گۆشەی ئازد

ئەو کوڕەی نایەوێت ببێتە پاشا! ‘ئەشکەوت و پاڵەوان’

شڕۆڤەیەکی ئوستوورەناسییە بۆ کەسایەتیی ڕێبەر ئۆجالان و جێهێشتنی ماڵی باوک و شارستانییەتی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕوانگەی فیکریی ئازادییەوە.

سوورێن ئیبراهیم

 

داگرتنی فایلی PDF

 

ئەو کوڕەی نایەوێت ببێتە پاشا! ‘ئەشکەوت و پاڵەوان’

«هەموو شۆڕشگێڕێک سەرەتا کوڕێکی سەرچڵە، شۆڕشگێڕێکە دژ بە باوک.»

‘ئۆتۆ ڕانک’

«کەس نمەزانۆ ئەسڵ تۆ جە کۆن.» ‘شانامەی کوردیی’

بۆ شەهید؛ ئاگر سەرهەڵدان…

سەرەتا ئاو هەبوو

بە وێنەیەکی ڕێبەر ئۆجالان دەست پێ دەکەم، لە نێو ڕووبارێک مەلە دەکات، نیگای لە کامێرا بڕیوە، لە نێوان خێسە و ئومێد و ناڕەزایەتیی و مەتینییدا، نیگایەک کە بە منداڵییش هەر هەیبوو، تا سەر شانەکانی ئاو، وێنەکە چمان شەپۆلان دەدات و ئاو دەبزوێت، هیراکلیتۆس وتبووی؛ هیچ کەسێک دووجار قولەپێ ناخاتە نێو هەمان ڕووبار، ئەو هیراکلیتۆسەی تەڤگەری ئاپۆیی بە پێشەنگی بیری دیالەکتیکیی دەزانێت، دەی… ئەم وێنەیە ئەمڕۆ خۆی لە پێناسەکەی ڕۆلان بارت بۆ وێنەی ناهونەریی ڕاپسکاندووە، چونکە وێنەکە خۆی تا ئەمڕۆ درێژ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی لە مانشێتی وێنەی هەواڵیی لای بارت دەربازی بکەین، لە ژێریدا دەنووسین: سەرەتای هەموو شتەکان ئاوە. ئاوێكی ئوستوورەیی. ئەو ئوستوورانەی خودی ئاپۆ پێی وایە: چنراوی مانایین و بەرهەمی بەکۆمەڵگەبوونن.

بۆ من ئەمە وێنەی گەشتێکە: ئەوەی لە ئوستوورەناسییدا پێی دەڵێن؛ گەشتی پاڵەوان و فرەتر چیرۆکەکە لە ئاوێکەوە دەست پێ دەکات. جۆن کیتس لە پەسنی شکسپیردا بەمە دەڵێت: سەفەری دەریایی ڕۆح.

ئاو پاکبوونەوەیە، پاکبوونەوە لە جیهانی کۆنەساڵ و پێهەڵگرتن بۆ جیهانی تازەساڵ لای میرچا ئەلیادە، چیرۆکی ئۆجالان چیرۆکی جێهێشتنی ماڵی باوک و گەڕانەوە بۆ تەڕایی سرووشت-زێ-دایک-ئەشکەوت. ئەویش وەک چەشنێک بەزەینداهێنانەوەی ئەوەی وا چەپێنراوە… ئەو لە دوامانیفێستۆی خۆیدا ئەمە وەک هەڵهاتن و گوناهێک بەرانبەر قەدەری شارستانییەتی پێنج هەزار ساڵە لێک دەداتەوە:

کەلتووری حەزرەتی ئیبراهیم بەرانبەر نمروودی پاشای سۆمەرییەکان، نوێنەرایەتیی بەرخۆدان و جیاوازیی دەکات… لەم بوارەدا ئایا دەکرێت بگوترێت پەکەکە بزووتنەوەیەکی ئیبراهیمیی هاوچەرخە؟

بۆ ئەوەی ڕێ بۆ شڕۆڤەکەم خۆش بکەم، هەوڵ دەدەم شاڕێیەک لە نێوان سیاسەت و دەروونشیکاریی و ئوستوورەشیکارییدا خۆش بکەم، شاڕێیەک، کە ڕەنگە زەینی کڵێشەساز و وڕێنەسازی ڕۆشنبیریی کوردیی، دەمودەست بە «کوێرەڕێ» و چەوتکاریی سیاسیکردنەوەی فیکر و نووسینی بزانێت! میلادن دۆلار لە جێیەکدا سیاسەت و دەروونشیکاریی لە وێنەی یەک شەنوکەو دەکات، بەو پێیەی هەردووکیان لەرزین و هەژان و هەژەندێک دەخەنە نێو دۆخی میتافیزکیی و گوتار و دەزگای ئایدۆلۆژیی باوەوە، جا ئەدگاری «تاقانەیی»ـیان لە باڵا هەڵدەدوورێت. تاقانە، لە کوردییشدا لەگەڵ هاوواتاکانی ئاوانگارد و هەڵاوێرد و سەرباشقە و سەرتەڵ و هتد..ـیش یەک و جووت دێتەوە، تاقانەیی سەمپتۆمە دژەکوردەکان، کە جارێك پاساوەکەی فەڕی یەزدانە و جارێک خەلافەتی عوسمانیی و سۆسیال/فاشیستی بەعسی عەرەبیی و هتد… وەک تاقانەیی و هەڵاوێردەیی ئۆجالان، کە نالیی واتەنیی؛ دوو ڕووە بۆ سەیری خاتر، یەک خەفی یەک ئاشکار، جا تا «ئاشکار» ببریسکێتەوە، لەولاشەوە «خەفی» وەک پێوارێکی هەمیشەیی دەبزوێ و هەیە و دەجووڵێ. وەک بێژیت؛ دیوێکی سیاسیی بێت و دیوەکەی تریشی بە هەڵکەوتێک، بەشێکە لە دیالەکتیکی مێژوویی و زەینیی بزاوتی دیالێکتیکی بندەستان و وەڕاستگەڕانی میراتی دێرین لای فرۆید و ئارکیتایپ لای یۆنگ.

 لێرەدا چیرۆکی یەکێک لەو میتۆلۆژیا پاڵەوان تەوەرانە شیتەڵ دەکەم وا بەپێی ڕانک، هەمیشە باوک کاڵ و کاڵتر دەکەنەوە، بۆچی ئەمە دەڵێم؟ تا بتوانم خوێندنەوەیەکی ئوستوورەیی – دەروونیی بۆ کاراکتەری تەڤگەریی ئاپۆیی بکەم؛ وەک پۆڵ ڕیکۆر بۆ دەروونشیکاریی دەیوت، من ئوستوورەشی سەربار دەخەم؛ دەروونشیکاریی/ئوستوورەناسیی تەنێ گرێدراوی دەروونی تاک و کۆمەڵ نییە، بەڵکە کەلتوور و شارستانییەتەکانیش شیتەڵ دەکات. فرۆید دەیوت؛ هەرێمی نائاگایی بۆ یاریی و خەون و تەتەڵەی زمانەوایی سنوورمەند نییە، بەڵکوو ئوستوورەکانیش لەم پێڕەی دەڵاندنە نەستەکییەکانن، جا لەم بەستێنەدا بە ئۆتۆ ڕانکیدا هەڵگوتووە، چونکە ڕانک بە دەستپێچی ئوستوورەکان، پردێک بۆ نێو توناوتوونە نەستەکییەکان ڕادەهێڵێت. نەبیل مولحیم کاتێك ئاپۆ دەبینێت، دەڵێت: ناکرێت ئەم پیاوە و کێشەکە تێکەڵ نەکەین. بۆیە شڕۆڤەکە پتر ڕووی لە پاڵەوانە دەرەشارستانییە مێژووییە وا دژەی پیرۆزاندنی دەسەڵات و هەڵژەندنیانە لە ئوستوورە: کورد، ئەویش لە ڕێگەی ئاپۆوە. ئوستوورەشیکارییش وەک سیستەمێکی نیشانەیی، لە وێنەی میتۆدێک بۆ شیکاری پرسی کورد بەکار هاتووە.

منداڵێک لە نێو پەرگاڵێکی دڕکاویی و دۆگماتیک و داخراوی وەک دەوڵەت-نەتەوەی تورکییدا لەدایک دەبێت، کە لەوپەڕی دۆخی پارانۆیایی خۆیدایە لەمەڕ: کورد! جا ئەم لەدایکبوونە هەڵەیە، منداڵێک بە ئازادیی لەدایک نابێت، لەدایکبوونە لەنێو هەلومەرجێکدا کە دەوڵەت لەدایکبوونەکەی ڕەخساندووە، پرسیارە لە گومان‌هەڵژەنراوەکان لەدایکبوونەوەی بەردەوام دەکەنە ناچاریی. ڕانک واتەنی لەدایکبوونێکە کە سیما بنەڕەتییەکەی تراومایە. وەک دەرکراوێکی ئەخلاقیی و سازێکی ناکۆک لێل پێوەرە کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و سیاسییەکانی باوک و بەشێک لە تاریکایی ئید، هەمیشە دەبێت سەرقاپ بنرێت. یەکەمین پێهەڵگرتینیش بە ناکۆکیی دەست پێ دەکات. دەوڵەت وا باوکی خاڵکوت کردووە، کە ئاپۆ گەرەکێتی دەوڵەت لە کەسێتیی باوکیدا بکوژێت: باوکم هێندە لاواز بوو، هەرگیز نەمویستووە وەک ئەو بم. میتۆلۆژیا لە گەشتی پاڵەوانی ئوستوورەییدا ئەمەی ناو ناوە «لەدایکبوونەوەیەکی تر»، ئەویش لە سکی نەهەنگ و منداڵدانی جیهان-ئەشکەوتەوە. دۆخی پاڵەوانی ئوستوورەیی بانگەوازیی هەلومەرجی شۆڕشە، کە هانا ئارێنت بە «لەدایکبوون»ـی دەچوێنێت، چونکە یاخیبوونی پاڵەوان بەپێی ئوستوورەناسیی، قەدەغەشکێنییە لە نێو دەسەڵاتی مۆنارشیی/پاشاسالاریی.

تابۆی لەرزیو و کاڵی باوک‌

میلادن دۆلار دەیوت؛ هەموو دەسەڵاتێك لە بنەوەڕا بەپێی مۆدێلی باوک بیچمی گرتووە. ئەو هێندە لەمەدا دڵنیایە، کە دەڵێت؛ بۆ ئەمە پێویست ناکات فرۆید لە گۆڕەکەی دەربێنین تا ئەمەمان بۆ سەرڕاست بکاتەوە، ژیانی دەروونیی هەموو مرۆڤێکیش لە نێوان سەرهەڵدان و ملکەچیی بۆ سۆپەرئیگۆدا هەڵدەسووڕێت، کە پاشان فرۆید بە جێگرەوەی باوک ناودێری دەکات.

لێرەدا دەمەوێت، پێچێک بەم تێزە لێ بدەم و بیکەمە دەساوێژی شڕۆڤەی تەڤگەری ئاپۆیی وەک ئەو منداڵەی ماڵ جێ دەهێڵێت. ماڵ وەک پێناس و کراسێکی شارستانییەت کە لەبەری کورد هەڵدووراوە. تەڤگەری ئاپۆیی ئەو هۆشەیە کە دەزانێت لە ڕیالیتەی خۆی نامۆ کراوە و دەستی بەسەردا گیراوە: هاتنەجیهانی کورد!

لە سەدەی بیستدا ئایین و ئۆتۆریتە و سوننەت، بۆ کوردان ئەو سێ شاپایەیەن وا چنگ و چەپۆکی دەسەڵاتیان وەک تاپۆ لە سەر ڕاسەری کوردان داگرتووە، ئۆتۆریتە وەک هانا ئارێنت دەیوت؛ چەشنە دەسەڵاتێکی مەعنەوییە، بۆ کورد، ئەم دەسەڵاتە مەعنەوییەی نەتەوەی سەردەست لە تێهەڵکێشی سێکوچکەی پیرۆزی «یەزدان، دەوڵەت و پارە»ـدا بۆ چڵەپۆپە هەڵکشاوە. بەو پێیەی کوردان بیرەوەرییەکی زۆریان لە کەساندنی دیکتاتۆرەکاندا هەیە: سەدام بە گلگامێش و سەنحاریب، قاسم سڵەیمانیی بە ئارەشی کەمانگەر و ئەردۆگان بە خورافەی تێزی زمانی خۆری تورکەکان و گورگی گوێقولڵاغ. لە سەدەی بیستدا مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییش بووە دەستپێچ و پێچاڵی ئەم دوو توخمە و وەک سێیەمین کۆڵەکەی ئەم ئاشی خوێن و هاڕینەی کورد، ڕۆڵی وازیی کرد. چونکە دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاسەری کورد، ڕایەڵەکانی خۆیان لە نێوان دەسەڵاتی ماددیی و مەعنەویی «یەزدان و پاشا»ـدا ڕاگرتووە، ڕەنگە چواندنی بە سەردەمی دەسەڵاتی سیاسیی و ئایینیی «پاشاخوا» بەپێی پۆلێنی میتۆلۆژیی، ئەم پرسە ڕوونتر نیشان بدات، چونکە ئیتر شا یان بە شێوەی ژێرەوانکێ خوایە، یان بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە نوێنەری خوایە و فەڕی یەزدانیی وا لە نێو ڕەگەما و خوێن و تۆرەمەی. خواش هەر دەرهاوێژی وێنەی باوکە. ئانارشیستە سەرەتاییەکان هەرزوو ئەمەیان ڕوون کردەوە، کە بنەمای «مافی یەزدانیی» شابنەمای ڕاگرتنی دەوڵەتە و باکۆنین دەوڵەت و کڵێسەی بە ڕاگری ئەم چەشنە کۆیلایەتییە دەزانی. بۆ ئەوەی لە چیرۆکی ئاپۆ تێ بگەین، گەرەکە تێکڕای مێژووی کوردان وەک ئەو شەوە پڕ ترس و بەسامەی هیگڵ تەماشا بکەین وا بۆ پێناسی سەدەکانی ناوەڕاست بەکاری دێنێت، کە باوکێک هەمیشە دەستی بەسەر ئارەزووەکانیدا گرتووە. لە «مانیفێستۆی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی»ـدا ئۆجالان پێی وایە؛ سەرەتا تاکخوایی لە بەرگێکی ئوستوورەییدا بیچم دەگرێت، پاشان دەوڵەت و دەسەڵات و چینایەتیی، خۆی بەم ناوڕێژکردنە پەردە لە ڕووی ئەو باوکە پیرۆزێنراوە ئوستوورەسازانە هەڵدەماڵێت: خواوەندی دەمامکدار و پاشای داپۆشراو، لەمەڕ سیاسیکردنەوەی ئەم باوکەی کوڕەکان لێیان یاخیی دەبن؛ فرۆید لە مووسا و تاکخواییدا دەبێژێت؛ هەمیشە وەک خواوەند لە پاشاکان هەڵڕوانراوە. ئاپۆ لە دوامانیفێستۆیدا خۆی لە بارەی باوک و دەزگای خێزانەوە دەڵێت: ئێمە لەوە تێدەگەین باوک کێیە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە سەرەتا باوک بوونی نییە، خێزانی پیرۆز چیرۆکە! هیچ خێزانێکی پیرۆز نییە. ئوستوورەشکێنیی وێنای باوک لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی شارستانییەتی سەرمایەدارییدا خۆی لەم پێناسەدا مەڵاس داوە.

سەرپاکی پەرگاڵە میتافیزیکییەکانی سەر ڕاسەری کورد، لە فەڕی یەزدانیی شاهەنشایی فارسییەوە بۆ خوێندنەوەی عەرەبیی و ئیسلامیی بۆ مێژوو لای عەرەب، لە تیۆرەی نەتەوەی خۆری تورکەکانەوە بۆ کۆڵۆنیاڵیزمی ڕۆژئاوایی، تێکڕا لە ئاستی کورددا وەک پاساوێکی ئاسمانیی و دەوڵەتخوای باوکسالار ڕۆڵ وازیی دەکەن، تێکڕا لە ئاستی شتێکدا کە هەمیشە کەمترە لە سووژەیەک، لە کورد دەنۆڕن، تیۆلۆژیای سیاسیی نەختوپوخت لە سەر جەستەیەک بە ناوی کورد، تاقی کراوەتەوە. ژان مار بەم گەلەی دەوت: گەلی فەرامۆشکراوی نێو مێژوو.

گەر بە زمانی ئۆتۆ ڕانک بدوێین، ئەو ئوستوورانەی سەردەستەکان باڵادەستیی خۆیانی پێ پاسەدان دەکەن، سەرەتا لە بارودۆخێکی مرۆییدا خەمڵیون و پاشان بۆ پاوان و چەپۆکسالاریی و تاڵان، بۆ ئاسمانیان هەڵکشاندوون و ناوێكن لە ناوەکانی باوک. ئەو سێکوچکەی: باوک، پاشا، ستەمکار بە ناوی باوک پێناس دەکات.

 ئیلاهیاتی سیاسیی دەوڵەت-نەتەوەکانی سەدەی بیست، ئاو لە بیرۆکەی تێهەڵکێشبوونی دەنگی پاشا و یەزدان دەخۆنەوە لە سەدەی هەژدە، جا بە خوێندنەوە و پاساوێکی مێژوویی-میتافیزیکیی، ئێستا و ئاییندە دادەپۆشن و ناوڕێژی دەکەن. شمیت پێی وایە؛ یەکێك لە کۆڵەکەکانی لیڤیاتانی هۆبزیی، خودایەکی مەزنی پێوارە و سەر بۆ لاهووتی سیاسیی و میتافیزیکیی دەکێشێت. ئەمەش دەوڵەت بەرەو ڕۆمانسیزم و عیرفانی سیاسیی دەبات و دەیکاتە دەعبایەکی ئیلاهیی، هەروەتر ئەو سەرمایەدارییەی بووە بە بنەوانی میتافیزیکیی ئەم چێوە دەسەڵاتگەرە، بە پێودانگی دۆست/دوژمن دامەزراوە.

سەربار؛ هەموو دەسەڵاتەکان لە بیچمی باوکدا خۆیان ڕەنگڕێژ و ناوڕێژ دەکەن.

ئەم هەلومەرجە خۆبەخۆ ڕۆڵی ئەو منداڵە ڕاپەڕیوە دەدات بە کورد، کە لە مێژووی پێنج هەزارساڵ داگیرکارییدا سەرچڵ و یاخیی، لە سەرتاپێی ئەم سیستەمە میتۆلۆژییەی «باوک» هەڵدێت وا بە قەولی یاسپەرس، کۆمەڵێکی سرووشتییە و لە دەرەوەی مێژوو دەمێنێتەوە، مێژووی هەر ئەوەی نیچە ناوی نا بوو ئەقڵی ئاپۆلۆنیی، یان یەکێتیی نێوان ڕامانی ئەفڵاتۆن و پەرگاڵی ئۆلیگارشیی و چینایەتیی یۆنانییەکان، لێ ئەم منداڵە «کورد» هەمیشەش دەگەڕێتەوە! لازاریف کورد بە سەرهەڵدێر و یاخی نێو مێژوو ناودێر دەکات. کەواتە ڕەنگە کەس لە ئۆتۆ ڕانک باشتر ئەم منداڵە نەناسێت، با باسی ئەم منداڵەی وا لە چەپۆکی ئەقڵی ئاپۆلۆنیی و میتافیزیکی چینایەتیی دەوڵەت خۆی ڕاپسکاندووە، بکەین.

من کاڵای زیندووی تۆ نیم!

ئەم پەرگاڵە ئوستوورەتەوەرە گەلانی ژێردەست و کەمینەکانی کردووە بە پاشماوە و زێدەڕۆ/پاشەبارەی ئەم دەوڵەتە مۆدێڕنانە و لە ماف داماڵران و وەک دۆخی ئاوارتە مامەڵەیان لێلا کراوە. دەسەڵات تەنێ سەرتوێژی دەسەڵاتگەری پیرۆزێنراو دەگرێتەوە و جڤاکەکان ناسیاسیی و داوەشاو دەکات.

کوردە باشەکان گەر بە زمانی ئیدوارد سەعید بدوێین، لە واقعدا بوونیان نییە. بەڵکوو خواستی دەوڵەتخوا ئوستوورەتەوەرەکانە بۆ ئۆبژەیەکی ئارەزووکراو: کورد، بۆ وێنایەک کە ڕۆژانە دەبێت دڵنیایی بداتە دەوڵەت و هەیتا هەیتا دەکۆشێت خۆی بگەیەنێتە ئەو وێنا گریمانەییە دەستپێڕانەگەیشتووە ئارەزووکراوەی دەوڵەت. کارەکەی ئۆجالان تێکدانی پەیوەندیی سووژەیەکە بە شتێکەوە، وەک ئەو پێناسەی مووسا کە بە شکێنەری دەرگاکانی باوک پێناس دەکرا. وەک ئارەزووی پیاوێك «دەوڵەت» بە جەستەی ژنێکەوە «کورد»، ڕقی دەوڵەت لە ئۆبژەی ئارەزوو «کورد»، ڕقە لە ئارەزووە تاریک و چەپەڵ و شێواوەکانی نێو نێواخنی دەوڵەت کە دۆخی پارانۆیایی خۆی ئاڕاستەی بوونەوەرێكی گوناهبار؛ ‘بزنی بەڵاگەردان’ـی پەڕتووکە پیرۆزەکان، دەکات. تێکڕای کوردی کلاسیکیش لە ئێستادا «ماڵی بارزانیی» هەڵخولانە بەپێی ئەو نیگارەی سووژەی ئارەزووکەر لێیان دەخوازێت، لێرەدا دەبێت دەستەواژەی «کاڵای زیندوو»ـمان لەبیردا بێت. تا دواسنوور دەسەڵات «دەسەڵاتی سەروەر و دیسپلین  و بایۆدەسەڵات» جەستە و زمان و فۆرم و ناوەڕۆکی کوردانی داڕنیوە، تا ئەو نیگارەی لێ داتاشیت وا ئارەزووی دەکات و یاسای نوێ بە پنتاوپنتی ئەم جەستە «کاڵا و شمەکە زیندووە=کورد»ـەدا شۆلاوە ببەستێت. ئەمە دۆخی شیزۆفیرینیی دەوڵەتە لەمەڕ وێنە و تاپۆ و واتەواتی بوونەوەرێکی بێگانە، «کە لە پڕوپاگەندەی سۆمەرییەکانەوە تا تۆڕەکانی میدیای دەوڵەت-نەتەوە هاوچەرخەکان، وەک هێلکەی تیامات، ئەژیدەهاک، ئەهریمەن پێناس کراون: بەشێک لە ئیدی فرۆیدیی»، جەستەی شتێك-بوونەوەرێک، تا ببێتە بەو پردەی دۆخی مەعنەویی و میتافیزیکیی باوکی ئوستوورەتەوەری لەسەر ڕاگرن، جا بەم پێودانگە میرچا ئیلیادە واتەنی؛ دۆخی هەنووکەیی خۆیانی پێ هاوسەنگ بکەنەوە، ئەویش بە ڕاکێشانی بەردەوامی کوردان بۆ نێو پانتایی ڕەمزیی تورکێتیی و ئێرانێتیی و عەرەبێتیی. ئەم ئۆبژە مێیە، ئەم کوردە کەسنەدیو و غەریبەی هەرچوار دەوڵەتی باوک، گەرەکیانە وەک ئۆبژەی مێی خۆیان لەوی تری بسەنن. بەهۆی ئەم باوکەخوایەی دەوڵەتەوە، تووشی دەروونپەشێوییەکی مێژوویی و سیاسییی و کەلتووریی سەرتاپاگیر هاتووە.

لە سەر ئاستیی واقعیی سیاسیی، ئەمە هەلومەرجێکی ساچاندووە کە؛ دەکرێت وەک دۆخی ئەو «کەمپ»ـەی فەیلەسووفی ئیتاڵیی، جۆرجۆ ئاگامبێن، بەرباسی دەدات، تێی هەڵڕوانین، کەمپێک یەکبین لە «دۆخی نائاسایی» و «دۆخی ناوازە»ـدا دەژیی. دۆخێک لەناویدا هیچ بوونەوەرێک خاوەنی هیچ جۆرە مافێک نییە، بە مافی هەبوون و پاراستنی ژیانیشەوە و ڕۆژانە دەکرێتە قوربانیی! بە زمانە میتۆلۆژییەکە؛ دیاردەی قوربانیی، پێداویستییەکی فیزیکیی نییە، بەڵکوو لە چەشنە یەزدانناسییەکی ئایینییەوە داڕسکاوە، ئەمە دەرگە لە سەر چەشنە یەزدانناسییەک لە بنەوانی ئایدۆلۆژیی ئەم نەتەوە سەردەستانەی سەر ڕاسەری کورددا دەکاتەوە دژ بەو بوونەوەرەی ئاپۆ واتەنی دۆخی بندەستیی هێشتا نیوەی لە دۆخی ئاژەڵێکدا هێشتووەتەوە: ئاژەڵی قوربانیی یەزدان. ئاپۆ کاتێك دەگاتە ئەوەی وەبەر خوێندنی نێن، دەپرسێت: مامۆستا کێیە؟ داخۆ مامۆستا ئاژەڵێکی دڕندەیە و دەیەوێت بمخوات؟

 جا لێرەدا دەرکەوتن و سەرهەڵبڕینی ئەم منداڵە وەک مەزنترین هەڵوەشێنەرەوە و شاکوژیی (دەوڵەت – پیاوسالاریی – پیشەسازگەرایی) سەدەی بیست جێی باس دەبێت، دەوڵەت؛ وەک یەکێک لە ناوەکانی باوک. لە پڕۆژە فیکریی و سیاسییەکەشیدا هەڵتەکاندنی دەوڵەت و پێکەوەنانی وردە خۆبەڕێوەبەریی ئاسۆیی بە تەنیشتی یەکەوە لە نێو پانتایی دەوڵەتدا، چڵەپۆپەی کونکردنی میتافیزیکی دەوڵەت و گەورەترین خواکوژیی/شاکوژیی تێکڕای سەدەی بیستە. سەبارەت بەمە جارێکیان یاڵچین کوچوک وتبووی؛ ئاپۆ وەک بلدۆزەر دەچێتە مێشکی کوردەوە.

ئۆتۆ ڕانک چۆن بیر لە ئاپۆ دەکاتەوە؟

ئۆتۆ ڕانک یەکێکە لە خوێندکارە یەکەمینەکانی فرۆید. ئەو لە پەڕتووکی «ئوستوورەی لەدایکبوونەوەی پاڵەوان»ـدا ڕیزێک ئەفسانەی کەوناری مێژوویی مرۆیی، لە ئێراقی مامانی «شارستانییەتی سەرمایەداریی»ـەوە بۆ سەرزەمینەکانی تر، وەک شاهێمایەکی سەرتاپاگیر ڕیز دەکات و بە چڕبوونەوەی یەک هێمای تاکانەیان دەچوێنێت کە لە «کەوڵ و بیچمی هەمەچەشندا دەردەکەون.»، بەپێی تێزەکەی ڕانک، پەیوەندیی پاڵەوان لەگەڵ دەزگای خێزانی یەکانەی «باوک – دایک» شێواو و ئاڵۆزە و پاڵەوان بۆ ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی دەگەڕێت، منداڵ «پاڵەوان» پێی وایە لە بنەماڵەیەکی خانەدان و پاکە و لەبەر چەند هۆیەکی تەمومژاویی لێیان جیا بووەتەوە و وەک زڕەمنداڵ و ڕادەستی ئەم بنەماڵەیە کراوە، ئەمەش بۆ ئەو مایەی شەرم و سەرکوێرییە، ئەدۆڵف باستیان پیی وابوو؛ لێکچوونی چیرۆکی ئەم پاڵەوانانەی واقع هەڵدەتەکێنن و نامۆیی پەرچ دەدەنەوە، بۆ سرووشتی یەکسانیی زەینی مرۆیی دەگەڕێتەوە، جا بنەواشەی ئەم چیرۆکانە دەگەڕێنەوە سەر دۆڵی دووئاوان و میزۆپۆتامیا، بەو ڕەنگەی بەپێی تێزەکانی ئوستوورەناسیی، لێرەوە قۆناغی پاشا – پاڵەوان-یەزدان دەست پێ دەکات. لێرەدا چ وەک ناوەڕۆک و چ وەک فۆرم، ئوستوورە و خەون ئاو لە یەک سەرچاوە دەخۆنەوە. ڕانک پێی وایە؛ ئەم پاڵنەرانە توخمێکی نەخۆشئاسایان هەیە و ئەم پاڵەوانانە وەک خەونی گەل پێناس دەکات. جۆزێف کەمبڵ ‘بانگەشە بۆ سەرچڵیی’ بە یەکەم پێواژۆی گەشتی پاڵەوان دەزانێت، لە بنەڕەتدا پاڵەوان پێی وایە کوڕی خوایە، بەڵام ئۆجالان دەڵێت؛ من کوڕی خۆمم، پاشان دەچێتە دیداری خواژن، تا ناز و فەڕی منداڵیی وەدەست بهێنێتەوە:

هەموو دارێکی بڵند هێلانەیەکی منی بە سەرەوە بوو… هەمیشە بەسەر دارەوە بووم… جارێکیان بەسەر دارێکەوە بووم، وتووێژم لەگەڵ برادەرێکم دەکرد، پێم وت؛ پێویستە لە پاشەڕۆژدا کودەتا بکەین.

 چیرۆکی «سارگۆن، مووسا، ئۆدیپ، پاریس، زیگفرید و مووسا و و هتد…» نموونەی باڵکێشی هەڵهاتنی پاڵەوانە لە باوک «دەسەڵات» و خۆسپاردنە «ئاو، سرووشت، دایبابی خەیاڵیی، سیمرغ و قەلەڕەش و مار، چیا، ئەشکەوت»، هەمان چیرۆکی ئایینیی میترایی و کورد، ئەویش لەبەر جیهانە هێماڕێژەکەی ئەم ئایینە، لە وێنەی مار و ئەشکەوت و سرووشت. جا پاشان دەگەڕێتەوە تا تۆڵە لە باوک بکاتەوە، لە شڕۆڤە یاسایی و ئەکادیمیی و ئایینییەکانی نێو دەوڵەت – نەتەوەدا، دەوڵەت وەک باوک و وەلی ئەمر و ڕۆحی جیهان، نیشان دراوە، وەک نوێنەری یەزدان لە سەر زەوی، هەر ئەو دەوڵەتەی، کە بە قەولی پۆپەر، هیگڵ پێی وابوو؛ «ئایدیای یەزدانە لەسەر زەوی، بۆیە دەبێت وەها گوێڕایەڵیی لێ بکەین، وەک ئەوەی مانیفێستی یەزدان بێت لەسەر زەوی، دەوڵەت مارشی خودایە لەسەر ئەرز…» کۆی هەوڵی پاڵەوان ڕزگاربوونە لەو ناسنامە و تەپەسەردانەی دەزگای خێزان «خێزان لای ئۆجالان بەپێی نیگاری دەوڵەت مشتوماڵ دراوە» منداڵی پێ کۆت دەکات. ئوستوورەکان، بەپێی ڕاڤە دەروونشیکارییەکانی ڕانک، ئاڵتۆسێر واتەنی؛ بریتیین لە ئاوێنەی ناکۆکیی و بارگرژییەکان. ناکۆکیی بنەڕەتی ڕامان و ژیانی ئۆجالانە: گەر تێنەگەن من بوومەتە دیالەکتیکزانێکی باش، ئەوا هیچ لە من تێ ناگەن. هیراکلیتۆس لە سپێدانی فەلسەفەوە کاتێک لە ناکۆکیی نێوکۆی هەموو شتەکان ڕامابوو، پێی وابوو ئەم ناکۆکیی و ململانێیانە زەروورەتن و وەک دۆخ و ڕێسای یەکەمینی سرووشت ڕاڤەی دەکردن.

پاڵەوانەکان

سارگۆن باوکی نییە و ئاکی خوای ئاو پەرواری دەکات، مووساش کۆرپەلەیەکی بێباوکە و ئاو دایدەدات، غەیببێژەکان لە پێشبینیی لەدایکبوونی ئیبراهیمدا، بە نەمروود دەبێژن: منداڵێک لەدایک دەبێت و تۆ سەرت تیا دەچیت، جا ئیبراهیم سێ ساڵ لە ئەشکەوتێکی ژێرزەویی دەمێنێتەوە، کە وەبیرهێنەرەوەی چاندی میترایی ئەشکەوتە وەک جێی پەرەستن لای کوردان. گاماسپ بۆ دیداری شاماران بۆ جیهانیی ژێرین و ئاو دادەکشێت، زیۆس لە ئەشکەوتێك لەدایک دەبێت و بزنێک پەرواری دەکات. ئۆتۆ ڕانک لەبەر دووپاتبوونەوەی توخمی ئاو لەم چیرۆکانەدا، وەک شلەمەنیی لەدایکبوون و ڕەحمی دایکی شڕۆڤەی دەکات. سەبارەت بەم پاڵەوانە فرۆید پێی وابوو؛ لە بنەوەڕا ئەم منداڵە دژی خواستی باوک لەدایک دەبێت.

دەتوانین چیرۆکی ئەم شاهێمایە ئاوا داڕێژینەوە: خەوپەرژێنێک پێشبنیی دەکات، گوایە لە سیپارەی چارەنووسدا هەڵکۆڵراوە؛ ئەو کوڕەی وا لە سکی دایکی خۆی ماتە داوە، چارەنووسی باوکیی تەماویی و خوێناوڵ دەکات و لەگەڵ دایکی دەبێتەوە یەک، جا کاتێک دێتە ئەم ژینە، باوکی یان بە ئاویدا دەدات یان لە سەرەڕێ و چۆڵ و چیا و کێوان فڕێی دەدات. لە دامێنی سرووشت یان ئەوەی فرۆید بە دایبابی خەیاڵیی (Family Romance) ناوڕێژی کرد. ئەوانەی پاڵەوان پەروەردە دەکەن، هەموویان هێمای ژنانەن. لە ئوستوورەی پاریسدا پریامۆس شا، کوڕەکەی فڕێ دەدات و ورچێکی مێ پاریس بەخێو دەکات، لە شانامەی کوردییدا سیمرغێک زاڵی کوڕی سام بەخێو دەکات، کوورووش بە دەستی زڕدایکێک گەورە دەبێت بە ناوی ئەسپاکۆ، کە بە زمانی مادیی بە واتای دێڵەسەگ دێت. گلگامش و کوڕەکەچەڵەش دەستپەروەردەی هەڵۆن، ئەمانە توخمی پارێزەری پاڵەوانن. توخمە سرووشتییەکانی وەک دارستان و قووڵایی دەریا و شوێنی چەپەک و دوورەدەست، دەرکەوتەی نەستی مرۆیین. یۆنگ بەم لایەنەی دەوت ئەنیماس. بانگەشەکەی ئاپۆ لە دوا مانیفێستییدا وەک تێکڕای پاڵەوانە سەرچڵەکان ئەمەیە:

هێما یەکەمینەکانی خواوەند پیاوانە نەبووە، بەڵکوو ژنانە بووە، زمانی گفتوگۆ مێینە بووە.

گەر کوشتنی باوک لە نێو هەموو شارستانییەتێكدا پەپکەی خواردبێت، ئەوا هاوکات مافی دایکێتییش دەداتەوە بە پاڵەوان. ئوستوورەی لەدایکبوونی باوەیادگار لە ئایینی یارساندا ئەم پرسە ڕوونتر دەکاتەوە:

دایە سارا دەچێتە جەمخانە، نیازی جەمەکە هەنارە، جا گسکی جەمخانەکە دەدات، دەنکێک هەنار دەبینێتەوە و دەیخوات، ئیتر سکی پڕ دەبێت، سوڵتان سەهاک دەڵێت؛ با لەدایک بێت، باوێژی دەکەینە نێو ئاگر، گەر سووتا ئەوە زۆڵە، گەرنا زاتە و جێنشینی منە، جا لەدایک دەبێت و سێ ڕۆژ لە نێو جەرگەی ئاگردا دەبێت و ناسووتێت، سوڵتان لە سەر دەستی ڕادەگرێت و دەڵێت: ئەمە یادگاری منە، کڵامەکەش مەرەمۆ:

سەر هەنار بڕی وە شەرت پاکدڵ

بنیامین واتش وە حەق بی واسڵ

دانەی ڕۆی زەوی سوڵتان ئەقدەم

پەری نمایان پیر نەرگسچەم

یار یادگار زەردەی نویر شەم

 

ئێستاش؛ لە زۆرینەی ئەو شوێنانەی ئۆجالان باسی منداڵیی خۆی دەکات، لێکم دا و ئەم چیرۆکەم لێ ساز دا:

وەک تێکڕای ئوستوورە پاڵەوان-تەوەرەکان سەرەتای یاخیبوون لە خێزان، بە پرسیار دەست پێ دەکات: ئۆجالان دەڵێت بە دایکمم وت: ئەم دنیایە ئامادە نییە پێشوازیی لە من بکات، بۆچی منت هێنایە سەر دنیا. ئەو منداڵێکە و دەزانێت باوانی کێشەیان لەگەڵ تورکەکان هەبووە و ئەسپسوار و بەهێز بوون، لێ کاتێک دێتە سەر باوکی، بە سست و بێئیرادە و بێزەبر وێنای دەکێشێت. لە تێکڕای نووسینەکانی ئۆجالاندا، وێنا و کەسێتیی باوکی هێندە کاڵ و دوورە، وەک بێژی بە دەرکەوتە و بەرهەمهێنراوێکی دەوڵەتی بزانێت، کە دەوڵەت دایوەشاندووە. بۆیە هەمیشە لە گفتوگۆکانیدا دەیسڕێتەوە. ئەو دەڵێت: بێدەسەڵاتیی باوکم بە لای منەوە کێشە بوو. تەنانەت جارێک بەردبارانی دەکات. ئەو دەڵێت: کاتێك زانیم شەڕێکی جیهانیی گەورەم دژی خێزانەکەم بەرپا کردووە… تاکە چارەسەر بەجێهێشتنی دێ بوو، بەجێم هێشت. ئەو ئەم یاخیبوونە بە خەونی هەڵفڕێن لێک دەداتەوە. پاڵەوان گەرەکە بە شێوەیەکی تراژیک گرێکوێرەی «من کێم؟» بکاتەوە:

بە گوتنی «کوردستان داگیر کراوە!» کەوتمەڕێ. وەختێک ئەمەم گوت، بێهۆش کەوتم.

دەکرێت پەکەکە ئەو دایبابە خەیاڵییە بێت کە وەڵامی پرسیاری «من کێم؟»  دەداتەوە. پێشەکیی پێرسپێکتیڤەکانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە ئەم دۆخە دەنوێنێتەوە:

دەمەوێت بە تەوەری «ئاگایی و ناسنامەی بوونی کورد» دەست پێ بکەم. بە پرسیارە باوەکانی وەک: کوردان هەن یان نین؟ ئەگەر هەن، تا چ ئاستێک گەیشتوون بە ئاستی بوون؟ لەوەش گرنگتر، ئەم بوونە و ئازادیی، تا چ ڕادەیەک لێک ئاڵاون و تا چ ئاستێک بەدیهاتنی یەکتر دەڕەخسێنن؟”. پەکەکە تەڤگەری بوون و سەلماندنی بوونی کورد و کردنەوەی دەرگای ئازادییە.

شرۆڤەکانی ڕانک بۆ پێگەی عوسابییەکان، لە نێو دەزگای خێزاندا لە ڕێی ئوستوورەی پاڵەوانییەوە، وەک ئیگۆیەکی جەمعیی تاوتوێ کراوە. لە ڕوانگەی ئەم تێزەوە هاوسەنگیی دەروونیی مرۆڤ، گرێدراوی لەبیرکردن و زاڵبوونە بە سەر خەیاڵەکانی منداڵییدا. ڕێبەر ئاپۆ چەندین جار وتبووی: من ناپاکیی لە خەونەکانی منداڵییم ناکەم. بۆیە ڕەنگە کەسانی عوسابیی بە بیچم گەورە بن، لێ بە دەروونێکی منداڵانەوە دەژێن و خەیاڵەکانیان درووستکردنەوەی خەیاڵەکانی منداڵییە.

لەدایکبوونەی ئەم پاڵەوانانە لە ژان و ئاڵۆزیی ئاڵاوە و پێشگۆکان وەک  شووم و مەترسیی بۆ سەر دەسەڵاتی باوک لێی دەڕوانن. سەرەتا لای منداڵ، دایباب تاقانە سەرچاوەی ئیمان و باوەڕن. منداڵ هەوڵ دەدات لەگەڵیان هاوشووناس بێت و دەستی بە پێگەی ئەوانڕا بگات. ئیتر کەم کەم دەکەوێتە بەراورد و لێکدانەوە و لای ڕانک دژبەرێتیی سێکسیی لێرەدا ڕۆڵ دەگێڕێت، کە دەکرێت وەک هەستی چەپاندنی کورد و بێبەشکردنی لە گشت شتێکی دایک «سرووشت» لەلایەن دەوڵەت «باوک»ـەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت:

یەکەمین جار کە خۆم بە کەمزانی و خۆم بچووک بینی، ئەو کاتە دەستی پێ کرد کە بە بێدەنگیی لە زمانی دایک، واتە لە زمانی کوردیی، دوور کەوتمەوە و لە زمانی تورکیی نزیک بوومەوە، کە زمانی خاوەن ئیمتیازات بوو.

ڤلادیمیر نابۆکۆڤ بەم زانینەی دەوت: مووچڕکە، هۆکاری ئەم گرژییانەش، «ئاوڕنەدانەوە و نادیدەگرتنی پاڵەوانە!» وەک کەمبڵ لە پێناسی کۆسپەکانی سەرەڕێی پاڵەواندا دەبێژێت؛ باوک دوژمنێکی نموونەیی دێرینە، ئەو پێی وایە بە درێژایی مێژوو هەموو دوژمنەکان لە «ناهۆشمەندیی»ـدا سیمبوڵی باوکن و هەر لەبەر ئەم ئایدیای  باوکێتییە هەمیشە و هەردەم دەکوژرێت.

سا منداڵ ڕوو دەکاتە داتاشینی میژووی ڕاستەقینەی خۆی، کە بەپێی ئەم تێزە بە خێزانی خەیاڵیی ناودێر دەکرێت و سەرەتا لە یارییە منداڵانەکاندا دەردەکەوێت: کوردان بۆ گەڕان بۆ ناسنامەی خۆیان لە ماوەی دەسەڵاتە کۆڵۆنیاڵیست و ئیمپریالیستەکاندا، وەک منداڵدانێکی گەرم و تاریک و ئەشکەوتئاسا، ڕوویان لە گەمە و یاریی و چیرۆکی فۆلکلۆری و شایی نا.  هیرۆدۆت، لە چیرۆکی میدیادا باسی منداڵێتیی پاشاکان دەکات: «بە منداڵیی گەمەی پاشاپاشایەنەیان دەکرد». ڕانک پێی وایە ئەم عوسابییانە ئەو منداڵانەن وا باوکیان سەرکوێریان کردوون و ئەوانیش بەم خەیاڵانە تۆڵەیان لێ دەکەنەوە؛ «نووسینەوەی مێژوویەکی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد وەک نەوەی چیاکانی زاگرۆس – تۆرۆس» وەک تۆڵەی ئەو منداڵە لە باوکی خۆی دەنوێنێت: لەدایکبوونەوە لە ژنێکی پاکیزە، ئەو دەڵێت:

لە سەردەمی حەزرەتی ئیبراهیم ئورفا بە ئوور ناو دەبەن، کە مانای مەملەکەتی شوێنە بەرزەکان دەبەخشێت، ئورفا خاوەنی مێژوویەکی شارستانییەتە کە بۆ ساڵانی ٢٠٠٠پ.ز دەگەڕێتەوە. مێژووی شارستانییەت لێرەوە دەست پێ دەکات. دواتر لە یۆنان، لەوێشەوە بۆ ڕۆما و ئەورووپا بڵاو بوویەوە، ئێستاش ئەمریکا وەری گرت، ئەوەی بۆ ئێمە ماوەتەوە، خڵتەکەیەتی.

ڕانک واتەنی ئەمە گەورەترین تۆڵەیە لەو باوکەی ناوی شارستانییەتی سەرمایەدارییە. «وەک چۆن سارگۆن پاش گەڕانەوەی لە تەنیشت دایکێکی پاکیزەی پەرەستگەی ڤێستاوە دەوەستێت.»

پەکەکە لە ئەنقەرە لەدایک دەبێت، لە نێو ماڵی باوکێکی لە ئوستوورەهەڵژەنراو، هەر ئەو دەوڵەتە قەشە ئاگۆستین بە ناسرووشتیی و سەرچاوەی گوناهی دەزانی. پاشان «گەشتی ناسنامە»ـە بەرەو سرووشت و ئەشکەوتەکان، بەرەو دایبابی خەیاڵیی دەست پێ دەکات: زۆرینەی ئەم ئوستوورە پاڵەوان – تەوەرانە بە ئوستوورەی هەتاویی ناودێر دەکرێن، بەو پێودانگەی پاڵەوان «شارستانییەت – باوک» دەکوژێت و لەگەڵ دایکی «سرووشت» دەبێتەوە یەک. ڕانک لە پەڕتووکی تراومای لەدایکبووندا پێی وایە؛ دەروونپەشێویی بەرەنجامی ئەو چەپۆکە سۆزدارییەیە وا منداڵ هاوکاتی لەدایکبوون و هەڵبڕانی لە دایک ئەزموونی دەکات.

خاکی بەڵێن یان خاکی خوێن

دەگەڕێمەوە بۆ نیگای نێو وێنەکە: کە نیگای میستاگۆگ[1]ێکە و نهێنییەکە دەزانێت، هاتووە بنیامین واتەنی؛ کۆمەڵێک پنت لە چنگی دەسەڵات ڕزگار بکات، کە لێرەدا ئێمە وەک ڕۆحی دیۆنیسۆسیی دەیبینین و خودی ئۆجالان ئەو خاکە بە بەهەشت ناودێر دەکات. تەنانەت لە بەرگی یەکەمی پارێزنامەکەشیدا ئاماژە بەوە دەکات؛ نیچە دیۆنیسۆسی لەبری زیۆس هەڵبژاردووە و منیش ژیانی دیۆنیسۆسییم خۆش دەوێت. ڕەنگە پڕکێشی بێت گەر بێژین؛ هەزاران ساڵی بندەستی ئەم منداڵە تاریک و لێڵ و دوور و تەموومژاویی و کەسنەدیوە، وەک چەپێنراوی نێو شارستانییەتی سەرمایەداریی ڕۆڵی گێڕابێت، فرۆید واتەنی لەهەرکوێ ئید/ئەم منداڵە هەبووبێت، ئیگۆ/شارستانییەتی سەرمایەدارییش ئامادە بووە.

کەمبڵ پێی وایە زەوی پیرۆز لە جییەکی ترە و ئێمە سەرپاک هاوئاهەنگییمان بە سرووشت لەدەست داوە. ئەو دەڵێت؛ ئوستوورە «نوێبوونەوە»ـیە. ئارنۆڵد توینبی جارێکیان لە باسی هەڵوەشانەوە و دامەزراندنەوەی شارستانییەتدا وتبووی؛ گەڕانەوە بۆ بەهەشتی گریمانەیی لەدەستچوو، نە درووشم و پەیمانە بۆ ئاییندە، بەڵکوو لەدایکبوونەوەیە؛ لەدایکبوونەوەی شتێکی نوێ.

وێنای باوک لەو سرووتە تەوتەمییانەی ڕۆژانە وەک وێردی ئایینیی دەوترێنەوە: «چەند خۆشبەختە ئەوەی دەڵێت من تورکم/ یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا» داسەپاون، پاڵەوانەکە کەی دێتەوە؟ ئەو کاتەی باوک «باخچەلیی و ئایدۆلۆژیای ئیتیحادوتەرەقیی نێو دەوڵەت» پیر و لەرزۆکن و پانتاییەک بۆ سەرچڵیی پەرە پێ دەدات.

بەپێی چاندی کوردی پەیڕەوکارانی میترا، یەزدانی خۆیان لە ئەشکەوتی زۆر تاریکدا دەپەرەست، گوایە لەوێڕا ئەهریمەن دەشاردرێتەوە و لە نوور و ڕووناکیی هەڵدێن، ئەشکەوتەکانی میترایی سەرشارن لە هێمای گوڵی نیلۆفەڕ و ئەستێرەی سوور. وەک هەڵکەوت و نواندنەوەیەکی کەلتووریی ئەستێرەی سوور و یەژا ستار بەشێکن لە چاندی پەنجا ساڵەی پەکەکە، وەک بێژیت هەر نواندەوەی ئەو ئەستێرە کێشراوانەی نێو ئەشکەوتەکانی کوردستان بن دژ بە دەسەڵاتی خۆر و میتافیزیکی دەسەڵات. لە گەلێک چاند و زماندا شۆڕش Revolution بە واتای گەڕانەوەی ئەستێرەکانیش دێت. لەچاندی میتراییدا ئەستێرەکان فرە و هەمەچەشنن و بەڕێوەبردنی فرەیی دەنوێننەوە، پێچەوانەی خۆر کە یەک و ستوونیی و تاقانەیە. زەکەریای قادری پێی وایە؛ پێچەوانەی ئاهورامەزدا کە یەکەم ئافرێنراوی پیاو «کیومەرس» بوو، یەکەمین ئافرێنراوی میترا ژنە، ئۆجالانیش مێژووی کوردان بۆ یەکەمین ژنەخواوەند «عەشتار» دەباتەوە و هاوبێژەکەی بە «ستەرک و ستێرک و ئەستێرە» دەزانێت:

ئەستێرەیان بۆ یەکەمین ژنە خواوەند کردووەتە هێما، گوتەی ستاریش بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە.

هەر ئەو ئەستێرەیەی پاڵەوانی شانامەی کوردیی سوێندی پێ دەخوات:

ستارەی ڕووی زات گەردوون گەوامەن

مەزانۆ من زات شێران جەلامەن  

ئۆجالانی دەڵێت؛ پێیان دەوتم شەیدای چۆڵ و چیا و ئەمە وەک ژیانی دیۆنیسۆسیی لێک دەداتەوە. بە منداڵیی دەچێتە ئەشکەوتی گوندەکەی و ئاوی تێت و پاناوکە[2] دڵی خۆش دەکەن، خۆی واتەنی وەک موگناتیس ئەشکەوتەکە ڕایدەکێشێت. کەمبڵ ئەمە ناو دەنێت دابڕان لە جیهانی ڕۆژانەیی و پێهەڵگرتن بەرەو جیهانێکی سەیروسەمەرە، میرچا ئەلیادەش پێی دەوت هەڵگەڕانەوە بۆ پانتایی و خولگەی موقەدەس!

سەربار؛ دەمانەوێت ئەوە بسەلمێنین کە تێکڕای ژیانی کورد هەڵهاتن بووە لە پەرگاڵە ئوستوورەتەوەر و یەزدانسالارەکان.

پاڵەوان  هەمیشە ڕۆژ «خۆر»ـێکە و سەری لە ئاو دەرهێناوە. کەمبڵ پێی وایە گەڕانەوە هەر دەبێت ڕوو بدات، پاڵەوانەکان لە کۆتاییدا باوکیان دەکوژن و دەبنەوە بە خۆر و دەچنە سەر هەمان تەختی پاشایەتیی باوک. چواندیان بە خۆر گوزارشتە لە «باوک و دەسەڵاتی پلەداریی»، وەک چۆن سوورەیای باوکی کارنا، خۆرە. خوای هەرسێ ئایینە ئیبراهیمییەکە خۆیان بە خۆر ناو دەبەن و سوێندی پێ دەخۆن. فرۆید مووسا بە بەشێک لە کەلتووری ئاتوونی خوای خۆر دەزانێت، زیۆس لە پەیڤی diosـەوە دێت، کە بە واتای «درەخشان»ـە، ئۆدیب بە کوشتنی ئەبولهەول، تەختی پاشایەتی تیبسی وەدەست هانی. ئەمە بۆ ئوستوورەی لەدایکبوونی شاخوەشین و باوەیادگاریش ڕاستە. سەرهەڵدانی خۆر و پاڵەوان لە بیچمی هەتاودا، بەپێی تێزەکانی ئوستوورەناسیی، بە واتای جێگرتنەوەی باوک و ئاواکردنی سیستەمی پلەداریی و شەریعەت ڕێسا میتافیزیکییەکانە.

ئەهریمەنی زەردەشت هەمان میترای ناهیرارشیی کوردییە، لە گاتاکاندا میترا وەک بەزێنەری خۆر «پاڵەوانی خۆرتەوەر» وێنا کێشراوە، ئۆجالان لە هەموو قۆناغەکاندا کاتێك وەک چارەنووسی تێکڕای پاڵەوانەکان بە «ڕۆژ و عەلی» ناودێر دەکرێت، کە دوو هێمای پاڵەوانی خۆرتەورن، لەناوداماڵینی خۆ لە ئاسۆی بوونەوە بە باوک کەی دەست پێ دەکات؟ ئەودەمەی دەستبەرداری دەوڵەتگەرایی دەبێت و ساڵگارێك پاش ئەوەش ڕاستەوڕاست خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە: فەسخ! ئەو لە دوا مانیفێستۆی خۆیدا دەڵێت:

ئاپۆ، مەسیحێک نییە لە ئاسمانەوە دابەزیبێت، ڕێبەرێکە، بە ڕەنج و کۆششی کۆمەڵایەتیی خۆی ئافراندووە… ٥٠ ساڵە بە ئێوە، بە پەکەکە دەڵێم. هەرچەند هەوڵ بدەن بمکەن بە مەسیح و جانەوەر، لەدەستم ڕزگار نابن.

لە نێو کوردانی دێریندا جەژنی پاشاگەردان هەیە، دەمەدەمی نەورۆز هەموو یاساکان پێچەوانە دەبنەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک تێکڕای بەرپرسیارێتییەکان لە کەرنەڤاڵێکدا ئاڵوگۆڕ و پێچەوانە دەکرێنەوە. هیرۆدۆت دەڵێت؛ مادەکان پەیڕەوییان لە میترا دەکرد، ئەم چاندە بەپێی ڕاستینەی زەمینیی و ئاسۆیی و پەیمانێکی جڤاکی بەڕێوە دەچوو، نەک فەڕی یەزدانیی و ئاسمانیی و پلەداریی ستوونیی و  یەکتایی: «ئاهوورامەزدا و اللە و هتد…»، جا باڵکێشیشە کە میترا خواوەندی پەیمانە و دڵی بەردێکدا لەدایک دەبێت، لەنێو سرووشت، هرتسفێڵد مار بە تەوتەمی مادەکان دەزانێت کە خشۆک و ئاسۆیی، کاتی گاکوژیی، لەگەڵ میترایە، بە زمانی مادیی «خشە» بە واتای پاشای زەمینیش دێت نەک ئاسمان، بە گوتەی بنونیست ئەمە وشەیەکی مادییە و هاوواتای هێز و زەمینیشە. ئەم بێژەیە لە چاندی پاڵەوانە کوردییەکانیشدا وەک کۆنەستێک هەیە: ئەوەتا پاڵەوانە ئوستوورەییەکانی نێو شانامەی کوردیی پاش گەڕانەوە، کاتێك داوایان لێ دەکەن ببنە پاشا بە دەستەواژەی: پادشا جە لام وێنەی مشتێ خاک، دیشکەم لە دەسەڵاتی ناوەندیی پاشایەتیی دەکەن:

کەیکاوس نە لام چووین مشتێ خاکەن

چە پەروام ژە حوکم شای بێباکەن

سەربار؛ ئاپۆ–پەکەکە ئەو منداڵەیە کە گەڕاوەتەوە، تا لە سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسیی بپرسێت؟ پاساو و شەرعییەتەکەی لە کوێڕا بۆ نێو لەپی کۆمەڵێک مرۆڤ باوێژ دەکرێت و بۆ کۆمەڵێکی تر نا! پەکەکە ڕەنگە گەرەکی بێت وەڵامی پرسیارەکەی ئاگۆستین بداتەوە: بۆچی دەبێت کۆمەڵێک بەسەر کۆمەڵێکی ترەوە سەروەر بن؟ ئەو دۆخەی کەمبڵ و یۆنگ و میرچا ئیلیادە پێیان دەوت؛ تێپەڕین.

لەم ڕوانگەوە ڕووداوێکی تر ئەم بۆچوونانە دەسەلمێنن، ئەویش نمایشی چەکسووتانی گەریلاکانی پەکەکە بوو. لە تێزە ئوستوورەییەکانی نورترووپ فرایدا، ئەمە وەک خولگەی سووڕانەوەی وەرزەکانیش لێک دراوەتەوە، پێرفۆرمانسەکە بە کۆ وەک یەک شاهێما دەجووڵێتەوە: شاهێمای ئوستوورەی پاڵەوانیی لای ڕانک: «یەک کردە و جووڵە دووپات دەکەنەوە»، دابەزین بۆ لای دەوڵەت «باوک» و گەڕانەوە بۆ ئەشکەوت؛ جاسەنە: زێ. کەمبڵ بەمەی دەوت؛ گەڕانەوەی شادیهێن. ئۆتۆ ڕانک پێی وایە ئەمە گەڕانەوەیە بۆ منداڵدان و تاریکایی ڕەحمی دایک. کاتێک لە دیوی دەرەوە لە زارکی ئەشکەوتەکە دەڕوانیت، وەک دەمی زێ و دەروازەیەک بەرەو تاریکاییەکی میترایی دێتە بەر دیدە: تاریکایی منداڵدان و زێی دایک!

بەپێی تێزێک کە زەکەریای قادریی زۆر پەرەی دەداتێ؛ دەکرێت بێژین؛ ژیانی سیاسیی و کەلتووریی پەکەکە، پتر تەرێزگرتنە لە ڕووناکایی دەسەڵاتی میتافیزیکیی و ئاسمانیی و داکشانیی بۆ ژیانی میترایی و زەمینیی: «کۆمۆن دژ بە دەوڵەت – نەتەوە»، بەم پێودانگە داکشان بۆ نێو ئەشکەوت و تونێلە تووناوتوون و پێچەڵپێچەکان، داکشانێکی نەستەکییە بۆ لای دایکی گەورەی یۆنگیی و فەڕی دایکێتیی کوردیی، هەروەتر هەڤاڵێتییە لەگەڵ ئوستوورەکانی وەک هادێس و شاماران؛ کە هەردوو لە تاریکایی ئەشکەوت یان بەپێی گۆشەنیگای میترایی لە «میهراو، میحراب»ـدا دەژێن. بەپێی کاسیر دیۆنیسۆس وەرگێڕانی یۆنانیی زاگرۆسە و سەمای دیۆنیسۆسیش هەمان هەڵپەڕکێی پاش حەوت قۆناغی ئایینی میتراییە، هەربۆیە شانەوشانی مار وەک «خوای پەیمان و زەمیین»، گا لە وێنەی بەشێک لە دەسەڵاتی ئاسمانیی/هیرارشیی دەکەنە قوربانیی. سەربار؛ سەرتاپێی ململانێی تەڤگەری هاوچەرخی سیاسیی کوردیی لەگەڵ پەرگاڵە هیرارشییەکان، بریتییە لە ململانێی نێوان ئوستوورەسازیی: دەوڵەت – نەتەوە و ئوستوورەشکێنیی: کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی و ژیانی کۆمۆناڵ.

تێبینیئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥١، [پاییز٢٠٢٦بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”

بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە 

دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت

 

 

سەرچاوەکان:

  • اسطورەی تولد قهرمان، اوتو رانک، ترجمە، مهرناز مصباح
  • دیدگاکان بۆ کۆنگرەی دوانزەهەمینی پەکەکە، ئاژانسی فورات نیوز (ANF)
  • مۆدێرنیتەی دیموکراتیی و کێشەکانی تێپەڕاندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، عەبدوڵا ئۆجالان، پەڕتووکی یەکەم
  • مۆدێرنیتەی دیموکراتیی و کێشەکانی تێپەڕاندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی – پەرتووکی دووەم، عەبدوڵا ئۆجالان
  • ئەو خۆرەی لە ئیمراڵییەوە هەڵدێت
  • عقل سیاسی ایرانی و هویت خواهی کوردها، د. هێرش قادری
  • نضم اهورایی و تازش اهریمینی، د. هێرش قادری
  • کتێبی پێنجەمی نێگەتیڤ، دەروونشیکاریی تایبەت بە زیگمۆند فرۆید
  • پاڵەوانی هەزارڕوو، جۆزێف کەمبڵ، و، سەڵاح حەسەن پاڵەوان
  • بۆچی ئۆدیب باوکی خۆی خۆش دەوێ؟ ئى جەیمز لێبەرمان. و: سوورێن ئیبراهیم، پێگەی نێگەتیڤ
  • پەیوەندیی ئایینی میترا لەتەک ئیزەدی و یارسان و پیرشالیار، د. هێرش قادریی
  • شانامەی کوردیی، گردوکۆ، سیاوەش گودەرزیی
  • یەزدان و دەوڵەت، باکۆنین، و، هەژێن
  • هیگڵ پێشەکییەکی زۆر کورت، پیتەر سینگەر، لە ئینگلیزییەوە؛ هاوار بەرزنجیی
  • قدرت موسس، حاکمیت یا سیاست، فاطمە صادقی

[1] Mystagogos

[2] تێت – پاناوکە: شوێنی گلێربوونەوەی باراناو لە چاڵاوی نێو تاوێردا.

بابەتەکانی نووسەر
سوورێن ئیبراهیم
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.