گۆشەی ئازد

چاوپێکەوتنی کەیوان هاریس لەگەڵ ئیمانوێل والێرشتاین

سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیی نزیکەی پەنجا ساڵە تووشی قەیرانێکی بنەڕەتیی بووە و لە بیست بۆ چل ساڵی داهاتوویشدا لە قەیرانێکی هاوشێوەدا بەردەوام دەبێت.

و: مەریوان کاکەیی

 

داگرتنی فایلی PDF

 

ئیمانوێل والێرشتاین کەسایەتییەکی هاوچەرخی نێو بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکانە. لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا کاتێک مامۆستایەکی گەنج بوو لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، گەشتێکی کرد بۆ ئەفریقا، شایەتحاڵی کۆتاییهاتنی کۆڵۆنیالیزمی ئەورووپیی بوو لە غانا و کینیا؛ لە ئاکرای پایتەختی غانا چاوی بە فرانتز فانۆن کەوت.  لە ساڵی ١٩٦٨ کاتێک کۆلێژی کۆمەڵناسی زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نێوان بەڕێوبەرانی زانکۆ و خوێندکارە توندڕەوەکاندا دابەش بووبوو، ئەو لایەنگری خوێندکارەکانی کرد.

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ناوبانگی والێرشتاین زیاتر بەهۆی لێکۆڵینەوە لە سەرمایەداریی وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی مێژوویی بوو، سەرەتا بە چاپکردنی بەرگی یەکەمی کتێبی سیستەمی جیهانیی مۆدێرن لە ساڵی ١٩٧٤ دەستی پێ کرد. لە زانکۆی حکومی ویلایەتی نیویۆرک لە بینگهامتۆن، لەگەڵ تێرێنس هۆپکینز و جیۆڤانی ئێریگی، پێشەنگ بوون لە ڕێبازی  لێکۆڵینەوە لە گەشە و گۆڕانی کۆمەڵایەتیی، ئەمە بە لێکۆڵینەوەی سیستەمە جیهانییەکان ناسراوە. لە شیکردنەوەی سیستەمە جیهانییەکاندا لەبری ئەوەی دەوڵەت-نەتەوە وەک یەکەیەکی ‘سونەتیی یان مۆدێرن’ و ‘گەشەسەندوو یان لە دۆخی گەشەسەندن’ بپشکنرێت، یەکەی شیاوی شیکاری بریتییە لە پشکنینی ئابووریی و کۆمەڵگا لە ئاستی جیهانیدا. لەم ڕوانگە پەیوەندیدار و مێژووییەدا، پێداچوونەوە بە تێگەیشتنمان لە گۆڕانی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن هاوشێوەی شۆڕشی کۆپەرنیکانەیە لە بواری فەلەکناسییدا لە هەمبەر بە تێگەیشتنە کۆنەکەی بەتلیمۆس بۆ گەردوون.  والێرشتاین لە ساڵی ١٩٩٤ تا ١٩٩٨ سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمەڵناسی نێودەوڵەتیی بووە و پاشانیش مامۆستای توێژینەوەی باڵا بووە لە زانکۆی یێڵ. گرنگترین کتێبەکانی بریتین لە بەرگی چوارەمی سیستەمی جیهانی مۆدێرن: سەرکەوتنی لیبرالیزمی میانڕەو ١٩١٤-١٧٨٩، هەروەها کتێبی بێهێزیی دەسەڵاتی ئەمریکا.  ئەم چاوپێکەوتنە لەلایەن کیڤان هاریس، هاوکاری بەشی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵات لە زانکۆی پرینستۆن، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٣ بە مەبەستی بەڵاوبوونەوەی بە زمانی فارسیی لە سایتی ڕخنەی ئابووریی سیاسیدا لەگەڵ ئیمانوێل والێرشتاین ئەنجام دراوە.

پاش پێنج ساڵ هەوڵدان لەلایەن حکومەتە جیاجیاکانی جیهان بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی جیهانیی ساڵی ٢٠٠٨ هیچ نیشانەیەکی کەمبوونەوەی بەدی ناکرێت.  لە ئەورووپا و ئەمریکا شاهیدی خۆپارێزی ئابووریین، لە ئابوورییەکانی بریکس (بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقا) هەروەها داڕمانی شێوازەکانی گەشەکردن و لاوازیی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی سەرمایەی دارایی. قەیرانی ئێستای سەرمایەداریی و لێکەوتەکانی لەسەر مرۆڤەکانی جیهان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 ئارگومێنتی من بە کورتی ئەوەیە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیی نزیکەی پەنجا ساڵە تووشی قەیرانێکی بنەڕەتیی بووە و لە بیست بۆ چل ساڵی داهاتوویشدا لە قەیرانێکی هاوشێوەدا بەردەوام دەبێت. سیستەمی سەرمایەداریی وەک سیستەمێکی مێژوویی توانای مانەوەی نەماوە.  پرسی ڕاستەقینە ئەوەیە چ سیستەمێک جێی دەگرێتەوە.  بەو پێیەی ئەم سیستەمە دابەش بووە بۆ دوو بەش، دەرئەنجامەکەشی ئەگەری دوو بەدیلی دەبێت.  یەکەمیان سیستەمێکی ناسەرمایەدارییە کە هەموو تایبەتمەندییە گشتگیرەکانی سەرمایەداریی هەیە، واتە پلەبەندیی و قۆستنەوە و جەمسەرگیریی.  ئەوی تر سیستەمێکە و پێشتر بوونی نەبووە، سیستەمێکە تاڕادەیەک دیموکراسیی و تاڕادەیەک یەکسانیخوازە.  بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پێشبینی ئەوە بکرێت کام بەدیل هەڵدەبژێردرێت. ئەم ئەڵتەرناتیڤە دەرئەنجامی خەباتێکی سیاسیی زەبەلاحە، هەربۆیە پەیوەستە بە هەوڵی هەموومانەوە.

ئەم قەیرانە ڕاپەڕینێکی ناڕەزایەتیی نوێی لە هەموو جیهان و باکوور و باشووردا درووست کردووە، بەڵام ئەم بزووتنەوانە نایەکسان و ناهەماهەنگن.  ئایا دەتوانین لەم ساتەدا  وێنای ‘چەپێکی جیهانی’ بکەین؟  بزووتنەوە چەپەکان لە سەرانسەری جیهان چۆن گەشە دەکەن؟ هەروەها چ جۆرە ستراتیژێک زۆرترین کاریگەریی بۆ بنیاتنانی بزووتنەوەکان و بەرەوپێشبردنی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی هەیە؟

 دەتوانیت وێنای چەپێکی جیهانیی بکەیت، هەرچەندە پێویستە ‘چەپ’ بە مانا فراوانەکەی وەربگیرێت. ڕاستییەکەی لە هەموو شوێنێک و بە جۆر و توانای جیاوازەوە بزووتنەوە هەیە، بەڵام هۆشیارییەکی جیهانی لە گەشەکردندایە، هەم لە واقیعیی قەیرانە بنەڕەتییەکانی ئێمە و هەم ئەگەری گەڕانەوە بۆ سیستەمی سەرمایەداری وەک بزووتنەوەیکی کارا.  ستراتیژی سەرەکی چەپی جیهانیی دەبێت دوولایەنە بێت. لە کورتخایەندا دەبێت شەڕ بۆ کەمکردنەوەی ئەوپەڕی ئازار بکەین، بۆ نموونە بە بەرەنگاربوونەوەی وتاری خۆپارێزیی.  لە ماوەی مامناوەنددا دەبێ زۆر بە یەکلاکەرەوە بەدوای بەدیلدا بگەڕێین.  پێویستە باسی ئەوە بکەین کە بەدیلەکە دەکرێت چی بێت و ئەم بەدیلانە بخەینە بەر تاقیکردنەوە. بە تایبەت پێویستە بەها بنەڕەتییەکانمان هەڵبسەنگێنینەوە و گەشەکردن وەک ئەوەی پێویستە و هەیە  واز لێ بهێنین، جا ڕێگەی نوێ بۆ داماڵینی بە کاڵاکردنی ژیانی کۆمەڵایەتیی دابڕێژین.

 لەم قەیرانەی ئێستادا، ڕەنگە سەردەمی نیولیبراڵ کۆتایی نەهاتبێت، بەڵام ئیتر هەژموونی ئایدۆلۆژیا نیولیبراڵەکان نەماون. ئایا بەدیل بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی هەیە، ئایا ئەم بەدیلانە لەسەر ئاستی جیهانیی کردەنیین؟  چ بیرۆکگەلێکی نوێ لەم قەیرانەوە سەرهەڵدەدات؟

 بەڕاستی بەدیل هەیە و لەسەر ئاستی جیهانی کردەنییە، واتە دەکرێت تەنها لە ئاستە جیهانییەکەدا بێتە دی، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە ئەم جۆرە بەدیلانە دەسەڵات بگەرنە دەست.  مێژوو لایەنی هیچ لایەک ناگرێت.  دەبێت بەرخۆدان بکەین، چانسی بردنەوە یان دۆڕانمان ٥۰-٥٠ـیە

 هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش بەهاری عەرەبی چییە؟  ئایا کاریگەریی ئەمریکا لە ناوچەکەدا داکشاوە؟ ئایا حکومەتە نوێیەکان و نوخبە سیاسییەکان، تەنانەت لە ژێر پەردەی ئیسلامی سیاسیشدا، مەیلیان بەرەو ئەمریکایە؟  یان هەڵچوونە کۆمەڵایەتییەکان وایان کردووە دۆخی ئێستا پێی نەکرێت بەردەوام بێت، تەنانەت ئەو حکومەتانەش وا لە سۆنگەی ناڕەزایی ناوخۆییەوە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریی بەهێز نەبوونەتەوە؟

 بەڵێ، ڕاستییەکەی کاریگەریی ئەمریکا داکشاوە، زۆر داکشاوە. تەنانەت ئەو حکومەتانەشی وەک خۆت دەڵێیت “مەیلیان لای ئەمریکایە” زۆر زیاتر لە ڕابردوو سەربەخۆیی نیشان دەدەن، بەڵام ئەوەی لەم قۆناغەدا هەرگیز دیار نییە ئەوەیە؛ کێ لە ڕێگەی ئەم شەڕە ناوخۆییە بەردەوام و درێژانەوە دێتە سەر دەسەڵات.  ڕەنگە بەهاری عەرەبی  لە هاویندا بپشکوێت یان لە زستاندا سیس هەڵگەڕێت.  دیسانەوە ئەمە بابەتێکە و لە کاتی شەڕدا یەکلایی دەبێتەوە،  بەڵام دەبێت جەخت لەوە بکەمەوە زلهێزە بیانییەکان – هەرێمیی و جیهانیی – بە کردەوە یەکتر هەڵدەوەشێننەوە. ئەوەی لە وڵاتانی عەرەبیی ڕوو دەدات، پێش هەموو شتێک بەندە بە ئیرادەی جەماوەری عەرەبییەوە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.