ڕۆژئاڤا ئەزموونێکی ڕچەشکێنە
بۆ من ڕۆژئاڤا سۆزێکی سیاسیی نییە، بەڵکە کولتوورێکی ڕچەشکێن و بەرگرییەکی باڵای بوونایەتییە. لە ڕووی بیرکردنەوەوە بزاڤی کوردی بەشی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووریش تا پێش درووستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە کۆتایی و سەرەتای هەشتایەکاندا، نەک هەر دەستکاری لە بونیاتی کۆمەڵگەی کوردستان نەکردووە، بەڵکە سەرچاوەی بیرکردنەوەیان کولتووری گوندییبوونە.
هەندرێن
بۆ من ڕۆژئاڤا سۆزێکی سیاسیی نییە، بەڵکە کولتوورێکی ڕچەشکێن و بەرگرییەکی باڵای بوونایەتییە. مێژووی باڤی ڕزگاریخوازیی لە باشوور، ڕۆژهەڵات و باکووردا، هەم مێژووی درێژی هەیە و هەمیش لە ڕووی جیوگرافیی و ڕێژەی دانیشتوانییان لە ڕۆژئاڤا درێژتر و زۆرترە. لە ڕووی بیرکردنەوەوە بزاڤی کوردی بەشی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووریش تا پێش درووستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە کۆتایی و سەرەتای هەشتایەکاندا، نەک هەر دەستکاری لە بونیاتی کۆمەڵگەی کوردستان نەکردووە، بەڵکە سەرچاوەی بیرکردنەوەیان کولتووری گوندییبوونە، هەر بۆیە سەرکردەکانیشییان سەر بە چینی دەرەبەگ و شێخ و ئایینیی بوونە، بەمجۆرە هەم لە ئارمانجی سیاسییدا ناڕوون بوونە و هەمیش نەبوونە بە مایەی سەرنج و هەژانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داگیرکاران.
لە دواجاردا هەم زلهێزەکان و هەمیش داگیرکارانی کوردستان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بە بێ بەخشین بەکاریان هێناون و داگیرکارانی کوردستانیش بە فریودان قوربانییەکانی خەباتییان خاکەسار کردوون. لێ ئەزموونی سیاسی و کولتووری رۆژئاڤای کوردستان، جا هاوڕا بین لەگەڵیدا یان نا، ئەزموونێکی داهێنەرانەی کولتوورێکی ڕچەشکێن و بەرجەستەکردنەوەی بەرگرییەکی باڵای بوونایەتییە کوردییە، کە ئەمەیش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تاریکترین هێز لە جیهانی ئیسلامییدا کە بەناوی دیندارییەکی بکوژخوازیی گۆڕەپانی سیاسی داگیر کردووە و لەم ڕۆژگارە پاش شۆڕش و ماددەخوازەماندا، کە سەرمایەداریی باڵادەستی جیهانیی بەهای شۆڕش و شۆڕشگێریی، کردەی پاڵەوانێتیی بێبەها و فەرامۆش کردووە، جێگەی تێڕامانە.
جێگەی تێڕامانەکەی لەوەدایە، کە ئەزموونی ڕۆژئاڤا بۆ من شاعیرانەیە. شاعیرانەیە چونکە بوونی کورد لە دۆخی ئاوابوونی جۆشوخرۆشی بوونایەتیماندا، تایبەتمەندی کولتوورێکی سەما، جەربەزەیی، شادی، ئومێدبەخش، بە پێچەوانەی دیمەنی سیاسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانیش، لە بوونی چیایی کوردبووندا دەپۆشێت. ئەمەیش وامان لێ دەکات، ویستی متمانە و شکۆ بۆ بوونی هەلاهەلای کورد بە بیر بێتەوە، ئەمەیش کردەیەکی شاعیرانەیە.
ئەوها ئەزموونی ڕۆژئاڤا لە کنە من سۆزێکی سیاسیی باو نییە، بەڵکە هاوسۆزییە لە کولتوورێکی سیاسی جێندەریی، کە لەوێدا نەریتی جیایی کە ژن تێیدا شکۆی هەیە، لەدایک دەبێتەوە. هەروەک بە پێچەوانەی نەریتی سیاسی حیزبە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، توێژی شار سەرکردایەتی سیاسیی ئەو ئەزموونە نوێیە دەکەن.لەوەیش زێتر، بۆ یەکەمجارە ئەوەندەی من بیزانم، کورد وەک هێز خاکی خۆی بە پەلهاوێشتن بۆ دەرەوەی خۆی فرەوانتر دەکا و بە هونەری سیاسەتێکی ئەنارشیستانە عەرەب و ئایین و ئایینزایەکانی دیکەی ناو سووریا بەڕێوە دەبات، کە ئەمەیش دەبێت بە کردەیەکی نوێ و سەرنجڕاکێشانە بۆ دەرەوەی خۆی و جیهانیش.
لە کاتێکدا بە درێژایی سازکردنی ئەو دەوڵەتانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هیچێک لەو دەوڵەتانە نەیانتوانیوە وەک ئەزموونی ڕۆژئاڤا ئەو شێوە حکومڕانییە ڕەگئاژۆییە لە کولتووری بەڕێوەبەرایەتی میزۆپۆتامیا، دابمەزرێنن. ئەو دەوڵەتە سەردەستانە بە زەبروزەنگەوە، نەتەوە و ئایینەکانی دیکەیان لە سووریا و ئێران و ئێراق و … سەرکوت کردووە. لێرەوەیە مخابن ئەو جۆشوخرۆشە شاعیرانەیە بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی دەرەکیی و دۆخی سیاسیی ناوەکیی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و دەستەڵاتە دڕندە و تایفییەکانی تورکیا و ئێران و ئێراق، ئاسۆیەکی ڕوون بەدی نەکەین و بێئومێدیی و خامۆشی بوونمان داگیر بکات. بەمجۆرە داگیرکاران ڕۆحی کورد دەستەمۆ بکەن. لەم ڕوانگەیەوە لەو دۆخە ئاڵۆزەی دەڤەرەکە و جیهان، ڕۆژئاڤا کوردستانێکی ڕێژە کەمی کورد و دابەشکراو بەسەر جیۆگرافیای سووریا و گەمارۆدراو بە دڕەندەترین ڕژێمەکانی تورکیا و سووریا و ناوچەکە و ئۆپۆزیسیۆنێکی سووری بەکرێگیراوی تورکیا و هاوبڕوایەکانییەوە، هاوکاتیش هەبوونی ناکۆکی و ئابلۆقەدانی ئابووری لە باشووری کوردستان، داکۆکیکردن لێی ئەرکێکی مرۆڤانە و کولتوورێکی ئێتیکی شۆڕشگێرانەیە.
هەندرێن ٢٠٢٤/١٢/٥
بناری هەڵگورد