پرسی ژن

جەنگ وەک چارەنووسی مرۆڤ

شارا تاهیر

داگرتنی فایلی PDF

 

”سیستمی سەرمایەداریی لە ئەورووپا خۆی لە خۆیدا مێژووی نەتەوەبوونی قەومەکان و هاتنەئارای دەوڵەت-نەتەوەیە.”

عەبدوڵڵا ئۆجالان

لە دەستپێکی سیمینارێکی تریدا کە لە بەرواری چواری شوباتی ساڵی (١٩٧٦) ڕێک خراوە، فۆکۆ وەڵامی پرسیارێکی دیاریکراو دەداتەوە و دیارە پاش سیمیناری یەکەمی ئاڕاستەی کراوە، تا ڕادەیەکیش پرسیارەکە ڕەخنەئامێزە، ئەویش چۆن فۆکۆ مێژووی ڕاسیزم دەباتەوە بۆ سەدەی شانزە و حەڤدە، هەر لەوێشدا دەیبەستێتەوە بە پرسی دەوڵەت و سەروەرییەوە؟ لە کاتێکدا ئاشکرایە مێژووی ڕاسیزمی ئایینیی و بە تایبەت ڕاسیزمی دژەسێمیتیزم، درێژترە و بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش،  فۆکۆ بە وردیی باسی ئەوە دەکات ئەو بە هیچ چەشنێک هەوڵی دیاریکردنی مێژووی ڕاسیزمی بۆ سەردەمێکی دیاریکراو نەداوە، بەڵکووو قسەکانی زیاتر ڕوونکردنەوەی هەندێ ڕەهەندی ڕەخنەیی، مێژوویی و ڕاڤە سیاسییەکانی  چەمکی دەوڵەتە  لە خۆرائاوا: دەوڵەت وەک دامەزراوە و میکانیزمەکانی هێز. بە ڕای فۆکۆ خودی ئەم ڕاڤە و شیکارانە سرووشتێکی دیالێکتکییان هەیە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ناویاندا بە شێوەیەکی هەرەمیی و هیرارکیی درووست نەبوون، وەک چۆن ئەمانە بۆ خۆیان زادەی بونیادێکی یەکانگیر و تۆکمە نین. بەڵکووو خودی پەیوەندییەکان لە سەر بنەمای دوو گروپ دروست بوون، گەر بە وردیی لێیان بکۆڵینەوە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت لەگەڵ یەکتر جیاواز نین، لێ هاوکات لە ناو ئەم گرووپانەدا ناکۆکیی و گرفتی تەواو بەرچاو  هەن. ئەوەی لە شیکارییەکەی فۆکۆدا گرنگە، ئەوەیە خودی ئەو سرووشتە گرفتئامێزەی لە نێوان دوو گروپەکەدا وا لە گۆڕێ، هەر ئەوەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و خودی دروستبوونی دەوڵەتیش، ڕاستییەکەی ئەمە خۆی جەنگە گەورە و ڕاستەقینەکەیە، ئەو جەنگەی بەشێکە لە جەنگە بەردەوامەکە.

 فۆکۆ سەبارەت بە دەوڵەت دەڵێت: (دەوڵەت هیچ نییە جگە لە جەنگی  نێوان دوو گرووپەکە، ئەو جەنگەی تەنانەت لە کاتی سەقامگیریی و ئاساییشدا بە شیوەیەکی ئاشتیی بەردەوامە…) پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا بۆ ئێمە و فۆکۆیش دەبێت هەر ئەوە بێت کە چۆن چەمکی دەوڵەت بە شۆڕش و هیوا و ئاواتەکانی شۆڕشەوە گرێ بدەین، واتە سیاسەتی شۆڕش و یاخیبوون[1]؟  یاخیبوون وەک دیوەکەی تری شەڕە ئەزەلیەکەی مرۆڤ دژی چەوسانەوە و ستەمکاریی. چونکە بە ڕای فۆکۆ هەر کات باسی پەیوەندیی هێز و دەسەڵات دەکەین، ئەوا بمانەوێت یان نا، دەچینەوە سەر پرسی ماف، سەرەوەریی، بۆ ئەوەی قسەش لە سەر ئەمانە بکەین، پێویستە باسی ستەمکاریی و چەوسانەوە بکەین.

 

فۆکۆ باسی تێزەکانی هۆبز لەمەڕ هێز و جەنگ دەکات.

بەو واتایەی هۆبز زۆر ڕادیکاڵانە قسە لە سەر جەنگی درێژخایەن و  بەردەوامی پیاو لەگەڵ پیاو دەکات. ئەو جەنگەی دەبێتە هۆی لەدایکبوونی دەوڵەت لە سپێدەی ڕۆژێکدا، ئەو ڕۆژە خۆی هەم هەقیقەتە و هەم خەیاڵ، بەرەبەیانی ئەو ڕۆژەیە وا لێڤیتیانەکەی هۆبزی تێدا لەدایک دەبێت. لێ بە ڕای هۆبز ئەو کاتەیش وا دەوڵەت دێتە ئارا، ئاسایش بەرقەرارە، بەڵام هەمیشە هەڕەشە و کەڵکەڵەی جەنگێک لە سنوورەکانیدا هەیە. فۆکۆ ئاماژە بە نموونەکانی هۆبز سەبارەت بە بەردەوامیی جەنگ دەکات، کە ئەمانەن:

یەکەم:  تەنانەت لە دەوڵەتی شارستانییدا، کاتێک پیاوێک دەڕوات بۆ سەفەر، ئەوا دەرگاکانی کڵۆم دەدات و باش دایدەخات، چونکە باش دەزانێت دزەکان لە جەنگێکی هەمیشەیدان لەگەڵ ئەوانەی دزییان لێ دەکەن.

دووەم: لە جەنگەڵەکانی ئەمریکا تا ئێستایش کۆمەڵە خەڵک و گرووپێک هەن دژی یەکتری و لەگەڵ یەکتری شەڕ دەکەن.

سێیەم: ئەم نموونەیەی بەم پرسیارە دەست پێ دەکات: ئەی داخۆ پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان چییە؟

لە دەوڵەتانی ئەورووپاییش، مەگەر هەر وا نییە، کۆمەڵەپیاوێک، لوولەی تفەنگەکانیان بەرانبەر یەکتر داناوە و چاویان بڕیوەتە یەکتر.

پاش باسکردنی ئەم نموونانە، فۆکۆ دەپرسێت، ئەگەر تەنانەت لە دۆخی ئاسایش و ئاشتیشدا هەمیشە کەڵکەڵە و هەڕەشەی جەنگێک بەڕێوە بێت و بە گوێماندا بچرپێنرێت!  ئەی مەگەر ئەمە  بۆ خۆی مانای ئەوە نییە دەوڵەت لە دوای دروستبوونیشی لە ڕووی تیورییەوە هەمیشە مەحکومە بە کۆتاییهێنان و لەدەستچوون؟ هەمدیس ئەو جەنگە کامایە وا دەوڵەت دەباتەوە بۆ پێش مێژوو، دەیباتەوە بەرەو بەربەرییەت، دەیخاتەوە سەر سنوورەکانی ئەفسانە؟ ئەی خودی ئەم جەنگە چۆن ڕێ بە دروستبوونی دەوڵەت دەدات؟

بۆ ئێمەی کورد ئەم پرسیارەی سێیەم گرنگە، بە تایبەت ئێستا جەنگێکی ئاڵۆز لە ناوچەکە بەرپا بووە، هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن؛ دەرئەنجامی ئەم جەنگە هاوسەنگیی و هارمۆنیی هێز جارێکی تر لە ناوچەکەدا ڕێک دەخاتەوە. یاخود قسەوباسی ئەوەی لە سیستمی نوێی جیهانییدا کورد پشکی شێری دەبێت، چونکە خودی ڕاگواستنەکە بەرەو ئەو سیستمە نوێیە بەبێ تێپەڕبوون بە ناو کوردا وەک هێزێکی باوەڕپێکراو دانپیانراو نابێت، هەر بۆیە پرسیاری جەوهەریی ئەوەیە داخۆ ئەم جەنگە هەل و ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لەگەڵ خۆی هێناوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لەگەڵ فۆکۆ و هۆبز بەردەوام دەبین، لە هەر شوێنیكیشدا پێویستمان بە ئاپۆ بێت، ئاماژەی پێ دەدەین. چونکە بە ڕای ئاپۆ پلانی کورد پێویستە ئەوە بێت دەستی لە دەوڵەت گیر بێت، هێندە فراوان بیر بکاتەوە چۆن بتوانێت ببێتە دەوڵەت، پرسیار لە خۆی بکات کە چۆن بەدەستی بێنێت؟ دیارە لەگەڵ ئەم ئاماژەیشدا من بەئاگام لەوەی ئەم قسانەی ئاپۆ لە قۆناغی پیش ئیمڕاڵیی و ساڵی (١٩٩٦) گوتراوە، ئەودەم باوەڕی تەواوی بە دەوڵەت-نەتەوەیە وەک تاکە چارەسەر بۆ کیشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دواتر لە ئیمڕاڵیی شیکار و تێزەکانی سەبارەت بە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە دەگۆڕێت بۆ (کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک- نەتەوەی دیموکراتیک ) وەک چارەسەر و ئەڵتەرناتیڤ نەک هەر بۆ کورد بە تەنها، بەڵکووو بۆ هەموو ناوچەکە، لە بەشێکی تردا دێمەوە سەر ئەم باسە، بەڵام با لێرەدا بگەڕێینەوە سەر فۆکۆ و ڕاڤەکانی لەمەڕ هۆبز سەبارەت بە دۆخی جەنگ.

فۆکۆ لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێت؛ کەواتە با بزانین ئەو جەنگە کامەیە وا دەکەوێتە بەر لە دروستبوونی دەوڵەت و دواتریش دەبێتە بەشێک لە بنیاد و دامەزراوەکانی. ئەو جەنگە: جەنگی بەهێزەکانە دژ و بەرانبەر لاواز و بێهێزەکان، جەنگی توندوتیژەکانە بەرانبەر شەرمن و پەژموردەکان، جەنگی ئازا و بوێرەکانە بەرانبەر ترسنۆکەکان، جەنگی دەسەڵاتدارانە بەرانبەر خەڵکی بێدەسەڵات، جەنگی گورگەکانە بەرانبەر مەڕەکان. پرسیارەکە بۆ فۆکۆ ئەوەیە داخۆ ئەم جەنگە خۆی لە دەوری جیاوازیی سرووشتیی نێوان مرۆڤەکان ناخۆلێتەوە؟

فۆکۆ لە وەڵامی پرسیارەکەی خۆیدا دەڵێت؛ ئێمە دەزانین هۆبز بەم شێوەیە تەماشای جەنگی نەکردووە. بەڵکووو بە ڕای هۆبز ئەو شەڕە هەمیشەییە، کە شەڕی پیاوە لە دژی پیاو، شەڕی هەموو پیاوێک لە دژی هەموو پیاوێک زادەی جیاوازییەکانی نێوانیان نییە، بەڵکووو خودی ئەو جەنگە لە یەکسانیی نێوان پیاوەکانەوە خوڵقاوە. پیاو لە دژی پیاو ناجەنگێت لەبەر ئەوەی جیاوازیی گەورە  لە نێوانیاندا هەیە، بەڵکوو شەڕە گەورەکەیان لە سەر چوونیەکیی و یەکسانییانە لەگەڵ یەکتر، یان گەر زۆر دوور بڕۆین، لە سەر جیاوازییەکی زۆر کەمە لە نێوانیاندا.

هۆبز دەڵێت: (ڕاستییەکەی گەر جیاوازییەکی دیار و بەرچاو لە نێوان پیاواندا هەبێت، ئەوا دەستبەجێ شەڕەکە دەوستێت یان هەر لە سەرەتاوە ناکرێت). بەو مانایەی گەر جیاوازییەکی دیار و بەرچاو لە هێز و دەسەڵاتی نێوان پیاوەکاندا هەبێت، واتە گەر یەکێکیان زۆر بەهێز بێت و ئەوی تریان زۆر لاواز و نەکردە، ئەوا هەر زوو ئەوەی بەهێزە، دەزانێت دەسەڵات و هەژموونی خۆی لە کوێدایە، ئەوەی لاوازیشە سنوورەکانی بێدەسەڵاتیی و نەکردەیی خۆی دەزانێت و درکی پێ دەکات. ئەو کاتە شەڕەکە بە سەرکەوتنی بەهێزەکە بە سەر لاوازەکەدا تەواو دەبێت، بەبێ بەرپابوونی هیچ شەڕێک، چونکە ئەوەی شەڕەکە یەکلایی دەکاتەوە، خودی  ئیدراکە بە سنووری دەسەڵات و هەژموونی یەکتر. بە مانایەکی تر، نەبوونی جیاوازیی واتە ئاشتیی و ئاسایش، تا ئەو شوێنەی جیاوازیی نییە شەڕیش نییە.

 ئەی چی ڕوو دەدات ئەو کاتەی بڕێک لە  جیاوازیی هەیە یان جیاوازییەکە هێندە کەم و نەبینراوە، کە لە نەبوونی جیا ناکرێتەوە؟

وەڵامی ئەم پرسیارەیش لە ڕوونکردنەوە و ڕاڤەی تێزەکەی هۆبزدایە و بەم چەشنە دایڕشتوە:

کاتێک  پیاوێک  تۆزێک لاوازتر و بێدەسەڵاتر بێت لە پیاوێکی تر، وا خۆی دەبێنێت کە ئەویش دەتوانێت  و لە باریدایە هەمان  دەسەڵات و هێزی پیاوەکەی تری هەبێت، هەر بۆیەیش پێویستی بەوە نییە خۆی بەدەستەوە بدات، دان بە لاوازیی و بێدەسەڵاتیی خۆیدا بێنێت.  وەک چۆنیش لەملاوە پیاوە بەهێزەکە هێندە بەهێز و بە دەسەڵات نییە تا باوەڕ بە ‌هێز و هەژموونی خۆی بکات،  هێزی خۆی وەک هەقیقەتی بوونی خۆی ببینێت. هەر بۆیە  ئەم دووانە لە شەڕدا دەبن تا یەکێکیان بە سەر ئەوی تردا سەردەکەوێت. بە واتایەکی تر، نەبوونی جیاوازیی سرووشتیی دەبێتە هۆی نادڵنیایی و ناسەقامگیریی، بینینی هەڕەشەکان و نادڵنیایی، ئەمەیش بۆ خۆی واتە هەڵگیرسانی شەڕ لە هەردوولاوە. واتە هەم لە لایەنی لاوازەکە و هەمیش لە لای کەسە بەهێزەکەوە، چونکە نە بەهێزەکە هێندە بەهێزە تا هێز و هەژموونی خۆی ببێتەوە بە هەقیقەت پێش هەمووان  بۆ خۆی،  ئینجا دواتر بۆ بەرانبەرەکەی، وەکچۆنیش بێهێز و لاوازەکەیش هێندە لاواز نییە تا باوەڕ بە بێدەسەڵاتیی و لاوازیی خۆی بکات. بە ڕای هۆبز هەر ئەمەیشە  بنەما سرووشتییەکەی پەیوەندیی هێز درووست دەکات و دۆخی شەڕ-جەنگ دەخوڵقێنێت.

گەرچی تەواوی تێزەکەی هۆبز قسەکردنە لە سەر شەڕی پیاو بەرانبەر پیاو، لە هیچ شوێنێکدا ئاماژەی بە ژن و ڕۆڵی ژن لە شەڕی پیاوەکاندا نەکردووە، وەلێ بەرلەوەی بچینە سەر پرسیاری ئەوەی دۆخی جەنگ کامەیە؟ ئەوا لە جێی خۆیدایە لێرەدا گەر بە کورتییش بێت، ئاماژە بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی ئاپۆ بکەین. چونکە بە ڕای من ئاپۆ زۆر بە وردیی کاری لە سەر ئەم دیدە هۆبزییە  کردووە و درکی تەواوی بەوە کردووە کە شەڕی پیاوەکان لەگەڵ یەکتر شەڕێکی ئەزەلییە و تەواو نابێت،  پیاو بە مێژووی دروستبوونی خۆی وەک هێز و هەژموون شەڕی کردووە، بەڵام ئاپۆ لە گەڕانەوەی بە مێژووی شەڕ و شەڕخوازیی پیاو دژی پیاو، ڕۆڵی ژنی لە بیر نەکردوە، نەک ئەوەیش بەڵکوو لە دیدی ئاپۆوە یەکەمین جەنگی پیاو بەرانبەر ژن دژی بوونی ژن بووە،  پیاو بۆ ئەوەی ئەو جەنگەیەیش  بباتەوە، هەموو تواناکانی خۆی لە درۆ، فێڵ، تەڵە، توندوتیژیی و پیلانگێڕیی بەکار هێناوە. بە ڕای ئاپۆ ئەوەی  ئەم شەڕە یەکلایی دەکاتەوە و مرۆڤایەتیی لە چنگی شەڕەنگێزیی پیاو ئازاد دەکات، ژن و ئازادبوونی ژنە. لێ دەبێت ژن خۆی ئەم شەڕە بۆ ئازادبوونی هەم خۆی و هەم کۆمەڵگەیش بەرپا بکات. ئەم جەنگەیش بە تەنها هەر بۆ ئازادبوونی ژن نییە  وەک ڕەگەز،بەڵکوو خودی ئازادیی ژن گرێدراوی ئازادیی مرۆڤایەتییە. ئازادی ژن زامنکەری بوونی ژیانە لە سەر زەوی بە هەموو ڕەهەندە سۆسیۆلۆژیی، ئێکۆلۆژیی و سیاسیییەکەیەوە … هتد.  هەڵبەت دەزانین هەموو ڕەخنەکان لە ئاپۆ کاتی خۆی و ئێستایشی لەگەڵ بێت سەبارەت بەژن و  ئازادیی ژن  بەو ئاقارەدا بوو، پێیان وابوو دید و بۆچوونە ئایدۆلۆژییەکانی بە ئەندازەیەک ئەفسانەیین، هەندێک جار دەگۆڕێن بۆ یۆتۆپیا و لە مەحاڵ نزیک دەبنەوە، لێ ئەزمونی ئەم چەند ساڵەی دوایی و بە تایبەت بوون و سەنگی ژن لە ڕۆژئاوا، سەرکەوتنیان لە ڕابەڕایەتیی و ئیدارەی خۆسەریی وەک نموونەیەکی دانسقە، هەڵەی ئەو ڕەخنەگرانەی ڕاست کردەوە کە بایی ئەوەندە نەیانتوانیوە ڕووبەرێکی گەر بچووکیش بێت لە ئامادەیی، بە یۆتۆپیا لە ناو ئایدۆلۆژیادا ببەخشن. مەبەستم لەوەیە هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نییە لە بنەڕەتدا ڕەهەندێکی یۆتۆپییانەی نەبێت. کەواتە گەڕانەوەی ئاپۆ بۆ ئەو وێنەیەی چاخی بەردینی ژن و ڕۆڵەکانی  وەک بەرهەمهێنەر و دابەشکەر و … هتد، بەو ئامانجەیە تا سەرلەنوێ ئەو تایبەتمەندییانەی کارەکتەری ژن زیندوو بکاتەوە و بیداتەوە بە خودی ژن خۆی، کە پیاو دواتر لە گەشەی قۆناغی ڕاو و بوونیدا بە ڕاوچیی و نێچیرەوان و چەلەنگ و دلێر، لێی دزیوە و لێی بێبەری کردوون. بە مانایەکی تر، سوودوەرگرتنەوە لەو وێنەیەی ژن ڕەنگە بە دیوێکدا جۆرە مۆرکێکی ئەفسانەیی و یۆتۆپی ببەخشیتە ئایدۆلۆژیای ئاپۆ، بەڵام بە دیوەکەی تریشدا دەبێت بزانین سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی ژنە و بەخشینەوەی ئەو تایبەتمەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییانەی خۆیەتی وا پیاو لە چنگی دەر‌‌هێناون و ئامادە نییە پێی بداتەوە و دان بە ژندا بنێت وەک بوونەوەرێکی هاوماف و هاوتوانا.

کەواتە با  بگەڕێینەوە سەر پرسیاری پێشوو؛ دۆخی جەنگ کامەیە؟

وەڵامی هۆبز بۆ ئەم پرسیارەیش لە شیکردنەوەی پەیوەندی هێزە لە نێوان پیاوی بە دەسەڵات بەرانبەر پیاوی لاواز. بەو مانایەی ئەو کاتەی پیاوی لاواز و بێدەسەڵاتە دەزانێت و درک بەوە دەکات کە لە باریدایە هاوشێوەی پیاوەکەی دراوسێی بێت، دەتوانێت وەک ئەو بەهێز و خاوەندەسەڵات بێت، ئا لەو کاتەدا بیرۆکەی شەڕ دنەی دەدات و ئامادەگیی تەواوی هەیە،  چونکە لەملایشەوە ئەوەی بەهێزە، دەزانێت بۆی هەیە و ڕێی تێدەچێت ئەویش وەک ئەوی تر لاواز بێت، دوودڵیی و ترسی ئەوەی ڕۆژێک بێت ئەویش دەسەڵات لەدەست بدات. هەر بۆیە هیچیان بیرۆکە و کەڵکەڵەی  شەڕ وەلا نانێن و دەستبەرداری نابن، تەنها لە یەک کاتدا نەبێت، ئەویش ئەو کاتەیە وا جەنگ دژی یەکتری بەرپا بکەن. پارادۆکسی ئەم جەنگە لەوەدایە هەر بە تەنیا ئەو کاتە دەکرێت  کە بە هەموو شێوەیەک یەکێکیان  ئەوە پیشان بدات کە دەتوانێت بجەنگێت، دەتوانێت جەنگێکی یەکلاکەرەوە هەڵبگرسێنێت، جەنگی بردنەوەی هێز، خولیای جەنگ و بردنەوەی جەنگ بە شێوەیەک لە کاروکردەوەکانیاندا بۆ دەستبەردارنەبوونی  بیرۆکەی جەنگ  خۆی نمایش دەکات کە تەواو ڕاستەقینە دەردەکەوێت، هێندە ڕاستەقینە  کە وا لەوی تر دەکات دوودڵ بێت و گومانی لە توانا و هێزی خۆی بۆ بردنەوەی شەڕەکە هەبێت. هەر بۆیە کاتێک قسە لە سەر هێز و پەیوەندیی هێزە، ئەوا بە ڕای هۆبز پێویستە ڕەچاوی ئەم سێ پێوەرە بکرێت:

یەکەم: نمایشێکی ورد و پێوراو:  واتە نمایشیکی ورد و فیتی ئەوی تر بۆ هێز و دەسەڵاتی من، هاوکات نمایشێکی ورد و ڕوونی خۆم بۆ هێز و دەسەڵاتی خۆم و ئەوی تریش.

 ئەم خاڵە بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە، بەبێ وردبوونەوە لە دەسەڵات و هەژمونی خۆمان وەک هێز و هاوکات وردبوونەوە لە نمایشی هێز و دەسەڵاتی ئەوی تر وەک هەژموون کە چی لە باردایە و دەتوانێت چی بکات، ئەوا ئەگەری بردنەوەی جەنگەکە دەخاتە مەترسییەوە. ئێستا کاتێک دەنگۆی ئەوە هەیە تورکیا لاوازە بۆیە پەنای بۆ دانوستان و ئیمڕاڵی بردووە، شتێک نییە ئێمە هەر وا سەیری بکەین و بە هەست و سۆز مامەڵەی لەگەڵ بکەین، چونکە کورد ئەو کاتە خاوەنی دەسەڵات و هێز و هەژموونی خۆیەتی کە بتوانێت شەڕەکە بەبێ خودی شەڕ بباتەوە، ئەو کاتە براوەیە بتوانێت وا لە ئەوی تر بکات دەستبەرداری بیرۆکەی جەنگ بێت، چونکە درکی بەوە کردوە کوردیش لەمەولا خاوەنی هێز و ئیرادەیەکە و دەتوانێت جەنگەکە یەکلایی بکاتەوە.

دووەم: گوزارشتکردن لە ئیرادەی شەڕکردن، واتە تۆ بەوپەڕی ئیرادەوە جەنگ بەرپا دەکەیت، توانای خۆت بۆ بردنەوەی جەنگەکە نمایش دەکەیت. بە مانایەکی تر، نیوەی بردنەوەی جەنگەکەت لە سەر گوزارشتکردنی خۆت وەستاوە بۆ دەستبەردارنەبوون لە بیرۆکەی جەنگ و شۆڕش.

ئۆجالان لەمبارەیەوە دەڵێت: گەر ئەمجارەیش نەگەین بە دەوڵەت،  ئەوا دەستەبەرداری شۆڕش نابین. کاتێکیش دەڵێت شۆڕش مەبەستی گەیشتنە بە ئازادیی، ئەو خۆی دەڵێت: (شۆڕشی پانتۆڵ، شۆڕشی شەپقە، شۆڕشی خواردنەوە، شۆڕشی مەستوبوون، بە کورتیی هەموو ڕۆژێک شۆڕشێک، ئەوانە فڕیان بە شۆڕشەوە نییە، لە مێژووی شۆڕشەکان بڕوانن، شۆڕشێکی بەو شێوەیە نییە[2]).

سێیەم: بەکارهێنانی تاکتیکی بێلایانە، ئەمەیش پێویستە ئەقڵی ورد و ڕوونی لەگەڵ بێت، کەی ئەم تاکتیکانە و بە چ شێواز و گوتارێک بەکاری دەهێنێت. چونکە لێرەدا تۆ باس لە ترس و دوودڵیی خۆت  بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دەکەیت، لێ بە شێوەیەک ئەو ترسە نمایش دەکەیت، ئەوی تری بەرانبەر لەوە تێبگات تۆ تەنیاوتەنیا ئەو کاتە هەست بە دڵنیایی دەکەیت و لە بەرپابوونی شەڕەکە ناترسیت کە لانی کەم ئەوی تر هێندەی تۆ ترس و دڵەڕاوکێی لە هەڵگیرسانی شەڕ بێت، گەر بکرێت لە تۆیش زیاتر لە بەرپابوونی شەڕ بترسێت، جا ئەو کاتە تۆ دەتوانیت  دەستبەرداری خودی بیرۆکەی جەنگ بیت.

هەمیسان گەر لەم دیدە هۆبزییەوە تەماشای ئێستای کورد بکەین بە تایبەت لە ڕۆژئاوا و پێشنیارەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمڕاڵییەوە لەمەڕ دۆخی شەڕ و ئاشتیی، ئەوا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کڕۆکی قسەکانی ئاپۆ مانای دەستبەرداربوون لە شۆڕش  و دانانی چەک نییە لە بەردەم دوژمن وەک ئەوەی زۆرێک پێیان وایە، بەڵکوو ئاپۆ بە وردیی شەڕی ئیرادە دەکات، شەڕی خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو ئەوی تردا دەکات بۆ دەستبەرداربوونی بیرۆکەی جەنگ، بەمەیش کورد نەک نادۆڕێت، بەڵکوو دەبێتە هاوهێز و هاودەسەڵات. ئاپۆ دڵنیایە لەوەی شەڕی یەکلاکردنەوەی هێز و هەژموونی هێز، بە ئاشتیی و لە کاتی ئاشتییدا دەکرێت.

گەر بگەڕێینەوە سەر دیدی فۆکۆ سەبارەت بە پێوەرەکانی هۆبز، ئەوا پێی وایە سەرەڕای  هەموو ئەم قسانەیش سەبارەت بە هێز و پێوەرەکانی، وەلێ  ئەمە مانای ئەوەیە نییە سرووشتی ئەو دەوڵەتەی هۆبز پێناسی دەکات، تۆقینەر و دڕندانە بێت بەو واتایەی هەمووی  پەلاماری هەمووی بدات. بەڵکوو بۆ هۆبز دۆخی سەرەتایی جەنگ بە واتای بەریەککەوتن، ڕووبەڕووبونەوە، پێکدادان بە چەک و شەڕی دەستەویەخە و مستەکۆڵەی نێوان پیاوەکان نییە، وەکچۆنیش لە نێوان ئەو هێزە دڕندانەدا نییە وا بەر دراون و سەربەخۆن.  چونکە ئەوەی جێی سەرنجە لە دۆخی شەڕە سەرەتایی و پریمیتڤەکەی هۆبزدا شتێک بە ناوی مەیدانی جەنگ لەگۆڕێ نییە، نە خوێن هەیە  و نە لاشەی کوژراو، بەڵکوو ئەوەی هەمانە، بۆ خوێندنەوەی ئەو شەڕە بە تەنها بریتییە لە:

 نمایش، مانیفێست، ئاماژە و هێما، گوزارشتکردن بۆ ئیرادە، تەڵە و دژەکەی، نادڵنیایی و بە بەرگی دڵنیاییەوە خۆی دەنوێنێت. بە مانایەکی تر، ئێمە لە بەردەم شانۆیەکداین و نمایش و ئاماژەکانی نمایشەکەش خۆیان ئاڵوگۆڕ دەکەن. ئەم ئاڵۆگۆڕکردنەیش پەیوەندیی بە ترس و نادڵنیاییەوە هەیە. لەم شانۆیەدا شتێک نییە بە ناوی کات، چونکە ڕاستییەکەی ئێمە لە شەڕەکە نەگلاوین. واتە ئەوەی هۆبز دەیەوێت پێمان بڵێت ئەوەیە؛ تایبەتمەندییە دڕندانە و ئاژەڵییەکانی مرۆڤ هۆکاری سەرەکیی دۆخی شەڕ نین، بەڵکوو دۆخی شەڕ بۆ هۆبز پەیوەندیی تەواوی بە دیبلۆماسییەتی ناکۆتای _(Unending Diplomacy) –  نێوان ڕکابەرەکانەوە هەیە، کە ئەمان بە سرووشتی خۆیان لەگەڵ یەکتری یەکسانن و جیاوازییان نییە.

پرسیارەکە بۆ فۆکۆ و بۆ ئێمەیش ئەوەیە چۆن لە ناو شانۆیەکدا کە تیایدا بە تەنها ئاماژە و نمایشەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن، نمایشێک بێ  شەڕ و پێکدادان، کە بۆ خۆیشی دۆخی جەنگە، دەبێتە هۆی لەدایکبوونی  سەرەوەریی، لێڤیتان، (State) دەوڵەت؟

وەڵامی هۆبز بۆ ئەم پرسیارە، کاتیگۆریزەکردن و دابەشکردنی چەمکی سەرەوەرییە بۆ دوو بەش، ئەوانیش ئەمانەن: سەرەوەریی لە ڕێی دامەزراوەکان و سەرەوەریی لە ڕێی دەسکەوتەوە. هەرخۆیشی دواتر جۆری سەرەوەریی سێیەم باس دەکات کە بریتییە لە سەرەوەریی  وەک هێز و هەژموون لە ڕێکخستنی ئەو دوو سەرەوەرییەی تردا.

 ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە تۆ لە لایەک سەروەت و سامانێکت بەهۆی دامەزراوەکانتەوە هەیە، لە لایەکی تریشەوە سەروەت و سامانێکت بەهۆی دەستکەوتەوە هەیە.

فۆکۆ بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم تێزەی هۆبز دەڵێت: با وای دەنێن پرسیار لە خۆمان دەکەین، تا بزانین چی ڕوو دەدات کاتێک تۆ دۆخی جەنگت هەیە، لێ کۆتایی بە دۆخی جەنگ دێنێت؟

 فۆکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە و دەڵێت: دووبارەی دەکەمەوە،  مەبەستم دۆخی جەنگە بەبێ بوونی خودی جەنگ، واتە  ئەو کاتەی بە تەنها نمایش و هەڕەشەی جەنگ لە ئارادایە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەیش ئەوەیە پیاو لەم دۆخانەدا بڕیار دەدات، لێ کام بڕیارە؟ هەڵبەت بە هیچ شێوەیەک بڕیاڕەکە  ئەوە نییە تۆ واز لە مافی خۆت بێنیت و بیدەیتە دەست ئەوانی تر. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، لەم کاتانەدا بڕیاری ئەوە دەدەیت کەسێک ڕاسپێریت، یان کۆمەڵەکەسێک  ڕادەسپێریت تا نوێنەرایەتییت بکەن. ئا لێرەیشدا مانای سەرەوەر جارێکی تر خۆی پێناسە دەکاتەوە، چونکە ئەوە سەروەرە دەتوانێت ڕابەرایەتیی و نوێنەرایەتیی ئەو کەسانە بکات وا هەر لە سەرەتاوە هێز و دەسەڵاتی خۆیانیان داوەتێ تاوەکو ئەویش یان ئەوانیش، نوێنەراتی خەڵکەکە بکەن. دووبارە پێویستە ئەوە بزانین کە سەرەوەر ئەو کەسە نییە وا ماف و هەقی کەسەکان بۆ خۆی بەرێت، بەڵکوو ئەوەیە وا دەچێتە شوێنی ئەوان و هەموو هێز و دەسەڵاتی ئەوان بۆ خۆی دەبات تا بتوانێت بڕیار لە باشە و چاکەی ئەوان بدات. هۆبز لە مبارەیەوە دەڵێت: (سەرەوەر بوونی کەسەکان هەڵدەگرێت). بە ڕای هۆبز هەر کاتێک ئەم خستنەبرییە لە نێوان خەڵک و سەروەردا ڕووی دا، ئەوا  مانای ئەوەیە ئەو خەڵكانەی خۆیان داوەتە دەست سەروەر لە ناو کەس یان کەسانی سەروەردا ئامادەگی و بوونیان هەیە.  هەر لەبەر ئەوە  سەرەوەر هەرچیەک بکات و بڵێت، واتە ئەوانیش وەک خەڵک دەیڵێن و دەیکەن، چونکە ئەوان خۆیان  هەر لە سەرەتاوە  سەروەریان درووست کردوە و مافی نوێنەرایەتیی و ڕابەرایەتییان داوەتە دەستی، هێزی سەرەوەر لە خۆیەوە نەهاتووە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خەڵکانەی لە سەرەتاوە داویانەتە دەستی و ڕادەستی ئەویان کردووە. بە مانایەکی تر، سەروەر مۆدێلێکی تری کەسەکانە، خەڵکە، مۆدێلێک، کە دەتوانین بڵیین هەم کەسایەتییەکی دەستکردی هەیە، چونکە زادەی ئەوانەیە وا درووستیان کردووە، هەم مۆدێلێکی ڕاستەقینەشە، چونکە  توانای بڕیاردانی بە سەر ئەوانەدا هەیە وا خۆیان درووستیان کردووە.  تەنانەت لەو کاتانەیش سەروەر بە سرووشتی خۆی وەک پاشا و مۆنارک لە دایک دەبێت و دێتە دونیاوە، لێ هێشتا هەر بە دیوێکیدا کەسایەتییەکی دەستکردی هەیە. سەروەر وەک کەسایەتیی دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەو کاتانەشی کۆمیتەیەک پاڵپشتیی بڕیارەکانی دەکەن.

ئەم وەسفەی سەرەوە بۆ تێگەیشتن بوو لەو سەروەت و سامانەی لە ڕێی دامەزراوەوە کەڵەکە و درووست دەبێت. هەر بۆیە لێرەدا ئەوەی سەرەوەر ڕێکی دەخات و بەڕێوەی دەبات، ئەم سێ شتەن: نمایش، ئیرادە، هاوکات  ئەو پەیمانەیەشی لەگەڵ سەروەر بۆ ڕێکخستن و بڕیاڕدان دەبەسترێن.

شێوازەکەی تری سەروەت و سامان کە لە ڕێگەی دەسکەوتەوەیە، تەواو جیاوازە، چونکە ئەمیان لە سەر پەیوەندیی هێز درووست بووە، بنەوان و بنیادەکەشی مێژوویی و هەقیقیی خێرا و بەدەستوبردە.

بۆ ئەوەی لە میکانیزمەکانی ئەم جۆرەی سەروەریی تێبگەین، ئەوا باسی دۆخی پریمتیڤی جەنگ ناکەین، بەڵکوو قسە لە سەر گۆڕەپانی ڕاستەقینەی جەنگ دەکەین، ئەو جەنگەی خوێنی تیا دەڕژێت. بۆ شیکاری ئەمەش فۆکۆ دەڵێت؛ بۆ ئەوەی لەم مۆدێلەیان  بگەین؛ ئەوا پێویستە  بچینەوە سەر مۆدێلی یەکەم کە مۆدیلی دامەزارەوەیە، واتە تۆ لە سەرەتاوە دەوڵەتێک و سەروەرێک  هەیە کە بە مۆدێلی یەکەم، واتە مۆدێلی دامەزراوە درووست بووە. گریمان  ئەم دەوڵەتە دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی جەنگێکی ڕاستەقینە و پێویستی بە بڕیاری یەکلاکەرەوە و پێکۆڵی سوپایە. جا با وایدانێین یەک لەو دەوڵەتەی بەم شێوەیە درووست بووە بەرانبەر ئەوی تر دەدۆڕێت، سوپاکەی دەشکێت و سەروەرییەکەیشی نغرۆ دەبێت، جا  دوژمن وڵاتەکە داگیر دەکات و خێرو بێریشی دەکەوێتە ژێر چنگ. فۆکۆ دەڵێت؛ ئەمە ئەوەیە وا ئێمە هەر لە سەرەتاوە لێی دەگەڕێین و دەمانەوێت باسی بکەین، ئەویش  جەنگی ڕاستەقینە و شەڕی مان و نەمان و  گۆڕەپانی جەنگی ڕاستەقینەیە،  ئەو جەنگەی پەیوەندیی هێزی ڕاستەقینە، سەرکەوتوو و دۆڕاو هێڵکێش دەکات. جەنگێک کە دۆڕاوەکان دەکەونە ژێر ڕەحمەتی براوە و سەرکەوتووەکانەوە. ئەگەر وایدانێن دۆڕاو و بەزێنراو دەکەونە ژێر دەستی براوە و سەرکەوتووان، دەکوژرێن، جا دەوڵەتەکە  خۆی سەروەریی خۆی لەدەست دەدات، چونکە ئەوانەی سەروەریی دەوڵەتەکە بوون کوژران و لەناو چوون، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەی چی ڕوو دەدات گەر دۆڕاوەکان نەکوژرێن و بمێنەوە، چی ڕوو دەدات کاتێک براوەکان بڕیاڕی ئەوە دەدەن شتێک لە ژیان بە دۆڕاوەکان ببەخشنەوە؟

 لەم ڕەوشەشدا بە ڕای فۆکۆ ئەم دوو شتە ڕوو دەدەن؛ یان ئەوەتا ئەوانەی ماون دژی براوەکان یاخیی دەبن و شۆڕش هەڵدەگیرسێنن، بە مانایەکی تر، جەنگێکی نوێ  بەرپا دەکەن تا جارێکی تر  پەیوەندیی هێز ڕێک بخەنەوە، واتە دەچنەوە سەر شەڕەکەی یەکەم جار، کە تیایدا  لانیکەم بە ڕای خۆیان دۆڕانەکەیان لە شوێنێکدا وەستاوە و دەتوانین بە بەردەوامیی شۆڕش و خەبات و بردنەوە و سەرکەوتن چنگ بخەن. کەواتە  یان بە تەواوی ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیی و لە شۆڕش بەردەوام دەبن، یاخود هیچ شەڕێک بەرپا ناکەن، بەڵکوو  مل بۆ دۆڕانەکەی خۆیان دەخەوێنن و ملکەچی براوەکان دەبن، کاریان بۆ دەکەن، خۆیان و وڵاتەکەیان ڕادەستی براوەکان دەکەن، نەک ئەوەیش بەڵکوو باج و سەرانەیەشیان دەدەنێ تا زامنی مانەوەی خۆیان و ئەو بڕە لە ژیان بکەن کە ئەوانی تر پێیان دەبەخشن.

لەم تێڕوانینەوە جارێکی تر دێینەوە سەر پرسی ستەمکاریی و داگیرکاریی. ستەمکاریی وەک دەرئەنجامی داگیرکاریی و شەڕی ڕاستەقینە، ستەمکاریی وەک پەیوەندیی هێز لە نێوان براوە و دۆڕاودا، فۆکۆ دەڵێت: پرس و پەیوەندیی ستەمکاریی بە هێزەوە  نەک بە سەروەریی، لێ لەملایشەوە هەر خۆی  بیرمان دەخاتەوە کە هۆبز بەم شیکارییە ڕازیی نابێت، بەڵکوو بە ڕای هۆبز مژارەکە هێشتا پەیوەندیی بە خودی سەروەریی و هەژموونی هێزەوە هەیە.

 

 ئەی داخۆ هۆبز چۆن بیر لە پەیوەندیی سەروەریی بە هێزەوە دەکاتەوە؟

فۆکۆ لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە سەرەوەریی لە دیدی هۆبزەوە دەڵێت: بە ڕای هۆبز کاتێک دۆڕاوەکان خولیای ژیان و ملکەچیی خۆیان بۆ براوە و سەرکەوتووەکان پیشان دەدەن، ئەوا دیسانەوە سەرەوەریی خۆیان هەڵدەبژێرنەوە، سەروەرێکی تر بۆ جێگرتنەوە و  لە بری ئەوەی لە جەنگەکەدا کوژرا. هەر بۆیە ئەوە دۆڕاوەکان نین بە شێوەیەکی تۆقێنەر و دڕندانە کۆمەڵگەیەک لە سەر بنەمای ستەمکاریی کۆیلایەتیی و خزمەتکاریی بنیاد دەنێن، ئەوەی لە کاتی دۆڕاندنی جەنگەدا ڕوو دەدات، یان کاتی جەنگەکە، یاخود دوای تەواوبوونی دۆڕاندنەکە، خودی ترسە، یان یەکگرتنەوەی ترسەکانە، یاخود کەڵکە و ‌ هەڕەشەی مەرگ و لەناوچوونە. بە ڕای هۆبز ئەم ترس و هەڕەشەی مردنەیە ئێمە دەباتەوە بەرەو نەزمی سەرەوەریی، واتە ڕژێمی یاسایی دەمانباتەوە سەر خاڵی سفری  هێزی ڕەها.

کارە گەورەکەی هۆبز کاتێک دێتە سەر پرسی سەروەریی ئا لێرەدایە، لەم بەشەدایە ئێمە بەر سێگۆشەی سەرەوەریی، کە بریتییە لە ئیرادە-ترس-سەروەریی لە خاڵی سفردا، دەکەوین. چونکە هۆبز باسی جۆرێکی تری سەروەریی دەکات یان با بڵێین جۆری سێهەم بۆ سەروەریی دامەزراوە و سەرەوەریی دەستکەوت زیاد دەکات، ئەمە هاوشیوەی ئەوانە، لێ ئەم جۆرە لە سەروەریی پاش جەنگ و بە تایبەت دوای دۆڕاندنی جەنگ درووست دەبێت. من ئەم جۆرەی سەروەریی بە سەروەریی هۆگریی ناو دەبەم، چونکە هۆبز لە وەسفی ئەم سەروەرییەدا دەڵێت: (ئەو جۆرە  پەیوەندیی و ڕایەڵەیەی مناڵ لەگەڵ دایک و باوکی هەیەتی، بە تایبەت لە گەڵ دایکی. هۆبز دەڵێت تەماشای مناڵێکی تازەلەدایکبوو بکەن، دایک و باوکی (باوکی لە کۆمەڵگەیەکی شارستانیی، دایکیشی بە نەزمی سرووشتیی) ئەم دایک و باوکە ڕێ نادەن مناڵەکەیەن بمرێت.

مناڵ بێ دایک و باوکی، بە تایبەت بەبێ دایکی ناتوانێت بژی و گەشە بکات، گریان و کوڕوزانەوە وەک ئاماژەیەک بۆ  دابینکردنی پێویستییەکانی بەکار دەهێنێت، بۆ چەندین ساڵ مناڵ خاوەنی ئیرادەی خۆی نییە، بەڵکوو ئیرادەی دایک و باوکی جێبەجێ دەکات، چونکە ئەوە ئەوانن مافی  مانەوەی دەستەبەر دەکەن. دایک سەرەوەریی خۆی بە سەر مناڵەکەیدا دەنوێنێت. بە ڕای هۆبز ملکەچیی و گوێڕایەڵیی مناڵ بۆ دایکی  بۆ ئەوەیە تا ژیان و بوونی خۆی دەستەبەر بکات. بە ڕای هۆبز ئەم ملکەچییەی مناڵ بۆ دایکی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو ملکەچییەی دۆڕاوەکان بۆ براوەکان نییە کاتێك جەنگەکە تەواو دەبێت.

 فۆکۆ دەڵێت دەبێت هەر بەم شێوەیە لەم شیکارییەی هۆبز بگەین کە ئەو دەیەوێت ئەوەمان بۆ نیشان بدات کە فاکتەرە جەوهەریی و بڕیاردەرەکانی دروستبوونی سەروەریی پەیوەندیی بە جۆری ئیرادە، یاخود شێوازی دەربڕین و گوزارشتکردنەوە نییە، بە مانایەکی تر، سەروەر ئەو کاتە درووست نابێت کە ئێمە چەقۆمان لە سەر مل بێت، یان بە ڕاستەوخۆ بزانین چیمان دەوێت تا داوای  بکەین. بەڵکوو بۆ ئەوەی سەروەریی بێتە بوون، ئەوا پێویستمان بە ئیرادەیەکی ڕادیکاڵ هەیە بۆ ژیان، ئیرادەیەکی ئەوەندە تۆکمە کە هێزی ژیانمان بداتێ، ئەگەر چی ئەمەیش ئەستەمە ئەگەر ئەوی تر مافی ژیانت نەداتێ.

 ئەو هێزەی ئارەزووی ژیانمان دەداتێ هێزی مانەوە لە بری مردن، هەر ئەو هێزەیە سەروەریی جارێکی تر دەدۆزێتەوە و پێناسەی دەکاتەوە. سەروەرییەک، کە بەها یاسایی و شەرعییەکەی  هێندەی ئەو سەروەرییە مانادارە وا لە ڕێی  دامەزراوە و هاوپەیمانییەوە درووست بووە. فۆکۆ لێرەدا بە پاڵپشتیی هۆبز دیسان دەڵێتەوە کە ئەوەی لێرەدا سەنگی مەحەکە و شتەکان ڕێک دەخات، خودی جەنگەکە نییە، بەڵکوو ترس و هەڕەشەی بەرپابوونی جەنگە، واتە ئەوەی سەرەوەریی تۆ وەک دەوڵەت دەخاتە مەترسییەوە، ترس و هەڕەشەی جەنگە نەک خودی جەنگ خۆی. ڕەنگە لێرەدا نموونەی وڵاتی سوید لەم گۆڕانکارییانەی ئێستا بە تایبەت لەگەڵ ڕوودانی شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا نمونەیەکی باش بێت بۆ ڕوونکردنەوەی تێزەکەی هۆبز و شیکارییەکەی فۆکۆ. ئەوەی سویدی لەرزان و وای لێ کرد ببێتە بەشێک لە  هێزی ناتۆ بۆ پاراستنی سەرەوەریی خۆی، هەڵگیرسانی جەنگ نەبوو دژ بە وڵاتەکەی، بەڵکوو هەڕەشە و ترسی بەرپابوونی پەلامار و ئەگەری جەنگی ڕووسیایە دژ بە سوید.

بۆ ئەوەی کۆتایی بە تێزەکەی هۆبز سەبارەت بە جەنگ و پەیوەندی هێز بێنین، ئەوا دەڵێین گەڕانەوە بۆ چەمکی جەنگ بە یارمەتیی تێزەکانی هۆبز گەڕانەوەیەکی سەرپێیی نییە، بەڵکوو پیشاندانی ڕەگوڕیشە دێرینەکانی ئەم چەمکەیە بە درێژایی مێژووی سیاسەت.  قسەکردنی هۆبز لە سەر جەنگ وەک چارەنووسێکی حەتمیی مرۆڤ بۆ پیرۆزکردنی جەنگ و کەڵکەڵەی هەڵگیرسانی جەنگ نییە، بەڵکوو ئەوەی هۆبز کاری لە سەر کردووە، سنوردانانە بۆ  داگیرکاریی و ستەمکاریی، هەڵبەت بۆ ئەو لە کاتی خۆیدا داگیرکرنی نیشتمانەکەی خۆی. هەر بۆیە  گەڕانەوە بۆ مێژووی جەنگ و ئاکامەکانی  ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە کاتێک ئێمە باسی پەیوەندیی هێز و دەسەڵات دەکەین، ئەوا ناتوانین باسی ماف و دادپەروەریی بکەین، واتە هەموو قسەکردنێک  لە سەروەریی و چەمکی دەوڵەت قسەکردنە لە سەر  خودی داگیرکاریی و ستەمکاریی. چونکە گەر بەم شێوەیە تەماشای داگیرکاریی نەکەین وەک بەرهەمی پەیوەندی هێز و دەسەڵات، ئەوا هەرگیز لە چنگی داگیرکاریی و ستەمکاریی  قوتارمان نابێت. بە ڕای فۆکۆ گەر لە چنگی داگیرکاریی ڕزگارمان نەبێت، ئەوا لە خودی میژووی ستەمکارییش  ڕزگارمان نابێت. کەواتە دەبێت هەر بەم شێوەیە لە گوتاری  فەلسەفە سیاسیی و یاساییەکەی هۆبز بگەین کە ئەو بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت دابڕانێک لەم مێژووەگەراییە سیاسییەی وا لە کێشمەکێشی سیاسیی سەدەی حەڤدەدا زۆر کارا و ئاکتیڤ بوو، درووست بکات.

ئاپۆ لە نێوان ئیمان و بێئیمانی بە دەوڵەتدا

ئێستاکە مقۆمقۆی درووستبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ وا لەگۆڕێ، هەمووی باسی نەخشەی تازە و نوێ بۆ ناوچەکە دەکەن، هەمووی قسە لە سەر ئەمەریکا و دەستی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە درووستبوونی و نەخشەندانی ئەم نەخشە نوێیەدا دەکەن، ئەوا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم گۆڕانکارییانە بەرەو پێشەوەمان دەبات و ڕزگارمان دەکات یاخود  دەمانباتەوە دواوە؟ یان ئەمە خۆی خاڵی بنبەست و چەقبەستنە لە ناو گێژەڵۆکەی هێز و هەژموونی زلهێزەکانی دونیادا؟ یان هێشتا ئەمەیش ڕوون بەرچاو نییە، هەر بۆیە زۆرێک لە سیاسییەکان بە دۆخی خۆڵەمێشیی و دۆخی گواستنەوەی قۆناغێک بەرەو قۆناغێکی تر ناوی دەبەن.

بە گەڕانەوە بۆ دیدوبۆچوونەکانی ئاپۆ سەبارەت بە چەمکی دەوڵەت، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە، ئەوا پێشوەخت پێویستە پێناسەیەکی ڕاست و درووستی چەمکی دەوڵەت بکەین، چونکە هەموو ئەم تەمومژ و ناڕوونییەی لە دەوری ئەم قۆناغە نوێیە هەیە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئێمە بوێریی ئەوەمان نیە بە ڕوونیی بچینەوە سەر مێژوو و سەرەتای دروستبوونی دەوڵەت و پێناسەی دەوڵەت وەک خۆی بکەین. ئاپۆ ئاماژە بە (باکۆنین) دەکات وەک بیرمەندێکی ئانارشیست کە باوەڕی  وایە دەوڵەت بریتیە لە (خراپەی ڕەها و موتڵەق) ئەو خراپەیەی زەرورەتە و بوونی پێویستییەکی جەبرییە بۆ هەموو میللەت و نەتەوەیەک. دەوڵەت بوونێکی هێندە جەبریی و زەروورییە بۆ هەموو نەتەوەیەک کە تەنانەت مارکسیش نەیانتوانیوە چەمکی دەوڵەت تێپەڕێنێت بە قۆناغیکی زەروریی و ئیجباری بینیویەتی. وەلێ ئەوەی ئاپۆ لە مارکس جیا دەکاتەوە، ئەوەیە ئێمە پێویستمان بە دەوڵەت نییە، چونکە خودی دەوڵەت هەر لە سەرەتاوە ئامڕاز و دەساوێژی کارەساتی گەورەی مرۆڤایەتیە، دەوڵەت بەبێ داگیرکاریی و ستەمکاریی ئەوانی تر درووست نەبووە و درووستیش نابێت، بەم مانایەش بێت دەوڵەت نە زەرورەتە و نە ئیجباریشە، ئاپۆ ڕاشکاوانە دەڵێت: (ئەگەر منیش پێشتر خلیسکابێتمە ناو گەمەی باوەڕبوون بەوەی (ئازادیی پێویستی بە هەژموونی دەوڵەت)ـە، ئەوا تاوانێکم کردووە، خودی تاوانەکەم لە ڤایرۆسی شەڕ و هەژموونی دەسەڵاتەوە هاتووە، باوەڕ و یەقینم بەوەیە چارەسەری هەموو کیشەکان لە درووستبوونی دەوڵەتدایە، ئەو دەوڵەتەیش بە شەڕ درووست دەبێت و بە شەڕ و جەنگ سنوورەکانی دیاریی دەکرێت، ئەم باوەڕە بۆ ئێمەیش وەک قسەی قورئان وابووە، ئەم ئیمان و یەقینە نەک هەر بۆ من بەڵکوو نەخۆشییەکە بە زمان و سەروێرد و زهنی هەموو سەرکردەی چەوساوەکانەوەیە، منیش وەک سەکردەیەک  لەم نەخۆشییە بەدەر نەبووم، هەر بۆیە دەڵێم تاوانبارم.)

چونکە ئەزمونەکانی دەوڵەتبوون لە یەکەم دەوڵەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە، تا دەوڵەتی ئێستای سەرمایەداریی، کە ئەمەریکا ڕابەرایەتیی دەکات، ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە کە دواتر هەمووی دەبێت بە چەتە و ڕێگر لە بەردەمی ئەوانی تر، دەوڵەت بێ چەوسانەوە و داگیرکردنی ئەوانی تر وەک بوونێکی تۆکمە و پیرۆز، ناتوانێت خۆی ڕابگرێت و درێژە بە خۆی بدات. هەر بۆیە بۆ ئاپۆ پێناسەی دەوڵەت نەک نابێتەوە بە زەرورەت و پێویستییەکی ئیجباریی، بەڵکوو بە وەرهەمێکی خراپ و کوشندەی مرۆڤایەتی ناوی دەبات و پێی وایە دەبێت ئەم وەرهەمە لە ڕەگوڕێشەوە ببڕیتەوە. بۆ ئەوەی ڕەگوڕیشەیشی بزانین ئەوا دەبێت بچینەوە سەر مێژووی درووستبوونی یەکەمین دەوڵەت کە دەوڵەت سۆمەریی و ڕاهیبەکانە. هەڵبەت لێرەدا ئاپۆ مەبەستی لە دەوڵەتە وەک ئادات و ئامڕازی دەسەڵاتگەرایی و چەوسانەوە و ستەمکاریی، لێ بەشەکەی تری دەوڵەت کە پەیوەستە بە بەرهەمی گشتیی و ئاسایش و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی، ئەوا ئاپۆ باسی دیموکراتی دەکات وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ دەوڵەت، واتە دیموکراتی لە ناو بونیادی دەوڵەتدا نا، بەڵکوو خودی دیموکراتی لە بری ئەو بوونەی پێی دەوترێت دەوڵەت.

جێی سەرنجە ئەم تێزە لە ڕابەر و سیاسیەکی وەک ئاپۆ بێت، ئاپۆ وەک یەکێک لە هەرە سەرکردە لێهاتووەکانی  کورد، کورد وەک گەورەترین میللەتی دونیا کە تا ئێستایش خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە، هەر بێ دەوڵەتیی و لەتبوونی لە چوار دەوڵەتی ناوچەکە کردوویەتی بە پاروویەکی ئاسان بۆ هەر لایەک بیەوێت زەفەری پێ ببات! ئێمە وەک کورد چۆن بتوانین ئەم تێزەیەی ئاپۆ قبوڵ بکەین کە ئەم تێزە بۆ خۆی دژەتێزی ئاپۆ خۆیەتی لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە هەڵوەشانەوەی خەونی ملیونەها کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ درووستبوونی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ، خەونێکی دێرین بۆ ئازادبوون لە چنگی داگیرکاریی تورک و عەرەب و فارس. هەر بۆیە بۆ ئەوەی لە خۆمانەوە ڕمڵی تانە و ڕەخنە لە ئاپۆ نەدەین و هەوڵەکانی بۆ ئاشتی بە کەم نەگرین، بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا لە ئیمان بێ ئیمانی ئاپۆ بە دەوڵەت بگەین، ئەوا لانی کەم  پێویستە زۆر بە وردیی پارادیمەکەی و ستراتیژی پارادیم و کۆی تێزەکەی، بە وردیی بخوێنینەوە.

بە ڕای ئاپۆ هەموو ئەو کۆمەڵناس و عارفانەی دەستیان بۆ پرسی دەوڵەت بردووە و تیوریزەیان کردووە، هەر هێندەی ڕاهیب و کاهینە سۆمەرییەکان لەم چەمکە گەیشتوون. لێرەیشدا ئاماژە بە مارکس دەکات، بەو پێیەی ئاپۆ هەر لە سەرەتاوە زۆر لە ژێر کاریگەریی مارکسدا بووە.

بە ڕای ئاپۆ دەکرا چارەنووسی سەرمایەداریی سەرکەوتن و گەشەسەندن نەبێت وەک گەورەترین زلهێزی دونیا کە هیچ نەماوەتەوە هەڵی نەلووشێت و ڕاینامەڵیت.  وەک ئەوەی مارکس پێی وابوو سەرمایەداریی و هەموو سیستەمە چینایەتییەکانی تریش هێڵێکی ئیجباریی و زەرورەتێکی مێژوویی بوو و نەدەتوانرا خۆمانی لێ لادەین، بەم دیدەیشی مارکس باشترین یارمەتیی و پاڵپشتی سیستەمی سەرمایەداریی کردووە، سەرەڕای هەموو هەوڵە جدییەکانی دژی سەرمایەداریی، دواجار بە قازانجی سەرمایەداریی و سیستمەکە شکاوەتەوە، چونکە کاتێک ئێمە باسی یاسا و قانوونی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەخلاقیی دەکەین، ئەوا ئەم یاسایانە لە جەوهەری خۆیاندا شلیی و نەرمییەکیان تێدایە و ناکرێت هەمان شێوەی یاسای فیزیا و کیمیا و بایەلۆژیا یاسای ئیجباریی و زەرورەتی بوونیان بە سەردا جێبەجێ بکەین. واتە ناکرێت  ئێمە باوەڕمان بەوە بێت گۆڕانکارییەکان بە خەت و هێڵێکی ڕاست و ڕێکدا دەڕۆن، بەڵکوو خودی گۆڕان لە هەناوی کایۆس و گێژاوەوە دێت، ئەوەی ئێمە باوەڕمان بە حەتمیەت و قەدەری ئەو ڕاستتیە بێت کە شتەکان بە خەتێکی ڕاستدا دەڕۆن، ئەوا ئەم باوەڕە لە جەوهەریدا دیدێکی دینیی لەخۆ دەگرێت و سەرەتاکەیشی هەر دەگەڕێتەوە بۆ درووستبوونی یەکەم دەوڵەت و کرۆکی دەوڵەت وەک پیرۆزی ڕەها و هیچ هەلێک بۆ هەڵبژاردن ناهێڵێتەوە.

ئاپۆ پێی وایە ئیمە پێویستمان بە زانستێکی نوێی سۆسۆلۆژییە تا هەڵەکانی کۆن ڕاست بکەینەوە و بوێرین شتەکان وەک خۆیان ناو ببەین. پێویستە بگەڕێینەوە سەرەتای زۆر سەرەتا، ئاماژەکردن بە کۆمەڵگەی مەشاعیی و سەرەتایی بە تەنها وەک کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی، کە وەک جەبر و زەروورەتی مێژوو بەجێمان هێشتووە، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەردەوامیی  و درێژەپێدانە بە کرۆکی ستەمکاریی، چەوسانەوە، دەسەڵاتگەرایی دەوڵەت… بە ڕای ئاپۆ ئێمە دەبێت وەک یەکەم خانەی سەرەتایی درووستبوونی کۆمەڵگە تەماشای کۆمەڵگەی سەرەتایی بکەین، نەک ئەوەیش بەڵکوو پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەم سەرەتایە  و هەر لەوێشەوە دەست پێ بکەینەوە، تا بتوانین لە هەژموون و دەسەڵاتی دەوڵەتی سەرمایەداریی ڕزگارمان بێت، کە لە ئێستادا ئەمەریکا سەروەریی و نوێنەرایەتیی دەکات، کۆمەڵگەی سەرەتایی وەک ڕەحم و دایکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی، لێرەیشدا ئاپۆ جەخت لە دایک و وێنای دایک وەک خوداوەند دەکاتەوە.

هەمدیسان بۆ ئاپۆ ئەوەی لە نێو مێژووی مرۆڤایەتییدا مەزن و مەزنتر دەبێت، ئەوەی تا بێت  هەڵدەئاوسێت و گەورە دەبێت، بە جۆرێک ئیتر خۆی لە نێو خۆیدا جێی نابێتەوە، هەژموون و دەسەڵاتی دیموکراتیی نییە، بەڵکوو دەسەڵاتگەرایی، ستەمکاریی، چەوسانەوەیە، ئەمەیش بە پاڵپشتیی دەسەڵات و  جەنگ کراوە، بە بەردەوامیش دەکرێت، تەماشاکردنی دەسەڵات و هەژموونی شەڕ بە واتا تەسکەکەی ئەقڵ و ئیدراک، خولیای گەورەبوون لە ناو بنیادی دەوڵەتدا بە بیانووی دەسەڵات بۆ گەشەسەندنی ئیجباریی و زەرووری دەوڵەت، خۆی جەوهەری کێشەکانە. هەر بۆیە ئێمە پێویستمان بە جیاکردنەوەی هونەری سیاسەتە لەگەڵ عەسکەرتاریەت، هونەری سیاسەت بۆ بەڕێوەبردن و ئاسایشی گشتیی. بە ڕای ئاپۆ ئەوەی تۆزێک ئیدراکی هەبێت لەم جیاکردنەوەیە تێدەگات، چونکە دەرئەنجامی جودانەکردنەوەی ئەم دووانە لەیەکتر، دەرەنجامی کارەستباری بۆ مرۆڤایەتیی لێ کەوتووەتەوە، هێشتا هەر بەردەوامیشە، گەر خۆمانی لێ دەرباز نەکەین، ئەوا بە کۆتایی مرۆڤایەتی کۆتایی دێت.

واتە جیاکردنەوەی ئیدارەی دیموکراتیی لە ئیدارەی ستەمکاریی جەوهەری تێگەیشتنمانە لە چەمکی دەوڵەت. بۆ ئەوەی ئەم جیاکردنەوەیە بکەین، ئەوا پێویستمان بە زەمینەسازییە لە هەردوو ئاستی تیۆری و پراکتیکییدا، هەڵبەت لە هیچ شوێنێکی تێزەکەی ئاپۆ ئەوە نەهاتووە کە تۆ وەک  ئیدارەیەکی دیموکراتیی خاوەنی هێز و میلیتاری خۆت نەبیت وەک میللەت، لە کاتی جەنگدا دەستەوسان بوەستیت تا کۆمەڵکوژت بکەن.

ئەم گەڕانەوە پاشەوپاشەی مێژوو بۆ ئاپۆ قسەکردنێکی سەرپێیی و هەنووکەیی نییە، بە تەنها  زادەی کاریگەریی چەوسانەوەی خۆی وەک زیندانیەکی سیاسیی بۆ زیاد لە بیست و پێنج ساڵ لە دوڕگەی ئیمراڵی نییە، کە زۆرێک لە کاڵفامی خۆیان پێیان وایە ئێمە نابێت گوێ بۆ ئاپۆ بگرین و تێزەکانی بە هەند وەربگرین وەک کورد وەک میللەتێکی بێ دەوڵەت، چونکە ئاپۆ ئەم قسانەی لە ژێر کاریگەریی زیندانە تاکەکەسییەکەی خۆیدا کردووە.

بۆ هەر کەسێک بایی مسقاڵەزەڕەیەک ئاشنای خوێندنەوە و فیکر بێت، ئاگای لە تیۆرییە فکریی و فەلسەفییەکان بێت، ئەوا دەتوانێت درک بەو ڕاستییە بکات کە هەموو ئەو نووسینانەی ئاپۆ لە زیندان نەک زادەی ئەزموونی تەنیایی جەبریی و چەوسانەوەی تایبەتیی خۆی نییە، بەڵکوو زادە و بەرهەمی ئیدراک، ڕامان، خوێندنەوەی قووڵ و ورد، زادەی هەرسکردنی میراتێکی مێژوویی لە خودی مێژووی مرۆڤایەتییە، زادەی مێژووی چەوسانەوە و سەرکوتکردنی مرۆڤایەتیی بە گشتیی و ژن و دایکە بە تایبەتیی. سڕینەوەی تەواوی مێژووییەکە کە ئێمە لێوەی هاتووین و تاکە چارەیەکیشمان هەر گەڕانەوەیە بۆ ئەو سەرەتایە، تا لەوێوەوە دەست پێ بکەینەوە، جا ئەمە ئەگەر هەلێک بۆ دەستپێکردنەوە مابێت.

هەر بۆیە بۆ من نەک پێویستە ئاپۆ بخوێنینەوە و وەک فەیلەسووفێکی دەگمەن لە گەڵی بڕۆین، بەڵکوو پێویستە لە سەر نووسینەکانی بوەستین و ڕاڤە و شڕۆڤەی ڕژد و قووڵی بۆ بکەین،  ئەو کاتە لە ئاپۆ تێ دەگەین کە لە چنگی سیاسەت و چەمکی ( شەڕ-ئاشتی) نێوان تورک و کورد،  دەری دەهێنین و جارێکی تر نەک بە تەنها بۆ کورد، بەڵکوو بۆ مرۆڤایەتیی سوودی لێ وەردەگرین، وەک سەرەتایش دەگەڕێینەوە سەر ئەو چوار ئاستەی تێزەکەی.

 قۆناغی یەکەم: کە قۆناغی داڕمان و شکستی بێشوماری هێز و هەژمونی شەڕگەراییە. هەموو فەتحکەرانی مێژوو، هەموو ئەوانەی بە سەرکەوتنەکانیان بانگەشەی ئەوەیان کردووە ڕووداوی مێژوویی ئاوارتە و گەورەی سەربازییان ئەنجام داوە، نەک ئەوەیش بەڵکوو سەپاندنی ئەم سەرکەوتنانە وەک سەروەریی لە مێژوودا، وەلێ ڕاستییەکەی ئەمە نەک ڕاستینە و هەقیقەتی ئەو مێژووە نییە، بەڵکوو ڕاستییەکەی سیستەمێکی کۆیلایەتییان سەپاندوە، چونکە دواتر هەموو شتەکان، هەموو مرۆڤەکان، یان وردتر بڵێین دۆڕاوەکان لە ژێر چوارچێوەی هێز و هەژموونی یاسادا بوون، کە یاسا و هەژموونی فەتحکەران و براوەکانی شەڕەکە بوون. لێرەیشدا هیچ بوار و هەل و شوێنێک بۆ ناڕەزایەتی و دژایەتیی نامێنێتەوە، تەنانەت لە سەر ئاستی دەروونیی و زهنیش ناتوانین بیر لە شتێکی جیاواز بکەینەوە، دوا جار بە یاسای ئەوان هەڵدەکەیت، دەژیت و هەر بە یاسای ئەوانیش دەمریت. لێرەیشدا ئاپۆ ئاماژە بە هەموو سیستمە تۆتالیتارییەکانی میژووی مرۆڤایەتیی دەکات، بە تایبەت سیستەمە ئیمپراتۆریی و فاشییەکان، هەڵبەت سیستەمی مۆنارکیش لەمە نەک بەدەر نەبووە، بەڵکوو بەرجەستەی تەواوی ئەم قۆناغەیە. لێرەیشدا هەژموون و دەسەڵاتی دین و فتوحاتە دینییەکانمان بیر نەچێت.

قۆناغی دووەم: ئەم قۆناغە بە پێچەوانەی ئەوەی یەکەمەوە بریتییە لە سیستمی ژیانی ئازاد بۆ کۆمەڵگە بە هەموو چین و ئاستە جیاوازەکانییەوە لە خێڵ، کڵان، گەلانی جیاواز، لێرەدا گرووپ و چینە جیاوازەکان دەتوان بە زمانی خۆیان بدوێن و بنووسن، دەتوان پارێزگاریی لە کەلتووری خۆیان وەک ئەوەی هەیە  بکەن و بپارێزن، ئەم سیستمە دژ بە سیستمی تاڵانچێتیی و شەڕانگێزییە کە لە ژێر پەردەی دەوڵەتی هەرەمیدا خۆی شاردووەتەوە… ئەمەی لێرەدایە سیستمێکە گوزارشت لە هەڵسوکەوتی خەڵکی خۆڕاگر و بەئەمەک دەکات، خەڵکانێک کە شکستیان نەهێناوە. هەموو ئەو جۆرە نەتەوانەی لە دڵی بیابان، شاخ و جەنگەڵەکاندا ماون، بە هەمیشەیی بەرەنگاری ‌هێرش و دڕەندی هێزی شەڕ دەبنەوە، ئەوانە دەتوانین چاویان لێ بکەین، بە مانایەکی تر هەموو ئەو گرووپ و خەڵکانەی لە سەر بنەمای سیستمی یەکەم و لە کێشمەکیشی شەڕدا درووست نەبوون، دەتوانین وەک نموونەی ئەم سیستمە ببینین، چونکە جەوهەری ئەم سیستمە ئازادیی، سەربەخۆیی، یەکسانی دادوەرییە بۆ هەمووان. لێرەدا دەتوانین جارێکی تر بەر ئەشق بەر ئەدەب و مانای هونەریش بکەوینەوە.

 قۆناغی سێهەم:  لە سیستمی کۆمەڵایەتییدا ئەم جۆرە پێی دەوترێت دەوڵەتی  (ئاشتی و سەقامگیری)، لە سەرەتاوە ئەم دۆخە لە ئاستی هاوسەنگی نێوان هەردوو هێزەکەدا درووست بووە، لێ لە هەموو ئاستە جیاوازەکاندا جیاوازیی لە نێوانیاندا هەیە، چونکە ڕوونە دۆخی شەڕ و پێکدادان بە هەمیشەیی و بە بەردەوامی بوون و کەینونەی کۆمەڵگە دەخاتە ژێر هەڕەشەی گەورە و لەناوچوونەوە، ئەوانەی لە دۆخی شەڕی بەردەوامدان، ڕەنگە پەی بە گرنگیی و زەروورەتی بەرژەوەندیی هاوبەش نەبەن، هەر بۆیە بەپێی پەیمانی (ئاشتیی و سەقامگیریی) و بە ڕێگەی جیاواز بەرەو ئاشتەوایی دەڕۆن. لێرەیشەوە ڕێکەوتن و پەیمانی ڕێکەوتن بۆ ئاشتیی و سەقامگیریی، وەک مەرجێکی حەتمی بۆ مانەوەی هەردوولا دەبێتەوە بەردی بناغە بۆ ئاشتەوایی. ئەو کاتانەیش هەندێ جار گەر هەموو ئەو مەرجانەیش جێ بەجێ نەبێت، وا هەردوولا ئیشیان بۆ کردووە و ئاواتەخوازن پێی بگەن، ئەوا دۆخەکە لە شەڕی موتڵەقەوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆزەکان دەڕوات بۆ نیمچەشەڕ تا هەڵگیرسانی شەڕیکی تر، ئەم دۆخە بۆ خۆی لە شەڕ سەخترە، چونکە لە نێوان بەرخودانی گەلان و دەسەڵاتە نەدۆڕاوەکەیان کە لە بنی دەسەڵاتەکەی سەرەوەیە، هەمیشە کەڵکەڵەی شەڕێک بە ڕێوەیە، هەر بۆیە دەتوانین ئەم دۆخی هاوسەنگییە لە چوارچێوەی شەڕ و ئاشتیدا بە (نیوەی شەڕ) وەسف بکەین.

قۆناغی چوارەم: ئەمەیش دوا قۆناغە و  بۆ ئاپۆ دۆخی خاڵیبوونەوەیە لە کێشمەکێشی نێوان هێز و هەژموونی شەڕ-ئاشتی. ئەم قۆناغە لەدایک نابێت و نایەتە دی ئەگەر هەردوولا نەگەنە خاڵی ناوەڕاست بۆ دەستبەرداربوون لە شەڕ. ئاپۆ هەمدیسان دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگەی سەرەتایی، دەکرێت ئاشتی و ئاشتەوایی لە کۆمەڵگەی مەشاعیی سەرەتایی گەشەکردوودا باڵ بکێشێت و بەردوام بێت، یان بەوەی هەر لە سەرەتاوە ئەم کۆمەڵگەیە دووچاری کێشمەکێشی  نێوان شەڕ و ئاشتی نەبووە، یان ئەوەتا خودی سیستمی شەڕ-ئاشتی تێدەپەڕێنێت. هەر لە ڕێی خودی کۆمەڵگەی مەشاعییەوە، چونکە لەم کۆمەڵگانەدا جێگەی شەڕ-ئاشتی نەبووە، جا گەر شتێک هەر لە سەرەتاوە بوونی نەبێت، ئەوا ئێمە پێویستمان بە خودی چەمکسازیی و قسەکردن بەگرفتکردنی نییە… بە گەڕانەوە بۆ مێژووی کۆمەڵگەی هەرەمیی و دەوڵەت، ئێمە ئەم جیاوازییە دەبینین وا شەڕ-ئاشتی لەگەڵ درووستبوونی دەوڵەت و هەیمەنە و هەژموونی دەوڵەت و پیرۆزی دەوڵەت درووست دەبێت.

 

 

[1] هەڵبەت لێرەدا فۆکو جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو باسی کێشەی ڕاسیزم و کێشەی ئایینیی نەکردووە، بە تایبەت پرسی ئەنتی سێمیتیزم، بەو مانایەی خوی ئەم کێشانە لە سەدەی نۆزدەوە سەریان هەڵدا… ئەو کاتەی دەوڵەت ئەرکی سەرەکی پاراستنی کەیان و بوون، بێگەردیی ڕەگەزی خۆی بوو دژی ئەو ڕەگەزانەی تر کە دەبوونە ‌هەڕەشە.

[2]لە  پەڕتووکی کوشتنی پیاوەتیی-  گفتوگۆی ماهیر سایین لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.