گۆشەی ئازد

تۆپی پێ، زیاتر لە وەرزشێک

ئاوێتەبوونی فانتازیاکانی هاندەر بە تیپەکەی یاخود یاریزانەکەیەوە، بەو ڕادەیەی کاتێک تیپەکەی شکست دەهێنێت غەمگین دەبێت و کاتێک تیپەکەی سەردەکەوێت شاگەشگە دەبێت، بۆ بەشێک لە پەیڕەوکارانی ئایین دەبێت بە ئیرەیی، ئیرەیی بە شەیداییەک کە ڕەنگە ئیتر سوبێکت، هێندەی هەڵکشان و داکشانی تیپە دڵخوازەکەی وەک فانتازیایەکی هاوچەرخ کاریگەریی لە سەر دابنێت، هێندە چیرۆکی پەیامبەرەکەی یاخود ئەفسانە ئایینییەکان کاریگەری لەسەر دانەنێت.

لاودین لوقمان

لە سەدەی نۆزدەدا کاتێک تۆپی پێ بە سیستەم دەکرێت و چەند یاسایەکی سەرەتایی بۆ دادەڕێژڕێت، دەبێتە جێگای مشتومڕ و بەشێک ڕەخنەی ئەوەیان دەگرت کە یاساکان، تۆپی پێ ئاڵۆز دەکەن و وا دەکات ئازادیی یاریزانان لە چۆنێتی یاریکردندا کەمتر بێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ یاساکان هێندە زیاد کراون، لەهەندێ حاڵەتدا تا پاش کۆتایی یارییش، بینەر دڵنیا نییە داخۆ دادوەری یارییەکە بڕیاڕە درووستەکەی داوە یاخود بەهەڵەدا چووە، وەکوو پرسێکی گرنگ و بەبایەخ، دەبێت چاوەڕێی کۆمەڵێک شیکەرەوەی وەرزشی بکەن تا پاش یاریی بە یاساکاندا بچێتەوە و نیگەرانیەکان بڕەوێنێتەوە.

لە سیستەمدا، جیاوازییەکان دەبنە بەشێک لە ناڕێکیی، بۆ ئەمەش پێویستە بە کۆمەڵێک یاسا ڕێک و یەکسان بکرێنەوە. سەردەمێک بەبێ پێشکەوتنی میدیا و تەکنەلۆژیا هاندەران چێژێکی جیاوازتریان لە تۆپی پێ دەبینی، لەگەڵ هەر یارییەکدا چاوەڕێی شتانێکیان دەکرد، کە پێشووتر نەیان دیتبوو، یاریزانی سوپەر، تاقانەیەک بوو، بەردەوام شیمانەی ئەوی تێدا دەکرا ببێتە پاڵەوان و ئەنجامەکە هەڵبوەشێنێتەوە

یاریزان دەرکەوتەیەک نەبوو، لە ڕاهێنانی قورس و وانەی ئاڵۆزی ڕاهێنەرەکەیەوە دەرکەوتبێت، بەڵکوو بەهرەدارێک بوو زیاتر لە وێنەدانەوەیەکی سرووشتی دەچوو و دەبوو خۆی پێشان بدات کە وەک ئەوەی ڕاستەوخۆ بۆ بەشێکی یاریگا خوڵقابێت، پەیوەندیی یاریگا بە یاریزانەوە پەیوەندییەک بوو پێش هەرشتێک، پەیوەست بوو بە چێژەوە، گۆڕەپانێک بۆ پێشاندانی ئەوەی کە تێتدایە، یاریزان لەژێر فشارێکی هێندە تونددا نەبوو تا ناچار بکرێت ستراتیژیەک ئەنجام بدات، یان پەیڕەوی لە پلانێکی یەکانگیر بکات، بەڵکوو لە سادەترین شێوەیدا دەبوو خۆی بێت. بە پێچەوانەی ئەمڕۆوە، کە یاریزان دەبێت شتێک بێت زیاتر لە خۆی.

لە ئێستادا چاوەڕوانییەکان لە تاکەوە گواستراوەتەوە سەر یاریی بەکۆمەڵ و پلان و ستراتیژی ڕاهێنەر، هەر یاریزانێکش بیەوێت لە ئاستێکی بەرزدا دەرکەوێت، پیویستی بە چەند یارمەتێدەرێکە، وەک؛

١. پسپۆڕانی بواری خۆراک کە خشتەی خواردنی شیاوی بۆ دادەنێن و شێفێکی تایبەتیش بە پێی خشتەی ئامادەکراو ژەمەخواردنەکە لێ دەنێت.

٢. تیمێکی پزیشکی تایبەت کە چاودێری وردی تەندرووستی یاریزانەکان دەکات.

٣. پزیشکی دەروونی تایبەت کە ڕاوێژی پێ دەکات و یارمەتیی دەدات تا فشار و دڵەڕاوکێکانی کەم بکاتەوە.

٤. ڕاهێنەری لەشجوانییش یارمەتیی دەدات جەستەیەکی ڕێک و پڕوزەی هەبێت.

٥. پسپۆڕی میدیاوانی کە یارمەتی دەدات چۆن لە چاوپێکەوتنەکان دەربکەوێت و چی بڵێت تا لەگەڵ ئامانجی یانەکە ناکۆک نەبێت

٦. یاریدەدەری یاریزان کە لە خشتەی وەرزەش و گەشتەکان و ئەرکەکانیدا یارمەتیی دەدات.

جگە لەوەی چەندین پزیشکی جیاوازیان هەیە و دەبێت بەردەوام چاودێریی بکرێن، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەشی لە هەفتەیەکدا ئەنجامیان داوە، دەبێت بکرێت بە ڕاپۆرت و پێشکەشی ڕێکخستنی یانەکە بکرێت، یاریزان ئازاد نییە سەربەخۆیانە گەشت بکات گەر ڕاوێژ بە ڕێکخستنی یانەکەی نەکات، تەنانەت لە کاتی یارییە گرنگەکاندا ئاگادار دەکرێنەوە تا سێکسش نەکەن و ڕاستەوانە لەگەڵ ئەوپلانەدا هەڵبکەن وا ڕێکخەر بۆیانی هێڵکێش کردووە، یاریزان چیتر بەهرەدارێکی سرووشتی نییە کە ئەرکەکەی نمایشکردنی ئەو بەهرەیە بێت، بەڵکوو بەهرەدارێکی گویڕایەڵە و هەمیشە دەستکاریی دەکرێت، یان ڕێک دەخرێتەوە. ئەو بۆندەی پێشکەش بە یاریزانێک دەکرێت، بە تەنها کڕینەوەی نییە بۆ یاریی لە نێو لاکێشەی سەوزدا، بەڵکوو کڕینەوەی جەستەیەکە لە هەموو شوێنێکدا، لەسەر مێزی نانخواردنەوە تا سەر قەڕەوەێڵەی خەوتن، جەستەیەکی دیسپلینکراو و داڕێژڕاوە.

یاریزان هەمیشە دەبێ تێبگات زیاترە لە کەسێک و لە ژێر نیگای چاوەڕوانییەکانی ئەوانی تردا نقوم بووە وەک ئۆبێکتێک، نوێنەری بەشێکی زۆری جۆشوخرۆشی هاندەران دەکات، وەک چەمکی چالاکی ناچالاکی جاک لاکان، دەتوانێت نوێنەری ئەو ناچالاکییە بکات، هاندەرێک کە سستە و هیچ کردەیەکی نەبووە تا پێی شاد بێت، هێندە بەسە کە دەبینێت یاریزانە دڵخوازەکەی تۆڕی یانەیەک دەهەژێنێت و بە کەیف و شادییەوە بەرەو ڕووی کامێرا ڕادەکات و گۆڤەند دەگێڕێت، ئیتر ئەوەش دەخزێتە ئەوپەڕی کەیفخۆشیی و ئاهەنگی خۆیەوە وەک ئەوەی ڕۆڵێکی گرنگی لە سەرکەوتنەکەدا هەبووبێت.

ئاوێتەبوونی فانتازیاکانی هاندەر بە تیپەکەی یاخود یاریزانەکەیەوە، بەو ڕادەیەی کاتێک تیپەکەی شکست دەهێنێت غەمگین دەبێت و کاتێک تیپەکەی سەردەکەوێت شاگەشگە دەبێت، بۆ بەشێک لە پەیڕەوکارانی ئایین دەبێت بە ئیرەیی، ئیرەیی بە شەیداییەک کە ڕەنگە ئیتر سوبێکت، هێندەی هەڵکشان و داکشانی تیپە دڵخوازەکەی وەک فانتازیایەکی هاوچەرخ کاریگەریی لە سەر دابنێت، هێندە چیرۆکی پەیامبەرەکەی یاخود ئەفسانە ئایینییەکان کاریگەری لەسەر دانەنێت، وەک یەکێک لە بەرنامە میدیاییە کوردییەکان لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ خەڵکدا، کاتێک پرسیاری ناوی هاوەڵەکانی پەیامبەری لێ دەکردن نەیان دەزانی بەڵام ناوی زۆربەی یاریزانەکانیان دەزانی، نیگەران بوو بەوەی خەڵک هێندەی مەیل و شارەزاییان لە تۆپی پێدا هەیە، هێندە شارەزاییان لە ئاییندا نییە.

وەک میتیافۆرێک، زۆر جار هاندەران لەبری بەکارهێنانی یاریگای تۆپی پێ، پەرستگای تۆپی پێ بەکار دەهێنن و یاریگاکان بە پەرستگایەکی مۆدێرن دەچوێنن، گوایە وەک ڕێوڕەسمێک تاکەکان بە کۆمەڵ کۆدەبنەوە و هەست و سۆز و هەڵچونەکانیان بەگشتی دەردەبڕن. لە یاری کۆتایی جامی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی بینەر، بە نزیکەیی گەیشتە یەک ملیار و نیو، بۆ بنیادنانی ئەو یاریگایەی یارییەکەی تێدا ئەنجام درا، شەش هەزار و پێنجسەد کرێکار تێیدا گیانیان لەدەستدا بوو، ناکرێت ناسناوی شەهیدیان لێ بنێین وەک ئەوەی لە پێناو ئەرکێکی پیرۆزی ئاینیدا گیانیان بەخشیبێت؟

ڕەنگە لە تۆپی پێدا هیچ پیرۆزییەک وەک ئایین جێی پەرستش بێت، بەڵام بە نزیکەیی هەمان پانتایی سایکۆلۆژیی دەبزوێنێت، کە ئاین کاری تێدا دەکات. چی ڕێوڕەسمێکی ئایینی لە مۆدێرنەدا، ئەو چێژە بە هاندەرێکی ڕیاڵ مەدرید دەبەخشێت کە لە یارییەکانی چامپیۆنزلیکی ساڵی ٢٠٢٢ دا چەشتی؟ کاتێک بە جیاوازیی ٢ گۆڵ لە پاش پاریس سان جێرمانەوەیە، بەڵام لە ١٠ خولەکەدا یاریزانەکان گریمانەکانی سیستەم تێک دەشکێنن و سێ گۆڵ دەکەن، دواتر بە زنجیرە ڕیمۆنتادایەک دەگەن بە یاریی کۆتایی و نازناوەکەش دەبەنەوە.

یاخود کاتێک لیۆ میسی دوای هەوڵدان و چاوڕوانییەکی زۆر جامی جیهانیی دەباتەوە و هەمووان دڵخۆش دەبن و هەست بەوە دەکەن ژیان هێندەش نادادپەروەرانە نییە و کۆتاییەکان ڕەنگە هەمیشە باشتری لێ بکەوێتەوە. دواجار بەهۆی هاوشووناسبوونەوە، ڕەنگە ڕیمۆنتادای یاریزانێک یان یانەیەک بە سەر ئەوانی تردا، بەشێک لە فریودانەشی تێدا بێت، جۆشوخرۆشی هاندەر بۆ ڕیمۆنتادا، جگە لە هەڵگێڕانەوەی ئەنجامی یاریی، دەکرێت هیوایەکی نەستەکیی بێت بۆ هەڵگێڕانەوەی شکستەکانی خۆی بەرەو سەرکەوتنێکی مەحاڵ، کە ڕەنگە بە تەنها لە فانتازیای گۆڕەپاندا، تیپە خۆشویستراوەکەی یان یاریزانە ئایدیاڵەکەی بۆی دەستەبەر بکات.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


Like this:

Like Loading...