گوتار

نیوسەدە لە ‘حاڵەتی دەرهەق’: ئاخۆ ‘ناچالاککردن’، ‘توانستی’ سیاسەت دەخوڵقێنێت؟

"نەک سڕینەوەی ڕابردوو، بەڵکوو 'ناچالاککردنی'، بۆ ئەوەی 'توانستە' نەژیاوەکانی بۆ سەرەتایەکی نوێ ئازاد بکرێن."

هەیفا کەمال

سێ پەیام و ڕاگەیەندراو، نیشاندەری ئەگەرێکی گەورەی وەرچەرخانن لە ستراتیژی بزووتنەوەی ئاپۆیی؛ لە خەباتی چەکدارییەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی سیاسی و یاسایی. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٥ـی شوبات، بانگەوازێک بوو بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و داوای “ناچالاککردنی” پەکەکەی دەکرد، بەو مانایەی کە لەبەر ئەوەی بارودۆخ و هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان گۆڕاون، پەکەکە وەک ڕێکخراوێک بەو شێوازەی پێشوو، ئیدی ئەرک و ڕۆڵی جارانی نەماوە و پێویستە شێوازی کارکردنی بگۆڕێت؛ “بەو هۆیەشەوە ئەویش وەکوو ئەوانی دیکە گەیشتووەتە کۆتایی ژیانی خۆی و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەیە.” لێرەدا مەبەست لێی کۆتاییهاتنی قۆناغێکە لە شێوازی کارکردنی. ئەمە تەنیا گواستنەوەیەکی سادە نییە، بەڵکوو دەکرێت گەڕان بێت بەدوای شێوازێکی نوێی بەڕێوەبردنی ژیان و سیاسەتکردندا.

بانگەوازەکەی ئۆجالان، کە لە شوێنێکی تایبەتی دەرەوەی یاسا (ئیمرالی وەک نموونەی تەواوی ‘کەمپ’ یان ‘حاڵەتی دەرهەق) دەرچووە، خۆی لە خۆیدا پارادۆکسێکە. ئایا ئەم “قۆناغە نوێیە” هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی “ژیانی ڕووت” – ئەو ژیانەی تەنیا لە ڕووی بایۆلۆژییەوە بوونی هەیە و لە هەر مافێکی سیاسی و یاسایی ڕووت کراوەتەوە – بۆ ناو چوارچێوەی “فەزای گشتی و یاسایی”؟ یان تەنیا گۆڕینی فۆرمی “حاڵەتی دەرهەق”ـە؟ “ناچالاککردنی ئامێرێک” (پەکەکە) کە ئەرکی خۆی (بەرگریی لە “شێواز-ژیان”ـێکی نکۆڵیلێکراو) بەجێ گەیاندووە، دەتوانێت ڕێگە بۆ شێوازێکی نوێی “پێکەوەژیان” خۆش بکات. هەروەها، مەرجە سەرەکییەکەی ئۆجالان، کە سری سورەیا ئۆندەر دوای خوێندنەوەی پەیامە مێژووییەکە گواستییەوە، بریتی بوو لەوەی کە “بۆ ئەوەی لە کردەوەدا چەک دابنرێت و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، پێویستە سیاسەتی دیموکراسی و یاسایی بڕەخسێنرێت.” ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە گواستنەوە بۆ قۆناغی نوێ و دانانی چەک، بەندە بە هەنگاوی بەرانبەر و دڵنیایی یاسایی و سیاسییەوە.

کۆنگرەی دوازدەیەمی پەکەکە و “بڕیارە مێژووییەکانی” وەک وەڵامێک بۆ ئەم بانگەوازە، دەکرێت وەک “کردەیەکی بوێرانەی پەکخەر” ببینرێت؛ واتە، وازهێنان لە شێوازێکی کۆنی کارکردن بۆ ئەوەی فەزایەک بۆ “شێواز-ژیان”ێکی نوێ و ئاشتیانەتر بکرێتەوە. لێرەدا، پاراستنی یادەوەریی و بەهاکان، وەک لە درووشمەکانی کۆنگرەکەدا (“شەهیدان نامرن! ” و “بژی ڕێبەر ئاپۆ!”) دەبینرێت، نەک سڕینەوەی ڕابردوو، بەڵکوو ‘ناچالاککردنی’، بۆ ئەوەی ‘توانستە’ نەژیاوەکانی بۆ سەرەتایەکی نوێ ئازاد بکرێن.” ئەم یادەوەریی و بەهایانە دەبنە بناغەیەک بۆ داهاتوویەکی کراوە، نەک کۆسپ. پرسەنامەکەی ئۆجالانیش بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، تەنیا پرسەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو دووپاتکردنەوەی پابەندبوون بوو بە “ڕۆحی ئاشتی” و جەختکردنەوە بوو لەسەر گرنگیی پەیوەندی مرۆیی، لێکتێگەیشتن و بەردەوامیی کاری هاوبەش لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا بۆ سەرخستنی ئەم قۆناغە گواستنەوەیە و بنیادنانی ئاشتییەکی بەردەوام.

بەڵام وەک هاووڵاتیی، چۆن لەم وەرچەرخانە تێ بگەین؟ پێویستە بە هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە و ئومێدێکی وریاییانەوە سەیری پرۆسەکە بکەین، ڕۆڵی چاودێریی و لێپرسینەوەمان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکان.

لەم نێوەندەدا، دژایەتییەک لە هەڵوێستی هەندێک کەسدا دەبینرێت: پێشتر دەیانگوت “خەباتی چەکداریی باوی نەماوە”، کەچی ئێستا بە نیگەرانییەوە دەپرسن “چۆن دەبێت چەک دابنرێت و پەکەکە هەڵبوەشێتەوە؟!” ئەمە تێکەڵەیەکە لە سۆز، ترسی نادیاریی، گومان لە بەدیل و وابەستەبوون. چارەسەرکردنی ئەم دژبێژییەش، وەک ئۆجالان لە تەواوی پارێزنامەکانیدا بەردەوام ئاماژەی پێ دەدات، لە ڕێگەی ئەو سێکوچکە بنەڕەتییەی “پەروەردە، ڕێکخستن، چالاکی”ـیەوە دەبێت، بۆ بنیادنانی متمانە و تێگەیشتنێکی قووڵتر لەم قۆناغە نوێیانەدا.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...