سیاسەتی میتینگەریی و ژینوسایدی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و ئەرکەکانمان
درووستکردنی قەوارەی باشوور لەلایەن مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە بۆ ئەوەیە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەوڵەتانی دی بەکاری بهێنێت و وەک ئەوەیە پێیان بڵێت: «ئەگەر بە قسەم نەکەن و بە گوێرەی فەرمانەکانی من نەجووڵێنەوە، هەمان شت لە ناو سنووری وڵاتی ئێوەشدا درووست دەکەم».

جەمیل بایک
داگرتنی فایلی PDF
سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی تووشی قەیرانێکی مەزن هاتووە. ڕۆژهەڵانی ناویین لە ژێر کاریگەریی ڕووخێنەرترین دەرئەنجامەکانی ئەم قەیرانەدایە. ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناویین گێژ دەخوات، شەڕی جیهانی سێهەمە و گەلانی فەلەستین، لوبنان و کوردستان، زۆرترین ئێش و ئازار و چەرمەسەریی ئەم شەڕە دەکێشن. ئەم هەرێمە لە ڕووی جیۆستراتیژیی و جیۆپۆلیتیکییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، وادیارە هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەیانەوێت کێشەکانی هەرێمەکە بە شەڕ چارەسەر بکەن. هێشتا دیار نییە ئەم شەڕە چەندێک درێژە دەکێشێت و چ ڕەهەندگەلێک لەخۆ دەگرێت. دەستپێکردنی شەڕ ئاسانە، بەڵام کاتێک شەڕ دەستی پێ کرد و کاریگەریی لە سەر هەرێم و جیهان دانا، ئاوا بە هەمان ئاسانیی کۆتایی پێ ناهێنرێت.
مێژووی سیاسەتەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە سەر ڕۆژهەڵانی ناویین بە گشتیی و کوردستان بە تایبەتیی، بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. لە سەردەمانێکدا دەوڵەتی فەڕەنسا بە پێشەنگایەتیی ناپلیۆن ویستی لە ڕێی میسڕەوە بێتە ڕۆژهەڵاتی ناویین، بەڵام ئەم هەوڵەیان زۆر سەرکەوتوو نەبوو. پاش ئەوەی بەریتانیا لە شەڕی مەیدانی واترلوو (Waterloo) شکستی بە ناپلیۆن هانی، تا ڕادەیەکی زۆر پەتی کۆنترۆڵی ئەورووپا و ڕۆژهەڵانی ناویین و جیهان کەوتە نێو لەپی. هەربۆیە لە پێناو بەردەوامیدانی سەقامگیرانە بە دەسەڵاتی خۆی لە هیندستان و ڕۆژهەڵاتی دوور، پێویست بوو سەرەتا دەسەڵاتی خۆی بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوییندا بسەپێنێت. چونکە ئەم هەرێمە لە بواری ڕێگەی دەریایی و وشکانییەوە پێگەیەکی ناوەندیی هەبوو. لەم ڕووەوە پێگەی جیۆستراتیژیی هەرێمەکە گرنگییەکی مەزنی هەیە.
نەوت و گاز چەرخەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەگەڕێنن و هەبوونی ئەم سەرچاوانە بووەتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجێکی زۆر بۆ سەر هەرێمەکە. بە هەمان شێوە، چڕوپڕیی ژمارەی دانیشتووان وای کردووە هەرێمەکە ببێتە بازاڕیکی بەرفراوان و گرنگ بۆ کاڵاکان، بە تایبەت چەک و تەقەمەنیی. لە هەر دوو شەڕی جیهانییشدا، لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایدارییەوە، هیچ لە بەهای ئەم هەرێمە کەم نەبووەتەوە. تەنانەت دەتوانین بڵێین گرنگییەکی زۆرتری پەیدا کرد.
ڕۆژئاوا هەرگیز دەستی لە حیساباتی خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم هەرێمە هەڵنەگرتووە و ڕیشەی ئەم حیساباتە بۆ سەردەمی شەڕی خاچپەرستەکان دەگەڕێتەوە. ئەورووپا لە ڕێی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە خۆی بەهێز کرد، هەمیشە بە نوێکردنەوە و ڕۆژانەکردنەوەی حیساباتی سەردەمی شەڕی خاچپەرستان، هەوڵی داوە هەژموونی خۆی بە سەر هەرێمەکەدا بسەپێنێت.
لە هەرێمەکەدا دوو ئیمپراتۆری میتینگەری گەورە بە ناوی ئێران و عوسمانیی هەبوون، کە لە هەوڵ و تەقەلای مانەوە و لەسەرپێمانەوەدا بوون. هێزەکانی ڕۆژئاوا لە سەر بنەمای سیاسەتی ‹پەرتکە و زاڵبە› نزیکی ئەم دوو ئیمپراتۆرییەتە دەبوونەوە. هەروەها لە بواری ستراتیژییدا ئەم دوو ئیمپراتۆرییەتەیان وەک بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی هەناردەکانی خۆیان و سەرچاوەی هێزی کاری هەرزان و کەرەستەی خاو (ماددەی خام) بینیوە. چونکە ئەگەر ئەمانە نەبن، هەژموونیش درووست نابێت. لە کاتی پێویستیشدا هێزی سەربازییان بۆ وەشاندنی گورزی مەرگبار لە هەرێمەکە بەکار هێناوە.
هەڵبەتە نەک تەنیا بەریتانیا، بەڵکوو هێزەکانی تری وەک ڕووسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنساش بۆ دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئەم هەرێمە، شەڕیان کردووە. ئەم هێزانە چ بە شەڕ و ناکۆکیی و چ بە پەیوەندیی نێوانیان بێت، تەنیا بە سیاسەتکردن لە سەر دەسەڵاتی ناوەندیی ئەم دوو ئیمپراتۆرییە بەسەندەیان نەکردووە، بەڵکوو سیاسەتیان لە سەر ناوچە جیاجیاکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم ئیمپراتۆریانەش کردووە. بە گواستنەوەی زۆر سیستەماتیکی تەکنەلۆژیا، هێزی چەک، فەرهەنگ و هونەر، مۆد و هتد… بۆ ناوچەکە، هەوڵیان داوە هەژموونی خۆیان دامەزراوەیی و مایندە بکەن.
ئارمانجی سەرەکیی سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە لە بنەڕەتدا دابەشکردنی هەردوو ئیمپراتۆرییەتی هەرێمەکە بووە بە سەر دەوڵەت-نەتەوەدا. بەمشێوەیەش هەرێمەکەی لە ڕێی ئەم دەوڵەت-نەتەوانەوە بە خۆیەوە گرێ دا و دۆخێکی وەک نیو-کۆڵۆنیاڵیی بە سەر هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا هێنا. بە گەشەدان بە سەرمایەدارییش هاوسەنگیی ژینگەیی تێک دا.
ڕێبەر ئاپۆ سیاسەتی مۆدێرنیتەی سەرمایداریی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناویین بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو:» دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویین لە میانی شۆڕشەوە درووست نەکراون؛ بەڵکوو لەلایەن سیستەمی هەژموونگەراوە درووست کراون. ئامانجی سەرەکیی ئەو دەوڵەتانە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە بە ناوی سیستەمەوە بە توندترین شێوە گەلەکانیان بچەوسێننەوە. لەو بوارەوە سەرکەوتووش بوون. هەمان پڕۆسە لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێوە دەچێت. ئەو ڕژێمە داگیرکارییانە لە ژێر ئەو دۆخە کائیۆسییەدا شاراوەن کە لە خۆرهەڵاتی ناوییندا قووڵ بووەتەوە و تەنیا لە میانی کارەساتەوە بەردەوام دەبێت. لە کاتێکدا ڕووداوەکانی چاخی سەرمایەی فینانسی نیولیبراڵیی دوایی هەموو گەلانی ناوچەکەی مەحکومی بێکاریی کردووە، سەرچاوەکان لەناو دەبات و کۆتایی بە ژینگە دێنێت، ئەوا چاکتر درک بە ڕاستیی دەکەین. لە دواشیکاردا لە سەدا دەی ئەو توێژەی سیستەم کە پارە بە پارە قازانج دەکات و باڵادەستیی خۆی بە سەر ژیانی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و کولتوورییدا سەپاندووە، بۆ شاردنەوەی باڵادەستییەکەشی بەردەوام فاشیزمی میللیگەرایی و ئایینیی لە ڕۆژەڤدا دەهێڵێتەوە، ئەمەش سەلمێنەری گەشەکردنی وڵاتان و سەربەخۆیی نەتەوەکان نییە. کاتێک گەلان لە کارەساتبارترین سەردەمی مێژوویی خۆیاندا دەژین، دواپاشماوەکانی کولتووری کۆمەڵگەش لەناو چەرخی دەوڵەت-نەتەوەدا دەتوێنرێتەوە. گوایە لە سەردەمی ماف و ئازادییە کەسییەکانداین، بەڵام ماڵئاوایی لە دواپاشماوەی کەرامەتی تاکەکەس دەکەین. کاتێك دەستەواژەی ژینۆساید شیکار دەکەین، ئەگەر بە گشتیی تاوتوێی بکەین و بە ناوەڕۆکە سیستەماتیکەکەی بگەین، دەتوانین سەرکەوتوو بین. بە بایەخەوە گوتەی «تاقانە» سەبارەت بە ژینۆسایدی یەهوودییەکان بەکار دەهێنرێت. بەڵام ڕاستیی پێچەوانەکەیەتی. لە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا ژینۆسایدی «تاقانە» بوونی نییە. لە هەر کۆمەڵگە، گەل و دەوڵەت-نەتەوەیەک کەم یان زۆر ژینۆساید جێگای باسە. هەندێکیان لە میانەی پەیڕەوی جەستەیی (کۆمەڵکوژیی جەستەیی) جێبەجێ دەکرێن، زۆربەشیان بە شێوەیەکی کولتووریی و پەردەپۆشکراو جێبەجێ دەکرێن. بێبەشکردن لە مێژوو، ئابووریی، بەڕێوەبەرایەتیی و زهنییەت بە لانیکەم هێندەی ژینۆسایدە کولتووریی و جەستەییەکان بەکاریگەر و بێبەزەیین. [1]
پاش ڕووخانی ڕیال سۆسیالیزم، هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە هێرشکردنە سەر ئێراق شەڕی جیهانی سێهەمیان دەست پێ کرد. ڕووخانی ڕیال سۆسیالیزم هاوکات بە واتای کۆتاییهاتنی جیهانی دووجەمسەرییش دەهات. پاش ئەم قۆناغەش هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی هێرشێکی بەرفراوانی دەروونیی-ئایدیۆلۆژیی-فەرهەنگییان کردە سەر هەموو ئەو شتانەی ئازادیی و مرۆڤایەتیی و کۆمەڵایەتیبوونیان پێوە دیار بوو. بە ئاهەنگی پرشنگدار و زرم و کوتێکی زۆرەوە سەرمایەداریی سەرکەوتنی مسۆگەری خۆی بە سەر سۆسیالیزمدا ڕاگەیاند بوو. ئیدی کاتی ئەوە هاتبوو تاکە دەسەڵاتداری دنیا، واتە ئەمریکا، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سیستەمی دڵخوازی خۆیان دابمەزرێنن. ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین پاش ئەم قۆناغە، لە ژێر ناوی سیستەمی نوێی جیهانیی (New World Order) ـدا پڕۆگرامێکیان بۆ گەلان خستە ڕوو. بەم پلانە، بەپێی سیاسەتی ئابووریی نیۆلیبراڵی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی داڕێژرابوو، هەموو ئەو شتانەی شۆڕش و سۆسیالیزمی پێوە دیار بوو، ڕووبەڕووی هێرش و پەلامارێکی ڕژد بووەوە.
لە بنەڕەتدا هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، بە پێشەنگایەتیی ئیمپریالیستە ئینگلیزەکان، هێرشیان کردە سەر پێکهاتەی فەرهەنگیی ڕۆژهەڵاتی ناویین. چونکە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناویین لانکەی شۆڕشی کشتوکاڵییە و خاوەنی فەرهەنگێکی کۆمەڵایەتیی مەزن و ڕیشەدارە. ئینگلیزییەکان لە هەموو کەسێک باشتر دەرکییان بەو ڕاستییە کردبوو کە تا ئەوکاتەی ئەم هەرێمە لە بواری فەرهەنگ و شێوازی بیر و هزردا داگیر نەکرێت، ناتوانن لێرەدا بەردەوامیی بە هەژموونی خۆیان بدەن. هەربۆیە پێش گشت شتێك هێرشیان کردە سەر فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی ناویین.
هێزە میتینگەرەکان چ بە ڕێی ئاشتییانە و بازرگانیی و ڕێگەی هاوشێوە و چ لە ڕێی سەربازیی و زۆرەوە بچنە نێو ئەو وڵاتەوە، ئەگەر گەلی ئەو وڵاتە لە زمان و کەلتووری خۆی دوور نەکەوێتەوە و لە بواری زمان، کەلتوور، ئابووریی، تەکنۆلۆژیا و سیاسەت و سەربازییەوە بەرانبەر باڵادەستیی ئەو هێزە هەژموونگەرایە خۆی بە کەم نەزانێت، ئارەزوویان نەکات و لاساییان نەکاتەوە، ئەوا ئەو هێزە هەژموونگەرە ناتوانێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە. تاکە ڕێی مانەوە ئەوەیە دۆخی دەروونیی ئارەزوومەندانە بۆ لاساییکردنەوەی ئەو هێزە میتینگەرە لە نێو گەلدا درووست ببێت.
هەڵکەوتەی جۆگرافیی کوردستان بە چەشنێکە سەرومڕ لە چەقی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوییندا جێی گرتووە. هەربۆیە ئینگلیزەکان، فەڕەنسییەکان، ئەڵمانەکان و ڕووسەکان زۆر بە سەرنجەوە نزیکی کورد بوونەتەوە. ئەگەر هێشتاش بۆ فێربوونی مێژووی خۆمان هەوڵ دەدەین کەڵک لەو بیرەوەریی، برووسکە و نامانە وەر بگرین وا کاربەدەستانی ئەم هێزانە لە کاتی خۆیدا نووسیویانە یان کەڵک لەو بەڵگانە وەربگرین وا لە ئەرشیڤەکانی ئەم هێزانەدا سەبارەت بە کورد و کوردستان هەن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەم هێزانە تا چ ئاستێک لەگەڵ کورد و کوردستاندا پەیوەندییان هەبووە. وەکو نموونەیەک دەتوانین ئاماژە بەو نامانە بکەین وا ‹هێلموس کارل بێرنارد ڤۆن مۆڵتکە›ـی ئەفسەری ئەڵمانیی بۆ هاوژینەکەی نووسیونی. ئەم کەسە لە ساڵەکانی ١٨٣٠ لە سوپای عوسمانییدا کاری ڕاوێژکاریی و فێرکاریی دەکرد و ڕۆڵی لە سەرکوتی سەرهەڵدانی کورد لەلایەن ئیمپڕاتۆرییەتی میتینگەری عوسمانییەکانییەوە گێڕاوە.
زۆربەی هێزە جیهانییەکان پەیوەندییان لەگەڵ بەگ، سەرخێڵ و شێخە هەڵکەوتووەکانی ئەو سەردەمە داناوە. ئارمانجی ئەم پەیوەندییانە ئەوە بووە لە سیاسەتی خۆیان دژی هەردوو ئیمپراتۆرییەتی ئێران و عوسمانیی، هێزی کوردی وەک هێزێکی یەدەگ و جێگرەوە ئامادە بکەن یان بە پێدانی بەڵێنی جۆراوجۆر جووڵەیان پێ بکەن. بەم ڕەنگەش توانیویانە ببنە خاوەنی گوتە و بڕیار لەمەڕ ئەو ئیپمراتۆرییەتانە و لغاویان بکەن.
ئەوەی تا ئێستا ئاماژەمان پێ کرد، دەروازەیەک بوو بۆ ئەوەی بتوانین شیکردنەوەیەکی زیاتر سەبارەت بەو سیاسەتانەی وا دەوڵەتە میتینگەرکانی سەر بە هێزە ئیمپریالیستییەکان لە سەر کوردستان پەیڕەویان کردووە، بکەین.
سیاسەتی ئینگلیز سەبارەت بە کوردستان ساڵی ١٩٢٠ لە کۆنگرەی قاهیرە داڕێژرا. ئەو بڕیارانەی لەم کۆنگرەیەدا سەبارەت بە کورد و کوردستان وەرگیران، سیاسەتی سەدەی ڕابردوویان داڕشت، ئەمڕۆش سەرەڕای هەندێک جیاوازیی سنووردار، هەمان سیاسەت لە سەر کورد و کوردستان پەیڕەو دەکرێن. وەک دەزانرێت پاش شەڕی جیهانیی یەکەم، هەندێک کۆبوونەوە ئەنجام دران و کۆنگرەی قاهیرەش دوایین دەوری ئەم کۆبوونەوانەیە وا تیایدا چارەنووسی سەد ساڵە هێڵکێش کرا. گەوهەری کۆنگرەکە ئەمە بوو: لە هەرێمەکە قەوارەیەک بە ناوی کوردستان دانامەزرێنرێت، بەڵام بۆ ئەوەی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانی سەر کوردستان لە ڕێ دەرنەچن و بەگوێرەی سیاسەتی هێزە ئیمپریالیستەکان هەڵسوکەوت بکەن، کورد وەک کارتێکی فشار دژی ئەمانە بەکار دەهێنرێت. پاش گفتوگۆی چڕوپڕ لەمەڕ ئەم بابەتانە، کۆنگرەی لۆزان دەبەسترێت و لەم کۆنگرەیەدا کوردستان، کە بەگوێرەی پەیماننامەی قەسری شیرین لە ساڵی ١٩٣٩ دابەشی دوو پارچە بووبوو، کرا بە چوار پارچە و هەریەک لە ئێراق و سووریاش دەسەڵاتی میتینگەریی خۆیان لە سەر دوو بەشی کوردستان دامەزراند. دەوڵەتی ئێراقی ژێر کۆنترۆڵی ئیمپریالیزمی ئینگلیز باشووری کوردستانی داگیر کرد و سووریای ژێر کۆنترۆڵی ئیمپریالیزمی فەڕەنسییش ڕۆژئاوای کوردستان.
پەیمانی لۆزان لە دەیان مادە پێک دەهات، سەرەڕای ئەوەی کوردستانی دابەش کردبوو و کوردی خستبووە ژێر چەقۆی ژینۆساید، بە وشەیەک و گوتەیەکیش بێت ناوی کورد و کوردستانی نەهێنا. ئەمە بابەتێکە و پێویستە بە گرنگییەوە ڕاوەستەی لەسەر بکرێت، جا وردەکاریی نکۆڵیی لە کورد و کوردستان بخرێنە ڕوو.
- سیاسەتەکانی دەوڵەتی میتینگەر و کۆمەڵکوژیی تورک لە سەر کوردستان و دۆخی هەنووکەیی:
وەک دەزانرێت، دەوڵەتی تورکیا لە ٢٩ـی ئۆکتۆبەری ساڵی١٩٢٣، لە سەر بنەمای نکۆڵیی لە کورد و کوردستان، لەلایەن کەسێکی تەڤکوژ و قڕکەری کورد بە ناوی مستەفا کەمال دامەزرێنرا. لە قۆناغی شەڕی ڕزگارییدا، لە تورکیا یاسایەکیان دەرکرد، کە دانی بە مافە نەتەوەییە بنەڕەتییەکانی کوردا دەنا و گەرەنتی ئەوەی دەدا کوردستان ببێتە خاوەنی پێگەیەکی خۆسەر. بەڵام سەرەڕای ئەمە، پاش شەڕی ڕزگاریی ئەو دەوڵەتە تەڤکوژ و قڕکەرەی دامەزرێنرا، سەرپاک نکۆڵیی لە هەبوونی کورد کرد. ئەمەش بووە هۆی کاردانەوەی گەلی کورد بە گشتیی و ڕۆشنبیر و کەسانی سەربازیی و ڕێبەری تەریقەتەکان بە تایبەتیی. دەوڵەتی مژۆکداری تورک هەر بەمەشەوە نەوەستا، کۆتایی بە یاسای خۆسەریی هێنا کە لە ساڵی ١٩٢٠ پەسند کرابوو، لە جیاتی ئەوە ساڵی ١٩٢٤ دەستوورێکی بنەڕەتیی دەرکرد و هەموو ئەو کەسانەی لەنێو سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیادا دەژیان، وەک تورک پێناسە دەکرد، بەم شێوەیەش نکۆڵیی لە هەبوونی کورد بنەمایەکی دەستووریی و یاسایی لەبەر هەڵدوورا. سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران کرا بە پاساوی دەرچوواندنی یاسای ‹تەقریری سکون› و دامەزراندنی ‹دادگای ئیستیقلال›، سەرەنجام پشتبەست بەم یاسایە شێخ سەعید و چلوشەش کەس لە هاوڕێکانی لەسێدارە دران. ئەو شوێنانەی سەرهەڵدانی شێخ سەعید گەشەی لێ سەندبوون، کەوتنە بەر شاڵاوێکی بەربڵاوی کۆمەڵکوژیی و ژینوساید.
هەروەها بۆ بەردەوامیدان بەم ڕەوشە، بە دەرکردنی یاسای ‹پلانی هەمووارکردنەوەی ڕۆژهەڵات Şark İslahat Planı› زمان و کەلتوور و هونەری کورد تێکڕا نکۆڵی لێ دەکرێت، هەموو مافە سیاسیی و نەتەوەییەکانیان لێ دەسێندرێتەوە و لەپێناو لەناوبردنی هەموو ئەمانە، پڕۆگرامێکی تایبەت دادەڕێژرێت. Şark İslahat Planı ئەم پلانە تاکە دەرچەیەک بۆ هەناسەدان و گوزارشت لەخۆکردنی کورد ناهێڵێتەوە. هاوشان لەگەڵ ئەمەش، بڕیار دەدەن سەرتاپێی دیمۆگرافیای کوردستان بگۆڕن. لە ڕێی پارێزگاری تایبەت و یاسای تایبەتەوە میکانیزمێکی دەوڵەتیی بنیاد دەنرێت کە تا دواڕادە میتینگەر و کۆمەڵکوژە. لە بواری ئابوورییشەوە لە لایەکەوە بارێکی ماڵیاتیی گەورە بە سەر کورددا دەسەپێنن و لە لایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد تەنیا وەک هێزی کاری هەرزان بمێنێتەوە و نەتوانێت ببێتە خاوەنی هیچ دارایی و بازاڕێک، هەموو جۆرە تەگبیرێکی ئیداریی و بازرگانیی وەردەگرن. بە کورتیی دەتوانین بێژین سیاسەتێکیان پەیڕەو کرد و پێک هێنا کە تەواو لە سەر بنەمای تەوکوژیی و کۆمەڵکوژیی کەلتووریی کورد بوو.
پاش ئەوەی تێکۆشان و بەرخودانی کورد بە پێشەنگایەتیی ئیحسان نوری پاشا و خۆیبوون لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧-١٩٣٠ و سەرهەڵدانی دێرسیم لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧-١٩٣٨ تووشی شکست بوون و گەلی کورد ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژیی خوێناوڵ بووەوە، ئەمجارە دەوڵەتی تەوکوژی تورک دەستی بە کۆمەڵکوژی سپی کرد و سیاسەتی تەوکوژیی کەلتووریی خستە واری جێبەجێکردنەوە. لە ئەنجامی ئەم قۆناغەشدا، هەوڵیان دا لە ڕێی کۆچی زۆرەملێیەوە کوردستان لە دانیشتووانی چۆڵ بکەن.
دەوڵەتی میتینگەر و تەوکوژی تورک، هەموو چەشنە خەبات و چالاکییەکی هونەریی و فەرهەنگیی پەیوەندیدار بە کورد و کوردستانی ڕێبەند کرد و یاساییەکی دەرکرد هەرکەس بە زمانی کوردیی قسە بکات، بە تاوان لەقەڵەم بدرێت و پێویستە سزا بدرێت. بە سیاسەتێکی تا دواڕادە تەوکوژ و میتینگەر، هەموو مافە نەتەوەیی و کۆمەڵاتییەکانی گەلی کورد، وەک پەروەردە بە زمانی دایک، خۆرێکخستن، سیاسەت، خۆبەڕێوەبەرایەتیی، خۆپاراستن و خاوەنداریی لە دەوڵەمەندییەکانی، پێشێل کرد. ئەو سیاسەتە ئابوورییەی بە سەر کوردستاندا سەپێنرا، نەختوپوخت سیاسەتی ڕاوڕووت و تاڵان بوو، سەرمایەداریی دەوڵەت هیچ کاتێک ڕێی نەدا دەرفەتێک بۆ هاتنەئارای بۆرژوازی کورد بڕەخسێت. لە جیاتی ئەمە، بورژوازی تورک هەوڵی دا لە کوردستاندا توێژێکی کۆمپرادۆری پێکهاتوو لە بەکرێگیراو و خیانەتکارەکانی گرێدراوی خۆی درووست بکات. ئەمانەش لە ژێر چاودێریی بۆرژوازی تورکدا بە بازرگانیی ڕۆژانە و کاری بریکاریی و دەڵاڵییەوە سەرقاڵ بوون و ئەم ئاستەیان تێپەڕ نەکرد.
لە ئەنجامی سیاسەتێکی ئابووریی ئاوادا، گەلی کورد مەحکوومی بێکاریی و برسێتیی بووەوە و ناچار ما وەک هێزی کاری هەرزان کۆچ بۆ گەورەشارەکانی تورکیا بکات. ئەوانەشی دەرفەتیان بۆ ڕەخسا، ملی ڕێیان بۆ ئەورووپا گرتە بەر. کوردەکان ئیدی بۆ ئەوەی لە شارە تورکییەکاندا تەنیا بتوان سکی خۆیان تێر بکەن، شانیان دەدایە بەر زەحمەتترین و قورسترین و پاشکەوتووترین کار و لەگەڵ ئەمەش هەموو سووکایەتیی و بێڕێزییەکیان پێ دەکرا. ئیدی وای لێ هاتبوو کوردیان وەک مرۆڤ نەدەدیت و بە گوتەی وەک ‹ کوردی دڕندە›، ‹کوردی کلکدار›، ‹کوردی کەر›، ‹کەری خودا›، ‹کورد هەر بۆ دۆخواردن باشە› سووکایەتییان بە کورد دەکرد. ئەم دۆخەش خۆی لە خۆیدا، لە بواری زمان و کەلتووردا، زەمینەی بۆ توانەوە و لە بواری نەتەوەییشدا زەمینەی بۆ لەناوچوونی دەڕەخساند. لە ئەنجامدا، هەندێک چین و توێژ لە پێناو ناسنامەی نەتەوەیی خۆیاندا خۆڕاگرییان نواند، هەندێک خۆیانیان شاردەوە، هەندێکیش توانەوە و ون بوون. کوردێکی زۆر ون بوو. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی فراوان سەبارەت بەو کوردانەی ون بوون و بوون بە تورک، بکرێت.
هەر دە ساڵ جارێک کودەتایەکی سەربازیی لە تورکیا ڕووی دەدا. ئەم کودەتایانە و لێکەوتەکانی وەک گوشار و قەدەغە و ئەشکەنجە و هتد… سیاسەتی نکۆڵیی سەر کوردستانیان قووڵتر و قووڵتر کردەوە.
چ بە نەرمونیانیی بێت و چ توندوتیژیی، هەموو جۆرە سیاسەتێک پەیڕەو دەکرا بۆ ئەوەی گوشار بخرێتە سەر کورد تا دەست لە کوردبوونی خۆی هەڵگرێت و بێگانەی ئاو و خاکی نیشتمانی خۆی بێت. لە لایەکی دیکەشەوە، ‹تورکبوون› وەک ڕێی ڕزگاریی لەم دۆخە پێشانی کورد دەدرا. هەوڵ درا جۆرە تاک و کۆمەڵگایەکی کوردیی درووست بکرێت کە ئاشق و سەودای دوژمنی خۆی بێت، ئارەزووەمەند و لاساییکەرەوەی شێوازی ژیانی دوژمنی خۆی بێت و لە کوردبوونی خۆی و نیشتمانی خۆی ڕا بکات. ڕێبەر ئاپۆ پێناسەیەکی بەم شێوەیە بۆ بەرکەوتووانی ئەم سیاسەتە دەکات: »ئەو جۆرە کوردەی لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەدا بەرهەم هێنراوە، لە خۆی دەترسێت و ڕا دەکات، نکۆڵیی لە خۆی دەکات، لەو بڕوایەدایە چەندە نکۆڵیی لە خۆی بکات، وەک مرۆڤێکی مۆدێرن دەبێتە خاوەنی ناسنامە؛ گێل، ساختەکار، نەزان، خۆبەزانازان، خۆبەزلزان، بێئاگا لە ماف و یاسا، ناسیاسیی، نائاسایی و لەناوچووە.»
ڕەنگڕێژبوونی وێنەیەکی ناپاکی لەم چەشنە لە کەسێتیی کورددا تا ڕادەیەکی فرە دەرەنجامی ناپاکیی چینی سەردەستی کۆمەڵگایە، ئەوانەی ماوەیەک باسی کورد و کوردستانیان دەکرد، تەنانەت سەرهەڵدانیشیان بۆ کرد و شکستیان خوارد، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بەرژەوەندیی ئاغا و شێخ و سەرخێڵ و هتد… لە بەردەوامیدان بە تێکۆشانی ئازادییدا ببینن، لە پەسندکردنی دەوڵەتی مژۆکداری تورکدا دەیانبینیەوە. نەک لە خەباتی ئازادییدا، ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو. هەر یەکێکیان وەک کرمی دار، داری کورد-کوردستانیان لە ناوەوە داکڕاند.
دەوڵەتی میتینگەری تورک بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای کوردستان بگۆڕێت، بە پلانێک ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری لە قەفقاز بگرە تا ئاسیای ناویین، لە دەریای ڕەشەوە بگرە تا وڵاتانی باڵکان، هێنا و لە باکووری کوردستان نیشتەجێی کردن.
ئەو تێکۆشانەی بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ لە کوردستان گەشەی سەند، سیاسەتی میتینگەریی و تەوکوژیی سەر کوردستانی تا سنوورێکی باڵکێش خستە ڕوو و بوو بە هۆی ئەوەی زانابوون و هۆشیاریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی لە نێو گەلی کورددا گەشە بسەنێت و تێکۆشان بە پێودانگی ئازادیی ژن پەرە بستێنێت. بە کورتیی و بە پوختیی، ئەو سیاسەتی نکۆڵییەی دەوڵەتی تەوکوژ و میتینگەری تورک لە ڕێی ستەم و توندوتیژییەوە پەیڕەو دەکرا، هێنراوەتە سەر چۆک و ناچاری پاشەکشە کراوە. سەرەڕای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیی ئامادەکراو لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیلەوە بە دیل گیرا و خرایە زیندانی ئیمڕاڵیی، تێکۆشان هەر بەردەوام بووە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی بەزین و مایەپووچیی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تەوکوژ و داگیرکەری تورک.
هەربۆیە، لەبری سیاسەتەکانی پێشوو، دەستیان کرد بە پیادەکردنی سیاسەتێکی ئاوێتەی تورکیی-ئیسلامیی لە سەر ڕاسەری کورد و کوردستان. لە سەر ئەم بنەمایە کاتێک دەوڵەتی تورک بینی تێکۆشانی ئازادیخوازیی لە گەشەدایە، ئەو پارت و تەریقەتە ئیسلامییانەی وا پێشتر لەلایەن دیکتاتۆری فاشیست و کەمالیستەوە قەدەغە کرابوون، قەدەغەیان لە سەر هەڵگیرا، سا ئەم پارت و تەریقەتانە بە پشتیوانیی و هاوکاریی دەوڵەتی فاشیست دەستیان بە ڕێکخستنێکی فراوان کرد. کەسانی وەک نەجمەدین ئەربەکان و تورگوت ئۆزاڵ پێشەنگایەتیی ئەم سیاسەتەیان دەکرد، بەڵام کاتێک ئەمانەش بەهۆی تێکۆشانی ئازادیخوازییەوە تووشی شکست و پاشەکشە بوون، تەییب ئەردۆغان لە ٢٠٠٣ هاتە سەر دەسەڵات و سیاسەتێکی پەیڕەو کرد، کە لە گەوهەردا تەوکوژ و فاشیستییانە بوو، بەڵام ڕواڵەتێکی ئیسلامیی پێ دەدا. لە ماوەی ئەم بیستویەک ساڵەی ڕابردوودا، ئەردۆغان تێگەیشتن و کەشێکی وەهای درووست دەکرد گوایە کێشەی کورد چارەسەر دەکات، بەڵام لە گەوهەردا سیاسەتێکی تەوکوژیی هەمەلایەنەی جەستەیی و کەلتووریی جێبەجێ دەکرد کە لە سەدساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە و ئارمانجەکەی لەناوبردنی گەلی کورد بوو.
AKP لە جیاتی ئەوەی کێشەی کورد لە سەر بنەمای ئازادیی و یەکسانیی چارەسەر بکات، سیاسەتی پاکتاو و هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانی پەیڕەو کرد. ئەمە گەوهەری سیاسەتی AKP بوو. سیاسەتێک، کە لە لایەکەوە لە ژێر ناوی چارەسەردا لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و نوێنەرانی پەکەکە چاوپێکەوتنی دەکرد و لە لایەکی تریشەوە خەریکی داڕشتنی ‹پیلانی چۆکپێدادان› بوو.
حکومەتی فاشیستی AKP-MHP بە شێوەیەکی ڕەسمیی لە باشووردا بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە و لە باکووریش حیزبالکۆنترا (واتە، HUDA-PAR) ـی بەشداریی ئەو پلانی چۆکپێدادانەیان کرد وا دژی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان ئامادەی کردبوو. بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە لە ساڵی ٢٠١٧ بەدوا، بە شێوەیەکی چالاکتر، بەپلانتر و ڕێکخراوتر، بەشداریی پلانی چۆکپێدادان بووە. لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و بە تایبەت بادینان، پەدەکە ڕاستەوخۆ بەشداریی شەڕ و ئۆپەراسیۆنی دژ بە گەریلا نەبووە، بەڵام چالاکانە هەموو جۆرە هاوکارییەک پێشکەشی سوپای داگیرکەر و تەوکوژ و میتنیگەری تورک دەکات، لە پێدانی زانیارییەوە بگرە تا دابینکردنی لۆجیستیک، لە پاراستنی سەربازانی تورکیاوە تا درووستکردنی ڕێگا بەرەو بارەگاکانی گەریلا. بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٢٤ بەدوا، ڕێی بۆ سوپای فاشیست و داگیرکەری تورک کردەوە تا بتوانێت لە تەواوی بادینان بە زرێپۆش و تانک و تۆپەوە هاتوچۆ بکات، جووڵە بە هێزەکانی بکات و لە خاڵە ستراتیژییەکاندا جێگیر ببێت. لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ گوند چۆڵ کراون و لە هەمووی ئەم هەرێمانەدا سوپای فاشیست و داگیرکەری تورک جێگیر کراون.
لە ئەنجامی پەیمانی لۆزاندا، دەوڵەتی میتینگەر و تەوکوژی تورک ناچار ما موسڵ و کەرکووک بۆ ئیمپریالیزمی ئینگلیز جێ بهێڵێت. بەڵام دەسەڵاتدارە فاشیستەکانی تورکیا، لە سەرووی هەمووشیانەوە، مستەفا کەمال، بۆ وەرگرتنەوەی موسڵ، بە ئاشکرا و بە نهێنیی، هەوڵی زۆری دا. لەم دواییانەشدا، هەردوو سەرۆکی فاشیست، ئەردۆغان و باخچەلیی، بە نیشاندانی نەخشەی موسڵ و کەرکوک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایانگەیاند مەبەستی داگیرکردنی ئەم دوو شوێنەیان هەیە، بەڵام هیچ یەک لە بەشدارانی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان بەرانبەر ئەم لێدوانەی ئەردۆغان نەنواند.
لە هاوینی ٢٠٢٤، ئێراق و بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە و دەوڵەتی تەوکوژ و داگیرکەری تورک لە سەر بنەمای پاکتاوی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، ڕێککەتنێکیان واژۆ کرد. وەک پێویستییەکی ئەم ڕێککەوتنە، دەوڵەتی تەوکوژی ئێراقیش بەشداری ئەم پلانی پاکتاوە بووە. هاوپەیمانی AKP-MHP، بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە و حیزبی کۆنترا (هوداپار) هەم لە باکووری کوردستان و هەم لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، هێرشێکی بەرفراوانیان بە مەبەستی گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ و پاکتاوی گەریلا و پاشەکشەپێکردنی خەباتی یاسایی و دیموکراتیی و شکاندنی ئیرادەی گیراوانی ئازادیی لە زیندانەکانی تورکیا، دەست پێ کردووە. بەرانبەر ئەمەش، وێڕای هەموو هەلومەرجێکی دژوار، ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمڕاڵیی و گەریلا لە هەموو شوێنێک، خۆڕاگریی دەنوێنن. خۆڕاگریی گەلی کوردیش، بە تایبەت خۆڕاگریی ژنان و گەنجان بەردەوامە.
دەوڵەتی میتینگەر و تەوکوژی تورک دەیەوێت بە پاکتاوی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان هەژموونی خۆی بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوییندا بسەپێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش پلانێکی هەمەلایەنەی داڕشتووە و بەڕێوەی دەبات. بەڵام لە ئەنجامی خۆڕاگریی بزووتنەوەکەمان لە ئەم ٢-٣ ساڵەی دواییدا، حکومەتی AKP-MHP لە بواری سیاسیی، دیپلۆماسیی، ئابووریی، دارایی، سەربازیی و جەماوەرییدا تووشی پاشەکشێیەکی ڕژد بووەتەوە. دەوڵەتی تەوکوژ و فاشیستی تورک ڕووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی مێژووی خۆی بووەتەوە. لە جیاتی ئەوەی چۆک بە پەکەکە دابنێت و هەڵی بوەشێنێتەوە، خۆی دووچاری چۆکدانان و هەڵوەشانەوە بووە.
- سیاسەتەکانی دەوڵەتی میتینگەری ئێران سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی هەنووکەیی.
کورد و فارس وەک دوو گەلی دراوسێی یەکتر ڕیشەدارترین گەلی ئەم هەرێمەن. ڕیشەی ئەم دوو گەلە دراوسێیە بۆ سەردەمی شۆڕشی کشتوکاڵیی دەگەڕێتەوە و ئاڵۆگۆڕێکی زۆر لە نێوانیاندا هەبووە. کاتێک پارسەکان لە ئەنجامی ناپاکیی هارپاگۆس دژی ئاستیاگ مادەکانیان ڕووخاند، سیاسەتێکی میتینگەرییان هەندێک جار لە سەر بەشێکی کوردستان، هەندێک جاریش لە سەر هەموو کوردستان، بەڕێوە بردووە. بە تایبەت پاش کۆمەڵکوژ و و پاکتاوی ماگەکان، هەژموونی ئایدیۆلۆژیی کەوتە دەست پارسەکان و پشتبەست بەم هەژموونە، سیاسەتێکی کاریگەرتریان لە سەر کورد پەیڕەو کرد.
کوردستان لە کاتی هێرشی ئەسکەندەر بۆ هیندستان، لە کاتی شەڕی نێوان یۆنان و پارسەکان، لە سەردەمی شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ڕۆم-ساسانیی و بیزانس-ساسانیی، لە شەڕەکانی عەرەب-فارس و عوسمانیی-سەفەوییدا هەمیشە گۆڕەپانی شەڕ و ناکۆکیی بووە لە نێوان فارسەکان و ئەو هێزانەی لە ناوچەکانی ترەوە ڕوویان لێرە کردووە. کوردەکان لە بەدەستخستن و پاراستنی ئەو شوێنەی ئەمڕۆ فارسەکان وەک نیشتمانی خۆیان دەستنیشانیان کردووە، خاوەن ڕۆڵێکی مەزنن.
کوردستان بۆ یەکەم جار ساڵی ١٦٣٩ لە نێوان فارسەکان و ئیپمراتۆری تەوکوژی عوسمانییدا دابەش بوو. لە قۆناغی پارسەکان بەدوا، ئەو سیاسەتانەی لە سەر ناوی فراوانخوازیی و میتینگەریی پەیڕەیان کردووە، لە شێوازی سیاسەتی زۆر هێزی تر جیاواز بووە. یاساکانی ساتراپ پەیڕە کراون، دەستێوەردانیان لە کاروباری ناوخۆیی و زمان و کەلتووری ئەو گەلانەی کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی میتینگەرییان نەکردووە، لە بواری بەڕێوەبەرایەتییشدا جۆرێک لە پاراستنی تایبەتمەندییە ناوخۆییەکان هەبووە. بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی پەیوەندییان لەگەڵ هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، بە تایبەت ئینگلیزییەکان لە باشووری ئێران و ڕووسەکان لە باکووری ئێران، شێوازی بیرکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوە کاریگەرییەکی خێرای لە سەر سیاسەتی ناوخۆیی ئێران دانا.
تا کاتی شەڕی جیهانی دووەم، ڕووس و ئینگلیز کاریگەرییان لە سەر دەوڵەتی میتینگەری ئێران هەبووە. لەم نێوەندەدا، کاریگەریی و ڕۆڵی ئینگلیزەکان چارەنووسسازتر بووە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، پاش شۆڕشی مەشروتییەت دژی ڕژێمی پاشایەتیی، بیری دەوڵەت-نەتەوە کاریگەرییەکی هەڵکشاوتری لە سەر هەڵسوکەوتی دەسەڵاتداران داناوە. ڕەزا خان پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ مستەفا کەمالی کوردکوژ داناوە و هەوڵی داوە مۆدێلی ‹یەک زمان، یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە›ـی مستەفا کەمال لە ئێران جێبەجێ بکات. لە کاتی خۆڕاگریی ئاگرییدا، بە ئارمانجی سەرکوتکردنی ئەم سەرهەڵدانە، ئێران سنوورەکانی خۆی گۆڕی و ئاسانکارییەکی زۆر گەورەی بۆ تورکە میتینگەرەکان کرد، بۆ ئەوەی بتوانن بە هاوبەشیی لەگەڵ دەوڵەتی میتینگەری تورکدا بزووتنەوە کوردییەکان سەرکوت بکەن، پەیمانی سەعدئابادیان واژۆ کرد. پاش ئەوەی خۆڕاگری سمکۆی شکاک لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکدا شکستی خوارد، پاش پاکتاوی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دوابەدوای شەڕی جیهانی دووەم، ئیدی خەڵک ناچار کرا بە فارسیی قسە بکات، گەلان لە مافەکانی وەک زمان و کەلتوور و سیاسەت و خۆبەڕێوەبەرایەتیی بێبەش کران و هەرجۆرە هەوڵدانێکیش لەم پێناوەدا بێبەزییانە سەرکوت کرا. زۆر شاری کوردستان، لە سەرووی هەمووشیانەوە لوڕستان، تا ڕادەیەکی زۆر فارسێنراون. سیاسەتێکی بەرفراوانی تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی جێبەجێ دەکرێت.
دەوڵەتی ئێران، گەرچی وەک دەوڵەتی میتینگەر و تەوکوژی تورکیاش دەستی بۆ سیاسەتی زەبروزەنگیش نەبردبێت، بەڵام بە شێوەی جیاواز سیاسەتی تەوکوژیی فەرهەنگیی پەیڕەو کردووە. ئەگەر زمان و کەلتوورێک بە دامەزراوەیی نەبێت، لە خوێندنگە نەبێت بە بەشێک لە سیستەمی پەروەردە، بە شێوەیەکی فەرمیی دانی پێدا نەنرێت، ئەوا لەگەڵ تێپەڕینی کات ئەو زمانە ناتوانێت بەرانبەر زمانی دامەزراوەیی دەوڵەت لە توانەوە و لەناوچوون ڕزگاری ببێت. سیستەمی ئابووریی و دارایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرتاپێ لە دەستی دەوڵەتدایە.
ئێران لە سەردەمی ڕژێمی شا، پشتیواینی بنەماڵەی بارزانیی کرد و بەرانبەر ئەمەش هەم نیشتمانپەروەرەکانی ڕۆژهەڵاتی دا بە کوشت و هەم لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەم بنەماڵەیەوە ویستی کێشەی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ دەوڵەتی میتینگەری ئێراق چارەسەر بکات. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کە نەفرەتی لە ڕژێمی شا دەکرد، پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ئەم ڕژێمە، ئەویش هەر لە بەکارهێنانی هەمان سیاسەتی شا دژی کورد نەسڵەمیوەتەوە. دەسەڵاتی ئیسلامگەرای ئێران بە پشتبەستن بە بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پاکتاو کرد و نکۆڵی لە هەموو جۆرە مافێکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات کرد. دەسەڵاتدارانی ئێران بە کردنەوەی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی کوردیی، گەرەکیانە ڕاستەوخۆ بە زمانی خودی کورد لەگەڵ کورد قسە بکەن، بەڵام لەم ڕێگایەشەوە سیاسەتی درێژخایەنی توانەوە و قڕکردنی فەرهەنگیی بە ئەنجام بگەیەنن.
لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٢ و پاش کوشتنی ژینا ئەمینیی، ئەو سەرهەڵدانانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درووشمی ‹ژن، ژیان، ئازادیی› دەستیان پێ کرد و لە نێو هەموو گەلانی ئێران بڵاو بوونەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەنجامی پێویستیان نەگرت، بەڵام هەنگاوێکی گرنگی دیمۆکراتیزەبوونی ئێران بوون و ئەزموونێکی پڕ لە نەرخ و بەهایان بەرهەم هێنا. ئێران وەک یەکێک لە دەوڵەتە هەرێمییەکانی بەشدار لە شەڕی جیهانیی سێیەم، ڕووربەڕووی دۆخێکی تا دواڕادە قەیراناویی بووەتەوە. هەربۆیە لە جیاتی ئەوەی هەنگاو بەرەو دیموکراسیی هەڵبگرێت، چ لە ڕێی سێدارە و چ لە ڕێی کوشتنی سەر شەقامەکان، ڕێی پاکتاوی هێزە دیمۆکراسییەکانی هەڵبژاردووە.
دەوڵەتی میتینگەری ئێران، لە قۆناغێکدا شەڕی جیهانی سێیەم لە هەرێمەکەدا تەشەنە دەکات و ئەم شەڕە خۆیشی گرتووەتەوە، لە بواری ئابووریی، سیاسیی، دیپلۆماسیی و سەربازییدا ڕووبەڕووی قەیرانی ڕژد بووەتەوە. پەرەسەندنی شەڕ تا ئەم ئاستە، نیشانەی قووڵبوونەوەی ئەم قەیرانەیە. ئێران دوو ڕێگای لە بەردەمدایە. یان بە شێوەیەکی بنەڕەتیی پەرە بە دیموکراسیبوون دەدات، یان بە بەشدارییەکی چالاکانەتر لە ناو ئەم شەڕەدا دەکەوێتە قۆناغێکی پڕ لە زۆر و زەحمەتی و وێرانیی کە کەس لە ئێستاوە ئەنجامەکەی بۆ پێشبینی ناکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە ڕاستینەی مێژوویی ئێران، بە پێکهاتە فرە نەتەوەیی، فرەئایینیی و فرەمەزهەبییەکەیەوە دەتوانێت قۆناغێکی بەهێزی دیموکراسیبوون لە هەرێمەکەدا دەست پێ بکات، بەڵام وادیارە بەختی ئەم بژاردەیە کەمە. وەک دەبینین دەوڵەتی ئێران تەنانەت لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بۆ ئەوەی ئەزموونی دیموکراتیی کوردان لە بەرژەوەندیی ڕژێمی بەعس پاکتاو بکات، سیاسەتێکی زۆر هێرشبەرانەی گرتووەتە بەر.
وەک دەبینین سەرەڕای ئەوەی خۆڕاگریی و سەرهەڵدانی جەماوەریی مەزنی گەلانی ئێران چەند ساڵ جارێک دووپات دەبنەوە بەڵام ئانجامی پێویست بە دەست ناخەن. هۆکاری بنەڕەتیی ئەم ئەنجامنەگرتنە ئەوەیە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاستینەی ئێرانیان بە شێوەیەکی قووڵ شیکار نەکردووە و لە سەر ئەم بنەمایەش ئامادەکاریی ئایدیۆلۆژیی، سیاسیی و جەماوەرییان نەکردووە. واتە تێگەیشتنێکی تێروتەسەلیان لە تایبەتمەندییەکانی ڕژێمی میتینگەری ئێران نییە و بەگوێرەی ئەمەش خۆیان نەگەیاندووەتە ئاستی پێویستی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی. لێرەدا پێویستە کاریگەرییەکانی سیاسەتی نەتەوەپەرەستیی سەرەتایی پەدەکە، بۆچوونی بەرتەسکی خۆدموختاری خوازی و تایبەتمەندیی چینایەتیی سەرکردە و پێشەنگەکان ببینین. بە تایبەت، دیاردەی کۆچکردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرەو ئەمریکا، ئەورووپا و کانەدا مایەی تێڕامانە. هەروەها سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات گەورەترین گورزیان لەلایەن بنەماڵەی بارزانی-پەدەکەوە بەرکەوتووە، هێشتاش لە ژێر پەڕ و باڵی پەدەکە و گفت و بەڵێنی بنەماڵەدا ماونەتەوە. ئەم دۆخە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم حزبانە هیچ پێداگیرییەکی شێلگیرانەیان بۆ دیمۆکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە. نیشانەی ئەوەیە هیچ ئەنجامێکیان لە پاکتاوی شۆڕشی ڕۆژهەڵات بەدەست نەخستووە و لە دۆخی خۆڕەخنەییدا نیین. هەڵەیەکی تری ئەم هێزانە ئەوەیە؛ لە جیاتی ئەوەی پشت بە دینامیکی ناوخۆیی ڕۆژهەڵات و ئێران ببەستن، پشتیان بە دەستێوەردانی دەرەکیی بەستووە. ئەگەر بە پێودانگی خۆڕەخنەکردنێکی قووڵ ئەزموونی پێویست لە شکستەکان وەرنەگیردرێت، ئەوا هیوای سەرکەوتن لاواز دەبێت و پاشەکشێ دەکات.
- سیاسەتەکانی دەوڵەتی میتینگەری ئێراق لە سەر باشووری کوردستان و دۆخی هەنووکەیی
بە درێژایی مێژوو گەلی عەرەب و گەلی کورد بەردوام لەگەڵ یەکتر ژیاون. ئاڵۆگۆڕی زۆریان لە نێواندا بووە. هەم گەلی کورد و هەم گەلی عەرەب سەردەمانێکی درێژیان لە قووڵایی ژیانی کشتۆکاڵییدا بەسەر بردووە و پێکڕا ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتیان نۆشیوە. لەگەڵ هاتنی سەڵاحەدینی ئەیوبیی کورد و عەرەب بە درێژایی سەدان ساڵ چارەنووسێکی هاوبەشیان. ئەم دوو گەلە خاوەنی پەیوەندییەکی ڕیشەداری بەم ڕەنگەن، لە سەدەی نۆزدەهەم بەملاوە، بەهۆی ستەم و چەوسانەوەی ئیمپراتۆری عوسمانیی هەریەکەو بە شێوازێکی جیاواز لە چارەیەک دەگەڕان. بەڵام سەرەتاکانی سەدەی بیستەم یەکێک لەم گەلانە، وەک پێویستییەکی پلانی ئینگلیزەکان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناویین، لەپڕ خۆی لە نێو وڵاتێکدا دیتەوە کە ناوی ئێراقە و لەلایەن ڕژێمێکی ماندایی (ڕاسپێردراو لەلایەن ئینگلیزەوە) بەڕێوە دەبردرێت. پادشایەکیان هێنایە سەر ئەم وڵاتە کە تەواو لەگەڵ ئاو و خاک و گەلەکەی نامۆ بوو، بەم شێوەیە دەوڵەت-نەتەوەیەک لە سەر گرێژەنە (میحوەر)ـی عەرەب دامەزرێنرا. ئەو کوردانەشی لەنێو سنوورەکانی ئەم دەوڵەتدا بوون، وێڕای هەموو ئەو بەڵێنانەی پێیان درابوو، بە پلانێکی جیاوازتر تەواو بێ پێگە و قەوارە هێڵرانەوە و کەوتنە ژێر ڕەحمی حوکمی پادشایی عەرەبی ئێراق.
بەگوێرەی ئەو بڕیارانەی لە کۆنگرەی قاهیرە سەبارەت بە کورد وەرگیرابوون، پێویست بوو کورد بێ ستاتۆ بمێنێتەوە و مافی دامەزراندنی دەوڵەتیشی نییە. هەربۆیە سەرهەڵدانی شێخ مەحموود سەرکوت کرا و ڕێی پێ نەدرا بۆ جارێکی دی خۆی کۆ بکاتەوە. بابەتی موسڵ و کەرکووک، کە لە پەیمانی لۆزان مشتومڕی لە سەر کرابوو، بەهۆی پێگەی جیۆستراتیژیی و سەرچاوەی دەوڵەمەندیی ژێرزەوی، ساڵی ١٩٢٦ ڕادەستی دەسەڵاتی دەوڵەتی ماندایی (ڕاسپێردراو)ـ ئێراق کرا. بەم شێوەیە باشووری کوردستان نە نکۆڵی لێ کرا، نە ڕێگەشی پێ درا دەوڵەتێک بۆ خۆی درووست بکات، بەڵکوو بڕیار درا لە یەکلاییکردنەوەی هاوسەنگیی و کێشمەکشە هەرێمییەکاندا وەک ئامڕازێک بەکار بهێنرێت. هەربۆیە لە بوارەکانی زمان و کەلتووردا هەندێک مافی پێ درا. بەڵام لە سەر بنەمای گۆڕینی دیمۆگرافیا، سیاسەتی تەعریب لە هەرێمەکە، بە تایبەتیش لە کەرکووک، کەوتە واری جیبەجێکردنەوە، وەک دەبینین، ئەمە تاڕادەیەکیش ئەنجامی بەدەست خستووە. لێرەدا ئەوەی چارەنووسساز بوو، مسۆگەرکردنی پاراستنی ڕێگای هیندستان و ڕێگریی بوو لەوەی نەوتی موسڵ و کەرکووک بکەوێتە دەستی ڕژێمی میتینگەر و قڕکەری تورک، کە لەوکاتەدا پەیوەندیی لەگەڵ سۆڤێت هەبوو. لە سەردەمی خۆیاندا هەموو ئەمانە بە هەنگاوی گرنگی سیاسیی و سەربازیی هەژمار دەکران.
پاش جەنگی دووەمی جیهانیی، ڕێکخستنێک لە باشووری کوردستان بە ناوی پەدەکە درووست بوو. پاش ئەوەی ساڵی ١٩٥٨ عەبدوسەلام عارف بە کودەتایەکی سەربازیی ڕژێمی میتینگەری پاشایەتیی لە ئێراق ڕووخاند، مەلا مستەفا بارزانیی لە یەکێتیی سۆڤێت گەڕایەوە، بە تەواوەتیی دەستی بە سەر پەدەکەدا گرت، ئەم ڕێکخستنە گۆڕا بۆ پارتێکی بنەماڵەیی و مۆرکی دەرەبەگایەتیی و خێڵگەرایی لێ دا. هەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی بنەماڵە، بە هاندان و هاوکاریی دەسەڵاتی میتینگەری ئێران و ئاڕاستەکردنی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکا و بە ئارمانجی لاوازکردنی دەوڵەتی میتینگەری ئێراق بەرانبەر ئیسرائیل، جووڵەی پێ کرا. لە کاتێکدا ڕێککەوتن لەگەڵ عەبدوسەلام عارف لە بەرژەوەندیی باشووری کوردستاندا بوو و وەک پێویستییەکی قۆناغەکە خۆی دەسەپاند، بەڵام بەرژەوەندیی هێزە میتینگەرەکانی وەک ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێران، نەک ڕێککەوتن، بەڵکوو شەڕیان دەسەپاند. لەگەڵ ڕێککەوتنی ١٩٧٥ـی جەزایر لە نێوان ئێران و ئێراق، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هێزێکی سەد هەزار کەسیی پێشمەرگە و میلیشیا لەناکاو ڕووخا و ئاشبەتاڵ ڕاگەیەنرا. پاش ئاشبەتاڵ مەلا مستەفا بە خۆی و بە بنەماڵەکەیەوە پەنایان بردە بەر شای ئێران و لە هەوڵی ڕزگارکردنی ژیانی خۆیاندا بوون. بنەماڵەی بارزانیی هیچ پەیوەندییەکی بە ئیرادەی ئازادیخوازیی و هێزی ستراتیژی گەلی کوردەوە نەبوو، بەڵکوو وەک درێژکراوەیەکی تاکتیکیی هێزە دەرەکییەکان لە هەوڵی پاراستنی هەبوونی خۆیدا بوو. هەربۆیە کاتێک ستراتیژی هێزە دەرەکییەکان گەیشتە ئامانجی خۆی، ئیدی پێویستییان بەم ئامرازە تاکتیکییە نەما و بەجێیان هێشت.
بنەماڵەی بارزانیی، لە کاتێکدا لە هەلومەرجە هەرێمییەکانی ساڵانی ١٩٨٠ دەرفەتی ئەوەیان هەبوو بە پشتبەستن بە هێزی خۆیان لەو دۆخەی تێی کەوتبوون، ڕزگاریان بێت، بەشی زۆری توانا و هێزی خۆیانیان بۆ پاکتاوی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەشی ڕژێمی خۆمەینیی کرد، بەشێکی تریشیان بۆ کۆنترۆڵکردنی (یان ئەگەر نەکرا، پاکتاوکردنی) پەکەکە خستە گەڕ، تا بەم ڕەنگە بتوانن پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی میتینگەر و قڕکەری تورکیا دابمەزرێنن. یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەم قۆناغەدا لە بنەماڵەی بارزانیی جیا بوونەوە، بەڵام ئەم جیابوونەوەیە ئیرادە و هێزێکی خۆڕسکی دەرنەخستە ڕوو، هەر بۆیە نەبووە هۆی لاوازکردنی بنەماڵەی بارزانیی. بە پێچەوانەوە، بنەماڵەی بارزانی جارێکی دی دەستی هاوکاریی و بەکرێگیراویی بۆ هێزە دەرەکییەکان درێژ کردەوە، بەم پێودانگەش خۆیانیان بەهێز کردەوە.
بە تایبەت شەڕی یەکەمی کەنداو، کە دوای ڕووخانی سۆسیالیزمی بونیادنراو (سۆڤیەت) و هێرشی داگیرکاریی ڕژێمی فاشیست و تەوکوژی سەددام بۆ سەر کوەیت دەستی پێ کرد، دەرفەتی زۆر لەباری بۆ یەکگرتنەوەی باکوور و باشووری کوردستان ڕەخساند. لە کاتێکدا دۆخەکە بۆ قۆستنەوەی ئەم هەلە لەبار بوو، بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە، بە ئاڕاستەکردنیان لەلایەن ناتۆ، سەهیۆنییەکانی ئیسرائیل و ئەورووپاوە، یەنەکەشی خستە پاڵ خۆی و لە ساڵی ١٩٩٢ هێرشی کردە سەر پەکەکە. بەم شێوەیە بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە زەمینەی داگیرکردنی هەمیشەیی باشووری کوردستانی بۆ دەوڵەتی میتینگەر و قڕکەری تورک خۆش کرد. لە هەموویان گرنگتر، بەرانبەر گورزوەشاندن لە پەکەکە و هێنانی دەوڵەتی میتینگەری تورک بۆ باشووری کوردستان، بنەڕەتی ستاتۆی فیدراڵ ئامادە کرا و ئەم ستاتۆیە کەوتە ژێر چەتری پاراستنی هیزی چەکوشی ناتۆوە. هەموو ئەمانە لە پێناو چیدا ئەنجام دران؟ وەک چۆن هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو دەستەبەرکردنی پشتیوانیی دەوڵەتی ئێران پاکتاو کران، ئاواش هەوڵ درا بەرانبەر دانپێدانانی دەوڵەتی تورک بۆ ستاتۆی باشوور، پەکەکەش پاکتاو بکرێت.
ئەو ستاتۆیەی لە باشووری کوردستان دامەزرێنراوە هیچ خێرێکی بۆ خەڵکی باشوور نەبووە. ئەم ستاتۆیە جگە لە دەوڵەمەندکردنی بنەماڵەی بارزانیی و گرووپێکی زۆر تەنگی دەوروبەریان، کە بە دڵ و گیان پشتیوانیی لە بەرژەوەندییەکانی ئەم بنەماڵەیە دەکەن، هیچ قازانجێکی بۆ خەڵک باشوور نەبووە. ڕاستە ستاتۆیەک دەستەبەر کراوە، بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی ئەم ستاتۆیە وەک مەقاش و دەسکەلای دەستی هێزە دەرەکییەکان، دژی بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان کاری کردووە. ئەو دەسەڵاتەی بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکە لە باشوور دایمەزراندووە، دیموکراتیی نییە، هیچ حیسابێک بۆ خەڵک ناکات، نەوت و گاز و کانزای ئەم وڵاتە بۆ خۆی دەفرۆشیت، داهاتی گومرک و هەموو ئەو داهاتەی لە ئەنجامی پەیوەندییە بازرگانیی و داراییەکاندا بە دەست دێت، بۆ خۆی کۆی دەکاتەوە و بەم شێوەیەش دەستیان بە سەر دەیان ملیارد دۆلار پارەی ئەم نیشتمانەدا گرتووە. لە کاتێکدا خەڵک بە دەست هەژاریی و برسێتییەوە دەناڵێنێت، تاقمێکی دز و جەردە بە پشتبەستن بە درووشم و گوتاری نەتەوەپەرەستیی، هەرچییەک گرێدراوی نەتەوە و نیشتمان بێت، فرۆشتوویانەتە دوژمنانی نەتەوە و نیشتمان.
لە بواری کەلتوورییشدا، ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی بەم ئاو و خاکە و مێژووکەیەوە نەبێت، بە سەر خەڵکدا دەیسەپێنن و کەلتوور، کەسایەتیی و کۆمەڵگایەکی بێگانە پێک دەهێنن. لە نەوەدەکاندا هەزاران کەسی باشووری لەلایەن ئەمریکاوە پەروەردە کران. کاریگەرییەکانی ئەم پەروەردەیە ئێستا لە سیاسەت، یاسا، بازرگانیی مۆد و فاشیۆندا دەبینین. ئەگەر ئەمڕۆ ٣٠٠ تا ٤٠٠ گوندی باشوری کوردستان و جوگرافیایەکی فراوان و بەرین لەلایەن دەوڵەتی میتینگەر و قڕکەری تورکەوە داگیر کراوە و کاردانەوەیەکی شێلگیر بەرانبەر بەم داگیرکاریە دەرناکەوێت، پێویستی بە تێڕامانێکی زۆر قووڵ هەیە. ئەو گەلەی ئامادە بوو لە پێناو خاک و نیشتماندا گیانی خۆی بەخت بکات، ئێستا وای لێ هاتووە بووەتە پۆلیسی هاتووچۆ بۆ تەراتێنی داگیرکەر و لە ئاست تاوانەکانی ڕژێمێکی فاشیستدا بێدەنگ دەمێنێت. ئەم گەلە چۆن وای لێ هات؟ تێگەیشتن لەم بابەتە دژوارە. وەک بڵێی ئەمەش تێر نەکات، پەدەکە ئەو چەتانەی هێناوەتە بادینان وا نەک تەنیا دوژمنی کوردن، بەڵکوو دوژمنی هەموو مرۆڤایەتیین، تەنیا بۆ ئەوەی گەریلای ئازادیی کوردستان پاکتاو بکەن. هێنانی ئەم چەتانە و جێگیرکردنیان لە بادینان، هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت. چ نەتەوایەتییەک، نەتەوەپەرەستییەک یان نیشتمانپەروەرییەک ئەمە هەڵدەگرێت؟ ئەم کارە لە کتابی هیچ نەتەوایەتیی و نیشتمانپەروەرییەکدا جێی نابێتەوە. بەڵام لە پێناو بەرژەوەندیی بنەماڵەی بارزانیی-پەدەکەدا جێ بۆ هەموو ئەم تاوان و خیانەتانە دەکرێتەوە.
هەموو ئەمانە هەروا لە خۆیانەوە ڕوویان نەدا. هەموویان دەرنجامی پلانێکن. ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە باسی هۆکارەکانی تووشبوونی باشوور و بە تایبەت بنەماڵەی بارزانیی بەم دۆخەی ئێستا دەکات:» ڕاستینەی باشووری کوردستان لە ئاکامی حساب و لێکدانەوەی شەڕی ساردەوە گەرم دەکرا. بە ئامانجی بەربەستکردنی حوکمی گەلی کورد بە سەر چارەنووسی خۆیدا کە لە بواری جەستەییدا بوونی خۆی پاراستبوو، هەروەها بۆ ئەوەی لە دۆخی سەربازگەیەکی پێشووی سیستەمدا بێت بەردەوام کوردستانێکی بچووککراوە لە ڕۆژەڤ و یەدەگدا مایەوە. ئەمجارە بەرژەوەندییەکانیان ئەوەی دەکرد بە پێویستییەک. هەروەک چۆن لە بەرانبەر لەدەستدانی هێلینیی و ئەرمەنییەکان بۆ نیشتمانی مێژووییان وەک قەرەبووکردنەوەیان و دانەوەی قەرز مەحکومی دەوڵەتۆکەی بچووک کران، ئەو دیاردەیەی بە کوردستانی ئێراقیش ناو دەبرێت بە هەمان شێوە خرایە ڕۆژەڤەوە»[2].
درووستکردنی قەوارەی باشوور لەلایەن مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە بۆ ئەوەیە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەوڵەتانی دی بەکاری بهێنێت و وەک ئەوەیە پێیان بڵێت: «ئەگەر بە قسەم نەکەن و بە گوێرەی فەرمانەکانی من نەجووڵێنەوە، هەمان شت لە ناو سنووری وڵاتی ئێوەشدا درووست دەکەم». لە دۆخێکی وەهادا، کورد وەک ئامڕاز و گۆچان و داردەستێک بەکار دەهێنرێن. ئەی باشە، لە شوێنێکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناویین کە موزایکی گەلانە، کێ دەبێتە دۆستی ئەم گەلە؟ گەلان ناتوانن دراوسێکانی خۆیان بگۆڕن. کەوابوو، ناکۆکیی نێوان گەلان و گەمەی دەسەڵاتە هەژموونگەراکان لە سەر ئەم ناکۆکییانە بەردەوام دەمێنێتەوە. خراپترین بژاردە ئەوەیە گەلی کورد لە جیاتی پشتبەستن بە هێزی گەوهەریی خۆی پشت بە هێزی تر ببەستێت و چاوەڕوانیی لەوان هەبێت. لە ئەگەرێکی بەم ڕەنگەدا کۆمەڵگایەکی بێئیرادە درووست دەبێت. کۆمەڵگایەکی لەم چەشنەش، دەبێتە کۆیلە و بەندەیەکی و ئامادە و لەسەرپێ بۆ هەر هێزێک بیەوێت لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاری بهێنێت. هاوکات ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی گەلانی تریش نەفرەتی لێ بکەن و ببنە دوژمنی.
بنەماڵەی بارزانیی، لە ساڵەکانی ١٩٣٠ بەدواوە، هەم خاوەنی هێزی چەکداریی بوون و لە بواری نەتەوەییشدا کەم و زۆر کاریگەرییان لە سەر بەشەکانی تری کوردستان داناوە. بەڵام پاش قۆناغیکی دیاریکراو، ئەو کەسانەی لە بەشەکانی تری کوردستان لە ژێر کاریگەریی بارزانییەکانیاندا بوون، لەلایەن خودی بارزانییەکانەوە وەک ئامرازێکی سیاسیی بۆ بەرەوپیشەوەبردنی بەرژەوەندیی دەوڵەتە میتینگەرەکانی سەر ڕاسەری کوردستان بەکار هێنران. هەرکاتێک پێویستی کردبێت، بنەماڵەی بارزانیی یان ئەم کەسانەی کوشتووە یان ڕادەستی دەوڵەتێکی میتینگەری کردوون. کاتێک سەیری قۆناغێکی ٨٠-٩٠ ساڵە دەکەین، دەبینین بنەماڵەی بارزانیی، لە شەڕ لەگەڵ ئێراقدا، بەبێ ئەوەی پشت بە ئیسرائیل، ئێران، سووریا و تورکیا ببەستێت، بەبێ ئەوەی پشت بە هێزێکی ناودەڵەتیی خاوەن کاریگەریی لە سەر کوردستان ببەستێت، بەبێ ئەوەی زیان لە خەباتی نەتەوایەتیی بەشەکانی دی کوردستان بدات و ناچاری پاشەکشێیان بکات، نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەقامگیر لە هیچ شوێنێک ببێتە خاوەنی دەسەڵات و هەژموون. هەر بۆیە هەمیشە لە سەر خوێنی کورد درێژەی بە هەبوونی خۆی داوە. ئەو هەولێرەی ئێستا ئەمانە وەک پایتەختی خۆیان ڕیکلامی بۆ دەکەن، بە بەکرێگیراوێتیی و پشتبەستن بە دەوڵەتی میتینگەریی ئێراق، بە سواربوون لە سەر تانکەکانی سەدام حوسێن و تۆپبارانکردنی پەرلەمانەکەی خۆیان توانیان لە دەست YNK بیگرنەوە.
بنەماڵەی بارزانیی بنەماڵەیەکە دوژمنایەتیی خۆی بۆ شۆڕش و سۆسیالیزم لە کوردستان ڕاگەیاندووە. تێڕوانینی ئەوان بۆ ئازادیی کوردستان بەم شێوەیەیە: ئەگەر بڕیارە پێگەیەکی کوردیی هەبێت، ئەگەر بڕیارە ئازادییەک هەبێت، ئەوە تەنیا لە ڕێی ئەمریکا و ئەورووپا و هێزەکانی ترەوە مەیسەر دەبێت. هەر بۆیە دژی هەموو ئەو بژاردە شۆڕشگێڕیی و دیموکراتیی و نیشتمانپەروەرییانەی پشت بە هێزی خۆیان دەبەستن، هێرشی فراوانی ڕەشکردن و چەواشەکاریی ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی باوەڕ بە خەڵک بێنن ئەمانە ناتوانن ببنە بژاردەیەک بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازیی. هەموو کەسێک هان دەدەن تا ببێتە کۆیلەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و تاکە ڕێی ڕزگاریی لە پشتبەستن بە هێزە هەژموونگەراکان و ئەو دەوڵەت-نەتەوانەدا دەبینن وا لە سەر بنەمای نەتەوەپەرەستیی دامەزرێنراون.
بە قۆناغێکدا تێدەپەڕین شەڕی سێهەمی جیهانیی زۆر بە چڕیی و فراوانیی ڕوو دەدات. ئەو هێزانەی دەیانەوێت جیهان و هەرێمەکە بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان داڕێژنەوە، هەریەکە و پلانێکیان لە گیرفاندایە. هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتیی لەگۆڕێ نییە هەمووان گوێی لێ بگرن و پەیڕەوی بکەن. کێ هێز بێت، ئەو یاسایە. ئەو گەلەی هەبوونی ئەو هێشتاش لە ژێر مەترسیی ژینۆسایددایە، تەنیا بە یەکێتیی دەتوانێت درێژە بە هەبوونی خۆی بدات. بەڵام بنەماڵەی بارزانیی لە سەر بنەمای دوژمنایەتی یەکێتیی نەتەوەیی هەموو هێزی خۆی بۆ پاکتاوی پەکەکە تەرخان کردووە. هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە هەموو پێشکەوتنێکی شۆڕشگێڕیی، یەکێتیخواز و دیموکراتیی ئاستەنگ بکات. ئەم هەڵوێستەی پەدەکە لە دوژمنایەتیی ئەو بۆ ژن و ژینگە و یەکێتیی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرێت. سەرچاوەی هەموو کێشە و گیروگرفتەکان ئەوەیە ئەمانە لە جیاتی نیشتمانبەرژەوەندیی بنەماڵە و پارە بە بنەما دەگرن.
- سیاسەتەکانی دەوڵەتی میتینگەری سووریا لە سەر کورد و دۆخی هەنووکەیی
ئەو بەشەی کوردستان وا سەردەمانێک وەک باشووری بچووک ناوزەد دەکرا و لە شۆڕشی ١٩ـی تەمووزەوە ئیدی وەک ڕۆژئاوا پێناسە کرا، بچووکترین بەشی کوردستانە. لە چاو بەشەکانی تر، کەمترین ژمارەی دانیشتووان و بچووکترین ڕووبەری جوگرافیی لەم بەشەی کوردستاندایە. بەشێکە کە گەلی کورد هاوڕێ لەگەڵ گەلی عەرب، تورکمەن، ئاسووریی، سریان و ئەرمەن پێکڕا دەژێن. وەک مینیاتورێکی ڕۆژهەڵاتی ناویینە. کوردەکان تەنیا لە بەشی باکووری سووریا لە سەر سنوور ناژین، بەڵکوو لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا، بە تایبەتیش لە سەردەمی سەلاحەدینی ئەیووبیی، کورد بە هۆکاری جۆراجۆر بەرەو قووڵایی خاکی سووریا کۆچیان کردووە. لە هەرێمەکانی وەک شام، حەڵەب، حەما و ئیدلیبیش نیشتەجێ بوون.
مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی سووریا لە چاو دەوڵەتانی تر، ئاڵۆزترە و پڕە لە کێشە. بەگوێرەی پەیماننامەی شاراوەی سایکس-پیکۆ، کە ڕۆژهەڵاتی ناویینی دابەش کرد، بڕیار درا دەوڵەتی سووریا گرێدراوی ئیمپریالیزمی فەڕەنسا بێت. فەڕەنسییەکان هەر کاتی پەیمانی ١٩٢١ـی ئەنکارا، کە لەگەڵ میتینگەرە کەمالیستەکان مۆریان کرد، ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستانیان لێک هەڵبوارد.
ئەو جۆگرافیایەی بڕیار وابوو دەوڵەتی سووریای لە سەر دابمەزرێنرێت، بە شێوەی پێنج نیمچەدەوڵەت دابەش کرابوو. ساڵی ١٩٢٥ دەوڵەتی ماندایی (سەرپەرەشتیار) لەم پێنج نیمچەدەوڵەتە درووست کرا. بەڵام ئەم دەوڵەتە پاش شەڕی جیهانیی دووەم و ساڵی ١٩٤٥، توانی سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت. بە درێژایی ئەم بیست ساڵە لە ئەنجامی ئەو پەشێویی و ئاژاوەگێڕییانەی ئینگلیز و دەوڵەتی مێتینگەر و قڕکەری تورک نایانەوە، ئەم وڵاتە ئارامیی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینی. لەناو ئەم دابەشبوون و ناسەقامگیرییەی هەبوو، دەوڵەت یان پارێزگایەک بەر کورد نەکەوت، بەڵکوو لە ناو پارێزگای حەڵەبدا جێگەیان گرت.
تا سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانیی لە سووریا سیاسەت و کردەوەیەکی تایبەت بە کورد بەدی ناکرێت. ڕێکخستنی خۆیبوون لە سووریا درووست بوو. قەدەغەیەکی فەڕمیی لە سەر زمان و کەلتووری کوردیی و چاپ و پەخش بە زمانی کوردی نەبوو. هەربۆیە پێچەوانەی ئەو سیاسەتەی ژینۆساید (تەوکوژیی-نەژادکوژیی) و تواندنەوە وا لە بەشەکانی دی کوردستان پەیڕەو دەکرا، کورد لەم بەشەی کوردستان دەرەتانی ئەوەیان بینییەوە پەرە بە زمان و کەلتوور و هونەر و ئەدەبییاتی خۆیان بدەن. بە تایبەت بەهۆی ستەم و چەوسانەوەی بێسنووری دەوڵەتی میتینگەر و نەژادکوژیی تورک لە باکوری کوردستاندا، زۆرێک لە نیشتمانپەروەر و ڕۆشنبیر و کەسایەتیی پێشەنگ ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون. عوسمان سەبریی، نووری دێرسیمیی، جگەرخوێن و ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخان، ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە.
کۆماری سوریا لە ساڵانی ١٩٦٠ـدا کەوتە بەر گێژەڵۆکەی نەتەوەپەرەستیی عەرب و ناوی خۆی بۆ کۆماری عەربیی سووریی گۆڕی. لەگەڵ هاتنی حیزبی بەعس بۆ سەر دەسەڵات، هاوکات لە گەڵ گۆڕینی ناو، لە ئەنجامی خۆگونجاندن و خۆسازدانی ئەم حیزبە لەگەڵ ‹پلانی هەمووارکردنی ڕۆژهەڵات -Şark İslahalt Planı-›ـی دەوڵەتی میتینگەر و نەژادکوژی تورک، لە لایەکەوە سیاسەتی توانەوەی کورد پەیڕەو دەکرا و لە لایەکی تریشەوە بە گۆڕینی دیمۆگرافیی هەوڵیان دا ڕۆژئاوای کوردستان لە کورد داماڵن. کۆمەڵکوژیی سینەمای عامودێ خوێناویترین هێرشی ڕژێمی بەعسە بۆ سەر کورد. ساڵی ١٩٦٠ بە پاساوی ئاگرکەوتنەوە سەدان منداڵی کورد کۆمەڵکوژ کران. دەزگای هەواڵگریی سووریا، موخابەرات، پلانێکی تایبەتیان بۆ چەوساندنەوەی کورد داڕشت. کورد تەنانەت وەک هاووڵاتیی سوورییش پەسەند نەدەکران. بەهۆی سیاسەتی ئابووریی ڕژێمی بەعس لە سەر کوردستان، کورد ناچار مان بەرەو شارە گەورەکانی سووریا و وڵاتانی وەک لوبنان و جەزایر کۆچ بکەن.
ڕەنگە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ خۆی خۆڕاگرییەکی چەکداریی دژی ڕژێمی سووریا ڕێک نەخستبێت، بەڵام بەگوێرەی توانای خۆی هاوکاریی هەموو بزووتنەوەکانی بەشەکانی دی کوردستانی کردووە. هەربۆیە، تا کاتی دەرکەوتنی پەکەکە، کاریگەرییەکی بەرچاوی بنەماڵەی بارزانیی هەبوو. کاریگەرییەکی سنوورداری YNKـش هەبوو. بنەماڵەی بارزانیی حزب و ڕێکخراوی گرێدراوی خۆی لە ڕۆژئاوا دامەزراند. بەڵام هەموو ئەم ڕێکخراوانە لە جیاتی ئەوەی خزمەت بە دۆزی ئازادیی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، بۆ پشتیوانیی بنەماڵەی بارزانیی بەکار هێنران.
لەگەڵ ڕۆیشتنی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆبانێ لە تەمووزی ١٩٧٩، خەباتی دۆزی ئازادیی ڕۆژئاوای کوردستانیش دەستی پێ کرد و بە درێژایی ٣٣ ساڵ لە ئەنجامی سیاسەتێکی ڕاست و دروست و تۆکمە و بەردەوام، بە ڕەنج و ماندووبوونێکی زۆر، لە سەر بنەمای پارادایمی ژینگەپارێزیی و ئازادیی ژن، شۆڕشی ١٩ـی تەمووز هاتە ئاراوە. دژی سیاسەتی تەوکوژیی کورد بە دەستی داعش و بە هاوکاریی و پشتیوانیی دەوڵەتی میتینگەر و تەوکوژی تورک و زۆر گرووپی چەتەی تر، پەکەکە خۆڕاگرییەکی بێوێنەی نیشان دا. پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵێکی چارەنووسسازی لە بەردەوامیی شۆڕش تا ئێستا هەیە. بۆ ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە لاڕێدا بەرن، هەم ئەمریکا و هەمیش هێزەکانی هاوپەیمانیی دژی داعش، ویستیان هەندێک پێکهاتەی چەتە و کۆنترای گرێدراوی بنەماڵەی بارزانیی وەک ENKS بەکار بێنن. دەوڵەتی ڕووسیاش، بە هاوکاریی و پەیوەندیی لەگەڵ سووریا و ئێران، بۆ ئەوەی دەوڵەتی سووریا جارێک بکات بە دەسەڵات، کەوتە ناو لێگەڕین و کاری زۆر پێکۆڵانە تا شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پاکتاو بکات.
میتینگەریی ئێرانیش هەر وەک میتینگەریی تورک هەوڵی پاکتاوی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەدات. داگیرکردنی عەفرین، سەرێکانی، گرێسپی لەلایەن دەوڵەتی میتینگەری تورک و چەتەکانییەوە، دەرەنجامی تێنەگەیشتن لە قۆناغەکە و پەرەنەدان بوو بە شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بەرانبەر مەترسییەکان. جێگیربوونی ئەمریکا و هێزەکانی نێو هاوپەیمانی دژی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان بوو بە هۆی درووستبوونی چەمکێک، کە هەر چەندە لە ئاستێکی لاوازیشدا بێت، بەڵام چاوی لە دەست هێزە دەرەکییەکانە و ئەم هێزانە وەک دڵنیایی و گەرەنتییەک بۆ ڕۆژئاوا دەبینێت. ئەم چەمکە هێشتاش هەر بەردەوامە. هەروەها گرنگینەدان بە گەشەپێدانی خۆپاراستن، کەموکوڕییەکان لە ئاوەدانکردنی نەتەوەی دیموکراتیی و فراواننەکردن و پەرەنەدان بە شۆڕش، ئەو ئاڕاستە و مەیلە هەڵانەن وا لە ڕۆژئاوا سەریان هەڵدا. بەڵام وێڕای هەموو ئەمانە، ئەگەرچی شۆڕش لە هەندێ شوێن پاشەکشەی پێ کراوە، بەڵام هێشتا پاشەکشەی لە ئامانجەکانی خۆی نەکردووە، تێکۆشانێک دژی چەمکە هەڵەکان هەیە و ئەزموونێکی بەهیز لە سەر بنەمای ڕەخنەلەخۆگرتن، درووست بووە.
لەم دوو ساڵەی دواییدا، ڕژێمی سووریا، ئێران، دەوڵەتی تورک و چەتەکان، هەوڵیان دا لە ڕێی بەکارهێنانی هۆزەکان لە دێرەزۆرەوە هێرشێکی پاکتاوکاری بکەنە سەر ڕۆژئاوا. بە تایبەتیش دەوڵەتی میتینگەر و تەوکوژی تورک بە کەڵکوەرگرتن لە ئاڵۆزییەکانی فەلەستین و لوبنان و شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و حیزباللە، هەوڵی دا لە ڕێی ڕووخاندنی ژێرخانی ئابووریی ڕۆژئاوای کوردستانەوە کورد ڕاو بنێت و چەتەکانیان لە شوێن دابنێت، بەم شێوەیەش هەرێمێکی تامپۆنی دژەشۆڕشی پڕ لە چەتە لە سەر سنووری ڕۆژئاوا درووست بکات.
سەرەنجام بە هەڵسەنگاندنێکی ڕاست بۆ ئەزموونی مێژویی گەل و نیشتمان، بە باشیی و بە هەڵەکانیەوە، بێ ئەوەی بکەوینە داوی دەوڵەت-نەتەوە و ئایدیۆلۆژیای نەتەوەپەرەستیی و نەتەوەپەرەستی سەرەتایی، پێویستە بە پشتبەستن بە ئازادیی ژن، نەتەوەی دیموکرات بنیاد بنێن و بەرانبەر وێرانکردنی سرووشت پەرە بە هۆشیاریی ژینگەیی بدەین. مسۆگەر پێویستە خۆمان لەو چەمک و تێگەیشتنە دەسەڵاتخواز، بنەماڵەپەرەست، دەوڵەتگەرا، زایەندگەرا، خێڵگەرا، مەزهەبگەرا و ئایینگەرایەی شەڕ و ناکۆکیی و دابەشبوون لە نێوان کورداندا درووست دەکەن، ڕزگار بکەین. پێویستە تێکۆشانی هیچ بەشێکی کوردستان دژی بەشەکانی دی بەکار نەیەت. پێویستە یەکێتیی و تەبایی بە بنەما بگیردرێت. هەربۆیە مسۆگەر پێویستی بە کۆنگرەیەکی نەتەوەیییە. بەڵام مەرج نییە هەموو کەسێک لەم کۆنگرەیەدا بەشدار ببێت. پێش هەموو شتێک، پێویستە ئەوانەی دەتوانن لانی کەم لە پرەنسیپە بنەڕەتییەکاندا هاوبەش بن، بێنە لای یەک. بە تێپەڕبوونی کات دەتوانرێت ئەو هێزانەشی هێشتا دوودڵن، ڕاکێشی ئەم کۆنگرەیە بکرێن. هاوکات پێویستە کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵوێست دژی ئەو هێزانەی وا لە سەر بنەمای دژایەتیی یەکێتیی نەتەوەیی کورد چوونەتە ڕیزی داگیرکەران و میتینگەرانەوە، هەڵوێست وەربگرێت.
ڕێبەر ئاپۆ سیاسەتی هێزە میتینگەرەکان و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتانە بەم شێوەیە دێنێتە سەر زمان: » لە ئەنجامدا سەرجەم ئەو کردەوانەی کە نیشتمانی کوردیان پارچە کردووە و نکۆڵیان لێ کردوە: لە قووڵاییەوە ڕاستینەی کۆمەڵگایان دابەش کردووە و دووریان خستووەتەوە لە خاوەندارێتیکردنی خۆی، ڕێگەیان نەداوە ببنە ئیرادەی سیاسیی، ناچاریان کردوون بۆ ملکەچکردن بەرامبەر ڕێبازەکانی نکۆڵیی و قڕکردنی دەوڵەتان، دابینکردنی پێداویستییە ئابوورییەکانیان بۆ ئامرازی دەستبەرداربوون لە ناسنامەکەیان گۆڕیوە، داننەنان بە ستاتۆ و دەرفەتێکی یاسایی بوونێکی ئایدۆلۆژیی و کولتووریی پشتبەستوو بە ناسنامەی خۆیان، بێبەشکردنیان لە ئامراز و کردە هاوچەرخەکانی پەروەردە وای دەکرد کێشەی کورد بۆ کێشەیەک بگۆڕێت کە بوون و ناسنامەکەیان بە نەبوو دابنرێت و دەرفەتی ژیانی ئازادیان پێ نەدرێت. بە مانایەکی تر ئیتر کێشەی کورد کێشەیەکی نەتەوەیی نەبوو، دەبوو بە کێشەی دوورخستنەوە لە دۆخی نەتەوە.
لەگەڵ بەردەوامبوونی پارچەبوون و بەهێزبوونی ڕژێمەکانی نکۆڵیی و قڕکردن لە سەر هەر بەشێک، ئیتر کێشەکان وەک کێشەی نەتەوەبوون نامێنێت، بۆ کێشەی درێژەپێدانی بوون بچووک بکرێتەوە. ئەگەر لە پاکتاوکردنی یەکجارەکیی بووندا لەناوبردنی جەستەیی ڕێبازیی سەرەکییش نەبێت، بەڵام ژینۆسایدی ڕەهەندی کولتووریی واقیعێکە بەردەوام ڕوو دەدات. وەک چۆن لە ژینۆسایدی ئەرمەنیی و یەهوودییەکاندا ڕووی داوە ئەنجامنەدانی ڕاستەوخۆی قڕکردنی جەستەیی پڕۆسەکەی بە ئێش و ئازارتر دەکرد. ئاشکرایە کاتێک سەرجەمی ئەو هۆکار و فاکتەرانە ڕەچاو بکرێت، لە کێشەی کورد زیاتر باسکردنی گرێکوێرەی کورد واقیعیترە. وەک چۆن ئەسکەندەر هات و بە شمشێرەکەی گرێکوێرەی گۆردۆنی کردەوە و دەرفەتی فەتحکردنی تەواوی ئاسیای ڕەخساند، چارەسەرکردنی گرێکوێرەی کوردیش فەتحی دیموکراتییانەی سەرجەم کۆمەڵگاکان – لە سەرووی هەموویانەوە خۆرهەڵاتی ناویین – و چانسی ژیانی ئازاد دەڕەخسێنێت»[3].
گەرچی نیشتمانەکەمان هێشتا بە دەست میتینگەریی و تەوکوژییەوە دەناڵێنێت، بەڵامی ئیدی ناتوانرێت نکۆڵیی لە هەبوونی کوردستان بکرێت. تا ئەو کاتەی ئاخر کەسی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ژیانێکی ئازادی شیاو و پەیوەست بە مێژوو و کۆمەڵگای خۆیان لە سەر ئەم خاکە بژین، مابێت، هەبوونی کوردستانیش بەردەوام دەبێت. ئەمجارەش نیشتمانەکەمان لە جیاتی ئەوەی ببێتە جێی شارستانییەکی چینایەتیی و دژەژینگە و نەتەوەپەرەست و دەوڵەتپارێز، دەبێتە لانکەی هەڵاتن و گەورەبوونی خۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوییندا.
چارەسەر ئەوەیە بەپێی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ، شۆڕشێکی بنچینەیی لە بواری بیرکردنەوە و زهنییەتدا ئەنجام بدرێت، پێویستییە ڕێکخستنییەکانی ئەم شۆڕشە جێبەجێ بکرێن و بەردەوام خەبات و تێکۆشانی لە پێناودا بکرێت.
[1]– عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتێک، پەڕتووکی پێنجەم. وەرگێڕانی لە تورکییەوە: لوقمان عەبدوڵڵا، چاپی سێیەم، ل. ١٢٢.
[2]– عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتێک، پەڕتووکی پێنجەم. وەرگێڕانی لە تورکییەوە: لوقمان عەبدوڵڵا، چاپی سێیەم، ل١٦٢.
[3]– عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتێک، پەڕتووکی پێنجەم. وەرگێڕانی لە تورکییەوە: لوقمان عەبدوڵڵا، چاپی سێیەم، ل٢٥١