وتووێژ

باکوور لە گۆڕ هەستاوەتەوە!

گفتوگۆی ئازادیی کۆمەڵگە لەگەڵ لێکۆڵەر و زمانەوان بەدران ئەحمەد حەبیب لە بارەی شۆڕشی زمان، پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

باکوور لە گۆڕ هەستاوەتەوە!

گفتوگۆی ئازادیی کۆمەڵگە لەگەڵ بەدران ئەحمەد حەبیب

بەدران ئەحمەد حەبیب، لێکۆڵەر و زمانەوانێکی دیاری باشووری کوردستانە، ئەو لە ساڵانی ڕابردوودا سەرۆکی دەزگەی ئاراس بووە و چەندین پەڕتووکی لەمەڕ زمان و وێژە و سیاسەت نووسیوە و وەرگێڕاوە

سەرەتا وەک ئازادیی کۆمەڵگە لەم لێکۆڵەرە کوردەمان پرسی: پاش پێواژۆی ئاشتیی لەنێوان ئۆجالان و کورد لەگەڵ تورکیا، پاش سەدساڵ لە نکۆڵیی، ئێستا پرسی داننان بە مافی زمان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بووە بە ڕۆژەڤ، سەبارەت بە پرسی داننان بە مافی زمان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بۆچوونی ئێوە چییە؟ زمان دەتوانێت بۆ داهاتووی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو دوو بەشەی کوردستان چ کاریگەرییەکی هەبێت؟

بەدران حەبیب پێی وایە؛ جیاوازیی نێوان مرۆڤێک و مرۆڤێکی تر، یان گەلێک و گەلێکی تر، تەنیا زمانە. جیاوازیی زمان بڕیاری جیاوازیی پاشەڕۆژی نێوانیان دەدات. دوو گەلی وڵاتێک ئەگەر زمانیان جیاواز بوو، داهاتوویان جیابوونەوە دەبێت لە یەک. جیایش نەبنەوە، وەک نامۆ سەیری یەک دەکەن و وەک بیانی بەیەکەوە دەژین. ئەم لێکۆڵەرە لە درێژەدا سەبارەت بە گرنگیی زمان بۆ ناسنامەی نەتەوەیی پێی وابوو: داگیرکەری کوردستان سەت ساڵ زیاترە خەریکی ئەوەیە زمان لە کورد قەدەغە بکات. دوژمنی ئێمە لە خۆمان زیاتر گرینگیی زمانی ئێمە دەزانێت. ئەو لە درێژەی وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت:

نووسین و خوێندنی زمانی کوردی لە باشووری کوردستان مێژووێکی کۆنی هەیە. ئینگلیز دوای هاتنیان بۆ عێراق لە ١٩١٨ ڕۆژنامەیەکیان بە ناوی “تێگەیشتنی ڕاستی”ـیەوە دەرکرد. ئەمە بوو بە پێشینە. جگە لەمە گەڕانەوەی بژاردەیەکی ڕۆشنبیر لە ئیستەنبۆلەوە بۆ کوردستان، ڕۆلێکی گەورەی هەبوو. بەر لە شەڕی یەکەمی دنیا، بژاردەیەکی گەورەی کوردی هەرچوارلای کوردستان لە ئەستەنبۆل دەژیان و ئەمانە  بە ئەزموونی ئەوێیان بایەخ و گرینگیی زمانیان زانیبوو. ئەمانە لە حوکمدارییەتیی شێخ مەحموودی حەفیددا هەلیان بۆ لوا زمانی کوردی بکەن بە زمانی کارگێڕی و ڕاگەیاندن و قوتابخانە.

دەبێ بزانین، ئەم مێژووە لەوەش کۆنترە. شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لە داوایەکی خۆی بۆ دەوڵەتی عوسمانی، ساڵی ١٩٠٣ داوای ڕێگەدان بە زمانی کوردیی کردووە.

دەمەوێ لێرەدا ئاماژە بە دوو کەڵەپیاوی کورد بدەم، حاجی تۆفیقی پیرەمێرد و حوسێن حوزنی موکریانی، کە چاپخانەیان دانا و لە ساڵانی ١٩٢٠ـەوە کۆوار و ڕۆژنامەیان لە سلێمانی و ڕەواندز و هەولێر بە کوردی دەرکرد.

ئەم ڕۆژانە، کاتێک سووکایەتیکردنی خەڵکێکی سەرەڕۆ دەبینم لە ئاست ئەو مافی ئازادییەی خوێندنی زمانی کوردی، کە لە ڕۆژئاوادا خەریکە بەدی دێت، ئەم دوو کەڵەپیاوەم بیر دێتەوە، واتە پیرەمێرد و حوسێن حوزنی، کە هەر ئەم جۆرە خەڵکانە ناو و ناتۆرەی “نۆکەری ئیمپریالیزم”ـیان دەدانە پاڵ. ئەمە تەنیا لەبەرئەوەی ئەوان جوامێرانە شانیان دابووە بەر ڕەشماڵی زمانی کوردی نەک خەریککردنی خۆیان و خەڵک بە لاف و گەزاف و فشەی کوردایەتییەوە وەک چۆن ناحەزانی ئەوان خەریک بوون.

بە کورتی، ئەم ئازادی و پێشکەوتنە سیاسییەی لە باشووری کوردستاندا بەدی هاتووە، چەند بەرهەمی خەباتی سیاسی و قوربانیدانی گەلی کوردستانە لە ڕێگەی سەرکردە و ڕێبەرانی خۆیەوە، ئەوەندەیش بەرهەمی بزاوی ڕۆشنبیری و زمانی کوردییە، بە تایبەتی ئەو دوو کەڵەپیاوەی ناوم هێنان، حاجی تۆفیق و مامۆستا حوسێن. لە باکوریش مووسا عەنتەر، کە قارەمانێکی ئەم ڕێگایە بوو. چەندانی تریش.

هەر بۆ نموونە، ئەم ساڵانەی دوایی زۆرجارم گوێ لە کۆپڵەیەکی گۆرانیی کوردی دەبێ، دەڵێ:

خوەم کرماشانی، فارسی نیەزانم

وە زوان کوردی قەزات وە گیانم

لەبەر خۆمەوە دەڵێم، بەخوا ئەم کۆپڵە گۆرانییە، بۆ دڵ و جگەری دوژمنی داگیرکەر، تیرێکی کاریگەرترە لە تیری “سروودی ئەی ڕەقیب”، کە مارشی نەتەوەییی کوردە.

“تۆ هەر کات ویستت داگیرکەر لێت بتۆقێ و هەترەشی لە تۆ بچێ و خەوی شەوی بزڕێ، بە زمانی کوردی بدوێ و بە زمانی کوردی بنووسە و بە زمانی کوردی دەنگ هەڵبڕە.”

تۆ هەر کات ویستت داگیرکەر لێت بتۆقێ و هەترەشی لە تۆ بچێ و خەوی شەوی بزڕێ، بە زمانی کوردی بدوێ و بە زمانی کوردی بنووسە و بە زمانی کوردی دەنگ هەڵبڕە.

لە ساڵانی ١٩٩٠ـەوە، گلەیی لە بزاوی باکووری کوردستان ئەوە بوو دەیانوت بۆچی وتاریان زیاتر بە تورکییە و کەمتر بایەخ بە بڵاوکراوەی کوردی دەدەن. ئێستا ئێمە دەبێ دڵخۆش بین ئەوان هاتوونەتە سەر داوای زمانی کوردی بۆ خوێندن، ئیتر خۆ نابێت ئێمە بێین ڕەخنەکەی خۆمان پێچەوانە بکەینەوە.

بۆ گرینگیی زمانی کوردی بۆ باکور و ڕۆژئاوا، دەبێ بیرمان نەچێتەوە، کەناڵی “مەد تیڤی” شۆڕشێکی زمان بوو نەک تەنیا بۆ ئەوان خۆیان، بگرە بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان. ئێستا کە زمانی کوردی ئازاد ببێ و ببێ بە زمانی خوێندنی قوتابخانە و ببێ بە زمانی ئاخاوتنی ڕێگەبانی شاری کوردی، ببێ بە تایتڵی دووکان و بازاڕ، ببێ بە ناوی مناڵی کورد، دەبێ چ شۆڕشێک و چ دەسکەوتێک هەبێت لەمە گەورەتر؟

دەبێ تۆ هیچ کات لە بیرت نەچێتەوە دوژمنەکەت چەند کەڵەگایەکی بەهێزە، بۆیە ئەم دەسکەوتی زمانە، بەر لە هەموو شت شکاندنی پشتی ئەوە.

 

ئازادیی کۆمەڵگە: وەک زمانەوانێک پێشنیاری ئێوە بۆ دامەزراوە کارگێڕییەکانی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان چییە؟ سیاسەتی زمان چۆن دابڕێژنەوە؟ چۆن لە سەردەمی نکۆڵییەوە، بۆ ئێستایەک کە وا دیارە هەم تورکیا و هەم سووریا ملیان بۆ بوون و ناسنامەی کورد کەچ کردووە، سیاسەتی چاندیی و زمانیی بەڕێوە ببەن؟

بەدران حەبیب: بەلای منەوە، بۆ دەسپێکی کارکردن بە زمانی کوردی لە باکوور و ڕۆژئاوا، دەبێ ئەوان زیاتر بایەخ بە پرۆگرامی خوێندن بدەن.

ئێمە لە باشوور تاقیکردنەوەیەکمان هەیە بۆ پرسی وەرگێڕانی زاراوەی زانستی لە ساڵانی ١٩٥٠وە، ئەمە خەرمان و سامانێکی بەردەستە. هەروەها کوردی سۆڤێت لە ساڵانی ١٩٣٠ـدا خوێندنی قۆناغی سەرەتایییان کرد بە کوردی و ئەمەش خەرمانێکی بە پیتە بۆ ئەوان، واتە بۆ باکوور و ڕۆئاوا.

ڕاستییتان دەوێ، دەسکەوتێکی گرینگە زمانی کوردی لە (نابێ و قەدەغەوە)وە دەبێت بە زمانێکی ڕێگەپێداو، واتە ئەمە هەنگاوی سەرەتایە بۆ پەروەردە و خوێندن و لەوانەیە ئاڵۆزی و ئاستەنگیشی لە پێشدا زۆر هەبن، بەڵام مایەی دڵخۆشییە کوردی ئەم دوو بەشە خۆیشیان دەسمایەی کەڵەکەیان زۆر هەیە.

نووسەرێکی زۆری کورد لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا لەم دوو بەشەدا هەڵکەوتوون. ژمارەیەکیان لە وڵات و ژمارەیەکیشیان لە هەندەران دەژین. جگە لەمە داوودەزگای چاپەمەنیی کارا و لێهاتوو لە هەردوو بەشەکەدا هەیە، بە تایبەتی لە باکوور.

واتە، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕووی هەبوونی پسپۆڕی و شارەزایییەوە لە ئێمەی باشووری ١٩٧٠ و دوای ڕێککەوتنی ئادار، کە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە بەغدا دامەزرا، دەوڵەمەندترن و کەرەستەی مرۆیی و زمانەوانیی باشتریان لەوەی ئێمەی ئەودەمە لەبەردەستدایە. جگە لەو پسپۆڕی و شارەزایییەی لە باشوور هەیە و ئەوان دەتوانن بۆ خۆیان بیگوازنەوە.

ئێمە لە باشوور چەندان فەرهەنگمان بۆ زاراوەی زانستی داناوە، لە مامۆستا جەمال نەبەزەوە (ساڵانی ١٩٧٠)، تا مامۆستا کەمال جەلال غەریب، کە فەرهەنگێکی داناوە لە دوو هەزار لاپەڕەدا.

بۆیە من لەو باوەڕەدام ئەوان لە هەردوو بواری:

١- زاراوەسازی،

٢- کادیری نووسین و وەرگێڕانەوە،

کێشەیان کەم بێت. هیوادارم هەوڵیش بدەن تا بکرێت ئەو زاراوە زانستییانە بەکار بهێنن، کە لە باشوور بەکار هاتوون لە بواری زانستی بیرکاری و فیزیا و کیمیا و جیۆگرافیادا.

تەنیا یەک مەترسیم هەیە و هیوادارم بزاوی سیاسیی ئەو دوو بەشە، بەسەریدا زاڵ ببن و نەهێڵن کەموکورتی ڕوو بدات، ئەویش ئەوەیە نەکەن تەنیا لە روانگەی بیری حزبی و ڕابردووی سیاسییەوە کادیر هەڵبژێرن.

بۆیە تکا دەکەین یەکەمینایەتی بدەن بە شارەزایی و پسپۆڕی. ئەوەی باشووریش لە ساڵانی ١٩٧٠ـدا هەر ئاوها بوو. کادیری لێهاتوو خۆی دەسەپاند نەک لایەنگریی سیاسی.

 

ئازادیی کۆمەڵگە: لە داهاتوودا ئەو دامەزراوە چاندییانە چۆن دەتوانن لە ڕەنگاندن و نزیککردنەوەی کۆیاد و ناسنامەی کوردییدا لەگەڵ بەشەکانی تری کوردستان ڕۆڵ وازیی بکەن، بۆ نموونە لە بوای فۆلکلۆر و مێژووی ئەدەبییات و لاوک و هونەرەکاندا، ئەمە بەبێ ئەوەی هیچ زارێک وەسەر زارەکەی تردا زاڵ بێت و جۆرێک لەپێکەوەژیانی ئەو‌ فرەچاندیی و فرەناسنامەیی و فرەزارییەی کورد، ناسنامەی کورد بەهێز بکات؟ وەک زمانەوانێک دەکرێت پێمان بێژن؛ لایەنە کردەییەکانی ئەم پیواژۆیە چۆن دەکارێت ملی ڕێ بگرێت؟

بەدران حەبیب: لای ئێمەی کورد هەستی نەتەوەیی زاڵە بەو جیاوازییانەی لە نێوانی ئێمەدا هەیە، کرمانجیی سەرووە، ناوەڕاستە، باشوورە، هەورامییە، یان جیاوازیی جیۆگرافی، هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی ئێمە سەرەڕای جیاوازیی نێوانیان، خۆیان بە تاکێک یان بە ئەندامێک لە ڕەچەڵەکی کوردی دەناسێنن. بۆیە ئێمە وەک نەتەوە هیچ کێشەیەک لە ناخماندا نییە. دەمێنێتەوە کاری داهاتوومان.

پێویستە داوودەزگای کوردی لە باکوور و ڕۆژئاوا هەوڵ بدەن لە کتێبی قوتابخانەدا وشەی هاوبەش زۆر بەکار بهێنن، ئەمە دەبێتە هۆی نزیکبوونەی داهاتوومان لە یەکتر. ئەگەر ئێمە ئەوە بکەین، کە وتم، دوای ٢٥ ساڵی تر هەموو کورد تا ڕادەی پێویست لە یەکتر دەگەن.

بێگومان ڕاگەیاندن، بە تایبەتی تیڤی ڕۆلی یەکجار سەرەکی لەمەدا دەبینێت. لە ماوەی ساڵی ١٩٩١ـەوە تا ئەمڕۆ ئێمەی کوردی هەرچوار بەش تا ڕادەیەکی باش لە سایەی تیڤییەوە لە یەکتر چووینەتە پێش.

من ئێرە بە هەل دەزانم دوو پێشنیاز بخەمە روو، ئەویش نەک تەنیا بۆ باکوور و ڕۆژئاوا، بگرە بۆ باشوور و ڕۆهەڵاتیش. ئەگەر بێو ئەم دوو خاڵەی لە ژێرەوە باسیان دەکەم، بێنە ڕەچاوکردن، ئەوا ئێمە لە ماوەیەکی زۆر پێوانەییدا تۆڵەی هەزار ساڵ دوو هەزار ساڵ دوورکەوتنەوە لە یەکتر دەکەینەوە:

یەکەم: وەک دەبینین هەر بەشێکی کوردستان کاتێک ڕزگار دەبێت بە شێوە و دیالەکتی خۆی دەخوێنێت. ئێستا لە باشوور سۆرانی و بادینیمان هەیە.

لە باکوور و ڕۆژئاوا زمان دەبێت بە کرمانجی. ڕەنگە لە داهاتووی نزیکدا زازاییش هەبێت، من نازانم بەڵام لەوانەیە ببێت.

لە ڕۆژهەڵات، کرمانجیی سەروو و ناوەڕاست و باشوور هەیە، هەورامیش هەیە. من لام وایە هەموویان دەبن بە زمانی قوتابخانە و ڕاگەیاندن و کارگێڕی، کە ئەمە هیچ کێشە نییە و نابێ لێی بترسین.

خاڵی گرینگ ئەوەیە، لە کتێبی خوێندن و لە ڕاگەیاندنی ئەم بەشانەی کوردستان بایەخ و گرینگی بە هەموو شێوەکان بدەن. بۆ نموونە ئێمە لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە پێویستە لە هەموو قۆناغێکی خوێندندا وانەیەک هەبێت بۆ کرمانجیی سەروو، هەروەها بۆ لووڕی و لەکی و کەلهوڕی (واتە کرمانجیی باشوور)، هەروەها هەورامی. نابێت یەکێک قوتابخانە تەواو بکات و ئەم زاراوانەی تر فێر نەبووبێت. لە پاڵیدا ڕاگەیاندنیش هەمان کار بکات.

دووەم خاڵ، کە زۆر گرینگە، پێویستە ئێمە لە باشوور وانەیەکمان هەبێت بۆ ڕێنووسی پیتی لاتینی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مناڵمان کتێبی ئەو بەشانەی باکوور و ڕۆژئاوا بخوێننەوە. بەلامەوە سەیرە داوودەزگای هەرێم، وەک وەزارەتی پەروەردە، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئەمە نەناوە.

من چیم لەسەرەوە لە بارەی باشوورەوە وت، بۆ باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش لە داهاتوودا، پێشنیاز دەکەم، واتە خوێندی هەموو دیالەکت و شێوەزارێک لە قوتابخانەدا، هەروەها فێرکردنی ئەلفێی لاتینی و عەرەبی. تەنانەت ئەگەر وانەیەکی بچووکیش لە سەرەتا، کارێکی گەورە دەبێت.

خاڵێکی تر، بێگومان ئێمە وەک کوردی خاوەن یەک زمانی فرە دایەلێکت، لە بواری ڕۆشنبیری و کەلەپووری فۆلکلۆریدا خەرمانێکی گەورەمان هەیە، کە پێویستە بایەخی داوودەزگای ڕۆشنبیریی باکوور و ڕۆژئاوا بکەوێتە بەر هەمووی.

بە کورتی، ئێمە، هەموو نووسەر و وەرگێڕێک و ڕۆژنامەنووسێک لە بواری زماندا لەمەودوا لە هەر وشەیەکی دەینووسین، جیاوازیی دیالەکتیمان لەبەر چاو بێت و هەوڵ بدەین نزیک ببینەوە.

داوودەگای باکور و ڕۆژئاوا دەتوانن کاری تریش بکەن، هەرچەندە زۆریشیان کردووە، ئەویش وەرگێڕانی ئەو کتێبانەیە لێرە لە باشوور لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا دەرکەوتوون.

بۆ مێژوو، ئێمە جگە لە شەرەفنامە، مێژووی کورد و کوردستانی ئەمین زەکی بەگ، کتێبەکانی د. کەمال مەزهەر، د. جەمال نەبەز و سەتانی ترمان هەیە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر فەرهەنگ، وەک: مەهاباد، کوردستان، خاڵ، هەنبانەبۆرینە، فەرهەنگی کاوە، پێویستە ئەمانە بە زوویی بگۆڕێن بۆ پیتی لاتینی و لەوێ چاپ ببنەوە.

وەک لەسەرەوە وتم، کارگێڕیی زمان لە باکوور و ڕۆژئاوا هاتوونەتە سەر ڕەوسە و خەرمانێکی تەواو، کە هەر چوار پارچە بە تایبەتی باشوور چاپی کردوون. ئێمە داهاتوێکی گەشمان لە پێشە ئەگەر بتوانین زانایانە و هێژایانە هەڵسوکەوت بکەین.

ئەو پێشنیازانەی سەرەوە، کە من بۆ زمانی کوردی باسم کردن، دەبن بە هەنگاوی سەرەتای ڕێگا بۆ درووستکردنی زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کوردی، هەروەها بۆ یەکگرتنەوەی نەتەوەییمان، کە هیوادارم ئەم دوو ئارمانجە پیرۆزە لە باکوور و ڕۆژئاواوە هەنگاوی سەرەتایان بۆ بێتە نان و وردە وردە لە پەرتەوازەیی بچینە دەر.

ئازادیی کۆمەڵگە: وەک دەزانن ئەم پێواژۆیە گرێدراوی پڕۆسەیە کە کورد لە باکوور لە چوارچێوەی دانوستانەکان و پڕۆسەی ئاشتیی لە باکووری کوردستان، دەستی پێ کردووە، ئێوە لە نووسینێکتاندا ئاماژە بە عەبدوڵڵا ئۆجالان دەکەن وەک سەردانوستانکار و (فریادڕەس)ـی نێو ئەم پڕۆسەیە، ئاپۆ لە زیندانەوە دەتوانێت چ هەنگاوێک هەڵگرێت؟ چ کاریگەرییەک لەسەر پێشوەچوونی پڕۆسەکە و نەرمکردنەوەی فاشیزم و ملدانی ڕەگەزپەرەستیی سەدساڵەی تورکیی دابنێت؟ لە پەیامێکدا خۆیشی داوای کردوو ڕۆشنبیران دەستی ئەو لە زیندان بەرانبەر گرووپی تورکیی بەهێز بکەن، پاش سەد ساڵ نکۆڵیی، ئێوە وەک زمانەوان و ڕۆشنبیرێک چۆن شڕۆڤە بۆ ئەم مێزەی دانوستانەکانی کورد+ تورک دەکەن؟

بەدران حەبیب: ئێمەی گەلی کورد لە چوار بەشی کوردستاندا یەک دۆزی سیاسیمان هەیە وەک گەلێکی بندەست و چەوساوە، بەڵام شێوازی خەباتی سیاسیی جیاجیامان هەبووە بۆ گەیین بە مافی خۆمان.

من ئەم ماوەیە، دەبینم خەڵکێکی زۆر لێرە لە ڕوانگەی دۆزی سیاسیی باشوورەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دانوستاندنانەی باکوور، یان بۆ ڕۆژئاوا دەکەن، ئەمەیش بەهەڵەداچوونێکی دیارە.

کۆمەڵگەی تورکیا لەم ٣٥ ساڵەی ڕابردوودا، کرانەوەیەکی لە ئاست دۆزی کوردیدا تێدا دێتە بەدیکردن. مەبەستم شەقامی تورکیایە، کە فاشیستەکەی جاران نەماوە، بژاردەی سیاسییش، واتە ئەحزاب و ڕاگەیاندن، ئەوانیش وەک جاران نین و وا دەبینین چۆن گۆڕاون. هەموویان دەیانەوێ تا ڕادەیەک مافی گەلی کورد ببینن. ئەمەیش بێگومان بەشی هەرە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خەباتە سیاسییە بەرفرەوانەی کوردی باکوور لە ژێر ڕابەرایەتیی سەرۆک ئۆجالاندا کردی.

سەرۆک ئۆجالان، مانەوەیشی لە دەسبەسەری و گرتووخانە بۆ ٢٦ یان ٢٧ ساڵ، کردوویە بە هێمایەکی گەورە لە تورکیا. هێما نەک تەنیا لای کورد بگرە هێمایەکی جیهانییش. شەقامی تورکیا و حزب و دەسەڵاتی تورکیایش ئەم هەڵکەوت و واقیعە دەبینن، بۆیە هیچ ڕێگەیەکیان لە پێشدا نەماوە جگە لە ناسینی کورد وەک ڕەچەڵەک و وەک نەتەوە و زمانێکی سەربەخۆ.

گرینگترین مافی کوردی، لە تورکیا، بە لای منەوە، داننانە بە بوونی کورد وەک ڕەچەڵەکێکی جیاواز لە دەستووری وڵات. لە سووریایش دۆخەکە هەمان دۆخە، واتە لەو دوو بەشەدا دەستوور لە سەرەتاوە وتوویە ڕەچەڵێک نییە بەناوی کوردەوە.

داننان بەم ڕاستییە لە دەستووردا، هەنگاوێکی گەورەی بەرەوپێش دەبێت لە دۆزی سیاسیی کوردی. ئەمە جیاوازە لە دۆخی ئێمە. دەستووری عێراق ساڵی ١٩٥٨ وتی ئەم وڵاتە وڵاتی هاوبەشی کورد و عەرەبە. بەر لەم مێژووەیش وەک زووتر وتم کورد لە عێراق هیچ ڕۆژێک نکووڵی لە بوونی وەک نەتەوە یان مافی خوێندن بە زمانی کوردی، نەکراوە.

بزاوی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا زۆر بە شێنەیی و ژیرانە دەچنە پێش. هۆی ئەم شێنەیی و ژیرییە ئەوەیە ڕاگەیاندنی دەوڵەت لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا توانیبووی میللەتێک دروست بکات ڕقی لە کورد ببێتەوە، لە سووریاش دۆخەکە نزیکە لەمە. پار و پێرار ژمارەیەکی زۆر شیکەرەوەی شۆڤینیستی عەرەبی سووریامان لە زۆر کەناڵی عەرەبیی کەنداوەوە دەبینی بەرانبەری کورد دەڕشانەوە، هەیانبوو دەیوت کورد لە سووریا نەبووە. ئێستایش شیکەرەوەی تورک هەن ڕک بەرانبەری دۆزی سیاسیی باکوور دەردەبڕن، بەڵام لە ڕاستیدا ناوەخۆی تورکیا گۆڕاوە.

من زۆر جار لای هاوڕێیانم وتوومە، خەباتی پارتی کرێکاران لە باکوور وەک ئەوە بوو تۆ بچیت گۆڕستانێک، مردوو هەمووی زیندوو بکەیتەوە. ئێستا بڕۆ دەبینیت هەزاران مناڵ و گەنج ناوی کوردییان هەیە.

وەک وتم ئەوان ژیرانە و شێنەیی هەنگاو دەنێن. با ئێمە چاوەڕوان بین سەرۆکی ئەم بزاوە لە گرتووخانە بێتە دەر، ئینجا بۆمان دەردەکەوێت چی هەڵسانەوە و ڕابوونێکی کوردی لە هەر چوارلای کوردستاندا ڕوو دەدات، بە تایبەتی لای وەچەی نوێی کورد.

یەک شتی تر ماوە بیڵێم، ئەوەیە بزاوی سیاسیی کوردی لەو دوو بەشەی باکوور و ڕۆژئاوادا، وەک باشوور و ڕۆژهەڵات خۆی لە قاڵب نەداوە. ئەوان بەگوێرەی هەلومەرج و ژینگە ڕەنگی خۆیان دەگۆڕن. ئەمە شێوازێکی جیاوازە و ئێمە پێی ڕانەهاتووین، بۆیە وا گومانیان پێ دەبەین.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.