ڕانانی مانیفیستۆی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی
ڕانانێک لەسەر مانیفیستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتی و ئاشتیی و خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ تێڕوانینەکانی ڕێبەر ئۆجالان لەسەر دیالەکتیکی سرووشت و گۆڕانکارییە فیکرییەکان.

هەردی دولبەر
داگرتنی فایلی PDF
ڕانانی مانیفیستۆی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی
٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ لە مێژووی تێکۆشانی کوردا، ڕۆژێکی گرنگ بوو، چونکە لە دوای دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە ١٥-٢-١٩٩٩، بۆ یەکەمجار، لە ڕێگەی لێداوانێکی ڤیدیۆییەوە بە ٧ خاڵ، جارێکی دی دەرگای گفتوگۆی بە ڕووی دەوڵەتی تورکیا بۆ چارەسەری ئاشتییانە کردەوە؛ ئەو ناوی قۆناغەکەی بە ‘کۆمەڵگەی دیموکراسیی و ئاشتیی’ ناودێر کرد. لەمبارەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “چارەسەری ‘نەتەوەی دیموکراتیک’ دەبێتە بناغەی ئەم پڕۆسەیە. دیدگای چارەسەری سیستەمی دیموکراتیی؛ نەتەوەی دیموکراتییە. لە دەقی بانگەوازەکەدا بە ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ناوزەدمان کردووە. هەردووکیان هەمان شتن و هەمان مانان”.
١. دیالەکتیکی سرووشت
سەرەتای مانیفیستۆی کۆمەڵگەی دیموکراسیی و ئاشتیی بە شیکاری ‘دیالەکتیکی سرووشت’ دەست پێ دەکات. ڕێبەر ئاپۆ؛ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بوون پێش هەموو واتایەکە. لەمبارەوە دەڵێت: “لە دەرەوەی بوون، مرۆڤ ناتوانێت باسی هیچ واتایەک بکات”. بۆیە واتای سرووشت لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ‘من’ـدا دەدۆزرێتەوە. دەڵێت: “بە ڕای من، ئەو خاڵەی کە فەلسەفە دێت و پشتی پێ دەبەستێت، لێرەدایە“. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ چەمکەکانی وەک “نیرڤانا[1]، کاست[2]، ڕۆح، و فەنافیلا” وەک گوزارشتەکانی ‘من’ لە کەلتوورە جیاوازەکاندا بەرباس دەدات و سنوورداربوونی ڕەهایی بە نموونەی هاوکۆڵکەی جینی[3] ڕوون دەکاتەوە.
ڕێبەر ئاپۆ خودا لە ئایینی ئیسلامدا بە وزەوە پەیوەست دەکات و وەک چڕبوونەوەیەکی وزە پێناسەی دەکات کە هەموو شتێک درووست دەکات. ئەمەش لە چوارچێوەی تیۆری کوانتەمدا دەخاتە ڕوو. دەڵێت: “خودا چڕبوونەوە و قووڵبوونەوەیەکی وزەیە. هیچ شوێنێک نییە کە وزەی زۆری لێ نەبێت و کاریگەریی دانەنابێت“. بۆیە لە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆوە، “لە جیهانی کوانتەمدا ‘بنەمای نادڵنیایی’ وزە هەیە“. لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆدا دەتوانین لەو هەقیقەتە تێبگەین کە واتا تەنها کاتێک ئەگەردارە کە بێواتایی هەبێت، لەمبارەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “لەو شوێنەی بێواتایی لێ نەبێت، واتاش بوونی نابێت. بۆیە واتا بەگوێرەی بێواتایی دەپێورێت. کێشەی کوردیش ئاوایە. ئەگەر لە کێشەی کورددا بێواتاییەک نەبووایە، ئایا دەمانتوانی واتایەکی وا مەزن بخوڵقێنین؟“. لێرەوە باشتر لە کێشەی کورد تێدەگەین کە چۆن بێواتاییەکی زۆر گەورە بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی واتایەکی گەورە. وەک شەهید عەلی حەیدەر قەیتان لە پەرتووکی ‘ئاپۆکالیپسـی کورد’ـدا دەڵێت: “ئێمەی ‘گەریلا’ هەوڵ دەدەین لە شوێنێکدا، لە داهاتوودا، لە ڕەوتی ژیانماندا، واتایەک بۆ بوونمان بیهێنینە بوون“. تەڤگەری ئاپۆیی لە نێو ڕووخان و ماڵوێرانییەکی کوردییدا سەری دەرهێنا و بوو بە بڵندگۆیەک، لەم بارەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “من هەستم بەو دۆخە کردووە. ئەم هەستپێکردنە منی گۆڕیوە بۆ هەوڵدانێک. واتە مەراق. بۆ تێپەڕاندنی ئەم مەراقە، پەردەکانی سەر دیاردەی کوردستانم هێدی هێدی دڕاندووە. ئەمڕۆ دیاردەیەک لە واتا هاتووەتە ئاراوە“.
ڕێبەر ئاپۆ جارێکی دی بە فراوانیی باسی پەیوەندیی نێوان فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحی هێگڵ و فەلسەفەی ئیسلامیی دەکات، و ٩٩ سیفەتەکەی خودا بە داڕشتنەوەیەکی گەورەی فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح شیکار دەکات و دەڵێت: ” فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح دیاردەیەکە لە دۆخی سرووشتیدایە. ئێمە ئەمڕۆ هەموو شتێک بە وزە ڕوون دەکەینەوە. حەزرەتی محەمەد ئەمە بە خوا ڕوون دەکاتەوە“. ڕێبەر ئاپۆ، ڕەخنە لە ‘مێشکی ناوەڕاست’ـی کورد دەگرێت بەوەی شێوازی بیرکردنەوەی کورد هەستەکییە. دەڵێت: “ئەو بیرکردنەوە هەستەکییەی کورد کەمێکی تر پێش بخرێت، بە تەواویی دەگۆڕێت بۆ دۆگمای ئایینیی“.
لەم مانیفیستۆیەدا ڕێبەر ئاپۆ بە شێوازێکی فراوان، تێڕامانێکی فەلسەفیی قووڵ لە گەشەسەندنی بیرکردنەوەی مرۆڤ، لە ‘میمێتیک’ـەوە تا ‘دیالەکتیک’ شڕۆڤە دەکات. سەرەتا، باسی دیالەکتیکی ماددە و وزە دەکات، وەک لە فۆرموڵەکەی ئەنیشتایندا (E=MC²) ڕوون کراوەتەوە، کە وزە دەگۆڕێت بۆ ماددە و بە پێچەوانەشەوە، ئەمەش بنەمای درووستبوونی گەردوون و پەرەسەندنی زیندەیی پێک دەهێنێت. لەمبارەوە دەڵێت: “ئەوەی لە گەردووندا بنەڕەتییە، گۆڕانە“. وەک تێبینییەک بۆ ئەو گۆڕانکارییەی ‘پەکەکە’ ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی پێ دەکات و دەڵێت: “من بە بەرپرسانم وتووە کە مەبەستم هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نییە، بەڵکو گۆڕینییەتی“. زۆر بە ڕوونیی ڕێبەر ئاپۆ ئاماژە بەوە دەکات کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستکاریی خاڵێک لەو حەوت خاڵە کراوە. وەختێک چاو لە مێژووی پەکەکە دەکەین، زەحمەتی لە بینینی ئەو هەموو گۆڕانکارییانە دەکەین وا لە ڕێوڕێبازدا ڕوویان داوە، ئەمەش نموونەی زیندووبوونی ئەو تەڤگەرەیە. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ پرسیار لەبارەی سرووشتی زیندەیی و چۆنیەتیی سەرهەڵدانییەوە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات؛ “کە ژیان و مردن لە سەر ئاستی خانەکان پێکەوە ڕوو دەدەن و پەیوەندیی نێوان خانەکان بنەمای کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤە“.
دواتر، تیشک دەخاتە سەر ‘دیالەکتیکی بیر’، کە بە چەمکێکی نادیار دادەنرێت و دەپرسێت؛ “ئایا بیر ماددەیە یان نا؟ ئەگەر ماددە نەبێت، چییە؟“. بیرۆکە فەلسەفییەکانی هێگڵ، ئەفلاتون، مارکس و حەزرەتی موحەممەد بەراورد دەکات لەبارەی بنەمای گەردوون و پێگەی بیر تێیاندا. هەروەها ڕێبەرایەتیی جەخت لەسەر ئەو نهێنییە زانستییانە دەکاتەوە وا هێشتا ماون، وەک درووستبوونی ئەتۆم و ماددەی تاریک و بانگەواز بۆ بەردەوامبوون لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و دەڵێت: “دەکرێت بیر لە بەردەوامی فراوانبوونی گەردوون بکرێتەوە، بەڵام لەوانەیە تەسکبوونەوە و داڕمانیش هەبێت، بەڵام پێم وانییە شایەتی ئەوە هەبێت“.
باسکردن لە شێوازەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ بە درێژای مێژوو، یەکێکی دیکەیە لەو پرسانەی سەرۆکایەتیی هەڵوێستەی لەبارەوە کردووە، لە نموونەی بیری میمێتیک ‘لاساییکەرەوە‘ کە سەرەتاییترین شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤە، لە غەریزەوە نزیکە و لە لاساییکردنەوەی جووڵەکانی نێو سرووشتەوە بەرجەستە دەبێت.
١- میتیکی (ئەفسانەیی): قۆناغی دروستبوونی خەیاڵ و هێما بۆ ڕوونکردنەوەی جیهان، کە دەروازەیەکە بۆ ئایین. لەمبارەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “بۆ تێگەیشتن لە بیرکردنەوەی سەرەتایی مرۆڤ، دەبێت لەم بیرکردنەوەیە تێبگەین.
٢- ئایینیی و فەلسەفیی: تێگەیشتنێکی ڕێکخراوترە بۆ جیهان، کە فەلسەفە وەک قۆناغێکی پێشکەوتووتر لە ئایین دادەنێت و ئاماژە بە کاریگەریی فەلسەفەی یۆنانیی دەکات. ڕێبەر ئاپۆ بە فەلسەفەی زەردەشتییەتی دەچوێنێت، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێت: “زەردەشتییەت نیوەی فەلسەفەیە و نیوەکەی تری ئایین. تەنانەت یۆنانییەکان سوودیان لە زەردەشت وەرگرتووە“.
٣- دیالەکتیک و مارکسیزم: ئەم پرسە بە شێوازێکی فراوان لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە شیکار کراوە و باس لە گەشەسەندنی دیالەکتیک دەکات لە هێراکلیتۆسەوە تا هیگڵ و ئەنگڵس. ڕەخنە لە مارکسیزم دەگریت بەهۆی ‘پرۆلیتارییکردنی دیالەکتیک’ و لەناوبردنی لایەنێک، لە کاتێکدا دیالەکتیک دەبێتە هۆی درووستبوونی ‘بوونێکی باڵاتر’ لە پێکەوەهاتنی لایەنەکاندا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ‘یەکسانیی ڕەها’ و ‘هاوسەنگیی ڕەها’ بوونیان نییە و ‘جیاوازیی’ و ‘نایەکسانیی دیالەکتیکیی’ بنەمای گەشەسەندن و فرەچەشنین. لە کۆتاییدا، وەک ڕێچارە پێشنیاری ‘سۆسیالیزم لەسەر بنەمای ئەخلاق-سیاسەت’ و ‘نەتەوەی دیموکراتیی’ دەکات، ئەمەش وەک چارەسەرێک بۆ کێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان.
لە کۆتایی ئەم پرسەدا ڕێبەر ئاپۆ ڕوانگەیەکی وا لەبارەی ئەم مژارەوە دەخاتە ڕوو کە؛ ‘دیالەکتیک، واتە پەیوەندیی و پێکەوەبەستراویی، بنەمای بوونە و نابێت وەک شتێکی سەیر سەیر بکرێت‘. جەخت لەسەر گرنگیی جیاوازیی و فرەچەشنیی سرووشتی یەکەم و سرووشتی دووەم دەکاتەوە وەک بزوێنەری سەرەکیی گەشەسەندن.
پاشان شیکارێکی قووڵی شکستی سۆسیالیزمی بنیادنرا لە هەمبەر هەژموونی سیستەمی سەرمایەداریی دەکاتەوە، ئەویش بە تیشک خستنە سەر ڕۆڵی چەمکی ‘کاست’ و ‘بکوژی کاستیی’ وەک بنەمایەک بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان. ڕێبەر ئاپۆ سیستەمی سەرمایەداریی، بە تایبەت مۆدێلی ئەنگلۆ-ساکسۆن، وەک سیستەمێکی تاڵان و بڕۆ دەناسێنێت کە بۆ شاردنەوەی سرووشتی ڕاستەقینەی، ماسکەکانی ڕێنیسانس، ڕیفۆرمەیشن و ڕۆشنگەریی لەخۆ کردووە.
جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە سەرمایەداریی بەڕۆژەڤکردنەوەی سیستەمی کاستە، کە لە مێژووی مرۆڤایەتییەوە لە ١٥,٠٠٠ پ.ز بوونی هەبووە. ئەو ”بکوژی کاستیی وەک ئەو هێزە دەستنیشان دەکات وا ژیانی مرۆڤەکان دەکاتە موڵکی دەسەڵاتداران”، ڕەخنە لە مارکس دەگرێت کە درکی بە ‘بنیادی کاستیی’ نەکردووە و بەو هۆیەوە پێناسەی چینایەتییەکەی مارکس ناتەواوە، هەروەها دەستەواژەکانی وەک ‘زێدەبەها’ بە داهێنراوی ئابووریی-سیاسەتی ئینگلیز دەزانێت. هاوکات لەبارەی پەراوێزخستنی ژن لە سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “بناغەی کێشەکە پشت بە جیاوازیی چینایەتیی مارکس دەبەستێت. بەڵام بە بڕوای من جیاوازیی چینایەتی نییە، بەڵکوو جیاوازیی ڕەگەزییە“.
ڕێبەر ئاپۆ، دەوڵەت-نەتەوە و پیشەسازییش، وەک ئامڕازێک بۆ مانەوەی نوخبەی کاستیی دەبینیت. هاوکات دەرکەوتنی ئیسلام بۆ دژایەتیی سیستەمی کاست دەبینێت، بەڵام سەرمایەدارانی ڕۆژئاوا بە ‘پاشماوەی کاستیی’ و نوێنەرانی کۆتایی ‘مرۆڤخۆریی’ دەزانێت و لەمبارەوە دەڵێت: “مرۆڤخۆریی بۆ بکوژی کاستیی، شێوازی دابینکردنی بژێوییە، ئابووریی بژێوییە. ئێمە بەم کۆمەڵگەیە دەڵێین، کۆمەڵگەی کاستیی“. هاوکات تیشکی خستووەتە سەر ئەو خاڵەی کە سەرمایەداران مرۆڤی داهێنەر نین و لەمبارەوە دەڵێت: “ئەو نزیکبوونەوە و وتانەی کە سەرمایەداران بە داهێنەر دەبینن، هەڵەن. لەم بابەتەدا، مارکس هەڵەیەکی گەورەی کردووە. من ئەمە ڕەخنە دەکەم. نابێت مرۆڤ پێشکەوتنی زانست، پیشەسازیی و دەوڵەت بکاتە موڵکی سەرمایەدار و وا نیشانی بدات“.
لە کۆتاییدا، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە چەمکی مۆدێرنیتە شارستانییەتی نوێیە، بەڵام نوێنەرانی کاست لەژێر ناوی سەرمایەدارییدا “ناوەوەی مۆدێرنیتە بەتاڵ دەکەنەوە“. تێکەڵکردنی مۆدێرنیتە و سەرمایەداریی لەلایەن مارکسەوە بە هەڵەیەکی گەورە دەزانیت.
وەک ڕێچارەش، ‘سیستەمی دیموکراتیی’ پێشنیار دەکات کە لەسەر سێ پایەی سەرەکیی دامەزراوە:
١- نەتەوەی دیموکراتیی: دژی دەوڵەت-نەتەوە، دیموکراسیی دەکاتە بنەمای نەتەوەیی و ڕێز لە فرەچەشنیی دەگرێت، ئەمەش وەک چارەسەرێک بۆ کێشە نەتەوەییەکانی وەک پرسی کورد.
٢- پیشەسازیی ژینگەیی (ئیکۆ-ئیندوستری): دژی پیشەسازیگەرایی سەرمایەدارییە، تێکۆشان بۆ ئافراندنی ئابوورییەکی ژینگەدۆست دەکات؛ تا پێویستییەکانی بەردەوامیی ژیان دەستەبەر بکات.
٣- کۆمەڵگەی دیموکراتیی/کۆمەڵگەخواز: دژی سەرمایەدارییە، کۆمۆن و کۆمەڵگەی دیموکراتیی بە بنەمای کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان دەزانێت و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا ڕەت دەکاتەوە.
سەبارەت بە بوونی کورد و کوردستان، ڕێبەر ئاپۆ دیدگایەکی کۆمەڵناسیی مێژوویی بۆ تێگەیشتن لە بوونی کورد بە پێویست دەزانێت و لەمبارەوە دەڵێت: “پێویستە لە چوارچێوەی کۆمەڵناسییدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. چونکە ئەگەر کۆمەڵناسیی و مێژوو نەبێت، نە دەتوانین پێشی خۆمان ڕوون بکەینەوە نە دەتوانین باسی چارەسەر بکەین“. هەروەها تیشک دەخاتە سەر پرسی ‘ئۆنتۆلۆژیای کورد‘ و ‘ئەنترۆپۆلۆژیای کورد‘ لەمبارەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “هەردووکیان دیسپلینن و فێرکەرن. ئۆنتۆلۆژیای کورد، واتە زانستی بوونی کورد؛ ئەم چەمکە، چەمکێکی ڕاستەقینەیە. وەک بوون، کورد ڕاستییەکی زۆر دێرینی هەیە“. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ خەرابەڕەشکێ (گۆبەکلی تەپە) وەک لانکەی مرۆڤایەتیی و پەرەسەندنی زمان و هۆز و کاستەکان دەستنیشان دەکات و دەڵێت: “ئەگەر مێژوو لە خەرابەڕەشکێوە دەست پێ بکرێت، ئەو کاتە خەرابەڕەشکێ دەبێتە لانکەی ئۆنتۆلۆژیای کورد“. ڕەخنە لە دیدگا نەتەوەپەرەستیی و سۆسیالیزمی بنیادنراو دەگرێت. هاوکات باسی ڕۆڵی ژن-دایک لە درووستبوونی زمان و کەلتوردا دەکات و دەڵێت: “زمان لە دەوروبەری ژن-دایک پەرە دەسێنێت. کەلتووری ژن-دایک لەم هەرێمەدا کۆ بووەتەوە و دەرکەوتووە“. دواتر تیشک دەخاتە سەر ئەو شەڕە ڕەگەزییەی بە سەرکەوتنی پیاو-دەوڵەت بە سەر کۆمەڵگەی دایکسالارییدا، سەر دەکەوێت و هۆکار و لێکەوتە نەرێنییەکانی شی دەکاتەوە.
لە درێژەی پرسی کوردا ڕێبەر ئاپۆ، کورد لە چاویلکەی ‘مێژووی پرۆتۆکورد’ و ‘مێژووی پێچراوە” (لەژێر ناسنامەی فارس و تورک) و سەردەمی دوور و درێژی نکۆڵییدا، کورد هەڵدەسەنگێنێت و لەمبارەوە دەڵێت: “لە ٥٠٠ی پ.ز زەردەشتی میدیا پەرە دەسێنێت. فارسەکانیش زەردەشتییەت دەخەنە ژێر خزمەتی ئەرستۆکراتیی خۆیانەوە“. ڕێبەر ئاپۆ پێی وایە ‘ئەقڵی کورد’ پێویستی بە پەرەپێدانە و دەڵێت: “خەمی من پەرەپێدانی ئەقڵی کوردە. چل ساڵە بە شەڕ و قیامەت من گەیشتمە ئێرە. پەرتووک نەما کە نەمخوێندبێتەوە، پڕوپاگەندە نەما کە نەمکردبێت؛ بۆیە لایەنی کەم با ماندووبوونمان بە فیڕۆ نەچێت. من گەیشتمە ئەم ئەنجامە؛ ئایدیۆلۆژیایەکی کوردیی قووڵ و کاریگەر درووست کرا. ئەو ئەرکەی ئێمە لەمڕۆدا دەخوازین سەری بخەین، پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژیای کوردە“.
هەرچی بەشی شەشەمی پەرتووکەکەشە تایبەت کراوە بە پەکەکە، ڕێبەر ئاپۆ دامەزراندنی پەکەکە بە دەستکەوتێکی مێژوویی دەزانێت کە ‘هەبوونی کورد’ـی سەلماندووە، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ “دەڵێت: “مێژووی پەکەکە، مێژووی سەلماندن و بنیادنانی هەبوونی کوردە“. ئاماژە بەوە دەکات کە پەکەکە وەک وەڵامێک بۆ دۆخی نکۆڵیی و ‘مێژووی نەبوون’ـی کورد درووست بووە، بەڵام پێویستە بەپێی باری هەنووکەیی کورد بگۆڕیت. لەمبارەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “چونکە سۆسیالیزمی باو ناتوانێت ئازادیی بەدەست بهێنێت و تێکۆشانی چەکداریی بۆ دەوڵەت-نەتەوە لە سەردەمی نوێدا وەڵامدەرەوەی ئازادیی نییە“، هاوکات لەبارەی هەڵوەشانەوەی پەکەکەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “لەبەر ڕاستیی سۆسیالیزمی باو، هەمیش لەبەر تێپەڕاندنی نکۆڵیی و ژینۆساید لە کوردستاندا، پێویستییەکی وا نەماوە“.
ڕێبەر ئاپۆ ڕەخنە لە پارتە کلاسیکەکان دەگرێت کە بە پێوەری “دەوڵەت-نەتەوە” بیر دەکەنەوە و ‘نەتەوەی دیموکراتیی’ پشتگوێ دەخەن. پێشنیاری ‘کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردستان’ و “یەکێتیی دیموکراتیی کوردان’ دەکات وەک نزمترین ئاستی چارەسەر، نەک دەوڵەتێکی فیدراڵیی بۆ یەک-دوو خێزان.
قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سیستەمی کاستی بکوژ، چینایەتیی ئەرستۆکراتیی، دەسەڵاتی پیاو، خێزانگەریی، ئاینپەرەستیی و دەوڵەت-نەتەوەکانەوە سەرچاوە دەگرن. ئەم سیستەمانە، کە بە سایکس-پیکۆ دامەزران، مایەپووچ بوون. ڕێبەر ئاپۆ بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان وەک ئەلتەرناتیڤ دەبینێت، بەڵام پێی وایە؛ ‘پەکەکە’ وەک پارتێکی ڕیال-سۆسیالیست تەمەنی خۆی تەواو کردووە و پێویستە بگۆڕێت. لەمبارەوە دەڵێت: “لە سەردەمی مێژووی نوێدا بۆ تێپەڕبوون بۆ قۆناغی کۆمەڵگەی دیموکراتیی و ئاشتیی، گۆڕینی فۆرم پێویستە. ئێمە گۆڕین بۆ ئەوە دەکەین تا بتوانین هەنگاو بۆ پڕۆسەیەکی نوێ هەڵێنین. هەندێک هێز لەناو دەوڵەتدا ئەمە وەک ئەوە وەردەگرن کە ئێمە خۆمان لەناو دەبەین. ئێوەش لە گۆڕینی پەکەکەوە، وەک ئەوە تێدەگەن کە بێ پاراستن ماونەتەوە. بەڵام من وا بیر دەکەمەوە ئێمە لە قەتیسبوونێک ڕزگارمان بوو. گۆڕین، کۆتایی نییە، لە تێکۆشان و ڕێکخستندا هەنگاوە بۆ پڕۆسەیەکی نوێ. پڕۆسەی تێکۆشانی نوێ، شەڕ نییە، ئاشتییە، بنیادنانی دەوڵەت-نەتەوە نییە، بەڵکوو بنیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتییە“.
بەشی هەشتەم و کۆتایی مسۆگەربوونی چارەسەر لە ‘سیستەمی دیموکراتیی’ـدا خراوەتە ڕوو کە بریتییە لە:
١- نەتەوەی دیموکراتیی: ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگە.
٢- سیاسەتی دیموکراتیی: وازهێنان لە شەڕی چەکداریی و ئافراندنی تێکۆشانی دیموکراسیی.
٣- ئیکۆ-ئابووریی: گەڕانەوە بۆ بەها کۆموناڵییەکان و پەیوەندییەکی ژینگەدۆستانە.
ڕێبەر ئاپۆ پێشنیاری ‘یەکێتیی نەتەوە دیموکراتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست’ دەکات وەک مۆدێلێک بۆ چارەسەری قەیرانەکان و پێداگریی لە سەر گفتوگۆی دیموکراتیی لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێکان و گۆڕینی پارتە کوردییەکان بۆ ‘پارتەکانی کۆماری دیموکراتیی’، لەبارەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “ئەگەر هزری مۆدێرنیتەی دیموکراتیی نەتەوەی دیموکراتیی بێت؛ بەرجەستەبوونیشی ئامانجی سیاسییە. دەتوانین بەمە بڵێین کۆمۆنی کۆمۆنەکان، کۆمیناڵیتە، یەکێتیی کۆمۆنەکان، ئەنجوومەنی کۆمۆنەکان. نابێت ئەمە و چەمکی دەوڵەت تێکەڵ بکەین“.
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥١، [پاییز–٢٠٢٦] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە
دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت
[1] نیرڤانا؛ چەمکێکی سەرەکییە لە فەلسەفەی بوودیزم، کە بە واتایی ‘خامۆشبوون یان نەمان’ دێت، کە گوزارشتە لە پەروەردەکردنی ‘ئارەزوو، تووڕەیی، نەزانیی و ئازارەکانی مرۆڤ’.
[2] کاست؛ سیستەمێکی چینایەتییە و لە هیندستان باوبووە، لەمڕۆدا بە یاسا قەدەغە کراوە. ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای لە دایکبوون بنیاد نراوە و کاریگەریی زۆر نەرێنیی لە سەر پارچەکردنی کۆمەڵگە داناوە.
[3] هاوکۆلکەی جینیی (بۆهێڵ)؛ زاراوەیەکە بە شێوەیەکی فراوان لە بوارەکانی زانستی بۆماوەیی و کشتوکاڵدا بەکار دێت.



