شکستی حوکمڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسۆی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک
لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە قەیرانەکانی ڕۆژهڵاتی ناوەڕاست و ناساندنی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی وەک جێگرەوەیەکی واقیعی بۆ سیستمی دەوڵەت-نەتەوە.

سیڤان سەعید
وەرگێڕان: دەشتی مەحموود
داگرتنی فایلی PDF
شکستی حوکمڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسۆی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک
پوختە:
لێکۆڵینەوە لە بیرسای دەوڵەت و حوکمڕانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەمانگەیەنێتە مشتومڕی ئەوەی کە گرفتێکی درێژخایەن لە کەلتووری سیاسیی ناوچەکەدا چەسپیوە. شرۆڤەکاران، پێشنیاری ئەوە دەکەن کە دەتوانرێت ئەم دەوڵەتانە بە دەوڵەتی شکستخواردوو هەژمار بکرێن. سەرەڕای ئەوەش، لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، چەندین هەوڵ بۆ چارەسەری قەیرانەکان و پێشنیارکردنی جێگرەوە بۆ پڕۆژەکانی دەوڵەتان و حوکمڕانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دراوە. ئەم توێژینەوەیە، ئامانجی لێکۆڵینەوەیە لە سێ خاڵی سەرەکیی. یەکەم: بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕیشەی هۆکارەکان و ئاکامەکانی ئاژاوەکە لە ئێستا و داهاتوودا شی دەکاتەوە. بۆ بەدیهێنانی ئەمە، توێژینەوەکە ڕۆ دەچێتە ڕابردوو و لە هۆی ڕووداوەکان دەکۆڵێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی لە وێنەی تەواوی ئاژاوەکە تێبگات. دووەم: پێشنیار و تێڕامان بۆ جێگرەوە ـی قەیرانەکان دەکات، لە ڕێگەی پێداچوونەوە بۆ ئەو جێگرەوە پێشنیارکراوانەی وا لە سەدەی ڕابردوودا ڕاپەڕێندراون، هەروەتر ئاکامەکانی گۆڕانکاریی چاودێرکراو. سێیەم: توێژینەوەکە، بەدواداچوون بۆ پڕۆژەیەکی پێشنیارکراوی دەکات کە هێشتا ڕانەپەڕێندراوە، ئەویش بۆ ئەو گرفتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن. ئەم توێژینەوەیە، هەوڵ دەدات بە وردیی لە ڕێبازێکی تازەپێشنیارکراوی بکۆڵێتەوە کە لە ڕووی تیۆرییەوە لێکۆڵینەوەی کەم لێ کراوە و کەمتر تاوتوێ کراوە. تاوتوێ لەسەر ئەم نموونەیە، بە دەگمەن بەر ڕۆشنایی ئەکادیمیای گشتیی، ڕاگەیاندن و ناوەندەکانی بیرکردنەوە کەوتووە. کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک پڕۆژەیەکە وەک چارەسەر بۆ گرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیار کراوە. ڕێبازێکی جەماوەریی کۆمەڵایەتییە، وەک جێگرەوەیەکی واقیعی پێشنیار کراوە بۆ نموونەی دەوڵەتی نەتەوە کە بە درێژایی سەدەی ڕابردوو شێوازی سەرەکیی حوکمڕانی بووە لە ناوچەکەدا.
سەروشە: دەوڵەت-نەتەوە؛ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ پەراوێزخستن، دەوڵەتی شکستخواردوو.
پێشەکیی
مشتومڕی ئەوە دەکرێت، دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەند هۆکارێک تایبەتمەندن، ئەمە دەیانخاتە پۆلی دەوڵەتە شکستخواردووەکانەوە. هەندێک هۆکار بریتین لە نەبوونی ڕەوایێتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، ئەمەش بەهۆی پاوانی دەسەڵات لەلایەن دەستەبژێری پارەدار و ناهاوسەنگیی لە پەیوەندیی لەگەڵ زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان، هەروەتر نەبوونی دیموکراسیی و وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن خەڵکەوە، لەگەڵ نەبوونی کارکردی مەدەنیی و دامەزراوەیی مەدەنیی بۆ حوکمڕانی و لەباربردنی سەروەری یاسا، ئەویش بەهۆی خزمخزمێنە و مەحسوبییەت و نایەکسانیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی دادپەروەرییدا. ئەم هۆکارانە، بوونەتە هۆی ئەوەی گەل بە بێمتمانەیی و ناچاریی پابەندی دەوڵەت بن لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان نەک بە ڕەزامەندیی و هاوکاریی خۆبەخشانە. زۆر جار، تاکەکانی ئەم دەوڵەتانە، هەستی ڕاستەقینەی پێوەبەندییان بە خاک و دەوڵەتەکانەوە نییە . بۆ نموونە، لە هەموو ئەم وڵاتانەدا، خزمەتی سەربازیی، ناچارییە.
جگە لەوەش، ئافراندن و بەشداریی لە شارستانییەت لە ڕێی داهێنان و دەستکەوتە زانستییەکانەوە، بە شێوەیەکی ئاشکرا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەماون. داهێنان لەناو ئەم کۆمەڵگا و دەوڵەتانەدا ماوەیەکی زۆرە بزر بووە و لە ئاکامدا گەندەڵیی بەربڵاو و بیرۆکراسیی ناکارامە لە سەرانسەری وڵاتاندا بڵاو بووەتەوە. بێکاریی و کەمکاریی باوی سەندووە و کەسانی ناشایستە پێگەکانیان لە سەرانسەری وڵاتەکاندا داگیر کردووە. بنیادنانی نەتەوە دەستکردەکان و گێڕانەوەی مێژووی زیادەڕەو و هەڵبەستراو بۆ وڵاتان و پێشەواکان لە پەروەردە و گوتاری فەرمیی ئەم دەوڵەتانەدا دیارە. ئەمانە و چەند هۆکارێکی تر بەشدارن لە تایبەتمەندکردنی ئەم دەوڵەتانە وەک دەوڵەتانی شکستخواردوو. بۆیە، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی پشت ئەم جۆرە شکستانە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بیرکردنەوە لە چارەسەر و پێشنیارکردنی جێگرەوە بۆ ئەو قەیرانانەی ماوەی سەد ساڵە بەردەوام ئەم کۆمەڵگایانە دەپڕووکێنێتەوە.
بەم شێوەیە، ئەم توێژینەوەیە لێکۆڵینەوەیە سێ خاڵ بە ئامانج دەگرێت: یەکەم: بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنۆڕێت، ڕیشەی هۆکارەکان و ئاکامەکانی ئاژاوە لە ئێستا و داهاتوودا. بۆ بەدیهێنانی ئەمە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو و لە هۆی ڕووداوەکان بکۆڵێنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی وێنەی کۆی ئاژاوەکە تێبگەین. دووەم: پێشنیار و تێڕامان لە هەندێ لە جێگرەوەی قەیرانەکان. بۆ ئەمەش پێویستە پێداچوونەوە بۆ ئەو جێگرەوە پێشنیارکراوانەی وا لە سەدەی ڕابردوودا ڕاپەڕێندراون، لەگەڵ ئاکامەکانی گۆڕانکاریی چاودێرکراو، لەو کاتەوە بکرێت. سێیەم: بەدواداچوون بۆ پڕۆژەیەکی تازەی پێشنیارکراو، کە هێشتا بە تەواوەتیی ڕانەپەڕێندراوە، دەکەین، ئەویش بۆ ئەو گرفتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی دیکە هەن. پێویستە بڕوانینە نموونەیەکی پێشنیارکراو کە لە ڕووی تیۆرییەوە تا ئەندازەیەک تاوتوێ کراوە. کەچی، تاوتوێ لە سەر ئەم نموونەیە، بە دەگمەن بەر ڕۆشنایی ئەکادیمیای گشتیی، ڕاگەیاندن و خانەکانی بیرکردنەوە کەوتووە. ئەم گوتارە پێشنیارکراوە تازەیە، پێی دەگوترێت، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک . ئەمەش، پڕۆژەیەکە وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیار کراوە. کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، ڕێبازێکی جەماوەریی کۆمەڵایەتییە، وەک جێگرەوەیەکی واقیعیی پێشنیار کراوە بۆ نموونەی دەوڵەت-نەتەوە کە بە درێژایی سەدەی ڕابردوو شێوازی سەرەکیی حوکمڕانی بووە لە ناوچەکەدا. بە سادەیی و بە کورتیی دەتوانرێت بگوترێت کە؛ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، فەلسەفەیەکی سیاسییە و لامەرکەزییەت (خۆجێی – ناناوەندێتیی)، دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و فێمینیزم بە پێشینە دەگرێت. پاوانخوازیی، نەتەوەگەرایی، تێکدانی ژینگە، ڕەگەزگەرایی، نایەکسانیی ئابووریی، بیرۆکراتی سۆسیالیزمی دەوڵەتیی و سەرمایەداریی، ڕەت دەکاتەوە. ئیدارەیەکی سیاسیی نادەوڵەتیی لەخۆ دەگرێت کە چوارچێوەی ڕێکخستنی خۆسەر بۆ هەموو جڤاتێك، بە شێوەیەکی دەستەجەمیی بۆ پێکهاتە کەمینەکان دابین دەکات. ئەم شێوازە لە دیموکراسی ڕادیکاڵ یاخود (بەشدارانە) هەم دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و هەم دیموکراسیی نوێنەرایەتیی دەگرێتەوە، کە هاووڵاتییان ڕۆڵێکی سەرەکیی لە بڕیاردان و ڕێکخستنی سیاسییدا، دەگێڕن. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بیرمەندێکەوە بە ناوی عەبدوڵا ئۆجالان پێشنیار کراوە، ئەو بیستوشەش ساڵە لە زیندانی دەوڵەتی تورکیادایە، بە شێوەیەکی سەرەکیی لە زیندانی تاکەکەسییدا، بەو پێیەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە وەک سەری تیرۆر ناوزەند کراوە. هەروەتر، تەواوی جیهان دڕدۆنگانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆسییەکەدا کردووە و بەبێ لێکۆڵینەوە و پاساو، ناونانەکانیان قەبووڵ کردووە. دەتوانرێت ئۆجالان بە بیرمەندێکی کاریگەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار بکرێت، بە تایبەت لەنێو هاونیشتیمانییانی کورد لە ناوچەکەدا.
ئاژاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
لە ساڵانی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی وردەوەردە خاکەکەی لەدەست دەدا، دەسەڵاتەکەی کەم بووەوە، دواجار لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی ڕابردوودا، داڕما. داڕمانی ئیمپراتۆرییەتەکە ڕووداوێکی بێهاوتا نەبوو؛ داڕمانی هاوشێوە بە سەر هاپسبورگەکانی ئیمپراتۆریەتیی نەمسا-هەنگاریا و ڕۆمانۆڤەکانی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیادا هاتبوو. تا کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم هەر سێ ئیمپراتۆرییەتەکە ڕووخابوون. خاکەکانی ژێر ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا بەهۆی شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن گیرۆدە بوون و ئیمپراتۆرییەتی نەمسا-هەنگاریا هەڵوەشا بۆ دەوڵەتۆچکەی جێنشین، نەخشەیەکی کێشراوەی ئەورووپای ڕۆژهەڵاتی پێک هێنا. بەڵام، چارەنووسی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی جیاواز بوو. لە دۆخی شکستی خاکدا، خاکە ئەنادۆڵییەکانی داگیرکران و خاکە عەرەبییەکانی دابەش کران و خراونەتە ژێر فەرمانی ئیمپراتۆرییەوە، ئەمەش لەلایەن بەرە سەرکەوتووەکانی ئەورووپیی شەڕەکە سەرپەرەشتیی دەکران.
هیوای گەل بۆ ئازادیی و ژیانێکی باشتر دوای گەندەڵیی و خراپ بەڕێوەبردنی درێژخایەن لە ژێر ئیمپراتۆریەتی لاواز و نەخۆشدا، بەرز بووەوە. بەڵام، کۆڵۆنیالیزم و زلهێزە دەرەکییەکان ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەبوو لە دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە و داڕشتنی سەردەمی نوێ. لە کاتێکدا گەلان و نەتەوەکان و پەرستە ئایینییەکان و پێکهاتە خێڵەکییەکان و دەستە خانەدانەکان بەئاگا دەهاتنەوە و بیریان لە داڕشتنەوەی قەوارەکانی خۆیان دەکردەوە بەپێی هەلومەرجی نوێ، شتێکی توند و نامۆ و تا ئەندازەیەك سەرنجکێش بەسەر گەلاندا هات. ئەمەش بەهۆی پڕوپاگەندەی زلهێزە کۆڵۆنیاڵیستەکانەوە بوو کە بەبێ ڕەزامەندی و ڕێککەوتن بەسەر گەلاندا سەپێندرا. دامەزراندنی دەوڵەتی تازەی دەستکرد لە ژێر ناوی دەوڵەت-نەتەوە و ڕزگاریی گەلان هاتە کایەوە. هەر لەو پێوەندییەدا، هەندێ گەل لە نێو ئەو سندووقە بچووکە نوێیانەدا جێگایان کرایەوە، هەندێکی دیکەش بەدەر کران و ناچار بوون سەردەمی نوێی دەوڵەتی نەتەوەیی و بە ناو ڕزگاریی گەلان قەبووڵ بکەن.
لەژێر ناوی عەرەب و تورکدا چەندین دەوڵەتی دەستکرد دامەزران. کەچی، هەندێ گەلی دیکە، بە تایبەت کورد و ئەرمەنیی، ڕاستییەکەی چەند گەلێکی دیکەش، لە مافە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و کەلتوورییەکانیان بێبەش کران. بەمشێوەیە، ئایدۆلۆژیا و گوتاری فەرمیی دەوڵەتانی تازەدامەزراو، گوزارشتی لە ئیرادە و خواستی هەرە زۆرینەی گەلانی ناوچەکە نەدەکرد. بەڵکوو زلهێزە کۆڵۆنیاڵیستەکان بە شێوەیەکی دەستکرد چەندین دەوڵەتی سەربەخۆیان بۆ نەتەوە و سەرکردە خێڵەکییە جۆراوجۆرەکان درووست کرد، جا ئەمەش بەبێ ڕەزامەندیی زۆرینەی گەلانی ناوچەکە. هەموو سنوورەکان ناچارانە هەڕەمەکیین، چونکە ئەو هێڵە سیاسییانەی لەسەر نەخشەیەک کێشراون، بە دەگمەن هاوکات دێنەوە لەگەڵ نەخشەی خۆڕسک. بێگومان، ناسنامە کۆمەڵایەتییەکان ئەو سنوورە سرووشتییە بەرهەم ناهێنن لەگەڵ جێگۆڕکێی دیمۆگرافیادا بگۆڕدرێن. دەیان ناسنامەی جیاوازی ئایینیی، نەتەوەیی، کەلتووریی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی چەوسێنرانەوە و لە گۆڕەپانی گشتیی و سیاسییدا سڕدرانەوە. گەلانی ڕەسەنی ناوچەکە، ناچار بوون تێکەڵ بە ناسنامەی تازە درووستکراوی دەستکرد، بەڵام فەرمیی دەوڵەتەکان بن.
بە ئاوڕدانەوە لە تەواوی سەد ساڵی ڕابردوو، لە دوای ڕووخانی عوسمانییەکان و ڕووداوەکانی سەدەی ڕابردوو، مرۆڤ بەم تێگەیشتنە دەگەیەنێت، بەهۆی چەند هۆکارێك، هەنووکە دەتوانرێت ئەم دەوڵەتانە لە ڕیزی دەوڵەتە شکستخواردووەکاندا پۆلێن بکرێن. سیاسەت و حوکمڕانیی ئەو دەوڵەتە دەستکردانە شکستی خواردووە، سەرەڕای چەندین پێشنیاری چارەسەر و هەوڵدان بۆ ڕاپەڕاندنی چاکسازیی لە سیستەمی دەوڵەتاندا. لێرەدا چەند هۆکارێک دەخەینە ڕوو، کە دەتوانن بیرسای شکست نیشان بدەن.
کێماسی سەروەریی یاسا
کاتێک مرۆڤ سەیری بارودۆخی گەلان لە هەر کوێیەکی وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بیرسای سەروەریی یاسا، دەوڵەت و دامەزراوەکانی یاسادانان لە ژێر دەستی ئەو کەسە دەسەڵاتدارانەدا دەبینێتەوە وا لە لوتکەی پلەبەندیی دەوڵەتدان. واتە، تەنیا بە ڕووکەش دامەزراوەی یاسایی هەیە. بەڵام، لە بنەڕەتدا دەسەڵات لە دەستی دامەزراوە یاساییەکاندا نییە. هەرچەندە چەند جارێک هەندێک سیاسەتمەدار و سەرکردە و دەسەڵاتداری بەهێز، ڕووخێنران و جۆرەها بەڵێنی چاکسازیی دراون؛ کەچی دەسەڵاتە دادوەرییەکان زۆربەیان گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە. ئەوەی ڕاستیی بێت، دەوڵەتی یاسا لە ناوچەکەدا تا ئەندازەیەک ناکارامە ماوەتەوە، زیاتر ئامرازێکە بۆ هەرکەسێک کە بەڕێککەوت لە دەسەڵاتدایە، نەک مەکۆی نێوەندگیری ناکۆکییە کەسیی و بازرگانییەکان و فەراهەمکردنی دادپەروەریی بێت. لە وڵاتانی وەک ئێران، ئێراق، سووریا، تورکیا و چەند وڵاتێکی تر، خەڵک لە بەردەم یاسادا یەکسان نین. دامەزراوە یاساییەکان لەسەر ڕاستەڕێی خۆیان کار ناکەن. لەم ڕووەوە هەزاران نموونە هەن. بۆ نموونە، لە لوبنان، کە دەتوانرێت بە عەلمانیترین وڵاتی ناوچەکە هەژمار بکرێت، هەرچەندە بارگرانیی زۆر لە سەر یاسا ئایینییەکانە، بەڵام ڕابەرانی پێکهاتە ئاینییە فەرمییە دانپێدانراوەکان، یانەیەکی دەستەبژێرییان پێک هێناوە و کاریگەرییەکی سیاسیی بەرچاویان هەیە. بەپێی یاسای دامەزراندنی دادگای دەستووریی، کە پێی دەوترێت “ئەنجوومەنی دەستووریی”، مافی ئەوەیان هەیە داوای پووچەڵکردنەوەی هەر یاسایەک بکەن کە مەترسیی بێت بۆ سەر خواپێداوێتییەکانیان . بەم شێوەیە لە ناوچەکەدا، سەروەریی یاسا، لە ژێر بەزەیی دەستەبژێری بەهێزی ئایینیی و خێڵەکییدایە، نەک ئەو سیستەمەی بتوانێت بە یەکسانیی مامەڵە لەگەڵ هەر هاووڵاتییەک بکات.
کێماسیی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون
دەوڵەتە دەستکردەکانی ناوچەکە زەبریان لە هاوئاهەنگیی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی و فرەچەشنیی و فرەڕەنگیی کەلتووریی نێو چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوە تازە دامەزراوەکان داوە. سەپاندنی باوەڕێکی ئایینیی بە سەر ئەوانی تردا، زمانێک بە سەر ئەوانی تردا، نەتەوەیەک بە سەر ئەوانی تردا، ڕەگەزێک بە سەر شووناسە ڕەگەزییەکانی تردا؛ ئەمەش پەشێوییەکی مەزنی لە سرووشتی هەمەچەشن و یەکگرتووی گەلان لە هەموو ناوچەکەدا خستووەتەوە. بەم شێوەیە، بابەتی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوونی ڕێزدار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر پرسیاردایە. تەنیا ئەو کەسانە ڕێزیان لێ دەگیرێت کە دەتوانن لەگەڵ سیاسەت و کاری ئەو دەستەبژێرەدا بگونجێن وا دەسەڵات و سەرچاوەکانیان پاوان و جڵەو کردووە. لە وڵاتانی کەنداو، بارودۆخی مافی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان و مامەڵەی چەوت لەگەڵ کەمینەکان لە دۆخێکی چارەنووسسازدایە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێشتا ڕێبازێك هەیە و هەموو جۆرە هەڵبژاردنێکی دەربڕینی بیرۆکە و مافەکان بە مەترسیی دەبینێت. ئەم هاووڵاتییانەی تا ئەمڕۆ هیچ بژاردەیەکیان پێ نەدراوە بۆ مانەوە لە ژێر دەسەڵاتی دەستەبژێری بەهێزدا، ئەمەش خۆدزینەوە لە باج و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی نوێنەری لێ کەوتووەتەوە. لێرەوە لەم وڵاتانەدا زۆرینەی خەڵک وەک هاووڵاتیی پلەدوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەوان ئەرکیان لە خاوەن وڵاتەکان زیاترە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش، بەراورد لەگەڵ خاوەن وڵاتان، مافی کەمتریان هەیە. ئەمەش ناوکی بیرسای کێماسیی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوونی ڕێزدارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕیزنەگرترن لە زانین و داهێنان
لە کاتێکدا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان دادەنرێن، سەرچاوە سرووشتیی و مرۆییەکان بە زەوەندیی بەردەستن؛ بەڵام ناوچەکە بەردەوام لە ڕاپرسییە جیهانییەکانی داهێناندا، لە ڕیزبەندیی پلەی نزمدا بووە. گەلانی ناوچەکە وەک هاووڵاتییەکی ڕاستەقینە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت کە ماف و هیوا و ئارەزووی بەدەستهێنانی شتێک و بنیادنانی داهاتوویان هەبێت. دەتوانین بڵێین، زۆربەی هاووڵاتییان لە وڵاتەکانیان وەک ئەوەی میوان بن یان لە ناو کەمپی پەنابەر و کۆمەڵگای زۆرەملێدا بژین، وەهان. بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، ئەگەر هەر دەرفەتێکیان هەبێت، وڵات بەجێ دەهێڵن و ژیانێکی جیاواز لە خاکێکی جیاوازدا، دوور لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ دەکەن؛ بڕێکی زۆریان دڕدۆنگ نین لە جێهێشتنی وڵاتەکانیان. کۆچکردن بۆ دەرەوەی ناوچەکە، دیاردە و ڕەوتێکی گەورەیە. ساڵی ٢٠٢٢ دامەزراوەی ڕاپرسیی گەنجانی عەرەب، پێشنیاری ئەوە دەکات کە ٣٣%ـی گەنجانی عەرەب دەیانەوێت کۆچ بکەن یان بیریان لە کۆچ کردووەتەوە. جگە لەوەش، هەندێک لە کۆچبەران، بە تایبەت ئەفغانییەکان، لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا بە ناو وڵاتانی ناوچەکەدا بازێن دەکەن. ئەم پرسە بە شێوەیەک بڵاوە، پێویست ناکات مرۆڤ بۆ سەلماندنی، بەڵگە و نموونە بهێنێتەوە. لە دۆخی بەم ڕەنگەدا، کێ دەتوانێت خولیای گەورەی بۆ ڕێزگرتن لە زانین و زانست هەبێت. کێ دەتوانێت کات بۆ وەبەرهێنان لە داهێنانێکی زانستییدا تەرخان بکات. بێگومان، لە ناوچەکەدا، سەدان یان هەزاران بەناو زانکۆ و دامەزراوەی زانستیی هەن. بەڵام دەتوانین بە سادەیی بێژین، تەنانەت دامەزراوەیەک نادۆزرێتەوە بە ڕاستیی و درووستیی کار لە سەر ڕێگای ڕاستیی داهێنان و دەستکەوتە زانستییەکان بکات. بە دڵنیاییەوە سەرمایەی گەورەی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی و سرووشتیی هەیە و دەتوانرێت بۆ مەبەستی داهێنان بەکار بهێنرێت. بەڵام لەم ڕووەوە؛ بۆ ماوەیەکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڕێوەبردنی تەواوی سیستەمەکە شکستی خواردووە. بەمشێوەیە، ئاماژەکانی کێشە سەرەکییەکە لە چوارچێوەی سیستمی بەڕێوەبردن و حوکمڕانیی لە ناوچەکەدا دەردەکەون.
ڕیزنەگرتن لە سرووشت و ژینگەناسیی
دەوڵەتە دەستکردەکانی ناوچەکە، هەرگیز وەک پرسێکی گرنگ، نەیانڕوانیوەتە بابەتی سرووشت و ژینگەناسیی. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گریمانە دەکرێت تۆزی بیابان لەسەروو پیسبوونی هەواوە بێت، ئەمەش پێشێلکردنی هەمیشەیی ڕێنماییە تەندرووستییە گشتییەکانە. بەڵام هیچ سیاسەتێکی شێلگیر سەبارەت بە پاراستن و بەکارهێنانی سامانە سرووشتییەکان نییە، بەو شێوەیە زیان بە سرووشت و ئەو بوونەوەرانە (بە مرۆڤیشەوە) دەگات، وا لە بارودۆخی سرووشتییدا لە چوارچێوەی ژینگەی سرووشتییدا دەژین. لە کاتێکدا کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا، COP28، کە ئیمارات لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ میوانداریی کرد، بەستراوە. کەچی بە کردەوە، زۆرینەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز بە ڕژدی گرنگییان بەم پرسە چارەنووسسازە نەداوە. دۆخی چەندین پابەندبوونی کەشوهەوا کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر بەرەوپێشچوونەکان و بێگومان درێژەپێدانی ڕێککەوتنی پاریسی ٢٠١٥. ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆنفرانسە و گەیشتن بەو جۆرە ڕێککەوتنانە لە بەشە پێشکەوتووەکانی جیهان، دەبێت کاریگەریی لە سەر سیاسەت و کارکردن لە سەر پرسی کەشوهەوا و ژینگە هەبێت. بەڵام کاتێک، باسی بەرژەوەندیی و چڵێسیی و هەژموون دەکرێت؛ سیستمی سەرمایەداریی، کە دیارە جڵەوی تەواوی خۆی بە سەر سیاسەت و کاری دەوڵەتانی ناوچەکەدا گرتووە؛ هەرگیز بە گرنگییەوە ڕەچاوی سرووشت و ژینگە ناکات. دەتوانین بڵێین، زۆرینەی کارەساتە سرووشتییەکانی وەک لافاو و بوومەلەرزە بە جۆرێک لە جۆرەکان هۆی مرۆیی لە پشت بووە و بەهۆی مامەڵەی خراپ بووە لەگەڵ سرووشت لەلایەن پڕۆژە سەرمایەدارییە پیشەسازییەکانەوە. بۆیە پرسی ڕێزگرتن لە سرووشت و ژینگە خاڵێکی تری چارەنووسسازە و دەتوانێت دەوڵەتە دەستکردەکانی ناوچەکە بۆ خەرەندی شکست لێژ بکاتەوە.
بە دڵنیاییەوە چەند هۆکارێکی تریش هەن کە دەکرێت وەک بەڵگەیەک بۆ شکستی دەوڵەتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەبوونی قەیرانی کوشندە و ئاژاوەی ئاڵۆز ڕیز بکرێن. بەڵام دەکرێت ئەم چوار هۆکارە سەرەکییە بەس بن بۆ ئەوەی هەر قەوارەیەک داڕمێنێت. بەم شێوەیە، دەبێ گەلانی ناوچەکە بە ڕژدیی بیریان لە گەڕان بەدوای چارەسەر و پێشنیارکردنی جێگرەوە بۆ دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە کردبێتەوە.
جێگرەوە پێشنیارکراوەکان بۆ قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بۆ ئەوەی مرۆڤ تێبگات و پاشان جێگرەوەیەك پێشنیار بکات، پێویستە لە ڕیشەی قەیرانەکە تێبگات. پێویستە مرۆڤ لەو خاڵە سەرەکییانە تێبگات، کە زۆرینەی خەڵکیان ناڕازیی کردووە لەو هەلومەرجەی هەنووکە تێیدا دەژین. جا هۆکارەکانی قەیرانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی زۆرینەی ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە دەستکردە شکستخواردووەکاندا چین؟ بۆچی زۆرینەی خەڵک هەست ناکەن ئەو دەوڵەتەی [تێیدا دەژێن] هی خۆیان نییە؟ بۆچی هەموو هەوڵێکیان شێوەیەکە لە خۆگریی لە بەرکەوتن لەگەڵ ستەمی دەوڵەت و دەسەڵاتداران لە ژیانی ڕۆژانەیاندا؟ ئەم پرسیارانە دەتوانن یارمەتیی مرۆڤ بدەن بۆ بینینی ڕیشەی کێشەکە. دەتوانین مشتومڕی ئەوە بکەین کە ڕیشەی کێشەکە لە بیرسای پەراوێزخستنی هەندێک دەستە لەلایەن هەندێک دەستەی دیکەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوە دەشێت بەهۆی چڵێسیی دەسەڵات و هەندێک جیاوازیی نێوان دەستەی زلهێز و بێدەسەڵاتەکان بێت. بە درێژایی مێژوو، بیرسای پەراوێزخستن و بێڕێزیکردن بە جیاوازییەکان، بە هۆی چڵێسیی و زگەڕۆیی دەسەڵاتخوازیی لەلایەن هەندێک دەستە لە کۆمەڵگاکاندا دەبینرێت، بەڵام تیشک خستنە سەر ئەم بیرسا نەرێنییە لە ژێر ناوی دەوڵەت-نەتەوە و ڕزگاریخوازیی، لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە دڕندەترین جۆرەکانیدا بینراوە. پاش ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانیی، زلهێزە کۆڵۆنیاڵیستەکان بە شێوەیەکی دەستکرد ناوچەکەیان داڕشتەوە و برەویان بە بزووتنەوەکانی بە ناو ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی دا و پشتیوانیی چەندین دەستەبژێر و سەرکردەی خێڵەکییان کرد بۆ دامەزراندنی قەوارەی بچووکتر لە ژێر ناوی وڵات و دەوڵەتی نوێدا. لە ئەنجامدا بێ گوێدانە ڕەزامەندیی و ئیرادەی زۆرینەی گەلانی ناوچەکە؛ چەندین دەوڵەتی دەستکرد دامەزراون. لەسەر ئەو خاکانەی کە زۆرینەی خەڵکی عەرەب ئاخێو دەژین، نزیکەی بیست دەوڵەتی نەتەوەیی جیاوازیان بە ئاڵای جیاواز و بە ناو هێمای نەتەوەییەوە درووست کردووە. کەچی، زۆرینەی ئەو کەسانەی کە تازە ئەرکی دڵسۆزبوون بەم دەوڵەتانەیان پێ دراوە، پرسیاریان لێ نەکرا ئایا ئەمەیان دەوێت یان نا. لەناکاو، سنوورەکان کێشران و بوونە سنووری پیرۆز، جا بێ مۆڵەتی بە ناو یاسایی نەدەکرا تێپەڕێنرێن. له هەردوو دیوی سنوورەکان، له پڕ برا و ئامۆزا له دوو وڵاتی جیاوازدا بوون به دوو هاووڵاتیی جیاواز و یەکتردیتنیان لێ قەدەغە کرا. بەهۆی تازە کێشانی سنوورە دەستکردەکانەوە، سەدان گوند و شارۆچکە کراون بە دوو بەشی [دابەشکراو بەسەر دوو دەوڵەتی دەستکرددا].
خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم قەوارە نوێیانەی بە چەند ناوێک و لە ڕێگەی شێوازی جیاوازی دەسەڵاتەکانەوە دامەزراون، وەک پاشایەتیی، کۆماریی، ئیمارات و …هتد؛ قۆرخکاریی دەسەڵات بوو لەلایەن کۆمەڵەیەکی بچووکی دەستەبژێر، ئەمانە پێیان وابوو ئەوان خاوەنی هەموو شتێکن و ڕێگە بە خۆیان دەدەن هەموو شتێک جڵەو بکەن و ئەوانی دیکەش لە هەمان ماف بێبەش بکەن. ئەم بیرسایە لە خاوەندارێتیی بە شێوەیەکی زەق لە چوارچێوەی تەواوی پێڤاژۆی حوکمڕانیی و سیاسەت لە ناوچەکەدا شێوەی گرتووە. بە شێوەیەك، کاتێک سەرکردەیەک باسی ئاسایشی نیشتمانیی و بەرژەوەندیی نیشتمانیی دەکات، ئەوەی ڕاستیی بێت، مەبەستیان تەنیا بەرژەوەندیی خێزانەکەی، هۆزەکەی یان لایەنە سیاسییەکەی خۆیانە. وەک ماکس ڤێبەر لێی کۆڵیوەتەوە، دەوڵەت بە تەنیا مافی بەکارهێنانی هێزی جەستەیی هەیە یان ڕێگە بە بەکارهێنانی هێزی جەستەیی دەدات لە ژێر ناوی توندوتیژیی ڕەوادا، ئەویش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی، [ئەمەش تەنیا] بەپێی یاسا. ئەم بیرسایە، بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک تایبەتمەندییەکی بنچینەیی دەوڵەتی مۆدێرن سەیر دەکرێت. کەچی لەباری دەوڵەتە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بیرسای خاوەندارێتیی دەوڵەت بە ئاسایش و بەرژەوەندیی سەرکردە و ئەو دەستانە لێک دراوەتەوە وا خۆیان بە خاوەنی دەوڵەت دەزانن. بە واتایەکی تر خاڵە سەرەکییەکان بریتین لە نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، مافی مرۆڤ، ڕێزگرتن لە هاووڵاتیبوون، سەروەریی یاسا و دیموکراسیی. بۆ ئەمەش، گرنگ نییە دەسەڵات و حوکمڕانیی لە دەستی دەستە ئایینییەکان یان عەلمانییەکان، پاشاکان یان کۆمارییەکان، سۆسیالیستەکان یان سەرمایەدارەکاندا بێت؛ یان هەر دەستەیەکی دیکە. لە هەموو بارەکاندا، هێشتا دەسەڵات لەلایەن دەستەیەك یان چەند گرووپێکەوە قۆرخ کراوە و ئیرادەی کەمینەیەك بە سەر زۆرینەی خەڵکدا سەپێندراوە.
لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ناوچەکە چەندین گۆڕانکاریی بە خۆیەوە بینیوە و بە ناوی جێگرەوە پێشنیارکراوەکانەوە مامەڵەیان پێوە کراوە. بەڵام، نزیکەی هەموویان بە نیوەچڵ و ڕووکەش و نابنچینەیی بۆ چارەسەری قەیرانەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان تایبەتمەند بوون. چەندین شۆڕش و کودەتا بە ڕێککەوت بۆ گۆڕینی دەستەبژێرە زلهێزەکان و هێنانەدی ئەو بەناو جێگرەوانە ڕوویان داوە. پادشاکان ڕووخێنران و سەرۆکەکان هاتن، ئیسلامییەکان لا بران و عەلمانییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست. ناسیۆنالیستەکان هاتن و دەستە ئایینییەکان زیندان کران؛ سۆسیالیستەکان پەراوێز خران و لیبڕاڵەکان جێگەیان گرتنەوە. کەچی، هێشتا قەیرانەکان بەردەوام بوون و ئاژاوەکان ئاڵۆزتر بوون. بێگومان، دەکرێ بگوترێت، هۆکاری سەرەکیی مانەوەی هەموو پێشنیارەکان لە بنبەستدا، بانگەوازی نیوەچڵی گۆڕانکارییە لە ناوچەکەدا. لە بنەڕەتدا، بەهۆی پێشنیارنەکردنی گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتیی ڕیشەیی، بانگەوازی گۆڕانکاریی، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە سیاسییە بەشەکییەکاندا سنووردار کراوە. بە واتایەکی دیکە، گرنگیدان بە بزووتنەوە سیاسییەکان و چاوپۆشیی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە، نیوەچڵیی گۆڕانکاریی و جێگرەوەی لێ کەوتووەتەوە. مشتومڕی ئەوە دەکرێت، هیچ نەبێت لە ڕووی تیۆرییەوە، جیاوازییەکی جەوهەریی لە نێوان بزووتنەوە سیاسییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. ئامانجی بزووتنەوە سیاسییەکان دەوڵەتە. ئامانجیان گۆڕینی دەسەڵاتی دەوڵەتە. نەک خەبات بۆ گۆڕینی پێودانگ و بەهاکانی سیستەمی دەوڵەت، وەک ئەوەی لە بزاوتەوە کۆمەڵایەتییەکان و شۆڕشە فرەڕەهەندەکاندا ڕەچاو دەکرێ، بەڵکوو دەکرێت شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی نێو سیستەمی دەوڵەت، ئامانجی سەرەکیی بزووتنەوەیەکی سیاسیی بێت. بەڵام “بە درێژایی مێژوو، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەرهەمهێنەری بەها و ئامانجی نوێن، کە لەگەڵیدا دامەزراوەکانی کۆمەڵگا دەگۆڕدرێن بۆ نوێنەرایەتیی ئەم بەهایانە، ئەویش بە ئاواکردنی پێودانگی نوێ بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیی.”
بەمشێوەیە، دەتوانرێت بگوترێت، پێشنیارکردنی جێگرەوە بۆ ئاژاوەی [خۆرهەڵاتی ناوەڕاست] لە ڕێی گۆڕینی ناو و ڕووخسارەکانەوە نایەتە کایەوە. بە ئەنجامدانی کودەتای سەربازیی دژی پاشاکان و دامەزراندنی قەوارەیەکی کۆماریی بەدی نایەت. بە پەراوێزخستنی دەستە ئایینییەکان و برەودان بە عەلمانییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو نادات. لەبەر ئەوە، مرۆڤ دەتوانێت ڕاشکاوانە بڵێت، سەرهەڵدانی دەستە توندڕەوەکانی وەک قاعیدە و داعش دەرئەنجامی ئەم ئەندێشانەن. گۆڕینی کەمالیزمی عەلمانیی بۆ ئەردۆگانیزمی ئیسلامیی لە تورکیادا، کێشەی سەرەکیی قۆرخکاریی و نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیی چارەسەر نەکرد. گۆڕینی سەدام حوسێنی سوننە و عەلمانیی بۆ پیاوانی ئایینیی شیعە لە ئێراق، قەیرانەکانی وڵاتەکەی کەم نەکردەوە. بەمشێوەیە، چارەسەر لە گۆڕینی زیهنی گەل و پێدانی دەسەڵاتە بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان، نەک پێدانی دەسەڵات بە کەمینەیەکی بچووک و سەپاندنی ئیرادەی خۆیان بە سەر زۆرینەی گەلاندا.
بە ئاوڕدانەوە لە سەد ساڵی ڕابردووی گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکە؛ دەتوانین مشتومڕی ئەوە بکەین کە هەتاوەکوو ئێستا، هەر جێگرەوەیەك لە ناوچەکەدا پێشنیار کراوە، نیوەچڵ، ڕووکەش، نابنچینەیی بووە و لەلایەن ئەو خەڵکانەوە پێشنیار نەکراوە وا بە تەواوی لە ئاژاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێگەیشتوون و باوەڕمەندن. بۆ نموونە، دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیی مۆدێرن لە ساڵی ١٩٢٣، هەرگیز ڕەنگدانەوەی نەبووە لە پێویستیی و داواکاریی زۆرینەی خەڵکی ئەو ناوچەیەدا کە لەم دواییانەدا ناوی تورکیایان لێ ناوە. لەبەر ئەوە، نزیکەی هەموو دەیەیەک کودەتا ڕووی داوە و بە جۆرێک دەستەیەکیان لا بردووە و دەستەیەکی دیکەیان هێناوەتە سەر شانۆ. لەگەڵ ئەوەش قەیرانەکان هەمیشە خراپتر و ئاڵۆزتر بوون. کاتێک باسی بارودۆخی تورکیا دەکرێت لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵدا، هیچ کەسێك ناتوانێت نکۆڵیی لەو واقیعە پشێوییەی [دەوڵەتی تورکیا] بکات. بارودۆخی میسر و ئێران وەک دوو دەوڵەتی مامناوەندیی دیکەی ناوچەکە، لە تورکیا باشتر نین. بە هەموو پێوەرەکان، ئێراق و سووریا، خراپترن لە سێ دەوڵەتی دیکەی ئاماژەپێکراوی ناوچەکە.
کەواتە، بابەتی گۆڕانکارییە بنچینەییەکان، دەبێت لە گۆڕانی زیهن و ڕیشەی سیستەمەوە بێت، نەک گۆڕینی ناو و ڕووخسار و گۆڕینی ڕووکەشی هەندێک ئاڵا و هێما و ڕێسای دەستکرد. لەم ڕووەوە، پێشنیارێک هەیە و تا ئێستا لێێ نەکۆڵراوەتەوە؛ ئەم جێگرەوەیە، هەوڵ دەدات دەست لە ڕیشەی قەیرانەکان بدات و دەست دەکات بە گۆڕینی ئەو زیهنیەی وا خەریکە درێژە بە قەیرانەکان لە ژێر ناو و شێوە جیاوازەکاندا دەدات بۆ دەیان ساڵ و سەدە. عەبدوڵا ئۆجالان، جێگرەوەی بۆ سیستەمەکە و ئەو ئاژاوە درێژخایەنەی هەنووکە لە ئارادایە، پێشنیار کردووە. دەتوانرێت بگوترێت تێڕامان لەم جێگرەوەیە، ڕەنگە سوودی هەبێت بۆ گۆڕانکارییەکان و کردنەوەی دەرگایەک بەرەو چارەسەرکردن بۆ ئەم قەیرانە ماوەدرێژە.
جێگرەوە بۆ [چارەسەر]ـی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەگەر مرۆڤ قەبووڵی بکات کە سەرچاوەی قەیرانەکان لە بیرسای زیهنی مرۆڤی دەسەڵاتدار و بێدەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرن، ئەگەر مرۆڤ لەوە تێبگات گۆڕینی ناو و ڕووخسار لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، کاریگەر نەبووە، ئەوا دەتوانێت پێشنیاری ئەوە بکات کە چارەسەرەکە لە ڕەخنەگرتن لە پایەکانی سیستەم و حوکمڕانیی و لە ڕێی پێشنیاری جێگرەوەیەکەوە دێتە ئاراوە. عەبدوڵا ئۆجالان و هەڤاڵەکانی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، خەریکی بیرکردنەوە لە چارەسەرێک بوون و لەم دواییانەدا گەیشتن بە ئەو پنتەی دەتوانرێت لە ڕێی هەڵوەشاندنەوەی پایەی سیستەمی ئێستا و پێشنیارکردنی جێگرەوە چارەسەر بدۆزرێتەوە. کاتێک ئۆجالان ڕەخنە لە واقیعی ناوچەکە دەگرێت، کۆمەڵێک بیرۆکەی نامۆ پێشنیار دەکات. ئۆجالان، تاوتوێی ئەوە دەکات کە سێ نەهامەتییەکەی شارستانییەتی هاوچەرخ بریتین لە؛ دەوڵەت-نەتەوە، سەرمایەداریی و باوکسالاریی، سا پێکەوە ئەو شتە پێک دەهێنن وا ناوی دەنێت ‘مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی’. [لە بەرانبەردا]، ئۆجالان، چەمکسازیی بیرۆکەی نوێ دەکات کە وەک ‘مۆدێرنەی دیموکراتیك’ پێشنیاری دەکات. ئەم چەمکە نوێیە بۆ ئاواکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی و ئەخلاقییە و لەلایەن مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە لەبار براوە. دەتوانین بڵێین جیهانی نوێ، لەسەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی وەستاوە، کە سەرمایەداریی و پیشەسازیی لەگەڵ کۆمپانیا داراییە زەبەلاحەکانیدا بزوێنەری ئەم سیستەمەن. هێشتا، شێوازی دەوڵەت-نەتەوە کارکردەیی بەدەنی ئەم سیستەمەیە. ئۆجالان مشتومڕی ئەوە دەکات، پێویستە هەریەکێک لەم سێ پایەیە، دانە بە دانە هەڵبوەشێندرێنەوە و پاشان ئاوا بکرێنەوە.
هەنووکە، لە جیهاندا مشتومڕێك لە گۆڕێیە کە لە بنەڕەتدا، ئیدی هیچ ئاڵنگارییەکی بنچینەیی لە بەردەم سیستەمی سەرمایەداریدا لەگۆڕێ نییە. هەموو زلهێزە سەرەکییەکانی جیهان بە جۆرێک ملکەچی نیولیبڕاڵیزم بوون. ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، چین و ڕووسیا هەموویان بە کردەوە جۆری جیاوازی هەمان سیستەمن. بەڵام، بە کردەوە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا، شێوەی ناسیۆنالیزم و دەوڵەت-نەتەوە، هێشتا وەک دەفرێک دادەنرێت و سیستەمەکەی تێدا لە قاڵب دەدرێت. لە چینەوە بۆ ئەمریکا وەک دوو زلهێزی زەبەلاح تا قەتەر و بۆتان وەک دوو قەوارەی بچووک، تا تورکیا و ئێران و میسر وەک زلهێزی مامناوەند؛ هەموویان هاوڕان لەسەر ئەوەی خۆیان وەک نەتەوە و دەوڵەتەکانیان وەک دەوڵەتی نەتەوەیی دەبینن. گرنگ نییە بە دوای کام ڕژێمی حوکمڕانییدا دەگەڕێن، بانگەشەی کام سیستەم دەکەن، مرۆڤ بە ئاسانیی دەتوانێت تێبینیی ئەوە بکات هەموویان لەناو زەریایەکدا مەلە دەکەن و دەتوانرێت ناوی بنێین سیستەمی سەرمایەداریی، نیولیبڕاڵیزم.
وەک ئۆجالان پێشنیاری کردووە، دەکرێت پێڤاژۆی هەڵوەشاندنەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پێڤاژۆیەکی درێژخایەن بێت، بە شێوەیەکی سەرەکیی لەسەر سێ پایە وەستاوە، دەتوانرێت لە ڕێی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی خودی سیستەمەکەوە بەدەست بهێنرێت. ئەم تێگەیشتنە، پێشنیارەکە تەواو سەرنجکێش دەردەخات. چۆن مرۆڤ دەتوانێت سەرچاوەکانی سیستەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی خودی سیستەمەکە بەکار بهێنێت؟ پێشنیارکردنی جێگرەوە بۆ پایەکانی سیستەمەکە، بە جۆرێک لە جۆرەکان باڵکێشە.
یەکەم: ئۆجالان، نەتەوەی دیموکرات وەک دەفرێکی جێگرەوە بۆ ئەو گەلە پێشنیار دەکات وا لەلایەن سیستەمی سەرمایەداریی ملکەچ کراوە، لەگەڵ ئەو سەرچاوە مرۆییانەی دەوڵەت پاوانی کردوون. دەکرێت بەڕێوەبردنی نەتەوە لە ڕێگەی دیموکراسیی بنگەهی ڕاستەوخۆوە بێت، ئەویش لە ڕێی بەهێزکردنی جەماوەریی گەلان و دەرخستنی فرەچەشنیی و یەکسانیی دەرفەت و مافەکان بەبێ هیچ جۆرە جیاکارییەک بۆ هیچ دەستەیەك، جا بەبێ گوێدانە خاڵە جیاوازەکانی نێوانیان. پێویستە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بەڕێوەبردنێکی دیموکراسیی بێت، وەک جێگرەوەیەك بۆ دەوڵەت-نەتەوە پێشنیار دەکرێت و بە شێوەیەکی سرووشتیی و لە بنەڕەتدا [دەوڵەت-نەتەوە] دامەزراوەیەکی چەوسێنەرە. لەم ڕووەوە، دەبێ کۆمار لەسەر بنەمای ئیرادە و خواستی گەلانی هەمەچەشن لە نێو نەتەوەی دێموکراتدا بنیاد بنرێت. ئۆجالان دەڵێت، زۆرینەی ئەم گەلانەی خوازیاری ژیانێکی ئازادیخوازانەن، ڕێڕەوی بەدیهێنانی ئەم ئارەزووەیان دەدۆزنەوە. ئەم زۆرینەیە، هەم هێزی ئەوەی هەیە شێوەژیانی سەدەکانی ناوەڕاست بەجێ بهێڵێت و هەم لە نموونەی دەوڵەت-نەتەوە کە سیستەم پێشکەشی دەکات و لەلایەن مۆدێرنیتە سەرمایەدارییەوە بە دەسەڵات دادەنرێت، ڕزگاری بێت.
دووەم: سەرمایەداریی پایەیەکی ئەو سیستەمەیە و لە بنچینەدا، [بەپێی] بنەمای مافی مرۆڤ نەوەستاوە؛ بەڵکوو سیستەمێکی چڵێس و بنچینە-بەرژەوەندییە و مانەوەی بە قەیران و ئاژاوەوە بەندە. [لەم هەلومەرجەدا] مرۆڤایەتی یهەڵبژاردەی دیکەی پێ نەدراوە و [ناچار] تەنیا یەک بژاردەی قەبووڵ کردووە، ئەمیش سیستەمی سەرمایەدارییە. پێشنیارکردنی ئابوورییەکی کۆمەڵایەتیی و جڤاتی لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە سرووشت و مرۆڤەکان، جێگرەوەیەکی دیکەیە و شایەنی بیرکردنەوەیە.
پیشەسازی یەکێکی تر لە ئامرازەکانی ئەو سیستەمەیە و تەنیا گرنگی بە بەرژەوەندیی و کەڵەکەکردنی سەرمایە دەدات، ئەویش بەبێ گوێدانە سرووشت و ڕێبازی ڕێزدارانە بۆ پاراستنی سامانە سرووشتییەکان و ژینگە. بە پێچەوانەی ئەمەوە، مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، پیشەسازییەکی ژینگەیی پێشنیار دەکات کە ڕێز لە سرووشت و ژیان لەسەر هەسارەی زەوی دەگرێت.
سێیەم: باوکسالاریی یەکێکی ترە لە بەربەستە درێژخایەنەکان، هەزاران ساڵە ڕەگی بە قووڵایی کۆمەڵگاکاندا ڕۆ چووە. ئۆجالان ڕوانگەی وایە، پایەی بەهێزی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بەهای باوکسالارییە. لەبەر ئەوە، پێویستە ڕێگای ئازادیی کۆمەڵگا بە ئازادیی ژن لە زیهنی زاڵێتیی نێردا تێپەڕێت. شایەنی ئاماژەیە، بیرۆکەی ئەوەی دەبێت بە پێودانگی ئازادیی ژن، سەرکەوتن و شکستی شۆڕش بپێورێت، بۆ یەکەمجار لەلایەن شارل فووریێ ‘سۆسیالیستی یۆتۆپیایی’ پێشنیار کراوە. بەڵام دەتوانرێت بگوترێت، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، پڕۆژەیەکی کاریگەر لەسەر بنەمای پێشەواێتیی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرپێ کەوتووە. ئەو دەورە گرنگەی ژن لە گوتاری ئۆجالاندا وەری گرتووە، گرنگیی تیشکۆخستنە سەر باوکسالارییە وەک شێوازێکی سەرەکیی زاڵبوون کە پەیوەندییەکی نزیکی بە سەرمایەداریی و کۆڵۆنیالیزمەوە هەیە.
بێگومان، دەتوانین بڵێین، ڕەخنەی ئۆجالانیش لە سیستەمەکە و پێشنیارکردنی جێگرەوەی لەو شێوەیە بێ گیروگاز نییە، ئەمەیش نەک بەهۆی هەلومەرجی هەنووکەیی واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دیارە خراپترە لەوەی مرۆڤ دەتوانێت بیبینێت. بەڵکوو بەهۆی نەبوونی ئامادەکاریی کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی بۆ تێگەیشتن لە قەیرانەکان و بیرکردنەوە لە جێگرەوەکە. بەم پێیە، ئۆجالان بە شێوەی کردەکیی داوای ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا دەکات بۆ ئەوەی دەست بە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بنچینەیی لە زیهنییەتی خەڵکدا بکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جێگرەوەیەکی باشتر بێتە کایەوە. ئەمەش جیاوازییەکی بنەڕەتییە لە نێوان ئۆجالان و ئەو بیرمەندانەی دیکە وا لە سەد ساڵی ڕابردوودا جێگرەوەیان پێشنیار کردووە. ئۆجالان بیرمەندێکە، هاوکات ڕێبەرێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییشە. لە کاتێکدا لە ڕووی تیۆریەوە جێگرەوەیەك بۆ سیستەمەکە پێشنیار دەکات؛ بە کردەوە کاریگەریی لەسەر ملیۆنان کەس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە. سەرەڕای یاساخبوونی لە تورکیا و شوێنەکانی تر، سیستەمی کەجەکە (کۆما جڤاکێن کوردستان) بە دەرفەتی سنووردارەوە بۆ پێشنیار و ڕاپەڕاندنی جێگرەوەیەك لەسەر ئاستی بچووک و لە دەڤەرە بچووکەکاندا، هێشتا؛ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر زیهنییەتی و ڕوانگەی خەڵک بەرانبەر بە ژیان و سرووشت هەبووە. کەواتە، ئۆجالان تەنیا جێگرەوەیەك بۆ سیستەمی سیاسیی و کردەیی قۆرخکاریی دەوڵەت-نەتەوە پێشنیار ناکات، ئەوەی ڕاستیی بێت، ئۆجالان، شێوەژیانێك بە کاکڵەیەکی دیموکراسیی و ڕێبازی ڕێزدارانە لە سرووشت و ئەو زیندەوەرانەی وا لەگەڵ مرۆڤدا دەژین، پێشنیار دەکات.
مرۆڤ دەتوانێ بە ئاسانیی بڵێت؛ پێشنیارکردنی بیرۆکەی نامۆی لەم چەشنە لە ناوچەکانی وەک کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوورە لە واقیع و دەرەنجامی ئەرێنیی. بە پێچەوانەوە ئەو نموونەیەی ئۆجالان وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە پێشنیاری دەکات، دەتوانێت زێدەتر لە هەموو پێشنیارەکانی دیکە بۆ فرەڕەنگیی هەمەچەشنی ناوچەکە گونجاوتر بێت. لە کاتێکدا کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک لە بنەڕەتدا برەو بە ناسنامە جیاوازەکانی ناوچەکە دەدات و دەیانپارێزێت، بەڵام لەسەر بنەمای نەتەوەیی، ئایین، ڕەگەز، یان هیچ خاڵێکی جیاکاریی دیکە، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەدا لە ناوچەکەدا کاریان پێ کراوە، دانەمەزراوە. لەم ڕووەوە، ئۆجالان چارەسەرێک بۆ بنبەستی سیاسیی تورکیا پێشکەش دەکات، [سەرلێشێواوییەکی سیاسیی] کە بەهۆی بیرسای تواندنەوە و یەکخستنی ناچاریی زۆرەملێ بە دەسیسەی دەوڵەت-نەتەوە لە تورکیا، هاتووەتە ئاراوە. ئۆجالان دەنووسێت:
“چارەسەرێکی سادە پێشکەش بە کۆمەڵگەی تورکیا دەکەم. ئێمە داوای نەتەوەیەکی دیموکراتیخواز دەکەین. ئێمە دژایەتی یەکێتیی دەوڵەت و کۆمار ناکەین. ئێمە کۆمار و پێکهاتە یەکگرتووەکەی و عەلمانییەتەکەی قەبووڵ دەکەین. بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە دەبێت [کۆمار] جارێکی دیکە، وەک دەوڵەتێکی دیموکراسیی، کە ڕێز لە گەل و کەلتوورەکان و مافەکان بگرێت، ڕێک بخرێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، دەبێت کورد ئازاد بێت لە ڕێکخستن، به شێوەیەك؛ بتوانێت کەلتوور و زمانی خۆی بژی و بتوانێت له ڕووی ئابووریی و ژینگەییەوە گەشە بسەنێت. ئەمەش ڕێگە بە کورد و تورک و کەلتوورەکانی دیکە دەدا تا لە ژێر ئاسمانی نەتەوەیەکی دیموکراسیی لە تورکیا کۆ ببنەوە. بەڵام ئەمە تەنیا بە دەستوورێکی دیموکراسیی و چوارچێوەیەکی یاسایی پێشکەوتوو، کە ڕێزگرتن لە کەلتوورە جیاوازەکان دەستەبەر بکات، فەراهەم دەبێت. بیرۆکەی ئێمە بۆ نەتەوەیەکی دیموکراتیک بە ئاڵا و سنوور پێناسە ناکرێت. بیرۆکەی ئێمە بۆ نەتەوەی دیموکراتیک، نموونەیەك دەگرێتەوە لەبری نموونەیەك لە سەر بنەمای بنیادی دەوڵەت و بنەچەی نەژادیی، لە سەر بنەمای دیموکراسیی دامەزرا بێت. تورکیا پێویستی بەوەیە خۆی وەک وڵاتێک ڕێک بخاتەوە کە هەموو نەتەوەکان لەخۆ بگرێت. ئەمەش، دەبێتە نموونەیەک بە پێودانگی مافەکانی مرۆڤ، نەوەکوو ئایین و ڕەگەز. بیرۆکەی ئێمە بۆ نەتەوەیەکی دیموکراتیک، هەموو نەتەوە و کەلتوورەکان لەخۆ دەگرێت.”
ئەم دەربڕینە، دەتوانێت پێشنیارنامەیەك بێت بۆ “چارەسەری پرسی کورد” لە تورکیا. بەڵام، پرسگەلێک دەوروژێنێت کە زۆر گشتیتر و بەربڵاوترن لەو پرسیارە جیۆ-مێژووییە تایبەتانەی دەیانخاتە ڕوو. بە دڵنیاییەوە لە سەرانسەری ناوچەکەدا، مرۆڤ دەتوانێت هەمان ئەو پرسە نەتەوەیی و ئایینیی و مەزهەبیی و ڕەگەزیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییانە ببینێت وا دەتوانرێت لە ڕێی پڕۆژەی یەکسانیخوازانەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسییەوە چارەسەر بکرێن. هەبوونی ژن، کەمینە نەتەوەییەکان، کەمینە ئایینییەکان و هەموو دەستە و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگاکانی چوارچێوەی سیاسەت و پراکتیکی کەجەکە، بەڵگەیەکی باشە کە نموونەی پێشنیارکراوی ئۆجالان، دەتوانرێت بە ئاسانیی لە ناوچەکەدا جێگیر بکرێت. بە دەربڕینێکی دیکە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی دەتوانێت نمونەیەك بێت و یەکڕیزیی درووست بکات بە ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی نێوان نەتەوەکان، نەژادەکان، دەستە ئایینییەکان، ئەویش بەبێ سڕینەوەی خواست و ئیرادە و ناسنامەکانیان.
دەکرێ بگوترێت، ئەم پڕۆژەیە هێشتا دەرفەتی ئەوەی پێ نەدراوە تا بە تەواویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاقی بکرێتەوە. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژاڤا تاقیکردنەوەیەکی سنووردار هەیە و ئیدارەیەکی پاش شکستی داعش لە سووریا خۆبەڕێوەبەریی بەپێی پرۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک ڕاگەیەندراوە. لەو کاتەوە گوتارێکی جیاواز خراوەتە بواری کردەییەوە. ئەم ئیدارەیە، بە پێشکەشکردنی جێگرەوەیەك بۆ سیستەمی باو و ئەو سیاسەتە زاڵەی لە شوێنەکانی تر هەیە، دەناسرێتەوە. ئەم خۆبەڕێوەبەرییە فرەڕەهەندە، بە شێوەیەکی ڕیشەیی لەسەر تێگەیشتنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لە چەمکەکان و کردەکییکردنەوەی ڕووداوەکان دامەزراوە. بە دەربڕینێکی تر، ئەم ئیدارەیە بیر لە پێناسەکردنەوەی چەمکەکان و پێشنیارکردنی جێگرەوە بۆ ئەو چەمکە بنەڕەتیانەی شێوە بە سیاسەت و کرداری کۆمەڵگاکان دەدەن، دەکاتەوە.
بە کورتیی؛ پڕۆژەکە داوای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانە دەکات، ئەویش لە ڕێگەی گۆڕینی سیستەم و ئەو زیهنییەتەی بەهۆی کاری درێژخایەنی سیستەمەکەوە درووست بوون. سەرەڕای هەموو سنووردارکردن و سەختی و ئاڵنگارییەکان، دەرئەنجامی خەباتی ئۆجالان و هەڤاڵەکانی، لە ساڵانی نزیکی داهاتوودا دەبینرێت. هەنووکە، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی مەزن لە برەودایە و لەلایەن ژنەوە سەرکردایەتیی دەکرێت، ئەویش بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” ، کە ڕاستەوخۆ بە کاریگەریی و سرووشی پڕۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی، هەڵێنجراوە. ئێستاکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا، مرۆڤ دەتوانێت ئەم پرسیارە بکات؛ کێ دەتوانێت نکوڵیی لە بەهێزبوونی ژن و ڕێزگرتن لە هەمەچەشنیی بکات لەو جێگایانەی ئۆجالانی بە باشیی لێ ناسراوە، [کاریگەریی تێگەیشتنەکانی] لە سەر ئەو کەسانەی سرووشیان لە بیرۆکەکانی ئۆجالان وەرگرتووە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
ئەنجام
بە تێڕوانینێکی زانستییانە لە قەیرانی دەوڵەتە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکرێت بگوترێت پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوە، دوای سەد ساڵ لە مانۆڕی سیاسیی خۆی، گەیشتووەتە خاڵێک کە دەکرێ وەک دەوڵەتگەلی پەنگخواردوو و شکستخواردوو پێناسە بکرێن. سەد ساڵی ڕابردووی سەردەمی پڕۆژەی دەوڵەتە نەتەوەییە دەستکردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە باشیی تاقی کراوەتەوە و ئەزموون کراوە. کەچی هێشتا پڕۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بە ئەندازەی پێویست نەخراوەتە بەر ڕۆشنایی تاوتوێی زانستیی. جا چ بگات بەوەی دەرفەتی جێبەجێکردن و کردەییبوونەوەی پێ درابێت، وەک ئەوەی لە ڕووی تیۆرییەوە پێشنیار دەکرێت. بەشی یەکەمی ئەم توێژینەوەیە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە ڕوانییە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕیشەی قەیرانەکان و لێکەوتەکانی ئاژاوە لە داهاتوودا. سەیری ڕابردوو و هۆکارەکانی ڕووداوەکانی کرد، ئەویش بۆ بینینی تەواوی چوارچێوەی وێنەی ئاژاوە لە خۆرهەڵاتدا. بەشی دووەم، بریتی بوو لە سەیرکردنی جێگرەوەی پێشنیارکراو و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە هەندێک جێگرەوە بۆ قەیرانەکانی دوای داڕمانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی. هەروەتر، ئاکامەکانی ئەو گۆڕانکاریانەی لەو کاتەوە هاتوونەتە گۆڕێ.
لەوەش گرنگتر، توێژینەوەکە هەوڵی دا لە جێگرەوەی تازە پێشنیارکراو، بەڵام بە تەواویی جێبەجێنەکراو بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە، بکۆڵێتەوە. توێژینەوەکە پێشنیاری کردووە کە پڕۆژە نوێیەکە، گرنگییەکی قووڵی هەیە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن دامەزراوە ئەکادیمییە سەرەکییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ناوەندەکانی بیرکردنەوەوە لێکۆڵینەوەی کەمی لێ کراوە. دەکرێت کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک وەک جێگرەوە و چارەسەرێک بۆ ئەو گرفتە درێژخایەنەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەیر بکرێت. لە بنەڕەتدا، پڕۆژەکە ڕەخنە لە واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت. کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، تایبەتمەندە بە ڕێبازێکی جەماوەریی کۆمەڵایەتیی و گرنگیی بە بەهێزکردنی کەمینەکان و ژن دەدات، لەگەڵ لەخۆگرتنی هەموو دەستە پەراوێزخراوە دوورخراوەکان و داننان بە هەموو ناسنامەکان و فەراهەمکردنی مافی یەکسان بۆ هەمووان. بەمشێوەیە توێژینەوەکە پێشنیاری کرد، کە دەکرێت کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک شایانی ئەوە بێت دەرفەتی بۆ بڕەخسێندرێت تا وەک جێگرەوەیەکی واقیعیی بۆ نموونەی دەوڵەت-نەتەوە، کە هێشتا نموونەی سەرەکیی حوکمڕانییە لە ناوچەکەدا، بۆ تەواوی سەد ساڵی ڕابردوو، لێی بکۆڵرێتەوە.
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥١، [پاییز–٢٠٢٦] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە



