گۆشەی ئازد

داکۆکیی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا

کورد ئەگەری بەرکەوتنی لەگەڵ ناڕوونیی ئەو هێزە تازانەی لە سووریا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە بەرگرییەک هەیە و دەکرێت ئاڕاستە و شێوەکەی نەگۆڕێت و بەرهەمدار بێت، واتە دیموکراسیی ڕاستەقینە بێت و ڕەنگدانەوە و مانا بە دەستەوە بدات، بەو واتایەی ماف و ئازادیی و ژیانێکی دیموکراسییانە دەستەبەر بکات.

سۆران ناسح

تیۆدۆر هرتزل، بە باوکی ڕۆحیی و کەسێکی گرنگی دامەزراندنی دەوڵەتی یەهوود دادەنرێت، لە پەڕتووکەکەیدا بە ناوی (دەوڵەتی یەهوود)، کە بیرۆکە و پڕۆژەیەکی پراکتیکییە بۆ گەیشتن بەم دەوڵەتە، کۆمەڵێک خاڵی بنەڕەتیی دەخاتە بەر باس. کاتێک ئەو ئاماژە بەو ماف و ڕاستییانە دەکات وا دەبوو بۆ گەلی جوو دەستەبەر بێت، دەڵیت: “ئەگەر سەرۆکی دەوڵەتێک بیەوێت بەرەبابێکی جوو لە نێو نەتەوەکەیدا بتوێنێتەوە، ئەوا پێویستە ئۆقرەیی سیاسییمان بۆ دابین بکات، بەڵام تەنانەت خودی پسمارکیش نەیتوانی ئەوە بکات”. ئەم وێنایە بە زیادەوە بۆ دۆخی کوردیش ڕاستە. نە لە ڕابردوو و نە لە ئێستاشدا هیچ هێزێک، چ ئیسلامیی یان نائیسلامیی، ئەم ئۆقرەییە سیاسیەی بۆ کوردان دابین نەکردووە، بگرە بێبەزەییانە هەوڵی تواندنەوە و لەناوبردنی داوە.

کاتێك کورد بە جوو بەراورد دەکەم، تەنیا یەک لایەنی وەردەگرم، ئەویش ئەو دیوەیە کە ئێمە لە ئازار و بێمافییدا زۆر شتمان چوونیەک دێتەوە، لە ڕاوەدونان و چەوسانەوە و ستەم و ئەشکەنجە و کوشتن و ژینۆساید و… هتد، بەڵام دنیایەک جیاوازیی ئەقڵیی و فیکریی و ئایینیی هەیە و ناکرێت نادیدە بگیرێت، دەکرێت لە کات و شوێنی تردا قسەی لێ بکرێت. هرتزل دواتر ئاماژە بەوە دەکات کاتێک ئەم دابیننەکردنەی ماف دەستەبەر نابێت و خۆمان بە خەباتی خۆمان بە دەستکەوتەکانمان دەگەین، ئەوا وەک خۆی دەڵێت: “دەبێت بوێریی ئەوەمان هەبێت هیچ کام لە دەستکەوتەکانمان لە دەست نەدەین، بەڵکوو دەیانچەسپێنین، هیچ مافێک بەفیڕۆ نادەین لە پێناوی مافێکی باشتردا نەبێت، دەستبەرداری هیچ کام لە نەریتە گرانەکانمان نابین، بەڵكوو جارێکی تر بەدەستیان دەهێنینەوە، خانووە کۆنەکانمان چۆڵ ناکەین تاکوو خانووە نوێیەکانمان ڕادەست نەکرێت”

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو دۆخەی لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناویین دەگوزەرێت، دەکرێت وەک چەشنە سیستەمێکی تر بۆ هەژموونی هێزە گەورەکان لێی بڕوانین نەک ئەوەی چی هەق و مافە بۆ ئێمە وەک کورد، ئەگەر ئێمە وەک کورد پێمان وابێت ئیسرائیل یان ئەمەریکا دۆستی کوردن و بەرژوەندیەکانی دەپارێزن، دیارە لە هەڵەیەکی گەورەداین  و لەو خاڵە ڕوونەی ستراتیژی ئیسرائیل و ئەمەریکا تێنەگەیشتوین وا بۆ بەرژوەندییەکانیان هەیانە، ئیتر کورد ببێتە قوربانیی یان نا گرنگ نییە، بەڵکوو ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە، بەدیهێنان و وازنەهێنانە لەو ئامانج و بەرژەوەندییانەی هەیانە، بۆ نموونە ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئاساییش و ئارامییەکی ناوخۆیی دەستەبەر بکات و هەژموونی سیاسیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناویین فراوان بکات، چیتر لەو دۆخەدا نامێنیتەوە. تەنیا هەوڵی مانەوە و پاراستنی قەوارەی یەهوودیەت لە ڕێی بەرگریی ناوەکییەوە نادات، جا هەر بەوەوە ڕاناوەستێت ئاسایشی ناوخۆیی لە ژێر هەڕەشەدا بێت، بگرە خاڵی ستراتیژ و سەرەکیی بۆ ئیسرئیل ئەوەیە ئەو دۆخە بباتە دەرەوەی خۆی و هەژموونێکی سیاسیی فراوان جێبەجێ و دەستەبەر بکات، ئەویش بە هاوکاریی ئەمریکای هاوپەیمانی.

ئێران هێزێکی کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، هەژموونێکی سیاسیی فراوانی هەبوو، ببووە هەڕەشەیەکی پێکۆڵ بۆ سەر ئیسرائیل، بە تایبەت پاش هێرشەکانی ‌حەماس بۆ سەر خەڵکی ئەو وڵاتە و هێرشی بەردەوامی گرووپە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی، لە بەرانبەردا وەڵامی توندی  ئیسرائیل، چیتر ئەو هەژموون و ستراتیژەی ئێران بەرانبەر ستراتیژی ئیسرائیل شکستی هێنا و نەدەکرا بەردەوام بێت، کاتێک ئێران تووشی جۆرێک لە هاوشووناسیی و خۆبەرانبەرکردن ببوو بەرانبەر ئەمریکا و وڵاتانی تری زلهێز، دەبوو ئەمە ڕوو بدات و ئێران بەر ڕاستییە ڕەقەکەی خۆی بکەوێت، ناکرێت ئابوورییەکی داتەپیو و وڵاتێکی پڕ لە قەیرانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییت هەبێت و بتەوێت هەژموونە ستراتیژیی و سیاسییەکەت تا مەودایەکی زۆر بڕ بکات.

گەر ئیسرائیل و ئەمەریکا کۆتایی بەم ڕژێمەی ئێستای ئێرانیش نەهێنن، ئەوا هەوڵی چڕیان بۆ ئەوە دەبێت ئێران بە جۆریک لاواز بکەن، سا جگە لەو ڕووخانە ئابوورییەی بەرۆکی گرتووە، بە تەواوی بیبەنەوە ناوخۆی.

ئەوەی بۆ کورد گرنگە نە ئیسرائیل و نە ئەمەریکاش ڕزگارکەری کورد نین، ئەوان کۆمەڵیک بەرژوەندیی خۆیانی لێ بترازێت نە شەڕی ماف دەکەن و نە شەڕی ئازادیی و پێکەوەژیان و دیموکراتیی،  ئەوەی بۆ کورد گرنگە کاتێک باسی ڕزگارکەر دەکەین، گەرەکە بیبەستین بە خودی خۆمانەوە و لە وەهمسازیی دەربچین، درووشمەکانی وەک ئازادیی و پیکەوەژیان و ڕێزگرتن لە بەها مرۆییەکان و دیموکراتیی تەنیا بۆ خۆبەستنەوە نەبێت بە وڵاتانی خۆرئاوا، بەڵکوو گەرەکە لە واقیع و ئاستی ناوخۆیی کاری ڕژد و ڕاستەقینەی بۆ بکرێت، ئێستا ڕۆژئاڤا لەگەڵ واقعییەتێک ڕووبەڕووە، هەم لەگەڵ تورکیایەکدا لە جەنگدایە کە خۆی لەسەر ڕۆحییەتێکی ناسیۆنالیستیی توندڕەو ڕاگرتووە، کە نەک بڕوای بە گفتوگۆ نییە لەگەڵ کورد، بگرە بڕوای بە بوونیشی نییە وەک نەتەوەیەک. بۆیە بەبێ لاوازبوونی ئەو ڕۆحییەتە توندوتیژ و فاشیستە ئەستەمە بڕێک ئارامیی و ئۆقرەیی سیاسی دەستەبەر ببێت، چونکە تورکیا بە درێژایی ئەم سەد ساڵە لە نێوان گومان و ڕاڕایی  و شکستی بەمۆدیرنکردن و گیرخواردندایە داخۆ ئایینیی بێت یان عەلمانیی؟ بۆیە ئەو شکستە گەورەیەی بە پێودانگە ناسیۆنالیستەکەی ڕادەگرێت و قەیرانە گەورەکانی ناوخۆی دەرهاویشتەی کورد دەکات.

هەروەها کورد ئەگەری بەرکەوتنی لەگەڵ ناڕوونیی ئەو هێزە تازانەی لە سووریا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە بەرگرییەک هەیە و دەکرێت ئاڕاستە و شێوەکەی نەگۆڕێت و بەرهەمدار بێت، واتە دیموکراسیی ڕاستەقینە بێت و ڕەنگدانەوە و مانا بە دەستەوە بدات، بەو واتایەی ماف و ئازادیی و ژیانێکی دیموکراسییانە دەستەبەر بکات. لە واقیعدا ئەوەی لە  نامیلکەی (پرۆژە پراکتیکییەکانی بونیادنانی خۆبەڕێوەبەرێتیی) لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١١ خراوەتە ڕوو، پانتایی زیاتری ژیان دەستەبەر دەکات و ئەو جەختکردنەی لە کۆتادێڕەکانی نووسراوە، دەبێتە ڕوانینێکی نوێ بۆ ژیان، کاتێک باسی ئەوە دەکات گەلی کورد لە ڕۆژئاڤا و سووریا چووەتە قۆناغێکی مێژوویی گرنگەوە و دەرفەتێکی مەزنی لە بەردەمدایە بۆ ئازادیی، خۆسەلماندن، خۆبونیادنان و کۆتایهێنان بەو سیاسەتەی لە سەردەمی ڕۆیشتنی فەڕەنسییەکانەوە بەرانبەری پیادە دەکرێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کورد بڕیار لە ڕەنگ و چەشنی ژیانیان بدەن، بە پشتبەستن بە هێزی خۆیان، پرسە ئابووریی، نیشتمانیی، کۆمەڵایەتیی، کەلتووریی و سیاسییەکانیان چارەسەر بکەن، هەموو ئەمانەش پێویستیان بە جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتیی گشتییە لەلایەن سەرجەم گەلەوە، ئەم جووڵانەوەیە جووڵانەوەیەکی جەماوەریی سەرتاپاگیرە، حیزبەکانیش بەشێکی ئەم جووڵانەوەیەن.

بۆیە داکۆکیی لە بەرخۆدانی ڕۆژاڤا ئەرکە، چونکە هێز و وزەیەک هەیە و بەرگریی لە بەها مرۆییەکان دەکات، لە بەرانبەر ئەمەدا گەڕانەوە و پاشەکشەیەک بەرەو تاریکیی و پشتگوێخستنی هەموو بەها مرۆییەکان وا لەگۆڕێ.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...