سەبارەت بە دوا گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزی کوردستان
حەمید بۆزئەرسەلان لە دیدارێکدا تیشک دەخاتە سەر پێگەی ڕۆژئاڤا، پارادایمی دیموکراتیک و مەترسییەکانی لۆژیکی دەوڵەت و ئومەت.

حەمید بۆزئەرسەلان
دیدار: محەمەد تاتڵی
سەبارەت بە دوا گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزی کوردستان
مەحەمەد تاتڵی: لە میدیاسکۆپەوە سڵاو و ڕێز بۆ هەمووان. لەگەڵ یەکەم ئەڵقەی بەرنامە نوێیەکەمانداین بە ناوی “کورد و جیهانی نوێ”. میوانی هەمیشەیی بەرنامەکەمان پڕۆفیسۆر دکتۆر حەمید بۆزئەرسلانە. منیش وەک پێشکەشکارتان مەحمەد تاتڵی. لەم وەرزەی پەخشدا، بەپێی گۆڕانکاریی و خێرایی ڕۆژڤ، لە خزمەتتاندا دەبین. زۆربەتان مامۆستا حەمید دەناسن. بۆ ئەوانەی بۆ یەکەمجار دەیبینن یان زانیاریی تەواویان لەسەری نییە، دەمەوێت بە کورتی بیناسێنم. مامۆستا حەمید ئەکادیمیسیانێکی کوردە و خەڵکی باکووری کوردستانە و ماوەیەکی درێژە لە فەڕەنسا دەژی. لە ئێستادا لە قوتابخانەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پاریس، درێژە بە چالاکییەکانی دەدات لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مامۆستا حەمید نەک تەنها لە ڕای گشتیی تورکی و کوردی، بەڵکوو لەسەر ئاستی جیهانیشدا ناوبانگی هەیە. بەتایبەتی لە بواری کۆمەڵناسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی گەلان، ماوەیەکی درێژە بەدواداچوون بۆ بەرهەمەکانی دەکەم. سوپاسی تایبەتی دەکەم بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە تا ئەم بەرنامەیەی لەگەڵدا بکەم. مامۆستا بەخێر بێیت.
حەمید بۆزئەرسلان: بەخێر بێن، سوپاس. پیرۆزبایی ئەم بەرنامەیەت لێ دەکەم. لە کاتێکدا ئەم بەرنامەیە بەڕێوە دەچێت کە هەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم جوگرافیای تورکیا لە مەرجێکی زۆر سەختدا دەژین. پیرۆزە.
پ – زۆر سوپاس مامۆستا. مامۆستا ئەگەر ڕێگە بدەن بێ ئاڵۆزکردنی بابەتەکە ڕاستەوخۆ دەرفەت بدەم بە بۆچوونە بەنرخەکانت. دەمەوێت بە سووریا دەست پێ بکەم. پرسیارەکانم تا ڕادەیەک لەسەر بنەمای وڵاتان ئامادە کردووە. دوای سووریا دەچینە سەر تورکیا. لە سووریا دەزانن لەم دوو هەفتەیەی دواییدا بەتایبەتی پێشهاتی چاوەڕواننەکراو ڕوویان دا. هێزەکانی سووریای دیموکرات خۆیان هەڵوەشاندەوە. کۆمەڵێک سیاسی و کادری کورد بە ڕێبەرایەتی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، دەستیان بە بەشداری لە پێگە سیاسییەکانی دیمەشقدا کرد. هەندێک بە باشی دەبینن و هەندێک بە خراپ. هەندێک لە چوارچێوەی گشتگیریی مێژووییدا وەک دەستکەوت دەینوێنن، هەندێک لە ڕوانگەی ڕیالپۆلیتیکی ئێستاوە ڕەخنەیان لێ گرتووە. مامۆستا ئێمە چۆن لەمە تێبگەین؟
وەڵام – بێگومان پێم وابێت زۆربوونی ئەم لێکدانەوانە گرنگە. ڕەنگە پێویست بێت بەر لە هەموو شتێک ئەمە دەرببڕین. ڕوون نییە چ بەسەر سووریادا دێت. ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە. ئایا دەسەڵاتی نوێ لە سووریا دەستبەرداری پڕۆژەی گۆڕینی سووریا بۆ میرنشینێکی ئیسلامی دەبێت؟ ئایا هەنگاوێک بەرەو سووریایەکی دیموکراتیک دەنرێت؟ ئایا لە دینامیکێکی مەزهەبی دەردەچێت؟ ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. ئایا لە سیاسەتی چەکدارییەوە دەرچوون بەرەو سوپاسازیی و درووستکردنی پڕۆژەیەکی دەوڵەتی یاسایی و ئەقڵانی بەدی دێت؟ لە هەموو ئەم بابەتانەدا لە ئێستادا لە ناو نادیارییەکی گەورەداین. وەک کەسێک، زۆر قورسە بۆم کە گەشبینێکی تەواو بم. بابەتی دووەمیش ئەوەیە: سووریا لە ئێستادا وەک وڵاتێک وایە لە نێوان تورکیا و ئیسرائیلدا گیری کردووە. هەردوو وڵات گوشاری زۆر گەورەیان لەسەر سووریا هەیە. ئایا بابەتەکانی پەیوەست بە سووریاوە، دەکرێت ببنە سووریایی؟ ئایا ئیسرائیل ڕێگە بەمە دەدات؟ ئایا تورکیا ڕێگە بەمە دەدات؟ ئەمەش نازانرێت. ئەمە لە هەمان کاتدا بە واتای سنووردارکردنی سەربەخۆیی ناوەندەکانی کوردیش دێت لە سووریا. ئەوەی ڕوو دەدات هەرەسهێنان نییە. پێویستە بەتایبەتی ئاماژە بەوە بکرێت. بۆ ئاماژەدان بەوەش ڕەنگە بتوانین پەنا ببەینە بەر نموونەی ساڵی ١٩٧٥. هەرەسهێنانی بزووتنەوەی بارزانیی لە ساڵی ١٩٧٥، لە نێو کورددا بە شێوەیەکی گشتی وەک “ئاشبەتاڵ” هەڵدەسەنگێندرێت. ئاشبەتاڵ چییە؟ ئاشبەتاڵ، واتا ئاشی بەتاڵ، کە بە بەتاڵی دەسووڕێتەوە. خەباتێک بۆ ماوەی ١٥ ساڵ و وەدینەهاتنی هیچ ئەنجامێک لەم خەباتە. ئەمڕۆ لە خاڵێکی وەها دا نین. ڕۆژئاوا بە جۆرێک لە جۆرەکان بوونی هەیە. بڵێین ڕۆژئاوایەک نییە کە سێیەکی سووریا بگرێتەوە. لە هەموو بارۆدۆخێکدا بۆ بزووتنەوەی کورد ئەستەم بوو بیپاڕێزێت یان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ناوچە ناکوردییەکانی سووریادا بمێنیتەوە. ڕۆژئاوا هەیە. ڕۆژئاوا هەندێک دامەزراوەی هەیە. پێویستە ئەم دامەزراوانە بەهێز بكرێن. پێویستە بەتایبەتی ئاماژە بەوە بکەین کە تەنها یەکە سەربازییەکان نین ڕۆژئاوایان ڕاگرتووە. یەکە سەربازییەکان بێگومان لە سەردەمی داعشدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان گێڕا. ئەگەر ئەو یەکە سەربازییانە نەبان، بە ئەگەری زۆرەوە تێکشکاندنی داعش ئەستەم دەبوو. بەڵام لە ئێستادا پێویستە دامەزراوەی کوردی بەهێز بکرێت. دامەزراوەییبوونی کورد چییە؟ ئەم دامەزراوەییەی کورد بە تایبەت زانکۆکان، خوێندنگەکان، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، گرووپە شانۆییەکان، ڕێکخستنی ژنان، بەکۆمەڵایەتیکردنی گەنجان، ڕێکخستنی ئابووریی و شارەوانییەکانن. پێم وابێت لە ئێستادا گرنگترین بابەت کە چاوەڕێی ڕۆژئاڤا دەکات، پەرەپێدانی ئەم دامەزراوانەیە، ڕەوایەتیدانە بەم دامەزراوانە. هەروەها گۆڕینی خۆبەڕێوەبەرییە شارەوانییەکانی ڕۆژئاڤا بۆ خۆبەڕێوەبەرییەکی ڕاستەقینە، خۆبەڕێوەبەرییەکی شارەوانیی ڕاستەقینە. ئەمە لە هەمان کاتدا بێگومان دەکرێت پەرەسەندنی حکومەتی دیمەشقیش بێت. مەودای مانۆڕی کورد چی دەبێت و تا چەند بەرفراوان دەبێت، بێگومان لە ئێستادا بۆ من ئەستەمە دەستنیشانی بکەم. بەڵام پرۆسەیەک هەیە و وەک گوتم ئەم پرۆسەیە وەک پرۆسەی ساڵی ١٩٧٥ پرۆسەی ئاشبەتاڵ نییە. پێویستە لەمەدا هۆشیار بین.
پرسیار: مامۆستا، ئێوە لە یەکێک لە بەرنامەکانی پێشووتاندا کە بەشدار بوون، منیش لە تویتەر بڵاوم کردبووەوە، ڕستەیەکی وەهاتان گوتبوو: “لەم قۆناغەی هێرشەکانی حەلەبدا، چونکە کوردی ڕۆژئاڤا بەرخۆدانیان هەڵبژارد، توانیان ببنیە بکەر (ئەکتەر).” بەم واتایە ڕستەیەکتان دەربڕی. ئێستا ئەم ڕووداوە نوێیانە، لە چوارچێوەی چەمکی “بکەری سیاسی”دا، بە بڕوای ئێوە پێگەی کوردی ڕۆژئاوای لاواز کردووە؟ من هاوڕام لەگەڵ وتەکانتان. سەرنجیان لەسەر دامەزراوەییە. ئەمڕۆ لەو چاوپێکەوتنانەی مەزڵوم عەبدی بۆ “ئیلکە تیڤی”، ڕۆژنامەنووس عیرفان ئاکتان و ڕۆژنامەی “یەنی یاشام” ئامادەی کردبوون، ئەم پێداگرییە دەبینین. بەڵام لە ڕای گشتیی کوردیدا زیاتر ئەم پرسیارە دەکرێت و هەندێک ڕەخنە هەیە سەبارەت بە خەسڵەتی “بکەربوون”. چۆن دەکرێت ئەمە هەڵبەسەنگێنین؟
وەڵام: نەخێر، پێم وابێت ئەم پرۆسەی بوونە بکەرە (ئەکتەر) کۆتایی نەهاتووە. وەک گوتم ئەم پرۆسەی بەبکەربوونە نابێت تەنها لە ڕەهەندی سەربازییەوە سەیری بکرێت. مەرجەکانی بەرخۆدان بەڕاستی هەبوون و پێویست بوون. لە سەردەمی حەلەبدا، لەو سەردەمەی هێرش کرایە سەر کوردی نیشتەجێی حەلەب، لەو سەردەمەدا بەرەوپێشبردنی سیاسەتی ڕادەستنەبوون لەلایەن مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەدەوەم پێم وابێت هەنگاوێکی گرنگ بوو. بەڵام لە ئێستادا ئەم بە-بکەربوونە ڕەهەندی جیاوازی هەیە. ئەم بە-بکەربوونە ڕەهەندی دامەزراوەیی هەیە. ئەم بە-بکەربوونە وەک گوتم لە ئاستی شارەوانیدا ڕەهەندی بەڕێوەبردنی هەیە. ئەم بە-بکەربوونە ڕەهەندی دیپلۆماسی هەیە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت، پاراستنی ڕۆژئاڤا یان لانیکەم ڕێگری لە هەرەسهێنانی، لە هەمان کاتدا دیاردەیەک بوو کە بەستراوەتەوە بە دیپلۆماسیی ئێراق-کوردستانەوە. دابینکردنی یەکپارچەیی ناوخۆیی لە نێوان کورددا، واتا ئەم بابەتە ڕەهەندی جیاوازی هەیە. بێگومان دەکرێت لە بێئومێدیی تێ بگەین. بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت، لە مانگی کانوونی دووەم یان شوباتدا، گەورەترین کارەسات یان گەورەترین مەترسی کە چاوەڕێی کوردی سووریای دەکرد، لەناوچوونی کورد بوو. نەک تەنها وڵاتی کورد، بەڵکوو لەناوچوونی خودی کورد بوو. دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عەفرین بوو. ئەمە ڕووی نەدا. پێم وابێت لە ئێستادا کوردانی سووریا سەرمایەیەکی ڕەواییان هەیە. پێویستە بە دڵنیاییەوە ئەم سەرمایەی ڕەواییە بەکار بهێنرێت. هەم لە دیمەشق و هەم لە نوێنەرایەتیکردنی ڕۆژئاوادا پێویستە ئەم سەرمایەی ڕەواییە بەکار بهێنرێت. بەڵام پێویستە ئەم سەرمایەی ڕەواییە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بەکار بهێندرێت. با لە ناو گەشبینییەکی گەورەدا نەبین، بەڵام با لە ناو ڕەشبینییەکی تەواویشدا نەبین.
پرسیار: مامۆستا ئەگەر بگەڕێینەوە سەر تورکیا، مانگی ڕابردوو بە تایبەت لەگەڵ ئەوەی کاریگەرییەکانی هێشتا بەردەوامن، گەنگەشەی یاسای چوارچێوە زۆر لە ڕۆژڤدا بوو. لە ڕووی ئەرێنییەوە زۆر لە ڕۆژڤدا بوو. بە لایەنە نەرێنییەکانیشیەوە ڕۆژەڤێک بوو. ڕاستییەکەی یاسایەک دەرچوو کە هەموو کەسێكی ڕازیی نەکرد. بەڵام بە شێوەیەکی سەیر لە پەرلەماندا بە ٤٦٧ دەنگ پەسەند کرا. واتا لە پەرلەماندا خاوەندارێتیی بەم هێزە لە یاسایەک کە ئەمەندە گەنگەشەی لە ناو کۆمەڵگەدا درووست کردووە، خۆی لە خۆیدا بووە جێی گەنگەشە. ئێوە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەم گەنگەشانە دەکەن؟ جگە لەمەش دەمەوێت بپرسم: ئایا دەبێت هەموو ئەم پرۆسەی چارەسەرە نوێیە لەگەڵ یاسای چوارچێوەدا، وەک هەنگاوەکانی چاکسازییەک لە ناو پێكهاتەی دەوڵەتی تورکدا بخوێندرێتەوە هاوشێوەی ئەوەی لە سەدەی ١٩ـدا لە عوسمانییەکاندا ڕووی دا وەک تەنزیمات یان ئیسڵاحات یانیش تورک و کورد پێکەوە، بەرەو دەسەڵاتێکی ئۆتۆکراتیکتر هەنگاو دەنێین؟ چۆن دەبێت لێی بڕوانین؟
وەڵام: چاکسازییەکانی تەنزیمات یان ئیسڵاحات ڕاستییەکەی چاکسازیی زۆر دیموکراتیک نین. چاکسازیی گرنگن، بەڵام با بڵێین ئەو چاکسازییانە نین کە ڕێگە بەرەو دیموکراسیی دەکەنەوە. پێم وابێت پڕۆسەی ئێستا ئێمە بە تایبەت دێنێتە سەر گەنگەشەکردنی ڕەهەندەکانی پرۆسەکە. لایەکی پرۆسەکە؛ واتا پرسی کورد لە تورکیا سەد ساڵە هەیە. خەباتی کورد بۆ بە-بکەربوون سەد ساڵە هەیە. ئارەزووی قەبووڵکردنی کورد وەک بکەرێکی کۆکەرەوە سەد ساڵەیە. ئهمانە لە ساڵی ١٩٨٤ دەستیان پێ نەکردووە و دیاردەیەکیش نین کە لە ساڵی ٢٠٢٦ کۆتاییان پێ بێت. ئەمە لە هەمان کاتدا بە واتای ناساندنی پرسی کورد، وەک پارامیتەرێکی[1] ڕەوای وەرگرتنی پرسی کورد دێت. ئەمە دەکرێت بكرێت. پێم وابێت یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان یان گرفتەکانی بەردەم تورکیا ئەمەیە. دووەمیشیان چارەسەرکردنی پرسی کوردە. هاوکات دیموکراتیزەکردن دەکاتە پێویستیی. تورکیای ئێستا، با بڵێین لەگەڵ ڕووسیای پۆتین یان چیندا، وەک یەکێک لە نادیموکراتیکترین مۆدێلەکان هەڵناسەنگێندرێت. لە ئێستادا لانی کەم لە ئاستی شارەوانییەکاندا ئەوەی ڕوو دەدات، ئەستەمە بتوانیت بڵێیت دەوڵەتەکەمان چووەتە نێو پرۆسەیەکی دیموکراتیزەبوونەوە. بەڵام پرۆسەیەک هەیە. ڕاستییەکەی ئەم پرۆسەیە ڕەنگە لە پێش ١٠ ساڵەوە دەستی پێ کردبێت. چونکە خەباتی چەکداریی کە زۆرترین کاریگەریی هەبوو دیارە لە ساڵانی کۆتاییدا بەردەوام نەبوو. واتا پەکەکە ۱۰ ساڵە بە شێوەیەکی چەکداریی لە تورکیادا نییە. گەنگەشەکانی خەباتی چەکداریی هێشتا لە ساڵانی ۱۹۹۰کاندا دەستی پێ کردبوو. لە ۲۰۰۰ـەکاندا ئەم گەنگەشەیانە زۆر بەهێز بوون. واتا ئەمڕۆ مەرجەکانی ئەوەی پەکەکە یان هەر بزووتنەوەیەکی کوردی دەست بە خەباتی چەکداریی بکات نییە. ڕەوایەتییشی نییە. دڵنیاش نیم لەوەی ئەمە لە ناو کۆمەڵگەی کوردییدا پێشوازییەکی هەبێت. بەڵام پێویستە ئەمەش بزانین: لەم قۆناغە بەدواوە بزووتنەوەی کورد چی دەکات، کۆمەڵگەی کورد چی دەکات؟ ئایا تەنها سەرنج دەخەنە سەر بەرەی پەکەکە؟ یان پێویست دەکات جێگرەوەکانی دیکەش بسڕدرێنەوە؟ ئایا دەکرێت پێداگۆجییەکی نوێی دیموکراتیک پەرەی پێ بدرێت؟ ئایا لەسەر بنەمای ڕەوایەتیی پرسی کورد دەکرێت پەرە بە سیاسەتی نوێ بدرێت؟ ئەم پرسانە پێم وابێت پرسی زۆر زۆر گرنگن. واتا لە ئێستاوە بە ئەگەری زۆرەوە پێویست دەکات بیر لە ئەولای پرۆسەکە بکرێتەوە. واتا هەم ناساندنی پرسی کورد و هەم لە هەمان کاتدا دیموکراتیزەبوونی تورکیا. لێرەدا ڕەنگە بتوانین پەیوەندییەکی بچووک لەگەڵ سووریادا دروست بکەین. کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماندوون. کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باجێکی زۆر قورسیان دا. سووریا باجێکی زۆر قورسی دا. واتا ئەو وڵاتەی پێی دەڵێین سووریا، ٢٢ ملیۆن و ٩٩٧ هەزار کەس بوو. ٧-٨ ملیۆن پەنابەر، ٦-٧ ملیۆن کەس لە شوێن و نیشتمانی خۆیان ئاوارە بوون. سووریا چۆن ئەم ماندووێتییە تێدەپەڕێنێت؟ کۆمەڵگەی سووریا چۆن یەک دەگرێتەوە؟ لە ناو سووریادا کۆمەڵگەی کوردیش لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەیەکی ماندووە. یەکگرتنەوەی کۆمەڵگەی کورد چۆن دەبێت؟ بۆ تورکیا ڕەنگە مەرجەکان ئەوەندە دراماتیک نەبن. بەڵام دەبینین لە تورکیاشدا کۆمەڵگەیەکی ماندوو هەیە. بەتایبەتیش لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا فشاری ٤٠ ساڵی ڕابردوو، کۆمەڵکوژییەکان، سووتاندنی شار یان گوندەکان، سوور، جزیرێ و هتد… دەستگیرکردنەکان ماندوێتییەکی زۆر گەورەیان هێناوەتە ئاراوە. کۆمەڵگەی کورد لە دۆخی یەکگرتنەوەدایە. لێرەشدا پێم وابێت لە ئێستادا گرنگترین شت، لە ئەولای پرۆسەکەوە دامەزراوەییبوونی کۆمەڵگەی کوردە. ئەم دامەزراوەییبوونە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەیە. بەڵام ناتەواوە. ئەم دامەزراوەییبوونە هەیە، چونکە کورد دامەزراوەیان هەیە، کورد پەیمانگەیان هەیە. لە ئێستادا ئیتر سینەمای کورد هەیە. ٤٠ ساڵ پێش ئێستا سینەمای کورد نەبوو. شیعر و ئەدەب و ڕۆمانی کوردی هەیە. بەشە کۆمەڵایەتییەکانی کورد تا ڕادەیەکی باش پەرەیان پێ دراوە. پێم وابێت بە مسۆگەریی پێویستە ئەمە لەم پرۆسەیەدا دیار بكرێت. لێرەشدا پێم وابێت بزووتنەوەی کورد دەتوانێت پەرە بە هەڵوێستێکی زۆر ڕادیکاڵتر بدات. ڕادیکاڵبوون بە واتای توندوتیژیی نایەت. بەڕادیکاڵکردنی پرسیارێک واتا چارەسەرکردنی پرسیارێک لە ڕەگوڕیشەیەوە. با بڵێین دەربڕینەوەی پرسیارێکە. لە چوارچێوەیەکی نوێدا، لە چوارچێوەی مێژوو و کات و شوێندا چارەسەرکردنییەتی بە جێگرەوەی نوێوە. بۆیە نابیێت لە چەمکی ڕادیکاڵیزم بترسین. واتا دیموکراسی لە زۆر شوێندا دەشێت پەرە بە چاکسازیی ڕادیکاڵیش بدات. نموونەیەکی ئەمە ئیسپانیایە. واتا ئیسپانیا لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥-١٩٧٨ـدا شۆڕشێکی دیموکراتیکی ڕادیکاڵی بەخۆیەوە بینی. بێ ئەوەی دڵۆپێک خوێن بڕژیت. زیندانەکان پڕ نەکران لە مرۆڤ، هیچ جەنگێکی ناوخۆیی ڕووی نەدا. بەڵام لە هەمان کاتدا دیموکراتیزەبوونی ئیسپانیا، قەبووڵکردنی دیموکراسی لە ئیسپانیادا وەک خەباتێکی ڕەوا، قەبووڵکردنی پرسی باسک و کاتالۆنیا وەک پرسی ڕەوا، ئازادکردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، ڕێگەخۆشکردن بۆ چەپ، هەموو ئهمانە لە ئیسپانیادا بە واتای شۆڕشێکی ڕادیکاڵ دەهاتن و لە ڕاستیدا بیرۆکەکانی ئەو سەردەمە، لە نێوانیاندا نیکۆس پۆلانتزاسیش بە تایبەت هەبوو. ئاگاداری ئەم پێشهاتە بوون. لە هەمان کاتدا ئەم پێشهاتە بێگومان لە گەلی پورتوگال و ئینگلیزدا ڕووی دا. بۆیە پێم وابێت ئەوەی تورکیا لە ئێستادا پێویستییەتی و پێویستە بە بڕوای من هەمووان دەریببڕن، شۆڕشێکی دیموکراتیکی ڕادیکاڵی وەهایە کە توندوتیژی بەکار نەهێنێت، توندوتیژیی بە تەواوی وەلا بنێت. پێم وابێت بەر لەوەی ئەمە ڕوو بدات، ئەستەمە پرۆسەکە بە تەنیا بتوانێت تورکیا دیموکراتیزە بکات یان پرسی کورد چارەسەر بکات.
پرسیار: مامۆستا، کەمێک بواری سیاسیی و پەیوەندیدار بە دەوڵەتەوەیە، بەڵام ڕاستییەکەی کۆمەڵێک نیشانەی پرسیاریش سەبارەت بە کۆمەڵگە هاتبوونە ئاراوە. ماوەیەکی درێژیشە گەنگەشەی لەسەر دەکرێت. لە سەرەتای ئهمانەشدا نەتەوەپەرەستیی کوردە. ئێستا کە ئێوە دەڵێن ڕادیکاڵیزم، ڕاستییەکەی باسی شتێکی جیاواز دەکەن. بەڵام واتا ڕەنگدانەوەی لە ناو کۆمەڵگەدا لە ڕاستیدا جیاوازتر دەبێت. دەبێتە حاڵەتێک کە کاردانەوە تاكەکەسییەکان بە گێڕانەوەی تاودەرانە و بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی لەسەر سەرجەم کۆمەڵگە دادەنێت. ئێستا دەبینین نەتەوەپەرەستیی کوردیش لەبەرەوە هەڵدەکشێت. بێگومان ئەمە سەرنجی منە. ئەگەرچی بزووتنەوەی کورد و دامەزراوە جیاوازەکان تا ئێستا ئەمەیان زۆر شێلگیرانە وەرنەگرتبێت، بەڵام تا ئاستێکی دیاریکراو دیارە تەنانەت بۆ ناو جەماوەری بزووتنەوەی کوردیش تەشەنەی کردووە. ئێوە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پاشەڕۆژی پرۆسەکە چۆن دەبینن؟ بە تایبەتیش لەم بوارەی نەتەوەپەرەستی کورددا کە لە پەرەسەندندایە.
وەڵام: پێم وابێت پێویستە بزانین کۆمەڵگەی کورد کۆمەڵگەیەکی فرەییە. بوونی فرەدەنگیی، بوونی ڕەخنە و پەرەپێدانی جێگرەوە لە ناو ئەم کۆمەڵگەیەدا بە بڕوای من تەواو ئاساییە. پێویستە کۆمەڵگەی کورد لە ناو ئەم فرەییەیدا قەبووڵ بكرێت. بیرکردنەوە لە کۆمەڵگەیەکی کوردیی یەکدەنگ بە بڕوای من تا بڵێیت مەترسیدارە. دووەمیش پێویستە ئەمە دەرببڕدرێت: واتا کاتێک تەماشای سەدەی کۆتایی مێژووی کورد دەکەین، ڕاستییەکەی ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان، ئەو ڕەوتانەی خۆیان وەک ناسیۆنالیست پێناسە دەکەن، تا بڵێیت لاواز بوون. بە گشتیی کورد لایەنگریی لە وتارێکی گەردوونیی دەکەن. بۆ نموونە کاتێک ساڵانی ١٩٢٧-١٩٣٠ وەردەگرین، وتاری کوردی زیاتر ڕۆژئاوایی بوو. وتارێکی گەردوونیی بوو. لە کۆتایی ساڵانی ١٩٤٠ـکانیشەوە وتاری کوردیی بەرەبەرە بەرەو مارکسیزم و لینینیزم چوو. لەوێشدا ڕەهەندێکی گەردوونیی هەیە. لە ساڵانی ١٩٨٠ـکان و ٩٠کان بەدواوە، ئەگەر لە ڕەهەندێکی لیبراڵیشدا بێت یان لە ڕەهەندێکی ئازادیخوازانەدا بێت، دەبینین لەوێشدا دەربڕی نەتەوەپەرەست نییە. دەربڕینی داواکارییەکانی کوردە. گوتنی ئەوەیە کە گەلی کورد بوونی هەیە. دەربڕینی ئەوەیە کە گەلی کورد خاوەنی مافە. لای هانا ئارێنت دیموکراسی وەک مافی خاوەنمافیی پێناسە دەکەین. ئهمانە بە واتای نەتەوەپەرەست نیین. ئهمانە ئاماژە بە فرەیی نێو گەلی کورد و نێو کۆمەڵگەی کورد دەکەن. بۆیە پێم وابێت نابیێت لەمە بترسین. پێویستیشە دەرببڕدرێت: واتا کورد خۆیان وەک کۆمەڵگەیەکی ژێردەست، وەک نەتەوەیەکی ژێردەست دەناسێنن. مێژووی سەدەی ٢٠ـی تورکیاش پێشتر ئەمە زۆر بە ڕوونیی دەردەبڕێت. واتا دووبارە ئەم مێژووە ١٠٠ ساڵەی ستەمکاریی دەردەبڕن. هەندێک لە کورد هەستن و بڵێن ئێمە دەوڵەتی خۆمان دەوێت، ئەمە بە واتای نەتەوەپەرەست نییە. ئایا ئەمە دەکرێت بنەمایەکی کۆمەڵایەتیی هەبێت یان نا؟ پێشوازییەکی لێ دەکرێت یان نا؟ ئایا واوەتر لە مەسەلەی دیموکراسیی دەکرێت پارتی نوێ درووست ببن یان نا؟ ئەم پارتانە تا چەند دەکرێت دەنگ بهێنن؟ دڵنیا نیین لەمانە. بەڵام وەک گوتم: واتا نابێت لە فرەدەنگیی لە ناو کورددا بترسین. ئەمە بۆ سووریاش ڕاستە، بۆ ئێراقیش ڕاستە، بۆ ئێران خۆشی ڕاستە. ئەگەر کورد هەستن و نەتوانن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوڕن؛ بە دەرفەتەکانی خۆیان، بە بەرخۆدانی خۆیان گوڕینی زەمینەکەی ئەستەمە. بەڵام ئەگەر کورد هەستن و پەیامێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنن، بەر لە هەموو شتێک پێویستە خۆیان لە ناوخۆیاندا فرەیی بن. واتا نابێت ترس لەو فرەییە هەبێت. لەکوێدا پێویستە ڕەخنە ڕابگیرێت؟ ئەو پرسیارە بێگومان هەیە. ڕەخنە ڕەوایە. بەڵام مەوداکانی مانۆڕی بزووتنەوەی کورد چی بوون؟ ئایا ئەو مەودایەی مانۆڕ ڕۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕا؟ ئایا هەڵبژاردەی دیکە هەبوون؟ ئایا هەڵبژاردەی دیکە دەکرا بدۆزرێنەوە؟ پێویستە ئەم پرسیارانە بپێورێن. بەڵام وەک گوتم، ئەگەر پرۆسەکە بەردەوام بێت، پرۆسەی فەسخی پەکەکە و پرۆسەی چەکداماڵین بەڕاستی بکرێتە ئامانج، پێویست دەکات لە ئێستاوە بیر لە ئەولای پرۆسەکە بکرێتەوە.
پرسیار: مامۆستا، ئێوە لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا کەمێک باسی ئیسرائیلتان کرد. لە بابەتی نەتەوەپەرەستیی کوردیشدا لە ڕاستیدا کەمێک باسی ئەوەتان کرد کە خودی بیرۆکەکە دەکرێت چی دیکە پێشنیار بکات. ئێستا نەتەوەپەرەستیی کورد، باسی نەتەوەپەرەستێکی دامەزراوەیی ناکەم، بەڵام لە سەر ئاستی تاكەکەسدا وەک فیگەرەکان پێناسەی بکەین بۆ ئێستا لە سەرەتای پرۆسەی چارەسەرییدا ئیسرائیل هەوڵی دا وەک جێگرەوەیەک لە ڕای گشتیی کوردییدا مشتومڕی لەسەر بکرێت. بەڵام ئایا دەتوانین بڵێین بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و بەدەستهێنانی پێگەیەک لە لایەن مەزڵوم عەبدییەوە لە دیمەشق، ئەم مامەڵە ئەگەرییەی ئیسرائیل-کورد وەلاوە نراوە؟
وەڵام: ئەوەیان نازانین. واتا لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات؟ ئەستەمە بتوانین بە تەواویی بیزانین. پەیوەندییەکانی تورکیا-ئیسرائیل چییان بەسەر دێت؟ سیاسییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چییان بەسەر دێت؟ واتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئێستادا نزیکەی لە ناو دینامیکێکی نیهیلیستیدایە. ئەم دینامیکە نیهیلیستییە لە ڕاستیدا بە جۆرێک لە جۆرەکان دینامیکێکە و تیۆریزە کراوە، واتا کاتێک بیخوێنیتەوە، کە خۆی نە وەک کۆنسەرڤاتیڤ و نە وەک کاردانەوە نیشان دەدات؛ تیۆریستێکە کە دەڵێت ئیتر ئومێد لە هیچ شتێک مەکەن، لە ناو ڕزینداین، جگە لە دەربازبوون هیچ جێگرەوەیەک بۆ شارستانییەکەمان نییە. واتا لەوێدا ڕەهەندێکی نیهیلیستیی هەیە. تا ئەم ڕەهەندە نیهیلیستییە هەبێت سیاسەتی جیهان بەرەو کوێ دەچێت؟ دوو مانگی دیکە، مانگێکی دیکە، هەفتەیەکی دیکە چی ڕوو دەدات؟ وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە پرسیارانە بە ڕاستیی زۆر قورسە. لە ئێستادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەمەریکا بۆشایی دەسەڵات هەیە. لە لایەکەوە بێگومان ترەمپ دەتوانێت ئەوەی دەیەوێت بە قەبووڵی بدات. دەتوانێت جەنگ ڕابگەیەنێت. دەتوانێت جەنگ ڕابگرێت و دووبارە دەستی پێ بکاتەوە. بەڵام بۆشایی دەسەڵاتەکە ئەوەندە قووڵە، کە لە ئێستادا ئەوانەی سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوە دەبەن، ڕاستییەکەی باڵیۆزەکانن. تا ئەو شوێنەی من بیبینم بۆ یەکەمجار لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا پێشهاتێکی وەها ڕوو دەدات. واتا لە ڕابردوودا کاتێک ماککارتی هەوڵی دا ئەمە بکات، دەستبەجێ لە سەر کار لا درابوو. ئەم باڵیۆزانە کێن؟ تۆم باراک تا ڕادەیەک لایەنگری تورکیایە یان خۆی وەک شارەزایەکی ئیمپراتۆریی، شارەزایەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت. بەڵام بە هیچ جۆرێک نازانم تا چەند شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. و زۆر ڕوونە کە خەسڵەتێکی وەک دیموکراسی نییە. دووەمیان عیسا، باڵیۆزی لوبنان و کەسێکە و هەوڵ دەدات لوبنانێکی بێ حزبوڵا درووست بکات و سێیەمیان هو باکێسان یان ناوەکەیم لەبیر نییە، باڵیۆزی قودس. کە دەڵیت ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە زەوییەکانی لە نیلەوە تا فۆرات بەرفراوان بکات. ئەم سێ باڵیۆزە لە ئێستادا سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرە پێ دەدەن. ئەم سیاسیانە، سیاسییەک نین کە لەگەڵ یەکتردا بگونجێن. تا کوێ دەکرێت ئەم دژایەتییانە بەردەوام بن؟ ئایا دەکرێت ئەقڵانییەتێکی نوێ درووست بكرێت؟ ئەم ئەقڵانییەتەش دەکرێت پەیوەست بێت بە هێڵە نوێیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە. لەم بابەتانەدا من لە دۆخێکدا نیم کە پێشبینیی بکەم. لانی کەم من لەو دۆخەدا نیم. بۆیە دەربڕینی بۆچوونێک سەبارەت بە داهاتوو بەڕاستی زۆر قورسە. ئەوەی من دەتوانم بێڵێم تەنها ئەمەیە: لە ئێستادا ئەستەمە بزووتنەوەی کورد بە گشتی هەستێت و ئیسرائیل بکاتە ئامانج. ئەمە لە وڵاتانی عەرەبیدا دەکرێت. لە ئیسرائیلدا باسی سووریام کرد. لە ڕاستیدا ئەگەر ئەحمەد شەرع تا ئێستا زیندووە، هۆکارەکەی ئەوەیە ئیسرائیل بە زیندوویی هێشتوویەتییەوە. بەیانی ئیسرائیل دەتوانێت ئەحمەد شەرع بە تەواوی لەناو ببات. ئەمە دەزانین. باسی وڵاتێک دەکەین کە بۆردومانی باخچەی سەرۆکایەتیی کردووە. لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەی کورد ناچارە پشتیوانی لە بزووتنەوەی فەلەستین بکات. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە. ناچارییە. بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە. ئەمە بە واتای پشتیوانیی حەماس نییە. بەڵام بزووتنەوەی فەلەستین بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ڕەوایە و پێویستە پشتیوانیی لەم بزووتنەوە نەتەوەییە ڕەوایە بكرێت. واتا پێم وابێت ئەو Eهەڵوێستێکە کورد دەتوانن تێیدا بن و ئەمە دژایەتیی ئیسرائیل نییە، بەڵام ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل؛ دۆستایەتیی نییە لەگەڵ حەماس، بەڵام بەرگرییە لە دۆزی نەتەوەیی فەلەستین.
پرسیار: مامۆستا پێش ئەوەی باسی فەلەستین بکەین، ڕاستییەکەی یەکێک لە پرسیارەکانم ئەمە بوو. دەمەوێت کەمێک شەنوکەویان بکەم و بپرسم. ئێستا کە دەڵێین نەتەوەپەرەستیی کورد، لە ڕاستیدا خەڵکی هەوڵ دەدەن سەرنج بۆ شتێک ڕاکێشن، تا ئەو شوێنەی من تێگەیشتبم. لە دۆزی کوردستاندا، وەک گوتتان لە ساڵانی ١٩٤٠ـکان و ٥٠ـکانەوە لە ناو خولگەیەکی چەپدا چەکەرەی کرد و گەشەی کرد، بە پێچەوانەی پێشەنگەکانی ڕابردوویانەوە. ئێستا من بە شەخسی پێم وابێت مەترسییەکی وەها هەیە- بێگومان لە دوورمەودادا- بەڵام سەیری ئەوە دەکەم بزانم ئێوە لەم بوارەدا چۆن بیری لێ دەکەنەوە. ئەگەری ئەوەی لە دوورمەودادا دۆزی کوردستان لە کوردی چەپەوە بگوێزرێتەوە بۆ کورد ڕاستڕەو. پێم وابێت بە هۆی دیاردەی نەتەوەپەرەستیی کوردەوە گەشەکردنی ئەم بزووتنەوەیە دەکرێت مەترسییەکی وەهای هەبێت. ئەمەش منی خستە بیرکردنەوە لەو شتەی کەمێک پێش ئێستا گوتتان. دەمەوێت لە ئێوە بپرسم: ئەگەر دۆزی کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان بچێتە ژێر سەرپەرەشتیی کوردی ڕاستڕەوەوە، ئایا شتێکی هاوشێوەی ئەوەی لە فەلەستین ڕووی دا- ئۆجالان دەزانن وەک “غەززەییبوون” تیۆریزەی کردبوو کە تێیدا زیاتر پەیوەندیدار بوو بە جەنگی کردارییەوە، بەڵام لە ئاستێکی تیۆریتردا شتێکی وەها ڕوو دەدات؟ ئایا بە بڕوای ئێوە دەکرێت ببێتە هۆی وێرانکارییەکی وەک دابڕانی دۆزی فەلەستین لە چەپ و کەوتنە دەستی گرووپە ڕاستڕەوەکانی فەلەستین؟
وەڵام: ڕاستییەکەی ئەستەمە بتوانین پێشبینی بۆ داهاتوو بکەین. بە هۆکاری جیاوازی کۆمەڵناسی و هۆکاری مێژوویی، بزووتنەوەی کورد بە گشتی لە چەپەوە خۆراکی وەردەگرت و با بڵێین لە دوای ١٩٧٩ـوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابڕانی زۆر مکۆڕ ڕوویان دا: داننان بە ئیسرائیل لە لایەن میسرەوە، داگیرکردنی ئەفغانستان و لە هەمان کاتدا شۆڕشی ئیسلامیی. لە دوای ئەم قۆناغەوە لە ڕاستیدا دەبینین چەپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تەواویی هەرەسی هێنا. تەنها دوو شوێن لە چەپدا مانەوە: جوگرافیای فەلەستین و کورد. لە فەلەستین لە دوای ساڵانی ١٩٨٥-١٩٨٦ـەوە دەستی بە هەرەس کرد. ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە. یەکێک لە هۆکارەکانی بێگومان ئەوە بوو کە ئیتر بارگرانیی شۆڕشی ئیسلامیی خرایە سەر. دووەمیشیان فیگەری عەبدوڵڵا عەزام بوو. عەبدوڵڵا عەزام کەسێکی زۆر دیار بوو، با بڵێین کەسێک بوو تیۆری قاعیدەی داڕشت. بەر لە درووستبوونی قاعیدە کوژرا- ئەوەی کێ کوشتیشی بە بڕوای من گرنگ نییە- ئەمە قوتابیی فەلەستینیی هەبوون و ئەم قوتابییە فەلەستینییانە بە جۆرێک لە جۆرەکان توانییان بچنە کامپەکانی فەلەستین. لێرەدا دیاردەی کامپ زۆر گرنگە. لە ناو کورددا دیاردەی کامپ نییە. واتا دیاردەی مەخموور هەیە، بەڵام دیاردەیەکی زۆر دەگمەنە. لە هەولێر کامپی کوردی کوردانی سووریا هەیە، بەڵام با بڵێین لە کوردستاندا… واتا دیاردەی کامپ ڕۆڵێکی زۆر ڕادیکاڵکارانەی گێڕا لە شوێنی فەلەستیندا. لە ناو کورددا ئەمە ڕووی نەدا. لە ناو کورددا هەندێک قوتابی و شاگردی عەبدوڵڵا عەزام هەبوون، مەلا کرێکار یەکێک بوو لەوان. بەڵام لە ناو کورددا ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ پەرەی نەسەند. واتا لە ئێستادا لە ئێراق-کوردستاندا دوو پارتی ئیسلامی هەن و ڕادیکاڵ نین. دەنگەکانیان لە دەوروبەری %١٥دایە، لە %١٨-%١٩ دابەزی بۆ %١٤-%١٥. حزبوڵای تورکیا- حزبوڵای کورد، ناوی حزبوڵای لێ بنێین- کاتێک بەشداری هەڵبژاردن دەکات %١ـیش به دەست ناهێنێت. بەیانی دەکرێت پێشهاتی جیاواز ڕوو بدەن، بێگومان پێویستە ئەوە لە بەرچاو بگیرێت و ئەو گۆڕانکارییانە تا ڕادەیەک ڕوویان دا؛ لە باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان) ڕوویان دا. لە هەرێمی کوردستان واتا لە مارکسیزم، لێنینیزم و ڕادیکاڵیزمی ساڵانی ٨٠کان و ٧٠کانەوە پەڕینەوە بۆ نیولیبرالیزم. واتا لە تورکیاش ڕەنگە بزووتنەوەی کورد، لە سووریاش ڕەنگە بزووتنەوەی کورد بەیانی پێشهاتێکی وەها بەخۆیەوە ببێنێت. بەڵام ئایا ئیسلامیبوون دەکرێت بێت یان نا؟ پێم وابێت پێویستە ئەم بابەتە بە کراوەیی بهێڵینەوە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماندووە، ئیسلامیزمیش ماندووە. واتا ئیسلامیزم خاوەنی گوڕوتینێکی وەک ساڵانی ٧٠کان، ٨٠کان و ٩٠کان نییە. ئیسلامیزم هەرەسی هێنا؛ واتا لە کردارییدا هەرەسی هێنا. هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکرد. هیچ کێشەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی چارەسەر نەکرد. هیچ کێشەیەکی جیهانی عەرەبی چارەسەر نەکرد. بچووکترین یارمهتیی بۆ فەلەستین نەبوو. ڕاستییەکەی ئێستا جیهانی عەرەبی و ئیسلامی لە دۆخێکی زۆر پەرێشاندایە؛ واتە گەر لە ڕووی ڕۆشنبیریی و ئابووریی و دیپلۆماسیی و لە ڕوانگەی دیموکراسییەوە سەیری بکەین. ئیسلامیزم گوڕوتینی ساڵانی ٨٠کان یان ٩٠کانی نییە. سلێمان سۆیلو زۆر بە ڕوونی بەرگریی لە موحافەزەکاران دەکرد. ئەمە پڕۆژەی دەوڵەتە؛ نزیکەی وەک فەلەستینیبوونی کوردستان. لێرەشدا تا چەند سەرکەوتنی بەدەست هێنا؟ واتا ئەوەی من دەیبینم سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا و نییە. بەڵام بێگومان واتا دوای ٣٠ ساڵ یان ٤٠ ساڵی دیکە چی ڕوو دەدات، ئەستەمە بتوانین بیبینین. بە هەمان شێوەش نازانین داهاتووی دیموکراسییەکانی ئەورووپا چی دەبێت؟ ئایا دیموکراسییەکانی ئەورووپا دەتوانن خۆیان نوێ ببنەوە؟ ئایا چەپ لە ئەورووپادا وەک جێگرەوەیەکی نوێ سەرهەڵدەداتەوە؟ هەموو ئەم پرسیارانە پرسیاری کراوەن. بۆیە با پرسیارەکەی ئێوەش وەک پرسیارێکی کراوە بهێڵینەوە.
پرسیار: منیش لە ڕاستیدا دەمویست دەربارەی هەڵبژاردنە نزیکەکانی فەڕەنسا بپرسم. کەواتە منیش لە بەرنامەی داهاتوودا لە لایەنە ئەورووپییەکەی دەپرسم. مامۆستا لە کۆتاییدا لە ئێستادا لە ڕۆژڤدا زۆر گەنگەشەی لەسەر دەکرێت، نازانم دەتانەوێت لەم بوارەدا قسە بکەن یان نا، بەڵام پەیمانی یاووز سوڵتان سەلیم و ئیدریسی بەتلیسی. کۆمەڵێک بازنەی عەلەوی کاردانەوەیان نیشاندا، پارتی دەم-یش کاردانەوەیان نیشان دا. نامەوێت زۆر بچمە ناو لایەنە سیاسییە ڕۆژڤەکەیەوە، ئێوەش بەدواداوچوونی بۆ دەکەن. لەم بابەتەدا ڕاستییەکە چییە؟ ئایا ئیدریسی بەتلیسی و یاووز سوڵتان سەلیم بوونەتە یەک و بیرەوەرییەکی زۆر خراپ چالاک دەکەنەوە؟ بۆچوونی ئێوە لەم بوارەدا چییە مامۆستا؟
وەڵام: ئێمە لە هەلومەرجەکانی سەدەی ١٦ـدا نین. ئەوەی کۆمەڵکوژییەکی عەلەوییەکان ڕووی داوە دیارە، هیچ کەسێک نکوڵی لێ ناکات. یاووز سوڵتان سەلیم خۆی شانازییەکی زۆری پێوە دەکات. ئەوەی ڕووی داوە تەنها کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان نییە؛ واتا سیاسییەک هەبوو تا میسر دەڕۆشت. با نەچینە ناو ئەو باسانەوە بەڵام با کەمێک قسە دووبارە بکەمەوە، چەند جارێکی دیکەش گوتبووم. پرسی کورد پرسی ئومەت نییە. واتا پێویستە بەتایبەتی ئاماژە بەوە بکرێت. بۆ نموونە من بەرگری لە دۆزی ئۆیغور دەکەم. بەرگری لە دۆزی ڕۆژئاڤا دەکەم. بەرگری لە فەلەستین دەکەم. بەڵام هۆکارەکەی ئەوە نییە کە ئهمانە موسڵمانن. چۆن بەرگری لە دۆزی تیبت دەکەم، بە هەمان شێوە بەرگری لە دۆزی ئۆیغوریش دەکەم. پرسی کوردیش دۆزێکی وەهایە. پەیوەندیی بە دینەوە نییە. تەواو، بەشێکی زۆر گەورەی کورد موسڵمانن. هەندێکیان عەلەوین، هەندێکیان سوننین، هەندێکیان ئێزدین. بەڵام خنکاندنی پرسی کورد لە ناو لۆژیکی ئومەتدا یان چارەسەرکردنی بەم شێوەیە بە بڕوای من مەحاڵە، پێویستە ڕووبەڕووی ئەمە ببێنەوە. ئەمە بە واتای نەبوونی برایەتی کوردی-تورکی نییە، بەڵام پەرەپێدانی ئەم برایەتییە لەسەر یەکسانییەکی دیموکراتیک دەبێت. لەوێشدا چەند جارێک نموونەم هێنابووەوە. باسکییەکان مەسیحین، تەنانەت زۆر کاتۆلیکیشن. کاتالۆنییەکان مەسیحین، بەڵام ئەوەندە کاتۆلیک نین. لە ناو شەڕی ناوخۆیی ئیسپانیادا جیاوازیی بڕیاردەر ئەوە بوو: زۆر کاتۆلیکبوونی باسکییەکان و ڕووکردنی کاتالۆنییەکان بۆ ئەنارکیزم. بەڵام پرسی باسک یان پرسی کاتالۆنی ناتوانێت ببێتە پرسی یەکێتیی مەسیحی یان برایەتی مەسیحی. واتا برایەتی لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک پەرەی پێ دەدرێت. واتا ئێمە حەز بە برایەتی تورکی-یۆنانی ناکەین؟ بەڵام ئایا یۆنانییەکان موسڵمان نین؟ یان یۆنانییەکان برایەتی تورکیان ناوێت؟ ئەگەر یۆنانییەکی دیموکراتیک و تورکیایەکی دیموکراتیک هەبێت، ئێمە ناچارین پشتیوانی لەم برایەتییە بکەین. ئەگەر تەنها لە ئیسلامەوە بۆی بچین، ئەوا دەبێت ڕێگە بە هەموو وڵاتانی دیکەش، وڵاتە مەسیحییەکانیش بدەین هەستن بەرەیەکی مەسیحی، بەرەیەکی خاچپەرستی درووست بکەن. پێویستە ئیتر لەم لۆژیکە دەرچین.
حەمید بۆزئەرسلان- مامۆستا دەستت خۆش بێت، زۆر سوپاس.
– تکا دەکەم.
مەحمەد تاتلی: ئەگەر شتێکی دیکەتان نییە بێڵێن، دووبارە دەستت خۆش بێت. سوپاس. سەركەوتوو بن.
[1] لە زاراوەی سیاسی و کۆمەڵناسیدا، “پارامیتەر” بە مانای تەوەر، نیشاندەر، سنوور، یان ئەو هۆکارە سەرەکییانە دێت کە پێناسەی بابەتێک دەکەن و ئاڕاستەکەی دیاری دەکەن. کاتێک دەوترێت “پارامیتەری پرسی کورد”، مەبەست لەو فاکتەرە بنەڕەتی و نەگۆڕانەیە کە ڕەهەندەکانی پرسی کورد پێکدەهێنن و شیکاریی بۆ دەکەن. بۆ نموونە پارامیتەری جوگرافی (جیوپۆلیتیک) کە دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی هەرێمیدا و هەڵکەوتەی ستراتیژیی ناوچەکە دەگرێتەوە، پارامیتەری مێژوویی و نەتەوەیی، مافی سەربەخۆیی یان خۆبەڕێوەبەریی نەتەوەیەک کە خاوەنی زمان، کولتوور و مێژووی تایبەت بە خۆیەتی. پارامیتەری یاسایی و مافی مرۆڤ، مافە دەستووری، مەدەنی و سیاسییەکانی گەلی کورد بەپێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە. پارامیتەری ئابووری، سەرچاوە سروشتییەکان (نەوت، ئاو، زەوی کشتوکاڵی) لە ناوچە کوردستانییەکاندا دەگرێتەوە. پارامیتەری نێودەوڵەتی، بریتییە لە هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندیی زلهێزە هەرێمی و جیهانییەکان لە ناوچەکەدا. واتە وشەی پارامیتەر بۆ پرسی کورد بە شێوازێکی هاوچەرخ، پێکهاتەیی و زانستی پێناسە دەکات، نەک تەنها وەک کێشەیەکی سیاسی یان ناوخۆیی سادە سەیر بکرێت.



