دەوڵەتە چەتەکان
ڕاسته ده‌وڵه‌تی عێراق و ئێران و ئه‌وانی تر چه‌ته‌ن، به‌ڵام گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی چه‌ته و یاساشکێن خودی ئه‌مریکایه.

سیاوەش گودەرزی
چەمکی ده‌وڵه‌تی چه‌ته نه‌خشێكی گرنگ له گه‌ڵاڵه‌داڕێژیی و لێكدانه‌وه سیاسییه‌كانی ئیمڕۆی جیهاندا دەگێڕێت. ئه‌مریکا و ئینگلیز ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی وه‌ك عێراق، ئێران، لیبیا، سووریا، سوودان و كۆریای باكوور وه‌ك ده‌وڵه‌تی چه‌ته ده‌ناسێنن، جا ئه‌م ده‌وڵه‌تانه بە مه‌ترسیی سەر ڕاسەری وڵاتانی دراوسێ و تێكڕای جیهان ده‌زانن. ده‌وڵه‌تان چ مافێكیان له پاراستنی سیستەمی جیهانییدا هەیە و چ ئه‌ركێكیان ده‌كه‌وێته سه‌ر شان، ئەمە به ئاشكرا له ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا ئاماژه‌ی دراوەتێ. ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، وه‌ك بنه‌مای مافه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ناسراوه، گه‌وره‌ترین و گرنگترین به‌ڵگه و په‌یماننامه‌ی جیهانییه و تێیدا هاتووه: «ڕاپۆرتی ئاسایشی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بەرانبەر مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ئاشتیی و ئه‌نجامدانی تاوان بۆ تێكدانی ئاشتیی و كرده‌وه‌ی هێرشكه‌رانه هه‌ڵویست ده‌نوێنێت، به جۆرێك لەگه‌ڵ ماده‌كانی (٤١ و٤٢) ناته‌با نەبێت، پێشنیاری پێویست ده‌خاته ڕوو و بڕیار ده‌دا چ جۆرە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە››١. له په‌راوێزی ئه‌م ماده‌یه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه تا ئه‌و جێیەی دەکرێت گەرەکە کەڵک له شێوازی ئاشتیخوازانه ببینێت و خۆی لە ڕێچارەی چەکدارانە ببوێرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ئەم ڕێچارانە كاریگه‌ر نه‌بوون، ئه‌وا ئاماژه به ماده‌ی ٥١ـی ڕاپۆرتەکە كراوه و لەوێڕا «مافی خۆپاراستنی تاک و كۆمه‌ڵ به‌رانبه‌ر هێرشی چه‌كداریی دراوه››٢. ئه‌گه‌ر ئێمه ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك بنه‌ما دابنێین و له‌وێوه پێناسه‌ی ده‌وڵه‌ته چه‌ته‌كان بكه‌ین، ئەوا ڕاستییەکەی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت نەک ته‌نیا ئه‌و چه‌ند دەوڵەتە ئاماژابۆدراوە، به‌ڵكوو له پێشدا خودی ئه‌مریکا و پاشان دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی، جا چ له ڕۆژهەڵاتی نا‌ویین بن چ ئه‌مریکای لاتین و شوێنه‌كانی تری جیهان، ده‌كه‌ونه نێو لیستی ده‌وڵه‌ته چه‌ته و یاساشکێنەکان. لیستی پێشێلكارییه یاساییە نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و خۆتێهه‌ڵقورتاندنه سیاسیی و سەربازییەکانی ئه‌مریکا له وڵاتانی تردا ئه‌وه‌نده زۆره، كه ئەم وتارە ڕایەی ناکەوێت ئاماژە بە گشتیان بدات، به‌ڵام به‌و دۆخەشەوە ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی كورت و خێرا پێویسته: له ده‌یه‌ی شه‌سته‌كانه‌وه تا ئێستا ٤٠ ساڵی خشتە كووبا كه‌وتووه‌ته به‌ر هه‌ڕه‌شه، ئەویش بە ئابڵۆقه‌ی ئابووریی و تیرۆر و درووست‌کردنی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه له‌لایەن ئه‌مریکاوه. تا ئێستا چه‌ند جاران له لایەن CIAـیه‌وه نه‌خشه‌ی تیرۆری فیدڵ كاسترۆ و كودەتا دژی كووبا داڕێژراوه‌٣. ساڵی ١٩٧٥، سۆهارتۆی دیكتاتۆری ئیندۆنزیا، ته‌یمووری ڕۆژهەڵاتی داگیر كرد، ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له بڕیارێکدا داوای له ئیندۆنزیا كرد ئه‌و وڵاته به‌جێ بهێڵێ، به‌ڵام سۆهارتۆ پشتیوانیی دیپلۆماتیی و سەربازیی ئه‌مریکای له پشت بوو، گوێی به‌م بڕیارە نه‌دا و بۆ ماوه‌ی فرەتر له بیست ساڵ درێژەی بە داگیركاریی ته‌یمووری ڕۆژهه‌ڵات دا، هەروەتر زیاتر له ٢٠٠ هه‌زار كه‌سی ئه‌و وڵاته‌ی کوشت٤. دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی لاهای ساڵی ١٩٨٦ ئه‌مریکای تاوانبار كرد بەوەی له نیكاراگوا توندوتیژیی چه‌كداریی به‌كار هێناوه و به بیانووی یارمه‌تیی مرۆیی و سەربازیی، چه‌كی به كۆنتراگەریلاكانی نیكاراگوا داوه. هه‌روه‌ها دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی داوای له ئه‌مریکا كرد زیانەکانی نیكاراگوا قه‌ره‌بوو دەکاتەوە، به‌ڵام ئه‌مریکا نەک ته‌نیا گوێی لەم بڕیاره‌ی دادگای نێونەتەوەیی خەواند، به‌ڵكوو زیاتر له جاران خۆی له كێشه‌ی نیكاراگوا هه‌ڵقورتاند٥، كاتێك ڤێتنام ویستی پێش به قه‌سابخانه‌كه‌ی پۆلپۆت بگرێ، چین به ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌مریکا هێرشی كرده سه‌ر ڤێتنام. پاشان كاتێك پۆلپۆت له‌سه‌ر كار لابرا، ئه‌مریکا یه‌كێك بوو له پشتیوانه هه‌ره نزیکە دیپلۆماتیی و سەربازییەکانی پۆلپۆت، ئەو پۆلپۆتەی وه‌ك یه‌كێك له بکوژ و كۆمه‌ڵكوژکەرەکانی جیهان ناسراوه‌٦.
ئه‌مریکا ئه‌زموونی دیموكراسی گواتیمالای به هێرشێكی سەربازیی له‌ناو برد و حكومه‌تێكی سەربازیی و دیكتاتۆریی هێنایه سه‌ر كار، جا بۆ ماوه‌ی چل ساڵ درێژه‌ی به حكومه‌تە سه‌ره‌ڕۆکەی خۆی دا٧. ساڵی ١٩٩١ ئه‌مریکا به ئابڵوقه‌ی ئابووریی ئەزموونی دیموکراسیی هایتیی له‌ناو برد و سەرکۆماری گەلپەسەندی له‌سه‌ر كار لابرد. دۆستێكی خۆی هێنایه سه‌ر كار كه ته‌نیا ١٤% ده‌نگه‌كانی هێنابوو‌٨. ساڵی ١٩٨٦ ئه‌مریکا گونده‌كانی لیبیای به بیانووی شیانی تیرۆر بۆ داهاتوو بۆمبباران كرد و خه‌ڵكی بێتاوانی كوشت٩. ئه‌مریکا به پشتبه‌ستن به ماده‌ی ٥١ـی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، واتە مافی خۆپاڕاستن، هێرشی كرده سه‌ر پاناما و داگیری كرد١٠. ئه‌مریکا له ساڵه‌کانی ١٩٦١ و ١٩٦٢ گازی کیمیایی لە باشووری ڤێتنام به‌كار هێنا و ئێستاش شوێنه‌واری ئه‌و بۆمببارانە کیمیاییە له سه‌ر خه‌ڵك ماوە، وه‌ك نه‌خۆشی شێرپه‌نجه و له‌دایكبوونی نەبەکام١١. ئه‌م كرده‌وانه‌ی ئه‌مریکا ته‌نیا دڵۆپێكن له دەریا. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە كه ئه‌مریکا وێڕای عێراق و ئێران و (ئەو دەوڵەتانەی ئەمریکا بە چەتەیان ناودێر دەکات)، یه‌كێكه له ده‌وڵه‌ته چه‌ته و یاساشکێنە زەبەلاحەکانی جیهان. له ڕوانگه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاوه ده‌بێت پەیوەندیی ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌تان بە پێودانگی ملكه‌چیی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییە نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌مریکا ڕەنگڕێژ بووبێ، نه‌ك بەپێی یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان. ساڵی ١٩٩٣ بیل كلینتۆنی سەرکۆمار ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی ئاگادار كرده‌وه كه «ئه‌مریکا ئه‌گه‌ر بتوانێت ئه‌وا چه‌ند لایەنه و به هاوكاریی وڵاتانی دیكه ده‌جووڵێته‌وه، ئه‌گه‌ریش ناچار بوو ئه‌وا له كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا یه‌كلایەنه ده‌جووڵێته‌وه»12. مادلێن ئوڵبرایتی وه‌زیری ده‌روه‌ی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به كێشه‌ی عێراق، به ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی گوت: «ڕۆژهەڵاتی نا‌ویین بۆ ئێمه نه‌خشی ژیانیی هه‌یه، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر ناچار بووین، ئه‌وا یه‌كلایەنه ده‌جوڵێینه‌وه و كات و شوێنی هێرشه سەربازییەکانیش دیاریی ده‌كه‌ین››١٣.
ئه‌مریکا و كێشه‌ی كورد
وه‌ك ‹جۆن پیلجه‌ر›ـی نووسه‌ری بەریتانیی دەبێژێت: «خه‌ریكه له سایه‌ی فیلمه‌كانی هۆڵیوودەوە، تاوانەکانی ئه‌مریکا بیر دەچنەوە››١٤. به‌ڵام له كوردستانیش وا خه‌ریكه له سایه‌ی حزبه چه‌پ و دیموكراته‌كانه‌وه ناهه‌قییه‌كانی ئه‌مریکا دژی كورد له بیر بكرێت و ئه‌مریکا وه‌ك فریشته‌ی ڕزگارکەری گه‌لانی بنده‌ست بناسرێت. لێره‌دا ئاماژه‌دان به چه‌ند نموونه‌یه‌كی ناهه‌قییه‌كانی ئه‌مریکا به پێویست ده‌زاندرێت: یارمه‌تییه سیاسیی و سەربازییەکانی به شای ئێران له ڕووخاندنی كۆماری كوردستاندا ڕۆڵی زۆر گرنگی گێڕاوه‌١٥. به‌كاربردنی كارتی كورد دژی عێراق و سۆڤیه‌ت و پشتكردنە کورد و به‌جێهێشتنی له ساڵانی حەفتا، یه‌كێكه هۆكاره گرنگه‌كانی تێكشكانی جووڵانەوەی بارزانیی له ساڵی ١٩٧٥. ساڵی ١٩٨٤ ئه‌مریکا پەیوەندییەکانی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێنی دیكتاتۆر وه‌ك دووەم به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وتی جیهان پتەو كرد و ده‌ستی سعوودیه و وڵاتانی تری عه‌ره‌بی ئاوەڵا كرد تا سوپای سه‌دام دژی ئێران و كورد به‌هێز بكه‌ن. سه‌دام حسێن ڕۆژی ١٦ـی مارسی ١٩٨٨ هه‌ڵه‌بجه‌ی به گازی کیمیایی بۆردومان كرد و زیاتر له پێنج هه‌زار كوردی کۆمەڵکوژ کرد. ئه‌و سه‌رده‌مه سه‌دام حسێن یه‌كێك بوو له دۆسته‌كانی ئه‌مریکا له ڕۆژهەڵاتی نا‌ویین. كاتێك هه‌واڵنێرێکی ته‌له‌فزیۆنی ABC به ناوی ‹چارلس گڵاس› لە ١٠ـی مانگ و پاش گازخنکێنی هه‌ڵه‌بجه، پرسیاری له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا كرد، وتەبێژی وه‌زاره‌تی ده‌رەوه حاشای له گازخنکێنی هه‌ڵه‌بجه كرد و گوتی؛ ئێمه ئاگامان له هه‌واڵی وا نییە. ئه‌مه له كاتێكدا بوو كارمه‌ندانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له ماوه‌ی ساڵه‌كانی ١٩٨٦و ١٩٨٧ ڕاپۆرتیان دابوو كه عێراق گازی کیمیایی له شه‌ڕدا به‌كار بردووه. هه‌روه‌ها كارمه‌ندانی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا له تورکیا و سیخوڕه‌كانی CIA چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ قوربانییە کوردەکانی گازی کیمیایی ساز دابوو، ئه‌وانیش ئه‌و ڕاپۆرتانه‌یان بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا ناردبوو١٦. ساڵی ١٩٩١ كورد له باشووری کوردستان ڕاپەڕی و پاش قوربانییە‌كی زۆر كه‌ركووك له ده‌ست سه‌دام حسێن ڕزگار کرا، چه‌ند ڕۆژ دواتر ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌كان پێشی سوپای عێراق ئاوه‌ڵا ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت مۆڵەت بە فڕینی هه‌لیكۆپتەره‌كانی سه‌دام ده‌درێت تا ڕاپه‌ڕینه‌كه سه‌ركوت بكرێت و جارێكی تر شاری كه‌ركووك بكه‌وێته‌وه ژێر ده‌ستی سه‌دام حسێن. سه‌ركوت و نكۆڵیی و به‌زۆر تواندنه‌وه‌ی كورد به ده‌ست توركیای ئه‌ندامی ناتۆ و دۆستی هه‌ره نزیكی ئه‌مریکا له ناوچه‌کەدا، یه‌كێكه لە په‌ڵه شه‌رمه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به نێوچاوانی ڕۆژئاواوه. له كاتێكدا له ساڵانی نه‌وه‌ددا ئەمریکا گه‌وره‌ترین یارمه‌تیی ئابووریی و سەربازیی پێشکەشی تورکیا کرد، ته‌نیا له نێوان ساڵانی ١٩٩٠ تا ١٩٩٤ یه‌ك میلیۆن كه‌س له گونده‌كانه‌وه به‌ره‌و ئامه‌د كۆچی زۆره‌ملێیان پێ كرا و ٢ میلیۆنی تر به‌ره‌و شار و مەترۆپۆڵەکانی تورکیا ڕ‌اپێچ كران. ته‌نیا له نێوان ساڵانی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ ٣٢٠٠ كورد له‌لایەن پۆلیسی تورکیا‌وه كوژراون. به هه‌زران گوند كاول كراون و ژماره‌ی قوربانییه‌كان خۆی له ٤٠ هه‌زار كه‌س دەدات. چەمکی تێرۆریست كه توركیا له پڕوپاگه‌نده‌ی دژی كورد به‌كاری ده‌با، به هه‌مان شێوه له ئه‌مریکاش دژی كورد به‌كار ده‌برێت. ڕێکخراوێكی كوردی وه‌ك پ. ك. ك ده‌خرێته نێو لیستی تێرۆره‌وه و عەبدوڵا ئۆجالان به‌هۆی CIAـیه‌وه ده‌گیرێت و ڕاده‌ستی توركیا ده‌کرێت. كه‌وایه كارنامه‌ی ئه‌مریکا بەرانبەر کورد کارنامه‌یه‌کی ڕه‌شه، ئه‌مریکا و سیاسه‌تی ده‌رەوه‌ی بەرانبەر كورد، شەڕی لێ بترازێت، خێرێكی تری تێدا نه‌بووه، چاوی ئه‌مریکا ته‌نیا له نه‌وت و سامانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە نه‌ك شتی تر، كوردیش له‌م نێوەندەدا ته‌نیا قوربانییه‌كه وه‌ك هه‌زاران قوربانیی تری جیهان. ڕاستییەکەی ئه‌مریکا هێندەی دۆستی دیکتاتۆر هەیە لە ژمار نایه‌ن، به‌ڵام ڕەنگە ناوهێنان و وه‌بیرخستنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كیان گرنگ بێت: سۆهارتۆ، ماركووس، مووبووتۆ، ترۆیجیلیۆ، دڤالیه، نۆریێگا، پینۆشه، شا حسێن، شای ئێران، ژەنەڕاڵە توركه‌كان، بنه‌ماڵه‌ی ئاڵ سعوود، ئه‌نوه‌ر سادات، حوسنی موباره‌ك، ژەنەڕاڵە پاكستانییه‌كان، شا حه‌سه‌ن و كوڕه‌كه‌ی له مه‌غریب، سه‌دام حسێنی دۆستی كۆن و دوژمنی تازه، تاڵیبانی دۆستی دێرین و دوژمنی ئەمڕۆ، ئاریه‌ل شارۆن و…، پێویست بە نموونەی تر ناکات، ته‌نیا ئاماژەدان به كوڵۆمبیا ده‌توانێ به‌س بێت. ده‌وڵه‌تی کۆڵۆمبیا یه‌كێكه لە دۆسته نزیكه‌كانی ئه‌مریکا و وا له ئه‌مریکای لاتین. به‌پێی ڕاپۆرتێك كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا بڵاوی کردووەتەوە، ساڵانه چه‌ندێک خه‌ڵكی بێ‌تاوان له كۆسۆڤۆ به ده‌ستی سڕبییەکان ده‌كوژران، ئه‌ونده‌ش له کۆڵۆمبیا به ده‌ستی سەربازەکان. له كۆسۆڤۆ ئه‌مریکا و ناتۆ هه‌ڵویست وەردەگرن و شه‌ڕ دژی میلۆسۆڤیچ ڕاده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام له كۆڵۆمبیا چه‌كوچۆڵی زیاتر به سەربازەکانی ده‌ده‌رێت. له كوڵۆمبیا زیاتر له یه‌ك میلیۆن مرۆڤ به ده‌ستی حكوومه‌ت و هێزه میلیشیاکان هەڵاتوون و له سه‌ر خاك و وڵاتی خۆیان ئاواره و سه‌رگه‌ردان كراون١٨.
دەرئەنجام
ڕاسته ده‌وڵه‌تی عێراق و ئێران و ئه‌وانی تر چه‌ته‌ن، به‌ڵام گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی چه‌ته و یاساشکێن خودی ئه‌مریکایه و تا ئێستا به ده‌یان بڕیاری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی پێشێل کردووە و له ئاژاوە نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا سه‌ربه‌خۆ ده‌جووڵێته‌وه، بێجگه له‌وه ئه‌مریکا له‌به‌ر قازانجه ئابوورییه‌كانی دۆستایه‌تیی گه‌رمیی ژماره‌یه‌كی زۆر دیكتاتۆر له جیهاندا ده‌كات، ڕاستییەکەی ئەمە هۆكارێكی هه‌ره گرنگی ڕێگرییە لە پڕۆسه‌ی دیموكراسیی و ئازادیی له وڵاتانی دیكتاتۆردا، سەبارەت بە کێشەی کورد، تا ئێستا ئه‌مریکا لەسەر حسابی مافی کورد مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتان كردووه و سیاسه‌تێكی دووڕوویی و دوور له ئەخلاقی بەرانبەر كورد به‌كار هێناوه، له كاتێكدا بۆ دژایه‌تیی سه‌دام حسێن كارتی كورد به‌كار دێنێت و خۆی به هاوپه‌یمانی كوردی ئەو به‌شه‌ی كوردستان دە‌زانێت، به‌ڵام له لایەکی ترەوە له باكووری كوردستان، هاوڕێ لەگەڵ تورکیا‌ی هاوپه‌یمانی، به‌شداریی له كوشتوبڕی كورد ده‌كات، هەرچی سەبارەت سیستەمی جیهانیی و ڕۆڵی ئه‌مریکایە وه‌ك تاکه زلهێزی جیهان، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه وه‌ك خودی چۆمسکی ده‌ڵێت؛ ناولێنانی ئه‌مریکا وه‌ك ‹پۆلیسی جیهانیی› گه‌وره‌ترین بێڕێزییە تا ئێستا به پۆلیس كرابێت، چونكه ئه‌گه‌ر پۆلیس هێمای سیستەم و یاسا بێت، ئه‌وا ئه‌مریکا هێمای ئاژاوە و پشێویی و كوێخایه‌تییه.
سه‌رچاوه‌كان:
(1) Skurk Stater, Noam Chomsky, 2001, p20
(٢) هه‌مان سه‌رچاوه، ل. ٢١
(3) Terror föder terror, John Pilger, 2001, Aftonbladet
(4) Skurk Stater, Noam Chomsky, 2001, p. 8-9
(٥ ) هه‌مان سه‌رچاوه، ل. ١٠
(٦ ) هه‌مان سه‌رچاوه، ل. ١٦
(٧،٨ ) هه‌مان سه‌رچاوه، ل. ١٧
( ٩، ١٠ ) هه‌مان سه‌رچاوه، لاپەڕە‌كانی ٢٦،٢٧
(11) Terror föder terror, John Pilger, 2001, Aftonbladet
(12-13) Skurk stater, Noam Chomsky, 2001, p. 24
(14) Vem är krigsförbryttare?, J Pilger, 2002, Proletär
(15) USA:s roll i Mellanöster, Per Jönsson, september, 2001, DN
(16-17) Skurk Stater, N Chomsky, 2001. p.36-37 – 56-57
(١٨،١٩) هه‌مان سه‌رچاوه ل. ٥٥