لە سووریا چیمان لەبیر کرد؟
ئیسرائیل، تورکیا، ڕووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان چ ڕۆڵێکیان لەم گۆڕانکارییە لەناکاوەدا هەبوو؟ ئایا ڕووسیا تەنها لەبەر ئەوەی ناتوانێت بەرگەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تر لە دەرەوەی گۆڕەپانی ئۆکرانیا بگرێت، خۆی لە دەستێوەردان لە پشتیوانی ئەسەد بوارد، یان ڕێککەوتنێکی پشت پەردە هەبوو؟
سلاڤۆی ژیژەک
وهرگێڕانی له ئینگلیزییهوه بۆ كوردیی : شیلان.ح. كوردستانی
پەرەسەندنە دواییەکان، کە وەک سەرکەوتنی بنەماخوازیی ئایینیی دەردەکەون، نیشانەی گەڕانەوەی ئایین نین بۆ سیاسەت، بەڵکوو تەنها گەڕانەوەی سیاسەتە وەک خۆی. ئەگەر لە چاوی ڕۆژئاواییەکانەوە نامۆ دیارە، ئەوە لەبەر ئەوەیە ڕۆژئاوا چیتر نوێنەرایەتیی ئەو شتانە ناکات وا ڕۆژئاواییەکان ئامادەن لە پێناویدا بجەنگن و بمرن.
ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیشی سەرسام کرد، کە لەلایەن ئەبو محەمەد ئەلجولانی و هەیئەت تەحریر ئەلشامەوە ڕێبەرایەتیی دەکرا، بوارێکی بەپیتی بۆ تیۆرییەکانی پیلانگێڕیی ڕەخساند.
ئیسرائیل، تورکیا، ڕووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان چ ڕۆڵێکیان لەم گۆڕانکارییە لەناکاوەدا هەبوو؟ ئایا ڕووسیا تەنها لەبەر ئەوەی ناتوانێت بەرگەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تر لە دەرەوەی گۆڕەپانی ئۆکرانیا بگرێت، خۆی لە دەستێوەردان لە پشتیوانی ئەسەد بوارد، یان ڕێککەوتنێکی پشت پەردە هەبوو؟ داخۆ دیسان ویلایەتە یەکگرتووەکان کەوتە داوی پشتیوانیی لە ئیسلامییەکان دژی ڕووسیا و وانەکانی پشتیوانیی موجاهیدینی لە ئەفغانستان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو فەرامۆش کرد؟ ئیسرائیل چی کرد؟ بێگومان سوودمەند دەبێت لە لادانی سەرنجی جیهان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوایی، تەنانەت خەریکی داگیرکردنی خاکی نوێیە لە باشووری سووریا بۆ خۆی.
وەک زۆربەی شڕۆڤەکاران، منیش بە سادەیی وەڵامی ئەم پرسیارانە نازانم، بۆیە پێم باشترە سەرنج بخەمە سەر وێنە گشتییەکە. تایبەتمەندییەکی گشتیی چیرۆکەکە، وەک ئەفغانستانی دوای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێرانی کاتی شۆڕشی ١٩٧٩، ئەوەیە کە هیچ شەڕێکی گەورە و یەکلاکەرەوە نەبوو. ڕژێمەکە وەک خانوویەکی کارتۆنیی (house of cards) بە سادەیی ڕووخا. سەرکەوتن بۆ ئەو لایەنە بوو وا بە ڕاستیی ئامادەی جەنگان و مردن بوو لە پێناو باوەڕەکەیدا.
ئەو ڕاستییەی ڕژێمەکە بە گشتیی ڕقی لێ بووەوە، بە تەواویی ڕوونی ناکاتەوە چی ڕووی دا. بۆچی بەرگریی عەلمانیی دژی ئەسەد نەما و تەنها بنەماخوازانی موسڵمان مانەوە بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکە؟ دەکرێت هەمان پرسیار بۆ ئەفغانستان بەکار بهێنرێت. بۆچی هەزاران کەس ئامادە بوون بۆ گرتنی فڕۆکەیەک لە کابووڵ ژیانیان بخەنە مەترسیی نەک بۆ جەنگان دژی تاڵیبان؟ هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی کۆنی ئەفغانیی باشتر چەکدار کرابوون، بەڵام بە سادەیی پابەندی ئەو جەنگە نەبوون.
کاتێک میشێل فۆکۆی فەیلەسووف ساڵی ١٩٧٩ دوو جار سەردانی ئێرانی کرد، کۆمەڵێک ڕاستیی هاوشێوە سەرنجیان ڕاکێشا. ئەو سەرسام بوو کاتێک دەیبینی شۆڕشگێڕان بێپەروا بوون بۆ بە مانەوەی خۆیان. هی ئەوان “شێوازێکی پارتیزانیی و خەباتکارانەی ڕاستی-گوتن” بوو، وەک پاتریک گامێز ڕوونی دەکاتەوە.
ئەوان بەدوای “گۆڕانکارییەک بوون لە ڕێگەی خەبات و تاقیکردنەوەوە، بە پێچەوانەی شێوازە هێورکەرەوە، بێلایەنکەر و ئاساییکەرەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوای نوێوە… خاڵی گرنگ بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە، پێناسەی ڕاستیییە کە لە کاردایە… پێناسەیەکی ڕاستی وەک بەشێکی، وەک تایبەت بە پارتیزانه کان”.
وەک فۆکۆ خۆی دەڵێت: “… ئەگەر ئەم سووژەیەی وا باسی مافی (یان باشتر بڵێین، مافەکان) دەکات، ڕاستی دەڵێت، ئەو ڕاستییە چیتر ڕاستییە گشتگیرەکەی فەیلەسووف نییە… تەنها تا ئەو ڕادەیە بایەخ بە گشتێتی دەدات کە دەتوانێت بە شێوەیەکی یەکلایەنە بیبینێت، بیشێوێنێت و لە ڕوانگەی خۆیەوە بیبینێت. بە واتایەکی تر، ڕاستیی تەنها دەکرێت لە پێگەی جەنگەکەیەوە بەکار بهێنرێت، لە ڕوانگەی سەرکەوتنی داواکراوەوە و لە کۆتاییدا، بە واتایەک، لە مانەوەی خودی سووژەی قسەکەرەوە.”
ئایا دەکرێت ئەم ڕوانگەیە وەک بەڵگەی کۆمەڵگەیەکی “سەرەتایی” پێشمۆدێرن ڕەت بکرێتەوە کە هێشتا تاکگەرایی مۆدێرنی نەدۆزیوەتەوە؟ بۆ ئەوانەی کەمترین ئاشنایەتییان لەگەڵ مارکسیزمی ڕۆژئاوا هەیە، وەڵامەکە ڕوونە. وەک فەیلەسووفی هەنگاری گیۆرگ لۆکاچ بەڵگەی هێنایەوە، مارکسیزم “بە گشتیی ڕاستە”، ڕێک لەبەر ئەوەی “لایەنگیریی” پێگەیەکی سووژەیی تایبەتە. ئەوەی فۆکۆ لە ئێران بەدوایدا دەگەڕا – شێوازی خەباتکارانەی (“جەنگ”) ڕاستی-گوتن – لە سەرەتاوە لای مارکس هەبوو، کە دەیبینی بەشداریی خەباتی چینایەتیی نەک بەربەستی بەردەم بەدەستهێنانی زانایی “بابەتیی” لە مێژوو نییە، بەڵکوو پێشمەرجێکە بۆ ئەنجامدانی ئەمە.
تێگەیشتنی پۆزەتیڤیستی لە زانین وەک دەربڕینێکی “بابەتیانە”ـی واقیع – ئەوەی فۆکۆ وەک “شێوازە ئارامکەرەوە، بێلایەنکەرەوە و ئاساییکەرەوەکانی دەسەڵاتی مۆدێرنی ڕۆژئاوا” وەسفی کرد – ئایدیۆلۆژیای “کۆتایی ئایدیۆلۆژیا”ـیە. لەلایەکەوە، گوایە زانیاریی پسپۆڕی نائایدیۆلۆژیمان هەیە؛ لەلایەکی ترەوە، تاکە بڵاوەکانمان هەیە، کە هەریەکەیان باری سەرنج دەخاتە سەر “چاودێری خود”ـی (دەستەواژەی فۆکۆ) تایبەتی خۆیان – ئەو شتە بچووکانەی خۆشیی بە ژیانی کەسەکە دەبەخشن. لەم ڕوانگەی تاکگەرایی لیبراڵەوە، هەر پابەندبوونێکی گشتگیر، بەتایبەت ئەگەر مەترسی بۆ سەر ژیان و ئەندام لەخۆ بگرێت، گومانلێکراو و “نائەقڵانیی”ـە.
لێرەدا پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێش دەبینین: لە کاتێکدا لەوانەیە مارکسیزمی نەریتیی نەتوانێت ڕوونکردنەوەیەکی باوەڕهێن بۆ سەرکەوتنی تاڵیبان پێشکەش بکات، بەڵام یارمەتیی ڕوونکردنەوەی ئەوە دەدات داخۆ فۆکۆ لە ئێران لە چی دەگەڕا (و دەبێت لە سووریا سەرنجمان ڕابکێشێت). لە کاتێکدا سەرکەوتنی سەرمایەداریی جیهانی ڕۆحی عەلمانیی بەشداریی بەکۆمەڵی سەرکوت کردبوو لە پێناو ژیانێکی باشتردا، فۆکۆ هیوادار بوو نموونەیەکی بەشداریی بەکۆمەڵ، کە پشتی بە بنەماخوازیی ئایینیی نەبەستبێت، بدۆزێتەوە، نەیدۆزییەوە.
باشترین ڕوونکردنەوە بۆ ئەوەی بۆچی ئایین ئێستا وا دەردەکەوێت مۆنۆپۆڵی پابەندبوون و خۆبەختکردنی بەکۆمەڵی هەیە، لە بۆریس بودنەوە دێت، ئەو بەڵگە دەهێنێتەوە ئایین وەک هێزێکی سیاسیی ڕەنگدانەوەی هەڵوەشانەوەی پۆست-سیاسی کۆمەڵگەیە – هەڵوەشانەوەی ئەو میکانیزمە نەریتییانەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە جێگیرەکانیان دەستەبەر دەکرد. ئایینی بنەماخواز نەک تەنها سیاسییە؛ خودی سیاسەتە. بۆ لایەنگرانی، چیتر تەنها دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو خودی چنینی کۆمەڵگەیە.
بەمجۆرە، چیتر ناکرێت لایەنی ڕۆحانی پەتی ئایین لە سیاسیکردنەکەی جیا بکرێتەوە: لە گەردوونێکی پۆست-سیاسیدا، ئایین ئەو کەناڵەیە کە لە ڕێگەیەوە هەستە دژایەتییەکان دەگەڕێنەوە. پەرەسەندنە دواییەکان کە وەک سەرکەوتنی بنەماخوازی ئایینی دەردەکەون، نیشانەی گەڕانەوەی ئایین نین بۆ سیاسەت، بەڵکو تەنها گەڕانەوەی سیاسەتە وەک خۆی.
کەواتە، پرسیارەکە ئەوەیە؛ چی بە سەر سیاسەتی ڕادیکاڵی عەلمانیدا هات (دەستکەوتە گەورە فەرامۆشکراوەکەی مۆدێرنیتەی ئەورووپیی)؟ لە نەبوونیدا، نۆام چۆمسکی پێی وایە ئێمە نزیک دەبینەوە لە کۆتایی کۆمەڵگەی ڕێکخراو – خاڵی بێگەڕانەوە، کە لەودیویەوە تەنانەت ناتوانین ڕێوشوێنی ژیرانە بگرینە بەر بۆ “خۆلادان لە وێرانکردنی کارەساتئامێزی ژینگە.” لە لە کاتێکدا چۆمسکی پێ لە سەر بێباکییمان بەرانبەر بە ژینگە دادەگرێت، من خاڵەکەی ئەو بۆ نەویستنی گشتیمان بۆ بەشداریی لە خەباتە سیاسییەکان بە گشتیی درێژ دەکەمەوە. وەرگرتنی بڕیاری بەکۆمەڵ بۆ خۆلادان لە کارەساتە پێشبینیکراوەکان پرۆسەیەکی سەرتاپێ سیاسییە.
کێشەی ڕۆژئاوا ئەوەیە بە تەواویی نایەوێت لە پێناو هۆکارێکی گەورەی هاوبەشدا بجەنگێت. ئەو “ئاشتیخوازانە”ـی دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کۆتایی پێ بهێنن، بۆ نموونە، لە کۆتاییدا بەرگریی لە ژیانی ئاسوودەی خۆیان دەکەن، و ئامادەن ئۆکرانیا بۆ ئەو مەبەستە قوربانیی بکەن. فرانکۆ بێراردی فەیلەسووفی ئیتاڵیی ڕاستە. ئێمە شایەتی “هەڵوەشانەوەی جیهانی ڕۆژئاوا”ـین.