دیدی ئۆجالان سەبارەت بە فێمینیزم و بزووتنەوەکانی دژەسیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی
ئەم دەقە کۆکراوەیەکی کەمە لە سەر هزر، ڕوانگە، دید و پراکتیکی بزووتنەوەکانی دژەسیستەم، بە تایبەت فێمینیزم.

ئامادەکردنی: نەجیبە قەرەداغی
ئەم بەڵگەیە کۆکراوەیەکە لە شەش کتێب (بەرگریکردن لە گەلێک و پێنج بەرگی مانیفستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیک)، ئەم پەڕتووکانە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١١ داڕێژەر و سازمانکاری هزری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالیی نووسیونی. ئەم دەقە کۆکراوەیەکی کەمە لە سەر هزر، ڕوانگە، دید و پراکتیکی بزووتنەوەکانی دژەسیستەم، بە تایبەت فێمینیزم.
بەرگرینامە(کتێب)ـی بەرگریکردن لە گەلێک- ٢٠٠٣
ھەڵوێستێکی ئیکۆلۆژیی و فێمێنیستیی خاوەنی ھێزی ئاشناکردنمانە بەو ژیانە سرووشتییەی کۆمەڵگە، کە لەدەست دراوە و ون بووە، بە شێوەیەکی ڕاست پێناسەکردنی دیموکراسیی، کە بژاری سیاسی گەلانە و نیشاندانی ھێزی چارەسەری لە سەرووی بابەتە کاریگەرەکانەوە دێت. لە کاتێکدا شەپۆلی نوێی جیھانگیریی ھەڵسوڕانی سەربەستانەی کاڵا، کە وەک بابەتێکی (فەتیشیزم) پەرستنی لێ کردووە، وەک تاکە بژارێک دەڕازێنرێتەوە و بە پولداریی پێشکەشی دەکات، ڕاستییەکەی دەبێ بزانین کۆنترین دزیی و زەوتکاریی پێشکەش دەکات، ھەربۆیە پێویستە بژاری دیموکراسیی و ژینگەخوازیی خۆمان زیاتر ڕوون بکەینەوە و وەک ئاڵای ژیانی نوێمان بیشەکێنینەوە. کاتێک بەم چەشنە بانگەشەکانی یەکسانیی و ئازادیی مێژوو ھەنووکەیی دەکەینەوە و شایستەی پراکتیزەکردنن. بەمەش دەیسەلمێنین ھیچ ھەنگاوێک بەفیڕۆ نەچووە کە لەم پێناوەدا ھاویشترابێت، ھەروەک چۆن هەرشتێک لە سرووشتدا بێت، کۆتایی پێ نایەت و لەناو ناچێت، ئەو بەهایەی بۆ کۆمەڵگە خوڵقێنرابێت. لەناو ناچێ و کۆتایی پێ نایەت.
تا لەو ژنە تێنەگەین وا لە ژێر فشاری چەوسانەوە و ستەمکاریی کۆنترین و قاڵترین کۆمەڵگەی دەوڵەتگەرایی و پلەدارییدا شێوەی گرتووە، ناتوانین بە شێوەیەکی ڕاست پێناسەی کۆمەڵ بکەین. ڕێگای تێگەیشتنێکی ڕاست لە کۆیلایەتیی ئەتنیک، نەتەوە و چین، بە پێناسەکردنی ژندا گوزەر دەکات، پاش ئەوەی دەرک بەوە کرا کە بەری ڕۆژ بەبێژنگ ناگیرێ، ئەوا کۆمەڵناسیی سەبارەت بە ژن ھەوڵی پێشخستنی ھەندێ لێکۆڵینەوەی دا، ئەویش تایبەتە بە دواچارەکی سەدەی بیستەم. بزووتنەوەی فێمێنیستیی و ئیکۆلۆژیی وایانکردووە، بیر لە مێژوو و کارەکتەری ڕەگەزی تێکدانە مەترسیدارەکانی شەڕ و دەسەڵاتەکان بکرێتەوە و تاوتوێ بکرێت. تەنانەت ئەم بابەتەش کارەکتەری ڕەگەزیی ئەو زانستانە دیار دەکات وا دەبوو ھەرە زێدە بابەتی بن، لە سەرووشیانەوە کۆمەڵناسیی. زانست ڕەگەزگەراییە.
لە دوای دووەمین شەڕی جیھانیی، کەشی سەرکەوتنی دژەفاشیستەکان ھێندە درێژەی نەکێشا. بزووتنەوەی لاوان و دیدی شۆڕشگێریی ساڵانی ١٩٦٨ لە بواری تیۆریی و چەمک، ڕێگای لە پێش گۆڕانکاریی گرنگ و بایەخدار کردەوە. بە شێوەیەکی گشتیی نەفرەت لە سیستەم پەرەی سەند. دەرک بەوە کرابوو کە سۆسیالیزمی بنیادنراو، سۆسیال – دیموکراتیی و ڕزگاریی نیشتمانیی ناتوانن وەڵامی ئومێد و چاوەڕوانییەکان بدەنەوە. ئەو جیھانەی بەڵێنی درابوو، لەوەی پێشتر باشتر نەبوو. دەتوانرێ بگوترێ دوای ئەوەی چەندین ڕێبازی ڕۆشنبیریی لە ماوەی نێوان شۆڕشی ١٨٤٨ و ١٩٧٠ تەڤلی مارکسیزم ببوون، ھێزی خۆیان لەدەست دا، ئەودەم ئاشنای چەندین ڕێبازی نوێی دیکە دەبین، لە سەرووی ھەمووشیانەوە چەپی نوێ، بزاڤی ژنان و ئیکۆلۆژیی. دوای ئەوەی باوەڕ بە سەرمایەداریی تەنانەت بەو ئەندازەیەی بە سۆسیالیزمی بنیادنراو ھەبوو، شکا، لە ئەنجامی دووەمین شۆڕشی مەزنی زانستی ساڵانی ١٩٥٠ـەکان و پێشکەوتنەکانی بواری کەلتووری فێمینیزم، ئەکۆلۆژیی، ئەتنۆلۆژیی، ھەنگاوی گەورەیان بۆ پێشێ ھاوێشت.
هەرچەندە بە شێوەیەکی ناتەواویش بێت، لە دواچارەگی سەدەى ڕابردوو فێمینیزم واقیعی ژنی زەق کردۆتەوە. لەبەر ئەوەى لەمیانەى ڕۆشنکردنەوەیەکی بەهێز لە قۆناغی گێژاودا، بەختی گۆڕینی هەر دیاردەیەک زیاد بووە، ئەو هەنگاوانەى لە بواری ئازادیی دەکرێت بهاوێژرێن، دەرگە لەسەر پێهەڵگرتنی چۆنایەتیی بکاتەوە. دەشێ ئازادیی ژن لە قەیرانی هەنووکەدا دەستکەوتی گەورە بەدەست بێنێ و لێی ڕزگار ببێ.
وێڕای ئەوەی ھەوڵەکانی فێمینیزم چەندین فاکتەری گرنگ دەگرێتەوە، بەڵام ھێشتا لە تێپەڕاندنی ئاسۆی دیموکراسییەتی ئەورووپاسەنتەری دوورە. نەک تەنیا شێوە ژیانی سەرمایەداریی تێنەپەڕاندووە، بەڵکووو ناتوانرێ بگوترێ دەرکیشی پێ کردووە. ڕەوش بانگەوازیی بۆ چەمکی شۆڕشی سۆسیالیزمی لینینیی دەکات. سەرەڕای ئەو ھەموو ھەوڵ و کۆششە مەزنە و بەدەستھێنانی چەندین پێگەی گرنگ، لە ئاکامدا لینینیزم لەوە ڕزگاری نەبوو لە لەلایەنی چەپەوە بەھادارترین پاڵپشتیی سەرمایەداریی بێت. لەوانەیە فێمینیزمیش دووچاری ھەمان ئەنجام ببێت. نەبوونی بناغەیەکی بەھێزی ڕێکخستن، پێشنەخستنی فەلسەفەکەی بە شێوەیەکی تەواو، تەڵەزگەکانی سەبارەت بە میلیتانێتیی ژنان، بانگەشەکەی لاواز دەکات. لەوانەیە بە ئاستی بەرەی ژنانی تایبەت بە سۆسیالیزمی بنیادنراویش نەگات. بەڵام سەبارەت بە سەرنجڕاکێشان بۆ سەر بابەتەکە، ھەڵسەنگاندنی وەک ھەنگاوێکی ڕژد و بەرچاو لە جێی خۆیەتی.
کاتێک فێمینیزم و ئیکۆلۆژیی پێش بخرێت، ئەوا سەرپاکی ھاوسەنگییەکانی سیستەمی دەوڵەتگەرایی – باوکسالاریی تێک دەچن. تەنیا ئەو کاتەی تێکۆشانی ڕاستەقینەی دیموکراسیی و سۆسیالیزم ئازادیی ژن و ڕزگاری ژینگە بە ئامانج بگرێت، گشتگیر دەبێت. تەنیا تێکۆشانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی سەرتاپاگیری تازە پێی دەکرێت ببێتە واتادارترین شێوەی ڕزگاریی لە گێژاو ( کائیوس)ـە ھەنووکەییەکە.
بە شێوەیەکی باش و بەگوێرەی پێویست، ڕەوشی چەپ لە دواچارەگی سەدەی بیستەم و بزووتنەوە کەلتوورییەکان و فێمینیزم و کرانەوە ئیکۆلۆژییەکان بەدواداچوونی بۆ نەکرا. بە قووڵایی دەرک بە گرنگیی تێکۆشانی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنیی نەکرا. پڕۆگرام، ڕێکخستن، ستراتیژ و تەکتیکەکانی ‘پە. کە. کە’ لەژێر کاریگەریی قووڵی ڕێبازەکانی سۆسیالیزمی بنیادنراو و ڕزگاری نیشتمانیی دابوو. ئەو گۆڕانکاریانەی لە کۆنگرەکان ئەنجام دەدران، لە ئاستی تەکتیکیی بەولاتر نەدەچوو. تیۆریی و چەمکە سەرەکییەکان سەبارەت بە جیھان گۆڕانکاریی بە سەردا نەھاتبوو. ھەرچەندە شیتەڵکردنەکان قووڵ دەکرایەوە، بەڵام نەبوونی پارادایمی نوێ، دەرفەتی ئەنجامدانی گۆڕانکاری ڕیشەیی نەدەدا. ھێشتا بە شێوەی لاساییکردنەوە و قاڵبگەرایی نزیکی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبوویەوە. زیھنییەتی دۆگماییانە لە تێڕوانین سەبارەت بەکۆمەڵگە و سرووشت کاریگەر بوو. زیھنییەتی چاخی ناویین تێپەڕ کرابوو، بەڵام قاڵبگەرایی ھزری سۆسیالیزمی بنیادنراو ڕێی لە پێش تیۆرییەکی ئافرێنەر سەبارەت بە کۆمەڵگە و سرووشت نەدەکردەوە. ھەڵوێستی قاڵبگەرایی بینینی جیھانی دەوڵەمەندی دیاردەکان و دەوڵەمەندێتیی وەرچەرخان و گۆڕانکاریی پەردەپۆش دەکرد. لەوەش گرنگتر قاڵبوونەوەی ئەوپەڕگیریی سیاسیی و سەربازیی، کەسایەتیی دەکرە تاکڕەهەند. ڕەھەند و ئاستی پلەداریی بە سەر پەیوەندییەکاندا دەسەپاند. نەخۆشیی دەسەڵات وەک نەخۆشییەکی بڵاوەبوو بە خێرایی تەشەنەی دەکرد. ئەوە خرابووە پلانی دووەم و دیموکراسیی وێستگەیەکی ناچاریی یەکسانیی و ئازادیی کۆمەڵگەیە، کە لە پێناویدا شۆڕش ئەنجام دەدرێ. ھەڵوێستی سیاسیی – سەربازیی بووە فاکتەری دیاریکەری تەواوی پەیوەندییەکان. ئەم ڕەفتارانەی لە زەمینەی سەربازییدا واتادار بوو، ڕەنگدانەوەی لەناو گەلدا نەخۆشییەکی سۆسیالیزمی بنیادنراو بوو.
گەلانی ناوچەکە (ڕۆژهەڵاتی ناویین) ناچار نین و لە ڕەوشێکی وەھاشدا نین تا سیستەم وەک خۆی پەسند بکەن. ئیتر وەک جاران ھێزی یەدەگی دەوڵەت-نەتەوە نییە، لەسەر ئاڕاستەی ئامانجە دیموکراتیی، یەکسانیی و ئازادییەکانی خۆی گەڕان بەدوای چارەسەر کەوتووەتە ڕۆژەڤەوە. بەرانبەر ھەوڵە سنووردارەکانی سیستەم لە پێناو دیموکراسیدا، ھەوڵەکانی گەلانیش لەپێناو دیموکراتیزەبووندا کە بزووتنەوە کەلتووریی، فێمینستیی و ئیکۆلۆژییەکانی لە ھەناوی خۆی ھەڵگرتووە و لە دەوڵەتخوازیی دوورن، لانی کەم ھێندەی جیھانگیریی سیستەم واتایەکی سەرووی نەتەوەکان (لە نەتەوە باڵاتر) لەخۆ دەگرێت.
تا ئێستاش کاریگەریی سەردەمەکانی نیۆلیتیک لە سەر ژنانی ناو کۆمەڵگەی کوردەواریی بەردەوامە. لەگەڵ ئەمەش خەمی هەموو قۆناغەکانی شارستانییەتی کێشاوە. خاوەن بنیادێکی خۆڕاگرە. ئاشکرایە دووچاری ناپاکیی سەردەمیش بووە. کاتێک ئەم تایبەتمەندێتییانە لەگەڵ هەوڵ و کۆششە گەردوونییەکانی فێمینیزمەکان یەک بگرێتەوە، دەشێ پارتێکی جیاوازی ژنان لە تێکۆشانی یەکسانیی، ئازادیی و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی مەزن ببینێ. پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (PAJK) بەگوێرەى ئەم ڕۆڵە دامەزراوە. هەرچەندە بە سانایی لە چەمکی پیاوێتیی زاڵ ڕزگاری نابێت، بەڵام سووربوون لە سەر ئازادیی بایەخێکی ژیانیی و دەستلێبەرنەدراوی هەیە. باشترین ڕێچکەى ئازادکردنی جیهانی ژنان بەیەکەوە بەکارهێنانی ژیری سۆزداریی و ئەنالیتیکییە. پێویستە سەبارەت بە ژن سەرلەنوێ میتۆلۆژیا، فەلسەفە، ئایین و زانست ڕەچاو بکرێنەوە، لەمیانەى ژیریی ئازاد و تایبەتی ژنان شرۆڤە بکرێ و پراکتیزە بکرێ. هەڵوەستەکردنی تیۆریی و کرداریی لە ڕێگای ژیریی ژنانەوە، دەشێ بەرەو ژیانێکی جوانتر و واتادارتر و جیهانێکی یەکسان، ئازاد و ئاشتییانەمان ببات. سەنتێزێکی بەمجۆرەى ژنان کەلتوورێکی پیاوان نامێنێ نەتوانێ شی بکاتەوە، هیچ هێزێکی ژیان نامێنێ ڕاکێشی نەکات، چالاکییەک نامێنێ توانای ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی نەبێت.
لە بەرگرینامە(کتێب)ـی دیموکراتیزەبوون و کێشەکانی تێپەڕاندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی
بەرگی یەکەم – شارستانێتیی– سەردەمی خوداوەندە دەمامکدار و پادشا داپۆشراوەکان
سیستەمەکان کاتێک لە لووتکەدان ھەڵوەشانەوەیان دەست پێ دەکات و دەڕووخێن. ساڵانی (١٩٧٠)ـکان گوزارشت لە قۆناغی چوونی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بەرەو ڕووخان دەکات. لە ھەمان کاتدا قۆناغی لەبەرچاو کەوتن و بە ڕۆژەڤبوونی پارچەبوونە لە پەیڕەودا. کەوتنەگەڕی ھزری ئیکۆلۆژیی، ڕەوتەکانی فێمینیزم و بزووتنەوە ئەتنیکیی ــ کەلتوورییەکان پەیوەندیی بەم قۆناغەوە ھەیە. پارچەبوونی پەیڕەوی زانستیی ھەبوونی دنیای دیکە و بەھای شرۆڤەی ئازادیی خستووەتە ڕوو. زۆر گرنگە بە دەوڵەمەندیی ھەستەوە پێشوازیی لەم قۆناغە بکەین کە دەتوانین وەک کائیۆسیش ڕاڤەی بکەین. گرووپە زھنییە جۆربەجۆرەکان لەناو واقیعی بەرجەستەی خۆیاندا وەک چاوگێکی بەرخودانی مەزن لە ھەر کوچەیەکی دەسەڵاتدا ببینرێت، بایەخێکی گەورەی ھەیە.
ڕەوتە ئەنارشیستەکان، کە وەک ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرماریەداریی دەرکەوتن، سەبارەت بە پەیڕەو و تیۆری زانیاریی بەھێزن. وەک مارکسیستەکان باس لە پێشکەوتووخوازیی سەرمایەداریی ناکەن. توانیویانە لە چەندین خاڵی جیاوازەوە سەیری کۆمەڵگە بکەن: ئەم خاڵانە بە تەوەرە گرتنی ئابووری تێپەڕ کردووە. بە شێوەیەکی پێگەیشتووانە ڕۆڵی منداڵە “یاخی”ـیەکانی سیستەم دەبینن. سەرەڕای تەواوی نیازە باشەکانیان، لە ئەنجامدا نەیانتوانیوە خۆیان لە بوون بەو تەریقەتانە ڕزگار بکەن کە تەنیا بە توندی خۆیان لە تاوان و گوناھەکانی سیستەم دەپارێزن. خاڵەکانی: بە شێوەیەکی ڕاست پێناسەکردنی سیستەم و گرفتەکانی تێپەڕاندنی، کارامە بەکارھێنانی ھێزی زانیاریی ــ چالاکیی و پەیڕەوی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی، کە بۆ مارکسیزم ئاماژەم پێ کرد، بۆ ئەم ڕەوتەش جێگای باسە.
دەتوانین ھەڵسەنگاندنی ھاوشێوە بۆ تیۆریی و پراکتیکی بزووتنەوە ژینگەیی، فێمێنیستی و کەلتوورییەکانیش بکەین. ئەم بزووتنەوانە لەو بەچکە کەوانە دەچن کە لە قەفەسی ئاسنینی مۆدێرنیتە ڕزگاریان بووە. بەردەوام لە نیگەرانیداین کە کەی و لە کوێ ڕاو دەکرێن. بەڵام دیسان بینینیان وەک بزووتنەوەکانی ھیوا گرنگە. کاتێک لێشاوی ئەڵتەرناتیڤی بنەڕەتی پەرەیسەند، دەشێت کۆمەک و ڕۆڵێکی زۆریان ھەبێت.
***
لە بەرگرینامە(کتێب)ـی دیموکراتیزەبوون و کێشەکانی تێپەڕاندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی
بەرگی دووەم– شارستانێتی سەرمایەداریی– سەردەمی خوداوەندە بێدەمامک و پادشا ڕووتەکان
ئەو کاولکارییانەی شارستانێتی پێنج ھەزار ساڵە لەگەڵ خۆی ھێناونی، سەردەمی پیشەسازیی بە تەنھا خۆی چەندین ھێندەی لەسەر زیاد کردووە. ئەمە بۆچوونێکە تەواوی چاودێران لەبارەیەوە ھاوڕان. گەرمبوونی کەشوھەوا تەنیا نموونەیەکیانە. وێرانکاریی زۆر لە مەزندەکان قووڵتر و بەرفراوانترە. نەک تەنیا سەردەمی پیشەسازیی، بەڵکووو پێویستە ڕەخنە لە تەواوی شارستانێت بگیرێت. سەرباری ئەوەی مارکسیست و رکابەرەکانی دیکە کێشەکەیان خستووەتە چوارچێوەیەکی تەسکی ئابووریخوازی چینایەتیی، یان پۆلینی لە جۆری ئیکۆلۆژیی، کەلتوورگەرایی و فێمینیزمەوە، ڕێگایان لە پێش دەرکەوتنی ھەندێک ئەنجامی ئەرێنیی کردووەتەوە. بەڵام وەک دیارە نەگەیشتنیان بە بەرنامە و کردارێکی سیاسیی ڕژد گرێدراوی کەموکوڕییە ڕیشەییەکانیانە.
***
لە ناوەڕۆکی خۆیدا فەندەمەنتاڵیزم کاردانەوەیەکی دەوڵەت ــ نەتەوەیە بەرانبەر جیھانگیریی سەردەمی فینانس. پێھەڵگرتنێکی ئایدیۆلۆژیی ــ سیاسین و خاوەن ڕەنگی ئایینیی و نەژادیین و زیاتر ئامانجیان دەوڵەت ــ نەتەوەیەکی داخراوە بە ڕووی دەرەوەدا. لە ھەموو بوارێکدا نموونەیان ھەیە. شانبەشانی ئیسلامیی، کریستیانیی، ھیندۆس، ڕۆحگەراکانی ئەفریقیا، فاکتەرە نەژادپەرست ــ میللیگەرا ڕاستڕەوەکانی ناو ھەر دەوڵەت ــ نەتەوەیەک نوێنەرایەتیی باڵە ڕادیکاڵەکەی تر دەکات. زۆر جار بینراوە کە ھەردووکیان یەک دەگرن. بەرانبەر بە جیھانگیریی نوێنەرایەتیی شێوەی کۆنەپەرستیی خۆجێیی دەکەن. لەلایەکی دیکەشەوە ڕەوتە دیموکراتییە خۆجێییەکان، کەلتووریی و فێمێنیستەکان و چەپە نوێیەکان ئەگەر ناتەواویش بێت بەرانبەر بە جیھانگەرایی لە پلاتفۆرمی وەک “فۆرمی کۆمەڵایەتیی جیھان”ـدا دێنە لای یەکتر و لەپێناو شارستانێتی دیموکراتیدا گفتوگۆ دەکەن. شیمانەی مەزن تیرۆریزم بزاوتێکی مەزنی گێرەشێوێنییە سیستەم خۆی دروستی کردوون. نیشانە و ھێمای بەھێز لە ئارادان کە ئامڕازێکن بە ئەنقەست بەکار دەھێنرێن تا بیانووی ڕەوا بۆ دەسەڵاتی سەردەمی فینانس بخوڵقێنن.
***
بزووتنەوەی ڕۆشنبیران ــ لاوان کە لە ساڵی ١٩٦٨ـدا قەڵەمبازێکیان ئەنجام دا، گەورەترین بزاڤی پرۆتستۆکردنی ھەنگاونان بوو بۆ سەردەمی فینانس. ھەرچەندە لایەنی خەیاڵیی لە پێش بێت، بەرانبەر تاریکترین و چەپەڵترین قۆناغ بوو بە مەشخەڵی ئازادیی و ڕۆشنگەریی. بزاڤە کەلتووریی، فێمێنیستیی و ئیکۆلۆژییەکان یەک بەدوای یەک سەریان ھەڵدا و لە ڕێی یەکەمین ڕێنوماییە دژە مۆدێرنیستییەکانیانەوە ڕێگایان لە پێش سەردەمێکی نوێ کردووە. درزیان درووست کرد. بەبێ پشتبەستن بە دەسەڵات کرانەوەی تێکۆشانی دیموکراتیی، ئازادیی و یەکسانییان بەرفراوان کرد. ئەم ڕکابەرانەی سیستەم کە بۆ جاری یەکەم بەرانبەر سەرمایەپەرەستیی جیھانگیر دەنگی کۆمەڵگەی جیھانگیریان بەگوێی جیھان گەیاند، دەکرێت لە ڕێی رەخنەدان سەبارەت بە ڕابردوو، بۆ یەکەمین جار لەمیانەی چەمکێکی تێروتەسەلترەوە سەبارەت بە کۆمەڵگە و مێژوو بەھێز ببن، تەواو لە شارستانێتی سەرمایەداریی دابڕێن و لەگەڵ شارستانێتی دیموکراتییدا بین بە یەک و لە ڕێی ئازادیی، یەکسانیی و کۆمینالیزمدا بەرەو پێشێ بچن.
***
لە بەرگرینامە (کتێب)ـی سۆسیۆلۆژیای ئازادیی
بەرگی سێیەم – مانیفستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیک
وەک زاراوە سرووشتی سێیەم گوزارشت لە قۆناغێکی بەرزتری سەرلەنوێ کۆکبوونی سرووشتی یەکەم و دووەم دەکات. سەنتێزی ئاستێکی باڵاتری سرووشتی کۆمەڵایەتیی لەگەڵ سرووشتی یەکەمدا بە ئەندازەی پارادایمی تیۆری شۆڕشگێرانە پێویستی بە شۆڕشێکی ڕیشەیی کرداریی ھەیە. بە تایبەتیش تێپەڕکردنی سیستەمی سەرمایەداریی جیھانیی (مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی) دیاریکەرە و قۆناغی ئەمڕۆی سیستەمی شارستانیی ناوەندییە. ھەر لەم پێناوەشدا لە ئاستی ھەرە نزمدا پێشخستنی بنیادەکانی شارستانێتی دیموکراتیی، ھەروەھا پەرەسەندنی کارەکتەری کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیی و فێمێنیستیی بابەتی جیاکەرەوەن، لەگەڵ کاراکردنی ھونەری سیاسەتی دیموکراتیانە و دامەزراندنی کۆمەڵی دیموکراتیی و مەدەنی ئەو ھەنگاوانەن وا پێویستە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بھاوێژرێن.
***
سرووشتی سێیەم بەڵێنی یۆتۆپیا یان بەھەشتێکی نوێ نییە، بەڵکوو فەراھەمکردنی بەشداریی مرۆڤە بۆ خۆگونجاندنی مەزن لەمیانەی پاراستنی ھێزی زانستە زیادبووەکەی مرۆڤ لەمەڕ سرووشتەکان. ئەمە تەنیا تامەزرۆیی، ئامانجێک یان بەڵێنی یۆتۆپیا خەیاڵییەکان نییە، ھونەری ژیانی جوان و چاکە و واتای کرداری ھەنووکەیی و ڕۆژانەیی ھەیە. باس لە بایۆلۆژیزم ناکەم. مەترسیی ئەم ھەڵوێستە دەزانم. باسی بەھەشتی یۆتۆپیای “خودایی” کەڵەکەبوونەکانی دەسەڵات و سەرمایەش ناکەم. ھەروەھا ئاگاداری ئامانجە ڕووخێنەر و ترسناکەکانی ئەم ھەڵوێستەم و دەزانم لە قووڵاییدا گوزارشت لە چی دەکات. ھەروەھا دەتوانم ئەوەش بڵێم کە بەڵێنی بەھەشتی کۆمۆنیزمی جەماوەری ماتریالیزمیش سەرەتاییە و کرداری نییە، بەڵکوو جۆرێک لە جەمسەری ھێڵەکانی لیبڕالیزمە. ھەڵبەتە لە ئەزموونی ڕۆژانەیی ژیاندا دەرکی پێ دەکەین و ھەموو جۆرە بەڵێنێکی لیبڕالیزم بۆنی دۆزەخی لێ دێت.
***
بەدیھاتنی سرووشتی سێیەم پێویستی بە “ماوە”ـیەکی زەمەنیی درێژخایەنە. سیستەمی دیموکراتیک ــ کە وەک ڕژێمی پراکتیزەکردن و گوزارەکردنی ئازادیی و یەکسانیی سرووشتی یەکەم و دووەمە لە قۆناغێکی سەرووتردا و لەسەر بنەمای جیاوازییەکانەــ تەنیا کاتێک لە نێویدا تایبەتمەندێتییەکانی کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیی و فێمینیزمی پەرە بسەنیت، فەراھەم دەبێت.
سەبارەت بە بابەتەکە نموونەی ژن شیکار دەکەین و دەمەوێت خاڵێک بۆ ئەم بەشە دابنێم. بێگومان لێکۆڵینەوە فێمێنیستییەکان لەمیانەی پێشکەوتنە نوێیەکانەوە کۆمەکێکی گرنگ بە ڕۆشنکردنەوە و ئاشکرابوونی ڕاستییەکانی ژنان دەکەن. بەڵام لەو بڕوایەدام تا ڕادەیەکی زۆر ئەم خەباتە لەژێر ھەلومەرجەکانی باڵادەستیی ئەقڵی پیاوسالارییدا بەڕێوە دەچێت. بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر ڕیفۆرمخوازە. نیشاندانی ھەڵوێستێکی سەرتاسەر و ڕیشەدار سەبارەت بە بابەتەکە گرنگ و ژیانییە.
تەواوی بزووتنەوەکانی کۆنفیدراسیۆن (لە ئەڵمانیا) و دیموکراسییەکانی شار (لە ئیتاڵیا)، کۆمین و یاخیبوونی لادێییەکان، یاخیبوون و کۆمینەکان (کۆمۆنەی پاریس)ـی کرێکاران، ئەزموونەکانی سۆسیالیزمی بونیادنراو (یەک لە سێی دنیا)، پرۆسەکانی ڕزگاری نیشتیمانیی (دۆخی نادەوڵەتیی و نەبوونی بە دەسەڵات)، پارتە دیموکراسیخوازە بێهەژمارەکان، کۆمەڵە مەدەنییەکان، دواترین بزووتنەوە ئیکۆلۆژیی و فێمینستیەکان، تەواوی بزاڤە دیموکراتییەکانی لاوان، ڤێستیڤاڵە ھونەرییەکان تا دەگاتە بزاڤە ئایینییە نوێیەکانی دەسەڵات ناکەن بە ئامانج کە تایبەت بە شارستانێتی دیموکراتین، بەرانبەر بە سیستەمی شارستانیی دەوڵەت-ـنەتەوەی سیستەمی سەرمایەداریی جیھانی ئەم چوارسەد ساڵەی دوایی، کە پاوانی دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیی، ئیداریی، سەربازیی و ئابوورییە، لەژێر چەترێکی بەرفراواندا جێگای خۆیان دەگرن، ئەگەر بە تەواویی یەکیشیان نەگرتووە، بەڵام خاوەن سیستەمێکن و پێویستە بچووک نەبینرێن.
***
بزاوتە ئیکۆلۆژیی و فێمێنیستییەکان تەنیا لەمیانەی تازەگەرییەوە دەتوانن مۆدێرنیتە بوەستێنن کە بە ڕەھەند و ئاستێکی بڵند و زەبەلاح گەیشتووە. چوارسەد ساڵی ھەژموونگەرایی سەرمایەداریی بەپێی پێویست ئەم ڕاستییەی ڕوون کردووەتەوە.
بۆ تێگەیشتنی ئەو ڕاستییەی کە ھەرەسھێنانی ڕیال سۆسیالیزم سەرچاوەکەی بۆ پێشنەخستنی مۆدێرنیتەی ئەڵتەرناتیف دەگەڕێتەوە، پێویست ناکات زانایەکی گەورەی سۆسیۆلۆژیی بیت. بە دڵنیاییەوە دەتوانین مەزندە بکەین کە ئەگەر ڕیال سۆسیالیزم چارەسەری بۆ ئیندوستریالیزم دۆزیبایەوە، ئەوا دەیتوانی باڵابوونی خۆی بپارێزێت. گرووپە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆن (یۆتۆپیاگەراکان، ئەنارشیستەکان، بزووتنەکانی ڕزگاریی نیشتیمانیی، بزاوتە ئیکۆلۆژیی و فێمێنیستییەکان) لە سەرووشیانەوە ئەوانەی لە سەر ڕێبازی ڕیال سۆسیالیزم بوون، بەلانی کەم ئەگەر لەپێناو سەرکەوتنی ئەو شەڕەی ھەژموونگەرایی سەرمایەداریی بەدوایەوە بوو و ھەموو شتێکی تەرخانک ردبوو بۆ ئەوەی مۆرکی خۆی لێ بدات، لەپێناو تێکۆشانی تازەگەریی خۆیان لەبواری تیۆریی و پراکتیکی چوارچێوە و ئاڕاستەیەکی بنەڕەتییان جێگیر کردبا، بەھەرحاڵ ڕووخسار و دیمەنی مۆدێرنیتەی ئەمڕۆی جیھان زۆر جیاوازتر دەبوو.
***
مۆدێرنیتەی دیموکراتیی لەمیانەی ئەو پەیڕەوانەی بۆ فرەلایەنیی، گریمانەیی و ئەڵتەرناتیفەکان کراوەن و کۆمەڵگەی دیموکراتیی دێننە ئاراوە، وەڵامی کۆمەڵگەی مێگەل و جەماوەر و، مرۆڤی چوونییەک (ھۆمۆژەن) دەداتەوە، کە دەوڵەت ـ نەتەوەی مۆدێرن لەڕێگای ئەو ھێڵەی خوازیارێتیی و لە میانەی پەیڕەوی گەردوونیی، بەرەوپێشچوونی ڕاستەھێڵیی و ڕەھاخواز (چەمکی ئەو پەیڕەوەی بەرانبەر ئەگەر و ئەڵتەرناتیفەکان داخراون) نەخشیان کردووە و ھەوڵی بەدیھێنانی دەدات. ئەڵتەرناتیفی خۆی لە ڕێی بنیادێکی ئابوورییەوە پێش دەخات، کە بۆ قەوارەی سیاسیی ھەمەجۆر کراوەیە، فرەکەلتوورییە، بەرانبەر پاوانخوازیی داخراوە، وەڵامی پێویستییە سەرەکییەکانی ئیکۆلۆژیی، فێمێنیستیی و کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان دەداتەوە و پشت بە ڕەفتاری جڤاک دەبەستێت. ئەڵتەرناتیفی سیاسیی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی بەرانبەر بە دەوڵەت ـ نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتییە.
***
بێگومان ھەڵوەشانەوەی سۆسیالیزمی بنیادنراو، پێشکەوتنی بزووتنەوە فێمێنیستیی و ئیکۆلۆژییەکان و گەورەبوونی کۆمەڵگەی مەدەنیی لەمڕۆدا کاریگەرییەکی ئەرێنیی کردووەتە سەر ئەنارشیستەکان، بەڵام ھێندە دووبارەکردنەوەی ڕاست دەرکەوتنی دووربینییەکانیان واتایەکی ئەوتۆی نییە. ئەو پرسیارەی پێویستە وەڵامی بدەنەوە، بۆچی بە سووربوونەوە مەیلی سیستەمێکیان پیشان نەداوە، بنیادیان نەناوە؟ ئەمەش کەلێنە گەورەکەی نێوان تیۆریی و ژیانیان نیشان دەدات. ئەو ژیانە مۆدێرنەی زۆر ڕەخنەی دەکەن، ئایا خۆیان توانیویانە دەربازی بکەن؟ ڕاستتر لەم بارەیەوە چەندە دڵسۆز و بەپرەنسیپن؟ ئایا دەتوانن دەستبەرداری شێوازی ژیانی ناوەندێتیی ئەورووپا ببن و ھەنگاو بۆ مۆدێرنیتەی دیموکراتیی بھاوێژن؟
***
فێمینیزم: ڕاپەڕینی کۆنترین کۆڵۆنیی
دەستەواژەی فێمینیزم لە زمانی تورکیی بە واتای بزووتنەوەی کادنجیلیک (ژنگەرایی) دێت، لە پێناسەکردنێکی تەواوەتیی کێشەی ژن دوورە، لەبەر ئەوەی بەرانبەرەکەشی وەک پیاوگەرایی وێنا دەکرێت دەشێت زیاتر بەرەو نەزۆکیی ببات. واتایەکی بەمجۆرە پیشان دەدات، وەک بڵێی ژنە چەوسێنراوەکەی پیاوی باڵادەستە. کەچی ڕاستینەی ژن زۆر بەرفراوانترە. لەولاتری ڕەگەزەوە واتا و ڕەھەندی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و سیاسی لەخۆ دەگرێت. ئەگەر زاراوەی کۆڵۆنیی لە چوارچێوەی وڵات و نەتەوەکان دەر بهێنین و لە سەر گرووپە مرۆڤییەکانی پێڕەو بکەین، ڕاستییەکەی ھیچ دیاردەیەکی کۆمەڵگە لە بواری جەستەیی و ڕۆحییەوە بەقەدەر ژن داگیرکاریی نەبینیوە. پێویستە دەرک بەم خاڵە بکرێت، ژن لە پێگە و ستاتۆی کۆڵۆنیەکدایە و بە ئاسانیی سنوورەکانی دیاریی ناکرێت.
ھەروەک لە تەواوی زانستەکانی تریشدا جێی باسە، زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش کە پیاوێتیی مۆرکی خۆی لێ داوە، ئەو دێڕانەی لە چوارچێوەی ئەم گوتانەی باسی ژن دەکات، بەو ھەڵوێستە حەماسیی و پروپاگەندەییانەوە باس کراوە و ھەرگیز نزیکی ڕاستی نەبووەتەوە و دەستی بۆ نەبردووە. ھەروەک چۆن ئەمجۆرە گوتانە چین، چەوسانەوە، فشار و ئەشکەنجەکانی مێژووی شارستانیان پەردەپۆش کردووە، چل ئەوەندەش ستاتۆ ڕاستەقینەکەی ژنیشی شاردووەتەوە. لەجیاتی فێمینیزم دەشێت زاراوەی ژنۆلۆژیی باشتر وەڵامی ئامانجەکە بداتەوە.
لەژێر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانەدا بێگومان بزووتنەوەی فێمێنیستی ناچارە ببێتە ڕادیکاڵترین بزاوتی ڕکابەری دژەسیستەم. بزووتنەوەی ژنان بەم دۆخە مۆدێرنەی دەتوانین ڕیشەکەی بۆ شۆڕشی فەڕەنسا بگەڕێنینەوە، دوای چەند قۆناغێک توانیویەتی بە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بگات. لە یەکەمین قۆناغدا دوای یەکسانیی یاسایی کەوتن. ئەم یەکسانییە کە واتایەکی ئەوتۆی نییە وەک بڵێی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بە شێوەیەکی بەربڵاو بەدی ھاتووە، بەڵام پێویستە باش بزانرێت ناوەڕۆکەکەی پووچە. ھەروەک مافە ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان پێشکەوتنی ڕووکەشییانەی مافەکانی مرۆڤیش جێگای باسە. لەپێناو دیموکراسیی، یەکسانیی و ئازادیی ژن کە تەنیا مۆدێرنیتەی فەرمی بەندی نەکردووە، بەڵکوو سەرجەم قۆناغەکانی شارستانیی و پلەداریی لە بواری زھنیی و جەستەیی تەواوی شانەکانی بەند کردووە و لەمیانەی قووڵترین کۆیلایەتییەوە بەکاری دێنێت، خەباتێکی تیۆریی بەرفراوان، تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیی، چالاکیی ڕێکخستن و بەرنامە و گرنگترینیشیان چالاکیی بەھێز پێویستە، ئەگەر ئەمانە نەبن فێمینیزم و خەباتی ژنان لە چالاکیی ژنە لیبڕاڵەکان بەولاوە واتایەکی دیکەی نابێت کە ھەوڵی دڵنیاکردنەوەی سیستەم دەدات.
بزووتنەوەی ئازادیی، یەکسانیی و دیموکراتیی ژنان کە فێمینیزمیش لەخۆوە دەگرێت و پشت بە ژنۆلۆژیی- زانستی ژن دەبەستێت، ئاشکرایە لە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵی سەرەکیی دەبینێت. پێویستە بە ڕەخنەکردنی بزووتنەوەی ژنانی ڕابردووی نزیک سنووردار نەمێنێت، بەڵکوو دابەزێتە سەر مێژووی شارستانی و مۆدێرنیتە کە زیاتر ژنی فەوتاندووە. ئەگەر بابەتی ژن، کێشەکەی و بزووتنەوەکانی جێگەیان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا هێندە کەمە وەک بڵێی نییە، بەرپرسیاری سەرەکی ئەمە زهنییەت و بنیادی هەژموونگەرایی شارستانیی و مۆدێرنیتەیە. دەشێ لە ڕێگای هەڵوێستی حقوقیی و سیاسیی تەسکی یەکسانیی کۆمەک پێشکەش بە لیبڕالیزم بکرێت. بەڵام لەمیانەی ئەم هەڵوێستانە نەک هەر تەنیا کێشەکە چارەسەر نابێت، تەنانەت وەک دیاردەش شیکار ناکرێت. بانگەشەیەکی لەو جۆرە کە بزووتنەوە فێمێنیستییەکانی لە ئارادان دابڕاو لە لیبڕالیزم، بوونەتە هێزێکی ڕکابەری سیستەم، خۆخەڵەتاندنە. وەک بانگەشە دەکرێت ئەگەر یەکێک لەکێشە سەرەکییەکانی فێمینیزم ڕادیکاڵیزم بێت، ئەوکاتە پێویستە بە شێوەیەکی ڕیشەیی پەیوەستبوونی خۆی بەخوو و ئاڵوودەبوونەکانی لیبڕالیزم، شێوازی هزر و هەستیان و ژیانیان بپچڕێنن، هەروەها دوژمنی ژن شیکار بکەن، واتە شارستانیی و مۆدێرنیتە شیکار بکەن کە لە پشت لیبڕالیزمەوەن. پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە ڕێگا واتادارەکانی چارەسەر بگرنە بەر.
لە پێھەڵگرتنی سۆسیالیستە تۆباوییەکانەوە تا سۆسیالیستە زانستییەکان، لە ئەنارشیستەکانەوە تا قوتابخانەی فرانکفۆرت، لە قەڵەمبازی فەلسەفەی فەڕەنسیی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە تا شۆڕشی کەلتووریی لاوانی ١٩٦٨، ھەرە دواییش قەڵەمبازی پۆست مۆدێرنیست، فێمێنیست و ئیکۆلۆژییەکانی دوای ١٩٩٠ میراتێکی دەوڵەمەندی زانست و ڕۆشنبیریی ھەیە. مۆدێرنیتەی دیموکراتیی ناچارە لەسەر بنەمای ھەرسکردنی تایبەتمەندێتییە ئەرێنییەکانی شۆڕش و بریسکە ڕۆشنبیرییەکانی سەردەمی شارستانیی و قەڵەمبازە ڕۆشنبرییەکانی دژەشارستانیی، شۆڕشی زانست و ڕۆشنبیریی خۆی ئەنجام بدات.
***
بەرگرینامەی ( کتێب)ـی مانیفستۆی شارستانێتیی دیموکراتیی
بەرگی چوارەم- قەیرانی شارستانیی لە خۆرهەڵاتی ناویین و چارەسەری شارستانیی دیموکراتیی
هەرگیز ئەو ڕەخنە و کردارانە کەم و بچووک نابینم کە لە مێژووی ئەم دووسەد ساڵەی دواییدا سەبارەت بە کەلتووری ماددیی و مەعنەویی شارستانییەتی ناوەندیی پێنجهەزار ساڵە خراونهته ڕوو. کە هەر جۆرە بەرخودانێکی کەلتووریی، ئەنارشیزم و سۆسیالیزمیش دەکەوێتە ناو ئەم چوارچێوەیەوە. هەروەها ڕەوتە فێمینیستی و ئیکۆلۆژییەکانی قۆناغی دواییش کرانەوەیەکی جێی باسن؛ بەڵام ئەو ڕژێمەی تاڵان کە لەمیانەی قەواڵەوە بەدی دێت، بە جۆرێک سەرجەم ڕووەک، ئاژەڵ، مرۆڤ و ئاتمۆسفێریشی خستووهتە ژێر مەترسییەوە کە لە هیچ قۆناغێکی مێژوودا نەبینراوە، ئەگەر ئەمڕۆ بهبێ سڵەمینەوە و بەخۆباوەڕ وەک دێوەزمەیەک حوکمڕانیی بە سەر ژیانەوە دەکات، ئەم دۆخە دەیسەلمێنێت کە کەموکوڕیی و هەڵەی جدیی لە بەرەی بەرانبەر لە ئارادایە. چونکە لە هیچ قۆناغێکی مێژوودا مرۆڤایەتیی وەک ئەم قۆناغە بۆ ستەم و چەوسانەوەیەکی وەها ئامادە نەکراوە.
***
ئەو ڕەخنانەی لە لایەن فێمینیست و ئیکۆلۆژیکەکان، لە سەرووشیانەوە لەلایەن ئەنارشیستەکانەوە سەبارەت بەو سیستەمە (کە وەک مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی پێناسە دەکرێت)، دەخرێته ڕوو، گرنگ و بایەخدارن؛ بەڵام پێویستە دەرک بەو ڕاستییەش بکرێت، هێشتا ئەو ڕەخنانە چینی ناویینی شارنشینیی تێ نهپەڕاندووە وا لە قەیران و تەنگژەدان.
هەرگیز کۆمەڵگهیەک بە باڵا و پێشکەوتوو دانانرێت (سەرباری ئەو پڕوپاگەندە و ڕیکلامەی بۆی دەکرێ) کە بە ئەندازەی شارستانییەتی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ژینگە وێران و ژن سەرکوت بکات. ئەگەر باسی تەندرووستیی و باڵابوونی کۆمەڵگهیەک بکرێت، ئەوا پێویستە و زەرورەتە کە پێوەرەکانی ژینگەدۆستیی و فێمێنیستیی (کە بە واتای بۆرژوازیی نایەت)، بە بنەما بگیرێت. ڕاستییەکەی لەم لایەنەوە کۆمەڵگهکانی ئەمڕۆ کۆمەڵگهی نەخۆشن.
***
میتۆدە پۆزهتیڤستییەکان وەک چۆن زادەی دیاردەی فاشیزمن، لەولاتری قەیران و تەنگژە دەرەنجامێکیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا کە بە ئاستی ژینۆسایدی کۆمەڵایەتیی (کۆمەڵگهکان) گەیشت. دەکرێ بگوترێت لە ئاکامی ئەو شۆڕشە فەلسەفیی و زانستییانەی دوای دووەمین جەنگی جیهانی هاتنە ئاراوە، گفتوگۆی قووڵتر لەبارەی بابەتی سرووشتی کۆمەڵگه پەرەی سەند. پەیڤەکانی ئیکۆلۆژیی، فێمینیزم، کەلتوور و دیموکراسیی سرووشتی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگه ڕۆشنتر دەکهنەوە و بە شێوەیەکی ڕاست دەرفەتەکانی چارەسەر دەستنیشان دەکهن و چانسەکەی زیاتر دەکهن.
***
هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی یەهوودییەت وەک گشتێکی هەمەگیر و هۆمۆژین چەوتە و ناتەواو دەبێت. لە کاتێکدا هێزە ناوەندییەکانی یەهوودیی بە گشتیی لەمیانەی ناکۆکیی و پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ سیستەمی شارستانیەتدا دەژیان، بەڵام هێزە دیموکرات و سۆسیالیست کۆمۆنیستەکانی بەرهەڵستکارانی ناوخۆ هەوڵەکانیان بەردەوام لەپێناو بنیادە دژەشارستانیگەراکانی ژیاری دیموکراتیی و سۆسیالیستییەوە بوو. پێویستە ئەو مەیلە بە کەم نەزانرێت کە بە درێژایی مێژووی یەهوودیی لە ئارادا بووە، چونکە لە سەرجەم بزووتنەوە ڕکابەرەکانی دیموکراتیی ڕادیکاڵ، سۆسیالست، ئەنارشیست، فێمینیست، ئیکۆلۆژیی و بەرهەڵستکارەکانی دیکەی دەرەوەی سیستەمدا ڕۆڵی گرنگیان بینیوە. بەو ڕادەی یەهوودییە ڕاستڕەو و ناوەندگەراکان، پارەگەران و لایەنگری شارستانییەتی دەوڵەتیی و بازرگانین، ئەوا توێژە چەپڕەو و ڕەنجدەرەکانیشیان بەو ئەندازەیە لایەنگری ئایدیۆلۆژیای کۆمیناڵ، ئازاد و دیموکراتیی و بنیادەکانیان بوون.
***
ئەنارشیستەکان کاتێک ڕەخنە ئاڕاستەی کۆڵەکە سێیینەکەی مۆدێرنیتە (دەوڵەت-نەتەوە، سەرمایەداریی، پیشەسازگەرایی) دەکەن، تەنانەت نەیانویستووە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بیر لە سیستەمێکی دیموکراتی بکەنەوە، بەڵکوو تاکی ئەنارشیستیان بەرانبەر بە کۆمەڵگهی دیموکراتی هەڵبژاردووە. ددانپێدانانیان و گەڕاندنەوەی بنکەوتنیان بۆ ئەو واقیعە لەگەڵ پێگە چینایەتییەکەیان ناگونجێت. چونکە ناشێت بە جۆرێکی دیکە لایەنی دژەکۆمەڵگهیی وردەبۆرژوازیی شار ڕوون بکرێتەوە. هەروەها سۆسیال دیموکراتەکانیش جگە لەو بڕوایەی کە دەیانەوێ لەمیانەی ڕیفۆرمەوە مۆدێرنیتە ڕاست بکەنەوە، تاکە هەنگاوێکی دیکە نانێن. ئیکۆلیژیستەکانیش هێندە ڕووکەشین، نازانن سەرجەم بەڵگە و پوختەی گفتوگۆکانی سەبارەت بە ژینگەیان لە مۆدێرنیتە وەرگرتووە. کاتێک سەرنجییان دەخەنە سەر ئیندوستریالیزم، سەرمایەداریی و دەوڵەت–نەتەوە لە بیر دەکەن. هەروەها فێمێنیستەکانیش لە کاتێکدا ڕەخنە له سیستەمی باوکسالاریی دەگرن، بەڵام بە هەمان ڕوونیی و ڕاشکاوانە ئەو وێرانکارییانە ڕەخنە ناکەن کە مۆدێرنیتە ژنی دووچار کردووە. تەنانەت کاتێک ڕەخنەشی لێ دهگرن، لە ئافراندنی ڕەوت، بزووتنەوە و سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤی ژن و کۆمەڵگهدا، لە جۆرێک بێچارەییدا دەژین. بزووتنەوە کەلتووریی و ئایینییە ڕادیکاڵەکانیش هێشتا وەک بزاوت و ڕەوتی بەرهەڵستکاری مۆدێرنیتە لاوازن. ئەوەی لەپێناویدا هەوڵ دەدەن، سازشکارییەکی ئاستی باڵایە.
***
وەک چۆن دژەسەرمایەداریی به واتای دژەمۆدێرنیزم نایەت، ئەوا بەبێ دژەمۆدێرنیتەبوونیش دژەسەرمایەدارییەکی جێگیر و بەپرەنسیپ بهدی نایهت. سەرەکیترین بەهەڵەداچوونی ڕەوت و بزووتنەوە ئیکۆلۆژیی، فێمینستیی، کەلتووریی و ئایینییە ڕادیکاڵەکان ئهوهیە؛ كه لەو بڕوایەدابووون بەبێ ئامانجگرتنی بنیادی هەمەگیریی مۆدێرنیتە سەرکەوتن بە دەست دێنن.
لە کاتێکدا کەلتووری خۆرهەڵاتی ناویین خۆی نۆژەن دەكاتەوە، پێویستە بزانێت کە ڕێگهی خۆنوێکردنەوە بە شۆڕشی هەقیقەتدا تێدهپەڕێت. شۆڕشی هەقیقەتیش شۆڕشی زهنییەت و شێوازی ژیانە؛ شۆڕشی ڕزگاربوونە لە هەژموونگەرایی ئایدیۆلۆژیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و شێوازی ژیانەکەی. هەروەها پێویستە بەو شۆڤینستە نەژادگەرا و ئایینگەرا ساختەکارانە فریو نەخۆن کە خۆیان لە نەریت پێچاوە. چونکە ئەوان شەڕ لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ناکەن، بەڵکوو بەرانبەر بە ڕۆڵی سەگی پاسەوانی سیستهم، تۆزێک پشک دەخوازن. بۆیە ئەوان هەرگیز بیر لە تێکۆشان لە پێناو هەقیقەت ناکەنەوە، چونکە بەرانبەر بە مۆدێرنیتە تەنها لە بواریی ڕۆحییدا ژێر نەکەوتوون، بەڵکوو ماستاوساردکەرەوەشن. ئەگەر بزووتنەوە چەپڕەوه کۆنهكان، فێمنیست، ئیکۆلۆژیی و کەلتوورییەکان دەیانەوێ ببن بە دژەمۆدێرنستێکی بەپرەنسیپ، ئەوا پێویستە بزانن تێکۆشان و جەنگی هەقیقەت لە چوارچێوەیەکی گشتگیر و شێوازی ژیانی خۆیاندا بە ڕێوە ببەن.
***
فێمینیزم بزاوتێکی گرنگی کۆمەڵی مەدەنییە، لە بنەڕەتدا ڕەوتێکی ئایدیۆلۆژییە، هەر بۆیە ناچارە پشت بە زەمینەیەکی زانستیی ببەستێت؛ بەڵام ڕەوتە فێمینیستەکان لە شیکردنەوەی کۆمەڵگهی ڕەگەزگەرایی پیاوسالاریی زاڵ بەسەر ژندا سەرکەوتوو نەبووە کە هێزی هیرارکیی و دەسەڵات و دەوڵەتی خستووهتە پشت خۆیەوە و لە خستنهڕووی مۆدێلەکانی چارەسەر و بەرجەستەکردنی ئەو هەوڵانەیان لە ژیاندا، دووچاری لاوازیی و شکانی بەردەوام هاتوون. ئەگەر کەسایەتیی نائاسایی لە ئارادا نەبێت، ئەستەمە ڕۆحی تێکۆشانی ژنی ئازاد سەرکەوتن بە دەست بێنێ. تەنانەت هێرشە ڕۆژانەیی و بەرفراوانەکانی کۆمەڵگهی ڕەگەزگەرا (نێرتەوەریی) ئەو سەرکەوتنە سنووردارەش ئاسیمیلە دەکهن وا بە دەست هاتووە. لەم سۆنگەوە، ئاواکردنی کۆمۆنە ئایدیۆلۆژیی، سیاسیی و ئابوورییەکانی تەوەرەی ئازادیی ژن و کردارەکەی، بنەڕەتی و چارەنوسسازە.
***
هەرگیز ئەو ڕەخنە و کردارانە کەم و بچووک نابینم کە لە مێژووی ئەم دووسەدساڵەی دواییدا سەبارەت بە کەلتووری ماددیی و مەعنەویی شارستانییەتی ناوەندیی پێنجهەزار ساڵە خراونهته ڕوو. کە هەر جۆرە بەرخودانێکی کەلتووریی، ئەنارشیزم و سۆسیالیزمیش دەکەوێتە نێو ئەم چوارچێوەیەوە. هەروەها ڕەوتە فێمینیستیی و ئیکۆلۆژییەکانی قۆناغی دواییش کرانەوەیەکی شایانی باسکردنن؛ بەڵام ئەو ڕژێمەی تاڵان وا لەمیانەی قەواڵەوە بەدی دێت، بە جۆرێک سەرجەم ڕووەک، ئاژەڵ، مرۆڤ و ئاتمۆسفێریشی خستووهتە ژێر مەترسییەوە، کە لە هیچ قۆناغێکی مێژوودا نەبینراوە، ئەگەر ئەمڕۆ بهبێ سڵەمینەوە و بە خۆباوەڕ وەک دێوەزمەیەک حوکمڕانیی بە سەر ژیانەوە دەکات، ئەم دۆخە دەیسەلمێنێت کە کەموکوڕی و هەڵەی جدیی لە بەرەی بەرانبەر لە ئارادایە. چونکە لە هیچ قۆناغێکی مێژوودا مرۆڤایەتیی وەک ئەم قۆناغە بۆ ستەم و چەوسانەوەیەکی وەها ئامادە نەکراوە.
ئەو ڕەخنانەی لەلایەن فێمینیست و ئیکۆلۆژیستەکانەوە، زیاتر لەلایەن ئەنارشیستەکانەوە سەبارەت بەو سیستەمە (کە وەک مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی پێناسە دەکرێت)، دەخرێته ڕوو، گرنگ و بایەخدارن؛ بەڵام پێویستە دەرک بەو ڕاستییەش بکرێت، هێشتا ئەو ڕەخنانە چینی ناوینی شارنشینی تێ نهپەڕاندووە کە لە قەیران و تەنگژەدان.
***
بەرگرینامە (کتێب)ـی مانیفستۆى شارستانێتى دیموکراتیک
بەرگی پێنجهم– کێشهى کورد و ڕێگهچارهى نهتهوهى دیموکرات– لهناو بهرداشى ژینۆسایدى کەلتوورییدا بهرگریکردن له کوردان
ئەو تەنگژەیهی سیستەم لە بواری کەلتوورییەوە تووشی هاتبوو، نەدەبوو لە بواری ئایدیۆلۆژیشدا ڕەنگ نەداتەوە. شۆڕشی ساڵی ١٩٦٨ لە بنەڕەتدا وەک شۆڕشێکی ئایدیۆلۆژیی لە بواری کەلتووری مەعنەوییدا تەقییەوە. بەرانبەر بە کەلتووری مۆدێرن و سەرجەم دەرهاویشتە لیبراڵ، ڕاستڕەو و چەپڕەوەکانی سەری هەڵدابوو. لەو لایەنەوە شۆڕشێکی گرنگ بوو. شۆڕشێکی ئایدیۆلۆژیی بوو کە بە لانی کەمەوە هێندەی هەردوو شۆڕشە سیاسییەکانی فەڕەنسا و ڕووسیا ڕۆڵی بینی. لەو کاتەوە کە هەژموونگەرایی ئایدیۆلۆژیی مۆدێرنیتە جێگیر کراوە، یەکەم جار بوو دووچاری شکست بێت. بەمجۆرە چەندین پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی، کەلتووریی، جێندەریی، ئەتنیکیی، ئایینیی و خۆجێیی کە سەدان ساڵ بوو لەژێر ناوی کۆمەڵگەی هۆمۆژیندا بەند کرابوون و دووچاری توانەوە و کۆمەڵکوژی هاتبوون، ئیتر دەستی بە شەڕ و تێکۆشانی ناسنامە کرد. هەروەها پێشەنگایەتیی لاوان بۆ ئەو تێکۆشانە مانای تایبەتی خۆی هەبوو. چونکە لاوان ئەو توێژە بوون کە کەمترین کاریگەریی مۆدێرنیتەیان لە سەر بوو. شۆڕشی ئایدیۆلۆژیی تەنیا دژی لیبراڵیزمی سەرمایەداریی بەرپا نهبوو، بەڵکوو هێندەی دەوڵەت–نەتەوەی لیبراڵ، پردەکان لەگەڵ دەوڵەت–نەتەوەی سۆسیالیستی بنیادنراویشدا بە لاوە نرابوون. بۆ یەکەمین جار بوو ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژییانەی ئیندوستریالیزم لەمیانهی باسی تیۆریی بەهێزەوە دەخرایە ڕوو. فێمینیزمیش بە لانی کەمەوە هێندەی تیۆرییە چینایەتییهكان بە بەڵگەی تیۆریی گرنگ گەیشتبوو. ناسنامە کەلتوورییە خۆجێییەکانیش سەلماندبوویان کە هێندەی ناسنامە مۆدێرنەکان بەهادار و بنەڕەتیین. بەمجۆرە ئیتر ئاشکرا ببوو کە تیۆریی نەتەوەپەرەستیی مۆدێرن جگە لە ئامڕاز و پاساوێک بۆ ڕەواکردنی ئەتنیکی زاڵ و دەسەڵاتدار، هیچی تر نییە. ئیتر ئەوەش ئاشکرا دەبوو کە هزر و پراکتیکی ڕزگاریی نەتەوەیی مۆدێرن، كه بەرچاوترین ئایدیۆلۆژیای شۆڕشگێڕیی ئەو قۆناغە بوو، وەک مەزەندە دەکرێ، دژهسەرمایەدار و ئازادییخواز نییە. هەروەها گفتوگۆیەکی گەرمیش لەو بارەیەوە لە ئارادا بوو کە سۆسیالیزمی بنیادنراو مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی تێ نهپهڕاندووە، بەڵکوو بووە بە سیستەمێک و بەهێزی دەکات. دیموکراسیخوازیی سۆسیال دیموکراتەکانیش لە مێژ بوو ببوو بەو گەڵایەی کێماسیی و نەنگییەکانی سەرمایەداریی دەشاردەوە.
***
مۆدێرنیتەی ئەڵتەرناتیڤ لە پێناو گەلان مۆدێرنیتەی دیموکراتییە کە لە بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا لە تێکۆشانی بەردەوامدا بووە و لە یەکێتیی بزووتنەوەکانی نەتەوەی دیموکراتیی، سۆسیالیستیی، ئیکۆلۆژ، فێمینیست و کەلتوورییەکان پێک دێت.
هەروەها پێویستە داکۆکیی لە ڕەخنەی بزووتنەوە فێمینستیی و ئیکۆلۆژیەکانیش دەرهەق بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بکرێت. هەڵبەتە بەو سیفەتەی زانستی ئەو ژینگەیە کە ئیندوستریالیزم کردوویەتی بە قوربانیی، ئیکۆلۆژیاش دژهسەرمایەدارییە، یەکێک لە سەرچاوە بنەڕەتیەکانی دیکەی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە. ڕابوونی فێمینستیی، وێڕای سەرجەم کەموکوڕییەکانی، بەڵام بە ڕادەی کۆمەکەکەی بۆ هەقیقەتی ژن، بەهادارە. خودی مۆدێرنیتەی دیموکراتیش، بە تایبەت لەمیانەی شیکردنەوەی هەقیقەتی ژن خۆی دەکات بە هەقیقەت. لە پاڵ ئەوەشدا، بە جۆرێک نزیک دەبێتەوە تا ڕەخنەکانی بزووتنەوەی فێمینستی بکات بە بەشێکی گرنگی خۆی. هەروەها ژنی ئازادییخوازیش وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی ژیان تەڤلی سیستەمەکەی دەکات.
***
لەمیانەی گفتوگۆ و شەڕەکانی مۆدێرنیتەوە پێشبینیی چارەنووسی مۆدێرنیتە لە کەلتووری خۆرهەڵاتی ناوییندا ئاسان دەبێت. چونکە سەرجەم هەوڵە شیکارییەکانمان پیشانی دەدهن کە ئەو چارەنووسە لە خۆیەوە دەستنیشان ناکرێت. به تەنها لەمیانهی پڕۆژە و پلانەکانی مۆدێرنیتەیەکی ئەڵتەرناتیڤی بەهێزتر سەبارەت بە هەقیقەت، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی تێ دهپهڕێنرێت. ئەوەش شانبەشانی ڕەخنەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی سەبارەت بە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، بە یەکانگیرکردنی ڕەخنەکانی سۆسیالیزمی بنیادنراو، کەلتووری نەریتیی، بزووتنەوە فێمینستیی و ئیکۆلۆژییەکانی سەبارەت بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی –بەڵام توانای تێپهڕاندنیان نەبوو– بەم جۆرە، دەتوانین هێزی چارەسەری فاکتەرە سەرەکییەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتی بخەینە ڕوو. ئهگهر سەرجەم ئەم باسانە لەسەر قەیرانی کۆمەڵایەتی خۆرهەڵاتی ناویین جێبەجێ بکەین، ئەوا دەتوانین ئەگەرەکانی چارەسەر پێشبینیی بکەین.
لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، هاوشێوهی تەواوی جیهان، لە خۆرهەڵاتی ناویینیش داخوران و لاوازبوونی قۆرغکارییەکانی زهنییەت دەستیان پێ کرد. چونکە شۆڕشی کەلتووریی ساڵی ١٩٦٨ قۆرغکاریی خۆرهەڵاتناسیی کون کرد. ئەو سەردەمە ساڵانێک بوو کە ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم و زانستگەرایی پۆزهتیڤیست باڵابوونی خۆیان له دهست دهدا. هەرچی هەڵوەشانەوەی خێرای سۆسیالیزمی بنیادنراو بوو لە ١٩٩٠ـهکاندا زیاتر باڵادەستیی هزری لیبراڵیزمی پۆزهتیڤیستی هەژاند. بە تایبەتیش زانستگەرایی کۆمەڵایەتیی تووشی برینێکی قووڵ بوو. هەروەها قۆرغکاریی زهنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دووچاری یەکەمین شڵەژانی ڕژد بوو. چەندین ڕەوت بە ناوی پۆستمۆدێرنهوه سەریان هەڵدا. قوتابخانەکانی هزری فێمینیزم، ئیکۆلۆژیی، کەلتووریی و چەپڕەویی نوێ دەرکەوتن. قەیرانی بنیادیی سەرمایەداریی له ١٩٧٠ـکاندا قووڵ ببووەوە، لەگەڵ قەیرانی زهنیی ڕیشەدارتر بوو و تا دههات قووڵتر دەبوویەوە. ئیتر قۆرغکاریی هزری کۆن بە جۆرێک ڕووخا کە جارێکی دیکە ئاوا نەکرێتەوە.
لە پەیامیدا بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی:
سیمۆن دی بۆڤوار دەڵێت: ”مرۆڤ وەک ژن لەدایک نابێت، دەکرێت بە ژن.” پێویستە ناسنامەی بنیادنراوی ژن لە توخمەکانی ڕەگەزگەرایی-سێکسیزم پاک بکرێتەوە. ژنان دەبێت لەسەر ئەوە قاڵ ببنەوە. وەک ڤیرجینیا وۆڵف دەڵێت: ”ژن دەبێت ژوورێکی تایبەت بە خۆی هەبێت”. دەبێت ژن بیر لە خۆی بکاتەوە و بتوانێت خۆی بنیاد بنێتەوە. بە زانینی ئەوەی کە ژنبوون چەندە سەختە، ئەمە دەڵێم. لە کاتێکدا پیاو لە ژێر کەلتووری بەردەوامی دەستدرێژییدا دەژی، خۆبونیادنانەوەی ئازادانە بۆ ژن سەختە. بەڵام نازانم ئایا ژنان ئەم ڕاستییە سووتێنەرە وەک من بە ئازار و تووڕەییەوە هەست پێ دەکەن یان نا. من بەم تووڕەییەوە هەموو ڕۆژێک خۆم لە ڕووی بیرکردنەوەوە نوێ دەکەمەوە، چارەسەر دەخەمە ڕوو، ئەمەش بۆ ئەوەی ژن بتوانێت ئازادانە بژێت، دەژیم. واتای ژیان لە لای من بەم شێوەیە ڕاستیی دەبینێتەوە.



