لە موسڵەوە تا حەڵەب: هەل و دەرفەتەکانی سەرکەوتنی کوردان؟
بەڕێوەبەریی خۆسەریش ئەزموونێکی دوورودرێژی لە بەرخۆداندا هەیە، لە بەرخۆدانی شەرەفمەندانەی گرێسپی و بەرخۆدانی سەردەمی عەفرینەوە چەندین وانەی وەرگرتووە. ئەم ڕووداو و هۆکارانە دەرفەتێکی بەهێزی دەستی ڕێوەبەریی خۆسەر بوون بۆ شکاندنی ئەو بەکرێگیراوانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک وا هێرش دەکەنە سەر تلڕەفعەت، هەروەها گرنگە سەرکەوتنی بەرفراوان بەدەست بهێنرێت، وەک پرۆسەی دوای ئازادکردنی کۆبانێ، کاتێک هێرشەکان یەک لە دوای یەک ئەنجام دەدرا تا گەیشتنە دێرەزوور، ڕەقە، منبج، تەبقە و شەهبا.
مستەفا عەلۆ
دوای دە ساڵ لە بەرخۆدانی کۆبانێ، کە سەرکەوتنێکی مێژوویی بەرانبەر چەتەکانی داعش بەدی هات، کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری دەوڵەتی تورکی فاشیست، دڵخۆش بوو بە چوونە ژوورەوەی چەتەکان بۆ نێو کۆبانێ، ئێستا پێکهاتەکانی ڕۆژاڤا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدان تا سەرکەوتنێکی مێژوویی نوێ تۆمار بکەن. ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی ڕێ بە چەتەکانی داعش درا موسڵ داگیر بکەن و هێرش بکەنە سەر شەنگال لە ئێراق، پاشان چەتەکان ڕەقەیان لە سوریا داگیر کرد، سنووری نێوان سوریا و ئێراقیان لا برد و بە ناو “دەوڵەتی ئیسلامیی لە ئێراق و شام” ڕاگەیاند، جا هێرشیان کردە سەر کانتۆنی کۆبانێ، کە یەکێک بوو لە سێ کانتۆنەکانی ئەودەمەی ناوچەکە.
پارێزگای موسڵ سەدان هەزار سەربازی ئێراقی بە چەکی سووک و مامناوەند و قورسەوە لێ بوو، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کەوتە دەستی چەتەکانی داعش. دوای ماوەیەکی کەم لە داگیرکردنی شاری ڕەقە، چەتەکانی داعش کە درووشمی “لەناوبردنی ڕژێم”ـیان هەڵبڕێ بوو، ڕوویان لە شاری کۆبانێی سەر بە ڕێوەبەریی خۆسەریی دیموکراتیی کرد. لە ١٥ـی ئەیلوولدا هێرشەکان دەستیان پێ کرد و پاش زیاتر لە ١٣٠ ڕۆژ بەرخۆدانی کورد و عەرەب و ئینتەرناسیۆنالیستەکان و دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی (ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان) بانگەوازی کرد، داعش شکستی هێنا و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی سەرکەوت، ئەمە یەکەم گورز بوو لە پڕۆژە داگیرکارییەکەی ئەردۆگان درا. ڕووداوەکانی ئەمڕۆ زۆر لە ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٤ دەچن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخشەکان لە گۆڕاندان، ئەم گۆڕانکارییە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستی پێ کرد، تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەوەی دە ساڵ لەمەوبەر لە موسڵ ڕووی دا، لە حەلەبی سووریاش ڕووی دا. لە ماوەیەکی کورتدا چەتەکانی تەحریر شام (جەبهە نوسرەی پێشوو) بەشێکی زۆری شاری حەلەب و گوندەکانی ڕۆژئاوا و باشوور و گوندەکانی ئیدلبیان داگیر کرد. ڕۆژانی یەکەم هێزە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکان بە هاوپەیمانەکانی بەشار ئەسەدیشەوە بێدەنگ بوون، تا ئەو کاتەی چەتەکان گەیشتنە پەراوێزی شاری حەما لە ناوەڕاستی سووریا، هەروەها لایەنگرانی ئێران دەستیان کرد بە هەڕەشە لە بەکرێگیراوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک. کاتێک حکومەتی دیمەشق دژەهێرشی بۆ سەر ئەو چەتانە ڕاگەیاند وا دەڵێن ئامانجیان “لەناوبردنی ڕژێمە”، خێرایی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی حکومەت داکشا و چەتەکان پێشتر هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ڕێوەبەریی خۆسەر، بە تایبەت شاری تلڕەفعت لە دەڤەری شەهبا، ئەمەش هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٤ کە وازیان لە هێرشکردنە سەر “ڕژێم” هێنا و چوونە کۆبانێ، بەم شێوەیە جارێکی تر ڕوون بووەوە ئامانجیان “لەناوبردنی دەسەڵات” نییە، بەڵکوو لەناوبردنی ڕێوەبەریی خۆسەرە.
لە کاتی بەرخۆدانی کۆبانێدا، ڕێوەبەریی خۆسەر لە ٣ کانتۆن (عەفرین، کۆبانێ و جزیرە) پێک هاتبوو، لە ڕووی جوگرافییەوە لە یەکتر جیا کرابوونەوە، بەڵام ئەمڕۆ ڕێوەبەریی خۆسەر لە دۆخێکی باشتردایە. ڕێوەبەریی خۆسەر ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە لە ساڵی ٢٠١٤، ڕێوەبەریی ناوچە بەرفراوانەکان بەڕێوە دەبات، ئەم ناوچانە لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینیی و سەرچاوە دەوڵەمەندن و لە ڕووی جوگرافییەوە بەیەکەوە گرێدراون، جگە لە هەندێک ناوچە، ئەو ڕێوەبەرییە ١٠ ساڵی تەواو کرد و چووەتە ١١ ساڵەی خۆیەوە، جا بە بەرخۆدان و پڕۆژەی دیموکراسی پشتیوانیی جیهانی ئازادیی بەدەست هێنا.
بەڕێوەبەریی خۆسەریش ئەزموونێکی دوورودرێژی لە بەرخۆداندا هەیە، لە بەرخۆدانی شەرەفمەندانەی گرێسپی و بەرخۆدانی سەردەمی عەفرینەوە چەندین وانەی وەرگرتووە. ئەم ڕووداو و هۆکارانە دەرفەتێکی بەهێزی دەستی ڕێوەبەریی خۆسەر بوون بۆ شکاندنی ئەو بەکرێگیراوانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک وا هێرش دەکەنە سەر تلڕەفعەت، هەروەها گرنگە سەرکەوتنی بەرفراوان بەدەست بهێنرێت، وەک پرۆسەی دوای ئازادکردنی کۆبانێ، کاتێک هێرشەکان یەک لە دوای یەک ئەنجام دەدرا تا گەیشتنە دێرەزوور، ڕەقە، منبج، تەبقە و شەهبا. لێرەڕا هەڵوێستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە شەڕی داعش جێی پرسیارە، ئایا دەستوەردان بۆ پشتیوانیی لە گەلی بەرخۆدێر دەکات، یان بەرانبەر بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بێدەنگ دەمێنێت؟