وتووێژ

چۆمسکی: دەبێت لە دژی چەکی کیمیایی ئێمە بکەوینە جوڵە و هەوڵدانەوە

زمانناس و فەیلەسوفی بەناوبانگی جیهان نوام چۆمسکی رایگەیاند، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت پێویستە لەبارەیەوە 'لێپرسینەوەیەکی بەهێز دەستپێبکات' و وتی، "دەبێت بە دڵنیاییەوە بەرامبەر ئەو هێرشانە هەنگاو بنرێت".

ئازادیی کۆمەڵگە

فەیلەسوف و زمانناس نوام چۆمسکی لە کەناڵی مەیدا خەبەر وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەوان سەلاحەدین ئیشلداکی لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و گوشارەکانی دایەوە.

چۆمسکی سیاسەتەکانی شەڕی دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر گەلی کوردی بە بیرهێنایەوە و وتی، “حکومەتی تورک دڕندەیی و وەحشیگەرییەکی زۆر قورسی کرد. لەو شەڕەی کە لە ساڵانی ١٩٩٠دا لە تورکیا لە دژی کوردان بەڕێوەی برد، زۆر تاوانی دڕندانەی کرد، بە دەیان هەزار مرۆڤی کوشت. بە سەدان هەزار کەس ناچار بوون ببنە پەنابەر، بە هەزاران گوند سوتێنران، هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک پەیڕەوکرا”.

دەبێت هەنگاو بنرێت

چۆمسکی باسی لەوەکرد کە نمونەی نوێی وەحشیگەری کە لە کوردستان روودەدات بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە و وتی، “لەو کاتەوە تائێستا زۆر نمونەی وەحشیگەری دەوڵەتی تورک هەیە. هەربۆیە دەبێت ئەم (بەکارهێنانی چەکی کیمیایی)یە راست بێت، بەڵام بەدەست منەوە بەڵگەی دروست بوونی نییە. بەراستی ناتوانم لەبارەی ئەو دۆخە تایبەتەوە شتێک بڵێم، بەڵام ئای پیپی ئێن دەبڵیو رێکخراوێکی زۆر جێی متمانەیە. دامەزرێنەرەکەشی هاورێیەکی نزیکی منە. بێگومان ناردنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ باشتر دەبێت. ئەگەر رێگەیەک هەبێت کە مرۆڤ ئەو بابەتە بباتە نەتەوەیەکگرتووەکان، بە دڵنیاییەوە دەبێت هەنگاوی بۆ بنرێت”.

چۆمسکی بانگەوازی ئاراستەی سوێد کرد کە خەڵاتی نۆبڵی داوەتە ئای پی پی ئێن دەبڵیو

چۆمسکی سەرنجی راکێشا بۆ سەر دەستنیشانکردنەکانی ئای پی پی ئێن دەبڵیو لەبارەی هێرشە کیمیاییەکان و بەم جۆرە دوا: “ئەو تۆمەتبارکردنە زۆر گرنگە. ئەوان (پزیشکانی ئای پی پی ئێن دەبڵیو ژان ڤان ئاکین و ژۆزێف بیپپا ساڤۆری) کەسانێک سەر بەو رێکخراوەی کە خەڵاتی ئاشتی نۆبڵیان وەرگرتووە و خاوەن رێز و شکۆیەکی زۆرن. لەبەر ئەوە بێگومان ئەمە بنەمایەکی بەهێز بۆ لێکۆڵینەوە/ توێژینەوەی جدیی دەخوڵقێنێت. رەنگە هەندێک حکومەتی نەتەوەیی بیانەوێت پێشەنگایەتی دەستپێشخەرییەکی لەم جۆرە بکەن. رەنگە حکومەتی سوید بێت کە خەڵاتی نۆبڵی بەخشیوەتە ئای پی پی ئێن دەبڵیو”.

چۆمسکی رەخنەی لە بڕێوەبەرایەتی هەرێمی فیدراڵی کوردستان کرد و وتی: “من لەو بڕوایەدا نیم کە حکومەتی هەرێم داواکاری بۆ لێپرسینەوەیەکی جدی پێشکەش بکات. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، بەداخەوە کە من ئەوە دەڵێم، بەڵام ئەو هێزەی کە رێگریی لە لێپرسینەوە گرت ئەمریکا بوو. لە راستیدا ئیدارەی رەیگان تاوانبارکردنی سەددام حسێنی رەتکردەوە. ئەوانەی پشتیوانیان لە سەددام حسێن کرد لە بری ئەوەی تۆمەتباری بکەن، هەوڵیاندا تاوانەکە بخەنە ئەستۆی ئێران. رەیگان خۆی رێگری کرد لەوەی لە کۆنگرێسی ئەمریکادا کۆمەڵکوژییەکە شەرمەزار بکرێت. ئەمڕۆ ئەمریکا چی دەڵێت من نازانم. بە گوێرەی ئەوە حکومەتی هەرێمیش ناتوانێت هیج بکات. رەنگە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بتوانێت لەم بوارەدا خۆی لە نەتەوەیەکگرتووەکان یان رێکخراوێک نزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی لێپرسینەوە دەستپێبکرێت.

زیندانی کردنی شەبنەم کۆرور فینجانجی

پ.د. چۆمسکی زیندانی کردنی شەبنەم کۆرور فینجانجیشی بە بیرهێنایەوە کە لەبەر ئەوەی داوای کردبوو لێکۆڵینەوە لە هێرشە کیمیاییەکان بکرێت دەستگیرکرابوو، لەو رووەوە وتی، “بۆ ئەوەی تێبگەین کە دەوڵەتی تورک چەندە زۆردار و دیکتاتۆرە، پێویستیمان بە بەڵگە نەماوە. لەبەر ئەوە سروشتییە کە هەر مرۆڤێکی دروست و ئاسایی دەبێت بە توندی شەرمەزاری بکات. بەڵام ئیدانەکردنێکی کاریگەر ئەوەیە کە  هەندێک رێکخراوی نێونەتەوەیی یان دەوڵتێکی کە بەشی پێویست کاریگەری هەبێت، شەرمەزاری بکات بۆ ئەوەی بگاتە رای گشتی. من دەتوانم ئیدانە بکەم، بەڵام ئەمە هیچ واتایەکی نییە. لەبەر ئەوە دەبێت دەوڵەتێک یان سوید سەردانی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات و بۆ لێپرسینەوە لەو تۆمەتانە بانگەواز بکات”.

‘نابێت چاوەڕێی ئەوە بین کە دەوڵەتانی تاوانبار لەسەر تاوانی خۆیان لێپرسینەوە بکەن’

چۆمسکی ئەوەشی خستەڕوو کە دەبێت هیوا لەسەر ئەو دەوڵەتانەی تاوانبارن هەڵنەچنرێت کە بێن لێکۆڵینەوە بکەن و بەم جۆرە درێژەی پێدا: ” ئەمە ناکەن. هەروەها دەبێت ئەو لێکۆڵینەوانە تاوانە دڕندانەکانی ساڵانی ١٩٩٠، تاوانەکانی دواتر، تاوانەکان کە ئەوان لە داگیرکردنی هەرێمەکانی کوردان لە سوریا ئەنجامیانداوە ئاشکرا بکرێن. ئەمریکا بۆخۆی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی خۆی ناکات. دەیانەوێت تاوانەکانی تریش لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت. دەوڵەتی تورک لە ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا زیاتر بەرپرسیار نییە. لەبەر ئەوە دەبێت بیکەن. بەداخەوە، جیهانی هێز بەم جۆرە کار ناکات. جیهانی هێز هەندێک جار بە شێوەیەک کە دەگۆڕدرێت بۆ گوشاری حکومەتەکان و وەک گوشار لە سەر گەلان بەردەوام دەبێت. زۆر شت هەیە کە خاوەن هێزەکان دەتوانن بیکەن. بەڵام تا گوشاری قورس نەخرێتە سەریان، ئەوەش ناکەن کە دەبێت بیکەن”.

بە پشتیوانی ئەمریکا هێرش ئەنجامدرا

چۆمسکی ئەوەشی خستەڕوو کە زۆرینەی دڕندەییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان بە پشتیوانی بەرفراوانی ئەمریکا ئەنجامدراوەو وتی: “رەنگە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەرپرسیارێتی پێشێلکارییە جدییەکانی مافەکانی مرۆڤ بگەیەنێتە رای گشتی، بۆ ئەوەی هێزەکانی دەوڵەت ناچار بکات کە وەڵامیان بدەنەوە. ئەگەرچی دژواریشە. جار جار دەتوانرێت ئەوە بکرێت. ئێمە دەزانین کە بەرپرسیارێتی ئەوان کامانەن. هەر بۆیە پێویستە ئەو ئەرکە گرنگەیان جێبەجێ بکەن. تەنیا نمونەیەک دەهێنمەوە، ئێمە لە دڕندەییەک کە دەسەڵاتدارانی تورک لە ساڵانی ١٩٩٠ لە کوردانیان کرد بڕوانین. زۆربەی ئەوانە بە پشتیوانی بەرفراوانی حکومەتی ئەمریکا کران. لەراستیدا، ئیدارەی کلینتۆن بەر لە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی کۆنتراگەریلا، کاتێک لە ساڵانی ١٩٩٠ تاوانەکان زۆر زیاتر بوون، پشتیوانیان لە تورکیا کرد”.

پشتیوانی لە فینانجی و رۆژنامەوانانی کورد

پ.د. چۆمسکی پشتیوانی خۆی بۆ شەبنەم کۆرور فینجانجی و ئەو نۆ رۆژنامەوانە کوردە دەربڕی کە دەستگیرکراون و وتی، “ئێمە پشتیوانیان لێدەکەین. لەبەر ئەوەی بەرەوڕووی هەلومەرجی دژوارن، داوایان لێدەکەم ئازا و بوێر بن. بۆ ئاشکراکردنی کردەوەی دڕندانە کە بە سەر ئەواندا جێبەجێ دەکرێت، بە هەموو هێزی خۆمان ئەوەی لەدەستمان دێت دەبێت بیکەین. دەبێت بزانن کە زۆر کەس هەن کە رێزی گەورەیان بۆ کاری ئەوان هەیە و هێندەی لەدەستیان دێت هەوڵ دەدەن کە پشتیوانیان لێبکەن”.

سەرچاوە: فورات نیوز

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button