بۆچی ئیسرائیل هەمیشە لە مەترسییدایە؟
خوێندنەوەیەکی دەروونشیکاری بۆ شکستی ١٩٦٧ و قەیرانی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شێروان ئیبراهیم
داگرتنی فایلی PDF
بۆچی ئیسرائیل هەمیشە لە مەترسییدایە؟
لە ٥ بۆ ١٠ـی حوزەیرانی ١٩٦٧، لە درێژەی ململانێی عەرەبیی-ئیسرائیلیی، جەنگێک لەنێوان ئیسرائیل و چوار وڵاتی عەرەبیی هەڵگیرسا. جەنگەکە لەنێوان ئیسرائیل و هەریەک لە وڵاتانی میسڕ و ئوردن و سووریا و ئێراقدا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، هەریەک لە سعوودیە و لوبنان و جەزائیر و کوەیت هاوکاری وڵاتە عەرەبییەکان بوون. هەر لە ڕۆژی یەکەمی جەنگەکەوە، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی غافڵگیرانەی ئەنجام دا، هێزی ئاسمانیی میسڕیی تەفروتونا کرد. ڕۆژانی دواتریش، بە کەمترین زیان و بە خێراییەکی بەرچاو، بەسەر هێزە عەرەبییەکاندا سەرکەوت. نزیکەی ٨٠٪ـی کەرەستەی سەربازیی وڵاتە عەرەبییەکانی لەناو برد. نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ هەزار لە عەرەبەکان کوژران. لە بەرانبەردا، ٢-٥٪ـی کەرەستە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەناو برا، نزیکەی ٨٠٠ ئیسرائیلیی کوژران. هەر ئەوەندەش نا، ئیسرائیل توانی کەرتی غەززە و سینا و کەناری ڕۆژئاوا و بەرزاییەکانی جۆلان لەدەستی ئەم وڵاتە عەرەبییانە دەربهێنێت. بەمەش ڕووبەری ئیسرائیل نزیکەی سێ بۆ چوار هێندە زیادی کرد.
وڵاتە عەرەبییەکان، هەم وەک ژمارە و هەم وەک ڕووبەر، چەند هێندەی ئیسرائیل بوون. بۆیە شکستێکی لەم چەشنە، بەرانبەر قەوارەیەکی وەها بچووک، چاوەڕواننەکراو بوو. شوێنەوارە هەمەجۆرەکانی ئەم شکستە، بە تایبەت شوێنەوارە سایکۆلۆژییەکانی، هێشتاش بە سەر وڵاتانی عەرەبیی-موسڵمانەوە ماوە.
نووسەری دیاری عەرەب، جۆرج تەڕابیشی پێی وایە، ساتی بەرکەوتنی دنیای عەرەبیی_ئیسلامیی بە دنیای ئەورووپیی و ڕۆژئاوایی، لە پاش کۆڵۆنیاڵیزم و ئیمپریالیزمەوە، ساتی شۆک[1]بوونی دنیای عەرەبیی_ئیسلامییە. واتە هەستکردن بە دواکەوتن، بەرانبەر ئەو پێشکەوتنە تەکنیکی و سەربازییەی ئەورووپا و ڕۆژئاوا. بەڵام ڕەهەندە ئەرێنییەکەی شۆک، بەئاگاهاتنەوەیە. چونکە لێرەدا لە بەردەم بەریەک کەوتنی دوو تەنی جووڵاودا نین، بەڵکووو بەرکەوتنی تەنێکی جووڵاوە (ڕۆژئاوا) بە تەنێکی وەستاو (دنیای عەرەبی-ئیسلامی). لێرەوە، شۆک دەبێتە مایەی جووڵاندنی تەنی وەستاو بە کاریگەریی ئەو پاڵنانەی لە تەنە جووڵاوەکەوە بەری کەوتووە. واتە ئەم شۆکە دنیای عەرەبیی_ئیسلامیی بەخەبەر هێنایەوە. دوای ئەم بەئاگاهاتنەوەیە، شەپۆلێک هەوڵی ئەقڵانیی و ڕۆشنگەرانە لە دنیای عەرەبیی_ئیسلامیی دەرکەوتن. ئەم قۆناغە، قۆناغی درککردنە بە پێویستیی گۆڕانکاریی. تەنها هەستانەوە نییە لە خەوی غەفڵەت، بەڵکوو خواستی دەستوەردانێکی ئاگاییانەیە بۆ گۆڕینی واقیعی دنیای عەرەبیی_ئیسلامیی. بۆیە سەردەمی ڕێنێسانس و نەهزەی ئیسلامیی، سەردەمی خواستی گۆڕانکارییەکی سەراپاگیرە. تەنانەت لەو قۆناغەدا، زیاتر ئەو ئایەت و فەرموودانە تۆخ دەکرانەوە کە هاندەرن بۆ دەسپێشخەریی و دەستوەردان و گۆڕان؛ وەک ئایەتی “إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ”. هەتا، ڕابەرانی ئەم قۆناغە، پێشکەوتنی پیشەسازیی و کشتوکاڵیی و زانستیی و گەیشتن بە ئاستی پێشکەوتنی دوژمنە ئەورووپیی و ڕۆژئاواییەکان، وەک ئەرکێکی ئایینیی دەبینن، نەوەک تاوان و لاساییکردنەوەی کافران.
“شکستی ئەم هەموو هێزە عەرەبییە بەرانبەر ئیسرائیلێکی بچووک، تراومایە؛ برینێکی نارسیستیی درێژخایەنە کە تا ئێستاش بەرۆکی عەرەب و مسوڵمانەکانی گرتووە.”
بەڵام شکستی عەرەب و مسوڵمانەکان بەرانبەر ئیسرائیل، کاریگەرییەکی جیاوازی هەبوو. گەر شکست بەرانبەر وڵاتە ئەورووپییە بەهێز و پێشکەوتووەکان، شۆک بێت. ئەوا شکستی ئەم هەموو هێزە عەرەبییە بەرانبەر ئیسرائیلێکی بچووک، تراومایە[2]. ئەم شکستە، بە تەنها شکستێکی سەربازیی نییە، بەڵکوو شکستێکی دەروونیی_کۆمەڵایەتییە، برینێکی نارسیستیی درێژخایەنە، تا ئێستاش بەرۆکی عەرەب و مسوڵمانەکانی گرتووە. ئاخر، چۆن دەکرێت ئەم ژمارە کەمەی جووەکان، ئەو مرۆڤانەی هەردەم لە زیهنیەتی عەرەبیی_ئیسلامییدا مرۆڤی دەسەپاچە و زەلیل بوون، لە ماوەی شەش ڕۆژدا هێزی عەرەبەکان تەفروتونا بکەن. بۆیە شوێنەواری ئەم نسکۆیە، لەبری شۆک، تراوماییە. کاردانەوەی دنیای عەرەبیی_ئیسلامیی لە بەرانبەر ئەم شکستەدا، بەئاگاهاتنەوە و جووڵە نییە. بەڵکوو پاشەکشەیە[3].
بەپێی دەروونشیکاریی، پاشەکشە میکانیزمێکی بەرگرییە، لە ڕێگەیەوە مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی پێشووتری گەشەکردنی سایکۆلۆژیی، کاتێک ڕووبەڕووی فشار و ناڕەحەتییەکی بەرگەنەگیراو دەبێتەوە. بۆیە، کاردانەوەی دنیای عەرەبیی-ئیسلامیی کاردانەوەیەکی پاتۆلۆژیک و نەخۆشانەیە بەرانبەر ئەم واقیعە تاڵەی تێی کەوتوون. بە تایبەت وەختێک ناتوانن ئەم شکستە بە هیچ شتێک دابپۆشن، تاوەکوو هەندێک لە شکۆی شکاویان کۆ بکەنەوە. بۆیە ئیتر پشت لە واقیع دەکەن. لەبری گرتنەبەری میکانیزمی تەندرووست و ئاگاییانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی واقیع، لەبری خۆگونجاندن لەگەڵ واقیع، لەبری دەستوەردانی ئەقڵانیی بۆ گۆڕانی ئەم واقیعە؛ کۆمەڵگەی عەرەبیی-ئیسلامیی پەنای بردە بەر میکانیزمی بەرگریی نەستەکیی و نەخۆشانە بۆ پشتکردن لەم واقیعە و هەڵهاتن لەم واقیعە. واتە، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، بۆ سەردەمی شکۆ و باڵادەستیی، بۆ ساڕێژکردنەوەی فەنتازییانەی بەشێک لەم برینە نارسیستییەی لە ئێستادا تووشی بوون. ئەمەش سەرچاوەی تەشەنەسەندنی فەندەمێنتاڵیزمە.
تەنانەت داگیرکردنی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، ڕەمزییەتێکی سێکسیی هەیە لە ویژدانی عەرەبەکاندا. عەرەبەکان داگیرکردنی فەڵەستین وەک دەستدرێژیی سێکسیی (اغتصاب) دەبینن. لەخۆڕا نییە عەرەبەکان ئیسرائیل بە (کیان الغاصب) ناو دەبەن. هەڵبەت ئەم وێناکردنە، بۆ کۆمەڵگەی عەرەبیی-ئیسلامیی، کە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارانەیە و زمانە سیاسییەکەشی سەر بە هەمان زیهنیەتە، زۆر کارەساتبارە. بۆیە بە ڕای تەڕابیشیی، شوێنەواری ئەم شکستە بۆ دنیای عەرەبیی-ئیسلامیی، تراوماییە؛ لەبری خواستی گۆڕان سەردەکێشێت بۆ چەقین[4]. بەپێی دەروونشیکاریی، چەقین کێشەیەکە لە گەشەی سایکۆلۆژیی مرۆڤدا، گەڕانەوەیە بۆ چێژی قۆناغەکانی پێشووتری گەشەکردنی سایکۆلۆژیی. بۆیە دنیای عەرەبیی_ئیسلامیی پڕ دەبێت لە فەنتازیای ناواقیعیی. خەونی زیندووکردنەوەی خەلافەت سەر هەڵدەدات، بە زوویی شکست دەهێنێت. خەونی یەکخستنی وڵاتە عەرەبییەکان سەرهەڵدەدات، بە زوویی شکست دەهێنێت. هەروا بزووتنەوەی ئیسلامیی-جیهادیی سەرهەڵدەدەن بە خواستی گەڕاندنەوەی خەلافەت سەردەردێنن و دەپووکێنەوە. هەروا بزووتنەوەی نەتەوەیی بە خواستی گەڕاندنەوەی ئیرادەی عەرەبیی سەرهەڵدەدەن و دەپووکێنەوە. بە هەمووشیانەوە، خەونی لەناوبردنی ئیسرائیلیان هەڵگرتووە و پێی ناگەن. کەچی هەروا خۆیان یەک دوای یەک دەپووکێنەوە، هەروا کۆمەڵگەکانیان پەرتەوازە دەبن. سەرباری هەموو ئەمانە، لە خۆدووبارەکردنەوە وەڕس نابن؛ لە نێو سووڕێکی دووبارەدا دەخوولێنەوە: لە دەوڵەتی ئایینیی_مەزهەبییەوە بۆ دەوڵەت-نەتەوە، لەوێشەوە دووبارە بۆ دەوڵەتی ئایینیی_مەزهەبیی.
ئەم سەرکەوتنەی ئیسرائیل بە سەر عەرەبەکاندا، گەر بۆ عەرەبەکان شکستێکی دەروونیی بێت؛ بۆ ئیسرائیل سەردەکێشێت بۆ لوتبەرزیی و سەرەڕۆییەکی بێ بەربەست. ئیسرائیل، بە خۆنیشاندان وەک قوربانیی، بە پاساوی خۆپاراستن، پەلاماری هەموو لایەکی دا. هەموو گەلان و نەتەوەکانی دراوسێی بە دوژمن ناساند. دەرچەیەکی بۆ دۆستایەتیی نەهێشتەوە. لەبری ئەوەی ئەم سەرکەوتنە سەربازییەی بکاتە دەرچەیەک بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتییانە لەگەڵ گەلانی دراوسێی، برینی شکستی عەرەبەکان و دراوسێیەکانی قۆستەوە. بەڵکوو کار لە سەر قووڵکردنەوەی ئەم برینانە دەکات. جگە لە سەرشۆڕیی و ملکەچبوون بە خواستەکانی ئیسرائیل، هیچ مامەڵەیەکی تر، لەگەڵ بەرانبەرەکانییدا قەبووڵ ناکات. هەڵبەتە ئەمە هیچ ئاسۆیەک بۆ دیموکراسیی، بۆ پێکەوەژیانی گەلانی هەرێمەکە ناهێڵێتەوە.
بەڵام ئیسرائیل لە چی دەترسێت؟ بۆ هەمیشە پێی وایە مەترسیی وجوودیی لە سەرە؟ بۆچی ناگیرسێتەوە؟ بۆ دەبێت هەر ڕۆژە و هێرش بکاتە سەر وڵاتێک، سەر هێزێک؟ مەگەر کام هێز و وڵاتی هەرێمەکە، ئارەزووی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل دەکات؟ هەموو وڵات و هێزەکانی ئەم هەرێمە، دەزانن دەرەقەتی ئیسرائیل نایەن. گەر ئەم قەناعەتە واقیعیش نەبێت، بەڵام هەمووان لە ڕاستییدا نایانەوێت خۆیان لە قەرەی ئیسرائیل بدەن. تەنانەت لە زەینی مرۆڤە نەیارەکانی ئیسرائیلدا، وێنەیەکی سەروو_مرۆیی یان نامرۆڤانە بە ئیسرائیل و ئیسرائیلییەکان دراوە، ئیسرائیلییەکان وەک مرۆڤگەلێکی هەمەتوانا دەبینن: ئیسرائیلییەکان هەمووانیان کۆنتڕۆڵ کردووە؛ هەمووان سیخووڕی ئیسرائیلن؛ ئیسرائیل هەر کێی بوێت، دەیدۆزێتەوە و دەتوانێت بیپێکێت؛ ئیسرائیل هەر کوێی بوێت، دەتوانێت تەفروتونای بکات؛ ئیسرائیلییەکان هەموو شتێک دەزانن و لە هەموو شوێنێکن. هەمووان دەترسن و دەسەپاچەن بەرانبەر ئیسرائیل، ئیتر ئیسرائیل لە چی دەترسێت و لە کێ دەترسێت؟
ئیسرائیل خۆی لە نائارامییدایە. بەبێ هێرش ناژی. چونکە دەزانێت ئەم قەوارەیە ناڕەوایە. نادڵنیاییە لە مانەوەی خۆی، تەنانەت ئەگەر هەموو دوژمنەکانیشی بسڕێتەوە. قەوارەیەکی سەپێنراو، قەوارەیەکی زەوتکراو، بەبێ ڕەوایەتییەکی ویژدانی و بەهایی، بەبێ ئاشتیی لەگەڵ خۆت و ئەوانی تردا، هەرگیز سەقامگیریی و دڵنیایی نابەخشێت. مامەڵەکردن تەنها بە لۆژیکی هێز لەگەڵ ئەوانی تردا، نیشاندەری ئەوەیە، هیچ پاساوێکی لۆژیکی بۆ هەبوونت نییە. بۆیە گەورەترین مەترسیی وجوودیی لە سەر ئیسرائیلییەکان، نزیکایەتیی و دنیابینیی ئیسرائیل خۆیەتی: پەنابردن بۆ هێزی ڕووت، بۆ لۆژیکی هێز، بۆ شەڕی ئەبەدیی و بەزاندنی هەمووان. هیچ قەوارەیەک لە سەر بنەمای ئەم لۆژیکە ناتوانێت بمێنێتەوە، ناتوانێت ڕەوایەتیی بەدەست بهێنێت.
پرۆپاگەندەی ئیسرائیل و پرۆ_ئیسرائیلییەکان بە جۆرێکە، هەر بەگژاچوونەوەیەکی تاوانەکانی ئیسرائیل، کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل و سەرەڕۆییەکانی ئیسرائیل، یەکسان دەکرێت بە دژەجووییەتیی؛ یەکسان دەکرێت بە قەبووڵکردنی تاوان و کۆمەڵکوژیی نازییەکان بەرانبەر جووەکان. ئەم خۆنیشاندانە وەک قوربانیی هەرگیز نابێتە ڕەوایەتیی بۆ تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل. بەڵکوو ئەم زیهنیەتەی کە پاساو بۆ کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل بەرانبەر فەڵەستینییەکان دەهێنێتەوە، هیچ بەهایەکمان بەدەستەوە ناهێڵێت تا دژایەتیی نازییەکانی پێ بکەین لە بەرانبەر کۆمەڵکوژکردنی جووەکاندا. ئەگەر بەهایەکی گەردوونیی هەبێت بۆ بەگژاچوونەوەی کۆمەڵکوژیی جووەکان لەلایەن نازییەکانەوە؛ ئەوا دەبێت بە هەمان بەها دژی کۆمەڵکوژیی فەڵەستینییەکان بین لەلایەن ئیسرائیلەوە. لەدوای ٧ـی ئۆکتۆبەرەوە، دەیان هەزار خەڵکی سڤیلی غەززە کوژراون، گەمارۆیەکی تەواوەتیی لە سەر ئەو شارە سەپێنراوە، ڕۆژانە دەیان کەس و بە تایبەت منداڵان لەبرسا دەمرن. ئەمە جگە لە چەوساندنەوە، جگە لە زاڵبوونی بەهێز بە سەر لاوازدا، جگە لە داروینیزمێکی کۆمەڵایەتیی، چی پاساوێک هەڵدەگرێت؟ داخۆ هیچ لۆژیکێک لە پشت ئەم کارەساتەوە وەستاوە؟ نەخێر، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، وەک چۆن کۆمەڵکوژکردنی جووەکان لەلایەن نازییەکانەوە هیچ پاساوێکی لۆژیکیی و ئەخلاقیی هەڵناگرێت. بەڵام دەبێت بەهایەکی گەردوونیی هەبێت کە بۆ بەرگریی لە هەموو قوربانییەک ڕاست بکەوێتەوە. نەوەک ڕەوایەتیی بدات بە کۆمەڵکوژیی فەڵەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەبەرئەوەی جووەکان پێشتر قوربانیی بوون.
ئیسرائیل گرێیەکی شێرپەنجەییە لەم هەرێمەدا. ڕاستە، ئەمە پێناسەی هێز و دەوڵەتە ستەمکار و چەوسێنەرە عەرەب و موسڵمانەکانە. ڕاستە، ئەم هێز و دەوڵەتانەی ئێستای ناوچەکە، هیچ ڕوئیایەکی ژیاندۆستانە و دیموکراتیک هەڵناگرن. بەڵام ئەم پێناسەیە تەواو ناڕاست نییە. لەبەرانبەر هێزە کۆڵۆنیاڵیست و ئیمپریالیستەکاندا، هێزگەلی ڕزگاریی نیشتیمانیی پەیدا بوون. هێزە کۆڵۆنیاڵیست و ئیمپریالیستەکان، هێزی نامۆبوون بە کەلتووری ئەم ناوچەیە، دەیانویست ئەم جوگرافیایە داگیر بکەن و شێوەژیان و کەلتوورێکی تری بە سەردا زاڵ بکەن. بۆیە بەرانبەر ئەم کەلتوور و بەها نامۆ و غەریبانە، هێزە بەرهەڵستکارەکان، بەرگرییان لە بەها و کەلتووری خۆیان دەکرد. هێشتا شەڕی کەلتوور و بەهاکان بوو. کەلتوورەکان بەر یەکتری کەوتن. هێزەکانی ڕزگاریی نیشتیمانیی لەسەر بنەمای کۆمەڵە بەهایەک دژایەتیی هێزە داگیرکەرەکانیان دەکرد. هێشتا ئیمکانی پێشکەوتنخوازیی و گۆڕانکاریی تەندرووست، هێشتا ئیمکانی ژیاندۆستی لەم هێزانەدا هەبوو. بۆیە، کۆمەڵگە عەرەبیی و ئیسلامییەکان، هەندێک کرانەوەیان ئەزموون کرد، یان ئامادەبوون بۆ کرانەوە.
بەڵام ئیسرائیل هێزی ڕووتە. جگە لە زەلیلکردنی بەرانبەرەکانی هیچی تری ناوێت. تەنانەت لەم ڕووەوە، لە هێزە ئیمپریالیست و کۆڵۆنیاڵیستەکانی پێشووتریش ناچێت. بۆیە نەیاری هاوشێوەی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. ئێستە کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیە، چ جۆرە هێزێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و ڕزگارکردنی فەڵەستین بەرهەم دەهێنن؟ کۆمەڵە هێزێک، بێجگە لە وێرانکاریی، تێکدانی ڕووت، هێزی ڕووت، هیچ ڕوئیایەکیان نییە: کۆمەڵە جیهادییەک کە هەمووان تەکفیر دەکەن؛ یان کۆمەڵە هێزێکی نەتەوەپەرەست کە هەمووان بە داردەست و بەکرێگیراوی ئیسرائیل دەزانن. لوتبەرزیی ئیسرائیل تا ئاستێکە، ئاشتیی لەگەڵ هیچ هێز و وڵاتێکدا قەبووڵ ناکات، بگرە هیچ هێز و وڵاتێک بە هاوشانی خۆی نازانێت تا ئاشتیی لەگەڵ بکات. ئەمەش ڕیشەی ئایینیی خۆی لەو باوەڕەی جووەکانەوە هێناوە کە گوایە نەتەوەی هەڵبژێردراوی خودان. بەڵام هەر هێندەش نا، ئەو دۆخەی بەرئەنجامی ئەم شێوە هەبوونەی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا، ئەو ڕیسواییەی ئیسرائیل تووشی گەلانی ناوچەکەی کردووە، وایکردووە هیچ وڵات و هێزێکی ناوچەکە نەتوانێت لەگەڵ هاوزمان و هاوئایین و دراوسێکانی خۆی لە ئاشتییدا بێت. هەمووان لەم ناوچەیەدا ئەوی تر بە پاشکۆی ئیسرائیل دەزانن. سوننەکان، شیعەکان بە بەکرێگیراوی ئیسرائیل دەزانن. شیعەکان هەمان تۆمەت دەدەنە پاڵ سوننەکان. کۆمەڵگەکان، دەسەڵاتدارانی خۆیان بە بەکرێگیراوی ئیسرائیل دەزانن. دەسەڵاتداران، هەمان تۆمەت دەدەنە پاڵ ئۆپۆزیسیۆن و نەیارەکانیان. وڵاتە عەرەبییەکان، تورکیا و ئێران، هەمووان یەکتری بەمە تۆمەتبار دەکەن. هەموویشیان لەسەر ئەوە کۆکن کە کورد و بزووتنەوەکانی داردەستی ئیسرائیل و ڕۆژئاوان.
ئەم دۆخە پارانۆییایە، هەمووانی تووشی دەسەپاچەیی کردووە. ئیسرائیل دۆخێکی قیامەتیی ئافراندووە، کە هەمووان هەست بە بێچارەیی دەکەن. وەکبڵێی متمانەیەک، ئیمکانێکی پێکەوەبوون و پێکەوەژیان نەمابێت. وەختێک بەم سایکۆلۆژیایەوە، بەم هەستی دەسەپاچەیی و بێڕوئیایەوە، هێزێک لەم ناوچەیە پێک دەهێنرێت، هەڵبەت سەر بۆ وێرانکاریی ڕووت دەکێشێت. چونکە دەسگەیشتنی ئەم هێزانە بە ئیسرائیل، بەدیهێنانی خەونی لەناوبردنی ئیسرائیل بووەتە مەحاڵ، ئیتر ئەم وزەیە دەگۆڕێت بۆ وێرانکارییەکی ناوخۆیی، ئەم هێزانە بەردەبنە کۆمەڵگەی خۆیان و گەلانی دەوروبەر، بەردەبنە کەمینەکان. ئەم هێزانە، برینی شکست و دەسەپاچەییان بەرانبەر ئیسرائیل، بە کوشتاری ناسنامە جیاوازەکانی دەوروبەرییان ساڕێژ دەکەن. تورک و عەرەب و فارس، بە هەموو جۆرێک کوردەکان کۆمەڵکوژ و سەرکوت دەکەن. سوننەکان، شیعەکان کۆمەڵکوژ دەکەن. شیعەکان، سوننەکان کۆمەڵکوژ دەکەن. لە سووریا، سوننەکان دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ڕاپەڕین، چونکە ئەم دەسەڵاتە پاشکۆی ئیسرائیلە، کەمینەیەکی عەلەویی زۆرینەی سوننە دەچەوسێنێتەوە؛ چی ڕووی دا؟ سوننەکان هاتنە سەر دەسەڵات، عەلەویی و دروزەکان بە پاساویی پاشکۆیەتیی ئیسرائیل کۆمەڵکوژ دەکەن؛ کەچی ئیسرائیل هەم بۆردوومانی دیمەشق دەکات، هەم هاتووەتە ناو سنوورەکانی سووریاوە، بەبێ ئەوەی هێزەکانی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانیی)، بوێرن یەک فیشەک بە ڕووی سوپای ئیسرائیلدا بتەقێنن. دۆخی سووریا، نموونەی بەرچاوی ئەم گێژاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. پاش ڕووخانی ئەسەد، لەبری بەدیهێنانی هەلومەرجێک کە تێیدا هەموو نەتەوە و باوەڕەکان پێکەوە بژین، تۆڵەسەندنەوە و کوشتار و خوێنڕێژیی لە سەر جیاوازیی ناسنامە، سەرتاپای سووریای تەنیوە.
هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ چاوپۆشیی لە کۆمەڵکوژییەکان و تاوانەکانی ئیسرائیل، هەروەها جۆری مامەڵەی ئەم وڵاتانە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەکانییدا، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە ڕۆژئاوا بەرژەوەندییەکانی خستووەتە پێش پرەنسیپەکانییەوە. ڕۆژئاوا لەنێو خۆیدا ڕۆژئاوایە، بەڵام لەدەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەها مامەڵە دەکات، وەکبڵێی شۆڕشی مۆدێرنەی بەسەردا نەهاتبێت، وەک بڵێی سەدەکانی ناوەڕاستە و هێشتا جەنگی خاچپەرستییە. گەر پێشتر، وڵاتانی ڕۆژئاوا بانگەشەی بڵاوکردنەوەی دیموکراسیی و مافەکانی مرۆڤیان کردبێت، ئێستە بەم جۆرە سیاسەتە دەرەکییەکانی وڵاتەکانیان، تەنها خزمەت بە بوژاندنەوەی هێزە فێندەمێنتاڵیست و توندڕەوەکانی ناوچەکە دەکەن. بگرە گەیشتووە بە ئاستێک، گەلانی ناوچەکە دژی هەر پرۆژە و بزووتنەوەیەکی دیموکراتیک دەوەستنەوە، بەو پاساوەی ئەم هێز و پڕۆژانە درێژکراوەی بەرژەوەندیی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکان. ئیسرائیل بووەتە ڕێڕەوێکی خاڵیکردنەوەی توندوتیژیی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، لە ڕێگەیەوە ململانێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر دەکەنەوە. بە پاساوی پاراستنی ئیسرائیل، گەمەی هەمەجۆر لەم جوگرافیایەدا دەکەن. هەروەها لەبری پیشاندانی مۆدێلێکی دیموکراتیک و فرەپارێز، ئیسرائیل وەک تاکە مۆدێلی سەرکەوتوو بۆ چاولێکردن پیشان دەدەن
ناتوانین بڵێین پێش ئیسرائیل هیچ ململانێ و ناکۆکییەک لەنێوان نەتەوە و باوەڕەکانی ئەم ناوچەیەدا نەبووە. بەڵام ئیسرائیل ئەم ناکۆکییانە قووڵتر دەکاتەوە، ئەم ناکۆکییانەی بە چەندەها جۆر قۆستووەتەوە، لەسەر ئەم جیاوازییانە یاریی دەکات. ئێستە، دەگوترێت، ئیسرائیل پڕۆژەیەکی نوێی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. هەڵبەت، هەندێک لە کوردەکانیش شاگەشکەبوون بەوەی ئەم پرۆژەیەی ئیسرائیل گۆڕینی نەخشەکان و درووستکردنی دەوڵەتی کوردی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام ئەم پرۆژەیەی ئیسرائیل، هیچ ئامانجێک ناگرێتە خۆ بۆ دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرگیز ناچێتە خزمەتی پاراستنی فرەیی ناسنامە و کەلتوورەکان. ململانێی ئیسرائیل لەگەڵ دەوڵەتە چەوسێنەرەکانی وەک تورکیا و ئێران، لەگەڵ هێزە توندڕەوەکانی وەک حەماس و حزبوڵا، ململانێیەک نییە بۆ گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڕاستەی کرانەوە و دیموکراسیی و پاراستنی ناسنامە جیاوازەکان. دوایین ئامانجی ئیسرائیل، هەژموونە بە سەر ناوچەکەوە، هەژموونێک لەپێناو هەژموونی ڕووت دا، بەبێ خزمەتکردنی بەهایەکی گەردوونیی و مرۆڤانە.
ئەم پرۆژەیەی ئیسرائیل، هەوڵێکە بۆ ئەوەی ببێتە بەهێزترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەیەکی ستراتیژیی بۆ خۆی مسۆگەر بکات. بۆ نموونە، یەکێک لە ئامانجەکانی ئیسرائیل، بەستنەوەی دەریای سوورە بە دەریای سپییەوە لە ڕێگەی نۆکەندی بن گۆریۆنەوە، تاوەکوو ئەو کەشتییانەی لە ئەورووپاوە کاڵاکانیان دەهێنن، ڕوو بکەنە ئەم نۆکەندە لەبری نۆکەندی سوێس لە میسڕ، ئەمەش ئیسرائیل دەکاتە وڵاتێکی بەهێز و گورزێکی کوشندەش لە ئابووریی میسڕ دەدات، چونکە چیتر نۆکەندی سوێس ئەو گرنگییەی جارانی نامێنێت. بەڵام غەززە بووەتە بەربەستێکی جوگرافیی لە بەردەم ئەم پڕۆژەیەدا، شەڕی حەماس و هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کۆنتڕۆڵکردنی غەززە، لەپێناو ئەم ئامانجەدا بوو. وێرانکردنی غەززە، گەمارۆکان و برسیکردنی دانیشتووانەکەی، هەوڵێکە بۆ ناچارکردنی خەڵکی غەززە بە کۆچکردن و جێهێشتنی شارەکە. ئاماژەکانی ئەم هەوڵە، بە ڕوونیی لە گوتاری بەرپرسان و ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیلدا دەخوێنرێتەوە. بۆیە ئەم لۆژیکەی ئیسرائیل، هەرگیز سەر ناکێشێت بۆ پڕۆژە و پارادایمێکی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە هیچ جۆرێک ناچێتە خزمەتی ئاشتیی و پێکەوەژیانەوە.
ئیسرائیل بەم لۆژیکەوە نەک ناتوانێت پڕۆژەیەک بۆ ئاشتیی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە ڕوو، بەڵکوو ناتوانێت قەوارەکەشی لەنێو ئاشتیی و سەلامەتییدا بهێڵێتەوە. ئاخر ئیسرائیل بە هەموو هەنگاوێکی دوژمنایەتیی و ڕق و کینەی گەلانی هەرێمەکە بەرانبەر بە هەبوونی خۆی زیاتر دەکات. بەم دواییانە، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ، پێرس مۆرگان، میوانداریی ژنە ڕاستڕەوی ئیسرائیلی، دانیالا وایس[5]ـی کرد. دانیالا بە ڕوون و ڕاشکاویی دەڵێت، غەززەییەکان ئەگەر بیانەوێت ژیانێکی ئاسایی بژین، ناچارن کۆچ بکەن بۆ وڵاتێکی تر و غەززە چۆڵ بکەن؛ نیازی منیش ئەوەیە، جووەکان لە شوێنی فراوانتردا نیشتەجێ ببن کە خودا پێی بەخشیوون. پێرس مۆرگان لێی دەپرسێت، هەستت چۆنە گەر غەززەییەکان ئەوێ جێ بهێڵن و ڕوو بکەنە ناوچەیەکی ئیسرائیل؟ لە وەڵامدا دانیالا دەڵێت، پەیوەندیی بە هەستەوە نییە، ناتوانن، ئەم خواستە شکست دەهێنێت و ڕوو نادات. بەبێ هیچ ئارگۆمێنتێک کە ڕەوایەتیی بە بۆچوونەکانی بدات. بۆچوونی چۆڵکردنی غەززە، نیشتەجێکردنی جووەکان لە شوێنی غەززەییەکان، یاخود ڕێگرتن لە نیشتەجێبوونی غەززەییەکان لە ئیسرائیلدا. هیچ ئارگۆمێنتێک نییە، بێجگە لە لۆژیکی هێز: ئێمە دەتوانین، ئەوان ناتوانن. بەبێ باسکردن لە هیچ ماف و ڕەوایەتییەک. دواتر پێرس لێی دەپرسێت، هەستت چۆنە بەرانبەر کوشتنی زیاتر لە ٢٠ هەزار منداڵی فەڵەستینیی لە غەززە؟ دەڵێت، بە بڕوای من دەبێت فەڵەستینیی و غەززەییەکان و عەرەبەکان، چیتر منداڵەکانیان لەسەر ڕقی جووەکان و کوشتنی جووەکان پەروەردە نەکەن. هەڵبەتە، دوای ئەوەی چەندین جار پێرس ئەم پرسیارە دووبارە دەکاتەوە، دانیالا بە یەک ئاماژەش نیگەرانیی و ناڕەحەتیی خۆی بەرانبەر کوشتنی ئەو منداڵانە دەرنابڕێت، هەرگیز بە تاوانی نازانێت و پاساویشی بۆ دەهێنێتەوە.
باشە، نابێت خەڵکی ئەم ناوچەیە منداڵەکانیان لە سەر ڕق و کینە بەرانبەر جووەکان و ئیسرائیل پەروەردە بکەن. بەڵام مەگەر ئیسرائیل بەم لۆژیک و ڕەفتارانەی پیادەی دەکات، هیچ هیوایەکی بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ گەلانی دەوروبەری هێشتووەتەوە؟ یەکێک لە ستراتیژە سەربازییەکانی ئیسرائیل بریتییە لە ستراتیژ یان دۆکترینی “الضاحية”[6]. بەپێی ئەم ستراتیژەی حکومەتی ئیسرائیل، پێویستە عەرەبەکان و گەلانی نەیاری ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی ڕەفتاری سەرکردەکانیان هەڵبگرن. بەگوێرەی ئەم ستراتیژە، گەر حزبوڵا لە لوبنان بێت، ئیسرائیل مافی خۆیەتی لوبنان خاپوور بکات. گەر حەماس لە غەززە بێت، ئیسرائیل مافی خۆیەتی غەززە وێران بکات. هەر بەگوێرەی ئەم ستراتیژە، هەموو فەڵەستیینییەک خالد مەشعەلە، هەموو لوبنانییەک حەسەن نەسڕوڵڵایە، هەموو ئێرانییەک خامنەییە. گەر ئیسرائیل بە مافی خۆی بزانێت، هەموو شار و کەسێکی ئەم وڵاتانە بکاتە ئامانج، هەر تاکێکی ئەم وڵاتانە وەک دوژمن ببینێت، چۆن منداڵەکان لە سەر ڕق و کینە لە ئیسرائیل پەروەردە نابن؟ لەوەش زیاتر، پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تەنانەت نەیارەکانی ڕژێم و چەپەکان و ڕیفۆرمخوازەکانی ئێران، سەرەڕای ستەمکاریی و تاوانکارییەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بەرانبەر گەلانی ئێران، بوونە دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل و پاڵپشتیی ڕژێمی ئێرانیان کرد. ئەگەر تروسکایەکییش بۆ گۆڕانکاریی ناوخۆیی لە ئێراندا هەبووبێت، ئیسرائیل بەم هێرشانە دەستی ڕژێمی زیاتر بەهێز کرد. لانی کەم، ڕەوایەتیی بەخشی بە گوتاری ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانی، بە پاساوی دەستتێکەڵاوکردن لەگەڵ ئیسرائیل. بۆیە ئیسرائیل زەمینەیەکی نەهێشتووەتەوە تا دۆستایەتیی لەگەڵ گەلانی ناوچەکە دابنێت. هیچ ڕوئیایەکیشی بۆ پتەوکردنی دۆستایەتیی نێوان گەلانی ناوچەکە نییە. بەڵکوو لەسەر ئەم ململانێیانە دەژی و برەویان پێ دەدات.
ئیسرائیل وەک قەوارەیەکی هیستریایی، هەمیشە دەیەوێت چەقی سەرنجەکانی جیهان بێت. هەمیشە وەک قوربانییەک خۆی نیشان دەدات کە پێویستی بە ڕزگارکردنە. هەمیشە سەرقاڵی خوڵقاندنی کەشێکی دراماییە، وا دەری دەخات بوونی لە مەترسییدایە. تەواو هەستیارە بەرانبەر هەموو ڕەخنە و ناڕەزایەتییەک بەرانبەر تاوانەکانی. لە ڕێگەی لۆبی و ماشێنە پڕۆپاگەندە جیهانییەکانییەوە، خەریکە دەبێتە قەوارەیەکی سەروو-ڕەخنە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نەوەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بگرە لەنێو گەلانی جیهانیشدا، خەریکە هاوسۆزیی لەدەست دەدات. گەورەترین مەترسیی وجوودیی بۆ سەر جووەکان و ئیسرائیل، هەر ئەم لۆژیکەی ئیسرائیلە. چونکە ئەم لۆژیکە بۆ وێرانکردنی تەواوەتیی دەوروبەر، هیچ ئاسۆیەک بۆ نەیارەکانت ناهێڵێتەوە، بێجگە لە سڕینەوەی تەواوەتیی خۆت. زاڵبوون و ڕەوایەتییدان بەم لۆژیکە، گشتاندنی ئەم لۆژیکە لە جیهاندا، ئاییندەیەکی کارەساتبارتر بۆ مرۆڤایەتیی دەهێنێت.
قسەکردن لەسەر دۆستایەتیی کورد و ئیسرائیل، بە ڕەچاوکردنی ئەم زیهنییەتەی ئیسرائیل پەرەی پێ دەدات، لە خەون و خەیاڵێکی ڕۆمانسییانە بەولاوە هیچی تر نییە. ئیسرائیل هەرگیز ئەڵتەرناتیڤێکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵنەگرتووە تا کورد و گەلانی چەوساوەی تر ببنە خاوەن ستاتۆیەک، یان بە ئازادیی و شکۆوە بژین. بگرە ئەم زیهنیەتە بە ئاستێک لە نەژادپەرەستیی گەیشتووە، هیچ گەل و نەتەوەیەک لە ئاستی خۆیدا نابینێت تاوەکوو بە دۆستی خۆی بزانێت. بێجگە لە پاشکۆیەتیی ڕەها، هیچ بژاردەیەک بۆ ئەوانی تر قەبووڵ ناکات. هەروەها خەونی بنیادنانی دەوڵەت و قەوارەیەک لە سەر شێواز و مۆدێلی ئیسرائیل، هەرگیز بۆ کورد دەست نادات. هەم ڕێی تێ ناچێت، چونکە هاوشێوەی ئیسرائیل پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی نابێت؛ هەمیش مۆدێلێکی خۆڕاگر و سەقامگیر نابێت، ئەگەری مانەوەی زەحمەتە. ئەوەتا ئیسرائیل بەو هەموو هێز و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەوە ،سەقامگیریی بەدی ناکات و گومانی لە مانەوەی هەیە. لەوەش زیاتر، ڕەوایەتییدان بەم لۆژیکەی ئیسرائیل و گشتاندنی بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەڕەشەیەکی زیاترە بۆ سەر کورد و تەواوی گەلانی چەوساوەی ناوچەکە. چونکە ئەم لۆژیکە جگە لە کۆمەڵکوژیی هیچی لێ سەوز نابێت.
نەوەک نابێت کوردەکان چاو لە مۆدێلی ئیسرائیل بکەن، بگرە دەبێت ئەو مۆدێلەی کوردەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، یاخود باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پیادەی دەکەن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چاوی لێ بکرێت. ئەوە کوردەکانن لەم گێژاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مۆدێل و ئەڵتەرناتیڤێکی چارەسەر بۆ دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخەنە ڕوو. ئەوەی بۆ مانەوەی جووەکان پێویستە، هەژموونی تەواوەتیی نییە بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکوو ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی دیموکراتیکە. بە بڕوای ئۆجالان، ناسیۆنالیزمی جووەکان، باوکی هەموو ناسیۆنالیزم و دەوڵەت_نەتەوەکانی جیهانە؛ سەیر ئەوەیە، جووەکان خۆیان گەورەترین قوربانیی ناسیۆنالیزم و دەوڵەت-نەتەوەن لە مێژوودا. بە بڕوای ئۆجالان، وەک چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ جووەکان وێرانەیە، جووەکانیش بەبێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەنووسیان هەر دەربەدەریی و کۆمەڵکوژیی دەبێت. بۆیە چارەنووسی جووەکان پەیوەستە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. ڕێگەچارەش، شارستانییەتی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەبێ ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی دیموکراتیک، هیچکام لە کێشەکان چارەسەر نابن.
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥٠، [ھاوینی–٢٠٢٥] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە
دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت
سەرچاوەکان:
١_ المثقفون العرب والتراث: التحليل النفسي لعصاب جماعي، جورج طرابيشي، دار رياض الريس للكتب والنشر، ١٩٩١.
٢_ مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک، بەرگی دووەم: شارستانییەتی سەرمایەداریی، عەبدوڵا ئۆجالان، وەرگێڕان: لوقمان عەبدوڵا، چاپی چوارەم، ٢٠٢٣.
٣_ مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک، بەرگی چوارەم: قەیرانی شارستانییەت لە خۆرهەڵاتی ناویین و ڕێگەچارەی شارستانێتی دیموکراتیی، عەبدوڵا ئۆجالان، وەرگێڕان: لوقمان عەبدوڵا، چاپی چوارەم، ٢٠٢٣.
[1] Shock.
[2] Trauma.
[3] Regression.
[4] Fixation.
[5] Daniella Weiss.
[6] Dahiya doctrine.



