بۆچی ڕۆژئاڤا گرنگە؟
سەرهەڵدان و لەدایکبوونی هەرێمی دیکە، مەبەست لە ڕۆژئاڤایە، دەبێتە سەرەتایەک بۆ جووڵاندنی کوردانی بەشەکانی دیکە. سەدەی بیستویەک دەبێ بە سەدەی کوردان، هەر وەک لە پێش بیستوچوار ساڵ لەمەوە بەر لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری ڕەهەند ئاماژەم بۆ کرد.
ئەحمەدی مەلا
دوامیرنشینەکانی کورد لە سەدەی نۆزدەهەم بە دەستی عوسمانییەکان وێران کران، دوابەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیی، لە ڕێککەوتنی لۆزان، کورد هیچی پێ نەبڕا، لەو دەمەوە، واتە یەک سەدەیە کوردان هەوڵ دەدەن ئەو برینە سارێژ بکەن؛ ئەوانیش وەک میللەتانی دنیا ببن بە خاوەنی قەوارەیەک و شوێنیان لەسەر جوگرافیایەک دیاریی بکرێت و بەشدارییەکی مێژوویی لە جیهاندا بکەن. جوگرافییەک کە هەزاران ساڵە لەسەری دەژین. لەم هەلومەرجە نوێیەدا، کە رۆژهەڵاتی ناوەند تووشی هەژانێکی بنەمایی بووە، ئەو هاوکێشەیەیی کە رۆژهەڵاتی لەسەر ڕاگیرا بوو، هەڵوەشایەوە، بکەری نوێ لە سەر ئەو پانتاییە خەریکی دروستبوونن.
یەکێک لەو بکەرانە، کوردانی ڕۆژئاڤان، واتە بەشێکی ئۆرگانێکی بەشەکانی دیکەن، کە هەلومەرجێکی زۆر کتوپڕ، لە فەرامۆشیی تەواوە بۆ سەرهەڵدانی تەواو، وەک قەقنەس لە ناو خۆڵەمیشی خۆیانەوە، باڵە ئاگرینەکەیان لەیەک دا و دەیانەوێ بەشدارییەکی کردەییان لە مێژووی ناوچەکە هەبێت. یەکێک لە ڕێگرە هەر بەدنمەکەکان، دیسانەوە تورکن، وەک دەوڵەت، وەک هێزی سەربازیی و موخابەراتیی، وەک شەڕی ڕاگەیاندن، وەک چنینی تۆڕێک بە مانا هەرە ڕاستەقینەکەی تاکوو کوردانی ڕۆژئاڤای پێ ڕاو بکەن و نەهێڵن ئەو قەقنەسە باڵ بگرێت.
تورک دەزانن ڕانەگرتنی ئەم هەلە وا دەکات کە دوو هەرێمی کوردان لە تەوقی داگیرکاریی ڕزگاریان بێت، سەرباری ئەو تەوق و کۆتانەی کە لە ماوەی ئەم سی ساڵەی دوایی ناواخنی باشووریان پێ گرێ داوە، بەڵام، سەرهەڵدان و لەدایکبوونی هەرێمی دیکە، مەبەست لە ڕۆژئاڤایە، دەبێتە سەرەتایەک بۆ جووڵاندنی کوردانی بەشەکانی دیکە. سەدەی بیستویەک دەبێ بە سەدەی کوردان، هەر وەک لە پێش بیستوچوار ساڵ لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری ڕەهەند ئاماژەم بۆ کرد. سەرکەوتنی ڕۆژئاڤا واتە گەورەبوون و هەراشبوونی باشوور، بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە، هەموو شکستێکی ڕۆژئاڤا، بە شکستی باشووریش کۆتایی دێت. لە لۆزانەوە بۆ کۆبانی، مێژوویەکی تاڵە کە پێی دەگوترێت سەفەر بە ناو دۆزەخدا. لە لۆزانەوە بۆ کۆبانی، واتە، سەفەرکردن بەرەو دنیا. واتە لەدایکبوونی میللەتێک. بۆیە، هەرچی وزە هەیە لەم سەفەرەدا خەرج کرێت هێشتا کەمە، چونکە، ئەمە پەیوەندیی بە ئاییندەی هەموومانەوە هەیە.