پەیامی نەورۆزی ئامەد: بەبێ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ئاشتی سەرناگرێت
گەل لە مەیدانی ئامەدەوە هاواری ستاتۆی سیاسی و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی ئیمراڵی دەکات.

چەتین ئارکاش
لەتورکییەوە: نەجیبە قەرەداخی
سڵاو ئامەد
سڵاو کوردستان
بەخێربێن سەر سەر و سەرچاوان. لەسەر ناوی زیندانیان نەورۆزتان پیرۆز دەکەم. سڵاو شەهیدانی نەمرد مەزڵووم دۆغان، زەکییە ئەلکان و ڕەهشان و هەموو شەهیدانی ئازادیی. نەورۆز پیرۆز بێت. نەورۆزی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز بێت.
گەلی هێژامان…
لە تەواوی ژیانمدا یەکەمجارە بەشداری نەورۆزێکی ئاوا جەماوەریی دەکەم. هەر بۆیە زۆر بەجۆشوخرۆشم. وەک منداڵێک کە چاوەڕێی جەژن دەکات، چەند ڕۆژە بەم جۆشە دەژیم. قەرەباڵغترین نەورۆز کە خۆم تێیدا بەشدار بووبێتم، سیوپێنج ساڵ لەمەوبەر لە هۆڵی وەرزشیی عەبدولباقی لە ئەستەنبوڵ بوو. دەهەزار کەس بووین. کاتێک ئەو هەموو خەڵکەمان بینی، باوەشمان بە هاوڕێکانماندا کرد و بە دڵخۆشییەوە دەمانگوت ‘چەند زۆرین، چەند قەرەباڵغین’. زۆربەی ئەو هاوڕێیانەمان ئەمڕۆ لە نێوانماندا نین، زۆریان نەمر بوون. هەر بۆیە هەرچەندە قەرەباڵغ بین، بە هەمان ئەندازەش کەمین و هەست بە نەبوونی ئەوان دەکەین.
دەزانین کە بەهۆی ئەوان و ڕۆڵە بەنرخەکانی ئەم گەلەوەیە کە ئەمڕۆ بە ملیۆنان کەسین و لە هەموو شوێنێکین. هەر بۆیە لە لایەکەوە بەجۆشین بۆ بینینی ئێوە، لە لایەکی تریشەوە خەمبارین بۆ نەبوونی ئەوانەی کە دەبوو لێرە لەگەڵمان بن. دەمویست ‘جونەید، شەریف، مەحمەد، جیداغ، چەتین’ بە جەستە ئەم نەورۆزەیان بدیتایە. دەزانم ئێوە لێرەن، لەم مەیدانەن، لەگەڵمانن. لەم مەیدانەوە بەڵێنتان پێ دەدەین. ئەوانەشی لەسەر ئەو بەهایانەی ئێوە خوڵقاندتان، خەریکی بەرژەوەندیی تاکەکەسییان، سەریان دای لە بەرد. ڕێگەیان پێ نادەین.
هەست بەو کەسانە بکەن کە لەدەستمان دان، هەست بەو شتانە بکەن کە خوڵقاندوویانە و هەرگیز لەبیریان مەکەن. هەر گیانێک کە فیدا بوو، باشترین و هەڵبژاردەترین ڕۆڵەی ئەم گەلە بوو. ڕۆڵەی ئێوە بوو، ڕۆڵەی ئەم دایکە بەڕێزانە بوو. ئێستا هەستیان پێ بکەن لە ناو هاوارەکانتاندا، لە درووشمەکانتاندا، لە ناو تێکۆشاندا. هەموومان بەڵێنمان پێ داون، قەرزاری ئەوانین. ئەمە هەرگیز لەبیر ناکەین.
لە کاروانی ئەم تێکۆشانەدا زۆر دایک ڕۆڵەکانیان لەدەست دا. هەندێکیان هێشتا چاوەڕێی ئێسکی منداڵە بێ مەزارەکانیان دەکەن. ئێمە بە باجێکی گەورە گەیشتووینەتە ئەمڕۆ. یەکێک لە دایکە بەڕێزەکانمان لەم دواییانەدا کۆچی دوایی کرد. ئەو دایکە لەسەر جێگای نەخۆشیی کاتێک ماڵئاوایی لێ دەکردین، وەک ئەوە وابوو ماڵئاوایی لە هەموو ڕۆڵەکانی بکات. کۆتاقسەی ئەمە بوو: ‘با ڕەنجتان بەخەسار نەچێت، ڕۆڵەکانم سەرکەون، دەبێت هەر سەرکەون’. دوای ماوەیەکی کورت کۆچی دوایی کرد. لە کەسایەتیی ئەو دایکەدا، بەڵێن بە هەموو ئەو دایکە بەڕێزانە دەدەین کە کۆچیان کردووە یان لە ژیاندا ماون: سەر دەکەوین، بێگومان سەر دەکەوین.
دایکە بەڕێزەکان، ئەم نەورۆزە لە هەلومەرجێکی جیاوازدا دەژین. لە ناو پرۆسەیەکی ئاشتیی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتییدا کە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، پێشوازی لە نەورۆز دەکەین، کە ئەگەر سەرکەوێت هەموو کەس تێیدا براوە دەبێت. لەم سەدە نوێیەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شاهیدی تێکشکانی ئەو قەوارە سەد ساڵەیەن کە لەسەر نکۆڵیکردن لە کورد دامەزرابوو. دەپرسین: ئەو سەد ساڵەی کە بە نکۆڵیی لە کورد تێپەڕی، چی بۆ کێ بەدەست هێنا؟ ئەم بازنەیەی کە لە دەوری نکۆڵیی، تواندنەوە و ڕاپەڕین درووست بووە، دەبێت بشکێنرێت. تا کەی نەتەوەیەک کە ژمارەی دەگاتە شەست ملیۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فەرامۆش دەکرێت؟
گەلی نەورۆز سەر دانانەوێنێت بۆ ئەو نکۆڵییەی سەد ساڵە بەسەریدا سەپێنراوە. تێکۆشانی مان و نەمانی بردەوە و ئەمڕۆش لەم نەورۆزەدا تێکۆشانی ئازادیی دەباتەوە. کورد ئێستا بۆ داننان بە پێگەی یاسایی خۆی تێکۆشان دەکات. ئەم مەیدانە هاوار دەکات کە کورد هەیە و دەبێت ببێتە خاوەن ستاتۆ؛ هاوار دەکات کە کوردیش وەک هەموو گەلانی خوشک و برای ئەم جوگرافیایە، مافی خۆیەتی بە سەربەرزیی و ئازادیی لە نیشتمانی خۆیدا بژیت. ئەم مەیدانە دەڵێت کورد بە ڕۆحی ‘کۆمۆن’ خۆی سەرلەنوێ دەخوڵقێنێتەوە و بە ڕۆحی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ ژیانێکی نوێ بنیاد دەنێت.
وەرن با بەم نەورۆزە، نەریتی بەرگریی و ڕاپەڕین، کۆبوونەوەی گەورەی گەلانی لێ زیاد بکەین. پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ کورددا درووست بکەن، بە ناو و بە جەستە و بە هەموو بوونییەوە. هەروەها دەبێت ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باشوور و باکوور بە ڕۆحی یەکگرتنی دیموکراتیی، یەکێتی نەتەوەیی خۆیان بەدەست بهێنن. نابێت کەس ئەمە وەک هەڕەشە ببینێت، بەڵکوو دەبێت وەک یەکگرتنەوەی گەلێک پێناسە بکرێت. ئەم نەورۆزە بووەتە جەژنی یەکێتیی نەتەوەیی کورد.
“هەرکەسێک کورد قەبووڵ بکات، دەبێت مێژوو، جوگرافیا و ڕێبەرایەتییەکەشی قەبووڵ بکات؛ ئیدی دیلبوونی ئیمراڵیی ناتوانێت بەردەوام بێت.”
دەزانین ئاشتیی پێویستی بە ئازایەتیی هەیە. ڕەنگە بە پەلە نەکرێت، بەڵام ئەگەر دەرفەتێک هەبێت، هەنگاوی خێرا دەخاتە ئەستۆمان. ئەگەر دەوڵەت هەنگاوی پێویست بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە نەنێت، دەبێت بزانرێت کە جارێکی تر بەدەستهێنانی دەرفەتی چارەسەری قورس دەبێت. بۆیە لێرەوە دووبارە دەڵێین: ئازاتر بن، هەنگاوی پێویست بۆ ئاشتیی بنێن. هەرکەسێک کورد قەبووڵ بکات، دەبێت مێژوو، جوگرافیا و ڕێبەرایەتییەکەشی قەبووڵ بکات. ئیدی دیلبوونی ئیمراڵیی ناتوانێت بەردەوام بێت. دەبێت پێگەی یاسایی ڕێبەر ئاپۆ ڕوون بێتەوە و هەلومەرجێک بڕەخسێنرێت کە بتوانێت بە ئازادیی کار بکات و پەیوەندیی هەبێت. ئەگەر ئاشتیی بێت، دەبێت خودی ڕێبەر لە مەیدانی ئامەد بێت و لەم سەکۆیەوە بە ئازادیی قسە بۆ گەلەکەی بکات. دەبێت ئەوە ببینرێت کە کورد چارەسەری بێ ڕێبەرایەتیی قەبووڵ ناکات.
بۆ ئەوانەی دەیانەوێت وانەی کوردبوون و تێکۆشانمان پێ بدەن، وتەیەکی کەممان هەیە: ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی هەرگیز دەستیان لە ژیانی ئابڕومەندانە و ئازاد هەڵنەگرت. شەهید بووین، لە ناو بیرە ئەسیدەکاندا سووتێنراین، لە زیندانەکاندا فەوتاین، لە تاراوگە هەوڵی تواندنەوە درا، بەڵام هەرگیز کۆڵمان نەدا. هۆشیاریی کوردی ئازاد بەم شێوەیە درووست بوو و گەیشتووەتە خاڵێک کە ناگەڕێتەوە. وەک ئەو بەڵێنەی بە دایکان و شەهیدانمان داوە، ئەم تێکۆشانە تا سەرکەوتن بە هەمان بڕیارەوە بەردەوام دەبێت.
ئێستا کاتی ئاشتیی و یەکێتیی دیموکراتییە. با ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەین. ئەو دەرفەتەی ئێمە و جوگرافیاکەمان بەرەو داهاتوویەکی ئارام و گەشاوە دەبات، هێندە لێمانەوە نزیکە کە دەتوانین بە دەستدرێژکردن بیگرین. ئەو ڕۆژەی کە ئاشتییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ هەموو گەلان بەدەست دەهێنین و ڕێبەرایەتیی و هەموو هەڤاڵە زیندانییەکانمان ئازاد دەکەین، دەبێتە جەژنی ڕاستەقینە. ئەو ڕۆژانە دوور نین، تەنها با باوەڕمان بەوە هەبێت کە سەرکەوتوو دەبین. با زیاتر کار بکەین و تێکۆشان بکەین.
بەو هیوایەوە جەژنی نەورۆزی ئێوەی گەلی بەڕێز لەم مانگی ڕەمەزانەدا پیرۆز دەکەم.
بە خۆشەویستیی و ڕێزەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم.
سەردەکەوین، سەردەکەوین، سەردەکەین…



