کۆمەڵگەی ئاشتیی و دیموکراتیی چییە؟
گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئۆجالان، و پەکەکە، وەرچەرخاون بۆ قۆناغێکی نوێ، قۆناغێک بە بەرگریی بێوێنەی چل ساڵ لە بەرخۆدانی ڕەوا بـەرهەمهاتووە

ئاوارە پیرۆت
قۆناغی ژیانی گوند و منداڵێتیی “محمد عبداللە” بەر لەوەی ببێت بە پێغەمبەری دواین ئاینی ئاسمانیی، شۆڕشێکی گرنگ و مەزنە بۆ بونیادنانی کەسێتیی” محمد رسوڵ اللە” واتا ژیانی محمد لەپێش پێغەمبەرایەتیدا، زۆر گرنگترە لە ژیانی سەردەمی پێغەمبەرایەتیی، ئەویش لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی، یەکەم/ محمد کۆتا پێغەمبەرە کە لە بەرەی ماڵباتی ئیسماعیل دەردەکەوێت، بەدرێژایی هەزاران ساڵ لە دوای ئیسماعیل پێغەمبەرایەتیی لەژێر دەستی “بنی ئیسڕائیل” دا بوو، بەڵام پێغەمبەرایەتیی محمد جیاوازە و سەر بە ماڵباتی ئیسماعیل-ە. دووەم/ کاتێک “محمد عبداللە” ڕۆژانە سەرقاڵی بیرکردنەوە لە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەیەتی لە ناو مەککەدا، هەردوو دەوڵەتی ڕۆم و دەوڵەتی ساسانیی لە ترۆپکی دەسەڵات و بەهێزیدان، بۆیە قۆناغی محمد عبدللە، قۆناغی ئەو پەڕی هێزی دەوڵەتی ڕۆم و ساسانییە و ئەو لەبەرامبەر ئەو دوو هێزەدا، جگە لە بونیادنانی کەسێتیی خۆی، گرنگی بە هیچ شتێکی تر نادات، کاتێک بەهۆی ململانێ و شەڕی هۆزە هەمەجییەکان، قەیرانی ناوخۆ لەسەر دەسەڵاتدارێتیی و …هتد، هەردوو دەوڵەت بەتەواوی لاواز دەبن، ئینجا محمد عبداللە، وەردەچەرخێت بۆ محمد ڕسول اللە، و دەبێت بە وەڵامدەرەوەی قۆناغی دوای هەردووک دەوڵەتی ڕۆم و ساسانیی. گریمان هەروەک فاڕابی پێی وایە: فەیلەسووف ئاقڵترە لە پێغەمبەر چونکە پێغەمبەر بۆخۆی بیرناکاتەوە، بەڵکوو سرووش-ی لەلایەن خواوە پێدەگات. ئەگەر بڵێین ئەو قسەیە تا ڕادەیەک لۆژیکییە، ئەی دەربارەی ژیان و منداڵێتیی پێغەمبەر دەبێت بڵێین چی کاتێک سرووشی بۆ نەهاتووە؟ لەو کاتەدا، پێغەمبەر کە هێشتا نەبووە بە پێغەمبەر چییە، سۆسیۆلۆگە، فەیلەسووفە، ڕۆشنبیرە؟ ئەوە لە کاتێکدا هەموو لایەک دەزانن کە محمد نەیتوانیوە بنووسێت و بخوێنێتەوە، واتا خوێندەوار نەبووە. بە واتایەکی تر، ئەگەر بەگوێرەی فاڕابی، محمد ڕسول اللە، قوڕمیشکراوی وەحی بووە و لەدەرەوەی پەیامی خودا هیچی تری نەگوتووە، ئەدی کەسێتییە بەهێزەکەی لەپێش پێغەمبەرایەتییدا لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بۆمان ئاشکرا دەبێت کە خودئاگایی و ئاگایی کۆمەڵایەتیی محمد کە هی خودی خۆیەتیی، شۆڕشێکی گرنگتر و واتادارترە لە شۆڕش بەسەر هەردووک دەوڵەتی ڕۆم و ساسانیی، و بونیادنانی شارستانێتی ئیسلامیی، بەڵام چۆن؟
محمد، لەدوای ئەوەی زمانی دەپژێ بۆ قسەکردن، خێزانەکەی دەینێرنە ماڵی خاڵەکانی لە گوند، کە خەڵکانی ئەم گوندە شارەزاییەکی زۆریان لە ڕەوانبێژیی و بەکارهێنانی زماندا هەیە، بۆ ئەوەی ئەویش بتوانێت سوود لە تواناکانیان بۆ ڕەوانبێژی وەربگرێت، پاشان بۆ ئەوەی فێری پشوودرێژی و ئارامیی ناو ژیانی بیابان و زەحمەتییەکانی ببێت، وەختێک قۆناغی منداڵی تێدەپەڕێنێت، پیشەی شوانکارەیی هەڵدەبژێرێت، بۆچی؟ بۆ ئەوەی ڕۆژانە لە ناو مەککە دوور بکەوێتەوە و بچێتە دەرەوەی شار، لەوێ خۆی لەگەڵ تەنیایی ڕابهێنێت و بیربکاتەوە، بۆ ئەوەی ڕەوشتی خۆی لە خەڵکانی ناو شار جوێ بکاتەوە و پارێزگاریی لە ئارامیی و پشوودرێژییەکەی بکات کە لە گوندی ماڵی خاڵەکانی بەدەستیی هێناوە، فێر بوو هەرگیز نابێت درۆ بکات، چونکە درۆ ڕاستییەکان دەشێوێنێت، بۆیە ناوبانگیی بە کەسێکی ڕاستگۆ لەهەموو مەککە و دەورووبەر دەنگی دابۆوە، وە دەستپاک و ئامانەت پارێز بوو، کە دواتر توانی سوود لەو تایبەتمەندییە وەربگرێت و لە کاری بازرگانیدا لەگەڵ خەدیجە بەکاریبهێنێت، ئەوانە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی زۆر خۆشبویسترێت و زۆر ڕێزیان لێی دەگرت، چەندین جار کێشەی قورسی لە نێوان قوڕەیش و هۆزەکانی چارەسەر دەکرد، چونکە ئاشکرابوو بۆ هەموو لایەک کە محمد، قسەزان، پشوودرێژ، ئارامگر، ڕاستگۆ، دەستپاک، امین، دادوەر بوو لە کارووباری ڕۆژانەی خۆیدا. کاتێک ئەم تایبەتمەندییانە لە کەسێتیدا جێگیر بوون، ئیدی دەوڵەتیی ڕۆم و ساسانیی تەواو لاواز ببوون و کاتی ئەوە هاتبوو بڕوخێن، ڕێک لەو وەختەدا محمد عبدللە وەردەچەرخێت بۆ محمد رسول اللە. هێرقل-ی خاوەن سەدان هەزار سەرباز، دەزگای بەڕێوەبەریی و دەوڵەتداریی، شارستانیی، چۆن بوو محمد داوای ملکەچی لێکرد؟ ئەوە چ هێزێک بوو پیاوێکی لادێیی، بیابانیی، لە شارێکی گچکەدا پشتی پێدەبەست و زاتی ئەوەی کرد، دەوڵەتی ڕۆم هەڵتەکێنێت؟ بێگومان کەسێتییە بەهێزەکەی بوو کە پێش پێغەمبەرایەتیی بەدەستیی هێنابوو، سیمبوڵایزەکردنی لەرزینی تاقی کیسرا، هێزی ڕاستگۆیی و حەقیقەتپەروەریی پێغەمبەر بوو، کە هەموو گەلانی ناو دەوڵەتی ئیمپراتۆریی بەدەستییەوە نەخۆش، بێزار، بێ چارە دەیانناڵاند و دەگەڕان لە هێزێک ببێتە شوێنگرەوەی ئیمپراتۆر، ئەگەر بڕوانینە ژیانی هەموو ئەو گەلانەی لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆردا دەژیان، تێدەگەین کە محمد چ خەڵات و دیارییەکی گرنگ و واتادار بووە بۆ ژیانێکی نوێ و هەناسەیەک لە دەرەوەی بەندێتیی و کۆیلەداریی و چەوساندنەوە و شەڕە تۆقێنەرەکان و تۆپەگڕاوییەکانی نێو مەنجەنیقەکان.
لەم پێشەکییە کورتەدا، ئامانجم ئەوەبوو بڵێم: هیچ ئیمپڕاتۆرییەتێکی هەرچەند گەورە و بەهێزبێت، ناتوانێت لەبەرامبەر کەسێتییەکی بەهێز و بونیادنەردا خۆی ڕابگرێت.
ئێمە لە کۆمەڵگا و کێشەکانی نێو کۆمەڵگادا، لە سیاسەت و دەسەڵاتدارێتییدا، لە وەختی چەوساندنەوە و شەڕی سەپێندراودا، لە بازاڕی دز و جەردەکاندا، لەناو ئیمپراتۆریای مۆنارشی تاک و گرووپی گچکەدا، بۆ تێپەڕکردنیان، پێویستمان بە کەسێتیی بونیادنەر و شۆڕشگێرانە، کۆمەڵناسانە، ڕاستگۆ و ئامانەتپارێزانە هەیە.
لەبەر ئەوە:
سیاسەت بریتیی نییە لە “میر”ی ماکیاڤێلی، بەڵکوو سیاسەت بریتییە لە هونەری بەڕێوەبردنی هەستەکان، هەستەکانی ڕێبەر ئۆجالان، کام هەست، هەستەکان چۆنن؟ بەرلەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، گرنگە بزانین، من ناڵێم ئۆجالان پێغەمبەرە، بەڵکوو دەڵێم: ئەو ڕەوشتێکی پێغەمبەرانەی هەیە، ڕێبەر ئۆجالان بۆ کۆتایی هێنان بە سیستەمی “دەوڵەت” جا هەردەوڵەتێک بێت کە هیچیان لە ئەمڕۆدا لە ساسانیی و بێزەنتە بەهێزتر نین، پێویستیی بە ڕەوشت و کەسێتییەکی پێغەمبەرانە و کلتووریی بنەڕەت و دێرینیی زاگرۆسیی بینیوە و پشتی پێبەستووە، سیاسەتیی بەڕێوەبردنی هەستەکان لەگەڵ کەسێتی و ڕەوشتیی پێغەمبەرانە و تێکەڵکردنیان لە مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا، هێزێکی زۆر واتادار و لەخۆ ڕابینە بۆ هەر ململانێیەک کە ڕووبدات.
ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: ( من هەستەکانم سەرکوت ناکەم، بەڵکوو زەمینەی دیموکراتیکیان بۆ دەڕەخسێنم.)
دەوڵەتیی پیرۆز، دەوڵەتیی پەرستگا، دەوڵەتیی خواوەند، دەوڵەتیی کۆماریی، دەوڵەتیی مۆنارشیی، کشتووکاڵیی، دەرەبەگایەتیی، خێڵ، قەوم و نەتەوەیی، دەوڵەتیی نیشتیمانیی و دەوڵەتیی دیموکراتیی…هتد، هەموویان ڤێرژنی جیاوازی دەوڵەتیی ڕاهیبن، دامەزرێنەریی یەکەمین دەزگای دەوڵەت، تەنانەت دەوڵەتی پرۆلیتار و سۆسیالیستیی هیچ واتایەکی جیاوازیی لە جەوهەردا نییە لەگەڵ دەوڵەتی ڕاهیب، گرنگە بزانین هیچ سیستەمێکی دەوڵەت ناتوانێت لەگەڵ هیچ کۆمەڵگایەک بسازێت، مەگەر بە هێزی دەسەڵاتدارێتیی و چەوساندنەوە نەبێت، ڕاهیب پشتیی بە بەندە دەبەست، دەوڵەتیی نەتەوەیی و سەرمایەداریی پشت بە کرێکار، کە لەجەوهەردا هەر بەندەیە، بەڵام خوداکەی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، لێرەدا پێویست بە دووبارە کردنەوە ناکات، ڕێبەر ئۆجالان لە کتێبەکانیدا ئارگیۆمێنتەکانی زۆر بە ڕوونی خستۆتە ڕوو کە دەوڵەت و کۆمەڵگا، هیچ کات ناتوانن لەگەڵ یەکتر پێشبکەون، بەڵکوو تەنانەت دەوڵەت، هیچ وەختێک دیاردەیەکیی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا نەبووە و ناشتوانێت لەناویدا بژیت، چونکە لۆژیکی دەوڵەت پشت بە هێز و دەسەڵاتدارێتیی دەبەستێت و لۆژیکی کۆمەڵگا پشت بە هەست و سۆز و ئارامیی، پلۆرالیی و مۆزایکیی یەکگرتوویی گەلان دەبەستێت، کە سرووشتییە تێکڕا پێکەوە بژین. هەرکاتێک دەوڵەت لە قەیراندا بووبێت کە خودی خۆیشی بریتییە لە قەیران، ئەوا ماسکێکی بەستووە، دیموکراتیی، نەتەوەیی، سیکۆلار، سۆسیالیستیی، کۆمۆنیستیی، لە کاتێکدا دەوڵەت هەر دەوڵەتی ڕاهیب و دەزگایەکیی سەرکوت و چەوسێنەرە، دەزگایەکی ڕەنج دزە، ماندووبوونی ئەوانی تر دەدزێ، سامان و ماڵی ئەوانی تر دەخوات، هێزی کۆمەڵگا دەدزێت، لە ئێستاشدا کە “پارە” بووە بەخودا، دەوڵەت خوداکان دەدزێت، فەیلەسووف و زاناکانی کە لەگەڵی نەبوون، کوشتووە، دەوڵەت: دزێکی گەورە و زۆر شارەزایی کلتوور و هونەر و ئەدەب، و سەرجەمی ژیانی نێو کۆمەڵگای مۆرییە. ڕۆژێک ئاین دەکات بە بەڵاگێڕەوەی خۆی، ڕۆژێک مەزهەب و قەوم، ڕۆژێک سۆسیالیزم و دواین جاریش لیبڕالیزم.
لێرەدا ڕێبەر ئۆجالان، پڕۆژەیەکی دژە دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتییە، ئەو دواین هەناسەی جڤاک و کۆمەڵگاکانە، بەڵام بەڕەوشتێکی پێغەمبەرانە، بە سیاسەتێک کە هەستەکان تیۆریزە دەکات، لە کاتێکدا کە منداڵ بووە، لەناو منداڵانی هاوتەمەنیدا بەیەکسانی خۆراک و گۆشتی چوێلەکەی بەسەردا دابەشکردوون، شارەزاییەکی زۆر باشیشی لە کوشتنی ماردا هەبووە! لە قوتابخانە دوورە دەستەکان بەپێ ڕۆیشتووە و چی فێربووبێت فێری منداڵانی گوندی کردووە، هەرگیز وەک پیاوانی گوند دەستی لەهیچ ژنێک بەرزنەکردۆتەوە، بۆیە پێیان وابووە ئۆجالان پیاو نییە و نابێت بەپیاو، کۆمەڵگای دەوڵەتی پێی وایە بۆ ئەوەی پیاو بیت، دەبێت دەسەڵاتت بەسەر ژندا هەبێت و بتوانیت بیکوژیت، بەڵام ئۆجالان نەک هەر نایانکوژێت بەڵکوو دیموکراتیترین شەرڤانی بەرخۆدێری لێ درووستکردن، کاتێک چوو بۆ ئانقەرە، بە مۆڕاڵێکی ئیبڕاهیمیانە هەوڵی شکاندنی سەرجەمی بتەکانی نێو دەوڵەت-یدا، و تێکیشکاندن. ئەو زۆر کەم نان دەخوات، پێویستی بە دزینی ملیۆنان دۆلار و درووستکردنی دەزگای دەوڵەتیی نیە بۆ ئەوەی خۆی تێربکات، ئەو زۆر کەم دەخەوێت و وەک دەسەڵاتخوازە خەواڵووەکان نییە، باکی بەوە نەبێت کۆمەڵگا و مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگا بێ زانست، بێ بەرهەمی فیکر و بێ بیرکردنەوە بن، زەمینەی دیموکراتیی بۆ هەست و غەریزەکانی وایکردووە، هیچ شتێک لەدەرەوەی خۆیدا نەبینێت.
ڕێبەر ئۆجالان، کەسێتیی وا بونیادنەر و دیموکراتیانەی هەیە، کە دەکرێت بەبنەما بگیردرێت و ببێت بە کلتوورێکی گرنگ بۆ ژیان و بۆ ڕوخانی سیستەمی دەوڵەت و ئاشتکردنەوەی سیاسەتی هەستەکان لەگەڵ جەوهەری کۆمەڵگادا، تیایدا هەموو گەلان وەک یەک سوود لە توانا کلتوورییەکانیان وەربگرن، بەبنەماگرتنی ژیانی ئۆجالان لە گوند-دا، بەهێزترین چەکی دژی دەوڵەت و دەسەڵاتخوازیی و جۆرەکانییەتیی لە کۆمەڵگادا. کۆمەڵگای ئاشتیی و دیموکراتیک، کۆمەڵگای، چیرۆک و ڕۆمان و ئەدەبە، کۆمەڵگای هونەر و شیعر و میوزیکە، کۆمەڵگای بەیەکەوەژیانی نێوان گەلانە، کۆمەڵگای ئەخلاق و مۆڕاڵە، کۆمەڵگای دۆزینەوەی کلیلەکانی زانست و پەروەردە و بیرکردنەوە و فەلسەفاندنە، کە تیایدا دەسەڵاتدارێتی بوونی نییە، کۆمەڵگای ئاشتیی، واتا کۆمەڵگای بێ شەڕ و کوشتن و ململانێی خوێناوی، کۆمەڵگای تۆلێرانس و ئازادانەی بیروڕا و ڕەخنەیە، کۆمەڵگایەکی کۆپەرەیتیڤ و هەرەوەزخوازە، تیایدا خەڵک نابن بە دوژمنی یەکتر و دەوڵەتێک لە گۆڕێدا نییە ئیش و کاری درووستکردنی دوژمن بێت و لەژێرەوەش کاری سەرەکی تاڵانکاریی بێت، بۆیە دەڵێین: هەستەکان، ڕاستگۆیی، دەستپاکیی، ئارامیی، پشوودرێژیی، هونەری سیاسەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکانن، نەک ڕاسیۆنالیزمی هەمەجیی خۆرئاوا و میری ماکیاڤێلی و درۆی ئەو دەوڵەتمەدارە نەتەوەییانەی لەژێر ناوی فەیلەسووف هەناردەی وڵاتان و کۆمەڵگا تاڵانکراوەکان دەکرێن، بۆ تیۆریزەی درۆینەی دەوڵەتی فیدراڵ و لیبڕاڵ و کۆماریی و ماڵباتیی…هتد.
لە ئێستادا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئۆجالان، و پەکەکە، وەرچەرخاون بۆ قۆناغێکی نوێ، قۆناغێک بە بەرگریی بێوێنەی چل ساڵ لە بەرخۆدانی ڕەوا بەرهەمهاتووە، لە ئێران، سووریا، تورکیا، عێراق، حەقیقەتی : ژن، ژیان، ئازادیی، شەرعییەتی نا ڕەوا و سەپێنەریی دەوڵەتیی نەتەوەیی و قەومی لەرزاندووە و بەرەو داڕوخانی بردووە. ئیتر کۆمەڵگاکان تێگەیشتوون، دەبێت چی بکەین.
ڕێبەر ئاپۆ، کاتێک پەکەکەی دامەزراند، قۆناغی هەڵوەشانەوەشی بۆ دیاریکرد، چۆن؟ پەکەکە، ئامرازێکی سیاسیی و گەریلایی بەرخۆدێریی کۆمەڵگا و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە، دامەزراوە بۆ ئەوەی دەوڵەت چیتر نەتوانێت گەلانی تر نەناسێت و چەوساندنەوە و ژینۆسایدی کلتووریی و فیزیکی لەسەر مرۆڤ بەڕێوە ببات، جا هەرکاتێک دەوڵەت وەک دەزگا، لاواز بوو و چیتر نەیتوانی ژینۆساید و شەڕ بەڕێوە ببات، وە لە ڕەگەوە هێزەکەی لێ سەندرایەوە، ئەو کات لەبەرامبەردا کۆمەڵگاکان دەتوانن ئازادانە بیربکەنەوە و ڕەخنە بگرن، و تاکی ئازاد لە دایک دەبن کە دەتوانن لە پەکەکە باشتر چالاکتر بن و بیربکەنەوە، هەربۆیە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: ئەگەر کۆمەڵگا هۆشیار بێت، پەکەکە سوودی چییە؟ نەک سوودی نییە دەبێت بە بار. ڕێبەر ئۆجالان بە پێشەنگایەتی خۆی و بە ئامرازی پەکەکە، کۆمەڵگای گەیاندە ئەم قۆناغە کە تیایدا دەوڵەت لە ڕەگەوە لاواز و کۆمەڵگا لە جەوهەردا هۆشیار بێت و ئازادی بەبنەما بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هەمیشە پەکەکە وەک ئامرازێکی ڕێزلێگیراو و بەنرخ لە زەین و نەستەکانماندا دەمێنێتەوە و بەرەو قۆناغێکی نوێ دەمانبات، کە قۆناغی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیکە، تیایدا ڕاستگۆیی و دەستپاکیی لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە بۆ بیرکردنەوە و فەلسەفاندن و درووستبوونی تاکی ئازاد لەناو کۆمەڵگای ئازاددا.