گوتار

سەبارەت بە ڕەگەتۆڕ، فەزای تەخت، ماشێنە جەنگییەکان و میدیای نوێ

خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ پەیوەندیی نێوان تەکنۆلۆژیای دیجیتال، کۆمەڵگەی کۆنترۆڵ و چەمکەکانی دولۆز و گۆتاری.

ڤێرینا ئەندرمات کانلی

لە ئینگلیزییەوە؛ ئازادە ڕەحمانیی

داگرتنی فایلی PDF

 

سەبارەت بە ڕەگەتۆڕ، فەزای تەخت، ماشێنە جەنگییەکان و میدیای نوێ

پێ دەچێت ماشێن و تەکنەلۆژیا سەرپاکی نووسینەکانی دولۆز و گۆتارییان بنجکۆڵ کردبێت. دولۆز پێی وایە؛ ئامێرەکان هەمیشە بەشێکن لە گرێچنێک[1]ـی بەکۆمەڵ، جا بۆیە ئەو فۆرمە کۆمەڵایەتییانە دەنوێننەوە وا ژیانیان پێ دەبەخشن. لە ڕووی مێژووییەوە ئەگەر ماشێنە پڕوزەکان نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی بۆرژوازیی دیسیپلینکراوی سەدەی هەژدە و نۆزدەیان کردبێت، ئەوا کۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیکترۆنیی و سایبێرنێتیکییەکانی ئەمڕۆش، نوێنەرایەتیی ئەو شتە دەکەن وا دولۆز بە کۆمەڵگەی کۆنترۆڵکراو ناوبردەی دەکات. خاڵی دووەم ناتوانرێت لەو گۆڕانەی لە سەرمایەدارییدا ڕووی داوە، هەڵبواردە بکرێت، ئەو گۆڕانکارییەی وا سەرمایەداریی لە قازانجپەرەستیی و کەڵەکەبوونەوە بەرەو سووڕانەوە هەڵدەسووڕێنێت، ئەو پێواژۆ ئەبستراکت و فرە جار سەربەگێژەیەی کڕینوفرۆشی بەرهەم وا بازاڕکردنیان لە خودی بەرهەمەکە گرنگترە. دولۆز پێ لە سەر ئەوە دادەگرێت گوایە کۆمەڵگای ئێمە چیتر تەنیا کۆمەڵگەیەکی لەخۆگر[2] دەرپەڕێنەر[3] و سنوورکێش نییە، بەڵکوو کۆمەڵگایەکی شەپۆلئاسایە و یەکبین دەڕسکێت. ئەو تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵییانەی سووڕانەوە چالاک و بەتاو دەکەن، بەشێکن لە کۆمەڵگەیەکی تۆڕمەندی جیهانداگر و هیچ کەوشەن و سنوورێکی دەرەکییان نییە.

نووسینەکانی دولۆز و گۆتاریی ڕیزێک چەمکی بەرفراوان دەگرنەوە، لەوانە ڕەگەتۆڕ[4]، فەزای تەخت و ماشێنە جەنگییەکان. زۆر کەڕەت دەوترێت ئەوان شیکارییەکی بەرهەمداریان بۆ کاریگەرییە کەلتووریی و کۆمەڵایەتییەکانی تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵییەکان و میدیای نوێ کردەنیی کردووەتەوە. پێش ئەوەی بپرسین چۆن دەتوانین ئەم چەمکانە بۆ مامەڵە لەگەڵ گرنگیی کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی میدیای نوێ لەمڕۆدا بەکار بهێنین، بە کورتیی چاوێکیان پیا دەخشێنمەوە، بەو پێیەی لە پاش ساڵی ١٩٦٨ـەوە پەرەیان سەندووە. داخۆ ڕەگەتۆڕ و ماشێنە جەنگییەکان دەتوانن یارمەتیدەرمان بن بۆ بەرەنگاربوونەوە ئەو میکانیزمە نوێیانەی کۆنترۆڵ وا لە گۆڕەپانەکەدان – جا ئەم بەرەنگارییە گەرەنتیی بێت یان ئەگەردار؟– ئایا دەتوانن ببنە دەستپێچی داهێنان و گۆڕانکاریی پانوپۆڕتر؟ گەلۆ ڕایەیان دەکەوێت دەرگە لەسەر فەزای نوێ بخەنە سەر پشت؟

دولۆز و گۆتاریی بە پێچەوانەی ئەو بیرمەندە فەڕەنسییانەی هایدگەر دەکەنە سەرمەشق، ئەو تەکنولۆژیایانە بە بانگەشەی؛ ”مرۆڤ لە مرۆڤایەتیی دەخەن”، ڕەخنەباران ناکەن کە جێیان بە وێنەی کۆنتر و ئاڤاتارە بەسەرچووەکانی خۆیان لێژ کردووە. ڕاستییەکەی دولۆز و گۆتاریی بە قووڵیی ئارەزوومەندی «بوونبە»ـکانن، کە  هەم لە نێوان مرۆڤ و ماشێنەکاندا ڕوو دەدەن و هەمیش لەو سوبژێکتیڤیتانەی  دەسگیرۆدەی کۆمپیوتەرەکانن[5] (Deleuze and Guattari

1987: 5). ئەوان پێیان وایە پرسەکە هاوکات بریتییە لە ئاڕاستەکردنەوەی ئەو ڕۆڵەی تەکنۆلۆژیا لە کۆنترۆڵی کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکانی ئەمڕۆدا دەیگێڕێت، هەروەتر بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی و دەرئەنجامە زیانبەخشەکانی ئەو دژایەتییە دووانەیی[6]ـانەیەی پێ دەچێت لە خودی سرووشتی ئەم جڤاکانەدا ڕەگیان داکوتابێت. کۆمپیوتەر و زۆربەی تەکنولۆژیا دیجیتاڵییەکان کەم تا زۆر زانیارییەکانیان بە درێژایی ڕێ هەمیشە دووانەییەکان ئاڕاستە دەکەن. لە ڕووی لۆژیکییەوە، دژایەتیی دووانەیی لە هەموو خاڵێکی دووانەییدا سەر بە پەرگاڵی میتافیزیکی کلاسیکە و ئەمەش بە پێودانگی لۆژیکی دژایەتیی دامەزراوە، هەمان ئەو پەرگاڵەی فەیلەسووفەکانی نێو جۆشوخرۆشی ساڵی ١٩٦٨ دەکۆشان هەڵی بوەشێننەوە. وەک چۆن دولۆز و گۆتاریی کردیان: ئەوان بڕیاریان دابوو ئەو بیرکردنەوە پلەدارییە ڕۆژئاواییەی وەک درەختێکی ڕیشکدار وێنایان دەکێشا، لە ڕەگوڕیشەوە هەڵکێشن،– ڕەنگە ئەم بیرکردنەوەیە لە چوارچێوەی ئیکۆلۆژیی ئەمڕۆدا تا ڕادەیەک پێشوازیلێنەکراو بێت. دولۆز و گۆتاریی بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە سرووشت لە بیری مرۆڤ ئەولاتر دەچێت. ئەوان پەنا وەبەر ڕووەکناسیی و فەلسەفەی ڕۆژهەڵات دەبەن، لەوێندەر ڕەگەتۆڕ وەک چیمەنێک یان جۆرێکی «لقی ژێرزەویی» دەبینرێتەوە و فۆڕمی چەشناوچەشنی هەیە. «تەرزکوتانی وەک پژوپۆی ڕووکارەکەی بە هەموو ئاڕاستەکاندا، تا چڕبوونەوەی لە نێو پیاز و سەلکەکاندا» (Deleuze and Guattari: 1987: 6-7). ڕەگەتۆڕەکان لە هێڵ چنراون نەک خاڵ. بەبێ سەرەتا و کۆتایی. لە دەڤەرێکەوە نەک شوێنێکی دیاریکراو، بەڵکوو ناوەڕاستێک، لە مەودایەکی ناڤین و پانتاییەکی ئاوێتەوە تێهەڵکێش کراون. لە کاتێکدا دارەکان هەمیشە بە یەک شێوە گەشە دەسەنن، لێ ڕەگەتۆڕەکان یەکبین لە گۆڕاندان. ئەوان بەشێکن لە فرەیییەک کە هەرگیز یەکەیەک (N-1) نییە. ئەوان لە سەر تێکەڵاویی و پەیوەندیی نایەکڕەنگ گەشە دەسەنن، جا وە[7] جێی یان ئەم یان ئەو دەگرێتەوە. کۆکردنەوە جێ بە دژبەریی لێژ دەکات.

کەواتە سەیر نییە کاتێك خوێنەران ڕەگەتۆڕ بە کۆمپیوتەر و ئەو تێگە تۆڕئاسایەوە گرێ بدەن. تۆڕەکان وەک ڕەگەتۆڕ هیچ ناوەند و سنوورێکی داخراویان نییە. دولۆز و گۆتاریی ڕەگەتۆڕ وەک چەمکێک بۆ شێوازێکی نوێی بیرکردنەوە شیتەڵ دەکەن، کە دەتوانێت بیرکردنەوەی پلەداریی و درەختئاسا بە پێودانگی «یان ئەم یان ئەو» بۆ پەراوێز داکشێنێت. ڕەگەتۆڕ «باشترین و خراپترینی هەیە: هەم پەتاتە دەگرێتەوە هەم چیمەن و هەم گژوگیا» (Deleuze and Guattari 1987: 7). دەکرێت ڕەگەتۆڕ یان لە دۆخێکی گەشەسەندا ببڕێتەوە یان ئاژاوەیەکی بێسنوور، سا هەرگیز بە تەنیا بوونی نییە. دار و ناوەند و لوتکە و پلەبەندییەکان هاوکات لە ڕەگەتۆڕدا شێوە دەگرن و لە جووڵەیەکی نەپساوەی لەقەڵەمرەوخستن[8] و بەقەلەمڕەوکردنەوە[9]ـدا دەگەڕێنەوە بۆ دۆخی سەرەتایی خۆیان. بە پێچەوانەی درەختەوە کە بە ئارەزووی خۆی پەرە بە بوونێکی جێگیر و چەقبەستوو ئەدات (“داربەڕووی بچووک دەرەنجامی گەشەی داربەڕووی گەورەیە”)، ڕەگەتۆڕ بە چنینێکی ناسک و هەڵکەوت لە جووڵەی بەردەوامدایە. ڕەگەتۆڕ تەخت و ناهاوسەنگە، لەبری ئەوەی گەردوونێکی ڕێکوپێک بێت، بەشێکە لە کایۆسمۆس[10]، ئۆزمۆزێکی[11] ئاڵۆزی پەیوەندییە هەمەچەشن و گۆڕاوەکانە. ئەمەش بە ڕوونیی تا ڕادەیەک پەیوەندیی بە چەمکی ئەو تۆڕەوە هەیە وا ئەمڕۆ هێندە گوڕی سەندووە، ئەو تۆڕەی وا کارێک دەکات بیری دولۆز و گۆتاریی بۆ شیتەڵی کۆمەڵگا هاوچەرخەکان ئاوا بەرهەمهێنەر بێتە بەر دیدە، جا ئەمانە بە سووڕانەوەی ئەلیکترۆنیی زانیاریی تایبەتمەندن.

بەڵام سەرەڕای ئەم نزیکایەتییە ڕواڵەتییەی نێوان ڕەگەتۆڕ و تۆڕە دیجیتاڵییەکان، یان نێوان فەزای تەخت و ناڕیزبەندیی و زانیارییە خامەکان، هیچ هاوتاییەک لە نێوانیاندا دیار نییە. لە کاتێکدا تۆڕەکان پەیوەندییە ئاسۆییەکان ئاسان دەکەن، بەڵام هاوکات ڕێ بە ڕێکخستنەوەی ناوەندەکان دەدەن و بەشێکن لە بیرکردنەوەی درەختئاسا. ڕاستییەکەی بۆ دولۆز و گۆتاریی، خاڵی دووهەم، دەکرێت بە تایبەت لە جیهانێکی کۆمپیوتەرێنراودا باو بێت کە لە ڕووی ژمارە دووانەییەکانەوە کار دەکات و ڕووبەڕووی لێشاوی ڕەخنەی فرەی ئەوان بووەتەوە:

سیستەمی درەختئاسا سیستەمێکی پلەبەند و کاکڵەدار و سووژەسازە، قورمیشکراوێکی ناوەندیی لە وێنەی بیرگەی ڕێکخراو. لەم مۆدێلە هاوشێوانەدا، بەشێک تەنیا زانیاریی لە یەکەیەکی باڵاترەوە وەردەگرێت، یان هەستێکی سوبژێکتیڤ لە سۆنگەی ڕێگا پێشوەختە دیاریکراوەکانەوە وەردەگرێت. ئەمەش لە کێشەکانی ئێستای زانستی زانیاریی و زانستی کۆمپیوتەردا دەبینرێتەوە، کە تا ئێستاش بە کۆنترین مۆدێلەکانی بیرکردنەوەوە چەسپاون، بەو پێیەی هەموو دەسەڵاتێکیان بە بیرگە و ئۆرگانێکی ناوەندیی بەخشیوە (Deleuze and Guattari 1987: 16).

دولۆز و گۆتاریی جیاوازییەکی دیار دەخەنە نێوان کۆمپیوتەر و ڕەگەتۆڕ. کۆمپیوتەرەکان بە ڕێگەی پێشوەختە دیاریکراودا دەڕۆن، ئەو زانستە بە دەساوێژی گرتوون وا بەپێی بنەمای دژایەتییە دووانەییەکان و بیرکردنەوەی پلەداریی و تاڕادەیەکی زۆر درەختئاسا نە داهێنان بەکار ئەهێنێت و نە پاڵپشتیی ئەکات. کۆمپیوتەرەکان بەهۆی کارکردنی میکانیکییەوە ڕەگەتۆڕیی نین. خاڵی گرنگ ئەوەیە نەکەویتە داوی فرەیییەکی ساختە و ئەو زانستەی بەپێی بنەمای دژایەتیی دووانەیی و بیرکردنەوەی پلەداریی دامەزراوە. بۆ ڕەگەتۆڕسازیی، دەبێت مرۆڤ پەیوەندیی لە دەرەوەی ڕێڕەوی پێشوەختە دیاریکراوەوە درووست بکات، لە «ناوەڕاستەوە، کاتێك شتەکان خێراتر دەبن»، ئەمە ئەو شتەیە وا کۆمپیوتەر و زانستی زانیاریی ناتوانن و نایکەن. ڕەگەتۆڕەکان پلەبەند نین و بەشێک نین لە سیستەمی دووانەیی. وەک گرێچنی تاک یان کۆمەڵ، دەتوانن لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییانەوە بڵاو ببنەوە وا دەبنە هۆی بوونبە. هەروەها دەتوانرێت یەک بخرێن و بیچمی دارێک وەربگرن. کەواتە پرسیارەکە ئەوە نییە تۆڕەکانی کۆمپیوتەر لەگەڵ ڕەگەتۆڕەکان یەکسان بکەین، بەڵکوو ئەوەیە بە دەساوێژی کۆمپیوتەر و میدیای ئەلیکترۆنیی، ڕەگەتۆڕییانە بیر بکەینەوە. بەم کارە، بەکارهێنەر پێکهاتە دووانەییە زاتییەکەی تێدەپەڕێنێت. خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە بە باشترین شێوە سوود لە تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵیی وەربگرین، ئەمەش بۆ بەرهەمهێنانی ئەو تۆڕانەی وا وەک ڕەگەتۆڕ دەجووڵێنەوە. دولۆز و گۆتاریی لە ڕێگەی ڕەگەتۆڕەوە پەرە بە چەمکی فەزای تەخت دەدەن، ئەمەش فەزای هێڵمەندی دەوڵەت و ماشێنە جەنگییەکان پووچەڵ دەکاتەوە (Deleuze and Guattari 1987: 351–423). ئەوان ئاماژە بەوە دەدەن وەک چۆن سەدەی سێزدەهەم لە سەوزەڵانی ئاسیا، کۆچەرییەکان ماشێنێکی جەنگییان داهێنا بۆ ئەوەی لە دەرەوەی سنووری بەرگرییەکەی لەگەڵ دەوڵەت بجەنگێن. پاش ساڵی ١٩٦٨، ئەوان بە باشیی دەزانن سوود لە ڕێکارێکی چالاکی ماشینە جەنگییە ئاسیاییەکان وەربگرن و بە هۆز و پێڕ و شەڕی گەریلاییەوە گرێی بدەن- ئەو توخمانەی هەموویان بەشێکن لە بوونبە-کەمینەیەکی گشتگیر و لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدا لەگەڵ دەوڵەت دەجەنگێن. بەڵام فەزای تەخت- وەک ڕەگەتۆڕ- ماتەوزەی ئەرێنیی و نەرێنییش هەڵدەگرێت. ئەو ماشێنە جەنگییە کۆچەرییەی تا ساڵی ١٩٨٠ شەڕی دەوڵەت دەکات بۆ ئەوەی فەزا بکاتەوە و بوونبە ئەگەردار بکات، وەک دولۆز و گۆتاریی ڕایدەگەیەنن، لەلایەن سەرمایەداریی و ئەوەی ئیتر ڕاستەوخۆ «دەوڵەت» نییە، دەستی بەسەردا گیراوە. بە قەرز لە پۆل ڤێریلۆ، ئەم دوو فەیلەسووف و دەروونشیکارە، ئاماژە بەوە دەکەن چۆن بە تێپەڕینی کات، کۆمەڵگەی سەربازیی-پیشەسازیی (ئەو زاراوەیەی دوایت ئایزنهاوەر پاش ساڵی ١٩٥٤، لە کاتی شەڕی سارددا مشتوماڵی دا)، دەستی بەسەر ماشێنی جەنگی کۆچەرییدا گرت و فەزای تەختی خۆی لە دەریا و ئاسمانەوە درووست کرد (Deleuze and Guattari 1987: 418)

دولۆز و گۆتاریی بە دەستپێچی ڤیریلیۆ، پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە گەرەکە کۆمەڵگا بەپێی بارودۆخی ئەمڕۆ شیتەڵ بکرێت، واتە لە سەردەمی هەزار ڕووتەختی هەلومەرجی سەربازیی-پیشەسازییدا. بەڵام ڤیریلیۆ لە نووسینەکانی دواتردا ڕایدەگەیەنێت، کە پێکهاتەی سەربازیی-پیشەسازیی وەرسووڕاوە بۆ کۆمەڵەی سەربازیی-زانیاریی، پێکهاتەیەک، کە تەنانەت سنووری دەوڵەتی پێشووش بۆ ئاسۆی دنیایەکی جیهانگیر دەبەزێنێت. ڤیریلیۆ لە کتێبی بۆمبی زانیاریی (٢٠٠٠)ـدا دەڵێت؛ زانیاریی جێی بۆمبی ڕاستەقینەی گرتووەتەوە. ئەو جەنگە فرەتر ئابوورییەی وا لە سۆنگەی جڵەوکردنی مێشکی خەڵکەوە بەڕێوە دەچێت، جا ئەویش لە ڕێی ئەو تەکنەلۆژیایانەی زانیاریی بەرهەم دەهێنن و هەڵی دەسووڕێنن. لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، سەرپاکی شیکارییە کەلتووریی و جڤاکییەکان، ناچارن بەپێی پێکهاتەی سەربازیی- زانیاریی ئەنجام بدرێن.

کەواتە چۆن دەتوانین چەمکەکانی دولۆز و گۆتاریی لەبارەی ڕەگەتۆڕ و فەزای تەخت و ماشێنە جەنگییەکانەوە، کە بە تایبەت وەڵام بوون بۆ هەلومەرجی پێکهاتەی سەربازیی-پیشەسازیی پاش ساڵی ١٩٦٨، بەپێی ئێستا بگونجێنین؟ گەلۆ دەتوانین وەک چەشنێک بەرگریی داهێنەرانە بەرانبەر لایەنە کۆنتڕۆڵکەرەکانی میدیای ئەلیکترۆنیی لە ڕەگەتۆڕ بنۆڕین؟ ئاخۆ ئەو ڕەگەتۆڕ و ماشێنە جەنگییە کۆچەرییانەی لە کۆتایی شەستەکاندا، دولۆز و گۆتاریی لە بەستێنی شۆڕشە تیۆرییەکان و  بوونبە-کەمینەیەکی گشتگیردا دەیانبینی، هێشتا لە فەزای تەختی سەربازیی-زانیاریی ئەمڕۆدا، بەکارن؟ ئایا دەتوانین بۆ شیکاری کۆمەڵگا دیجیتاڵییەکانی ئەمڕۆ بیانکەین بە دەستپێچ، لەو جیهانەی وا سەرمایەداریی پاش دەریا و ئاسمان، دەستی بە سەر زانیارییەکانیشدا گرتووە تا فەزای تەختی ساختە بۆ کۆنترۆڵی سووڕانەوەی مرۆڤ و کاڵاکان درووست بکات؟

زۆرێک لە ڕەخنەگران باسیان لەوە کردووە گوایە میدیای نوێ تا ساڵی ١٩٩٥ و تەنانەت کۆتاییەکانی ٢٠٠٠، تا ئەو کاتەی تەکنۆلۆژیا کۆمپیوتەریی و  دیجیتاڵییەکان جێی فۆرمە دێرنەکانی وێچوونیان[12] گۆڕی بۆ هاوشێوەسازیی[13]، بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکار نەدەهاتن (Rodowick 2001: 203). دولۆز و گۆتاریی، هەردووکیان لە جەرگەی بڵاوبوونەوەی میدیای نوێدا مردن. کاتێک ئاوڕ دەدەینەوە، دەبینین ئەوان لە زۆر ڕووەوە پێشبینیان کردووە، یان لانیکەم بە هۆشیارییەوە ئاگاداری یەکەم نیشانەکانی ئەو گۆڕانکارییە گەورانە بوون وا ڕوویان دەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەش کاریگەریی تەواوی میدیای نوێیان ئەزموون نەکرد، بۆیە ڕەنگە بپرسین گەر ئەوان مابان، چۆن نەختەنەختە خۆیان لە شڕۆڤەکانی پاش ساڵی ١٩٦٨ دەتەکاند. لەوانەیە لە دەقەکانی دواتریاندا ئاماژەیەک هەبێت. لەم بەرهەمانەدا دولۆز و گۆتاریی گریمانەی ئەوە دەکەن گوایە داهێنان هاوواتای بەرخۆدانە. بەم پێیەش، بۆ واڵاکردنی فەزای نوێ، بڕستی خۆیان فرەتر بۆ ئەدەب و مۆسیقا و نیگارکێشان تەرخان دەکەن نەک میدیای نوێ. ئەو کارە دوو بەرگییەی دولۆز لەمەڕ سینەما وا ساڵانی ١٩٨٣ و١٩٨٥ لە فەڕەنسا بڵاو کرایەوە، بە پلەی یەکەم لە فیلمی سێلولۆید[14] دەدوێت نەک وێنەی دیجیتاڵیی درووستکراو. دولۆز لە دوالاپەڕەکانی بەرگی دووەمدا پێشوازیی لە میدیای نوێ دەکات، لە باسێکدا، کە ناوی دەنێت پێکهاتە کۆن و نوێیەکانی وێنەکە. لە باسی جیابوونەوەی وێنە و دەنگدا، پێی وایە؛ وێنەگرتنی دیجیتاڵیی لە هاوتا ئەنالۆگەکەی پتر پشتیوانیی ئەم جیابوونەوەیە دەکات (دولۆز ١٩٨٩:٢٥٦-٨).

تەنێ لە بەرهەمە کۆتاییەکانیاندا، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ و ١٩٩٢ بڵاو کراونەتەوە، دولۆز و گۆتاریی زولاڵتر باسی میدیا تازەکان دەکەن، بە تایبەت لە ڕووی کاریگەرییە کەلتووریی و کۆمەڵایەتییەکانیانەوە، دولۆز بە هەستکردن بەوەی کە «وەرچەرخانێکی مەعریفەناسانە» ڕووی داوە و تا ئاسۆیەکی دوور لێکەوتەی دەبێت، زاراوەی «کۆمەڵگەی کۆنترۆڵکراو»ـی زیندوو کردەوە و بە چەشنێکی کاریگەر گشتاندی (Deleuze 1995: 178)، ئەم زاراوەیە یەکەم کەڕەت ویلیام بارووز بۆ چوارچێوەیەکی سەرتاپێ جیاواز دایتاشی.

 ئەم جڤاکانە لە سۆنگەی میدیای نوێوە کردەنیی کراونەتەوە و هاوواتای جیهانگیریین، ئەمە ئەگەر جیهانگیریی وەک سووڕانەوەی زانیاریی ئەلیکترۆنیی لە سەرانسەری جیهاندا پێناسە بکەین. جێگای ئەو دامەزراوەیەی بە لەخۆگر و دەرپەڕێنەر پێناس کراوە، نەرمەنەرمە لەگەڵ میکانیزمی کۆنترۆڵی گشتگیر و لە ڕێی فیدباک، ڕاپرسیی و بازاڕگەریی بێوچانەوە، گۆڕا. ئەمەش بەبێ ئەوەی واز لە هێز و باوەڕی پێشوویان بهێنن. پێ دەچێت دولۆز و گۆتاریی کاتێک لەبارەی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانەوە دەنووسن، ڕێبازێکی کەمتر شەڕانگێزانە بەرانبەر ئەم کۆمەڵگە کۆنترۆكراوانە بگرنە بەر. لەگەڵ لێشاوی میدیای نوێدا، هەم سەرنجی فراوانبوون و هەم چڕبوونەوەی سەرمایەداریی دەدەن. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کاتێک مرۆڤەکان یەکڕەنگ و ئارەزووەکانیان کۆنترۆڵ دەکرێت، گەر ئەگەری بەرخۆدان نەکردەنییش نەبێت، لێ زۆر لاوازە.

بۆیە پەرەپێدانی ڕێبازێکی بیرکردنەوە گرنگە تا مرۆڤەکان بتوانن لە لێشاوی زانیاریی هەڵبێن. بۆ ئەمەش پێویستە مرۆڤ لەو بێهۆشییە قووڵه ڕزگاری بێت وا ئابووریی سەرمایەداریی لە نێویدا خەمڵاندوویەتی. ئەنتۆنیۆ نێگری لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ دولۆز، ئاماژە بەوە دەکات؛ کە لە نووسینەکانی دواتری دولۆزدا – بە تایبەت لە فۆکۆ[15] ( ١٩٨٦) و فۆڵد[16] (١٩٨٨) – دەبینین لە سەردەمی فەزا ساختە تەختەکان و یەکڕەنگکردنە گشتگیرەکاندا، پتر گرنگیی بە سووژەسازیی دەدات، ئەویش لە ژێر کاریگەریی بازاڕگەریی و مارکێتینگدا. بۆ بەرپەرچدانەوەی لاوازبوونی بەرخۆدانی داهێنەرانە، دولۆز جەخت لەو پڕۆسانەی سووژەسازیی دەکاتەوە وا پێشتر لە پەڕتووکی هەزار ڕووتەختدا ورووژاندبوونی (Deleuze 1995:175). کۆمەڵگە کۆنترۆڵکراوەکان جگە لە ئاڕاستەکردنی ئارەزووەکانی مرۆڤ، ستراتیژی خۆیان بە پێودانگی خێرایی سووڕانەوەی زانیاریی و فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە دادەمەزرێنن وا هەنووکە بە کاری هونەریی دەیانناسێنن. پێ دەچێت دولۆز زیاتر ڕەشبین بێت لە سەرهەڵدانی گرێچنی تاک و کۆمەڵی نوێ. سەرهەڵدانی دەنگی نوێ – وەک دەنگی پرۆلیتاریا یان دەنگی جیهانی سێیەم لە ساڵی ١٩٦٨ و دەرئەنجامەکانی – لەو جیهانەی ڕێکلامدا وا هەموو بەهاکان بە پارە پێوان دەکرێن، ئیتر کردەنیی نییە. دولۆز پێی وایە پارە ئاخاوتنی داڕزاندووە. «ڕەنگە ئاخاوتن و پەیوەندیی داڕزابن. هەردووکیان سەرومڕ لە ژێر کاریگەریی پارەدان – بەڵام ئەمە هەڵکەوت نییە، بەڵکوو بۆ سرووشتی خۆیان دەگەڕێتەوە. دەبێت ئاخاوتن وەچنگ بخەینەوە، ئافراندن هەمیشە جیاواز بووە لە پەیوەندیی (Deleuze 1995: 175).»

ئەم ڕستانە ڕەنگدانەوەی بارگۆڕانی ساڵی ١٩٦٨ـە، ئەو دەمەی وا دیار بوو «دەستبەسەرداگرتنی ئاخاوتن» دڵی شۆڕشەکە بێت، ئەو سەردەمەی ڕەگەتۆڕ و فەزای تەخت و ماشێنە جەنگییەکان بەسترابوونەوە بە کەلتوورە پتەوەکانی پەراوێزەکان و جۆرێک لە بوونبە-کەمینەی گشتگیر. لای دولۆز، لەو کۆمەڵگە جیهانگیرە کۆنترۆڵکراوانەی وا بەپێی میدیای نوێ کار دەکەن، گرەتنی ئاخاوتن نەکردەنییە. لە کۆمەڵگەی زانیارییدا، کارامەیی مەعریفیی جێی چەمکە زیاتر دەروونشیکارییەکانی  وەک ڕێخۆشکردن[17] دەگرێتەوە، کاردانەوە جێی هزراندن و بەدەستهێنان جێی ئافراندن دەگرێتەوە. هەربۆیە درووستکردنی پەیوەندیی داهێنەرانە و کردنەوەی گوزەرگەکان قورستر دەبێت. ئەوە خودی تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵییەکان نییە دەبێتە هۆی سەرکوت و بیرکردنەوەی درەختئاسا، بەڵکوو چۆنێتیی پەیڕەوکردنیان لە کۆمەڵگادا ئەمە کردەنیی دەکاتەوە – هەرچەندە وا دەنوێنێت جیاکردنەوەی ئەو دووانە بۆ دولۆز تا دێت دژوارتر بێت.

کەواتە چۆن دەتوانرێت بەرانبەر ئەو میکانیزمە نوێیانەی کۆنترۆڵ، بەرخۆدانێکی داهێنەرانە لە نێو کۆمەڵگە کۆنترۆڵکراوەکاندا سەر پێ بخرێت، کە ئەمە ڕەوتی نەرم و بێکێشەی سووڕانەوەی زانیارییەکان پێشکەوتووتر دەکات؟ هەروەک چۆن سابۆتاژ- کردەی هەڵدانی پێڵاوەدارینەی (سابۆ)ـی کرێکاران بۆ نێو مەکینەی کارگەکان- توانی بە تەواویی مەکینەکان پەک بخات، ئاواش بۆ دولۆز، ڤایرۆساوییکردنی کۆمپیوتەرەکان ڕۆڵی تێکدەر دەگێڕێت. بەڵام ڤایرۆسەکان هەڕەمەکیی و کوێرانە تۆڕەکانی کۆمپیوتەر لەکار دەخەن، بۆ نموونە لەکارخستنی ئەو تۆڕانەی هەوڵ دەدەن فەزای تەختی «شایستە» درووست بکەن. دولۆز پێشنیاری ئەوە دەکات یەکێک لە ئەگەرەکانی دەربازبوون لە کۆنترۆڵ، بریتییە لە درووستکردنی بۆشایی دەرەپەیوەندیی یان سووڕشکێن لە ئاستی مایکرۆپۆلیتیک (وردەسیاسەت)ـدا (Deleuze 1995: 175). ئەمە لە کاتێکدا دولۆز هەم هەڵکشانی دژوارییەکانی بەرەنگاربوونەوە و هەم لاوازیی بوونبە- کەمینەیەکی گشتگیر دەناسێتەوە، دولۆز نەک تەنیا پێویستیی درووستکردنی ڕەگەتۆڕ و هێڵەکان بەرباس دەدات، بەڵکوو پێویستیی پەنابردنی بێوچان بۆ ماشێنە جەنگییەکان لە سەردەمێکی نوێی دیجیتاڵییدا دەخاتە ڕوو، ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ سڕینەوەی ئەو بەها باڵادەستانەیە کە لە ڕوانگەی ئەوەوە بوونەتە هاوواتای سەرمایەداریی و بازاڕگەریی.

گۆتاریی کەمتر جەخت لەسەر پچڕان دەکات تا هەڵخلیسکانی پێشکەوتووانەی بەهاکان، واتە ئەوەی ناوی دەنێت؛ گۆڕانی بەردەوامی هەستیاریی و ئارەزوو و زیرەکیی. گۆتاریی لە سێ ئیکۆلۆژیا (٢٠٠٠) و کایۆسمۆس (١٩٩٥)ـدا، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ و ١٩٩٢ لە فەڕەنسا بڵاو کراونەتەوە، ئەوەندە پێشهاتە نوێیەکانی وەک میدیای گشتییی- بە تایبەت تەلەفزیۆن و فیلم- سەرکۆنە ناکات، بەڵکوو پێ لەسەر گرنگیی بنیادنانەوەی سووژە دادەگرێت، ئەو هەڵوێستەی وا سەرەتا نەختێک سەرسووڕهێنەرە. گۆتاریی هاوڕا لەگەڵ دولۆز دەنووسێت؛ میدیاکان هەموو شتێکیان بۆ یەکشێوەیی داکشاندووە: بەکاربەرانی سەرانسەری جیهان یەک خەیاڵدانیان هەیە؛ ڕاستینەی هەستیارییان ئاو لە هەمان خۆراکی هزریی دەخواتەوە. بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی ڕوو بدات، گەرەکە ئەو سوبژێکتیڤیەتە هاوچەشنانەی میدیای گشتییی بەرهەمی هێناون، جێی خۆیان بە پرۆسەکانی سووژەسازیی بدەنەوە، ئەمە هاوشێوەی ئەو شتەیە وا لە بەرهەمە سەرەتاییەکانیاندا لە سەریان نووسیوە. دەبێت فەزاکان بە دەساوێژی بەرخۆدانی تاکەکەسیی و بەکۆمەڵ، واڵا بکرێن، گۆتاریی  پێی وایە؛ ئەمە لە سۆنگەی پشکنین و ڕێکخستنی سیاسەتی جوانیناسیی و ئەخلاقەوە بەردەوام دەبێت. سووژەی تاک و کۆمەڵ دەتوانن لە ناوەوە کار لێک دەکەن. وەک گۆتاریی ڕوونی دەکاتەوە: «شتێک خۆی دادەبڕێت و بۆ خۆی دەستبەکار دەبێت، ڕێکاوڕێک وەک ئەوەی دەتوانێت بۆ تۆ دەستبەکار بێت، ئەمە گەر بتوانی خۆت فڕێ بدەیتە نێو  پێواژۆیەکی بەو ڕەنگە» (Guattari 1995: 132-3). ئەم پرسیارە تازانە پانتایی دامەزراوەکانی وەک خێزان، خوێندنگە و دەوڵەت دەگرنەوە. هەروەها دەکرێت سووژەکان بکەونە بن باندۆری دەرەوەش. گۆتاریی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی وەبیر ئەو کەسانە دێنێتەوە وا لە پێگەی دەستێوەردانی دەروونی ئەوانی تردان –جا چ لە بوارەکانی تەلارسازیی و پەروەردەدا بن یان مۆد و خواردن و شارنشینیی–. گۆتاریی ئەم جۆرە بەرخۆدان و دەستێوەردانانەی لە ڕەق و شەڕانگێزیی پێ باشترە، کە بە بۆچوونی ئەو هێشتا گرێدراوی سەرسپاردنە بە حزبی کۆمۆنیست.

گۆتاریی ئازارێکی زۆری دەچێشت بۆ جیاکردنەوەی  ئەو خوڵقاندنە ساختە ڤیتامین دەرخوارددراوەی وا بەشێکە لە سیستەمی سەرمایەداریی و ئەو داهێنانە نوێیەی دواجار فەزای نوێ دەکاتەوە (Guattari 1995:132). ئەو ستایشی سوبژێکتیڤیتی دەسگیرۆدەی کۆمپیوتەر دەکات، هاوکاتی ئەمە مافی درووستکردنی ئەو هەرێمە هزرییانە دەدات وا بە هیچ خاکێکەوە نەگیرساونەتەوە و بۆ سنوورەکانی پێشوو بەرتەسک نەکراونەتەوە. گۆتاریی، وێڕای ئەوەی  بەردەوام داکۆکیی لە گرنگیی هێڵ و بازدان دەکات، ئاماژە بە ڕەگەتۆڕ و ماشینە جەنگییەکان دەدات، بەڵام ئێستا بە چاوخشاندنێک بە تیۆری ئاڵۆزیی ئیلیا پریگۆژین و ئیزابێل ستەنجر، واتە بە هەڵبەستنی پەیوەندیی لە نێوان ئەو سیستەمانەی هەمیشە دەرەناوەند و جووڵەزان و لە لێواری دووبەشبووندان. لە جیهانێکی ڕوو لە یەکڕەنگییدا، گرنگە سەرهەڵدانی فۆڕمی نوێ – تەنانەت فۆرمەکانی بازدانیش – واتە گرێچنی تاک و کۆمەڵی نوێ، ئەگەردار بکرێن. گۆتاریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بیرکردنەوە درەختئاسا باڵادەستەی میدیاکان لە بەرگی فەزای زانیاریی تەختدا سەپاندوویانە، بەردەوامە لە بەرگریی لە لەقەڵەمڕەوخستن، ئەویش لە ڕێی بەرخۆدانی داهێنەرانەوە، واتە لە ڕێی هەموو ئەو هونەرانەی کۆمپیوتەرەکانیش دەگرنەوە و ناوی دەنێت هەمەچەشنیی  میکانیکیی. ئەم هەمەچەشنییە میکانیکییە چیتر وەک ساڵانی جەنگی سارد ئەلتەرناتیڤ پێشنیار ناکات، بەڵکوو گۆڕانکارییەکی ناوەناوەی بەهاکانە و دەکرێت بازدانێکی کۆتایی لێ بکەوێتەوە.

بۆ دولۆز بەرگریی بریتییە لە واڵاکردنی بۆشایی و پچڕانی ڕەوتی پەیوەندیی. گۆتاریی وای دەبینێت وەرچەخان لە ئەنجامی خلیسکانی بەهاکانەوەیە و دەبێتە هۆی دووبەشبوون. بۆ ئەم دوو فەیلەسووف و دەروونشیکارە، میدیای دیجیتاڵیی ئەگەری خوڵقاندن پێشکەش دەکات، بەڵام چڕبوونەوەی ئەو سەرمایەدارییە جیهانییەی دولۆز بە «بەرهەمهێنەری نائاسایی سامان و نەهامەتیی» پێناسی دەکات (Deleuze 1995: 172) و هەڵکشانی تیکەڵاویی لەگەڵ میدیای نوێ، تا دێت بەرخۆدان قورستر دەکات. لەگەڵ هێرشی جیهانی دیجیتاڵییدا، وابەستەبوونێکی بەهێز بە پەیوەندییەوە دەڕسکێت، دولۆز و گۆتاریی پێیان وایە، ئەمە دەرگا لە سەر بڵاوبوونەوەی ڕێکلام و بازاڕگەریی دەخاتە سەر پشت. مسۆگەر بەرخۆدان، وەک ئەوەی لە دەیەی شەست ناسرابوو، کز داگەڕاوە. پەرگاڵی باڵادەست تا سنوورێکی باڵکێش بە سەر ئەو ماشێنە جەنگییانەدا زاڵدەست بووە وا بە شێوەیەکی داهێنەرانە گەڵاڵە بوون. لێکدانەوەی بەپەلە جێی مەیلی تاقیکردنەوەی کۆمەڵایەتیی مارکسیزمی گرتووەتەوە. دەتوانین بێژین لە ساڵی ١٩٨٩ـەوە، کە گۆتاریی ڕاستەوخۆ دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت ‘سێ ئیکۆلۆژیا’[18]ـی نووسی، جیهانگیریی کۆتایی بە دژایەتیی سەرمایەداری هێنا. دولۆز پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو؛ بەها ڕکابەرەکانی سەرمایەداریی لە ئەنجامی کێبڕکێی مووچە، یان ئەوەی ناوی دەنێت «قۆناغێکی قووڵتری پێواژۆی دەستکاریی کرێی کار»، نێوەکیی بوونەتەوە. بۆ سەرکۆنەی سەرمایەداریی، گۆتاریی هەڵسەنگاندنێک دەکات، ئەویش لە نێوان ئەو ماسییانەی بەهۆی ئاوی پیسەوە کوژراون و ئەو مرۆڤانەی بە شێوەیەکی ڕەمزیی بەهۆی پلانی چۆڵکردنی نیویۆرک و ئەتڵانتیک دۆناڵد ترەمپ کوشتوونی (Guattari 2000:43). پێ ناچێت ئەو خوێنەرە هاوچەرخەی بە بەرنامەی بەناوبانگی ئەم دواییەی کەناڵی ئێن بی سی (The Apprentice) ئاشنایە، بتوانێت لەم لۆژیکە تێبگات. وەک ئیتیان بالیبار (2004) دەڵێت، لەم قۆناغەدا هیچ بەرگرییەکی ڕێکخراو دژی جیهانگیریی لەگۆڕی نییە. ڕاستییەکەی بالیبار ڕەخنە لە خودی چەمکی فەزای تەختی دولۆز و گۆتاریی دەگرێت، چونکە پێی وایە سووکوئاسان بووەتە گەمەی دەستی سەرمایەداریی جیهانیی. لەبری ئەوە باسی جۆرێک لە بەرخۆدانی نواندن دەکات، ئەویش لە ڕێی شتێکی وەک کردەی زارەکییەوە. ئەو بەرخۆدانەی لە سۆنگەی سەربارخستنی هەندێک لایەنی نەرێنیی، دەتوانێت بەردەوام گوتاریی باڵادەست دابڕێژێتەوە.

بەڵام ئەم پێشنیازەی بالیبار پێی باشە بیری لێ بکاتەوە، لەو شتە دوور نییە وا دولۆز و گۆتاریی لە ڕێی چەمکەکانی نەخشەسازیی و لەقەڵەمڕەوخستن و بەقەڵەمڕەوکردنەوەی بەردەوامدا بانگەشەی بۆ دەکەن. لە کاتێکدا گۆتاریی ئیدانەی میدیای نوێ دەکات کە فۆڕمی کەسنەدیوی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتیی ئەگەردار کردووە، بەڵام بە تایبەت وەک سازێنەری ئەگەرێکی تازە تێیان دەنۆڕێت. دولۆز پێی وایە؛ دۆخی کاروبارەکان لە کۆمەڵگەی کۆنترۆڵکراودا نە باشترە نە خراپتر، ئەو دەنووسێت: «پرسیارەکە ئەوە نییە کام سیستەمی کۆن و نوێ دژوارترە یان زیاتر بەرگە دەگیرێت، چونکە لە هەردووکیاندا کێشمەکێشی ئەو ڕێگایانە هەیە وا ئێمە ڕزگار و کۆیلە دەکەن» (Deleuze 1995:178). هەرچەندە ژمارەی دووانەیی دیجیتاڵ دەبێتە هۆی ناوەندگەرایی و پلەداریی، بەڵام ئەم دوو فەیلەسوف و دەروونشیکارە بەردەوامن لە بانگەشەی ئەوەی ئەوە میدیای نوێ نییە داخستن و کرانەوە ئەگەردار دەکات، بەڵکوو شێوازی بەکارهێنانیانە لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا. لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەوە چڕبوونەوەی سەرمایەداریی و دەستبەسەرداگرتنی میدیایە لەلایەن نوخبە باڵادەستەکانەوە کە سووژەی زۆمبیئاسا بار دێنێت و مرۆڤ لە بیری داهێنەرانە بێبەش دەکات. بۆ ئەوان ئەمە پرسی پێوەریشە. بازاڕگەریی و فیتیشیزەکردنی بێوێنەی پارە بە مەرامی جڵەوی خەیاڵ و ڕاماڵینی ئارەزووی بەرخۆدان و ڕزگاریی.

کەواتە با جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ ڕەگەتۆڕ و فەزای تەخت و ماشێنە جەنگییەکان لە ئەمڕۆدا. ئاوا دە ساڵێک لەمەوبەر، دولۆز زووتر لە گۆتاریی گەیشتە ئەو باوەڕەی میدیای نوێ، ئاسانکاریی بۆ پەیوەندیی و سەرمایەداریی دەکات و بەرخۆدان فرە دژوار دەکات. گۆتاریی بۆ ئەوەی لەو دۆخە تەزێنەرەی هەنووکە ڕامانچڵەکێنێت و تێکی بدات، بۆ ئاسۆی بەرخۆدانی داهێنەرانە هەنگاوی لێ هەڵدەگرێت. ئەو داوای تێگەیشتنی هەستیاریی و ئارەزووی نوێ دەکات. بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو میدیا نوێیانەی بۆ دولۆز و گۆتاریی نامۆ بوون، دەتوانین بێژین؛ مرۆڤەکان هێند ئاسان کۆنترۆڵ ناکرێن. ڕاستییەکەی تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵییەکان دەتوانن یارمەتیی خەڵک بدەن تا بە شێوازی داهێنەرانە بەرەنگار ببنەوە. ئەگەر ماشێنەکان ناوەندگەرایی و پلەبەندیی نوێ و ڕێڕەوی پێشوەختە دیارییکراو پەیڕەو بکەن، لێ پەیوەندیی سەرەوە بۆ خوارەوە (پلەداریی) و پێکهاتەکانی پەیوەست بەمە، ئەگەر نەکردەش نەبن، لانیکەم تا دێت دژوارتر دەبن. وەک چۆن دولۆز و گۆتاریی هەمیشە پێیان لە سەر دادەگرت، دەکرێت ڕەگەتۆڕ باش بێت یان خراپ. دوژمن دەتوانێت فەزای تەخت و ماشینە جەنگییەکان داگیر بکات. بەڵام لەگەڵ لەدایکبوونی میدیای نوێ، هاوکات بووینەتە گۆڤانی پەرەسەندنی داهێنان و بەرخۆدان. گرنگ لێرەدا دابەشکردنی میدیای نوێ و هەڵکشاندنی یەکسانییە لە دەستڕاگەیشتن پێیدا، ئەمەش وەک زاراوە دەستکارییکراوەکەی فۆکۆ دەبێژێت؛ بۆ پاڵپشتیی فراوانکردنی مەعریفە و داوەشاندنی دەسەڵات.

خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا پتر دەستیان بە ماشێنە هەرزانەکاندا ڕادەگات- بە تایبەت کامێرای ڤیدیۆیی و وێبکامەکان- ئەمانە توانای داهێنەرانە و بەرەنگاریی دەسەڵاتیان دەدەنێ، ئەویش لە ڕێی داهێنانی شێوازی نوێی نووسین و بەرهەمهێنانی وێنەوە. ئەگەر تەکنۆلۆژیای نوێ لەم جۆرە «دەستبەسەرداگرتن»ـە دیجیتاڵییەی جیهانی یەکەمدا بەرهەمدار بێت، ئەوا لە جیهانی سێیەمیشدا گرنگە، کە ماشێنەکان وەک ئامڕازی بەرخۆدان دژی فۆرمە جۆراوجۆرەکانی چەوساندنەوەی ناوخۆیی و جیهانیی بەکار دەهێنرێن. بەرخۆدانێکی جیهانیی لەگۆڕێیە، تەنانەت ئەگەر ڕێکخراویش نەبێت؛ ئێستا نەک تەنیا بنکەی دەسەڵات، بەڵکوو چەندین دەستەی بچووکی بەرخۆدانی داهێنەرانەش هەن. دەتوانین بڵێین ئێستا، پانزە ساڵ پاش بڵاوبوونەوەی بابەتەکەی گۆتاریی، درووستکردنی هەستیاریی و ئارەزوو و زیرەکیی نوێ لە گشت جێیەک، بە وردیی و یارمەتیی میدیای نوێ پاوەجێ دەبێت.

هەرچەندە ڕەنگە میدیای نوێ لە سۆنگەی یەکڕەنگکردنی سووژەکانەوە، داخستن و نایەکسانیی کۆمەڵایەتیی نوێی ڕەنگڕێژ کردبێت، بەڵام هاوکات کۆنترۆڵی تەواو پەرج دەداتەوە و هاوپەیمانیی نو‌ێش بە خێرایییەکی زیاتر ئەگەردار دەکات. میشێل دی سێرتۆ پێشتر لە پەڕتووکی دەستبەسەرداگرتنی ئاخاوتندا نووسیبووی؛ لە هەر شوێنێک ئیمەیڵ هەبێت، ستەمکاریی لەگۆڕی نییە. ئەو نهێنییە ڕەهایەی دەسەڵات پشتی پێ بەستبوو، نەکردەنیی بووەتەوە. ئێستا «دەستەبژێری دەسەڵات»ـیش بەشێکن لە گێژاوی جیهانیی. زۆر جار خواستی کۆنتڕۆڵکردن لە ڕێی میدیا و دەستەبژێری دەسەڵاتی نوێوە بە هەڵە وەک ڕاستیی دەڕاستێنرێت. ژینگە کۆمەڵایەتییەکان، بە پێچەوانەی ئەوەی ئادۆرنۆ (2001) سەبارەت بە میدیای نوێ دەیڵێت و پێچەوانەی ئەوەی پێ دەچێت دولۆز و گۆتاریی تەنانەت ئاماژەیان پێ کردبێت، لە سەرەوەڕا کۆنتڕۆڵ و دەستەمۆ نەکراون، یان تەنانەت لەلایەن میدیاوە دەستکاریی نەکراون. میدیای نوێ لە ڕێی بازاڕگەریی و ڕیکلامەوە هەمان شت بەرهەم دەهێنێت، بەڵام داهێنانی ناوازەش ئەگەردار دەکات – تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت. دەستڕاگەیشتن و دەرەقەتهاتنی ئابووریی کۆمەڵێک میدیای نوێ یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانی هۆشیاریی و کاراکردنی بۆ ئەو پۆلێنە کۆمەڵایەتییە تازانەی وا شێوازێکی سەرپاک جیاواز بۆ بوون و مامەڵە وەک سووژەی تاک و کۆمەڵ لە جیهاندا بەرهەم دەهێنن. ئەم شێوازە نوێیانەی بوون و نواندن، بۆ بەستنەوە و خوڵقاندن، یارمەتیدەرمانە بۆ دووبارە بیرکردنەوە و تەنانەت دەرچوون لەو دامەزراوانەی دولۆز و گۆتاریی وەک دەوڵەت-نەتەوە سەرکۆنە و سەرزەنشتیان کردوون. لە سۆنگەی ڕەتکردنەوەی پێکهاتە کۆنەکانی لەخۆگر و دەرپەڕێنەرەوە، مرۆڤەکان بە شێوەیەکی ڕەگەتۆڕیی پێکەوە گرێ دەدرێن؛ کاتێک بەهۆی دۆزێکەوە کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانیان ڕاهێڵی یەکیان دەکەن، فەزاکان واڵا دەکەن و ماشێنی جەنگیی درووست دەکەن. دیسان وەک دولۆز و گۆتاریی چەندین جار جەختی لێ دەکەنەوە، ڕەگەتۆڕ و ماشینە جەنگییەکان دەتوانن باش بن یان خراپ. دەتوانرێت لەلایەن «جەنگخوازان»، دەستەبژێری دەسەڵات، یان تیرۆریستانەوە بۆ هەڵبەستنی تۆڕی پەیوەندیی لە سەرانسەری جیهاندا بەکار بهێنرێن.

دولۆز و گۆتاریی پێشبینیان کردبوو کە سوبژێکتیڤیتەی دەسگیرۆدەی کۆمپیوتەری نوێ، ڕۆژانە زیاتر بڵاو دەبنەوە. برۆنۆ لاتۆر بە یاریدەی چەمکی ڕەگەتۆڕی دولۆز و گۆتاریی، ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتێکدا لە کۆمەڵگا ساردەکاندا پێکهاتەی خزمایەتیی ڕەقە، تاکەکان ناسنامەیەکی چەسپیویان هەیە و سەرسەختانە لە پێگەی خۆیاندا ڕەگیان داکوتاوە، لێ لە کۆمەڵگا گەرمەکانی وەک کۆمەڵگەی ئێمە، شووناسەکان جێگیر نین. فرە کەڕەت شووناسەکان لە میدیای نوێوە سەرچاوە دەگرن؛ بە شێوەیەکی کاتیی لە شوێنی یەکتربڕی کۆمەڵێک هێڵی زۆردا سەر هەڵدەدەن (Latour and Hernant 1998:72)، ئەم پێشهاتانە بە هیچ شێوەیەک مرۆڤایەتیی لە مرۆڤبوون ناخەن و فەزای نوێ بۆ مرۆڤ دەکەنەوە. دولۆز و گۆتاریی چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە ڕەقانەی لە کۆمەڵگە دیسپلینکراوەکاندا بە دەسەڵاتە باڵادەستەکانەوە بەستراونەتەوە، دەبنە هۆی زیندانیکردنی ئۆدیبیی سووژە. ڕاماڵینی نەزمی هێمای سنووردار لە ژێر کاریگەریی میدیای نوێ و درووستکردنی کایەی ئەبستراکت (مۆسیقا و فیلم)، زیاتر ئەو جۆرە ئۆتۆنۆمییە بەرەوپێش دەبات وا بۆدریار (1983، 1996) لە مژاری ئۆبژەکان و مەسرەفگەرایی شیکاریی بۆ کردووە. لەگەڵ ژاکانی نەریتە تەقلیدییەکان، کوتوبەندی فەزاکان سست دەبن و مرۆڤەکان لە داهێنانی فەزای خۆیاندا ئازادن. ئەگەر یەکڕەنگکردن هەبێت، ئەوا چالاکیی ڕەگەتۆڕیی بێوێنە و هەڵکشانی دەستڕاگەیشتن بەو ماشێنە لێهاتووانەی جەنگیش هەیە وا بەردەوام فەزای تەختی کۆمەڵگەی سەربازیی-زانیاریی دەگۆڕن.

ئەوەی بۆ تاک ڕاستە، بۆ کۆمەڵیش دەگونجێت. ساڵی ٢٠٠١، دەیڤید ڕوودویک بە کورتیی باسی داهاتووی فەزای گشتییی لە ئینتەرنێتدا دەکات؛ ساڵانێک دواتر، فەزای گشتیی لە میدیای نوێدا زیاتر پەرەی پێ دەدرێت (Anderson et al. 2006; Poster 2006). ژمارەی ماڵپەڕەکان لە یوتیوب، مایسپەیس، فەیسبووک و شوێنەکانی تر، هەمیشە لە هەڵکشاندان و ئەو هەرێمە دەروونییە دەساچێن وا مامەڵە لەگەڵ هەزاران بابەتدا دەکات، لە بابەتی کەسییەوە بۆ سیاسیی. ئەو کەسانەی سەردانی ئەم پێگانە دەکەن، زۆر جار خەریکی بەرخۆدانی داهێنەرانەن، هەرچەندە بە دەگمەن ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی خودی سەرمایەداریی دەبنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، پەردە لە سەر خراپبەکارهێنان و ئابڕووچوونەکانی لە بازرگانیی و حکومەتدا هەڵدەماڵن. میدیای نوێ، وێڕای ئەوەی لەسەر دووانەیی دیجیتاڵ کار دەکات و توانای درووستکردنی ناوەندی دەسەڵاتی هەیە، بەڵام لە میدیا کۆنەکان ئاسانتر و بەگوڕتر ئاسانکاریی بۆ لەقەڵەمڕەوخستن و بەقەڵەمڕەوکردنەوە دەکات. ئەو کەسانەی سەردانی ئەم پێگانە دەکەن، زیاتر بەهۆی ئارەزووی هاوبەشەوە پاڵنەریان لا دەڕسکێت نەک هەستی حزبیی پلەداریی.

ئێمە چەمکی میدیای نوێمان بەکار هێناوە تا کۆمپیوتەر و مۆبایل و وێبکام و  ڤیدیۆکام و سی دی بگرێتەوە. بە یارمەتیی بۆچوونەکانی دولۆز و گۆتاریی، کە زۆر جار پێغەمبەرانەن، هەوڵمان داوە پێداچوونەوە بە مۆدێلەکانی ئێستای زاڵبوون و کۆنترۆڵدا بکەین، هاوکات ئەو شوێنانە بدۆزینەوە وا ئەگەری بەردەوامیی هەڵهاتنیان تێدایە. جیهانی دیجیتاڵیی فۆڕمی نوێی چەوسانەوە دەگرێتەوە -هێشتنەوە لە دۆخی نەبەکامیی و کۆنترۆڵکردنی سووژە و درووستکردنی نایەکسانیی نوێ- بەڵام فۆرمەکانی ڕزگاریی (ئازادیی بۆ پەیوەندیی و کردنەوەی فەزای نوێ) دەگرێتەوە. ئەمانە ئەو ئەرکانەن وا ماشێنەکان لە ڕژێمێکی دیاریکراودا جێبەجێ و هێڵکێشی دەکەن تا بزانن دەبێت کام فۆڕمی کۆنترۆڵ ڕۆڵ بگێڕێت. ئەگەر میدیای نوێ هاوکات چەوسێنەر و پاوانکاریش بێت، ئەوا پێچەوانەکەشی ڕاستە. پێوەرەکان لە جیهان و دنیای دیجیتاڵییدا، گۆڕاون، بۆ نموونە؛ پێوەرەکانی بەرخۆدان. جگە لەمەش، سەردەمی پاش ١٩٦٨، کاتێك دولۆز و گۆتاریی چەمکەکانیان پەرە پێ دا، بەرخۆدان کەمتر دژی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیی بە پێودانگی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمە، بەڵکوو پتر لەمەڕ نادادپەروەرییە تایبەتیی و سیاسیی و ئابووریی، کەلتووریی و ئیکۆلۆژییەکانەوەیەوە. ئەو سەرمایەدارییەی دولۆز و گۆتاریی وەک تاوانبارێکی سەرەکیی ناودێریان کرد و پێداگرییان لە سەر ئەوە دەکرد کە دەبێت مرۆڤ دژی بجەنگێت، جێگەی خۆی داوەتە درووشمە گشتگیرەکانی دیموکراسیی و مافەکانی مرۆڤ. پرسی ئەمڕۆ درووستکردنی دیموکراسیی [نوێ]ـیە نەک دژایەتیی سەرمایەداریی. دەکرێت چەمکی نوێی وەک فەزای تەخت، هەم وەک فۆرمێکی بەرخۆدان بەکار بهێنرێت، هەمیش  لەلایەن زلهێزە باڵادەستەکانەوە داگیر بکرێت. وەک دێریدا ساڵی ٢٠٠٣ نووسیوێتی، پەیڤی «دیموکراسیی» فرەتر بووەتە کڵێشە. دیموکراسیی خۆی سیستەمێکی تەواوکۆ نییە، بەڵکوو یەکێکە لەو سیستە دەگمەنانەی وا پێکهاتەکەی ڕێی پێ دەدات تا بەردەوام لە کامڵبووندا بێت.

میدیای نوێ دەتوانێت خراپترین بەرەنجامی لێ بکەوێتەوە، وەک بنیادنانی ئەو کۆمەڵگە زانیاریی–سەربازییانەی وا لە ڕەگەتۆڕی ساختە و فەزای تەختی هەڵفریوێن و ماشێنی جەنگی ساختە هەڵژەنراون، هەروەسا دەکرێت بەرەنجامی باشیشی لێ بکەوێتەوە، وەک داهێنانی ڕەگەتۆڕی بێوێنە و کرانەوەی فەزای نوێ. ئەگەر هەموو کارە داهێنەرانەکان گۆڕانکاریی بەدوای خۆیاندا نەهێنن، ئەوا لانیکەم هەندێکیان دەیهێنن. هەندێک کار هێڵی نەرمونیان درووست دەکەن – تەنانەت هێڵی هەڵهاتنیش – ئەمە گرێچنی تاک و کۆمەڵ ڕێک دەخاتەوە. وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو مەترسییە کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییەی دیجیتاڵ میدیا و جیهانگیریی درووستی دەکات. میشێل فرۆدۆن، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کایە دو سینەما، سوود لە کارەکانی دولۆز و گۆتاریی دەبنیێت، ئەو نیشانی دەدات کە مرۆڤەکان کاتێک دەخوڵقێن، نازانن ئایا لە نێو ڕۆڵە جڤاکییەکەیاندا جووڵەی کۆمەڵایەتیی دەکەن یان ڕاستییەکەی کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕۆڵە جڤاکییانەیان دەکەن، سا جیاوازیی بەرهەم دەهێنن و هەڵدەسووڕێنن، ئەمەش لەگەڵ پەرگاڵی باڵادەستی جیهانییدا ناگونجێت. ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات؛ هیچ وەڵامێکی ڕاست و درووست لەگۆڕێ نییە، بەڵکوو تەنیا هەزاران تاقیکردنەوە هەن.

پاش ئەوەی ڕەگەتۆڕە داهێنەرەکان و ئەو ماشێنە جەنگییە ئەفسانەییانەی ساڵانی شەست یارمەتیی خوێندکاران و ژنان و گەلانی ژێردەست و داگیرکراوییان دا تا خۆیان ڕزگار بکەن، ئەوا ئەو هاوتا دیجیتاڵییانەیان وا بەهێزتر بوون، دەتوانن گوڕ بە خەڵک بدەن تا بە شێوازێکی نوێ دەست بەسەر کات و شوێندا بگرن. ئەمە کاری ئێمەیە فێر بین چۆن سەرچاوە تەکنۆلۆژییە پێویستەکان بەکار بهێنین، هەم بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی داهێنەرانە بەرەنگاری ستراتیژیی باڵادەستان ببینەوە و هەم پەیوەندییە ڕەگەتۆڕییە بێهەژمارەکان تاقی بکەینەوە.

تێبینیئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥١، [پاییز٢٠٢٦بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”

بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە 

دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت

سەرچاوەکان:

Adorno, T. (2001), The Culture Industry: Essays on Mass Culture, New York and London: Routledge

Anderson, J. W., J. Dean and G. Lovink (eds) (2006), Reformatting Politics:

Information Technology and Global Civil Society, London and New York:

Routledge

Balibar, E. (2004), We, the People of Europe? Reflections on Transnational

Citizenship, trans. J. Swenson, Princeton: Princeton University Press.

Baudrillard, J. (1983), Simulations, trans. P. Foss, P. Patton and P. Beitchman, New

York: Semiotext(e).

Baudrillard, J. (1996), System of Objects, trans. J. Benedict, New York: Verso.

Bogue, R. (2003a), Deleuze on Literature, London and New York: Routledge.

Bogue, R. (2003b), Deleuze on Music, Painting, and the Arts, London and New

York: Routledge.

De Certeau, M. (1997), The Capture of Speech, trans. T. Conley, Minneapolis:

University of Minnesota Press.

Deleuze, G. (1986), Foucault, Paris: Les Editions de Minuit.

Deleuze, G. (1988), Le Pli: Leibniz et le Baroque, Paris: Les Editions de Minuit.

Deleuze, G. (1989), Cinema 2: The Time-Image, trans. H. Tomlinson and R. Galeta,

Minneapolis: University of Minnesota Press.

Deleuze, G. (1995), Negotiations, trans. M. Joughin, New

 York: Columbia

University Press.

Deleuze, G. (2005), Cinema 1: The Movement-Image, trans.

  1. Tomlinson and B.

Habberjam, New York: Continuum.

Deleuze, G. and F. Guattari (1987), A Thousand Plateaus, trans. B. Massumi,

Minneapolis: University of Minnesota Press.

Derrida, J. (2003), Voyous: Deux Essais sur la Raison, Paris: Galilée.

Frodon, J-M. (2006), L’art du Cinéma dans le Monde    Contemporain à l’âge du

Numérique et de la Mondialisation, Paris: Cahiers du cinéma.

Fruin, N. W. and N. Montfort (2003), The New Media

 Reader, Cambridge, MA:

MIT Press.

Guattari, F. (1995), Chaosmosis, trans. P. Bains and J. Pefanis, Bloomington: Indiana

University Press.

Guattari, F. (2000), The Three Ecologies, trans. G. Genosko, London: Athlone

Press.

Latour, B. and E. Hernant (1998), Paris: Ville invisible, Paris: La Découverte.

Poster, M. (2006), Cyberdemocracy and the Public Sphere, Durham: Duke University

Press.

Rodowick, D. (2001), Reading the Figural, or, Philosophy After the New Media,

Durham: Duke University Press.

Virilio, P. (2000), The Information Bomb, trans. C. Turner, London: Verso

سەرچاوەی وەرگێڕانەکە:

Verena Andermatt Colney. “Of Rhizomes, Smooth Space, War Machines and New Media” in Deleuze and New Technology, ed. David Savat, Mark Poster( Edinburg university press, 2009), 32-43

[1]. Assemblage

[2] .Inclusion

[3]. Exclusion

[4].Rhizome

[5].Computer-assisted

[6] .Binary

[7]. And

[8]. Deterritorialization

[9]. Reterritorialization

[10].Chaosmosis.   لە فەلسەفەی فێلیکس گۆتارییدا، کایۆسمۆز ئاماژەیە بۆ ئەو پێواژۆ بەردەوام و چالاکەی بە هۆیەوە ئاژاوە (کایۆس) و ڕێکوپێکیی (گەردوون)، تێکەڵ دەبن و فۆڕمی نوێی سوبژێکتیڤییەت و واتا بەرهەم دەهێنن. ئەم چەمکە ناوەندی کارە کۆتاییەکەیە، کایۆسمۆز: پارادایمێکی ئەخلاقیی-جوانییناسییە (١٩٩٢)، جا باسی ئەوە دەکات سوبژێکتیڤییەت جەوهەرێکی جێگیر نییە، بەڵکوو بنیادێکی شل و هەمیشە پەرەسەندووە و لە ژێر کاریگەریی هێزە جۆراوجۆرەکاندایە، هەروەتر  ئاڵنگاریی  چەمکە نەریتییەکانی ناسنامە و پێکهاتە جێگیرەکان دەکات.

[11]Osmosis:  بڵاوبوونەوەی ئاو یان توێنەرێکی ترە، لە گیراوە ڕوونتر (تواوە)ـکەوە بۆ  نێو پەردەیەکی نیمچەتێپەڕ، بەپێی توێنەر. لە بەستێنی فەلسەفیی کایۆسمۆزی فێلیکس گۆتارییدا، ئۆزمۆز ئاماژەیە بۆ گۆڕینەوەی تێپەڕین لە نێوان جیهانە جیاوازەکاندا.

[12]. Resemblance

[13]. Similitude

[14] ئەو مادەدیەی شریتی فیلمە سینەماییەکانی لێ درووست دەکرا.

[15] .Deleuze, G. (1986), Foucault, Paris: Les Editions de Minuit

[16]. Deleuze, G. (1988), Le Pli: Leibniz et Ie Baroque, Paris: Les Editions de Minuit.

[17]. Frayage

[18]. Les trois écologies. Paris: Editions Galilée.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.