دیار غەریب: “ماسیە ڕەشە بچکۆلەکە”، شۆڕشگێڕی سەرتاپا
ئەوەی مرۆڤ بەهێز دەکات، پەروەردە و زاڵبوونە بە سەر ڕەمەک و دوورکەوتنەوەیە لە ژیانی ماددیی، ئەوەی کە ڕێبەر ئۆجالانی بەهێز کردووە و کەس ناتوانێ کۆنترۆڵ یان تاوی بکات

نەجیبە قەرەداغی
لە هاوینی ساڵی ١٩٩٦ لە بارەگای ناوەندی کەلتووریی میزۆپۆتامیا لە سلێمانی حەوت ڕۆژ خولێکی پەروەردە کرابووەوە. هەر ڕۆژەی کەسێک وانەکانی دەگوتەوە. یەک لە ڕۆژەکان بۆ مێژووی کوردستان تەرخان کرابوو. بۆ منێک، کە تا تەواوکردنی زانکۆش، جگە لە وانەی زمانی کوردیی و هەندێ بواری وێژەیی، زۆر کەممان لە سەر مێژووی کوردستان دەزانی یان خوێندبوویەوە، ئەو حەوت ڕۆژە بۆ هەموومان سەرەتایەکی نوێ بوو، هەر لە شێوازی وتنەوە و دەربڕینی ڕووداو، دیاردە و قۆناغەکانی ئەو مێژووە. ئەو کەسەی وانەکەی دەوتەوە زۆر ئارام، لەسەرخۆ، بە وردەکاریی و لە دیدێکی قووڵەوە باسی مێژووی کوردستانی دەکرد، یەکەم جارم بوو بیبینم. زۆربەی ڕووداوەکانی ئەو مێژووە دووبارە دەبوونەوە، بە تایبەت لە دووبارەبونەوەی شکست، هەرەس، ناپاکیی، پیلانگێڕی و تیرۆر بە دەستی دەرەکیی و ناخۆیی. نزیکترینیان شەهیدکردنی دکتۆر سیروان و هەڤاڵەکانی بوو کە نامەردانە لە گوندی قەرەچۆغی نزیک بە چەمی ڕێزان خرانە بۆسەوە و شەهید کران. لە بەشی گفتوگۆدا نەمتوانی بێزاری خۆم بشارمەوە و پێم گووت؛ “ئەم مێژووە پڕێتی لە ناپاکیی، کەی تەواو دەبێت؟ بە زەردەخەیەکی ئارامەوە وتی؛ “ئەو کاتەی کۆمەڵگەکەمان لە داگیرکاریی ئازاد دەبێت”. ئەو کەسە دیار غەریب بوو، ئەو کاتە هەموو کەسێک بە هەڤاڵ هەڵمەت بانگی دەکرد. بەڵێ، دەبوو وەک ئەو قووڵ، دوور و وردبین بین تا بزانین مەودای نێوان ئازادیی و دۆخی داگیرکراویی چییە. ئەو کاتە شەش ساڵ بوو کۆتایی بە ڕژێمی بەعس لە سەر خاکی باشوور هاتبوو، بەڵام هەر لەو سەروبەندەدا ‘شەڕی ناوخۆ’ لەئارادا بوو، هێزی دەوڵەتی تورکیا بۆ ‘ ناوبژیوانیی’ نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هێزیان لە باشور جێگیر کردبوو. ئەو قۆناغە سەرەتایەک بوو کە داگیرکەرێک بە یەکێکی تر دەگۆڕرایەوە. ئیتر چەمکی ئازادیی و ئەو واقیعەی هەبوو بۆ دیار غەریب و زۆرێک لە ئێمە لە ژێر پرسیاردا بوو، بەڵام بۆ زۆرێکی تریش دۆخێکی نەبینراو بوو.
دیار غەریب ڕێک لەگەڵ هەڵسەنگاندنی دیوە بینراوەکەی مێژوو، هەنگاو بە هەنگاو لە گفتوگۆ و وانەکانی، لە دانوستان و وتارەکانی و لە تێکۆشانی دا، بەو دیوە نادیارەی مێژووکەمانی پێ ئاشنا دەکردین. ئەو نەک هەر شارەزای مێژووی کوردستان، بەڵکوو بەردەوام هەوڵی خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ ئەو مێژووە دەدا. لەو تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانە بوو وا ئەگەر وشەیەکی لەو تێکۆشانە فێر ببوایە بەهەوڵ، تەقەلا و ڕەنجی چەندین قات لێی زیاد دەکرد.
دیار غەریب لە دیدارێکی تەلەفزیۆنی دەیگوت؛ “کۆمەڵە گەنجێک نەماندەویست خەونەکانمان لە پارچەیەکی کوردستاندا قەتیس بکەین، دڵمان بە جموجۆڵی پارچەکانی تریش خۆش بوو. ئەو درووشمەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران کە دەیانگوت؛ کاتێ ئەم بەشەی کوردستان ڕزگار بکەین، ڕوو لە بەشەکانی تری کوردستان دەکەین، زۆر سەرنجڕاکێش بوو”. ئەو کاتێ دەستی بە تێکۆشان کرد، ژمارەیەک گەنج لە وڵات هەڵدەهاتن، ژمارەیەکی دیکەیان ڕۆژانە تەرمەکانیان لە ‘ شەڕی ناوخۆ’ دەهاتەوە و ژمارەیەکی تریان لە ناو دۆخی قاتوقڕیی و نەبوونی و چاولێکەرییدا کەوتبوونە بەر شەپۆلێکی گەورەی پێکەوەنانی خێزان، چ جا لە دۆخێکی نادڵنیایی و ئاڵۆزییدا. دیار غەریب و سەدانی تری وەک ئەو، ڕێیەکی تەواو جیاوازیان هەڵبژارد، ئەویش بەشداریی بوو لە تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا.
دیار غەریب: “ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە”
هەمیشە بۆ من پرسیارێکی سەرەکیی ئەوە بوو؛ مێژووییەک کە پڕە لە ئێش، ژان، کوشتن، ئەشکەنجە، کۆمەڵکوژیی، کۆچ، هەڵهاتن، شکست، کێ بێ لە ئاستیدا پشتی بەرز بکاتەوە و بەرگریی بکات؟ مەگەر خاوەنی هێزی تێکۆشان، باوەڕ و ئیرادەی هەستانەوە بیت. بەڕاستیش هەڤاڵ هەڵمەت کەسایەتییەکی وەها بوو. وێڕای ئەو هەموو داڕمان و دۆخە نەرێنییەش وا لێی شارەزا بوو، خاوەنی جەوهەرێکی بەرگریکار و تێکۆشەر بوو. ئەوەی لە نزیکەوە دیار غەریبی ناسیبێت، تێدەگات ڕۆڵەی ڕۆژانی سەختە، کەسایەتییەکە پڕە لە ڕۆحی ڕابوون و بەرپرسیارێتیی لە ئاست کۆمەڵگەییەکی داگیرکراودا. ڕۆحی تێکۆشان، واتادان بە دیاردە، ڕووداو و ململانێکان، لەوەش زیاتر بە هێندەی ئەوەی خۆی و پرۆسەی خۆبوونی بنیاد نابوو، بە هێندەی سنوورەکانی خۆی تێک شکاندبوو، ئەو چەند خۆی دەناسی، ئەوەندەش لە پرۆسەی کۆمەڵگەییکردنی خۆیدا بوو. پردی هەست و ئەقڵی زۆر باش بنیاد نابوو، بەرانبەر بۆسەکانی داگیرکاریی هۆشیار بوو. داگیرکەرێک کە دیار غەریب لە دانیشتێکی لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج لە سەردانێکی ئەورووپا ئاوا پێناسەی دەکرد؛ “ئێمە وەک گەنجانی وڵاتەکەمان بیرمان لەوە دەکردەوە دەبێت چی بکەین، ئایا سەرقاڵ بین بە ژیانێک کە ژیانی ئێمە نییە و نوقمە لە ڕەمەک و ماددییەت؟” ئەو وەڵام و ئیلهامی لە کەسایەتیی ڕێبەر ئۆجالان بینییەوە کاتێ لە پایزی ١٩٩٧ لە پەروەردەیەکی ئاکادیمیای سەرۆکایەتیی بەشداریی دەکات؛ “ئەوەی مرۆڤ بەهێز دەکات، پەروەردە و زاڵبوونە بە سەر ڕەمەک و دوورکەوتنەوەیە لە ژیانی ماددیی، ئەوەی کە ڕێبەر ئۆجالانی بەهێز کردووە و کەس ناتوانێ کۆنترۆڵ یان تاوی بکات”. ئەو وەها باسی ئەو دوژمنە و داگیرکەرەی ناخی مرۆڤ دەکرد، کە ئەگەر نەیناسی و لێی هۆشیار نەبیت، ئەوا بەبێ ئەوەی پێی بزانی، ڕامت دەکات، ئەمە لە دوایین ٣٠ ساڵی ڕابردووی باشووری کوردستاندا لاوازترین خاڵە و هەمیشەش داگیرکەران لەو دوژمنە ناوخۆییەوە هەوڵی داگیرکردنی مرۆڤی کوردیان داوە و تا ئاستێکیش سەرکەوتوو بوون.
ڕاستییەکەی کەم کەس هەیە لە ژیانمدا شتی لێوە فێر نەبووبم، بەڵام کەمن ئەوانەی لە ژیانمدا ناسیومن و لە ناخەوە کاریگەرییان هەبووبێت و ڕەوتی ژیانی سەدان کەسی وەک منیان گۆڕیبێت، بێگومان زانیاریی، زانین و مەعریفە پاڵنەرێکی گرنگە بۆ گۆڕانکاریی و ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی مێژووی نەهامەتیی، بەڵام دیار غەریب جگە لە هەموو ئەوانە، شتێکی دیکەشی هەبوو کە بە هێندەی وشە و دەربڕینەکانی بەهێز بوو، ئەویش هێزی ئادگار و تەلیسمێک بوو لە کەسایەتییدا، ئەمە لە کەم کەسی تردا هەیە. ئەو خەسڵەتەی بە ڕەنجێکی گەورە و بەسەبر و ئارامییەوە بنیاد نابوو. ئەوە بوو پێی دەگوترا شۆڕشگێری سەرتاپا. هەموو مرۆڤێک خەسڵەتی جوانی تێدایە، بەڵام کەم مرۆڤ هەیە جوانییەکانی کەسایەتیی و هێزی بیرکردنەوە، دەربڕین و ئادگاری یەک خستبێت و هەوڵی ئەوە بدات هەم لە هەموو ڕوویەکەوە خۆی تەواو کردبیت و هەمیش لە سنووری خۆی بێتە دەرەوە و خۆی کۆمەڵگەیی کردبێت. ئەوەیە پێی دەگوترێت شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لە کەسایەتیی و ڕێبەرایەتیی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە.
زمانی ئەتیکییانەی دیار غەریب، نمایش و مۆرکێکی ئەزبەرەیی نەبوو، بەڵکوو لە ناخەوە باوەڕ بەو کار و وتانە هەبوو وا دەری دەبڕی و کردبوونی بە بەشێک لە کەلتووری ژیان و ڕێ و ڕێبازی تێکۆشانی. هەرگیز نکوڵیی لەو نەریتە جوانانە نەدەکرد وا پێش بەشداریی لە تێکۆشانی ئازادیی پەکەکە، واتە هەم لە ژیانی منداڵییدا لە گوند و هەم لە دایکییەوە فێری ببوو، بەڵکوو ئەو خەسڵەتانەی لەگەڵ تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕییەکانییدا ئاوێتە کردبوو.
ئەو زمانە ئەتیکیانەی یەکێک بوو لەو خەسڵەتە سەرەکییانەی لە کەسایەتییدا بەرجەستە بوو، جا ڕەنگدانەوەی لە سەر دیدی هەبوو، ئەویش لە سەر هەموو ئاستێکی وەک؛ هەموو تەمەن، ئایین، ئایینزا، ئەتنیک و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە. بە تایبەت لە ئاستی ژندا. ئەم دیدە زۆر بە شێوەیەکی جوان لە کتیبەکەی “دیدێکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان” ڕەنگی داوەتەوە. لە لایەکی تر دەستەواژەی “من” لای هەڤاڵ هەڵمەت زۆر کاڵ بوو، بەردەوام بەدوای کار، دید و ئەقڵێکی هەرەوەزییەوە بوو. لەو سەردەمەی هاوسەرۆکی پارتی چارەسەری بوو، جارێک لێم پرسی؛ بەرهەڵستکاری بەو زمانە نەرمە نابێت، لە وەڵامدا گوتی؛ “ئێمە نامانەوێ ببینە کۆپییەکی ئەو تێگەیشتنەی لە باشوور بۆ بەرهەڵستکاریی هەیە، وێڕای کەموکوڕییەکانمان، بەڵام هەنگاوەکانمان چەند هیواش بن، دەبێ پرەنسیپانە بێت و لەسەر بنەمای کاردانەوە نەبێت”.
کاتێ باسی سەرچاوەی کێشە و پرسەکانی باشووری کوردستانی دەکرد، سەرەتا دەستی لە سەر برینەکانی کەسایەتیی دەدانا کە هۆکارێکی سەرەکییە، جا چ لە ئاستی کۆمەڵگە و چ لە ئاستی تاک. ئێمە ئاشنا نەبووین بەو دیدە، نە لە پەروەردەی خێزانیی، نە خوێندنگە و نە لە بزووتنەوە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی باشور. وەڵامی “تا ئەو کاتەی کۆمەڵگە لە داگیرکاریی ئازاد دەبێت”. کرۆکی تێگەیشتنی ئەو بوو بۆ بوونە بەرهەڵستکارێکی ڕاستەقینە بەرانبەر هزری دەسەڵاتدارێتیی. چیرۆکی دیار غەریب نمونەیەکی بەرجەستە و کۆی چیرۆکەکانی هەموو ئەوانەیە وا دەیانویست ئەو چەرخی دووبارەیەی مێژوو لە جێیەکەدا ڕاوەستێنن. هەزاران گەنجی باشووری کوردستان وەک “ماسییە بچکۆڵە ڕەشەکە” بە پێچەوانەوەی تەوژم مەلەیان کرد. پێچەوانەی ئەو تەوژمەی بەدەوری بازنەیەکی بۆشدا دەیخولاندینەوە، ئەو بەردەوام هەم پرسیاری هەبوو، هەم ئومێدی دەچاند، لەبەر ئەوەی بەردەوام ئومێد لەو هەرێمەدا شكێنراوە، بۆ ئەوەش هەر کەسایەتییەک ئومێد بچێنیت و لە کەسایەتیی خۆیدا بەرجەستە و ڕێکخستنی بکات دەبێتە ئامانجی تیرۆری دەرەکیی و ناوخۆیی.
دیار غەریب بەرانبەر بەو زهنیەتە نەتەوەگەرییە سەرەتاییەی سەرچاوەی زۆرێک لە شکستەکانی سەدەی بیست بوون لە مێژووی هاوچەرخدا، باوەڕی بە چەمک و تێزی نەتەوەی دیموکراتیی هەبوو، ئەویش لە پەرۆشیی کۆکردنەوەی ئایین و ئاینزاکان لە دەوروی یەک و زیندووکردنەوەی پەیامەکەیان کە بەرگرییە لە بەها مرۆییەکان بەرانبەر داگیرکەریی. بەردەوام لە خەمی ئەوەدا بوو باشوور پێویستی بە میکانیزمێکی پاراستن و یەکگرتوویی هەیە. هەمان هەڵوێستی لە ئاست پێکهاتەکانی تریش نیشان دەدا.
ئەو لە پرۆسەیەکی خۆپەروەردەکردن و قاڵبوونەوەدا خۆی لەو پیاوێتییە کلاسیکە داماڵی بوو وا مێژووی دەسەڵاتداریی لە سەر کەسایەتییمان کەڵەکەی کردووە و کردوویەتیە پاسەوانی نامووسی ژن. ئەو لە ئاست ئازادیی ژندا خاکەڕا و دڵنزم بوو، هەر هەنگاوێکی ئازادیی ئەو لە ئازادیی خۆی و ئازادیی خۆی لە ئازادیی ژندا دەبینی. چ واتادارە کاتێک هەڤاڵ دیار بە هەڤاڵێکی ژنی دەگوت؛ “ئەوەی لە مندا گەشەی کردووە، بە خێری خۆم نییە، ئاستی پێشکەوتنی بزووتنەوەی ژنی کوردە”. ئەو خۆی لەو هەوەس و مەیلی دەسەڵاتدارێتییە شۆردبووەوە وا هەموو هەبوونێکی دەوروبەری لە پێناوی دەسەڵاتدارێتییدا دەکاتە قوربانیی، ئەو هەمیشە چاوی لە سەر خاک و بەها هەروەزییەکانی کۆمەڵگە بوو. ئەو هەستەکانی نەدەدایە بەر بای بێخەمیی، ئەخلاقییانە بیری دەکردەوە، ئەخلاقییانە ژیا، ئەو لێگەڕینێکی ئابڕومەندانەی بۆ هەقیقەت کرد و ڕێی بە چەواشەکردنی هەقیقەت نەدا.
تیرۆرکردنی دیار غەریب بە پیلانێکی ورد، پێشوەخت داڕێژراو تاکە تیرۆر نییە لە باشووری کوردستان، بەڵکوو مێژووی لانی کەم پەنجا ساڵی ئەو هەرێمە پڕێتی لە تیرۆری هاوشێوە. چی وا لە داگیرکەرێکی کوردستان و دەسەڵاتێکی هەرێـمیی دەکات لە تیرۆرێکی وەهادا هاوبەش بن، هەڤاڵ دیار غەریب لە دوایین دیداریدا تەنیا ڕۆژێک بەر لە تیرۆرکردنی لەگەڵ گرووپێک پێشمەرگە دەڵێت؛ “دەبێ لە هیچ جێیەک لێبوردەییمان بەرانبەر هەبوون و زهنییەت و سیاسەتی فاشیست- داگیرکەر نەبێت.” دیار غەریب لە هەموو ژیانیدا، بە سەردەمی منداڵیشەوە، کە باسی بیرەوەریی و دڵخۆشبوونی بە بەرگریی پێشمەرگە بەرانبەر ڕژێمی بەعس تا دوایین هەناسەی، تێکۆشانی بەو تێزەی خۆی کردووە. کەسایەتییەک، کە لە ئاستی ڕێبەرییدا بێت، هەمیشە بۆ داگیرکەران و نۆکەرەکانیان مەترسیدارە. هیچ شک و گومانی تێدا نییە زەمینەیەکی ناوخۆیی لە ئامادەسازیی ئەو تیرۆرەدا دەستی هەبوو، بێدەنگیی لە ئاست ئەو تیرۆرە و بەدوادانەچوونی بە زیادەوە مایەی تێگەیشتنە. تا داگیرکەر لەسەر خاکی کوردستان بێت و زهنییەتی نۆکەریی و ناپاکیی و سیخووڕیی کۆمەڵگە بەردەوام بێت، پێ ناچێت ئەمە دوایین تیرۆر بێت. شۆڕشی باشوور بەرانبەر هێڵی ناپاکیی و نۆکەرایەتیی وەڵامدانەوەیەکی بەرزی لە ئاستی ڕێبەرێکی وەک دیار غەریبدا دەوێت. هەڤاڵ هەڵمەت ڕەنجێکی گەورەی دا لە پێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی شۆڕشگێڕ کە دوور بێت لە ڕۆحی خۆپەرەستیی، ئاشنا بێت بە کەلتوور و مێژووەکەی، چاوی هەمیشە لە کوردستان بێت، ناسنامەی کوردی ئازاد شایانی کۆمەڵگەی کوردستان ببینێت و ملکەچ نەبێت. هەر ئەو نەوەیەش دەتوانێت سەرچاوەی ئەو نۆکەرێتیی و سیخووڕییە وشک بکات.