ڕۆژئاوای کورستان؛ لە بەرداشی دەوڵەت – نەتەوەی بەعسەوە بۆ ئاسۆی ژیانی کۆمۆناڵ
گفتوگۆی ئازادیی کۆمەڵگە لەگەڵ ئاهین عەلی، وتەبێژی کۆمیتەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە بارەی فەلسەفە و پەرگاڵی کۆمۆناڵ و خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوا.

گفتوگۆی ئازادیی کۆمەڵگە لەگەڵ ئاهین عەلی، وتەبێژی کۆمیتەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا
سازدان: ئازادیی کۆمەڵگە
ڕۆژئاوای کورستان؛ لە بەرداشی دەوڵەت – نەتەوەی بەعسەوە بۆ ئاسۆی ژیانی کۆمۆناڵ
هەڤاڵ ئاهین سەرەتا خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنیت؟
لە دەستپێکی شۆڕشدا چوومە خەباتی پەروەردە و پاشان لە شانزە ساڵییدا بووم بە هاوسەرۆکی کۆمۆن. دواتر لە کۆمۆنگەکاندا جێم گرت کە لە پانزە کۆمۆن پێک دەهاتن. لەوێش بووم بە ڕێوەبەری ئەو کۆمۆنگەیە. هاوکاتی خەباتی کۆمۆنگە، من وەک مامۆستا لە گۆڕەپانی زمان و وانەوتنەوەدا کارم دەکرد. پاشان ساڵی ٢٠١٧ بوومە ئەندامی ئەنجوومەنی پەیەدە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٤ـدا لە نێو ڕیزەکانی پەیەدا بووم. من لە سێ خولی ئەنجوومەنی پەیەدەدا بووم. لە خولێکیاندا من هاوسەرۆکی مەکتەبی لاوان بووم، لە دوو خولەکەی تردا هاوسەرۆکی خەباتی ڕێکخستن بووم لە سەر ئاستی هەرێمی جزیرە. هاوکات ئەندامی دەستەی ڕێوەبەریی بووم. دواتر هاتمە ڕیزەکانی کۆنگرەی ستار. وا بۆ نزیکەی ساڵێکە من وتەبێژی کۆمیتەی پەروەردەی کۆنگرەی ستارم.
ئازادیی کۆمەڵگە: هەڤاڵ ئاهین، هەرچەندێك مێژوو شۆڕشی پەنجا ساڵەی تەڤگەری کوردیی لیپاولیپە لە خەبات بۆ ژیانی کۆمەڵگەیی و هەرەوەزیی، بەڵام لە کۆنگرەی ١٢ـەهەمینی پەکەکە و بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆدا، پێداگرانە و ڕاستەوخۆ تەوەرەکە ژیانێکی کۆمۆناڵ و چۆنێتیی ژیانی پێکەوەییە. ڕاستییەکەی پێش ئەوەی دەوڵەت زاڵدەست بێت، چاندێکی لەم ڕەنگە کورستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە. با ئەم پرسیارە لە تۆ بکەم، فەلسەفەی پشت ئەو پەرگاڵە کۆمۆناڵە لە ڕۆژئاوا چییە؟
ئاهین عەلی: ڕاستییەکەی لە کۆمۆنەکانی ڕۆژئاوادا تا ئاستێک، پێکهاتەی کۆمۆن بووژێنراوەتەوە. ئەمە نوێنەرەوەی جڤاکی کۆمۆناڵە. ئەم جڤاکە کێشەکانی خۆی دەخستە ڕوو. بە گشتیی هەڵوێستی یەکەمین ئەوەیە کە ئێمە نابینە بەشێک لە کێشەکانی سووریا. ئەو شتانەی لە سووریا دەبینران ئەوە بوو، کێشە هەم لە ئۆپۆزسیۆن و هەمیش لە هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە سەری هەڵدا، ئەمە شۆڕشی سووریای وەرگەڕاندە سەر کێشە. لەبەر ئەوە هەڵبژاردنی کۆمۆنەکان لە بنەوەڕا بۆ ئەوە بوو تا بێژین؛ ئێمە بێلایەنین. هاوکات ئێمە وەک هێڵێ سێیەم بتوانین خۆمان و کۆمەڵگەکەمان بپارێزین. لەم گۆشەنیگایەوە ئێمە بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژییەکی دەرەدەسەڵات بچێنین، پێویستمان بە کەسایەتیی ئازادە. مسۆگەر گەرەکە ژن لە پێشینەی ئەم کەسایەتییە بێت. هاوشانی کۆمۆنی گشتیی، کۆمۆنی خۆسەری ژنیشمان پێکەوە نا. ڕەنگە لە ڕێکخستنی ئەم کۆمۆنانەدا لاوازییش هەبووبن، بەڵام ئەودەم هەنگاوی ستراتیژیی هەڵێنران. سەرەتا درووستکردنی کۆمۆنەکان لە TEV-DEM ڕێکخستە دەکران، ئێمە ئێستا لە کۆمۆنەکانی TEV-DEM دەوێین، ئەودەم TEV-DEM هاوشانی ڕێوەبەریی خۆسەر ئەم خەباتەی بەڕێوە دەبرد. نواڕیمان سیستەم خەریکە دەبێتە دوو سیستەم. دوو حکومەت شاخیان لێك گیر کردووە، بەڕێوەبردنی دوو سیستەم لە نێو یەک گۆڕەپاندا، جێی ڕەزامەندیی نییە، هاوکات لە ڕووی خزمەتگوزارییشەوە نەیدەتوانی هەموو پێداویستییەکانی کۆمەڵگە جێبەجێ بکات. لەبەر ئەوە بەپێی پەیمانی کۆمەڵایەتی، کە سەرەتا لە جزیرە ڕاگەیەنرا. ئیتر سیستەمی کۆمۆن تێهەڵکێشی ڕێوەبەریی خۆسەر کرا و ناوەندەکانی کۆمەڵی مەدەنییش لەلایەن TEV-DEMـەوە ڕێک خران. واتا هەموو یەکێتییەکان لەلایەن TEV-DEMـەوە ڕێکخستە کران. لەبەر ئەوە پێویست بوو ئەنجوومەنەکانی گەل لە کۆمۆندا بێنە پاڵ یەکتری. سیستەمی کۆمۆنگە هەبوو، سیستەمی کۆمۆنگە نەیدەتوانی هەموو کۆمۆنەکان بگرێتە خۆی. ئەمە هۆکارێك بوو تا دەست بدەینە شۆڕشی پێكەوەنان، ئێمە سیستەمی ئەنجوومەنی شارەدێ و شارمان لە کانتۆنەکاندا پێش خست، ئەمە تا ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆشت. ئێستا ئێمە گەرەکمانە ئەنجوومەنی گەل پێش بخەین. تەنیا ئەنجوومەن نا. ئەنجوومەنی گەل بە چ شێوازێک؟ ئەم کۆمۆنانەی درووست کراون، لەنێو هەر کۆمۆنێکدا، وەک چۆن لە سەرەتای شۆڕشدا هەموو کۆمۆنەکان بەرپرسیارێتییان گرتە ئەستۆ. ئیتر وتەبێژی کۆمیتەی کۆمۆنەکان دەر بکەون و لە نێو ئەنجوومەنی گەلی خودی کۆمۆنەکاندا جێگیر بن. کۆمۆن و ئەنجوومەن لێک دانابڕێندرێن، ئەمەش بۆ ئەوەی ئیرادەی کۆمۆن پتر پێش بکەوێت. واتا سیستەمێکی پلەداریی درووست نابێت، با بێژین؛ بۆ ئەوەی چین درووست نەبێت کە ئەنجوومەن بڕیار بدات و کۆمۆن جێبەجێی بکات، ئەمە بە تایبەت پاش پەیمانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەسەند کرا. ئەم هاوپەیمانییە خۆی ڕاسپارد تا ئەنجوومەنی گەل پێک بهێنێت. ئەنجوومەنی گەلیش لە سەر ئاستیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجوومەنێکی گشتیی پێک بهێنێت. جا بچێتە کانتۆنەکان. سیستەمی ئێمە حەوت کانتۆن بوون. ئێمە دەزانین هەنووکە کانتۆنی عەفرین و مەنبەج داگیر کراون. ئێمە دەمانەوێت وەک بانگەوازێکیش ئەمە بێژین. سیستەمی کۆمۆن لەبەر ئەوەی سیستەمی گەلە، بۆیە گەل خاوەندارییشی لێ دەکات. ئێمە هەر لەبەر ئەوە ویستمان ئەنجوومەنی گەل درووست بکەین تا گەل خۆی بە بەرپرسی ئەم سیستەم بزانێت. چونکە ئەم سیستەمە درووستکردنی حکومەتێک نییە دژی حکومەتێکی تر. ئێستا وا ساڵێکە مەنبەج داگیر کراوە، بەڵام ئێستاش کۆمۆنەکانی ئەوێ بەردەوامن. بۆچی بەردەوامن؟ چونکە گەل دەڵێن کۆمۆن کۆڵەکە و ئاوێنەی کۆمەڵگەیە. لەبەر ئەمەیە کە بەردەوامە. بابەتێكی باڵکێشە. سیستەمی داگیرکەری لەوێیە، ڕێکخستنی ئیسلامیی جیهادیی تێدایە، سیستەمێك کە لەسەر پاڵپشتیی دەوڵەتی تورک دەلەوەڕێت، بەڵام کۆمەڵگەکەی دەڵێن؛ کۆمۆن نوێنەرایەتیی ڕێوەبەریی خۆسەر ناکات، بەڵکوو سیستەمێکە و نوێنەرایەتیی ئێمە دەکات. لەبەر ئەمە کۆمەڵگە و ڕێوەبەریی خۆسەر پێکڕا بوونەتە یەک جەستە. جا ئەو ئەنجوومەنانەی گەل ئێستا ڕێک دەخرێن، بەپێی پەیمانی نوێی کۆمەڵایەتیی کۆمۆنەکان ڕێک دەخرێنەوە، ئەم کۆمۆنانە خاوەنی پڕۆژەی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خۆیان دەبن. ئەم کۆمۆنانە تاکە کۆمۆنی خزمەتگوزاریی نین، بەڵکوو هاوشانی ڕێوەبەریی خۆسەر و ڕێوەبەریی جێبەجێکار، یەکێتیی شارەوانیی درووست کراون. ئەم شارەوانییە گەرەکە وەک کۆمۆنێک خۆی ڕێک بخات. لە بنەڕەتدا هەوڵ دەدەین بەپێی ئەم هۆشیارییە یەکێتیی شارەوانیی و کۆمۆن پێکڕا ببنە یەک جەستە، ئەویش بۆ ئەوەی تەڵەزگەکانی خزمەتگوزاریی دەرباز بکەین. هاوکات بۆ ئەوەی شارەوانیی کۆمۆنەکانیش بئافرێنن. واتە نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی ئیکۆلۆژیی و دیموکراتیی بکەن. بەم ڕەنگە ئێمە دەتوانین وەک شارەوانییش لە هەموو کۆمۆنەکاندا خۆمان ڕێک بخەین. پێویستە شارەوانییش خۆی وەک کۆمۆنێک ڕێك بخات. ئێمە دەزانین سیستەمەکە لە سەر ئاستی ئەنجوومەنی گەل و یەکێتیی شارەوانیی لەسەر ئاستی شارۆچکەکان، بۆ نموونە؛ لە سەر ئاستی کانتۆنی جزیرە و لە سەر ئاستی گشتیی هەر شارێك، بە لانی کەم سێ شارۆچکەی هەیە.
شارێکی وەک حەسەکە، هەشت شارۆچکەی هەیە، هاوشانی ئەمە گەڕەکیش هەن. گەرەکە سیستەمی کۆمۆن لە نێو گەڕەکەکاندا ڕێک بخرێت. واتا نابێت هیچ گوند و گەڕەک و کۆڵانێک ناکۆمۆن بێت. بۆ ئەوەی کۆمەڵگە تێهەڵکێشی ئەم سیستەمە بکەین، ئێمە دەمانەوێت بڵێین؛ کۆمەڵگەی کۆمۆناڵ بەرانبەر پەرگاڵی دەوڵەت-نەتەوە. باشتریش لەم پێناسەیەی پەرگاڵی ڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیی ئەوەیە؛ چۆن بتوانین شەڕی دەسەڵاتداریی و دیموکراسیی وەرگەڕێنینە سەر شەڕیکی ڕەوا، ئێمە کۆمۆن ڕووبەڕووی دەوڵەت دەکەینەوە. ئەمە تێکۆشانی ئێمەیە. تا چەند بتوانین کۆمۆن فراوان بکەین، ئەوا تا ئەو ئاستەش دەوڵەت بچووک دەکەینەوە. تا بتوانین دیموکراسیی گەشە پێ بدەین، تا ئەو ئاستەش دەسەڵاتداریی لاواز دەکەین. ئەوەی بڕیار و ئیرادەی کۆمەڵگە نیشان دەدات، کۆمۆنە. لەبەر ئەوە هەموو گەل خاوەنداریی لە کۆمیتەی پەروەردە دەکات. ئێمە دەزانین لە هەموو جیهان نموونەیەکی لەم سیستەمە لە پاریس درووست کرا. بەڵام داخۆ توانی ژیانێکی کۆمۆناڵ تا ئەمڕۆ درێژە پێ بدات؟ نەیتوانی بەردەوام بێت، چونکە گەر دەوڵەت هەبێت، ژیانی کۆمۆناڵ درووست ناکرێت. پەرگاڵی دەوڵەت گوزارشتە لە پووچەڵکردنەوەی پەرگاڵی کۆمۆناڵبوون. بۆ نموونە؛ ئێستا لە ئیسرائیڵ پەرگاڵی کۆمۆن دەردەکەوێت. دەتوانین لە زۆر بواردا بێژین؛ دیموکراسیی لە ڕێی کۆمۆنەکانەوە دەئافرێنرێت. لەبەر ئەوە ڕێوەبەریی خۆسەریی دیموکراتیی، درووستکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کۆمۆنەکانی کردووەتە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی و سەرەکیی خۆی. هەموو کۆڕبەند و چالاکییەکانی ئێمەش لە سەر ئەم ئاستەیە. بە تایبەت پاش هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی بەعس، ئێمە دەمانەوێت سیستەمی کۆمۆن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بگوازینەوە بۆ تێکڕای سووریا. گەرەکە سەرپاکی سووریا ڕێك بخرێت. بۆ نموونە؛ لەو هێرشانەی دەکرێن، کۆمیتەکانی پاراستنی کۆمەڵگە ڕێ بۆ کۆمەڵگە خۆش دەکەن تا خۆی خاوەنداریی لە خۆپاراستن بکات. کاتێك کۆمەڵگە خۆی خۆی دەپارێزێت، پێویست ناکات سوپا بیپارێزێت. کاتێك هێرش کرایە سەر سوەیدا و کەناراوەکانی سووریا، گەر گەل زیاد خۆی ڕێک خستبا و کۆمۆنیان هەبووبا، ئەوا دەیانتوانی وەک ئەو خۆپاراستنەی ئێمەی لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە تا ئەمڕۆ لەسەر پێ هێشتەوە، ئەوانیشی لەسەر پێ هێشتبایەتەوە. ڕاستە تێکۆشان کرا، بەڵام ئێمە مەبەستمان تێكۆشانێكی ڕێکخراوە، ئەودەم مرۆڤ دەتوانێت هەڵی بسەنگێنێت کە هەموو لایەنەکانی ژیان کۆمۆناڵ و هاوبەش بێت. ئەم کۆمەڵگەیە لەسەر ئەوە ڕاهێنراوە، فرەڕەنگیی ئەم کۆمەڵگەیە جوان دەکات. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵگە جوان دەکەن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت بەبێ پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بەردەوام بێت. کاتێك ئێمە لە ڕۆژئاوا و ئەورووپا دەدوێین، دەمانەوێت ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بخەینەوە. ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی دەبێتە بنەڕەتی پێشخستنی سۆسۆلۆژیی کۆمەڵایەتیی، بە پێودانگی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەکان پێش دەکەوێت. ئێستا لەم گۆڕەپانەدا کورد و عەرەب و سریان و ئەرمەن و چەرکەس و تورکمان هەن، بەبێ هەڵاواردن و جیاوازیی، بەپێی ئەم ئیرادەیە کۆمۆنی هاوسەرۆکایەتیی پێک دێت. بۆ نموونە؛ سیستەمی هاوسەرۆکایەتیی کۆمۆنەکان کاری لە پێشینەیە. ئێمە باسی کۆمیتەکانمان کرد، بەڵام لە هەموو کۆمۆنەکاندا سیستەمی هاوسەرۆکایەتیی هەیە. ژنیش ڕۆڵێکی گرنگیی تێدا دەگێڕێت. شانەوشانی ئەمە، کۆمۆنی خۆسەری ژنیش درووست دەکەین. گەر لە هەندێک شوێن لاوازییش هەبن، بەڵام تێ دەکۆشین، ئامانجی ئێمە ئەوە نییە کۆمۆنەکان دابەشی سەر دوو پارچە بکەین، بەڵکوو دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ژن پێگەی ئازاد و ڕێزلێنراو و زانایی خۆیان هەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆیان بناسن. ئێمە دەمانەوێت کۆمۆنی ژن ئاوا بەرفراوان بکرێت. ئێستا ئەو کۆمۆنە گشتییانەمان وا گرێدراوی ڕێوەبەریی خۆسەرن، گەلێك ڕەهەندی خزمەتگوەزاریی خۆی پەرە پێ داوە، ئەمە کێشەی سەرەکیی شارەوانییەکانمان بوو. ئێمە ئێستا ئامانجمانە لە سۆنگەی ئەنجوومەنی شارەوانیی و ئەنجوومەنی گەلەوە تانوپۆی پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی نێوان شارەوانیی و کۆمۆنەکان بچنرێت. ئەمەش بۆ ئەوەی کۆمۆن لە نێو ئەنجوومەنی گەلدا ببێتە خاوەنی پێگە و شارەوانییش وەک ئەنجوومەنێک ڕێک بخرێت. بەم شێوەیە بە ئیرادەی ئەنجوومەنەکان سیستەمی پلەداریی دەوڵەت پووچەڵ دەکرێتەوە، بەم ڕەنگە شڕۆڤەی دەکەم. سیستەمی خۆسەر شێوازێکی دابەشکاریی نییە، بەڵکوو شێوەیەکی پاراستنی خۆسەریی ژنە بە پێودانگی کۆمۆناڵبوونی ژنی ئازاد و تێگەیشتنی ئازاد لە هەموو ڕەهەندێکەوە. دەبێت ڕێکخستنی ژن هەبێت و لە ڕێی دەستپێشخەرییە بنەڕەتییەکانی وەک کۆنگرەی ستار و کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیاوە ئامانجەکانمان وەچنگ بخەین، ئێستا بۆ ئەمە تێ دەکۆشین تا بتوانین هاوشانی کۆمۆنی گشتیی، شێوەیەکی کۆمۆنی خۆسەریش سەر پێ بخەین.
پەیوەندیی ئەندامانی کۆمۆن لەگەڵ گەل چۆن بوو؟ چۆن گەلیان ڕێک خست و پەروەردەیان کردن؟ چونکە سیستەمێکی بەعسیی وەرگەڕایە سەر دیموکراسییەکی شۆڕشگێڕانە؟
لە بنەڕەتدا کاتێك ئەم کۆمۆنانە پێک هاتن، ئێمە گەرەکمان بوو پێش گشت شتێک ئەقڵییەتی موختارێتیی بشکێنین، سیستەمی ئاغایەتیی تێپەڕێنرا بوو، لە شەست ساڵی ڕابردوودا بەعس سیستەمی دەرەبەگایەتیی کەلا خست و سیستەمی موختارێتیی پێش خست. کاتێك سەرەتا کۆمۆنەکانمان پێش خست، ڕووبەڕووی دژایەتیی پەسەندنەکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتیی ژن بووینەوە لەلایەن گەلەوە. دەیانگوت دەبێت یەک کەس دەرکەوێت و ئەو کەسەش پیاو بێت، کەواتە ئێوەی ژن بە تەنیشتی ئەم پیاوەوە چی دەکەن؟ ئەم زهنییەتە کۆمەڵایەتییە ئەو زهنییەتەیە کە ڕژێمی بەعس ساڵگارێک بەڕێوەی دەبرد. دەمەوێت بڵێم؛ بەعس گۆڕەپانەکەی چۆڵ کردووە، بەڵام ئێستا ڕووی ڕاستەقینەی بەعس دەر دەکەوێت. سیستەمی ئێستاش وایە، بۆ نموونە؛ سیستەمی ئێستا دەڵێت؛ ئێوە بۆچی کۆمۆن چێ دەکەن؟ سەرۆکایەتییمان هەیە، با دیسان پەیڕەوی بکەین. واتە زهنییەتی دەوڵەت ئیسلامیی بێت یان عیلمانیی و سەرمایەدارانە، ناتوانێت کۆمۆن پەسەند بکات. چونکە لە کۆمۆندا ویست و ئیرادەی کۆمەڵگە بە بنەما دەگیرێت. تێكۆشانێکی مەزن بۆ پەسەندکردنی هاوسەرۆکایەتیی بەڕێوە برا. ئەمەش بۆ ئەوەی هەم ژن و هەم پیاو خۆیان بسەلمێنن کە ئیرادەیان هەیە و هاوبەشن. هەندێک جار ژنان شەرم دەیگرتن و دەیانگوت ئێمە چی بکەین؟ هەندێك جار هێزی ژن تا ئاستێك بڕی دەکرد، بەڵام تێکۆشانێکی دوورودرێژ بۆ ئەمە بەڕێوە دەبرا، ئەمەش بۆ ئەوەی ژن پەروەردە ببێت و هۆشیار بێتەوە، بەم ئامانجەش کۆبوونەوەی ژنان ڕێک دەخران. سەردانی ماڵان دەکرا تەنیا بۆ ئەوەی بێژین؛ کاتی هەڵبژاردن دەستتان بۆ ژن هەڵبڕن، تا ژنێك هەڵبژێرین. ئەودەم تا ئەو ئاستە دژواریی هەبوو، ئەمڕۆ هاوسەرۆکایەتیی ژن وەک ئیرادەی ژن دەردەکەوێت. ئێستا ژنان هاوسەرۆکی ژن هەڵدەبژێرن و ئامادەیی خۆیان نیشان دەدەن. ئیتر هەمووان دەڵێن؛ ئێوە تەنیا دەتوانن مافی ئەم ژنە پەسەند بکەن، بەڵام ناتوانن مشتومڕ و هەڵسەنگاندن لەمەڕ ئەم ژنە بکەن. ئەمە بە واتای ئەوە نییە ئێمە دەسەڵاتدارییمان هەڵوەشاندبێتەوە، نا. ژن مافی خۆیانە ئیرادەی خۆیان بناسن. خۆسەریی خۆیان پێش بخەن. کۆمەڵگە ئەمەی پەرچ دەدایەوە. ئەو شوێنانەی سەرەتا هاوسەرۆکایەتیی ژنیان پەسەند نەدەکرد، ئەمڕۆ ژن هاوسەرۆکی خۆی لێ هەڵدەبژێرێت و دەڵێت؛ بە ناوی هەموو ژنانەوە ئێمە بۆ نموونە؛ هەڤاڵ ئاهین بۆ هاوسەرۆکایەتیی پێشنیار دەکەین. هەموومان وەک ئیرادەی ژن ئاوێتەی ئەم ئیرادەیە دەبین. مسۆگەر ئەودەم هەڤاڵی پیاویش ناچار دەمێنن بەشدار بن. گۆڕنکاریی و بارگۆڕان بەم پێودانگە پێش کەوت. تۆ بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک قازانج بکەیت، گەرەکە خۆت بگەیەنیتە ژنەکانی ئەو کۆمەڵگەیە. ئەو کۆمەڵگەیەی کەوتووە، مسۆگەر ژنەکانیشی کەوتوون. ژنی کورد لە ڕۆژئاوا زوو پێش کەوت و هەنگاوی هەڵهێنا، ئەمەش کاری کردە سەر ژنانی عەرەب. ئێستا لە گەلێك لە کۆمۆنەکاندا ژنانی عەرەبیش هەن. لە زۆر جێ بۆشایی پیاوان درووست دەبێت، بەڵام بۆشایی بۆ ژنان درووست نابێت. بۆچی؟ چونکە فرە خوازیارە خزمەتی کۆمەڵگە بکات، هاوکات ژن دەگاتە قۆناغێک کە بە هەموو بیر و باوەڕی خۆیەوە کار بکات. کاتێك بمەوێت ئەو سەردەمە وەبیر بێنمەوە، وەک تۆمارێک دەیبینم. سەرەتا ژن خۆی خۆی پەسەند نەدەکرد، پاشان سیستەمی هاوسەرۆکایەتیی بوو بە بڕیار. ئەو ژنەی کاری دەکرد، خۆی وەک یەدەگ دەبینی و پیاو وەک جێگری خۆی لێی دەڕوانی، ئەمڕۆ ژن دەڵێت کۆمۆنی خۆسەری خۆم دەوێت و دەبێت هاوسەرۆکی ژن بە ئیرادەی من هەڵبژێردرێت. واتە گەر جێیەک ئیرادەی ژنی لێ نەبێت، ناتوانین باسی جڤاکی کۆمۆناڵ و دیموکراتیی بکەین.
ئێوە وەڵامێکی بەرفراوانتان دایەوە. ئێستا مژاری ژن و پیاو چۆن جێی خۆیان دەگرن و لاوان چۆن بەشدارییان پێ دەکرێت و ڕێک دەخرێن؟ ئێوە وەک گەنجێك بەشدار بوون، بە باوەڕی من ئەزموونی ئێوە نموونەیەکی بەرچاوە…
ئێستا هەرکەسێك لە هەر کوێ بژێت، بۆ نموونە لە گوندێک، ئەندامی کۆمینە. بەبێ جیاوازیی کەسێک کە تازە لەدایک دەبێت و ئەوانەی هەشتا ساڵن، بەڵام بۆ ڕێوەبەریی کۆمۆن مەرجێکی بنەڕەتییە کە ئەندام شانزە ساڵ کەمتر نەبێت. لە نێو پارتە سیاسییەکاندا هەژدە ساڵ کراوەتە پێوەر، بەڵام بۆ ئەوەی ئەندامێتیی لاوان لە ڕێوەبەرییدا ڕەچاو بکرێت، شانزە ساڵ کراوەتە پێوەر. ئەودەم تەمەنم شانزە ساڵ بوو، بەڵام من هەم خوێندنی دەوڵەتم درێژە پێ دەدا و هەمیش مامۆستایەتییم دەکرد. ٢-٣ کاتژمێر دەچوومە خوێندنگەکەم و پاشنیوەڕۆش دەچووم وانەم دەدایەوە. تەنیا یەک پەڕتووک بە زمانی کوردیی هەبوو، پەڕتووکەکە چاپ کرابوو، ئێمە ئەو پەڕتووکەمان کردبووە نەخشەڕێ. پەڕتووکەکە هیی ئەلفوبێی کوردیی بوو. ئێمە چەندین کاتژمێر لەگەڵ دەوڵەت مشتومڕمان کرد، پێش ئەوەی سیستەمی کۆمۆن ئاوا بکرێت، دەوڵەت خۆی کشاندەوە و خوێندنگەشی داخست. ئەودەم وتمان گەرەکە چارەسەرێک بدۆزینەوە. ئێمە خوێندنی سەربەستمان هەڵبژارد. هاوکات ئێمە خوێندنی خۆمانمان خستە لایەک و وتمان دەبێت بە هەر ڕێبازێك بووە خوێندنگەی خۆمان بکەینەوە. ئێمە لە خوێندنگە وانەمان دەداوە. پاشنیوەڕۆش خۆمانمان پەروەردە دەکرد. پاش کشانەوەی دەوڵەت، ساڵێكی خشتمان بەم ڕەنگە تێپەڕاند. سیستەمێکی سەرنجڕاکێش بوو. ئێمە چۆن خۆمان ڕێک خست؟ تەنیا بە قسە ڕوون ناکرێتەوە. چونکە هەم دەبوو وانەمان بدایەتەوە، هەمیش لای ئێوارێ ئامادەکارییمان بۆ ڕێبازی خۆمان بکردایە. ساڵی یەکەم هەرچەندە ئاستی خوێندنەکەش ئەوەندە بەرز نەبێت، بەڵام خەریکی داهێنانی ڕێبازی خوێندن و نووسین بووین. هاوکاتی ئەمە کۆمۆنەکان ڕۆ نران. بە تایبەت وەک مامۆستایەک کە نوێنەرایەتیی شۆڕش دەکەین، شۆڕشی دەستکەوتەکانی ژن، شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژن دەناسرێت، جا لەبەر ئەوەی ئەم دەستکەوتانە بپارێزین، من زۆر بیرم لای خەباتی کۆمۆن بوو. کاتێک چوومە نێو کۆمۆنەکان، گوتم؛ ئیتر من بوومەتە ئەندامی کۆمۆن، بە جۆشوخرۆشەوە چوومە نێو کۆمۆنەکان و دەمگوت ژنان دەترسن، من دەمگوت؛ ئەو پیاوانە قەبووڵی ناکەن، ئەودەم هەڵبژاردن ئەنجام درا. وتیان کۆتا بۆ ژن دادەنێین و پاشان پڕی بکەنەوە. لاوێکی وەک من غروورم هانی دام. خۆمم بۆ هاوسەرۆکایەتیی کۆمۆن پێشنیار کرد. لەبەر ئەوەی مامۆستاش بووم، دەچوومە خوێندنگە و ئاستەکانم دەدا. هەر ئاستێکمان تەواو دەکرد، ئاستێکی ترمان دەکردەوە. بۆ نموونە؛ ئاستی یەکەمینمان تەواو دەکرد، پاشان ئاستی دووەممان دەکردەوە و یەکەممان دەدایەوە. بەم شێوازە بوو. دەرفەتمان کەم بوو، بەڵام بە پێداگرییەوە دەموت دەبێت هاوسەرۆکایەتیی کۆمۆن بم. شتێک بە هەڤاڵی خۆم بێژم، ئەو ڕۆحەی ساڵونیوێکە لەسەر ئەم ڕێگەیە هێشتوومییەتییەوە، ڕۆحی کۆمۆنە. تا چ ئاستێك تۆ خزمەتی کۆمەڵگە بکەیت، کۆمەڵگەش تا ئەو ئاستە خۆشی دەوێیت، ئەمەش بێ ئەوەی ڕەچاوی تەمەنت بکات. بۆ نموونە؛ هەمووان دەیانوت بچکۆلانەیە، با پڕی بکاتەوە و بۆشایی نەمێنێت، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە دەیبینی، بۆ نموونە؛ شەکر نەدەما، ئێمە بەسەر خەڵکدا دابەشمان دەکرد، دەوڵەت هەردەم دەیویست تێمان هەڵپێچێت و جارجاریش هێرشی دەکرد. ئێمە لە نێو چەند ماڵێک کە بێنان بوون یان نەخۆشیان هەبوو، وەک کۆمۆن لەگەڵیان بەشمان دەکرد. لە بنەڕەتدا کۆمۆن خۆی ئەمە بوو. ئەمە چاندی ئێمەیە. چاندی بەشکردن و سرووشتی کۆمەڵایەتییمانە. من لەبەر ئەو هەستانەیە تا ئەمڕۆ بە پێوەم و بەشداریی پەروەردە و سیستەمی کۆمۆنم. کۆمۆنەکەی من ئێستا بووەتە ٣٢٠ خێزان، هەمووان من دەناسن. هەموو کاتێك دەمبینن و سڵاوم لێ دەکەن. ڕێزم لێ دەگرن. ئەوەی لە مندا چێنرا ئەوە بوو؛ کە مرۆڤ بە تەمەن هەڵناسەنگێنرێت، بەڵکوو مرۆڤ چەندێك ببەخشێتە کۆمەڵگە، کۆمەڵگەش ئەوەندە خۆشیان دەوێت. من پێم وایە لەو ڕۆحە شۆڕشگێڕییەی گەل کە لە حەسەکە و بە تایبەت لە گەڕەکی ئێمە دەرکەوت، کۆمیتەکانی پاراستن و پەروەردەوە ڕۆڵیان سەرەکیی بوو. تا هەنووکە سێ کۆمیتەی سەرەکیی لە کۆمۆنی ئێمەدا هەن. ئەوانیش کۆمیتەی ئابووریی هەرەوەزیی و کۆمیتەی سیاسیی و پەروەردە و کۆمیتەی پاراستنن. ئەمانە بوونە خاڵی سەرەکیی. ئەو کەسانەی لە ٢٠١٦ـەوە لە کۆمیتەکانماندا بنەجێ بوون، تا ئێستا بەردەوامن. هەندێك کەس هەن و ئێمە دەمانەوێت بیانگۆڕین، بەڵام ئەوان نایانەوێت دەستبەردار بن. هەرچەندە خەبات بە دڵخواز و بێمووچەیە، چونکە مرۆڤ خۆی تێدا دەبینێتەوە، چونکە خزمەت دەکات. کاتێك کەسێکی بەتەمەن دەبینیت، ڕێزێکی زۆرت لێ دەگرێت. ئەمە گەورەترین نرخ و بەهای هەیە. ئەمە بەبێ پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و بەبێ ژن کردەیی ناکرێتەوە. من وەک گەنجێک بوومە هاوسەرۆکی کۆمۆن. هاوشانی ئەمە گەرەکمە لە کۆمیتەکانی گەنجان بدوێم. لە نێو کۆمۆنەکاندا کۆمیتەی گەنجان پەسەند نەدەکرا. دەیانگوت باشە تێ گەیشتین، با کۆمیتەی خۆسەری ژنان هەبێت، چونکە ژن دەیانەوێت، بەڵام ئێمە چۆن کۆمیتەی گەنجان پەسەند بکەین؟ ئەوانەی تەمەنیان زۆرتر بوو، قەبووڵیان نەدەکرد گەنجانیان لەگەڵ بێت. گەنجانیان وەک یەدەگ دەدیت. دەیانگوت با گەنجان لە چالاکیی و ڕێپێوانەکاندا بەشدار بن و چەکدار بن. بەڵام قەبووڵیان نەدەکرد گەنجێک پێنووسبەدەست بێت و بەڕێوە ببات. لێ لە سۆنگەی تێکۆشانێکی پانوپۆڕی گەنجانی شۆڕشگێر و خوێندکارانەوە ئەمە گۆڕا. ئەمڕۆ ڕێکخستنی گەنجان فراوان بووە. ئەودەم خوێندکاران پێیان لەسەر ئەوە داگرت کە دەبێت کۆمیتەی گەنجان درووست بکەن. هاوشانی ئەمە ئێستا تێکۆشانێک بەڕێوە دەبرێت. بە تایبەت بۆ ئەوەی گەنجان کۆمۆنەکانی خۆیان ڕێک بخەن. ناڵێین وەک کۆمۆنی ژن و گشتیی بن، بەڵام گەنجان لەسەر ئاستی چەند کۆمۆنێکدا ڕێک بخرێن و خۆیان ڕێک بخەن. گەنجان هەوڵ دەدەن ڕەنگوبۆیەکی کۆمۆناڵ بدەنە ناوەندەکانی خۆیان. دەبێت شێوازی ڕێوەبەریی خۆسەر بە گشتیی ببێتە کۆمۆن.
من بیر دەکەمەوە تا بزانم گەنجان دەتوانن چ چالاکییەک بەڕێوە ببەن، بۆ نموونە؛ پەروەردە، ئێستا سەردەم سەردەمێکی نوێیە. سەردەم سەردەمی تەکنەلۆژیا و تەکنیک و گۆڕانکارییە. ئەو کۆمۆنانە خۆیان پلان ڕێک دەخەن یان داخۆ شتێك هەیە گەنجان بتوان خۆیانی پێ فێر بکەن و خۆیان پێش بخەن تا بتوانن خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن؟
ئێستا ڕاستییەکەی ئەو شەڕە تایبەتەی دژی ژن و گەنج بەڕێوە دەبرێت، بە تایبەت کار دەکاتە سەر گەنجان. ئەمڕۆ دوژمن لەوە تێ دەگات گەنجان بزوێنەری کۆمەڵگەن، ئەوەی هێزی داوەتە کۆمەڵگە، گەنجانن. سا لەبەر ئەوە گەلێک ڕێ و ڕێبازی چەوت بۆ دوورخستنەوەی گەنجان لە ڕاستیی خۆیان بەکار دێنێت. دەیانەوێت گەنجان لە نێو پەرگاڵی سەرمایەدارییدا بزر بکەن. ئێمە ڕێ و ڕێبازی نوێمان پێویستە، باسی دەستپێکی شۆڕشمان کرد. گەنجان خۆیان لە نێو چەند کۆمۆنێکدا ڕێک خست، ئەویش وەک شانەیەک کە تاکەکانی لە خۆی گرد دەکاتەوە، گەنجان دەتوانن ئەم پێشەنگایەتییە بکەن. هەروەها پێویستە بزانین چۆن بتوانین ئەو وانانە پێش بخەین وا دژی شەڕی تەکنەلۆژیی بەرانبەر گەنجان دەدرێتەوە. خودی گەنجێتیی، تێگەیشتن لە گەنجێتیی، ڕۆحی گەنجێتیی، ناوکی گەنجێتیی. گەنجێتیی هەر ڕووخسار نییە. ڕەنگە ڕۆحی گەنجێکی ٣٥ ساڵ لە ڕۆحی گەنجێکی ساڵی ١٥ ساڵیی جوانتر بێت، جا لەبەر ئەوە ئەرکێکی سەرەکیی وا لە سەر شانی گەنجان. ئەویش ڕیکخستن و پەروەردەی گەنجان و تێگەیشتنە لەو پرسانەی سەرنجی گەنجان ڕادەکێشن. هاوشانی ئەمە دەبێت خەباتی کۆمۆنی تایبەت بە گەنجان درووست بکرێت.
بۆ نموونە، لە پەروەردەکانی سەرەتای شۆڕشیشدا، دەستە لە گەنجان درووست دەکرا، کامپ درووست دەکران. گەنجان هەست و ژیان و کێشەکانی خۆیان دەردەبڕی. من پێم وایە، پێویستە ئەو ڕۆحەی بزرمان کردووە، بدۆزینەوە. گەرەکە لەو شوێنەی بزرمان کردووە، بۆی بگەڕێین، هەم بۆ کۆمۆناڵبوونی خۆمان بگەڕێینەوە، هەمیش بۆ گەنجێتیی خۆمان. ئەم شۆڕشە ئاوا دەناسرێتەوە. پێویستە گەنجان ئەنجوومەنەکانی خۆیان پێکەوە بنێن. پێویستە ئەم ئەنجوومەنانە بە پێودانگی پەرگاڵی هاوسەرۆکایەتیی و وتەبێژیی ژن ڕۆ بنرێن. ڕێکخستنی گەنجان و ژنانیش هەن. پێویستە لە نێو کۆنگرەی ستار و ڕێکخستنی گەنجانیشدا خۆیان ڕێک دەخەن. پێویستە ئەم گەنجانە ئەنجوومەنی خۆیان پێکەوە بنێن و قسەکەرەکانیان بکەونە نێو هەمان ئەنجوومەن. پێویستە لە هەموو جێ کۆمیتەیان هەبێت. دەستەی وەرزشییمان هەیە. دەستەکانی وەرزشیی و گەنجان لە نێو ڕێوەبەریی خۆسەردا خۆیان بە پێودانگی کۆمۆناڵیی ڕێک دەخەن. گەنجان دەتوانن ئەو نامیلکانە بڵاو بکەنەوە کە ئاسۆی گەنجان ڕۆشن دەکەنەوە. پێویستە گەنجان لە بواری هونەرییشدا پێکڕا تێ بکۆشن. گەنجان دەتوانن لەسەر هەموو ئاستێک پێشەنگی بڵاوکردنەوەی زانست بن. ئەو ڕێبازانەی گەنجیان پێ ڕادەکێشێت، گەلێکن. هەموو ئەمانەش بۆ سیستەمی کۆمۆن و ئەنجوومەن دەگەڕێنەوە، لەبەر ئەوە دەبێت گەنجان سیستەمی ئەنجوومەنی خۆیان درووست بکەن. ئێستا گەنجان لە نێو MSD ئەنجوومەنیان هەیە. گەنجانی شۆڕشگێڕ ئەنجوومەنیان هەیە. ئەنجوومەنی گەنجی پارتەکان هەیە. ئەنجوومەنی گەنجانی پەیەدە هەیە. پارتی پاشەڕۆژی سووریا ئەنجوومەنی گەنجانی هەیە. هەموو ئەمانە لە ژێر چەترێکدا دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات. لە سەر ئاستیی هەرێمییش ژنانی گەنج بە شێوەیەکی خۆسەر جێی لێ دەگرن. چەترێکمان هەیە و سیستەمی ئەنجوومەنیش پێویستی بە کاراکردنی کۆمۆنەکانە. تا گەنجی کۆمۆنەکان تەواو خۆیان ڕێک نەخەن و کۆمیتەی گەنجانی خۆیان لە هەموو کۆمۆنەکاندا ڕۆ نەنێن و ئەو ڕۆحە گەنجێتییە بۆ ئاستی خەباتێکی گشتیی هەڵنەکشێنن، ئەوا قاچێکی ئێمە کار ناکات.
پرسیارێكی تر دەربارەی پاراستنی ڕەوا و کۆمۆن، کۆمۆنەکان دەتوانن چ ڕۆڵێک لە پاراستن و خۆپاراستندا بگێڕن؟
نموونەی بەرچاو هەن، شەڕی شێخ مەقسوود، شەڕی حەسەکە و شەڕی بەنداوی تشرین، ئەم سێ شەڕە بوونە سەرمەشق، سەرباری ئەوانە شەڕی عەفرین و سەرێکانی هەیە. ئەم شەڕانە لە جیهاندا بوونە سەرمەشق، بۆچی ئەمە دەڵێم؟ چونکە کاتێك شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی لە ڕێی کۆمیتەی پاراستنی کۆمەڵایەتیی کۆمۆنەکانەوە ڕێکخستە کرا، شەڕڤانانیش ئەرخەیان بوون. ئێمە بووینە گۆڤانی شەڕی حەسەکە، بۆیە دەمانەوێت بیگشتێنین، هەروەها ئێمە گۆڤانی شەڕی بەنداوی تشرین و عەفرین و سەرێکانییش بووین. من شەڕی شێخ مەقسوودم نەدیوە، بەڵام ئەویش نموونەیەکی سەرەکیی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕێیە. لەوێ گەنجترینەکانی ژنان و گەل پشتی شەڕڤانیان گرت، ئیتر ئێمە تێ دەگەین شۆڕشگێڕێی بە مەعنەوییات درووست دەبێت. شۆڕشگێڕ بە پارە درووست ناکرێت. گەر شۆڕشگێڕبوون بە پارە بێت، ئەوا سبەی هەرکێ پارەیەکی زیاتر بدات، ئەوا ئەو کەسە دەچێت، ئەودەم لەبەر پارەیەکی زۆرتر هێڵی ناپاکیی هەڵدەبژێرێت، شۆڕشگێڕبوون بە مەعنەویات درووست دەبێت. شۆڕشی ڕۆژئاواش نموونەی شۆڕشێكی مەعنەوییە. سەرەتا ئاسایشی حەسەکە بە هەشت کەس دەستی پێ کرد. یەگەپە سەرەتا بەبێ جلی سەربازیی و بە چەند خەنجەرێک دەستی پێ کرد. ئەمە تەنیا بە ئەخلاق و باوەڕ بنیاد دەنرێت. کاتێك کۆمیتەی پاراستنی کۆمۆنەکان ڕێک خرا، لە شەڕی حەسەکە کە بە زیندانی خوێران ناسرا. بۆ نموونە؛ هێزە سەربازییەکانی ئێمە نەچوونە گەڕەکە کوردییەکان، نەچوونە کێڵگەکان، کێ لە گەڕەکەکانی حەسەکە بڵاو بوویەوە؟ کۆمەڵگە خۆی. نەک تەنیا کوردان، بە ڕاستیی دەبێت باسی گەلی عەرەبیش بکەین. لە گەڕەکەکانی خوێران و عەزیزییە، گەلی عەرەب شانەوشانی قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە جەنگان. کۆمیتەی پاراستنی گەڕەکەکان، دەیانگوت گەڕەکەکان دەڵێن قەسەدە ئێمە دەپارێزێت. شکۆی ئێمە دەپارێزێت، دەبێت ئێمەش خاوەنداریی لێ بکەین. تۆ کاتێك بە کۆڵانەکاندا دەڕۆشتیت، دەتدیت، ئەو دایکانەی تەمەنیان شەست ساڵە، چەکیان هەڵگرتووە، دایکی ئەحمەد نموونەیەکی بەرچاوە، چەندێکیش تەمەنی زۆر بوو، بەڵام قەبووڵی نەبوو ئاڵۆزیی لە گەڕەکەکەیان درووست بێت. زۆرینەی ئەو چەتانەی داعش کە دەستگیر کران، قەسەدە دەستگیری نەکردن، قەسەدە شەڕی دەکرد، شەڕی ڕووبەڕووی دەکرد، ئەوانەی دەستگیر کران، لەلایەن هێزەکانی پاراستنی ناوخۆوە دەستگیر کران. دەمەوێت باسی شەڕی سەرێكانییش بکەم، شەڕڤانان لە گوندێک دەجەنگان، ئەودەم شەڕێکی تایبەت بڵاو کرایەوە گوایە ڕەوشی دربسییەش باش نییە و ڕەنگە ئەوێش داگیر بکرێت، ژنان لە گوندێکی بێکارەبا مۆم و چرایان داگیرساند و هەڵهەڵەیان کێشا و وتیان سەرێکانییش ڕزگار کرا، ئەمە لە کاتێكدا سەرێکانی داگیر کرابوو. بەم هەڵهەڵەکێشانە، شەڕڤانان ورەیان تێ گەڕا و نەیانهێشت چەتەکان پێ بخەنە هەرێمی زرگان. ژمارەیەک گوندی سەر بە سەرێكانیی داگیر کران، بەڵام زرگان و درباسییە بەپێوە مانەوە. ئەمە چ واتایەک دەبەخشیت؟ ئەو واتایەیە وا جڤاک دەیبەخشێت. دەمەوێت سەبارەت بە بەنداوی تشرینیش ئەمە بێژم، کاتێك دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر، یان هاشاوڵی عەفرین و سەرێکانیی دا، لە بەرخۆدانی ٥٨ ڕۆژە دوو جار کاروانەکان بە چوار کاروان بەرەو عەفرین ملی ڕێیان گرت، ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە ئێمە دڕندەیی ئەم دەوڵەتە نەناسین کە کۆمەڵکوژیی دەکات، بەڵکوو ئەوە کۆمەڵگە بوو کە ئامادەیی هەموو شتێك بوو. بینیمان هێرشەکە ڕاستەوخۆ کرایە سەر گەلەکەمان
هەر سەبارەت بە بەنداوی تشرین گەرەکمە شتێک بێژم، لە ناو سازییەکانی ئێمەدا مەترسییەک هەبوو، داخۆ خەڵک بەشدار دەبن یان نا؟ بەڵام کاتێك کۆمۆن ڕێک خرا، پەروەردەی پاراستنی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی وەک چاندێك دەبوو کە کۆمەڵگە خۆی خۆی هەڵبژێرێت. گەل چەندین جار بە بڕیاری کۆمەڵگەیی بەشدار بوون. بۆ ماوەی سێ مانگ گەل لە هەموو هەرێمەکانەوە و لە سۆنگەی بڕیاری کۆمەڵگەییەوە ڕێک خران و چوونە بەنداوی تشرین، ئێمە دەزانین چەند شەهیدی سڤیلمان دا. ئەمە ورە و پاڵپشتیی بوو. کاتێك شەڕڤانان دەبینن گەل باشتر شەڕ بکات، ئەودەم چەندین قات باشتر بەرخۆدان دەکات. ڕاستییەکەی ڕۆحییەتی بەنداوی تشرین، ڕۆحییەتێکی جیاوازە، هەستێكی کۆمۆناڵە، هەستی بەکۆمەڵایەتییبوونە، کاتێك هێرش دەکرێتە سەر کەسێک، تۆ دەزانیت هیچ شتێك بۆ تۆ پێش نەهاتووە، بەڵام تۆ بیر لە کێ دەکەیتەوە؟ تۆ بیر لە خێزانەکەت دەکەیتەوە کە شانەوشانی تۆ هاتووە، بیر لە هاوڕێکەت دەکەیتەوە، بیر لە دراوسێکەت دەکەیتەوە؟ داخۆ چی دەکات؟ ئەمە پەرە بە هەستە کۆمەڵایەتییەکانمان دەدات. هەستی خۆپەرەستییمان کاڵ دەبێتەوە و ئیتر هەمووان خەمی پاراستنی هاوڕێکانیانە و شانەوشانی شەڕڤانان ڕادەوەستن. کاتێک دەمانبینی فڕۆکەی تورک بۆمبارانمان دەکات، ئێمە دەزانین دەوڵەتی زۆر ئەندامی ناتۆن، کاتێك هێرش دەکرێتە سەر بەنداوەکەمان، ئەوە هێرشی ناتۆ خۆیەتی و لێدانێكی ئاسایی نییە، بەڵام کاتێک ژنان هەڵهەڵەیان دەکێشا، شەڕڤانان ورەیان تێ دەگەڕا، من باسی چەپڵە و هەڵهەڵەی ژنان بۆ هاندانی کۆمەڵگە دەکەم. بۆ نموونە؛ ئێمە خستنی دوو فڕۆکەمان بینی. شەڕڤانان لە سەنگەرەکانی خۆیان دەهاتنە دەر و فڕۆکەی چەتەکانیان دەپێکا و دەچوونەوە، هەموو ئەمانە چۆن پێک هات؟ ئەم ڕۆحییەتە بووەتە کەلتوورێک، من شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی وەک شەڕ نابینم. وەک کۆمیتەیەکی پاراستنیش لێی ناڕوانم، بەڵکوو وەک چاندێک لێی دەنواڕم. وەک هەبوونێک، وەک لێگەڕین بۆ ئازادیی. لەبەر ئەوە کۆمیتەی پاراستن لاواز نابێت، چونکە ئیستا کۆمەڵگە لەوە تێ گەیشتووە کە دەکرێت خۆی خۆی بپارێزیت. بۆ نموونە؛ ئەمریکا پشتی ئێمەی نەگرتووە. هاوپەیمانان پشتی ئێمەیان نەگرتووە، ئۆپۆزسیۆن ڕێگەی ئەم کارەیان پێ داوە، ئەویش کردوویەتی. بەڵام کاتێك کۆمەڵگە شانەوشانی شەڕڤانان ڕاوەستا، ئەودەم تێگەیشت دەتوانێت بەرگریی بکات. دەتوانێت گیانفیدایی بنوێنێت و مەرگ لەبیر بکات. کاتێك شەڕڤان و کۆمەڵگە دەبنە یەک، ئەو ڕۆحە هەموو سیستەمە دەسەڵاتگەرەکان پووچەڵ دەکاتەوە. هەموو جیهان باسی بەرخۆدانی کۆمەڵگە لە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین دەکەن. هەندێک ڕاگەیاندنی دەرەوە هاتبوون، پێیان سەیر بوو کاتێك دایکێکی بەتەمەنی ٦٠-٧٠ ساڵیان دەبینی. هەندێک دایک و باوک هەبوون، بە زەحمەت دەیانتوانی هەنگاوێک بنێن، هەندێك هەبوون بۆمباران قاچی لێ سەندبوونەوە، بەڵام ئەو گیانەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی کە لەواندا چێنرا بوو، بە پێوە ئەوانی ڕاگرتبوو. بەبێ ئەوەی بترسن، درووستکردنی ژیان لە مردنەوە ئاوا پێک هات. لەبەر ئەوە سیستەمی خۆپاراستنی کۆمەڵایەتیی سیستەمێکی بنەڕەتییە. دەکرێت مشتومڕی گۆڕینی هەموو سیستەمەکانی وەک قەسەدە و ئاساییش لە ڕووی ڕووخسار و ناوەڕۆکەوە بکرێت، بەڵام هەرگیز سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتیی ناخرێتە نێو بابەتی گفتوگۆوە، چونکە هەڵقوڵاوی سرووشتی کۆمەڵایەتییە، گەر مرۆڤ لێی قووڵ ببێتەوە، ئەوا بوونی کۆمەڵگەیە.
بەپێی فەلسەفەی ئاوابوونی کۆمۆنەکان، من زۆر لاپرەسەنم ئەمە بپرسم، چونکە ڕەنگە ئەمە بۆ ڕۆژهەڵات و باشوور و باکووریش ڕوو بدات. کاتێك کۆمۆن ئاوا دەبێت، دەبینیت هۆشیاریی سیاسیی تۆ بە ڕەنگێکە، تۆ فێر کراویت کە دەوڵەت هەموو شتەکانت دەکات، تۆ چاوەڕێی کەسێکی پێت بێژێت؛ وەرە، بڕۆ، پێت بڵێ؛ ئەمە بکە و ئەمە مەکە… واتە سیستەمێکی پلەداریی ڕەها کە ئیرادەی هەموو شتێکت لێ دەستێنێتەوە و وەک ڕۆبۆتت لێ دەکات، پاش سیستەمێکی بەعسی سەرپاک دەسەڵاتگەر و ئاواکردنی ئەم کۆمۆنانە، چ هۆشیارییەکی سیاسیی لە نێو گەلدا ڕەنگڕێژ بووە؟
دەمەوێت سەرەتا لە سەر ئاستی سووریا قسە بکەم، پاشان چوار بەشی کوردستان. پێم خۆشە ئەم نموونەیە بێژم؛ گەلی عەرەب زۆر حەزیان لە شیرینییە، ، سیستەمی هەنووکەیی دەیەوێت کۆمەڵگە موحتاج بکات و بڵێت؛ ئەم کۆمەڵگەیە پێویستی بە ئێمەیە. کاتێك شەکر لە خەڵکی هەرێمەکە بڕا. ئێمە لە ڕێی قاچاخی بازرگانییەوە هەندێک شەکرمان هەناردەی هەرێمەکە کرد. بۆ نموونە؛ ئەو خێزانەی شەکر کەم بەکار دەهێنێت و دەزانێت خێزانێکی تر شەکر زۆر بەکار دێنن، دەیداتە ئەوان، واتە کەڵکەڵەی بەرچاوتەنگیی و شاردنەوە نەمابوون، ئێمە بە شێوەیەک دابەشمان دەکرد کە هەموو خێزانێك وەک یەک بەری بکەوێت. من لوتکەی کۆمەڵایەتییبوونم دیت، ئەزموونێکی خۆم بگێڕمەوە؛ پانزە کۆمۆن گرێدراوی من بوون، من لە کۆمۆنگە کارم دەکرد. لەو کۆمۆنگەیەی کارم لێ دەکرد، هەر پانزە کۆمۆنەکەی پێشنیاریان دەکرد شەکری ئەوان کەم بکرێتەوە و بدرێتە ئەو خێزانەی پێویستی زیاتریان پێیە. ئەمە چی پێش خست؟ مرۆڤدۆستیی پێش خست. کۆمەڵگەی کوردیی ڕۆڵی پێشڕەوانەی گێڕا و کۆمەڵگەبوونی کۆمەڵی عەرەبییش پێش کەوت. ئەمە لەلایەک. ئێستا دەمەوێت ئەزموونێکی تایبەتیی خۆشم بگێڕمەوە، کاتێك ئێمە وەک ڕێکخستنی ژن چووینە سوەیدا، پێش ئەم شەڕە گەرەکمان بوو ئەوێ بناسین، ئێمە وەک کۆنگرەی ستار دەمانگوت ئەو ژنانەی ساڵی ٢٠١٩ بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی بەعسیی لە گۆڕەپاندا بوون، لەکوێن؟ لەبەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە سیستەمی بەعس نەچووەتە سوەیدا، ئێمە دەزانین شۆڕش ساڵی ٢٠١١ دەستی پێ کرد. بۆ نموونە؛ ئێمە دەمانگوت، گەر ئێمە زۆر بەپێی ڕێوەبەریی خۆسەر بجووڵێینەوە، ئەوا ئێمە نابینن. لە نێو خێزانەکاندا نەخۆشیی هەیە. خێزانێکی تر زۆر هەژارە، دابونەریتی کۆمەڵایەتییمان ئەوەیە خاوەندارییان لێ بکەین و نەهێڵین چاولەدەسەتی بەعس بن. بۆ نموونە؛ چەندین کەسی دەوڵەمەند هەن، ئێمە دەچین لە نێو کۆمۆندا گفتوگۆ دەکەین تا گەر بتوانن هاوکار بن و ئێمە هاوکارییەکان دەدەینە ئەو خێزانانە. ئێمە دەمانبینی خێزان هەیە پێویستیان بە زەوییە، ئەو کۆمەڵگەیە چاندی سرووشتیی ئێمەیە و پێویستە خاوەنداریی لە یەکتری بکەین. ئێمە ئەو یارمەتییانەمان کۆ دەکردەوە. هەر خێزانەو دەیگوت ئێمە ئەو هاوکارییانە دەبەخشین و بۆ نموونە زەوی دەبەخشین. ئێمە ئەم تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییانەمان زەق دەکردەوە، ئەمە تەنیا چاندی یەک نەتەوە نییە، بەڵکوو ئەمە دابونەریتی هەموو گەلانە. دەمانگوت بەم ڕەنگە لە تەنیشت گەلی خۆمانەوە دەمێنینەوە. تەنانەت ناگەڕێینەوە بۆ ڕێوەبەریی خۆسەر. کۆمینەکانمان مووچە بە کەس نادات، دەیانگوت کەواتە وەک موختارەکان نین؟ پێیان دەگوتین چۆن ئەم سیستەمە بەڕێوە دەبەن؟ موختار گرێدراوی دەوڵەتە، ئێمەش دەمانگوت؛ ڕاستە موختار گرێدراوی دەوڵەتە، سیستەمی کۆمینیش گرێدراوی ڕێوەبەریی خۆسەرە. پێمان دەگوتن؛ سیستەمەکەی ئێوەش خۆسەرییەکی دیموکراتیی هەیە و دەتوانێت بڕیار دەر بکات. گەر خۆسەریی بڕیارێک دەر بکات و بڕیارەکە دژی کۆمەڵگە بێت، ئەوا ئێمە پەسەندی ناکەین. بۆ نموونە کاتێك نرخی سووتەمەنیی گران بوو، گەل ناڕەزایی دەربڕی، وتیان ڕێوەبەریی خۆسەر نوینەرایەتیی ئێمە دەکات، بەڵام ئەم بڕیارەمان پێ جێبەجێ ناکرێت. ناچار ڕێوەبەریی خۆسەر بڕیارەکەی گۆڕی. سیستەمی دیموکراتیی ئاوا مشتوماڵ درا. بەپێی لۆژیکی ئەوان؛ بەعس کەوتووە، ڕاستە سیستەمی ئێستا ئیسلامییەکی توندڕۆیە، بەڵام مرۆڤ بەبێ دەوڵەت ناتوانێت بژێت. دەمەوێت بە نموونەیەک ئەمە ڕوون بکەمەوە، پێیان دەوتین هەموو شتێكی ئێوە باش و ڕاستە، بۆ نموونە؛ پەیوەندییتان لەگەڵ ژن، خۆسەریی ژن، دەیانگوت هەموو ئەمانە ڕاستن، بەڵام دەبێت دەوڵەت هەبێت و بمانپارێزێت، ئەوان پێیان وابوو هاوپەیمانان ئێمەی پاراستووە، لێ ئەودەم ئێمە لەوێ بووین (سوەیدا)، کاتێکیش شەڕی بەنداوی تشرین ڕووی دا، ئەمەمان ڕوون کردەوە. ئێمە وتمان ئەوەی بەنداوی تشرین دەپارێزێت، تەنیا گەل و قەسەدەن، لەم سۆنگەوە سەر دەکەوین. کاتی هێرشەکانی سەر هەرێمی سەر کەناراوەکان، وتبوویان هێرشمان ناکەنە سەر، چونکە ئیسرائیل لە پشتمانە، واتە خۆیان دەسپاردە دەوڵەتان، بەڵام ئیسرائیل چی بۆ کردن؟ ئەوە کۆمەڵگە بوو کردی، گەر هەنگاوێکیش هەڵێنرابێت، گەلی درووز هەڵیانهێناوە نەک ئیسرائیل. سیستەمی ئێستا لە بەعس دڕندەترە، ڕژێمی بەعس بە شێوەیەکی شاراوە ئەمەی دەکرد، هی ئێستا بە ئاشکرا دەیکات. واتە هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە، بەعسی سەر مێز چوو، بەعسی ژێر مێز دەر کەوت. ئەمە هەڵسەنگاندنی تایبەتی منە، بەڵام ئێستا هەمووان باوەڕیان بەوە هێناوە کە ئێمە پێویستمان بە کۆمەڵایەتییبوونەوە و کۆمۆنە، جا گەر دەوڵەت هەبێت یان نا. بۆ کوردستانیش ئەمە پێویستییە. ئێستا لە باشووری کوردستان ڕاستە سیستەمێك هەیە. ئەم سیستەمە ناتوانێت مووچەی مامۆستاکانی خۆی بدات. گەر خۆیان وەک سیستەمێكی کۆمۆن ڕێک بخەن، ئەودەم دەتوانن سیستەمی ناوەندیی بێکاریگەر بکەن. چونکە تا سیستەمی کۆمین فراوان بێت، سیستەمی دەوڵەت بەرتەسک دەبێتەوە. لەبری ئەوەی دەسەڵاتداریی کۆمەڵگە بێکاریگەر بکات، کۆمۆن دەسەڵاتداریی بێکاریگەر دەکات. لە سۆنگەی یەکێتیی کۆمۆناڵی دیموکراتی کوردستانەوە، دەتوانین دۆزی کوردستان و هەبوونی کوردستان بپارێزین، ئەمە مەرجێکی بنەڕەتییە بە تایبەت بۆ باشووری کوردستان، چونکە سیستەمێک هەیە. پێویستە ئەمە ڕێک بخرێت، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، هەرچەندە لە نێو دەوڵەت-نەتەوەدان، دەکرێت کۆماری دیموکراتیی پێش بخەن. دەبێت ئەم کۆمارە دیموکراتییە ناوەندگەرایی بەرەو ناناوەندێتیی وەر سووڕێنێت، کاتێك سیستەمی کۆمۆن پێک دێت، ئیتر پێویستمان بە هیچ سیستەمێکی تر نییە، جا فیدراڵیی بێت یان ناناوەندیی و کۆنفیدراڵ. ئەمە تەنیا بۆ سووریا نییە، بەڵکوو هەموو بەشەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پێویستان بە سیستەمی کۆمۆنە، چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەک نەتەوە و چاند و زمان پێک نایەت. ئەمە ڕاستینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. من نموونەی سوەیدام هێناوە، ئەو کۆمەڵگەیەی ئازادیی خۆی لە دەوڵەتدا دەبینێتەوە، کێشەکانی بەردەوام دەبن، بەڵام کۆمین وەک موختارییەت دانامەزرێت، دەبێت دیموکرات بێت. ئەزموونی ڕۆژئاڤا وانە و ئەنجامە، تاکێکی ئازاد دەتوانێت خێزانێکی دیموکرات پێكەوە بنێت. خێزانێکی دیموکرات کۆمۆنێکی دیموکرات پێك دێنێت. کۆمینێکی دیموکراتیش کۆمەڵگەیەکی دیموکرات پێک دێنێت، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیش کۆمارێكی دیموکرات پێک دێنێت. ئەمە وەک زنجیرەیەکە، لە تاکەوە بۆ خێزان، پاشان تاک و خێزان لە سۆنگەی هاوژیانی ئازادیی ژنان و پیاوانەوە، یەکسانیی و ڕزگاریی کۆمەڵایەتیی بەدەست دەهێنن. ئێمە ئاوا دەتوانین کۆمۆنی دیموکراتیی پێک بهێنین. ئێمە ئازادیی خۆمان لەسەر بنەمای کۆیلایەتیی کۆمەڵگەیەکی تر درووست ناکەین، بەڵکوو بەپێی ئازادیی و یەکسانیی لەگەڵ گەلانی تر دەیڕەنگێنین، چونکە لە هەرکوێ سەردەست و بندەست هەبن، ئەوا لەوێ ئازادیی و دیموکراتی لەگۆڕێ نییە. گەر ئێمە بەپێی ئەم خاڵانە بجووڵێینەوە، ئەوا سەرەتا وەک تاکێكی هەڵبژێردراوی کۆمەڵگە، ڕێوەبەرییەکی دیموکراتیی پێک دێت کە بە هەڵبژاردن و ئیرادەی گەل پێش دەکەوێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانین سیستەمی کۆمەڵگەبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزین.
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥١، [پاییز–٢٠٢٦] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە



