گۆشەی ئازد

دوو دوورگە، دوو پارادایم؛ وەڵامێک بۆ ئەبوبەکر کاروانی

زاگرۆس هیوا جیاوازییەکانی نێوان پارادایمی ئیمرالی و سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە شیدەکاتەوە

“دوو دوورگە، دوو پارادایم”

گفتوگۆیەک لەگەڵ کاک ئەبوبەکر کاروانی

زاگرۆس هیوا

بەشی  یەکەم

مامۆستای هێژا، پاش بڵاوبوونەوەی بابەتێکم بەناونیشانی “لێدان لە برایەتی گەلان، لێدانە لە ڕۆژئاوا” بەرێزتان لە وڵامی ئەو بابەتەدا زنجیرە وتارێکتان نووسی و تیایدا رەخنە و بۆچوونەکانی خۆتان سەبارەت بە چەمکی برایەتی گەلان، نەتەوەی دیمۆکراتی، بیر و بۆچوونەکانی رێبەر ئۆجالان و هتد هێنایە سەر زمان. هەوڵدانی ئێوە بۆ وردبوونەوە لەو چەمکانە و خستنەرووی سەرنج و تێبینییەکانتان و هاوبەشی کردنیان لە گەڵ رای گشتی جێگای رێزە. زۆرم پێم خۆش بوو لە ناو سروشتە جوانەکەی قەندیلدا ببن بە میوانی گەریلا و لە لای یارانی ئەشکەوت بە دەم خواردنەوەی چەند چایەکی تام بە دووکەڵی سەر ئاگر، گفتوگۆمان لە سەر هەموو ئەو بابەتانە کردبایە کە جێگای سەرنجی ئێوەن. یان لە سلێمانی ببم بە مێوانی ئێوە و لەبەر دەرکی سەرا، یان لە سەهۆڵەکە، یان لە مزگەوتی گەورە و یان لە چایخانەی شەعب باسی اخوە الشعوب و بابەتی هاوشێوەمان کردبایە. بەڵام بە داخەوە دۆخی ئەمنی و هەلومەرجی تێکۆشانی ئازادیخوازی ئێستا دەرفەتی ئەوەمان پێنادات. هەربۆیە ناچار منیش هەرلەم رێگایەوە هەوڵ دەدەم سەرنج و بۆچوونەکانم بخەمە روو. هەڵبەت هەوڵدەدەم بابەتە تەنیا بە وەڵامدانەوەی ئێوە سنووردار نەکەم؛ لە هەمانکاتدا، وەڵامێکی گشتی بدەمەوە بۆ کۆی هەموو ئەو رەخنە، تانە و تەشەر و هێرشی نارەوایە کە بە شێوەیەکی رێکخراو و پلان بۆ داریژراو دەکرێتە سەر رێبەر ئۆجالان و هەموو ئەو ئەزموونانەی کە مۆرکی فەلسەفەی رێبەر ئۆجالانی پێوەیە. لە بەشی داهاتووی ئەم وتارەدا هەوڵدەدەم زیاتر تیشک بخەمە سەر  تێروانین و سەرنجەکانی ئێوە.

بێگومان رەخنەگرتن و ئاڵۆگۆری بیر و را پێشکەوتن و گۆرانکاری لەگەڵ خۆی دەهێنێت. تەنیا بە رەخنەگرتنە کە مرۆڤ دەتوانێت کەموکورتییەکان تێپەرینێت و لە داهاتوودا کاری باشتر بکات. هیچ مرۆڤێک و هیج‌ تەڤگەرێکی سیاسی لە رخنە بەری نییە، بەتایبەت ئەگەر تەڤگەری ئاپۆیی بێت کە ٥٣ ساڵە ئەرکێکی مەزنی خستۆتە سەرشانی خۆی و بە بێ وچان خەبات و تێکۆشان دەکات. بێگومان لەم خەبات و تێکۆشانەدا زۆر جار کەموکورتی دێنە ئاراوە.  کەسێک کە هیج کارێک نەکات، رەخنەشی لێی ناگیردرێت.

ئەو گۆرانکارییانەی کە لە ناو پەکەکەدا هاتوونەتە ئاراوە، هەموو لە سەر بنەمای رەخنەگرتن لە ستراتیژ، سیاسەت، تاکتیک و کار و کردەوەی رابردوو بووە. رێبەر ئۆجالان و پەکەکە بە پشتبەستن بە ئەم رەخنانە بەردەوام خۆیان نوێ دەکەنەوە. رێبەر ئۆجالان بە رەخنەگرتن دەستیپێکرد و بە رەخنەگرتن تا رۆژئ ئەمرۆ ئەم تەڤگەرەی هێناوە. رەخنە و خۆرەخنەیی کۆڵەکەی سەرەکی تەڤگەری ئاپۆیین. ئەم تەڤگەرە بەرلەوەی رەخنە لە دەرەوە بگرێت، رەخنە لە خۆی دەگرێت. چۆنکە دەیەوێت گۆرانکاری لە خۆیەوە دەستپێبکات و پاشان دەوروبەر ناچاری گۆرانکاری بکات. لە رەخنەگرتن دا تەنانەت بەزەیی بۆ خۆیشیدا نایەتەوە، جا چ بگاتە رەخنە لە لایەنی دەرەکی. چ رەخنەلەخۆگرتنێک لەوە گەورەترە کە خۆت هەڵبوەشێنێتەوە؟! دونیای پیلان ئەوە نزیکەی ٥٠ ساڵە هەموو هێزیان کۆ کردۆتەوە کە کۆتایی بە پەکەکە بهێنن، گەلەکۆمە نەما لێی نەکەن، هەموو جۆرە  هێرشێکی نارەوایان کردە سەری، چ سەربازی، چ ئایدیۆلۆژی و چ سیاسی، کە  هەڵیبوەشێننەوە. بەڵام نەیانتوانی. پەکەکە هەر پتەوتر دەبوو. بەڵام هێزی خۆ رەخنەکردن لە رێبەر ئۆجالان و پەکەکەدا ئەوەندە بەهێز بوو کە خۆی خۆی هەڵوەشاندەوە و گۆرانکاری هێنایە ئاراوە. ئەم خۆهەڵودشاندنەوە لە پێناو سەرلەنوێ بونیادنانەوەیە. واتە تەڤگەری ئاپۆیی بە شێوەیەکی بونیادنەرانە رەخنە لە خۆی و لە دەوروبەریشی دەگرێت.

لەناو کورددا، زۆر کەس رەخنە لە بیر و بۆچوونەکان و ئەزموونەکانی رێبەر ئۆجالان و ئەزموونی جێبەجێکردنیان لە هەر چواربەشی کوردستان دەگرن. بەر لەوەی باسی راستی یان دروستی ئەم رەخنانە بکەین، پێویستە بڵێین کە ئەم رەخنانە لە شێواز  میتۆدۆلۆژیادا کێشەیان هەیە. رەخنە ئەگەر میتۆدەکەی راست بێت، ئەم رەخنە چەندەش توند و تیژ بێت، هەر بەرهەمدارە. رەخنە ئەگەر میتۆدەکەی راست نەبێت، چەندە نەرمیش بێت، ئەنجامی خوازراو و چارسەری لێناکەوێتەوە. ئەمە بۆ هەموو جۆرە رەخنەیەک وایە، بۆ رەخنە لە رێبەر ئۆجالانیش وایە. ئەگەر کەسێک رێبەر ئۆجالان وەک خۆی نەناسێت و لێی تێنەگات، ئەگەر بێت و رەخنەی لێی بگرێت یان تەنانەت پەسنیشی بدات، ئارمانجی خۆی ناپێکێت. گوتنێکی فەلسەفی هەیە کە دەڵێیت تێگەیشتن بنەمای دادپەروەرییە. هەربۆیە بۆ ئەوەی کە بتوانین رەخنەی دادپەروەرانە لە کەسێک بگرین پێویستە سەرەتا هەوڵ بدەین لێی تێبگەین.

ئێمەی کورد، ئێمەی مرۆڤ، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەمەلایەنانەی کە هێزی دەسەڵاتدار لەسەرمان پەیرەوی دەکەن، فێرکراوین بە شێوەیەکی دیاریکراو ببینین، بە شێوەیەکی دیاریکراو ببیسین، و بە شێوەیەکی دیاریکراویش بیربکەینەوە. واتە، بێ ئەوەی ئاگامان لێی بێت مەنزوومەیەکی مەعریفیمان (epistemology) بۆ دروست کراوە. کاتێک کە کێشەیەک دەبینین هەوڵ دەدەین لەچوارچێوەی ئەو مەنزوومە مەعریفییەدا لە وڵامەکەی بگەرێین. بەڵام ئاگامان لەوە نییە کە کێشەکە خودی مەنزوومە مەعریفیەکەی خۆمانە. پێویستە جۆرێک دی بیر بکەینەوە، ببینین، یان ببیستین بۆ ئەوەی کە کێشەکە چارەسەر بکەین. وەک سۆهراب سپهری دەڵێیت: “چشمها را باید شست، جور دیگر باید دید”.

رێبەر ئۆجالان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مرۆڤایەتی، کێشەی کورد، کێشەی ژن، کێشەی ژینگە و هتد سەرەتا بەگژ مەنزوومەی مەعریفی باوی دونیادا دەچێتەوە، ئەو مەنزوومە مەعریفییەی کە زۆر کەس ئیمانی پێ هێناوە و پێی وایە راستە. رێبە ئۆجالان بۆ دیتنەوەی چارەسەریش بە دوای مەنزوومەیەکی مەعریفی جیاوازدا دەگەرێت. بۆ نموونە لە ناو مەنزوومەی مەعریفی پۆزیتیڤیزمدا (فلسفە الوضعیە) کە ئایدیۆلۆژیای نیولیبرالیزم و سیستەمی سەرمایەداری لێکەوتۆتەوە کەس ناتوانێت کێشەی ژینگە چارەسەر بکات. هەزاران کۆربەند و کۆنفرانس و کۆنگرە دروست بکە، بە هەزاران پرۆفیسۆر بانگهێشت بکە و بە هەزاران بریار وەربگرە، تا ئەو کاتەی کە لیبرالیزم و سەرمایەداری بە سەر دونیادا زاڵ بێت، کێشەی ژینگە چارەسەر ناکرێت و هەر خراپتر دەبێت. هۆکارەکەی چییە؟ هۆکار ئەوەیە کە لە مەنزوومەی مەعریفی پۆزیتیڤیزمدایە. لەم مەنزوومە مەعریفییەدا، مرۆڤ بەشێک نییە لە ژینگە، مرۆڤ خاوەنی ژینگەیە و مافی هەموو جۆرە دەستێوەردان و تەسەروفێکی لە سەر ژینگە هەیە.

ئێستا لە سایەی ئەو هەموو زانکۆانەی کە دامەزرێنراون دونیا پر بووە لە دوکتۆر و پرۆفیسۆر، بەڵام کێشەکان هەر زیاد دەکەن. بۆ؟! چۆنکە ئەو هەموو دوکتۆر و پرۆفیسۆرە بە گوێرەی مەنزوومەیە مەعریفییەکی دیاریکراو پەروەردە کراون و لە کار و ژیانی خۆیاندا ئەم مەنزوومە مەعریفییە بەرهەم دەهێننەوە.  تا ئەو کاتەی منداڵێک دەرنەکەوێت و راستییەکان نەڵێت، نەڵێت  “پاشا رووتە”، کێشەکان ناکەونە سەر رێگای چارەسەری. رێبەر ئۆجالان وەک کەسێک کە خیانەتی لە خەونی منداڵی خۆی نەکردووە، ئەو بوێریەی نیشانداوە کە راستییەکە بڵێت:  “پاشا رووتە”. هەربۆیە هەموو پاشاکانی جیهان گەلەکۆمەیان لێکرد و خستیانە زیندانەوە. رێبەر ئۆجالان پێش زیندان و لە زیندانیشدا هەوڵی داوە کە مەنزوومەیەکی مەعریفی جیاواز بۆ مرۆڤایەتی، بۆ کورد، بۆ ژن بەرهەم بهێنێت. بۆ ئەمە کارە لە هەموو زانستی مرۆڤایەتی، لە ئەستێرەناسی و میتۆلۆژیاوە بگرە هەتا فیزیای کوانتۆم کەڵکی وەرگرتووە و ئەمە تا رادەیەکی زۆر گەیشتۆتە ئەنجام.

ئەگەر دەڵێین میتۆدۆلۆژیا رەخنەگرتن لە رێبەر ئۆجالان هەڵەی تێدا هەیە، مەبەست کپ کردنی دەنگی رەخنە نییە، بەڵکۆ هەوڵدانێکە بۆ ئەوەی کە رەخنەکان بونیادنەر بن و ببنە هۆی پێشکەوتن. هەڵەکەش لەوەدایە کە بە پێی پێوانەکانی مەنزوومەیەکی مەعریفی(epistemology) یان پارادایمێکی دیاریکراو، رەخنە لە مەنزوومەیەکی مەعریفی بەتەواوی جیاواز دەگیردرێت. وەک ئەوەی بڵێین کەسێک بە پێی پێوانی فیزیای میکانیک، رەخنە لە فیزیای کۆانتۆم بگرێت. ئێستا مەنزوومەی مەعریفی (پارادایمی) باوی دونیا پۆزیتیڤیزمە(فلسفە الوضعیە). ئەم مەنزوومە مەعریفییە نکۆڵی لە ماورالطبیعە (میتافیزیک)، مانا، رۆح، هەست و شتی هاوشێوە دەکات، دیاردەکان پارچەپارچە دەکات و بە شێوەیەکی دابراو لە یەکدی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات، هەر شتێک کە بەرهەست (observable) نەبێت رەتی دەکاتەوە. ئەم مەنزوومە مەعریفییە پێوایە مافی ئەوەی هەیە هەموو دەستێوەردانێک لە سروشتدا بکات. کاتێک کە دێتە سەر بابەتی سیاسەت و کۆمەڵناسی، ئەمە مەنزوومە مەعریفییە کۆمەڵگا وەک دیاردەیەکی بێ گیان و بێ رۆح وەسف دەکات و یاساکانی زانستی سروشتی (علوم الطبیعی) بە سەر زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا  دەسەپێنێت. خۆی لە سەرەوەی کۆمەڵگا دەبینێت و بە مافی خۆی دەزانێت کە  هەرجۆرە دەستێوەردانێک لە کۆمەڵگادا بکات.  بۆ نموونە ئەو دەڵیت شتی بەرهەست و بینراو لە کۆمەڵگادا بەرژەوەندییە، بۆ بەرژەوەندی چی بکەیت حەڵاڵ و رێگەپێدراوە،  ئەخلاق و مەعنەویات بۆ کۆمەڵگا پێویست ناکات، تەنیا حقوقێکی وشک و خالی هەبێت بەسە. ئەم جۆرە زیهنییەتە شۆر بۆتەوە بۆ هەموو کایەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵاتی. هەموو زانکۆکانی دونیا ئەم رێبازە لە پەروەردەدا بەکار دەهێنن و زیهنییەتی قوتابییەکان لە سەر ئەم بنەمایە دادەرێژن. دەسەڵاتدارانی ئەمرۆی دونیا ئەم مەنزوومە مەعریفییە بە بنەما دەگرن.  بۆ نموونە، ئێستا هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوین بۆتە کۆگای باروت و تەقەمەنی. مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم هەیە. ئایا ئام هەموو زانکۆ، دوکتۆر و پرۆفیسورەی کە هەن، دەتوانن بە پشتبەستن بەو زانستەی کە هەیانە، پێش لە شەرێکی ماڵوێرانکەر بگرن؟ ئایا لە خۆیان دەپرسن کە بۆ ئەم هەموو زانستەی مرۆڤایەتی و بریاری بەکارهێنانی زانستەکان کەوتۆتە دەست کابرایەکی عەقاراتچی کە رەنگە هەر نەزانێت زانستیش چییە؟ ئایا هیچ لە خۆیان دەپرسن ئاخۆ ئەم زانستەی ئێمە دەیزانین راستە یان نا؟! زانستە یان نا!؟ ئاخۆ جۆرێکی دیکە لە  زانست مومکینە؟!

رێبەر ئۆجالان گەیشتووتە ئەو قەناعەتەی کە لە رێگەی بە بنەماگرتنی پارادایمی پۆزیتیڤیزم و دەرهاوێشتەکانی کیشەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چارەسەر ناکرێن، چۆنکە سەرچاوەی کێشەکە پۆزەتیڤیزم خۆیەتی. ئاگر بە بەنزین ناکوژێتەوە. هەربۆیە دەستی کردووە بە داهێنانی مەنزوومەیەکی مەعریفی ئاڵتەرناتیف و لە چوارچێوەی ئەم مەنزوومەیەدا  لە فیزیا و ئەستێرەناسیەوە بگرە تا میتۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی، تیۆلۆژی (ئیلاهیات) ئانسرپۆلۆژی، شوێنەوارناسی، مێژوو، فەلسەفە، ئەخلاق، جوانی (ئەستاتیکا)، سیاسەت، هونەر، کەلتوور  و هتد، بۆ هەموو شتێت تێگەیشتن و شرۆڤەیەکی نوێ پێشکەش دەکات. رێبەر ئاپۆ بە رەنج و تێکۆشانێکی زۆرەوە مەعریفە بەرهەم دەهێنیت. لە مەنزوومەی مەعریفی رێبەر ئاپۆدا، حەقێقەت پارچە پارچە نابێت، حەقێقەت یەکپارچەیە، تەنیا رەنگدانەوەکانی جیاوازن. زانست پێویستە رەنگدانەوەی حەقێقەت بێت. هەروەها رێبەر ئۆجالان بۆ خۆی زانستی نوێ یان دیسیپلینی نوێ زانستی داهێناوە. تا ئێستا دوو جۆر زانست و مەعریفەی لە کۆی ئێپیستیمۆلۆژیای مرۆڤایەتی زیاد کردووە. یەکێکیان ژنۆلۆژییە و یەکێکیان سۆسیۆلۆژیای ئازادییە و بنەرەتی مێژوویی هەردووی ئەم زانستانەشی باش دارشتووە. رێبەر ئۆجالان فەلسەفەی ڕۆژئاوا (غەرب) رەت ناکاتەوە، کەڵکی لێوەردەگرێت، بەڵام زیاتر فەلسەفەی شەرق بەبنەما دەگرێت. بە دوای حەقێقەتدا دەگەریت و پێ وایە دەنگ و رەنگی حەقێقەت زیاتر لە فەلسەفەی شەرقدا هەیە تا فەلسەفەی غەرب. دەنگی حەقێقەت لە پێغەمبەرەکاندا دەبینێتەوە، لە مەنسوری حەلاج و سوهرەوەردی و ابن سینا و فیلسۆفانی هاوشێوەدا دەبینێتەوە. پێی وایە کە سەرچاوەی فەلسەفە شەرقە نەک غەرب.

لە مەنزوەمەی مەعریفی رێبەر ئۆجالاندا رەنگە هەندێک دەستەواژە وەک دەستەواژەکانی مەنزووەمەی مەعریفی پۆزەتیڤیزم بن، بەلام پێناسەکەیان جیاوازە.  بۆ نموونە، دوو کەسی سەر بە دوو مەنزوومەی مەعریفی جیاواز دارێک دەبینن. هەردوویان بە کوردی بەم شتە پر پەلوپۆیە دەڵێن “دار”.  بەڵام تێگەیشتنیان بۆ دارەکە جیاوازە. یەکێکیان کە دارەکە دەبینێت تەوەرێک یان مۆتورێکی داربرینی دێتە بەرچاو و بیر لەوە دەکاتەوە کە  چۆن بیبرێتەوە، بیفرۆشێت یان بیسووتێنیت. ئەوی تریان کە دارەکە دەبینێت دەڵێیت چەن خۆش دەبوو چەن دارێکی دی لەم سنوورە هەبان، مرۆڤ و ئاژەڵ لە خەیر و بەرەکەتەکەی کەڵکیان وەرگرتبا. یان ئەم دوو کەسە ئاژەڵێک دەبینن کە بە کوردی پێ دەڵێن “ئاسک”، ناوەکەی ئاسکە. یەکەم کەس کە دەیبینێت هەر زوو،  تاقمە تفەنگ و چەکی برنەو  و شیشی کەباب دێتە خەیاڵی. کەسی دووەمیش لە سەیرکردنی ئاسکەکە  تێر نابێت و هەوڵ دەدات وەک جوانییەکی سروشت بیپارێزێت. یەکێک سەیری چیای گۆیژە دەکات، خۆی بە خاوەنی چیاکە دەزانێت، هەڵیدەدرێت و شوقە و تەلاری لەسەر دروست دەکات و ناوی ئەم کاولکارییە دەنێتە “وەبەرهێنان”، یەکێکی دیش ئەو چیایە وەک بەشێک لە هەبوون و کەسایەتی و مێژوو و بیرەوەی خۆی و گەل دەزانێت و پێخۆشە وەک بەشێک لە مێژوو، وەک جوانییەکی سروشتی و وەک سیمبۆلێک هەر بمێنێتەوە؛ هەر دەمە حەفارەیەک کە لە دڵی گویژە دەدرێت، برینێکی قووڵ لە ناخ و دڵ و دەروون ئەو کەسەدا دەکاتەوە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کەسی یەکەم کە دژومنی ئاژەڵ و دار و دەشت و چیایە، دەتوانێت بەو مەنزوومە مەعریفییەی کەهەیەتی بە راستی کێشەی ژینگە چارەسەر بکات؟!

لە مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمدا “دیمۆکراسی” ئەوەیە کە مرۆڤەکان، هەموویان وەک تاک، هەر چوار ساڵ جارێک بچن دەنگ بدەن و حزبێک یان کەسێک هەڵبژێرن، ئێدی بۆ ماوەی چوار ساڵ هەموو بریاردانێک لە سەر هەموو رەهەندەکانی ژیانی خۆیان رادەستی ئەم کۆمەڵە کەسە بکەن کە هەلبژێردراون. لە مەنزوومەی مەعریفی رێبەر ئۆجالاندا، دیمۆکراسی ئەوەیە کە مرۆڤەکان وەک کۆمەڵ بە شێوەیەکی هەرەوەزی هەموو رۆژێک، رۆژێک چەند جار، دیمۆکراسی ئەزموون بکەن، پێکەوە گفتوگۆ بکەن، بریار بگرن و کێشەکانی خۆیان بۆ خۆیان چارەسەر بکەن، چ لە گوند دەبێت، چ لە گەرەک یان لە شار.  لە مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمدا “پاراستن” ئەرکی دەوڵەتە و پێویستە کۆمەلگا پاڵی لێبداتەوە و هەموو ئەرکی “پاراستن” رادەستی سوپا و پۆلیس بکات. بەڵام لە مەنزوومەی مەعریفی رێبەر ئۆجالاندا کۆمەڵگا پێویستە پاراستنی خۆی بەتەواوی رادەستی دەوڵەت نەکات و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بتوانن خۆیان بپارێزن. سەبارەت بە بابەتەکانی وەک ژن، ئایین، عەشیرەت، دەوڵەت، نەتەوە، گەل،  کەلتوور، هونەر، وەرزش، زانست، تەندروستی، هتد جیاوازی هاوشێوە هەن.

ئەو چەمکانەی کە رێبەر ئۆجالان بەرهەمی هێناوە، تەواوکەری یەکدین. هەموو لە ناو یەک مەنزوومەدا واتا پەیدا دەکەن. تا ئەو کاتەی مرۆڤ لە کۆی مەنزوومە مەعریفییەکە تێنەگات، ناتوانێت لە چەمکەکان و پەیوەندی نێوان چەمکەکان تێبگات. بۆ نموونە، ئەگەر لە دەرەوەی مەنزوومە مەعریفییەکە لێی بروانیت، رێبەر ئۆجالان دەوڵەت-نەتەوە رەت دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا باسی ئێنتگراسیۆن (یەکگرتنەوە، تێکەڵبوون) لەگەڵ دەوڵەت و هاوڵاتیبوونی دەوڵەت دەکات. رەخنە لە ژن دەگرێت، دەڵێت: ” ژن کراوە بە کۆیلە”، دەڵیت:”بێ ژن ژیان نابێت و لەگەڵ ژنی هەییشدا ژیان نابێت”، بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا رۆڵی پێشەنگایەتی دەدات بە ژن.  ئەگەر لە دەرەوەی مەنزوومەی مەعریفی ئۆجالان لەمانە بروانی، هەمووی ئەمانە وەک ناکۆکی دەبینێت. بەڵام کە لە چوارچێوە مەعریفییەکەیدا تێگەیشتیان بۆ بکەی دەزانی کە هەمووی ئەم چەمکانە تەواوکەری یەکترین، لە ناو ئاهەنگێکدا و لە کارلێک لەگەڵ یەکتریدا گەشە دەکەن و هەموو رەنگدانەوەی یەک حەقیقەتن.

رێبەر ئاپۆ تەنیا بە داهێنانی مەنزوومە مەعریفییەکەی بەسەندەی نەکردووە، بەڵکۆ بەردەوام هەوڵی داوە کە لە ناو ژیاندا پێکی بێنێت. ئەم مەنزوومە مەعریفییە سەرەتا لە کەسایەتی خۆیدا پێک دێنێت و هەوڵدەدات کۆمەڵگا لەسەر ئەم بنەمایە رێکبخاتەوە. هێزی مەعنەوەی رێبەر ئۆجالان لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەنجامەکەی لە هەموو کوردستاندا دەبینرێت. بێگومان ئەم تێکۆشانە ٥٣ ساڵە هەر لە یەکەم چرۆسک و یەکەم ساتەوە تا ئێستا بۆتە ئارمانجی هێرشی هەمەلایەنەی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، سەربازی و هتد. وێرای هەموو ئەم هێرشانە، گەلی کورد لە ئەم تێکۆشانە بە خاوەن دەرکەوتووە. گەل درک بەو حەقێقەتە دەکات کە رێبەر ئۆجالان جگە لە بەرژەوەندی گەل، بە هێچ شێوەیەک هیچ بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی نییە. واتە، حەقێقەتی رێبەر ئۆجالان لەگەڵ حەقێقەتی گەلدا یەکیگرتووەتەوە. ژیان و بەسەرهاتی رێبەر ئۆجالان رەنگدانەوەی ژیانی کوردە، تەنانەت زەحمەتتر و دژوارترە. بێگومان زۆرێک لە رۆشنبیران، نووسەران، رۆژنامەنووسان و هتد هەوڵدەدەن شیکردنەوە بۆ ئەم دۆخە بکەن و بەگوێرەی دونیابینی خۆیان هەڵویست دیار دەکەن. بە تایبەت لە گەڵ ئەزموونی ڕۆژئاوا هەوڵدان بۆ تێگەیشتن، بۆ بەشداربوون، بۆ رەخنەکردن و دژایەتی کردنی پارادایمی رێبەر ئۆجالان ئاستێکی جیاوازی تۆمار کرد. مرۆڤ دەتوانێت ئەم هەوڵدان و هەڵوێستانە بۆ تێگەیشتن و بۆ رەخنەگرتن لە چوار خاڵدا کۆبکاتەوە.

یەکەم، ئەو بەشێکیی گرنگ لە رۆشنبیرانی کورد هێشتا لە هەست، رۆح و حەقیقەت دانەىراون، مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیست  هێشتا بەتەواوی رۆحی ئەوانی داگیر نەکردووە. ئەم کەسانە هەم لە ناوخۆی وڵات، هەم لە دەرەوەی وڵات، وێرای هەموو زەختەکان، هەوڵ دەدەن کە وەک خۆی لە رێبەر ئۆجالان تێبگەن. بەرهەمە فکرییەکان رێبەر ئۆجالان دەخوێننەوە.  لە کاتی پێویستدا رەخنەش دەگرن. بۆ نموونە رەوانشاد شێرکۆ بێکەس، وەک رۆشنبیرێک کە لە ناخی خۆیدا لە کۆمەڵگا دانەبرابوو و خۆی لە گەڵ حەقێقەتی کۆمەڵگا کردبووە یەک، درکی بە حەقێقەتی رێبەر ئۆجالان دەکرد. لە خۆیدا، ئەدەبیات و هونەر زمانی حەقێقەتن.  هەربۆیە بەر لە هەموو کەسێک،  ٢٧ ساڵ لەمەو پێش گوتی: “ئێمە هەموومان دڵنیاین لە بەردەمی بەربەرییەکانی تورکدا بەحری مەرمەرە ئەڵێ  بەڵێ و بەڵام ئۆجالان ئەڵێ نا”. پێشبینییەکەی وەک خۆی هاتە دی.  رێبەر ئۆجالان ٢٧ ساڵە هەموو چرکەیەک دەڵێیت نا. کاتێک کە رێبەر ئاپۆ بانگەوازییە مێژووییەکەی بۆ “ئاشتی و کۆمەڵگای دیمۆکراتی” پێشکەش کرد، ئەم رۆشنبیرانە دەورێکی کاریگەرییان هەبوو لە روونکردنەوەی رای گشتی و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.

 دووەم، ئەو رۆشنبیرانەن کە رێبەر ئۆجالان دەخوێننەوە، بەڵام بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر زەختی سیستەمی دەسەلاتداری دونیاوە، راستەوخۆ باسی رێبەر ئۆجالان و فەلسەفەکەی ناکەن، دەچن باسی هەندێک لەو کەسانە دەکەن کە پەیرەوی رێبازی رێبەر ئۆجالانن، بەڵام ناوهێنانیان لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا قەدەخە و تاوان نییە. بۆ نموونە بە ئەرێنی باسی ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتی باکوور دەکەن و ناوی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ دەهێنن، بەڵام مەبەستیان رێبەر ئۆجالانە. پەسنی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان دەدەن و ناوی مەزڵۆم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد دەهێنن، بەڵام مەبەستیان رێبەر ئۆجالانە. چونکە دەزانن ئەمانە هەموو قوتابی ڕێبەر ئۆجالانن، ئەمە رەنگە وەک تاکتیکێکی کورتخایەن واتایەکی هەبێت، بەڵام لە درێژ-خایەن دا دەکەوێتە خانەی هەوڵدان بۆ سرینەوەی رێبەر ئۆجالان لە کایەی مەعریفی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. لەبیرمان نەچێت کە ئارمانج لە گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەر ئۆجالان و گۆشەگیرکردنی ئەو بۆ ٢٧ ساڵ لە ئیمراڵی سرینەوەی ئەوە لە ناو کایەی سیاسی و مەعریفی و کۆمەڵایەتی کورددا. هەروەها دوژمن دەتوانێت لەم جۆرە هەڵوێستە سوود وەربگرێت بۆ ئەوەی کە دووبەرەکەی بخاتە ناو  بزووتنەوەی ئاپۆچی.

گرۆپی سێیەم لە ڕۆشنبیران بە ئەرێنی، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس لە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن، بەڵام بە گێڕانەوەی گوتار و لێدوانی فەیلەسوفە ناودارەکانی دونیا ئەم کارە دەکەن. واتە، ناڵێت کە ئۆجالان فڵان شتی گوتووە، یان فڵان خاڵی وەها دەستنیشان کردووە، لە جیاتیدا دەڵێیت کە ژیژەک، یان چۆمسکی یان ئانتۆنیۆ نێگری، یان ئالان بادیۆ یان هەر رۆشنبیرێکی دی ڕۆژئاوایی سەبارەت بە ئۆجالان وایان گوتووە. واتە لەسەر زمانی فەیلەسۆفێکی ڕۆژئاواییەوە ئۆجەڵان دەگێرنەوە، خۆیان بەرهەمە فکرییەکان رێبەر ئۆجالان ناخوێننەوە و نایگێرنەوە، بەڵکۆ خوێندنەوە و گێرانەوەی کەسی دی دەگوازنەوە. مرۆڤ دەتوانێت دەرونشیکارییەک بۆ ئەم دۆخە بکات، کورد لەبەر ئەوەی کە زیاتر لە سەدەیەکە دەچەوسێنرێتەوە، وەک تاک و وەک کۆمەڵگا تووشی جورێک لە گرێ خۆبەکەمزانین (inferiority complex) بووەتەوە. واتە، بروا ناکات کە کوردێک،  بتوانێت فەیلەسۆفێکی جیهانی بێت. پێی وایە کورد پێویستە فەلسەفە لە جیهانی ڕۆژئاواوە، لە ئەمریکا و ئەوروپاوە فێر ببێت، نەک پێچەوانەکەی. ئەگەر سەرکەوتنی کوردێک لەبواری فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیدا گێرانەوەی بۆ بکرێت، پێویستە ئەم گێرانەوەیە لە زمانی یەکێکی ڕۆژئاواییەوە بێت بۆ ئەوەی میسداقیەتی هەبێت. ئەم هەڵوێستە  لە هەمانکاتدا تەگبیرێکی پاراستنە. ئەگەر دەزگایەکی ئەمنی گیری پێدا و پێی بڵێ بۆ پشتیوانی لە ئۆجالان دەکەیت، لە وەڵامدا دەڵێت: وەڵا ئەوە قسەی من نییە، فڵان رۆشنبیری ئەوروپی وای گوتووە.

جێگای ئاماژەیە،  کە زۆر فیلسۆف و بیرمەندی هەرە مەزنی دونیا کە ڕەخنەگری دەسەڵاتی ئێستای دونیان کاتێک کە بیر لە کێشەکانی مرۆڤایەتی دەکەنەوە، لە ناو مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمدا رێگە چارەیەک نابینن. کاتێک کە رێبەر ئۆجالان دەخوێننەوە، جۆرێک لە هیوایان بۆ دەگەرێتەوە. دەیانەوێت بچن رێبەر ئۆجالان ببینن و گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن. بە داخەوە رێگەیان پێنادریت. هەربۆیە دەچن بۆ ئەو شوێنانەی کە فەلسفەی رێبەر ئۆجالانی تێدا ئەزموون دەکرێت و هەوڵ دەدەن شتی لێی فێر بن. نوام چۆمسکی رۆیشتە ئامەد و دەڵێت من گەورەترین وانەی خۆمم لە دایکانی ئاشتی ئامەدەوە وەرگرت، دەیڤید گرایبەر چووە ڕۆژئاوا. ساڵی پار فیلسۆفێکی بەتەمەنی ئەمریکی بەناوی جۆن هاڵۆوەی هاتە ئیستامبۆڵ و بەشداری کۆنفرانسێکی کرد کە پارێزەرانی رێبەر ئۆجالان رێکیان خستبوو،  گوتی: ” من بەم تەمەنەوە ١١ هەزار کیلۆمەترم بریوە و هاتووم بۆ ئێرە، چۆنکە رووناکییەکم دیت. بەرەوە ئەو ڕووناکییە هاتم”.

هەڵوێستی چوارەم سەبارەت بە رێبەر ئۆجالان هەڵوێستی ئەو کەسانەیە کە لەسەر ناوی عیلمانییەت و چەپگر، یان ئایینپەرستی رادیکاڵ و راستگر رەخنە دەگرن، ئەوانەی کە خۆیان بە دەمراستی عیلمانییەت دەزانن زۆربەیان بە پشتبەستن بەو شتانەی کە لە مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیستەوە فێر بوون، رەخنە دەگرن، ئەوانەش کە خۆیان بە دەمراستی ئایین دەزانن و لەسەر ئەم ناوە هێرش دەکەن، تەواوکەری عیلمانییەکانن، ئەم دوو گروپە چەندەش لە ناو خۆیاندا وەک ناکۆک دیار بکەون، خاڵی هاوبەشیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە  هەردووکیان، لە هەر چواربەشی کوردستان، بە شێوازی تایبەتی خۆیان، تەقدیسی دەسەڵات و تەکفیری ئۆجالان دەکەن، یەکیان بە تەقدیس کردنی دەوڵەت-نەتەوە ئەم کارە دەکات و پێوایە کە ئۆجالان خیانەتی لە مارکسیزم و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم و هەموو ئیزمەکانی دی کردووە یەکێکیشیان بە تەقدیس کردنی شرۆڤەیەکی تایبەت لە ئایین ئەم کارە دەکات و پێ وایە رێبەر ئۆجالان بە پەیرەو کردنی رێبازی ئازادی ژن گورزی لە ئیسلام وەشاندووە.

 ئەم هەر دوو گرووپە تا ڕادەی هیستریا کین و تۆرەیی‌یان لەدژی ئۆجالان هەیە، ئایینپەرستەکان و ئەوانەی کە بازرگانی بە ئایینەوە دەکەن پێیان وایە ئەگەر کۆمەڵگای کوردی و تەنانەت هەموو ئومەتی ئیسلامیش لە سەر تێروانینی رێبەر ئۆجالان سەبارەت بە فەلسەفەی ئایین و فەلسەفەی ئیسلام ببن بە خاوەن زانیاری،  ئێدی ئەوان مەجبوورن دووکانەکانیان دابخەن و کەس گوێیان لێی ناگرێت، ئەوانەش کە خۆیان بە دەمراستی عیلمانییەت و چەپ دەزانن پێیان وایە ئەگەر کۆمەڵگای کوردی تێز و تێروانینەکانی رێبەر ئۆجالان سەبارەت بە سۆسیالیزم، چەپ، کۆمەڵگا و  کۆمۆنیزم بخوێننەوە، هەموو ئەو چەواشەکارییانەی کە ئەمانە تا ئێستا لەسەر ناوی چەپ و عیلمانییەت کردوویانە بۆ خەڵک ئاشکرا دەبێت و ئەوانیش مەجبوور دووکانەکانیان دابخەن.

 وەک چۆن سپارتاکۆس ئاگری (ئاگر هێمای زانستە) لەدەستی دەسەڵاتداران دەرهێنا و دایە دەستی خەڵکی ئاسایی، رێبەر ئاپۆش تیۆر و مانا و مەعریفەی لە ژێر رەکیفی نوخبە و رۆشنبیری سەر بە دەسەڵات دەرهێناوە و کردوویە بە موڵکی هەموو مرۆڤێک، هەموو ژنێک، هەموو کۆمەڵگا، هەروەها رێبەر ئۆجالان واتا و فەلسەفەی راستەقینەی ئایینی لە دەستی ئایینپەرستان و بازرگانانانی ئایین دەرهێناوە و ئەو زەمینەیەی ڕەخساندووە کە تاک و کۆمەلگای کورد لە ناو سیاقی خۆیدا لە ئایین تێبگات و وەک رەنگدانەوەیەکی حەقێقەت بیکەن بە هەوێنی تێکۆشانی ئازادیخوازی.

پێویستە بگوترێت کە لە کوردستاندا وا نیشاندەدرێت کە لە نێوان عیلمانییەکان و سەلەفییەکاندا ناکۆکی هەیە، جار و بار لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان دیبەیتیش دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم دوو ڕەوتە تەواوکەری یەکدین.  کۆڵەکەی چەپ و ڕاستی دەسەڵاتن، لە یەک جێ نان و ئاویان دەستدەکەوێت و  نۆشی گیانی دەکەن، لە لای عیلمانییەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و دەوڵەت-نەتەوە چی بکرێت ڕێگەپێدراو و حەڵاڵە، لە لای سەلەفییەکانیش پێویستە کەس ڕووبەرووی دەسەڵاتی پێش-دەوڵەت-نەتەوە  نەبێتەوە، یەکێکیان دەسەڵات دەکاتە مەرجەعی کورد و ئەویتریشیان بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات حەرام دەکات، یەکێکیان لەسەر ناوی عیلم و ئەویتریشیان لەسەر ناوی ئایین کەرەستە و ماددەی خامی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و مرۆیی بۆ دەسەڵات دابین دەکەن و خەڵک بەم ناکۆکییە لاوەکییانەوە خەریک دەکەن.

لایەنێکی دی هاوبەشی ئەم دوو گرووپە ئەوەیە کە حەقیقەت لێڵ دەکەن، دەیشێوێنن، سەر لە خەڵکی دەشێوێنن و وادەکەن کە خەڵک گێژ بێت و کەس نەزانێت ڕاستی بابەتەکان چییە و پێویستە چی بکات، لە جیاتی عەقڵانییەت حەماسەت و پۆپیولیزم بە بنەما وەردەگرن، ئەم کەسانە خۆیان ئەرکیان ئەوەیە هانی خەڵک بدەن بە بێ ئەوەی کە کتێبەکانی ڕێبەر ئۆجالان بخوێننەوە، حوکمی پێشوەختە لە سەری بدەن و بە پشتبەستن بەو هێزە میدیاییەی کە خراوەتە بەردەستیان ئەم حوکمە بگۆرن بۆ  قەناعەتێکی هاوبەشی رای گشتی دژ بە ئۆجالان، لە ئەنجامدانی ئەم کارەدا ئامادەن بنەماکانی عیلمانییەت و بنەماکانی ئایینیش پێشێل بکەن.

مرۆڤی عیلمی و ئەکادیمی بەرلەوەی کە لە سەر تێروانینێک حوکم بدات، پێویستە سەرەتا لە سەر ئەو تێروانینە دیراسە بکات، سەرچاوەی ئەو تێروانینە بخوێنێتەوە و لێ تیبگات ئەمجا ڕەخنەی لێبگرێت، بەڵام لەلای ئەو کەسانەی کە خۆیان بە دەمراستی عیلمانی بوون دەزانن، کاتێک کە باس دێتە سەر ڕێبەر ئۆجالان، بە بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک حوکم دەدەن، بۆ نموونە، یەکێک هەیە  لە ئەوروپا خوێندوویەتی و پێم وایە لەوێ مامۆستایەتی زانکۆشی کردووە. ئەم بەرێزە لە ساڵی ١٩٩٩، ئەو کاتەی  کە رێبەر ئاپۆ هێشتا لە ئیتاڵیا بوو، خەریک کۆکردنەوەی واژۆ بوو بۆ ئەوەی کە ئەوروپا  ئۆجالان دەستگیر و زیندانی بکات. ئاواتەکەی بەدیهات و ئۆجالان لە لایەن زاڵمەکانی دونیاوە دەستگیرکرا و دادگاییش کرا و ئەوە ٢٧ ساڵە لە ژێر دژوارترین گۆشەگیریدایە، بەڵام ئەم برادەرە هێشتا دەست بەرنادات، لە ئەوروپا بۆ رەشکردنی رێبەر ئۆجەکان کۆر و کۆبوونەوە دروست دەکات، وتار دەنووسێت، ڤیدیۆ دەکات، لە باشوور نامیلکە و برۆشۆری لەسەر دەنووسێت.

گرێیەکی دەروونی زۆر قووڵی سەبارەت بە رێبەر ئۆجالان هەیە،  بە گوێرەی مەنزووەمەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمیش بێت، ئەگەر یەکێک بیەوێت بەرهەمێک، کتێبێک ڕەخنە بکات، سەرەتا دەیخوێنێتەوە، ئەمە پێویستییەکی بوون بە مرۆڤی ئەکادیمییە، ئەم بەڕێزە هێندە خۆی بە مەزن دەبینێت، پێی وایە ئەگەر پارێزنامەیەکی ئۆجالان بخوێنیتەوە کاتەکەی بە فیرۆ دەچێت، هەر بۆیە گووگڵ سێرچ دەکات و کام ڕۆژنامە و کام ڕۆژنامەنووس لە سەر ئۆجالان چ شتێکی خراپی گوتبێت، وەک بەڵگەی “ئەکادیمی” پێشکەشی دەکات.

ئێدی ئەم بەرێزە نایەت کڵاوەکەی بکاتە حاکم، یان لانی کەم ئەو عیلمە پۆزەتیڤیستەی کە خوێندووەیەتی بکاتە حاکم، توێژینەوەیەکی بەراوردکاری (comparative study) لە نێوان خۆی و ئۆجالاندا بکات، بزانیت ئۆجالان لە ژێر ئەو هەموو زەخت و گوشارانەدا چەندە کاریگەری لە سەر سیاسەت هەیە، ئەم کەسە خۆی چەندە کاریگەری هەیە، بەو هەموو ئیمکانیاتەی کە لەبەردەستی دایە؟ ئەم هیستریایە بەرامبەر بە ئۆجالان ئاوێتەیەکە کە گرێ خۆبەزلزانین، لە هەمانکاتیشدا خۆ بەکەمزانین و ئیرەیی بەرامبەر بە رۆڵ و کاریگەرییەکانی ئۆجالان لە سەر هەر چواربەشی کوردستان.

ئەوانەش‌کە خۆیان بە دەمراستی ئایینپەرستەکان دەزانن، کاتێک کە ڕەخنە لە رێبەر ئۆجالان دەگرن، بەرلە هەموو شتێک بنەماکانی ئایین پێشێل دەکەن، دادپەروەری، وێژدان و ئەخلاق لە بنەمای سەرەکییەکانی ئایینی ئیسلامن. ئەوە چ دادپەروەرییەکە کە بە بێ ئەوەی کە دیراسەی بیرۆکەیەک بکەیت، ئەو بیرۆکەیە تەخوین بکەیت؟ یەکێک هەموو ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ ئازادی گەلی چەوساوە و زوڵم لێکراوی کورد، بۆ خۆیشی ٢٧ ساڵە لەبەر چاوی هەموو دونیاوە زوڵمی لێدەکرێت، چ وێژدان و ئەخلاقێک رێگەدەدات کە لە سەر ناوی ئایین هێرشی بکرێتە سەر؟  مەگەر دین و ئایین بۆ پارێزگاری کردن لە زاڵمە یان لە مەزڵۆم؟ حەقێقەتی ئایین و پەیامی ئیسلام بۆ دژایەتی زاڵمان و داکۆکی کردنە لە مافی مەزڵۆمان، بەڵام بەداخەوە، ئەوانەی کە بەناوی ئایینەوە لە کوردستاندا تیجارەت دەکەن داکۆکی لە زاڵمان دەکەن و زوڵم لە مەزڵۆمان. لە زاڵم پارە وەردەگرن و لەمەزڵۆم دەدەن.

پێویستە بگوترێت کە هەموو ئایینەکان بە ئایینی ئیسلامیشەوە خاوەن گەوهەرێکی کۆمەڵایەتیین، واتە سۆسیالیستین.،هەموو ئایینەکان لەدژی زوڵم و چەوسانەوە سەریان هەڵداوە. حەزرەتی محەمەد شۆرشگێرێکی سۆسیالیستی سەردەمی خۆیەتی. هەموو پێغەمبەرەکان وەهان، لە حەزرەتی ئیبراهیمەوە بگرە تا حەزرەتی عیسا، رەنگە ئێستا ئایینی ئیسلام بۆ ڕەوایەتیدان بە گوتاری ڕاستگر و دەسەڵاتپەرست بەکار دەهێنرێت، بەڵام حەقیقەتی ئایینی ئیسلام وا نییە.

مرۆڤێکی چەپ و سۆسیالیست هیچ کاتێک لەدژی گەوهەری ڕاستەقینەی ئیسلام نییە، مرۆڤێکیش کە لە گەوهەری ڕاستەقینیە ئیسلام تێگەیشتبێت، فکری چەپ و سۆسیالیستی بە دوژمنی خۆی نازانێت، ئامانجی هەر دوویان دادپەوەری، یەکسانی و ئازادییە. هەردوویان رەنگدانەوەی حەقیقەتی کۆمەڵگان، لەم واتایەدا لە کوردستاندا چەپگری راستەقینە و ئیسلامی راستەقینەش هەن و یەکدی رەت ناکەنەوە، پێکەوە دیالۆگ دەکەن، جا چ وک کەسایەتی چ وەک حزب و رێکخراو، ئەمانەن کە نوێنەرایەتی راستەقینەی کۆمەڵگا دەکەن، دەبن  بە دەنگی شەقام و لە کاتی پێویستدا پیشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگا دەکەن، چ لە مزگەوت بن، چ لە زانکۆ، بە دوای حەقێقەت و دادپەروەریدا دەگەرێن. لە خۆپشاندانەکان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەم راستییە سەلمێنرا.

زۆر کەسایەتی ئایینی هەیە باشتر لە ڕێبەر ئۆجالان تێدەگات، تا لە ڕۆشنبیری ژێر کاریگەری هزری پۆزیتیڤیستی ڕۆژئاوا، ئەمەش هۆکاری هەیە، رێبەر ئۆجالان گەریدەی حەقیقەتە، ئایینیش بە دوای حەقێقەتدا دەگەرێت. مەلای ئایینی ئەوە دەبینێت ئەوەی زاڵمانی دوێنێ بە سەر پێغەمبەرەکاندا هێناویانە، زاڵمانن ئەمرۆ بە سەر کورد و بەسەر رێبەر ئۆجالاندا دەیهێنن.

 کاتێک کە کۆچ و ئاوارەبوونی ڕێبەر ئۆجالان لەبەر زوڵمی نەمروود و فیرعەونەکانی زەمەن بۆ فەلەستین و لوبنان و بیلادی شام دەبینن، کۆچی حەزرەتی ئیبراهیم و حەزرەتی موسایان دێتەوە بیر، کاتێک کە لە بە دەسیسەی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئینگلیز لە خاچدانی رێبەر  ئۆجالان لە ئیمراڵی دەبینن، لەخاچدانی حەزرەتی عیسا و خیانەتی یەهۆدا اسکاریۆتیان دێتەوە بیر، کاتێک کە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان لە ناوەراستی دەریای مەرمەرە بۆ ٢٧ ساڵ دەبینن، نوقمبوونی حەزرەتی یۆنس لەناو دەریایان دێتەوە بیر، کاتێک کە کەمپی مەخموور دەبینن، “شەعب ابی‌طالب” یان دێتەوە بیر، هەربۆیە باشتر لە ئۆجالان تێدەگات. بەڵام مەنزومەی مەعریفی پوزەتیڤیستی ئەوروپا چۆنکە حەقێقەت پارچە پارچە دەکات و نکۆڵی لە هەست دەکات، وەک پێویست لە ئۆجالان تێناگات. کەسێک کە هەستی بەهێز نەبێت، لە ئۆجالان تێناگات.

ئێستا لە مانگی پیرۆزی رەمەزانداین، فەلسەفەی بنەرەتی ئەم مانگە ئەوەیە کە مرۆڤی ئیماندار لە حاڵی هەژاران تێبگات، هەستی پێبکات و ئەمە ببێتە هۆی جۆرێک لە دادپەورەری کۆمەڵایەتی، واتە مرۆڤی ئیماندار خۆی بۆ مانگێک بە برسی و تینو دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لە حاڵی برسییەکان تێبگات، واتە بۆ تێگەیشتن لە کەسێک هەوڵ دەدات لە ساڵیکدا یەک مانگ وەک ئەو کەسە بژیت، مرۆڤی موسڵمان ئەگەر ئەم کارەی کرد ئەمجا ماف بە خۆی دەدات کە بڵێت من موسڵمانم و لە حاڵی هەژاران تێدەگەم و سەبارەت بە هەژاران حوکم دەدەم.

رەنگە بۆ تێگەیشتن لە رێبەر ئۆجالانیش دۆخێکی وەها پێویست بکات، ئەو کەسانەی کە ماف بە خۆیان دەدەن لە خۆشترین و ئەمنترین شوێندا و بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو دەرفەتەکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە هزر و فکری ڕێبەر ئۆجالان قسەبکەن و هێرشی بکەنە سەری و رەخنەی لێبگرن، ئەگەر دەیانەوێت لێی تێبگەن و خەڵکیش تێبگەینن، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی  دادپەروەرانە هەبێت با ئەوانیش نەک ٢٧ ساڵ، بەڵکو ٢٧ رۆژ خۆیان لە ژوورێکدا گۆشەگیر بکەن، لەگەڵ کەس یەک کەلیمە قسە نەکەن، نە رادیۆیان هەبێت، نە تەلەفۆن، نە تەلەڤزیۆن نە پێنووس و نەش لێنووس، با گلۆپی ژوورەکەشیان ٢٤ سەعات داگرسابێت.

 ئەگەر دەزانن ناتوانن ٢٧ ڕۆژ بەرگەر بگرن با بیکەن بە ٧ ڕۆژ، تەنانەت ئەگەر ئەمەش ناتوانن با بیکەن بە ٢٧ کاتژمێر، لە ژیانیاندا جارێک ئەمە تاقی بکەنەوە، ئەمجا هەوڵی تێگەیشتنێکی دادپەروەرانە لە ئۆجالان بدەن کە چۆن تا ئێستا توانیوویەتی کە شەرت و مەرجێکی وەهادا بەرگە بگرێت و بەمەشەوە نەوەستێت رێبەرایەتی گەلێک و بزووتنەوەکەی بکات.

 

بەشی دووەم 

لەبەشی یەکەمدا هەوڵدرا لە سەر مەنزومەی مەعریفی و پارادایمی رێبەر ئۆجالان، جیاوازی ئەم پارادایمە لە گەڵ پارادایمی باوی دەسەڵاتی ئەمڕۆی دونیا، میتۆدۆلۆژیای تێگەیشتن، جیبەجێکردن و رەخنەگرتن لەم پارادایمە باس و گفتوگۆ بکرێت. لەم بەشەدا، هەوڵدەدرێت وردبوونەوەیەکی زیاتر بکرێت لە سەر یەکێک لە رەهەندەکانی ئەم پارادایمە کە وەک نەتەوەی دیمۆکرات پێناسە دەکرێت و جیاوازییەکانی لەگەڵ چەمکی نەتەوە-دەوڵەت راڤە بکرێت.

رێبەر ئۆجالان بە دیراسە کردن لە سەر مێژوو، سیاسەت، فەلسەفە، سۆسیۆلۆژیا، پێشکەوتنە زانستییەکان، تەکنۆلۆژیا، پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان، هاوسەنگی هێزەکان گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە سەردەمێکی نۆێ بۆ مرۆڤایەتی و بۆ کورد هاتۆتە ئاراوە. رێبەر ئاپۆ هەم ئەم سەردەمە و هەم جێگای کورد لەناو ئەم سەردەمەدا پێناسە دکات.. واتە رێبەر ئاپۆ شتێک لە دەرەوە بە سەر مێژوودا، بەسەر کۆمەڵگادا ناسەپێنێت. بەڵکۆ دیالێکتیکی مێژوو دەخوێنێتەوە و لە کاتی خۆیدا دەستێوەردان دەکات. رەنگە بە تەواوی لێک نەچن بەڵام بۆ باشتر تێگەیشتن لە مەسەلەکە با نموونەی جووتیارێکی کورد بهێنینەوە. کاکی جووتیار هۆشیارییەکی لە سەر وەرزەکانی ساڵ (بڵێن مێژوو) هەیە، بە گوێرەی خۆی هۆشیارییەک و خوێندەوەیەکی مێژوویی هەیە،  بڵێین وەرزی. کاتێک کە سەردەمێک یان وەرزێک هاتە ئاراوە، جووتیار ئەم وەرزە پێناسە دەکات و بەگوێرەی خۆی دەستێوەردان دەکات بۆ گەیشتن بە بەرهەمێکی تایبەت. بۆ نموونە جووتیارەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ورزەی هاتووە بەهارە، هەربۆیە دەست دەکات بە دەستێوەردان، واتە چاندنی نەمام و یان هەر تۆیەکی دی کە بزانێت لەم ورزەدا گونجاوە. لێرەدا جووتیارەکە بە زۆر بەهار ناهێنێت، بەڵکۆ خۆی لەگەڵ بەهاردا دەخونجێنیت. ئەگەر درەنگ بمێنێت، ناچارە تا وەرزێکی دی هاتنی بەهار هەر لە درگای ئەم و ئەو بدات بۆ نانێک. رێبەر ئۆجالانیش، وەک کوڕە جووتیارێکی کورد، بە شیکردنەوەی هەمەلایەنەی مێژووی ١٢٠٠٠ ساڵەی مرۆڤایەتی و کورد و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەنووکەیی، ئەم سەردەمە مێژوییە وەک سەردەمی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی پێناسە دەکات، تیۆریزەی دەکات، لایەنە فەلسەفەی و سیاسی و سۆسیۆلۆژییەکانی شیدەکاتەوە، بە گوێرەی ئەم شیکردنەوانە دەستێوەردان لەم سەردەمەدا دەکات و هەر نمامێک کە بزانێت بۆ گەلی کورد و بۆ مرۆڤایەتی گونجاوە دەیچێنێت. دەتوانین هەندێک لەم  نمامانە بەم شێوەیە پێناسە بکاین: ئاشتیی، ئازادی مرۆڤ، ئازادی کۆمەڵگا،  ئازادی ژن،  تاکی ئازاد  و کۆمینی دیمۆکراتیی،  یەکێتی نەتەوەیی، سیاسەتی دیمۆکراتی، نەتەوەی دیمۆکراتی، یەکێنیی دیمۆکراتی گەلی کورد، برایەتی گەلان، خۆپاراستن، ،هۆشیاری ژینگەیی،  نەورۆز، هاوڵاتی ئازاد و هتد. هەریەک لەم نمامانە بە خوێنی سەدان و هەزاران شەهید ئاودراون، زۆر زستانی سەختی زوڵم و چەوسانەوەیان تێپەڕ کردووە. هەریەکەو  چەمکێکین، رەمزێکن کە سەرەتا تەنیا لە لایەن چەند کەسێکەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و بە ڕەنجی نوێنەرەکان ئەو چەمکە چەکەرە دەکات و مەزن دەبێت و دەبێتە ماڵی هەموو کەسێک.  بۆ نموونە یەکەم جار مەزڵۆم دۆغان زۆر لێکۆڵینەوەی لە سەر واتای مێژوویی نەورۆز کرد، سەرلەنوێ پێناسەی کرد و  بۆ ئەوەی کە نەورۆز بکاتە رەمزی “بەرخودان” لە رۆژی نەورۆزدا لە دژی ئەشکەنجە نامروڤانەکانی زیندانی ئامەد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. دواتر زەکیە ئەڵکان، رۆناهی و بێریڤان و رەهشان لەسەر هەمان نەریت  و رێباز چالاکی گیانبازییان کرد. لە سایەی ئەم شەهیدانەوە، دوای زیاتر لە چل ساڵ نەوروز لە بۆنەیەکی گەشت و سەیران و یاپراخ و کفتە و سفرەی “حەفت سین”ەوە بووە بە بۆنەیەکی تێکۆشانی نەتەوەیی و سیاسی بۆ بەرخوەدان و ئێستا بە ملیۆنان کەس لە هەر چواربەشی کوردستان و لە چوار لای دونیا بە شێوەیەکی سیاسی و نەتەوەیی پیرۆزی دەکەن. کەس دەتوانێت بڵێت کە ئەم پیرۆزباییانە ٤٠ ساڵ لەمەو پێش هەبوون؟! یان کاتێک کە سەرەتا سەکینە جانسز بەشداری پەکەکە بوو، رەنگە زۆر کەس واتایەکی ئەوتۆی نەدەدا بە بەشداری ژن، زۆر تانە و تەشەریان لێدابێتیش، بەڵام بە پیداگری و خەبات و تێکۆشان کەسایەتی سەکینە جانسز بوو بە نەمامی ئازادی ژن و ئێستا بە هەزاران شەرڤان و گەریلا لە سەر ئەو رێبازە تێکۆشان دەکەن  و بە ملیۆنان ژنئ کورد وەک سیمبۆلی خۆیان سەیری دەکەن. دەتوانین بۆ برایەتی گەلانیش نموونەی هەڤالانی تورک حەقی قەرار، کەمال پیر و سڕی سورەیا ئۆندەر بهێنینەوە کە میراتی تێکۆشانی ئەوان بوو بە هەوێنی HDP و  یان “عەزیزی عەرەب” (خەڵکی رەققە، لە ساڵی ١٩٨٣ شەهید بووە) کە میراتی تێکۆشانی ئەو بوو بە هەوێنی HSD.

ئەگەر بە نموونەی جووتیارەکە بەردەوام بین، رەنگە ئەم کاکە بەڕیزەمان بیەوێت بە بێ خوێندنەوەی زمانی سروشت، بە گوێرەی ئارەزوو و خواستی خۆی هەوڵی روواندنی بەرهەمێک بدات. بۆ نموونە بە پشتبەستن بە ئاوی باران برنجی بەرئاو بچێنێت، لە کاتێکدا ئەرزەکە  و وەرزەکە بۆ گەنم و جۆ گونجاوترە. هەربۆیە هەرچەندەش هەوڵ بدات، ئەنجامگیر نابێت.  رەنگە هێزێک، لایەنێک، سەرکردەیەک بە بێ خوێندەوەی دیالێکتیکی مێژوویی هەوڵی دامەزراندنی سیستەمێک بدات. بەڵام ئەگەر ئەم سیستەمە بەگوێرەی دۆخی ژیۆپۆلیتک و سیۆسیۆلۆژیک و دیمۆگرافیای کورد نەبێت، ئەنجامگیر نابێت. بۆ نموونە، کورد لە سەردەمی خۆیدا نەیتوانی دەوڵەتێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات. دوای ئەوە کە دەرفەتە لە دەست چوو ئەوە سەد ساڵە کورد بۆ روواندنی دەوڵەتیک لە سەر خاکی کوردستان هەوڵ دەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی دەرفەتەکە لەدەست دەرچوو و ئیستا هەلومەرجەکە گەنجاو نییە، وێرای هەموو گیانبازی و خوێنی پاکی بە ملیۆنان شەهید تا ئێستا سەری نەگرتووە. دەچینە بەر درگای خەڵکی و داوایان لێدەکەین کە دەوڵەتێکمان بدەنێ. ئەوانیش یان دڵنەواییمان دەدەنەوە و دەستێک بە سەرماندا دەهێنن و بە گیرفانی خاڵی ئۆغرمان دەکەن، یان سەرکوتمان دەکەن و  کۆمەڵکوژییەکمان بەسەردا دەسەپێنن. ئایا ناچارین لەمەدا هەر بەردەوام بین؟ ئایا رێگایەکی دی نییە؟ ئەی ئەگەر  ئێدی سەردەمی دەوڵەت تێپەڕ بووبێت چی بکەین؟! ئەوا چارەنووسی سوریا و ئێران و ڤێنێزوێلا دیارە! ئایا سزاواری ئەوەین کە بیکەین بە گرێیەکی دەروونی هەتاهەتایی بۆ خۆمان؟ لە جیاتی ئەوەی کە کورد لەسەر ئەم دەوڵەتبوونە پێداگری بکات، رێبەر ئاپۆ پرۆگرام و ستراتیژێکی جیاوازتر لە پێناو گەیشتن بە جۆرێکی دی لە قەوارە و ستاتۆ، جۆرێکی دی لە چارەسەری پێشنیار دەکات کە لەگەڵ شەرت و مەرجی هەنووکەیی و تایبەتمەندی مێژوویی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد گونجاوە. ئەوەیش کۆمەڵگای دیمۆکراتی و سیاسەتی دیمۆکراتییە.

کە باس دێتە سەر دەوڵەت-نەتەوە و دەوڵەتی کوردی پێویستە ئاماژە بە حەقێقەتێکی مێژوویی بکەین. لە کوردستاندا تەنیا سێ سەرکردە و رێبەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییان بەشێوەیەکی فەرمی و نووسراوەیی خستۆتە ناو پرۆگرامی خەبات و تێکۆشانی خۆیانەوە و لە پێناویدا تێکۆشانیان کردووە. ئەم سێ رێبەر و سەرکردەیەش شێخ مەحموود بەرزنجی، پێشەوا قازی محەمەد و عەبدوڵا ئۆجالانن.  سەیری حزب و رێکخراوە دیارەکانی تر لە کوردستاندا بکەین، کەسیان لە پەیڕەو و  پرۆگرامی حزبی خۆیاندا باسی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ناکەن یان لانی کەم کاریان بۆ نەکردووە. کاتێک کە رێبەر ئۆجالان باسی کوردستانی سەربەخۆ بۆ هەر چواربەشی کوردستانی دەکرد و لە پێناویدا تێکۆشانی دەکرد، ئەو کاتەش‌ هەر ئامانجی رەخنەکان بوو.  دەگوترا کە ئەمە شتێکی خەیاڵییە و لەگەڵ واقیعدا ناگونجێت. ئێستاش کە باسی کۆمەڵگای دیمۆکراتی و سیاسەتی دیمۆکراتی دەکات، دیسان هەر دەڵێین کە ئەمەش شتێکی گریمانەیی و خەیاڵییە و لەگەڵ واقیعی کوردستاندا ناگونجێت. کێشەی ئەم رەخنەگرانە لە گەڵ رێبەر ئۆجالان ئەوە نییە کە بیرۆکەی جیاوازی هەیە، کێشەکەیان ئەوەیە کە رێبەر ئۆجالان وجوودی هەیە. کێشەکە کێشەی هەبوونە. لە خۆیدا، ئامانجی فەلسەفەی رێبەر ئۆجالانیش چارەسەرکردنی کێشەی هەبوونە.

راستە، رێبەر ئۆجالان بەردەوام لە ناو لێگەڕیندایە و لەسەر بنەمای رەخنە و خۆڕەخنەیی گۆڕانکاری لە هزر و پارادایمی خۆیدا کردووە.  رێبەر ئۆجالان پێوایە ئەو کاتەی کە دەستی بە تێکۆشان کرد، هەرچەندە لە بواری هێز و ئیرادە و رێکخستندا سەربەخۆ بوو، بەڵام لە هەندێک بواردا لە ژێر کاریگەری سۆسیالیزمی ئارایی (سۆڤیەت) دا بوو و هەندێک لە ستراتیژ و تاکتیکەکان لە ژێر ئەم کاریگەرییەدا داڕێژرابون. یەکێک لە کاریگەرییەکان ئەوە بوو کە دەوڵەت-نەتەوە وەک تاکە ئامراز دەبینرا بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی.  بەڵام زیاتر قاڵبوونەوەی فکری و فەلسەفی و لەهەمکاتیشدا کەڵەکەبوونی ئەزموونی سیاسی و کرداری رێبەر ئۆجالانی گەیاندە ئەو ئەنجامەی کە دەوڵەت-نەتەوە تاکە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی نییە، چۆنکە مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە لەلایەن گەلان و ئازادیخوازانەوە دانەنراوە، هەموو چوارچێوە و ناوەڕۆک و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە لایەن چینی سەردەستەوە ە داڕێژراوە. دەوڵەت-نەتەوە رێکخسنتی چینی سەردەستە و ئامرازێکە بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و دەسەڵات، لە سەر بنەمای  چەوساندنەوەی گەلان و ژنان. هەربۆیە لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی کەوتە ناو لێگەڕینی نوێ، کە چۆن قەوارە و ستاتۆیەکی دیمۆکراتی لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە وەک مۆدێلی چارسەری پێشکەش بکات. ئەم لیگەڕینە لە ١٩٩٣وە دەستی پێکرد و گەیشتە ئەمڕۆ کە وەک بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگای دیمۆکراتی” فورمیلە کراوە.

پێویستە ئەوە بزانین کە نەتەوە-دەوڵەت بەم شێوەیەی کە ئێستا هەیە فۆرمێکی دەسەڵاتدارییە. بە درێژایی مێژوو  زۆر شێوازی جۆراوجۆری دەسەڵاتداری دەرکەوتوون و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات  گۆڕانکاری بەسەریاندا هاتووە و لە سەردەمی جیاوازدا  فۆرمی جیاوازیان لەخۆوە گرتووە.  سەردەمانێک هێزی دەسەڵات خۆی وەک خودای سەر ئەرز پێناسە دەکرد. دوای چەند هەزارساڵ ئەمە بوو بە خودا-پاشا.  پاش چەن سەد ساڵێکی دی خۆی تەنیا وەک پاشا یان وەک ئیمپراتۆر پێناسە دەکرد. ماوەیەک خۆی وەک خەلیفە یان وەک قەشە و کەنیسە پێناسە دەکرد، ئێستاش خۆی وەک نەتەوە-دەوڵەت پێناسە دەکات. دەوڵەت-نەتەوە دوایین فۆرمی دەسەڵاتە کە دزەی کردووە ناو هەموو کایەکانی ژیان.  سبەی ئەمە دەگۆڕدرێت و هێزی دەسەڵات پێناسەیەکی نوێ بۆ خۆی دروست دەکات. رەنگە ببێتە دەسەڵاتی کۆمپانیاکان، یان دەسەڵاتی ژیری دەستکرد. بەڵام گەوهەری هەموویان یەکە. ئەوە کەسەی کە ئەمڕۆ سەرۆککوماری بەهێزترین دەوڵەتی دونیایە، ئێستا خۆی بە ئاوێتەیەکی هەموو ئەم دەسەڵاتانە دەزانێت، جارێک دەڵێت من پادشام، جارێک دەڵێت من سەرۆککۆمارم، جارێک دەڵێت تەنانەت رێبەری ئایینی فڵان وڵات پێویستە من دەستنیشانی بکەم.

 لە دونیا ئەمڕۆدا باسی هەبوونی ١٩٥ دەوڵەت دەکرێت. ئەمانە خۆیان وەک دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و یەکپارچەیی نیشتمانی پێناسە دەکەن. پێویستە ئەوە بزانین کە هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ تەنیا چیرۆکێکە و بەس. دەوڵەتی سەربەخۆ، سەروەری نیشتمانی و شتی لەم شێوەیە، لە راستیدا بوونی نییە. تەنیا یەک دەوڵەت و دەسەڵاتی ناوەندی هەیە، دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی دی دونیا هەموویان لقێکی ئەو دەوڵەتە ناوەندییەن. هیچ هێزێک ناتوانێت بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەوڵەتی ناوەندی دەوڵەتۆکێک بۆ خۆی دابمەزرێنێت. ئەگەریش دایمەزراند، یان گوێڕایەڵی دەوڵەتی ناوەندی نەبوو، ئەوا بە شێوازی جیاواز دەیڕۆخێنن، دەیخنکێنن. دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموویان لە لایەن ئینگلیز و فەرەنساوە دامەزرێنراون، تاپووەکەیان لە گیرفانی ئەم وڵاتانەدایە. ئێستا دەبینین کە ئەمریکا بووە بە دەوڵەتی ناوەندی جیهان،  داوای ئەو تاپووانە دەکات و دەیەوێت لە گیرفانی  ئینگلیز و فەرەنسا دەردیانبهێنێت و ئەو سیستەمە دەوڵەتییەی کە لە سەر بنەمای پەیمانی سایکس-پیکۆ دامەزرابوو دەیرۆخێنێت. رووداوەکانی جیهان و بەسەرهاتی ڤێنیزوێلا و عێراق و سوریا و ئێران لەم ساڵانەی دواییدا ئەم راستییە بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش دەخاتە بەرچاومان.

هەروەها کاتێک کە لە مێژووی دەوڵەت-نەتەوە دەکۆڵینەوە و شەن و کەوی دەکەین دەبینین کە زۆربەیان جینۆسایدێکیان لە کارنامەدا هەیە. دەوڵەت–نەتەوە لە سەر جینوساید دامەزراوە. بە دیمۆکراسی دانەمەزراوە. بۆ نموونە دەوڵەتی ناوەندی  ئەمڕۆی جیهان کە ئەمریکایە لە سەر گۆڕی ئەو سوورپێستانە دامەزراوە کە جینوساید کران و ئەوەی لێیان ماوەتەوە وەک کەرەستەی موزەخانە سەیریان دەکرێت. ئەگینا خەڵکی رەسەن ئەمریکا، ئینگلیزی زمان نەبوون. هەروها وڵاتانی ئەمریکای لاتین ئێستا هەموو بە ئیسپانی قسە دەکەن. بۆ؟! چۆنکە هەموو خەڵکە رەسەنەکەی لە لایەن دەوڵەتی ئیسپانیاوە کۆمەڵکوژ کران. دەوڵەتی تورکیاش لە سەر مەزاری کورد و ئەرمەن و رۆم و ئاسووری و ئێزیدی دامەزراوە. خەڵکی تورکیا ئێستا هەموو بە تورکییەک قسە دەکەن کە ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش نەبوو.  هیتلەر کاتێک کە کۆمەڵکوژی یەهوودییەکان دەکات، ئیلهام لە مستەفا کەمال ئاتاتورکەوە وەردەگرێت. ئەمە بە بەڵگەی مێژوویی هەموو سەلمێنراون. چیرۆکی روسیا و ژاپۆن و فەرەنسا و پۆرتۆگال و بریتانیا و هۆڵەند و هێند و پاکستان و هتد زۆر جیاواز نییە.

هەربۆیە ناتوانین لە ناو دەوڵەتدا لە دیمۆکراسی بگەڕێین. دەوڵەت جێگای دەسەڵاتپارێزییە، نەک دیمۆکراسی.  دیمۆکراسی لە هەناوی کۆمەڵگایە. کۆمەڵگاکان بە درێژایی مێژوو بە پشتبەستن بە دیمۆکراسی خۆیانیان بەڕێوەبردووە. رەنگە بە شێوەی ئەمڕۆ سندووقی دەنگدان نەبووبێت، بەڵام هەمیشە جۆرێک لە بڕیار و کاری هاوبەش و هەرەوەزی  هەبوووە. دیمۆکراسیش هەر ئەوەیە. داینامۆی پەرەسەندن و پێشکەوتنی مێژووش ناکۆکی نێوان سیستەمی دیمۆکراسی کۆمەڵگا-کۆمینە لە گەڵ دەسەڵاتداری و دەوڵەت. ناکۆکی چینایەتی تەنیا بەشێکە لەم ناکۆکییە سەرەکییە. دەوڵەت کاتێک دیمۆکراتیزە دەبێت کە کۆمەڵگای لە دژی دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە تێکۆشانی دیمۆکراتی بکات. ئەو تۆزە دیمۆکراسی و حقوقەش کە لە ناو هەندێک لە دەوڵەتاندا هەیە، نەک لەبەر لوتف و دڵڕەحمبوونی دەسەڵاتدار و دەوڵەتمەدارەکان، بەڵکۆ لە سایەی تێکۆشانی کۆمەڵگادا هاتۆتە ئاراوە، تێکۆشانی کۆمەڵگا سنورێکی بۆ دەسەڵاتی ئەوان داناوە، لەغاویانی کردووە و تا ڕادەیەک هاوسەنگی هێزی گەڕاندۆتەوە، ناچاریان کردووە دەستور و یاسا دابنێن. هەموو سیمبۆلەکانی تێکۆشانی ئازادی و دیمۆکراتی لە هەناوی کۆمەڵگاوە دەرکەوتوون نەک لە ناو دەوڵەت و دەسەڵاتدارانەوە. دەوڵەت هەمیشە هەوڵیداوە ئەم سیمبۆلانە پاکتاو بکات.

نووسەری بەڕێز پێ وایە کە دیمۆکراسی لە دەوڵەت-نەتەوەدایە. دەڵێیت: “دەوڵەت-نەتەوە ئەو چوارچێوە دامەزراوەیی و سیاسی و مێژووییە بووە دیمۆکراسی تیایدا گەشەی کردووە و پیادە کراوە…… لە مێژووی هاوچەرخدا لە دەرەوەی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە بیرکردنەوە لە دیموکراسی و ئەگەری پیادەکردنی لە وەهمێک زیاتر هیچیتر نییە.” ئەمە لە کاتێکدایە گەورەترین وەهم ئەوەیە کە دیمۆکراسی لە چوارچێوەی  دەوڵەت-نەتەوەدا گریمانەی بۆ بکرێت. مێژووی دەوڵەت و مێژووی دیمۆکراسی لێک جیاوازن. مرۆڤ بە بێ دەوڵەت دەتوانێت بژیت، بەڵام بە بێ دیمۆکراسی و بە بێ کۆمەڵگا ناتوانێت بژیت. چۆنکە دیمۆکراسی و بڕیار و کاری پێکەوەیی مرۆڤەکان خودی شێوازی هاتنە بوونی کۆمەڵگایە. ٩٨%ی کۆی مێژووی ژیانی مرۆڤایەتی بە بێ دەوڵەت تێپەڕ بووە. سیستەمی دەسەڵاتدار لە جیهاندا، لە هەموو شوێنێکدا، لە رێگەی دەزگاکانی وەک پەروەردە و میدیاوە وەهمێکی وەهای دروست کردووە کە گوایە بەر لەوەی دەوڵەت-نەتەوە بێتە کایەوە، لە نێوان گەلان، قەبیلەکان، عەشیرەتەکان، خێڵەکان شەڕ هەبووە و یەکترییان قەتڵوعام کردووە. لە کاتێکدا رێک پێچەوانەکەی راستە. گەلان زۆربەی کات بە ئاشتی پێکەوە ژیاون. ئەوەی کە لێیانی تێکداوە، دوژمنایەتی لە نێوان گەلاندا و تەنانەت لە ناوخۆی یەک گەلی دیاریکراویشدا دروست کردووە دامەزراوەی دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆسەپێنی دەوڵەتە. شەڕی یەکەم و دووەم و سێهەم جیهانی و بۆمبی ئەتۆم و کوژرانی بە دەیان ملیۆن کەس بەرهەمی دەسەڵاتی دەوڵەتەکانە.  با بێینە سەر باشوری کوردستان. ئارەزووی بوون بە دەوڵەت و ئارەزووی دەستبەسەردا گرتنی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، کۆمەڵگای باشوری کوردستانی تا چ رادەیەک لە سەر فڵان رەنگ و فڵان زۆن دابەش کردووە؟! با لە نەوەدەکان گەڕێین، ئایا ئێستا هەموو رۆژێک رەهەندەکانی ئەم دابەشبوونە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییەوە بگرە تا دان و دەخڵ و دەرمانی دەواجینەکان نابینین؟ ئەی باشە ئەم کۆمەڵگایە کە ئاوا بە سەر جۆمگەکان و جەمسەرەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدا دابەشکراوە بۆ لەسەر بابەتی رۆژئاوا هەموویان بە هەموو رەنگەکانەوە  یەک دەگرن و یەکدەنگن؟! بۆ ئەو هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە لە باشوردا بۆ بابەتی رۆژئاوا هەیە، لە پێناو خودی باشوردا نییە؟!  هۆکاری سۆسیۆلۆژی  و مێژویی ئەم هەڵوێستە چییە؟!

بۆ ئەوەی گەوهەری دەوڵەت-نەتەوە بە باشی بناسین، پێویستە سەیری دوورگەکەی جێفری ئێپستین بکەین. دوورگەکەی جێفری ئێپستین تاقیگەی دەوڵەت-نەتەوەیە لە سەردەمی مۆدێرندا. پوختە و کورتکراوەی دەوڵەت-نەتەوە دوورگەکەی جێفری ئێپستینە. ئەم دوورگەیە نیشان دەدات کە سەرۆک و دەسەڵاتداری دەوڵەت-نەتەوەکان پێویستە چ جۆرە کەسایەتی و  ئەخلاقێکیان هەبێت. زۆربەی دەسەڵاتدارەکانی دەوڵەت-نەتەوەکان، بە یەهوودی و مەسیحی و موسڵمان و کافریەوە، یان بوون بە میوانی دوورگەکەی جێفری ئێپستین و دەستدرێژییان کردە سەر کچانی منداڵ،  یان کەرەستەی ماددی و مەعنەوییان بۆ ئەو دوورگەیە ناردووە (وەک ناردنی فەرشی کەعبە لە لایەن دەسەڵاتدارانی خەلیجەوە، ناردنی منداڵی کچ لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە) و یان بۆ خۆیان دوورگەیەکی لەو شێوەیان هەیە،  یان وەک مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین گوتی باخێکیان هەیە. هەر کەسێک کە بیەوێت لە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە تێبگات، ئەگەر کاتی خوێندنەوەی پەرتووکی نەبوو، تەنیا لە سەر دوورگەی ئێپستین تێڕامان بکات بەسیەتی، هەموو شتێکی بۆ روون دەبێتەوە.  پارادایمی دوورگەی ئێپستین ئەمەیە: کۆیلەکردنی مرۆڤ، کۆیلەکردن و دەستدرێژی کردنە سەر ژن، خاپورکردنی ژینگە.

لەم دونیایەدا دوورگەیەکی دی هەیە کە رێک پێچەوانە و دژی دوورگەکەی ئێپستینە، لە پارادایمدا، لە سیاسەتدا، لە ئەخلاقدا پێچەوانەیە. ئەو دوورگەیەش دوورگەی ئیمرالییە و خاوەنی ئەو پارادایمەش رێبەر ئۆجالانە. کێ رێبەر ئۆجالانی دەستگیر کرد و بردی بۆ ئەم دوورگەیە؟! بێگومان خاوەن پشکەکانی دوورگەکەی جێفری ئێپستین، واتە دەسەڵاتدارنی دەرەجە یەکی  ئەوکاتەی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەریتانیا. ئەمانە کێین؟! سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا “کلینتۆن”، شازادەی بەریتانیا “ئاندرو” و سەرۆک‌وەزیرانی ئەو کاتەی ئیسرائیل. گرنگە بزانین کە رێبەر ئۆجالان بە گەلەکۆمەی ئەم کەسانە ڕفێنرا، وەک بارمتەیەک رادەستی تورکیا کرا و ئەوە ٢٧ ساڵە زیندانی و  گۆشەگیر کراوە. بەڵگە و دۆکیومێنتەکان ئاشکرای دەکەن کە لە هەمان ساڵدا بە سەدان کچی منداڵ لە باکووری کوردستان و تورکیا رفێندراون و رادەستی دوورگەکەی جێفری ئێپستین کراون. رێبەر ئۆجالان لەبەرامبەر ئەم زۆڵمە چۆن بەرخوەدانی کرد و چۆن دوورگەی ئیمرالی کردە قەڵایەکی بەرخوەدان لەبەرامبەر دوورگەی ئێپستین؟ ئەو بەرلە هەموو شتێک بەرخوەدانێکی فکری و فەلسەفی کرد. پارادایم و مەنزوومەیەکی مەعریفی دروست کرد رێک پێچەوانەی پارادایمەکەی دوورگەی ئێپستین. وەک خۆی دەڵێت “فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی، وەک فورمیلەیەکی سیحراوی” لەم دوورگەیەدا داڕشت. دوورگەی ئیمرالی کردە شوێنی داهێنانی مۆدێرنیەتی دیمۆکراتی و کۆمەڵگای دیمۆکراتی دژ بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری.

شۆڕشی کوردستان شەڕ و ململانێ نێوان پارادایمی دوورگەی ئێپستین و پارادایمی دوورگەی ئیمرالییە، شەڕ و ململانێ نێوان قوتابیانی دوورگەی ئێپستین و قوتابیانی دوورگەی ئیمرالیە. لە رۆژئاوای کوردستان هەڵگرانی فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە دژی هەڵگرانی فەلسەفەی دەستدرێژی و کۆیلایەتی ئیپستین لە ناو شەڕ و بەرخوەداندان. شەڕ و بەرخوەدانی شەهید زیاد حەلەب و شەهید دەنیز چیا پێویستە لەم چوارچێوەیەدا واتادار بکرێت، واتاکەشی هەر ئەوەیە. “زیاد حەلەب” و “شەهید دەنیز” قوتابی دوورگەی ئیمرالین، ئەوانەی دژبەریش قوتابی دوورگەی ئێپستینن، چەتەی سەر بە تیرۆریستێکن بە ناو جۆلانی. جۆلانی کێیە؟ ئەو کەسەیە کە ترامپی هاوڕێ دێرینی ئێپستین جل و بەرگی جیهادی لەبەر داکەند، تاقم و بۆینباخی کردە بەر و هێنایە سەر دەسەڵات، لە بەر چاوی هەموو دونیاوە.  لە کارنامەی جۆلانیدا بە سەدان رووداوی ئێپستین‌ئاسای کوشتن و دەستدرێژی هەیە، لە شەنگالەوە بگرە تا حەلەب، لە مۆسڵەوە بگرە تا ئێدلێب. ئەو کەسەی کە شەهید دەنیز چیای لە نهۆمی چوارەمی بینایەک لە حەلەب فڕی دایە خوارەوە، ئەو کەسەی کە کەزی کچە شەرڤانێکی شەهیدی لە بازاردا دەفرۆشت، هەموویان سەر بە فەلسەفە و بیر و باوەڕ و سیاسەت و کرداری دوورگەی ئێپستینن. شۆڕشی کەزی کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” پەرەیسەند بەرخوەدانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی بوو لە دژی چەتەکانی سەر بە دوورگەی ئێپستین.

شەڕ و ململانێ نێوان دوورگەی ئێپستین و دوورگەی ئیمرالی کاریگەری لەسەر هەموو جیهانیش دادەنێت. لە لایەکەوە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” سنوورەکانی کوردستان تێدەپەڕێنێت و لە هەموو دوونیادا بڵاو دەبێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دیمەنی فەزاحەتی کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و گێچەڵکرن بە کچان سنووری دوورگەی ئێپستین تێدەپەڕێنێت و لە هەموو دونیادا بڵاو دەبێتەوە.

رەخنە و تێڕوانین و بیر و بۆچوونەکانی رێبەر ئۆجالان سەبارەت بە گەوهەری دەوڵەت-نەتەوە لە لایەن هەندێک کەسەوە بە ئەنقەست وا لێکدەدرێتەوە کە ئەو لە دژی قەوارەیەکی کوردییە، لە دژی ستاتۆیەکی کوردییە. تەنانەت هەوڵدەرێت وەک دوورکەوتنەوە لە نەتەوایەتی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. گوایە رێبەر ئاپۆ دەستی لە نەتەوایەتی و کوردبوون بەرداوە.

با شیکردنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ چەمکی دەوڵەت-نەتەوە لە ناو کورددا بکەین. کورد لە بەر ئەوەی کە لە لایەن دەوڵەتانی سەردەستەوە و لە سەر ناوی نەتەوەیەکی دیاریکراو بەردەوام چەوسێنراوەتەوە، ئەو قەناعەتەی لا دروست بووە کە ئەگەر ئەویش خاوەن دەوڵەت بێت، کەس ناتوانێت ئێدی زۆڵمی لێبکات. ئەم قەناعەتە قابیلی تێگەیشتنە. چۆنکە تاکە مۆدێل و قەوارەی بەڕێوەبەرایەتی و دەسەڵاتداری کە لەبەر چاو بووە تەنیا مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەیە. داخوازکردنی دەوڵەت لە بنەڕەتدا داخوازکردنی قەوارە و ستاتۆیەکی گەرەنتیکراوە کە ماف و ئازادییەکانی تیادا دەستەبەر بکرێت و زوڵم و چەوسانەوە نەمێنێت. بەڵام کە لە نزیکەوە سەیری دەوڵەت-نەتەوەکان دەکەین دەبینین کە راستە دەوڵەتێک لە سەر ناوی نەتەوەیەک دامەزراوە، بەڵام ئەو دەوڵەتە بەر لە هەموو شتێک زۆڵم لەو نەتەوەیە دەکات کە لە سەر ناوەکەی دامەزراوە. دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق بە درێژایی مێژوو چ زوڵمێکیان لە نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب کردووە هەموو لەبەر چاوە. ئەو دەوڵەت نەتەوەی کە ناوی ئێرانی و فارسی لەسەرە دوو مانگ لەمەوپێش لە ٢ شەودا ٣٢هەزار فارسی نەکوشت؟! رێبەر ئۆجالان کە ئەم کێشە گەوهەرییەی دەوڵەت-نەتەوە و قەیرانە هەنووکەیەکەی دەبینێت، جۆرێکی دی لە قەوارە و ستاتۆ بۆ چارەسەری پێشکەش دەکات کە کورد خاوەنی ئیرادە و بڕیاری خۆی بێت، هەموو مافەکانی دەستەبەر کرابێتن بەڵام لە نەخۆشییەکانی دەوڵەت-نەتەوە وەک نەتەوەپەرستی، رەگەزپەستی، ئایینپەرستی دوور بن، پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان و ئایینەکان بە بنەما بگیردرێت.

نووسەر ئەم بۆچوونەی رێبەر ئۆجالان وەک شتێکی خەیاڵی و وەهمی و گریمانەکراو و ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت بە گروپێکی پەراوێزی دیاریکراو وێنا دەکات و پێی وایە کە ئەم فەلسەفەیە نامۆیە بە نەتەوەی کورد، لە رۆژئاوای کوردستان شکستی هێناوە و ئەوەی کە رۆژئاوای رزگار کرد کوردایەتییەکی ترە کە دەوڵەت-نەتەوە بە بنەما دەگرێت. الحق و الانصاف!!!

ئەگەر فەلسەفەی رێبەر ئۆجالان وەهم و پەراوێزخراو و گریمانەکراوە، ئەی بۆ لێدوان و هەنگاوەکانی دەبنە مانشێتی هەواڵەکان لە سەرتاسەری جیهان؟ ئایا ئەمە نیشانەی پەراوێزبوونە یان ناوەندبوون؟! با نووسەر لە خۆی بپرسێت تا ئێستا لە سەر ئەم شتەی کە  پێدەڵێت  “خەیاڵ و وەهم و گریمانە”، بۆ خۆی چەند گوتاری نووسیوە و چەن وتار و لیدوانی داوە و کۆڕ و کۆبوونەوەی کردووە؟ لە چەند تی‌ڤی‌دا قسەی لەسەر کردووە؟ بۆ پێویست دەکات مرۆڤێک لە سەر شتێکی وەهم و گریمانەکراو هێندە قسە بکات و بنووسێت؟

ئەمە لە کاتێکدایە ئەو ئەدەبیاتەی کە خودی نووسەر قسەی پێدەکات، زۆربەی ئەو دەستەواژانەی کە بۆ بابەتی نەتەوەیی بەکاری دەهێنیت بەرهەمی هەمان ئەو رێباز و ئایدیۆلۆژیایەن کە ئەو بە “خەیاڵ،  وەهم  و گریمانە” ناوی دەبات. ئایا بەر لە دەرکەوتنی رێبەر ئۆجالان و پەکەکە کێ باسی قەوارەیەک بە ناوی “رۆژئاوای” دەکرد؟ تەنانەت کاتێک کە بۆ یەکەم جار باسی “باکور”، “باشور”، “رۆژهەڵات” و “رۆژئاوا” دەکرا، زۆر کەس گاڵتەی پێدەهات، دژایەتی دەکرد، دەیگوت ئێوە شێتن، بە وەهم و گریمانە ناوی دەبرد. ئێستا هەموو بوون بە واقیع و بوونەتە چەقی ئەدبیاتی سیاسی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان. ئەو کاتەی کە هێشتا هیچ ناونیشانێک لە رێبەر ئۆجالان و پەکەکە نەبوو، ئەدەبیاتی سیاسی حزبەکان  پڕ بوو لە “کوردستانی سوریا”، “کوردستانی تورکیا”، “کوردستانی ئێران” و “کوردستانی عێراق”. زۆربەی حزبەکان یان پاشگر و داشێکی عێراقی و ئێرانی و تورکی و سوری‌یان پێوە بوو، یان لە سەر ئەم داش و پاشگرە شەڕیان بوو.  ئەوەی کە “رۆژئاوا” و “رۆژهەڵات” و “باشور” و “باکوری” وەک چەمک، وەک واقیعی سیاسی خستە ناو ئەدەبیاتی سیاسی کوردستان و جیهان، خەبات و تێکۆشانی رێبەر ئۆجالان و پەکەکەیە. بەڵام لای نووسەر ئەم تێکۆشانە هێشتا وهمە! تەنیا لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی ئەوە دەسەلمێنێت کە لە ٥٠ ساڵی رابردوودا گوتاری نەتەوایەتی کوردی لە هەر چواربەشی کوردستان لە پەیوەندی و دۆستایەتی یان لە دوژمنایەتی و دژایەتی لەگەڵ رێبەر ئۆجالان و پەکەکەدا گەشەی کردووە. ئەو نەتەوایەتییەی کە بەڕێز نووسەر مەبەستییەتی ئەگەر تەنیا شتێکی لە ئەدەبیاتی سیاسی کورد زیاد کردبێت “مووچە”یە و “تەیف سامی”.

 با پرسێکی پێچەوانە بکەین. دوژمنانی کورد لەم ٥٠ ساڵەی دواییدا تا ئێستا زۆرترین کۆبوونەوە، پەیمان و رێککەوتن و لێکتێگەیشتن و گەلەکۆمەیان لە دژی کێ کردووە؟ کێ زیاتر لە هەمووان بووە بە چەقی گفتوگۆکان و ئامانجی هاوبەشی پەلامارەکانی ئەم دوژمنانە؟ ئەم هەموو دەوڵەتە، کە هەموو واقیعی داسەپاوی سەر ئەرزن، بۆ بێن لە دژی شتێکی وەهم و خەیاڵ و گریمانەکراو و پەراوێزخراو رێککەوتن بکەن؟ رێککەوتنی ئادانا، رێککەوتنی ئاستانا، رێککەوتنی سووچی، لەم دواییانەش رێککەوتنی پاریس.  با زۆر دوور نەڕۆین، هەر بە زوانی شیرینی کوردی لەم فواد حسێنەی خۆمان بپرسین، وەک وەزیری دەرەوەی عێراق، تا ئیستا لە گەڵ هاکان فیدان چەند رێککەوتنی و لێکتێگەیشتنی هاوشێوەی پەیمانی جەزایری لە دژی رێبەر ئۆجالان و پەکەکە واژۆ کردووە؟! ئەگەر تۆزێک بە ویژدانەوە وڵام بداتەوە مسۆگەر  دەڵێت “بە دەیان”.

راستە، خۆپشاندانەکانی باشوری کورستان و هەست و هەڵوێست و بیری نەتەوایەتی  دەوری چارەنووسساز و مێژوویی گێڕا لە پاراستنی دەسکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستاندا. بەڵام نە بەو شێوەیە کە نووسەر فۆرمیلەی دەکات کە گوایە “ئایدیۆلۆژیای گریمانەیی” رۆژئاوا شکستی هێنا و کوردایەتییەکی دی رزگاری کردووە. بەڵام خەڵک وا ناڵێت، حەقێقەتەکە باشتر دەبینێت. خەڵک دەڵێت کە رۆژئاوا هەموو کوردی زیندوو کردەوە و یەکی خست. با بپرسین مەگەر هەمان هەست و هەڵوێست و بیری نەتەوایەتی و کوردبوون لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ناو گەلی باشوری کوردستاندا نەبوو؟! بێگومان هەبوو و زۆریش بە هێز بوو. ئەی بۆ لە دژی هێرشکردنی حەشدی شەعبی لە سەر کەرکووک و خانەقین و شەنگال، گەلی باشوری کوردستان سەفەربەری رانەگەیاند و گەنجان بە خۆبەخشانە نەچووەنە بەرەکانی شەڕ؟! ئایا ئامادە نەبوو قوربانی بدات؟! بێگومان ئامادە بوو. ئایا ئەو کاتەش کەسی وەک شەهید ئەحمەد کەرکووکی و مورید گیان نەبوون؟! بێگومان هەبوون بە دەیان و سەدان هەزار هەبوون و ئامادەی هەموو جۆرە فیداکارییەک بوون.  ئەی بۆ نەکەوتنە جۆڵە؟! خۆ ئەو کوردایەتییە زۆرینە و ناوەندییەی کە نووسەر باسی دەکات، پێشەنگایەتی هەموو شتێکی دەکرد. ئەی بۆ شەقام نەجۆڵا!؟ نە لە باشور و نە لە بەشەکانی دی کوردستان؟! چۆنکە لە ناو ئەو کوردایەتییە ناوەندی و زۆرینە و ناوەندییەی کە نووسەر باسی دەکات کەس نەبوو بڵێ “نا”.

“فەلسەفەی ‘نا’ ناسنامە و داینامۆی کۆمەڵگەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتییە، فەلسەفەی نەتەوەبوون و کوردبوونە.”

کەسێک دەتوانێت بڵێت “نا” کە پشت بە کۆمەڵگا ببەستێت.  نەتەوەپەرستی سەرەتایی لەبەرامبەر نەتەوەپەرستی ناوەندی ناتوانێت بڵیت “نا”. کۆپی لە بەرامبەر ئەسڵەوە ناتوانێت بڵێت نا. فەلسەفەی “نا” ناسنامە و داینامۆی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی و نەتەوەی دیمۆکراتییە، فەلسەفەی نەتەوەبوون و کوردبوونە. ئەم فەلسەفەیە بووە بە عەقڵی ستراتیژی کورد. کورد بە دەیان ساڵە موتابعیەی ئەم فەلسەفەیە دەکات و لە ناخی خۆیدا هەست بە حەقێقەتەکەی دەکات. لە گەلەکۆمەی ١٥ی شوباتدا بینوویەتی، لە شەنگال و لە کۆبانێ بینیویەتی، لە سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” بینیوویەتی. هەربۆیە لە کاتی چارەنووسساز دا لەم عەقڵە بە خاوەن دەردەکەوێت. ئەگەر ئەو فەلسەفە و عەقڵەی کە لە پشت رۆژئاوای کوردستانەوە  لە بەرامبەر دوژمن نەیگوتبایە “نا”، یەک تاقە کەس نە لە باشور و نە لە بەشەکانی دی کوردستان و هەندەران نەدەهاتە سەر شەقام. یەک کەس جۆڵەی نەدەکرد. ئەگەر هاتبایە سەر شەقامیش هەر زوو دەستگیر دەکرا. هەموو کەس بێ ئۆمێد دەبوو و دەشکا. بەڵام هەموو کەسێک هێزی لە ئەو “نا”یەوە وەرگرت. هەموو کورد قووڵایی ستراتیژی خۆی لە رۆژئاوا و لە فەلسەفەی پشت خۆڕاگری رۆژئاوادا بینیەوە. بۆیە کاردانەوەیەکی وەها توندی نیشاندا. هیچ دەوڵەت-نەتەوەیەک ناتوانێت لەو ئاستەدا خۆپشاندانێکی وەها ملیۆنی رێکخستن بکات. ئەمە هێزی کۆمەڵگای دیمۆکراتی کورد نیشان دەدات.

نموونەیەکی دی بۆ ناتەوانی دەوڵەت-نەتەوە لە پاراستنی نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگادا، لە پاراستنی خودی نەتەوەدا، لە بابەتی غەززە دەردەکەوێت. کورد هێشتا نەبووەتە خاوەنی دەوڵەت-نەتەوە، بەڵام توانی بە پشتبەستن بە هێز و فەلسەفەی کۆمەڵگای دیمۆکراتی و بە خۆپشاندان لە هەموو کوردستان و چوار لای جیهان رۆژئاوای کوردستان رۆژئاوای کوردستان لە چارەنووسێک وەک چارەنووسی غەززە بپارێزێت. عەرەب ٢٢ دەوڵەت-نەتەوەیان هەیە و هەژماریان ٧ بەرامبەری کوردە، نیوەی نەوت و پارەی هەموو دونیا لای ئەوانە، چ چەکی پێشکەوتوو هەبێت کڕیویانە، بەڵام نەیانتوانی رێگە لە خاپوورکردنی غەززە و کۆمەڵکوژی خەڵکەکەی بگرن. هەموویان لە بەرامبەر ئیسرائیل دوش داماون. دەیان هەزار منداڵ کۆمەڵکوژ کران، ئایا لە مەککە و مەدینە و شام و قاهیرە و دوبەی و ئەبوو زەبی و کوەیت و عەممان سەرهەڵدانێکی کاریگەر وەک خۆپشاندانەکانی سلێمانیمان بینی ؟ هۆکارەکەی چییە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە دەوڵەت-نەتەوە رۆحی ئازادیخوازی و دادپەروەری لە ناو کۆمەڵگادا کوشتووە. بەرژەوەندیخۆازی و تاکپەرستی و دەسەڵاتپەرستی تا ئەو ڕادەیە پەرەی پێدراوە کە کەس ئامادە نییە بچووکترین قوربانییەک لە پێناو ئازادی و دادپەروەریدا بدات. ئایا عەرەب بەرلەوەی ببن بە دەوڵەت-نەتەوە ئازاتر و ئازادتر نەبوون؟

نووسەری بەڕێز سەبارەت بە بیرۆکەی برایەتی گەلان تێڕوانینی خۆی لە‌ چەند شوێندا هێناوەتە سەرزمان و پێشنیاری گۆڕینی ئەم بیرۆکەیە بۆ “برایەتی نەتەوەکان و نێوماڵی نەتەوەیی” کردووە. لێرەدا پێویست ناکات مرۆڤ وەک دۆگمایەک سەیری دەستەواژەکان بکات. بیرۆکەی برایەتی گەلان بە شێوازی جۆراوجۆر دەتوانرێت پێناسە بکردرێت، دەتوانرێت وەک “برایەتی نەتەوەکان و نێوماڵی نەتەویی”ش فۆرمیلە بکرێت. لەمەدا هیچ کێشەیەک نییە. گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ ناوەڕۆکی ئەو دەستەواژانە پڕ بکاتەوە و لە کار و خەباتدا پێویستییەکانیان پێک بێنێت. هێنانی نموونەیەک لە باکوری کوردستانەوە دەتوانێت ئەم خاڵە زیاتر روون بکاتەوە. لە باکووری کوردستان هەندێک پارت و رێکخراو هەن کە دروشمەکانیان لە هەدەپە و دەم پارتی زۆر رادیکاڵترن. بۆ نموونە داوای فیدراڵی دەکەن، داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکەن، تەنانەت لە هەندێک گوتار و سێمیناردا باسی سەربەخۆیی کوردستانیش دەکەن. هەر جی هەدەپەیە تەنیا داوای دیمۆکراسی دەکات و مافی پەروەردە بە زمانی دایک.  دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی زۆر جیاواز هەڵوێست لەبەرامبەر  ئەم دوو ئاراستەیە دەگرێت.  بە هەزاران لە ئەندامانی هەدەپە دەخاتە زیندانەوە و بە ٢٠ ساڵ و ٣٠ ساڵ و ٣٠٠ ساڵ سزایان دەدات. بەڵام کە دێتە سەر فیدراڵیخوازەکان و سەربەخۆخوازەکان، لە گوڵ کاڵتریان پێ ناڵێت. بۆ؟! چۆنکە دەزانێت ئەوانەی کە فیدراڵی و سەربەخۆییان دەوێت، دێن لێدوانێک دەدەن و کۆبوونەوەیەک دەکەن و دەچنەوە ماڵی خۆیان دادەنیشن و پاڵی لێدەدەنەوە، ئێدی بە تەمای خۆا. بەڵام هەدەپە وا نییە، لە ماڵ دانانیشێت، رێپێوان و میتینگ و شتی هاوشێوە دەکات، خەڵک پەروەردە دەکات، بۆ دیمۆکراسی و بۆ مافی پەروەردە شەو و رۆژ کار دەکات. واتە چی دەڵێیت هەوڵ دەدات ناوەڕۆکەکەی داگرێت و لە ناو ژیاندا پێکی بێنێت. هەربۆیە‌ چەندە دروشمەکان نەرمیش بن، هەر دەیانگرن و زیندانییان دەکەن.  لێرەدا مەبەست ئەوەی کە لە پێناو”برایەتی نەتەوەکان و نێوماڵی نەتەوەیی” پێویستە کار بکەین.

نووسەری بەڕێز لە پاشخانێکی ئایینیەوە دێت. بۆ برایەتی گەلان مرۆڤ دەتوانێت لە ئایینی ئیسلام و حەزرەتی محەمەد نموونە بهێنێتەوە. لە ئایینی ئیسلامدا چەمکی ئوممەت هەیە، واتە هەر کەسێک لە هەر نەتەوەیەک بێت، ئەگەر بە ئیسلام ئیمانی هێنابێت، بەشێکە لە ئۆممەتی ئیسلام و هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ عەرەبێک نییە. ئایەتی پیرۆز هەیە دەڵێت ” یا ایها الناس، انا خلقناکم من ذکر و انثی و جعلناکم شعوبا و قبائل لتعارفوا ان اکرمکم عند اللە اتقیکم ان اللە علیم خبیر”.

هەروەها پەیمان مەدینە هەیە، ئەم پەیمانە پەیمانی برایەتی و پێکەوەژیانە لە نێوان موسوڵمانی عەرەب و هەموو کەمە ئایینی و کەمە نەتەوەکانی دی. ئەم پەیمانە نزیکەی نیوەی ماددەکانی سەبارت بە پەیوەندی نێوان موسڵمانانن (مهاجرین و انصار) و و نیوەی زیاتری ماددەکانیش پەیوەستن بە رێکخستنی پەیوەندی نێوان موسڵمانانە لە گەڵ پێکهاتەکانی دی. واتە ئایینی ئیسلام و حەزرەتی محەمەد هێندە گرنگییان بە پێکەوە ژیان و برا و خۆشکایەتی لە نێوان گەلان و ئایینەکان داوە.

چەمکی نەتەوەی دیمۆکراتی،  برایەتی گەلان یان، برا و خۆشکایەتی گەلان، فۆرمێکی ئاپدەیتی هەمان چەمک و بۆچوونە بە گوێرەی گۆڕانکارییەکان و شەرت و مەرجی سەردەم. ئایەتی “ …. ان اکرمکم عنداللە اتقیکم… ” باس لە کەرامەت و تەقوا دەکات. نەتەوەی دیمۆکراتیش دەیەوێت کەرامەت و تەقوا بۆ مرۆڤ بگەڕێنێتەوە. کەرامەتی وەک کەرامەت و ئازادی ژن، کەرامەت و ئازادی مرۆڤ، کەرامەت و پاراستنی ژینگە.  تەقوا و خۆپارێزی لە ستەمکردن لە مرۆڤ، ستەم کردن  لە ژن و ستەم کردن لە ژینگە.

نەتەوەی دیمۆکراسی لەجیاتی ئەوەی کە خوێن و ‌DNA و رەنگی پێست و چاو بە بنەما بگرێت، ئەم زیهنییەت بە بنەما دەگرێت. واتە ئەگەر کەسێک بڕوای بە ئازادی ژن و ئازادی کۆمەڵگە، ئازادی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە هەبێت، لە چ نەتەوەیەک دەبێت با بێت، دەتوانێت ببێت بە ئەندامێکی نەتەوەی دیمۆکراتی و بە گوێرەی برایەتی گەلان هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت. کەسێک کە ئەم زیهنییەتەی نەبێت، نە وەک برا یان خۆشک، نە وەک کورد یان عەرەب و هتد، تەنانەت پێویستە وەک هەڕەشە و  مەترسییەک بۆ سەر ژن و بۆ کۆی مرۆڤایەتی و  بۆ ژینگە حیسابی بۆ بکرێت.

 لە کۆتاییدا، بزووتنەوەی ئاپوویی چ قوربانیدانێکی بۆ گەل و بۆ مرۆڤایەتی کردبێت، بە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی سەرشانی خۆی بەرامبەر بە مێژوو و گەل دەزانێت و منەت بە سەر هیچ کەس و لایەنێکدا ناکات و هەموو ئەندامانی، لە رێبەر ئۆجالانەوە بگرە تا ئەو گەریلایەی کە دوێنێ بەشدار بووە، چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک و بەرژەوەندییەک و هیچ ژیانێکی تاکەکەسی نە لەم دونیا و نە لە قیامەتدا ناکەن. بە پێجەوانەوە وەک شەهید “خەیری دوورموش” دیڵێت بەردەوام “قەرزاری گەلن” و رەخنە لە خۆ دەگرن کە پێویست بوو زۆرتر خزمەتمان بکردایە. بەڵام ئەگەر هەوڵدانێکی بەلارێدابردن یان چەواشەکردنی دەسکەوتەکان هەبێت، پاریزگاریکردن لە دەسکەوتەکانیش ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە نووسەری بەڕێز بە ئەنقەست چەواشەکاری کردبێت. خەمخۆری و هەڵوێستی نەتەوەیی و ویژدانی‌ بەڕێزیان لەبەر چاوە. بەتایبەت لە دوای بانگەوازییەکەی ٢٧ی شوبات یەکێک بوو لەو رۆشنبیرانەی کە زۆرترین هەوڵی هەبوو بۆ تێگەیشتن و بۆ هاوبەشی کردنی ئەم تێگەیشتنە لەگەڵ رای گشتی کوردستان. ئەم نووسینەی ئێستا تەنیا هەوڵدانێکە بۆ وەڵامدانەوەی کۆی هێرش و چەواشەکاری رێکخراو بۆ نکۆڵی کردن لە رۆڵی بزووتنەوەی ئاپۆیی لە کوردستاندا. چۆنکە نموونەی ئەمە زۆرن.

سەیری چیرۆک و گێڕانەوەی “فەرمییەکان” بۆ کۆبانێ و شەنگال بکەین. نکۆڵی لە رۆڵی پەکەکە دەکرێت. کەس باسی شەهیدبوونی ١٢٠٠ گەریلا ناکات لە شەڕی رزگارکردنی کۆبانیدا،  کەس باسی شەهید بوونی زیاتر لە ٢٠٠ گەریلا ناکات لە شەڕی پاراستنی ئێزیدییەکاندا. ئەم عێراقەی کە ئەو سەردەمە بە فەرمی لە زمانی سەرۆکوەزیرانەوە سپاسی پەکەکەی کرد لە بەر ئەوەی کە “نامووس و کەرامەتی مرۆڤایەتی پاراستووە”، و فەرماندەکانی سوپای عێراق لە گەریلا دەپاڕانەوە بۆ ئەوەی حەرەسی سەربازەکانیان بگرێت و تۆزێک ورەیان پێببەخشێت، ئێستا دەستی خستۆتە ناو دەستی هاکان فیدان و پەکەکەی قەدەخە کردووە، گوایە مەترسییە بۆ عێراق! لە سەردەمی راپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادیدا” هەندێک لایەن هەبوون شەن و کەوی هەموو ئەرشیف و پەرتووک و شیعر و هەڵبەستی کوردی ١٠٠ ساڵی رابردوویان دەکرد (پێم وانییە بە حەیاتیان هێندە پەرتووکیان خوێندبێتەوە) بەو هیوایەی بەڵکم لە شوێنێک ڕستەیەک بدۆزنەوە هاوشێوەی “ژن ژیان ئازادی” بێت و بتوانن بە پشتبەستن بەمە ئەم دروشمە لە رێبەر ئۆجالان و پەکەکە بدزن. ئاساییە، مێژووی دەسەڵاتخوازی مێژووی دزینی چیرۆکەکان و گۆڕینی گێڕانەوەکانە.

بابەتەکانی نووسەر
زاگرۆس هیوا
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.