گۆشەی ئازد

خۆمان ڕادەستی شمشێری چارەنووس ناکەین

بە درێژایی ئەم ڕێگەیە، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی یەکگرتوویی هەنگاو دەنێین و منیش بەشێک لەم کۆمەڵگە زیندانکراوەم. ڕۆژی ٤ـی ئاب وەک ناڕەزایەتیی بەرانبەر سزای نادادپەروەرانەی دژ بە شەریفە محەمەدیی و پەخشان عەزیزیی، ڕامگەیاندبوو کە ناچمە بەردەم نادادگا و نەچووم، بەرگرینامەکەم ئاڕاستەی ڕای گشتیی کرد. وتم چونکە ئەم نادادگایە بۆ ژنانێکی بەنرخی لەم جۆرە، سزای لەم چەشنە دەردەکات، منیش ناچمە بەر ئەو دادگایە.

وریشە مورادی

وریشە مورادیی ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) ڕۆژی ١ـی ئابی ٣٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیر کرا. وریشە مورادیی ئەم نامەیەی پێش دانیشتنی دادگاییەکەی کە لە لقی پانزەهەمینی دادگای ‘شۆڕش’ـی ئیسلامیی بەڕێوە چوو، ئاڕاستەی ڕای گشتیی کرد. پاش ئەوەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند کە ڕژێمی ئێران فەرمانی سێدارەی بۆ وریشە مورادیی دەرکردووە، ‘ئازادیی کۆمەڵگە’ بڵاوکردنەوەی دەقی نامەکەی ‘وریشە مورادیی’ بە پێویست زانی. دەقی نامەکەی ‘وریشە مورادیی’: “من وەریشە مورادی لە ئابی ٢٠٢٣ کاتێک لە کرماشانەوە دەچومە سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە گیرام و لە زیندانی سنە و بەشی ٢٠٩ـی زیندانی ئێڤین بۆ ماوەیەک ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و ئەشکەنجە بوومەوە. لە٢٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ منیان ڕەوانەی بەشی ٢٠٩ـی زیندانی ئێڤین کرد. ئەشکەنجە درام و ئاشنام بە ئازاری ئەو ژنانەی تووشی تەنگوچەڵەمە دەبنەوە. کاتێک لە بەشی ژنان مامەوە، من لەگەڵ ئەو ژنانەی چیرۆکی ناخهەژێنی فرەیان هەبوو، پەیوەندیم دانا. من لەگەڵ ژنانم و هەموو ساتێکی خۆم لە گەڵ ئەو ژنانەی قوربانی پیاوسالارین تێپەڕ دەکەم. سیستمێکی کۆمەڵایەتیی، نەریت و مێژووی خاوەنی سوپایەکی کۆلۆنیاڵیستە و دەڵێت: ‘بەهەست لە ژێر پێی دایکانە’ و ‘بەهەشت’ تەنیا لە چوارچێوەی خزمەتکردنی ژناندا بەکار دەهێنێت.

ئەوانەی دژی سیستم وەستاونەتەوە و دژی سیاسەتی کۆڵۆنیالیستیی و ژینۆسایدی ژنان تێدەکۆشن، ئێمەین. پیری زانا وتبووی، “ژنان یەکەم نەتەوەی داگیرکراون”. ئێمەش وەک گەلی ئەم نەتەوەیەی داگیرکراوە؛ زمان، ئایین، نەتەوە، باوەڕیمان چی دەبێت با ببێت، ئێمە گیانێکین لە جەستەیەکدا. دژی ئەو زیندانانەی مامەڵەی نامرۆڤانە و ستەمکارانەی تێدایە، لایەنی مرۆیی ئێمە وەک چرۆ دەکرێتەوە، هێزی ژنانی ئێمە لە تاقیکردنەوەی مرۆڤایەتییدا بە سەربەزییەوە هاتووەتە دەرێ. لەم کاتەدا مێژوو هەڵدەگەڕێتەوە. ئەو ‘نەتەوەیەی یەکەمجار داگیر کرا’ خۆی ڕادەستی شمشێری چارەنووس ناکات و تێکۆشانی ژنان لە مێژوودا دەگاتە ئاستێکی تر. ئێمە پێکەوە و شانەوشانی یەکتر لە دژی ئەوەی ڕوودەدات بە یەکڕیزییەک کە تەنیا ژنان دەتوانن نیشانی بدەن، بەرەنگاری پێشهاتەکان دەبینەوە. ئێمەش مرۆڤین، ئاوات، نەریت، پەروەردە و جووڵەمان جیاوازە. هەرکاممان سەرباری جیاوازییەکانمان هاوکات بەرانبەر ستەم “کۆ”ـین و بەرانبەر ناژیانی سەپێندراو یەک ڕۆح و یەک هەڵوێست و یەک ڕوانگە و یەک هاوارین. ئیرادەی ئەوەمان هەیە ئەم ژیانە ئاوێتەی ئازادیی بکەین، ڕژدین کە تاجی ئازادیی لە سەر سەری ئەم ژیانە دژوارە دابنێین. ئەم یەکانگیرییە جوانەی بە درێژایی ئەزموونی یەکساڵەی ڕابردوو بینیمان، پێکڕا سازمان کرد. ئێمە بناغەداڕێژی شێوازێکی ژیانین کە لە ئێمەی ژنان و مرۆڤایەتییش دزرابوو.

دوژمنانی مرۆڤایەتیی و پیاوسالاران چاویان لە دەسەڵات بڕیوە، دەسەڵات چاوی بڕیوەتە سوودی زیاتر، تا ئێستا مرۆڤایەتییان گەیاندووەتە دۆخێک کە نەک لەگەڵ هاوچەشنەکانی، بەڵکوو کەوتووەتە دژایەتیی ئاژەڵ و ڕووەک و دارستان و سرووشتیش، ئەمەش لە سەرەتاوە لە ڕێی دوژمنایەتیی ژنان دەستی پێ کرد. ئێمە سەرەتای ئەم لادان و بەلاڕێداچوونەمان دۆزییەوە و سوورین لە سەر ئەوەی ژیان بخەینەوە سەر ڕێڕەوی خۆی. بە دڵنیاییەوە وەک ئادرنۆ دەڵێت “ژیانێکی پهەڵە سەرڕاست ناکرێتەوە” و ئێمە “ژیانێکی درووست و چاک، ناوازە و ئازاد” دەئافرێنین. هەبوونمان، ژیانمان، هەناسەکێشانمان لە ناو ئەم دیوارانەی جێگەی مشتی هەزاران تێکۆشەری لەسەر نەخشێندراوە، لەو پێناوەدایە. هەر هەڵوێستێکمان، هەر هەڵسوکەوتێکمان، هەر کردارێکمان، بە ئاڕاستەی ئەم یەکانگیریی و یەکریزییەیە، کە بە دەوری ئەوینمان بۆ “ژیانی ئازاد” شێوەگیر بووە. نادادگا سزا دەردەکات، گوشار دەکات، سیستمی زیندان لەناو سنووردارێتییدا سنووردارترمان دەکات. سەرەتا کاربەدەستان ڕەفتاری بەرنامە بۆداڕێژراوی ئازاربەخشیان نیشان دەدەن، بەڵام ئێمە ئاگاداری ئەم بابەتەین، ئێمە درک و زانینمان بەرانبەر سەردەم هەیە، ئێمە دەزانین ئەوانە لە ژێر گوشاری جەماوەریی و مرۆییدا کەوتوونەتە چ بارودۆخێکەوە، لە ڕاستەڕێی خۆماندا دەچینە پێشێ. ژنان بەم جۆرە مێژووی ئەم نیشتمانە درووست دەکەن و بەم جۆرە مۆری “ژن، ژیان، ئازادیی” بە جیهاندا بڵاو دەکەنەوە و ئەو مۆرە لە ژیانی خۆیان دەدەن.

بە درێژایی ئەم ڕێگەیە، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی یەکگرتوویی هەنگاو دەنێین و منیش بەشێک لەم کۆمەڵگە زیندانکراوەم. ڕۆژی ٤ـی ئاب وەک ناڕەزایەتیی بەرانبەر سزای نادادپەروەرانەی دژ بە شەریفە محەمەدیی و پەخشان عەزیزیی، ڕامگەیاندبوو کە ناچمە بەردەم نادادگا و نەچووم، بەرگرینامەکەم ئاڕاستەی ڕای گشتیی کرد. وتم چونکە ئەم نادادگایە بۆ ژنانێکی بەنرخی لەم جۆرە، سزای لەم چەشنە دەردەکات، منیش ناچمە بەر ئەو دادگایە. دانیشتنەکەی ٤ـی ئاب دادگایی من نەبوو، دادگایی سەرجەم ئەو ژنانە بوو وا لە پێناو ژیاندا جەنگاون، لەبەر ئەمەش دەرفەتێک بوو تا من بە نوێنەرایەتیی ئەم کۆمەڵە زیندانییە و لە سۆنگەی مرۆڤایەتیی و هاوڕێیەتیمان، ناڕەزایەتیی دژی ئەم سزایە دەربرم. ئەگەر لە بری من هەر ژنێکی دیکەی هەڵگری ئەم بیرکردنەوە بوایە، هەر ئەمەی دەکرد. دانیشتنی دادگاکەم دواکەوت و ئێستا لە جارێکی تر لەبەردەم بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی تردام. بڕیارم داوە ئەم جارە وەک کەسێک کە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی”ـم تێکەڵ بە ژیانم کردووە، بە ئیرادەی خۆم و بۆ سەلماندنی ڕەوایەتیی خۆم و بەرزڕاگرتنی یادی سەرجەم ئەوانەی گیانیان لە پێناو داواکاریی ژیانی ئازاد لەدەست داوە، لەبەردەم دادگا ئامادە بم.

ئەگەری هەیە دەرفەتی قسەکردنم پێ نەدرێت، ئەگەری هەیە تەنیا هاتن و ڕۆیشتنم بۆ دادگا وەک بەشێک لە بەناو پرۆسەی دادگا تۆمار بکەن، دەزانم ئەم فرت و فێڵە یاساییانە بە سانایی ئەنجام دەدەن، بەڵام هەروەک چۆن نەڕۆیشتنم پرسێکی کەسی نەبووە، ڕۆیشتنیشم بابەتێکی کەسی نابێت. من بە نوێنەرایەتیی ئەم تێکۆشەر و ئازادیخوازانە لە بەردەم دادگا ئامادە دەبم. چ مافی قسەکردنم پێ بدرێت یاخود نا، وەستان و ئامادەبوونم لەوێ هێمای ئیرادەم، ئیرادەمان بۆ مافخوازیی و دادخوازیی و یەکسانیخوازیە. ئێمە لە هەرشوێنێک بین، یەک هەڵوێستمان هەیە، ئەوەش مرۆڤایەتیی و ئازادیی و جوانییە. چ ئەوکاتەی لە جوانترین سروشتدا بووم، چ ئەو کاتەی لە دۆزەخی شەڕ دژی تاریکی داعشدا بووم، چ ئەو کاتەی ئازادانە تێدەکۆشام، چ ئێستا کە لە کۆت و زنجیری سیستمێکی نایاساییدام، لەسەر هەڵوێستی ئازادیخوازیی خۆمم و لەسەر ئەو هەڵوێستەش دەمێنمەوە. دەبێت هەڵوێستی ژنانە مۆری کۆتایی بێت لە تێکۆشان دژی ستەمی پیاوسالاریی و سەرکەوتن بکاتە دیاریی مرۆڤایەتیی. مرۆڤایەتیی سەردەکەوێت ژن، ژیان، ئازادیی وەریشە مورادیی، بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین”.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


Like this:

Like Loading...