مێینەیی دەوڵەتی نییە
مێینەیی وەک خەسڵەتێکی کۆمیناڵ و ئاسۆیی دژ بە دەوڵەت-نەتەوە و سیستەمی نێرسالاریی سەرمایەداری دەوەستێت.

شەهلا نەجمەدین
مێینەیی دەوڵەتی نییە
لە چیرۆکی “عەلی بابا و مەرجانە”ـدا کە چیرۆکی چل دزەکەیە، چەتەکان ئەو تاڵانچییانەن کە سەروەت و ماڵی خەڵکی دەبڕن و لە ئەشکەوتێکی دوورەدەستی شاردا کەڵەکەی دەکەن. ڕۆژێک بە ڕێکەوت عەلی بابای داربڕ ڕێی دەکەوێتە ئەشکەوتەکە، وشە ئەفسووناوییەکەی کردنەوەی دەروازە بەرینەکە “بکرێوە سمسم” لەو چل دزەوە دەبیستێت کە تاڵانییەکان دەبەنە ئەشکەوتەکەوە. لە هەموو ئەو زێڕ و زیو و ئەڵماسەی لە گەنجینە دزراوەکەدان، عەلی بابا تەنیا ملوانکەیەکی مرواری لەگەڵ خۆی بۆ خۆشەویستەکەی دەهێنێتەوە. دوای ئەوەی قاسمی چاوچنۆکی برای عەلی بابا و ئاغای مەرجانە، ملوانکەکە لە ملی مەرجانەدا دەبینێت، دەزانێت ملوانکەکە لە کوێوە هێنراوە، بۆیە ئاشکراکردنی وشە ئەفسووناوییەکەی گەنجینەکە دەکات بە مەرجێک بۆ عەلی بابا تا مەرجانەی پێ بدات. دوای ئەوەی عەلی بابا بە مەرجەکەی قاسم ڕازی دەبێت، قاسم بەرەو گەنجینە دزراوەکە بەڕێ دەکەوێت. چل دزەکە بەوە دەزانن قاسم شوێنی زێڕوزیووەکانی دۆزیوەتەوە و دەیکوژن. هەمان چارەنووسی قاسم خەریکە یەخەی عەلی باباش بگرێت، بەڵام مەرجانە، ئەو مێینە بەجەرگ و بوێرەی کە بۆ ڕزگارکردنی عەلی بابای هاوسەری ڕیسک بە ژیانی خۆیەوە دەکات، بە پلانێکی ژیرانە سیونۆ دزەکە و سەرۆکی دزەکانیش کە چلەمینیانە دەکوژێت. دواتر عەلی بابا و مەرجانە ئەو گەنجینەیە دابەش دەکەن بەسەر هەژاراندا و ئەوەی دابەشی ناکەن و بۆ خۆیانی دەهێڵنەوە، ملوانکە مروارییەکە و خۆشەویستییانە بۆ یەکتری.
«دەوڵەت دەزگایەکی فەرماندەرانەی ستوونیی سەربەرەوخوارە؛ مێینەیی خەسڵەتێکی ئاسۆییە و هەرگیز لەگەڵ حاکمیەتی سەرمایەداریی و فۆڕمی دەوڵەت-نەتەوەدا، کە نوێترین مۆدێلی دامەزراوەیی نێرسالاریە، یەک ناگرێتەوە.»
فیگەری مەرجانە و پلانە ژیرانەکەی بۆ ڕزگارکردنی هاوسەرەکەی و بەشکردنی گەنجینەکە بەسەر لێقەوماواندا، ئاکتێکی تەواو مێیانەی سەر بە کەلتووری کۆمیناڵە بەرانبەر ئەو قۆرغکارییەی چل دزەکە دەستیان دابوویە. ئەم چل دزە و کەڵەکەی سامان لەمڕۆدا مۆدێلی سیاسەتی تاڵانیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەتە بەرانبەر بە هاووڵاتییەکانی. دەوڵەت دەزگایەکی فەرماندەرانەی ستوونیی سەربەرەوخوارە؛ مێینەیی خەسڵەتێکی ئاسۆییە و هەرگیز لەگەڵ حاکمیەتی سەرمایەداریی و فۆڕمی دەوڵەت-نەتەوەدا، کە نوێترین مۆدێلی دامەزراوەیی نێرسالاریە، یەک ناگرێتەوە. دەوڵەت وەک دەزگایەکی دەسەڵاتگەرا، بەرهەمی بیرکردنەوە و هەژموون و پێگەی مێژوویی پیاوە. مێینە دەتوانێت بیر لە نیشتمان، ماڵ، میوان، کشتوکاڵ، باخ و بێستان بکاتەوە، بەڵام لە دەسەڵاتگەرایی دەوڵەت نا؛ بە پێچەوانەوە، خودی دەوڵەت و سەرمایەداریی لەسەر قۆرغکردن و دەستبەسەرداگرتنی هەموو کارەکتەر و خەسڵەتە مێینەییەکانی نێو مێژوو دامەزراوە. دەسەڵات لای مێینە خاوەنی تێگەیشتنێکی تری هەیە و کەمتازۆر جیاوازە لە تێگەیشتنی پیاو بۆ دەسەڵات. لە نێرسالارییدا دەسەڵات واتە توانای “سەرکوتکردن، ناچارکردن، کۆنترۆڵکردن”. بۆ مێینە دەسەڵات واتە “توانای کردن”، “توانای بەرهەمهێنان”، “توانای پێشوازیی” و “توانای بەخشین”. دەوڵەت و سیستەم واتە سیاسەتی نێرسالاریی، کە دواجار دژ بە مێینە و مێینەییە، دژ بەو ئەگەرانەی دیکەی ڕێكخستنی ژیانی سیاسین کە فرەییان تێدایە. ئەستەمە کەسێکی دەوڵەتگەرا بیت و هاوکات کرانەوە و فرەیی وەک جەوهەری ژیانی سیاسیش ببینیت. هەموو کەڵکەڵەی دەوڵەتی ئێستا بووە بە هەوەسی “ئاسایش” لە دۆخی جەنگدا؛ ئاسایشی ئەوەی نەبیت بە نێچیری چل چەتەکە، لە ڕێگەی بوونتەوە بە یەکێک لە چل دزەکە، ئەگەر نا ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتە لەسەر حیسابی ئازادی و دیموکراسیی. زۆر ئەستەمە پێکەوەژیان و دادپەروەری لە دامەزراوەیەکی نێرسالارانەدا بەدی بێت.
فاشیزم، ڕاسیزم، ناسیۆنالیزم، ئیسلامیزم، دەوڵەت، سەرمایەداریی، هەر هەموویان ئایدۆلۆژیای فالوستەوەرن و دژ بە هەر پێناسە و پێگەیەکی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، شارستانییەتی هاوبەش کە پتر مێیانەیە، پاشانیش ئەمە درێژ دەبێتەوە بۆ تەواوی توخمەکانی تری کۆمەڵگە. کێشەی دەوڵەت تەنیا لە بوونی “دەوڵەتی باش” و “دەوڵەتی خراپ”دا نییە؛ بەڵکوو لە خودی پارادایمی دەوڵەتدایە کە بنەماکەی لەسەر دەسەڵاتگەرایی و تۆتەڵایزکردن و یەکڕەنگیی دامەزراوە. گەر بتەوێت بوونێک، کیانێک، پێگەیەک بۆ مێینەیی و ژیانی هاوبەش بوونی هەبێت، پێویستە داکۆکیی لە گۆڕینی پارادایمەکە بکەیت. پارادایمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ڕەنگە باشترین ئەڵتەرناتیڤ بێت. لەم پارادایمەدا لەبری “فەرمانڕەوایی” کە حاکمیەتی مۆدێلی دەوڵەتە، بەڕێوەبردنی کۆلێکتیڤ دەبێتە چەرخی هەڵسوڕاندن. هەرچی مۆدێلەکانی تری وەک سوڵتانییەت، ئیمپراتۆریەت، خەلافەت، دەوڵەت، خاوەنی دەزگا و ئایدۆلۆژیای چەوسێنەرن و دادی مێینە وەک سیمبولی دادپەروەریی نادەن. مێینە وەک کۆنترین جەستەی کۆڵۆنیالیزەکراو، دیمۆگرافیایەکی سەراپا ڕەنجێنراو، هیچ سنوور و هیچ دەوڵەتێکی بۆ نییە. جەستەی خۆی سنووری بوونیەتی. ئەو دەتوانێت ببێت بە ماڵ، بە نیشتمان، بەڵام ناتوانێت ببێت بە دەوڵەت.
ئەم مێینەیە، دوای ڕەنجاندنی، دوای ڕەتاندنی، دوای ئەو گۆڕانکارییە مێژووییانەی بەسەر شێوە ژیانی کۆمۆن و دواتر هۆز و تیرە و خێڵە بەراییەکاندا دێن، پاشان داهێنانی ناسنامەیەکی ئاسمانی بۆ پیاو بە هەماهەنگی پیاوانی خاوەن هێز و ڕاهیبە ئایینییەکان، بوختان هەڵبەستن بۆ ژنان و بە کەم سەیرکردنیان لەڕێی دەقی پیرۆز و بە فەرمانی نوێنەرانی دەسەڵاتی تەعالا، سووتاندنی بەکۆمەڵیان وەک جادووگەر و بەشەیتانکردنیان، هێزێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نوێی بە پیاو بەخشی و ژنی کردە بوونەوەرێکی داوێنپاک کە بە بێدەنگکردنێکی ئەزەلییەوە خزاندییە قوژبنی ماڵەوە. بەهرە دەرمانسازیی و چەشەیی و بەرهەمهێنیەکەی لە خزمەتی نێردا قەتیس کرا و ژن بوو بە “کابان”.
نێرسالاریی کە کەڵەکەی تا ئاسمان بەرز کردەوە، کە بەکابانکردنی مێینەی بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ڕێک خست، لە دوا ڤێرژنیدا سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەی دامەزراند. بەمەش ماشێنی جیاکاری لە هەموو پنت و ئاستەکاندا خستە گەڕ. جیاکاریی ڕەگەزیی بە تەنیا جیاکاریی نێوان ڕەگەزی نێر و مێ بەرجەستە ناکات، بەکابانکردن بناغەیەک بوو پەیوەندیی هێزی لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکانیشدا داڕشتەوە. کۆیلایەتیی کۆن و نوێی کۆمەڵگەکان هەر لەوێوە سەرچاوەی گرتووە. سەرمایەداریی و دەوڵەت وەک نوێترین قۆناغی نەریتی تاڵانی و قۆرغکاریی دوای ئەو زنجیرە دزی و باخەڵبڕین و ماشینەوە و فرتوفێڵەی لە بەهای کۆمەڵایەتی مێینەی کرد، هەر سیستەمێکی ئابووریی دانەمەزاند، لەگەڵ خۆیشیدا شێوازی سیاسیی و سەربازیی و فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیشی داهێنا. کەڵەکەی سەرمایە تەنیا لەسەر دزینی بەرهەمی کرێکار ڕووی نەدا، بەڵکە لەسەر قۆرغکردنی ڕەنجی ژنیش بوو. بە هەڵمژینی ڕەنجی مێینە، بە هەڵلوشینی مێینەیی، شێوازەکانی هەژموونکردن بەسەر پیاویشدا سەری هەڵدا. ئیتر مێینەیی، ژن، پیاو، هەر یەکەیان و بە جۆری جیاواز کەوتنە ژێر جەبری هێزەوە. تێگەیشتن لەمە واتە تێگەیشتن لە چۆنییەتی درووستبوونی دەوڵەت و ئامانجەکەی کە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە و دژ بە مێینەیە.
مێینە نە چینە، نە پرۆلیتاریا، نە نەژادە، نە نەتەوە، نە ئایینە، نە ئایدۆلۆژیاش. مێینە نە وەک ڕەگەز (ڕەیس)ـێک ، نە وەک شووناسێک، نە وەک ئایینێک، نە وەک گرووپێک، نە وەک کەمینەیەک ناتوانرێت پێناسە بکرێت و تێکەڵ بە هەر بابەتێکی تر بکرێت. پرسی مێینە پرسێکی تەواو جیاوازە و پێویستە ئەو جیاوازییەش دەر بخرێت. بزووتنەوە فێمنیستییەکان پێویستە زۆر بە وریاییەوە داکۆکیی لە پرسی مێینە بکەن و بەر بەو ئەجێندایانە بگرن کە دەیانەوێت پرسی ناسیۆنالیزم و ئایین و چین و کرێکار و هاوڕەگەزخوازیی لە پرسی مێینەوە بپێچن. دەبێت ئەم پرسانە تەنیا بە شێوەی ئینتەرسێکشناڵێتییەکی هەماهەنگ و یەکسان بەیەک بگەیەنرێن کە خەباتی ژن تێیدا بچێتەوە. پرسی مێینە پرسی خەباتە، ئازارە، ژیانە، کورتکردنەوەی بۆ هەر مەیلێک، بۆ هەر ئارەزوویەک کە بازاڕ درووستی کردووە، زیانە لە مێژوو و خەباتی ژن. مێینە ئەو ئینتەرسێکشنەیە کە تەواوی دەسەڵاتەکانی پاتریارکییەتی لەسەر جێبەجێ دەکرێت. هەموو جۆرەکانی ستەمی لەسەر تاقی دەکرێتەوە. ستەمی نامووس، ستەمی سیاسیی، ستەمی ئابووریی، ستەمی کەلتووریی، ستەمی فیکریی، تۆ هیچ یەکێک لە ڕەگەزەکانی تر نابینیت بەو جۆرە مومارەسەی هێزی لەسەر بکرێت. بۆیە دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەوساندنەوەدا ئەولەویەت بە مێینە و مێینەیی بدرێت تا وەک خەسڵەتێکی دیموکراسیی و فرەیی جێ بگرێت. دادپەروەریی، ئازادیی، دیموکراسیی، گرێدراوی ڕاستەوخۆی پرسی مێینەن و لە دەرەوەی پرسی مێینەدا قسەکردن لەسەر هەر یەکێک لەو چەمکانە کارێکی مەحاڵە. سیستەمی دەوڵەتی لیبراڵ و نالیبراڵ و فەندەمێنتاڵیزمی ئیسلامی و کەلتووری جەنگ ناتوانن پرسی ژن کە پرسی ژیانە چارە بکەن.
ئیسلامیزم و دەوڵەت نەتەوەی سەرمایەداریی، کە هەردووکیان دوو شێوازی مومارەسەکردنی نێرسالاریین، گەورەترین زەبریان لە دادپەروەریی نێو ژیانی هاوسەریی و خۆشەویستیی نێو خێزان داوە. ئیسلامیزم پارێزەری خێزان نییە وەک بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکوو خێزان دەگۆڕێت بۆ دەزگای چەوساندنەوە، پڕی دەکات لە نادادیی، ڕێگریی، قەدەغە، سەرکوت. ژن دەگۆڕێت بۆ بووکەڵەیەکی سێکسیی حیجابلەبەر و دەفری بەتاڵکردنەوەی شەهوەت و ماشێنی منداڵخستنەوە. مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییش بە گوتاریی تاکگەراییەکی پەتیی، بە پەرەدان بە خۆپەرەستیی و پارەپەرەستیی و جیاکاریی، سڕینەوەی خۆشەویستیی و هاوبەشیی و سۆڵیدارێتیی و پێکەوەیی تا وای لێ دێت مرۆڤ ئیلتیزام بە ژیانی سەقامگیر لەگەڵ هاوبەشەکەی ناکات. تەنانەت ئەمە چووەتە نێو ئەو خانەیەشەوە کە جاران خۆراکی خۆی لێوە وەردەگرت، واتە خێزان. پێ دەچێت ئیتر لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا خێزان سوودێکی وای بۆ نەهێنێت و لە دەرەوەی خێزاندا و لە شووناسێکی شلی “مۆدێرنەی شل”دا بەدوای قازانجدا بگەڕێت و بگرە ئەجێندای لەخێزانخستنی خێزان سەرپێ بخات.
لەنێو سیستەمێکی سەرمایەی دڕندەی وادا کە ئپمپراتۆریەتی سەرمایەداریی “تاکەکەس”ـی لە نموونەی ئیلۆن مەسکی داهێناوە، دەروازەی هەموو هاوسۆزیی و کۆمۆنەبوونێکی داخستووە، گەر تاکە پەناگەیەکی کۆمەڵایەتی تێدا مابێتەوە کە بتوانرێت لە ناوخۆیدا دیموکراتیزە بکرێت و لە دەرەوەی لۆژیکی سەرمایە و دەسەڵاتەوە کاری لەسەر بکرێت، لە سەروو کۆیلایەتیی و سەرەڕۆییەوە هاونشینیی و هاوبەشیی تێدا بکرێت، مۆدێلێکی نوێی ژیانی هاوبەشە کە تیایدا مێینە هاوخەباتی نێرینە بێت. ئەمە دەتوانێت مانای نیشتمان بە نێر و مێ ببەخشێت. بەڵام ئەم نیشتمانە بە تێپەڕاندنی پارادایمی دەوڵەت و دامەزراندنی نەتەوەیەکی ئازاد بەدەست دێت.




