خەباتی ئایدیۆلۆژیی، سیاسیی و ئەخلاقیی ئەم سەردەمە
کاتێک باسی بەرژەوەندیی دەوڵەتان دەکرێت، بەها ئەخلاقییەکان لە ئەجێندای هیچ کەسێکدا نین، بە تایبەت کاتێک پەیوەندیی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبێت.

شڕۆڤە: ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی
شیکردنەوە
“ئەگەر پەیوەندییەک لە نێوان گەشەی سیستەمە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکاندا بدۆزرێتەوە، ئەوە دۆزینەوەی چارەسەر بە شێوە جیاوازەکانی خەباتی ئایدیۆلۆژیی، سیاسیی و ئەخلاقیی سەردەم ئاسانترە، نەک بە ڕێی یاسا پێویستەکان.” ع.ئۆجالان
بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەقیوەتەوە، هەروەتر بۆ تێگەیشتن لەو سیناریۆ ئاڵۆزانەی لەو ماوەیەی دواییدا لە سووریا ڕوویان داوە. پێویستە لەو شێوە هەمەچەشنانەی خەباتی ئایدیۆلۆژیی، سیاسیی و ئەخلاقیی تێبگەین وا لایەنە بەشدارەکانی ئەم شەڕە سرووشیان لێ وەرگرتووە و بۆی دەجەنگێن. هەڵسوکەوتی ئەخلاقیی و سیستەمی بەهاکان، بارودۆخی ئێستا دیاریی دەکەن، ئەمە بۆ تێگەیشتن لە ڕاستیی ئەم ساتەوەختە و بایەخی ئەو ساتە مێژووییەی تێیدا دەژین، گرنگە.
لە سێ دەیەی ڕابردوودا، هێزی بزوێنەر و هەژموونی سەرمایەداریی هاوچەرخی ئەمریکا، شەڕی لە سەرتاسەری جیهاندا هەڵگیرساندووە، ئەمەش بۆ ناچارکردن بە بچوککردنەوەی دەوڵەتان و کردنیان بە ‘دەوڵەتی ژێردەستە’ـی کارا لە ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا. ئەمە ناوەڕۆکی هەڵوێستی سیاسی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە سەردەمی شەڕەکانی کەنداوەوە، بە پەرەدان بە “پڕۆژەی چاکسازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە” وەک بنەمایەک بۆ درووستکردنی سیستەمێکی نوێی جیهانیی دەستی پێ کرد. ئەمڕۆ ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی بەرجەستەتر، ناوی “پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە”ـیە، ئامانجی بڵاوکردنەوەی “مافە سیاسییەکانە”، ئەویش بە هەناردەکردنی “دیموکراسی” لە ڕێی فشاری نێودەوڵەتیی و بۆ پشتگیریی چاکسازیی لیبڕاڵ لە نێو دەوڵەتە عەرەبییەکاندا. هەرچەندە ئەم سیاسەتە جیهانییانە لەگەڵ جیاوازییە کەلتووریی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکۆکن، بۆیە پرۆسەکانی “دیموکراتیزەکردن” جێگەیان بە پلانەکانی نوێکردنەوە لێژ کرد. ڕاستییەکەی بەهێزکردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و کۆڵەکەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەرمایە، ئامانجی کۆتایی سیاسەتی فرەنەتەوەیی دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکانە. بەهاکانی وەک دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ وەک ئامرازی پڕوپاگەندە بەکار دەهێنن، ئەویش بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی و پابەندبوونی کۆمەڵگەکانیان بەم سیاسەتە نیوکۆڵۆنیالیستانەیانەوە. ئەم بەهایانەی ڕۆژئاوا ڕەگیان لە مێژووی یۆنانی، هیومانیزم و مەسیحیدایە. ئەو بەهایانەن کۆمەڵگەکان خۆیانی تێدا دەبیننەوە و بەرگریی لێ دەکەن – هەر بە ناوی ئەم بەهایانەوە، کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی زاڵن بە سەریاندا، چەوسێنراونەتەوە، سا لە هەوڵێکدا بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان و پەرەدان بە سەرمایەیان.
لە سەدەی ڕابردوودا ئەمریکا سەرکەوتوو بوو لە داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو بەهایانەی گەلان لە تێکۆشانی دژی فاشیزمدا بۆی جەنگان، تێیدا دەستەواژەکانی وەک ئازادیی، دیموکراسیی، مرۆڤایەتیی و دادپەروەریی، پاش دووەمین جەنگی جیهانیی، خرانە نێو دامەزراوە حکومییەکانەوە. وەک ئەو کۆمارانەی پاش شەڕەکانی ڕزگاریی دامەزران، هەروەتر دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبوو وەک زامنکەری ئاشتیی، ئاسایش و هاوکاری نێودەوڵەتیی لەسەر ئاستی جیهانییدا کار بکەن. ئەم پڕۆسەیە بریتی بوو لە درووستکردنی بلۆکی هاوپەیمانیی ئەتڵەسیی لە سەر کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر. ئەمە بە پێودانگی دیموکراسی لیبڕاڵ و مافەکانی مرۆڤ دامەزرابوو، کۆڵەکەکانی سەدەی بیستەم بوون لە هەستکردن بە باوەڕ بە “شارستانێتی ڕۆژئاوا”. لەسەر ئەو بنەمایە لە دنیای ڕۆژئاوا، بەهێزکردن و پەرەدان بە سەرمایە، باشترین دەستەبەری هەبوو، بەرانبەر سیستەمی سۆڤێتیی جاران، هەوڵی ڕێبازی سۆسیالیزمی دەوڵەتی دەدا. ئەم دژایەتییە دووانەییە، لەگەڵ ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێتی جاران، تێک شکا و کۆمەڵێک هێزی جیاوازی درووست کرد کە هەوڵی لاوازکردنی باڵادەستی ئەمریکایان دەدا. لەوانەش گرووپە ئیسلامییەکان، ئەمڕۆ دیسان وا دەردەکەون گەورەترین هەڕەشەن، هێرش دەکەنە سەر کۆمەڵگە و بەهاکانی ڕۆژئاوا.
تەنها ڕوانگەیەکی مێژوویی، ئایدیۆلۆژیی و ئەخلاقییانە، ئاشکرای دەکات ئەم هێزانە ڕۆژئاوایی- لیبڕاڵی و ئیسلامی-فاشیستی، وەک دژبەر دەنوێنن. ڕاستییەکەی دەربڕینی جیاوازی هەمان ئەقڵیەت و لۆژیکن، ئەویش هی دەسەڵاتی پیاوسالاریی و باڵادەستیی و زاڵبوونە. ڕاستییەکەی ئەگەر سەیری سیناریۆی سووریا بکەین، گەورەترین گرفتی ئەمڕۆ، تێگەیشتنە لەوەی چۆن هەموو ئەکتەرە جیاوازەکان، هەمان گەمە دەکەن و تێگەیشتن لەوەی سەرهەڵدانی گرووپە ئیسلامی، بکوژ و تیرۆریستییەکان دژ بە هەژموونی لیبڕاڵی ئەمریکا نییە، بەڵکوو تەواو لەگەڵی گونجاوە.
بۆ تێگەیشتنی ڕووی ڕاستەقینە، بە تایبەتی لە دنیای ڕۆژئاوا، هەژموونی جیهانگیریی ئەمریکا بە قووڵی لە بیرکردنەوەی کۆمەڵگەدا چەسپاوە، تا ئەو ڕادەیەی چیتر وەک ئایدیۆلۆژیاش هەستی پێ ناکرێت. دەبێت جارێکی تر بیر لە سرووشتی ڕاستەقینەی دەوڵەت بکرێتەوە، بۆ دەوڵەتان هیچ ڕادیکاڵیزمێک لە بەها ئەخلاقییەکان و بنەما کۆمەڵایەتییەکاندا نییە، بەڵکوو تەنها هەلپەرستی ستراتیژ و هاوپەیمانیی، بەپێی بەرژەوەندییەکانیان هەیە.
بە تایبەتی سیاسەتەکانی فراوانخوازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیشە تاکتیک و ستراتیژی پەیڕەو کردووە، ڕێگەی بە ئەمریکا داوە هەژموونی جیهانیی خۆی بێ هیچ سنوورێکی ئەخلاقیی فراوان بکات. لە سەرەتای شەڕی نێوان یەکێتیی سۆڤێت و ئەفغانستان لە سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠ـدا، ڕێیەکی ستراتیژیی گرنگ بوو، پردی وشکانی بۆ بۆرییەکانی نەوت و گاز پێک دەهێنا و دەریای قەزوین بە کەنداوی ‘عەرەب’ دەبەستێتەوە. دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا پشتگیریی سەرهەڵدانی ‘گرووپە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان’ کرد، ئەمە بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە.
لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ و ١٩٩٢، هەزاران موسڵمانی توندڕەو لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشدارییان لە شەڕی ئەفغانستان کرد، چالاکانە لەلایەن سی ئای ئەی پشتگیرییان لێ کرا. ئەمەش بە ئامانجی فراوانکردنی جیهاد لە ئەفغانستان بۆ شەڕێکی جیهانیی دژی یەکێتیی سۆڤێت. “جیهادی ئیسلامیی” وەک شەڕێکی پیرۆز دژی پرەنسیپە سۆسیالیستییەکان، عەلمانییەتی دەوڵەت و سیاسەتی فراوانخوازیی و هەژموونگەریی – بەهۆی شکستی سۆسیالیزمی بونیادنراو لە دیاریکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی – بوو بە بەشێکی تەواوکەری ستراتیژی ئەمریکا، بۆ ڕووخاندنی یەکێتیی سۆڤێت و کاریگەرییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە سەر سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوەکانی کەلوپەل و بازرگانیی.
دەستبەسەرداگرتنی وزەی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای بەرەو فراوانخوازیی تاو دا، هێزی هەژموونی بەهێز کرد و ڕەتاندنی ژینگەیی و ئابووری وڵاتە پەراوێزەکانی سیستەمی جیهانی قووڵتر کردەوە، هاوکات سیستەمێکی جیهانیی پەیوەندیی پشتبەستن بە “ناوەندەکان” بە “پەراوێز”ـی دامەزراند. ئەم سیستەمی پشتبەستنە، تەنها وەک پشتبەستنی ماددیی بە سەرچاوە وزەییە بیانییەکان نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆزتر و فرەچینی نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوا لەخۆ دەگرێت و دەردەبڕێت – بەو مانایەی ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سیاسی، ئابووری و ئایدیۆلۆژییەوە ڕوو دەدات، کاریگەریی لەسەر ئەوە هەیە وا لە ڕۆژئاوا ڕوو دەدات.
ئەمە بە تایبەتیی پەیوەست بە ئاراستەی سیاسییەوە، ڕاستە حکومەتەکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ڕۆژئاوا بڕیار دەدەن، بەپێی ئەو دەرفەتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێنەوە، پەیڕەوی دەکەن. پرۆسەی دیموکراتیزەکردن یان فاشیستیکردن لە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان، شوێن پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێت و ڕەنگ دەداتەوە، بەو پێودانگەی بۆ پاراستنی بارودۆخی هەنووکەیی و هەژموونی جیهانی هێزە ڕۆژئاواییەکان، چی گونجاوتر و کەرەستەییترە.
سەرهەڵدانی حکومەتێکی فاشیست یان ‘دیموکرات’، جۆری پەیوەندیی دیپلۆماسی، دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان بڕیار دەدەن، بەرانبەر بە ئەکتەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەوی بکەن. چەقی ڕووماڵی میدیای گشتیی، بۆ نموونە، هەموویان لەلایەن هەمان هەڵوێستی هەلپەرستانەوە دیاریی دەکرێن، ڕێگە بە هێزەکانی دەوڵەت و سەرمایەداریی دەدات تا هەموو جۆرە دەرفەتێک بقۆزنەوە و گشت چەشنە قەیرانێک بۆ پتەوکردن و فراوانکردنی مۆنۆپۆلی ڕۆژئاوا بە سەر سەرمایە و دەسەڵاتدا لە ناوچەکە بەکار بهێنن.
ئەمەش جۆری سیاسەتەکانی کۆچ دیاریی دەکات، لەلایەن حکومەتێک یان یەکێکی دیکەوە پشتگیریی لێ دەکرێ، دەرفەتی ڕاستەقینەی بەرگریی لە مافەکانی ژنان، دانپێدانان بە داوای خۆسەریی، لەلایەن کەمینە ئتنیکی و ئایینییەکانەوە دەردەبڕدرێت. ڕادیکاڵبوونی ئایینی کەلتووری مەسیحی، سەرهەڵدانی ئیسلامۆفۆبیا و گەشەپێدانی پلانە ئابوورییەکان، یان بەرەو شەڕ یان بەرەو هاوپشتی نێودەوڵەتیی، ئاراستە کراون.
بەو پێیە ئەمریکا لەو شەڕ و دەستوەردانانەیدا لە لایەک، کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوای بۆ جووڵە دژی ڕژێمی سۆڤێتی جاران چەواشە کرد، لەلایەکی ترەوە کۆمەڵگەی موسڵمان تاو درا، نەگونجانیان لەگەڵ حکومەتە شیوعییەکان ڕادیکاڵیزە ببن و لە بەرژەوەندیی ئەمریکا کار بکەن. پێشتریش لە ململانێی نێوان دوو جەمسەری ئەمەریکا و سۆڤێتی جاران، لە لایەک پارتە شیوعییەکان گەشەیان سەند، لە لایەکی تر لە ئەنجامی هەوڵی ئەورووپا، بە تایبەتی بەریتانیا و فەڕەنسا، بۆ پارچەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جڵەوکردنی، پاش جەنگی یەکەمی جیهان، پەرە بە زهنیەتی دەوڵەت-نەتەوە درا. ئەمەش مانای گۆڕینی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و شێوەی دەسەڵاتەکەی بوو بە دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن، ئەمە فرەتر کارا بوو بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەورووپا و پتر لەگەڵ ڕۆحی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەگونجا. کەواتە دژایەتیی ئیسلامییەکان بۆ حکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەگەکەی وا لە بزووتنەوەی کاردانەوەی ڕادیکاڵبوونی ئایینیدا، دژی هەژموونی لیبڕاڵی ڕۆژئاوا وەستاوەتەوە، هاوکات بە هەردووکیشیان کەلتووری خۆجێیی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانیان وێران دەکرد.
لە ساڵانی ١٩٩٠، بەشێک لە گرووپە جیهادییەکان بە سەرکردایەتی ئەلقاعیدە، بڕیاریان دا ستراتیژ بگۆڕن و پێیان وابوو پێویستە سەرەتا هێرش بکرێتە سەر ئەمریکا و وڵاتە هاوپەیمانەکانی، مانەوەی حکومەت و ڕژێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتی پێ بەستبوو. ڕاستییەکەی لە سێیەمین جەنگی جیهانی، هیچ هاوپەیمانیەتییەکی دیاریکراو و لەگۆڕێ نییە، بەڵکوو لایەنەکان و پەیوەندییەکانی پشتگیریی و پشتبەستن لە نێوان ئاکتەرە هەوڵدەرەکان بۆ گەیشتنە دەسەڵات، دەکرێت لە هەر ساتێکدا تەواو پێچەوانە ببنەوە: لێرەڕا گرووپە توندڕەوەکان وڵاتە ئیمپیریالیستەکانیان وەک ئامانجی نوێیان دیاریی کرد. دوای ئەوەی ساڵانێک لە ڕێی دەوڵەتانی کەنداوەوە، ئەمەریکا سەرچاوەی داراییان بوو. هەندێک لە هاوپەیمانە تاکتیکییەکانی ئەمریکا دەستیان بە دژایەتییان کرد، ئەمە ڕێی لە قۆناغێکی مێژوویی کردەوە کە وەک “شەڕی دژەتیرۆر” ناسراوە و بە فەرمی بە هێرشەکانی ١١ـی سپتێەمبەری ٢٠٠١ دەستی پێ کرد – شەڕێک کە لە ڕووکەشدا لە ژێر ناوی ئازادیی، دیموکراسیی و بەرگریی لە مافەکانی ژنانەوە بەڕێوە دەچوو، بەڵام ڕاستییەکەی لە ماوەی شەڕە ترسناکەکانی ساڵانی ٢٠٠٠ وەک پڕوپاگەندە بەکار هات.
لە بارودۆخێکدا ئۆپەراسیۆنە گەورەکانی دژە تیرۆر، توانای چالاکیی ئەلقاعیدەیان سنووردار کرد، خەڵکی موسوڵمان وەڵامی بانگەوازەکەیان بۆ توندوتیژیی نەدەدایەوە. بۆیە بۆ ئەلقاعیدە سەخت بوو بە شێوەیەکی سیستەماتیک هەڵمەتێکی جیهادیی بە هێرشی تیرۆریستی لە دەرەوە بەڕێوە ببات، هاوکات لە ناوچە جیاوازەکان ئامادە بێت بۆ کارکردن لەسەر ڕادیکاڵکردنی کۆمەڵگەی موسوڵمان. ئینجا ئەلقاعیدە بڕیاری دا ستراتیژی فراوانبوونی ناوچەیی (لقکردن) پەیڕەو بکات، کە ڕێگەی پێ دەدا هەژموونی چالاکیی جیهادیی خۆی بپارێزێت. سەرچاوەی نوێ بەدەست بهێنێت و هاوکات هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لە ناوچەکەدا.
لە نێو ناسراوترین نموونەکانی ئەو گرووپەی پێشتر ئەلقاعیدە بوو و لە ماوەی ئەم پرۆسەی فراوانخوازییەدا، لقی ئێراقی دامەزرا، دەوڵەتی ئیسلامیی لە ئێراق و شام- (داعش)، ئەویش دوای دەستێوەردانی ئەمریکا لە ئێراق سەری هەڵدا و هێرشەکانی نەک تەنها دژی حکومەتەکان چڕ کردەوە، بەڵکوو دژی پەیڕەوانی گەلان و ئایین و مەزهەبەکانی مەسیحی، شیعە، ئێزیدیی و گەلی کورد، بە گشتی هەر کەسێک کە وەک لادەر لە شەریعەت یان وەک “بێباوەڕ” دەبینرا: هەموویان قوربانی ڕێبازی دڕندانە و نامرۆڤانە بوون و ئەمە سەرپاکی جیهانی تۆقاند.
سەرەڕای دینامیکی کێبڕکێ و ڕکابەری نێوان دەوڵەتی ئیسلامی و ئەلقاعیدە بۆ بەدەستهێنانی سەرکردایەتیی تایبەتی جیهادی جیهانی، بەڵام گرنگە شیکردنەوە بۆ ئەوە بکەین چۆن دژایەتیی نێوان ڕێکخراوە جیهادییەکان و ئەمریکا بکەین، ڕاستییەکەی دژایەتیی پرەنسیپەکان نییە، بەڵکوو جیابوونەوەیەکە و ڕێبازە جیاوازەکان ئاشکرا دەکات، هەمان جۆری ئەقڵیەت دەتوانێت تێیدا بەرجەستە ببێت.
ڕاستییەکەی لە ئاستی ئایدیۆلۆژییدا ئەوەی ئیمپراتۆرییەتی ئەمریکا و دەوڵەتی ئیسلامی وەک هەر پرۆژەیەکی جیهادیی دیکە دەکات بە دوو دیوی هەمان دراو، بریتییە لە ڕوانگەی ئیمپریالیستی یان هەژموونگەریی. لەلایەکەوە ئیمپراتۆریەتی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان و بەها بناژۆخوازە مەسیحییەکان و تاکگەرایی هەیە، لەلایەکی ترەوە خواستی درووستکردنی خەلافەتێکی بان- نەتەوەیی هەیە، گوایە شۆڕشی ئیسلامیی لە سەرتاسەری جیهاندا جێبەجێی دەکات.
سەرەڕای جیاوازیی لە بنەما کولتوورییەکانی ئەم دوو ڕوانگەیە، یەکێکیان لە سەر بنەمای پێگەیەکی مەسیحی- هیومانیزم، ئەوی دیکەیان لەسەر بنەمای پێگەیەکی خێڵەکیی- موسڵمان، هیچ جیاوازییەکی ڕاستەقینە لە نێوانیاندا نییە: هەردووکیان لەگەڵ پێداویستییەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایە، لەگەڵ کۆڵەکەی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا تەبان. لە ناوەڕۆکی ئەم ڕوانگەیەدا هەژموونی پیاوسالاریی، دەسەڵات و توندوتیژیی دەبینرێت، لە کەلتووری دەستدرێژیی و کوشتنی ژنان لە ڕۆژئاوادا هێندە باس دەکرێت، ڕاستییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چارەنووسی ژنان – چ ناچار بە مۆدێلی ژنی- دایکی مەسیحی، یان ژنی-دایکی موسڵمان- بە شێوەیەکی ترسناک هاوشێوەیە. ئەو بەها کەلتووریی، ئایینیی و ئیتنیکیە تایبەتانەی، ئەم دوو دەوڵەتە بانگەشەیان بۆ دەکەن، شتێکی ئەوتۆ نییە جگە لەوەی لایەنێکی ڕووکەشییە و بەهاکانی کۆمەڵگە دژی کۆمەڵگە خۆی بەکار دەهێنرێن، لە بەرژەوەندیی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و بە شێوەیەک کە دەتوانن دەسەڵاتیان بەردەوام فراوانتر بپارێزن و پەرەی پێ بدەن. لەبەر ئەوەی ڕوانگەکە هەمان شتە، بۆ ئەم دوو هێزە، دەکرێت دیالۆگ بکەن، ئەگەر هاوکاریش نەکەن، تا ئەو کاتەی دەتوانن فراوان ببن، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە. لە جیاتی ئەوە لە کوێ ئامانجە فراوانخوازییەکانیان پێكدا دەدەن، لەژێر درووشمی جیاوازییە ئایینی و کەلتوورییەکان، بە بانگەشەی “پێکدادانی شارستانیەتەکان”، تاکە ئەنجام، شەڕ و وێرانکارییە.
ئەوەی لە دەیەی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی داوە، نموونەیەکی ڕوونی ئەم ڕاستییەیە. بۆ نموونە، لەو کاتەوەی فراوانبوونی دەوڵەتی ئیسلامی، زۆر ناسەقامگیرکەر دەبوو بۆ هاوسەنگی نێودەوڵەتیی، بەهۆی توندوتیژیی دڕندانە. وێرانکاریی لە ناوچە داگیرکراوەکان و کۆنترۆڵکردنی ناوچە گرنگە نەوتییەکان، ئەمریکای دوودڵ نەکرد لە دەستێوەردان، ئەویش پشتگیریی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تاکە پێکهاتەی بەتوانای پەرچدانەوەی دەوڵەتی ئیسلامیی بوون لە هەرێمەکە. ئەمەش بە ئامانجی دڵنیاکردنی ڕۆڵێکی چالاک بۆ خۆی و گەشەپێدانی سیناریۆی سووریا تا ئەو کاتەی ئەکتەرێک بدۆزنەوە کە ئامادە بێت بە شێوەیەکی بەرهەمدار لەگەڵیان بچێتە دیالۆگەوە. لەوانەیە ئەمڕۆ ترەمپ پێی وابێت ئەم ئەکتەرە دەکرێت “حکومەت”ـە نوێیەکەی جۆلانیی بێت!!
ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی (ئەحمەد ئەلشەرعی ئێستا)، لە ماوەی فراوانبوونی ناوچەیی ئەلقاعیدە، لەلایەن سەرکردەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شامەوە نێردرابووە سووریا، ئەویش بە ئامانجی ڕێکخستنی لقی سووریای ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە ئێراق و شام. لەوێ جۆلانی توانی میلیشیای جیهادی جەبهەت و ئەلنوسرە دامەزرێنێت، لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریادا، هێڵێکی تاکتیکی جیاوازی لە دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق- ISI پەرە پێ دا، ئەمە بەڕێوەبردنی کارگێڕیی گشتی ناوچە یاخیبووەکان و دامەزراندنی پەیوەندیی لەگەڵ گرووپە یاخیبووەکانی دیکە لەخۆ دەگرت، لەوانەش ئەوانەی لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لەگەڵیان تەبا نەبوون.
لە نیسانی ٢٠١٣، دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق، بۆ دەستبەسەرداگرتنی فراوانبوونی ئەلنوسرە، گۆڕینی خۆی لە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق- ISI بۆ داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام) ڕاگەیاند، ئەمەش بە ئامانجی ئاوێتەکردنی ئەلنوسرە بەو هێزە. لە جیاتی ئەوە جۆلانی هەلی بۆ جووڵەیەکی تاکتیکی جیاواز قۆستەوە و بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ هاوپەیمانێتیی لەگەڵ گرووپی ئەسڵی ئەلقاعیدە بۆ دوورکەوتنەوە لە توندوتیژیی وێرانکەر کە داعش ئەنجامی دەدا.
هەرچەندە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەها، بە ئاشکرا ڕێگریی لە یەکگرتن کرد لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە سەر زەوی. بۆیە جۆلانی دەستی بە قۆناغێکی ڕێکخستنەوە و درووستکردنی هاوپەیمانێتیی کرد و ئەمە بەرەو دوورکەوتنەوە لە ئەلقاعیدە و بەشداریی لەگەڵ گرووپە ئیسلامییە خۆجێییەکانی دیکە بردی، پاشان پێکهێنانی هەیئەت تەحریر ئەلشام. ساڵی ٢٠١٧، کەمتر لە ساڵێک دوای درووستبوونی، حکومەتی ڕزگاریی سووریای لە ئیدلیب دامەزرا – تا ئەمڕۆ جۆلانی ناوچەکەی لە ڕێگەی ئەم شێوە حکومەتەوە بەڕێوە بردووە. بەهۆی تاکتیکەکانی “خۆجێیکردن” یان خۆماڵیکردنی یان نیشتمانیکردنی جیهاد. لە کاتێکدا هەموو لایەنە توندوتیژەکانی سیاسەتە ئیسلامییەکانی دژی کۆمەڵگەی پاراستووە، وەک سەپاندنی یاسا ئیسلامییەکانی سەر ڕاسەری ژنان، کە وەک موڵکی هاوسەرەکانیان دەبینرێن و هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئازادیی ڕێکخستن، کۆبوونەوە، ئازادیی بیروڕا و ڕۆژنامەگەریی.
لە ڕووی ئابوورییەوە، پراگماتیزمی هەلپەرستانە ڕێبازی سەرەکیی سیاسیی بووە، لەو ڕێگەیەوە ڕێککەوتن لەگەڵ چەندین ئەکتەری دەوڵەتیی کرا، بۆ جیهادی دژەعەلمانی ئیمپریالیستی “نەریتیی” قبووڵ ناکرێت. یەکەم و گرنگترین هاوبەشی بازرگانیی هەیئەت التحریر الشام- HTŞ، تورکیایە. ئەم بازرگانییە سەرمایەیەکی جێگیری ملیۆنەها دۆلار لە مانگێکدا درووست دەکات، لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا، لەوێوە سووریای ژێر کۆنترۆڵی HTS بە تورکیاوە دەبەستێتەوە. لەگەڵ ئەوەش سەرچاوەیەکی تری گرنگی داهات، لە یارمەتییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکانەوە دێت، سەرەتا لەلایەن دامەزراوەکانی وەک UNHCR پارەدار دەکرێت، دەیەکی هەموو یارمەتییەکانیش دەچێتە گیرفانی حکومەتەکەی جۆلانی.
دەکرێ ڕەفتاری HTŞ وەک “جیهادیزمی دەوڵەتی” پێناسە بکرێت، هاوشێوەی سیاسەتی تاڵیبانە لە ئەفغانستان. ئەم شێوازە نوێیەی جیهادیزم، چیتر بەدوای درووستکردنی ئیمپراتۆریەتدا ناگەڕێت، بەڵکوو دەیەوێت ببێتە دەوڵەت-نەتەوە و شێوازێکی حوکمڕانیی و دامەزراوە سیاسییەکانی لەگەڵ سیستەمە لیبراڵەکاندا یەک بگرنەوە.
لە ڕێی وازهێنان لە بەرەنگاربوونەوەی بنەماکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، “حکومەت”ـە نوێیەکەی سووریا دەتوانێت لە چاوی هێزە نێودەوڵەتییەکاندا ببێتە لایەنێکی ڕەوا. ڕاستییەکەی ئەمڕۆ دەبینین نەوەی جیهادیستی جۆلانی، هیچ کێشەیەک بۆ دیپلۆماتکارانی بلۆکی ناتۆ درووست ناکات. بە لابردنی HTŞ لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و داڕشتنی ڕێککەوتنی ئابووریی نوێ، لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا. دوای لابردنی ئەو سزایانەی بە سەر ئەسەددا سەپێنرابوون، پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ئاساییکردنەوەی کەسێک و ڕێکخراوێک دەستی پێ کردووە کە تۆقاندن، توندوتیژیی و چەوسانەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاو دەکاتەوە.
کاتێک باسی بەرژەوەندیی دەوڵەتان دەکرێت، بەها ئەخلاقییەکان لە ئەجێندای هیچ کەسێکدا نین، بە تایبەت کاتێک پەیوەندیی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبێت. بە تایبەت “حکومەتی کاربەڕێکەر”ـی جۆلانی لە وەزارەتەکاندا کەسانێک دادەمەزرێنێت کە پێشینەیەکی دوورودرێژیان لە ڕیزەکانی ئەلقاعیدە هەیە، یان لەلایەن هەواڵگریی تورکیاوە ڕاهێنراون. لە سەرتاسەری سووریادا یاسای شەریعەت جێبەجێ دەکات کە لە ئیدلب کاری پێ کراوە. سەرەڕای بانگەشەکان بۆ کەمینە نەتەوەییەکان و مافی ژنان، کوشتارگەی ڕاستەقینە دژی کۆمەڵگەکانی دروز و عەلەویی لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕوو دەدات، لەگەڵ توندوتیژییەکی بێوێنە دژی ژنان و ڕاگواستنی بەزۆری دانیشتووانی کورد لە شەهبا، منبج و گوندەکان بەرەو کۆبانێ، کە لە ڕۆژانی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەنـ HTŞ-ەوە ڕووی دا بە دەستی چەتەکانی سوپای ئازادیی سووریی- SNA، کە توانیان سوود لە گۆڕانی ڕژێم و پشتیوانیی سەرکردایەتیی نوێ وەربگرن.
بەڵام ئەگەر لە ئێستادا، ئەم ناسیۆنالیزمە ئیسلامییە نوێیە، بتوانێت دیالۆگ لەگەڵ ئیمپریالیزمی جیهانگیریی ئەمریکا بکات! ئامانجە ڕاستەقینەکانی هێزە هەژموونییەکانی ڕۆژئاوا چین؟ ماوەی زیاتر لە ساڵێکە، ئەوە ڕوونە ئامانجی هێزە هەژموونییەکان، دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی ئیسرائیل، وەک بنکەیەکی ئەمریکیی کە توانای دڵنیاکردنەوەی درووستکردنی ڕێگاکانی وزە، کۆنترۆڵی سەربازیی و گەشەپێدانی داراییی هەبێت. بەڵام هێشتا پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە بۆچی سووریا ڕۆڵێکی سەرەکی لەم سیناریۆیەدا دەگێڕێت؟
گۆڕانکارییە لەناکاوەکان لە ڕێکخستنەکانی سووریادا، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا لە ڕووی ئابووریی و سەربازییەوە، پشتگیریی گرووپە جیهادییەکان وەک سوپای نیشتمانی سووریی- SNA و HTŞ دەکات بۆ پێشخستنی پڕۆژەی هەژموونی ئیمپڕیالیزمی نوێ، جێبەجێکردنی ژینۆسایدی کورد و دامەزراندنی خۆی وەک یاریکەرێکی یەکلاکەرەوە لە ناوچەکەدا. ئەمریکاش ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو: لە کاتی هەڵبژاردنی ئەمریکادا، بەڵێنی ترامپ بۆ چارەسەرکردنی شەڕەکان، ئاماژەی بە سووریا نەدەکرد، بەڵکوو تەنها باسی ئۆکراینای دەکرد. سووریا بەپێی خواستەکانی ئەمریکا دادەڕێژرێتەوە – لەگەڵ ئەوەی ئاسایشی ئیسرائیل ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە هاوسەنگییە هەرێمییەکاندا دەگێڕێت – و لە بەرانبەردا، پوتین ئەو ناوچانەی لە ئۆکرانیا بەدەستی هێناون، دەپارێزێت و کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا-ڕووسیا دێنێت.
سیناریۆکانی داهاتوو، ئێستا پشت بەوە دەبەستن، تا چەند ئەم گرووپە جیهادییانەی لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەددا گەیشتوونەتە دەسەڵات، دەتوانن دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن، بەبێ ئەوەی بکەونە ناکۆکیی لەگەڵ هەژموون و خاکی فراوانبووی ئیسرائیل. لەوانەیە HTŞ وەک هێزێکی نوێی فەرمانڕەوا قەبووڵ بکرێت، تا ئەو کاتەی بەردەوام دەبێت لە دڵنیاکردنی یەکخستنی سووریا، لەگەڵ بازاڕی جیهانیی. هەرچۆنێک بێت هاوسەنگیی ناوچەکە دووبارە دەکەوێتە قەیرانەوە، کاتێک HTŞ لەگەڵ گرووپە ئیسلامییە نوێیەکان، هەوڵ بدات خۆی وەک هێزێکی هەژموونگەر لە ناوچەکەدا دابمەزرێنێت، لە ڕێگەی بەدەستهێنانی کۆنترۆڵی وزە و سەرمایەی ناوخۆییەوە. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، لەوانەیە ڕۆژئاوا بە ناوی بەهاکانی “کاسۆلیک” و مرۆیی، خاچپەرستییەکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی ئیسلامییەکان دەست پێ بکاتەوە. بەڵام ئەمە مێژووی دەسەڵاتە، خۆی دووبارە دەکاتەوە. کەواتە بۆچی سووریا لەم جەنگی جیهانییەدا هێندە گرنگە؟ لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ HTŞ و گرووپە ئیسلامییەکانی تر وەک SNA و داعش، کە ئێستا “بواری جووڵەی تەواو”یان هەیە لە سووریا، دەبێت گەرەنتی ئەوە بە تورکیا، ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئیسرائیل بدەن تا جووڵەیەکی سەرەکیی لەم شانۆی شەترەنجەدا جێبەجێ دەکەن: لاوازکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی دیموکراتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڕێی گونجاندنی ئەو کەس و گرووپانەی ساڵانێکە دژی شۆڕشی ڕۆژئاڤا بوون، لە ژێر ناوی بەرەی نەتەوەییدا. بەڕێوەبەرانی هەرێمی خۆسەریی ڕۆژئاڤای کوردستان، پێشتریش بۆ پێکهێنانی ئەو یەکێتییە هەوڵیان دابوو، بەڵام ئامانجی فشارەکانی دەرەوە، بۆ گونجاندنی ئەو کەس و گرووپانە، ئامانجی دیکەی لە پشتەوە بوو.
گرنگی سووریا لەم گێژاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا، پشت بە بوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبەستێت، تاکە قەوارەی سیاسییە، جیاوازە لەم تۆڕی بەرژەوەندییە دەسەڵاتدارانە. ئامانجی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پاراستن و بەهێزکردنی کۆمەڵگەیە. خۆبەڕێوەبەریی و فرەیی، نەک فراوانکردنی هەژموونی خۆی، یان پاراستنی دامەزراوەکانی. ڕاستییەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیموکراتیی، شێوازێکی ڕێکخستنە و لەگەڵ کۆمەڵگە یەک دەگرێتەوە: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر خەڵکە، ئەوە خەڵکە خۆی ڕێک دەخات.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هاواتای بەڕێوەبردنی بیرۆکراتیی نییە. دامەزراوەیەکی سیاسی نییە تا لەلایەن حکومەتێک یان یەکێکی دیکەوە پڕ بکرێتەوە، لە دەرەوەی ویستی کۆمەڵگە بوونی هەبێت. هەروەک چۆن دەوڵەت لە دەرەوەی ویستی کۆمەڵگە بوونی هەیە. لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی دیموکراتیی، کۆمەڵگە بڕیار بۆ خۆی دەدات؛ بەبێ دەربڕینی ویستی کۆمەڵگە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوونی نییە. بۆیە تورکیا و بەکرێگیراوەکانی، سیاسەتی لەناوبردن و ژینۆساید پەیڕەو دەکەن، چونکە تەنها بە لەناوبردنی کۆمەڵگە، دەکرێت بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەناو ببرێت.
تا خەڵک لە سووریا، لە هەر نەتەوە و ئایینێک بن، بەردەوام بن لە ویست و بڕیاردان بۆ ڕێکخستنی خۆیان، بەپێی پرەنسیپەکانی دیموکراسیی ڕادیکاڵ، ئیکۆلۆژیی و ئازادیی ژن، بۆ بنیادنانی نەتەوەی دیموکرات، هەموو جیاوازییەکان یەک بخات و بیانپارێزێت، لەسەر بنەمای پرەنسیپی خۆپاراستنی ژنان، ژیان و کۆمەڵگە، خۆبەڕێوەبەریی ناتوانرێت لەناو ببرێت. بەڵکوو بڵاو دەبێتەوە بە سەر هەموو ئەو ناوچانەی کە خەڵک بڕیار دەدات، ژیانی خۆیان بەپێی ئەم پرەنسیپانە ڕێک بخەن – ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەم پرەنسیپانە بە ڕاستیی ژیانێکی یەکسانیی، ئازادیی، دۆستایەتیی و دادپەروەریی بەرجەستە دەکەن. دەتوانێت هەموو کەلتوور و ئایینەکانی جیهان دژی مۆنۆپۆلی هێز و سەرمایە یەک بخات، چونکە هەموو دەوڵەتەکان لە سەری دامەزراون.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هێزە هەژموونگەراکان، هەموو بەرژەوەندییەکیان لە لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دایە. چونکە نموونەی کۆمەڵگەیەکە، هەرەوەزییانە بەرخودان بۆ پاراستنی سیستەمی ئەلتەرناتیڤی خۆی بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەکات. نموونەیەکە دەتوانێت کۆمەڵگەکانی تر بگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی، حکومەتەکانیان ناپاکییان لێ کردوون، دەبێت ئەوانیش دەست بە تێکۆشان بکەن؛ بەرخودان دژی هەر شێوازێکی هێز شیاوە، تەنانەت ئەوەی تۆکمەترینیانە و ئەلتەرناتیڤە، ڕاستەقینەیە و تەنها پشت بە یەکگرتنمان لەگەڵ پرەنسیپە ئەخلاقییەکانمان و ویست و کردارمان دەبەستێت.
کەواتە هێزە هەژموونگەراکان، سەرەڕای هاوپەیمانییە تاکتیکییەکانیان بەردەوام دەگۆڕێن. هەموویان هێزەکانیان دژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یەک دەخەن، چونکە تەنها بەربەستی ڕاستەقینەیە کە دەتوانێت ڕێگریی لە پلانەکانیان و داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و سەرمایە بکات. ئەمەش مانای وایە، تەنها ململانێی ڕاستەقینەی پرەنسیپیانە، پەیوەستە بە شێوازە جیاوازەکانی خەباتی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی و ئەخلاقیی نێوان مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و پرەنسیپەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە بەرگریی لێ دەکرێت.
یەکێک لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی بنیادنانەوەی مۆدێرنیتەی دیموکرات، بەدیهێنانی نەتەوەی دیموکراتییە. دژی ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت-نەتەوە، توانەوە، پاکتاوی ئتنیکی و ئایینی، ژینۆساید و داگیرکاری دەوەستێتەوە. ئەمڕۆ دەبینین لە سووریا، وەک سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناسیۆنالیزم جارێکی دیکە پەتایەکە، ڕوانگەی شۆڕشگێڕی هێزە دیموکراتییەکان تێکەڵ و سنووردار دەکات، لە کۆتاییدا پشتگیری دیکتاتۆر و گرووپە هەژموونگەراکان دەکەن. خۆیان وەک پارێزەری گەلەکەیان پیشان دەدەن، ڕاستییەکەی تەنها پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن.
نموونەیەک لەمە، سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK)ـیە. چۆن لە قۆناغی ڕابردوودا لەگەڵ تورکیا دژی گەلی کورد، لە هەردوو بەشی ڕۆژئاوا و باکوور (باکووری کوردستان) کاری کرد تا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و بەرخۆدانی چیاکان لەناو ببات.
تۆمەتبارکردنی ڕۆژاڤا بە جیاخوازیی، بەرهەمی ئەقڵییەتی دەوڵەت-نەتەوەیە: ئەگەر کەسێک دۆخی سووریا لە ڕێی پرسی یەکپارچەیی نەتەوەییەوە شی بکاتەوە، ناتوانێت ڕاستی کۆمەڵگەیەکی ئاوا دەوڵەمەند و فرەچەشن تێبگات. پێویستە لە بری ئەوە داکۆکیی لە خۆسەری گەلان بکرێت، مانای جیاکردنەوەی گرووپە ئتنیکی و ئایینییەکان نییە، بەپێی پرەنسیپی “یەکڕەنگکردنی هەرێمایەتیی” یان باڵادەستی بەسەر خاکەوە، چونکە داڕشتنەوەی سنوورەکان تەنها توندوتیژیی، ڕاگواستن، دابڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دەمارگیریی و هەژموونی زلهێزەکان دەگەیەنێت. خۆسەریی مانای ئازادییە، بۆ خۆڕێکخستن لە ڕێگەی دیموکراسی ڕاستەوخۆ، دەربڕینی دامەزراوە سیاسییەکانی خۆی، هەبوونی سیستەمی هاوسەرۆکایەتیی، یەکسانیی و خۆسەریی ژنان لە هەموو ئاستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکات.
تەنها ڕێگە بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا، دەستپێکردنی پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی سووریایەکی دیموکراتییە، لەسەر نموونەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی دیموکراتیی، ئەمە چارەسەرێکی ڕاستەقینەیە، نەک تەنها بۆ گەلی سووریا، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – ئەمە تەنها ڕێگەیە، بۆ ڕاگرتنی وێرانکاریی و ژینۆسایدی سێیەمین جەنگی جیهانی.
لەم سیناریۆیەدا ئەکتەرەکانی ئەم مەیدانە، لە نێوان بەرەی دەوڵەت-نەتەوەکان، بەرگریی لە دەسەڵات و سەرمایە دەکەن لە لایەک، هەموو هێزە دیموکراتییەکان سەر بە ڕووباری مۆدێرنیتەی دیموکراتین لە لایەکی دیکەوە، دابەش بوون. هاوپەیمانییە ڕاستەقینەکان ئەوانە نین، لەسەر ڕاگەیاندنی دیپلۆماسیانە بونیادنراون، چونکە هیچ هێزێکی خێربەخش نییە پشتی پێ ببەسترێت. بەڵکوو ئەوانەن لە هاوپشتیی نێوان هێزە دیموکراتییەکانی سەرتاسەری جیهانەوە، سەر هەڵدەدەن. ڕاستییەکەی بەرەی پێشەوەی ئەم جەنگە، تەنها لە سووریا نییە، بەڵکوو لە هەر شوێنێکی جیهان، کە هێزە دیموکراتییەکان خۆیان ڕێک دەخەن و دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەجەنگن.
ئەمڕۆ هەرچۆنێک بێت، پێویستە یەک بگرین، بۆ بەرگریی لە شۆڕشی ڕۆژاڤا، چونکە نەک تەنها چارەنووسی گەلی کورد، پشت بەم جەنگە دەبەستێت: ئەوەی ئێستا لە ڕۆژاڤا ڕوو دەدات، ئاراستەی مێژووی ئەم سەدەیە دیاریی دەکات. ئەوەی لە کوردستان ڕوو دەدات، دیاریی دەکات، ئایا مەترسییەکانی ٣٠ ساڵی ڕابردوو لە جەنگی کەنداوەوە تا ژینۆسایدی فەلەستین، لە کۆتاییدا دەبنە گۆڕستانێکی مرۆڤایەتیی بە سەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو دەبێتەوە؟ ئەوەی لەو زهنییەتەوە سەرهەڵدات، تەنها مەرگ، توندوتیژیی و فاشیزمە.
تەنیا بە دانپێدانانی نێودەوڵەتیی، بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەکرێت پشتگیریی بنیادنانەوەیەکی دیموکراتییانەی سووریا بکرێت، چونکە تەنها دامەزراوەیە دەتوانێت ئاسایش بۆ دانیشتووان، سەقامگیریی، ژیانێکی دیموکراتیی، بۆ کۆمەڵگە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان دەستەبەر بکات، وەک لە خۆڕاگریی بزووتنەوەکە لەم سەردەمەی گێژاودا ڕوونە. بۆیە پێویستە دەستبەجێ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هەوڵەکانی بۆ کەڵکوەرگرتن لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، جێبەجێکردنی پلانی ئیمپریالیزمی نوێ ڕابگیرێت: هەموو دەوڵەتانی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا بەرپرسیارێتیی سەرەکییان لەمەدا هەیە. ئەگەر ئەمە ڕانەگیرێت، هەر هیوایەک بۆ پاراستنی دیموکراسیی و مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن فاشیزمەوە دەڕمێت، ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئێمە لە هیچ جێیەک پارێزراو نابین، ڕێگەدان بەمە مانای وازهێنانە لە هەر شوێنەوارێکی مرۆڤایەتیی لە ناخماندا.
لەم سەردەمەدا لە هەر کات زیاتر بە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییەوە بەستراوینەتەوە کە چارەنووسی هەر یەکێکمان پشتی پێ دەبەستێت: هەر یەکێکمان دەتوانێت دڵۆپێک بێت تا هەمان ڕووباری دیموکراتیی فراوانتر بکات.
ئێستاش کاتی جووڵەیە…
1 Beyond Power, State and Violence, p. 76 Italian edition.
2https://www.brookings.edu/articles/the-new-u-s-proposal-for-a-greater-middle-east-initiative-an-evaluation/
3https://www.hintergrund.de/politik/welt/der-inszenierte-terrorrismus-die-cia-und-al-qaida/
4https://www.ispionline.it/it/pubblicazione/al-qaeda-e-il-jihadismo-20-anni-dall11-settembre-31833
5https://rojavainformationcenter.org/storage/2023/06/RIC-HTS-Report-June-2023-2.pdf
6https://kck-info.com/interviews101224/
7https://kck-info.com/interviews211224/
8https://anfenglish.com/features/trump-s-new-middle-east-project-and-the-fall-of-assad-76884
9https://kck-info.com/interviews211224/
10https://anfenglish.com/features/-77110