گۆشەی ئازد
چیرۆکی سێ شار
وڵاتی چین بهێننه به‌رچاوی خۆتان: نرخی زه‌وی له ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٥ پێنج به‌رانبه‌ر زیادی کردووه. له پێش ساڵی ٢٠٠٨ نرخی زه‌وی به شێوه‌یه‌کی ناوه‌ندیی ٣٧٪ـی نرخی خانوو له په‌کین بوو، به‌ڵام له پاش ساڵی ٢٠١٠ زیاد ده‌کات بۆ ٦٠٪ له هه‌موو شوێنێک خه‌ڵکی که‌مده‌رامه‌ت له خانووه‌کانیان کرانه ده‌ره‌وه، یاخود ناچار کران کرێیه‌کی زۆر زیاتر بده‌ن. دینی مک ماهۆن (Dinny McMahon) له کتێبی دیواری گه‌وره‌ی قه‌رزی چیندا نووسی "ملیۆنان که‌س له شاره‌کاندا ده‌ژین، توانای دابینکردنی خه‌رجیی خانووبه‌ره‌یان نییه، هه‌لومه‌رجیش ڕۆژبەڕۆژ خراپتر ده‌بێت".
3 ڕۆژ پێشتردواین نوێکردنەوە كانونی یه‌كه‌م 18, 2024
65 5 خولەک خوێندنەوە
دەیڤد هارڤه‌ی
وەرگێڕان: کەیوان نوری
خانوو شتێکی زۆر ساده‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش کاڵایه و به قه‌ولی مارکس پڕه له (جوانیی میتافیزیکی و ساتی تیۆلۆژییانه). من له خانوویه‌کی گه‌ڕه‌کێکی کرێکارنشینی ئارام، پارێزراو و ئابڕوومه‌ند، له به‌ریتانیای ساڵه‌کانی پاش ١٩٤٥ گه‌وره بووم. خانووەکە خاوه‌نی به‌هایه‌کی به‌کارهێنانی ئاسایی و به‌بێ جوانییه‌کی تایبه‌ت بوو. ژینگه‌یه‌کی ئارام هه‌رچه‌ند تا ڕاده‌یه‌ک ته‌نگ بۆ خواردن، خه‌وتن، گفتوگۆ، خوێندنه‌وه‌ی چیرۆک، ڕاهێنانی نووسین یان گوێگرتن له ڕادیۆی پێک ده‌هێنا.
شوێنێک تاکه‌کانی خێزان له‌گه‌ڵ بوونی ته‌واوی کێشه و دژیه‌کییه ده‌روونییه‌کان ده‌یانتوانی به‌بێ لاپرەسەنی دراوسێکان له‌گه‌ڵ یه‌کتر گفتوگۆ بکه‌ن. په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ دراوسێکان دۆستانه و هاوپشتانه بوو، هه‌رچه‌ند زۆریش گه‌رموگوڕ نه‌بوو. ئه‌وێ شاری به‌های به‌کارهێنان بوو. به‌ڵام ڕۆژێکم له‌بیر دێت قه‌رزی خانووه‌که‌مان کۆتایی پێ هات و جه‌ژنێکی بچووکمان گێڕا. تازه تێگه‌یشتم خانوو به‌های ئاڵوگۆڕیشی هه‌یه، ده‌توانێت بۆ نه‌وه‌کانی دواتر بگوازرێته‌وه بۆنموونە:(من)، به‌ڵام له ماڵی ئێمه هیچ کات له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه قسه‌یه‌ک نه‌ده‌کرا. نزیک ماڵی ئێمه باڵه‌خانه‌ی خانووبه‌ره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی بوو، به باوه‌ڕی من شوێنێکی باش بوو، به‌ڵام کاتێک په‌یوه‌ندییم له‌گه‌ڵ کچێکی نیشته‌جێی ئه‌و باڵه‌خانه‌یه به‌ست، دایکم به توندیی دژایه‌تیی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی کرد. ئه‌و وتی ئه‌وانه ههرچیوپهرچین و متمانه‌یان پێ ناکرێت، به‌ڵام وا دیار بوو ئه‌وانیش خانوویه‌کی ئارامیان هه‌یه له ژینگه‌یه‌کی باش‌دا، بەڵام (بێ‌ڕۆح).
ئێمه و ئه‌وان گوێمان له یه‌ک به‌رنامه‌ی ڕادیۆی ده‌گرت و منداڵه‌کان له کۆڵاندا هه‌مان یارییان ده‌کرد، به‌ڵام لەکاتی هه‌ڵبژاردندا ئه‌وان لایه‌نگری پارتی کرێکاران بوون و له کۆڵانی ئێمه‌ش چه‌ند پۆسته‌ری بانگه‌شه‌ی چینی کرێکار و چه‌ند پۆسته‌ری پارتی توری (پارتی پارێزگاران) هه‌ڵواسرا بوو. گه‌شه‌ی بوون به خاوه‌نی خانووی چینی کرێکار، له ده‌یه‌ی ١٨٩٠ به‌دواوه له به‌ریتانیا، هه‌مووکات ئامڕازێک بوو بۆ جڵەوی کۆمه‌ڵایه‌تیی و به‌رگریی به‌رانبه‌ر به‌لشه‌فیزم. له ئه‌مریکا ده‌ڵێن: “ئه‌و خاوهنخانووانهی وا له‌ژێر باری قه‌رزدان، به‌شداریی مانگرتن نابن”. له دهیهی١٩٨٠ـەوه ئیدی دابینکردنی خانوو بۆ هه‌مووان له ناوه‌ندی به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌تدا سڕایه‌وه. مارگرێت تاچه‌ر، خانووبه‌ره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رزانفرۆش کرد و خه‌ڵکیش حه‌زێکی زۆرتریان بۆ به‌های ئاڵوگۆڕی خانووه‌کانیان بۆ په‌یدا بوو.
بانکه‌کانی خانووبه‌ره بۆ بوون به خاوه‌نی خانوو هاوکارییان پێشکه‌ش ده‌کرد، ئیدی دامه‌زراوه‌ی گه‌ڕه‌که‌کانی چینی کرێکاران نه‌بوون و زیاتر چوونه سه‌ر فۆرمی بانکه‌کان. ساڵی ١٩٨١ به نزیکه‌ی ٣٣٪ـی خانووه‌کان له به‌ریتانیا به‌شێک بوون له خانووبه‌ره گشتییه‌کان، به‌ڵام تا ساڵی ٢٠١٦ ئه‌و ژماره‌یه بۆ که‌متر له ٧٪ داکشا. له دنیای نیولیبراڵی ئایدیاڵیدا، نابێت هیچ خانووبه‌ره‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌بێت. وەک کۆلین کروچ Colin Crouch ده‌ڵێت: “کرێنشینانی خانووبه‌ره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی پاشماوه‌ی نه‌خوازراوی ڕابردووی پێش نیولیبراڵیزمن”. ئه‌وکات هه‌موو ئێمه شانسی گه‌یشتن به دیموکراسیی خاوه‌ندارێتیمان هه‌بوو. خانووه‌کان بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه و بەکرێدان ئاڵوگۆڕ ده‌کران، تا به‌ڵکوو خاوه‌نه‌کانیان بتوانن بچنه گه‌ڕه‌کێکی باشتری شار.
خسته‌ڕووی خانوو وه‌ک به‌هایه‌کی ئاڵوگۆڕ و شێوه‌یه‌ک بۆ پاشه‌که‌وت و شوێنێک بۆ زیادکردنی سه‌رمایه‌ی تاکه‌که‌سیی، چووه ناو به‌رنامه‌ی هه‌مووان. سامانی تاکه‌که‌سیی خاوه‌نی خانوو بووه بابه‌تی هه‌موو قسه‌وباسه‌کان. بۆ پارێزگاریی له به‌های موڵکه‌کانی گه‌ڕه‌کێک ڕێگه له نیشته‌جێبوونی پێپه‌تییه‌کان (ڕه‌شپێسته‌کان و کۆچبه‌ران) ده‌گیرا. شاره داخراوه‌کان به‌رهه‌م هێنران و جیاکاریی توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕژدتر کاری له سه‌ر کرا. فه‌زاکان دیوار‌یان به‌ده‌وردا کێشرا و ناوچه کراوه‌کانیش له دانیشتووان خاڵی کران. له کۆتایی سه‌ده‌دا دیسان تێڕوانینه‌کان گۆڕانیان به سه‌ردا هات. خانوو وه‌ک ئامرازی که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌رمایه و قازانجی به‌رهه‌مهاتوو له سه‌رمایه‌گوزاریی مامه‌ڵه‌کارانه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا. خانوو گۆڕدرا بۆ ده‌زگایه‌کی خۆبهرههمهێنهر، به وه‌رگرتنی قه‌رزی نوێ بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه کۆنه‌کان ده‌یتوانی له هیچه‌وه پاره بخوڵقێنێت. هەڵکشانی قه‌رز و پاره‌ی نه‌خت به‌بێ هیچ کۆنترۆڵێک له بازاڕه‌کانی خانووبه‌ره، بووه هۆی داکشانی نرخی خانووبه‌ره. به‌ڵام پاش ئه‌و گۆڕانکارییه هێزێکی ترسناکتر درووست بوو. سه‌رنجه‌کان نه‌ک بۆ خانوو، به‌ڵکوو وه‌رگه‌ڕا بۆ زه‌وییه‌ک خانووی له سه‌ر درووست ده‌کرێت.
18:27
جیاوازیی به‌های ئه‌و زه‌وییه‌ی ئێستا له‌به‌رده‌سته و زۆرترین و باشترین شێوازی به‌کارهێنانی زه‌ویی سه‌رمایه‌گوزارانی تووشی دڵه‌ڕاوکێ و وه‌سوه‌سه کرد. بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانجی سه‌رمایه‌گوزاریی مامه‌ڵه‌کارانه، یان ده‌بوو به‌کارهێنانی ئه‌و زه‌وییه‌ی له‌به‌رده‌سته گۆڕانی به‌سه‌ردا ده‌هات و دانیشتووانی ئێستای ئه‌وانه دهرکرابان، یاخود به‌خاتری ئیمتیازی مانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه، کرێچییه‌کان ناچار به دانی کرێی زیاتر ده‌کران. نموونه‌ی به‌رچاو ده‌توانرێت له هه‌موو شاره گه‌وره‌کانی دونیا په‌یدا بکرێت. وڵاتی چین بهێننه به‌رچاوی خۆتان: نرخی زه‌وی له ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٥ پێنج به‌رانبه‌ر زیادی کردووه. له پێش ساڵی ٢٠٠٨ نرخی زه‌وی به شێوه‌یه‌کی ناوه‌ندیی ٣٧٪ـی نرخی خانوو له په‌کین بوو، به‌ڵام له پاش ساڵی ٢٠١٠ زیاد ده‌کات بۆ ٦٠٪ له هه‌موو شوێنێک خه‌ڵکی که‌مده‌رامه‌ت له خانووه‌کانیان کرانه ده‌ره‌وه، یاخود ناچار کران کرێیه‌کی زۆر زیاتر بده‌ن.دینی مک ماهۆن (Dinny McMahon) له کتێبی دیواری گه‌وره‌ی قه‌رزی چیندا نووسی “ملیۆنان که‌س له شاره‌کاندا ده‌ژین، توانای دابینکردنی خه‌رجیی خانووبه‌ره‌یان نییه، هه‌لومه‌رجیش ڕۆژبەڕۆژ خراپتر ده‌بێت”.
ئه‌گه‌ر مارکس زیندوو ده‌بوو، سه‌ری سوڕ نه‌ده‌ما. ئه‌و ده‌یگوت: “بۆ قازانج له ڕێگه‌ی به‌کرێدانی خانوو، هه‌ژاریی سه‌رچاوه‌یه‌کی سوودهێنهرتر بوو له کانه‌کانی پاتوسی patosi بۆ خاوه‌نه‌کانیان”. ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌ها له موڵکێکه‌وه به‌ده‌ست دێت که ڕێگه‌ی ده‌دا خاوه‌نه‌که‌ی (کرێکارانێک که به‌شدارییان له ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی دژی که‌میی کرێی کار ده‌کرد، له خودی ئه‌و زه‌وییه‌ی له‌سه‌ری ده‌ژیان، ده‌ر بکات). خه‌ڵکانی که‌مده‌رامه‌ت له هه‌موو گه‌ڕه‌که‌کان کرانه ده‌ره‌وه، تا ڕێگا بۆ ده‌رفه‌تی سه‌رمایه‌گوزاریی پاره‌داره‌کان بکرێته‌وه، باڵاخانه گرانه‌کان و گۆڕینیان بۆ به‌کارهێنه‌ره تازه‌کان وه‌ک Airbnb (کۆمپانیایه‌کی گه‌وره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی چالاکه له بواری پێداویستییه‌کانی خانووبه‌ره). ئیدی ئه‌وه ته‌نها به‌های ئاڵوگۆڕی خانووه‌کان نه‌بوو بازاڕی خانووبه‌ره‌ی ده‌جووڵاند، به‌ڵکوو که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه له ڕێگه‌ی ده‌ستوه‌ردان له بازاڕی خانووبه‌ره، بزوێنه‌ری ئه‌و بازاڕه بوو.
زیادبوونی خێرای نرخی موڵک، له ڕووکه‌شدا له به‌رژه‌وه‌ندیی خاوه‌ن خانووه‌کان بوو، به‌ڵام له واقیعدا خاوه‌نی به‌رژه‌وه‌ندیی ڕاسته‌قینه بانکه‌کان، دامه‌زراوه‌کانی پێدانی قه‌رز، سندووقه گه‌وره‌کانی سه‌رمایه‌گوزاریی و ئه‌و کۆمپانیا گه‌ورانه بوون وا له چه‌ندین پانتایی ئابوورییدا چالاکن و به پیر قازانجی ئه‌و بازرگانییه‌وه چوون. کاتێک قه‌یران ڕووی دا، ئه‌وکاته واقیعییه‌ت ئاشکرا بوو. بانکه‌کان ڕزگاریان بوو، خاوه‌نی خانووه‌کان بوونه خۆراکی ماسییه گۆشتخۆره‌کانی بۆرسی ئه‌وراقی به‌هادار. له ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٠ له ئه‌مریکادا خانووی ملیۆنان که‌س ناونووس کرا و کردنه‌ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵکانی که‌مده‌رامه‌ت له خانووی کرێدا له هه‌موو شوێنێک به خێرایی قەوما. ئه‌و ڕووداوانه ده‌رئه‌نجامی کۆمه‌ڵایه‌تیی زۆر کاره‌ساتباری لێ که‌وته‌وه. سندووقه گه‌وره‌کانی سه‌رمایه‌گوزاریی و ناوه‌نده‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رمایه‌گوزاریی بوونه کڕیار و ته‌واوی ئه‌و خانووانه‌ی ده‌ستنیشان کرابوون، به نرخێکی زۆر هه‌رزان کڕدران و ئێستاش قازانجێکی زۆر له مامه‌ڵه‌کانیان ده‌که‌ن.
سکهه‌ڵگوشینی ئابووریی بووه هۆی ئه‌وه‌ی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی خانووبه‌ره گشتییه‌کان دره‌نگ بکه‌وێت و ئه‌و خانووانه‌یشی له‌و که‌رته‌دا مابوونه‌وه، به دۆخێک گه‌یشتن به ئێمه وترا ته‌نها به‌تایبه‌تیکردن ده‌توانێت هه‌لومه‌رجه‌که به‌ره‌و باشتر به‌رێت. که‌رته تایبه‌ته‌کان له کردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ژاران له خانووه‌کان زۆر لێهاتوو ده‌رکه‌وتن. به‌م جۆره گۆڕینی خانووبه‌ره‌ی ده‌وڵه‌تیی بۆ که‌سانی که‌مده‌رامه‌ت به خانووبه‌ره‌یه‌کی قازانجهێنه‌ر له بازاڕی ئازاد‌دا، به خێرایی به‌ره‌و پێشێ ده‌چوو. ئه‌وه‌یه شاری به‌ده‌ستهێنانی قازانج له مامه‌ڵه‌ی بازرگانیی: له شارێکی له‌و شێوه‌یه‌دا نیشته‌جێبوون کاتی و گۆڕاو ده‌بێت. هاوکاریی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئیشتراکی گه‌ڕه‌که‌کان داده‌ڕووخێت. خاوه‌نموڵکه‌کان ڕیکلام بۆ گه‌ڕه‌که ده‌وڵه‌مه‌ند و به زۆری دیوار به‌ده‌وردا کێشراوه‌کان، به تایبه‌تمه‌ندیی خه‌یاڵی ژیانێکی باشتر ده‌که‌ن. ئه‌م کاره‌ی خاوه‌نموڵکه‌کان به‌جۆرێک ده‌بێته پیشه‌یه‌کی ته‌واو وه‌خت: به‌وه ده‌ڵێن (ئه‌ندازیاری شاری خه‌یاڵیی). واقیعییه‌ت وێرانکردنی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه به ده‌رئه‌نجامێکی ترسناک.
گلین ڕۆبینز Glyn Robbins له‌باره‌ی شه‌پۆلی ئه‌و تاوانانه‌ی له‌نده‌نی گرتووه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: “سیاسه‌تی شاری نیولیبراڵی سوودسهنتهر، کۆمه‌ڵێک شاری به‌رهه‌م؟هێناوه زۆرینه‌ی گه‌نجان له‌و شارانه‌دا به شێوه‌یه‌کی واقیعیی وا هه‌ست ده‌که‌ن هیچ شوێنێکیان نییه. بۆ ئه‌و گه‌نجانه په‌یداکردنی خانوویه‌ک که شایسته‌ی ژیان بێت، به تایبه‌ت له‌و گه‌ڕه‌کانه‌ی تیایدا له دایک بوون، تا ڕاده‌یه‌ک نامومکینه و ده‌شبێته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م ده‌ستپێکردنی ژیانێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌وان. تۆڕی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان و هه‌ستی په‌یوه‌ستبوونیان به جێگه‌یه‌که‌وه و ڕێزی به‌ساڵاچووان له‌و گه‌نجانه گه‌یشتووه به بنبه‌ست. هیچ شتێک به‌و باشییه نه‌یده‌توانی هه‌لومه‌رجێک بۆ ئه‌و گه‌نجانه بێنێته ئاراوه که تیایدا نه ژیانی به‌ساڵاچووان گرنگییه‌کی هه‌بێت و نه ژیانی خۆیان”. ئه‌مه له‌گه‌ڵ ئه‌و دونیایه‌ی من تیایدا گه‌وره بووم، جیاوازه.
به‌ڵام خانوو هێشتا هه‌ر خانووه. شێوه جیاوازه‌کانی به‌ها به شێوه‌ی ناجێگیر له فۆرمی کاڵادا هه‌میشه پێکه‌وه‌ن. کامڵ‌بوونی ئه‌وانه له قۆناغی کۆتایی بازاڕی خانووبه‌ره له بنبه‌ستی ئه‌مڕۆدا تا دواسنووری خۆی چووه‌ته پێشێ. له هه‌لومه‌رجێکدا باڵاده‌ستیی نرخی سوودی بازرگانی به جۆرێکه که زیاتر له نیوه‌ی دانیشتووانی گۆی زه‌وی به‌هۆی زاڵبوونی سه‌رمایه به سه‌ر بازاڕه‌کانی زه‌وی و خانووبه‌ره، ناتوانن شوێنێکی له‌بار بۆ ژیان له ژینگه‌یه‌کی گونجاو‌دا په‌یدا بکه‌ن. به دڵنیاییه‌وه نابێت به‌و جۆره بێت.
به‌م دواییانه له‌کاتی پاککردنه‌وه‌ی ژووری کاره‌که، به‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک که‌وتم که له ساڵی ١٩٧٨ ئه‌نجوومه‌نی شاری گه‌وره‌ی نیۆرک له‌باره‌ی خانووبه‌ره‌وه بڵاوی کردبووه‌وه. ناونیشانی به‌ڵگه‌نامه‌که ئه‌مه‌یه: “خانووبه‌ره‌ی گشتیی: تاکه چاره‌سه‌ر”. له ساڵی ١٩٧٨ لیژنه‌ی خانووبه‌ره و گه‌شه‌ی شاری ئه‌مریکا بودجه‌یه‌کی به بڕی ٨٣ ملیارد دۆلاری بۆ هاوکاریی ئه‌و ڕێگه‌چاره‌یه له‌به‌رده‌ستدایه. دامه‌زراوه هاوبه‌شییه‌کان به پشکی سنووردار و هه‌تا دامه‌زراوه قازانجنه‌ویسته‌کان له شاره گه‌وره‌کاندا له‌دایک بوون، بۆ درووست‌کردنی خانووبه‌ره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی به مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووی چاره‌سه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌می دڕنده‌ی بازاڕ. له ساڵی ١٩٨٣ بودجه‌ی لیژنه‌ی خانووبه‌ره و گه‌شه‌ی شاری بۆ ١٨ ملیارد دۆلار که‌می کرد، تا ئه‌وه‌ی له ده‌یه‌ی ١٩٩٠ له ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی سه‌رکۆمار بیل کلینتۆن ئه‌ویش سڕدرایه‌وه. چل ساڵ دواتر من بیر له ده‌رئه‌نجامی کاره‌ساتباری به‌دوادانه‌چوونی ئه‌و چاره‌سه‌ره ئاشکرایه دەکەمەوە، واتا (خانووبه‌ره‌ی گشتیی). به‌های به‌کارهێنان ده‌بێت له پێش هه‌ر شتێکه‌وه بێت.
سه‌رچاوه/ فصلنامهی نقد اقتصاد سياسى، شمارهی ده‌م، بهار ١٣٩٨
تاگەکان
دەیڤید هارڤەی