گۆشەی ئازد

ئۆجالان و پرسی  ئازادیی بە زمانی ئەویتری داگیرکەر

لەم کتێبانەدا ئێمە زیاتر بەر ئۆجالانی خاوەن قەڵەم و فیکر، بەر ئۆجالانی عەوداڵ و وێڵ بە دوای حەقیقەتدا دەکەوین. لە دوا بەشیدا بە ناونیشانی ( دوا گوتە)دا باس لە حەقیقەت و ئەرکی مرۆڤ بۆ گەڕان بە دوای حەقیقەتدا دەکات نەک ئەوەیش بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان زیندانی ئیمراڵی وەک فەزایەکی ئازاد و ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە حەقیقەت دەبینێت، وەک ئەوەی بە هەموو دونیا بڵێت کە ڕۆحی ئەو جیوە ئاسا قابیلی گرتن و زیندانی نیە. خودی زیندان بۆ ئۆجالان دەبێتەوە بە شوێنێک و ژوورە ئینفرادییەکەیشی وەک خەڵوەتگەیەک بۆ بەرخودان و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە حەقیقەتدا دەبینێت.

ئارامتر بخوێنەوە

 

نوسینی: شارا تاهیر

من کتێبەکانی سیاسەتمەدار و گەورە نوسەری کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە زمانی کوردی دەخوێنمەوە، کە لە بنەڕەتەوە لە زمانی تورکییەوە وەرگێڕدراون. لێ وێڕای دەستخۆشی بۆ هەوڵ و توانای  هەموو ئەو کەسانەی  کە ئەم کارە دەکەن، ئەوا بە ڕای من ئەو زمانەی کە ئەم کتێیبانەی پێ وەرگێرادراوە هێندەی زمانە تورکیەکەی بە هەند وەرگرتوە و خۆی تیایدا قەتیسکردووە، نیو هێندە  ڕەوانی و مانای وشە و ڕێکخستنی ڕستەکان لە زمانی کوردیدا ڕەچاو نەکردوە.  زۆر جار خوێندنەوەی کتێبەکانی ئۆجالان بۆ منی خوێنەر بە زمانی کوردی نەک چێژبەخش نییە بەڵکو تاقەت پڕۆکێن و وەڕزکەرە، بەو مانایەی کە زمانی تێکستەکە خۆی نادات بەدەستەوە، هەمیشە هەستدەکەیت شتێک هەیە کە ئەوی نوسەر دەیڵێت، وەلێ بە ئێمە ناگات. نوقسانیەک هەیە کە خۆی نوقسانی نییە، ئەوەی لە دەست دەچێت لە پرۆسەی وەرگێڕانەکەدا خودی لە دەستچوون نییە، چونکە بۆ ئۆجالانی نوسەر تەنها زمانێک هەیە بۆ نوسین و گوزارشتکردن لە خۆی کە ئەویش زمانی تورکیە، زمانی داگیرکەر و سەردەستەکەیەتی لە سەر ئاستی نەتەوە، ئەوەی هەر لە سەرەتاوە لەدەستچووە و بوونی نییە، خودی زمانی کوردییە وەک زمانی نەتەوەکەی.  لە دەستچوونەکە هێندەی بۆ ئێمەیە وەک خوێنەر لە کاتی بەرکەوتن بە  زمانی نوسینەکانی ئەو، بۆ خودی نوسەر خۆی نییە. زمانی کوردی، کە ئێمە جارێکی تر لە نوسینەکانی بە گشتی وە بەرگرینامەکانی بە تایبەتی، بەریدەکەوین دەبێتەوە بە پێستی دووەم،  پێستێک وەک ئاواز و ڕیتم زبرە و قورس بەر گوێ دەکەوێت.

 ئەگەر چی دەتوانین بڵێین کە هەموو  شتێک-تێکستێک  قابیلی وەرگێڕانە بۆ زمانێکی تر، لێ لە لایەکی تریشەوە هەموو شتێک قابیلی وەرگێڕان نییە و ناچێتەوە سەر زمانێکی تر، بەو مانایەی کە خودی وەرگێڕان خۆی ناوێکی ترە بۆ مەحاڵ بۆ ئەوەی کە نییە. وەرگێڕان لە ساناترین وەزیفەیدا بەڵێنی زمانێک دەدات کە دەکەوێتە بەرلە خودی زمان خۆی، بەر لە قسەکردن. وردتر بڵیین  هەمیشە  زمان هی ئەویترە، بۆ ئەویترە، هەر لە ئەویتریشەوە دروستدەبێت. هەموو زمانێک بە تەنها دەتوانێت بۆ خۆی و لە ناو خۆیدا گوزارشت لە خۆی بکات. مرۆڤ بە تەنها لە ناو زمانێکدا کە زمانی دایکە دەتوانێت خاوەن ماڵ بێت و پێ ڕاکێشێت تا ئەو دیوی سنورەکانی هەست و سۆز بئاخڤێت و بنوسێت، هەر بەو زمانە دەتوانێت دیوارەکان بشکێنێت و لە دارو پەردوی ئەوەی کە هەیە تێما و ئایدیای نوێ دروست بکات.  بۆ نمونە تۆ بە تەنها لە ناو زمانی کوردیدا دەتوانیت بە کوردی قسە بکەیت تەنانەت ئەو کاتانەیش کە زمانەکە دەخەیتە دەرەوەی خۆی ئەوا هەر بە کوردی قسە دەکەین، هەر بۆیە کاتێک بە زمانێکی تری بێگانە قسە دەکەین قسەکردنمان تەواو نییە دەیبڕزکێننین چونکە لە زمانەکەی تریشدا هەر بە زمانەکەی خۆمان قسە دەکەین یاخود بە زمانی خۆمان بیردەکەینەوە و بەویتریش گوزارشت دەکەین.

هەڵبەت مەبەستی من لەم نوسینەدا ڕەخنەکردنی باش و خراپی  زمانی وەرگێڕانی تێکستەکانی ئۆجالان  نییە، بەڵکو مەبەستم  زیاتر وەستانە لە سەر چەمکی نامۆبوون و زیندانیبوون لە ناو خودی زماندا، زمان وەک جەستە چونکە ئێمەی مرۆڤ بە هۆی زمانەوە دەتوانین وێنای خۆمان و ئەو جیهانەیش بکەین کە تیایدا دەژین. لە ڕێی زمانەوە هەم دەتوانین لە خۆمان لە دەوروبەریش بگەین و قبوڵی بکەین، هاوکات  ببینەوە بە بەشێک لەو بونیادەی کە دروستیکردووین، کە خودی زمانە. زمان وەزیفەیەکی دوو لایەن و دژ بەیەکی هەیە. بەو مانایەی کە مرۆڤ خۆی دروستکەری زمانە، بەڵام زمانیش وەک  بونیاد و هەژمون جارێکی تر مرۆڤ دروستدەکاتەوە و دەیکاتەوە بە بەشێکی دانەبڕاو لە خۆی. واتە بەو ئەندازەیەی ئێمە زمان بەکاردەهێنین و سنورەکانی دەبەزێنین تا لە ڕێیەوە بە حەقیقەتی خۆمان ئەو جیهانەیەش بگەین کە تیایدا دەژین، ئەوا بە هەمان  ئەندازە زمان ئێمە بەکاردەهێنیت و هەر  خودی زمانیش دەبێتەوە بە لەمپەر و ئاستەنگ لە بەردەم  تێگەیشتن و دونیا بینینمان، زمان خۆی دەبێتەوە بە  کەموکورتی و نوقسانی بە مانا لاکانییەکەی.

زمان وەک شوناس(ناسنمانە)

گەلێک کە بە زمانی خۆی نەنوسێت و نەئاخڤێت شایستەی بە  بچووک بینینە- ئۆجالان-

 

ئەگەرچی ئۆجالان چەندین کتێبی لە ناو زیندانی ئیمراڵیدا نوسیوە لێ زیندانیە ئەبەدییەکە، تیرۆرە ڕاستەقینەکە زۆر لە مێژترە، تیرۆرەکە لە ناو خودی زماندایە، بەر لە دروستبوونی زمان خۆی، پێش لە پەیبردن و ئاگایی  ئەو بە خودی ئەو زمانەی کە پێدەنوسێت و قسەی پێدەکات. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمە چ جۆرێکە لە تیرۆر؟

ئێمە دەزانین کە ئۆجالان  بە زمانی داگیرکەرەکەی دەنوسێت و دەئاخڤێت، هەڵبەت ئەمە مانای ئەوە نییە کە  زمانی کوردی نازانێت و  قسەی پێ ناکات. لێ زمانی تورکی  وەک ماڵی خۆی نیشتەجێ و خاوەن ماڵە تیایدا، وەکچۆنیش هەر خودی ئەم زمانە وەک ئاسەوارێک بۆ گەڕانەوە  بەکاردەهێنێت تا لە خەمی کوردبوون نزیک بێتەوە، هەم خۆی و هەم ئێمەش وەک مناڵی یەکێک لە چەوساوەترین میللەتەکانی سەر زەوی بەرە و خەونی ئازادیبوون بەرێت. هەر بۆیە ئەگەر بە دیوێکدا زمانی نوسینەکانی ئۆجالان بە زمانی تورکی بەرجەستەی هەژمونی داگیرکاری و سەرکوتکاری دەسەڵاتی تورکی بێت بۆ سەر نەتەوەی کورد بە گشتی و کوردی باکوور بە تایبەتی، ئەوا بە دیوێکی تردا  هەر خودی نوسینەکانی بە زمانی ئاغا و داگیرکەرەکەی، وەستایی و زیرەکی ئەویش لە زمانەکەدا ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە خودی تیرۆر، مەبەستم ئەو تیرۆرەی کە لە زماندا و بە هۆی زمانەوە ڕوودەدات تیرۆرێکی نەرم و نیانە و قوربانی نییە. تیرۆرێکە  سنوری نێوان بکوژ و کوژراویش ،وەک زمان، ڵێڵە و دیار نییە. چونکە خودی ئەم تیرۆرە سوبێکتێک دروستدەکات کە دەتوانێت سنورەکانی زمان و خودی ئەو  تیرۆرەیش کە لە سەرەتاوە بە مەبەستی قاتوقڕکردنی زمانی ئەویتری داگیرکراو، لێرەدا کە  زمانی کوردیە بە درێژایی مێژوو ئەنجامداروە، ببرێت و تێپەڕێنێت. دواجار هەر خودی ئەو داگیرکاری و تابۆگەراییە لە ناو زماندا  و بە هۆی زمانەوە سوبێتێکی ئازاد و بوێر بەرهەمبهێنێت و بتوانێت بە سەردەستەکەی بڵێت تۆ خاوەنی هیچ نیت و هیچت لە من زەوت و داگیرنەکردوە. بەو مانایەی کە دەتوانێت هەر لە ڕێی زمانەوە، بەو زمانەی کە سەردەستە و دوژمنەکەت باوەڕی وایە تۆی پێ داگیرکردەوە تۆ جارێکی تر لە ناو زمانەکەی ئەودا کە تاکە زمانی تۆیە بۆ نوسین وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە حەقیقەت داگیریدەکەیتەوە. نەک ئەوەیش بەڵکو بۆی دووپادەکەیتەوە کە ئەوی سەردەستە هیچ نییە و هچی لێ زەوت نەکردویت، بە پێچەوانەوە گەر سەپاندنی زمانەکەی خۆی وەک ئامرازێک بەکارهێنابێت بۆ سڕینەوەی تۆ وەک شوناس ئەوا تۆیش لەملاوە هەر لە ڕێی ئەو زمانەوە جارێکی تر خۆت پێناسە دەکەیتەوە وەک شوناس، ئەمجارەیان شوناسێکی ئازاد کە دەکەوێتە ئەودیوو سنورەکانی زمانەوە. بەو مانایەی کە هەموو هەژمون و دەسەڵاتی سەردەستە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سروشتی و لە ڕێی زمانەوە تۆ بەرێت  بۆخۆی و سنورەکانی خەیاڵت  لێ زەوت و داگیر بکات. تەنانەت لە دۆخی ئۆجالاندا  زیندانیکردنی و دوورخستنەوەیشی لە هەموو دونیا بە پلانێکی چەپەڵی نێودەوڵەتی نەیانتوانیوە ئەو لە خەونی ئازادی و کوردبوون  دووربخاتەوە و بۆ ساتێکیش غافڵی بکات. بەڵکو بە پێچەوانەوە ئۆجالان  باشترین کتێبەکانی لە زیندانی ئیمراڵیدا نوسیوە. ئەوەی تۆزێک ئاگاداری نوسینەکانی بێت سەرنجی ئەوە دەدات  ئەو کتێبانەی  کە لە  ناو ژوورە  ئینفرادییەکەیدا نوسیویەتی،  تەواو ئاڕاستەیەکی زۆر ورد، قوڵتر و ئەکادیمیتریان هەیە بە جیاوازی لە گەڵ کتێبەکانی پێشووی و تەنانەت لە ڕووی ڕیتۆریک و ئاراستەی سیاسیشەوە جیاوازن. لەم کتێبانەدا ئێمە زیاتر بەر ئۆجالانی خاوەن قەڵەم و فیکر، بەر ئۆجالانی عەوداڵ و وێڵ بە دوای حەقیقەتدا دەکەوین.  ئۆجالان خۆی لە پەرتوکی پێنجەمی بەرگرینامەکەیدا بە ناوی (مانیفێستۆی شارستانێتی دیموکراتیک)دا، لە کتێبی ( دۆزی کورد و ڕێگە چارەی نەتەوەی دیموکرات- بەرگریکردن لە کوردانی ناو بەرداشی ژینۆسایدی کلتووری)دا، لە دوا بەشیدا بە ناونیشانی ( دوا گوتە)دا  باس لە حەقیقەت و ئەرکی مرۆڤ بۆ گەڕان بە دوای حەقیقەتدا  دەکات نەک ئەوەیش بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان زیندانی ئیمراڵی وەک فەزایەکی ئازاد و ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە حەقیقەت دەبینێت، وەک ئەوەی بە هەموو دونیا بڵێت کە ڕۆحی ئەو جیوە ئاسا قابیلی گرتن و زیندانی نیە.   خودی زیندان بۆ ئۆجالان دەبێتەوە بە شوێنێک و ژوورە ئینفرادییەکەیشی وەک خەڵوەتگەیەک بۆ بەرخودان و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە حەقیقەتدا دەبینێت. سات و کاتەکانی ناو زیندانیش لە ڕێگەی گەیشتن بە حەقیقەتدا بۆ خۆی دەکاتەوە بە دەستکەوتی گەورە.   ئەوەتا  خۆی پێماندەڵێت: (لە کاتێکدا لە تێکۆشانی زیندانە کراوەکەمدا تیۆری و کرداری سەیرم پێشدەخست، دەرفەتێکی ئەوتۆم نەبوو بۆ پەیبردنی حەقیقەت نەدۆزییەوە. هەلومەرجی زیندانی داخراو مامۆستا و فێرکەریکی ناوازەیە بۆ ئەو کەسانەی دۆزی گەورەیان هەیە. هەر بۆیەش بەندیخانە داخراوەکان لەوە زیاتر کە مەیدانی تیکۆشانی کرداری تیوری بێت، بۆ ئەو کەسانەی کیشەی گەورەیان و لە ژێریدا نەپلیشاونەتەوە، شوینێکە تێکۆشان و پەیبردنی بە حەقیقەتی دێدا زۆر زۆر بەهێزەو سەرکەوتوو دەبێت.[1])

 

زیندانی ئیمراڵی وەک فەزایەک بۆ ئاشتبوونەوە لە گەڵ دایک: دایک وەک زمان

بۆ ئۆجالان ژیان لەو جۆرەیە کە لە دوای مردنەوە دەستپێدەکات و خۆی درێژدەکاتەوە.  ئۆجالان جار جارە  خۆی دەگێڕێتەوە باس لەو ساتە پڕ لە ئازار، حەسرەت و نادادپەروەریانە  دەکات کە لە  زیندانی ئیمڕاڵی  بە زۆرە ملێ بەسەریدەبات. باس لە وەحشتانکی ئەو کاتانە دەکات کە ئەو وەک نوسەرێک و خاوەن دۆزێکی ڕەوا  لە ژوورە ئینفرادییەکەیدا دەیگوزەرێنێت . لە پەرتوکی سێیەم ( سۆسیۆلۆژیای ئازادی- تاقیکردنەوەیەک سەبارەت بە سۆسیۆلۆژیای ئازادی) دا ئۆجالان ئەوەمان بۆ باس دەدەکات کە ڕوونکردنەوەی چەند خاڵیک سەبارەت بە شێوازی نوسین و هەلومەرجی  ژیانی ئەو لە زینداندا بۆ ئێمەی خوێنەر گرنگ و سوودبەخشە و دەڵێت:

 

(لە هەلومەرجی ژووری ئینفرادی تەنیا مۆڵەت بە تاکە پەرتووک، گۆڤارێک و رۆژنامەیەک دەدرێت کە لام بێت. دەرفەت و هەلومەرجی ئەوەم نەبوو تێبینیەکانم بنوسمەوە یان هەندێک بڕگە لە پەرتووکی دیکەوە وەربگرم چونکە کاتێک خەریکی نوسینی ئەم بەشە بووم پێنوسیشیان لێ قەدەغە کردم…….  هەر بابەتێک کە بە گرنگم دەزانی لە یادەوەری خۆمدا تۆمارم دەکرد لە کەسایەتی خۆمدا هەرسم دەکرد، ئەمەیش بوو بە پەیڕەوی سەرەکیم. لێ لاوازی هەر گەورەی ئەم پەیڕەوییە لە بیرچوونەوەیە!… دوای ئەوەی دە ڕۆژ لە سزای گۆشەگیری پینوسیان دامەوە هەر بۆیە یەکسەر دەستمکردەوە بە نوسین).[2]

کاتێک ئۆجالان دەست دەکاتەوە بە نوسین و بە زمانی تورکی دەنوسێت چونکە ئەوە تاکە زمانە کە ئەو دەتوانێت لە ناویدا و بە هۆیەوە گوزارشت لە خۆی بکات، هەربۆیە لە جێی خۆیدایە  بگەڕێنەوە سەر گرفتی زمانی تورکی هاوکات گرنگی و کاریگەریشی لە سەر ئەو. لێ  سەرەتا وەک مناڵێک کە  چۆن  لە نێوان  بەرداشی زمانی تورکی و زمانی کوردیدا دەهاڕدرێت، بەجۆرێک کە لە خۆی و خێزانەکەیشی دەبێت و ڕەتیاندەکاتەوە، تا دواتر بتوانێت خۆی دروست بکاتەوە. ئەمجارە وەک  یەکێک لە گەورەترین  ڕابەر و نوسەرەکانی دونیا لە دایک دەێتەوە. لە دایکبوونەوەیەک و گەڕانەوەیەک کە پێویستی بە دایک نییە بەڵکو ئۆجالان خۆی دەبێتەوە بە دایکێک  بۆ لەدایکبوونەوەی حەقیقەت.

 ئۆجالان لە هەمان سەرچاوەی پێشوودا  زۆر بە کورتی باس لە زمان و  مێژووی گرفت و کێشەی کوردبوونی خۆی دەکات[3].  خودی کێشەکەیش و هەست بە کەمزانینی خۆی  وەک کوردێک دەباتەوە بۆ ئەو کاتانەی کە مناڵ بووە.  هەر وەک خۆی دەیگێڕیتەوە، کاتێک  لە گوندەکەی خۆیانەوە ڕۆژانە و بە پێیان دووری پێنج کیلۆمەتر ڕێگای دەبڕی هەتا دەگەیشتە قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندی (جەبین)ی درواسێ  گوندەکەی خۆیان، تا بە زمانی تورکی وەک زمانێکی بێگانە بە خۆی بخوێنێت و بنوسێت. بڕینی ئەو ڕێگە دوورە بە پێیان هەر بەتەنها ناڕەحەتییەکی جەستەیی و هیلاکیەکی ڕۆژانە نەبووە بەڵکو ئازارێک و زامێکی دەروونی و کەلتوری لە دەروون و ڕۆحی ئۆجالانی مناڵدا بۆ ئەبەد دروستکردووە، کە ئێستاشی لە گەڵدا بێت بە دەستییەوە دەناڵێنێت. ئازاری هەستنەکردن بە خود و  زامی خۆ بە بچووکزانین،  فێربوونی زمانێک کە زمانی خۆی و نەتەوەکەی  نییە! لەمبارەیەشەوە دەڵێت:

 (یەکەمین جار کە خۆم بە کەمزانی و خۆم بچووک بینی ئەو کاتە دەستیپێکرد کە بە بێدەنگی لە زمانی دایک واتە لە زمانی کوردی دوورکەوتمەوە و لە زمانی تورکی نزیک بوومەوە کە زمانی خاوەن جیاکاری -امتیازات-بوو).

بەڵام ئەبێت ئەوەیش بزانین کە ئەوەی ئۆجالان دەکاتە ڕابەرێکی سیاسی زمانی دایکیەتی لە سەر ئاستە بایۆلۆژییەکەی- کاتێک ئەو سەرچاەیە بە هەند وەربگرین کە دەڵێت دایکی تورکە- لێ ئەوە  هەر زمانی دایکیشیەتی کە لەگەڵ دایکی بە شەڕی دەهێنێت تا بتوانێت لە گەڵ باوک و زمانی باوکی کە زمانی کوردیە لە سەر ئاستی نەتەوە شاد بێتەوە و جارێکی تر لە ناو ڕەحمی نەتەوەکەیدا لە دایک بێتەوە.  ئەوەی کە ئۆجالان دروستدەکات زمانی تورکیە وەک تاکە زمان و زمانی دایک نەک بە پێچەوانەوە. ئەگەرچی سەرەتای خۆ بەکەمزانین و خۆ بە بچووکزانینی ئەو لە گەڵ خودی خۆیدا لەو کاتەوە دەستپیکردوە، نەک ئەوەیش بەڵکو هەر لەو کات و ساتانەوە  هەوڵیداوە ئەم سەرکێشی و ناڕەزاییە یان وردتر بلێن ئەم لەتبوونە لە نێوان بەرداشی زمانی دایک و باوکیدا، تورکی کوردی، پیشانی بنەماڵەکەی خۆی  وە بە تایبەتی دایکی بدات و باجەکەیشی وەک خۆی دەڵێت سەرەتا هەر لەوانی بسەنێتەوە. ئۆجالان باس لەوە دەکات کە سەرەتایی ناکۆکی لە نێوان خۆی و دایکیشی هەر لەوێوە دەستی پێکرد و خودی ئەم ناکۆکیەش بە دیوێکدا بووە ئاوێنەی کێشە و هەڕەشەی زمانی تورکی بۆ سەر زمانی کوردی،   خۆی ئەوەمان بۆ دەگیڕێتەوە و دەڵێت کە:

( ئێستایش بیرمە ئەو دایکەی کە هەوڵیدەدا بانگەشەی ماف و دەسەڵات بە سەرمەوە دەکرد، مریشک و جووجەڵەکانیم پیشاندا کە لەو ناوە لە  نێو حەوشەیەکەدا دەسوڕانەوە  پێمگووت:( ئەو مریشکە چەند ماف و دەسەڵاتی بە سەر جووجکانیەوە هەیە تۆیش وەک دایک هەر ئەوەندە مافت بە سەر منەوە هەیە)).

 

کوردبوون بۆ ئۆجالان لە سەر ئاستی شەخسی و خێزانی خۆیدا هۆکاری خۆ بە بچووک بینین بووە، دیارە لە دیدێکی دەرونشیکارییەوە گەر بە وردی تەماشای کارەکتەر و شەخسیەتی دایک و باوکی بکەین، وەک خۆی لە زۆر شوێندا ئاماژەی پێدەکات، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە دایکی خاوەن هەژموون و دەسەڵات بووە، دایکێکی فالیکی کە هەمیشە هەڕەشە بووە بۆ ئەوەی ئۆجالان بخەسێنێت بیکاتە کوڕێک-فالوسێک- بۆ خۆی.  لەملایشەوە باوکی وەک کارەکتەر و دەسەڵات لاواز و نەکردە بووە. ئۆجالان  لە زۆر شوێندا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هەرگیز نەیوستوە و خۆزگەی بەوە نەخواستوە وەک باوکی خۆی بێت و بچێتەوە سەر ئەو. لە چاوپێکەوتنێکدا  باس لەوە دەکات کە نە دایکی وە نە باوکیشی ئەو شارەزاییەیان نەبووە و نەیانتوانیوە ئەو پیاوەتیە باوەی کە هەیە بیگوازنەوە بۆ ئەو، زۆر بە ئاشکرا دەڵێت کە هەردووکیان ناقۆڵا بوون، بگرە زۆر خراپیشبوون. باس لەوە دەکات  کە چۆن دایکی هەمیشە ئەوەی دووپاتکردۆتەوە کە (ئەو کوڕەی نابێت بە شت!). ئۆجالان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو گوتەیەی دایکی هێندە مەترسیدار بوو، کە ئەو وەک بەڵایەک دەیبینی و هەمیشە هەستی بەوەکردووە کە( نەبوون بە شت-پیاو) قەدەرێکە تووشی دەبێت. هەر بۆیە قبوڵنەکردنی ئەم قەدەرەیش بۆتە هۆی ئەوەی کە هەڵبێت و ماڵەوە بەجێ بهێڵێت تا بە دوای خۆیدا بگەڕێت و خۆی بدۆزێتەوە، بتوانێت ببێت بەو شتەی کە دایکی چاوەڕی لێنەدەکرد ببێت، بتوانێت ببێت بە شت، ببێت بە پیاو، هەڵبەت ئەم گەڕان و خۆدۆزینەوەیەش کارێکی ئاسان نەبووە. ئەو دەبوو وەک مناڵێک و دواتریش وەک هەرزەیەک ئامادە بێت هەر دوو باوک و دایکیشی بکوژێت، بە مانای دەرونشیکاری فرۆیدیی، دایک وەک زمان، باوکیش وەک کەلتور و سیستمی پیاوسالاری، کە ئەو خۆی بە کوشتنی پیاوەتی باسی لێوە دەکات، لە فرسەتێکی تردا دێمەوە سەر ئەم بابەتە.

 کەواتە لە دۆخی ئۆجالاندا دایکی هەڕەشە بووە بۆ سەر وجود و بوونی ئەو ، وەک دایکێکی فالیکی خاوەن هەژمون، هەربۆیە دەبوو دایکی وەک زمان ، وەک شوناسی تورکبوون بکوژێت و لێ دەرباز بێت تا خۆی بێتە بوون وەک نیرێک-پیاوێک. لێ پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئۆجالان توانیویەتی دایکی وەک زمان بکوژێت و لە پێستی خۆی بکاتەوە؟

وەڵامی ئەم پرسیارەیش زۆر بە سادەیی هەر ئەوەیە : هەژمونی زمانی تورکی کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی و بەرنامەڕێژی هەوڵی سڕینەوە و لە پەلوپۆخستنی زمانی کوردی داوە، واینەکردوە کە ئۆجالان بتوانێت ئەو زمانە بسڕێتەوە و لە پێستی خۆی بکاتەوە. لە بەر هۆکارێکی زۆر سەرەکی، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئۆجالانە،  کە ئەویش ئەوەیە زمانی تورکی زمانی دایکە و ئەو بەتەنها لە ناو ئەو زمانەدا خاوەن ماڵە. زمانی دایک کە بەشیرەوە بێ ویست و ئاگای خۆت فێری دەبیت و دەیخویتەوە، دواتر تۆ وەک بونیاد و نەست دروستدەکات، ناتوانیت لە خۆتی بکەیتەوە یان لە بیری خۆتی بەریتەوە.

 هەر بۆیە ئۆجالان  لە ناو زمانی تورکیدا بە دوای حەقیقەتدا وەک دەرەوازەیەک بۆ ڕزگاربوون دەگەڕێت. وەک ئەوەی لە ناو زیندانی خۆیدا و لەدەستچوونە ئەزەلیەکەدا، جارێکی تر بە زمانی ئەویتری بێگانە بە ئێمە دەرگای ئازادی و نەمری لە سەر خۆی و ئێمەیش بکاتەوە. ئەگەر چی ئۆجالان دەڵێت زمانی تورکی زمانی دایکی نییە هەڵبەت بۆ ئەو زمانی دایک لە سەر ئاستی نیشتمان و نەتەوەیە، لێ ئێمە دەزانین کە لە ڕاستیدا ئەو تەنها یەک دایک و یەک زمانی دایکیشی هەیە کە تورکیە. ئەوەی کە بوویش بە تراوما و جەزرەبەی دەروونی و ڕۆحی بۆ زۆرێک لە هەواداران و یارانی ئەو ساتە جەرگبڕە بوو کە بۆ یەکەم جار لە دوای دەستگیرکردنەکەی، بەزمانی خۆی دانی بەوەدا نا کە دایکی ئەو تورکە[4]. ئەم دانپیانانە بۆ ئێمەی کورد لەو کاتەدا هێندەی گرتن و زیندانیەکەی پرئازار و کەمەر شکێن بوو، ئەگەرچی من دڵنیام کە لەو کاتەدا تەواو لە ژێر کاریگەری جۆرەها داو دەرمانی هۆشبەردا بووە و تەنانەت خودی قسەکانیشی پێکراوە، لێ لاملایشەوە خودی ئاماژەکەی شتێک نییە لە دەرەوەی حەقیقەت بەڵکو ئەوە حەقیقەتێکی پەتییە و خاڵی دەستپێکی ئاشتبوونەوەی ئۆجالان بوو لە گەڵ دایکی وەک زمان.

 لە گەڵ ئەم ڕاستییە وجودی و بایەلۆژیەدا خودی زمانی تورکی بۆ ئۆجالان  تراومایەکە ڕەگو ڕیشەی زۆر قوڵە و پڕە لە ئازار، برینی دەروونی، داگیرکاری، سوکایەتی، کوشتن و بڕینی نەتەوەیەک و دواجاریش دیلکردن و زیندانیکردنی خودی خۆی وەک سیمبول و ڕەمزی بەرخودانی نەتەوەیەک. هەر بۆیە  ئەوەی کە لە کتێبەکانیدا بە تایبەتی بەرگرینامەکەیدا دەیخوێنینەوە خودی حەقیقەت خۆیەتی، حەقیقەت بە زمانی ئەویتر، کە زمانی ئەویتری سەردەستە و داگیرکەرە. چۆن بتوانین لە مێژووی ئەو حەقیقەتە بگەین هەم وەک گوزارشتێک لە نێوان حەقیقەتێکی ئۆنتۆلۆژی جیهانی، وە هەم وەک بەرگرینامەیەک و شایەتحاڵێک بۆ وجودێکی شەهیدکراو و دیلکراو؟

ئەگەر چی زیادە ڕۆیی نییە کە بڵێین ئۆجالان زیاتر لە هەر نوسەرێک و سیاسیەکی تر خزمەتی دۆزی کوردی کردەوە لێ کاتێک دێتە سەر زمان: زمان وەک داهێنان وەک درێژکردنەوەی مەوداکانی، وەک گوزارشت لە ئەخلاق، لە جوانی ئەوا ئەو داهێنانی لە زمانی تورکیدا کردووە ولە ناو زمانی تورکیدا ئاغای ماڵی خۆیەتی. جا لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە لە چ زمانێکدا خودی (من ) وەک بوونەوەرێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەلسەفی و زمانەوانی گوزارشتی لێدەکرێت. کاتێک کە زمانی خۆت تابوو قەدەغەکراو بێت؟ ئێمە وەک کورد  بە گشتی و ئۆجالان بە تایبەتی دەمانتوانی چیبکەین، چیمان دەسەڵات بوو ئەگەر زۆر بە زیرەکانە و شارەزایانە زمانی سەردەستەکەمان فێرنەبوینایە، ملکەچی هەژمونی زمانی زاڵی سەردەستەکەمان نەبوینایە؟

بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە  پەنا دەبەمە بەر تێزەی جاک درێدا لە سەرتاکڕەهەندی-یەکتایی زمان وەک زمانی ئەویتری بێگانە.

یەکتایی زمان لای جاک درێدا

    من یەک زمانم هەیە ئەویش هی خۆم نییە – درێدا –

درێدا هەر  وەک فرۆید و نیچە باس لە کرانەوەی سپەیسێک، فەزایەک لەبەردەم ئەویتردا دەکات، گەر ئەویتر بۆ فرۆید نەست بێت و بۆ نیچە جەستە ئەوا بۆ درێدا ئەویتر خۆی خودی جیاوازیی و لە یەکنەچوونە. درێدا بە دیدێکی لێڤیناسیان زمان وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و دواجار هەست بە خاونێتی خۆمان دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک  بۆ داگیرکردنی ئەویتر بەزمانی خۆی: ئەو ئەویترەی کە ناتوانین ببینە خاوەنی ئەگەر لە ڕێی زمانەوە نەبێت.

لە کتێبی (یەکتایی و تاکڕەهەندی زمانی ئەویتر: بەشە دەستکردەکەی ئەوەی کە ڕەسەنە)، درێدا ئیش لە سەر ئەزمون و بەرکەوتنی مرۆڤ لە ناو زماندا دەکات. کاتێک خودی ئەو زمانە دەکەوێتە سەروو بۆشاییەکانی لەیەکگەیشتن و پێکەوەبوونەوە، واتە کاتێک زمان بۆ خۆی دەکەوێتە سەروو خودی نامۆبوونەوە.

وەک سەرەتا  بۆ ئەوەی  قسەیش لە سەر گرنگی زمانی فەڕەنسی لای درێدا  بکەین وەک زمانی ئەویتر، ئەوا گەر  بە کورتیش بێت پێویستە ئاماژە بە بەرکەوتنی درێدا بە زمانی فەڕەنسی وەک زمانی نوسین و ئاخاڤتنی ئەو بکەین. دیارە درێدا وەک پەنابەرێک لە جەزائیرەوە  بۆ خوێندن لە ساڵی(١٩٤٩)  دەچێتە پاریس و هەر لەوێش نیشتەجێدەبێت. لێ بەرکەوتنی درێدا بە زمانی فەڕەنسی و کەلتوری فەڕەنسی بەر لە خودی ئەم  سەفەرە خۆی دەست پێدەکات. سەرەتا درێدا لە گەڵ خێزانەکەی لە ئیسپانیاوە کۆچدەکەن بەرە و جەزائیر بەر لەوەی کە فەرەنسا جەزائیر داگیر و کۆلۆنیالیزە بکات. ئەو پێش سەفەرەکەیشی هەر بە زمانی فەڕەنسی قسەی کردووە، بۆ درێدا زمانی فەڕەنسی زمانی وڵاتێک بووە کە هی خۆی نەبووە و بێگانە بووە بە ئەو، لەمبارەیەوە دەڵێت:

( زمانەکەم، تاکە زمانێکە کە گوێم لە خۆمە قسەی پێدەکەم و ڕازیشم کە  بەو زمانە بئاخڤم، لێ ئەو زمانە، زمانی خۆم نییە و هی ئەویترە). لە جێگیەکی تریشدا هەر لەمبارەیەوە دەڵێت: (زمانی فەڕەنسی تاکە زمانێکی دایکە کە من هەمە، لێ کاتێک کە مناڵ بووم تەواو هەستێکی قووڵم هەبوو کە لە ڕاستیدا ئەو زمانە هی خۆم  نییە… هەر بۆیە ئەو مەیل و هەستەم لە لا دروستبوو کە ئەم زمانە، کە تەنها زمانێکە کە من هەمە لە شوێنێکی ترەوە هاتووە و هی خۆم نییە..)[5]

درێدا بە ڕوونی دەڵێت بۆ ئەوەی لە مەبەست و ناوڕۆکی تێزەکەم سەبارەت بە زمانی ئەویتر بگەن، ئەوا سەرەتا من خۆم ناچارم کە وەک فەڕەنسی-مەغریبیەک ببینم، بە تۆپزیش بێت خۆم بە وەهمی هاونیشتمانبوون هەڵخڵەتێنم و فریو بدەم. هاونیشتمانبوون وەک بەرگێکی دەستکرد کە دێت و دەڕوات لە ژیانی مرۆڤدا. دەبێت باسی مافی هاونیشتمانبوونی خۆمتان بۆ بکەم وەک هاونیشتمانییەکی فەڕەنسی. هاونیشتمانیبوون وەک کراسێکی خوازراو کە هەمیشە و بە بەردەوامی لەژێر هەڕەشەدایە کە ئەویتر لەبەرتی داکەنێت و بیدڕێنێت. لێرەد درێدا  باس لە ئەزمونی خۆی دەکات وەک هاونیشتمانییەکی فەڕەنسی بە ڕەچەڵەک جەزائیری- ئیسپانی کە مافی هاونیشتمانی فەڕەنسی بۆ چەندین ساڵ لێدەسەندرێتەوە، دوایش هەر خۆیان ئەو مافەی پێدەبەخشنەوە.  لەو ماوەیەشدا  کە مافی هاونیشتمانبوونی لێدەسەننەوە، ئەو هەڵگر و خاوەنی  مافی  هیچ  هاونیشتمانبوونێکی تری نەبووە، هیچ دانەیەک کە خۆی پی ببەستێتەوە و شوناسی خۆی پێ دیاری بکات، وەک مرۆڤێک کەوتۆتە ئەودیو سنوری هاونیشتیمانبوون و ئەودیو سنورەکانی پەراوێزبوون.  درێدا ئەڵێت نە کەس پرسی پێکردم کاتێک مافی هاونیشتمانبوونیان پێبەخشم وە نەکسیش لێپرسیمەوە کاتێک ئەو مافەیان لێسەندمەوە! لە درێژەی باسەکەیدا لە سەر ئەم بابەتە درێدا  دەڵێت:

( لە ڕاستیدا من ناتوانم شیکاری سیاسی زمان بکەم، وەکچۆنیش نامەوێت بەم شیکارییەم جیهانی (کۆلۆنیالیزم) ئاسان و سانا بکەمەوە، چونکە هەموو کەلتورێک هەر لە سەرەتاوە کۆلۆنیالیزە و داگیرکراوە).

هەڵبەت لێرەشدا درێدا  بەتەنها باس لە زمان ناکات بەڵکو جەخت  لە سەر شوناسی مرۆڤ دەکاتەوە لە ناو زمانێکدا کە زمانی خۆی نییە،کە هەمیشە شوناسێکی شلۆقە و تەواو نییە.  بە ڕای درێدا  ئەمە ئەوەیە کە پێدەڵین  تێکچوونی شوناس (Identity Disorder). ئەو دەڵیت من وەک کەسێکی  فەڕەنسی-مەغریبی دەکرێت لە وەهمی هاونیشتمانیدا بژیم. لێ خودی شوناس شتێکە گەورەتر لە هاونیشتمانبوون، چونکە هاونیشتمانیبوون بە تەنها ناتوانێت بە گشتی پێناسەی هەموو دیوە کەلتوری، زمانەوانی، ڕەگوڕیشە مێژووییەکەی تۆ وەک مرۆڤ ، وەک  شوناسێکی کۆمەڵایەتی ، سیاسی، کەلتوری، ئاینی بکات. بەمانایەکی تر، هاونیشتمانبوون بە تەنها ناتوانێت هەموو دیوەکانی تۆ وەک شوناس و ئینتما داپۆشێت و پڕیبکاتەوە. بە تایبەتیش هاونیشتمانبوونێک کە هەر لە سەرەتاوە لە سەر بناغەی قەدەغەکاری و داگیرکاری دروستبووبێت، کە هەر لە بنەڕەتەوە لە سەر لێسەندنەوەی شوناسی تۆ وەک نەتەوە، ئایین یان گروپ دروستبووە، درێدا دەڵێت:

( کاتێک من قسە لە سەر لێسەندنەوەی شوناسی مرۆڤ دەکەم باس لەوە حاڵاتانە ناکەم کە تۆ وەک تاکێک پاسپۆرتەکەت یان کارتە سەوزەکەت لێدەسەنەوە لە بەر هەر هۆکارێک بێت بەڵکو باس لە شوناس  وەک ماس و جەماوەر،  جا بە هۆی ئایین یان ڕەگەز یان نەتەوە بێت بە بڕیارێکی ناحاڵیانە و نابەرپرسانە لە خۆت جیادەکرێتەوە و مەحروم دەکرێیت لە شوناسی خۆت، لە زمانی خۆت).

هەمیسان پرسیارەکە بۆ درێدا زیاتر ئەوەیە ئایا مرۆڤ دەتوانێت زمان داگیربکات یان ئەوە زمانە کە مرۆڤ داگیر دەکات و لە ناو خۆیدا دەیتوێنێتەوە و شتێکی لێ دروستدەکات کە لە مرۆڤەکەی جارانی خۆی ناچێت؟ بە مانایەکی تر، ئایا زمان وەک هەر موڵكێکی تری شەخسی ئەتوانیت خاوەنی بیت و بیکەیتە موڵکی خۆت، یان ئەوە زمانە دەبێتە خاوەنی تۆ، بۆ هەمیشە داگیرت دەکات، ئەوەی کە پێدەڵین خاوەن ماڵ بیت لە ناو زماندا، خانەخوێیەک بە جۆرێک کە هەرگیز نەتوانیت بە جێیبێلێت و لێی دەرباز و قوتار بیت؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش درێدا باس  لە گرفتی زمان و یەکتایی زمانی فەڕەنسی دەکات وەک تاکە زمانێک بۆ ئەوی فەڕەنسی بە ڕەچەڵەک جەزائیری، زمانی فەڕەنسی وەک زمانی سەردەست  و ئاغاکەی، خودی ئەم گرێ وجودییەی خۆی لەم دەستەواژەیەدا کورتدەکاتەوە و  دەڵێت:

 (من یەک زمانم هەیە ئەویش هی خۆم نییە!).

لێ ئەو ڕاستیەش دەدرکێنێت کە ناتوانیت ڕکابەری ئەو زمانە بکەیت لە گەڵیدا بجەنگێت ئەگەر پێشوەخت تەواو درک بەو حەقیەتە نەکەیت و دان بە هەژمون و جەبەروتی ئەو  زمانەدا نەنێت.   ئەو زمانەی کە پێدەنوسیت و دەئاخڤێت  و زمانی خۆت نییە، بەڵام تاکە زمانێکە کە تۆی وەک سو بێکت دروستکردوە، هەر ئەویش کۆنتڕۆڵت دەکات، زمانێک کە دەتکات بە خۆی بە جۆرێک کە بتوانیت خۆت بنوسیتەوە، درێدا  لەمبارەیەوە دەڵێت:

( ئەم زمانە کە قەدەرمە هەموو ژیانم قسەی پێ بکەم تا ئەو کاتەی  قسە هەبێت، بۆ من لە ژیان و لە مەرگیشد ا  هەر ئەم زمانەم بۆ دەمێنێتەوە تا قسەی پێبکەم، تا مردنیش هیچ کات ئەم زمانە هی من نەبووە، لە ڕاستیشدا هیچ کات  لە ژیانیشدا هەر هی من نەبووە).

وەک پێشتر باسمکرد من لە سەر زمان و هەژمونی زمان لە سەر دروستبوونی سوبێکت قسە دەکەم. چونکە وەک درێدا باوەڕم بەوەیە کە سوبیکت هەر بە تەنها ئەوە  نیه کە لە ناو زمانێک، نەتەوەیەک، خاکێک لە دایک دەبێت بەڵکو ئەوەیشە کە لە ناو زمانێک، خاکێک یان نەتەوەیەک دەمرێت. واتە زمانی دایک بە تەنها ئەو زمانە نیە کە پەیوەندی بە خاک و خوێن و لە دایکبوونەوە هەیە بەڵکو شتێکە تەواو پەیوەندی بە ئەویترەوە هەیە لە گەل ئەویتردا دروستدەبێت، شتێکە لە نێوان لەدایکبوون، زمان، کەلتور، نەتەوە و مافی  هاونیشتیمانبوون، هەر بۆیە گەر زمانێک هەبێت پێوەی لە دایکبین ئەوا دەکرێت زمانێکیش هەبێت کە پێوەی بمرین و کۆتایمان بێت.

درێدا بە ئاگایە لە سنورەکانی زمان و دەشزانێت تۆ وەک ئەویتر هەمیشە لە نێو سنووری زماندا وێڵ و بێ شوێنیت، هەر بۆیە پێماندەڵێت:

( ئەو (من) ەی کە باسی لێوە دەکەم و قسەی بۆ دەکەم، کەسێکە کە (من ) کەم تا زۆر هەم لێرە و هەم لەوێش، هەم لە زمانی فەڕەنسیدا وە هەم لە زمانی عەرەبیەکەمدا سنوردارە).

کەواتە پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە بە چ زمانێک مرۆڤ خۆی دەگێڕێتەوە لە کاتێکدا زمانی دایک زمانی فەرمی نەبێت و ڕێپێنەدراو بێت؟ کاتێک کە زمانی دایک قەدەغە بکرێت، ئەوا هیچ ئاکت و کار و کردەوەیەکی تر قەدەغەکراو نییە، ئەوەی کە قەدەغەکراوە ڕێگەی گەشتنە بە زمان، واتە ئامرازی گەیشتن بە زمان لێ خودی زمانەکە خۆی قەدەغە نەکراوە. ئەمەیش بۆ خۆی تابۆی ڕەهایە، تابۆکردنی قسە وگوتارە لە ناو ئەو زمانەدا بەو زمانە، کەواتە گێڕانەوەی خۆت، گێرانەوەی ئەو تابۆ و قەدەغەیە، وەلێ  بە زمانی ئەویتری داگیرکەر.

 بۆ درێدا پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن زمانێک، مەبەستی لە زمانی فەڕەنسییە، وەک تاک و تەنها زمانێک، وەک قەدەرێک کە هەر لە سەرەتاوە و تا ئەبەد قسەی پێدەکەیت و دەئاخڤیت، زمانی خۆت نەبێت، زمانی دایک نەبێت، لێ هەر بەو زمانەیش خۆت بگێڕیتەوە و گوزارشت لە خۆت بکەیت؟ درێدا دەڵێت: (چۆن مرۆڤ بتوانێت بە زمانێک تابۆکراو و قەدەغەکراو خۆی بگێڕێتەوە، زمانێک تابۆکراو لە لایەن ئەویترەوە لێ ڕاستگۆ بم لە لایەن خۆیشمەوە چونکە (پێدەچێت کە منیش هێندە ئیش بۆ زمانی فەڕەنسی دەکەم و بەرگری لێدەکەم نیو هێندە ئیشم بۆ زمانە قەدەغەکراوەکەی خۆمم نەکردوە).

درێدا جەخت لە سەر زمان دەکاتەوە وەک بونیادێک کە  لێوانلیوە لە نامۆبوون بە بێ نامۆبوون. زمان واتە پراکتیزەکردنی نامۆبوون لە لایەن ئەویتری بێگانە و و کۆلۆنیالەوە بە بەکارهێنانی خودی زمان خۆیی. ئەو زمانە، کە زمانی ئەویترە و هی خۆت نییە لە بری زمانی دایک نیشتەجێ و خاوەن ماڵە لە ناو تۆدا وەک ئەویتری بێگانە  بە ئەو و کەمتر لە ئەو. ئەوا بۆ ئەوەی هەست بە خاوەن ماڵی خۆت بکەیت و نیشتەجێ بیت لە ناو خۆتدا، دەبێت زمانی ئەویتر وەک پێستت پێتەوە بنوسێت و لێت نەبێتەوە. مەبەستەکەیش ئەوەیە کە منیش دەبێت وەک ئەویتری داگیرکەر خاوەن ماڵ بم، ئەویش لە ڕیی زمانەکەیەوە کە بەسەرمدا سەپاندوویەتی وا دەزانێت کەئەو هەر خۆی خاوەنداری ئەو زمانەیە و من کۆیلەی زمانەکەیم. لێرەیشدا بەر دوالیزمەی خاوەن ماڵ و دوژمن دەکەوین لە ناو کۆنتێکستی زماندا.

هەر لە درێژەی باسەکەیدا سەبارەت بە هەژمونی زمانی ئەویتر وەک تاکە زمانێک، درێدا پشت بە (خەتیبی[6]) دەبەستێت تا لە ڕێیەوە دوو گریمانەی خۆی لە سەر زمان ڕوونبکاتەوە کە ئەوانیش:

– کە ئێمە بە تەنها یەک زمانمان هەیە کە قسەی پێدەکەین و لە ناویدا نیشتەجێین کە ئەویش زمانی دایکە.

– کە ئێمە هەرگیز بە یەک زمان قسە ناکەین، بەڵکو زیاد لە یەک زمانمان هەیە.

بۆ گریمانەی دووەم ئاماژە بە قسەکانی  خەتیبی دەکات کە دەڵێت: ( گەر ئێمە بلێن ئەوە شتێک نییە بە ناوی زمانەوە، شتێک نییە بە ناوی تاکڕەهەندی و یەکتایی زمان، ئەوا لەو کاتەدا ئێمە پێویستمان بەوەیە کە زمانی دایک لە کاراترین وەزیفەکانی خۆیدا، پێناسە بکەین، ئەو زمانەیش کە لەنێوان زمانی دایک و زمانەکەی تردا کە زمانی بێگانەیە دەچێنرێت پێناسە بکەین و بیناسینەوە…چی چێنراوە و چی لەدەستجووە؟ ).

لە تاکڕەهەندی زمانی ئەویتردا درێدا باس لەوە دەکات کە هەرچەندە ئاغا، مامۆستا، ئەوەی کە خاوەن زمانەکەیە و سەردەستەیە هەموو کارێک دەکات کە وا لەویتر بکات باوەڕ بەوە بهێنێت کە ئەوە ئەویتری گەورە و سەردەستەیە کە خاوەنی زمانەکەیە،بەوەی کە خودی زمانی داگیرکارییەکە دە بێتەوە بە جۆرێک لە (homo-hegemonic)- بۆ ئەم مەبەستەیش هەمووئامرازێک دەگرنە بەر لە ڕێێ ڕیتۆریک و گوتار، قوتابخانە و سوپا. وەلێ هەر وەک سێبەر و ئەو ڕووناکییە نەبینراوەی پشتی سێبەرەکە، ئاغای کۆلۆنیال و داگیرکەر ناتوانێت  ببیت بە خاوەنی ئەوەی کە هەوڵیداوە داگیری بکات، ناتوانێت بە هۆی هەژمونی زمانەکەیەوە  خەیاڵ و پێدەشتی زمانی ئەویتر لە ڕووی زمانەوانیەوە داگیر بکات.

 چۆن مرۆڤ دەتوانێت باوەڕ بەو ڕاستییە بکات کە ئەوەی وەک تەنها موڵكێک شکی دەبەیت و قسەی پێدەکەیت و لە ناویدا نیشتەجێیت زمانێکی بێدەنگ و بێ سرتەیە، ئەو زمانەی کە لەهەمووشتێکی تر زیاتر لە ڕۆحتەوە نزیکە کەچی  هێشتا دوورە لێت، سەحرا ئاسا  دوورەدەستە و پێ ناگەیت؟ سەحرا ئاسایە چونکە وەک سەحرا،تۆ دەبێت لە ناویدا گەشە بکەیت، بونیاد بنێت، ئایدیاکان لە سەرەتاوە دروستبکەیت، ئاسەواری گەڕانەوە  بدۆزیتەوە، کەچی هێشتا ئەم زمانە هەر زمانێکی ترە و نامۆیە بە تۆ؟ ئەو سوبێکتەی کە دەئاخڤیت و قسە دەکات، ئەو سوبێکتەی کە خودی زمانەکە دروستیکردووە، سوبێکتی زمانی تورکی لە دۆخی ئۆجالاندا و زمانی فەڕەنسی لە دۆخی درێدا هەر لە سەرەتاوە لە درۆیەک دەست پێدەکات درۆیەک کە زمان خۆی دروستیکردوە، درۆیەک دەبێتەوە بە یەقین . حەقیقەت و یەقینی ئەوەی کە تۆ بە زمانێک دەئاخڤیت و دەنووسیت کە لە سەرەتاوە هی خۆت نییە.

بە پێچەوانەی ئۆجالانەوە، درێدا دەڵێت کاتێک کە مناڵ بووم زۆر باش لە مافی هاونیشتمانبوون و لە دەستدانی ئەو مافە نەدەگەیشتم و نەمدەزانی چ مانایەک و گرنگیەکی هەیە. وەلێ بۆ درێدا زمانی فەڕەنسی زمانی بێگانە نییە بەو پێیەی  کە تاکە زمانێک بووە کە ئەو قسەی پێکردووە و نوسیویەتی،  بەڵکو وەک خۆی دەڵێت:  زمانی فەڕەنسی هی من نییە، نەک نامۆیە بە من، ئەمەیش دوو شتی جیاوازە کە تۆ بڵێت ئەم زمانە  بێگانەیە بە من، لەوەی کە بڵێیت من تەنها یەک زمانم هەیە و دەیزانم، بەڵام ئەویش هی من نییە، هی ئەویتری ئاغایە! وەلێ لەو زمانەیش زیاتر هیچ زمانێکی تر شک نابەم تا خودی حەقیقەتی پێ بگێڕمەوە. ئەگەرچی درێدا ئەڵێت من هیچ زمانێکی دایکم نییە جگە لە زمانی فەڕەنسی لێ هەرگیز بە زمانمدا نایەت بڵێم کە زمانی فەڕەنسی زمانی دایکمە! دیسانەوە ئاماژە گرنگەی خۆی سەبارەت بە زمانی ئەویتروەک تاکە زمانێک بۆ خۆی دەکاتەوە:

(بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە پێیانخۆشە وە ئەوانەیش کە قاڵس دەبن گوێیان لەم ڕاستییە بێت، ئەوا من تاکزمانم، ئەی من وانیم؟ بە زمانێک دەئاخڤم کە هی خۆم نییە!).

لە کاتێکدا ئۆجالان دەڵێت زمانی تورکی زمانی بێگانەیە بە من، زمانی دایکم نییە! لێ لەملایشەوە گەر ئاماژەکەی خۆی بەوەی کە دایکی تورکە بە هەند وەربگرین ئەوا زمانی تورکی بۆ ئەو دەبێتەوە بە زمانی دایک. وەک خۆیشی دەڵێت سەرەتای کێشەکانی خۆیشی لە گەڵ دایکیدا هەر لەوێیەوە دەستی پێکردووە کاتێک دایکی خۆی دەبێتەوە بە ئاوێنە بۆ بینینی خۆی وەک ئەویتری کەمتر لە تورک. ڕەگوڕیشەی ئەم خود بەکەمزانینەی لە سەر زاری خۆی هەر لەو کاتەوە دەستیپێکردەوە کە ئەو  بۆ یەکەم جار  بۆیدەردەکەوێت کە زمانی تورکی زمانی دایکی نییە! دایک وەک نیشتمان وەک نەتەوە. پرسیارەکە بۆ من زیاتر ئەوەیە ئایا ئەو دایکەی کە ئۆجالان لە دیالۆگدایە لە گەڵیدا و هەمیشە وەک باکگراوندێک دەکەوێتە پشت نوسینەکانیەوە کام دایکەیە، کام ناوەی هەیە؟

هەمیسان دەتوانین بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش پشت بە دیدی درێدا ببەستین. لە کتێبی (گلاس) دا درێدا باس لەوە دەکات کە دیالۆگی پیاو لە گەڵ ئەویتردا هەمیشە ئاماژەیە بە قسەکردن و وتوێژکردن لە گەڵ خۆیدا لە بەرامبەر ئەوەی کە لە باکگراوەندایە، ئەوەی کە لە پشتەوەیە، ئەوەیش دایکە کە دەکەوێتە باکگراوندەوە و هەمیشە بە متی و بێ سرتە لە پشتەوەیە .  دایک وەک ئەوەی لە بنی بنەوە بێت بە بێ دەنگی و بێ گوتە و قسە دەمێنێتەوە. بە ڕای درێدا  پیاو  تێکستەکانی خۆی ئاڕاستەی دایک دەکات، وە دایکیش جارێکی تر لە ڕێی ئەوەوە بانگی خۆی دەکات و دێتەوە گۆ، درێدا دەڵێت:

 ( من بە خۆم دەڵێم دایکم، ئەویش خۆی لە مندا دەبینێتەوە….من ناوی دایک هەڵدەگرم ، بە ناوی دایک خۆم بانگ دەکەم، من دایکمم).

هەڵبەت ئۆجالانیش هەروەک درێدا و زۆرینەی پیاوە فەیلەسوف و نوسەرەکانی دونیا  سەر بە هەمان ڕێبازی فەلسەفەییە کە سروشت و خاك  وەک دایک دەبێنێت و هاوشوناس و هاوتای بە جەستەی دایک دەکاتەوە. لێ دەشبێت ئەوە بزانین کە لە ناو نەزمی سروشتدا ئەوا دایک وەک جەستە هەموو ناوەکان دەبات بۆ خۆی، دایک خۆی بەر لە دروستبوونی ناوە، وەکچۆن دەشکەوێتە دوای هەموو ناوەکانەوە.  ئەوە دایکە کە دروستبوونی ناو مومکن دەکات، چونکە دایک بەر لە دروستبوونی زمانە. هەر بۆیە بە پێی ئەم ڕێبازە و لە ناو ئەم نەزمەدا دایک هیچی بۆ نامێنێتەوە جگە لە بێدەنگ بوون نەبێت، ئەی مەگەر تێزەی سەرەکی ئۆجالان و ڕێبازی ژنۆلۆژی زیندووکردنەوەی ئەم دایکە بێدەنگ و بێ سرتەیە نییە؟ لە کاتێکدا دەزانین  هەر کاتێک ئەم دایکە هاتە دەنگ و قسەی کرد، بە مانا فەلسەفییەکەی، ئەوا وەک ماسکولێنێک-نێرێک دێتە گۆ، نێرێک کە دەیەوێت لە دایک بێتەوە، لێ بە بێ بوونی دایک.

درێدا سەبارەت بە زمانی دایک لە بەرامبەر زمانی ئەویتر لای هانا ئارێنت:

                                                      ئەوە زمانی ئەڵمانی نییە کە شێت بووە- هانا ئارێنت-

لە دوا بەشی کتێبەکەیدا درێدا ئاماژە بە زمانی ئەڵمانی لای ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک جولەکە هانا ئارێنت دەکات. زمانی ئەڵمانی وەک زمانی ئەویتری بێگانە و سەرکوتکەر . بۆ ئەمەیش دەگەڕیتەوە سەر ئەو چاوپێکەوتنەی کە لە گەڵ ئارێنتدا کراوە ئەو کاتەی لە تاراوگا لە ئەمەریکا دا ژیاوە.  کاتێک لە ئارێنت دەپرسن کە ئەو ڕای چییە کاتێک  خۆی بە زمانی سەردەستە و داگیرکەرەکەی دەنوسێت و دەئاخڤێت لە سەخترین کاتەکانی ژیانیدا، لە سەردەمی ناسیزمدا چی لەو زمانە دەکات کە لە ناویدا  نیشتەجێیە و خاوەن ماڵە سەرەڕای ئەوەی خۆی لە تاراوگەیە؟  لە وەڵامدا ئارێنت دەڵێت:

( هەمیشە!  ئەوە بە خۆم دەڵێم و دەپرسم : کە چی دەبێت بکرێت؟ لە ڕاستیدا ئەوە زمانی ئەڵمانی نیە کە شێت بووە! هیچ شتێک ناتوانێت جێی زمانی دایک بگرێتەوە! ئەوە هەر بەتەنها زمانی دایکە کە نە هیچ زمانێک دەتوانێت جێی بگرێتەوە وە نەهیچ زمانێکیش دەتوانێت وەریبگێڕێتە سەر خۆی).

درێدا شیکارییەکەی ورد بۆ ئەو دوو دەستەواژەیەی ئارێنت  دەکات و دەپرسێت ئایا ئارێنت دەیەوێت چیمان پی بڵێت کاتێک ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە زمانی ئەڵمانی نییە کە شێت بووە؟ دیارە ئارێنت نکولی لە عەبەسیەتی ئەو زمانە ناکات بەڵکو پاکانەی بۆ دەکات و بۆ دەپاڕیتەوە وەک بڵێ نایەوێت بیخاتە ژێر پرسیارەوە، کاتێک باوەڕ بە خۆی دێنێت کە ئەوە زمانی ئەڵمانی نییە کە شێتە. ئەمەیش دەمانباتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە زمان لە خۆیدا نە دەتوانێت ئاقڵ بێت وەکچۆن ناشکرێت کاڵفام و بێئەقلیش بێت، زمان ناتوانێت شێت بێت. ناتوانین زمان بخەینە بەردەم شیکاری و دەرمانی بدەینێ، یان بیخەنە ناو دامەزاراوەیەک و نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە نەخۆشی و شێتیەکانی چاکی بکەینەوە. جا بۆیە گەر مرۆڤ باس لە شێتی زمان بکات دەبێت خۆی پێشوەخت شێت و کەم ئەقڵ بێت تا ئەم ڕاستیە درک پێبکات. لە بەرئەوە ئەم قسەیەی ئارێنت کە پێوایە ئەوە زمانی ئەڵمانی نییە کە شێت بووە، هەر دەبیت وا لێیتێبگەین کە ئەوە خودی زمانەکە نییە کە شێتە بەڵکو کەسەکانە ، ئاغا و سەرکردەی وڵاتەکەیە کە شێتە، لێ خەڵکەکەی تر هیچ دەسەڵاتێکیان بە سەریدا نییە چونکە زمانی ئەڵمانی پێش نازی هەر هەبوە  و دوای نازیسزمیش هەر دەمێنیتەوە و بەردەوام دەبێت. تەنانەت بۆ ئەوانەیش کە ئەڵمانی نین ئەم زمانە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

لێ ئەوەی کە ئارێنت نایبینێت یاخود هەوڵدەدات خۆی لە قەرە نەدات و نکولی لێ دەکات هەر بەتەنها یەک شت نییە بەڵکو زیاد لە شتێکە کە ئەمانەن:

یەکەم: کە زمان دەکرێت لە خۆیدا شێت بێت، دەتوانێت شێت بێت تەنانەت وەک خودی شێتی خۆی، شوێنی شێتی، شێتی لە ناو یاسادا. دیارە ئارێنت نایەوێت بەمجۆرە بیربکاتەوە: بۆ ئەوەی سوبێکت لە ناو زمانێکدا -شێت- لادەر، شەیتانێکی خراپ یان شەیتانێکی تەواو ڕادیکاڵ بێت ئەوا بمانەوێت یان نەمانەوێت زمان دەستی لەم کارەدا هەیە چونکە سوبێکت هەر لە ناو زماندا دەتوانێت خراپیەکانی خۆی بگەیەنێتە ئەوپەڕی، بە بێ بەشداری زمان شێتی مومکن نیە و خراپەکاریش ناتوانێت بگاتە ترۆپکی خۆی. وردتر بڵێین، کەسێکی بێزمان و قسەنەکەر، کەسێک کە خاوەنی زمانی دایکی خۆی نییە ناتوانێت ببێتە کەسێکی شێت، لادەر، بکوژ، تاوانبار یاخود شەیتان ئاسا بێت. ئەگەر زمان بۆ ئەم کەسانە شتێک بیت زیاتر لەو ئامرازە سانا و سروشتییەی کە لە دەرەوە دێتە ناو ئێمەوە. (لێرەیشدا ئارێنت لە سەر حەقە چونکە زمان پێویستە شتێک بێت زیاتر لەوەی کە بەتەنها ئامرازێک بێت بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە- هەمیشە لە گەڵدا بێت تەنانەت لە کاتە سەختەکانی ژیانیش بۆ نموونە لە تاراوگا). لە ڕاستیدا گرنگە کە هاونیشتمانی قسەکەر لە ناو زمانێکی شێتدا خۆیشی شێت بێت، بەو مانایەی خودی مانا لە ناو زمانەکەدا هیچ بەهای نامێنێت. هەر بۆیە ئێمە کەمتر لەوە تێدەگەین کاتێک باس دێتە سەر شتێکی وەک نازیسزم. گەر بتوانین لە ناو مەوداکانی زماندا هەموو شتێکی لێ داببڕین، کە دەکرێت لێ داببڕین و جیایبکەینەوە ئەوا ئەمە بۆ خۆی نەک هیچ شتێک نییە بەڵکو کەم تا زۆر هەموو شتێکە.

دووەم: هەر لەبەر هەمان هۆکار گرنگە بۆ دایک، دایک وەک  زمان ئەوەی کە پێدەڵێن دایکایەتی کە بتوانێت شێت بێت بە مانایەکی تر، توانای (لە بیرچوونەوە، ئەفاسی و شێتانە)ی هەبێت. لێرەیشدا سوبێکتەکەی هەر دەبێت زمانی دایک بێت ئەو زمانەی کە هیچ شتێکی تری جێی ناگرێتەوە. ئەوەی کە ئارێنت نایەوێت بیبینێت یان ناخوازێت بیبینێت ئەو ڕاستییە کە مومکنە تۆ لە سەرەتاوە دایکێکی سەرلێشێواو[7] هەبێت.  دایکێک -دانسقە و ئاوارتە- لێ سەرلێشێواو بێ یادەوەری، بێ یادەوەری چونکە بە پێی لۆژیکی خەیاڵ دایک خۆی دانسقەیە ، ئەی مەگەر ناکرێت دایکێکمان هەبێت سەرلێشێواو بێ یادەوەری بێت؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش درێدا دەمانباتەوە بۆ گریمانەی جیاواز سەبارەت بە خەیاڵ و فانتازیا و دواجاریش شوێن و پێگەی خەیاڵ خۆی لە ناو زماندا. لەوانەیش ئاماژە بە ڕۆسۆ دەکات و دەڵێت بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی تێزەکەی ئەودا بمێنینەوە سەبارەت بە چاودێری و سۆزی دایک کە هیچ کات پرنابێتەوە و هیچ شتێکیش  جێی ناگرێتەوە ئەوا دەتوانین خودی ئەم خەیاڵە ببەستنەوە بە سۆزەوە، سۆزی نێوان یەکێک و ئەویتر، ئەو یەکە و ئەوەیتریش وا دەردەکەون کە تەواوکەری یەکتربن. واتە بە هێزو برەوی تەواوکردن و خستنە سەر، بە خستنەبری، بەجۆرێک کە جێی ئەوەدەگرێتەوە کە جێگە و شوێنی ناگیرێتەوە، واتە دایک بە پلەی نایاب خۆی خستنە برییەکەیە، کاتێک کە لەبارە بۆ ئەوەی ئەوە تەواو بکات کە تەواو ناکرێت. بەم مانایەش بێت هیچ دایکایەتیەک نییە کە قابیلی جێگرتنەوە نەبێت. ئەوەی کە ئێمە دڵنیاین لێی بێ شک شوناسی دایکمانە نەک باوک. چونکە ئەوە دایکە کە دەزانێت باوکیش کێیە.هەر بۆیە گەر بگەڕێنەوە سەر وەڵامی پرسیارەکە کە ئایا دەکرێت دایک خۆی شێت و بێ یادوەری بێت؟ ئەوا دەڵێین دەکرێت کە دایک خۆی شێت بێت و ئەوەیش بۆ خۆی تیرۆرە. چونکە کاتێک دایک لۆژیک و ئەقڵی لە دەستدەدات ئەوا ئەزمونکردنی ئەو شێتیە هێندەی شێتی دەسەڵاتدار و پاشاکان ترسناک و وەحشتناکە. لە هەردوو حاڵەتەکەیشدا ئەوەی کە شێت و سەرلێشواو دەبێت یاسا و جەوهەری خودی مانایە.

دواتر درێدا درێژە بە شیکارییەکەی دەدات و دەڵێت ئێمە دەتوانین هەمان  قسەکانی ئارێنت  بە شێوەیەکی زۆر ڕادیکاڵتر بخەینە ڕوو بە جۆرێک کە جیاواز بێت  لەوەی ئەو، وە لەهەمان کاتیشدا جیاوازیش نەبێت:

 یەکەم- دایک وەک ئەوەی کە دانسقە وبێهاوتایە لێ هەمیشە ئەگەری جێگرتنەوەی هەیە، بە تایبەتی جێگرتنەوەی شوێن و پێگەی کاتێک دێتە سەر زمان،ئەمەیش شێتی مومکن دەکات.

دووەم- هەر لەبەرئەوەی ئەگەری جێگرتنەوەی هەمیشە کراوەیە ئەوا دایک خۆی خودی شێتیە. هەمیشە شێتی لە گەڕدایە، دایک وەک زمانی دایک، ئەو خودە ڕەهایە لە دانسقەیی و بێهاوتایی کە دەکرێت بیگۆڕێتەوە لە بەرئەوەی هیچ شتێک ناتوانێت جێبگرێتەوە، دەتوانیت وەریبگێڕیتە سەر زمانێکی تر چونکە خۆی قابیلی وەرگێڕان نییە( Translatable becuase untranslatable)، ئەی پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر زمانی دایک قابیلی وەرگێران نەبێت ئەی ئێمە چی وەردەگێڕین؟ دیسان دەڵێن دایک خۆی شێتیە، دایکە (ناوازە) کە، یان با بڵێن خودی ئەزمونکردن و پەیوەندیمان بە دایکە دانسقە و بێ هاوتاکەوە خۆی شێتیە، دایک و شوێنی شێتیەکەیش کە زمانە هەمیشە سەرشێتە.  هێندەی دانسقەیی و بیهاوتای خۆی شێتە. هەمیسان درێدا دەڵێت:

(دایکێک، پەیوەندیش لە گەل ئەو دایکە، دایکایەتی هەمیشە دانسقەیە و هەر لەبەرئەوەش خۆی دەبێتەوە بە شوێنێک بۆ سەرشێتی- هیچ شتێک هێندەی ڕەهایی و  ناوازەیی ئەو تاقانەیە، دایک (the One_She-One)  پیاو شێت و دەهری ناکات. بەڵام هەر لە بەرئەوەی ئەو هەمیشە دانسقەیە، ئەوا هەمیشە و تەنها خۆی دەگۆڕدرێتەوە، جێگەیشی دەگیرێتەوە، جارێکی تریش پێشکەش دەکرێتەوە لەوشوینەدا کە هیچ شوێنێکی تر جگە لە ئەو بۆ بوونی ئەو هیچ شتێکی تر نییە. جێگرتنەوەی  شوێنی ئەو، لە شوێنی خودی ئەو شوێنە کە -(khöra)[8]-. درێدا باس لە خودی تراژیدیا و یاسای ئەم جێگرتنەوەیە دەکات بۆ دایک و شوێنی دایک کە زمانە و دەڵێت:  ( ئەوەی دانسقەیە وەک سوبێکتی جێگرەوە هەمیشە قابیلی جێگرتنەوەیە). جا ئەگەر کوڕ بیت یان کچ هەر جارەو بە شێوەیەک دیسان بە گوێرەی ئەوەی ئەگەر تۆ کچ بیت یان کوڕ ئەوا هەمیشە سەرشێت و دەهری ئەوەیت کە ئەو دایکە بێ ئەوەی بتوانێت و لە باریدا هەبێت کە دانسقە و بێهاوتا بێت لە شوینەکەی خۆیدا کە زمانە، لە خانوەکەی خۆی و لە ماڵە تایبەتەکی خۆیدا کەچی هەر دانسقەیە. ئەو خۆی سوبێکتە بۆ جێگرتنەوە لە بەرئەوەی تایبەتە. دیسانەوە دەتوانین بەم شێوەیە بەرجەستەی فکرەکە بکەین ئەویش ئەوەیە کە ئەم بێهاوتاییە ڕەهایە هێندەی جێگۆڕکێی و گۆڕینەوەی ڕەها  مرۆڤ شێت و دەهری دەکات. ئەو جێگۆڕکێ ڕەهایەی کە جێگەی شوێنەکە خۆی دەگرێتەوە، خودی جێگەکە، شوێنەکە، خودی خانوبەرە و ماڵەکەی مرۆڤ خۆی کە زمانە.

ئەم گوتارە لە سەر شێتی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە وزە و ئێنەرژی خودی شێتی نزیکمان دەکاتەوە کە دەکرێت بیبەستینەوە بە جەوهەری میواندارێتی بەو پێیەی لە جەوهەری خۆیدا پەیوەندی بە چەمکی ماڵ و خۆبوونەوە هەیە، لەملایشەوە یاسای زمانی دایک پێناسە دەکاتەوە، یان جارێکی تر تۆماری دەکاتەوە و شتێکی تیادا دەچێنێت کە پێشتر نەبووە.

هەمیسان درێدا قسەکانی ئارێنت دەکاتەوە و دەڵێت:

هەمیشە. من بە خۆم دەڵێم: ئەبێت چی بکرێت؟ لە ڕاستیدا ئەوە زمانی ئەڵمانی نییە کە شێت بووە. لە بڕگەی دووەمیشدا دەڵێت: هیچ شتێک ناتوانێت جێگەی زمانی دایک بگرێتەوە… دوای ئەوەی کە ئاماژە بەوە دەکات کە زمانی دایک قابیلی جێگرتنەوە و گۆڕینەوە نییە ئنجا ئارێنت دەڵێت:

  (کە ڕاستە دەتوانیت زمانی دایک لە بیر بکەیت و نمونەیشم بۆ ئەوە هەیە، ئەم کەسانەی کە زمانی دایک لە بیردەکەن دەتوانن بە زمانی بێگانە لە من باشتر قسە بکەن. من بۆ خۆم هەمیشە بە شێوە زمانێکی(accent) زۆر قورس قسە دەکەم و زۆرجاریش ناتوانم بە شیوەیەکی زاراوەیی گوزارشت لە خۆم بکەم، لێ ئەوانیتر، ئەوانەی کە توانیویانە زمانی دایک لە بیر بکەن دەشتوانن بەو شیوەیە قسە بکەن. بەڵام لێرەدا ئێمە باس لە زمان دەکەین کاتێک کە تۆ کڵێشەکەیەک لە بری ئەوی تر دادەنێت، کاتێک کە تۆ زمانەکەی خۆت بیردەچێتەوە  چونکە بەرهەمی زمانەکەی خۆت کە دەبوو لە قسەکردن و نوسیندا پشانی بدەیت بە شێیوەیەک لە شێوەکان قرتاوە).

دواتر کاتێک لە ئارێنت دەپرسن کە ئایا لە بیرچوونەوەی زمانی دایک بەرهەمی چەوسانەوە و سەرکوتکردن نییە؟

ئارێنت دەڵێت: بەڵێ، بیرچوونەوەی زمانی دایک، خستنەبری و  ئەوەی جێی زمانی دایک دەگرێتەوە دەکرێت لە ژێر کاریگەری چەوسانەوە و داگیرکاریدا بێت. نەک ئەوەیش بەڵکو ئەو جێگەیە ،واتە زمانی دایک، خۆی بە پلەی نایاب دەبێتەوە بە شوینێک بۆ داگیرکاری و سەرکوتکردن. بۆ پشتڕاستکردنەوی ئەم قسەیەشی ئارێنت ناوی ئاوشڤەیز دەهێنێت وەک ئەو قرتانەی کە لە زمانی دایکدا ڕوودەدات، خاڵی بڕینەوە، خاڵی بڕین و سەرکوتکردن، لەمبارەیەشەوە دەڵێت:

( بەڵی، زۆر جار، من بۆ خۆم ئەوەم  لە کەسانی نزیکەوە و بە شیوەیەکی زۆر ناخۆش ئەزمونکردووە. تۆ بزانە! بۆ ئێمە ئەوە ڕۆژەی کە گوێمان لە هەواڵی ئاوشڤەیز بوو ڕۆژێکی زۆر یەکلاکەرەوە بوو.)

ئەگەر ئاوشڤەیز بۆ ئارێنت ئەو شوێنە بێت کە خودی سەرکوتکردن و چەوسانەوە لە سەر ئاستی زمان دەگاتە ئەوپەڕی و ترۆپکی خۆی، ئەو شوێنە بێت کە بۆ ئەبەد زمانی دایک تیایدا دەقرتێت و جارێکی تر ناچێتەوە سەر خۆی، گەر ئاوشڤەیز بۆ ئارێنت  ئاوەڵناوێکی تر بێت بۆ خودی سەرکوتکردن و ڕەنجاندنی زمانی دایک.  ئەوا لە دۆخی ئۆجالاندا زیندانی ئیمراڵی دەبێتەوە بە شوینێک و سپەیسێک بۆ ئاشتبوونەوە لە گەڵ زمانی دایک کە بۆ ئەو زمانی تورکیە، زمان وەک نوسین وەک گوزارشتکردن لە خودبوون و ئازادی. زیندانی ئیمراڵی گەر بە دیوێکدا خاڵی سەرکوتکردن و چەوسانەوەی ڕەمز و سیمبولی نەتەوەیەک بێت لە کارەکتەر و فیگەری ئۆجالاندا ئەوا لە ڕاستیدا خودی زیندانیەکە لە سەر ئاستی زماندا نییە و بە پێچەوانەی ئاوشڤەیزەوە لێرەدا خاڵی قرتان و بڕین رووینەداوە  و ڕوویشنادات، چونکە هەر وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد لە دەستچوونەکە بۆ ئێمەیە وەک خوێنەری تێکستەکانی ئۆجالان نەک بۆ خۆی. ئەوەی کە لە سەرەتاوە بوونی نییە زمانی کوردییە.  بەو مانایەی کە زمانی دایک ئەو شوێنەیە کە خودی ڕەسانایەتی و مانا لە خۆی دەگرێت، جا ئەو زمانە سەرکوتکرابێت یان نا ئەوا جەوهەری موتڵەقی هەموو مانایەکە، ئەو موڵکەیە کە قابیلی مامەڵەکردن نییە، موڵکێک وەک پێستی خۆت پێتەوە نوساوە بۆ هەر جێگەیەک بڕۆیت لێت نابێتەوە.

دیارە ئۆجالان خۆی درکی بە ڕاستی ئەو  زمانە کردووە کە قسەی پێدەکات و دەنوسێت هەر بۆیە دەڵێت:( ڕەنگە بگوترێت کە ئەو زمانەی قسەی پێدەکەم لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هێندە لە مەشروعیەتی سیستەمەوە دوور نییە. لێ هەر خۆیشی وەڵامی ئەوە دەداتەوە دەڵێت:

ئەو شوێنەی کە ئێستاکە منی لێم واتە زیندانی ئیمراڵی خۆی خاوەن شوێن و پێگەیەکی شایستەیە بۆ دژایەتکردن و ڕکابەرایەتی سیستەم).

ئۆجالان بە ئاگایە لەوەی کە نەستی ئەو وەک بونیاد و زمان تورکییە، لێ ئەوەشمان پیدەڵێت کە ئەو شوێنەی ئەوی تیا گەورەبووە و گۆشکراوە هەم وەک بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی وە هەمیش وەک بونەوەریكی سیاسی گۆڕستانی کەلتورە دێرینەکانە، لە هەر لایەکەوە هەڵیکۆڵیت و دەستی بۆ بەریت کەلتورێک و زمانێک فیچقە دەکات و لێی دێتە دەرەوە کە لە سەرەتاوە داگیرکراوە. لەوانەیش کەلتوری کوردییە کە هێشتا خۆی نەگەیاندۆتە ئاستی زاراوەیی، ئۆجالانیش خۆیشی بە بەشێک لەم کەموکورتیە دەبینێت.

زمانی تورکی بۆ ئۆجالان هەر بەتەنها ئەو زمانە نییە کە هی خۆی نییە بەڵکو تاکە زمانیکە کە ئەو دەتوانیت لە ڕێیەوە جارێکی تر بتوانێت خۆی پێ بنوسێتەوە و نەک هەر بەتەنها بۆ  کورد بەڵکو بۆئەوەی دەنگی بە هەموو جیهان  بگات. بەرگرینامەکەی بە زمانی تورکی هەر دەبێت بەو شێوەیە لێتێبگەین کە هاوار و ئاماژەیە بۆ دەربازبوون لە زمانی ئەویتری بێگانە لێ هەر بەو زمانە خۆی. بەو مانایەی کە گوزارشتکردن لە خود و گێڕانەوەیشی  بۆ ئەویتر و  بە زمانی ئەویتر، بە مانای کردنەوەی دەرگایە لە بەردەم هەموو دادپەروەرییەک، ئەگەر دادپەروەری بوونی هەبێت، هەلێکە بۆ دووبارە لەدایکبوونەوە. چونکە قسەکردن و نوسین بە زمانی خۆت(لێرەدا مەبەستم ئەگەر ئۆجالان بە زمانی کوردی تێکستەکانی بنوسیایە) لە گەڵ ئەویتردا هێندەی ئەوە ئەستەم و سەختە کە تۆ بتەوێت ئەویتر خەلق بکەیتەوە و بیهێنیتە بوون، بە مانایەی کە ئەویتری بێگانە بە تۆ هەر بە زمانەکەی خۆی دەتوانێت خۆی بناسێتەوە لە بوونی خۆی تێبگات. بۆیە دەتوانین بڵیین کە  نوسین بە زمانی تورکی بۆ ئۆجالان هەمان پەیام و ئاماژە هەیە هەر وەک چۆن بۆ درێدا بە زمانی فەڕەنسی کاتێک دەڵێت: ( گوێبگرن لێم، ئەوەتا من بەم زمانە دان بەوەدا دەنێم و دەیسەلمێنم، کە چۆن بەم زمانەی خۆم  قسە دەکەم و دەئاخڤم، ئێوە و من بە هەمان زمان قسە لە گەڵ یەک دەکەین، دوا جار دەبێت گوێ لە یەک بگرین، دەبێت یەکتری تێپەڕێنین).

[1] تەواری بەرگرینامەکەی بۆ دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا نوسیوە،  تا ڕاستی جینۆسایدی کوردان لە فیگەری ئەودا ڕوونبکاتەوە، خودی ئەم بەرگرینامەیە ڕوونکردنەوەی ئەو ڕاستییە کە دادگایکردنەکەی ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی لە ژێر ڕکێف و هەژموونی دەسەڵات و سیستمی ئەوروپادا وەلی بە دەستی تورکیا ئەنجام درا. واتە وەک خۆی دەلێت دادگاییەک نەبوو کە بە تەنها بەهێزی دەوڵەتی تورکی ئەنجام درابێت و ڕۆلێ دەسەڵاتی تورک لە مەقاش زیاتر نییە.

[2] لە پێشەکی کتێبەکەدا لاپەرە ٧

[3] لە دەروازەی کتێبەکەدا.

[4] گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەم کە لە کاتی نوسینی ئەم وتارەدا گفتوگۆم لە گەڵ چەند هەڤاڵێک لەوانە کاک (حەسەن جودی) دا  سەبارەت بەم بابەتە کرد. کاک حەسەن تەواو پێوایە کە دایکی ڕێبەر ئۆجالان کوردە و نابێت شتێک بڵێن کە حەقیقەت نەبێت. ئەوەی کە ئێمە لە زمانی خۆیەوە بیستمان کە گوایە دایکی تورکە کارێکی فابریکە کراوە، قسەکان خراوەتە سەر زاری ئەو. بە پێی زانیارییەکانی کاک حەسەن دایکی ڕێبەر ئۆجالان کوردە لێ داپیرە گەورەی دایکی تورکمانە، ئەو جەختی تەواو لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە دایک و باوکی ئۆجالان تورکیان نەزانیوە. شۆک و تراومای گەورەیش بۆ ئۆجالان ئەو کاتەیە کە دەچێتە قوتابخانە بەر زمانێک دەکەوێت کە پێشتر نەیزانیوەو قسەی پێنەکردوە.

بەو پێیەش بێت خودی ئەم ئارگومێنتە بەشێک لە نوسینەکەی من سەبارەت بە زمانی دایک لای ئۆجالان بەتاڵ دەکاتەوە !لێ  من  لێرەدا دەمەوێت بلێم کە تێزەی سەرەکی ئەم وتارەی من لەو سەرچاوەیە کە ئۆجالان بە تورکی دەنوسێت و لە سەر زاری خۆیشی ئەوەی پشتڕاستکردۆتەوە کە دایکی تورکە ئەگەرچی لە ژێر فشار و  کاری فەبرەکە کردنیشدا بووبێت ئەوا هەر سەرچاەیەکە ناتوانین چاوی لێ بپۆشین. دواجار ئەم وتارە شیکارییە بۆ ئەو گریمانەیە.

[5] هەمان سەرچاوە: لاپەڕە: ٣٨

[6] درێدا لە هەمان سەرچاوەدا ئاماژە بە  کتێبە بە ناوبانگەکەی (عەبدولکەبیرخەتیبی)  بە ناونیشانی (Amour bilingue) دەکات و دەلێت :کە خەتیبی لەم کتێبەدا باس لە زمانی دایکی، دەکات کە بە دڵنییاییەوە زمانی فەرەنسی نییە، بەڵام بە زمانی فەڕەنسی باسی لێوە دەکات. خەتیبی ئەو نهێنییەی خۆی بۆ جەماوەرەکەی ئاشکرا دەکات، نهێنی  ئەوەی کە زمانی دایکی لە دەستی چووە، ئەو لە دەستچوونەیش بە زمانی فەڕەنسی دەگێڕێتەوە. باس لەو تاکە زمانە دەکات کە لە دەستچووە، لێ ئەو بۆ خۆی لە ناونەچووە، چونکە هەمیشە ئەوەی لە ناو خۆیدا هەڵگرتووە کە لە سەرەتاوە لەدەستچووە، کە زمانی دایکیەتی.

[7] لە تێکستە ئینگلیزیەکەدا (Demented mother) نوسراوە کە بە مانای کەسێک دەێت کە یادەوەری لەدەستداوە. من لیرەدا سەرلێشواوم دانا چونکە زیاتر لە گەڵ مانا و کرۆکی شیکارییەکەی درێدا دەگونجێت.

[8]  چۆرا (Khöra) کە چەمکێکی پلاتۆنییە  کە بە مانای شوێن یان فەزایەک دێت.  درێدا پێمان دەڵێت ئەم چەمکە ناکرێت و ناتوانین وەریبگێڕینە سەر زمانێکی تر چونکە خۆی دەکەوێتە نێوان شوێن و ناشوێنەوە، دەکەوێتە پێش زمانەوە. ئەو شوێنەیە کە هەموو چیرۆکەکانی لێوە سەر هەڵدەدات لێ خۆی نابێتەوە بە ئۆبێکتی هیچ چیرۆکێک، چۆرا خۆی ئەو نهێنییە کە بە بێ نهێنی دەمێنێتەوە، هەر بۆیە چۆرا وشەیەک نییە وەکچۆنیش ئەفسانە نییە بەڵکو چۆرا جیرۆکیکی بەردەوامە کە چیرۆکەکانی تری لیوە لەدایک دەبێت. درێدا لە شوینی تردا گەمەیەکی باش بەم چەمکە دەکات و وەک شوێنێک کە دەکەوێتە نیوەی ڕێگە ئاماژەی پێدەکات، شتێک کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕێگەوە لە نێوان ئێرە و ئەوێ، لە نێوان کاو و شویندا.

 هەڵبەت جولیا کریستیڤاش ئەم زاروەیەی  لە پلاتۆوە وەرگرتووە، لێ کریستیڤا ئەم چەمکە وەک هاومانای مناڵدانی دایک بەکاردێنێت تا قسەکانی خۆی لە سەر زمان و جەستەی دایک بکات.  لەناو چۆرادا(مناڵانی دایک)  دا، مناڵ لەو قۆناغەدا هێشتا توانای زمان گەشەی نەکردووە و دۆخێکە پڕ لە هەڵچوون، کاوس، ئاژاوە و ژاوەژاوی هەستەوەر و پێداویستیەکان، دۆخێک کە هێشتا مناڵ تیایدا نازانێت کە ئەویتر و جیهانێک لە دەرەوەی خۆی و جەستەی دایکی بوونی هەیە. ئەوەی کە لەم قۆناغەدا جڵەوی مناڵ دەکات هەردوو غەریزەکانی ژیان و مەرگن.

داگرتنی بابەت
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button