گۆشەی ئازد

«داخۆ ئەگەری دیموکراسیی لە سووریا هەیە؟» هەڤاڵەکەم دەیزانی چۆن.

محەمەد ئاکسۆی وا لە ڕیزی ئەوانەی گیانیان بۆ ڕەنگڕێژکردنی دیدگایەکی جیاواز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتیی بەخشیوە.

دەیڤد گرایبەر

لە ئینگلیزییەوە: ئیمان سەلیم

 

داگرتنی فایلی PDF

 

«کوردەکان بێ لە چیاکان هیچ دۆستێکیان نییە»، ئەمە ئەو پەیڤانە بوون محەمەد ئاکسۆی هەمیشە دەیبێژان، بەڵام محەمەد لە ٢٦ی ئەیلوول لە ئاکامی هێرشێکی (دەوڵەتی ئیسلامیی) لە باکووری سووریا شەهید کرا، هاوڕێ و داکۆکیکەرێکی ماندوونەناسی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد بوو. سەروبەندی مردنی سەرقاڵی وتارێک بوو، بەو ڕستەیە دەستی پێ دەکرد. محەمەد زۆرینەی کات بۆ دەربڕینی چەرمەسەریی گەلەکەی سوودی لەو پەندانە دەدیت، ئەو گەلەی ساڵگارێکە لەلایەن ئەو زلهێزانەوە بەکار دەهات وا بانگەشەی بڵاوکردنەوەی دیموکراسیی و ئازادییان لە جیهاندا دەکرد و چەوت بەکاریان دەهێنان.

یەکەم کەڕەت لە خۆپیشاندانێکی لەندەن محەمەدم بینی، شوێنی نیشتەجێبوونی. من بەهۆی ئارەزووی تایبەتییم بۆ «بزووتنەوەی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ» لە وێنەی ئەو بزووتنەوەیەی کوردانی سووریا خەریک بوون پێکیان دەهێنا، بۆ بەشداریی ئەو خۆنیشاندانە هاتبووم، بەڵام لە کۆتاییدا هەستم کرد لە پەراوێزی گردبوونەوەکەدا کەسێک لەسەرخۆ خۆیم لێ نزیک دەکاتەوە، لێم نزیک بووەوە و خۆی پێ ناساندم. من ئەوم ناسی، وەک ئێستا دەژنەفم کەسانێکی زۆر وەک کەسێکی میهرەبان و خاکەڕا دەیناسن، بەڵام بە جۆرێک مەزنتر لە ژیان، کەسێک، کە هەمیشە خەریکی چەندین پڕۆژە بوو: لە فیلم و وتارەوە بیگرە تا ڕووداو و بزووتنەوە سیاسییەکان.

پێم وایە ئێستا گرنگە سەبارەت بە دوایین پڕۆژەی محەمەد، کە نووسینێک بوو لەبارەی شەڕ لە کوردستان، بۆ خەڵک بدوێم، بە چەشنێک، پتر لەوەی ئێمە لەمەڕ ئەو مژارەوە دەیزانین، مەترسییەک (شتێکی لە چەشنی گرەو)، وا لە گۆڕێ. ئەو لە دەمەدەمی ڕیفراندۆمێکدا دەینووسی، کە لە کوردستانی ئێراقی دراوسێدا ئەنجام دەدرا و هەموو دەیانزانی بە داکۆکییەکی بەهێزی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیی کۆتایی دێت، بەڵام ئەو بزووتنەوە ئازادییەی کورد لە سووریا، کە محەمەد نوێنەرایەتیی دەکات، دیدگایەکی تەواو جیاواز لە کوردی ئێراق پەیڕەو دەکات: ئارەزووی گۆڕینی سنووری دەوڵەتانی نییە، بەڵکوو تەنها پشتگوێیان دەخات تا دیموکراسییەکی بنچینەیی لە جڤاکدا بنیاد بنێت. سەرباری ئەمە، ئەوەی محەمەدی ماندوو کردووە ئەوەیە؛ ئەوەی قوربانیانی نەبڕاوەی شەڕڤانە کوردەکان دژ بە دەوڵەتی ئیسلامیی لە سەرپاکی شارەکانی سووریا بە هەڵە وەک پاساوێک بۆ سنوور و دابەشکاریی زیاتر لێی دەڕوانرێت نەک کەمتر.

زۆر جار میدیای ڕۆژئاوا کوردەکان وەک گەلێکی یەکڕەنگ بەرباس دەدات، بەڵام کوردەکانی سووریا پتر وەک پاشکۆیەک، ئەمەش بەهۆی ئەو سەرنجەی کوردەکانی ئێراق بۆ ڕیفراندۆمەکەیان کێشیان کردووە. بەڵام کوردەکانی ئەم دوو وڵاتە دوو سیستمی سیاسیی سەرپاک جیاوازیان ڕەنگڕێژ کردووە. کوردانی سووریا هاوپەیمانییان لەگەڵ عەرەب و سریانیی و کریستیان و بەشەکانی باکووری سووریا بنیاد ناوە و پێی دەڵێن ڕۆژاڤا (یان فەرمییتر، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا).

ئەوان فرەیی و دیموکراسیی بۆ خۆیان و ئەوانی تر لە سووریایەکی تازە فیدڕاڵدا دەخوازن و گەرەکیانە ئەو پڕۆژە ناسیۆنالیستیەی بووەتە هۆی ڕیفراندۆمی کوردانی باشوور، توڕ بدەن. وەک محەمەد دەڵێت: «نا بۆ ئافراندنی دەوڵەتێکی نوێ، بەڵکوو بۆ ئافراندنی کۆمەڵگەیەکی شۆڕشگێڕ و خوێندەوار و هاوچەرخ و بەئاگا و سەرتاپێ دیموکرات. کەواتە چیتر پێمان مەڵێن جوداخواز!»

بۆچی جیابوونەوە، بەو چەشنەی کوردانی باشوور دەیخوازن، تێکڕای تەنگەژەکانی دەوڵەتێک دەگوازێتەوە بۆ دەوڵەتێکی تر؟ محەمەد دەنووسێت: «چەندین جەنگ بۆ سەربەخۆیی بەرپا کران، بەڵام داخۆ دانپێدانان وەک دەوڵەتێک چارەنووسی منداڵانی ئێراقیی و ئەفریقیی لیبیی و ئەو هەزاران منداڵە سوورییانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا گیانیان لەدەست دا، گۆڕیوە؟ بێگومان نەخێر». ئەو پێی وابوو سنوورەکانی ناوچەکە بەرهەمی دەستێوەردانی ڕۆژئاوایە لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، لە سۆنگەی ئەم دەستێوەردانەوە ململانێی نەتەوەیی و ئایینییان وروژاند و بە دەساوێژی سوودی ئابووریی، گەلانیان بۆ چەندین پارچە دابەش کرد.

محەمەد دەڵێت نموونەکەی کوردی سووریا ناوی «کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیی» ە و بە پێداگریی لەسەر «هۆشیاریی لە ڕووی پەروەردەیی و ئیکۆلۆژیی» ی جڤاک و بە دەساوێژی پەیڕەوی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ لە سەر ئاستی گەڕەک، دەرفەت بە کورد و گرووپە نەتەوەییەکانی تر دەدات تا سەربەخۆیی ڕاستەقینەی خۆیان چنگ بخەن، ئەمەش لە سنووری ئەو دەوڵەتانەی هەرگیز بە شێوەیەکی ڕێکوپێک نوێنەرایەتیی هەموو گەلانی ناوچەکە ناکەن.

محەمەد پێی وابوو کوردستان گۆڤانی «قەیرانێکی گەورە» ی سیستمی دەوڵەتە، شەڕێکی نوێنەرایەتیی جیهانیی پانوپۆڕ، ئەو نووسیوێتی: «ئەم قەیرانە بە سەرهەڵدانی داعش گەشتە چڵەپۆپە، ئەو هێزە جیهادییەی ئێراق و سووریای وەرگەڕاندە سەر دۆزەخێکی داگیرساو و لە ناوخۆ و دەرەوە هەڕەشەی شمشێڕی خستە سەر ملی ملیۆنان کەس». جا تەنها سەرهەڵدانی ئەو بزووتنەوە دیموکراسییانە و هێزە بەرخۆدێرە دەستوەشێنەکانی و یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژنان بوو کە لووتی داعشیان شکاند و ئێستاش لە پایتەختی ڕاستەقینەی ڕەقەوە خەریکی بەزاندنی دەوڵەتی ئیسلامیین.

بەڵام ئەو وەبیرمان دێنێتەوە: «ئەم سەرکەوتنانە بە تێچوویەکی ترسناک بەدەست هاتوون»، ئەوە ڕاستە هەزاران گەنجی کورد لە جەنگی دژی دەوڵەتی ئیسلامیی شەهید بوون، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێت لە ڕۆژئاوا کەسانێک هەن سوود لەو ترسە دەبینن کە هێرشەکانی داعش بڵاوی کردوونەتەوە، محەمەد دەپرسێت «بۆچی؟ بۆچی میدیاکان بە شێوەیەکی شایستە باری سەرنج ناخەنە سەر قوربانییدانی ئەو ڕۆحە خۆنەویستانە»؟

ئەودەمەی دەوڵەتی ئیسلامیی لە ڕەقە دەرپەڕێنرا، چی ڕوو دەدات؟ داخۆ سەرکردەکانی ڕۆژئاوا گرنگیی بەو مەترسییە دەدەن وا پاش هەڕەشەکانی داعش هەڕەشە لە خەڵکی سووریا دەکات؟ محەمەد نووسیوێتی: «گەر کۆمەڵگایەکی فرەنەتەوە و فرەئایین دانەمەزرێت، ئەوا سووریا وەک چاوگەی شەڕ دەمێنێتەوە».

محەمەد و بزووتنەوەکەی بەشێک بوون لە دیدگایەکی هیوابەخش بۆ دەڤەرەکە: «ئێمە پێمان وایە تەنها ئەوکاتە دەتوانین مرۆڤ بین کە لەژێر سایەی سیستەمێکی مرۆڤدۆستانە و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی مرۆڤدۆستانەدا بژێین، ئەویش بە پێودانگی ڕامانێکی مرۆڤدۆستانە». ئەمە ئەو سیستمەیە وا خەریکن دایدەمەزرێنن.

سەرباری ئەمەش، لە چەند ساڵی ڕابردوودا نوێنەرانی بزووتنەوەی کوردی سووریا بانگهێشتی دانوستانی ئاشتی لە ژنێڤ نەکراون، ئەمە بەهۆی دژایەتیی تورکیا و ئێرانەوە. هەرچەندە ئەمریکا کاتێک پێویستیی بە هێزی سەربازیی کوردە، حەز دەکات پاڵپشتیان بێت، بەڵام بە شێوەیەکی دیپلۆماسیی کوردی ڕادەستی هاوپەیمانە تورکەکانی کردووە، لەم سۆنگەوە تورکیا بەبێ پاساو کوردەکانی سووریای بە «تیرۆریست» ناودێر کرد، کاتێک ئەوان سەرنجیان لەسەر دەوڵەتی ئیسلامییە هێرشی نابەجێیان دەکاتە سەر. محەمەد دەنووسێت؛ تەنانەت ئەگەر ئەم دۆخەش بەردەوام بێت: «وەک گشتپرسیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، ئەوا دانوستانەکان لە سەر سنوور و شێوەی دەوڵەتان؛ دووبەرەکیی و دیواری زیاتر و ڕق و کینەی فرەتر ڕەنگڕێژ دەکات، تەنانەت ئەوانەشی پێکۆڵانە دژی ئەم هێزانە جەنگاون و کاریان بۆ خستنەڕووی جێگرەوە و کۆمەڵگەیەکی جیاواز کردووە، سارد بوونەتەوە.»

ئێستا ناوی محەمەد ئاکسۆی وا لە ڕیزی ئەوانەی گیانیان بۆ ڕەنگڕێژکردنی دیدگایەکی جیاواز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتیی بەخشیوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە وەک ڕۆژنامەنووس و فیلمسازێک لە لەندەنەوە گەیشتە سووریا و پەیوەندیی بە «هێزەکانی پاراستی گەل – یەپەژەYPG» – (ئەو هێزە کووردییانەی سووریا وا شەڕی جیهادییەکان دەکەن) ەوە کرد، کاتێک دەوڵەتی ئیسلامیی هێرشی کردە سەر سەنگەرێکی بەرەی ڕەقە، محەمەد شەهید کرا. هەموو ئەوانەی محەمەدیان دەناسی، دەزانن چیمان لەدەست چوو! ئەو سوورییانەی هاودیدی ئەون، هێشتا لە دانوستانەکانی ئاشتیی بۆ داهاتوو دوور خراونەتەوە. ڕەنگە هەمیشە سیاسەتمەداری سەگباوەڕ هەبن و دەمکوتان لە دیموکراسیی و مافەکانی ژن بکەنە پاساوی هەڵگیرساندنی جەنگ و ئێشی زیاتر بۆ جیهان. بەڵام دەبێت کەسانی وەک ئێمە لە ڕۆژئاوا، کە دڵسۆزانە پشتیوانیی ئەم شتانە دەکەن، فشار لە حکومەت بکەن تا ئەمە بگۆڕێت، ئەمەش بۆ ڕێزگرتن لە محەمەد و هەزارانی وەک ئەو، کە بۆ داڕشتنی هیوایەکی نوێ بۆ ئەو هەرێمەی لە خوێن و فرمێسک هەڵژەنراوە، گیانیان سپارد.

دەیڤد گرایبەر، مرۆڤناس و چالاکوانی سیاسیی و نووسەری کتێبی ‘قەرز: پێنجهەزار ساڵی یەکەم’ە.

 

 

سەرچاوە:

١- Democracy Is Possible in Syria. My Friend Knew How.

By David Graeber, The New York Times

٢- دوستم میدانست چگونە «دموکراسی در سوریە ممکن است» دیوید گرابر/ برگردان: ژیلدمو، ڕادیو زمانە

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...