وتووێژ

عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆمەڵناسێکی بلیمەتە

وتووێژی تایبەتی ئازادیی کۆمەڵگە لەگەڵ ئاندرێی گرووباچیچ

گفتوگۆی تایبەتی ئازادیی کۆمەڵگە لەگەڵ ئاندرێی گرووباچیچ

 

داگرتنی فایلی PDF

 

ئازادیی کۆمەڵگە: واتای سیستمی جیهانیی چییە؟

ئاندرێی گرووباچیچ: ڕاستییەکەی وەڵامی ئەم پرسیارە، بەندە بەو کەسەی پرسیارەکەی ئاڕاستە کراوە. بۆ من، سیستمی جیهانیی واتە سیستمی سەرمایەداریی جیهانیی. بە گشتیی لە پێواژیەکی دیرۆکییدا گەشەی سەندووە و هەڵڕەنگاوە، ڕسکانە مێژووییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزە، (سا بۆ ئەمەش بیر لە بە کۆیلەکردنی ئەفریقییاییەکان بکەنەوە لە ئەمریکا). سیستمی جیهانیی لەمانە پێک هاتووە: بازاڕی جیهانیی، دابەشکاریی نێونەتەوەیی کار و سیستمی دەوڵەتیی هەرێمیی[2]، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی سەرمایە ناکۆتا کەڵەکە بکرێت. سەرمایەداریی بریتیی نییە لە گەشەسەندن یان ئەوەی کەسێک ببێتە خاوەنی موڵكێکی تایبەت بە خۆی، بەڵكوو بریتییە لە کەڵەکە و بەکاڵاکردن. ئەو ڕاستییەشی وای کردووە ئەم پێناسەیە وەک گشتێک ببینین، پەیوەندیی بە ڕیزێک خاڵەوە هەیە:

 بەشێکی پەیوەندیی بە ڕەهەندە گشتییەکانی ئەو بابەتەوە هەیە. هەروەها لە هەندێك پانتاییشدا یەکدی سنووردار دەکەن، لێ هەر کردەیەکی فکریی و سیاسیی پێویستی بەوەیە بە لۆجیکی ئەو بابەتە ناوخۆییانەی نێو پرسە جیهانییەکان و لۆجیکی بابەت و پرسە جیهانییە پەیوەندیدارەکانی نێو پرسە ناوخۆییەکان، ئاشنا بێت. لەلایەکی دیکەوە ئەو کردە سیاسییە پێویستی بەوەیە ئاگاداری شێوەی ئەو ڕووداوە ناوخۆییە بێت کە ئەدگارێکی جیهانیی هەیە، ئەمە جگە لەوەی پێویستە ئەو کردە سیاسییە لە نموونە ناوخۆییەکانی نێو سیستمی جیهانیش تێبگات. هەروەک دەیڵ تۆمیچی هاوڕێم دەخوازێت ئاماژەی پێ بدات.

ئازادیی کۆمەڵگە: سیستەمی جیهانیی لە هەڵوێستەکانماندا دژی سەرمایەداریی چۆن یارمەتییمان دەدات؟

ئاندرێی گرووباچیچ: دەکرێت سیستەمی جیهانیی زۆر یارمەتیدەر بێت؛ ئەمەش بەر لە هەر شتێک لەبەر ئەوەی سیستەمێکە خودان پەیوەندییەکی هەمەجۆرە. بۆ ئەوەی بتوانین هێزی پانتاییە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان هێڵکێش بکەین، پێویستە سەرەتا پەنجە بخەینە سەر ڕەهەندە لۆکاڵییەکان. هەموو ئەمانەش دەربارەی پەیوەندییەکانی ئەم سیستەمەیە. سا بۆیە دەڵێم ‘نهێنیی’ یاخود بە واتایەکی تر، کێشەی سەرەکیی ژیانی هزرمەندیی و سیاسیی من بریتییە لە تێگەیشتن لە پەیوەندیی تێکەڵاوبوونی ڕەهەندە جیاوازەکانی سەرمایەداریی لەنێو یەکدیی و ئەو شێوازی پلەپەندیی و سەربەخۆییەی وا ئەم ڕەهەندانەی سەرمایەداریی پێک دەهێنێت و لێکیشیان هەڵدەوەشێنێت. تێگەیشتن لەم دۆخەش پەیوەندیی بە خواستی ئێمەوە هەیە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی ئەم سیستەمە بە پانتاییەکانی ترەوە. ئەمەی باسم کرد، هەر ئەو ڕێبازەیە وا سیستەمی جیهانیی دژی دوالیزم و میتۆدۆلۆجیی ناسیۆنالیزم پێشکەشمانی دەکات، کە ناوەندی لۆجیکی باوی زانستە کۆمەڵایەتییەکانن. هەر ئەمەشە وای کردوە دیالێکتیکی عەبدوڵڵا ئۆجالان بەو ڕێژەیە واتابەخش بێت، هەر بۆیە بەو چەشنە سانایە ئەم دیالێکتیکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆنکرێتییانە دەبێتە پێشەنگی شڕۆڤە سیاسییەکانی شۆڕشگێڕان.

ئازادیی کۆمەڵگە: چۆن هەڵسەنگاندن بۆ بیرۆکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان دەکەن لە پێشخستنی تیۆری سیستەمی جیهانییدا؟

ئاندرێی گرووباچیچ: عەبدوڵڵا ئۆجالان، کۆمەڵناسێکی بلیمەتە. ئەو توانی کۆتێزێک پێشکەش بکات، جا لە نێوان چەندین ڕوانگەی جیاوازدا، هەرە دیارترینیان؛ ئیمانوێل واڵەرشتاین، فێرناند برۆودێل، ماریا میس و مورای بوکچین و ئەندرێ گوندەر فڕانکیشە. سا هەر کۆتێزیک شتێکی نوێ دەئافرێنێت. ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجالان، کۆتێزێکی کراوەیە. عەبدوڵڵا ئۆجالان بە نووسینەکانی وای کرد ئەو شتە بێتە کایەوە وا پیەر بۆردیۆ ناوی نابوو ‘چەمکی کراوە’. لێکدانەوەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان وای لێ کردووین چوارچێوەیەکی ڕوونکەرەوەی نوێ چێ بکەین، ئەمەش بۆ ئەوەی دیاردە جیاوازەکان بهێنینە پاڵ یەکدی و جارێکی تر شڕۆڤەیان بکەینەوە، دیاردەی وەک؛ (هەرچەندە ناسراون، لێ پشتگوێ خراون) ڕیزپەڕ[3]، لەبرەوکەووتوو[4] و هەڵەمێژووییەکان[5].  زێدەتر، عەبدوڵڵا ئۆجالان وای لێ کردووین بۆ توێژینەوەکانمان پرسیاری نوێ بهێنینە گۆڕێ، ئەو پرسیارانەی کۆنکرێتییانە لەگەڵ کێشە سیاسییەکان دەستوپەنجە نەرم دەکەن. هەروەها چەمکە کراوەکەی جۆرێکە لە دەستێوەردانێکی ڕاستەوخۆی سیاسیی. لەلایەکی ترەوە، لیبڕاڵیزم جۆرێک لە سیستمی دووسەرەی بەرهەم هێناوە کە لە نێو هەناوی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە ڕسکاون، سیستەمێک لە نێو ململانێی کۆن و هاوچەرخدا، سا عەبدوڵڵا ئۆجالانیش ئەم سیستمەی تێک شکاندووە.  عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێگەیەک بۆ تێگەیشتن لە سیستمی جیهانیی وەک گشتێکی ئاڵۆز و چرکەساتێکی مێژوویی جیاواز و جۆراوجۆر، پێشکەش دەکات. ئێمە لە هەمان ‘ئێستا’ـدا ناژین: سەرمایەداریی بریتییە لە هاوزەمانییەکی توندوتیژانەی کات و کاتبەفیڕۆدانێکی پەتیی. عەبدوڵڵا ئۆجالان، ئاماژە بە بەفیڕۆدانی کات دەکات؛ بەفیڕۆدانی کاتێک کە بەهۆی دیموکراسییەکی پاشڤەڕۆ و ئامڕازە داگیرکارانەکانی سەرمایەدارییەوە هاتووەتە بوون. بۆیە پێویستە بیر لەم پرسە هەمەجۆر و کێشەئامێزانە بکەینەوە. پرسیار و بیرکردنەوە لە کات، کردەیەکی سیاسییە. شێوە ناسەرمایەداریی و نادەوڵەتییەکان بەشێکی کۆن نین لە گەشەسەندنی قۆناغێکی دیاریکراو، بەڵكوو ڕیزێک ئەگەری هاوچەرخن.

ئازادیی کۆمەڵگە: بزووتنەوەی چەپ لە جیهاندا چۆن دەتوانێت سوود لە بیرۆکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان وەرگرێت؟

ئاندرێی گرووباچیچ: لە هەندێک گۆشەی گرنگەوە، تەنانەت دەتوانم بڵێم لە هەندێک گۆشەی یەکجار بایەخدار و یەکلاکەرەوەوە. بیرکردنەوەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان، تێکشکاندنێکی نوێیە بەرانبەر نەریتیی جاکۆبینی نوخبەیی، کە خۆیان لە شۆڕشگێڕان و کەسانی خەباتکار پێ باشترە. عەبدوڵڵا ئۆجالان تیۆری مارکسیستیی و تیۆریی ئازادیی نەتەوەیی دەوڵەتگەرا لە سوبێکتێکی شۆڕشگێڕیی و فرەچەشن (چینی کارکەری پیشەسازیی یاخود خەڵك) دوور دەخاتەوە، لە هەمووی گرنگتر؛ ئەو دەوڵەت-نەتەوە پەرچ دەداتەوە. کۆمەڵگەیەکی کۆمیناڵی دیموکراتیی بریتییە نییە لەوەی وا ئەنگڵس ناوی ناوە کۆمەڵی دەرەمێژوو. بەڵكوو کۆمەڵگەیەکە تەواو پێچەوانەی ئەو کۆمەڵگەیە کە سەرمایەداریی پێشکەشی دەکات. کۆمەڵگەیەکە ئۆجالان واتەنیی بەرەنگاریی کۆمەڵکوژکردنی جڤات دەبێتەوە. ئەو پێی وایە کۆمەڵگەی ئازاد، کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆژییە، کۆمەڵگەیەکە لە سەر ئازادیی ژن بنیاد دەنرێت، کۆمەڵگەیەکە خودی ئۆجالان ناوی ناوە، ‘یەکەمین کۆڵۆنیی’، هاوڕێ لەگەڵ مێژووی پێنج هەزار ساڵ داگیرکاریی.

پێویستە ئایدیای کۆنفیدڕاڵیزمی جیهانیی ببێتە شابەرنامەی چەپی جیهانیی. ئۆجالان پێشنیاری جۆرێک لە فیدراسیۆنی جیهانیی دەکات تا ببێتە جێگرەوەی ڕێکخستنە پلەبەندەکانی نێوان دەوڵەتانی سیستمی سەرمایەداریی، ئەمەش بۆ ئۆجالان بریتییە لە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتیی؛ ئەمە جۆرێک لە گۆشەگیریی و دابڕانی جوگرافیی ناهێنێتە گۆڕێ، وەلێ بەکارهێنانێکی کۆمەڵناسییانەی جوگرافییایە. بۆ ئۆجالان، دیموکراسیی بێ بوونی دەوڵەت، گریمانەیەکە لە تۆڕێکی تێکەڵاو، کە بریتییە لە کۆمەڵە و فیدراسیۆنی جیاوازی ناکۆتا، جا بە هەموو قەبارە و شێوە و پلەیەکیانەوە. فیدڕاڵیزم وەک بنەمایەکی بنەڕەتیی ڕێکخستنی مرۆیی دێتە هەژمار. بەم چەشنەش پێناسە کراوە؛ کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیی بەرنامەیەک نییە بۆ گۆڕانکاریی سیاسیی، بەڵكوو هەوڵێکە بۆ ئەوەی کەسانێک بتوانن لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە مافی چارەی خۆنووسین بەدی بهێنن. هاوکات ئەو جوگرافیایەی وا کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیی لێ جێبەجێ کراوە، دەبێتە جێگرەوەی دەوڵەت. کۆنفیدڕاسیۆنێک؛ کە هەموو کاروبارەکان بە ڕێککەوتن و گرێبەست و ناوبژیوانی هاوبەش یەکلا دەکرێنەوە.

ئازادیی کۆمەڵگە: بە ڕای ئێوە گرنگترین ئاڵنگارییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستان دژی سەرمایەداری کامانەن؟

ئاندرێی گرووباچیچ: ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادیی کوردستان، بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی فرە سرووشبەخشی سەرپاکی جیهانە. بە سەرنجەوە پێویستە ئەوەش زیاد بکەم، هەروەها سەرکەوتووترین بزووتنەوەشە. بۆ نموونە ڕۆژئاوا بە تەنێ وەربگرە: ئەمە شتێکی سەڕسووڕهێنەر و غەریبوعەجیبە، سەرەڕای ئاڵەنگارییە سەختەکان، لێ تۆ بێیت شۆڕش بەرپا بکەیت. جا ئیدی چ شۆڕشێکیش؛ دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆی فێمینیستانە[6] لە نێو بڵێسەی ئەو جەنگەدا، لە جەرگەی گێژاوێکی خەستوخۆڵدا. ئەمەش دەستکەوتێک نییە هەروا سانا بەرگریی لێ بکەیت. ئاڵنگاریی هەرە گرنگ ئەوەیە چۆن بێ ئەوەی سازش لە بەها بنەڕەتیی و گرنگەکانی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی بکەیت، پراگماتیکییانە مامەڵە بکەیت. زلهێزەکان کاریگەرییەکانیان بەکار دەهێنن تا سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیی لاواز بکەن. بارودۆخی سەختی ئەوێ لە ڕووی بابەتییەوە، گەلێک بڕیاری سەرنجڕاکێش دەهێنێتە گۆڕێ، ئەمانە دەبنە هۆی گۆڕانکاریی لە پارادیمێکی نوێ بۆ تێکۆشانی کوردستان. تەڤگەری ئازادیی کوردستان، لە ڕۆژئاوا و هەر شوێنێکی دی، پێویستی بەوەیە خاڵە بەهێزەکانی بدۆزێتەوە، ئەویش لە پێناو پاراستنی بەشە هەرە گرنگەکانی پارادایمەکەی: نەتەوەی دیموکرات، خۆبەڕێوەبەریی دیموکرات و کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکرات.

——

ئافراندنەوەی ژیان: ئۆجالان

ئاندرێی گرووباچیچ: مێژووناس، تیۆرساز و چالاکوانێکی یۆگۆسلاڤاییە، دانیشتووی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و پڕۆفیسۆرە لە پەیمانگای توێژینەوەی یەکگرتووی کالیفۆرنیا و بەشی ئەنترۆپۆلۆژیی و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی دامەزراندووە. سەرنووسەری گۆڤاری توێژینەوەی سیستەمی جیهانییە. پاش مردنی پێشوەختەی ‘دەیڤید گرێبەر’ـی هاوڕێ و هاوکاری، گرووباچیچ وەک یەکێک لەو کەسە زۆر دەگمەن و دیارانەی دیدگای توێژینەوەی ئەنترۆپۆلۆژیای ئەنارشیستیی دەمێنێتەوە و سەنتەرەکەی لە سانفرانسیسکۆ تاکە پەیمانگای ئەکادیمییە لە ئەمریکا کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە ئەنترۆپۆلۆژیای ئەنارشیستیی.

لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە سەبارەت بە شۆڕشی ڕۆژئاڤا و ڕێبەر ‘عەبدوڵڵا ئۆجالان’ـی ڕێبەری زیندانیکراوی کورد دەنووسێت. هاوکات نووسەر و سەرپەرەشتی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکانە لە چاپخانەی (PM Press)، سەرپەرەشتی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک پەڕتووکی کردووە لەمەڕ کورد بە زمانی ئینگلیزیی، لەوانە پەڕتووکی «ئازادی سەردەکەوێت»، ئەم پەڕتووکە باسی ژیان و تێکۆشانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵڵا ئۆجالان دەکات.

پێش ئەوەی بچینە سەر ئەو گفتوگۆ تایبەتەی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە لەگەڵ پڕۆفیسۆر ئاندرێی گرووباچیچ سازی داوە، لێرەدا وەک پێشەکیی و دەروازەیەک و بۆ تێگەیشتن لە بیری ئەم پڕۆفیسۆرە لەمەڕ تەڤگەری ئازادیی کورد و ڕێبەر ئۆجالان، پوختەی دیدارێک دادەنێین کە لە ماوەکانی ڕابردوودا ئاژانسی هەواڵی فورات [1](ANF) لەگەڵی ئەنجام داوە.

پوختەی دیدارەکەی ANF

سەرەتا دەربارەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەدوێم. بنەما هەرە گرنگەکانی بیر و هزری دەسەڵاتی هاوچەرخ بریتییە لە هێز، بەڵام ئەوەی ئۆجالان پێشکەشی دەکات، پێچەوانەی ئەمەیە، جا بنەماکەی بۆ پێش مۆدێرنە  دەگەڕێتەوە و ماخۆی مێژووییەکی کەونارە، سا بۆیە ئەوەی ئۆجالان؛ بیرسا دیموکراتییەکەی دەسەڵاتە. سەبارەت بەم مژارە دەمەوێت بڵێم؛ ئایدیای هاوبەش لە نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و یوگوسلاڤیای پێشوودا هەیە، ئەمەش وای لێم کرد زیاتر لێکۆڵێنەوە بکەم. ڕۆژئاوا ئەزموونێکی گرنگ بوو تا پتر لە بزووتنەوەی دژەجیهانگیریی تێ بگەین. هەر بۆیە لە دەستپێکدا پێویستە ئەنارکیست و ئەنارکیزم لێک هەڵبوێرێن، بۆ وێنە پێویستە سەرەتا ئەنارکیستێکت هەبێت، ئەوجا بێژین ئانارشیزم لە واقیعدا وا لە گۆڕێ. ئەگەریش بڕیار بێت باسی داهاتووی چەپی جیهانیی بکەین، ئەوا بێگومان ئەو باسکردنەمان لە سەر بنامەی ئانارشیزم دەبێت نەک سۆسیالیزمی دەوڵەتیی. هاوکات داهاتووی چەپی جیهانییش پەیوەستە بەو لایەن و کەس و بیرمەندانەی وا دژی نەریتی نوخبەیی و ئەو نووسەرانە دەوەستنەوە کە هەڵوەدای سەرمایەداریین؛ ئەم کەسانەش هەر ئەوانەن بڕوایان بە کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتییە. بە گوزارشتێكی تر، ئەو کەسانەن وا بڕوایان بەو نەریتە ئانارشیستیی و سۆسیالیستییەیە کە هەنووکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کاری پێ دەکرێت. ئەو سۆسیالیزمەشی لە داهاتوودا دەمێنێتەوە، سۆسیالیزمی دژەدەوڵەتییە.

هەنووکە لە سەر پرسەکانی هێڵی چەپ و چەپگەرایی جیهانیی دەنووسم، بێگومان لەم بەستێنەدا سوود لە نەریتی واڵەرشتاین و عەبدوڵڵا ئۆجالان وەردەگرم سەبارەت بە مێژووی جیهان و سیستمە جیهانییەکان. دەتوانم بێژم تێکۆشانێکی مەزن بۆ پێناسەکردنی چەپی نوێی جیهانیی بەڕێوە دەچێت. دەتوانین وەک دوو هێڵی جیاواز هەڵسەنگاندن بۆ ئەم بابەتە بکەین. ئەو کەسانەی چاودار و پارێزەری هێڵی سیاسیی چەپی نوێن، هەر ئەوانەن وا مۆدێرنیتەی دیموکراتیی عەبدوڵڵا ئۆجالان بە بنەما دەگرن، کاکڵەی مۆدێرنیتەی دیموکراتییش کۆمەڵگەی مرۆیی بە بنەما دەگرێت. لە بەرانبەر ئەمەشدا تێڕوانینێکی تر هەیە، ئەم تێڕوانینە بریتییە لە تێڕوانینێکی نوخبەویی و چەندین کەسی جیاواز لەخۆ دەگرێت، ئەمانە خۆیان لە شۆڕشگێڕان بە باشتر دەزانن و دیدێکی جیاوازیان بۆ بابەتەکە هەیە.

دەتوانم ئەوەش بێژم، چەشنێک ڕێکخستن لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاوا بووە، بە بۆچوونی من، خاوەنی نەریتێکی ئانارشیستییە و بیرۆکراتیی نییە. ئەمەش وای کردووە لەوێ کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیی بڕسکێت. ئەم نەریتە هاوکات سۆسیالیستیشە، وەلێ سۆسیالیزمە کلاسیکەکە نییە، بەڵکوو سۆسیالیزمێکە کە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت نانوێنێتەوە، یانژی سۆسیالیزمێکە لە هەناوی ڕامانەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە دازاوە.  بیرۆکەکانی ئۆجالان جێگرەوەیەکی نوێن. ئافراندنێکی نوێن. خەونی چەپەکانی جیهانە. ئەمە لە ڕۆژئاوای کوردستان دامەزراوە و وا باڵا دەکات. پێویستە ڕۆحی ڕۆژئاوای کوردستان بە بیری چەپی نوێی جیهانیی بناسێنرێت.

عەبدوڵڵا ئۆجالان فەیلەسووف و کۆمەڵناسێکی زۆر گرنگە. لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و دژواردا و لە سۆنگەی چەند پەڕتووکێکەوە، بیرۆکەکانی خۆی پێشکەش کردووە، سا سرووشبەخشی ملیۆنان کەسە لە کوردستان و جیهان. هاوکات دەتوانین بڵێین ئەمڕۆ ڕۆژئاوای کوردستان هیوایەکی زۆر بە هەمووان دەبەخشێت. بە ڕاستیی سرووشبەخشی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی یەکجار بەرفراوانە. من لە باسی تەڤگەری ئازادیی کورددا دەڵێم؛ ئاستی ئۆجالان لە ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕ زۆر زیاترە. هەروەها ئۆجالان فەیلەسووف، کۆمەڵناس و بیرمەندێکی کاریگەرە. ئەمەش بۆ هەموو مرۆڤە دیموکراتیخواز و ئازادیخوازەکان گرنگی خۆی هەیە. کەسێتییەکی هەیە کە هەمووانی لەئامێز گرتووە. واتە بەکارهێنانی چەمکی ‘ڕێبەر’ بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، پڕبەپێستی خۆیەتی. بیرۆکەکانی ئۆجالان بوونەتە مەشخەڵی ڕێ بۆ زۆر کەس، کاریگەرییەکی باڵکێشی کردووەتە سەر مرۆڤەکان. لە ڕێی تێڕامانی فەلسەفیی و سیاسییەوە بیرۆکەکانی دەخاتە ڕوو.

دەبێت بە گرنگییەوە تەماشای بیرۆکەکانی بکرێت و لە هەموو شوێنێک بڵاو بکرێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ئێمە سێ پەڕتووکمان لەگەڵ ناوەندی چاپی PM Press بڵاو کردووەتەوە، ئەمەش هەمان ئەو دەزگایەیە وا من کارەکانمی لێ بڵاو دەکەمەوە. لەو دەزگایە، کتێبێکمان بە ناوی ‘دیالۆگ لەگەڵ ژیانی ئازاد’ـدا بڵاو کردووتەوە. هەروەها کتێبی ‘لەودیو هێز، دەوڵەت و توندوتیژیی’ـمان چاپ و کردووەتەوە. ئەمە جگە لەوەی کتێبی ‘سۆسۆلۆژیای ئازادیی’ـمان بە زمانی ئینگلیزیی وەرگێڕاوە و چاپمان کردووە. پێم وایە ئەمانە کۆمەڵێک کتێبی زۆر گرنگن تا ڕۆشنبیران بیریان لێ بکەنەوە و بەردەوام پەرە بە بیرۆکەکانیان بدەن. ڕاستییەکەی ئۆجالان پێشنیارێکی زۆر ئازایانەی بۆ زانستی کۆمەڵناسی نوێ کردووە بە ناوی ‘سۆسۆلۆژیای ئازادی’، سا ئۆجالان ئەم پێشنیارەی بۆ ئێمە بەجێ هشتووە و پێشم وایە پێویستە پێکۆڵانە ئەمە وەربگرین. ناشبێت ئەوە لەبیر بکەین. کەسێکی لە وێنەی واڵەرشتاین خاوەنی بیرۆکەی زانستی کۆمەڵناسیی مێژوویی بوو. لە پێش ئەویشەوە فێردیناند براودێل چەند بیرۆکەیەکی دەربارەی زانستی کۆمەڵناسیی هەبوو، بەدەر لەوە بە بۆچوونی من کاتی ئەوەیە ئیدی پێشنیارەکانی ئۆجالان زیاتر بخوێنرێنەوە.

 لە کۆتایدا، دەربارەی دەستگیرکردنی ئۆجالان دەڵێم: وشەکان هەرگیز دەستگیر ناکرێن، بەڵکوو وشەکان سنوورەکان دەبڕن و دەبنە سرووش بۆ مرۆڤایەتیی.

سی ئای ئای ئێس- سان فرانسیسکۆ

[1]–  ئەم دیدارە ‹محەمەد کایا› ئەنجامی داوە.

[2]–  دەوڵەتی هەرێمیی یاخود Interstate system، چەمکێکی سیاسییە و بۆ گوزارشت لە سیستمی بەڕێوەبەریی ئەو وڵاتانە بەکار دێت وا دەوڵەتێکە و لە چەند ویلایەتێکی جیاواز پێک هاتووە، بۆ وێنە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

[3]–  Anomalies

[4]–  Archaism

[5]–  Anachronism

[6]–  feminist direct democracy

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...