خاوەنداریی لە ڕۆژئاڤا
ڕۆژئاڤا 'روداو'ـە، ڕووداوێک بە مانا فەلسەفییەکەی، ڕووداوێک ئەزموون و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و کەلتووریی و ژیانیی، ڕووداوێک کە مێژووی بەر لە خۆی و دوای خۆی جیا دەکاتەوە. داهێنانی کەلتووریکی ئازادانەی ژیانە. ڕۆژئاڤا بۆیە ڕووداو بوو، چونکە دۆخ و ئەزموونی مرۆیی بەر لە خۆی گۆڕی.
ئاران نادر
ڕۆژئاڤا ‘روداو’ـە، ڕووداوێک بە مانا فەلسەفییەکەی، ڕووداوێک ئەزموون و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و کەلتووریی و ژیانیی، ڕووداوێک کە مێژووی بەر لە خۆی و دوای خۆی جیا دەکاتەوە. داهێنانی کەلتووریکی ئازادانەی ژیانە. ڕۆژئاڤا بۆیە ڕووداو بوو، چونکە دۆخ و ئەزموونی مرۆیی بەر لە خۆی گۆڕی. ڕۆژئاڤا، ڕووداوێکی شۆڕشگێڕیی و گۆڕانکاریی گشتیی بوو. تەواوی کەلتوور و سیاسەت و کۆمەڵگەی گرتەوە.
بەو تێگەیشتنە فەلسەفییەی بۆ چەمکی ‘ڕوداو’ هەیە، لای زۆرێک لە فەیلەسووفانی هاوچەرخ، بەڵێ ڕۆژئاڤا ‘ڕووداو’ـە. شۆڕشی ڕۆژئاڤا، تاقانە شۆڕشێکی تەواو دیموکراتیی، ئازادانە و پێکەوەژیانییە لەم سەردەمەدا. ڕۆژئاڤا، تەنیا شۆڕش و دروستبوونی ستاتۆیەکی سیاسیی و شۆڕشێکی چەکداریی نەبوو، بەڵکوو لە هەموو لایەنێکەوە شۆڕش بوو دژ بە هەموو ئامڕازە هەبووەکانی تەواوی سیستەمە زاڵ و خۆسەپێن و قۆرغکار و دەسەڵاتخوازەکانی ناوچەکە بە تایبەتیی و جیهان بە گشتیی.
لە ڕووی سیاسییەوە، سیستەمێکی تەواو جیاواز و دەسەڵاتدارییەکی جیاواز لە هەرچی جۆرە دەسەڵاتدارێتیی هەبوو. شۆڕشێکی جێندەریی، کە تەواو ڕیشەییانە و مێژووییانە لە ڕەگەوە سیستەمی پیاوسالاریی هەڵوەشاندەوە و لە جێگەیدا پێکەوەیی لەسەر هەموو ئاستێکی بەڕێوەبردن و بریاردان و ژیانکردن و … ژن و پیاو بە یەکەوە دانا. ئەگەر لە ڕیزی یەکەمینی تاقانە شۆڕشیش نەبێ لە مێژووی مرۆڤایەتییدا هاتبێتە ئاراوە، ئەوا بە لای کەمەوە بۆ کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شۆڕشێکی تەواو نوێ و جیاواز و نەبوو بوو.
گەڕانەوەیەکی تەواوەتیی خاوەندارییە لە مێژوویەکی لەدەستچووی هەزاران ساڵەی ئەو جوگرافیایەی خودان یەکەمین شارستانییەتەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە. بۆچی ڕۆژئاڤا بە تەنیایە؟ بۆچی هیچ دەوڵەت و گرووپ و تەنانەت بەشێکی کوردیش پاڵپشت و هاوکاری ڕۆژئاڤا نییە؟ من پێم وایە ئەمە شتێکی سرووشتییە کە ڕۆژئاڤا بێ پاڵپشتییەکی بەردەوام و هاوکارییەکی هەرێمیی و جیهانییە لەسەر ئاستی دەوڵەتان و گرووپ و هەرێمەکاندا.
چونکە وەک چۆن شۆڕش و ستاتۆی رۆژئاڤا شۆڕشێکی تەواو فرەڕەهەندە لە هەموو ئاست و بوارەکاندا، کە ئەمەش پێناسەی تەواوەتیی شۆڕشە کە هەموو لایەنێک بگرێتەوە و لە بنەڕەت و بنچینە و ڕەگەوە گۆڕانکاریی بێنێتە دی، بەوپێیەش شتێکی ئاسایی و پێشبینیکراویشە کە هیچ دەوڵەتێکی جیران و هەرێمیی و جیهانیی و دەوڵەتە زلهێزەکان و تەنانەت بەشێک لە کوردیش خۆیان بە هاوکار و دۆستی رۆژئاڤا نەزانن و دژبەری بن، چونکە ئەو سیستەم و هزرەی ڕۆژئاڤای کوردستانی لەسەر درووست بووە، لە دەستپێکی شۆڕشەکەوە تا ئێستا تەواو دژ بە هەموو جۆرە سیستەمە سیاسیی و کەلتوورییە هەبووەکانی کۆی دەوڵەتە هەرێمیی و جیهانییەکانە. لە بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی جیهانگیرییدا، ڕۆژئاڤا هەڵگری پەیام و سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتییانەیە.
لە بەرانبەر هەر ئایدیۆلۆژیایەکی ئایینیی و نەتەوەیی و هتد…، ڕۆژئاڤا خودان سیستەم و ئایدیۆلۆژیای جیاواز و سیستەمێکی فەلسەفیی و سیاسیی و ژینگەیی و ئازادیی و پێکەوەییە، خودان تیۆر و کارکردی تایبەت بە خۆیەتی بۆ مامەڵە لە بەرانبەر پرسی ژینگەدا. هەڵگری ئەخلاقیاتێکی دیموکراتیانەی تەواو جیاوازە لە هەموو سیستەمەکانی دیکە. تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لەوانی تر جیای دەکاتەوە. لەبارەی پرسی ژن، شۆڕشێکە بە پێشەنگایەتیی ژنی ئازاد و خودان ڕەسەنێتیی ژنبوونی خۆی. لە کۆڵان و شەقامەکانەوە، بۆ گوند و شارەکان، تا ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی خۆسەر، ئەنجوومەن و کۆمینی تایبەت هەیە لە کۆڵانەکانەوە بۆ ئاستی هەرە سەرتر، بەبێ جیاوازیی ڕەگەزیی و نەتەوەیی.
شۆڕشێک و ئیدارەیەک کە هیچ کات و سەردەم و شوێنێک نەبووە بەو جۆرە ژن ڕۆڵی هەبووبێ وەک ژن خۆی، بە ژنبوونی خۆیەوە. کەواتە ئەمە شتێکی ئاساییە ئەگەر هیچ دۆستێکی نەتەوەیی، بە نموونە باشووری کوردستان، یاخود هیچ دەوڵەتێکی هەرێمیی و جیهانیی خۆی بە دۆستی ڕۆژئاڤا نەزانێت، ئەوەی لەگەڵیشییەتی بەرژەوەندییەتی یاخود بەهۆی هێز و دیفاکتۆی سنوور و جوگرافیای ڕۆژئاڤاوەیە کە لێوەی نزیکن، ئەگەر نا لە بچووکترین دەرفەت و هەلدا، هەمووان دژین، چونکی بە مەترسیی بۆ سەر دەسەڵات و سیستەمی خۆیانی دەزانن. ڕۆژئاڤا، هیوا و ڕووناکییەکە لەناو تاریکییەکی تەواوەتییدا. لە سەردەم و جوگرافیایەکی تەواو دژ بە ژیان و کەلتووری لەناوبەری جوانییەکان، ڕۆژئاڤا هەڵگری پەیامی ئازادییە، ژیانییە، جوانیی و هونەرە، گەڕانەوەیە بۆ مێژوویەکی لەدەستچووی کورد و گەلانی ناوچەکە. پێویستە هەر مرۆڤێکی کورد، هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز، خۆی بە خاوەنی ڕۆژئاڤای کوردستان بزانێ، خاوەندارێتیی لێ بکەین، چونکە گەر هیوایەکی ئازادیی و ژیان هەبێت، ڕۆژئاڤایە.
ڕۆژئاڤا، هیوایەکە بۆ ئێمەی کورد بە تایبەت و بۆ هەر مرۆڤێکی دیکەش، لەنێو جیهانێکدا کە بەهاکانی خۆی لەدەست داوە، لە جوگرافیا و شوێن و کاتێکدا هەموو هێز و لایەنێک لە هەوڵی سڕینەوە و بێبەهاکردنی ژیان و ئازادیین. مانەوە و پاراستنی ڕۆژئاڤا، نزیکبوونەوەمانە لە ئازادیی، پاراستنی ژیانە، گەشانەوەی ڕوووناکییەکە لە تاریکترین شەوەزەنگدا. پاراستنی ڕۆژئاڤا و خاوەنداریی لێی، درێژەدانە بەو ‘ڕووداو’ـەی بەدی هاتووە و ڕووی داوە.