دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لە ئۆجالان
ئۆجالان بیرمەندێکە و هزری کرداریی کردووەتەوە، لە هەوڵی داماڵینی دەسەڵات و پاوانی پیاو و دەوڵەت و ئاییندایە.

سەڵاح حەسەنپوور
گەر بمانەوێ ئۆجالان بناسین، پێویستە چەند بەرهەمێکی دیاری بخوێنینەوە لەوانە: لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەر بەرەو شارستانییەتی دیموکراتیک، بەرگریکردن لە گەلێک و زنجیرەی پێنج بەرگی مانیفیستۆی شارستانیەتی دیموکراتیک.
ئۆجالان لەم بەرهەمانەدا بە مێتۆدی مێژوویی – کە ئەمڕۆ لە مێژوودا و مێژووش لە کەسایەتیدا شاڕاوەیە -، خوێندنەوەیەکی مێژووییانە بۆ کێشەکان بە مەبەستی چارەسەری دەکات، بۆیەش بەم شێوەیە دەردی کەسایەتیی مرۆڤی کوردیشی شیکار کردووە و دەرمانی چارەسەری بۆ پێشنیاز کردووە.
ئایدۆلۆژی کراوەی ئۆجالان وەک خەیاڵی منداڵ و دەقی ئەدەبی کراوەن… و چێژ لە کراوەبوونی ئەم دووانەشدا دەبینێ. هەر بۆیەش لە ئەنجامی هەموو شڕۆڤەکان دەگاتە ئەو ئەنجامە کراوەیە کە: “هەقیقەت ئەشقە و ئەشقیش ژیانی ئازادە…”، تێکۆشانەکەیشی لەو پێناوەدایە.
ئۆجالان لەم کتێبانەیدا سەرەتا باسی مژاری “بوون”ـی گەردوون و هاوکێشە فیزیاییەکان دەکات. زانستی کوانتۆمی بەلاوە گرنگە کە بەردەوام ئەلکتڕۆن بە دەوری پڕۆتۆن لە سووڕانەوەدان. بۆیە دەڵێت؛ هزری ئێمەش وەک سرووشت پێویستە زیندوو بێت و لە لێگەڕیندا بێت و چەق نەبەستێ. ئەوەش بە گەوهەر و ناوەڕۆکی “ژیان و بوون” لەقەڵەم دەدات.
لە بابەتی مڕۆڤ و گەشەسەندنی، شارستانییەتی مرۆڤ و دیوە شاراوەکانی مێژووش دەخاتە بەرباس. مەبەست لە دیوە شاراوەکان ئەوە کۆمەڵگای سرووشتییە کە لە کتێبەکاندا باس نەکراوە و ئەو مێژوویەی زەق کراوەتە، مێژووی دەورانی باوکسالارییە.
بۆ مێژووی نەنووسراو پشتی بە زانستی شوێنەوارناسیی و داستان و ئۆستورەکان بەستووە. زیاتر دەیەوێ لەو ڕێگایەوە ڕۆڵی ونکراوی ژن لە مێژوودا بدۆزێتەوە تا چۆنییەتی لەڕۆڵکەوتنی و دیسان باسی چۆنییەتی گەڕانەوەی ئیرادە و کەسایەتیی بکات.
لە مێژووی شارستانییەتدا بە وردیی باسی لە کارتێکردنی شارستانییەتەکان کردووە. مژارەکانی ژن، دیموکراسیی، ژینگە، ئەخلاق، دین، دەوڵەت-نەتەوە، زانست و خێزانی خستووەتە بەرباس. هەروەها ژیانی ئەخلاقیی لە سەرجەم بوارەکاندا وەک چارەسەر خستووەتە ڕوو.
تێڕوانینی ئۆجالان بۆ سەرجەم بابەتەکان هەم لە دەوڵەتە سوسیالیستەکان و جیایە و هەم لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی. خاوەن سیستم و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیەتی و بە سیستمی “مۆدێرنتەی دێموکراتیک” ناودێری کردووە، هەروەها چارەسەری نەتەوایەتیی کورد لە “نەتەوەی دێموکراتیک”ـدا دەبینێتەوە.
ئەم سیستمەی وەک دەرمانێک بۆ چارەسەری دەردەکانی دنیای مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی و سوسیالیستی داناوە؛ بۆیەش ڕێکخستنەکانی ئاپۆچیی خۆیان بە هێڵی سێیەم ناو دەبەن.
لە ئێستادا ئۆجالان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە جاران لە دڵی مرۆڤەکان و ڕۆشنبیرەکانی دنیاشدا جێی خۆی کردووەتەوە و دەکاتەوە؛ بە تایبەت لە لای ژنان – کە زۆرترین دەردیان هەیە-. لەگەڵ ئەوەش چۆن بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد هەوڵی داوە، دژمنانی کورد لێی وەخۆ کەوتوون؛ بەردەوام هەوڵی چەواشەکاریی فکرەکانی دراوە و من دەمەوێ وەک ئەرکێکی ئەخلاقی دریچەیەک بۆ هەرسکردنی بکەمەوە.
مۆدێڕنیتەی دیموکراتیکی ئۆجالان لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکیی بونیاد نراوە، ئەوانیش بریتین لە: ئازادیی ڕەگەزیی، دیموکراسیی و ژینگەپارێزیی. بەڵام هەر یەک لەم بابەتانە لە دیدی ئاپۆدا واتای جیاواز و فراوان لەخۆ دەگرن. واتای ئەم چەمکانە لەگەڵ هزری سوسیالیستەکان و سیستمە سەرمایەدارییەکان جیاوازن، جا بە کورتیی باسی دەکەم.
ا. ئازادی ڕەگەزیی
ئازادی ڕەگەزیی بە گشتیی ئازادیی تاک یاخود ئازادیی ژنی ئازاد و پیاوی ئازاد لەخۆ دەگرێت، ئەم بابەتە بازنەی تەسکی فێمینیستیش تێپەڕ دەکات. لەو پڕەنسیپپەدا وەک ئایینە ئاسمانییەکان پیاو سەنتەر نییە و ژن کێڵگە و موڵک نییە، بەڵكوو هەردووکیان تەواوکەری یەکترن.
لەم دیدەدا وەک سەرمایەداریی ژن ناکرێتە کاڵا بۆ وەدەستهێنانی بەرژەوەندیی. لە سیستمی ئۆجالاندا ژن پێشەنگە. ژن کڕۆکی کۆمەڵایەتیبوون و گەرمیی ژیانە، بۆیە دەڵێت؛ تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگاش ئازاد نابێت. بەرگی سێیەمی زنجیرەی مانیفیستۆی شارستانیەتی دیموکراتیک “سوسیۆلۆژی ئازادیی” ئەم بابەتەی بە شێوەی سوسیۆلۆژییانە شی کردووەتەوە. هەروەها لە ڕووی دەروونناسییەوە داستانە پیاوسالارەکان و قسە سووکەکان کە کۆمەڵگای پیاوسالار بە ژنی دەڵێت؛ چۆن کاریگەریان لەسەر ژن داناوە، باس کراون. لەوانە داستانی ئادەم و حەوا و داستانی گلگامیش و شەڕی ئینانای خواوەندی ژن لەگەڵ ئەنکیدۆی پیاو.
بۆیە بۆ ئازادیی ژنان پێشنیاری پارکی کەلتووریی و خۆپێگەیاندن ژنان، پارتی ژنان و ئابووریی هاوبەشی ژنان و سەربەخۆیی و پاراستن لە هەموو بوارەکاندا کراوە. پیاویش پێویستە خۆی لە پاوانکاریی ژنان و دەسەڵاتداریی سەرکوت داماڵێ. پارتی ئازادی ژنانی کوردستان – پاژک – و هێزی یەکینەکانی پاراستنی ژن لەو چوارچێوەدان. بۆیە بابەتی ژن، ژیان، ئازادیی سێ تێگەی لێکدانەبڕاون.
ب. دیموکراسیی
ئەوەی ئێستا زۆرتر لە هزری کۆمەڵگا هاوێژراوە، ئەوەیە هەرکەس زیاتر دەنگ بێنیت با حوكم بکات و حوکمیش هەمووی لە چوارچێوەی دەوڵەتدایە. هەر ئەو جۆرە فکرە وای کردووە کەمینەکان بەردەوام لە پەراوێز و توانەوەدا بن. وەک دەوڵەتی ئێران، تورکیا، سووریا، ئێراق کە نموونەی بەرچاون بۆ کورد و… . بۆ نموونە گەر تورک لە ورمێ ئەندامی شارەوانی زیاد بەدەست بێنن و کورد دەنگ نەدات، ئەوا ئەو تورکە نەژادپەرەستانەی وا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەمەزەرد دەکرێنەوە، چیان پێ خۆش بێت بۆ گەڕەکەکانی خۆیان دەیکەن و گەڕەکە کوردییەکان پەراوێز دەخەن. ئەوە ئەنجامی ئەو دیموکراسییە زۆرینە و کەمینە پووچەکەیە.
ئەگەر ئێمە ئەم دیموکراسییەمان پەسەند بێت، ئەوا دەبێت حوکمی نەتەوەی باڵادەستەکانمان پەسەند بێت و مل بۆ توانەوە کەچ بکەین. بەڵام لە دیدی ئۆجالاندا دیموکراسیی ئەوەیە گشت ڕەنگەکان، چ زۆر و چ کەم، هاوشان بە جیاوازییەکانەوە لەگەڵ یەک بژین و باخچەی هەمەڕەنگی دیموکراسیی بەم شێوەیە ساز دەبێت، نەک بە یەک ڕەنگکردن. وەک ئەوەی ئەو دەوڵەتانە دەیکەن. بۆ نموونە لە سروودی نەتەوەیی دەوڵەتی تورکدا هاتووە و هەموو گەلانی دی دەبێ ملکەچی بن و بیڵینەوە “بەختەوەرم کە تورکم”.
ئۆجالان پێی وایە دەبێت هەموو نەتەوەکان، ئایینەکان، زمانەکان و زاراوەکان لە شوێنی خۆیان بە تایبەتمەندی کەلتووریی و ئابووریی و هزریی خۆیان کۆمەڵی خۆیان بەڕێوە بەرن، نەک زۆرینە کەمینە بخوات. یان یاسای ئیسلامی بە سەر ئیزیدیی و مەسیحییەکدا بسەپێندرێ و یان بە پێچەوانەوە. بۆیە لەو چوارچێوەیەدا کانتۆنەکان بەگوێرەی تایبەتمەندییەکان ساز دەبن. شەنگال نمونەیەکی باشە کە گەلی ئیزیدیی دەیەوێ بە تایبەتمەندیی کەلتووریی و ئایینیی خۆی خۆی بەڕێوە بەرێت. بۆ نموونە دەکرێت هەرێمی هەورامان بە تایبەتمەندیی زمانیی و کەلتووریی خۆی خۆی بەڕێوە ببات. هەروەها بۆ ئیلامیش هەرێمێکی وا لە جێگەی خۆیدایە.
ج. ژینگەپارێزیی
گەر وەک کلاسیک باسی ژینگەپارێزیی بکەین، ئەوە ڕەنگە ئەوەمان بێتە خەیاڵ بچین نەمام بڕوێنین و دار نەبڕین، شت فڕێ نەدەین. ئەو کات دەبینە ژینگەپارێز!
گەر تەماشا بکەین مرۆڤە بووەتە گورگی هار و هەموو گۆی زەوی تێک داوە و ژینگە هەسارەکانی دیشی دەستکاریی کردووە. ئەو هاڕینە تا ئەو ڕادەیەیە کە چینی ئۆزۆن بەرتەسک بووەتەوە. گەر پیش بەو مرۆڤ دەروونگورگانە و سیستمەکەیان نەگیرێت؛ ئەوە مەترسی تیکچوونی ژیان و قەیرانی خۆراک و نەخۆشی پیست لەئارادایە. دواجار دەروونگورکەکان سەری ئێمە و دواجار خۆشیان دەخۆن.
وەک نموونە و هەزار نموونەی تر شەپۆلەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت کاریگەرییان لە سەر پەلەوەرەکان و زیندەوەرەکانی دیکە داناوە. سەرمایەداریی بۆ قازانجی خۆی هیچ پێوەرێکی ژینگەیی لەبەرچاو ناگرێت و هەردەمەی بە شێوازێک بۆ هەڵفریواندنی کۆمەڵ کاڵاکان دەخاتە بازاڕ.
ئەم سیستمە بەرژەوەندیخوازە تەسکە مۆدگەرایی پیش دەخات تا زوو زوو بکڕین و زوو زوو فڕێ دەین. بۆیە ئۆجالان پێشنیازی ئابووریی ئەخلاقیی بەگوێرەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا دەکات کە پڕەنسیپە ژینگەییەکانی تێدا لەبەرچاو بگیرین، هاوکات ڕۆڵی ژینگەپارێزەکان بەرز دەنرخێنێ و ڕەخنەشیان لێ دەگرێت کە بازنەی تەسک نابێتە وەڵامی کێشەکان.
ئۆجالان ئەو بۆچوونە ئایینیی و سوسیالیستییانە ڕەخنە دەکات وا پیاو و یان لە سوسیالیستیدا وەک چەقی گەردوون پێناسە دەکەن و دەڵێت: مرۆڤ بەشێکە لە ژینگە و تەنانەت خۆدی ژینگەیە. بۆیە بەم شیکردنەوەیە بۆچوونی کۆنی سۆسیالیستەکانیش تێپەڕ دەکات و مەیدان بۆ تێکۆشانێکی ئەخلاقیتر بە پێوانەکانی ژینگەپارێزیی دەکاتەوە. پێویستە ئەم ئەخلاقە لە سەرجەم بەرهەم و چالاکییەکانی مرۆڤدا ڕەنگ بداتەوە.
ئابووریی لە دیدی ئۆجالاندا
ئۆجالان لە ڕێگەی زانستی ئیتمۆلۆژیی لە ڕەگی وشەی (ئیکۆنۆمیک) ئابووریی کۆڵیوەتەوە و بەپێی ئەم زانستە ئیکۆنۆمیک بە واتای ئابووریی دێت، ڕەگەکەی بۆ خواوەندی ژن ئیکۆنۆموس دەگەڕێتەوە. ئیکۆنۆموس بە واتای ژنی بەڕێوەبەر دێت و لە ڕووی ئابوورییەوە دەوروبەری ئیدارە کردووە.
ژن لە بواری هونەر، پزیشکیی، چاندن، چنین و ماڵیکردنی ئاژەڵ و ئافراندن، کۆمەڵگای لە هەموو بوارەکاندا پیش خستووە. ئۆجالان دەڵێت بەداخەوە لەمڕۆیدا ژنیان وا زەلیل کردووە نەک هەر ئابووریی بەدەست نییە، بەڵکووو وەک پشیلە چاو لە دەستی پیاوە و بۆ ئیسقانێک دەمیاوێنێ یان وەک باڵندە لە قەفەس خراوە بۆ جوانیی و دامرکاندنەوەی هەوەس.
ئۆجالان لە ڕۆڵی ژندا سەرمایەداریی، کە ژنیشی بە موڵک کردووە، ڕەخنە دەکات. سیستمی سەرمایەداری هەموو بۆ یەک کەس کار دەکەن و بە شێوەی هەڕەمیی یەک کەس لە لوتکەدایە و زۆرینەی کۆمەڵ لە هەژارییدا دەژێن.
لە دەوڵەتی سوسیالیستییدا هەندێ کەس کار دەکەن و هەندێک کار ناکەن، ئەوانەی کار ناکەن، ڕەنجی کارکەرەکان دەخۆن. جیاوازیی لە نێوان تاکی بەکار و تاکی بێکار ناکەن، بۆیە تاکی کارای تێدا ون دەبێت. ئەم سیستمانە ئەخلاقی ژینگەپاریزیی بە بنەما ناگرن. بۆیە بە پێچەوانەی مارکس کە پێداگری لەسەر “ڕێکخستن ڕێکخستن ڕێکخستن” بوو، ئۆجالان بۆ سیستمی ئەخلاقیی و هەرەوەزیی پێداگریی لە سەر “پەروەردە پەروەدە پەروەردە”ـیە. ئاکادیمیاکانی ئۆجالان و پێگەیاندنی هەزاران کادیر هەڵگری ئەو ڕاستییەن.
ئەم ئەخلاق و پەروەردەیەش دەکەوێتە سەر شانی ژنی ئازاد و دەڵێت: تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگا ئازاد نابێت. بەداخەوە ژنی ئێستا گەوهەری خۆی ناناسێت و دەبێت سەرلەنوێ خۆی بناسێتەوە و ئەڕکی سرووشتی خۆی بگێڕێت، ئەوەش دەچیتە چوارچێوەی دووبارە خۆبونیادنانەوە.
لەم سیستمە ئابوورییەدا پێویستە ژینگە ڕەچاو بکرێت، سەرمایە وەک سەرمایەداریی لەبەر دەستی کۆمپانیا زبەلاحەکان و ملیاردێرەکاندا کەڵەکە نەبێت و لە خزمەت کۆمەڵگادا بێت. لە پڕۆژەکە هەموو وەک یەک کار بکەن و زیاتر لە پێداویستی خۆیان و کەلوپەلی کارپێکردن کە خراپ دەبن، نرخ نەخەنە سەر کاڵاکان.
جیاوازییەکی تری ئەم سیستمە ئەوەیە؛ بە پێچەوانەی سەرمایەداریی کە بە کاڵاکانی بێباوەڕی و گومان لەنێو کۆمەڵدا درووست دەکات، ئەم سیستمە لەبەر ئەوەی خزمەتی کۆمەڵ بە بنەما دەگرێت، دەبێتە جێگای باوەڕی کۆمەڵگا.
بۆ نموونە کاتێک ئێمە کاڵای کۆمپانیایەکی ڕۆن دەکڕین، نازانین چۆن ساز کراوە. گومانمان لە چۆنێتیی سازکردنی ڕۆنەکە هەیە. دەڵێین بۆ قازانجی خۆیان هەموو شت دەکەن، بەڵام لە سیستمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا، کە خزمەت و تەندرووستی کۆمەڵ و ژینگە دەکرێتە پێودانگ، لەم بارەوە دڵنیاییمان پێ دەدات و ئاسوودەین کە خاوەنی پڕۆژەکان کەسانی ئەخلاقیی و ویژدانین.
سێکس و سپۆڕت و سەنعەت
ئەم سێ بابەتە لە دیدی ئۆجالانەوە ژیانین، واتا مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاریان دێنێ، بەڵام سەرمایەداریی لە گەوهەری خۆی دەری هێناون.
سیستمی چاوچنۆک سێکس، سپۆڕت و سەنعەتی بۆ بەدەستهێنانی پارە کردوون بە ئامرازی کۆکردنەوەی سەرمایە. لێرەدا مەبەست لە سەرمایەداریی هەم ئەو دەوڵەتانە دەگرێتەوە وا بە هەمان فکر کار دەکەن و هەم ئەو کۆمپانیا و مرۆڤانەشی هەڵگری فکرێکی وان بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە.
پێویستە مرۆڤەکان لە سێکس و سپۆڕت و سەنعەت ڕۆڵی بکەریان هەبێت. پێویستە مرۆڤ بۆ بەردەوامیی ڕەوتی ژیان و پێویستیی سێکس بکات نەک چاو لە فیلم پۆڕنۆ بکات. پێویستە ڕۆژانە وەرزش بکات نەک بە سەدهەزار نەفەر لە وەرزشگاکان تەماشای ٢٢ کەسی یاری تۆپی پێ بکەن. هەروەها پێوسیتە مرۆڤ هونەرمەند و گۆرانیبێژ بێت نەک کەسێک بێت جەوانان بە مەبەستی کۆکردنەوەی سەرمایە لە خشتە بەرێت و لە گەوهەری ئەم بابەتە ژیانییانە دووریان بخاتەوە.
بۆ نموونە یانەی چڵسیی بە میلیارد پارە بەدەست دێنی و بە میلیۆنان تەماشای دەکەن، بەڵام خۆمان وەرزش ناکەین. مێشکمان لای سێکس و فیلمی سێکسییە و هیچ خۆشەویستمان نییە، بە هیچ و خۆڕایی دەوروژێنرێین. کچێک گۆرانی دەڵێت و لەشی نمایش دەکات، بەڵام ئێمە داهێنەری هونەر نین. لە هەر سێ بابەتەکە کەوتووینەتە خزمەتی کۆمپانیاکانی سەرمایەداریی و لە ڕوڵی بکەرەوە بووینەتە بەرکار، بێ ئەوەی بزانین گێژیان کردووین.
بۆیە لەم سیستمە ژن و گەنج بۆ ڕاستکردنەوەی ژیان پێشەنگن، لە سیستمی دەوڵەتی سوسیالیستیدا کرێکاران پێشەنگ بوون، بۆیە لێرەشدا ئۆجالان لە سوسیالیستەکان جیایە.
خێزان و دەوڵەت-نەتەوە
خێزانی کلاسیک لە دیدی ئۆجالان بچووککراوەی دەوڵەت – نەتەوەیە، بۆیەش بەیەکەوە باسیان دەکەم. لێرەدا پیاو لە دەسەڵات دادەماڵی و ژن دەکاتەوە خاوەنی هێز. دەڵێت: گەر هاوژیانییەکی واتادار و هاوسەنگ لە نێوان ژن و پیاو هەبێت، جێگای ڕێزە و بۆ دەوڵەتی نەتەوایەتیش گەر یەک نەتەوە باڵادەست بێت یان یەک تاقم، یان یەک ئایین، ئەوا ئەو دەوڵەتە وەک خێزانی کلاسیک بەڵایە. واتا وەک خێزانی باوکسالار ناوەڕۆکی پووچە، بۆیە لەجێی هاوسەرگیریی کلاسیک هاوژیانیی ئازاد لە نێوان تاکە ئازادەکاندا پێشنیار دەکات. بۆ دەوڵەت – نەتەوەکان کۆماری دیموکراتیک -کە کۆمەڵگا جیاوازەکان خۆیانی تێدا ئازادانە بەڕێوە دەبەن- پێشنیاز دەکات.
نابێت باوک و دایک منداڵەکان سەرکوت بکەن، بەڵکووو دەبێت پێکڕا و بە ڕاوێژ خۆیان خۆیان بەڕێوە بەرن و ڕۆڵی مۆمیان هەبێت. ژن و پیاو لە بنەماڵەدا وەک سیستمی هاوسەرۆکایەتیی لە ڕێکخستنەکانی ئاپۆییدا وایە. بە واتایەکی دی هاوژیانیی ئازاد سیستمی بچووکی خێزانی کۆمەڵگای خۆبەڕێوەبەرە، ئەویش بە سیستەمی هاوسەرۆکیی.
هەر بەو پێوەرەش دەبێت کۆمەڵگاکان خۆیان بە تایبەتمەندیی خۆیان بە سیستمی هاوسەرۆکیی خۆیان بەڕێوە بەرن، نەک بەڕێوە ببرێن، یان وەک گورک سواری سەریان بن و لە ڕەنجیان سوودمەند بن.
لە سیستمی خۆبەڕێوەبەردا هەوڵی کاڵکردنەوەی جوگرافیای سنوورەکان دەدرێت، بەڵام ئەو دەوڵەتانەی ڕێگرن بە جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئۆجالان بە تاکتیکی ڕێکخستنی کۆمەڵ و سیستمی خۆبەڕێوەبەر لە دەرەوەی دەوڵەت، دەوڵەت بێکاریگەر دەکات. بۆ نموونە لە باکووری کوردستان خەڵک کێشەکانی بۆ دادگای دەوڵەت نەبرد و لە دادگای گەل چارەسەریان دەکرد. دەوڵەتی تورکیا هەستی کرد هیچ ڕۆڵی نەماوە و ڕەگی دەوڵەتە فاشیستیەکەی هەڵکێشراوە، هاتن سەرکوتیان کردن و بە هەزارانیان لە زیندان کردن، بەڵام نەیانتوانیوە ئیرادەیان بشکێنن.
تاکی دیموکرات
لە ئایینە ئاسمانیەکاندا پیاو چەقی گەردوونە و هەموو شت لە لە خزمەتی پیاودایە. ژنی جوان و ئەسپ و ژینگە هەمووی بۆ خزمەتی پیاوە. پاشان سوسیالیستەکان هاتن شۆڕشیان کرد و گوتیان هەموو شت بۆ مرۆڤە، لێرەدا ژن و پیاو پێکەوە ئەو ژینگەیە چۆن دەخوا بخوا بۆ مرۆڤە، ئاشکرایە سەرمایەدارییش وەک گورگی هار ژینگەکە دەهاڕی، لێرەدا هەموو شت بۆ کەسێک یان تاقمێکە.
بە واتایەکی تر لە سیستمی سەرماییەدارییدا هەموو مرۆڤەکان پێکڕا و وەک سوسیالیستەکان تاکەکان لە قازانج سوودمەند نین، بەڵکووو تاقمێك دەخوا. ئەگەر سوسیالیستی تاکەکان وەک یەک بەهرەمەندن، ئەوە لە سیستمی سەرمایەداریی تاقمێک تێر و زۆرینە برسین. لە سیستمی کەرتی تایبەتی سەرمایەدارییدا کرێکارەکان بۆنی ئارەقیان لێ دێ و چەند کەسێکیش بۆنی عەتر و عەنبەر.
ئاپۆ هەردووکیانی ڕەخنە کرد، نە پیاو وەک ئایین باسی دەکات، چەقی گەردوونە و نە وەک سەرمایەدارییش دەیکاتە گورگی هاری ژینگە، تەنانەت دواجار خۆیشی دەخوات، نە وەک سوسیالیستەکان باسی دەکەن هەموو شت بۆ مرۆڤە، بەڵکووو دەڵێت؛ هەموو شتەکان تەواوکەری یەکن، بە گیاندار و بێگیانەکانەوە. لێرەدا تاکی ئازاد و دیموکراتیک بە پەروەدەی ئەخلاقیی دێتە ئاراوە.
تاکی دیموکرات بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی لەسەر شانە، لێرەدا مرۆڤ نەک تەنها سەنتەر نییە، بەڵکووو بەشێکە لە ژینگە و خودی ژینگەشە. بۆیە لێرەدا تاکی دیموکراتیک بەرانبەر تاکی هاری ئەم سیستمە بێئەخلاقانە دەخرێتە بەرباس. پێویستە تاکی دیموکراتیک بە خوڵقکاریی خۆی پێشەنگی ئەم سیستمە بێت. نموونە ڕۆمانێک بنووسە و وەک تاک ڕۆڵت دیارە. بۆیە ئەوانەی پێیان وایە ئاپۆ هەر سوسیالیستی بنیادنراوی سەردەمی یەکێتیی سوڤێتە، یان نازانن یان هەوڵی ڕەشکردن و چەواشەکاری دەدەن و لە ڕیزی دژمنان دان، یان نائاگایانە قسەی دوژمنان دەجوونەوە. بۆ نموونە ئەو کەسانە تاکوتەرا کوردن و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئەنتەرنێت کەوتوونەتە داوی چەواشەکاران. قەدیم دەیانگوت ئاپۆ کوردی نازانێ تا ئەوەی ئەمڕۆ ڕاستی لە ڕێگای ئەنتەڕنێت بەرچاوە. دواجار ڕاستی سەردەکەوێ، بۆیە ئۆجالان دەڵێت: “مەحکومین بە سەرکەوتن.”
ئایین
دین لە سەردەمی کۆنەوە تا ئێستا لە ژیانی مرۆڤدا هەبووە. چ پیرۆزی سرووشت و مانگ و ئەستێرە و مانگا و ئاژەڵ و ڕووەک بێت چ ئایینە ئیبراهیمیەکان، هەموو ئەمانەش بەگوێرەی پێویستیی کات دەوریان لە چۆنێتیی ژیاندا هەبووە و هەیە. لە دید ئۆجالاندا ئایین وەک مارکس پێی دەڵێت ”تریاکی گەلان”، نییە، بەڵکووو تێڕوانینی ئۆجالان بۆ ئایینەکان جیاوازە. ئۆجالان ڕۆڵی ئیبراهیم پێغەمبەری لەوەی کە قوربانیی مرۆڤی لە پێناو خودادا گۆڕی بۆ ئاژەڵ، وەک شۆڕشێکی سەردەمی خۆی بەناو دەکات. هەروەها ڕۆڵی پێغەمبەر محەمەد کە ژنی لە زیندەبەچاڵ هێنایە فرەژنیی وەک شۆڕش لە سەردەمی خۆیدا باس دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێی وایە دەبێت شۆڕشەکان بەردەوام بن و بەگوێرەی زەمان پێشکەوتن بە خۆیانەوە ببینن. هاوسەرگیریی پێغەمبەری ئیسلام لەگەڵ ئایشەی نۆ ساڵان لە تەمەنی پەنجا ساڵییدا ڕەخنە دەکات و پرسیار دەکات، ئایا دەکرێت لەم تەمەنە ئایشە نۆساڵان بە کامڵبوونی هزری گەییشتبێت. بازاری کۆیلەفڕۆشان بەردەوام بووە. ژن وەک کەنیزەک فرۆشاوە ئەم بابەتانە جێگای ڕەخنەن و دەکرا پێغەمبەری ئیسلام ڕۆڵی زیاتری لە ئازادیی مرۆڤدا گێڕابایە.
ڕەنگە پرسیار لای هەندێکیان درووست بێت ئایا ئۆجالان باوەڕی بە خودا هەیە یا نا. زۆر کەس زۆریان خۆش دەوێت و دیندارن و ئەوەیان بۆ بووەتە پرسیار. لەسەر ئەم بابەتە من دەتوانم بڵێم کە دیندار و بێدینیی بابەتێکی کەسییە، بەڵام ئایا ئۆجالان بێڕێزیی بە ئایین کردووە، بێگومان نەخێر. لە ڕامانی ئۆجالاندا فرەیی دین و ئایین هێمای دیموکراسیین و یەکتری تەواو دەکەن. هەر وەک زمان و زاراوەکان. جیاوازییەکان یەکتر لەناو نابەن، بەڵکوو تەواوکەری یەکن و پێویستە بە ڕێزەوە بە دیالۆگ یەکتر بەهێز بکەن. دەوری دیالۆگی ئاشتیانە لە هەموو بابەتەکان لای ئۆجالان لە بەرچاوە. ئۆجالان هەر وەک بۆ نەتەوە باسی نەتەوەی دیموکراتیک دەکات لەبارەی ئەدیانیش لەناویاندا ئیسلام، ئیسلامی کۆمەڵایەتیی بەلاوە پەسەندە نەک ئیسلامی دەسەڵاتداریی.
ئۆجالان پێی وایە کە ئیسلام لە گەوهەری خۆی داماڵراوە و بووەتە ئیسلامی دەسەڵاتداریی کە دەوڵەتەکان بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان بەکاری دێنن. ئەم بەکارهێنانە بۆ سەردەمی مەرگی حەزرەتی محەمەد پێشەوای موسڵمانان دەگەڕێتەوە کە سێ ڕۆژ تەرمەکەی لەسەر زەوی مایەوە، ئەویش لەبەر کێشەی دەسەڵات و جێنشین بە خاک نەسپێردرا.
ئۆجالان پێی ئیسلامی ئومەویی، کە ئێستا مەزهەبی سوننە لەسەری بەردەوامە، هەروەها دەوڵەت و گرووپگەلێکی توندڕەو لەسەری خۆیان ڕێک خستووە. جگە لە خەڵکی ئاسایی ئەوانی دی ئامانجیان دەسەڵاتدارییە. نموونەیان ئیمپڕاتۆڕی عوسمانییەکان لە ڕابردوو و لە ئێستادا ئەردۆغان لە تورکیا درێژەی پێ دەدات. ئەوانە هەموو بەرماوەکانی “ئۆمەویی”ـیەکانن ئەمانە ناوەڕۆکێکی دەسەڵاتدارییان هەیە. ئۆجالان کێشەی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە ئایینییە هەیە و هەوڵی داماڵینی دەدات، چونکە بەردەوام کێشەی بۆ کۆمەڵگا درووست کردووە.
لەبارەی حەزرەتی عەلی کە لەناو کورددا پێڕەوانی لە چواربەشی کوردستان هەیە و دژی ئیسلامی دەسەڵاتداری جەنگاوە، ئۆجالان وەک شۆڕشگێڕێک ناوی دەبات. دەسەڵاتی ئەمڕۆی ئێران کە حەزرەتی عەلی لە کرۆکی شۆڕشگێری داماڵیوە و هێناوییەتە ئاستی شێوەن و ڕۆڕۆ، هەر بە جەوهەری ئۆمەوییەکان لە فۆڕمێکی شیعەگەرییدا درێژەی پێ دەدرێت، هەروەها گروپگەلی دەوروبەری ئێران هیچیان فڕیان بە سەر ئیسلامی کۆمەڵایەتیی و داماڵڕاو لە دەسەڵات نییە.
بە گشتیی سەبارەت بە ئایین پیشنیازی ئیسلامی کۆمەڵایەتیی و دیموکراتیک دەکات و پێی وایە دەبێت مزگەوت ڕۆڵی چارەسەر لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا بگێڕیت و نەکەوێتە خزمەت دەسەڵاتەوە. هەروەها پێی وایە ئایین بە دیوێکیدا فۆڕمێکی سوسیالیسیانە هەیە لە پێکەوەژیان و یەک کۆبوونەوە و هەرەوەزیی. لەو بارەوە خاوەن کتێبی ئیسلام و وڵاتپارێزییە و وتاری تایبەتی لە زیندانەوە بۆ کۆنگرەی زانایانی موسڵمان لە ئامەد ناردووە.
پێکەوەژیانی گەلان
ئەم بابەتە بابەتێکی گرنگیی ژیانی ناو خاک و جوگرافیای کوردستانە؛ ئەو ماوەیە هەوڵی چەواشەکاریشی دەدرێت. گەلی کورد خوی قوربانی ئەوەیە کە دەوڵەتە نەتەوە باڵادەستەکان حسابیان بۆ گەلانی دی نەکردووە و بەرەو توانەوەیان بردوون، زۆر گەلی تریش هەن بە هەمان چارەنووسی کورد گرفتار بوون. بۆیە دەبێ پڕەنسیپی پێکەوەژیانی گەلان و ئایینەکان بە بنەما بگرین؛ هەم لەبەر ئەوەی گەلی جیاواز لە جوگرافیای کوردستاندا دەژین و هەم ئایینی جیاواز. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ڕەنگینییەوە تابلۆیەکی دێموکراسی لە هەموو ڕەنگەکان هەیە و بە سیستمی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک ئۆجالان دەیهەوێ جەور و زوڵمی دەوڵەتە فاشیستەکان لەسەر کۆمەڵگا ڕەنگینەکان لا بەرێت و کۆمەڵگا جیاوازەکان کە وەک موزایکێکی ڕەنگینی دیموکراسیین ئازادانە سوود لەیەک ببینن و پێکڕا بژین.
ناکرێت بەسەر یەکتردا بالادەستیان بکەین و یەک ڕەنگ هەموو ڕەنگەکانی دی کاڵ و یان بەرەو تاکڕەنگیی بیانبات، تاک ڕەنگکردن یان یەکتایەتیی هاوتایە لەگەڵ دیکتاتۆڕیی.
لە ئێستادا پەیوەندیی خزمایەتیی و ژن و ژنخوازیی لە نێوان گەلاندا لەئارادایە، بۆیە ناکرێت لێک دابڕێن. پێکەوەژیانی گەلان بووەتە بابەتی ژیان. تەنانەت نەنکی ئۆجالان تورکە و قەدیم لە جێی خوێن دراوە بە باییری. بۆیە پێکەوەژیانی گەلان بابەتێکی ژیانیی و کۆمەڵایەتییە. بابەتە ژیانیی و کۆمەڵایەتییەکان نابێت لەگەڵ دەوڵەتە فاشیستەکان، کە ژەهر لە نێو کۆمەڵدا بڵاو دەکەنەوە، تێکەڵ بکەین و خۆشمان لەو ژەهرانەش پاک بکەینەوە. دەتوانم بڵێم تا ئێمە کۆمەڵگا لە دەوڵەت و دەسەڵاتداریی لە ئایین جیا نەکەینەوە، ناتوانین لە ئۆجالان تێ بگەین. دەوڵەت کێشە بەرهەم دێنێ، کومەڵگا بە ساڵان پێکەوە ژیاوە، لە ئێستادا دەوڵەت بە میدیا ژەهراویی دەکات.
ئەوەی کێشە درووست دەکات، گەل و کۆمەڵگا نییە؛ بەڵکوو ئەوانە بە یەکەوە تەبا و لەبارن، بەڵام ئەوەی پێکەوەژیانی گەلان تێک دەدات و ئاژاوە دەنێتەوە، دەوڵەتە؛ بۆیە شڕۆڤەکردنی کۆمەڵگا لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەت دوو بابەتی جیاوازن.
ئێمە زۆربەمان گوێمان لەو سرودە بووە کە دەڵیت: “گەلان هەموو بڕای منن، هەر زۆردارانم دژمنن، داوای وڵاتی کەس ناکەم، پەنجە بۆ مافی کەس نابەم، بۆ مافی گەل و خاکەکەم، هەتا ماوم خەبات دەکەم”؛ ئێوەش هەتا ماون خەبات بکەن. ئەم سروودە پڕ بە پێستی پێکەوەژیانی گەلان و نەتەوەی دیموکراتیکە کە ئێمە دەبێت لەسەری درێژە بە تێکۆشان بدەین.
کەواتە خەباتی فکریی و تێکۆشانی ئێمە دەبێت دژی زۆرداران و فاشیستەکان بێت، نەک دژی ڕەنگە جیاوازەکان، گەرنا دەبێت وەک جۆگەلە خوێن بڕژێت و سەری یەکتر بخۆین. بە پێی دەقی ئایینیش پێکەوەژیانی گەلان جێگەی تایبەتی خۆی هەیە: ”وجعلناکم شعوبا و قبائلا الا لتعارفوا.”
پارچەگەرایی و تەواوکەریی
ئەم بابەتە هەم فەلسەفییە و هەم ژیانیی. ئۆجالان دەڵێت؛ لەژێر ناوی پسپۆڕییدا هەوڵی پارچەکردنی هەموو شتێک دراوە. بۆ نموونە مڕۆڤ وەک مرۆڤ تەماشا ناکەن؛ بەڵکوو دابەشی دەکەن بە دوو لایەنی دروونیی و فیزیکیی و هەر کام بە جیا هەڵی دەسەنگێنن. سەرمایەداریی مرۆڤ بە فۆرمۆڵی کیمیایی و فیزیایی هەڵدەسەنگێنێ و حساب بۆ دڵ و هەستەکانی ناکات. نموونە ئاو لە پلەی سەد دەکوڵێت. یەک کۆ یەک دەبێتە دوو و… .
ئەو فۆڕمۆڵە زانستییانە سەرمایەداریی بۆ بەدەستهێنان و کەڵەکەکردنی سەرمایە سوودی لێ وەرگرتوون، بەڵام کێشەکانی کۆمەڵگە و مڕۆڤایەتیی بەو هاوکێشانە چارەسەر نابن. گەر بمانەوێ کێشەکانی مڕۆڤ چارەسەر بکەین، ئەوا پێویستە بە مرۆڤ بە سەر لایەنی ماددیی و مەعنەوییدا دابەش نەکەن، بەڵکوو ئەم دوانە پارچە نین و تەواوکەری یەکن. پێویست ناکات وەک هەندێ فەیلەسووف کەوتوونەتە بەرەی مادیگەرایی و ئایدیاڵیستەوە، ئێمەش دابەش بین بەسەر ئەم لایانەوە، ئەوانە بە نەخۆشیی و سەرهاویشتەی سیستمی سەرمایەداریی ناو دەبات. بۆ نموونە ژن و پیاو یەکیان بەسەر یەکدا زاڵ نییە، تەواوکەری یەکن. نەتەوەکان یەکیان لە یەکدی دی باشتر نین، بەڵکوو تەواوکەری یەکن و هێمای دیموکراسیی و ڕەنگینیین. گەروانەبێت دەبێت فاشیزم لەسەر حەق بێ، ئاتاتورک و هیتلەر لەسەر حەق بن. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی لایەنی ماددیی و مەعنەویی من ڕۆمانی تیمساحی داستایۆفسکی نووسەری ڕووس بە نموونە وەردەگرم، من پیشتر لێکدانەوەیەکی ئەدەبیم بۆ ئەم ڕۆمانە کردووە و تیایدا سیستمی سەرمایەداریی بردووەتە ژێر پرسیار.
داستایۆفسکی دەڵێت؛ لە زانستە فیزیایی و ماتماتیکی و کیمیاییەکاندا وا سەلمێندراوە کە هەرچی ناوەڕۆکی بۆش و قووڵ بێت، ئەوە شت هەڵدەلووشێ؛ بۆیە ئەم تیمساحە ئەم کەسە ڕووسییەی هەڵلووشیوە، چونکە ناوسکی بۆش بووە. تیمساحەکە ناحەقی نییە پیاوەکەی هەڵلوشیوە و هاوکێشەیەکی فیزیاییە. خاوەن تیمساحەکە داوای قەرەبوو لە کەسوکاری پیاوەکە دەکەن کە بە هۆی چەکمە لاستیکییەکانییەوە تیمساحەکە تووشی کێشە بووە. بەپێی ئەم زانستە هاوسەری پیاوە ڕووسەکە قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵکوو مەحکومە بە قەرەبوودان. لێرەدا داستایۆفسکی دەپرسێ: “من دەپرسم ئەی بۆ مێشکی ئەو کەسانەی بەتاڵە شت هەڵنالوشێ؟!.” مەبەستی نووسەر ئەوەیە کێشە دەروونیی و مرۆییەکان بە زانستی ڕەق و وشکی ماددیی چارەسەر نابن.
دەبێ ئێمە ئەوە بزانین و بە هەڵە تێنەگەین و ئەم نووسەرە و ئۆجالان لەگەڵ زانستن و دژی ئەوەشن زانست بخرێتە خزمەت سیستمی چاوچنۆکەوە و یان پارچە بکرێت. زانست کە سەرمایەداریی بەرهەمی نەهێناوە، بەڵکوو کەسانی ڕەنجدەر بەرهەمیان هێناوە و ئێستا ئەم سیستمە نائەخلاقییە خستوویەتییە خزمەتی کۆمپانیاکانی خۆی بە مڕۆڤ وەک ژمارە دەبینێ و حساب بە لایەنی دەروونیی ناکات.
زانست دەبێت بخرێتە خزمەت کۆمەڵگاوە نەک تاقمێکی چاوچنۆک کە مرۆڤ و ژینگەیان هاڕیوە. زانستەکان پارچەپارچە کراون، ئەوە لە کاتێکدایە دەبێ فرەڕەهەند تەماشای کێشە و دیاردەکان بکەین و چارەسەریان بکەین. بۆیە ئۆجالان هەر وەک زاناکانی کۆن کە لە زۆر زانستدا شارەزا بوون، هەمەلایە و بە سوودوەرگرتن لە هەموو زانستەکان چارەسەری کێشەکان دەخاتە ڕوو و خەت بە سەر پارچەگەراییدا دێنێت.
بۆ نموونە؛ لە دیدی ئۆجالاندا قەڵەم و تفەنگ و ڕۆح و ماددە تەواوکەری یەکن و نابێت لێک جیا بکرێنەوە. بۆیە هزر و کردار دەبێ پێکەوە هەنگاو بنێن، ئەوەش ئۆجالانی لە بیرمەندانی تر جیا دەکاتەوە، جا لە ڕێی ڕێکخستن و پەروەردەی کادیرەوە هەوڵی کردەیی کردنەوەی هزرەکانی داوە.
ئاپۆیی بوون و ژیانی ئەخلاقیی
هەرچەندە بە هۆی زوڵمی فاشیستەکانە و بەهۆی بەرگریی فیزیکییەوە زیاتر فکریی ئاپۆیی لە ڕێکخستنەکاندا ناسراوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئاپۆیی بوون شێوەژیانە.
گەر ئێمە خۆمان پەروەردە کردبێت و کار بکەین، ئەوا دەتوانین ژیانێکی ئەخلاقییمان هەبێت. پیاوێکی دەسەڵاتدار و خۆسەپێن نەبین. ژنێک نەبین تەسلیم بە خۆفرۆشتن بکرێین. زمان و کەلتوری خۆمان پاراستبێت. ڕۆڵمان لە بەرهەمهێنانی جوگرافیی خۆماندا هەبێت، کارە ئابوورییەکانی ئێمە بە گوێرەی ژینگەپارێزیی بێت. لە پڕۆژە گەورەکاندا بە هاوبەشیی پڕۆژەمان هەبێ. پارەی زیاد نەخەینە سەر بەرهەمەکان و خزمەتی کۆمەڵگا بە بنەما بگرین. لە ماڵدا پێوەندییمان لەگەڵ بازنەی خێزان هاوڕێیانە بێت و پێکەوەخۆ بەڕێوە بەرین. خۆمان لە توندوتیژیی داماڵین. لە داوی مۆد و مۆدگەرایی نەکەوین. لەگەڵ ئاژەڵان و ژینگە هاودەم بین. ڕێز لە جیاوازییە نەتەوەیی و فکریی و ئایینییەکان بگرین. دیالۆگ بە بنەما بگرین. لە کاتی هێرشی فەرهەنگیی و فیزیکییدا بە ئەرکی بەرپرسیارێتیی خۆمان هەستین. گەر ئێمە لە گوند و شارەکەی خۆمان پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانمان درووست کردبێت. ئەودەم دەتوانین بڵێین، ئێمە ئاپۆچین و یان بە واتایەکی تر ژیانێکی ئەخلاقیی دەژێین.
بچووکترین نموونە ئەوەیە گەر پیاوین گۆرەوییەکانی خۆمان بە دەستی خۆمان شت و دەنگمان بە سەر هاوژینی خۆماندا بەرز نەکردەوە، ئەوا هیوای ژیانی ئەخلاقییمان تێدایە.
ئاپۆییبوون بە درووشم و هاتنە ناو پارتییەکان نییە، بەڵکوو شێوەژیانە. بۆ نموونە؛ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەر پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک، پارتێک بۆ پێشەنگیی ئەو شێوە ژیانە بێت؛ ئەوە کۆمەڵگای دیموکراتیکی ئازادی ڕۆژهەڵات کار لەسەر ئەو پانتاییەی ژیان دەکات.
بۆیە ئاپۆیی بوون هەر وەک کوردبوون هەرچەندە سەختە، بەڵام ڕاکردن لە ئەرک و بەرپرسییاڕێتییش ئەخلاقی نییە.
لەسەر ئەم فکرانەیە عەبدوڵا ئۆجالان وەک کورد دۆزی ئێمەی وەئەستۆ گرتووە، بە ساڵانە گۆشەگیر کراوە و ڕۆژانە ئازار دەدرێت. بێگومان ئێستا لە کورد ڕازی نییە، گلەیی و چاوەڕوانی لێمان هەیە، چۆن کەمکارین بۆ ئازادیی خۆمان و زۆر شتمان لە جێی خۆمان لەدەست دێت و نایکەین.
بۆیە پێویستە لە هەموو بوارەکاندا هەر کەس لە شوێنی خۆی بە باشترین شێوە بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەستێت. گەر باغەوانی، بە باشترین شێوە خزمەتی باغەکەت بکە تا شارەکەت و گوندەکەت پێویستی بە شتی دەرەوە نەبێت.
چۆن بۆمان دەکرێت هاوکاریی یەکتری بکەین تا ئازاد و سەربەخۆ بەئەخلاق بژین. تا بۆمان دەکرێت کێشەکانی خۆمان لەناو خۆمان و کۆمەڵگای خۆماندا چارەسەر بکەین و نەیبەینە لای دەوڵەت.
من شانازیی دەکەم کوردم و مێژوو و ڕەگم لە لانکەی شارستانییەتی میزۆپۆتامیادایە. بەختەوەریشم لە سەردەمێکدا دەژیم ئاپۆ هەیە و ژیانی منی وەک مۆم ڕووناک کردووەتەوە و سەربەستم لەژێر ئەم خۆرەدا ئازادانە هەڵبژێرم و بژیم.
لە کۆتاییدا دەتوانم بێژم:
“ئۆجالان بیرمەندێکە و هزری کرداریی کردووەتەوە، لە هەوڵی داماڵینی دەسەڵات و پاوانی پیاو و دەوڵەت و ئاییندایە. ئەخلاقی ژینگەدۆستی و مرۆڤدۆستیی و دیموکراسیی وەبەر تاک و کۆمەڵگای لەئەخلاق داماڵێنڕاو دەنێتەوە و پێشنیاری سیستمی مۆدێرنیتەی دێموکراتێک دەکاتم کە تیایدا تاک و کۆمەڵ خۆیانی ئازادانە تێدا بەڕێوە بەرن، ئەوەش هەمان ستاندنەوەی دەسەڵاتە لە خواوەندەکانەوە بۆ مرۆڤی ئەخلاقیی.”