وتووێژ

نامەکانی نێوان ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان و مورای بۆکچین

سەرەتای هەشتاکان بزووتنەوەی ژنانی کوردستان ڕەنگا، ئەمڕۆ هێزێکی باڵکێشی چنگ خستووە، گەشەی ئەم بزووتنەوەیە پەیوەندییەکی باڵکێشی بە کۆششەکانی بەڕێز ئۆجالان و تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستانەوە هەیە.

 لە چاپکراوەکانی کۆمیتەی شەهید عاکیف مامۆ زاگرۆس

پاییزی ٢٠٢٣

بۆ کوردیی؛ سوورێن ئیبراهیم

هەڵوەستەیەک:

نێواخنی ئەم تێچنە، نامەونامەکارییەکانی نێوان ڕێبەری گەلان «ڕێبەر ئاپۆ» و مورای بۆکچینە، ئەم نامانە هاوکاتی پیریی و نەخۆشیی بۆکچینە، سا بۆیە نابێت چاوەڕێی ناوەڕۆکێکی سەرتاپێ زانستیی و گفتوگۆمەندمان لەم دوو بیرمەندە هەبێت، جا بۆیە ئەم نامانە پتر بەڵگەیەکی مێژووییە لەمەڕ بارگۆڕان (باز)ـی ڕێبەر ئاپۆ لە سۆسیالیزمی واقعییەوە بۆ ئاسۆی «کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی». لای کەس شاراوە نییە کە هەلومەرجی دوڕگەی ئیمراڵیی و ئەو گۆشەگیرییە هەمەگیرییەی بە سەریدا سەپێنراوە، دەرفەتی هەموو چەشنە گفتوگۆ و نامەگۆڕینەوەیەک لەگەڵ ئەو لەبار دەبات. پێخستنە دوڕگەی ئیمراڵیی، بێ هەڵاواردن، ڕێبەند کراوە و هیچ هەواڵێک لە ڕێبەر ئاپۆ نییە.

سا لەم سۆنگەوە سوکوئاسان دەزانین بۆچی هیچ کات پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان بۆکچین و ڕێبەر ئاپۆدا نەبووە. ئەو نامانەشی لەم پەڕاوەدا کۆ کراونەتەوە، چەندین جار دەستاودەستیان کردووە تا بە دەستی بەردەنگی خۆیان بگەن، مسۆگەر مادام پەیکی ئەم پەیوەندییە ناڕاستەوخۆیە بریکار و وەرگێڕەکانی ڕێبەر ئاپۆ و جانێت بیڵ[1]ـی هاوژین و هاوخەباتی مورای بۆکچین بوون، ئەوا ناتوانیین گومانمان لە ڕاستیی و چەوتیی ناوەڕۆکەکەی هەبێت، بەڕێز ڕامیێر هایدەر[2]ـی وەرگێڕی ئەڵمانیی بەرهەمەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵێکی باڵکێش لەم پەیوەندییە ناڕاستەوخۆیەدا وازیی دەکات. نامەگۆڕینەوە و گەیاندنی کاکڵەی نامەکان لە سەر شانی ئەو بووە، سەرباری ئەمەش ئەو تا ئاستێک هەواڵی باوەڕهێنانی ڕێبەر ئاپۆ بە تێزی «ئیکۆلۆژی کۆمەڵایەتیی» و بەرهەمەکانی تا ساڵی ٢٠٠٤ بە مورای بۆکچین گەیاندووە، بێگومان بۆ ئەمە سوودی لە یارمەتییەکانی یوتا ئەشنایدەربەنگەر[3] و ئۆلیڤەر کۆنتنی[4] بینیوە، بەری ئەم ڕەنجە ڕێزلێنراوەش بڵاوکردنەوەی شەش نامەیە لەم پەڕاوەدا.

***

نامەی ڕامیێر هایدەر (بریکاری ڕێبەر ئاپۆ) بۆ مورای بۆکچین و جانێت بێڵ

٦ـی نیسانی ٢٠٠٤

هەڤاڵانی هێژا ڕێگام بدەن تا خۆمتان پێ بناسێنم، من ناوم ڕامیێر هایدەر[5]ـە، وەرگێڕ‌ێکی دەقەکانی عەبدووڵا ئۆجالانی زیندانی سیاسیی و گەورەترین بیرمەند و سیاسەتمەداری کوردم بۆ سەر زمانی ئەڵمانیی.

ئەم پێنج ساڵەی دوایی ئۆجالان لە زیندانی تاکەکەسییدایە[6]، لەم ماوەیەدا هەندێک لەو بەرهەمانەی بۆکچینی خوێندووەتەوە وا کراون بە تورکیی، بە تایبەت «ئیکۆلۆژیای ئازادیی»[7] و «بەرەو ئاسۆی کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیی»[8]، سا وان پەڕتووکان بە قووڵیی ئۆجالانیان خستە بن باندۆری خۆیان، ئەو ڕێبازی سیاسیی خۆی لە سەر تەوەری «کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیی- دیموکرات» نۆژەن کردووەتەوە، جا ڕێبازێکی بۆ ئافراندنی کۆمەڵی مەدەنیی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش خستووە، ئۆجالان پێشنیاری خوێندنەوەی پەڕتووکەکانی بۆکچینی بۆ سەرپاکی شارەوانەکانی شارەکانی کوردستان کردووە و هەموویان بانگهێشتی خوێندنەوەی دەکات.

من نازانم داخۆ بەڕێز بۆکچین ئاگای لەم مژارەیە یان نا، لێ دەزانم گەر ئەمە ببیستێت، شادمان دەبێت، پەڕتووکەکانی، بە تایبەت «ئیکۆلۆژیای ئازادیی» هەنووکە لە تورکیا و کوردستان دەخوێنرێنەوە و شەنوکەویان دەکەن، (من خۆم پەڕتووکی ئیکۆلۆژیای ئازادییم بە ئەڵمانیی و تورکیی خوێندووەتەوە و کۆڕێکم بۆ گێڕا.)

من بەداخەوەم کە هێشتان پەڕتووکەکانی ئەم دواییانەی ئۆجالان بۆ ئینگلیزیی وەرنەگێڕدراون، من زۆر هەڵوەدای ئەوەم تا کاریگەریی پەڕتووکەکانی بەڕێز بۆکچین و پەڕتووکی تر لە سەر ئۆجالان نیشانی ئێوە بدەم، بەڵام گەر یەکێک لە ئێوە ئەڵمانیی دەزانێت، ئەوا من دەتوانم چەند لاپەڕەیەک لە دواپەڕتووکی ئەوانی بۆ بنێرم.

بەداخەوە نەمتوانی ئیمەیڵی بەڕێز بۆکچین وەدەست بخەم، دڵنیام گەر ئیمەیڵیان هەبێت، ئەوا ئێوە دەتوانن یارمەتییم بدەن، پێچەوانەی ئەمەش (واتە گەر ئیمەیڵیان نییە)، ئەوا ئێوە دەتوانن گەرمترین سڵاوی منی پێ بگەیەنن، زۆر تامەزرۆی پەیوەندییم لەگەڵیان، سوپاس بۆ یارمەتییتان.

ڕامیێر هایدەر

وەڵامی بۆکچین بۆ ڕامیێر هایدەر

١١ـی نیسانی ٢٠٠٤

 

ڕامیێر هایدەری هێژا؛

سوپاسی ئەو ئیمەیڵەت دەکەم وا لە ٦ـی ئەپرێڵ بۆ منت ناردووە، گەرەکە پێت بێژم من پیاوێکی پەککەوتەی هەشتاوسێ ساڵەم، بەهۆی نەخۆشیی دڵ و دەردەجومگە ناتوانم ڕێ بکەم، ئەمەتان لەبەر ئەوە پێ دەڵێم تا پێتان بێژم؛ بۆچی زۆرینەی کات لە وەڵامی نامەکان، بە تایبەت ئیمەیڵ، دوا دەکەوم، هەروەتر دەبێت بڵێم؛ جگە لە جانیت بێڵی هاوژینم، کە لەگەڵم دەژێت، هەموو ئەوانەی وا بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە بە ناوی منەوە قسە دەکەن، ڕاستییەکەی بە ناوی منەوە قسە ناکەن، ئیمەیڵەکەیت بۆ دەنێرم. (تکایە لای خۆت بینووسە.)

منیش وەک زۆرینەی ئەمریکاییەکان زانیارییەکی کەمم لەمەڕ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و عەبدووڵا ئۆجالانەوە هەیە، گەرچی هەواڵی دەستگیرکردنی چەن ساڵ پێشیم بیرە، بەهۆی چاپەمەنییە سنوورمەندەکانمانەوە، ئەمریکاییەکان بە دژواریی زانیارییان لەمەڕ کوردەکانەوە پێ دەگات، (تەنانەت کوردەکانی ئێراقیش، کە جار جار لەلایەن پەیامنێرە جەنگییەکانمانەوە پشتگوێ دەخرێن)، جا ئەم چەند ڕۆژەی دوایی زانیم کە پێنج ساڵە بەڕێز ئۆجالان فەرمانی لەداردانی هەیە و ئێستاش لە زیندانی تاکەکەسییدایە، من لە کوڵی دڵەوە دەخوازم بتوانێت بە سەر ئەم هەلومەرجەدا زاڵ بێت.

دەی، من لە زمانی ئەڵمانیی تێ دەگەم، سا بۆیە نیگەرانیی ئەوە مەبە کە ئەو تێکستانەی بەو زمانە بۆمی دەنێریت، تێیان دەگەم یان نا، هەرچیت پێ خۆش بوو بۆمی بنێرە، هەرچەندە من ناچارم بە ئینگلیزیی وەڵامت بدەمەوە، ئەو کێشەیەی لە خێرایی نووسینەکاندا ڕووبەڕووی دەبمەوە، سەرپاک پەیوەندیی بە دۆخی پزیشکیی و خراپی دۆخی منەوە هەیە.

هەروەها دەبێت بزانیت کە گەرچی من ئاوا نزیکەی سی ساڵ پێش هاوڕێ لەگەڵ دێن شودۆرکۆف[9] ناوەندی «ئیکۆلۆژیی کۆمەڵایەتیی»ـم لە ڤێرمۆنت ئاوا کرد، لێ ئێستا ئەو ناوەندە زۆر تێکەولێکەیە و هەروەتر ڕەنگەدەرەوەی دیدەکانی من نییە، بەشێک لە کارگێڕانی ئەوێندەر بۆ ئاسۆی ئانارشیستیی داکشاون، من ئەوان بە هەرزەکار و یەکپۆش دەزانم، من هاوسۆزیان نیم، ئەمەت بۆیە پێ دەڵێم تا لە ئیمەیڵەکەی جانێتەوە نامەم بۆ بنێریت، لەوێ لانیکەم دەتوانم بێ ئەوەی هەرزەکارانی «ئازادیخواز» لووتی تێ هەڵژەنن، چێژ لە ئاخافتنێکی تایبەت ببینم.

ئینجا لەبارەی خۆمەوە، ئاوا حەفتا ساڵێک دەبێت وەک چالاکی کرێکاریی و مامۆستا لە چەپی ئەمریکاییدا کارام، بە کورتیی خودی من، شێوەیەکم لە مێژووی بزۆکی سەدەی بیست و هێشتاش دەمەوێت بۆ ئەولای ئەو بیرانە هەڵڕوانم وا کۆمەڵ وەک بیری چەقبەستوویان لێ کردوون، «ئیکۆلۆژیی ئازادیی» و «بەرەو ئاسۆی کۆمەڵی ئیکۆلۆژیی» هەردووکیان بۆ دەیەی هەشتا دەگەڕێنەوە، سەرباری ئەمەش دەبێت بزانیت کە «ئیکۆلۆژی ئازادیی» تەنێ بەشێکی کراوەتە ئەڵمانیی، (مسۆگەر پێم وایە وەرگێڕانە تورکییەکەی سەرپاک کراوە.) هەروەها من لە بارەی چەمکی شارەوانیی ئازاد[10] و کۆنفیدراڵیزم وەک سیاسەتێکی جیاواز لە پەرلەمانتاریزم و ئەو وانانەی دەبێت لە دابی شۆڕشگێڕییەوە فێری بین، چەندین پەڕتووک و وتارم نووسیوە. (لەبارەی بابەتی کۆتاییەوە بەم دواییانە پەڕتووکێکی چواربەرگییم نووسیوە، بڕیارە بەرگی سێیەمی مانگی ئاییندە لەلایەن «چاپەمەنیی کۆنتینیۆم»[11]ـەوە لە لەندەن بڵاو بکرێتەوە.) ئەم نووسینانە، بە تایبەت «هەڵکشانی شارنشینیی و داکشانی هاوشارێتیی»[12] بۆ هەردوو زمانی ئەڵمانیی و تورکیی وەرگێڕدراون، ڕەنگە بە دڵی ئێوە و بەڕێز ئۆجالان بێت، ئەم نووسینانەی لای سەرێ سەرنجی زۆرێكی لە ئەمریکای لاتین و ئەسکەندەنافیا و بەشەکانی تری ئەورووپا و ئوسترالیای ڕاکێشاوە.

زۆر شت ماون لێیان بکۆڵمەوە، لێ تەندرووستیی و پیریی کۆسپیی سەرەڕێیانن، گەر دەتەوێت دیسانەوە (نامە)ـم بۆ بنووسیت، داوات لێ دەکەم بەرانبەر ئەم ڕادیکاڵە پیرە پتر خاکەڕا بیت، دەمەوێت ڕێزی بێپایانی خۆم بۆ بەڕێز ئۆجالان دەربڕم.

مورای بۆکچین

 

نامەی ڕامیێر هایدەر و ئۆلیڤەر کۆنتنی بۆ مورای بۆکچین – ٥ـی مایسی ٢٠٠٤

مورای بۆکچینی هێژا؛

خۆشحاڵم پێت بڵێم هەر پاش نامەگۆڕینەوەکەی خۆمان، بریکارەکانی بەڕێز ئۆجالانمان لە ئەستەنبووڵ، لە نێواخنی نامەکەی ئێوە تێ گەیاند. بەڕێز ئایدن کایا[13] یەکێکە لە ئەندامانی تیمی پارێزەران، لە دوا دیدەنیی یاساییدا پوختەی مژارەکەی لە بەڕێز ئۆجالان گەیاندووە، دیارە بەڕێز ئۆجالان لە گرنگیدانی ئێوە زۆر خۆشحاڵە و داوای لە نوێنەرەکانی کردووە تا گورج پەیوەندیی بە ئێوەوە بکەن. ئەو گەرمترین سڵاوی بۆ ئێوە هەبوو، ڕایگەیاند کە ئێوە و ئەمانوێڵ واڵڕشتاین[14] ئەو دوو نووسەرەن کە ئێستا پتر لە هەمووان دەگەڕێتەوە سەریان. بەڕێز ئۆجالان پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە پێی وایە؛ باش لە بیرۆکەکانی ئێوە تێ گەیشتووە. ڕاستییەکەی ئەو خۆی بە «فێرخوازە باشەکە»ـی ئێوە دەزانێت و داوای لە بریکارەکانی کردووە تا بە زووترین کات دوا دەستنووسی بۆ ئێوە بنێرن. ئەم نوسخەیە؛ دەستنووسێکە و تازە بۆ دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی لە ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٠٤ هەناردەی نووسینگەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای کردووە، دەزگایەک لە تورکیا بەڵگەنامەکەی کردووە بە ئینگلیزیی، هیوادارم بتوانم تا مانگی حوزەیران نووسخەیەکی خوێندە پێشکەشی ئێوە بکەم.

بەڕێز ئۆجالان پێی وایە وەرگێڕانی تورکیی ئەو چوار پەڕتووکەی ئێوە وا خوێندوویەتییەوە، هەندێک کەموکووڕیی هەن، ئەمەش لەگەڵ بیرۆکەکانی ئێوە دژواز دێنەوە، سەرباری ئەمەش، ئەو شتەی پێداگریی لێ دەکات، ئەوەیە کە ئەو هەڵوەدایە تا بەدواداچوون بۆ ڕامانی ئیوە بکات و بۆ ژیاندنەوە و پەیڕەویان لە کۆمەڵگەی ڕوژهەڵاتی ناویین سوودیان لێ ببینێت. ئەو دڵنیاتان دەکاتەوە کە پێویست ناکات لەبەر پێنەزانیی هەندێک لە پەیڕەوانتان بۆ ناسکیی و بزۆکیی ئەندێشەتان پەژارە داتانگرێت، چونکە بزووتنەوەی ئازادییخوازی کوردستان پێ لەسەر جێبەجێکردنی بیرۆکەکانی ئێوە دادەگرێت. ئەو مژارێکی تریشی سەربار خست، ئەویش ئەوەیە کە پێی وایە ئەو سێ پەڕتووکەی لە زیندان نووسیونی، بە کۆ دەتوانێت وەڵامی ئەو تەڵەزگە تیۆریی و پراکتیکییانە بێت، کە مارکسیزم لە ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا ڕایەی نەکەوتووە چارەیان بکات، ئێستا ڕاشکاوانە پێی وایە لە ڕووی تیۆرییەوە  ناتوانین وەها وێنای بکەین پێکهاتنی دەوڵەت لە میزۆپۆتامیای دێریندا گەشەیەکی «ناچارەکیی» و بەرئەنجامی هۆی مێژوویی و پێویستییەکی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیی بووبێت.

بەڕێز ئۆجالان لەم دەستنووسە تازەیەیدا، هەندێک لە شیکارییەکانی پێشتری خۆی لەمەڕ تێپەڕین لە کۆمەڵگەی بەردینی نوێ بۆ کۆمەڵگەی چینایەتیی دێرین نوێ کردووەتەوە، سا هەندێک خاڵی زۆر جوانی سەبارەت بە پێشهاتەکانی مەعریفەناسیی تیۆری «کایۆس» بۆ توێژینەوە مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و ڕوانینە سیاسییەکان دەخاتە ڕوو، سا ئەمانە هەڵگۆستەی تێگەشتنی تیۆریی مێژوویی مرۆیین، ئەو پێشهاتەکانی ئەم کارەی بەپێی هەڵگۆستەی خۆی لە مێژووی دۆڵی دووئاوان و بەرەنجامگیریی بەرهەمەکانی پێشتری لێکدانەوە بۆ کردووە، سا بۆیە پارادایمی «دەوڵەتسازیی» وەک ئامانجی پێواژۆیەکی ئازادیبەخش تەواو وەلا خستووە، ئەو لە درێژدەدا چەمکی کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیی-دیموکرات و پراکتیکی شارەوانیی ئازاد لە کوردستان شیکار دەکات.

بەم حاڵەوە ئەو پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە کارەکەیان کارێکی ئەکادیمیی نییە و هەرگیزیش نابێت، بەڵکوو کارێکە بۆ  پەیجووریی ڕێچارەی دەربازبوون لەو گێژاوەی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناویین گێژی تێدا دەخۆن، ئەو ڕەخنەیەکی باڵکێش ڕووبەڕووی گوتاری زانستیی ڕۆژئاوایی دەکاتەوە و پێی وایە؛ گۆشەنیگای هێشتا هاوڕێیە لەگەڵ خوێندنەوەیەکی تری گوتاری سوننەتی ڕۆژهەڵاتی ناویین. سەرەڕای تەڵەزگە بەرچاوەکانی پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێز عەبدووڵا ئۆجالان، ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە بووینە دەساوێژی فراوانکردنی پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ وی، چاوەنواڕی وەڵامی ئێوەین، لەگەڵ سڵاوێکی گەرم.

ڕامیێر هایدەر

 ئۆلیڤەر کۆنتنی

 

نامەی مورای بۆکچین بۆ ڕامیێر هایدەر

٩ـی مایسی ٢٠٠٤

ڕامیێری خۆشەویست؛

بابەتی گەیاندنی بۆچوونەکانی بەڕێز ئۆجالان سوپاست دەکەم، خۆشحاڵم کاتێک دەبیستم ئەو بیرۆکەکانی من لەمەڕ شارەوانیی ئازاد بۆ پێکهاتەی سیاسیی کوردستان بە چاک دەزانێت، هەروەها پێزانینم بۆ ئێوە هەیە کە پردی پەیوەندییت لە نێوان من و بەڕێز ئۆجالان ‌هەڵبەستووە، داواتان لێ دەکەم بزانن کە من کەسێکی ٨٣ ساڵەی لاوازم، سا ناتوانم چەند کاتژمێریک بەرانبەر پیتچنێک هەڵنیشم و وتار و نامە بنووسم، خوێندنەوەی چەند کاتژمێرییش لە ڕۆژدا بۆ من دژوارە (تەنانەت بۆ نووسینی ئەم نامەیەش یارمەتییم لە جانێت خواست)، من دەبێت بەشێکی زۆری کاتەکانم لە سەر تەختەخەو ڕاکشێم، سا بەم ڕەنگە من لە هەلومەرجێکدا نیم تا بتوانم بەو شێوازەی دەمەوێت گفتوگۆیەکی فراوانی تیۆریی لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ساز بدەم، تەنیا پێم دەکرێت وەڵامێکی کورت و نیوەچڵت بدەمەوە، لەبەر ئەم کێماسییە بە قووڵیی بەداخەوەم، لێ تا سنوورێک چارەنووسی پیریی و مەرگم پەژراندووە.

وا دەنوێنێت بەڕێز ئۆجالان هەڵوەدای ئەوەن تا هاوشانی سەرچاوەکانی من، بە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی تر، بە تایبەت سەرچاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویین، کاریگەرییم لە سەر دانێت، دەبێت دڵنیا بێت گەر بە شێوەیەکی باڵکێش سوود لە سەرچاوەکانی تر وەرنەگرێت، ئەوا بە قووڵیی لێم تێ ناگات، تکایە پێ بڵێن  زۆر هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، هیوادارم ڕۆژێک دابێت جڤاکی کوردەواریی ڕایەی بکەوێت کۆمەڵێكی ئازاد و لۆژیکیی بنیات بنێت و دیسانەوە جوامێریی خۆیان بدرەوشێننەوە، بە ڕاستیی ئەوان بەختیارن کە بۆ ڕێنموێنیی سوود لە لێهاتوویی بەڕێز ئۆجالان وەردەگرن.

هاوڕێ لەگەڵ گەرمترین سڵاو

مورای بۆکچین

نامەی ڕامیێر هایدەر و یوتا ئەشنایدەربەنگەر بۆ مورای بۆکچین و جانیت بێڵ

١٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٤

 

ئازیزان؛ جانێت بێڵ و مورای بوکچین؛

پێت ڕادەگەیەنین کە نامە ڕێزدارانە و بۆچوونە ئەرێنییەکانی ئێوە لەمەڕ بەڕێز ئۆجالان لە دووەمین دانیشتنی کۆنگرەی گەلی کوردستان[15]، کە هاوینی ڕابردوو لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە چوو، خوێندرایەوە و پێشوازییەکی باشی لێ کرا.

هەلومەرجی زیندانیی بەڕێز ئۆجالان ئاسایی نەکراوەتەوە، ڕاستییەکەی پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی دەرەوە و تەنانەت بریکار و خێزانەکەشی زۆر سنووردار کراوە. جا بەم ئاوایە سازاندنی ئاڵوگۆڕی فیکریی لە پشتی دیواری زیندانە تاکەکەسییەکانەوە ڕۆژبەڕۆژ دژوارتر دەبێت، بەم شێوەیە لەو چەند دیدارە کەمەی لەگەڵ بریکارەکانی، دیسانەوە پەڕتووکەکانی مورای بۆکچین بە تایبەت «شارنشینیی بەبێ شار»[16]ـی پێشنیار کردووە.

پێشتر بەشێکم لە پەڕتووکەکەی ساڵی ٢٠٠٣ـی ئەومان بۆ ئێوە نارد، لەوێدا نۆژەنکردنەوەی کۆمینالیتە[17] لە گوند و شارەکانی کوردستان بەرباس دەدات، لە دواپەڕتووکیدا، کە ئەمساڵ بە زمانی تورکیی بڵاو کرایەوە، بەشێکی فراوانتری بۆ مژاری دەرکەوتنی چینایەتیی لە کۆمەڵی مرۆییدا تەرخان کرد، بە تایبەت پێی لەسەر کەسێتیی پیاوسالارانەی شارستانییەتی چینایەتیی و پلەبەندیی داگرت، ئەو نموونەیەی لە «شارستانییەت» دەیهێنێتەوە، تەنێ لە سەر تەوەرەی کێشمەکێشی چینایەتیی هەڵناسووڕێ، بەڵکوو «جڤاکی سرووشتیی»[18] وەک جەمسەری دژبەری شارستانییەتی چینایەتیی نێو مێژوو دەبینێت، «کۆمەڵی سرووشتیی» خۆی لە چێوەی پێڕە ئەتنیکییەکان و بزووتنەوە چینایەتییەکان و ڕێبازە فەلسەفیی و ئایینییەکاندا ڕەنگڕێژ دەکات. ئەو پێڕانەی وا ئازادیی خۆیان پاراستووە. ئەو پێی وایە ژێردەستەیی ژنان، باندۆرێکی باڵکێش دەخاتە ژێردەستەیی مرۆڤی ئازاد، سا لەم ڕوانگەوە شیکارێکی پانوپۆڕی پێڤاژۆکانی پاوەجێبوونی پەرگاڵی پیاوسالاریی پێشکەش کردووە.

سەرباری ئەمانە ئەم پەرتووکە ڕەخنەیەکی فرە ڕاشکاوانەی لەو مارکسیزمە بونیادیی[19]ـە کلاسیکییە دەگرێت وا ساڵگارێک ئۆجالان خۆشی پێوەی پابەند بوو، ئەو بە تایبەت لە سۆنگەی توندوتیژیی و دەسەڵات و دەوڵەتەوە ڕەخنە لە  ڕێبازی سۆسیالیزمی بونیادیی دەگرێت، گەر پێڕێکی شۆڕشگێر جیاوازییەکی بنەڕەتیی لەگەڵ دژبەرەکانی نەبێت، ئەوا لە سیستەمدا هەرس دەبێت و دەتوێتەوە، وەک چۆن سۆسیالیزمی بونیادیی لە سەرمایەدارییدا توایەوە. ئەو بزووتنەوەی ژنان بە گرنگترین بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی سەدەی بیست ناودێر دەکات.

چونکە شیکاریی زایەندگەرایی بەڕێز ئۆجالان بۆ سەرپاکی کۆمەڵ و بە تایبەت  زانستە کۆمەڵایەتییەکان، لە هەموو قوتابخانە فیکرییەکانی پێشوو زیاتر ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکانی ڕاڤە کردووە.

بەڕێز ئۆجالان چەندین جار ئاماژەی بە چەمکەکانی ئیکۆلۆژیی و شارەوانیی ئازاد کردووە، هەرچەندە ئەو ئاماژە بە چەند خاڵێکی جیاواز لەوانەی ئێوە دەکات.

جانێتی ئازیز؛

بەپێی ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە چاپکراوەکانی ئێوە دەیزانین، هەرچەندە بەداخەوە تا هەنووکە نەکراون بە تورکیی- وا دەنوێنێت ئێوەش هەڵوەدای شەنوکەو یان ڕەخنەی گۆشەنیگای بەڕێز ئۆجالان بن. ئاشکرایە ئەو پێشوازیی لە ڕەخنە دەکات، بە تایبەت لەبەر ئەوەی لە سۆنگەی ئەو زیندانە تاکەکەسییەی وا شەش ساڵ پڕ دەکاتەوە، ئەگەری تاوتوێی ڕامانەکانی سنووردار کردووە.

سەرەتای هەشتاکان بزووتنەوەی ژنانی کوردستان ڕەنگا، ئەمڕۆ هێزێکی باڵکێشی چنگ خستووە، گەشەی ئەم بزووتنەوەیە پەیوەندییەکی باڵکێشی بە کۆششەکانی بەڕێز ئۆجالان و تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستانەوە هەیە. ڕاوێژەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی کورد لەمەڕ پێگەی ژنان لە جڤاکدا، بە ڕەنگێکی باڵکێش باندۆری خستووەتە سەری، ئەو بابەتانەی وا لە سەرێ بەرباس دران، بە فراوانیی لە بزووتنەوەی ژنانی ئەمڕۆدا تاوتوێ دەکرێن.

ژنانی کورد لە تاراوگە و ئەورووپا زۆر هەڵوەدان تا پردێکی پەیوەندیی لە نێوان ئەو مژارانەی لە چیا و شارەکانی کوردستان دەورووژێنرێن لەگەڵ بزووتنەوە و چالاکانی تری جیهان هەڵبەستن. ژنانی کورد لە ئەڵمانیا (زۆرینەی کوردانی تاراوگە لەوێ دەژێن)، هاوینی ئەمساڵ یەکەمین فیستیڤاڵی جیهانیی ژنانیان بە ئامانجی فراوانکردنی مژاری ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵ و دیدی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان ڕێک خست. ژنان لە وڵاتانی ترەوە بۆ گفتوگۆ لەمەڕ ئاشتیی و توندوتیژیی دژی ژنان بەشدار بوون. درووشمی ئەم ڤیستیڤاڵە بریتی بوو لە: «ژنان سنوورەکان دەبڕن و یەک دەگرن!» بابەتی بنەڕەتیی ڤیستیڤاڵی دووەم لە ساڵی ٢٠٠٥ ئیکۆلۆژیی دەبێت. ئێمە دەمانەوێت میوانداریی ژنانی وڵاتە جیاوازەکان بکەین. سا پێمان وابوو پێت خۆش بێت بەشداریی بابەتەکانی ئێمە بیت.

ڕامیێر هایدەر

 یوتا ئەشنایدەربەنگەر

 

لە جانێت بێڵەوە بۆ ڕامیێر هایدەر و یوتا ئەشنایدەربەنگەر

١١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٤

 

یوتا ئەشنایدەربەنگەر و ڕامیێر هایدەری خۆشەویست؛

کاتێک دەبیستین بۆچوونەکانی مورای بۆکچین، هاوینی ڕابردوو لە دووەمین کۆبوونەوەی گشتیی کۆنگرەی گەلی کوردستان خوێندراوەتەوە، زۆر خرۆشێنەرە، مایەی خۆشحاڵییە کاتێک دەزانین ئێستا زۆرێک لە کوردان تێڕوانینێکی ئەرێنییان بۆ بیرۆکەکانی هەیە.

سوپاسی نامەکەی ١٠ـی کانوونی یەکەمتان دەکەین، لەبەر درەنگ­وەڵامدانەوەی نامەکە، داوای لێبوردن دەکەم. چونکە مورای وتی؛ دەیەوێت خۆی نامەتان بۆ بنووسێت، من دڵنیام ئەمە خواستێکی ڕاستە، بەڵام تا ئەمڕۆ هەلومەرجی تەندرووستیی کۆسپی سەرەڕێی ئەم کارەیە.

بۆ ئێمە نامەکاریی لەگەڵ ئێوە (یان هەر کەسێکی تر) دژوارە، چونکە تەندرووستیی مورای ڕۆژبەرۆژ خراپ دەبێت، ئازاری دەردەجومگەی هەڵدەکشێ و دژەژان بەکار دێنێت، بەڵام دەبێت بەکارهێنانی سنووردار بکات تا چالاکیی دەروونیی نەشێوێنێت، بەم ڕەنگە ئەو لە ملەجەڕێدایە لەگەڵ نەخۆشیی، ئەمە فرە تێکشکێنەرە، بەم دواییانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی ٨٤ ساڵەی زۆرتر گێژ و پەشۆکاوە، ناتوانێت لە گفتوگۆیەکی سادەش تێ بگات، وەک چاودێر و یاوەری ئەو، ڕەنگە ئەمە دژوارترین شت بێت کە ڕووبەڕووی دەبمەوە، بەم دۆخەشەوە ئێستاش دەتوانێت داوەریی بکات، هێشتان ڕامانی گەرم و فراوان و هەڤاڵبەندانەیە، بە تایبەت بەم دواییانە هەڵوەدای ئەو هەواڵانەیە وا لەمەڕ کوردان و پرسی کورد دەیبینێت، ئێوە لە ساڵانی پەککەوتەییدا بوون بە چرای سەر ڕێگای.

من زۆر شانازیی بەو میواندارییەکەی ئێوەوە دەکەم لەمەڕ گفتوگۆکانی بزووتنەوەی ژنان سەبارەت بە ئیکۆلۆژیی. نزیکەی پانزە ساڵ پێش ئێستا من پەڕتووکێکم نووسی، لەو پەڕتووکەدا «ئیکۆ فیمینیزم»ـم لەبەر ناوەڕۆکە کۆنەپەرەستانەکەی ڕەخنە کرد، لەو سەردەمەوە «ئیکۆ فیمینیزم» بە شێوەیەکی گشتیی لە گوتاری بزووتنەوەکەدا نەپەنیی بوو، (هەرچەندە هەندێک مامۆستایانی زانکۆ هێشتا لەمە ڕاڕان)، لەو سەردەمەوە پەیوەندییەکی وام لەگەڵ بزووتنەوە فیمینیستییەکاندا نەبووە، چونکە پێم باش بوو وەک بانگەشەکاریی ئیکۆلۆژی کۆمەڵایەتیی بجووڵێمەوە.

ئەمڕۆ من بەهۆی چاودێریی مورای پیرەوە، سەرودەرێکی وام لەگەڵ سیاسەت نییە، لەبەر ئەوەی ئەو لە سیاسەت خانەنشین بووە، منیش چالاکییەکانی خۆمم کەم کردووەتەوە تا چاودێریی بکەم، سا لەبەر ئەمە باوەڕ ناکەم بتوانم بەشدارییەکی بەردەوامم لە بابەتەکانی ئێوەدا هەبێت یان یارمەتییەکی باشم لەدەست بێت، لێ من سوپاسی بانگهێشتەکەتان دەکەم و هیوای گفتوگۆیەکی سوودمەندتان بۆ دەخوازم.

مورای هەرچی توانی بۆ ئۆجالانی بنووسێت، من خێرا بۆ ئێوەی دەنێرم، تکایە گەرمترین سڵاوی ئێمەی پێ بگەیەنن.

جانێت بێڵ

بڕڵینگتن، ڤێرمۆنت

[1] Janet Biehel

[2] Reimar Heider

[3] Uta Schneiderbanger

[4] Oliver Kontny

[5]Reimar Heider: فیزیاناس و چالاکوانی سیاسیی و یەکێك لە وتەبێژانی هەڵمەتی «ئازادیی بۆ ئۆجالان – ئاشتیی بۆ کوردستان»، هەروەها بەرهەمێکی زۆری ئۆجالانی وەرگێڕاوەتە سەر ئەڵمانیی، لە نامەکانی نێوان مورای بۆکچین و ڕێبەر ئاپۆدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە،

[6] ئەم نامانە بۆ ساڵی ٢٠٠٤ دەگەڕێنەوە و مەبەستی نووسەر ساڵانی ١٩٩٩ تا ٢٠٠٤ـە.

[7] The Ecology of Freedom

[8] Towards an ecological society

[9]Dan Chodorkoff: یەکێکە لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی و نوووسەری بواری تیۆری ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتییە، ئەو لە مرۆڤناسیی فەرهەنگییش دەکۆڵێتەوە.

[10] Libertarian Municipalism

[11] Continuum Publishers

[12] The Rise of Urbanization and the Decline of Citizenship

[13] Aydin Kaya

[14] Immanuel Wallerstein: کۆمەڵناس و چەپڕەوی ئەمریکایی و دامەزرێنەری تیۆری سیستمە جیهانییەکانە، واڵڕشتاین لە ساڵی ٢٠١٩ کۆچی دوایی کرد.

[15] Kurdistan People’s Congress

[16] Urbanization Without Cities

[17] Communality

[18] Natural society

[19] Dogmatic

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...