ئاسۆی ململانێکانی تەحریر شام لەگەڵ ئیسرائیڵ و تورکیا
تورکیا دەیەوێت بە ئامانجی سڕینەوە و لاوازکردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی فرەنەتەوەیی/ فەرهەنگیی ڕۆژئاوا، لە ڕێی هێرشی ئاسمانیی و تۆپبارانی بەردەوام زەمینە بۆ هاشاوڵی بەرفراوانی بەکرێگیراوانی داعش دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پێشەنگێتیی کوردان، خۆش بکات. بەرخۆدان بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا کارێک دەکات؛ هەسەدە نەپەرژێتە سەر جڵەوکردنی هەزاران ئەندامی داعش، کە لە ڕۆژاوا زیندانن. جا ئەمە ئەگەری هەڵهاتن و خۆڕێکخستنەوە و هێرش بۆ داعش فەراهەم دەکات.
کامەران مەتین
تانکەکانی ئیسرائیڵ بیست کلیۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورن، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیڵ بەرفراوانترین بۆمبارانی لە مێژووی خۆیدا دژی ژێرخان و چەکە ستراتیژییەکانی سووریا ئەنجام داوە. ئەمەش بۆ ئەوەی ئەم توانایە نەکەوێتە دەست جیهادییە سونییەکانی تەحریر شام.
هاوکات تورکیا دەیەوێت بە ئامانجی سڕینەوە و لاوازکردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی فرەنەتەوەیی/ فەرهەنگیی ڕۆژئاوا، لە ڕێی هێرشی ئاسمانیی و تۆپبارانی بەردەوام زەمینە بۆ هاشاوڵی بەرفراوانی بەکرێگیراوانی داعش دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پێشەنگێتیی کوردان، خۆش بکات. بەرخۆدان بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا کارێک دەکات؛ هەسەدە نەپەرژێتە سەر جڵەوکردنی هەزاران ئەندامی داعش، کە لە ڕۆژاوا زیندانن. جا ئەمە ئەگەری هەڵهاتن و خۆڕێکخستنەوە و هێرش بۆ داعش فەراهەم دەکات.
با چاو لەوەش بپۆشین داخۆ تورکیا و ئیسرائیڵ ئەم جووڵانەیان بە هەماهەنگییە یان نا، بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات، هەوڵی داگیرکردنی زۆرینەی خاکی سووریایە لەلایەن ئەم دوو دەوڵەتەوە. ئەمەش بۆ ئەوەی زەمینە بۆ کاریگەریی لە ئاییندەی سووریا و مامەڵە لەگەڵ یەکتری و هێزە جیهانیی و هەرێمییەکان فەراهەم بکەن
بەڵام ئەزموونی ڕووسیای سۆڤێت لە ئەفغانستان و ئێران لە سووریا و ئیسرائیڵ لە لوبنان نیشانی دەدات، داگیرکاریی بەرخۆدان بەهێز دەکات. کۆیادی سیاسیی هاوچەرخی زۆرینەی خەڵکی سووریا بە وێنا و بیرەوەریی هەڵواسینی ناسیۆنالیستە سوورییەکان کاریگەرە لەلایەن تورکە عوسمانییەکانەوە لە سەرەتای سەدەی بیستدا. داگیرکەری تورکیای ئەردۆگانیش بەرانبەر ئەم کۆیادە سیاسییە هەڵبواردە نییە. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی ئەسەد ئۆپۆزسیۆنی ناچاری هەماهەنگیی لەگەڵ تورکیا کرد تا یارمەتیی و پاڵپشتیی چنگ بخەن، بەڵام بە هەڕۆژانی ئەسەد، ئەم خواستە نەماوە. بە گشتیی ڕووبەڕووبوونەوەی درێژمەودای تەحریر شام لەگەڵ تورکیا و ئیسرائیل ئەگەرێکی واقعییە.
بەڵام هەلومەرجی هەنووکەیی بە گشتیی شلوشاوە، هیچیەک لە گەمەکەرە سیاسیی و سەربازییەکانی سووریا، جا چ سووریی بن یان بیانیی، پێڤاژۆی هەلومەرجی ئاییندەی سووریایان پێ ڕەنگڕێژ ناکرێت. هەفتە و مانگەکانی ئاییندە ئەگەری پێکهاتنی هاوپەیمانیی نوێ و دەرەوێنا بۆ هاوسەنگکردنەوەی هێزی ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە.