دابەش کراون – ئەمەی دووەم لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە پارەیان پێ دەدرێت کە هیچ ناکەن، واتە بۆ ئەوە درووست کراون هاوسۆز و هاوکاریی چینی دەسەڵات (بەڕێوەبەران، کارگێڕان و هتد) و بە تایبەت نوێنەرانی کەرتی دارایی بن – هاوکاتیش ڕق و تووڕەیی بە سەر ئەو کەسانەدا دەبارێنن وا کارەکەیان بەهایەکی کۆمەڵایەتیی ڕوون و ئاشکرایان هەیە. بێگومان ئەم سیستەمە ئاگاییانە نەڕسکێنراوە. لە ئەنجامی تاقیکاریی و هەڵەی سەدەیەکەوە سەری هەڵداوە. لێ ئەوە تاکە ڕوونکردنەوەیە بۆ ئەوەی کە بۆچی سەرەڕای توانای تەکنۆلۆژییمان، هێشتا هەموومان ٣-٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کار ناکەین!
[1] شێوازێکی مۆسیقایە و لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لە جامایکا سەری هەڵدا.
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥٠، [ھاوینی–٢٠٢٥] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە



