گوتار

کۆبانێ: کۆمۆنەی پاریسە

‹هەمیشە شادمانیی دەگەڕێتەوە.›› کۆبانێ ئەو شادمانییەیە، مینا کۆمۆنەى پاریس.

فەرهاد حەیدەریی (گۆران)/کرماشان

داگرتنی فایلی PDF

هەڤاڵ سارا، ‹ستێرک›، شەڕڤانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسایی، ساڵێک دەبێ تەڤڵی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، (YPJ)، بووە، بە زاری کوردیی کرمانجیی، لە گرنگیی بەرخۆدان بۆ ئازادیی و دیموکراتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناویین، دەدوێ. ئەو، جەخت لەوە دەکاتەوە کە: دەبێت مێژوویەکی نوێ بنووسینەوە:

«ئەم دیرۆکا نوو بنڤیسن!››

حەوت ساڵ لەمەوبەر ڕۆژئاوا دامەزرا؛ ناوێکی تازە لە هەرێمی بەرخۆدان و هیوا. ئەمریکای تاوانکار بە بانگەشە و پڕوپاڵانتەى مافی مرۆڤ، ویستی تێگەى بەرخۆدان لەم پنتەی جیهاندا هەڵلووشێ. سعوودییە و قەتەر و تورکیا و وڵاتە یەکگرتووەکان داعشیان دامەزراند و بەریان دایە گیانی ‹بەهاری عەرەبیی› و شۆڕش و ڕابوونی کوردان. شۆڕش نا، تیرۆریزم! ئەمە درووشمی نیولیبراڵیزم و خزمه‌تكاره‌ دیپلۆماته‌كانێتی. ئەمریکا هەلی بۆ خۆتێتکاندن لە ناوچەكه‌ به‌ گونجاو زانی و دژی سیاسەتەکانی تورکیا و ڕووسیا و ئێران لە سووریا، وا خۆی نواند گوایە خوازیاری وەستاندنی داعشە. بەم ڕەنگە بەشێک لە جبەخانەکانی بەسەر شارەیلی سووریا و ئێراقدا داباراند. لە کۆبانێوە بۆ ڕەقە و موسڵ و شەنگاڵ، تەنیا داروپەردوو ماوەتەوە. هەبوونی داعش واتە ئاسانکاریی بۆ هاتنی ئەمریکا. ئەم دوو ئامادەییە تەواوکەری یەکترن. تەواوکەرییەک کە من ناوی لێ دەنێم ‹ائتلافیون سلفیون›، بێ چەندوچون.

فەرماندەى هێزەکانی ‹پارتی یەکێتیی دیموکراتیی سووریا› ڕایگەیاندووە: «ئێمە تەنێ له‌ پێناو ڕووبەڕووبوونەوەى داعش هاوکاریی هاوپەیمانانمان پەژراندووە.›› چونكه‌ لە بەرانبەر ماشێنی تورکیا و بەڕبەڕەکانی تردا هیچ چارەیەکی تریان نەبوو. له‌مه‌ودوا وا پێویسته‌ پیشانی بده‌ن ئەم گەمە تاکتیکیی و واتادارە لێل ئەمریکایش دوایی هاتووە. دڕندەکان لە گشت شوێنێک هەن، لەنێو هەموو گەل و نەتەوە و پێڕێکدا، بەڵام دڕندەیەکی لە ڕەنگی داعش، داهێنانێکی تازەیە. سەربار: ئەمانە پێشینەى تاوان و کوشتوبڕی ئەوی ترن له‌ژێر ناونیشانی چه‌مكی جیهاددا. گەرەکە لەم گۆشەنیگایەوە لە په‌یوه‌ندیی نێوان دین و دڕندەیی ڕابمێنین.

هەنگینێ داعش هاشاوڵی کۆبانێی دا، وێنەى کوردێکی سەلەفیی بڵاوو بووەوە کە سەری بڕاوی بەرخۆدێرێکی یەپەژەی هەڵگرتبوو. وێنەیەک، کە ڕەگوڕیشەی دڵڕەقیی دەنوێنێ. دڵڕەقیی تیۆلۆژیی. بیر لە نیشتمانی ئەو تاوانکارە ده‌كه‌مه‌وه‌. لە قووڵاییی مێژوو. خاکی هەورامان لە سەدەی دووەم تا هەشتەم ئاژگەى فرچکگرتنی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیی و ئایینیی یارسان بووە؛ ئەو بزوتنەوەی وا لە ڕۆژگاری تاڵی خەلافەتی عەباسییدا لە ڕۆژئاوای ئێران خەتوخاڵی دا، سا ناو و ویستی هه‌قیقه‌تی دەدەڵاندەوە: لە بابه‌كی خوڕەمدینەوە بۆ حەلاج، لە عەینلقوزاتی هەمەدانیی و سوهرەوەردییەوە بۆ هەفتتەنان و چلتەنان. کەس بە جوانیی نازانێ لە سەدەى هەشتەم بۆ دەیەم و ڕۆژگاری دەسەڵاتی عوسمانییدا چی لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران قه‌وماوە، وا ئەمڕۆ جگە لە نزرگەى دامەزرێنەرانی یارسان، شوێنەواریی تەنانەت تاکەخێزانێکی یارسانییش لە نیشتمانی پەردیوەریی و هەواری سەرهەڵدانی ئایینی یاریی نەماوەتەوە.

ئەوان یان کۆمەڵکوژ کران، یانەکوو ناچاری کۆچی زۆرەملێ. بە درێژایی ئەم چەند دەیەی کۆتایییش سەلەفییە توندڕۆکان لەو ناوچەیەدا ڕێکخستە بوونە. سیاسەتی سەرکوتکەرانەى حکومەت و هەژارییش کاری خۆیان کردووە. زۆربەی کۆڵبەرانی کورد سوونین. ئەوان بۆ دابینکردنی بژێوییان پەنجا مەن کۆڵ بە درێژاییی سنووری دوو دەوڵەت بە شانوپیل دەگێڕن. گەر دڵیان بۆ داعش و مووچەى دەهەزار دۆلاریی ناتەپێ، تەنیاوتەنیا لە سەرەنی جوامێریی و مرۆڤدۆستییانەوەیە. ئەوان لەم دنیای ڕۆشنەدا،‌ سوێی ژانیکی به‌رده‌وامی لێ بترازێ، ماخۆی هیچی دی نیین‌. نزیكترین ڕێی به‌خته‌وه‌ریی پەسڵانیش لای سوننە، ڕاڤەکانی ئیبن تەیمییە و بەغدادیی و ئەو جبەخانە گەورەیەیە وا ‹هاوپەیمانان› بۆیان هەڵڕێژاون: ‹ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان›

گۆڕستانی کۆبانێ لە هەتاو ڕاماوە. جەژنی نەورۆزی خەڵکی ئەم هەوارە لەسەر گردی مشتەنوور، ئەو شوێنەى گرێدراوی ناوی ئارین میرکانی ئەفسانەییە، قسە بەناوبانگەکەى نیچەمان بیر دەهێنێتەوە: «ڕۆژی من هێشتا نەهاتووە، دووسبەی هیی منە››. مووسای قەناس، قەناسەوان و خەباتگێڕی مەزن، لە دواوێنەیەکیدا لەسەر بەرزایی باڵاخانەیەک هەوڵەقی وێرانەکانی کۆبانێ ماوە. ئەو، پاش ئەو وێنەیە شەهید کرا. دەڵێن ئەم پەیڤانەى ئەو وەک یادگار لەسەر یەکێک دیوارەکانی کۆبانێ نەخشێندراون‌:

 «تەنێ ئەوین ڕزگارمان دەکات.››

ئەویش لەو ئاخۆرانوباخۆرانەدا، کە هەینێ داعش هاتنە نێو شار، تەنانەت گۆڕستانی خەڵکەکەی و پاکڕەوانانی ئەم شارەیشیان بە شۆفڵ ڕاماڵی. دەتوانرێت چی لەمەڕ ئەو وێنەیەوە بگوترێ، ئەمە دواسەرنجی ئەوە بۆ وێرانه‌یه‌كی ڕزگاركراو. سەربار، دۆڵۆز لە شوێنێکدا گوتوویەتی: ‹هەمیشە شادمانیی دەگەڕێتەوە.›› کۆبانێ ئەو شادمانییەیە، مینا کۆمۆنەى پاریس.

*فەرهاد حەیدەریی، گۆران: نووسەرێکی کوردی یارسانە، خەڵکی کرماشانە، توێژەر و ڕۆماننووس و چیرۆکنووسە، ڕۆمانی تەنگەنەفەسیی، ڕۆمانە بەناوبانگەکەی ئەوە و باسی گەلکوژیی و کیمیابارانی گوندی زەردەی کوردانی یارسان دەکات. فازڵ مەحموود ئەو ڕۆمانەى بۆ کوردیی وەرگێڕاوە. نامیلکەیەکی زۆر گرنگی لەمەڕ یارسانەکان نووسیوە لە بن سەرناوی: ‹هەقیقەت و شادمانیی›، لەگەڵ سەمیرا ڕەشیدیی و فازڵ مەحموود پەڕتووکی ‹ئێمە ناتوانین درێژەی بدەینێ، ئێمە درێژەی دەدەینێ›ـیان نووسیوە، کە پەڕتووکێکی گرنگە سەبارەت بە چەمکی وێژەی کەمینەی دۆڵۆز و واتا و تێگەی ئەدەبییاتی کەمینە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


Like this:

Like Loading...